سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەکۆبونەوەکەى لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی توركیادا باسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمى کوردستانیان کردوە، خۆشحاڵى خۆشی دەربڕیوە بەدیدارەكەی. ئەمرۆ چوارشەممە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نوسینێكدا باسى لەسەردانەکەى بۆ تورکیا کردوەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بە دیدارەكەی لەگەڵ نوح یڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا. ئەو دەڵێت: پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقماان تاوتوێكردووە. هاوکات، لەبارەی ئەو دیدارەوە، میدیا ناوخۆییەکان زانیارى نوێیان ئاشکراکردوەو دەڵێن شاسوار عەبدولواحید لە دیدارەكەیدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا گفتوگۆی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە كوردستان كردووە. دوێنێ، سێ شەمە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە کە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، نوح یڵماز پێشوازی لە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید وەک پارتێکی سیاسیی ھەرێمی کوردستان-عێراق کردووەو کۆبوونەتەوە نەوەی نوێ لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەشداری خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد و لە ئەنجامدا ١٥ کورسی بەدەستھێنا. ئەو سەردانەى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوێ، هاوکات بوو لەگەڵ سەردانى مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، کە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوویەوە. لەدواى کۆبوونەوەکە فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان-عێراق و پرسە هەرێمییەکان کرا. سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە تورکیا لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی سووریا گرنگی بە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەدا. هەوڵ دەدات ڕێگری لەوە بکات پێشهاتەکانی سووریا نەبنەهۆی ناسەقامگیریی نوێ لە ناوچەکەدا.
كاوە ڕەش/ بەریتانیا پیاوێکی كورد، کە لەبەردەم شەمەندەفەرێکیدا دانیشتوە لەو كاتەدا، پاڵ بەكەسێكی پۆستەچییەوە دەنێت بۆ ناو سكەی شەمەندەفەرەکە، دادگای بەریتانیاش بەتاوانی هەوڵدان بۆ کوشتن، بۆ هەتا هەتایە سزای زیندانی بەسەردا سەپاند. لە كامێراكانی چاودێری فەرمانگەی گوستنەوەی هێڵی ئاسینینی بەریتانیا دەردەكەوێت، پەناخوازێكی كورد، بەناوی بڕوا شۆڕش، تەمەن 24 ساڵ، دوای ئەوەی لە 3ی شوباتدا كەسێك بەناوی، (تادێوس پۆتۆچێکی) تەمەن 61 ساڵ، كە لەسەر سەکۆی هێڵی ڤیکتۆریا بەرەو باشوورگەشت دەكات، لەناو وێستگەی ئۆکسفۆرد سێرک، پاڵ بەو پیاوە بە تەمەنەوە دەنێت بۆ ناو هێڵی ئاسینینی شەمەندەفەرەکەو هەوڵ بۆ کوشتنی دەدات. قوربانییەكە لەكاتی كەوتنەخوارەوە بۆ ناو ڕێڕەوەكە، چانسی هەبووە كە دەستی لەتەزوی كارەبای شەمەندەفەرەكە نەداوە، هەرزوو لەلایەن ڕێبوارێکەوە یارمەتی دراوە لەڕێڕەوەکە دەربچێت. دواتر ئەو كەسەی هەوڵی ڕزگاركردنی داوە، لەلایەن دادوەرەوە لەدادگای تاجی ناوخۆی لەندەن، بڕی هەزار پاوەندی وەك پاداشت پێبەخشرا. داواکاری گشتی ڕایگەیاندووە، مەحاڵە شتێک لەخەیاڵتدا بێت، هەرگیز پاساو بۆ پاڵنانی کەسێک