لەژمارەى ئەمڕۆیدا رۆژنامەی "الشرق الاوسط" ڕاپۆرتێکى لەسەر ڕوداووەکان و شەڕەکەى لالەزار بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت:دانیشتوانی شاری سلێمانی تووشی شۆک بوون بە پێکدادانێکی خوێناوی، کە یەکە ئەمنییە حکومی و حزبییەکان تێیدا بەشداربوون، بەر لەوەی بۆيان ئاشكرابێت شەڕی نێوان ئامۆزاکانی ناو خێزانی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری کۆچکردووی عێراق بووە. لە ئێوارەی پێنجشەممەوە تا بەرەبەیانی رۆژی هەینی، دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهور شێخ جەنگی، ئامۆزای بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پەرەی سەند بۆ پێکدادان و گەمارۆدانی دراماتیکیی هۆتێلێک لە سەنتەری شارەکە، کە بە دەستگیرکردنی شێخ جەنگی، كە یەكێك بوو لەسەر سەرکردە دیارەكانی ئەو حزبە کۆتاییهات. لە ئەنجامی ئەو روبەڕوبونەوانە لانیکەم سێ کەس كوژراون و نزیکەی (١٠) کەسی دیکەش برینداربوون، لەكاتێكدا كە ستوونی دووکەڵ لە سەنتەری شارەوەكەوە بەرزدەبووەوە، هێزە ئەمنییەکان سەرجەم دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی سلێمانییان داخست. هێزە ئەمنییەکان ئەو شوێنەیان ئاشکرا نەکردووە کە شێخ جەنگی و دوو براکەی بۆی گواستراونەتەوە، بەڵام سەرچاوەکان ئاشكرایان كردووە: دەستگیرکراوان رەنگە روبەڕوی سزای چەند ساڵێك زیندانی ببنەوە، بەهۆی ئەوەی بە داڕشتنی پیلان بۆ تێکدانی سەقامگیری ئاسایش تۆمەتباركراون. چاودێرانی سیاسی وای دەبینن، ئەو ئۆپەراسیۆنە، ئاشکراکردنی ململانێیەکی قووڵی ناو حزبەکەیە لە سلێمانی لە نێوان "برا دوژمن"ەكاندا، کە ساڵانێک بەرژەوەندی ئەمنی و سیاسییان بەشكردبوو.
بەپێى زانیارى چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار، شاندى باڵاى هەرێمى کوردستان لە سەرەتاى ئەم هەفتەیەدا سەردانى بەغداد دەکات، بۆ یەکلاکردنەوەى پرسى داهاتى نانەوتی و هەناردەکردنەوەى نەوت. چوارشەممەى ڕابردوو، شاندێکى هەرێم و شاندێکی حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد کۆبوونەوە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و کەمال محەمەد وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون، بەڵام جارێکی دیکە شاندەکەی هەرێمی کوردستان بە دەستی بەتاڵ و بەبێ هیچ رێککەوتنێک گەڕایەوە. سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، ڕاگەیاند: شاندى هەرێم سەرەتاى ئەم هەفتەیە جارێکى دیکە دەچنەوە بەغداد کە ئەمجارە چاوەڕوان دەکرێت ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی و ئابوورى و کەمال محەمەد وەزیرى سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت لە شاندەکەدا بن، تاوەکو بڕیار لەسەر داهاتى نانەوتیی و هەناردەکردنەوەى نەوت بدرێت". راشیگەیاند، حکومەتى هەرێمى کوردستان 120 ملیار دینارى داهاتى نانەوتی بۆ مانگى حوزەیران ئامادە کردووە و هەر کات بڕیاردرا، دەخرێتە سەر هەژمارى دارایی وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندى . باسى لەوەشکرد، کۆبوونەوەى شاندى هەرێمى کوردستان و عێراق بۆ ئەوەیە پرسى داهاتى نانەوتی تێدا یەکلایبکرێتەوە، تاوەکو گرفتەکانى بەردەم خەرجکردنى مووچە کۆتایی پێبهێندرێت. ئەمە لەکاتێکدایە، لەکۆبوونەوەى رۆژى سێشەممە 19ـى ئاب، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیارى دابینکردنى مووچەى مانگى حوزیرانیدا بەو مەرجەى هەولێر نەوت رادەست بکات و داهاتى نانەوتی لەکاتى خۆیدا رەوانە بکات.
