وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی بۆ سوومەندانی پێشینە و قەرزی بانکەکانی سەر بەوەزارەتی دارایی دەرکرد و تاوەکوو کۆتایی ساڵیش بەردەوام دەبێت. یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند، پاڵپشت بە بڕیاریی ئەنجوومەنی وەزیران، بەمەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتیانی سوودمەند لە پیشینە و قەرزەکانی بانکەکانی سەر بە وەزارەت بڕیار درا بە لێخۆشبوونی 15% بۆ گشت قەرز و پێشینەکانی 'خانووبەرە، نیشتەجێبوون، کشتوکاڵیی، پیشەسازیی و گەشتوگوزار'. وەزارەتی دارایی لە نووسراوەکەدا داوای لێخۆشبوون لە سوودی دواکەوتن بۆ سوودمەندان لە پێشینەکاندا کردووە و ڕێنماییەکەش تاوەکوو 31-12-2025 کاری پێدەکرێت.  

سەرچاوەیەکى ئاگادار ئەمڕۆ یەکشەممە ڕاگەیاند، دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی سزاکەی سەر شاسوار عەبدولواحیدی پەسەندکرد و کەمینەکردەوە. ڕۆژی سێشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2025، لە دادگای سلێمانی، لە سێیەمین دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ، لەسەر کەیسی شادی نەوزاد سزای پێنج مانگ زیندانی بۆ تاوانبار دەرکرا. کێشەی یاسایی ئەم کەیسەی شاسوار عەبدولواحید بۆ ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی شادی نەوزاد لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان جیا بووەوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، لەلایەن شاسوارەوە بە نامەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ڕووتی لێکراوە و لەسەر ئەو هەڕەشانەشی لێیکراوە سکاڵای یاسایی تۆمارکرد.  شاسوار عەبدولواحید لە شەوی 12ـی ئابی 2025، لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان بە تۆمەتی "ناوزڕاندن و هەڕەشەکردن" دەستگیر کراوە، پێشووتریش چەندین جار سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ بەردەم دادگا بانگهێشت کراوە؛ بەڵام ئامادە نەبووە، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو. بەگوتەی سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، کە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند بوو، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە فەرمانی دادوەر و بە ماددەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە، ماددەکە تایبەتە بە هەڕەشەکردن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی 55 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكات. پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بەبۆنەی پەنجا و پێنج ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم. دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر هەنگاوێكی مێژوویی بوو بە ئاراستەی بەهێزكردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەمان. ئەم بڕیارە جەختكردنەوە بوو لەسەر پێگەی مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە بڵاوكردنەوەی تێگەیشتنی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و پێكەوەژیان لەناو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگە و ڕۆڵیان لە بەرەوپێشەوەبردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان لە گشت قۆناغەكاندا.  لە یادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی بەڕێز دەخوازم و دەستخۆشی لە ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم. خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت.  مسعود بارزانی 21ی ئەیلوولی 2025

بڕیاردەرى ڕەوتى هەڵوێست باس لەوەدەکات، ئەگەر کەفالت شمولى ئازادکردنى کاک شاسوار دەکات، حەزدەکەم ئێستا ئازاد بکرێت و مافى خەڵک بداتەوە، چونکە من بەرگرى لەمافى هاوڵاتیان دەکەم،. لەچاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانیدا عەلى حەمەساڵح بڕیاردەرى ڕەوتى هەڵوێست و ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەسەر دەستگیرکردنى شاسوار عەبدولواحید دەڵێت: زۆر بەڕوونى بیڵێم ئەو بەشەى کە پەیوەندى بەمافى خەڵکەوەیە قسەى لەسەر بکەم ئەگەر کەفالت شمولى ئازادکردنى کاک شاسوار دەکات، حەزدەکەم ئێستا ئازاد بکرێت و مافى خەڵک بداتەوە، چونکە من بەرگرى لەمافى هاوڵاتیان دەکەم، بەڵام ئەگەر بەشێکى پەیوەندى بەسیاسەتەوەیە من دیفاع لەو دەکەم. هەروەها دەشڵێت: بەڵام کاک شاسوار ئەو هەڵەى خۆى بووە  ئێستا واى بەسەرهاتووە، هەڵەیە تۆ پارتى و یەکێتى نەناسیت و پێت وابێت دوو هێزى دیموکراتن بەقەدەر قەتەر زەویت دەدەنێ و نزیکەى ٥٠ ملیار دینار قەرزیشت دەدەنێ هیچیشت لێوەرناگرنەوە، خەڵکیش بچێت بۆ دادگا سکاڵاکەى وەرنەگیرێت لەسەرت. سێشەممە 