رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تەواوی بەربەستەکانی پرۆسەی ئاشتییان تێپەڕاندووە، ئەمڕۆ و سبەی پەکەکە چەک دادەنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکەی لە حکومەت و پەرلەمان گوتی، قۆناغێکی نوێ لە تورکیا بۆ هەمووان دەستپێدەکات، ئەرکێکی گرنگ دەکەوێتە سەرشانی سیاسییەکان. هەروەها داوایکرد لەم قۆناغەدا بە چاوکراوەییەوە مامەڵە بکەن، لەبەرئەوەی هەندێک لایەنی سیاسی هەوڵدەدەن دۆخەکە بقۆزنەوە. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەردۆغان بە وەزیر و پەرلەمانتاری ئاک پارتی گوت، قۆناغێکی ئاسان چاوەڕێمان ناکات، بەڵام متمانەم بە ئێوە هەیە. ئەردۆغان هۆشداری لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بە بەرپرسانی حیزبەکەی داوە و گوتوویێتی: "کارێکی مەزنتان دەکەوێتە ئەستۆ. دەکرێ کەسانێک بیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئەم بابەتە بقۆزنەوە، هەر بۆیە دەبێت ئامادە بین. پرۆسەیەکی ئاسان چاوەڕێی ئێمە ناکات. لەم بابەتەدا متمانەم بە ئێوە هەیە". رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پەرلەمان چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی. باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار ساز بکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە. پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
دوای دوو کۆنفرانسی جیا و سەرنەگرتنی هیچیان بە هۆکاری جیا، بەرپرسێک لە بزووتنەوەی گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات دەڵێت، وادەیەکی نوێ بۆ کۆنفرانس دیاریکراوە لەم مانگەدا. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیش لە گردی زەرگەتە بۆ بەشداربوونیان هەڵوێستی ئەو ئاراستەیە دەخاتەڕوو. دوای ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، 5ـی نیسانی ئەم ساڵ، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداریی نەکردووە". ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان کە بە "باڵی کوردسات"یش ناودەبرێن، 26ـی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد و کۆمیسیۆنیش ئامادە بوو، بەڵام بە گوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی پێویستی ئەندامانی بزووتنەوەکە ئامادە نەبوو، بۆیە هەڵگیرا بۆ کاتێکی دیکە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، وادەیەكی نوێ بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری دەكات و ئەمجارە نیساب بەگوێرەی زۆرینەی رەهای ژمارەی ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە دەبێت. دوای ئەوەی رۆژی 26ی مانگی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی نیسابی یاسایی تەواوبكات بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی، لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە كۆنفرانسەكە هەڵوەشێندرایەوەو بڕیاردرا وادەیەكی دیكە بۆ بەستنی كۆفرانسەكە دیاری بكرێت. ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆبوونەوەی رۆژی 7ی ئەم مانگە، بڕیاریدا رۆژی 24-5-2025 وەك وادەی نوێ بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری بكات. لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاراندا هاتووە، تەواوبوونی نیسابی كۆنفرانسەكە بەپێی ژمارەی ئامادەبووان دەبێت و بڕیارەكانیش بە زۆرینەی رەهای ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە پەسەند دەكرێت.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەغداد پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان کەمدەکاتەوە و بۆ مووچەی مانگی چوار 700 ملیار دینار دەنێرێت. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ڕاگەیاند، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق پەیامی بۆ ناردوون و گوتوویەتی، “هەرێمی کوردستان پابەندی رادەستکردنی تەواوی داهاتی نانەوتی نەبووە، کە دەبوو مانگانە 90 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام جگە لە مانگی یەک کە نزیکەی 52 ملیار دیناری ناردووە، مانگەکانی دوو و سێ کەمتر لە 50 ملیاری رادەستی بەغداد کردووە.” وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ سێ جار داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵ کردووە و بۆ مانگی یەکی ئەمساڵ نزیکەی 52 ملیار دیناری رەوانەی بەغداد کرد، بۆ مانگی دووش بڕی رادەستکراوی داهاتی نانەوتی 48 ملیار و 722 ملیۆن و لە مانگی سێ 48 ملیار و 205 ملیۆن دینار بوو. بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی دەڵێت، تەیف سامی داوایکردووە، دەبێت هەرێمی کوردستان بە زوویی 50 ملیار دیناری دیکەی داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد بنێرێت، لە بەرامبەدا 750 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجدەکات، بەمجۆرەش دەبێت ئەو 200 ملیار دینارەی کورتهێنان هەیە لە داهاتی ناوخۆ پڕبکرێتەوە. بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 957 ملیار دینارە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە، چارەسەری کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە بڕیاری سیاسییە، ئەگەرنا هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە و بەمجۆرەش مووچەی مانگی چوار مەترسی لەسەر دەبێت.
کۆمپانیاى دانەگازى ئیماراتى دەستپێکردنى قۆناغی یەکەمی پرۆژەى پەرەپێدانى کێڵگەی غازى چەمچەماڵى دەستپێکرد، کە کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە غازییەکان لەسەر ئاستى عێراق و چاوەڕواندەکرێت بڕى بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە بگەیەنێتە 75 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا. بەپێی راپۆرتێکى کۆمپانیاکە کە رۆژى پێنج شەممە بڵاویکردەوە بودجەى پەرەپێدانى کێڵگەکە بڕەکەى 160 ملیۆن دۆلارە بۆ هەڵکەندنى سێ بیرى نوێ لە کێڵگەکە، بە ئامانجى ئەوەى ئاستى بەرهەمهێنان تا نیوەى دووەمى ساڵى داهاتوو لەو کێڵگەیە بگەیەنێتە 75 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا. سەبارەت بە داهاتەکانی، دانەگاز دەڵێت، لە 3 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 91 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە، بەڵام لە سێ مانی یەکەمی پار 97 ملیۆن دۆلار بووە. هۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی گاز و نرخی گاز لە میسر گەڕاندووەتەوە. جگە لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای دانەگاز لە میسریش گاز بەرهەم دەهێنێت. دانەگاز دەڵێت، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا لە هەرێمی کوردستان بەهێزە. پێشتریش رایانگەیاندبوو، کۆی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لەکاتی دەستپێکردنی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان لە مانگی 3 لە کێڵگەی کۆرمۆر 500 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوتی تێپەڕاند. ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتووەتە 525 ملیۆن پێی سێجا کە بەراورد بە ساڵی 2017، 75٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی کۆمپانیاکە، لە مانگی نیسان دا ئاستی بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی چاککردنەوە جێبەجێبکەن کە پێویستە بۆ بەردەوامی بەرهەمهێنان لە درێژخایەندا. دانەگاز دەڵێت، پرۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە بە KM250 ناسراوە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت یەکەم بڕە گازی ئەو پرۆژەیە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2026دا بەرهەم بێت. بەپێی دانەگاز، دوای ئەوەی ئەو پڕۆژەیە تەواوکرا، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە 50٪ بەرز دەکاتەوە. جگە لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز، پڕۆژەکە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی شلی کۆندێنسەیت بەبڕی رۆژانە 7 هەزار بەرمیل. هەروەها رۆژانە 460 تۆن گازی شلکراوی LPG یش زیاد دەکات.
پاسەوانی سنوور لە شارباژێڕی سنووری سلێمانی، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە تەقەیان لە باوک و کوڕێک کرد، کوڕەکە گیانی لە دەستداوە و باوکەکەش بریندارە. بەوتەى کەسوکارى ئەو کوڕو باوکە رووداوەکە کاتژمێر 5:30ـی خولەکی بەیانی بووە، باوکێک و کوڕەکەی بە ناوەکانی ئاوات ئیسماعیل و ئارێز ئاوات ئیسماعیل لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە تەقەیان لێکرا. یەکێک لە کەسوکارەکانى ئەو پیاوە دەڵێت لەکاتى گواستنەوەى بارێکدا پاسەوانى سنور تەقەیان کردووە، لەکاتێکدا باری فەرمیان پێبووە ئەو باوک و کوڕە و ویستوویانە بیبەنە ئێران، بارەکەش گومرگ کراوە و ئاسایش ئاگادارەو بەقاچاخ نەبراوە، بەڵام لە گوندی سوورەبان، لە سنووری شارباژێر تەقەیان لێکراوە، بە هۆیەوە کوڕەکە کوژراوە و باوکەکەشی بریندار بووە." بەپێى زانیاریەکان لەلایەن ئاسایشەوە ئەو دووکەسەى کە تەقەیان کردووە دەستبەسەر کراون، پاسەوانی سنوورن. ئەو بنەماڵەیە خەڵکی گوندی کانی گوێزن. باوکەکە لە دایکبووی 1982ـە و دوای بریندارکردنی گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، کوڕەکەشی کە تەمەنی 17 ساڵە، تەرمەکەی براوەتە دادپزیشکیی سلێمانی. تۆمەتبار سەرەتا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا، دواتر رادەستی پۆلیس کراوەو ئێستا پۆلیسی سلێمانی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ كۆنسووڵى گشتيى قهتهر له ههرێمى كوردستان کۆبووەوە. ئەو کۆنسووڵە بانگهێشتنامەی سەرۆکوەزیرانی قەتەری گەیاندە نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە كۆڕبهندى دهوحه. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025 لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حوسێن بن عهلى ئهلفهزاله، كۆنسووڵى گشتيى قهتهر له ههرێمى كوردستان کۆبوونەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، حوسێن بن عهلى ئهلفهزاله، كۆنسووڵى گشتيى قهتهر له ههرێمى كوردستان بانگهێشتنامەی محهممهد بن عهبدولڕهحمان ئال سانى، سهرۆكوهزيرانى قهتهری گەیاندە نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دەوحە کە بڕیارە دیسەمبەری داهاتوو بەڕێوەبچێت. "سهرۆكى ههرێمى كوردستان وێڕاى سوپاس و پێزانين بۆ بانگهێشتهكه، ئامادهيى نيشان دا كه بهشدارى له كۆڕبهندهكهدا بكات، ههروهها جهختى له خواستى ههرێمى كوردستان بۆ برهودان به پهيوهندييهكان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبهش لهگهڵ قهتهردا، كردهوه." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وای گوت. هاوکات كونسوڵى گشتيى قهتهر دووپاتى كردهوه كه سهركردايهتيى وڵاتهكهى، "به بايهخ و گرنگييهوه له پهيوهندييهكانى لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان دهڕوانێت و خوازيارى ئهوهن له ههموو بوارهكاندا ئاستى پهيوهندييهكان بهرهوپێش ببهن." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ههردوولا تيشكيان خسته سهر دهرفهتى كار و وهبهرهێنانى قهتهرى له عێراق و ههرێمى كوردستان."
وەزیرى دەرەوەى عێراق لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیداڕایگەیاند پێویستە ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان ھیندستان و پاکستان بە ئاشتی چارەسەر بکرێن، ئەوان خاوەنی چەکی ئەتۆمین و ئەگەر ناکۆکی یان گرژیی لەنێوانیاندا ھەبیت، ئەوە مەترسی جیددی لێدەکەوێتەوە. ئەمرۆ چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ کە ئێستا بەسەردانێکی فەرمی لە بەغدایە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کۆبووەوە. وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن داوای لە حکوومەتی ئازەربایجان كرد کە کۆنسوڵخانەی ئازەربایجان لە شاری ھەولێر بکاتەوە، ھەروەھا بە پێویستی زانی کە دووبارە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئازەربایجان دەست پێ بکەنەوە. دوای کۆبوونەوەکەش فوئاد حوسێن و جەیھون بایرامۆڤ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامداوە. وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان باسیان لە پرسی گشتە ئاسمانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کردووە و ڕایگەیاند کە پێویستە دووبارە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئازەربایجان دەست پێ بکەنەوە، چونکە ئەوە دەبێتە مایەی بنەمای دامەزراندنی پەیوەندیی بازرگانیی، ئابووریی و گەشتیاری نێوان ھەردوو وڵات. ھەروەھا فوئاد حوسێن داوای لە حکوومەتی ئازەربایجان كرد کە کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری ھەولێر بکاتەوە. باسی لەوەش کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەختيان کردووەتە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان ھیندستان و پاکستان بە ئاشتی چارەسەر بکرێن و گوتی: "ھیندستان و پاکستان خاوەنی چەکی ئەتۆمین و ئەگەر ناکۆکی یان گرژیی لەنێوانیاندا ھەبیت، ئەوە مەترسی جیددی لێدەکەوێتەوە و بۆیە پێویستە گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە ئاشتی چارەسەر بکرێن". وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە گرنگە گرژییەکانی نێوان ھیندستان و پاکستان، بوەستێندرێن و بە ئاشتی چارەسەر بکرێن. لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ جەختی کردەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و عێراق و ڕایگەیاند کە پێویستە ئەنجوومەنی کارەکانی نێوان ئازەربایجان و عێراق کارا بکرێتەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئازەربایجان و عێراق لە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ لە بوارەکانی خزمەتگوازری، تەندروستی و ئابووریی ھاوکاری یەکتر دەکەن. ھەروەھا جەیھون بایرامۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیان کردووەتە لەسەر گرنگی بەدیھێنانی سەقامگیریی لە سووریا و گوتی: "ھەر لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق باسمان لە دۆخی مرییی لە غەززە کردووە و لەوبارەیەوە جەختمان کردووەتەوە لەسەر گرنگی پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە". گوتیشی: "نابێت دۆخی کەرتی غەززە بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت و تاکە ڕێگاش بۆ چارەسەرکردنی دۆخی غەززە، بەدیھێنانی ئاشتی و جێبەجێکردنی بڕیاری چارەسەریی دوو دەوڵەوتییە".
هێزەکانى سوریاى دیموکرات دژى دیاریکردنى حاتەم ئەبو شەقرا وەک فەرماندەى سەربازى ڕۆژهەڵاتى سوریایە و رایگەیاند، شوێنى ئەو جۆرە کەسانە زیندانە نەک پێگەى هەستیارى دەوڵەت. فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات، دەڵێت: دانانی تاوانباران لە پۆستە هەستیارەکان لە سوریای نوێدا، هەنگاوێکی نەرێنی و قبوڵنەکراوەو دامەزراوەکانی دەوڵەت گڵاو دەکات. فەرهاد شامی، لە تۆڕی كۆمەڵاتی "ئێكس" رایگەیاندووە، تاوانبار "ئەبو حاتم شەقرا" کە چەندین تاوانی ئەنجامداوە، لەوانە، تیرۆرکردنی شەهید هێڤرین خەلەف، پێویستە لە ناو قەفەسی دادگادا بێت نەک دامەزراوە فەرمییەکان، پێویستە بەرپرسان هەنگاوی بوێرانە بنێن بۆ لێپێچینەوە لێیان لە بەرامبەر تاوانەکانیان. دەشڵێت: تاوانبارێک لە ناوخۆدا داواکراوەو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سزا دراوە، بەهۆی ناوبانگی خراپیەوە ناتوانێت جێگەی تاوانبارانی پێشوو بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت بچێتە پاڵیان و هەمان چارەنوسی ئەوانی هەبێت. ئەحمەد ئیحسان فەیاز ئەلهایس، ناسراو ئەبوشەقرا، لەچەند رۆژی رابردودا لەلایەن مورهف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری سوریا، بە فەرماندەی فیرقەی (٨٦) سوپای نوێی سوریا لە حەسەکە و دەیرزورو رەقە دەستنیشانکرا. ئەبو شەقرا فەرماندەی پێشوی گروپی "ئەحرار ئەلشەرقیە" بووەو لەلایەن توركیاوە پاڵشتی دەكرێت، دەوترێت خاوەنی بڕوانامەی (6) بنەڕەتی بووە، بەڵام دواتر وەك بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكانی نوێكانی سوریا، لە ساڵی (2023) بڕوانامەی زانکۆی لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ماردین لە تورکیا بەدەستهێناوە. لە مانگی تەموزی ساڵی (٢٠٢١)ەوە، خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، کاتێک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تۆمەتباری کرد بە سەرپەرشتیکردنی زیندانێکی سەر بە ئەحرار ئەلشەرقیە لە گوندەواری حەلەب، کە بەپێی راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە چەندین پرۆسەی لەسێدارەدانی مەیدانی و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکانی تیادا ئەنجادراوەو، بە پێشێلکاریی توند و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتباركراوە.
رۆژی نۆی ئەم مانگە وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت و پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ دەچێتە پشووەوە. درەنگی شەوی رابردوو، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، بەگوێرەی مادەی 57ی دەستووری عێراق و مادەی 22 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بڕیاریدا وەرزی یەکەمی ساڵی چوارەمی یاسادانانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق رۆژی هەینی کە دەکاتە نۆی ئایار کۆتایی بێت. بەوەش پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ هیچ دانیشتنێکی ئاسایی ئەنجامنادات، بەڵام ئەرکی چاودێریکردنی بەردەوام دەبێت و لە ئەگەری هەبوونی بابەتێکی گرنگ و پێویستدا دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت. لەم خولەی پەرلەمانی عێراق، چەندینجار بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە، دانیشتنەکان بەڕێوەنەچوون، بەو هۆیەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاریداوە، لەمەودوا هەر پەرلەمانتارێک ئامادەی دانیشتنەکان نەبێت، ناوی بڵاودەکرێتەوە و بەشێکیش لە مووچەکەی دەبڕێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ــى ئایارى 2025، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە و بەگوێرەى کارنامەکەى، سێ تەوەر تاوتوێدەکرێت. بەگوێرەى کارنامەکە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10ـی پێشنیوەڕۆ دەکرێت، لە بڕگەى یەکەمدا تاوتوێى پـرۆژەی روونـاکی و کارەبای 24 کاتژمێری و کەمکــردنەوەی تێچــووی بەکارهێنــان دەکات. لەبڕگەى دووەمدا، ئەنجوومەنى وەزیران بەدواداچوون بۆ مووچەی مانگی نیسانی 2025ـی مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەکات. هاوکات، لە بڕگەى سێیەمدا، ئەنجوومەنى وەزیران بە نووسراوى فەرمیى وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکان رادەسپێرێت، هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی هاوبەشی وردبینیی دیـوانی چـاودێریی دارایـی عێراق و هەرێمـی کوردسـتان بکەن بۆ ئامادەکردنى راپۆرتى داهات و خەرجییەکانى چارەکى یەکەمى ساڵى 2025.
شاندێكی حكوومهتی سووریا سهردانی هێزهكانی سووریای دیموكراتی كردووه و جێبهجێكردنی ڕێككهوتننامهی نێوان سهرۆكی سووریا و فهرماندهی ههسهدهیان تاوتوێ كردووه. میدیاكانی سووریا بڵاویان كردهوه، شاندێكی حكوومهتی سووریا سهردانی هێزهكانی سووریای دیموكرات (ههسهده)ـیان له كێڵگهی كۆنیكۆ له ڕیفی دێرهزوور كردووه و ههردوولا جێبهجێكردنی ڕێككهوتننامهی نێوان ئهحمهد شهرع، سهرۆكی نوێی كۆماری سووریا و مهزڵووم عهبدی، فهرماندهی ههسهدهیان تاوتوێ كردووه، چهند سهرچاوهیهك لهم بارهوه گوتوویانه، دوێنێ دووشهممه، ئەو کۆبوونەوەیە کراوەو ههوڵێكی زۆر لهلایهن وڵاتانی ههرێمی و نێودهوڵهتیی ههیه بۆ بهردهوامی گفتوگۆكان و تهواوكردنی ڕێككهوتننامهی نێوان شهرع و عهبدی بهتایبهتی دوای ئاڵۆزییهكانی ئهم دواییه. سهرچاوهكان ئاماژهیان بهوهش كردووه، ههردوولا له كۆبوونهوهی نێوانیاندغا جێبهجێكردنی ڕێككهوتنی بهنداوی تشرینیان به پێویست زانی و جهختیشیان لهوه كردووهتهوه كه له ههموو جۆره ململانێیهكی سهربازیی دوور بخرێتهوه. ئهو سهرچاوانه ڕهتیشیان كردووهتهوه، ههردوو بنكهی سهربازیی عومهر و كۆنیكۆ ڕادهستی حكوومهتی سووریا كرابن، بهڵكوو ئێستا جهخت لهسهر جێبهجێكردنی ڕێككهوتنهكهی نێوان شهرع و عهبدی دهكرێتهوه. شەممە، 12ـی نیسانی 2025، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و ئیدارەی نوێی سووریا، مەزڵووم عەبدی و حوسێن سەلام، نوێنەری حکوومەتی نوێی سووریا بۆ دووەمجار لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کۆ بوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا گفتوگۆی لهبارهوه کرا کە لە 10ـی ئاداری ئەمساڵ واژۆ کرا، جەختیش لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کرایەوە.
شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چووەتە بەغداد. سەباح سوبحی؛ ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، وتى: ئەمرۆ شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوت و نوێنەری ئەپیکۆر لە وەزارەتی نەوتی عێراق کۆ دەبێتەوە. ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە سەبارەت بە کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. کۆتا کۆبوونەوەی هەردوو شاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری نەوت لە 20ـی نیسانی 2025 لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەوکات ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت کراوە و بۆچوونی ئەوان لەسەر پرسەکە وەرگیراوە. هاوکات لە 27ـی نیساندا کۆمەڵەى پیشەسازیى نەوتى کوردستان "ئەپیکور"، لە راگەیەندراوێکیدا، جەختی لە دوو مەرجەکەى کردەوە بۆ ئەوەى "دەستبەجێ دەست بە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بکاتەوە" هاوکات شکستى هەوڵەکانیشی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن راگەیاند. ئەپیکور راشیگەیاند، هیچ گفتوگۆیەکى بنەڕەتیی تایبەت بە دڵنیاییدان لە پێدانى پارەى کۆمپانیاکان نەبووە و هیچ بەرەو پێشچوونێکیش لە پرسى پێدانەوەى قەرزى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانى بوارى نەوت دا نییە. ئاماژەى بەوەشکردووە، نوێنەرانى کۆمپانیاکانى ئەندام لە ئەپیکور و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانى دیکەى بوارى نەوت بەشدارییان لە کۆبوونەوەى 20ـى نیسان لەگەڵ حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان کردووە. ئەپیکور پێویستیى دڵنیاییەک لەلایەن حکومەتى عێراق لە جێبەجێکردنى یاساى بودجەى عێراق دووپاتدەکاتەوە و دەشڵێت، چەندین پێشنیاز بۆ چارەسەرى پرسەکە لەلایەن ئەپیکور و حکومەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانەوە کراون، وەکو پێشنیازى شێوازى کارکردنى راوێژکارى نێودەوڵەتى، کە لەگەڵ یاساى بودجە و گرێبەستى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان چوونیەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە. باسیلەوەشکرد، حکومەتى عێراق بەردەوام جەخت لە گرنگیى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لە رێگەى بۆریى نەوتى عێراق_تورکیا دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ و هەماهەنگییەکان بەم ئاڕاستە سنووردار و بێبەرهەم بوون. ئەپیکور داواى چڕکردنەوەى هەوڵەکان دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێک کە سوودى هاوبەشى هەبێت. مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور رایگەیاندووە، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور چەندینجار چارەسەریان بۆ پرسەکە پێشنیازکردووە، کە بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق و گرێبەستەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، شەرعی و یاسایی بوون.
دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کەشوهەوا ناسەقامگیرەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەسەر ناوچە و شارەکانی عێراقدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە کۆتایی دێت و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە. سادق عەتیە، لە بەشی پێشبینی کەشوهەوای دەستەی گشتی کەشناسیی عێراق لە پۆستێکدا بڵاوی کردووەتەوە "کاریگەریی ئەو کەشوهەوایەی ناوچەکانی ئێمەی گرتووەتەوە، کاریگەرییەکانی کۆتاییان هاتووە و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد "هەرچەندە هەندێک ناوچە لە هەرێمی کوردستان هێشتا کاریگەریی هەور و بارانی لەسەرە، ئەمە جگە لە پاشماوەی ئەو شەپۆلە خۆڵ و تۆزەی کە دوێنێ ناوچەکانی وڵاتی گرتەوە، پێشبینی دەکرێت وردە وردە کەم ببێتەوە." سادق عەتیە گوتیشی: پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما وردە وردە کەشوهەوا ئاسایی بێتەوە. لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی تۆزوخۆڵ هەموو ناوچە و شارەکانی عێراقی گرتەوە و کە توانای بینینی کەم کردبووەوە و پلەکانی گەرماش بەرزببونەوە و دەیان کەس بەهۆی تۆزوخۆڵەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و چارە کراون. هاوکات بەهۆی کاریگەریی خۆڵبارینەکەوە، دەیان هاووڵاتی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و 207 هاووڵاتی لە شاری کەرکوک رەوانەی نەخۆشخانە کراون، لە عێراقیش بەهەمان هۆکار زیاتر لە 700 کەس براونەتە نەخۆشخانەکان. بەگوتەی شارەزایەکی کەشناسیش، کەمی دابارین هۆکاری سەرەکی خۆڵبارینە، پێشبینیشدەکرێت تاوەکو مانگی حەوت شەپۆلی خۆڵبارین بەشێوەی پچڕ پچر بەردەوامبێت.
مەسرور بارزانى، ڕایدەگەیەنێت عێراق لە ڕووی ماددی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگیشە و تەنیا پێویستیی بە حووکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت. دووشەممە، 05-05-2025، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە لە ئەندامانی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی پێکهاتبوو . بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵ کرا. بە تایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی لە بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدان." لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، "جەخت لە پێویستیی ئازادیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوڵەی کاڵاکان لە نێوان هەموو ناوچەکانی عێراقدا و نەهێشتنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لەوبارەیەوە کرایەوە." بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پڕۆژە ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا و جەخت لە بەشداریی و سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق لەو پڕۆژە گرنگەدا کرایەوە. سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە "پێویستە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی و دەستووری عێراق بگیرێت کە ماف و ئەرکەکانی هەر لایەکی دەستنیشان کردووە." سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوە دا "عێراق لە ڕووی ماددی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگیشە و تەنیا پێویستیی بە حووکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت."
بە تۆمەتی سووکایەتی بە سوپای عێراق، وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەو جووتیارە کوردەی کەرکووکی داوەتە دادگە کە لەسەر زەوییەکەی خۆی رایانکێشا و ئەشکەنجەیان دا. 17ـی شوباتی 2025، جووتیارێک بە ناوی محەمەممەد ئەمین، لەسەر زەوییەکەی خۆی لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، لەسەر تراکتۆرەکەی و بە ملپێچەکەی خۆی لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە راکێشرا، بەڵام نەیتوانی جووتیارەکە بهێنێتە خوارەوە. لەسەر ئەو ڕووداوە شێرکۆ کرمانج نووسەر، پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: محەمەد بە ملپێچەکەی لەسەر تراکتۆرەکە بەرگریی لە ئێوە کرد، کاتی ئەوەیە ئێوەش بەرگریی لەو بکەن، جووتیارەکەی سەر تراکتۆرەکە قوربانی دەستی ترۆپکی دەسەڵاتی هەرێمە!!! هەر لەو پەیامەدا هاتووە: پرسی جووتیارە تەعریببەزێنەکە، محەمەد ئەمین، لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بووایە دەکرا بە فاکتەر و بەردەبازی گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان، کەچی لە وڵاتی ئێمە پرسەکە کرا قوربانی ململانێی یەکێتیی و پارتی. دەقى پەیامەکەى شێرکۆ کرمانج محەمەد بە ملپێچەکەی لەسەر تراکتۆرەکە بەرگریی لە ئێوە کرد، کاتی ئەوەیە ئێوەش بەرگریی لەو بکەن، جووتیارەکەی سەر تراکتۆرەکە قوربانی دەستی ترۆپکی دەسەڵاتی هەرێمە!!! محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەعوا لەسەر جووتیارە کوردەکەی سەر تراکتۆرەکە تۆمار دەکات. با ڕوونتر قسە بکەم. لەبەرئەوەی لەسەر داوای سوودانی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەعوای لەسەر محەمەد ئەمین، جووتیارە ئازاکە، تۆمار کردووە، کەواتە دەوڵەتی عێراقی لە بەرزترین ئاست پشتیوانی لە تەعریب دەکات و دژایەتی مافەکانی گەلی کوردستان دەکات. هاوکات، لەبەرئەوەی، دوو ئەفسەری پلە باڵای کورد، یەکێکی پارتی و یەکێکی یەکێتیی، واژۆیان لەسەر ڕاسپاردەیەک کردووە بۆ سوودانی بۆ تۆمەتبارکردنی جووتیارەکە، وە لەبەرئەوەی ئەو دوو ئەفسەرە راستەوخۆ نوێنەرایەتی یەکێتیی و پارتی دەکەن، واتە نوێنەری مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، کەواتە ئەو دوو بەرپرسە باڵایە بەرپرسی یەکەمن لەو ناحەقیانەی بەو جووتیارە و بە تەواوی گەلی کوردستان لە ناوچە دابڕێنراوەکان دەکرێت. پرسی جووتیارە تەعریببەزێنەکە، محەمەد ئەمین، لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بووایە دەکرا بە فاکتەر و بەردەبازی گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان، کەچی لە وڵاتی ئێمە پرسەکە کرا قوربانی ململانێی یەکێتیی و پارتی. دەسەڵاتدارانی هەرێم لێپێچینەوە لەو دوو ئەفسەرە نەکەن و سنوورێک بۆ سوودانی دانەنێن، سبەی لەسەر مژینی هەوا و خواردنەوە ئاو، دەمانبەنە دادگا. داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم ئەو گاڵتەجاڕییە لە دژی محەمەد ڕابگرن. بەڵێ، محەمەد بە ملپێچەکەی بەرگریی لە ئێوە کرد، کاتی ئەوەیە ئێوەش بەرگریی لەو بکەن. بۆ شەیر و بڵاوکردنەوەیە