پەرلەمانتارێکی کوردی جەهەپە لە بازنەی ئامەد پەیامێکی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بڵاودەکاتەوە، کە جەخت لەسەر بایەخی کات دەکاتەوە و دەڵێت، "گەورەترین مەترسی، بەفیڕۆدانی کاتە." ئەمڕۆ هەینی 22ی ئابی 2025 سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری کوردی جەهەپە لە بازنەی ئامەد سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و سەلچوک مزراکلی، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئامەدی لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە کرد. دوای سەردانەکەی، تانریکوڵو پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەندروستیی دەمیرتاش و مزراکلی باشە، "سڵاو و خۆشەویستییان بۆ خۆشەویستان و دۆست و هاونیشتمانییانمان هەیە. لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن." بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی جەهەپە، دەمیرتاش و مزراکلی بەهۆی سنوورداریی پەیوەندییەکانیان لەنێو گرتووخانەکەدا، زانیاریی وردیان لەسەر پێشهاتەکان نییە، بەڵام پێیان وایە "گەورەترین مەترسی بەفیڕۆدانی کاتە." تانریکوڵو گوتیشی، "پێیان راگەیاندین کە پێویستە ئەم کاتە زۆر بە باشی سوودی لێ وەربگیرێت و دەبێت هەرچی زووە کاروبارە یاساییەکان و هەنگاوە پێویستەکانی دیکە بنرێن." جگە لە پێویستی هەموارکردنەوەی یاساکان، تانریکوڵو پێیوایە، کێشەی پەیوەست بە جێبەجێکردنی یاساش هەیە، "پێویستە ئەمانەش چارەسەر بکرێن، بۆئەوەی متمانەی کۆمەڵگە بە پرۆسەکە بەهێز بێت. کردەوە نادیموکراسییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام زیاد دەکەن. ئەوانیش جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمە یەکێکە لە مەترسییە هەرە گەورەکانی بەردەم پرۆسەکە." ئەو پەرلەمانتارە کوردەی جەهەپە جەختی لە پشتگیریی دەمیرتاش و مزراکلی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری کردەوە و گوتی، "ئەوەیان دووپاتکردەوە، لە هەموو دۆخێکدا لەگەڵ ئاشتیدان و پشتگیری لە دەستبەرداربوون لە چەک دەکەن." سەڵاحەدین دەمیرتاش زیاتر لە 9 ساڵە و سەلچوک مزراکلیش زیاتر لە 6 ساڵە لە زینداندان.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت هێرشی دوێنێ شەوی سەر لالەزار لە لایەن هێزەکانی ینک ئەنجام دراوە و کێشەیەکی نێوان ینک و بەرەی گەل بووە . لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەدا کەلەبارەی شەڕەکەى لالەزارەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات پێویستە یاسا ببێتە جێگرەوەی بڕیاری حزبی و توندوتیژی و چیتر شەڕ و ئاژاوە، سەقاگیری هەرێمی کوردستان نەخاتە مەترسییەوە. دەقى ڕاگەیەنراوەکەى نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە: هێرشی دوێنێ شەوی سەر لالەزار لە لایەن هێزەکانی ینک ئەنجام دراوە و کێشەیەکی نێوان ینک و بەرەی گەل بووە و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم ئاگادار نەبووە تا دوا ساتەکانی گەمارۆدان و پەلامار دان. سەرەڕای هەوڵی زۆری سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادان ڕوو نەدات، بەڵام زۆر بە داخەوە هێڕشەکە ئەنجام درا و کوژراو برینداری لێ کەوتەوە. زۆر نیگەران و دڵگرانین بەو ڕووداوە و ئێستاش، پێویستە یاسا ببێتە جێگرەوەی بڕیاری حزبی و توندوتیژی و چیتر شەڕ و ئاژاوە، سەقاگیری هەرێمی کوردستان نەخاتە مەترسییەوە.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق راگەیەنراوێكی لەبارەی روداوەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سلێمانی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، جەخت لە دانبەخۆداگرتن و پابەند بوون بە رێكارە یاسایی و دادوەرییەكان دەكەنەوە. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتوە: سەرۆکایەتیی کۆمار بەنیگەرانییەوە چاودێریی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی کرد کە شاری سلێمانی بەخۆیەوە بینی. دەقى بەیاننامەکە.. سەرۆکایەتیی کۆمار بەنیگەرانییەوە چاودێریی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی کرد کە شاری سلێمانی بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان لە شارەکەدا و برینداربوونی ژمارەیەکی تر. جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی دانبەخۆداگرتن و پەنابردنە بەر ڕێکارە یاسایی و دادوەرییەکان بەپێی دەستوور و دوور لە توندوتیژی، بە شێوەیەک کە بنەماکانی دادپەروەری بچەسپێنێت و ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتیان بپارێزێت. هەروەها سەرۆکایەتیی کۆمار سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان دەکات، و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین. خوای گەورە سلێمانی و دانیشتووانەکەی و هەموو عێراقییەکان لە هەموو ناخۆشی و خراپەیەک بپارێزێت. سەرۆکایەتیی کۆمار هەینی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لەبارەی رووداوەكانی سلێمانیەوە دەلێت: دوابەدوای ئەو رووداوە ناخۆشانەی لە پارێزگای سلێمانی روویاندا، حکومەتی فیدراڵی دووپات دەکاتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی یاسایی و دادوەری بگرنەبەر بەپێی بڕگەکانی دەستور. سهباح نوعمان، وتهبێژی فهرماندهی گشتیی هێزه چهكدارهكان لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، ئەوەى خستەڕوو حکومەت جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی ئەو رێوشوێنانە دەکاتەوە بە بێلایەنی و شەفافیەتێكی تەواو، دوور لە هەر دیاردەیەكی چەکداری یان هەوڵدان بۆ ترساندنی هاوڵاتیان. وتەبێژەکەى سودانى وتى: حکومەت جەختدەكاتەوە، جێبەجێکردنی یاسا دەبێت بەجۆرێك بێت زامنی پاراستنی شكۆی مرۆڤ و مافەکانی بکات. باسی لهوهشكردوه، "حكومهت درێغی ناكات له ڕێگریكردن له ئاژاوهگێڕی و بهرهوپێشبردنی ئاشتی كۆمهڵایهتی و چهسپاندنی سهقامگیری، بهرژهوهندی پارێزگایی سلێمانی و ئاسایش و سهلامهتی گهلهكهی و ئاسایشی ههرێمی كوردستان و عێراق بهگشتی له سهروی ههمو ڕهچاوكردنێكهوه دهمێنێتهوه". سەباح نوعمان لەبەشێکى پەیامەکەیدا دەڵێت: پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان لە ناوچەکەو لە سەرانسەری هەموو پارێزگاکانی عێراق ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە، حکومەت درێخی ناكات لە هیچ هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە ئاشوب و پتەوكردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی سەقامگیری.
رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر کەناڵی ئاسمانیی زووم لە شاری سلێمانی. بەڕێوەبەری کەناڵەکە دەڵێت، ئەوان لە باڵەخانەکەیاندا نەماون. ئیدارەی کەناڵی زووم کارمەندەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە نەچنەوە بۆ دەوام، هەروەها پەخشی هەموو بەرنامەکانی راگرتووەو لە ئێستادا تەنیا چەند دیمەنێکی راستەوخۆ پەخش دەکات. دواهەمین پۆستیشیان لەسەر فەیسبووک دوو کاتژمێر پێش ئێستا بووە. رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ وتى: "هێزێکی گەورەی ئەمنی بە چەکی سووک و قورسەوە بەسەر کەناڵی ئاسمانیی زوومیان داداوە". کەناڵی ئاسمانیی زووم بە میدیای بەرەی گەل دادەنرێت، کە لەلایەن لاهوور شێخ جەنگییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. رەحمان غەریب گوتی: "لە کەناڵەکە تەنیا پەیامنێرێک هەبووە بە ناوی محەممەد دڵشاد و هێزەکە دەستگیریان کردووە، لە هەوڵداین بۆ ئازادکردنی". هێمن مەحموود، بەڕێوەبەری کەناڵی زووم ئاماژەى بۆ ئەوەکرد ئاگاداری هێز نین، چونکە پێشوەختە کەناڵەکەمان چۆڵکردووە. تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، پەخشی کەناڵە بە دانانی کامێرایەکی جێگر بە شێوەی راستەوخۆ بەردەوامە. ئەمە دووەمجارە هێزەکانی یەکێتی هەڵدەکوتنە سەر میدیاکانی لاهوور شێخ جەنگی. لە 08ـی تەمموزی 2021، کاتێک ناکۆکی کەوتە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هێزەکانی یەکێتی بارەگای تەلەڤزیۆنی ئای پڵەسیان کۆنترۆڵکرد، کە ئەوکات لاهوور جەنگی خاوەنداری دەکرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی لالەزار دەڵێت، "پێویستە سەرجەم كێشه و ناكۆكييهكان به ياسا و دوور له تووندوتيژى يهكلايى بكرێنهوه." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "جهخت له سهروهريى ياسا و پاراستنى ئاسايش و ئاراميى شار و پاراستنى سهر و ماڵى هاووڵاتييان دهكهينهوه. پێویستە سەرجەم كێشه و ناكۆكييهكان به ياسا و دوور له توندوتيژى يهكلايى بكرێنهوه." لە راگەیێندراوەکەداسەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان دەکات و هیوای "زووچاکبوونەوە" بۆ برینداران دەخوازێت." دەقی پەیامەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: پهيامێك له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستانهوه دوابەدوای ڕووداوه نهخوازراوهکەی بهرهبهيانى ئهمڕۆى سلێمانى كه بهداخهوه ژمارهيهك قوربانیى لێكهوتهوه، جهخت له سهروهريى ياسا و پاراستنى ئاسايش و ئاراميى شار و پاراستنى سهر و ماڵى هاووڵاتييان دهكهينهوه. پێویستە سەرجەم كێشه و ناكۆكييهكان به ياسا و دوور له توندوتيژى يهكلايى بكرێنهوه. هاوكات، سهرهخۆشى له خێزان و كهسوكارى سەرجەم قوربانیيەكان دەكەین و هاوخهمیانین، هيواى زوو چاكبوونهوه بۆ برينداران دهخوازين. سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان 2025/8/22
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە، شەوی ڕابردوو بۆ دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک هێزێکی زۆر بە چەکی قورس جوڵەی پێکراو بەهۆی شەڕەوە نائارامییەکی زۆر لە سلێمانی دروستکرا. ئاماژەشیداوە، هێزی جێبەجێکار بۆ دەستگیرکردنی کەسانی داواکراو پۆلیسە نەوەک هێزی دیکەن. لە ڕاگەیەندراوەی دەستەکەدا هاتووە؛ شەوی 22-8-2025، بەمەبەستی دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک بەناوەکانی (ل،ج،ب) و (پ،ج،ب) و (ڕ،ح،غ) لەیەکێک لەگەڕەکەکانی شاری سلێمانی هێزیکی زۆری ئەمنی جۆراو جۆر بەچەکی سووک و قوڕس کۆبوونەوە و چوونە ئەوشوێنە، کە بەلالەزار ناسراوە و شوێنی نیشتەجێی داواکراوەکانە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی ئەو ڕووداو و دەرەنجامەکانی دەکات و ڕایگەیاندووە، بەهەموو شێوەیەک شەڕو ئاڵۆزی ڕەت دەکاتەوەو هەمیشە پشتیوانی ڕێکاری یاسایی و زمانی دیالۆگ دەکات. هەروەها ئاماژەیداوە، بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو هێزی جێبەجێکار پۆلیسە نەوەک هێزی دژە تیرۆرو هێزی تر کە لەو ڕووداوە بەداخەوە هێزی جیاوازو چەکی سووک و قورس بەکارهێنراوە . جەختیشی کردووەتەوە، بەپێی ڕێکارە یاساییەکان دەبێ تۆمەتبار ببرێتە گرتووخانە و نەوەک شوێنی دیکە و بارەگای حزبی. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پاڵپشتی تەواوی جێ بەجێکردنی بڕیاری دادگاکان دەکات بۆ ڕادەست کردنی هەر کەس و داواکراوێک بەڕێکاری یاسایی خۆی ، بۆیە هەر جۆرە ڕێگاو شێوازێکی تر ڕەت دەکەینەوە بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان، بەڵام بەداخەوە دەبابەو دۆشکەو چەکی قوڕس بەکارهاتووە ئەمە زیاتر لەنمایشێکی سەربازی دەچێت و ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت بۆ ناوبانگی هەرێم. ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە: دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێگ بڵاودەکاتەوە لەسەر گرژیەکانی دوێنی شەوی شاری سلێمانی. شەوی 2025/8/22 بەمەبەستی دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک بەناوەکانی (ل،ج،ب)و(پ،ج،ب)و(ڕ،ح،غ)لەیەکێک لەگەڕەکەکانی شاری سلێمانی هێزیکی زۆری ئەمنی جۆراو جۆر بەچەکی سوک و قوڕس کۆبونەوەو چونە ئەوشوێنە کە بەلالەزار ناسراوە.کە شوێنی نیشتەجێی داواکراوەکانە بەداخەوە ڕووبەڕوو بونەوەی سەخت و شەڕێکی چوار کاتژمێری لەو ناوچەیە ڕویداو تا کاتژمێر هەشتی بەیانی بەردەوام بوو کوژراوو برینداری لێ کەوتوەتەوە. ئەو ڕووداوە نائارامی زۆری دروست کرد لەشاری سلێمانی و خەڵکی ئەو ناوچەیەی نیگەران کردو ترس ودڵە ڕاوکێی بڵاوکردەوە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی ئەو ڕووداوەو دەرەنجامەکانی دەکات و بەهەموو شێوەیەک شەڕو ئاڵۆزی ڕەت دەکاتەوەو هەمیشە پشتیوانی ڕێکاری یاسایی و زمانی دیالۆگ دەکات. وە لامان وایە بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو هێزی جێبەجێکار پۆلیسە نەوەک هێزی دژە تیرۆرو هێزی تر کە لەو ڕووداوە بەداخەوە هێزی جیاوازو چەکی سوک و قوڕس بەکارهێنراوە . وە بەپێی ڕێکارە یاساییەکان دەبێ تۆمەتبار ببرێتە گرتن و گواستنەوە نەوەک شوێنی تر و بارەگای حیزبی. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پاڵپشتی تەواوی جێ بەجێکردنی بڕیاری دادگاکان دەکات بۆ ڕادەست کردنی هەر کەس و داواکراوێک بەڕێکاری یاسایی خۆی بۆیە هەر جۆرە ڕێگاو شێوازێکی تر ڕەت دەکەینەوە بۆدەستگیرکردنی داواکراوان کە بەداخەوە دەبابەو دۆشکەو چەکی قوڕس بەکارهاتوە ئەمە زیاتر لەنمایشێکی سەربازی دەچێت و ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت بۆ ناوبانگی هەرێم. لێرەوەش نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لەوەی کە هەندێ لەو هێزە ئەمنیانە لەکاتی دەستگیرکردنی چەند کەسێک ڤیدۆ وێنەیان گرتووە ودواتر کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش پیشان داوە بەدەستگیرکراوی و دەست بەستراوی ناویان لێ دەنێن بەدیل گیراو لەکاتێکدا تۆمەتبار بێ تاوانە تا یەکلایی بونەوەو چەسپاندنی تاوانەکەی لەسەری لەلایەن دادگاوەو ڕێگە پێ دراو نیە لەپێناو شکوی مرۆڤەکان حاڵەتی لەو جۆرە پیشان بدرێ. بەداخەوەین بۆ گیان لەدەستدان و بریندار بونی ئەو کەسانەی لەو ڕووداوە بونە قوربانی، هیوامان وایە لەو کەیسەو ڕووداوانە یاسا سەروەر بێت هەر دادگا لەڕێگای رێکارە یاسایەکان ئەم کەیسەیەکلای بکاتەوە نەوەک هیچ لایەنێکی تر. بەداخەوەش چەند جارێکە بەکارهێنانی ئەو هێزانە بۆ ڕووداوو کەیسی تر دووبارە دەبنەوە لەشاری سلێمانی لەکاتی بونی ململانێکان. وەک دەستەش لەنزیکەوە بەردەوام دەبین لەچاودێری کردنی ئەو ڕوداوە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان 22ی ئابی - 2025
