روانگەی سووری بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، لە ماوەی چوار مانگدا رێکخراوى داعش 68 هێرش و پەلامارى لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى بەرێوەبەرایەتیى خۆسەر هەبووە و بەهۆیەوە 28 کەس لە هاوڵاتیی سڤیل و ئەندامی هەسەدە گیانیان لەدەستداوە. روانگەی سووری رایگەیاندووە، لەمدواییەدا پەلامارەکانى داعش زیاتر بووە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتى هەسەدەشی کردووەتە ئامانج. روانگەکە دەڵێت، چەکدارانی داعش رۆژی 28ـی ئەم مانگە بنکەیەکی سەربازیی هەسەدەیان لە دێرەزوور کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە دەستبەجێ پێنج ئەندامى هەسەدە گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکە بریندار بووە. بەگوێرەی ئاماری روانگەکە، تەنیا لە مانگی کانوونی یەکەمدا داعش 16 پەلامارى داوە و 10 ـان لە دێرەزۆر بووە و بەو هۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە. لە مانگی شوباتیشدا داعش 11 پەلامارى داوە و نۆیان لە دێرەزۆر بووە پاشان لە مانگی ئازاردا 20 پەلامارى دیکەی هەبووە و زۆرینەشیان لە دێرەزۆر بوون. هاوکات لەسەرەتاى مانگى نیسانەوە تاوەکو ئێستا، لە 21 پەلامارى داعشدا کە 19ـیان لە دێرەزۆر بووە و 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.

  وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) ڕایگەیاند، لە ڕۆژئاوای سووریا داعش هێرشی کردووه‌تە سەر هێزەکانیان و لە ئەنجامدا پێنج شەڕڤان شەهید بوون. دووشەممە 28ـی نیسانی 2025، فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، داعش لە دێرەزوور لە ڕۆژئاوای سووریا هێرشیان کردووەتە سەر هێزه‌كانیان. هاوکات وتەبێژی هەسەدە ئاماژەشی داوە، پێنج شەڕڤان لەڕوبەڕوبونەوەکاندا شەهید بوون. ئەو ئاژانسە ڕاشیگەیاندووە، داعش ساڵانێک بوو یاسای توندی ئیسلامی بەسەر بەشێک لە ناوچەكانی سووریا و عێراق سەپاندبوو، ئێستاش هەموو هەوڵێک دەدات بگەڕێتەوە و چالاكییه‌كانی ده‌ست پێ بكاته‌وه‌. پارێزگای دێرەزوور لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵ کرابوو، بەڵام لە ساڵی 2017 لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموكراته‌وه‌ کۆنترۆڵ کراوە.

  پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" ڕایگەیاند،"تائێستا هیچ هەنگاوێكی بەرچاو بۆ جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن حكومەتەوە نەنراوە". کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بە بۆنەی ١ـی ئایار ڕۆژی کرێکاران ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە. لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەدا هاتووە: شاندی دەم پارتی لێدوانی گەشبینانە دەدات، دەبیستین کە ڕێبەر ئاپۆ هیوای هەیە و درێژە بە کارەکانی دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بانگەوازە لەلایەن حکومەتەوە نەنراوە. هەروەها دەشڵێن: هیوادارین ئەم دۆخە بگۆڕێت، ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادیی هەوڵ و کارەکانی بەرەو پێش ببات و بتوانێت کۆنگرەی پارتیمان کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، ببەستێت. ڕاگەیاندراوەکەی پەکەکە بەم شێوەیەیە: “ئێمە لە ١ـی ئایاردا ڕۆژێکی نوێی یەکڕیزیی، یەکگرتن و تێکۆشانی چینی کرێکار دەژین، لە دوای ٨ـی ئادار و نەورۆز، لە ١ـی ئایاردا، کرێکاران و گەلانی زەحمەتکێش گۆڕەپانەکان پڕ بکەن و لە هەموو گۆڕەپانێک تێکۆشانی دیمووکراسیی دژە فاشیست بەرز بکەنەوە، بە دەنگی بەرز داوای خۆیان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەرانەی دیموکراسیی دەردەبڕن و دژی فاشیزم تێبکۆشن، بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان و ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی یەکێتی، یەکگرتن و تێکۆشانی خۆیان پتەو بکەن. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە ١ـی ئایار بە تایبەت لە ڕێبەر ئاپۆ، لە هەموو هەڤاڵان، کرێکاران و ڕەنجدەران، ژنان، گەنجان، گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستە دیموکراتییکەکانمان پیرۆز دەکەین، لە ١ـی ئایاری ساڵی نوێدا هیوای سەرکەوتنی گەورە بۆ هەموو ئەو کەسانە دەخوازین کە بۆ ئازادیی و دیموکراسیی تێدەکۆشن، لە کەسایەتی فەرماندە گەریلا محەمەد قەرەسوونگور، محەمەد ئەمین ئاسلان و ڕەمەزان کاپلاندا شەهیدانی تەقسیم لە ساڵی ١٩٧٧ و هەموو شەهیدانی ١ـی ئایار، بە ڕێز و خۆشەویستی و سوپاسگوزارییەوە بەبیر دەهێنینەوە، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ هەڤاڵ و هاوڕێمان سری سوورەیا ئۆندەر دەخوازین کە لە پرۆسەی ١ـی ئایاردا شەڕێکی بەهێز بۆ ژیانی خۆی دەکات. ١ـی ئایار یەکێکە لە میراتە مانادار و زیندووەکانی سۆسیالیزمی بنیاتنراو، بێگومان ئەوەی ئەم ڕۆژە مانادار دەکات، ڕاستی شەهید و بەرخۆدانییەتی، بەرخۆدانی ڕزگاری لە فشار، زۆرداری و ڕەنجخۆرییە، کە لەو پێناوەدا شەهید دراوە، هەمیشە بەهایەک کە ڕێگا نیشان دەدات و هێز دەدات بە تێکۆشانی ئازادیی، یەکسانیی و دادپەروەری بنیاتناوە، هەرچەندە زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی سۆسیالیزمی بنیاتنراو بە درێژایی مێژوو تێپەڕێندراون، ڕاستی ١ـی ئایار وەک ئەستێرەیەکی ڕێنیشاندەر کە ئیلهامبەخشە، لە یادەوەری خەڵکی کرێکاردا ماوەتەوە. تەڤگەری ئازادیی کوردستان و گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ، بەرخۆدانێکی مێژوویی ئازادییان پەرەپێدا، ٨ـی ئادار و نەورۆز بە مانایەکی هەرە ڕاست پیرۆزکران، هەروەها خەباتی ئازادیی و دیموکراسییان لە ١ـی ئایاردا بەرزکردەوە، ئەم تێکۆشانە مانادارترین ژیانی پیشاندا، هەموو ١ـی ئایارێک بووەتە ڕۆژی نوێبوونەوەی هۆشیاری و ئیرادەی سۆسیالیستی دیموکراتیک، لە هەمان کاتدا بووەتە ڕۆژێک کە تێیدا ڕێکخستن و چالاکیی بەردەوام لە پەرەسەندندایە، تیۆری شارستانییەتی دیموکراتیک کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە، وایکردووە کە لە ١ـی ئایار وردتر تێبگەین و بەپێی ماناکەی بژین. بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان ئەم ١ـی ئایارە لەسەر بنەمای “بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” کە ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شووباتدا پێشکەشی کرد تێدەپەڕێنن، ئاشکرایە کە ئاشتی بەبێ ئازادیی و دیموکراسیی نابێت، بەبێ ئاشتی لە کوردستاندا، مەحاڵە کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت و ئاشتییەکی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بەدی بهێنرێت، چونکە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری جیهانی لەسەر بنەمای پارچەکردنی کوردستان و هەژموونی داگیرکاری بنیات نا، بۆیە ئاشتی ڕاستەقینە لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بە ئاشتی لە کوردستاندا جێگیر دەبێت. کۆمەڵگای دیموکراتیک پێگەیەکی سروشتییە کە لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا دەگونجێت، ئەم کۆمەڵگایە کۆمەڵگەیەکی ئابووری، ئیکۆلۆژی، ئازادیی ژن، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و سۆسیالیستی دیموکراتیکە، لە ڕۆژی ئەمڕۆدا ژنان و گەلی کورد و بندەستان زیاتر لە هەموو کەسێک پێویستیان بە ئاشتیی و گەشەپێدانی کۆمەڵگای دیموکراتیکە، بۆیە گەلەکەمان و دۆستانمان بەتایبەت ژنان و گەنجان، باشتر و قووڵتر لە مانای “بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” تێدەگەن و چالاکییەکانی ١ـی ئایار دەکەنە دەرفەتێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو هۆشیاری و چالاکییە، بە بڵاوکردنەوەی پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە سەرانسەری جیهاندا، هۆشیاریی ئینتەرناسیۆنالیستی سۆسیالیستی دیموکراتیک و هاودەنگی لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بەرەوپێش دەبەن. گەلەکەمان و جەماوەری دیموکراتیک باش دەزانن کە ئێمە وەک تەڤگەر و گەل لە ٢٧ـی شووباتدا بە هەموو توانامانەوە پشتیوانیمان لە بانگەوازیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک کرد و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووشدا هەوڵمانداوە بە دروستی لەم بانگەوازە تێبگەین و بە سەرکەوتوویی جێبەجێی بکەین، ئێمە بە ڕوونی ئەو هەڵوێستەمان لە لێدوانەکانی ١ـی ئادار و نەورۆزدا ڕاگەیاند. سەرەڕای دواکەوتنەکانی حکومەتی ئاکەپە، ئێمە بەردەوامین لە پاراستنی ئەم هەڵوێستە، چونکە ئێمە بڕیارێکی جددییمان لە چارەسەرکردنی کێشەکان ڕاگەیاندووە، هەروەها بە تێگەیشتنێکی فراوانەوە لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە دەکەین و هەوڵدەدەین نەبینە لایەنێک کە پرۆسەکە هەڵوەشێنێتەوە. شاندی دەم پارتی لێدوانی گەشبینانە دەدات، دەبیستین کە ڕێبەر ئاپۆ هیوای هەیە و درێژە بە کارەکانی دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بانگەوازە لەلایەن حکومەتەوە نەنراوە، هیوادارین ئەم دۆخە بگۆڕێت، ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادیی هەوڵ و کارەکانی بەرەو پێش ببات و بتوانێت کۆنگرەی پارتیمان کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، ببەستێت. لێرەدا جارێکی دیکە، گەل و دۆستانمان ئاگادار دەکەینەوە و داواتان لێدەکەین بۆ ئەوەی بە دروستی لە پڕۆسەکە تێبگەن و بە سەرکەوتوویی بانگەوازی ٢٧ـی شووبات جێبەجێ بکەن، زۆر ڕوونە کە بانگەوازی ٢٧ـی شووبات بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، بانگەوازێک نییە بۆ ئەوەی چاوەڕێی وەرگرتنی شتێک لە حکومەت یان دەوڵەت بکرێت، بە پێچەوانەوە