محەمەد حەکیم، وتەبێژو ئەندامى مەکتەبى سیاسى کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، وەڵامى شاسوار عەبدولواحید دەداتەوەو دەڵێت  فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن. لە پەیامێکى ڤیدیۆیدا، ئەمرۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، وتى: بۆ خەڵکی کوردستان شتێکی زۆر گرنگ، چوارشەمە کاک محەمەد سلێمانی دانیشتنی پەرلەمانی راگەیاندووە، ئەگەر یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو دەیانەوێت ئەوا دەتوانن بە 15 کورسییەکەی ئێمەوە (سەرۆکی پەرلەمان، جێگرەکەی و سکرتێری پەرلەمان) هەڵبژێرن.  هەروەها وتیشى: ئێمە هیچ پۆستێکمان ناوێت هەر سێ پۆستەکە بۆ یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ؛ ئەگەر دەنگمان نەدانێ و هەڵمان نەبژاردن ئەوا دیارە ئەم قسانەی ئێمە ناراستە.  لەوەڵامى ئەو قسانەدا، محەمەد حەکیم، وتەبێژى کۆمەڵى دادگەرى پەیامێکى کورتى بڵاوکردەوەو دەڵێت: کاک شاسوار دووەمجارە پێشنیارێک ئاڕاستەی یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، بێ خەبەر لەوەی کە کۆمەڵ نەک حکومەت بەڵکو پەڕلەمانی دیزاینکراویشی بۆ جێهێشتوون. وتەبێژەکەى کۆمەڵ دەڵێت: فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن، دڵنیابە بە بەشداری ئێوەش بە سەد پۆست نەک پەنجا؛ گۆرانکاری نابێت و دۆخەکە چاک نابێت، گەر خراپتر نەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، فه‌رمانگه‌ی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند سبەینێ سێ شەممە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کۆدەبێتەوەو  دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی یەکەم یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی دارایی (2023-2024-2025 لەناو کارنامەکەدایە. دوای دوو خوێندنەوەی جیاواز لەسەر هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمـی کوردستان، وابڕیار بوو دوینێ یەکشەمە دەنگ بە پرۆژە هەموارەکە بدرێت، بەڵام کێشەی تێکەوت و دەنگدان بە یاساکە دواخرا. پێشتر سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، ڕایگەیاندبوو: لە 17 ئەندامی لیژنەی پەرلەمانی 7 یان دژی بوون و نیسابیان تێکدا بۆ ئەوەی دەنگی پێنەدرێت، بە ئاشکرا وتیان ڕێگە نادەین و نابێت. هەروەها وتیشی،" ئەگەر ئەو هەموارە نەکرێت، هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر تەسلیم نەکردنی نەوت، لە کاتێکدا بە فرۆشتنی نەوت بەشدار دەبین لە زیاد کردنی داهاتی عێراق." هەموارکردنی یاسای بودجە تەنها بۆ ماددەى 12 بڕگەى (ج) ە کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە حکومەتى فیدڕاڵ رەزامەندی نیشاندا بۆ دیاریکردنی خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمە لەکاتێکدایە کە نرخی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک لە نەوت لە عێراق نزیکەی 6 دۆلارە. بەمەش بەشێکی زۆر لە فراکسیۆنە عێراقیەکان پێیان وایە 16 دۆلاری نەوتی هەرێم زۆرە و غەدرە لە حکومەتی ناوەندی. هەرچەندە لە مانگی 3ی ساڵی 2023ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، بەڵام بەرپرسانی باڵای عێراق ئاماژە بەوەدەکەن کە هەرێم، ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و بە ڕێگەی نایاسایی دەیفرۆشێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە نەداوە. هەندێک لە چاودێرانیش ئاماژە بەوە دەکەن پێدەچێت بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى پەرلەمان جگە لەو بڕگەیە، بڕیارە سبەینێ لە دانیشتنەکەدا دەنگدان لەسەر یاسای پێشنیارکراوی باری کەسی، هەروەها دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاسای گەڕاندنەوەی ئەو موڵکانە بۆ خاوەنەکانیان کە هەندێک بڕیاری ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشگێڕی هەڵوەشاوە دەیگرێتەوە بکرێت. هەروەها ئەوەش باسکراوە کە "ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر ڕەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی دووەم یاسای لێبوردنی گشتی دەدات، هەروەها دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی یەکەم یاسای هەموارکردنەوەی یاساکە لەسەر بنەمای هاوتابوونی بڕوانامە و بڕوانامەی ئەکادیمی عەرەبی و بیانی ده‌دات". 

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ئاکامى شەڕو پێکدادانەکانی سنوری بەنداوی تشرین، 29 چەکدارى سەر بەتورکیا کوژراون و  15 چەکداری دیکەشیان برینداربوون هاوکات  8 تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕیشیان تێکشکێنراون. بەپێى ئامارەکەى هەسەدە تەنها بەماوەى (24) کاتژمێری شەڕ لە باشور و رۆژهەڵاتی مەنبج و بەنداوى تشرین، شەڕڤانان توانیویانە 29 چەکدار کوژراون، 15 چەکداری دیکە برینداربوون، 8 تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ و ئۆتۆمبێلی سەربازیی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا تێکبشکێنن. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، بەرەبەیانی دوێنێ داگیرکەری تورکیا دەستیکردوە بە بۆردومانی چڕی دەوروبەری بەنداوی تیشرین و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پاشان، بەکرێگیراوان بە زرێپۆشەوە، لە دوو میحوەرەوە، هێرشیان کردوەتە سەر گوندی "خربەت ئەلزەمالە"، شەڕڤانانان بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە. لەو شەڕو پێکدادانانە ئەوە پشتڕاستکرایەوە ٨ بەکرێگیراو کوژران، ژمارەیەکیش بریندار بوون، دوو ئۆتۆمبێلی بەکرێگیراوانیان بە تەواوی تێکشکاندوە. هەسەدە ئەوەش دەخاتەڕوو بەکرێگیراوەکان هێرشێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا، بە ژمارەیەکی زۆر، لەسەر لای ڕاست و چەپی گردی "سریاتێل"، هەروەها ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەورە بونەوە لەلایەن شەڕڤانانی ئێمەوە، لەوێش پێکدادانی توندوتیژ سەریهەڵدا و لە ئەنجامدا ٢١ بەکرێگیراو کوژراون  ١٥ کەسی دیکەشیان برینداربووە. هەسەدە ئاشکرای کردووە؛ لەبەرەی بەرزاییەکانی سیریتل هێرشی بەرفراوان کراوەتە سەر سەنگەرەکانی شەڕڤانان و پێکدادانی قورس رویداوە و بەهۆیەوە 21 چەکدار کوژراون و 15 چەکداریش برینداربوون. لەماوەی 24 سەعاتی رابردوودا یەکەی شەهید هارون کە تیمی راهێنراوی درۆنن 25 خاڵی ئەو گروپانەیان کردوەتە ئامانج و توانیویانە 3 تانک، 3 ئۆتۆمبێلی سەربازی، 4 خاڵی گروپەکان، 4 کۆگای چەک و تەقەمەنی و 2 ئۆتۆمبێلی سەربازی هەڵگری دۆشکایان کردووەتە ئامانج.

لە پەرەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک، ئه‌دهه‌م بارزانی،  پەیامێکى بڵاوکردەوەو ڕایدەگەیەنێت هه‌وڵمدا بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ بارزان به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ ناشتن و به‌شداریكردن له‌ پرسه‌ی دایكمدا، به‌ڵام مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی بەمەرجی ئەوەى هیچ پاسەوانێکم لەگەڵدا نەبێت، ڕازی بوه‌ لەگەڵ تەرمی دایکم بگەڕێمەوە بارزان، به‌ڵام من ڕازی نەبوم. خەیریە عبدلرزاق، خێزانی شەهید شێخ عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی و دایکی شەهیدان عیماد و ئه‌دهه‌م بارزانی دره‌نگانی شه‌وی ڕابردو كۆچی دواییكرد. لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا، کە له‌باره‌ی كۆچی دوایی داییكیه‌وه‌ بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت "مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی منی ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ركرد، پێمنه‌كرا له‌و ماوه‌یه‌دا دایكی ئازیزم بۆ یه‌كجاریش بێت ببینم و چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا كه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵدا كرد، وتی دڵنیام جارێكی دیكه‌ ناتبینمه‌وه‌".  