لەبەردەم شەمەندەفەرێکی لەو شێوەیەدا بهێنێتەوە. بڕوا شۆڕش، کۆچبەرێکی کوردەو لەڕێگەی وەرگێڕێکەوە بەڵگەو وتەكانی لەبەردەم دادواەر لێ وەرگیراوە، ئەو بانگەشەى ئەوەی کردووە، كە لەو كاتەدا زۆر "تووڕە" بووە لەو كەسە پۆستەچییە، چونکە هەستی کردووە پۆستەچییەکە بەنیگایەکی نامۆو ناشیرین سەیری كردووە. ماکسین جارۆس جۆنز، لەبەشی لێكۆڵینەوە دەڵێت: "بروا شۆڕش هەوڵیداوە بەئەنقەست قوربانییەکە بکوژێت، كاتێك شەمەندەفەرەکە نزیكبۆتەوە، ئەو بەزۆر پاڵی بە پۆستەچییەكەوە ناوە بۆ ناو ڕێڕەوەکە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بیرکردنەوەی خێرای قوربانییەکەو بوێری ئەو ڕێبوارەی کە یارمەتیداوە، ئەو خێراییەی کە شۆفێری شەمەندەفەرەکە لەكاتی وەستانی نەبوایە، ئەوا کردەوەکانی ئەو پەناخوازە كوردە، دەیتوانی ژیانی قوربانییەکە بەفیڕۆ بدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هاتوچۆکاران بتوانن لەوێستگەو ڕێگاو بانەكان، بەبێ ترس و بەئازادی گەشت بکەن، دووربن لەتوندو تیژی و زیان. ئەو لێكۆڵەوەرە دەڵێت، بەم سزادانە هیوادارم وەك بیرخستنەوەیەک بێت، بۆ ئەو جۆرە كەسانەی بیر لەوکارانە دەكەنەوە، ئێمە بەو شێوەیەی کە یاسا ڕێگەی پێدەدات بەتەواوی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكەین. سام پەینتەر، كەئەویش وەك ئەفسەرێكی بەدوداچون لەوكەیسە كاری كردووە دەڵێ، من دڵخۆشم بەئەنجامی بڕیاری ئەمڕۆی دادگاو دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم، کەبەشداربوون لە لێکۆڵینەوەکە كاریانكرد بەخێرایی تاوانكار، بڕوا شۆڕش بناسرێتەوەو دەستگیر بكرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک لەسزای هەتا هەتاییدا دەردەکەوێت، بڕوا شۆڕشی تەمەن ٢٤ساڵ، تاکێکی لەڕادەبەدەر مەترسیدار بووە، سوپاس بۆ یەزدان، ئێستا لەسەر شەقامەکان دوورخراوەتەوەو لەپشت شیشی زیندانەكان زیندانكراوە. هیوادارم ئەو سزادانەی تاوانبار، هەندێک ئاسوودەیی و ئارام بۆ قوربانییەکە فەراهەم بکات، کە ئێستا بەردەوامە لەسەر چارەسەری چاکبوونەوەی لەو كردەوە ترسناکەی ڕووبەڕووی بۆتەوە لەلایەن بڕوا شۆڕشەوە.
هاوڵاتى وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند، مانگی داهاتوو دەرگەی پێشکێشکردنی قەرزی نیشتەجێبوون دەکاتەوە. نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیاند، لە سەرتای مانگی داهاتوو، دەرگەی پێشکێشکردنی قەرزی نیشتەجێبوون لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە دەکرێتەوە. دەشڵێت: ئەم ساڵ وەزارەتەکەیان 600-750 ملیار دینار بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخان دەکات بۆ ئەوەی 19 بۆ 20 هەزار قەرزی نیشتەجێبوون بدات. ئاشکراشی کرد ساڵی رابردوو، وەزارەتەکە یەک تریلیۆن دیناری بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخانکرد و 19 هەزار و 309 قەرزی نیشتەجێبوونی داوە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت: "قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. بەگوێرەی چڕیی دانیشتووانیش بەسەر پارێزگاکان دابەش دەبێت. زۆرترین بڕی قەرزەکەش دەگاتە 60 ملیۆن دینار. ساڵى رابردووش بانکی رافیدەین، بڕی 300 ملیۆن دینار قەرز بۆ کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبون لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دا فەرمانبەرو هاوڵاتیان.