بانگەوازێکە بۆ پەروەردە، ڕێکخستن و چالاکیی دیموکراتیکی کۆمەڵگا بە هۆشیاری ئازادیی و دیموکراسییەوە. ئاشتی لە ڕێگەی ئەمەوە بەدی دێت و کۆمەڵگای دیموکراتیک تەنها لەسەر ئەم بنەمایە پێکدێت، بۆیە نابێت کەس لە دۆخی نیگەرانی و چاوەڕوانیدا بێت، بەڵکوو پێویستە هەمووان بەگوێرەی سروشتی یەکڕیزیی و یەکگرتووی و تێکۆشانی ١ـی ئایار کۆببنەوە و بۆ پەرەپێدانی هۆشیاری، ڕێکخستن و یەکڕیزیی سۆسیال-دیموکراتیک هەموو بندەستان، لەسەر ئەو بنەمایە سەفەربەر ببن. پێش هەموو شتێک دەبێت مرۆڤ زهنییەت و شێوازی ژیانی خۆی بگۆڕێت، بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک، پێش هەموو شتێک بانگەوازێکە بۆ شۆڕش لە عەقڵییەت و ژیاندا، پێویستە زۆر باش لەم ڕاستییە تێبگەین، لە هێڵی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیکدا کاتی گۆڕان و گۆڕانکارییە و ئەم پڕۆسەیەش ئیتر دەستی پێکردووە، هەرچەند بەرۆخۆدانیش بکەین هیچ کەسێک ناتوانێت لە دەرەوەی ئەم گۆڕان و گۆڕانکارییە بمێنێتەوە. ڕێبەر ئاپۆ گۆڕان و گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەی خۆی ئەنجامدا، پەکەکەش لەسەر بنەمای ئەم گۆڕان و گۆڕانکارییە دەژی، لەسەر ئەم بنەمایە هەموو گەلی کورد، ژنان و گەنجانی کورد گۆڕان و گۆڕانکاریی دیموکراتیک ئەنجام دەدەن و ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕان و گۆڕانکاریی دیموکراتیک لە سەرتاسەری تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەم ١ـی ئایار و هەمیش مانگی شەهیدان دەبێتە دەرفەتێک بۆ گەلەکەمان و دۆستانمان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بە ئەزموونی ئەو جۆرە گۆڕان و گۆڕانکارییەوە بژین. هەر لەسەر ئەو بنەمایانەش، جارێکی دیکە پیرۆزبایی ١ـی گوڵان لە هەموو کرێکاران، ڕەنجدەران، ژنان و گەنجان، هێزە سۆسیالیست و شۆڕشگێڕەکان دەکەین، لە کەسایەتی هەڤاڵ حەقی قەرار، محەمەد قەرەسونگور و هۆزان مزگیندا هەموو شەهیدانی مانگی گوڵان بە ڕێز و خۆشەویستی و سووپاس و پێزانینەوە بەبیر دەهێنینەوە، داوا لە هەموو گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستانی دیموکراسییمان دەکەین کە لە هەموو شوێنێک، بە شێوەیەکی چالاکانە و بەهێز بەشداری پیرۆزباییەکانی ١ـی ئایار بکەن.”

  کەشناسی پیشبینی خۆی بۆ کەشی ئەمڕۆ کردووە و تەنیا ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و لە هیچ شوێنێک باران نابارێت. بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ تانیا لە ئاسمانی هەندێک ناوچە هەوردەبێت بەڵام سبەینێ لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی پشدەر باران دەبارێت. هەرچی سەبارەت بە پلەکانی گەرماشە وا پێشبینی کراوە کە جێگیر دەبن و تەنیا سبەینێ کەمێک نزمتر دەبنەوە. ئەمڕۆ دوو شەممە 28.4.2025 کەش / ئاسمان  بەگشتى نیمچە هەور دەبێت. خێراى با /  مام ناوەند ( 10 – 15  )کم/ک دەبێت. ئاراستەی با / باکوورى خۆرئاوا . پلەکانی گەرما/ بە گشتی نزیک دەبێتەوە , ناوچە شاخاوییەکان نەبی کەمیک نزم دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ . مەوداى بینین / ( 7 –  9 ) کم دەبێت بەرزترین پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی هەرێم بۆ ئەمڕۆ دووشەممە: هەولێر : 30  پلەی سیلیزی سلێمانی : 27 پلەی سیلیزی دهۆک : 28  پلەی سیلیزی کەرکوک : 32 پلەی سیلیزی

وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان لەبارەی مامەڵەی خانەنشینان زانیاری دەخاتە ڕوو و دەڵێت” ئەوانەی مامەڵەکەیان تەواو دەکرێت، مووچە هەموو ئە مانگانە پێکەوە وەردەگرن کە وەریاننەگرتووە”. سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ڕاگەیاند، زۆرینەی ئەوانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، چوار مانگە نە وەکو فەرمانبەر و نە وەکو خانەنشین هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی مامەڵەی خانەنشینبوونیان تەواو نەبووە. ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو کارمەندانەی مامەڵەی خانەنشینان بەڕێوەدەبەن ژمارەیان کەمە و ئەگەر بەم شیوەیە بەردەوام بێت، تا کۆتایی ئەم ساڵ مامەڵەی هەموو خانەنشینان تەواو ناکرێت. لەبارەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان، وتەبێژەکە رایگەیاند، هۆکاری دواکەوتن و پێنەدانی مووچەی خانەنشینان تەواونەبوونی مامەڵەکانیانە، تاوەکو مامەڵەکانیشیان تەواو نەکرێت مووچە وەرناگرن. ڕوونیشیکردۆتەوە،”لە تەواوی هەرێمی کوردستان ئەم مانگە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی هەزار و 600 مامەڵەی خانەنشینان تەواو کراوە”. لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 312 هەزار خانەنشین هەن، 164 هەزار خانەنشینی شارستانی و 148 هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.

حەیدەر یوسف خەلخال، سەرۆکی لیژنەی وردبینی لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (الصباح): پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری جەیهانی تورکیەوە، پرسێكی تەکنیکییە لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێم. پیشەسازی نەوت لە هەرێم بەگشتی سروشتی تایبەتی خۆی هەیە، بەوپێیەی چەندین لیژنە لە نێوان هەردوو وەزارەتە پەیوەندیدارەکەدا پێکهێنراون. گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان كۆتوبەندی تیادایە، سەبارەت ئاشکراکردنی بڕگەكانی. سەبارەت بە دەروازە سنوریی و گومرگیەکانی هەرێمی، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری پلاندانان پێکهێنراوەو، بەردەوامە لە کارەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. کۆی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ساڵی 2024 بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە، بۆ کۆی گشتی 12 مانگی تەواو، زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار بووە بۆ موچەخۆران. لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم موچەی تەنها 11 مانگی ساڵی 2024 بۆ موچەی فەرمانبەران داوە، بە پاساوی بەشنەكردنی پارەكە. جیاوازی هەیە لە نێوان دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و ئابوری لە هەرێم لە دیاریکردنی موچەخۆران. وەزارەتی دارایی فیدراڵی تێبینی زۆری دەستنیشان کردووە، بەتایبەتی لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا، لە ئەنجامی ئەو تێبینیانە هەندێک بڕە پارەی بڕی، ئەوەش جیاوازی دروستكرد لە كۆی موچەی خەرجكراو. وەزارەتی دارایی فیدراڵی جەختدەكات تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی بۆ موچەی مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٤ خەرجكردووە. سەبارەت بە تەوتیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەم پرۆسەیە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر لەڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من" و هەڵبژاردنی هەشت بانک بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە، سەرجەمیان لەژێر چاودێری بانکی ناوەندی عێراقدان.  تا مانگی شوباتی ئەمساڵ، پێدانی موچەی بە ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی کارتی بانکی و لە ڕێگەی شەش بانکەوە کاراكراوە: بانکی ئیسلامی عێراق بە هەزار و 800 فەرمانبەر، هەزار و 900 فەرمانبەرلە بانکی بی بی ئەی، 136 هەزار و 900 فەرمانبەر لە بانکی جیهان، هەروەها بانکی بازرگانی هەرێم بە 98 هەزار و 500 کارمەند، جگە لە بانکی بەغداد و بانکی نیشتمانی بانکی عێراقی. ژمارەی ئەو موچەخۆرانەى کە سوودمەند بوون لەم پرۆسەیە، بەجۆرێک کە دوای چالاککردنی کارتەکانیان موچەکانیان وەرگرتووە، گەیشتووەتە نزیکەی ٢٧٣ هەزار کەس، کە نزیکەی لەسەدا ٢٥ی موچەخۆران لە هەرێم پێکدەهێنن. ئەوەش ئاماژەیە بۆ خاوی بەڕێوەچونی رێکارەکان، بەهۆی ناکارامەیی ئەو بانکانەی گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە بۆ ئەم ئەرکە. جیاوازی هەیە لە نێوان موچەی خانەنشینانی هەرێم و موچەی خانەنیشانی حکومەتی فیدراڵی، بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی هەڵوەشێنراوەوە. بەڵام دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیارەکەی دەرکرد کە داوا دەکات یاسای خانەنشینی یەکگرتوو جێبەجێ بکرێت، لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە، كە راسپاردەی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو داناوە.  هەرێم لە سەرەتای مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا دەستیپێکردووە، بەڵام ئەم جێبەجێکردنە بەشێکی بووە، چونکە تەنها لە هەموارکردنەوەی موچە یان کەمترین موچەدا ناوەستێت، بەڵکو هەموارکردنەوەی تەمەنی یاسایش لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵان دەگرێتەوە. دەبوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستبكرایە بە پرۆسەی هەمواركردنەوەو ئەوانەی تەمەنیان گەیشتووەتە خانەنیشی  رەوانەی خانەنشینی بكرێن، ئەوەش ژمارەیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.  سەبارەت بە رادەستكردنی داهاتی نا نەوتی لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ حکومەتی فیدراڵیش، هەرێم بەشێکی داهاتەکانی رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە. پاساوی هەرێم بۆ ئەوە ئەوەیە،  حکومەتی فیدراڵی خەرجییە ئاساییەکانی بەکاربردنی بۆ خەرجنەكردووە. هەرێم ئاماژەی بەوەداوە بەشێک لەو داهاتانە بۆ موچە خەرج دەکرێت، چونکە ئەوەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە بۆ هەرێم دەنێرێت، بەشی تەواوی موچەو قەرەبوکردنەوەو خانەنشینان و تۆڕی چاودێری كۆمەلایەتی و وەرگرانی تری موچەو هاوكارییەكان ناكات.

  بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، تائێستا دۆخی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی ناجێگیرە و ماوه‌ى 13 ڕۆژە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە. رۆژنامەی ئەڤرەنسەلی تورکی بڵاویکردوە، سری سورەیا ئۆندەر کە لە رۆژی 15ـى ئەم مانگەوە نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و لە نەخۆشخانەیە، تائێستا باری تەندروستی ناجێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە بەوهۆیەوە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکدایە. سری سورەیا ئۆندەر یەکێکە لە ئەندامانی شاندی ئیمڕاڵی بۆ پڕۆسەی ئاشتی و چەند جارێک چاوی بە عەبدوڵا ئۆجالان کەوتووە. ئۆندەر پەرلەمانتاری دەمپارتیشە لە پەرلەمانی تورکیا. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، تائێستا دوو جار نەشتەرگەری بۆ ئۆندەری تەمەن 62 ساڵ کراوە.

  کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ژمارەی هاوپەیمانێتییە تۆمارکراوەکان 64 هاوپەیمانێتییە کە پێشتر سەرجەمیان تۆمار کراون. هەروەها کۆمیسیۆن بەردەوامە لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران. یەکشەممە 27ـی نیسان، عیماد جه‌میل، سه‌رۆكی تیمی ڕاگه‌یاندن له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند: لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا 64 هاوپەیمانێتی تۆمار کرابوون، بەڵام تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەکی نوێ تۆمار نەکراوە. سه‌رۆكی تیمی ڕاگه‌یاندن له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، باسی لەوە کرد، کۆمیسیۆن بەردەوامە لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ڕەنگە هەندێک لە هاوپەیمانێتییەکان گۆڕانکاریان بەسەردا بێت، کە ئەمەش پێویستی بە نوێکردنەوەی داتاکانیان هەیە. لەبارەی ژمارەی حزبەکانیش، عیماد جه‌میل، گوتی: ژمارەی ئەو حزبانەی کە ڕێگەپێدراون بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن 314 حزبە، بەڵام لەو ژمارەیەش تا ئێستا 70ـیان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمار کردووە. جەختی لەوە کردەوە، کۆمیسیۆن درێژترین ماوەی داناوە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەرجەم هاووڵاتییان بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان. سه‌رۆكی تیمی ڕاگه‌یاندن له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، گوتیشی: ستافی کۆمیسیۆن تەنانەت لە ڕۆژانی پشووشدا بەردەوام دەبن لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هەروەها لە ڕۆژانی داهاتوودا کارەکانی پرۆسەی نوێکردنەوەکە خێراتر دەکرێن. چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11ـی تشرینی دووەمی 2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد. جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆمیسیۆن ئامادەیە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لەو وادەیەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دیاریی کراوە، بەڕێوە ببات.  کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ژمارەی پارتە سیاسییە تۆمارکراوەکان 320 حزبی تێپەڕاندووە، هاوکات ژمارەی هاوپەیمانییە سیاسییە تۆمارکراوەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 60.

  بە مەبەستی قسەکردن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، سبەی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی گرنگ و ڕاشکاوانە لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان پارتی و یەکێتی دەکرێت. بەپێى زانیاریەکان کۆبوونەوەکە لەسلێمانى دەبێت هەردوولا لەسەر ئاساتی باڵان، بۆ یەکەمجار بە ڕاشکاوانە باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکەن، لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ دەکرێت. پێشتر بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئاماژەى بۆ ئەوەکردبوو بڕیاربوو زووتر کۆبوونەوەکە بکرێ، بەڵام لەبەر دیداری یەکێتی دواخرا بۆ 28ی مانگ. پێشتر چەند گەڕێکی دانوستاندن لەنێوان شاندی دانوستاندنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڕێوەچووە و هەردوولا ئاماژە بەوە دەکەن، ''بەرەوپێشچوونی باش'' لە گفتوگۆکان هەیە. دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆبووەوە، بڕیارە یەکێتی بە پاکێجێکی ئامادەکراوەوە دەچێتە کۆبوونەوەکە، ئەمە قۆناغێکی نوێیە لە گفتوگۆی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەم پێیەش پێکهێنانی حکومەت نزیکە. هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـى تشرینى یەکەمی 2024 کرا. پارتى 39 کورسی و یەکێتى 23 کورسی بەدەستهێنا، لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ، هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.

  چیدەم کلچگون ئوچار هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە،  لە کۆنگرەی شەشەمی دەبەپەی ئامەد وتی: “دەبێت ئازادی بەڕێز ئۆجالان مسۆگەر بکرێت، لە قۆناغێکی مێژوویی لەم شێوەیەدا ڕازی نابین کارەکتەرێکی مێژوویی لە زیندانی ئیمراڵیدا گۆشەگیر بکرێت. ڕێکخستنی ئامەدی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە شاری ئامەد، شەشەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی ئەنجامدا. وێڕای ئامادەبوونی هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، چیدەم کلچگون ئوچار بەسەدان کەس لە هەموو تەمەنەکانەوە بەشداری کۆنگرەکە بوون، کۆنگرەکە بە خولەکێک ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری دەستی پێ کرد. لە کۆنگرەکەدا هاوسەرۆکی ئامەدی دەبەپە، محمەد شیرین قسەیکرد و وتی: “بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئۆجالان ڕێگەی سیاسەتەکردنی بۆ کردینەوە و کارەکانمان لەم ئامانجەدایە، ئازادی گەلی کورد و ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نزیکە.” دواتر هاوسەرۆکی ئامەدی دەبەپە، سوڵتان یارای سڵاوی لە ڕێبەر ئاپۆ کرد و وتی: پەرە بە تێکۆشانان دەدەن، هەر لە کۆنگرەکەدا هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەشاری ئامەد، دۆغان خاتوون سڵاوی لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردان لە ڕۆژئاوا کرد و بانگەوازی بۆ یەکگرتووی گەلی کورد کرد. هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە چیدەم کلچگون ئوچار سڵاوی لە کۆنفراسنی “یەکێتی نەتەوەیی” لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و