ئەدهەم بارزانى ئەوەش دەخاتە ڕوو لەڕێگەى بافڵ جەلال تاڵەبانیەوە پەیوەندی کراوە بە ھۆشیار زێباری خاڵی مەسعود بارزانی و سیدادی برای کە رێگه‌ بدەن بگەڕێینەوە بارزان، ئێمە ئەم شەو تەرتیبات دەکەین ئەدھەم بارزانی بێتە ماڵی خۆی لە مەسیفی و بۆ دوایینجار لە ناو کفندا رۆمەتی دایکی ببینێت، ھەر بەیانی یان پاش یەک رۆژ پرسە دەگەڕێتەوە ئێرە، دایکێک کە ھاوسەر و دو لە کوڕەکانی بە دەستی بەعسییەکان شەھید بون، کە ئەمڕۆ ئەوان لە پایتەختی کۆردستان بە ئازادی دەگەڕێن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "لە وه‌ڵامی دەستپێشخەریەکەی بافڵ تاڵه‌بانیدا دەڵێن مانع نیە بێت، بەڵام نابێت پاسەوانەکانی کە کاک بافڵ بۆ منی داناون لە گەلیدا بن، بە ھەڕەشەکانی سەرۆکی پارتی  تەواوی پاسەوانەکانی پێش ئێستای من دەرکران و لەگەڵ ئەوەشدا نابێت کەس لە گەلی بێت و  پێویستە بە تەنیا بێت، لە حاڵەتێکدا  کە ھیچ باوەڕییەک نەماوە و  حوکمی گرتنی منیان دەرکردوە بە مادەی 21ی یاسای تێکدانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان". لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەو دەڵێت ئەو کوردستانەی کە بەشێکی زۆری ئێستا بە ھاوکاری ئەوان لە پارێزگای دھۆک و ھەولێر لە دەستی داگیرکراندایە، ئایە بەم شێوەیە وه‌ڵامی ھەمو چاکەکان و رزگارکردنیان لە شکستی سەدا سەد ئەگەر بە ھانیان نە چوبام دەدەنەوە. ئه‌دهه‌م بارزانی ئەوەش دەخاە ڕوو بە بیری سەرۆکی پارتی ده‌هێنمه‌وه‌ کە چیمکرد بۆ دایکی ئەو، دەستیان داوەته‌ تەلەفۆنکردن بۆ خەڵک، کوڕەکانیشم کە ئێمە وتمان مانع نیە بگەڕێتەوە بەم مەرجە کە بە تەنها بێت ئایە خۆتان ئەمەرجەتان قەبول دەکرد؟.

بڕیارە ئەمرۆ دووشەممە، کارو چالاکیەکانى 55ـەمین کۆڕبەند ئابووریی جیهان لە داڤۆس دەستپێبکات، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بەشدارى دەکات. کۆڕبەند ئابووریی جیهان، ئەم ساڵ لە ژێر دروشمی هەماهەنگی لە سەردەمی ژیریدا بەڕێوەدەچێت و بڕیارە لە کاتژمێر 6:30 خولەک بە کاتی داڤۆس، واتە کاتژمێر 8:30 بە کاتی هەولێر ڕێوڕەسمی کردنەوەی لوتکەکە دەست پێ بکات، بە گوێرەی کارنامەی بڵاوکراوەی کۆڕبەندەکە، لە ڕۆژی یەکەمدا سێ چالاکوانی بواری کولتوور و مافەکانی مرۆڤ خەڵات دەکرێن. لەکۆڕبەندەکەدا ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی وڵاتان و دوو هەزار و 500 کەسایەتیی لە بەرپرسان و شاندی وڵاتان، 55ـەمین کۆڕبەند ئابووریی جیهان لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا دەکەن. ئەمە چوارەم ساڵی لەسەر یەکە، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بەشداری کۆڕبەندی داڤۆس دەکات. د.لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆماری عیراقی ئەمرۆ بەڕێدەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس. کۆڕبەندی داڤۆس لە ساڵی 1971 لەلایەن ئابووریناسێکی ئەڵمانی کلاوس شوابەوە دامەزراوە، وەک کۆڕبەندی بازرگانی ئەوروپی دەستیپێکرد، کە سەکۆیەک بوو بۆ گفتوگۆ لەنێوان سەرکردە سیاسی و بازرگانی و ئەکادیمییەکان. کارەکانى کۆڕبەندەکە ماوەى پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە ئەمڕۆ دووشەممەوە تا هەینی 20-24ی کانوونی دووەمی 2025، دەخایەنێت، زیاتر لە 200 مێدیا و کەناڵی جیهانی ڕووماڵی کۆڕ و پانێڵەکانی 55ـەمین کۆڕبەند داڤۆس دەکەن. ساڵی ڕابردوو لە 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، بۆ یەکەمینجار هاوشانی وڵاتانی دیکەی بەشدار لە کۆڕبەندەکە ماڵی کوردی کرایەوە. ماڵی کوردی لە داڤۆس لە پاڵ هەریەکە لە ماڵی وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات، یۆنان، بەلجیکا، هیندستان، ئۆکرانیا، پۆڵەندا و وڵاتانی دیکە کرایەوە و لە ماوەی هەفتەی کۆڕبەندەکەدا پێشوازی لە میوانان و بەشداربووانی کۆڕبەندەکە کرد.

نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەىارەى کۆبوونەوەکەى مەزڵووم عەبدى و مەسعود بارزانیەوە پەیامێکى بڵاوکردەوەو پێشوازی لە کۆبوونەوەکە دەکات. ئەمرۆ دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڵاوی کردووتەوە، پێشوازی لە کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و مەسعود بارزانى دەکات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش داوە، گفتوگۆی نێوان کوردەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە پتەوکردنی پرۆسەی سیاسی لە سووریادا بگێڕێت. ڕۆژی 16ـی 1ـی 2025ـی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبونەوە. لەدواى کۆبونەوەکە مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لە بارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ مەسعود بارزانی جێگەی خۆشحاڵی بوو". هاوکات بارەگای بارزانی ناوەرۆکی دیدارەکەی بڵاویکردەوە. کە تیایدا باس لە بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا کراوە. هەروەها  چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.

دوای دوو خوێندنەوەی جیاواز لەسەر هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمـی کوردستان، وابڕیار بوو ئەمڕۆ دەنگ بە پرۆژە هەموارەکە بدرێت، بەڵام جارێکی تر کێشەی تێکەوت و دەنگدان بە یاساکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت، ئەوانەی کێشەیان دروست کرد بە ئاشکرا "وتیان ڕێگە نادەین یاساکە تێپەڕێت." سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: کۆبوونەوە گرژی تێکەوت، لە 17 ئەندامی لیژنەی پەرلەمانی 7 یان دژی بوون ونیسابیان تێکدا بۆ ئەوەی دەنگی پێنەدرێت، بە ئاشکرا وتیان ڕێگە نادەین و نابێت، پێم وایە لە جەلسەکانی داهاتوشدا قورسە ڕازی بببن دەنگی لەسەر بدرێت، هەروەها جارێ دیاریش نییە کەی دەخرێتەوە بەرنامەی کار." وتیشی: ئەگەر ئەو هەموارە نەکرێت، هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر تەسلیم نەکردنی نەوت، لە کاتێکدا بەفرۆشتنی نەوت بەشدار دەبین لە زیاد کردنی داهاتی عیراق." 5ی مانگی یانزەی 2024 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق پەسەند کرد و ڕۆژی 26 مانگی یانزەی 2024 خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی کێشەوە نەتوانرا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە ئەنجامبدرێت، دواتر لە 13ی مانگی یەک خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە کرا و وا بڕیار بوو ئەمڕۆ دەنگی پێبدرێت، بەڵام جارێکی تر کێشە لەبەردەم تێپەڕاندنی یاساکە دروستکرا ،دەنگدان بە یاساکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. هەموارکردنی یاسای بودجە تەنها بۆ ماددەى 12 بڕگەى (ج) ە کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە حکومەتى فیدڕاڵ رەزامەندی نیشاندا بۆ دیاریکردنی خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمە لەکاتێکدایە کە نرخی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک لە نەوت لە عێراق نزیکەی 6 دۆلارە. بەمەش بەشێکی زۆر لە فراکسیۆنە عێراقیەکان پێیان وایە 16 دۆلاری نەوتی هەرێم زۆرە و غەدرە لە حکومەتی ناوەندی. هەرچەندە لە مانگی 3ی ساڵی 2023ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، بەڵام بەرپرسانی باڵای عێراق ئاماژە بەوەدەکەن کە هەرێم، ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و بە ڕێگەی نایاسایی دەیفرۆشێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە نەداوە. هەندێک لە چاودێرانیش ئاماژە بەوە دەکەن پێدەچێت لە داهاتوودا حکومەتی ناوەندی ئەمەش بکاتە دۆسیەیەک و لە ڕێگای داداگای فیدڕاڵیەوە لە دژی حکومەتی هەرێم بەکاری بهێنێت.

ڕۆژنامەنوس هونەر ئەحمەد، ڕایدەگەیەنێت، ماوەی دوو رۆژە تورکیا ھێرشەکانی چڕ کردوەتەوە پلانی داگیرکردنی کۆبانی ھەیە، چاوەڕوانی ئۆکەی ترەمپە. لەپەیامێکى ڤیدیۆییدا، هونەر ئەحمەد ڕۆژنامەنوس کە ئێستا لەڕۆژئاوى کوردستانە لەپەرەى تایبەتى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسوک دەڵێت: ماوەى دووڕۆژە تورکیا لەڕیگەى گروپە نزیکەکانى خۆیەوە، هێرشى بەرفراوانى دەستپێکردوە بۆ سەر بەنداوى تشرین و عەین عیساو تەلتەمرم و ناوچەکانى دەوروبەرى. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا دەشڵێت: ئەم هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ هێنانى هێزى زیاتر بۆ ناوچە سنوریەکانى سەرێکانى و گرێ سپى، تورکیا ئامادەکاریدەکات، لە ئەگەرى هاتنە سەر دەسەڵاتى ترەمپ، باوەڕى پێبهێنتێت تورکیا ئۆپراسیۆنێک بکات و هەمووشتێک ئامادەبێت، بۆ ئەوەى لەماوەیەکى کەمدا ئەوەى تورکیا بیرى لێدەکاتەوە، هێرش بۆ سەر کۆبانێ دەستپێبکات. ئەو ڕۆژنامەنوسە جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە بەبڕواى ئەو لەیەکەم رۆژى هێرشى ئەو گروپانە لە رۆژئاواى کوردستان، بەهەرجۆرو نرخێک بووە کۆبانێ داگیربکات، ئەوەى لەساڵى ٢٠١٤وە لە ڕێگەى داعشەوە پێى نەکرا ئێستا لەڕێگەى ئەو گروپانەوە بیکات. هونەر ئەحمەد لەدرێژەى قسەکانیدا دەڵێت: تورکیا لەهەموو لایەکەوە ئەو گروپانەى بڵاوکردوەتەوە ئەوەى کە تەنها ماوەتەوە ڕەققەیە، بەکەوتنى ئەویش کۆبانێ بەتەواوەتى گەمارۆ دەدرێت، کە ئەمەش ئەوەیە تورکیاو خودى ئەردۆغان هەوڵى بۆ دەدەن. هاوکات ئەو ڕۆژنامەنوسە، باس لەگرنگى ناوچەى بەنداوى تشرین دەکات، دەڵێت: گرنگى زۆرى هەیە، چونکە ئاوى حەلەب و ناوچەکانى دیکەى دابین دەکات، بەدەر لەوەش کارەباى لێ بەرهەم دەهێنرێت. هونەر ئەحمەد ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لەساڵى ٢٠١٧ گروپەکانى نزیک لەتورکیا بەپاڵپشتى فرۆکە جەنگیەکانى تورکیا، هێرشیان سەر گرێ سپى و سەرێکانى، دەستیان بەسەر پرۆژەى ئاوى عەلوبدا گرت، ئەو پرۆژەیە ئاوى حەسەکەو دەوروبەرى دابیندەکات، ئێستا لەحەسەکە هەرماڵیک مانگانە ٤٥٠ تا ٥٠٠ هەزار لیرەى سوریى ئاو دەکڕێت، کە ئەوئاوەش تەنها بۆ پاککردنەوەى ناوماڵ و کەلوپەل بەکاردەهێنرێت و جگە لەوەش دەبێت ئاو بکڕن و سەدان بیریش لەحەسەکە لێدراون، سەرەتاکانى وشکە ساڵى دەستیپێکردوەو کەمترین دەغڵ دان دەچێنرێت. هونەر ئەحمەد دەشڵێت: کوردیش بەھەمان شێوە چاوەڕوانی ترەمپە بۆ کۆتایی ھێنانی جەنگ و راگرتنی تورکیا، دیار نییە ترەمپ کورد ھەڵدەبژێرێت یان تورکیا، ئەو بڕیارە چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان دیاری دەکات.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت بڕیارمانداوە بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم شاندە پەرلەمانییەکان گەشتى سەرجەم ئەندامان، هەروەها گەڕانەوەیان بۆ کارکردن بە دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەسەر پڕۆژە یاساکان و چالاککردنی داواکارییەکانی لێپرسینەوە لە وەزیرەکان. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان، ئەمڕۆ یەکشەممە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەى خستەڕوو مەحمود مەشهدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتی سەرجەم  ئەندامان و وەفدی  پەرلەمانی  دەرکردووە. راگەیەندراوەکەى ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان، ئاماژەى بەوەشکردووە، مەحمود مەشهدانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانی لە هۆڵی دەستووری لە هۆڵی پەناگیری  پەرلەمان کرد، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخی نەبوونی ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکانی پەرلەمان. بەپێى راگەیەندراوە مەشهەدانی جەختی لە پێویستی بەردەوامبوونی پەرلەمان لە گرێدان بە  دانیشتنەکان کردەوە، کە ڕۆڵی یاسادانان و چاودێری دەبینێت و گەلی عێراق چاوەڕێی دەکەن بەو یاسایانەی پەیوەندییان بە پێداویستی و بژێوی ژیانیانەوە هەیە وەک پەسەندکردنی یاسای بودجە و یاساکانی تر کە تایبەتن بە هەندێک دەزگای ئەمنی و یاسایی لێبوردنی گشتی و باری کەسێتی. هەروەها دەشڵێت: سەرۆکی پەرلەمان لە ڕۆژانی داهاتوو لەبەردەم پەسەندکردن و گفتوگۆ کردنی  چەند یاساێکی پەرلەمانیە بەپێی  پەیڕەوی ناوخۆ، سەپاندنی سزای دارایی بە بڕی یەک ملیۆن دینار لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی کە ئامادەی یەک دانیشتن نابێت، و بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی کە ئامادە نابن لە ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمان. لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بڕیار درا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم شاندە پەرلەمانییەکان، هەروەها گەڕانەوە بۆ کارکردن بە دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەسەر پڕۆژە یاساکان، چالاککردنی داواکارییەکانی لێپرسینەوە لە وەزیرەکان. ڕاگەیەندراوەکە "مەشهەدانی" داوای لە لایەنە سیاسییەکان کردەوە بە پێویستی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییان لە پابەندبوونی پەرلەمانتارانیان بە ئامادەبوون لە دانیشتنەکان و تەواو کردنی ڕێژەی یاسایی و بەشداری چالاکانەیان لە پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی کە لە بەرژەوەندی وڵاتدان.

وەزیری نوێی بەرگری سوریا، ڕایدەگەیەنێت گونجاو نابێت بۆ هێزە کوردییەکان کە ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە پشتیوانییان لێدەکات هێزە سەربازییەکەی خۆیان لە نێو هێزە چەکدارەکانی سوریادا بهێڵنەوە. مورهاف ئەبو قەسڕە لە وەزارەتی بەرگری سوریا بە ڕۆژنامەنووسانی وت: سەرکردایەتی هێزە کوردییەکان، کە بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ناسراون، مامەڵەکردنییان لەگەڵ پرسە ئاڵۆزەکەدا دواخستووە. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە گفتوگۆدان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریادا کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە تورکیاوە سەرکردایەتی دەکرێت و لە 8 ی مانگی دوانزەدا ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدییان ڕووخاند. سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک مەزڵوم عەبدی وتوویەتی کە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانییان بەڕێوبەرایەتییەکی لامەرکەزییە، هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێککەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی سعودیەدا وتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کراوەن بە ڕووی ئەوەدا بخرێنەسەر وەزارەتی بەرگری سوریا وەکو " کوتلەیەکی سەربازیی " و بەبێ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکە. ئەبو قەسڕە ڕۆژی یەکشەممە ئەو داواکارییەی ڕەت کردەوە و وتی " ئێمە دەڵێن ئەوان بێنە ناو وەزارەتی بەرگرییەوە لە نێو هەڕەمی وەزارەتی بەرگریدا و بە شێوازێکی سەربازیی دابەش بکرێن، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەوەدا نیە." وتی " بەڵام ئەوەی کە ئەوان وەکو کوتلەیەکی سەربازیی بمێننەوە لە نێو وەزارەتی بەرگریدا، گونجاو نیە." یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەبو قەسڕە لە دوای ئەوەی پۆستەکەی وەرگرت ئەوە بووە کە سەرجەم ئەو گروپانەی کە دژی بەشار ئەسەد بوون یەکبخرێن و ببنە پێکهاتەیەکی فەرماندەیی یەکگرتوو. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و ڕۆڵێکی گرنگییان هەبووە لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا.

وەزارەتی دارایی حکومەتى عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند دەستکراوە بە ڕێکارەکانی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەکان و هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی یەکى ئەمساڵ. بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتى دارایی، بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی، دەستی کردووە بە ڕێکارەکانی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی یەک (کانوونی دووەم)ی ئەمساڵ. لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایی ئاماژە بەوەدراوە: بەڕێوەبەرایەتییەکە داوای لە یەکە ژمێریارییەکان لە وەزارەت و پارێزگاکان و دامەزراوە سەربەخۆکان کردووە کە نوێنەرەکانیان بنێرن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانیان، لەگەڵ ڕەچاوکردنی پابەندبوون بە خشتەی مانگانەی پەسەندکراو و جێبەجێکردنی هەموو پێداویستییە داواکراوەکانی مووچە. دابەشکردنى مووچەى مانگى یەک لە وەزارەتەکانى حکومەتى عێراق، لەکاتێکدایە هێشتا مووچەخۆرانى حکومەتى هەرێم و هێزە ئەمنیەکان مووچەى مانگى ١٢ى ساڵى ڕابردوویان وەرنەگرتووە ناشزانرێت دابەشدەکرێت یاخود نا. بڕیاریشە ئەمڕۆ شاندێک بۆ پرسی مووچە، رێککەوتنی نوێ و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ تایف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە. شاندەکە پێکدێت لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.

لەڕاگەیەندراوێکیدا دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایدەگەیەنێت لەشاری هەولێر ژنێک لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی لەلایەن براکەیەوە دەکوژرێت و هەڵدێت،  لە شاری کۆیە خۆی حەشاردابوو بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لە ٢٠٢٥/١/١٥ تۆمەتبار دەستگیرکراو ئەو چەکی تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو دەستیبەسەرداگیرا. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش ڕۆژی ٢٠٢٥/١/١١ لەشاری هەولێر بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ژنێک بەناوی(ژ، ی، ت) لەلایەن براکەیەوە دەکوژرێت و پاش ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار هەڵدێت.   دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەپێناو دەستگیرکردن و دۆزینەوەی تۆمەتبار دەستبەجێ بەدواداچوونی ورد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی تەکنەلۆجیای زانیاری ئەنجام دەدات و دوای بەدەستهاتنی زانیارییەکان دەردەکەوێت تۆمەتباری رووداوەکە لە شاری کۆیە خۆی حەشارداوە و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لە ٢٠٢٥/١/١٥ تۆمەتباری بکوژ بەناوی(ت، ی، ت) دەستگیربکەن و ئەو چەکی تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو دەستیبەسەرداگیرا. لەئێستادا تۆمەتبار بەماددەی (٤٠٦) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.

ــ ٢٣٠ کارمەندن ماوەى هەشت ساڵە بەخۆبەخشانە کاردەکەن  ــ ئەو ساڵانەی وەک خۆبەخش کارمان کردووە، بە خزمەت بۆمان ئەژمار بکرێت ــ نەخۆشخانەی هیوا 2007 کراوەتەوە تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە ماوەى هەشت ساڵە ٢٣٠ کارمەندى خۆبەخش لەنەخۆشخانەى هیوا لەشارى سلێمانى دەوام دەکەن، ئەمرۆ یەکشەمە بەشێک لەو کارمەندانە لەبەردەم نەخۆشخانەکە گردبوونەوە داوایانکرد دابمەزرێت و بکرێن بە هەمیشەیی. ئەو خۆبەخشانە لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکیان خوێندەوەو تیایدا چەند داواکارییەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتى پەرلەمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کرد. رێبین عومەر، وەک نوێنەری خۆبەخشانی نەخۆشخانەی هیوا، وتى: ئەم ٢٣٠ کارمەندە  زیاتر لە هەشت ساڵە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی حکومەتەکەمان، خۆبەخشانە و خۆنەویستانە بەوپەڕی توانامانەوە کارمان کردووە، ئێستاش بە پێویستی دەزانین بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر و خزمەتکردنی باشترمان، لەگەڵ گۆڕانکارییە داراییەکان هەوڵێکی جیدیتر بۆ ئێمەش بدرێت. نەخۆشخانەی هیوا ساڵی 2007 لە سلێمانی کراوەتەوە و تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە. ئەوان لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیاندا زۆر جەختیان لەسەر دامەزراندن بە شێوەی هەمیشەیی کردەوە، لەبەشێکى دیکەى کۆنگرەکە ڕایانگەیاند: پێویستە ئەو ساڵانەی وەک خۆبەخش کارمان کردووە، بە خزمەت بۆمان هەژمار بکرێت، چونکە وەک خۆبەخشێک ئەوە سەرەتاییترین مافی خۆمانەو لەو ماوەیەدا بەبێ جیاوازی، هاوشێوەی هاوڕێ دامەزراوەکانمان دەواممان کردووە.

ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ڕایدەگەیەنن، لەوەڵامى بۆردومانەکانى تورکیاى داگیرکار، لە باشووری مەنبەج ژمارەیەک چەکدار کوژران و ئۆتۆمبێلەکانیان تێکشکێنراون. بەپێى راگەیەندراوەکەى هەسەدە کە ئەمرۆ یەکشەمە، بڵاویکردەوە دەڵێت تورکیا بەردەوامە لە دەستدرێژییە ئاشکرا و ئاشکراکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، و هەموو ڕۆژێک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات، بە بۆردومانکردنی گوندەکانز هەسەدە دەڵێت: بەرەبەیانی شەممە و تائێوارە، داگیرکاریی تورکیا بە بۆردومانێکی سەرەتایی بە تۆپخانەی قورس لەسەر گردەکەی بەردەم گوندی "خربەت ئەلزەمالە" لە بەنداوی تیشرین دەستی پێکرد، پاشان بەکرێگیراوەکان دەستیان بە هێرش کروە، شەڕڤانان ڕووبەڕوویان بوونەوەو ژمارەیەک کوژران و برینداریان هەبوەو  ئەوانی دیکە هەڵهاتن، پشتڕاستکرایەوە ٣ بەکرێگیراو کوژراون. ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، کاتێک بەکرێگیراوەکان هەوڵیانداوە تەرمی مردووەکانیان ببەن، بە درۆن سێ گردبوونەوەی بەکرێگیراوان و ئۆتۆمبێلەکانیان کراوەتە ئامانج، ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی سەربازو پیکابێکێک بووە بەهۆیەوە ژمارەیەک بەکرێگیراو کوژران و برینداربوون. هەروەها دەشڵێن لە دەوروبەری گردی "سیریاتێل" تانکێک و ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری چەکی دوشکەی دوژمن، کرایە ئامانج و شەڕڤانان دوو بەکرێگیراویان کردە ئامانج و بەدڵنیاییەوە هەردووکیان لێیاندراوە. لە بەرەی دێر حەفەر؛ بەکرێگیراوان بە گولـلە هاوەن خاڵێکی پشکنینی ناوچەکەیان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە هاووڵاتییەکی مەدەنی بریندار بوو.

مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دووپاتی کردەوە کە هێزەکەیان بڕیاری ڕادەستکردنی چەکەکانیان یان هەڵوەشاندنەوەی خۆیان نەداوە، بەڵکو دەیانەوێت بچنە ناو سوپای داهاتووی سوریاوە. هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی هەر ڕێگایەکی تر جگە لە دانوستان لەسەر پرسی یەکگرتنەوە هێزەکان بۆ ناو وەزارەتی بەرگری کێشەی گەورەیان لێدەکەوێتەوە، بەپێی دەربڕینەکانى ئەو. لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، مەزڵوم عەبدى ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بانگهێشت نەکراون بۆ کۆبوونەوەى یەکخستنی گروپەکان لە وەزارەتی بەرگری، هەروەها ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ گروپەکان پەیوەندییان بەوانەوە نییە چونکە ئەوان بەشێک نین لەو گروپانە. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو پێشنیازی پێکهێنانی لیژنه‌یه‌كى سه‌ربازى هاوبه‌شیان كردووه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پرسى یه‌كگرتنه‌وه‌ى هێزه‌كان، ئه‌ویش دژى ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ كه‌ سوریا خاوه‌نى دووسوپاى جیاوازبێت. فه‌رمانده‌ى هه‌سه‌ده‌، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی نوێی ئیدارە، ئەحمەد شەرع، بە کردار دیاری دەکرێت نەک بە قسە، سەبارەت بە بوونى هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا ڕوونی کردەوە کە بوونیان گرنگە بۆ لێک نزیککردنەوەی دیدگاکان. مەزلوم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ دابین نەکردوون، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویست بە چەک لە ئێرانەوە ناکات. ناوچە بەرفراوانەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر کۆنترۆڵی ئەو ئیدارە خۆسەرەدایە کە لەدوای سەرهەڵدانی ململانێکان لە سوریا لە ساڵی 2011 لەلایەن کوردەکانەوە دامەزرا، هەروەها کشانەوەی هێزەکانی حکومەت لێیان بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە. ئەو کوردانەی ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە، دامەزراوەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و سەربازییان بنیات ناوە، بە درێژایی ساڵانی ململانێ، هەوڵی پاراستنی دەستکەوتەکانیان دەدا، لە کاتێکدا حکومەتی پێشوو تۆمەتباریان دەکرد بەوەی مەیلی "جیاخوازی"یان هەیە. شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بڕبڕەی پشتیان شەڕڤانانی کوردە و واشنتۆن پشتیوانی دەکات، لە 30ی کانونی یەکەمدا لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی نوێی دیمەشق، ئەحمەد شەرع، لە یەکەم دانوستانی نێوان هەردوولا لە دوای دەرکردنی بەشار ئەسەد لە سەرەتای ئەو مانگەدا.