شەوى رابردوو ئاسایشى سلێمانى و هێزە ئەمنیەکان، بەتۆمەتى نانەوەى پشێوى و دروستکردنى ئاژاوە، چەند کەسێکیان لە خۆپیشاندەرانی خاوهنى ئۆتۆمبێله بێ سهرهتاكان دەستگیرکردوە. وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمیش پشتراستى ئەوەى کردەوە ژمارهیهک له بهشداربوانى خۆپیشاندانهكه دهستگیركراون، راشیگەیاند: ئەوکەسانە ههوڵیانداوە پشێویى بنێنهوه. نیوەرۆى دوێنێ سێ شەممە ژمارەیەک لە خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، دژی بڕیاری لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست. دواى نزیکەى کاتژمێرێک لە خۆپیشاندانەکە، بەشێک لە خۆپیشاندەران، چوونە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا، دواتر رێگەی بەردەم ئەنجومەنی پارێزگایان بەڕووى ئۆتۆمبێلەکاندا داخست. دوای چوار کاتژێر لە خۆپیشاندان و رێگەگرتن و دروستبوونی قەرەباڵخی، هێزە ئەمنیەکان بە زەبرى هێزو گازى فرمێسک ڕێژ کۆتاییان بەخۆپیشاندانەکە هێنا. پەیامنێرى هاوڵاتى رایگەیاند، شەوى رابردوو ئاسایشى سلێمانى و هێزە ئەمنیەکان، هەڵمەتێکیان ئەنجامداوەو چوونە سەر ماڵى بەشێک لە بەشداربووانى خۆپیشاندەرانەکەى دوێنێى خاوهنى ئۆتۆمبێله بێ سهرهتاكان، ژمارەیەکیان لێ دەستگیرکراوەو تا ئێستاش ئازاد نەکراون. رۆژی 3ی کانوونی یەکەمی 2024 لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی بڕیاری دا بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەو ئەوەش ناڕەزایەتیی خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی لێکەوتەوەو چەند جارێک گردبونەوە. عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، لهگردبونهوهكهدا گرژیى ڕویداو هێزه ئهمنیهكان بهگازى فرمێسک ڕێژ ههوڵیاندا بڵاوه بهخۆپیشاندهران بكهن، دواى بڵاوهپێكردنیشیان، ژمارهیهک لهبهشداربوانى خۆپیشاندانهكه دهستگیركران، چونکە ئهوكهسانه ههوڵیاندا پشێویى بنێنهوه. ئەو بەرپرسەى ئاسایش وتیشى: پرۆسهكهش لهسهر فهرمانى دادوهرو بهگوێرهى یاسای خۆپیشاندان مادەی 10 ئهنجامدراوهو ئێستاش لێکۆڵینەوەیان لهگهڵ دهكرێت
ــ زیاتر لەمانگێکە بەنداوی تشرین لە ژێر هێرشی تورکیادایە ــ بەهۆى ئەو هێرشانەى تورکیاوە مەترسی گەورە لەسەر بەنداوەکەیە ــ بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب بەسەدان هاوڵاتى باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن، کە لەژێر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دایە. ماڵپەرەکانى نزیک لە هەسەدە، ئەمرۆ چوارشەممە بڵاویانکردەوە، بەمەبەستى بەدەمەوەچوونى بانگەوازەکەى ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاو لەپێناو پاراستنی بەنداوەکە، سەدان هاوڵاتیان بەڕێکەوتن بەرەو بەنداوى تشرین. زیاتر لەمانگێکە بەنداوی تشرین لە ژێر هێرشی دژوارو سەختى دەوڵەتی تورکیاى داگیرکەرو چەتەکانیدایە و مەترسی گەورەی لەسەرە. هێزەکانی هەسەدە له ساڵی 2015 وە دهستیان بەسەر بەنداوەکەدا گرتووە، بەنداوەکەش بەیەکێک لەگرنگترین سەرچاوەکانی کارەبای باکووری سوریا دادەنرێت. چەند رۆژێک لەمەوبەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هۆشداریدا لەوەی کە ئەم بەنداوەی بۆ کارەبای هەرێمەکە زۆر گرنگە، مەترسی تەقینی لەسەرە، ئەگەر بەنداوەکە بتەقێت لە رەقا و تەبقاوە تا عێراق رووبەرێکی فراوان ژێر ئاو دەکەون. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازی ئاراستەی رێکخراوە و هێزە نێونەتەوەییەکان کرد.لە هەمان کاتدا داوای لە گەل کرد لەپێناو پاراستنی بەنداوەکە و پشتیوانی دەربڕین لە شەڕڤانانی قەسەدە، بکەونە جموجۆڵەوە و رۆڵ بگێرن. دوابەدوای ئەو بانگەوازە لە حەسەکەوە بە سەدان کەس لە سەرلەبەیانییەوە کەوتنەڕێ و روویان کردە بەنداوەکە. بە تایبەتی لە رەقا و تەبقاوە، گەلانی کانتۆنی فوراتیش بەرەو بەنداوەکە بەڕێکەوتوون. بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا لەسەر ڕووباری فورات ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبایە. ١١٥ کم لە حەلەبەوە دوورە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە. تێچووی پڕۆژەکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە. بەنداوەکە لە پشتیەوە دەریاچەیەکی بە ناوی دەریاچەی تشرین دەگرێتەوە کە قەبارەکەی نزیکەی 1.9 ملیار م3 دەبێت.
