هەپەگە ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی گەریلا لە ئاگربەستدایە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی و لەم دواییانەدا هێرشەکانی بە چەکی کیمایی و تەقەمەنی قەدەغە کراو بۆ سەر تونێل و سەنگەرەکانمان زیادیکردووە و زیاتر لە هەزار جار تۆپبارانی هەرێمەکانمان کراوە و دەشڵێت: لە ئەنجامی هێرشەکانیدا بە چەکی کیمیایی هەڤاڵانمان بەسێ و میترا شەهیدبوون. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و وەڵامەکانی گەریلا لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. هەپەگە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، وەک ئەوەی ڕای گشتیی ئاگادارە، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ١ـی ئاداری ٢٠٢٥ـەوە لە پێگەی ئاگربەستدایە، بەڵام بە ئێستاشەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە هێرشەکانی سوپای تورکدا ڕووینەداوە، بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی، بە تایبەت لە ماوەکانی کۆتاییدا بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشەکانی بۆ سەر تونێل و سەنگەرەکانمان زیاتر کردووە. هەپەگە ڕاشیگەیاند، سوپای تورکی داگیرکەر کە ناتوانێت ئیرادەی هەڤاڵانمان بشکێنێت کە لەسەر هێڵی فیدایەتی لە بەرخۆداندان، لە ١١ـی نیسان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشێکی قورسی کردە سەر تونێلەکانمان و جارێکی دیکە تاوانی دژە مرۆڤانەی ئەنجام دایەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا هەڤاڵانی نەمرمان؛ بەسێ و میترا کە بە تۆمارکردنی بەخۆدانی داستانی ڕێگەیان لە هێرشەکانی دووژمن گرت، شەهید بوون. لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەیدا هەپەگە باسی لەوەشکردووە، هەڤاڵانمان تێکۆشان و بەرخۆدانی شکستنەخواردوویی میلیتانیی ئاپۆییان نیشانی هەموو جیهان دا، دواتر زانیاری بەرفروان لەسەر ناسنامەی هەڤاڵانی نەمرمان بۆ ڕای گشتیی و گەلەکەمان بڵاودەکەینەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٢٤، ٢٥ و ٢٦ـی نیسان هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکرا و دوو جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراوە. ڕاشیگەیاند، ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ـی نیسان، گۆڕەپانەکانی هەرێمی خواکورک، هەرێمی گارە، هەڕێمی مەتینا، هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ؛ بە گشتیی هەزار و ١٦٤ جار بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بۆردوومان کراون. هەروەها هەپەگە لە کۆتاییشدا دەڵێت: لە ٢٣ـی نیسان لە گردی بەهاری هەرێمی شەهید دلیلی رۆژئاوای زاپ، هێزەکانی یەژاستارمان دەستییان لە داگیرکەران کردەوە، کە لە هەوڵدابوون هێرشی سەر سەنگەر و تونێلەکانمان بکەن، هەروەها لە ٢٥ـی نیسان لە گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، بە چەکی نیوئۆتۆماتیک گورز لە داگیرکەران و حەفارەیەکییان درا، کە لە هێرشکردنەسەر سەنگەر و تونێلەکانماندا بوون.
هەرچەندە سبەی دووشەمە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی عێراق دێت، بەڵام بەپێى زانیاریەکان تائێستا وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەواو نەبووە و کێشەی تێدایە. بەپێى ئەو زانیاریانەى لەبەردەستدان لەچەند سەرچاوەیەکەوە ئەوە ڕاگەیەندراوە کە لیستی مووچەی مانگی چوار کێشەی تێدایە و بەغداد داوای چاککردنی دەکات، لیستەکە هی دوو مانگ لەمەوبەرە و فەرمانبەرانی خانەنشینی ئەم ماوەیە دەرنەهێنراون. سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، سبەی دووشەممە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی عێراق دێت و تا ئێستاش وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا تەواو نەکراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە سەرەتای رەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا کێشە دروستبووە، بەهۆی ئەوەی لیستەکە هی دوو مانگی رابردووە و ئەو فەرمانبەرانەشی تێدایە کە ئەم مانگە خانەنشین بوون. بەشی وردبینی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەیان بە هەڵەکە کردووە و بە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمییان راگەیاندووە لیستەکە چاک بکەنەوە و دووبارە بینێرنەوە. بڕیارە ئەمڕۆ شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کە هەر لە بەغدادن لیستی مووچەی مانگی چوار چاک بکەن و بینێرنەوە بۆ دووبارە وردبینی کردن. هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی وردبینی لیستەکە تەواوببێت و بچێتەوە ئەنجومەنی وەزیران، بە واژۆکردنی لەلایەن سودانیەوە مووچەکە تەمویل دەکرێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
