رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ڕایدەگەیەنێت دانوستانمان لەگەڵ هاوتاکانمان لەوڵاتانى دراوسێ هەیە بەتایبەتى حکومەتى بەغداو هەولێر سبارەت بە چۆنیەتی گەیاندنی ئەو چەکانەى لە دەرەوەی سنوورەکانمان. لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەلبانیا رۆژی شەممە، 17ی ئایاری 2025، لەنێو فڕۆکە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە چەند پرسێک قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، لەبارەی میکانیزمی چەک دانانی پەکەکە دەڵێت، قسە لەگەڵ هەولێر و بەغدا دەکەن. ئەو وتى: لەمەودوا چۆنیەتى هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکخراوە و گەیاندنی چەک لەژێر چاودێری یەکە ئەمنییەکانی دەوڵەتەکەماندایە، هەروەها دانوستان لەگەڵ هاوتاکانمان لە دراوسێکانمان دەکرێت سەبارەت بە چۆنیەتی گەیاندنی چەکی تیرۆریستان لە دەرەوەی سنوورەکانمان. ئەردۆغان ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، کە پلان هەیە لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنی ئیدارەی بەغدا و هەولێر لەم پرۆسەیەدا. کاتێک چەکەکان تەسلیم بکرێن و ڕێکخراوەکە بەتەواوی تەسفیە بکرێت، تیرۆر بە تەواوی لە ئەجێندای تورکیە دوور دەخرێتەوە. ئەوجەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە ئەم هەنگاوەش خزمەت بە ئاشتی و گەشەسەندن و سەقامگیری عێراق و سوریاش دەکات. وتیشى: لە ئێستادا پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ئیدارەی سوریا هەیە. ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا دوو جار هاتە تورکیا. کۆبوونەوەی لەڕادەبەدەر بەرهەمدارمان هەبوو، پەیوەندیەکانمان بەردەوامن. بەهیوای ئەوەی بگەینە ئەو شتەی کە هیوای بۆ دەخوازین. ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند: ''ئامانجی کۆتایی تورکیایەکی بی تیرۆر روونە؛ دەبێت چەکەکان بنێژرێن. دەبێت رێکخراوی تیرۆریستی بەتەواوی چەکەکانی دابنێت و بڕیاری خۆهەڵوەشاندەوە جێبەجێ بکات''. سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە گوتی: ''یەکەکانی ئاسایشی وڵاتمان، لەمەودوا چاودێری کار و چالاکییەکانی پەیوەست بە خۆهەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکانی رێکخراوەکە (پەکەکە) دەکەن''. ئەردۆغان دەشلێت: ئامانجی کۆتایی تورکیەیەکی بێ تیرۆر ڕوونە. ناشتنی چەکەکان. زۆر گرنگە کە ڕێکخراوی تیرۆریستی بە تەواوی چەک داماڵێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و نایاسایی واز لێبهێنرێت. ئێمە زۆر لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە دەکەین کە دراون. تورکیایەکی دوور لە تیرۆر بەدەست دەهێنین.
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، رۆژی هەینی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک دەچێتە تاران. باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بەشداریکردنە لە (کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران) کە لە لایەن (ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی)ی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە رێک دەخرێ. کۆڕبەندەکە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 18-5-2025 و 19-5-2025 لە تاران بەڕێوەدەچێت. سەعید خەتیبزادە، سەرۆکی (ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی)ی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، لە 53 وڵاتی جیهانەوە شاند بە مەبەستی بەشداریکردن لەو کۆڕبەندەدا بانگهێشت کراون. محەممەد کازم ئال سادق ئاماژەی بەوەشکرد، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەمان کۆڕبەند بانگهێشتی ئێران کراوە. هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەیە، لەوانەش کۆماری ئیسلامیی ئێران. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە ماوەی نزیکەی 1 ساڵدا چەندین جار چووەتە تاران. 30-7-2024 نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشیکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران. نێچیرڤان بارزانی سەرەتای مانگی ئایاری 2024یش چووە تاران و لەگەڵ هەریەکە لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کات و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە. 22-5-2024یش نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی ئیبراهیم رەئیسی چوونە تاران. دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەو مامەڵەیەی لە تاران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت مامەڵەی سەرۆکێکی رێزلێگیراوی کیانێکی دەستووری دانپێدانراوە."
بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی گیانلەدەستدانی دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، دەڵێت، لەکاتی هەوڵدان بۆ دەرهێنانی تەرمی هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستداوە. بەرگریی شارستانی دەڵێت: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 4:11 خولەک تیمەکانی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر لە بوونی حاڵەتێکی خنکان ئاگادار کرانەوە کە هاوڵاتیەکی بە رەگەز عەرەب بووە لەنێو کۆگایەکی هەڵگرتنی بەرهەمە نەوتیەکانی یەکێک لە پاڵاوگەکانی سنووری ناحیەی شەمامک خنکاوە." بەگوێرەی کەسوکاری، ئەو گەنجە عەرەبی خنکاوە ناوی عەبدوڵڵا رسلان هاشمە و تەمەنی 25 ساڵە. عەبدوڵڵا خێزاندار بووە و باوکی منداڵێک بووە. بەگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، تیمەکانیان دەستبەجێ بەڕێکەوتن بۆ دەرهێنانی تەرمی هاوڵاتیەکە، "دوای گەیشتنی تیمی رزگارکردنی سەر بە بەڕێوبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بەداخەوە دوو کارمەندی تیمی رزگارکردنی سەر بە بەڕێوبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە ناوەکانی رێپێدراوی پۆلیسی پلە/8 (یوسف شەریف حەسەن) لەگەل پۆلیسی پیادە پلە/4 (سەباح سەلیم) لە کاتی ئەرک و هەوڵدان بۆ دەرهێنانی تەرمی هاووڵاتییەکە گیانیان لەدەستدا." رووداوەکە بەرەبەیانی هەینی لە بەنزینخانەی کۆچەر لە ناحیەی شەمامک لە پارێزگای هەولێر کە بەشی دواوەی پاڵاوگەیەکی نایاساییە روویداوە. ئەفسەرێکی باڵای بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕایگەیاند: "دوو کارمەندەکە دوو لە بە ئەزموونترین و چالاکترین کارمەندەکانمان بوون، بە کاریگەری پاشماوەی بۆنی تانکییەکە گیانیان لەدەستداوە." بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای ئەوەی هاووڵاتییەکە کەوتووەتە نێو تانکییەکە، کارمەندێکی بەرگریی شارستانی هەوڵی دەرهێنانی تەرمەکەی داوە، بەڵام بەهۆی بۆنی گازەوە بێهۆش کەوتووە. دواتر، کارمەندێکی دیکەی بەرگریی شارستانی هەوڵی رزگارکردنی هاوڕێکەی داوە، بەڵام ئەویش بێهۆش کەوتووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
یەکەم کاروانى حاجییانى هەرێمى کوردستان لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو مەککە بەڕێکەوت، رۆژى 19ى ئایاریش یەکەم کاروانى حاجییان بە رێگای ئاسمانی دەچێتە مەککە. شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەرێوەبەری گشتیی حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان راگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى، هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان و راپەڕینیان بەڕێکردووە بەرەو سعودیە کە ژمارەیان زیاتر لە 700 کەس بووە. گوتیشى، سبەى حاجییانى سنوورى پارێزگاکانى هەولێر و دهۆکیش بەڕێگاى وشکانى بەڕێدەکەن و رۆژى 19ى مانگیش یەکەم گەشتى ئاسمانى حاجیانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات و رۆژى 28ى مانگیش کۆتا گەشتى حاجییانە بەڕێگەى ئاسمانى. ژمارەیەک لە حاجییانى هەرێمى کوردستانیش بە کەناڵ8یان گوت ، پرۆسەکە زۆر بە باشى بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتێکیان بۆ دروستنەبووە، هیواش دەخوازن بەسەرکەوتووى گەشتەکەیان ئەنجامبدەن. پێشتریش، کاروان ستونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان راگەیاند، ئەمساڵ کۆی حاجییانی هەرێمى کوردستان پێنج هەزار و 136 کەسە، لەو ژمارەیەش نزیکەى 300 کەسیان تەمەنیان سەروو 70 ساڵە کاروان ستونی ئاماژەى بەوەشکرد، لە رۆژی 19ـی مانگەوە تاوەکو 28 مانگ، بەشێکی دیکەی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگای ئاسمانی دەچنە مەککە. بەگوێرەى بەڕێوەبەرایەتیی حهج و عومرهى ههرێمی كوردستان، حاجییان بڕى دوو ههزار دۆلاریان به نرخى فەرمی کە 132 ههزار دینارە بۆ دەگۆڕدرێتەوە لەکاتێکدا لە بازاڕەکان هەر 100 دۆلارێک 142 هەزار دینارە. رۆژى 15ى ئایارى 2025، یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق کە ژمارەیان چوار هەزار و 581 کەس بوو لە رێگای دەروازەی سنووری عەرعەرەوە بە 192 پاس بەڕێکەوتن، کۆی ژمارەی حاجیانی عێراقیش بۆ ئەمساڵ 39 هەزار حاجییە.
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، بەهۆی ململانێی چەکداری نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا، یەک لەسەر سێی گوندەکانی سنووری پارێزگاکە وێران بوون و چۆڵکراون. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "بەهۆی ململانێی چەکداریی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، لە هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 30%ی گوندەکانی پارێزگاکە وێران کراون و بەتەواوی چۆڵکراون، هۆی سەرەکی نەگەڕانەوەی دانیشتووانیش بۆ ناوچەکانیان سیاسەتەکانی پەکەکەیە، هەروەها هاووڵاتیانی ئەو گوندانە زیاتر لە 38 ساڵە، بەهۆی بەردەوامیی گرژییە ئەمنییەکان و بوونی چەکداران، نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان. عەلی تەتەر، داوای لە چەکدارانی پەکەکە کرد ئەو گوند و شاخانەی کە تێیدا جێگیرن، چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دانیشتووان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە. پارێزگار، پاڵپشتیی ئیدارەی پارێزگاکەی بۆ هەوڵەکانی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە دووپات کردەوە، هەروەها داوای تەواوکردنی پرۆسەی ئاشتی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ گوندەکانی سنوورەکە کرد. ڕوونیشی کردەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان، لەوانەش قیرتاوکردنی ڕێگای گەلیی باڵندە کە بەرەو ناوچەکانی نێروە و ڕێکان دەڕوات، جگە لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە لە ناوچەکانی دیکەی وەک ئەو گوندانەی کە دەکەونە بناری چیای گارە و چیای مەتین.
ئەندامێکی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی دەڵێت، لە دوای بڕیاری پەکەکەوە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، تورکیا هەشت جار سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کردووە. 12ـی ئایار، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لەنێوان رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە کردووە و بڕیاری چەکدادان و خۆهەڵوەشاندنەوەیان داوە. هەرچەندە بەپرسانی باڵای تورکیا پێشوازییان لە بڕیارەکەی پەکەکە کردووە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی، هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان نەوەستاوە. کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی رێکخراوی سی پی تی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند: لە دوای بڕیارەکەی پەکەکەوە، تورکیا هەشت جار هەردوو سنووری چیاکانی مەتین و گارەی لە پارێزگای دهۆک تۆپباران کردووە". رێکخراوەکە بەشێوەی مەیدانی بەدواداچوون بۆ هێرشی سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دەکات، کامەران عوسمان دەڵێت: "جگە لە تۆپباران، تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوام درۆنی تورکیا بە ئاسمانی گوندەکانی بناری قەندیل، خواکورک و خنێرەدا دەسووڕێنەوە". بەگوێرەی ئاماری رێکخراوە ئەمریکییەکە، سوپای تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 500 بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە، زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک، دواتر هەولێر و سلێمانی بووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بەردەوام دەبێت. زەکی ئاکتورک گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە هەموو ئەو ناوچانە بەردەوام دەبن کە پەکەکەی تێدایە. گوتیشی، ئامانجیان پاککردنەوەی ئەو ناوچانەیە لە پەکەکە بۆ ئەوەی چیتر نەتوانێت هەڕەشە بۆ سەر تورکیا دروستبکات. جەختی لەوەشکردەوە، تورکیا تاوەکو ئەوکاتەی دڵنیا دەبێت لە نەمانی هەڕەشە و هەڵوەشانەوەی پەکەکە، چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچەکە راناگرێت. پەکەکە لە رۆژانی پێنج بۆ حەوتی ئەم مانگە، دوانزەیەمین کۆنگرەی خۆی بەست و تیایدا بڕیاری چەکدادان و خۆهەڵوەشاندنەوەی راگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان کە لە 27ی شوباتی ئەمساڵ بڵاویکردەوە و داوای چەکدادان و هەڵوەشانەوەی پەکەکەی کرد. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەمساڵ داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان بکات، پەکەکە لە رۆژانی 5-7ی ئەم مانگە کۆنگرەکەی کرد، رۆژی 12ی ئەم مانگەش ئەنجامی کۆنگرەکەی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و چیدی بە ناوی پەکەکەوە خەباتی چەکداری ناکات.
فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت ڕێکاری مەدەنی و یاسایی و پەرلەمانی دەگرینەبەر دژی بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا، ناوەستین و خۆشنابین، بەهیچ شێوەیەك نایەڵێن ئەو پرۆژەیە بچێتە سەر. کوردەوان جەمال سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەی نوێ لە پەرلەمانى کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو نرخەى بۆ کارەباى 24 کاتژمێرى دانراوە رەتیدەکەنەوە و هەموو رێکارێکى یاسایی و مەدەنى لە دژى دەگرنەبەر. گوتیشى، گرانکردنى نرخى کارەبا پێشێلکارییەکى گەورەیە و بەبازرگانیکردنى سەرجەم سێکتەرەکانى ئەم نیشتمانەیە. کوردەوان جەمال، ئاماژەى بەوەشکرد، 10 هێندە بۆ 20 هێندەى پێشوو نرخى کارەباکە گرانکراوە و حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادەنییە هیچ رێکارێک لەبەرژەوەندى هاونیشتمانییان بگرێتەبەر، جەختى لەوەشکردەوە، لە فشارەکانیان بەردەوام دەبن، تاوەکو نرخەکە دادەبەزێنن، بەجۆرێک لەگەڵ بژێوى هاونیشتمانییان گونجاوبێت.
بارزانی بۆ بەغدا: ئەگەر باوەڕتان بە فیدراڵی نەماوە پێمان بڵێن بارزانى ڕایدەگەیەنێت بەغدا دەبێت مامەڵە لەگەڵ شەرعییەتی هەرێم بکات، با بە سەراحەت پێمان بڵێن ئێمە قەناعەتمان بە فیدراڵییەت نەماوە. ئەو کاتە ئەوەی قبووڵی دەکات، قبووڵی دەکات، ئەوەی قبووڵیشی ناکات، بڕیاری خۆی دەدات. لە گوتارێکدا، لە ڕێوڕەسمی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوان، ڕۆژى پینج شەممە مەسعود بارزانی ڕایگەیاند "بەغدا دەبێت مامەڵە لەگەڵ شەرعییەتی هەرێم بکات. لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو هەڵبژاردن بووە و هەڵبژاردنیش سەنگی هەموو لایەکی پیشان داوە. ئەگەر چەند کەسێک لەبەر هەر مەبەستێک، خۆیان قەناعەتی پێیە، سکاڵا بکەن و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ئەمە پێشێلکردنی دەستوور و شەرعییەت و هەموو شتێکە. هەروەها ئەوەشى وت: وەرە مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکە، ئەگەر مەبەست ئەوەیە فیدراڵییەت نەماوە، با بە سەراحەت پێمان بڵێن ئێمە قەناعەتمان بە فیدراڵییەت نەماوە. ئەو کاتە ئەوەی قبووڵی دەکات، قبووڵی دەکات، ئەوەی قبووڵیشی ناکات، بڕیاری خۆی دەدات. بەڵام مامەڵەی ئێستای لەگەڵ هەرێم دەکرێت، هی فیدراڵییەت نییە." بارزانی لە وتارەکەشیدا وتى: شەڕی جاران زۆر ئاسانتر بوو لە شەڕی ئێستا. جاران شەڕی فڕۆکە و تانک و تۆپ بوو. هەتا کیمیاباران، ئەنفال، بەڵام بڕوا بکەن شەڕی ئێستا زۆر مەترسیدارترە. شەڕی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناو کۆمەڵگەی ئێمە. ئەو شەڕەمان لەگەڵ دەکەن، شەڕی نەهێشتنی بیروباوەڕە. شەڕی نەهێشتنی ئەوەیە کە تاکی کورد، ئیتر بڕوای بە خۆی نەبێت، ئومێدی نەبێت، بۆیە ئەم شەڕە زۆر سەختر و مەترسیداترە." سەرۆک بارزانی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی بەغدا لەگەڵیان رایگەیاند: "وایانلێکردووە، وا دەزانرێت خەبات و تێکۆشانی ئەم میللەتە، ئەو هەموو ساڵە، ئەو هەموو سەرکردە و شەهیدە بۆ داواکردنی مووچە بووە." هەروەها بارزانی باسی لەوەشکرد، ئەگەر خەبات بۆ مووچە بووبێت، "دەوڵەتانی پێشووتر دەستیان ماچ دەکردین." هۆکاری مامەڵەی بەغدا بەو جۆرە لەگەڵ مووچەخۆران بە گوتەی بارزانی، "بەرێنمایی لایەنی نێوخۆیی بووە." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بارزانی گوتی: "ئەو مامەڵەی بەغدا لە مانگەکانی پێشوو لەگەڵ مووچەخۆران کردوویانە، بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە."
بارزانی ڕایدەگەیەنێت جەخت لەبنەمای یەك حكومەت و هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك پێشمەرگە دەكەمەوە، حكومەتێك پێكناهێنرێت لەسەر بنەمای (پەنجا بە پەنجا). بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-05-2025، کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەستی پێ کرد. بارزانی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند"ئەگەر هەموو لایەنە سیاسییەکان بیانەوێت، عێراق سەقامگیر بێت و خەڵکەکەی بەختەوەر بێت، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ هەر سێ بنەمای شەراكەت و تەوازون و تەوافوق کە لە دوای ساڵی 2003 عێراقی لەسەریان دامەزرێنراوە.. ئەگەر ئەوە نەکرێت، پێموانییە دۆخی عێراق سەقامگیر ببێت." بارزانى وتیشى: هەوڵێكی زۆر درا هەڵبژاردنێك بكرێت كە پێشتر ئەنجامەكەی دیاریكرابوو خۆشبەختانە رێگەمان نەدا، بەرێگەی جیاوازی هەوڵی تریاندا. ئەوەشى خستەڕوو جەخت لەبنەمای یەك حكومەت و هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك پێشمەرگە دەكەمەوە، پێمانخۆشە لەسەر ئەو بنەمایە حكومەت پێكبێت لەگەڵ یەكێتیی و هەر لایەنێكی تر كە بیانەوێت بەشداری بكەن. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا بارزانى دەشڵێت: حكومەتێك ئەم بنەمایەی تیادا نەبێت پێكنەهێنرێت باشترە لەوەی پێكبهێنرێت و ئێمە بەردەوام دەبین لەكاری خۆمان، حكومەتێك پێكناهێنرێت لەسەر بنەمای (پەنجا بە پەنجا). هەر لەو وتارەیدا بارزانى وتى: لەمەودوا بەهیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەین موچە وەكو مانگەكانی پێشوو بێت، بۆ ئێمە دەرۆەزەچین؟! جەختى کرەدەوە کە مەترسیی گەورە ئەوەیە دەیانەوێت پیرۆزیی خاکەکەمان نەهێڵن، ئەگەر جێبەجێ بکرێت دەستووری عێراق کێشەکان چارەسەر دەکات، هەر لایەنێک بیەوێت بەزۆر خۆی بسەپێنێت عێراق خێر لە خۆی نابینێت، لە عێراق دەستوور جێبەجێ نەکراوە، ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت ئەنجامی باش نابێت، قبوڵی ناکەین ئیتر مووچە وەکو مانگەکانی دیکە لێبکەن.
روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە، ڕایگەیاند نوێنەرانی حكومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر لە باكورو خۆرهەڵاتی سوریا گفتوگۆیەكی سیاسی دەكەن لەبارەی میكانیزمی هەمواركردنی ماددەكانی راگەیاندنی دەستوریی ئەمدواییەی سوریا. ئەم گفتوگۆیە دوای ناڕەزایەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دێت لەبارەی داخڵكردنی هەندێك ماددە لە دەستورەكەدا، كە لەو رێككەوتنە سیاسییەدا نەهاتووە 10ی ئازاری رابردوو لەنێوان هەردوولا ئیمزا كراوە. دانوستانەكانی ئێستای دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر ئامانج لێی گەیشتنە بە چوارچێوەیەكی تەوافوقیی كە گەرەنتی مافی دانیشتوانی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا بكات. قۆناغی ئێستا دەستپێكی قۆناغێكی سیاسییە كە لەسەر بنەمای دیالۆگ و ئاشتیی راوەستاوە، دوور لە بەریەككەوتنی چەكداریی و لەچوارچێوەی هەوڵدان بۆ داننان بە مافە سیاسییەكانی كورد هاوكات لەگەڵ باشبوونی پەیوەندییەكانی حكومەتی سوریاو سعودیەو ئەمریكا، كە قورساییەكی زیاتر بەم قۆناغە دەدات. لیژنەیەكی چاودێریی هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێكهێنراوە بۆ پێداچوونەوە بە ماددەكانی رێككەوتنەو گەرەنتیكردنی گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێك كە خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا بكات. دوو مانگ لەمەوبەر، لیژنەی نوسینەوەی دەستوری سوریا ڕەشنوسی دەستورەكەی ڕادەستی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا كرد و ئەویش واژۆی كرد، بەڵام واژۆكردنەكە ناڕەزایی بەشێك لە پێكهاتەكانی سوریا و بەتایبەتیش كوردی لێكەوتەوە. لەكاردانەوەی واژۆكردنی رەشنوسی دەستورەكە لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریاوە، هەرئەوكات ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە ڕایگەیاند: "دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێك بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعسی، دڵخۆشبوونی گەلی سوریا، ئەمڕۆ لە دیمەشق ڕاگەیەندراوی دەستووری دەركرا، كە بەندەكانی هاوشێوەی پێوەرەكانی حكومەتی بەعسە". "ئەم ڕێوشوێنە ڕەتكردنەوەی ڕاستەقینەی سوریا و دۆخی فرەییە تێیدا، ساختەكردنی ناسنامەی نیشتمانی و كۆمەڵگەیی سوریایە، ئەو ڕاگەیەندراوە بێبەرییە لە جێپەنجەی ڕۆڵەكانی سوریا و پێكهاتە جیاوازەكانی لە كورد و تەنانەت عەرەب و سریان و ئاشورییەكانیش". ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری وای وت. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان جەختیشیكردەوە "سوریا پێویستی بە هاودەنگی رۆڵەكانی هەیە، هەروەها پێویستی بە یەكڕیزی بۆ دیاریكردنی داهاتووی دیموكراتی هەیە".
بڕیارە ڕۆژى شەممەى داهاتوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێم بچێتە تاران، هاوکات وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی سەردانی ئەمەریکا دەکات و ژمارەیەک دیداری گرنگی دەبێت. بەپێى زانیاریەکان مەبەستی سەردانەكەی نێوەندگریی نێوان توركیا و ئێران سەبارەت بە پرسی چەكدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان. هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران لە تایبەت بە پێكهێنانی حكومەت و پرسی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان. لەلایەکى دیکەوە پێشەوا هەورامانی لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن کرد و ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمەریکا دەکات. بە وتەی وتەبێژی حکوومەت، لە سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا دەبێت و دواتر وردەکاریی سەردانەکە ڕادەگەیەنن. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی 11-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، "سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی." حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردبوو،، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و رۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە. دوایین سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا، بۆ ڕۆژی دووشەممە، 26-2-2024، دەگەڕێتەوە. لەو سەردانەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری پێشووی ئەمەریکا کۆ بووەوە
دوای پەسەندکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تیمی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ کارەبای 24 کاتژمێری نرخی کارەبای ئاشکرا کرد. نرخی کارەبای ماڵان بە پێنج ئاست دیاریکراوە، لە 72 دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 350 دینار و بەپێی بەکارهێنان نرخەکەی زیاتر بەرز دەبێتەوە، بۆ هاوبەشانی تریش وەکو پیشەسازی و بارزگانی و کشتووکاڵی نرخەکە جێگیرە. بۆ سێ مانگی یەکەم حکومەت بە ڕێژەی جیاواز داشکاندن بۆ هاوبەشان دەکات، مانگی یەکەم 50%، مانگی دووەم 25% و مانگی سێیەم 15%. نرخەکان بەشێوەیەک دانراون تاوەکو کارەبا کەمتر بەکاربهێنیت کەمتر پارەت بۆ دێتەوە، ئەمەش لەپێناو بەفیڕۆنەدانی کارەبا و کەمکردنەوەی بەکارهێنانیەتی. نرخی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ ماڵان بەمشێوەیە: یەکەم: یەک بۆ 400 کیلۆوات: 72 دینار. دووەم: 400 بۆ 800 کیلۆوات: 108 دینار. سێیەم: 800 بۆ 1200 کیلۆوات: 175 دینار. چوارەم: 1200 بۆ 1600 کیلۆوات: 265 دینار. پێنجەم: هەزار و 600 کیلۆوات بۆ سەرەوە: 350 دینار. پارەی مانگانە بەپێی کیلۆوات: یەکەم: مانگانە 400 کیلۆوات بەکاربهێنیت: 28 هەزار و 800 دینارت بۆ دێتەوە. دووەم: مانگانە 800 کیلۆوات بەکاربهێنیت: 72 هەزار دیارت بۆ دێتەوە. سێیەم: هەزار و 200 کیلۆوات بەکاربهێنیت: 142 هەزار دینارت بۆ دێتەوە. چوارەم: هەزار و 600 کیلۆوات بەکاربهێنیت: 248 هەزار دینارت بۆ دێتەوە. پێنجەم؛ مانگانە دوو هەزار کیلۆوات بەکاربهێنیت: 388 هەزار دینارت بۆ دێتەوە. بەپێی ئەو داتایانەی لە مانگەکانی ڕابردوودا بە نموونە وەرگیراون و لەلایەن تیمی پڕۆژەی ڕووناکییەوە بە ئاڤا دراون، زۆربەی ماڵان مانگانە 760 کیلۆوات بەکار ئەهێنن، بەمپێیەش مانگانە 67 هەزار و 680 دیناریان بۆ دێتەوە. نرخەکان بەپێی ئاستەکان دیاری دەکرێن، بۆنموونە ماڵێک کە 760 کیلۆوات بەکار دەهێنێت، 400 کیلۆواتی یەکەمی بە 72 دینار لەسەر هەژمار دەکرێت کە دەکاتە 28 هەزار و 800 دینار، 360 کیلۆواتەکەی تری بە 108 دینار لەسەر هەژمار دەکرێت کە دەکاتە 38 هەزار و 880 دینار، هەردووکیشی پێکەوە کۆدەکرێنەوە و دەکاتە 67 هەزار و 680 دینار.
جێگری سەرۆك کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: بە پێی ئامارە نافەرمییەکان تێچوی شەڕی پەکەکە نزیکەی دو ترلیۆن دۆلار بوە و دەشڵێت: بە وریاییەوە دامەزراوە ئەمنییەکانیان چاودێری پڕۆسەی چارەسەریی دەکەن. جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆك کۆماری تورکیا لە میانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵی تی ئاڕ تی نیوز ڕایگەیاند: شەڕی تورکیا لەگەڵ پەکەکە تێچوی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیی هەیە، بە پێی داتا نافەرمییەکان تێچوی شەڕەکە نزیکەی دو ترلیۆن دۆلار بوە. ئاماژەی بەوەشکردوە، شەڕی تورکیا و پەکەکە، زیانێكی زۆری بە خەڵكی ناوچەکە گەیاندوە، بە تایبەت لە ڕوی ژیان و ئابورییەوە، هەربۆیە پڕۆسەی چارەسەریی زۆرترین قازانج بە ناوچەکە دەگەیەنێت. ئەوەشی خستوەتەڕو، لە ئێستادا گەیشتونەتە قۆناغێكی نوێ، بەڵام هێشتا پڕۆسەی چارەسەری تەواو نەبوە، هەربۆیە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانیانەوە بە وریاییەکی زۆرەوە چاودێری پڕۆسەکە دەکەن. ئەوە لەکاتێكدایە، لە هەشت ساڵی ڕابردودا تورکیا بنکە و بارەگاکانی لە هەرێمی کوردستان فراوانتر کردوە و هەروەها بۆ پاراستنیشیان ناچاربوە درۆن و فرۆکەی جەنگی بەکاربهێنێت، کە ئەوەش تێچوی زۆر هەبوە.
ئەحمەد تورک، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و سیاسەتمەداری دیاری کورد راگەیاند، پێویستە لەپێناو داهاتووی تورکیایەکی دیموکراتدا، چەند هەنگاوێک بنرێت. ئەو هەنگاوانە سەودا و مامەڵە نین، بەڵکو بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ئامێزکردنەوەی تورکیایە بۆ هاوڵاتییانی. تورک لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی گرنگە دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەکانە لە کۆمارێکی دیموکراسیدا. بێگومان لە داهاتوودا لەڕووی کردەییەوە بەرەوپێشچوون دێتەئارا. ئەحمەد تورک لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان گوتی، "بڕیارەکانی پەکەکە چاوەڕوانکراو بوون، ئەوان دەیانزانی و پێشبینییان دەکرد، کە پەکەکە پابەندی بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەبێت. " تورک، لەبارەی رۆڵی پەرلەمانی تورکیا و لایەنە سیاسییەکان ئاماژەی بەوەکرد، چەند ئەرکێک دەکەوێتە سەر پەرلەمان و پێویستە پەرلەمان ئەو ئەرکانە جێبەجێبکات، چونکە ئەم پرۆسەیە هەر دەچێتە پەرلەمان و پێویستە هەموو فراکسیۆنەکان رۆڵیان لە هێنانەئارای ئاشتی بۆ تورکیا هەبێ. داواشیکرد، لە پەرلەمانی تورکیا و بە بەشداریی سەرجەم فراکسیۆنەکان، لیژنەیەک لەبارەی چاودێریکردنی پرۆسەکە دروستبکرێت. ئەحمەد تورک، لەبارەی ئەگەری دیداری نوێی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان گوتیشی، "ئێستا نازانن دیداری نوێی ئیمراڵی دەبێت یان نا، بەڵام ئەگەر پێویست بکات و دۆخەکە بڕەخسێت، دیدار ئەنجامدەدرێت." هەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە باس لە مافی ئومێد دەکرێت بۆ ئۆجەلان و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەش لە تشرینی یەکەمی 2024، باسی لە مافی ئومێد بۆ ئۆجەلان کرد. ئەحمەد تورک لەو بارەیەوە گوتی، "قسەکردن دەربارەی مافی ئومێد لە ئێستادا مانایەکی نییە." لەڕووی یاساییەوە مافی ئومێد دەرگا بەڕووی ئازادبوونی ئەو زیندانیکراوانەدا دەکاتەوە، کە بە زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادراون. عەبدوڵا ئۆجەلان لە سێیەم دیداری ئیمراڵی و لە 27ی شوباتی 2025، بانگەوازی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی بۆ پەکەکە کرد و پەکەکەش چەند رۆژێک دواتر وەک یەکەم هەنگاو، ئاگربەستی یەکلایەنەی راگەیاند. پەکەکە لە رۆژانی پێنج بۆ حەوتی ئایاری 2025، کۆنگرەی 12ی ئەنجامدا و بڕیاری دا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بەخەباتی چەکداریی بهێنێت.