وتی: ئەرکیان بەدیهێنانی یەکێتی نەوەتەوەییە لە باکوور و وتی: “لەم پڕۆسە مێژووییەدا زۆر شتی گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان. لە لایەکەوە سیاسەتە ئەمنیییەکان بۆ بەردەوامی دان بە شەڕ لە ئارادایە، لە لایەکی دیکە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی ڕۆژئاوا هەیە کە تێیدا گەل خۆی بەڕێوەدەبات. ئیدی ئەم بژاردە لە پێش هەموو گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوینە، یان هەتەشە هەڵبژێرن کە هەموو ڕۆژێک دروز و عەلەوییەکان دەکووژێت، یان ڕۆژئاوا هەڵبژێرن کە هەمووکەسێک بە زمان، کەلتوور، شوناسی خۆی بە ئازادی ژیان دەکات. سیستەمی ڕۆژئاوا بۆ هەموو جیهان بووە بە هیوا. وتیشی: بەڕێز ئۆجالان بانگەوازێكی کرد و دەسەڵارتداریش بێدەنگە. گەلانی تورکیا، ئۆپۆزسیۆنی ئەمڕۆ فشاری لەسەرە، گەلی کورد دەتوانێت کۆتایی بەم بێدەنگییەی دەسەڵاتداری بێنێت. دەبێت بانگەواز لە دەوڵەت و دەسەڵاتداری بکرێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ناچارین کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بونیات بنێین. بۆ ئەمەش میکانیزمەکانی سیاسەتی دیموکراتیک پێویستە. ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمەش ئەمەیە. هەم سیاسەتی دیموکراتیک بونیات بنێین و هەم فراوانی بکەین. هەروەها جەختی کردەوە، ئیمراڵی ناوەندی گۆشەگیرییە، گەلی کورد بە یاسایەک کە جێگای قبوڵکردن  نییە سزا دەدرێت. ئێمە لە سیستەمی یاسایی و دادپەروەری ئەم دەوڵەتەدا شوێنمان نییە. ئێمە بەپێی یاسایەکی نەناسراو دادگایی دەکرێین و سزا دەدرێین. ئەوەش بەس نییە کۆمیتەی ئیداری و چاودێری دادەنرێت و ڕێگری لە ئازادکردنەکان دەگیرێت. شتێک هەیە بە ناوی TMK کە گەورەترین ئامرازی نکۆلی کردنی گەلی کوردە. هەموو داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورد بە ‘تیرۆر’ ناودەبات، ئەوکات لەگەڵ کێ ئاشتی دەکرێت؟ ئێمە قەد دەستبەرداری تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی نابین. پێویستمان بە دەوڵەت و حکومەتێکە کە تێکۆشانی گەلی کورد قبووڵ بکات، ئێمە بۆ بەرپرسیارێتی هەڵگرتن ئامادەین، بەڵام دەبێت حکومەتیش وڵامی ئەم ئامادەکارییە بداتەوە، لە کۆتاییدا ڕاگەیاند، دەبێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت، ئێمە ڕازی نابین کە لەم قۆناغە مێژووییەدا کەسایەتی سەرەکی ئەم پڕۆسەیە لە هەلومەرجی گۆشەگیریی ئیمرالیدا بێت، دەوڵەت پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازییەکەی ٢٧ـی شوبات هەنگاو بنێت.”

هەپەگە ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی گەریلا لە ئاگربەستدایە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی و لەم دواییانەدا هێرشەکانی بە چەکی کیمایی و تەقەمەنی قەدەغە کراو بۆ سەر تونێل و سەنگەرەکانمان زیادیکردووە و زیاتر لە هەزار جار تۆپبارانی هەرێمەکانمان کراوە و دەشڵێت: لە ئەنجامی هێرشەکانیدا بە چەکی کیمیایی هەڤاڵانمان بەسێ و میترا شەهیدبوون. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و وەڵامەکانی گەریلا لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. هەپەگە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، وەک ئەوەی ڕای گشتیی ئاگادارە، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ١ـی ئاداری ٢٠٢٥ـەوە لە پێگەی ئاگربەستدایە، بەڵام بە ئێستاشەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە هێرشەکانی سوپای تورکدا ڕووینەداوە، بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی، بە تایبەت لە ماوەکانی کۆتاییدا بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشەکانی بۆ سەر تونێل و سەنگەرەکانمان زیاتر کردووە. هەپەگە ڕاشیگەیاند، سوپای تورکی داگیرکەر کە ناتوانێت ئیرادەی هەڤاڵانمان بشکێنێت کە لەسەر هێڵی فیدایەتی لە بەرخۆداندان، لە ١١ـی نیسان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشێکی قورسی کردە سەر تونێلەکانمان و جارێکی دیکە تاوانی دژە مرۆڤانەی ئەنجام دایەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا هەڤاڵانی نەمرمان؛ بەسێ و میترا کە بە تۆمارکردنی بەخۆدانی داستانی ڕێگەیان لە هێرشەکانی دووژمن گرت، شەهید بوون. لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەیدا هەپەگە باسی لەوەشکردووە، هەڤاڵانمان تێکۆشان و بەرخۆدانی شکستنەخواردوویی میلیتانیی ئاپۆییان نیشانی هەموو جیهان دا، دواتر زانیاری بەرفروان لەسەر ناسنامەی هەڤاڵانی نەمرمان بۆ ڕای گشتیی و گەلەکەمان بڵاودەکەینەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٢٤، ٢٥ و ٢٦ـی نیسان هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکرا و دوو جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراوە. ڕاشیگەیاند، ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ـی نیسان، گۆڕەپانەکانی هەرێمی خواکورک، هەرێمی  گارە، هەڕێمی مەتینا، هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ؛ بە گشتیی هەزار و ١٦٤ جار بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بۆردوومان کراون. هەروەها هەپەگە لە کۆتاییشدا دەڵێت: لە ٢٣ـی نیسان لە گردی بەهاری هەرێمی شەهید دلیلی رۆژئاوای زاپ، هێزەکانی یەژاستارمان دەستییان لە داگیرکەران کردەوە، کە لە هەوڵدابوون هێرشی سەر سەنگەر و تونێلەکانمان بکەن، هەروەها لە ٢٥ـی نیسان لە گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، بە چەکی نیوئۆتۆماتیک گورز لە داگیرکەران و حەفارەیەکییان درا، کە لە هێرشکردنەسەر سەنگەر و تونێلەکانماندا بوون.

هەرچەندە سبەی دووشەمە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی عێراق دێت، بەڵام بەپێى زانیاریەکان تائێستا وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەواو نەبووە و کێشەی تێدایە. بەپێى ئەو زانیاریانەى لەبەردەستدان لەچەند سەرچاوەیەکەوە ئەوە ڕاگەیەندراوە کە لیستی مووچەی مانگی چوار کێشەی تێدایە و بەغداد داوای چاککردنی دەکات، لیستەکە هی دوو مانگ لەمەوبەرە و فەرمانبەرانی خانەنشینی ئەم ماوەیە دەرنەهێنراون. سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، سبەی دووشەممە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی عێراق دێت و تا ئێستاش وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا تەواو نەکراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە سەرەتای رەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا کێشە دروستبووە، بەهۆی ئەوەی لیستەکە هی دوو مانگی رابردووە و ئەو فەرمانبەرانەشی تێدایە کە ئەم مانگە خانەنشین بوون. بەشی وردبینی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەیان بە هەڵەکە کردووە و بە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمییان راگەیاندووە لیستەکە چاک بکەنەوە و دووبارە بینێرنەوە. بڕیارە ئەمڕۆ شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کە هەر لە بەغدادن لیستی مووچەی مانگی چوار چاک بکەن و بینێرنەوە بۆ دووبارە وردبینی کردن. هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی وردبینی لیستەکە تەواوببێت و بچێتەوە ئەنجومەنی وەزیران، بە واژۆکردنی لەلایەن سودانیەوە مووچەکە تەمویل دەکرێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

کۆمەڵەى پیشەسازى نەوتى کوردستان (ئەپیکۆر) شکستهێنانى دانوستانەکانى تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانى راگەیاند و دەڵێت پێشنیازەکانیان لەو بارەیەوە پەسەندنەکراون. ئەپیکور راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئێمە ئامانجمانە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بۆرى نەوتى عێراق – تورکیاوە دەستبەجێ دەستپێبکاتەوە، بەڵام دەبێت لەسەر بنەماى کارکردن بێت بە مەرجەکانی گرێبەستە بەرکارەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و حکومەتى هەرێم، هەروەها دەبێت ئەو قەرزەشى لایان ماوە بدرێتەوە بە کۆمپانیاکان. ئەپیکور راشیگەیاندوە، هەموو گرێبەستەکانى کۆمپانیاکانى نەوت لەگەڵ حکومەتى هەرێم لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بە یاسایى دانى پێدانراوە، بۆیە پێویستە هەردوو یاساى بودجەى عێراق و گرێبەستە بەرکارەکانى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتى هەرێم لە رێککەوتنەکەدا جێبەجێ بکرێت. ئەپیکور دەشڵێت، گفتوگۆکان لەبارەى گرەنتیکردنى پارەدان بە کۆمپانیاکان جدى نەبوون و هیچ بەرەوپێشچوونێک لەو بارەیەوە نەبووە، بۆیە داواکارین هەوڵەکان زیاد بکرێن بۆ دۆزینەوەى رێگەچارەیەکى بەسوود بۆ هەردوولا. مایڵز کاگینز گوتەبێژى ئەپیکور دەڵێت، چەندین جار کۆمپانیاکانى نەوت چارەسەرى گونجاویان لە چوارچێوەى یاساى بودجەى عێراق و گرێبەستە نەوتییەکان پێشکەشکردووە و لە هەوڵ و فشارەکانیشیان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان. بەپێی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد كە لە هەمواری یاسای بودجەدا جێگیركرا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و لە 17 ی شوبات چووە بواری جێبەجێكردنەوە، پێویستە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان لەماوەی 60 رۆژدا لایەنێكی نێودەوڵەتی دەستنیشان بكەن بۆ دیاریكردنی تێچووی راستەقینەی نەوتی هەرێم بەپێی كێڵگەكان، ئەگەریش لەو ماوەیەدا رێكنەكەون پرسەكە دەدرێتە دەست محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بۆ یەكلاكردنەوەی. ئەو وادەیە لە 17ی نیسان كۆتایی هات و هێشتا هەردوولا نەگەیشتوون بە رێككەوتن لەو بارەیەوە، سەرەڕای چەند گەڕێكی دانوستان لەنێوانیاندا. لە هەمواری بودجەدا 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم دیاریكراوە، تا ئەو كاتەی لایەنێكی نێودەوڵەتی سەربەخۆ تێچووی راستەقینە دیاری دەكات.  لەدانوستانەكانی تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بەغداد 46 هەزار بەرمیلی رۆژانەی دیاریكردووە بۆ پێداویستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرێم داوای 115 هەزار بەرمیل دەكات، كە دەكاتە 14%ی كۆی بەرهەمەكانی نەوت لە پارێزگاكانی عێراق. رۆژی 23 ـی شوباتی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بەپێی بڕی بەردەست رایگەیاند. وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی 28 ی شوباتی دیاریكرد بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) پڕۆسەكە دەستیپێنەكردەوە. بڕیارە وەزارەتی نەوتی عێراق لە قۆناغی یەكەمی هەناردەكردنەوەی نەوت، 185 هەزار بەرمیل لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت، دواتر بەشێوەیەكی قۆناغبەندی بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبكرێتەوە.