2ـی 9ـی 2025، دادگای سلێمانی لەسەر سکاڵای ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، شاسوار عەبدولواحیدی بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادا. ئەمە لەکاتێکدایە کە 10 دۆسیەی دیکە ماوە سەبارەت بە شاسوار عەبدولواحید یەکلایی ببنەوە. شەوی 12ـی 8ـی 2025، شاسوار عەبدولواحید بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 431 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیرکرا. دواتر لە رۆژانی 21 و 28ـی 8ـی ئەمساڵ دوو جار دانیشتنی دادگا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید دواخرا، ئەمرۆش سێهەم دانیشتنی دادگا ئەنجامدرا و شاسوار عەبدولواحید بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا.  پێشتریش حاکم سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی  راگەیاندبوو: پڕۆسەی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەپێی یاسای سزادانی عیراقی بەڕێوەدەچێت و هەموو مافێکی تۆمەتبار پارێزراوە، هەروەها جیاوازی لەنێوان هیچ تۆمەتبارێکدا نییە و دادگا بێلایەنی خۆی لەدەست نادات.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە مامۆستا، قوتابییان و دایک و باوکان دەکات  بابەتی نیشتیمانپەروەری و ژینگەپارێزی ببێتە بەشێکی زۆری گرنگ لە سیستەمی پەروەردەیی لە هەر قوتابخانە و ماڵێکدا. بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابخانەی (دمدم)ـی زاخۆ لێ دا و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە هەموو قوتابی و مامۆستایان و هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان پیرۆز دەکەم. دەستخۆش لە دایک و باوکان دەکەم بۆ ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانەکان. دڵنیام ئەم قوتابییانە لە داهاتوودا دەبنە سەرکردە و وڵاتەکەمان زیاتر بەرەو پێشەوە دەبەن."  سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێ دا و لە وتارێکدا ڕایگەیاند "داوا لە مامۆستا، قوتابییان و دایک و باوکان دەکەم، بابەتی نیشتیمانپەروەری و ژینگەپارێزی ببێتە بەشێکی زۆری گرنگ لە سیستەمی پەروەردەیی لە هەر قوتابخانە و ماڵێکدا. وڵاتی ئێمە بەرهەمی خوێنی شەهیدانمانە، پێویستە بە پاکی بهێڵینەوە." بەشێکی دیکە لە قسەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:-   خزمەتی زیاتر بە هاونیشتمانیانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکەین. گۆڕانکاری گەورە لە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان کراوە. سیستمی ئی پەروەردە یەکێکە لە پرۆژە هەرە گرنگەکانی کەرتی پەروەردە.   زیاتر لە 200 قوتابخانە دروستکراون و دووهەزار قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە. داوا لەمامۆستایان دەکەین، بابەتی ژینگە و نیشتمان پەروەریی بکەنە بەشێک لە ئەولەوییەت لە ناوەندەکانی خوێندن.

ئەم هەفتەیە بە تایبەتی سبەی یەکشەممە، گرنگییەکی زۆری بۆ چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە کوردستان واژۆ بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان. بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێشنیازێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان، کە بە پێی ئەو پێشنیازە لەبری پارەی کاش، نەوت وەک قەرەبوو بە کۆمپانیاکان بدرێت لە بەرامبەر ماف و شایستە داراییەکانیان.  پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتى: کۆمپانیاکان و حکومەتی فیدراڵ گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە کە پرسی نەوت "گرێکوێرەی مووچە بوو" و ئەگەر گۆڕانکاری نوێ ڕوونەدات، ئەم بابەتە چارەسەر کراوە. پێشەوا هەورامانی ڕوونیشی کردووەتەوە کە حکومەتی فیدراڵ چاوەڕێی وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکات بۆ ئەوەی دەست بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، کە مووچەی مانگەکانی ڕابردوو و مانگەکانی داهاتوو دەگرێتەوە.  هەنگاوی دووەم و کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە، پەیوەندی بە دابەشکردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. لەم بارەیەوەش پێشهاتی باش هاتووەتە ئاراوە. ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکە گەیشتووەتە ئەنجام و بۆچوونێکیان پەسەند کردووە. بڕیارە سبەی یەکشەممە، ئەنجوومەنی دەوڵەت نووسراوی فەرمی ئامادە بکەن بۆ وەڵامدانەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیران. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بۆچوونە "تاڕادەیەکی باش لە بەرژەوەندیی حکومەتی کوردستان دەبێت" و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دەنێردرێت.

جوڵانەوەى نەوەی نوێ ڕایدەگەیەنێت: دەمانەوێت لە رێگای بەشداریكردنمان لە حكومەتی نوێی عێراق بەیەكجاری كێشەی موچە چارەسەر بكەین هەروەها ئەوەش دەخاتە ڕوو  ئەوەی حکوومەتی ماوەبەسەرچوو دەیکات، سەرتاپا شانۆگەرییە و خۆڵکردنە چاوی هاوڵاتیانە. دەقى راگەیەندراوی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: دەمێکە حکومەتی ماوە بەسەرچوو بەحیساب باسی ڕێکەوتن دەکات لەگەڵ بەغداد، لێرەوە بەروونیی بە خەڵکی کوردستانی ڕادەگەیەنین کە ئەمە سەرتاپا شانۆگەرییە و خۆڵکردنە چاوی هاوڵاتیانە.  بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەیەوێت پێش هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت وا پیشانی بدات ڕێکەوتن دەکات. یاخود مووچەیەک یان دوو مووچە دابەشبکات. ئەویش بۆ ساردکردنەوەی هاوڵاتیان و هەوڵێکە بۆ خۆڵکردنە چاوی مووچەخۆران.  دڵنیابن دوای هەڵبژاردن ئەگەر پارتیی و یەکێتیی ئەم کورسییانە بەدەستبهێننەوە و خەڵکیش نەچن بۆ دەنگدان، ئەوە دۆخی خەڵک و مووچەخۆران لەئێستا زۆر خراپتر دەبێت و حکومەتی ماوەبەسەرچوو پابەندی هیچ ڕێکەوتنێک نابێت لەگەڵ بەغداد. هەروەکچۆن پێشتریش پابەندی هیچ کام لە ڕێکەوتنەکانی پێش هەڵبژاردن نەبووە و دوای هەڵبژاردن پەشیمان بۆتەوە. بۆیە داواکارین لە هاوڵاتیانی بەڕێز و مووچەخۆرانی ئازیز کە ئیتر بەسە باوەرکردن بە درۆکانی دەسەڵات. بۆیە زۆر گرنگە بە گڕوتینەوە لە ڕۆژی ١١/١١ بچن بۆ دەنگدان و دەنگ بە نەوەی نوێ بدەن تا لەرێگای بەشدارییکردنمان لە حکومەتی داهاتووی عێراق چارەسەری یەکجارەکیی مووچە بە تەوتینکردن ئەنجام بدەین.

سەرۆک وەزیران ڕێگایەکی گرنگ و ستراتیژی لە شێخان دەکاتەوە کە بە بەرزترین کوالێتی و ستانداردی جیهانیی دروستکراوە. ئەمڕۆ شەممە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕێگایەکی دیکەی ستراتیژی گرنگ دەکاتەوە کە جووتسایدی شێخان - لالشە، کە بە ماوەیەکی کورت و بە بەرزترین کوالێتی و ستانداری جیهانیی دروستکراوە.  سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا، دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار کرد، کە بەشێوەیەکی پێشکەوتوو پڕۆژەکەیان جێبەجێ کردووە و پیرۆزبایی لە خەڵکی دەڤەرەکەش کرد و هیوای خواست سوود و کاراسانییەکی باشیان بکات لە ژیانی ڕۆژانەیاندا. هەروەها وتیشى: چەند ئێمە بتوانین خزمەتی میللەتی خۆمان بكەین، پێكەوە دەتوانین بەختەوەرتر ببین. ئێمە دەمانویست پشتیوانییەكی زیاتر لەسەر ئاستی حكومەتی فیدرالی بۆ هەرێمی كوردستان بكرابایە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی كە ئێمە بینیمان، دیسان پڕۆژەكانی ئاوەدانی لێرە ڕانەگیران، بەشێكی زۆری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كە باوەڕێكی زۆریان بە حكومەتی هەرێم هەیە و ئەم پرۆژەیان جێبەجێ كرد. بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، لەماوەی كابینەی نۆیەمدا، 718 پرۆژەی ڕێگاوبان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون كە گوژمەی سەرجەم پرۆژەكان، تریلیۆنێك و 31 ملیۆن دیناری عێراقی بووە و، بەهۆیەوە دووهەزار و 861 كیلۆمەتر ڕێگای نوێ كەوتووەتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە. لەلایەکی دیکەوە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند،  هەفتانە ژمارەیەک پرۆژە دەکەوێتە خزمەت هاونیشتمانییان،  عەلی تەتەر گوتیشی، بەشی زۆری ئەو پرۆژانەی لە دهۆک دروست کراون پشکی شێر بەر قەزای شێخان کەوتووە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند "گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردوامن. وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک ئاستەنگیمان دروست نەکردووە. ئەمڕۆ شەممە، 20 ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی جووتسایدی شێخان-لالش ڕایگەیاند "گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردوامن. وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک ئاستەنگیمان دروست نەکردووە و هەموو پابەندییەکانمان جێبەجێ کردوون. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو  وەک ئەوەی ئاگادار کراومەتەوە، لە کۆتا گفتوگۆکاندا، ڕێککەوتنێک لە نێوان کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا کراوە، ئەمە دەبێتە دەرفەتێکی زۆر باش بۆ نەهێشتنی ئاڵنگارییەکان.  سەرۆکى حکومەت وتیشى: هیوادارین لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم ڕێککەوتنە ببێتە واقیع و حکوومەتی فیدراڵیش پابەندییەکانی خۆی بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات و چیدیکە پرسی مووچە نەبێتە سەردێڕی هەواڵی ڕۆژنامەکان.

سبەینێ ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: نزیکەی دوو ملیۆن خوێندکار بەشدارن لە پرۆسەکە. وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاندووە، تێکڕای ژمارەی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی 2025 بۆ 2026  ملیۆنێک و 954 هەزار خوێندکارن، هەروەها حەوت هەزار و 438 ناوەندی خوێندن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەن. ئاماژەی بەوەشکردووە، 148 هەزار  مامۆستا لە ناوەندەکانی خوێندن وانە دەڵێنەوە و 33 هەزار فەرمانبەریش لە ناوەندەکانی پەروەردە هەیە. لەلایەکى دیکەوە، عومەر گوڵپی كاندیدی سەركەوتوی كۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، "منداڵانی بەرپرسان لەقوتابخانە نێودەوڵەتی‌و ئەهلییەكانن، بۆیە حكومه‌ت‌و به‌رپرسه‌كانى ئه‌م وڵاته‌، بەلایانەوە گرنگ نییە قۆتابخانە حكومییەكان دەكرێنەوە یان نا". عومەر گوڵپی لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگه‌یاندوه‌، "سبه‌ینێ یەکشەممە، یەکەم ڕۆژی دەوامی قوتابخانەکانە، لەکاتێکدا مامۆستا موچەی مانگی حه‌وتى وەرنەگرتوە". ده‌شڵێت، "منداڵەکانی بەرپرسانی باڵای حکومی‌و حزبی هەردوو حزبی دەسەڵات، لەقوتابخانە نێودەوڵەتی‌و ئەهلییەکانن، بۆیە بەلایانەوە گرنگ نییە قوتابخانەی حکومیی دەکرێتەوە یان نا!". وه‌كو گوڵپى نوسیویه‌تى، "زیاتر لە 10 ساڵە، پەروەردەو قوتابخانەو نەخۆشخانەو خزمەگوزاریی گشتیی‌و موچەی خەڵکیان هەموى، کردوەتە قوربانیی نەوت‌و کۆمپانیاکانیان، بێباکی بەم ڕادەیە لەئاست ژیانی گشتیی‌و خزمەتگوزاریی گشتیی‌و پەروەردە، تەنها سیمای دەسەڵاتدارانی نەخوێندەوارو ستەمکارە".

