فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوی کردەوە؛ بە زۆرینەی دەنگ هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی وڵات پەسەندکرا و بەوەش رێگە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێتەوە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو. فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی کردەوە؛ لە دانیشتنەکەدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەی هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025 ) ژمارە 13ـی ساڵی 2013 دراوە. لاى خۆیەوە، بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: بەپێی یاسا پەسەندکراوەکە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە لەڕێگەی سۆمۆوە. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشى وت: نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە 16 دۆلار دیاریکراوە بۆ ماوەی 60 رۆژ، هەروەها لایەنی راوێژکاریی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی لە ماوەی 60 رۆژدا نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەر کێڵگەیەک بە جیا دیاری دەکات." بەپێی ماددەى 12 پێویستە هەرێم و بەغداد پرسە داراییەکانیان لە ساڵانى 2004-2022 پاکتاوبکرێت دواى وردبینیکردنیان لەلایەن دیوانى چاودێرى داراییەوە، لەگەڵ پابەندبوونى هەرێم بە رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بەسۆمۆ. هەموارى بودجە لە 5ـی تشرینی دووهمی 2024ـەوە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە رەوانەى پەرلەمان کراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى فراکسیۆنەکانەوە لەسەر ماددەى 12 کە تایبەتە بە دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێم، هەموارەکە بەپەسەندنەکراوى ماوەتەوە. عەلى حەمە ساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەدواى پەسەندکردنى هەموارەکە نوسینێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت، هەرێم دەبێت نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات، بۆ هەر بەرمیلێک عێراق ١٦ دۆلار خەرجدەکات، تاوەکو لە دوو مانگدا لیژنەی پسپۆڕ خەرجی فعلی دیاری دەکات. هاوکات عەلى حەمەساڵح ئەوەش دەخاتەڕوو، ڕێژەی ٥٠٪ داهاتی فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بەغدا، کە ٢٥٪ کۆی داهاتی هەرێمە، واتە: لەنزیک چوار ترلیۆن دەبێت یەک ترلیۆن بگەڕێتەوە، عێراق موچەو پارەی پرۆژەو خەرجیەکان دابین دەکات کە نزیکەی ١٥ ترلیۆنە، سێ ترلیۆنی داهاتی ناوخۆ بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە.
ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتى کوردستان، سەبارەت بە مانگرتنەکەى مامۆستایانى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، پێمان وایە هەقى خۆیانە داواى مافى خۆیان بکەن، بەس مووچەو هەقى ئەوان لاى حکومەتى هەرێم نییەو لاى بەغدایە. ئەو بەرپرسەى پارتى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا، وتى: ئیشەڵا تیمەکانى تەندروستى نایەڵن تەندروستیان ئەو مامۆستایانە تێکبچێت، داوای سەلامەتی بۆ مانگرتووەكان دەكەین، ئەوان هەقیان لای حكومەتی عێراق نیەو لە بەغدایە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئاری هەرسین، پارتی واقع بینە بۆیە هیچ بەیاننامەو قسەیەکى نییە لەسەر ئەو مانگرتنەى مامۆستایان، پارێزگاری سلێمانی و جێگرەكەی خۆیان بەشێكن لە مەكینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكە لەوەدایە ئەوانەی بەشێكن لە حكومەتەكە ئەچن بۆناو مانگرتووەكان و دەبن بە دەمڕاست و محامی ئەوانەی مانیانگرتووە بۆ موچەكانی خۆیان ، بۆیە ئەگەر ئێمە وەكو پارتی بەیاننامە دەربكەین هیچ شتێك نیە جگە لە دووفاقی ئەوە عەیبە لە سیاسەتدا. بەرپرسى لقى چوارى پارتى ئەوەشى وت: هەموو كەسێك مافی خۆیەتی داوای مافی خۆی بكات و موچەش حەقی شەرعی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە، ئەوەی موچەی راگرتووەو ناینێری حكومەتی هەرێم نیە، وەزیری دارایی حكومەتی بەغدایە. ماوەى شەش رۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە.