کۆمەڵەى پیشەسازى نەوتى کوردستان (ئەپیکۆر) شکستهێنانى دانوستانەکانى تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانى راگەیاند و دەڵێت پێشنیازەکانیان لەو بارەیەوە پەسەندنەکراون. ئەپیکور راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئێمە ئامانجمانە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بۆرى نەوتى عێراق – تورکیاوە دەستبەجێ دەستپێبکاتەوە، بەڵام دەبێت لەسەر بنەماى کارکردن بێت بە مەرجەکانی گرێبەستە بەرکارەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و حکومەتى هەرێم، هەروەها دەبێت ئەو قەرزەشى لایان ماوە بدرێتەوە بە کۆمپانیاکان. ئەپیکور راشیگەیاندوە، هەموو گرێبەستەکانى کۆمپانیاکانى نەوت لەگەڵ حکومەتى هەرێم لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بە یاسایى دانى پێدانراوە، بۆیە پێویستە هەردوو یاساى بودجەى عێراق و گرێبەستە بەرکارەکانى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتى هەرێم لە رێککەوتنەکەدا جێبەجێ بکرێت. ئەپیکور دەشڵێت، گفتوگۆکان لەبارەى گرەنتیکردنى پارەدان بە کۆمپانیاکان جدى نەبوون و هیچ بەرەوپێشچوونێک لەو بارەیەوە نەبووە، بۆیە داواکارین هەوڵەکان زیاد بکرێن بۆ دۆزینەوەى رێگەچارەیەکى بەسوود بۆ هەردوولا. مایڵز کاگینز گوتەبێژى ئەپیکور دەڵێت، چەندین جار کۆمپانیاکانى نەوت چارەسەرى گونجاویان لە چوارچێوەى یاساى بودجەى عێراق و گرێبەستە نەوتییەکان پێشکەشکردووە و لە هەوڵ و فشارەکانیشیان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان. بەپێی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد كە لە هەمواری یاسای بودجەدا جێگیركرا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و لە 17 ی شوبات چووە بواری جێبەجێكردنەوە، پێویستە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان لەماوەی 60 رۆژدا لایەنێكی نێودەوڵەتی دەستنیشان بكەن بۆ دیاریكردنی تێچووی راستەقینەی نەوتی هەرێم بەپێی كێڵگەكان، ئەگەریش لەو ماوەیەدا رێكنەكەون پرسەكە دەدرێتە دەست محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بۆ یەكلاكردنەوەی. ئەو وادەیە لە 17ی نیسان كۆتایی هات و هێشتا هەردوولا نەگەیشتوون بە رێككەوتن لەو بارەیەوە، سەرەڕای چەند گەڕێكی دانوستان لەنێوانیاندا. لە هەمواری بودجەدا 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم دیاریكراوە، تا ئەو كاتەی لایەنێكی نێودەوڵەتی سەربەخۆ تێچووی راستەقینە دیاری دەكات. لەدانوستانەكانی تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بەغداد 46 هەزار بەرمیلی رۆژانەی دیاریكردووە بۆ پێداویستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرێم داوای 115 هەزار بەرمیل دەكات، كە دەكاتە 14%ی كۆی بەرهەمەكانی نەوت لە پارێزگاكانی عێراق. رۆژی 23 ـی شوباتی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بەپێی بڕی بەردەست رایگەیاند. وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی 28 ی شوباتی دیاریكرد بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) پڕۆسەكە دەستیپێنەكردەوە. بڕیارە وەزارەتی نەوتی عێراق لە قۆناغی یەكەمی هەناردەكردنەوەی نەوت، 185 هەزار بەرمیل لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت، دواتر بەشێوەیەكی قۆناغبەندی بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبكرێتەوە.
لەبارەی کۆنفرانسی یەکڕیزیی لە رۆژاڤا لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مەزڵوم عەبدی کردو ڕایگەیاند بەم هەنگاوەى ئێستاتان کە دەستى ئاشتى و مەردایەتیان بۆ سەرجەم لایەنە کوردییەکان درێژکردووە، دەتوانن پایەکانى ئەزموونەکە تۆکمەتر بکەن و وێنایەکى جوانى نەتەوەى کورد پیشانى هەموو جیهان بدەن. ڕۆژی شەممە، 26ی نیسانی 2025، لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان بە ئامادەبوونی نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو. لاهور شێخ جەنگی پەیامێکى بەوبۆنەیەوە بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: ئەمڕۆ نەک تەنها بۆ رۆژاڤاى نیشتمان، بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان رۆژێکى مێژوویی و لەبیرنەکراوە. هەروەها هاتوە: لە ماوەکانى رابردوودا کارمان لەسەر لێکنزیکبوونەوە و تواندنەوەى بەستەڵەکى نێوان لایەنە کوردییەکان کردووە و ئێستاش کار بۆ بەهێزترکردنى دەکەین. دەقى ڕاگەیەندراوەکە بەڕێز مهزڵوم عەبدى، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات. پڕ بە دڵ پیرۆزبایی بەستن و سەرکەوتنى "کۆنفرانسى یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستى کورد لە رۆژائاى کوردستان"ـتان لێدەکەم، ئەمڕۆ نەک تەنها بۆ رۆژائاواى نیشتمان، بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان رۆژێکى مێژوویی و لەبیرنەکراوە، ئێوە ئەو تێگەیشتنەتان ئاوەژوو کردەوە کە چەندین دەیەیە رۆچووەتە نێو میشک و هزرى یەک بە یەکمان و تەنانەت دۆستەکانیشمانەوە کە پێیانوایە "میللەتى کورد قەت نابنە برا"، بەڵام ئێوە پێتاگوتین، دەتوانین برا بین و پشتوپەناى یەکدى بین. هەڤاڵى بەڕێز، دڵنیام ئەم سەرکەوتنەتان درێژکراوەى سەرکەوتنەکانى 14 ساڵى رابردووە، ئێوە وەک چۆن لە مەیدانى شەڕى گەورەترین رێکخراوى تیرۆریستى جیهانیی سەلمانتان بێوێنەن لە خەبات و قوربانیدان و تائێستا بە خوێن و فرمێسک ئەزموونى رۆژئاواى نیشتمانتان پاراستووە، بەم هەنگاوەى ئێستاشتان کە دەستى ئاشتى و مەردایەتیان بۆ سەرجەم لایەنە کوردییەکان درێژکردووە، دەتوانن پایەکانى ئەزموونەکە تۆکمەتر بکەن و وێنایەکى جوانى نەتەوەى کورد پیشانى هەموو جیهان بدەن. شانازیی دەکەم وەک چۆن دە ساڵ لەمەوبەر کۆبانێمان بەتەنیا بەجێنەهێشت و هاوكار بوین بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکان بەڕوی ڕۆژاوا، ئێستاش بە هەمان گیانى نەتەوەییەوە بۆ ئەوەى ئەم کاروانە ئاشتى و برایەتییە بگاتە دوامەنزڵ، هەرچییەکمان لە دەستبێت درێغى ناکەین، لە ماوەکانى رابردوودا کارمان لەسەر لێکنزیکبوونەوە و تواندنەوەى بەستەڵەکى نێوان لایەنە کوردییەکان کردووە و ئێستاش کار بۆ بەهێزترکردنى دەکەین، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی و لاى وڵاتانى دۆست و هاوپەیمانانیش، بەردەوامین لە کۆکردنەوەى پشتیوانى زیاتر تاوەکو لەم قۆناغە نوێیەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، دەستکەوتەکانى نەتەوەکەمان پارێزراوبن و تۆکمەتریان بکەین. براتان، لاهور شێخ جەنگی