بڕیارە ئەمرۆ چوارشەممە، ئەنجومەنى وەزیرانى هەڕێم کۆببێتەوەو وەزارەتى دارایی دواڕوونكردنەوەی خۆى بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و خشتەكانی تەرخانكراویی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ بخاتە ڕوو. بەپێى راگەیەندراوێکى فەرمانگەی میدیا و زانیاری کە لەماڵپەرى حکومەتى هەڕیم بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی 1ی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەییی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و چەند بڕگەیەك تاوتوێ دەكەن. لە بڕگەی یەكەمدا ڕاپۆرتێك سەبارەت بە بارودۆخی دارایی ساڵی 2024 لەبەر ڕۆشناییی دواڕوونكردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و خشتەكانی تەرخانكراویی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ دەخرێتە ڕوو. پێشتر پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، تەواوی بڕگەکانی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبن بە بابەتی دارایی و پرسی مووچە. ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بابەتی بایۆمەتری و ناردنی زانیارییە داواکراوەکان بۆ بەغدا دەکرێت، راپۆرتێکیش لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی ناوەندەی خشتەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو. راگەیەندراوەکەى حکومەت ئەوەش دەخاتەڕوو لە بڕگەی دووەمى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆ ڕاپۆرتێك سەبارەت بە پشتبەستنی ژمارەی كەسیی بێهاوتا (UPN) و ئەنجامی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتریی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانان دەخرێتە ڕوو. لە بڕگەی سێیەمدا بەرەپێشچوونەكانی پرۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم (پرۆژەی سیستەمی پەیرۆڵ)، بە گوێرەی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ دەكرێت.
بەرپرسێکی باڵای کورد، رایدەگەیەنێت، ئەو بەربەستانەى لەبەرەدەم پێکهێنانی کابینەى نوێى حکومەتی هەرێم هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت، بۆەیە ئەگەرێکى بەهێز هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ حکومەت پێکنەهێنرێت. رۆژنامەى شەرق ئەلئەوسەت، لەژمارەى ئەمرۆ سێ شەممەدا، لەسەر زارى بەرپرسێکى باڵاى کوردەوە، کە پێی باشنەبووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕاگەیاندوە “دواخستنی پێکهێنانی حکومەت تا کۆتایی ساڵ ئەگەری زۆرە”. چونکە دانوستانەکانی نێوان هەردوو حزب و هاوبەشی پۆستەکانیان لە هەرێم پەیوەستە بە هاوبەشییان لە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا. بەرپرسە باڵاکەی کورد ڕەتی ناکاتەوە کە "بەربەست"ی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت. ئەو بەرپرسە پێیوایە هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق کە لە کۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت، قەبارەی لایەنە کوردستانییەکان ئاشکرا دەکات، بەمەش توانای دانوستانیان لەگەڵ ڕکابەرەکانیان دەردەکەوێت و ئەمەش بەپێویستی دەزانێت لە پشکی ئەواندا ڕەنگدانەوەی هەبێت لە پۆستەکانی هەرێم. ئەمرۆ سێ شەممە بۆ سێیەم جار پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتی نیشتمانى کوردستان لەهەولێر کۆبونەوە، ئەمە خولی سێیەمی دانوستانەکانیانە بۆ پێکهێنانی کابینەى نوێى حکومەتی هەرێم، بەبێ ئەوەی ڕێککەوتنێکی جددی و ڕاگەیەندراوی لێبکەوێتەوە. سەرچاوە ڕۆژنامەوانییە کوردییەکان باس لەوە دەکەن کە بڕیار دراوە لە کاتێکی دواتردا کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدرێت، کۆبوونەوەکە بۆ باسکردنی ئەو ڕاپۆرتانەبووە کە هەردوولا سەبارەت بە دیدگاکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بۆ هەرێم ئامادە یان کردوە. بە شێوەیەکی نەریتی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بۆ یەکێتی نیشتمانى دەچێت، لە کاتێکدا پارتی دیموکرات پۆستی وەزیری دەرەوە وەردەگرێت کە پۆستێکی سیادیە، جگە لە پۆستە وەزارییە خزمەتگوزاریەکان. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە لە 20ی ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو بەڕێوەچوو، پارتی زۆرینەى کورسیەکان (٣٩) کورسی لە (١٠٠) کورسی بەدەستهێنا، یەکێتی نیشتمانی بە ٢٣ کورسی پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