لە دەڤەرى گەرمیانەوە ١٢ مامۆستاو فەرمانبەرو هاوڵاتى بڕیاریانداوە بەپێ بەڕێبکەوون بۆ شارى سلێمانى و بچنە لاى خێمەى مامۆستایانى مانگرتوو وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەو داواکاریانەى هەیانە. ماوەى دوو رۆژە لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بانگەواز دەکرێت بۆ ئەو بەپێ ڕۆشتنەو بڕیارە سبەینێ دووشەممە بەرەو شارى سلێمانى بەڕێبکەون. سەردار مەلیحە، سەرپەرشتیاری بە پێ رۆیشتنەکە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: دوو رۆژە بانگەوازەکەمان کردووەو تائێستا ١٢ کەس ئامادەیی خۆى دەربڕیوە، وەک پاڵپشتیەک بۆ مانگرتووەکان سبەینێ دووشەممەبە پێ بەڕێدەکەون بۆ سلێمانی. ماوەى شەش رۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە. شەوى ڕابردوو تیمى پزیشکانى خۆبەخش لە سلێمانى، سەردانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتووی کرد و پشکنینی بۆ کردن، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیشدا پشتیوانیى خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرانبەران راگەیاند. دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی گەرمیان سەردانی خێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانییان کرد و هاوشێوەی بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی هەولێر، پشتیوانیى خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی دەربڕی. دڵشاد جەمال، لە دەستەی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتى، "مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی سلێمانی، درێژکراوەی خەباتی پیشەیی 10 ساڵی رابردووی مامۆستایانی ناڕازییە لە هەرێمی کوردستان". بایکۆت و مانگرتنی مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانییش دەڵێت، لەگەڵ داوای رەوای مامۆستایاندان بۆ داواکردنی شایستە داراییەکانیان، بەڵام پێویستە بارودۆخی خوێندنیش لەبەرچاو بگیرێت، چونکە بایکۆت زیان بە خوێندکاران دەگەیەنێت. خێمەی مانگرتووانی سلێمانی لەهەموو چین و توێژەکانەوە و لە زۆربەی ناوچەکانەوە شەو ڕۆژ سەردانیان دەکرێت.
بەپێى کارنامەى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق، ئەمرۆ دەنگدان دەکرێت بۆ هەموارى یاساى بودجەى گشتى کە تایبەتە بە شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان. ئەمرۆ یەکشەممە، ٢ى مانگى ٢ پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوەو یەکەمین بڕگەشى دەنگدانە لەسەر هەموارى یاسای بودجە. مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ هەمواری یاسای بودجە تێدەپەڕێنین، بەگوێرەی ئەو دەقەی كە لەلایەن حكومەتەوە بۆمان رەوانەكراوە. سەرۆکى پەرلەمان بە ڕۆژنامەی الصباحی عێراقى وت:دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ، لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەكان رێككەوتوین لەسەر تێپەڕاندنی ئەو دەقەی لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە، كە تایبەت بە هەمواری یاسای بودجە، ئەوەش بەهۆی بوونی هۆكاری تەكنیكی و یاسایی بڕواپێهێنەر. هاوکات هێما بۆ ئەوەش دەکات پرۆژەکە یاساكەیان خستوەتە ڕیزبەندی یەكەمی كارەكانی دانیشتنەکە، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەم سەرۆكایەتی دەكات، بەهۆی ئەوەی ئەوان گەشت دەكەن بۆ دەرەوەی عێراق. لای خۆشیانەوە، لیژنەی دارایی رایگەیاندوە، ئەو هەمواركردنەوەیەی ئەنجامدراوە لە یاسای بودجە، بەگوێرەی ئەو دەقەیە كە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندیكردووە. هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات. ئێوارەی چوارشەممە 29-01-2025 محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆشکی حکومی میوانداریی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کرد. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و گرنگی پشتیوانی کردن لە هەنگاوەکانی حکومەت لەتەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان خرایەڕوو. هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا، دوایین هەموارکردنەوەى بودجە کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ یاساکە کراوە تاوتوێ کرا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە باس لەپرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات.