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، رۆژی دووشەمەی ئەم هەفتەیە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی چوار لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو دەکرێت، دواتر دەخرێتە بەردەم تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق. وەزارەتى دارایی عێراق ئامادەکاریی دەکات بۆ رەوانەکردنى لیستى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بۆ کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستى پەسەندکردنى، ئەوەش وەک دوایین هەنگاوى پەسەندکردنى لیستەکە پێش ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان. بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایی عێراق رۆژى شەممە بە میدیا عێراقییەکانى راگەیاند، سەرەڕاى تێبینییەکان لەبارەى داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان، بەڵام ئەو پرسە نابێتە هۆى وەستاندنى رێوشوێنەکانى پارەى تایبەت بە موچە و تەنها هەرێمى کوردستان لە تێبینییەکە ئاگادارکراوەتەوە. بەوتەى سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایی، بڕیارە سبەى تەیف سامی، بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتى دارایی، چونکە هەفتەى لە ئەمریکا بوو، بەڵام پێشتر لە رێگەی بەرپرسی نوسینگەکەی ئاگاداری شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی کردووە، تێبینی لەسەر ئەو ٤٨ ملیار دینارە هەیە، کە هەرێمی کوردستان وەکو داهاتی نانەوتی بۆ مناگی سێ ناردوویەتی. گوتوویەتی، ئێمە چاوەڕێمان دەکرد نزیکەی ٩٠ ملیار دینار لە هەولێرەوە بۆ بەغداد بنێردرێت، بەڵام بە بیانووی خەرجکردنی داهاتی نانەوتی بۆ خەرجی بەکاربردن هەرێمی کوردستان بڕەکەی بۆ 48 ملیار کەمکردووەتەوە، بۆیە ست تەیف تەیف، گوتوویەتی لیستی مانگی چوار پەسەند ناکات و لەگەڵ خۆی دەیباتە کۆبوونەوەی ئەم سیشەممەیەی ئەنجومەنی وەزیران. سەرچاوەكە وتیشی "تێبینیەكەی بەغداد ئەوەیە ئەو داهاتەی ڕادەست كراوە 50% ی ئەو داهاتە نییە كە پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 بە بەغدادی ڕاگەیاندووە، كە داهاتەكە مانگانە نزیكەی 300 ملیار دینارە و بەوپێیەش دەبێت نزیكەی 150 ملیار دینار ڕادەست بكات". "پاساوی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە بەشێك لەو داهاتە نانەوتییەی كە بەغداد داوای دەكات وەك خەرجی بەكاربردن بەكاردەهێنرێت". ئەمەش بەوتەی سەرچاوەكە.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ، شەممە، 26-04-2025، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەس دەستیپێکرد و دوا نیوەڕۆ کۆتایی هات. محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و فەوزە یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەنراوی دەرئەنجامی کۆتایی کۆنفرانسەکەیان بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی خوێندەوە. بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاردرا بە زووترین کات شاندێکی هاوبەش لە لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێک بهێنرێت تاوەکوو لەسەر بنەمای ئەو لێکگەیشتن و دیدگا هاوبەشەی لە کۆنفرانسەکە هاتووەتە ئاراوە، دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا، پێک بهێنرێت. لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک خاڵ کراوە، گرنگترینیان: 1. سیستەمی حوکمڕانی له سووریا ناناوەندی بێت و هەر ناوچەیەک تایبەتمەندییەکانی پارێزراو بێت. 2. سامانی گشتی به یەکسانی لە نێوان هەموو هەرێمەکان دابەش بکرێت. 3. زمانی کوردی دووەم زمانی فەرمیی سووریا بێت. 4. نوێنەرایەتیی کورد له هەموو دامودەزگا حکوومییەکاندا هەبێت. 5. سووریا لەسەر بنەمای دادپەروەری بنیاد بنرێتەوه. 6. دۆخی ئابووریی ناوچه کوردییەکان باشتر بکرێت. 7. بەعرەبکردنی ناوچەکه ڕابگیرێت. 8. بڕیارەکانی تەعریبی رژێمی پێشوو هەڵبوەشێندرێتەوه. 9. سووریا دەوڵەتێکی مەدەنی بێت و مافی هەموو پێکهاتەکان لەناو دەستوور جێگیر بکرێت. 10. یەکسانیی نێوان پیاوان و ئافرەتان هەبێت. مەزڵووم عەبدی: بەهێزبوونی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەهێزبوونی سووریایە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوتاری کۆنفراسەکەدا ڕایگەیاند "ماوەی 14 ساڵە لە شەڕێکداین کە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە. بۆ پاراستنی گەلەکەمان و ئەم هەرێمە، شەڕێکی سەخت کرا. لەم شەڕەدا نزیکەی 13 هەزار کچ و کوڕی ئێمە شەهید بوون و نزیکەی سێ هەزاری دیکەش بریندار بوون. هیوای سەلامەتی بۆ برینداران دەخوازین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدە قارەمانەکانمان دادەنوێنین و ئەم کۆنفرانسە دەکەینە دیاری بۆ شەهیدانمان."
نوێنەری بارزانی لە 'کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد' لە رۆژئاوای کوردستان پەیامی سەرۆک بارزانیی لە کۆنفرانسەکە خوێندەوە، کە جەخت لە چارەسەری ئاشتی و دیپلۆماسی دەکاتەوە و دەڵێت، "یەکگرتن چارەسەری پرسی کورد دەکات لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان." لە پەیامی بارزانیدا کە د. حەمید دەربەندی، نوێنەری مەسعود بارزانی لە 'کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد' لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان خوێندیەوە، هاتووە، "پاڵپشتیی هەر هەوڵێک دەکەم بۆ یەکگرتوویی کورد لە رۆژئاوای کوردستان." بەشێکی پەیامەکانی بارزانی لە کۆنفرانسەکە دا خوێندنیەوە: - ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەر بۆ پرسی کورد کە بەشداریی راستەقینەی کورد لەو وڵاتە مسۆگەر بکات. - سوپاسی هەوڵەکانی مەزڵووم عەبدی دەکەم بۆ سازکردنی ئەم کۆنفرانسە. - دەیان ساڵە گەلی کورد بەدەست فەرامۆشکردن، بێبەشكردن و نکۆڵیکردن و چەوساندنەوەوە دەناڵێنێت. - ئەمڕۆ دەرفەتی زۆر باش بۆ گەلەکەمان هاتوونەتە پێش و بەرپرسیارێتیییەکەی مێژوویی قورس دەکەوێتە سەر شانتان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی بەرفراوان و گونجاو کە خواستی گەلەکەمان لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو، ئازاد و دیموکراسیدا بەدیبێنێت. - چارەسەری ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی مژارە ئاڵۆزەکان لە هەموو کاتێک گرنگترە. - پاڵپشتیی بنیاتنانی سووریایەکی نوێی دیموکرات، هەمەڕەنگ، یەکسان کە تێیدا مافەکانی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانەوە مسۆگەر بکرێن. - پاڵپشتیی دەستوورێک دەکەین کە گەرەنتیی ئاسایش، ئارامی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە وڵاتدا مسۆگەر بکات. - ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی بنچینەییە بۆ بنیاتنانی پاشەڕۆژێکی گەش بۆ هەموو سووریاییەکان. - یەکگرتنی کورد و بنیاتنانی بنچینەیەکی هاوبەش دەرگەی بنەڕەتیی چارەسەرێکی دادپەروەر و یەکجاریی پرسی کوردە لە سووریا. - پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق هەنگاوێکی پێویستی بەشداریی راستەقینەیە بۆ بنیاتنانی داهاتووی وڵات و مسۆگەرکردنی مافی گەلەکەمان. - جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندیی برایەتی لەگەڵ کورد و هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەکەین. دووپاتی دەکەمەوە کە یەکگرتنەوەی کورد و دامەزراندنی بنەمایەکی هاوبەش، کلیلی بنەڕەتی چارەسەری دادپەروەرانە و بەردەوامی پرسی کوردە لە سووریا. لەسەر ئەو بنەمایە، دروستکردنی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق هەنگاوێکی پێویستە بەرەو بەشدارییەکی ڕاستەقینە لە بنیاتنانی ئایندەی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردمان و بەشداری کارا لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا. ئێمە جەخت لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندی برایەتی نێوان کورد و هەموو پێکهاتەکانی تری گەلی دراوسێی سووریا دەکەینەوە، بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و پاڵپشتیکردنی کولتووری لێبوردن و ئاشتەوایی نیشتمانی و دڵنیابوون لەوەی داهاتووی سووریا لەسەر بناغەکانی هاوپشتی و ڕێزگرتنی یەکتر و هاوڵاتییەکی یەکسان بنیات بنرێت، بناغەیەکی سەرەکین بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی ئاشتیخواز و دادپەروەرانە بۆ هەمووان. لە کۆتاییدا، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم بۆ کۆنفرانسەکەتان. هیوادارم ئەنجامەکانی ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و کاری گەلەکەمان و لە ئاستی ڕەنج و قوربانیدان و مێژووی گەلی کورددا بین. پاڵپشتی تەواوی خۆم بۆ هەر هەوڵێکی دڵسۆزانە دووپات دەکەمەوە کە ئامانجی یەکخستنی ڕیزەکانی کورد و پێکەوە کارکردن بێت بۆ داهاتوویەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ گەلەکەمان.
فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم عەبدی لە وتاری دەسپێکی کۆنفرانسی "یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کوردیی لە ڕۆژئاوای کوردستان"، گوتی: "وەک گەلی ڕۆژئاوای کوردستان پشتگیریی بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین و چی لەدەستمان بێت دەیکەین". فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات رایگەیاند، داواکارى سەرەکییان مسۆگەرکردنى داواکارییەکانى کوردە لە دەستورى سوریا و کۆنفرانسەکەى قامیشلۆ هەوڵێکە بۆ یەکخستنى هەڵوێستى کورد لە سوریا. مەزڵوم عەبدى لە وتارێکدا لە دەستپێکى یەکەمین کۆنفرانسی "یەکخستنی هەڵوێست و گوتاری کورد لە رۆژئاوای کوردستان" لە قامیشلۆ جەختیکردەوە، کە کاتى ئەوەیە مافەکانیان لە سوریا مسۆگەر بکەن و ئەوەش داواکارى سەرەکییانە. باسى لەوەشکرد، ئەوان 14 ساڵە لەشەڕدان و 13 هەزار گەنجى کورد لەشەڕى پاراستنى رۆژئاواى کوردستان شەهیدبوون. مەزڵوم عەبدى جەختیکردەوە، ئامانجى کۆنفرانسەکە دابەشکردنى سوریا نییە، بەڵکو پاراستنى یەکێتى خاکى سوریایە و یەکڕیزى کورد ماناى یەکڕیزى سوریایە و بەهێزبوونى کورد بە هێزبوونى سوریایە. لاى خۆیەوە، ئیلهام ئەحمەد ئەندامى لیژنەى بەڕێوەبردنى کۆنفرانسەکە بەستنى کۆنفرانسەکەى بە مێژویی ناوبرد کە بە مارشى نیشتمانى ئەى رەقیب دەستیپێکرد. رۆژی سێشەممەی رابردوو (22ـی نیسانی 2025) مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە: بە خۆشحاڵییەوە بە گەلەکەمان رادەگەیەنین کە کۆنفرانسی "یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە ڕۆژاڤا" ڕۆژی 26ـی نیسان بەڕێوەدەچێت. ئاماژەی بەوەکردووە: یەکگرتوویی کورد پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد لە سووریا، هیوادارین هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆیان جێبەجێ بکەن. هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بە رۆڵی سەرکردەکانی باشووری کوردستان کرد لە پاڵپشتیی رۆژئاوای کوردستان و گوتی: ''لە باشووری کوردستان بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی و لە یەکێتی کاک بافڵ، لە باکووری کوردستان و زیندانی ئیمرالییەوە بەڕێز سەرۆک ئۆجەلان، هەروەها رێکخستنەکانی دیکەی کوردستان دەم پارتی و هەموو رێکخستنەکانی دیکە پاڵپشت بوون.'' دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، دیالۆگی کوردی-کوردی لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بووە رۆژەڤ. ئیلهام ئەحمەد گوتی: ''دەنگی گەلی خۆمان دەبیستین کە دەڵێن یەکبگرن و چارەنووس دیاری بکرێت، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە ئێمەش ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئەنجام. لەبارەی رێککەوتنی ئەنەکەسە و پەیەدە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: ''گفتوگۆ و گەنگەشەی دوور و درێژ کراوە و ئەمڕۆ بەڵگەنامەی گفتوگۆکان لێرە دەخوێنرێتەوە''. فەرماندەی گشتی هەسەدە، بەو بۆنەیەوە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکات کە هاوکار بوون بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بگاتە ئەنجام و و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکە دەخوازێت. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆنفرانسەکە، زیاتر لە 300 کەس لە نوێنەری پارتە سیاسییەکان و کەسایەتی کورد بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن کە لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەدەچێت. مەزڵووم عەبدی گوتی: ''بۆ پارستنی ئەم هەرێمە، شەڕێکی سەخت کرا کە تێیدا 13 هەزار کچ و کوڕی ئێمە شەهید بوون و نزیکەی 30 هەزار کەس لە هەڤاڵانمان بریندار بوون، بۆیە ئەم کۆنفرانسە پێشکێش بە شەهیدەکانمان دەکەین". فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی: ''هەڵبەت ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکی کەمدا پێکنەهاتووە، بەڵکو ماوەیەکی دوور و درێژە هەوڵی دیالۆگی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، پێشتریش هەندێک رێککەوتن و دیدار دروست بوون و ئەوە لە بەردەوامیی ئەو هەڵانەیە.'' مەزڵووم عەبدی باسی لە رۆڵی هەندێک کەسایەتی و لایەن دەکات لە بەرەوپێشبرنی دیالۆگی کوردی- کوردیی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە و دەڵێت: ''لەو پرۆسەیەدا گەلێک هێزی کوردستانی هاوکاریی رۆژئاوای کوردستانیان کرد، لە سەرووی هەمووانەوە ئێمە پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی بیر دەهێنینەوە و سوپاسی دەکەین''.