بەرەی گەل داوا لە کۆنسووڵخانە، نوێنەرایەتییەکان و حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکات لەبەرامبەر ئەو "کردەوە تیرۆریستییە" بێدەنگ نەبن و دەڵێت، گیانی لاهوور شێخ جەنگی لە ئەستۆی سەرۆکی یەکێتییە. شەوی پێنجشەممە 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلیان کرد و گوتیان کە فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای نزیکەی چوار کاژێر لە شەڕ کردن، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، ئاسۆ و پۆلادی برای دەستگیر کران. بەرەی گەل راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە داوا دەکات، کۆنسووڵخانە، نوێنەرایەتییەکان، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان "لە بەرامبەر ئەم کردەوە ناشارستانی و تیرۆریستییە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی راشکاویان هەبێت." لەبارەی لاهوور شێخ جەنگی و ئەو کەسانەی لە روداوەکە دەستگیر کراون بەرەی گەل دەڵێت، "گیانی هەڤاڵ لاهوور و تەواوی هەڤاڵانمان لە ئەستۆی خودی سەرۆکی خۆسەپێنی یەکێتی دایە." لە شەڕەکەی لالەزاردا چوار کەس کوژراون. سێیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکانن و یەکێکیان لایەنگرێکی لاهوور شێخ جەنگیە. بەگوێرەی زانیارییەکان 10ـی دیکەش بریندار بوون. جگە لە زیانە گیانییەکان، شوێنە گەشتیارییەکان، خانوو و ئۆتۆمبێلێکی زۆر لە شوێنی رووداوەکە زیانیان بەرکەوتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەیاسادەرچوو، کارمەندێکیان بەناوی (ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) شەهید بوە. دەقی راگەیەنراوەکەی بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر.. بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی هاوڕێ و هەڤاڵ و هاوسەنگەرمان (ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) رادەگەیەنین کە شەوی ڕابردوو لەکاتی سەپاندنی یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادوەر بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەیاسا دەرچوو، گیانی سپارد و گەیشتە پلەی شەهادەت. ئاری یەکێک بوو لە پێشمەرگە نەبەرد و قارەمان و دلێرەکانی دژەتیرۆر کە بە کارامەیی و تواناکەی توانیبووی خۆی بسەلمێنێت. دڵنیایی ئەدەین خوێنی شەهید ئاری بە فیڕۆ ناڕوات و لە یاسا دەرچووان توندترین سزا دەدرێن و دەستگیرکردنیان تەنها قۆناغی یەکەمی سزادانیان بووە. خودای گەورە سەبوری ئێمە و کەسوکاری بداتەوە.
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، ڕایدەگەیەنێت ، کەی ڕەوایە ناسەقامگیری ئەمنی زیاد بکرێ و خوێنی رۆڵەی میلەتەکەمان برژێت، ویرای دەربڕینی نیگەرانی و ئەسەف بۆ ئەم حاڵەتە. بەهۆى پێکدادان و شەڕەکەى بەرەبەیانى ئەمڕۆى سلێمانى، سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی پەیامێکى بڵاوکردەوە. دەقى پەیامەکە پەیامێک لە ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە بەداخ و حەسرەتەوە شەوی رابردوو لە سلێمانی بەدیار پێشهاتێکی نەخوازراوی ناخۆشەوە بووین، لەم کات و ساتەدا کە هاوڵاتیان چاوەڕێی موچە وسەقامگیری بژێوی بوون و میللەتەکەمان لەبەردەدم چەندین تەحەدیاتە، کەی ڕەوایە ناسەقامگیری ئەمنی بۆ زیاد بکرێ و خوێنی رۆڵەی میلەتەکەمان برژێت، ویرای دەربڕینی نیگەرانی و ئەسەف بۆ ئەم حاڵەتە. دەخوازین پەنا بۆ یاسا وداگا ببرێت بۆ چارەسەری کێشەکان .
سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕاگەیاند، لاهوور شێخ جەنگی و دوو لە براکانی لە شەڕەکەی سلێمانیدا دەستگیرکران، دواتر براونەتە دەباشان و لای بافڵ تاڵەبانی دەستبەسەر دەکرێن. ئەو برایانەی لاهوور جەنگی کە دەستگیرکراون هەر یەکە لە پۆڵاد شێخ جەنگی و ئاسۆ شێخ جەنگین، بەپێى زانیاریەکان پۆڵاد شێخ جەنگی بە برینداری دەستگیرکراوە. لەلایەکى دیکەوە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دوای گرتنی لالەزار و دوستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و براو کەسە نزیکەکانی فەرمانی ڕوبەروبونەوەی هەر جوڵەیەکی گوماناوی و دەستگیرکردمی هەر کەسێکیان پێدەدرێت کەبیەوێت وەک پشتیوانی لاهور شێخ جەنگی گردبونەوە بکات ناڕەزایی دەرببڕێت. بەپێی ئەو زانیاریەکان لەدوای گرتنی لالەزارو دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و برا و کەسە نزیکەکانی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لەناوشار بڵاوەیان پێدەکرێت و لەحاڵەتی ئامادەباشیدا دەمێننەوە و فەرمانی گرتن و ڕوبەڕوبونەوەی هەر کەس و حاڵەتێکی گوماناویان پێدراوە. سەرچاوەى زانیاریەکان باس لەوەش دەکەن سەرجەم بازگەکانی هاتنە ناو سلێمانی بەڕیکاری توندوتۆڵیی دەمێننەوە بۆ ئەوەی ڕێگە لەهەرکەسێک بکرێت کە بیەوێت بۆ پشتیوانی لاهور شێخ جەنگی بێتە سلێمانییەوە.
بەگوێرە ئامارە نافەرمییەكان، لەشەڕو پێکدادانەکانى چەند كاتژمێری رابردووی لالەزاردا، لە هێزە ئەمنیەكان سێ كەس كوژراون و 26 كەسی دیكەش برینداربوون. کاتژمێر سێ و نیوی بەرەبەیانی هەینییەوە بەمەبەستى دەستگیرکردنى، لاهور شێخ جەنگى و براکانى هێزە ئەمنیەکان چونە نزیک هۆتێل لالەزارو شەڕ و پێکدادان دەستیپێکرد و پاش سێ کاتژمێر، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی دەستگیرکران و لالەزاریش لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کۆنترۆڵکرا. بەگوێرەی دواین ئامارە نافەرمییەكان، لە هێرشەكەی چەند كاتژمێری رابردووی لالەزاردا، لە هێزە ئەمنیەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سێ كەس كوژراون و (26) كەسی دیكەش برینداربوون. هەروەها لە هێزەكەی لاهوری شێخ جەنگیش حەوت كەس كوژراون و ژمارەیەكی تریش بریندابوون، دەوترێت برینی دووان لە بریندارەكان سەختن، میدياكانی نزیك لە یەكێتی ناو و ناسنامەی (3) كارمەندە كوژراوەكەیان بڵاوكردووەتەوە، كە سەربە دژە تیرۆرو هێزەكانی كۆماندۆ و ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایشن. بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپراسیۆنی ئاسایش رایگەیاندووە، سەرمەند عەلی کارمەندمان لە گرژییەکانی لالەزاردا گیانى لەدەستداوە. فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رایگەیاند، ''بەداخ و خەمێکی قووڵەوە ھەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەی فەرماندەییمان کاکە دیار سەردار حەکیم رادەگەیەنین، کە جوانەمەرگ بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەرواری 22ی ئابی 2025، لەپێناو چەسپاندنی یاسا و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان وەک ناوەکەی "دیار" رۆحی پیرۆزی کردە دیاریی خاک و نیشتمان و ئاسایش و ئارامی''.
پارێزگاری سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت داوا لە هەموو لایەک دەکەین هاوکاربن بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەو بەهەر ڕوبەڕوبونەوەو بەریەککەوتنێک کە ئارامیی گشتیی دەخانە بەر مەترسییەوە. لەبارەی گرژی و پێكدادانەكانی شاری سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە، داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی پێكدادانەکان دەکات. دەقى پەیامەکە.. شەڕو بەریەککەوتن؛ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، تەنها کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات و چارەسەرەکان؛ دوادەخات. لە ڕابردوو ئێستادا، بەبەردەوامیی لە هەوڵدابووین بۆ ئەوەی دۆخەکان نەگەنە ئەم دۆخە ناهەموارو نەخوازراوە، هێزی لۆژیک و لێکتێگەیشتن و یاساسەروەریی بکرێنە بنەمای یەکلاکردنەوەی هەر ناکۆکییەک، بەڵام بەداخێکی سەختەوە؛ پێشنیازو دیالۆگ و میکانیزمە ئاشتیخوازانەکان؛ کەمترین پشتیوانیی کران. داوا لە هەموو لایەک دەکەین هاوکاربن بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەو، بەهەر ڕوبەڕوبونەوەو بەریەککەوتنێک کە ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی گشتیی دەخانە بەر مەترسییەوە. د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی