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، پێویستە کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ وردبینی لیست و تێچووی ساڵانە و مانگانەى هەرێم ئەنجامبدرێت، هاوکات ئەو دەنگۆیانەى باس لەوە دەکەن تەیف سامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی هەرێم جێهێشتبێت بەناڕاست دەزانێت. لە بەیاننامەیەكى ڕۆژنامەوانیدا، وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراق ڕایدەگەیەنێت، وەزیرى دارایی تەیف سامی كۆبوونەوەكەی بەجێنەهێشتووە، لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی یەكلاكردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم. هاوکات ئاماژە بەوەدەکات، ئەو تۆمەتانە ناڕاستن، تەیف سامی بەشداری سەرجەم ئەو كۆبوونەوانەی كردووە كە لەوبارەیەوە ئەنجامدراون، بەو پێیەی كۆبوونەوەكان شایەتحاڵی گفتوگۆی بەرفراوان بوون بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە كە مافەكانی سەرجەم هاووڵاتیان زامن بكات. وەزارەتى دارایی لەبەیاننامەکەیاندا دەڵێن بەگوێرەی كۆنتڕۆڵە یاسایی و داراییە كارپێكراوەكان و هەروەها بەشداریی لە كۆبوونەوەكەدا كردوە لەگەڵ شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتی فوئاد حسێن و بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی هەرێم و ستاف و كارمەندە پێشكەوتووەكانی، هەروەها ئامادەبوونی ستافی پێشكەوتوو لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی. وەزیری دارایی جەختی لەوە كردەوە، پێویستە كۆبوونەوەیەكى دیکە لە وەزارەتی دارایی ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی لیست و تێچووی ساڵانە و مانگانەى هەرێم بتوانرێت ڕاستەوخۆ وردبینی بكرێت و پشتڕاست بكرێتەوە، هەروەها بتوانرێت هەمواركردنی پێویست بە زووترین كات ئەنجام بدرێت. هەروەها ئەوەشى وت: كاركردن لەگەڵ لیژنە هاوبەشەكان بە سەرۆكایەتی وەزیر و لیژنە تەكنیكیەكانی هەردوولا لە بەیانییەوە تا درەنگانی شەو بەمەبەستی وردبینی و ئاشتكردنەوەی داتای مووچەی مەدەنی خانەنشینان، گرێبەستەكان بەردەوام دەبێت. وەزارەتی دارایی داوای لەسەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن و سەرچاوەكانی هەواڵ كرد كە دڵنیای دروستی لێكۆڵینەوە لە زانیارییەكانی دەسەڵاتە فەرمیەكان بكەن،هەروەها خۆیان بەدوور بگرن لەبڵاوكردنەوەی هەواڵی نادورست كە رەنگە بەشێوەیەكی ناڕەوا ڕای گشتی بوروژێنێت.
مامۆستایان و فەرمانبەران، داوا لە هاوڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەکان دەکات سبەینێ یەکشەممە، بکرێتە ڕۆژێکى فراوانى ناڕەزایی دەربڕین، هاوکات هەڕەشەى ئەوەش دەکەن گیانی هەر مامۆستایەکى مانگرتوو بكەوێتە مەترسیەوە، نایەڵین یەك بەرپرس بەسەلامەتی بسوڕێتەوە. ئەمڕۆ پێنج رۆژە مامۆستایان لەژێر خێمەیەکدان لەبەردەم بارەگاى نەتەوەیەکگۆتووەکان لە سلێمانى، بەهۆى ساردى کەش و هەواو درێژە کێشانى مانگرتنیان لەخواردن، تەندروستی زۆرینەیان ناجێگیرە. عوسمان گوڵپى وتەبێژى خێمەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوو، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، دەڵێت: پێنج ڕۆژە ئەو مامۆستایانە لێرەن، یاداشتێکمان بە زمانى عەرەبى و ئینگلیزى فەرەنسى داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئێرەمان وەک شوێنێکى ڕەمزیمان هەڵبژاردووە یوئێن لەبەردەم بەرپرسیاریەتیداو چاوەڕوانى وەڵامى ئەوانین. وتەبێژەکەى مامۆستایانى مانگرتوو، وتیشى: داواکارم هاوڵاتیان سبەینێ بکەنە رۆژێکى فراوانى خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لەبەردەم خێمەى مانگرتوواندا، لەکاتژمێر دەى بەیانیەوە تا ئێوارە لێرە بمێننەوە، تەمەننادەکەین کۆبونەوەکەى سبەێنێ پەرلەمانى عێراقیش چارەسەرێکى پێبێت بۆ مووچەخۆرانى هەرێم، ئەگینا ئێمە بەردەوام دەبین. هاوکات هەر لەو کۆنگرەیەدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو چوار داواكاری سەرەكیان خستەڕوو، بریتین لە (رێزگرتن لە كەسێتی تاك و سەوەركردنی یاسا، بەر لەمووچە شکۆ گرنگترە، بە نیشتمانی كردنی موچەو دوورخستنەوەی لە ململانێی سیاسی، ئەمە بەر لەوەى خەڵک داواى بکات حکومەت خۆى دابینیبکردایەو نەیانکردایەتە ململانێى سیاسى. هەروەها دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتیان، لەگەڵ گەڕانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە، بۆ موچەخۆران، له ساڵی 2016وه ڕاگیراوه، ههروهها ئهو مامۆستا وانهبێژانهی كه لابراون بگهڕێنرێنهوه بۆ سهر كارهكانیان. عوسمان گوڵپى ئەوەشى وت: ژیانی ئهو مامۆستایانهی كه مانیان له خواردن گرتوه له مهترسیدایه، بهڵام جگه له بهردهوامبون هیچ بژاردهیهكی دیكهمان نیه و بهردهوام دهبین، گیانی مانگرتوویەكمان بكەوێتە مەترسیەوە، نایەڵین یەك بەرپرس بەسەلامەتی بسوڕێتەوە.
وەزارەتى دارایی ڕایدەگەیەنێت کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامەو چارەسەرکردنی کێشە هونەریەکان بەرەو تەواو بوون دەچێت. لەڕاگەیەندراوێکیاندا وەزارەتى دارایی و ئابورى هەرێم، دەڵێن: ئەمرۆ شەممە، ١ی شوباتی ٢٠٢٥، بۆ ڕۆژی دووەم کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق لەشاری بەغداد بەردەوامی هەیە. هەروەها وەزارەتى دارایی ئەوەش دەخەنەڕوو لەو چوارچێوەیەشدا تیمە هونەریەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمە هونەریەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن لە کۆبوونەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هونەریەکان، چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا کارەکان تەواو بکەن. بەیانیی ئەمڕۆ شەممە کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی لە بەغدا بەڕێوەچوو. دوێنێ دوای سێ کاتژمێر کۆبوونەوە شاندی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم سەرپەرشتی فواد حسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دارایی ئابووری هەرێم رایگەیاند کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بووە. بابەتەكانی گفتوگۆی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق بریتین لەم خاڵانە: - تەرازووی پێداچوونەوەی مووچەی مانگەكانی ساڵی ڕابردوو. -شێوازی ئامادەكردنی لیستی مووچە. -تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. - پڕۆژەی هەژماری من. بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆى بەغدا باسى مووچەی مانگی یەك و پاداشتی خانەنشینان کراووە، مووچەی مانگی یەكیش دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ. پاشنیوەڕۆى هەینى، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە، بودجە لە هۆتێل بەغدا کۆبوونەوە. ڕێباز حەملان بریکارى وەزیرى دارایی حکومەتى عێرق، دەربارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە دەڵێت: باسمان لە دوو بابەت كردوە، مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم، مووچە و پاداشتی خانەنشینان، جگە لەو دوو بابەتە باسی هیچ بابەتێكی دیكە نەكرا، مووچەی مانگی یەك دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ.
هەپەگە ڕایگەیاند، لە وەرزی زستاندا لە زەوی و ئاسمانەوە ٦٣ جار گەریلا چالاکی ئەنجامداوە و دەوڵەتی تورکیش هێرشەکانی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو بەردەوامە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە دەربارەی شەڕی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و قڕکەر و حکومەتی ئاکەپەی فاشیست لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا هێرشەکانی لە باکووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەبێ وەستان بەردەوامە و لە مانگی ڕابردوودا لە باکووری کوردستان لە دێرسیمەوە تا سەرحەد، لە خەرزانەوە تا ئامەد، لە مێردینەوە تا بۆتان، لە جۆلەمێرگ و بۆتان سەدان ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام داوە، بەڵام هەموو ئەم ئۆپەراسیۆنانە بێ ئەنجام مانەوە. دەشڵێن: وێڕای هێرشە داگیرکارییە ئاسمانییەکان لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکان لەسەر گەلەکەمان لە باکووری کودستان بەردەوامە و تێیدا چەندین هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە جەختەکاتەوە لەسەر سیاسەتی قڕکردن، بە بەرچاوی جیهانەوە کەسانی مەدەنی تیرۆر دەکات و بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو لە دژی گەریلا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات. ئاماژە بەوەکراوە، دەوڵەتی تورک لە ناو مانگی کانوونی دوووەمدا پێنج جار بە چەکی کیمیایی، نۆ جار بە درۆنی بۆردوومانکەر و ١١٣ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشی سەر تونێلەکانمانی کردووە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. هاوکات گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان ٢٣٥ جار بە فڕۆکەی جەنگی و ٥٩ جار بە هێلیکۆپتەری جەنگی بۆردوومان کراون. هاوکات، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لەبەرانبەر ئەم هێرشانەدا لە باکووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە بێ ناوبڕ درێژە دەدەن بە تێکۆشانیان. لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانمان کە بە بوێری و پێرفۆرماسیۆنێکی بەرزەوە لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا لە بەرخۆداندان، لە ناو بارودۆخی وەرزی زستاندا بە تاکتیکی جیاواز ١٣ جار لە ئاسمانەوە، ٥٠ جاریش لە زەمینەوە، بەگشتی ٦٣ جار چالاکی ئەنجام داوە و لەم چالاکییانەدا شەش داگیرکەر سزادراون و داگیرکەرێکیش بریندار کراوە. هەروەها چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی، کەرەستە و پێداویستی سەربازی لەناوبردراون و گورزییان لێ وەشێندراوە. لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە بەرانبەر هەموو هێرشەکاندا بە تێکۆشانی هەبوون و ئازادی گەلی کورد بە ڕۆحی فیدایی ئاپۆییەوە لەبەرخۆداندان و وەک ئەوەی هەموو کاتێک ئەنجامیان داوە، لە ئێستا و دواتریشدا وەڵامی بەرپەرچدانەوەی پێویست دەدەنەوە. هەپەگە ئاماری مانگی کانوونی دووەمی بەم شێوەیە خستووەتە ڕوو: هێرشەکانی سوپای تورک: هێرشی فڕۆکەی جەنگی: ٢٣٥ هێرشی هێلیکۆپتەر: ٥٩ هێرشی چەکی کیمیایی: ٥ هێرشی درۆنی خۆکووژ: ٩ هێرشی تەقەمەنی قەدەغەکروا: ١١٣ چالاکییەکانی گەریلا: چالاکی ئاسمانی: ١٣ چالاکی زەمینی: ٥٠ زیان و لەدەستدانەکانی دووژمن: داگیرکەری سزادراو: ٦ داگیرکەری بریندار کراو: ١ ئەو کەرەستانەی لە ناوبردراون: سیستەمی ڕادار: ٢ کۆنتێنەر: ٥ درۆن: ٦ کامێرای چاودێری: ٢ چەکی قورسی دۆشکە: ١ مۆڵگە: ٢ خێمەی سەربازی: ٤ بڕی ٤٠ کیلۆ تەقەمەنی کامێرای وێنەهەڵگر: ١ ئەوانی گورزییان لێ دراوە: تانک: ١ زێپۆشی سەربازی: ٢ چەکی قورسی دۆشکە: ١ مۆڵگە: ١
پۆلیسى سلێمانى، ڕایدەگەیەنێت، بە تۆمەتی كوشتنی گەنجێك و لە لایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتنەوە تۆمەتبارێك دەستگیركراوە. لەڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، پۆلیسى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی كانی با لەشاری سلێمانی لە ڕوداوێكدا گەنجێك بە چەقۆ كوژرا و تۆمەتبار هەڵاتوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى پۆلیس دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو لێكۆڵینەوە بۆ دۆینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد، سەرەنجام توانرا لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن – بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە لەماوەی كەمتر لە شەش سەعات تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت. شەوى ڕابردوو لە گەڕەکی کازێوەی سلێمانی، شەڕە چەقۆ لە نێوان دوو هەرزەکار دروست بووە کە دراوسێی یەکتر بوون، یەکێکیان ئەو دیکەیانی بریندار کردووە و پاشان گیانی لەدەستداوە. بەپێى زانیاریەکان، شەڕەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە، ئەو گەنجە لەدایکبووی ساڵی 2008 بووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە دەقى ڕاگەیەندراوەکەى پۆلیسى سلێمانى بە تۆمەتی كوشتنی گەنجێك تۆمەتبارێك دەستگیركرا بە تۆمەتی كوشتنی گەنجێك و لە لایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتنەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا. شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی كانی با لەشاری سلێمانی لە ڕوداوێكدا گەنجێك بە چەقۆ كوژرا و تۆمەتبار هەڵات، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو لێكۆڵینەوە بۆ دۆینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد، سەرەنجام توانرا لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن – بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە لەماوەی كەمتر لە شەش سەعات تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت. لە ئێستادا تۆمەتبار ( ل، ت، ح ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دانی ناوە بە تاوانەكەیدا.
چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان دەڵێن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 60 هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی سنە، پیرانشار، سنە، مەهاباد و سەردەشت دەستبەسەر کراون. بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ناوەندە ئەمنییەکانی ئیڕان لە دوایین هەوڵەکانیان بۆ سەرکوتکردنی چالاکوانان، پێنج هاووڵاتی و چالاکوانی کوردیان بە ناوەکانی مەحیدین خالیدیان، وەهاب خەدیریپوور، ڕەحمان ڕەحیمپوور، جەلال پەرهیزکار و سەروەر حەمەنازدار لە شارەکانی سنە، مەهاباد و سەقز دەستبەسەر کردووە. هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە دوو ڕاپۆرتی جیادا کە ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی ئەم مانگە بڵاوکراونەتەوە، ڕایگەیاندووە پێنج هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ئاتیلا عەبدی، ڕەزا کامەرانی، سەتار بابایی، زەکەریا فیروزبەخت و ئیدریس عەبدوڵڵاهی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەو شارە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنی لە شاری کرماشان و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان دیار نییە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەی رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوە کراوە دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەرسەلان فەتاحی و سامان سەفەری کە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و خەڵکی ناحیەی گەهوارەی کرماشانن، لە شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت ژمارەی دەستبەسەرکراوان "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای مانگرتنی شارەکانی کوردستان دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی گەیشتوەتە نزیکەی 60 کەس کە زۆربەیان لەپەیوەند بەو مانگرتنەوە و بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە حزبە کوردییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئاماژەی بەوەشکرد دەستبەسەرکردنەکان لە شارە کوردنشینە جیاجیاکان ئەنجامدراوە و دەستبەسەرکراوانیش تاکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و لە مافی وەرگرتنی پارێزەریش بێبەش کراون. شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانانی کورد لە 22ی مانگی یەک دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی خەڵکی شارە کوردنشینەکان لە وەڵامی بانگەوازی شەش حزبی کوردی بۆ مانگرتن دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، بازار و دوکان و شوێنی پیشەکانیان داخست. حزبە کوردییەکان لە بانگەوازەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە مانگرتنی گشتی چارەسەرێکی مەدەنییە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی.
سەبارەت بە پرسی مووچە و هەمواری یاسای بودجە، کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لە بەغدا دەستیپێکرد. بەیانیی ئەمڕۆ شەممە کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی لە بەغدا دەستیپێکرد. دوێنێ دوای سێ کاتژمێر کۆبوونەوە شاندی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم سەرپەرشتی فواد حسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دارایی ئابووری هەرێم رایگەیاند کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بووە. بابەتەكانی گفتوگۆی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق بریتین لەم خاڵانە: - تەرازووی پێداچوونەوەی مووچەی مانگەكانی ساڵی ڕابردوو. -شێوازی ئامادەكردنی لیستی مووچە. -تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. - پڕۆژەی هەژماری من. بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆى بەغدا باسى مووچەی مانگی یەك و پاداشتی خانەنشینان کراووە، مووچەی مانگی یەكیش دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ. پاشنیوەڕۆى هەینى، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە، بودجە لە هۆتێل بەغدا کۆبوونەوە. ڕێباز حەملان بریکارى وەزیرى دارایی حکومەتى عێرق، دەربارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە دەڵێت: باسمان لە دوو بابەت كردوە، مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم، مووچە و پاداشتی خانەنشینان، جگە لەو دوو بابەتە باسی هیچ بابەتێكی دیكە نەكرا، مووچەی مانگی یەك دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ.
هاوڵاتى وەزارەتی نەوتى عێراق، وردەکاری ئەو پڕۆژانەی خستەڕوو کە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی واژۆیان کردووە، هاوکات بوونی دانوستانەکانی پشتڕاستکردەوە بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای بەریتانی پترۆلیۆم بۆ پەرەپێدانی 4 کێڵگەی نەوتی لە کەرکوک. باسم محەمەد خزهیر، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت، ئەمڕۆ هەینى ڕایگەیاند: وەزارەتی نەوت پلانێکی تایبەتی داڕشتووە 4 ئامانجی لەخۆگرتووە کە ئامانج لێی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتە، دووەم، داخستنی دۆسێی غازی سووتاو، سێیەمیش گەڕان بەدوای کێڵگە نوێیەکانی غازدا کە بڕێکی زیاتری غاز زیاد دەکات، بۆ بەرهەمهێنانی وزە، گەیشتن بە ئامانجی چوارەم کە عێراق لە هاوردەکارێکەوە دەگۆڕێت بۆ هەناردەکاری غاز". ئەو بەرپرسەى وەزارەتى نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، لە 10ی 1، وەزیری نەوت بەردی بناغەی پڕۆژەی خێراکردنی غازی لە کێڵگەی ئارتاوی دانا لە چوارچێوەی گرێبەستەکانمان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال، کە بریتین لە پڕۆژەیەک بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان لە کێڵگەی ئارتاوی بۆ 210 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هەروەها پڕۆژەیەک بۆ وەبەرهێنانی غاز لە ٦ کێڵگەی گرنگدا بە توانای ٦٠٠ ملیۆن پێی سێجا ستاندارد بە دوو قۆناغ: قۆناغی یەکەم ٣٠٠ ملیۆن و قۆناغی دووەم ٣٠٠ ملیۆن پێی سێجا ستاندارد. باسم محەمەد خزهیر، ههروهها هێماى بۆ ئەوەکرد پڕۆژەکان بریتین لە پڕۆژەیەکی ئاوی دەریا بە توانای دیزاینکردنی 7 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و توانای کارپێکردنی 5 ملیۆن بەرمیل. چوارەم پڕۆژەی گرنگ، بۆ یەکەمجار لە عێراق، پڕۆژەی وزەی خۆرە ، وێستگەیەک دەبێت بە توانای هەزار مێگاوات لە چوار قۆناغدا، هەر قۆناغێک 250 مێگاوات، و تا کۆتایی ساڵی 2025 دەست بە کاردەکات قۆناغی یەکەمی خزمەتگوزارییەکە.
♦️نزیکەى ١٥ مامۆستاو فەرمانبەر، ماوەى چوار ڕۆژە، مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو لەژێر خێمەیەکدا لەبەردەم بیناى نەتەوەیەکگرتووەکان لەسلێمانى ماونەتەوە. ♦️زۆرینەى مامۆستایانى مانگرتوو بارى تەندروستیان خراپە، شەکرە و فشاری خوێنیان دابەزیووە و چارەسەرى سەرەتاییان بۆ کراوە هۆشداریشى لە تێکچوونى زیاترى دۆخى تەندروستیى مانگرتووەکان دەدرێت.
ماڵپەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕایدەگەیەنن شەوی ڕابردوو لە شاخەکڵنی سنورەکانی نێوان مەریوان و پێنجوێن، کۆڵبەرێک لەسەرما رەق بووەتەوە. ئەو کۆڵبەرە گەنجێکی خەڵکی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ناوی مەهیار سەفەری لە ناوچە سنورییەکانی هەنجیران و لەکاتی کۆڵبەریدا بێسەروشوێن بووە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو کۆڵبەرە لەشاخ کەوتووەتە خوارەوە و برینداربووە، کەس نەبووە بەهانایەوە بچێ و لەسەرمادا رەق بووەتەوە، دوای سێ رۆژ، شەوی رابردوو خەڵکی ناوچەکە توانیویانە تەرمەکەی بدۆزنەوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە. سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستوەتەڕوو درەنگانی شەوی رابردوو تەرمی ئەو گەنجە هێنراوەتە پزیشکی دادی سلێمانی و دوای توێکاری رادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە. مەهیار سەفەری تەمەنی 21 ساڵە و خەڵکی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. بەپێی ئاماری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان KHRN، ساڵی رابردوو، 51 کۆڵبەری کورد کوژراون یان، گیانیان لەدەستداوە و 246 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت کۆبونەوەکان لە کەشێکی ئەرێنیدا بووە رۆشنایی خراوەتە سەر بەرەو پێشچوونەکانی پڕۆژەی هەژماری من و بەداتا و زانیاری ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکە خرایەڕوو. هەروەها جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری (هەژماری من)ەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچە خستەڕوو کە پێی پلانەکە بۆ ئەم مانگە نزیکەی ٢٧٤بە هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشیوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن. دەقی بەیاننامەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری : کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد بەڕێوەچوو. ڕۆژی هەینی ٣١ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە شاری بەغداد بەسەرپەرشتی بەڕێز دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز (ئاوات شێخ جەناب )وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر (ئومێد سەباح)سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بەسەرۆکایەتی بەڕێز خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لەڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی هەردوو وەزارەت ئامادە بوون، لەکەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بوودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کراو تیشک خرایە سەر ئەو ڕاپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکی هاوبەشی هەردوولاوە لە سەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون. شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا. لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرەو پێشچوونەکانی پڕۆژەی هەژماری من کراو بەداتا و زانیاری ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکە خرایەڕوو ، هاوکات لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچە خستەڕوو کە پێی پلانەکە بۆ ئەم مانگە نزیکەی ٢٧٤بە هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشیوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن. بڕیارە سبەی شەممە کۆبوونەوەکان لە نێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریانەی ماوە تا هەردوولا بگەنە ڕێكکەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری.