کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق وادەى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتییەکانى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى کۆتایی ئەمساڵى پەرلەمان درێژکردەوە. کۆمسیۆن وادەی تۆمارکردنی ناوی پارت و هاوپەیمانییەکانی بۆ ماوەی 10 رۆژی دیکە درێژکردەوەکۆمسیۆن لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، وادەى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتییەکان تا 14 ى ئەم مانگە درێژکراوەتەوە. تائێستا 64 هاوپەیمانێتی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکراوە، کە سەرجەمیان هاوپەیمانێتیەکانی پێشوون و کۆمسیۆن چاوەڕێیە داواکاریی بۆ دووبارە بەشداری کردن بە هەمان ناو و قەوارەوە پێشکەش بکەن. بەوتەى کۆمسیۆن، گۆڕانکاریی لە بەشێک لە هاوپەیمانێتییەکان رویداوە، لە روی بەشداریی کردنی حیزب و لایەنی نوێ، یان کشانەوەی حیزبەکان لەو هاوپەیمانێتییە، بۆ ئەوەش پێویستە داواکاریی پێشکەشی فەرمانگەی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ تۆمارکردنی ئەو گۆڕانکارییانە. بەپێی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، 314 پارت و قەوارەی سیاسی رێگەی بەشداریی کردنی هەڵبژاردنیان پێدراوە و 70 پارت و حیزبی نوێیش داوای تۆمارکردنیان کردووە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کوژرانی سەربازێکی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و هەپەگەش دەڵێت، تورکیا لە سێ رۆژدا زیاتر لە هەزار جار هێرشی کردووەتە سەریان. وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سەربازێکیان بەناوی چاوش ئۆندەر ئۆزەن، لە کاتی کێوماڵی ناوچەیەک لە خواکورک لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. هاوکات ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" رایگەیاند، سوپای تورکیا لە ماوەی سێ رۆژی کۆتایی مانگی رابردوودا، هەزار و 76 جار بە چەکی قورس، تۆپ و موشەک، پێنج جار بە فڕۆکەی جەنگی و سێ جاریش بە چەکی قەدەغەکراو، هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەستیان. سەرەڕای ئەو پرۆسەیەی ماوەی حەوت مانگە لە تورکیا دەستیپێکردووە و پەکەکەش ئاگربەستی تاکلایەنەی راگەیاندووە، شەڕ و پێکدادنەکانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە بەردەوامە، بەتایبەت لەناوچەکانى سنوورى ئامێدى.

  بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، لە ئەستەنبوڵ بەخاکبسپێردرێت. ئۆندەر کە زیاتر بە کەسایەتییەکی سیاسی ناسرابوو، لە هەمانکاتدا دەرهێنەر، سیناریست، بەرهەمهێنەر، ئەکتەر و رۆژنامەنووس بوو. لە ساڵی2013ـەوە یەکێک بووە لە کەسایەتییە دانوستانکارەکان لە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستان، یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندی ئیمراڵی و پەیوەندیی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان. دەم پارتی لە پەیامی سەرەخۆشیدا رایگەیاندووە، بە خەمێکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی ئۆندەریان پێگەیشتووە، درێژە بە رێگاکەی دەدەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی. ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی تورکیا و کوردستان وەک عەبدوڵا ئۆجالان، رەجەب تەیب ئەردۆغان و مەزڵوم کۆبانێ و نێچیرڤان بارزانی پەیامی سەرەخۆشیان بڵاو کردەوە و رۆڵی ئۆندەریان لە پرۆسەی ئاشتیدا بەرزنرخاند.

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی به سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوامن له گواستنەوەی كەرەستە سەربازییەكانیان له ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سوریا، له چوارچێوەی پرۆسەی چۆڵکردن و سەرلەنوێ خۆ رێكخستنەوە، به ئامانجی کەمکردنەوەی بوونی خۆیان له هەندێک خاڵی سەربازی. بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییە ناوخۆییەکان، دوێنێ‌ هێزەکانی هاوپەیمانان کەرەستەی سەربازی و لۆجستییان لە بنکەی شەدادی لە گوندەواری باشوری حەسەکەوە گواستووەتەوە بۆ ناو خاکی عێراق و، لە رێگەی کاروانی بارهەڵگری گەورەوە بنکەکەیان بەجێهێشتووە. لە هەمان کاتدا فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، ژێرخانی دەوروبەری بنکەی کێڵگەی نەوتی "ئەلعومەر"یان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دەیرلزور کردووەتە ئامانج و خاپوریان كردووە، ئەوەش چەند رۆژێک دوای چۆڵکردنی بەشێک لە بنکەکە. ماڵپەری تەلەفزیۆنی سوریا بڵاویكردەوە، رۆژی هەینی زیاتر لە  (٢٠٠) ئۆتۆمبێلی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەکانی "کۆنیکۆ و ئەلعومەر" لە گوندەواری  رۆژهەڵاتی دەیرلزور بەرەو پارێزگای حەسەکە کشاونەتەوە. کشانەوەکە شوێنە گرنگەکانی وەک گوندی سەوز (کێڵگەی کۆنیکۆ) و فورات (کێڵگەی ئەلعومەر)ی لەخۆگرتبوو، جگە لە دامەزراوەیەکی بچووکتر کە وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکراون. سەرچاوەیەک لە ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیاندووە، هێزەکانی ئەمریکا لەچەند بنكەیەكدا جێگردەبن كە ژمارەیان لە پێنج بنکەی سەرەکی زیاتر نەبێت لە ناوچەكانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، کە لانیکەم سێ بنکەیان لە پارێزگای حەسەکە جێگیرن. لە ئێستادا هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە (١٧)بنکە و (١٥) خاڵی سەربازی جێگیرن، کە (١٧) شوێنیان لە پارێزگای حەسەکەیە،(٩) یان لە پارێزگای دەیرلزورو و (٣)یان لە پارێزگای رەقەیە.

  کەجەکە بەبۆنەی کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەر ڕایدەگەیەنێت، لە ژیانیدا بۆ دوو گەل تێکۆشانی کرد. لە ڕێگەی کەسایەتی و کارە هونەریەکانییەوە بەشدارییەکی گەورەی لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیدا کردووە.  سری سورەییا ئۆندەر شەوی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو، دواتر دەرکەوت کێشە لە شاخوێنبەری دڵی هەبووە، دوای ئەوەی 18 رۆژ لە بەشی چاودێریی چڕ مایەوە، ئێوارەی شەممە، 3-5-2025 لە نەخۆشخانەیەکی ئیستەنبووڵدا کۆچی دوایی کرد. هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبارەت بە کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمرالی پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە. کەجەکە لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند کە ڕاستترین ڕێگایە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئۆندەر، بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی تێکۆشانە بۆ دیموکراسی و ئاشتی لەسەر بنەمای ڕێزگرتنمان بۆ بەڕێزی و بەرزڕاگرتنی ئامانجەکانی، درێژە بە هەوڵەکانی دەدەین.  داوا لە هەموو لایەک دەکەین لەو شوێنەی کە وازی لێهێنابوو، بە وەفاداری بە یادی بەنرخی سری سورەیا ئۆندەر تێکۆشانی دیموکراسی و ئاشتی لە ئەستۆ بگرن و هەوڵ وتێکۆشانی زیاتر بدەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم تێکۆشانە." دەقی پەیامەکەی کەجەکە بەم شێوەیەیە "بەداخێکی زۆرەوە بیستمان کە بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر، پاش ئەوەی ماوەی ١٨ڕۆژ لە ژێر چاودێری چڕی نەخۆشخانەدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە چارەسەری بۆ دەکرا، گیانی لەدەستداوە. هەرچەندە پزیشکەکان بارودۆخیان زۆر ئاڵۆز و ناجێگیر ڕاگەیاند، بەڵام وەک هەموو کەسێک، ئێمەش لەو باوەڕەدا بووین و چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە سری سورەیا ئۆندەری هێژا بەسەرکەوتووی ئەم دۆخە تێپەڕێنێت. بەداخەوە، وا پێش نەهات. ڕۆلەی بەنرخی گەلەکەمان کە تورکیە چاوەڕوانییەکی زۆری لێ هەبوو و بە هەوڵەکانی بەشدارییەکی گرنگی لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتیدا کردبوو، بەداخەوە کۆچی دوایی کرد.  ڕایدەگەیەنین کە لەدەستدانی تێکۆشەرێکی وەها بەنرخ ئێمەی بەڕاستی خەمگین کرد. بەو بۆنەوە سەرەتا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هێژای، دۆستانی، هاوکارانی و کۆمەڵگەی هونەری، سینەما و دەم پارتی و گەلەکەمان دەکەین و بەڕێزدارییەوە یادی بەرزی دەکەینەوە. شەهیدی ئاشتی و دیموکراسییە سری سورەیا ئۆندەر لە کاتی تێکۆشانی بۆ ئاشتی و دیموکراسی نەخۆش کەوت و بەداخەوە ژیانی لەدەستدا. بۆیە شەهیدی ئاشتی و دیموکراسیە. هەروەها سری سورەیا ئۆندەر کەسایەتیەکی گەورەی تێکۆشەر بوو.  سۆسیالیست، شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز بوو. ژیانی خۆی بە تێکۆشان بۆ سۆسیالیزم، دیموکراسی و ئازادی تەرخان کرد. بەو بۆنەوەش رەنجێکی زۆریدا. گرنگترین تایبەتمەندی ئەو ئەوە بوو کە؛ لە کاتێک کە پێشەنگێکی گرنگی تێکۆشانی سۆسیالیزم و بزووتنەوەی سۆسیالیستی بوو لە تورکیا، لە لایەکی دیکەشەوە لە ڕێگەی پشتیوانیەکانی لەگەڵ گەلی کورد لە تێکۆشاندا بوو.  لە ژیانیدا بۆ دوو گەل تێکۆشانی کرد. لە ڕێگەی کەسایەتی و کارە هونەریەکانییەوە بەشدارییەکی گەورەی لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیدا کردووە. هەروەها بە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بوێرانە، کاریگەرانە و بەجوانی ڕاستی کۆمەڵایەتی نیشان دەدا و ئەو دۆخەی هەبوو دەیخستە ژێر پرسیار و سەرەنجی قووڵترەوە. ڕێبازی ما‌هێرەکان و یڵماز گونایەکانی بە شێوەیەکی شایستە نوێنەرایەتی دەکرد سری سورەیا ئۆندەری ‌هێژا کە تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی ناتوانرێت بە زمان باسی لەسەر بکرێت، لە ڕێگەی ژیان، هونەر و تێکۆشانی خۆی بۆ سۆسیالیزم و دیموکراسی بە شێوەیەکی شایستە نوێنەرایەتی لە ڕێبازی ماهێرەکان، دەنیز، ئیبراهیم و یڵماز گونایەکانی دەکرد و یەکێک بوو لەو تێکۆشەرە گرنگانەی کە ئەم سیاسەتەی گەیاندە ڕۆژی ئەمڕۆ. ئێمە بە ڕێزدارییەوە یادی بەرز ڕادەگرین و جارێکی تر سەری ڕێزی لەبەر دادەنوێنین. لە مانگی ئایار مانگی شەهیدان شەهید بوو. بەم بۆنەیەوە، لە کەسایەتی ئەودا بە ڕێزداری و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدانی مانگی ئایار و سەرجەم شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بەبیر دێنینەوە.

  مەزهەر ساعیدی، سەرۆکی ڕوانگەی پەرلەمانیی، رەخنەی لە كاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەگرێت و دەڵێت، (200) پەرلەمانتار بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمانیان نەکردووە، ئەمە جگە لەوەی لەم خولەی ئێستادا تەنها (10) یاسا پێشنیاز کراون. ساعیدی ئاماژەی بەوەشكردووە، پەرلەمان لە کۆی (٣٢) دانیشتنی ئەم وەرزەی ئێستای تەنها شەش دانیشتنی ئەنجامداوە، بە تێکڕا رێژەی (١٧٣) پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەكان بوون. سەرۆکی روانگەی پەرلەمانیی، لە لێدوانێكدا بە كەناڵی "العهد"ی وتووە، سەرۆکایەتی پەرلەمان خۆی لە بڵاوكردنەوەی ناوى ئامادەنەبوون و ئامادەبوونی پەرلەمانتاران بەدوور گرتووە، ئەوەش پێشێلکردنی روونی رێکارەکانە. بەوتەی ناوبراو، لە خولی ئێستادا تەنها (10) پێشنیازی یاسایی تۆمارکراوە، (200) پەرلەمانتار بەشداری دانیشتنەکان نەکردووەو یەک کەسیشیان قسەی نەکردووە، ئەمەی بە "تاوان" وەسفکرد. وتيشى، تێگەیشتن لە ئەرکی پەرلەمان پاشەكشێی بەخۆیەوە بینیوە، بەو پێیەی زۆرێک لە پەرلەمانتاران گۆڕاون بۆ جێبەجێکردن نەک یاسادانان. ساعدی جەختی لەوە کردەوە،  کارکردن لە پەرلەمان بووەتە ململانێی سیاسی و، بەهۆی تێنەگەیشتن لە ئەرکەکانی پەرلەمان، وەزارەتەکان پاڵیان لێداوەتەوە.

  فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: هەوڵەکانی ئۆندەر بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بۆ هەمیشە لە هزری گەلان دەمێنێتەوە. مەزڵوم عەبدی لەپەیامەکەیدا دەڵێت: هەواڵی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر خەمباری کردین، هەوڵەکانی ئۆندەر بۆ ئاشتی و چارەسەری و پێکەوەژیان جێگەی خۆی لە دڵ و یادەوەری خەڵکیدا گرتووە فەرماندەی گشتیی هەسەدە وتیشى: پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و دۆستان و دەم پارتی دەکەین. ئەمڕۆ شه‌ممه‌، 3ـی ئایاری 2025، مێدیاكانی توركیا بڵاویان كرده‌وه‌، سری سوره‌یا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییشە، له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵی كۆچی دوایی كرد. هاوكات نه‌خۆشخانه‌ی فلۆرێنس لە ئیستانبوڵ، كه‌ لێی خه‌وێندرابوو، ڕایگەیاندراوێکی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووە، ئۆندەر، ئەمڕۆ کاتژمێر 16:10 بەهۆی لەکارکەوتنی چەندین ئەندامی جەستەی گیانی سپارد. ئۆندەر لە 15 نیسانی ئەمساڵدا، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بەپەلە گەیاندرایە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆ کرا. بۆ ماوەی 18 ڕۆژ لەژێر چاودێری پزیشکیدا بوو.

بەبۆنەی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: لەدەستدانی ئۆندەر لەم کاتە هەستیارەدا، کە پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووە، خەسارەتێکی گەورەیە لە خودی پرۆسەکە بەتایبەتی و لە خەباتی رەوای دۆزی گەلى کورد لە تورکیا و باکورى کوردستان لەپەیامەکەدا هاتووە بەخەم و پەژارەیەکی قوڵەوە، هەواڵی گیانلەدەستدانی سیاسەتمەدار و هونەرمەند و پەرلەمانتاری تێکۆشەر سری سورەیا ئۆندەرمان بیست. هەروەها دەشڵێت لەدەستدانی ئۆندەر لەم کاتە هەستیارەدا، کە پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووە، خەسارەتێکی گەورەیە لە خودی پرۆسەکە بەتایبەتی و لە خەباتی رەوای دۆزی گەلى کورد لە تورکیا و باکورى کوردستان. دەقى پەیامەکە.. بەخەم و پەژارەیەکی قوڵەوە، هەواڵی گیانلەدەستدانی سیاسەتمەدار و هونەرمەند و پەرلەمانتاری تێکۆشەر سری سورەیا ئۆندەرمان بیست. لەدەستدانی ئۆندەر لەم کاتە هەستیارەدا، کە پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووە، خەسارەتێکی گەورەیە لە خودی پرۆسەکە بەتایبەتی و لە خەباتی رەوای دۆزی گەلى کورد لە تورکیا و باکورى کوردستان. کۆچى دوایی ئۆندەر هەڵقوڵاوی ئەو حەقیقەتە مێژوویی و بەرجەستەکراوەیە کە بەرێزیان لەژیانیدا پێی دەناسرایەوە، بەوەی کە کەسایەتییەکی ئاشتیخواز، عەدالەتگەر و دڵسۆز بەگەلی کورد و تورکیش بوو. خەباتی ئەو لەسەر بنەمای دیموکراسی، چەسپاندنی مافی گەلان، رێزگرتن لە ئیرادە و شکۆی مرۆڤ بونیادنرابوو، هەر بۆیە لەژیانیدا دووچاری تەنگژە و چەرمەسەری و گرتن و زیندانیکردن بویەوە. لەم بۆنە ماتەمەدا، وێرای ناردنی پەیامی سەرخۆشی خۆم بۆ خێزان و خانەوادە و هاوڕێباز و تەواوی گەلەکەمان، لە هەمانکاتدا داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەم کە ئەم رووداوە نەک هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لاواز نەکات، بەڵکو مەرگی سری سورەیا ئۆندەر وەک پاڵەوانی ئاشتی بکاتە هەوێنی چەسپاندنی ئارامی و ئاشتییەکی سەرکەوتووی رەگداکووتاو بەئامانجی حەسانەوەی گەلانی کورد و تورک لەناوچەکە. لاهور شێخ جەنگی

عەبدوڵا ئ.ۆج.ەلان رایگەیاند، بە کۆچی دوایی سڕی سوورەیا ئۆندەر ئەنادۆڵ و تورکمانەکان رۆڵەیەکی مەزنیان لەدەستدا، ئەو کەسێکی زۆر بەنرخ بوو، ڕۆڵەیەکی ڕاستەقینەی گەل بوو. دەقی پەیامەکەی ئ.ۆج.ەلان کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەری ئازیزمان خەمێکی قوڵی لە دڵماندا چاند. ئەو کەسێکی زۆر بەنرخ بوو، ڕۆڵەیەکی ڕاستەقینەی گەل بوو.  نەریتی ئەنادۆڵ و تورکمان ڕۆڵەیەکی گەورەی لەدەستدا، هەموو پێکهاتەکان و گەلانی جوگرافیاکەمان هەڤاڵێکی گەورەیان لەدەستدا.  ڕێزێکی زۆرم بۆ یادەوەرییەکەی هەیە، کۆشش و ماندووبوونێکی لەبیرنەکراوی هەبوو بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە.  شارەزایییەکی وەستایانە هەبوو لە گۆڕینی هەموو نەرێنییەکان بۆ ئەرێنی. شوناسێکی ڕاستەقینەی ئاشتی و کولتووری ئاشتی بوو. ئەو زۆر باش دەیزانی کە ئاشتی و پرۆسەی ئاشتی سوودی بۆ هەموومان دەبێت و ئەمەش حەسرەتی گەورەی ئەو بوو.  ئەم هیوایە هەرگیز ناتوانرێت بە تەواونەکراوی بمێنێتەوە. ئەوەی بۆ هەموومان گرنگە، هەڵگرتنی ئەم ڕۆحە بەرەو ئاشتی و تاجی لە سەر ناوی سری سورەیە ئۆندەر. جارێکی تر پەرۆشی هەمیشەیی خۆم بۆ یادەوەری تۆ دەرئەبڕم. پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵە بەنرخەکەی و دۆستان و ئازیزان و هەموو گەلەکەمان دەکەم.  پرسە و سەرەخۆشیم بۆ هەموو لایەک. عەبدوڵڵا ئ.ۆج.ەلان  ٣ی ئایاری ٢٠٢٥

نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی سری سورەییا بڵاوکردەوە و دەڵێت، نموونه‌یه‌کی باڵای ئاشتیخوازی و مرۆڤپه‌روه‌ریی نیشان دا و‌ جێی رێز و پێزانینی هه‌مووان بوو. ئەمڕۆ شەممە، 03-05-2025، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی کە هاوکات شاندی دەم پارتی بوو بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی، کۆچی دواییکرد. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "سه‌ره‌خۆشیی قووڵ" لە خێزان، که‌سوکار، هاوڕێیانی سری سورەییا و ده‌م پارتی دەکات و دەڵێت، "هاوسۆز و هاوخه‌میانم". لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "خوالێخۆشبوو ئۆنده‌ر چ وه‌ک یاریده‌ده‌ری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی تورکیا و چ وه‌ک ئه‌ندامی شاندی ئیمرالی، به‌ رۆڵ و هه‌وڵ و تێکۆشانی له‌پێناو سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ئاشتیدا له‌ تورکیا، به‌ بیر و کرده‌وه‌ و کارکردنی دڵسۆزانه‌ی له‌پێناو ئاشتی و برایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌دا هەروەها دەشڵێت: نموونه‌یه‌کی باڵای ئاشتیخوازی و مرۆڤپه‌روه‌ریی نیشان دا که‌ جێی رێز و پێزانینی هه‌مووان بوو. دەقی پەیامی هاوخەمیی نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەر:   به‌ داخه‌وه‌ هه‌واڵی کۆچی دواییی سیاسه‌تمه‌داری ناوداری تورکیا خوالێخۆشبوو سڕی سوره‌ییا ئۆنده‌رم بیست. سه‌ره‌خۆشیی قووڵم پێشکه‌ش به‌ خێزان و که‌سوکار و هاوڕێیانی و ده‌م پارتی ده‌که‌م، هاوسۆز و هاوخه‌میانم. له‌ خوای مه‌زن داواکارم گیانی به‌ به‌زه‌یی و میهربانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنه‌وایی به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت.   خوالێخۆشبوو ئۆنده‌ر چ وه‌ک یاریده‌ده‌ری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی تورکیا و چ وه‌ک ئه‌ندامی شاندی ئیمرالی، به‌ رۆڵ و هه‌وڵ و تێکۆشانی له‌پێناو سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ئاشتیدا له‌ تورکیا، به‌ بیر و کرده‌وه‌ و کارکردنی دڵسۆزانه‌ی له‌پێناو ئاشتی و برایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌دا، نموونه‌یه‌کی باڵای ئاشتیخوازی و مرۆڤپه‌روه‌ریی نیشان دا که‌ جێی رێز و پێزانینی هه‌مووان بوو. بۆیه‌ هه‌میشه‌ یادی ئەو له‌ ویژدانی هه‌موو ئه‌وانه‌دا که‌ بڕوایان به‌ ئاشتییه‌، به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌.   نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ٢٠٢٥/٥/٣

بارزانی ڕایدەگەیەنێت بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەری پێگەیشتووە و هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا جێگەی پێزانینێکی زۆرە. شەممە 3ـی ئایاری 2025، مەسعود بارزانی، بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی، پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاو کردەوە. لە پەیامەکەی بارزانیدا هاتووە، بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی و سیاسەتمەداری تورکیا و هاوسەرۆکی پێشووی دەم پارتی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (سری سورەیا ئۆندەر)ـم پێ گەییشت. بارزانی دەڵێت: خوا لێخۆشبوو سری سورەیا ئۆندەر، کە ئەندامی شاندی ئیمراڵیش بوو، بەشی زۆری ژیانی خۆی بۆ خەباتی سیاسی و ئاشتییانە تەرخان کرد و هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا جێگەی پێزانینێکی زۆرە. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە، کەسوکار، دۆست، هەڤاڵ و هاوفکرانی خوالێخۆشبوو سری سورەیا ئۆندەر و سەرکردایەتی، ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. هەروەها وتیشی: لە خوای گەورە داواکارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە گشت لایەک ببەخشێت. شه‌ممه‌، 3ـی ئایاری 2025، سری سوره‌یا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییشە، دوای 18 ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا. سری سوره‌یا ئۆنده‌ر، لە ساڵی 1962 لە پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان لەدایک بووە؛ لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندووە و تاوەکوو قۆناغی دوو بەردەوام بووە.

  سری سورەیا ئۆندەر لە ساڵی 1962 لە شاری ئادیەمانی باکوری کوردستان لە یەکێک لە خێزانە سۆسیالیستییەکان لەدایک بووە.  ئەو لە تەمەنی هەشت ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ئادیامانی پارتی کرێکارانی تورکیا. مامی خوێندکاری سەعید نورسی دامەزرێنەری بزووتنەوەی نورچولوک بوو. لەخانەوادەیەکی تورکمان بوو له شاری ئادیامان، که زۆرینەی دراوسێ و ناسراوەکانیان کورد بون، بە خوێندنەوە هەندێک لەو کتێبە ئەدەبیانەی لە باوکیەوە بۆ مابونەوە بە سۆسیالیزم و ئایدایای چەپ ئاشنا دەبێت، لە تەمەنی گەنجیدا پەیوەندی دەکات بە گروپە شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستەکانەوە  ساڵی ١٩٧٨ خوێندکاری ئامادەیی بوو، بەڵام بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێکدا دژ بە کۆمەڵکوژی مەڕەش دەستگیر دەکرێت ئەوەش دەبێتە یەکەم ئەزمونی زیندانی کردنی.  چەندین جار لە تەمەنی گەنجیدا دەستگیر و زیندانی دەکرێت دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، زانستی سیاسەت لە زانکۆی ئەنقەرە وەردەگیرێت کاتێک کودەتای ١٢ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٠ لە تورکیا دێتە ئاراوە سری سورەیا ئۆندەر تەمەنی ١٨ ساڵان بوو. پاش ساڵێک بەهۆی کاری سیاسییەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی مەمەک دەکرێت و ماوەی 7 ساڵ لە ژێر ئەشکەنجەی زیندان دەمێنێتەوە پاش ئازادبونیشی ماوەیەک ڕوودەکاتە وڵاتانی ئەوروپا . سری سورەیا ئۆندەر هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە ئاشنای کاری فۆتۆگرافەری و سینەما دەبێت و ئەو ئارەزوەی لەگەڵدا گەورە دەبێت و چەندین دەقی ئەدەبی دەنوسێت ، لە ساڵی ٢٠٠٦ دا سیناریۆی فیلمی بەینەلملەل دەنوسێت و هەرخۆشی دەرهێنانی بۆ دەکات.   دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨دا سیناریۆی فیلمی ئەو منداڵانە دەنوسێت، ساڵی ٢٠١٠ لە ڕۆژنامەکانی بیرگون و ڕادیکاڵ دەبێتە ستووننوس، سری سورەیا ئۆندەر لە ساڵی ٢٠١١  دا وەک کاندیدێکی سەربەخۆی بلۆکی کرێکاران، ئازادی و دیموکراسی، وەک پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵ هەڵبژێردرا، پاشان دەبێتە ئەندام لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی بەدەپە. لەساڵی ٢٠١٣ لەچالاکی پارکی گەزی ئستەمبوڵ بەشداری دەکات، بەهۆی هێرشی پۆلیس بۆ سەر خۆپێشاندەران لەوێ ئۆندەر بریندار دەبێت. دیمەنی ئەو لەچالاکیەکەدا کە ڕێگری لە شۆفێل دەکات پارکەکە تێکبدەن سەرنج ڕاکێشبوو. ئەوکات ڕەخنە لە بەدەپە گیرابوو کە بەباشی بەشداری چالاکیەکان نابن و پرسەکەیان گرێدابووەوە بە پڕۆسەی چارەسەرییەوە، سری سورەیا ئۆندەر لە قۆناغی چارەسەری نێوان ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ کارەکتەرێکی سەرەکی بوو. ئەندامی ئەو شاندە بوو کە دەچوونە ئیمراڵی و قەندیل، ئەو لە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣ دا بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجەلانى بۆ کشانەوەی گەریلا لە سنورەکان خوێندەوە. عەبدوڵا ئۆجەلان و سری سورەیا ئۆندەر یەکێکیان لە ئیمراڵی کە نیگاکانی هەر کەس لەسەر ئەوە، ئەوی دیکەش دوای گەڕانەوەی لە ئیمراڵی سەرنجی ڕایگشتی لەسەر بوو، ئۆندەر بەرلە دروستبوونی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلانى دەناسی. لەساڵی ١٩٧٦ دا بەیەکتر ئاشنا ببوون، ئەوەش لە پەڕتوکی تێبینیەکانی ئیمراڵیدا پشتڕاست کراوەتەوە. لەیدارێكی ئیمراڵیدا ئۆندەر بە ئۆجەلانى گوتبوو، سەرۆکی بەڕێز کاتێک ئێوە بۆ یەکەمین جار هاتنە سامسۆر من تەمەنم ١٤ بۆ ١٥ ساڵان بوو ئێوەم بردە لای حەسەن یوروڵماز. ئەو دیدارە لە پەڕتوکی عەبدوڵا ئۆجالان لە ئامارا هەتا ئیمراڵی موسلم یوجەدا بەبەرفراوانی ئاماژەی پێکراوە. پاشان ئۆندەر لەساڵی ١٩٧٦ دا دەچێتە گوندی ئامارای واری لەدایکبوونی ئۆجەلان. لەوێوە دەچێتە سامسۆر و وەک گەنجێکی تەمەن ١٤ ساڵان پێشوازی لە عەبدوڵا ئۆجەلان  دەکات و لەگەڵیدا دەچێتە ماڵی ئاپۆچییەکان. ئۆندەر لە قۆناغی چارەسەریدا کارەکتەرێکی سەرەکی بوو، ساڵی ٢٠١٣ هەتا ٢٠١٥ ڕۆڵی بناغەیی لەپڕۆسەکەدا گێڕا. ڕۆڵی ئۆندەر لەو قۆناغەدا لەبەرچاو و بەکاریگەر بوو، هەمیشە هەوڵەکانی هیوابەخش و ئەرێنی بوون، وەک خۆی دەیگوت، بەپەیڤە خۆش و پێکەنییەکانی زۆربەی کێشەکانی نەرم دەکرد. ئۆجەلان زۆرجار سری سورەیا ئۆندەری هۆشیار کردبووەوە و پێیگوتبوو ئاسایشی خۆت بپارێزە.

  ڕێكخراوی پەیامنێران لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا پێشێلكاری بەرامبەر ١٤ دەزگای میدیایی و ٣١ ڕۆژنامەنووس كراوە، دەشڵێن، پێشێلكارییەكان بە پلەی یەكەم لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بووە. ڕێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە هەرێمی كوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا پێشێلكاری بەرامبەر ١٤ دەزگای میدیایی و ٣١ ڕۆژنامەنووس كراوە، هەروەها ڕۆژنامەنووس بەهۆی گازی فرمێسك ڕێژەوە تەندرووستییان تێكچووە. باس لەوەشكراوە، ڕێكخراوەكەیان یەك حاڵەتی هەڵكوتانەسەر دەزگای میدیایی، چوار حاڵەتی ڕێگری لە تیمی میدیایی لە بازگەی دێگەڵە، دەستگیركردنی شەش ڕۆژنامەنووس و ١١ حاڵەتی ڕێگەنەدان بە ڕووماڵكردن تۆماركردووە. ئاماژە بەوەشكراوە، پێشێلكارییەكان بە پلەی یەكەم لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجامدراوە، هەروەها پێشێلكارییەكانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و بەشێك لە فەرمانگە‌كانی حكومەتی بە پلەی دووەم دێن، بەهۆی جیاكاری و پێنەدانی زانیاری بە زۆربەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن. ئەوەش خراوەتەڕوو، ڕۆژنامەنووسان تەنیا كێشەی حكومەتیان نییە، بەڵكو كێشەی ئەو دەسەڵاتەیان هەیە، كە ‌لە پشتی حكومەتەوەیە، كە حكومەتێكی قوڵە و بەپێی یاسای ژمارە ٣٥My ساڵی ٢٠٠٧ كارناكات. لە كۆتاییدا ئەوەخراوەتەڕوو، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕێگەنادرێت ڕۆژنامەنووسان بە ئازادیی كارەكانیان ئەنجامبدەن و زانیاری بەدەستبهێنن، ئەمەش بە واتای بەرتەسككردنەوەی ئازادیی و مافی ڕادەربڕین دێت لەو ناوچەیەدا.

  ەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، پێنج کەسی خانەوادەیەکی داعشی لە بنەڕەتدا ئەڵمانی، ڕادەستی وڵاتەکەیان کردەوە.  ئۆفیسی ڕاگەیاندنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕایگەیاند: دوێنێ شاندێکی ئەڵمانی بەسەرۆکایەتی كریستیان كلاین، سەرۆکی بەشی کاروباری کونسوڵی و یاسایی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و لەگەڵ هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیی دەرەوە گوڵستان عەلی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتییەکە خالید ئیبراهیم کۆبووەتەوە. بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا، هەردوولا باسیان لە ڕەوشی سووریا بەگشتی و کۆنفرانسی کوردی و دانووستانەکانی نێوان بەڕێوبەرایەتی خۆسەر و شام کراوە، هەروەها ئەو ئاستەنگانەی خرانە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرن بۆ پاراستنی خانەوادەی داعشەکان. لەچوارچێوەی ئەو سەردانەی شاندی ئەڵمانیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ئافرەتێک و چوار منداڵی ئەڵمانی کە لە خانەوادەی داعشەکانن، ڕادەستی شاندە ئەڵمانییەکە کرانەوە.

  وەزارەتی دارایی عێراق رەتیدەکاتەوە، بۆ پڕکردنەوەی کەمی نەختینەیی حکومەت پەنای بۆ بەکارهێنانی یەدەگی بانکی رافیدەین بردبێت، دەشڵێت: کۆی یەدەگی بانکی ڕافیدەین لەگەڵ بانکی ناوەندی 8 ترلیۆن و 540 ملیار دینارە بە هیچ شێوەیەک دەستی لێ نەدراوە، لە ژێر هیچ ناونیشانێکدا. دوینێ جێگرى سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى و بازرگانى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاندبوو، حکومەت سەرجەم پارەى هاوڵاتییانى لە بانکەکانى رەشید و رافیدەین راکێشاوە، ئەوەش دواى سەرپشککردنى وەزارەتى دارایی بۆ بەکارهێنانى "پارەی بارمتەی باج" بۆ دابینکردنى موچە و خەرجییەکانى دیکەى دەوڵەت. ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی دارایی و ئابوری عێراق رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، ئەو پارانەی لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین رادەکێشرێن پارەی دانراوی هاوڵاتیان و باڵانسی بیمەی بانکەکان نییە، بەڵکو حساباتی سەرەوەرت وەزارەتی داراییە و لەو بانکانەدا دانراوە و بەپێی رێنماییە دارایی و کارگێڕییەکان لەچوارچێوەی بودجەی گشتیدا تەرخان دەکرێتەوە. دەشڵێت: بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید نەختینەیی بەرز و یەدەگی نەختینەیی دەپارێزن و لەو ڕێژانە زیاترە کە بانکی ناوەندی دیاریی کردوە، هەروەها بە بەردەوامی ئەرکەکانیان لە خەرجکردنی موچە و داراییکردنی پڕۆژەکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن. وەزارەتەکە دەشڵێت: یەدەگی یاسایی بانکی ڕافیدەین لە بانکی ناوەندی لە ئێستادا نزیکەی نۆ ترلیۆن دیناری عێراقییە، ئەمەش گوزارشتە لە بەهێزی پێگەی دارایی بانکی ڕافیدەین. ئاماژەی بەوەشکردوە، شەفافیەت لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەجۆرێکە بوەتەهۆی بەرزکردنەوەی متمانەی هاوڵاتییان بە ئابوری وڵاتەکەیان و وەبەرههێنانی جیهانی بۆخۆی راکێشاوە و هەلی کاری رەخساندوە. یاسر حوسەینى جێگرى سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى و بازرگانى لە پەرلەمانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکرد، بەڕێوەبەرانى بانکەکانى رەشید و رافیدەین لیژنەى داراییان ئاگادارکردووەتەوە کە حکومەت سەرجەم پارەى بانکەکانى راکێشاوە، لەکاتێکدا پارەى ئەو بانکانە پارەى باج نییە بەڵکو پارەى هاوڵاتییانە.