  لەبارەی کۆنفرانسی یەکڕیزیی لە رۆژاڤا لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مەزڵوم عەبدی کردو ڕایگەیاند بەم هەنگاوەى ئێستاتان کە دەستى ئاشتى و مەردایەتیان بۆ سەرجەم لایەنە کوردییەکان درێژکردووە، دەتوانن پایەکانى ئەزموونەکە تۆکمەتر بکەن و وێنایەکى جوانى نەتەوەى کورد پیشانى هەموو جیهان بدەن. ڕۆژی شەممە، 26ی نیسانی 2025، لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان بە ئامادەبوونی نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو. لاهور شێخ جەنگی پەیامێکى بەوبۆنەیەوە بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: ئەمڕۆ نەک تەنها بۆ رۆژاڤاى نیشتمان، بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان رۆژێکى مێژوویی و لەبیرنەکراوە. هەروەها هاتوە: لە ماوەکانى رابردوودا کارمان لەسەر لێکنزیکبوونەوە و تواندنەوەى بەستەڵەکى نێوان لایەنە کوردییەکان کردووە و ئێستاش کار بۆ بەهێزترکردنى دەکەین. دەقى ڕاگەیەندراوەکە بەڕێز مه‌زڵوم عەبدى، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات. پڕ بە دڵ پیرۆزبایی بەستن و سەرکەوتنى "کۆنفرانسى یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستى کورد لە رۆژائاى کوردستان"ـتان لێدەکەم، ئەمڕۆ نەک تەنها بۆ رۆژائاواى نیشتمان، بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان رۆژێکى مێژوویی و لەبیرنەکراوە، ئێوە ئەو تێگەیشتنەتان ئاوەژوو کردەوە کە چەندین دەیەیە رۆچووەتە نێو میشک و هزرى یەک بە یەکمان و تەنانەت دۆستەکانیشمانەوە کە پێیانوایە "میللەتى کورد قەت نابنە برا"، بەڵام ئێوە پێتاگوتین، دەتوانین برا بین و پشتوپەناى یەکدى بین. هەڤاڵى بەڕێز، دڵنیام ئەم سەرکەوتنەتان درێژکراوەى سەرکەوتنەکانى 14 ساڵى رابردووە، ئێوە وەک چۆن لە مەیدانى شەڕى گەورەترین رێکخراوى تیرۆریستى جیهانیی سەلمانتان بێوێنەن لە خەبات و قوربانیدان و تائێستا بە خوێن و فرمێسک ئەزموونى رۆژئاواى نیشتمانتان پاراستووە، بەم هەنگاوەى ئێستاشتان کە دەستى ئاشتى و مەردایەتیان بۆ سەرجەم لایەنە کوردییەکان درێژکردووە، دەتوانن پایەکانى ئەزموونەکە تۆکمەتر بکەن و وێنایەکى جوانى نەتەوەى کورد پیشانى هەموو جیهان بدەن. شانازیی دەکەم وەک چۆن دە ساڵ لەمەوبەر کۆبانێمان بەتەنیا بەجێنەهێشت و هاوكار بوین بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکان بەڕوی ڕۆژاوا، ئێستاش بە هەمان گیانى نەتەوەییەوە بۆ ئەوەى ئەم کاروانە ئاشتى و برایەتییە بگاتە دوامەنزڵ، هەرچییەکمان لە دەستبێت درێغى ناکەین، لە ماوەکانى رابردوودا کارمان لەسەر لێکنزیکبوونەوە و تواندنەوەى بەستەڵەکى نێوان لایەنە کوردییەکان کردووە و ئێستاش کار بۆ بەهێزترکردنى دەکەین، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی و لاى وڵاتانى دۆست و هاوپەیمانانیش، بەردەوامین لە کۆکردنەوەى پشتیوانى زیاتر تاوەکو لەم قۆناغە نوێیەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، دەستکەوتەکانى نەتەوەکەمان پارێزراوبن و تۆکمەتریان بکەین. براتان، لاهور شێخ جەنگی

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، رۆژی دووشەمەی ئەم هەفتەیە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی چوار لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو دەکرێت، دواتر دەخرێتە بەردەم تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق. وەزارەتى دارایی عێراق ئامادەکاریی دەکات بۆ رەوانەکردنى لیستى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بۆ کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستى پەسەندکردنى، ئەوەش وەک دوایین هەنگاوى پەسەندکردنى لیستەکە پێش ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان. بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایی عێراق رۆژى شەممە بە میدیا عێراقییەکانى راگەیاند، سەرەڕاى تێبینییەکان لەبارەى داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان، بەڵام ئەو پرسە نابێتە هۆى وەستاندنى رێوشوێنەکانى پارەى تایبەت بە موچە و تەنها هەرێمى کوردستان لە تێبینییەکە ئاگادارکراوەتەوە. بەوتەى سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایی، بڕیارە سبەى تەیف سامی، بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتى دارایی، چونکە هەفتەى لە ئەمریکا بوو، بەڵام پێشتر لە رێگەی بەرپرسی نوسینگەکەی ئاگاداری شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی کردووە، تێبینی لەسەر ئەو ٤٨ ملیار دینارە هەیە، کە هەرێمی کوردستان وەکو داهاتی نانەوتی بۆ مناگی سێ ناردوویەتی. گوتوویەتی، ئێمە چاوەڕێمان دەکرد نزیکەی ٩٠ ملیار دینار لە هەولێرەوە بۆ بەغداد بنێردرێت، بەڵام بە بیانووی خەرجکردنی داهاتی نانەوتی بۆ خەرجی بەکاربردن هەرێمی کوردستان بڕەکەی بۆ 48 ملیار کەمکردووەتەوە، بۆیە ست تەیف تەیف، گوتوویەتی لیستی مانگی چوار پەسەند ناکات و لەگەڵ خۆی دەیباتە کۆبوونەوەی ئەم سیشەممەیەی ئەنجومەنی وەزیران. سەرچاوەكە وتیشی "تێبینیەكەی بەغداد ئەوەیە ئەو داهاتەی ڕادەست كراوە 50% ی ئەو داهاتە نییە كە پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 بە بەغدادی ڕاگەیاندووە، كە داهاتەكە مانگانە نزیكەی 300 ملیار دینارە و بەوپێیەش دەبێت نزیكەی 150 ملیار دینار ڕادەست بكات". "پاساوی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە بەشێك لەو داهاتە نانەوتییەی كە بەغداد داوای دەكات وەك خەرجی بەكاربردن بەكاردەهێنرێت". ئەمەش بەوتەی سەرچاوەكە.