مستەفا قەرەسوو: گۆشەگیری سەر ئ.ۆج.ەلا.ن بەردەوامە، رێگری لە دیداری پارێزەران و بنەماڵەکان دەکرێت مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، لە دوای چاوپێکەوتنی شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا گۆشەگیری هێشتا بەردەوامەو تائێستا رێگری لە دیداری پارێزەران و بنەماڵەکان دەکرێت. ئەو وتانەى مستەفا قەرەسوو، ئەندامی (کەجەکە) لەمیانی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی مەدیا خەبەردا هات، ئەو باسی لەوەکرد گەر گۆشەگیری لابراوە، کەواتە بۆچی ڕێگە بە چاوپێکەوتن نادرێت. لەبارەى سیاسەتەکانی تورکیا پەیوەست بە پرسی کوردەوە، ئەو بەرپرسەى کەجەکە، بە پێویستى زانى بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەیەکی لەو جۆرە بکرێت، وتى: پرۆسەی پێشوو، کە وەک پرۆسەی چارەسەر پێناسە دەکرا، بەهۆی ناڕاستگۆیی و نەبوونی هۆشمەندی دیموکراتیک لای تورکیا کۆتاییهات. مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان، ئەوەى خستەروو لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا دیدارێک لەگەڵ بنەماڵە ئەنجامدرابوو، ئاپۆ بە ڕوونی وتبووی، گۆشەگیری بەردەوامە، هەروەها ئەو بۆخۆی بە عومەر ئۆجەلانی وتبوو کە بە چ شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. وتیشى :دوای ماوەیەکی زۆر دیدار ئەنجامدرا، دەبوو زووتر ئەنجام بدرایە، بەڵام دوای ئەوەی لە سووریا ڕژێمی ئەسەد ڕووخا و دۆخێکی ناڕوون هاتە ئاراوە، بیریان کردەوە کە پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئەگەری هەیە بۆ ئەوان نەرێنی بێت، هەربۆیەش سەرەتا نەیانهێشت دیدار ئەنجام بدرێت. ئەندامەکەی کەجەکە وتیشی "پێداگری رێبەر ئاپۆ لەسەر گۆڕانکاری دیموکراتیک و ئەوەی خستەڕوو کە بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئەو بەرپرسە هێماى بۆ ئەوەشکرد، ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ئەوان وەک ساڵێک لە تێکۆشانی گەورە تێپەڕی، بەراستیش وەک ساڵێکی تێکۆشانی سەخت تێپەڕی، وتیشى : چەندین شەهیداماندا و بریندارمان هەبوو، هەروەها لە بابەتی خاوەنداریکردن لە ڕێبەرێتییدا بووە ساڵێکی گەورەی تێکۆشان. لەکۆتایی قسەکایندا جەختى لەسەر ئەوەکردەوە لە باکووری کوردستان، گەریلا بەرخۆدانێکی گەورەی ئەنجامداوە، وتى :دەوڵەتی تورک لەوجێگەیەی کە تێدا جێگیربووە گیر بووە. ئەم ئیرادە و بەرخۆدانەی ساڵی ٢٠٢٤ تێکۆشانمان لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەهێزتر دەکات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەدا ڕایگەیاند، لانیکەم ٢٤١ ژن لە ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ساڵى ٢٠٢٤ لە سێدارە دراون. بە پێی راپۆرتەکان، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٣١ ژن لە ئێران لە سێدارە دراون، کە ئەمەش ژمارەیەکی "بێ وێنە"یە. لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەمرۆ سێ شەممە بڵاویکردوەتەوە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٤ (١٣٨٩ تا ١٤٠٣ی کۆچی) لە ئێران لە سێدارە دراون، تاوتوێ کردووە. جگە لە ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ڕێکخراوەکە زانیارییەکانی "شایەتحاڵەکان، خێزانەکان، پارێزەران و ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ"ی بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی ئەم ئامارانە. جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئەم ڕاپۆرتە تەنها باس لەو کەیسانە دەکات کە لانیکەم دوو سەرچاوەی سەربەخۆ پشتڕاستکراونەتەوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ساڵی ٢٠٢٤ زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنان لە ئێراندا هەیە، ٣١ ژن لە سێدارە دراون. بە وتەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، ئەم ژمارەیە بێ وێنەیە لەو کاتەوەی کە ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی بە تۆمارکردنی سێدارەکان کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی نادیار لە زیندانییە ژنەکان سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە. هاوکات، تەنیا ناوی دوو لەو زیندانیانە ڕاگەیەندراوە کە تاوانەکانیان سیاسییە، ئەوانیش ڤاریشە مورادی و پەخشان عەزیزین. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لەسەدا ٥٠ی ئەو ژنانەی لە ساڵانی ڕابردوودا لەسێدارە دراون، تەنیا بە سەرەتای ناویان ناسێنراون یان بە تەواوی بێ ناویان ماونەتەوە. هەروەها تەنها ٦٣ حاڵەت کە دەکاتە ٢٦%ی لەسێدارەدانەکان لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕاگەیەندراوە. نەبوونی شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی ئاماری لەسێدارەدان بەتایبەتی ئاماری ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا زیادی کردووە، بەجۆرێک کە "لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بە تێکڕا تەنها لەسەدا ١٢ی لەسێدارەدانی ژنان لە لایەن میدیای فەرمییەوە ڕاگەیەندراوە". بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٤، لانیکەم ١١٤ ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە سێدارە دراون و تەنیا لە سەدا ٣٢ی ئەو حاڵەتانە بە فەرمی ڕاگەیەندراون.
ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێم، ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى نێوان مەسرور بارزانى و ئەردۆغانى بڵاوکردوەتەوە، تیایدا باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوورو نەھێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم کراوە. ئەمرۆ سێ شەممە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سەردانى تورکیاى کرد، لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبویەوە. بەپێى راگەیەندراوێکى ماڵپەرى حکومەتى هەرێم، لەو کۆبونەوەیەدا پێشھاتەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سووریایان تاوتوێ کردوە. بەپێى راگەیەندراوەکە لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکە، جەختیان کردوەتەوە لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەھێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم. ئەوەشی خستووەتەڕوو لەبارەی دۆخی سووریاش، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامیی و ئاسایش و مافی گشت پێکھاتەکانی ئەو وڵاتە. سەرلەبەیانى ئەمرۆ، مەسرور بارزانی بەسەردانێک گەیشتە ئەنقەرە، دوانر لەیەکە وێستگەى سەردانەکەیدا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا کۆبویەوە. له كۆبوونهوهكهدا، گفتوگۆ لەبارەی برهودان به پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان و تورکیا و دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە کرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئهمڕۆ سێشهممه له بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، سەرەڕای هاوکاری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاو بەکارهێنانی تانک و زریپۆش هێزەکانمان زیانێکی زۆریان بە هێزەکانی تورکیاو بەکرێگیراوانی گەیاندو ژمارەیەک چەکدار کوژران. هێزەکانی سوریای دیموکرات دەشڵێت: لە ئێوارەی یەکشەممەوە تا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە ئاسمانی گوندەکانی بەنداوی تشریندا دەسوڕانەوە، لە هەمانکاتدا ناوچەکە بە تۆپ و مووشەک تۆپباران دەکران. هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە ڕۆژی شەممە هێزەکانی تورکیا و چەکدارەکانی هێرشیانکردە سەر گوندەکانی عەلوش و تل ئریش، هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان تێکشکاند. هەروەها کۆبوونەوەی چەتەکان لەلایەن یەکینەکانی شەهید هارونەوە کرایە ئامانج، شەڕێک ڕوویدا کە ٢ کاتژمێری خایاند و ئەوەندەی کە زانراوە دوو چەتە کوژراون و ئەوانی تریش لە بەرەکانی شەڕ هەڵاتوون. هێزەکانمان دوای شکاندنی هێرشەکە بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەکانیان، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی چەتەکان و زیانەکانیان نەزانراوە.
ــ هەڵوێستی کۆنگرێس ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیاى بۆ سەر کۆبانی سنوردار کردووە ــ کورد چاوەڕێی ئەوە دەکات ئیسرائیل کاریگەری لەسەر تیمەکەی ترەمپ هەبێت رۆژنامەى سەباحى تورکیا، لەوتارێکدا ئەوە دەخاتە ڕوو پێشهات و هەنگاوە نوێیەکانی ئەمریکاو خودى دۆناڵد ترەمپ لە بەرژەوەندی کوردن، بەتایبەتى شەڕڤانانى سوریا. لەبەشێکى ئەو وتارەدا کە ڕۆژنامەنووسی تورک فەهیم تاشتکین نوسیویەت، ڕایگەیاند دۆناڵد ترەمپ ناوێکی دیکەی بۆ تیمەکەی زیاد کردووە کە بە قازانجی کورد قسە دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو پێشهاتانەى کە هەن کەشوهەوای سوریا بە قازانجی کورد دەگۆڕن. تاشتکین لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە دەستنیشانکردنی مۆرگان ئۆرتاگۆس کردوە، کە داوای پاراستنی کورد دەکات لەلایەن ترەمپەوە وەک جێگری نوێنەری تایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. ئەو رۆژنامەسە تورکیە ڕوونیشیکردەوە، کورد چاوەڕێی ئەوە دەکات ئیسرائیل کاریگەری لەسەر کۆنگرێسی ئەمریکاو تیمەکەی ترەمپ هەبێت، هەروەها کورد بە بیانووی ئەوەی کە ئەگەری بڕیاری کشانەوە نەک هەر کورد دەخاتە مەترسییەوە بەڵکو دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل. ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەڵوێستی ئێستای کۆنگرێس بووەتە هۆی سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ سەر کۆبانی. لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا ئەو رۆژنامەنوسە باسی لەوەشکرد، سەردانەکەی ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ دیمەشق لایەنێکی هەبووە بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەنالینا بێربۆک، داوای بێدەنگکردنی دەنگی چەک لە باکوری سوریاو دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ کوردانی هاوپەیمانی فەرەنسا دەکات، لەکاتێکدا بێربۆک مەرجی گەرەنتیکردنی ئاسایشی کورد. تاشتکین ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە سەردانەکەیدا بۆ سوریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزلوم عەبدیشدا هەبووەو بارودۆخەکەی لەگەڵدا تاوتوێ کردووە، دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەیەکی دینامیکییە و نادڵنیایی لەبارەی ترەمپەوە هەیە. هێشتا هیچ شتێک بۆ هیچ لایەک گەرەنتی نییە. فەهیم تاشتکین ڕۆژنامەنوس و ستون نووس و نووسەری دێرینی تورکیایە، ئەو وەک شرۆڤەکارێک لەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاروباری یەکێتی ئەوروپا دەناسرێت، ماوەی ١٣ ساڵ وەک سەرنوسەری هەواڵی بیانی لە ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ کاری کردووە.
ــ موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان مسۆگەرکراوەو نەختینەى تەواو لەبەردەستدایە ــ قسەکردن لەسەر نەبوونی نەختینەیی بۆ پارەی مووچەی فەرمانبەران راست نییە ئەندامێکى لیژنەی دارایی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە موچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بە تەواوی مسۆگەرکراوەو نەختینەى تەواو لەبەردەستدایە. جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەى دارایی لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لەسەر لیستى یەکگرتووى ئیسلامى ئەمرۆ سێ شەممە بە رۆژنامەى (سەباح)ی ڕاگەیاندوە: “مووچەی سەرجەم فەرمانبەران، خانەنشینان، چاودێری کۆمەڵایەتی و پۆلەکانی دیکە لەماوەی ئەمساڵدا بەتەواوەتی مسۆگەر کراوە، هیچ نیگەرانییەک لەوبارەیەوە نییە، وەک دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە. هاوکات لای خۆیەوە، ئەندامی پەرلەمان ڕەفیق ساڵح، بەهەمان رۆژنامە سەباحى راگەیاندوە، قسەکردن لەسەر نەبوونی نەختینەیی بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەران راست نییە، بەو پێیەی مووچە بەتەواوی مسۆگەرە، گەرەنتی هەیە لەلایەن حکومەتەوە سەرجەم موچەکان دابین بکرێت. ساڵحی داوای لە "دەسەڵاتدارانی فەرمی کرد، ڕووبەڕووی ئەو دەنگۆیانە ببنەوە و ڕوونکردنەوە بۆ هاووڵاتیان بدەن"، جەختیشی لەوە کردەوە "پەرلەمان بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری دۆخی دارایی و ئابووری وڵات". ئەو پەرلەمانتارە، بە پێویستیشى زانى هەموو لایەک ئاگادار بن و وردبینی لەڕاستی زانیارییەکان لەسەڕچاوە فەرمییەکان بکەن، وتیشى: بۆ ئەوەى لەهەر کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەقامگیری عێراق و ئاسایشی دارایی عێراق دوورى بخەنەوە.
ــ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و پرسە ناوچەییەکان تاوتوێ دەکرێت ــ کاتژمێر٢ى پاشنیوەڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆدەبنەوە بەپێى راگەیەندراوێکى ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بڕیارە ئەمرۆ سێ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەردانى تورکیا بکات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبێتەوە. بەپێى راگەیەندراوى ماڵپەڕەکەى سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، کۆبونەوەکەى ئەردۆغان و مەسرور بارزانى لەئەنقەرە دەبێت، کاتژمێر ٢ى پاشنیوەڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆدەبنەوە. پێش کۆبونەوەى لەگەڵ ئەردۆغان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکات، راگەیەندراوەکەى سەرۆکایەتى کۆمار تائێستا هیچ زانیاریەکى لەبارەی ناوەرۆک و تەوەرکانى کۆبوونەوەکان ئاشکرا نەکردوە. بەڵام بە پێی ئەو زانیاریانەى ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاویکردوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەدا پەیوەندییەکانی ھەرێم و تورکیا، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و پرسە ناوچەییەکان تاوتوێ بکرێت. ئەم سەردانەى مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە، ئەردۆغان بەردەوام هەرەشە لە شەرڤانانە کوردەکانى سوریا دەکات، لەدواین لێدوانیشدا دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشدارییدا لە هەر جۆرە دابەشبوونێکی سوریا، جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستێوەردان کرد ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغێکی نوێ لە ناوچەکەمان دەستیپێکردووە. ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بازنەکە لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان و شوێنکەوتووانی لە سوریا بەرتەسک دەبێتەوە، کۆتایی چەکدارانی کورد لە سوریا نزیکە. پێشتریش لە ٢٠ی حوزەیران سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتبووە ئەنقەرە و لەگەڵ سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوەی ھاکان فیدان کۆبوویەوە
وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند،عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ کردنەوەی ڕێگەی چارەسەری دیموکراتیک بانگەوازی بەرپرسیارێتی یەکسان لە هەمووان دەکات و هەمومان بانگهێشت دەکات بۆ ئاشتبوونەوە، وتیشى پێویستە هەلومەرجی گونجاو بۆ ئۆجەلان بڕەخسێنرێت، تاوەکو ئەم دەرفەتە مێژووییە بەردەوام بێت. وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشە گوڵ دۆغان، دەربارەی ئەو پرسانەى لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی تاوتوێکران، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست. ئایشەگوڵ دۆغان تیشکی خستەسەر دوایین دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، ڕایگەیاند پرسی کورد گرنگترین پرسی تورکیایە، بەڵکو پرسی هەرێمەکەیە، وتی: ئۆجەلان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک و کردنەوەی ڕێگەی دانوستانی یەکسان، بانگەوازی بەرپرسیارێتی لە هەمووان دەکات. چونکە دەزانێت ئەم فۆرمولە بە قازانجی تەواوی تورکیا دەشکێتەوە. وتەبێژەکەى دەم پارتى ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، گۆشەگیری سەر ئاپۆ گۆڕاوە بۆ ڕژێمێک، تیشکی خستەسەر گرنگی پەیامە ٧ خاڵییەکەی، وتی: ئۆجەلان بانگەواز لە ڕای گشتی تورکیا دەکات، بانگەواز لە هەموومان دەکات، کاربکەین بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک و دیالۆگ و ڕێگەی دانوستان. هەروەها جەختی کردەوە، ئاپۆ هەرگیز سازشی لەسەر خواستی ئاشتی نەکردووە، دوورگەی ئیمراڵی گۆڕیوە بۆ دوورگەی گەڕان بەدوای ئاشتی و چارەسەر و دانوستانی دیموکراتیک، وتی: لە پەیامەکەیدا هەمان شت دووبارە دەکاتەوەو دەڵێت "خاوەنی هێز و ئیرادەم تاوەکو هاوکارییەکی ئەرێنی پێشکەش بکەم بۆ پارادایمە نوێیەکەی باخچەلی و ئەردۆغان. شاندەکە ڕوانینی من لەم ڕووەوە بە هەموو لایەنە سیاسییەکان و دەوڵەت دەگەیەنێت. لەم چوارچێوەیەدا ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی پێویست بنێم و بۆ ئەو بانگەوازە ئامادەم". ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند نابێت بنیاتنانی ئاشتی بۆ تاکە لایەن و پارتێک جێبهێڵرێت، وتی: "چونکە ئاشتی پێویستی بە کۆمەڵگەیە، کۆمەڵگەش پێویستی بە ئاشتییە. بۆیە ئۆجالان هەموومان بانگهێشت دەکات بۆ ئاشتی". ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە، وەک دەم پارتی بانگەواز لە هەمووان دەکەن لەم ڕووەوە بەرپرسیاربن و بۆ تورکیایەکی دیموکراتیک و دادپەروەر و یەکسان کاربکەن، گوتی: "گەر پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت، دەکرێت تورکیا دیموکراتیک ببێت".