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی  قۆناغی راگوزەری سوریا، هەندێك لە باڵەكانی ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات و پارتی کرێکارانی کوردستان تۆمەتبار دەكات بە تێکدانی رێککەوتنی مانگی ئازاری رابردوو و خاوکردنەوەی پرۆسەی سیاسی، هاوکات هۆشداریشی دایەوە لەوەی رووداوەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەرییان لەسەر عێراق و تورکیا دەبێت. شەرع لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: هەتا ئێستاش هێزەكانی سوریای دیموكرات خۆی لە دەرەوەی پڕۆسەی چارەسەری دەبینێت، سەرەڕای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتەکە داوای بەشداریکردنی كردوون، جەختیشكرد: دۆخی ئێستای باکوری رۆژهەڵاتی سوریا مەترسییەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق دروست دەکات. راشیگەیاند: وڵاتەكەی دابەشبون قبوڵ ناکات یان هەر خواستێك بۆ سەربەخۆیی، وتیشی: لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد سەرکەوتوو بووە لە رازیکردنی ئەنكەرە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هێزەکانی سوریای دیموكرات ئەنجام نەدات و دەرفەت  بە دانوستان بدات، بەڵام هۆشداریدا لەوەی تورکیا رەنگە رێوشوێنی سەربازی بگرێتەبەر ئەگەر تا مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو یەکگرتنی تەواو بەدی نەهێنرێت. لە وەڵامی داواکارییەكانی هەسەدە بۆ حوکمڕانی نا ناوەندێتی، شەرع ئاماژەی بەوەكرد: وڵاتەکەی بەكرداری بە پێی یاسای ژمارە (١٠٧)بە رێژەی (٩٠%) پشت بە سیستەمێکی نا ناوەندی دەبەستێت و، کۆمەڵگەی سوریا لە ئێستادا ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر سیستەمی فیدراڵی بکات، ئەم داواکاریانە لە واقیعدا فۆرمێکی شاراوەی جیابوونەوەن.

شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆی کاریگەرییەکانیەوە، بەتایبەتی لە سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکوک، 85 کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون و روویان لە نەخۆشخانەکان کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاندووە، لە شاری سلێمانی بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی خۆڵبارینەوە، لە ئێوارەی رۆژی هەینییەوە تاوەکو کاتژمێر 11:00ـی شەوی هەینی، 44 هاونیشتمانی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.  بەگوێرەی ئاماری تەندروستیی کەرکوک، 39 کەس بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی خۆڵبارینەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکوک کراون، کە لەو ژمارەیە 9 کەسیان منداڵن. سەیاف عەبدوڵا، لێپرسراوی نەخۆشخانەی فێرکاری و فریاکەوتنی هەڵەبجە راگەیاند، دوو هاونیشتمانی بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی خۆڵبارینەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە. شەپۆلەکە لە نیوەڕۆی رۆژی هەینییەوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکان، بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تۆز و خۆڵ، مەودای بینین بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، کاریگەریی ئەم شەپۆلە خۆڵبارینە رۆژی شەممە کۆتاییدێت و دۆخی کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.

دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆ و دانوستان، حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان گەیشتنە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێککەوتنى سێ قۆڵى لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان، حکومەتى عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان واژۆ بکرێت و دواتر دەست بەجێبەجێکردنى بکرێت و نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بازاڕەکانى جیهان هەناردە بکرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەبیندرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، شەوى پێنجشەممە 18ى ئەیلولى 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان کۆبونەوەتەوە و رەزامەندییان لەسەر تێبینییەکانی بەغداد داوە، پاشان رەزامەندى خۆیان لەسەر رێککەوتنەکە دەربڕیوە کە بەمشێوەیە؛  پێداویستی ناوخۆیی: رۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت. شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان: حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان، کە بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک خەمڵێنراوە و لە یاسای بودجەشدا جێگیر کراوە.  