بەگوێرەی نووسراوی کۆمسیۆن، کاتژمێر 10ـى بەیانى ئەمڕۆ سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانیى بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجام دەدرێت، گۆڕانی کوردسات داوا دەکات ئەندامانی کۆنفرانس بەشدار بن و گۆڕانی گردەکەش دەڵێت، نیسابی یاسایی تەواو نابێت. گۆڕانی کوردسات داوا لە ئەندامانی کۆنفرانس دەکات بەشداری بکەن و ناوی زیاتر لە دوو هەزار کەسیان داوەتە کۆمسیۆن کە بەشدار دەبن. سەرچاوەیەک ڕایگەیاند، لە کۆنفرانسەکەدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، نوێنەری سلێمانی لە کۆمسیۆن، نوێنەری حکومەت و پارێزگای سلێمانی بەشدار دەبن. لای خۆشییەوە گۆڕانی گردەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، بزوتنەوەی گۆڕان لە پێنجی ئەم مانگەدا کۆنفراسی ئەنجامداوە و بە شێوەیەکی یاسایی داوا دەکەن کۆمسیۆن پەسەندی بکات. دەشڵێت، کۆنفرانسەکە خەوشی یاسایی لەسەرە و نیسابی یاسایی تەواو نابێت. گۆڕانی گردەکە ئاماژە بەوەش دەکات، بەگوێرەی یاسا دەبێت هەزار و 64 کەس لە ئەندامانى دەستەى گشتى بە بەڵگەنامەی فەرمی ئامادە بن، بۆیە بەرپرسیارێتیى یاسایی سەبارەت بە نیسابی یاسایی دەخەنە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەشڵێ، کۆمسیۆن پێویستە خۆی دوور بگرێ لە هەر دەستێوەردانێکی نایاسایی.
"کۆنفرانسى یەکڕیزيى هەڵوێستى کورد" ئەمڕۆ لە شاری قامیشلۆ بە بەشداری زیاتر لە 400 کەسایەتيی رۆژئاوا و باکوور و باشووری کوردستان و کەسایەتییەکانی چەند ناوچەیەکی سووریا بەڕێوەدەچێت. کۆنفرانسەکە لەژێر ناونیشانی "یەکڕیزیى هەڵوێستى کورد لە رۆژئاواى کوردستان" لە هۆڵی قامیشلۆ لە پارکی ئازادی شارەکە بەڕێوەدەچێت و یەک رۆژ دەخایەنێت. بەگوێرەی لیژنەی ئامادەکار، نوێنەری سەرجەم حیزبە کوردییەکان، رێکخراوەکانی ژنان و لاوان، کەسایەتییە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان، هونەرمەندان، سەرۆک هۆزەکان لە رۆژئاوا، لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکانی دیمەشق، حەلەب، حەما، باب و عەزاز بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن. هەروەها شاندێکی پارتى دەم لە باکووری کوردستانەوە، لەگەڵ نوێنەری پارت و رێکخراوەکانی هەرێمى کوردستان ئامادەدەبن. لەوانە شاندى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان و نوێنەرى مەسعود بارزانى، هەروەها نامەی پشتیوانی لایەنەکانی دەرەوەی وڵاتیش دەخوێندرێتەوە. بەشی یەکەمی کۆنفرانسەکە بۆ رووماڵی میدیاکان کراوەیە، کۆنفرانسەکە کاتژمێر 10ـی بەیانی دەستپێدەکات و وتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکە لەلایەن مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە پێشکەش دەکرێت. دوابەدوای لێدوان و گفتوگۆی وتاری میوانەکان، کۆنفرانسەکە بەرووی میدیاکاندا دادەخرێت. لە کۆنفرانسەکەدا باس لە "رەشنووسی بەڵگەنامەی یەکگرتوویی کورد" دەکرێت کە پێشتر پێشنیاز کراوە، کۆنفرانسەکە بە دەرکردنی راگەیەندراوێک بۆ رایگشتی کۆتاییدێت. بەگوێرەى لیژنەی ئامادەکار، زیاتر لە 60 دەزگای راگەیاندن و نزیکەی 200 رۆژنامەوان بۆ رووماڵى کۆنفرانسەکە بانگێشتکراون. ئاداری ئەم ساڵ هەردوولای رۆژئاوای کوردستان لە حەسەکە کۆبوونەوە؛ سکۆت بۆولس، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوو، ئەو کۆبوونەوە دوای دوو کۆبوونەوەی دیکە هات لە قامشلۆ، پێش ئەویش هەوڵی دیکە لە ساڵانی رابردوودا هەبووە. سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە دەڵێت، "لەو کۆنفرانسەدا پێداچوونەوە و گفتوگۆ لەسەر رەشنووسی دیدگەی سیاسیی هاوبەش دەکرێت، رەشنووسەکە دوو ئامانجی سەرەکیی هەیە، شێوەی داخوازکراو بۆ دەوڵەتی سووریا، لەگەڵ مافە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە سووریا." بە گوتەی ئۆسۆ، ئەو دیدگە هاوبەشە ئەنجامی چەندین ساڵ گفتوگۆ و هەوڵدانە بۆ یەکخستنی هەڵویستەکان، "داخراو دەبێت بۆ میدیا لە زۆربەی بەشەکانیدا، سێ ئەندامی بۆردی سەرکردایەتی گوتاری کردنەوە پێشکێش دەکەن و روونی دەکەنەوە لەو کۆنفرانسەدا باسی چی دەکرێت." بەپێی زانیارییەکان، دوای ئامادەکردنی، دۆکیۆمێنتە سیاسییەکە دەدرێتە بەرپرسانی حکومەتی کاتی لە سووریا و شاندێک لە هەردوولاوە بەڵگەکە دەبەنە لای بەرپرسانی سووریا، ئەندامانی ئەو شاندە بەپێی راسپاردە و ئەنجامی کۆتایی کۆنفرانسی نیشتمانی دیاری دەکرێت. کۆنفرانسەکە، هەنگاوەکانی و ئەنجامەکەی بە قۆناخێکی گرنگ بۆ کورد دادەنرێت لە سووریا، چونکە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوامە لە بونیاتنان و دانان و رێکخستنی ئەو دامەزراوانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دروستی کردوون؛ بەڵام لە ئاڵنگاریشدایە، بەتایبەت لە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان کە ئێستا کەمتر بووەتەوە لەگەڵ هەڕەشەی پاشماوەکانی داعش، ئەو هەنگاوەی لایەنە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەینێن، رەنگە کاریگەرییش لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی وڵاتانیش لەگەڵ سووریا دابنێن، چونکە فەرەنسا، ئەڵمانیا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بەتایبەت داوای حکومەت و دەسەڵاتێکی گشتگیر دەکەن، کە هەمووان تێیدا بەشداربن.
ئەرتان ساغباش، پزیشکی سڕی سوورەیا ئۆندەرسەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی ئۆندەر وتی: گەیشتنی بەم بارودۆخە موعجیزەیەکی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەی ئەگەری ڕزگاربوونی کەمە، بەڵام هیوامان هەیە. سڕی سوورەیا ئۆندەر، جێگریی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی سەرەکی شاندی ئیمرالی دەم پارتی، شەوی ١٥ـی نیسان لە ماڵەکەی خۆیدا تووشی جەڵدەی دڵ بوو و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتینگەیل لە ئەستەنبوڵ کرا، پاش نەشتەرگەرییەکی ١٢ کاتژمێری، ئێستا لە بەشی چاودێری چڕدا چارەسەریی بۆ ئۆندەر دەکرێت، بەڵام هێشتا بە ئاگا نەهاتووە و مەترسیی لەسەر ژیانی بەردەوامە. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەرتان ساغباش، پزیشکی سری سوورەیا ئۆندەر، سەبارەت بە باری تەندروستی ئۆندەر بۆ ئاژانسی هەواڵیی میزۆپۆتامیا قسەی کرد. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەرتان ساغباش وتی: ئێمە دەرمانی پشتیوانیکەری دڵ و نیتریک ئۆکسایدی دەدەینێ، ڕاستییەکەی ئەم دەرمانانە دەدەین بۆ کەمکردنەوەی پەستانی ڕێڕەوی دەماری سییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر دڵی، کۆرتیزۆن دەدرێت بۆ ئەوەی کێشەیەکی تر لە دەمارەکانیدا ڕوونەدات، هەروەها کۆرتیزۆن دەدەین بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی مێشک. ئەنتی بایۆتیک دەدەین بۆ ئەوەی هیچ جۆرە هەوکردنێک دروست نەبێت. یەکێک لەو شتانەی زۆر لێی دەترسین هەوکردنە. دەرمانی خوێن شلکەرەوە دەدەین بۆ ئەوەی سووڕی خوێن باش بێت. واتە ئەمە چارەسەرێکی فرە لایەن و فرە پێوەرە. زۆرێک لە هاوڕێیانمان بەشداری ئەم چارەسەرە دەکەن و بەرپرسیارێتی وەردەگرن. وەک کاری گرووپێک بەڕێوەی دەبەین. ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا هیچ دەرمانێکی خەوکەر وەرناگرێت. چەند ڕۆژە هیچ شتێکی خەوکەر وەرناگرێت بەڵام بە ئاگا نایەتەوە. هۆکاری ئەمە چییە؟ ئاوسان. بەهیواین ئاوسان بێت. لەوانەیە بێ ئۆکسجینیش مابێتەوە. ئێمە پێی دەڵێین مێشکی ئەنۆکسیک. ئەمەش لەوانەیە لەکاتی ڕیسوسیتاسیۆندا ڕووی دابێت. ئێستا ناتوانین ناوی لێبنێین. ناتوانین بڵێین ئەمە بەڕوونی ئەو شتەیە کە لە مێشکیدا ڕوودەدات. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتیشی: لە ڕاستیدا ئەو بەخت یاوەرە چونکە گەیشتنی بەم بارودۆخە موعجیزەیەکی گەورەیە. ئێمەش بەدوای موعجیزەیەکدا دەگەڕێین. هەوڵدەدەین ئەم موعجیزەیە بهێنینە دی. دەبێت زۆر هاوسەنگ بین. هیوامان بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەی ئەگەری ڕزگاربوونی کەمە، بەڵام هیوامان هەیە.
کەناڵى حەدەس رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەى باس لەوە دەکەن فەرەنسا هێزەکانى لە سوریا زیاد دەکات دوورە لە راستییەوە و فەرەنسا وەک ناوبژیوانێک لە سوریا دەمێنێتەوە و بە شێوازی دیکە پشتیگیر هەسەدە دەکات. کەناڵەکە لەبارەى دەنگۆى زیادکردنى هێزەکانى فەرەنسا لە سوریا دەڵێت، سەرەڕاى ئەوەى فەرەنسا هێزەکانى لە رۆژاڤاى کوردستان زیاد ناکات، بەڵام بیر لە رێگایەکى دیکە بۆ پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکاتەوە. دەشڵێت، ئەم هەنگاوەى فەرەنسا لە بەرامبەر هەنگاوەکەى ئەمریکایە کە بەنیازە ژمارەی سەربازانی لە رۆژاڤاى کوردستان کەمبکاتەوە. کەناڵەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، فەرەنسا لە هەنگاوى یەکەمدا هەوڵدەدات ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی داعش چڕتر بکاتەوە لە رۆژاڤاى کوردستان و لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە، هاوکات، لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانیشەوە پاڵپشتی هێزە کوردییەکان دەکات. هەروەها کەناڵى حەدەس دەشڵێ، فەرەنسا لە سوریا، وەک ناوبژیوانێک لە نێوان هێزەکانی سوریاى دیموکرات و دەسەڵاتدارانی سوریا و تورکیا مامەڵە دەکات.
هەرچەندە لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ڕێککەوتوون لەسەر پەسەندکردنی یاسای ئێستای هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، هەڵەبجە بەهۆی گۆڕینی بۆ پارێزگا دۆخێکى هێناوەتە ناو هاوکێشە سیاسییەکانەوە، هەنگاوێک کە پێویستی بە کردنەوەی ناوەندێکى جیایە چاودێران بەدەروازەی هەموارکردنى یاساى هەڵبژاردنى دەزانن. رۆژى دووشەممە 14-04-2025 لەپەرلەمانی عێراق دەنگ بە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە درا و هەڵەبجە بووە 19ـەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان. ئومێد محەمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بە ئەلعالەم الجدید-ی ڕاگەیاند، "جێبەجێکردنی یاسای گۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگارییەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە بەهۆی بڵاونەکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراق". ئومێد محەممەد دەشڵێت، "خستنەڕووی شارەکە لە پلانی هەڵبژاردنەکاندا وەک پارێزگارییەکی سەربەخۆ پێویستی بە ڕێوشوێنی دیکەش هەیە، دیارترینیان دیاریکردنی ڕووبەری جوگرافی و ئیداری پارێزگاکە، کە ئەمەش بابەتێکە پەیوەستە بە دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە". دامەزراندنی هەڵەبجە وەک ناوەندێکى هەڵبژاردن پێویستی بەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان سنووری ئیداری خۆی دیاری بکات، پڕۆسەیەک کە هێشتا تەواو نەبووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە قسەکردن لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە پێشوەختەیە، بە گوتەی نوێنەران، کە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەو بابەتە بۆ خولی داهاتووی هەڵبژاردن دوابخرێت. ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەدەخاتەڕوو، یاساکە دەسەڵاتی دیاریکردنی سنووری جوگرافی و ئیداریی هەڵەبجەی وەک پارێزگابە کابینەی هەرێم بەخشیوە، ئەم کۆبوونەوەیە هێشتا نەکراوە، واتە تا ئێستا یاساکە بە کردەوە جێبەجێ نەکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانە بۆ دوای هەڵبژاردن دوادەخرێت، واتە دۆخی ئێستا لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە". لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا، نزیکەی ٧٦ هەزار دەنگدەر لە هەڵەبجە مافی دەنگدانیان هەبووە، کە ٤٨ هەزاریان لە ناوەندی قەزاکان و ٢٨ هەزاریان لە قەزاو ناحیەکانى بیارە و خورمال و سیروان دابەشکراون، بەپێی ئامارە ناوخۆییەکان. ھەڵەبجە كە بە هەڵەبجەی شەهیدیش ناسراوە، ناوەندی پارێزگای ھەڵەبجەیە لە هەرێمی كوردستان، دەكەوێتە نێوان ھێڵی درێژی 46ی پلەی ڕۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانی 35–36 پلەی باكوور و 83 كیلۆمەتر باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانییەوە. ڕووبەرەكەی 1599 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، ئەو سەردەمەی كە لەسەر پارێزگای سلێمانی بوو %39٬9 ڕووبەری ھەموو ئەو پارێزگایەی پێكدەھێنا. هەرچەندە ئاماری نوێ لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئامارێكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە 115 هەزار كەسی تێپەڕاندووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی نیسان، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی کۆبوونەوەکانی لە هەرێمی کوردستان، نووسیویەتی: هەمیشە فەرەنسا پشتیوانی لەکوردەکان دەکات و لە پاڵیان دەمێنێتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، پێکەوە لەگەڵ کوردەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوام دەبین. لە کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێم دۆخی سیاسیی سووریا گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەشداربوونی کوردان و پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات، گەیشتن بە سەقامگیری سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵات کرایەوە. شەوی ڕابردوو، هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(قەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری هەولێری باشووری کوردستان لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. بەپێی ئەوەی قەسەدە ڕوونی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان نوێل بارۆ، ستایشی ڕۆڵی قەسەدە لە تێکۆشان دژی تیرۆردا کرد و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو جۆرە پشتگیرییەکان بۆ ئەم هێزە دابین بکرێت تا شەڕی دژی چەتەکانی “داعش” بەردەوام بێت، سەقامگیری و ئەمنی سووریا بە گشتیی بەهێز بکرێت. وەزیری فەرەنسا جەختی لەسەر بەشداری کوردان و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات کردەوە، کە سووریا بگەیەنێتە سەقامگیرییەکی سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بونیادنانەوەی وڵات. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وتی: وڵاتەکەمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات 10 ساڵە شان بە شانی یەکدی لە ڕووبەڕوونەوەی داعش لە ناوچەکە بەردەوامن. ژان نوێل بارۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد لە حکوومەتی سووریا لەبەرچاو بگیرێت. دوێنێ پێنجشەممە 23ـی نیسانی 2025، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر، لەمیانی سەردانەکەدا گەڵ هەر یەکە لە بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.
وەزیری دادی تورکیا ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکە هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاند، گرنگترین بابەتی کۆبوونەوەکە باشترکردنی هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالانە و پێویستە لەم بارەیەوە بەبێ هیچ بیانوویەک هەنگاو بنرێت. ئەمڕۆ، لە وەزارەتی دەوڵەتی تورکیا، کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی یەکسانیی و دیموکراستیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ یەڵماز تونچ، وەزیری داد بەڕێوەچوو و ماوەی دوو کاتژمێری خایاند، دوای کۆبوونەوەکە گوڵستان کلچ کۆچیگیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا. گوڵستان کلچ کۆچیگیت لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کۆبوونەوەکە لەسەر ئەو بابەتانەبووە کە وەزارەت دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆ پرۆسەکە و ڕایگەیاند، پێم خۆشە ڕایبگەیەنم کە سەرەتاییترین بابەتی گفتوگۆکانمان دۆخی کارکردن و تەندروستی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بوو، کە لە ئیمرالی دایە و بە بانگەوازی ٢٧ـی شووبات قۆناغێکی نوێی لە تورکیا کردەوە، دەرگای چارەسەرکردنی دیموکراسییانەی کێشەی کورد کردەوە، ئێمە بە بەڕێز وەزیرمان ڕاگەیاند کە لە ژێر دۆخی گۆشەگیریدا، بەڕێز ئۆجالان ناتوانێت بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکات و دۆخی بەڕێز ئۆجالان گرنگترین بابەتە بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە و ئەم دۆخە دەبێت بەبێ هیچ بیانوویەک هەنگاوی بۆ بنرێت. لەم بارەیەوە، لە داهاتوودا دەتوانین هەندێک پێشکەوتن ببینین. گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتیشی: کێشەی زۆر جددی لە سیستەمی دادپەروەری تورکیادا هەیە و ئێمە دەرفەتی ئەوەمان هەبوو کە بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی بکەین، یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان بەندکراوە نەخۆشەکانە، دەزانین کە ئەمە نە مرۆییە و نە یاساییە، بیروڕای خۆمان دەربڕی دەربارەی پێویستی ئەنجامدانی ڕێکخستنێکی خێرا بۆ بەندکراوە نەخۆشەکان، بەخێرایی ئازاد بکرێن، ئێمە داواکارییەکانمان بۆ ئەم بابەتە پێشکەش کرد. هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا گوڵستان کلچ کۆچیگیت دەستنیشانی کرد، کە ئەوان ڕێکخستنی یاسایی لە کاتی پەتای کۆرۆنادا بۆ مەرجەکانی ئازادکردنی مەرجدار کە دەرکرابوو بەڵام “تاوانە ڕێکخستنییەکان” لەوە بەدەربوو، ئێمە لەوێ وتمان کە پێویستە ئەو بابەتەی تاوانە ڕێکخستنییەکان لە دەرەوەی یاسا دەهێڵێتەوە چارەسەر بکرێت و یاسایەکی یەکسان بێت، وەک ئێوەش دەزانن دادگای دەستووری تاوانی ‘هەرچەندە ئەندامی ڕێكخستن نەبێت بەڵام بە ناوی ڕێکخستنەکە تاوانی کردووە’ـی گەڕاندبووەوە، بەڵام سەرەڕای بڕیاری دادگای دەستووری، بەداخەوە پەرلەمان بە هەمان شێوە ئامادەی کرد و پەسەندی کرد، هەندێک زانیاری گەیشتە دەستمان کە دیسان دەیخەنە پاکێجی نوێوە، پێویستە ئەم بابەتە بەبێ بیانوو هەڵبگیرێت، داوامان لێکرد کە ڕێکخستنێک بەپێی بڕیاری دادگای دەستووری ئامادە بکرێت. گوڵستان کلچ کۆچیگیت ڕاشیگەیاند، یەکێک لە بابەتەکانی تری کۆبوونەوەکە لیژنەکانی بەڕێوەبردن و چاودێری بوون کە ڕێگر دەبن لە ئازادکردنی بەندکراوان، داوامان کرد ئەم لیژنانە سەرلەنوێ هەڵبسەنگێندرێن و دیموکراتیزە بکرێن، لەگەڵ ئەمەشدا؛ وتمان کە پێویستە ئەم لیژنانە بڕیارەکانیان بەپێی پێوەری بابەتی بدەن، ئەم میکانیزمە، وەکو میکانیزمی سزادانی دووەم بەکاردەهێنرێن و داوامان کرد دیموکراتیزە بکرێن و بەم شێوەیە لە پاکێجەکەدا جێگیر بکرێن. گوڵستان کلچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوە کرد، باس لە سزا دیسپلینەکان دژی بەندکراوان کران و وتی: ئەم سزا دیسپلینانە دەبێت بەڕاستی سەرلەنوێ ڕێک بخرێنەوە و ئەو چالاکییانەی بەندکراوان کە بۆ باشترکردنی دۆخی بەندیخانە ئەنجامیان دەدەن، وەک تاوانی دیسپلین هەژمار دەکرێن نابێت قبوڵ بکرێت. گوڵستان کلچ کۆچیگیت پاشان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە، لە وەڵامی پرسیاری “وەڵامی وەزیر چی بوو دەربارەی گۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان و ئەو دەستکارییانەی داوا دەکەن لە یاسای لێبوردن؟”، گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتی: دەرفەتمان هەبوو کە هەموو ئەمانە بە دووقۆڵی باس بکەین، بەڕێز وەزیر بە وردی تێبینی هەموو ئەمانەی کرد، بەڕاستی هەندێک بابەتی دەستکاری یاسایی هەیە کە لەلایەن هەموومانەوە هاوبەشن، هەموو کەسێک دەزانێت کە چەندین دەستکاری یاسایی نادادپەروەرانە، ناهەق و دژی یەکسانی هەن، بۆ نموونە، کاتێک یاساکە دەرچوو، پەتای کۆرۆنا تەنها بەندکراوانی مەدەنی دەگرتەوە، مەترسی بۆ هەمووان هەبوو بەڵام تاوانی ڕێکخستن لەدەرەوەی ئەمە جێهێڵدرا، ئێمە ڕامانگەیاند کە ئەمە نادادپەروەرانەیە و قبوڵ ناکرێت، ئەوانیش ڕایانگەیاند کە لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن. ئەوان بە وردی تێبینی هەر بابەتێک دەکەن کە ئێمە باسمان کرد و پشتڕاستیان کردەوە کە لەسەر ئەم بابەتانە کار دەکەن و لە داهاتوودا بە دووقۆڵی بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەین. هەڵسەنگاندنمان دەرباری دۆسییەی کۆبانێ و چەند بابەتێکی دیکەش کرد.