حکومەتی عێراق لەرێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەموو ئامادەکاری و رێکارێکی پێویستی تەواو کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا "ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێش و سەرەتای هەفتە رێککەوتنی سێ قۆڵی واژۆ کرا، ئەوا هەناردەکردنەوەى نەوتیش راستەوخۆ دەستپێدەکات".  بڕیارە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، تیمێکی راوێژکاریی پسپۆڕ پێداچوونەوە بە هەموو بڕگەکانی کارکردنی کۆمپانیاکان و گرێبەستەکاندا بکات. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی دڵنیابوونەوەیە لە شەفافیەت و رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەموو لایەنەکان لە داهاتوودا. کۆمپانیا نەوتییەکان پێداگری دەکەن لەسەر بوونی گەرەنتییەکی یاسایی بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان، کە ئەم رێککەوتنە سێ قۆڵییە وەک وەڵامێک بۆ ئەو داواکارییە دێت. سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوت جەختی لەوە کردەوە کە هیواخوازن ئەمجارە هیچ لایەنێک گرفت بۆ ئەم پرۆسەیە دروست نەکات، چونکە "ئەم پرۆسەیە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراقە بەگشتی و هەرێمی کوردستانە بەتایبەتی." دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و گەڕانەوەی داهاتەکەی، بەشێکی سەرەکییە لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە ئابوورییەی کە لە ئەنجامی راگرتنی هەناردەکردنەوە دروست بووە. حکومەتی عێراق و بەتایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراق رەشنووسی رێککەوتنێکی بۆ هەرێمی کوردستان ناردبوو. ئەم رەشنووسە ماوەی  سێ مانگە گفتوگۆی لەسەر کرابوو، پێی دەگوترا رێککەوتنی سێقۆڵی، واتە رێککەوتنی حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت.  لە رەشنووسەکەدا کە لەلایەن بەغداوە نێردرابوو، داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەمووی وەک خۆی جێگیر کرابوو. بەڵام کۆمپانیاکانی نەوت چەند وردە تێبینییەکیان هەبوو کە ئەویش ئێستا چارەسەرکراوە. رێککەوتنەکە بەگوێرەى گرێبەستەکانی پێشوو کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت کراوە ئامادەکراون، بەشێوەیەک سەدا60ی نەوتی بەرهەمهێنراو بۆ هەرێمی کوردستانە و سەدا 40ی بۆ کۆمپانیاکان. پاش رەوانەکردنى رەشنوسەکە بۆ هەرێمى کوردستان، لە کۆبونەوەى حکومەتدا بڕیاردرا وەکو نیازپاکی و بۆ ئەوەی کێشە بۆ مووچە دروست نەبێت و هات و نەهاتنی مووچەی مووچەخۆران ببڕێتەوە، حکومەتى کوردستان ئامادەیی خۆى دەربڕیوە کە بەشى بەرهەمهێنراوى نەوتى خۆى رادەستى سۆمۆ بکات. واتە لەو سەدا ٦٠ی نەوتەی کە هەیەتی لە رێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆمپانیاکان، 50 هەزاری لێ گلبداتەوە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆ و پاڵاوگەکان و ئەوەى دیکە، کە باقییەکەیەتى، رادەستى وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاى سۆمۆ بکات.

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویان کردەوە کە " ئێمە پێمانوایە بایکۆت و خۆپیشاندان و هەموو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان، نـــــــــایەکی سەربەرزانەن بۆ ڕەتکردنەوەی (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتووە بەتەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، لەپاڵ فشار و بێباکی دەسەڵاتی قۆرخکار".   دەقی راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی: بەناوی خوای بەخشندە و تۆڵەسێن مامۆستایان و فەرمانبەرانی ستەملێکراو دایکان و باوکان و خوێندکارانی ئازیز چینوتوێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کەپتکراو ستەم و برسیکردن و شکۆشکاندنی  دەسەڵاتی تاڵانکار، هەموو سنوورە دینیی و مرۆیی و ئەخلاقییەکانی بەزاندووە، بەدەر لە تیرۆری جەستەیی و کەسایەتیی؛ وا خەریکن لە ڕێی ژەهری نائومێدی و مووشەکی دەستی-دەستیپێکردن و ڤاکسینی بێدەنگکردن، یەک بەیەکمان خەڵتانی لەناوبردنێکی سەرشۆڕانە دەکەن. بارتەقای ڕقمان لە بەدکاریی و خوێنساردیی ئەم دەسەڵاتە خوێنمژەی جمکی شەیتانی نەگریس، لە نابەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی حیزبە بەناو ناڕازییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و بەناو ڕۆشنبیران و دەستەبژێران و دادوەران و کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکان و بەناو شۆڕشگێڕانی دێرین و فەرمانبەران و خوێندکاران و کەسوکاریان نیگەران و تووڕەین؛ یەقینمان هەیە، هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی ئەم چینوتوێژانە، هۆکاری سەرەکی تەمەندرێژی و پێلێڕاکێشانی زیاتری ئەم دوو حیزبە بەکرێگیراوەیە. ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە (کە سێبەری ڕەشی کورسی و بەرژەوەندییەکانیان، بەرچاو و بەرویژدانی گرتوون؛ بەبێ گوێدانە دۆخی کارەساتباری دارایی مامۆستایان (کە هەم مامۆستان و هەم دایبابی خوێندکار)، ڕێکەوتی ( ٢١/ ٩/ ٢٠٢٥ )یان وەک یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە هەریەک لە مووچەکانی مانگی (٧ و ٨) نەدراوە و چاوبرسێتی و نەوتپەرستی و داهاتدزینی ئاغاکانیان وابکات هەریەک لە مووچەی مانگەکانی (٩، ١٠، ١١، ١٢) تەنیا فاتیحەلەسەرخوێندنی ماوە. ئێمە پێمانوایە بایکۆت و خۆپیشاندان و هەموو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان، نـــــــــایەکی سەربەرزانەن بۆ ڕەتکردنەوەی (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتووە بەتەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، لەپاڵ فشار و بێباکی دەسەڵاتی قۆرخکار، بەداخەوە دەستبەکڵاوگریی لەڕادەبەدەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆک و پاساوی نابەجێی مامۆستایانی قۆناغی دوانزەیەم و نۆیەکان بووە، کە هیوادەخوازین و داواکارین ئەوانیش ئەمساڵ لێبڕاوانە (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ) ڕەتبکەنەوە و پشتیوانیی تاکۆتایی ڕێ، لە بایکۆتی خۆڕسکانە و هەر هۆکارێکی تری مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان بکەن.  خوێندن و پەروەردە و زانستێک؛ فێری  ئازایەتی و هۆشیاریت نەکات، فێرت نەکات داوای مافە زەوتکراوەکانت و دادپەروەری بکەیت، ئەوە تەوق و بەڵایەکە لە گەردنتدا، کە  لە هەردوو دنیات جگەلە ماڵوێرانی، هیچی دیکەی لێ بەرهەم نایەت. بۆیە تکادەکەین با بەس بێت، دەستبڵاویی لە بێدەنگی و  ملکەچی و بەخشینەوەی نائومێدیی. ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی  

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە سبەیەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە چڕتر دەکەنەوە، هەرکەسێک سەگ بباتە شێڵتەری ئاژەڵە بێلانەکان سەگێک سێ هەزار دینار پاداشت وەردەگرێت. داواش دەکات، ئەو سەگانەی بەچکەیان هەیە بەچکەکەیان لەگەڵدا ببرێت.  راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام، کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیکبوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتییان دەکات، کە هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک دەکات". ئاگادارییەک لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە تایبەت بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە سنوری شارەوانیی سلێمانی بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام و کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیک بوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاوڵاتییانی خۆشەویستی شاری سلێمانی دەکات، کە سەرۆکایەتیمان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ (ماوەی هەفتەیەک). سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی کارەکانی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ و رادەستکردنەوەی بە شەڵتەرەکە چڕتر کردۆتەوە تا بتوانرێت بە کەمترین ماوە زۆرترین سەگ کۆبکرێتەوە لە شەقام و کۆڵانەکان لە لایەن ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە گرتنی سەگ هەیە. " هاوڵاتییانی خۆشەویست ئاگاداردەکەینەوە کە لە سبەینی، رێکەوتی ٢٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، هەڵمەتەکە دەستپێدەکات و مەرجەکانی گرتنی سەگەکانیش بریتین لەوەی کە هەر سەگێک بەچکەی هەبێت بەبێ بەچکەکە نەبێت وە لە کاتی رادەستکردنەوەیان بە شەڵتەرەکە بڕی (سێ هەزار دینار) پاداشت دەکرێت وە ئەگەر رادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکرێت بڕی (دوو هەزار دینار) پاداشت دەکرێت واتە (لەشوێنێک کۆبکرێتەوە و تیمەکانمان بێنە شوێنی مەبەست بۆ بردنیان) بەمەرجێک تەنها ئەوانەی سنووری شارەوانیی سلێمانی بن".  "هەروەها داواکارین لە ئاژەڵ دۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان کە پشتیوان و هاوکارمان بن بۆ ئەم هەڵمەتە کە سودی بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی و گیانی هاوڵاتیان دەبێت". دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بکەن: ژمارە مۆبایل: 07719914460 شوێنی شەلتەرەکە: ڕازیانە، نزیک بازگەی عەربەت. سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی