بارزانی ڕایدەگەیەنێت بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەری پێگەیشتووە و هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا جێگەی پێزانینێکی زۆرە. شەممە 3ـی ئایاری 2025، مەسعود بارزانی، بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی، پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاو کردەوە. لە پەیامەکەی بارزانیدا هاتووە، بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی و سیاسەتمەداری تورکیا و هاوسەرۆکی پێشووی دەم پارتی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (سری سورەیا ئۆندەر)ـم پێ گەییشت. بارزانی دەڵێت: خوا لێخۆشبوو سری سورەیا ئۆندەر، کە ئەندامی شاندی ئیمراڵیش بوو، بەشی زۆری ژیانی خۆی بۆ خەباتی سیاسی و ئاشتییانە تەرخان کرد و هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا جێگەی پێزانینێکی زۆرە. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە، کەسوکار، دۆست، هەڤاڵ و هاوفکرانی خوالێخۆشبوو سری سورەیا ئۆندەر و سەرکردایەتی، ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. هەروەها وتیشی: لە خوای گەورە داواکارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە گشت لایەک ببەخشێت. شه‌ممه‌، 3ـی ئایاری 2025، سری سوره‌یا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییشە، دوای 18 ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا. سری سوره‌یا ئۆنده‌ر، لە ساڵی 1962 لە پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان لەدایک بووە؛ لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندووە و تاوەکوو قۆناغی دوو بەردەوام بووە.

  سری سورەیا ئۆندەر لە ساڵی 1962 لە شاری ئادیەمانی باکوری کوردستان لە یەکێک لە خێزانە سۆسیالیستییەکان لەدایک بووە.  ئەو لە تەمەنی هەشت ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ئادیامانی پارتی کرێکارانی تورکیا. مامی خوێندکاری سەعید نورسی دامەزرێنەری بزووتنەوەی نورچولوک بوو. لەخانەوادەیەکی تورکمان بوو له شاری ئادیامان، که زۆرینەی دراوسێ و ناسراوەکانیان کورد بون، بە خوێندنەوە هەندێک لەو کتێبە ئەدەبیانەی لە باوکیەوە بۆ مابونەوە بە سۆسیالیزم و ئایدایای چەپ ئاشنا دەبێت، لە تەمەنی گەنجیدا پەیوەندی دەکات بە گروپە شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستەکانەوە  ساڵی ١٩٧٨ خوێندکاری ئامادەیی بوو، بەڵام بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێکدا دژ بە کۆمەڵکوژی مەڕەش دەستگیر دەکرێت ئەوەش دەبێتە یەکەم ئەزمونی زیندانی کردنی.  چەندین جار لە تەمەنی گەنجیدا دەستگیر و زیندانی دەکرێت دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، زانستی سیاسەت لە زانکۆی ئەنقەرە وەردەگیرێت کاتێک کودەتای ١٢ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٠ لە تورکیا دێتە ئاراوە سری سورەیا ئۆندەر تەمەنی ١٨ ساڵان بوو. پاش ساڵێک بەهۆی کاری سیاسییەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی مەمەک دەکرێت و ماوەی 7 ساڵ لە ژێر ئەشکەنجەی زیندان دەمێنێتەوە پاش ئازادبونیشی ماوەیەک ڕوودەکاتە وڵاتانی ئەوروپا . سری سورەیا ئۆندەر هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە ئاشنای کاری فۆتۆگرافەری و سینەما دەبێت و ئەو ئارەزوەی لەگەڵدا گەورە دەبێت و چەندین دەقی ئەدەبی دەنوسێت ، لە ساڵی ٢٠٠٦ دا سیناریۆی فیلمی بەینەلملەل دەنوسێت و هەرخۆشی دەرهێنانی بۆ دەکات.   دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨دا سیناریۆی فیلمی ئەو منداڵانە دەنوسێت، ساڵی ٢٠١٠ لە ڕۆژنامەکانی بیرگون و ڕادیکاڵ دەبێتە ستووننوس، سری سورەیا ئۆندەر لە ساڵی ٢٠١١  دا وەک کاندیدێکی سەربەخۆی بلۆکی کرێکاران، ئازادی و دیموکراسی، وەک پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵ هەڵبژێردرا، پاشان دەبێتە ئەندام لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی بەدەپە. لەساڵی ٢٠١٣ لەچالاکی پارکی گەزی ئستەمبوڵ بەشداری دەکات، بەهۆی هێرشی پۆلیس بۆ سەر خۆپێشاندەران لەوێ ئۆندەر بریندار دەبێت. دیمەنی ئەو لەچالاکیەکەدا کە ڕێگری لە شۆفێل دەکات پارکەکە تێکبدەن سەرنج ڕاکێشبوو. ئەوکات ڕەخنە لە بەدەپە گیرابوو کە بەباشی بەشداری چالاکیەکان نابن و پرسەکەیان گرێدابووەوە بە پڕۆسەی چارەسەرییەوە، سری سورەیا ئۆندەر لە قۆناغی چارەسەری نێوان ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ کارەکتەرێکی سەرەکی بوو. ئەندامی ئەو شاندە بوو کە دەچوونە ئیمراڵی و قەندیل، ئەو لە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣ دا بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجەلانى بۆ کشانەوەی گەریلا لە سنورەکان خوێندەوە. عەبدوڵا ئۆجەلان و سری سورەیا ئۆندەر یەکێکیان لە ئیمراڵی کە نیگاکانی هەر کەس لەسەر ئەوە، ئەوی دیکەش دوای گەڕانەوەی لە ئیمراڵی سەرنجی ڕایگشتی لەسەر بوو، ئۆندەر بەرلە دروستبوونی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلانى دەناسی. لەساڵی ١٩٧٦ دا بەیەکتر ئاشنا ببوون، ئەوەش لە پەڕتوکی تێبینیەکانی ئیمراڵیدا پشتڕاست کراوەتەوە. لەیدارێكی ئیمراڵیدا ئۆندەر بە ئۆجەلانى گوتبوو، سەرۆکی بەڕێز کاتێک ئێوە بۆ یەکەمین جار هاتنە سامسۆر من تەمەنم ١٤ بۆ ١٥ ساڵان بوو ئێوەم بردە لای حەسەن یوروڵماز. ئەو دیدارە لە پەڕتوکی عەبدوڵا ئۆجالان لە ئامارا هەتا ئیمراڵی موسلم یوجەدا بەبەرفراوانی ئاماژەی پێکراوە. پاشان ئۆندەر لەساڵی ١٩٧٦ دا دەچێتە گوندی ئامارای واری لەدایکبوونی ئۆجەلان. لەوێوە دەچێتە سامسۆر و وەک گەنجێکی تەمەن ١٤ ساڵان پێشوازی لە عەبدوڵا ئۆجەلان  دەکات و لەگەڵیدا دەچێتە ماڵی ئاپۆچییەکان. ئۆندەر لە قۆناغی چارەسەریدا کارەکتەرێکی سەرەکی بوو، ساڵی ٢٠١٣ هەتا ٢٠١٥ ڕۆڵی بناغەیی لەپڕۆسەکەدا گێڕا. ڕۆڵی ئۆندەر لەو قۆناغەدا لەبەرچاو و بەکاریگەر بوو، هەمیشە هەوڵەکانی هیوابەخش و ئەرێنی بوون، وەک خۆی دەیگوت، بەپەیڤە خۆش و پێکەنییەکانی زۆربەی کێشەکانی نەرم دەکرد. ئۆجەلان زۆرجار سری سورەیا ئۆندەری هۆشیار کردبووەوە و پێیگوتبوو ئاسایشی خۆت بپارێزە.

  ڕێكخراوی پەیامنێران لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا پێشێلكاری بەرامبەر ١٤ دەزگای میدیایی و ٣١ ڕۆژنامەنووس كراوە، دەشڵێن، پێشێلكارییەكان بە پلەی یەكەم لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بووە. ڕێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە هەرێمی كوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا پێشێلكاری بەرامبەر ١٤ دەزگای میدیایی و ٣١ ڕۆژنامەنووس كراوە، هەروەها ڕۆژنامەنووس بەهۆی گازی فرمێسك ڕێژەوە تەندرووستییان تێكچووە. باس لەوەشكراوە، ڕێكخراوەكەیان یەك حاڵەتی هەڵكوتانەسەر دەزگای میدیایی، چوار حاڵەتی ڕێگری لە تیمی میدیایی لە بازگەی دێگەڵە، دەستگیركردنی شەش ڕۆژنامەنووس و ١١ حاڵەتی ڕێگەنەدان بە ڕووماڵكردن تۆماركردووە. ئاماژە بەوەشكراوە، پێشێلكارییەكان بە پلەی یەكەم لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجامدراوە، هەروەها پێشێلكارییەكانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و بەشێك لە فەرمانگە‌كانی حكومەتی بە پلەی دووەم دێن، بەهۆی جیاكاری و پێنەدانی زانیاری بە زۆربەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن. ئەوەش خراوەتەڕوو، ڕۆژنامەنووسان تەنیا كێشەی حكومەتیان نییە، بەڵكو كێشەی ئەو دەسەڵاتەیان هەیە، كە ‌لە پشتی حكومەتەوەیە، كە حكومەتێكی قوڵە و بەپێی یاسای ژمارە ٣٥My ساڵی ٢٠٠٧ كارناكات. لە كۆتاییدا ئەوەخراوەتەڕوو، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕێگەنادرێت ڕۆژنامەنووسان بە ئازادیی كارەكانیان ئەنجامبدەن و زانیاری بەدەستبهێنن، ئەمەش بە واتای بەرتەسككردنەوەی ئازادیی و مافی ڕادەربڕین دێت لەو ناوچەیەدا.

  ەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، پێنج کەسی خانەوادەیەکی داعشی لە بنەڕەتدا ئەڵمانی، ڕادەستی وڵاتەکەیان کردەوە.  ئۆفیسی ڕاگەیاندنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕایگەیاند: دوێنێ شاندێکی ئەڵمانی بەسەرۆکایەتی كریستیان كلاین، سەرۆکی بەشی کاروباری کونسوڵی و یاسایی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و لەگەڵ هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیی دەرەوە گوڵستان عەلی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتییەکە خالید ئیبراهیم کۆبووەتەوە. بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا، هەردوولا باسیان لە ڕەوشی سووریا بەگشتی و کۆنفرانسی کوردی و دانووستانەکانی نێوان بەڕێوبەرایەتی خۆسەر و شام کراوە، هەروەها ئەو ئاستەنگانەی خرانە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرن بۆ پاراستنی خانەوادەی داعشەکان. لەچوارچێوەی ئەو سەردانەی شاندی ئەڵمانیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ئافرەتێک و چوار منداڵی ئەڵمانی کە لە خانەوادەی داعشەکانن، ڕادەستی شاندە ئەڵمانییەکە کرانەوە.

  وەزارەتی دارایی عێراق رەتیدەکاتەوە، بۆ پڕکردنەوەی کەمی نەختینەیی حکومەت پەنای بۆ بەکارهێنانی یەدەگی بانکی رافیدەین بردبێت، دەشڵێت: کۆی یەدەگی بانکی ڕافیدەین لەگەڵ بانکی ناوەندی 8 ترلیۆن و 540 ملیار دینارە بە هیچ شێوەیەک دەستی لێ نەدراوە، لە ژێر هیچ ناونیشانێکدا. دوینێ جێگرى سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى و بازرگانى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاندبوو، حکومەت سەرجەم پارەى هاوڵاتییانى لە بانکەکانى رەشید و رافیدەین راکێشاوە، ئەوەش دواى سەرپشککردنى وەزارەتى دارایی بۆ بەکارهێنانى "پارەی بارمتەی باج" بۆ دابینکردنى موچە و خەرجییەکانى دیکەى دەوڵەت. ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی دارایی و ئابوری عێراق رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، ئەو پارانەی لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین رادەکێشرێن پارەی دانراوی هاوڵاتیان و باڵانسی بیمەی بانکەکان نییە، بەڵکو حساباتی سەرەوەرت وەزارەتی داراییە و لەو بانکانەدا دانراوە و بەپێی رێنماییە دارایی و کارگێڕییەکان لەچوارچێوەی بودجەی گشتیدا تەرخان دەکرێتەوە. دەشڵێت: بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید نەختینەیی بەرز و یەدەگی نەختینەیی دەپارێزن و لەو ڕێژانە زیاترە کە بانکی ناوەندی دیاریی کردوە، هەروەها بە بەردەوامی ئەرکەکانیان لە خەرجکردنی موچە و داراییکردنی پڕۆژەکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن. وەزارەتەکە دەشڵێت: یەدەگی یاسایی بانکی ڕافیدەین لە بانکی ناوەندی لە ئێستادا نزیکەی نۆ ترلیۆن دیناری عێراقییە، ئەمەش گوزارشتە لە بەهێزی پێگەی دارایی بانکی ڕافیدەین. ئاماژەی بەوەشکردوە، شەفافیەت لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەجۆرێکە بوەتەهۆی بەرزکردنەوەی متمانەی هاوڵاتییان بە ئابوری وڵاتەکەیان و وەبەرههێنانی جیهانی بۆخۆی راکێشاوە و هەلی کاری رەخساندوە. یاسر حوسەینى جێگرى سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى و بازرگانى لە پەرلەمانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکرد، بەڕێوەبەرانى بانکەکانى رەشید و رافیدەین لیژنەى داراییان ئاگادارکردووەتەوە کە حکومەت سەرجەم پارەى بانکەکانى راکێشاوە، لەکاتێکدا پارەى ئەو بانکانە پارەى باج نییە بەڵکو پارەى هاوڵاتییانە.

  سەنتەری میترۆ،  3ی ئایاری 2025: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، یادی ڕۆژی جیهانیی ئازادی ڕۆژنامەگەری بەرز ڕادەگرێت كە ساڵانە دەكەوێتە 3ی ئایارەوە. لەم بۆنەیەشدا هۆشداری دەدات لە مەترسی بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد (AI) وەك ئامرازێكی دیكەی بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان و داوای باشكردنی ژینگەی كاری ڕۆژنامەنووسان و ئازادكردنی حوكمدراوان دەكات. ئەمڕۆ 3ی ئایار، رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری یۆنسكو(UNESCO)  لە ژێر دروشمی "ڕووماڵكردن لە جیهانێكی نوێدا، كاریگەریی ژیریی دەستكرد (AI)لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و میدیا"، یادی رۆژی جیهانی  ئازادی رۆژنامەگەری دەكاتەوە. هەڵبژاردنی كاریگەرییەكانی (AI)پەیوەندی بەو گۆڕانەوە هەیە كە زیرەكی دەستكرد هێنایە ئاراوە، ئەم تەكنەلۆژیایە ئەو ئامرازانە بە رۆژنامەنووسان دەبەخشێت، كە دەبنە هۆی بەهێزكردنی راپۆرتی بنكۆڵكاری، دروستكردنی ناوەڕۆكی میدیایی، وردبینی لە خستنەرووی راستییەكان، لەگەڵ بەردەستخستنی خزمەتگوزاری دەستڕاگەیشتن بە زمانەكان و باشتركردنی شیكاری لە داتاكان، سەرباری ئەمەش تەكنەلۆژیاكە هەڵگری مەترسییە بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری چەواشەكارانە، ساختەكردنی دەنگ و رەنگ، هەروەها هەڵگری هەڕەشەشە بۆ چاودێریكردنی ڕۆژنامەنووسان.  سەرەڕای مەترسییە پیشەییەكانیش ژیریی دەستكرد (AI) مۆدێلێكی نوێی بازرگانی میدیای دەخاتەڕوو، ئەمەش مشتومڕو نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە سەبارەت بە كاریگەرییەكانی لەسەر ژووری هەواڵ و پیشەی ڕۆژنامەنووسان و مووچە و پاداشتی ماندووبوونیان بەو پێیەی دەتوانێت بەشێك لە كارەكانی ئەوان ڕاپەڕێنێت. ‎لەمبارەیەوە سەنتەری میترۆ جەختدكاتەوە "ژیریی دەستكرد ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە دەستەبەركردنی خێرای زانیاری تایبەت بۆ ئەو كەسانەی بەكاریدەهێنن، بەڵام نابێت بكرێت بە ئامرازێكی دیكە بۆ بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان". سەنتەری میترۆ ئەم ڕۆژ و بۆنەیەش بە دەرفەت دەزانێت بۆ ئەوەی بڵێت: هەرێمی كوردستان لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی گفتوگۆی دیموكراسییە بۆ دربازبوون لە قەیرانە كەڵەكەبووەكانی، ئەمەش پێویستی بە فرەیی راستەقینەی میدیا و ئازادی كاركردنیان و بڵاوكردنەوەی ئازادانەی زانیاری و بیربۆچوونی جیاواز هەیە، دوور لە گوشار و پێشێلكاری و بە دابینكردنی ژینگەی كاركردنی گونجاو بۆ ڕۆژنامەنووسان. لەم بۆنەیەدا سەنتەری میترۆ  داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، زەمینە خۆش بكات تا میدیا ڕۆڵی خۆی ببینێت و ئاستەنگەكانی بەردەم كاركردنیان نەهێڵیت، پێشێلكاران و تاوانكارانی بەرامبەر میدیاكاران ڕووبەڕووی دادگا بكاتەوە و كارێك بكات دەربازیان نەبێت لە سزا. با ڕۆژی ئازادی رۆژنامەگەری بكەرێتە دەرفەتێك بۆ بە پێداچوونەوە بە حوكمە دادوەرییەكان دژ بە رۆژنامەنووسان، "شێروان شێروانی" و "قارەمان شوكری" و هەڵگرتنی تۆمەتەكان لەسەر "ئومێد پەروشكی" و ئازادكردنیان. هەروەها میترۆ جەخت لە رۆڵی گرنگی میدیا دەكاتەوە لە بڵاوكردنەوە زانیاری  و گەیاندنی بە شێوەیەكی پیشەییانە، بە ئامانجی هۆشیاری زیاتر بۆ تاكەكان، ڕووبەرووبونەوەی هەواڵی چەواشەكارانە و رتكردنەوەی گوتاری رقوكینە و كۆتایهێنان ئاشكراكردنی نهێنی كەسی و پاراستنی تایبەتمەندی و جیاكردنەوەی رەهەندی گشتی و رەهەندی كەسی تایبەت، لە بڵاوكردنەوەدا. سەربەرزی بۆ شەهیدانی رۆژنامەنوسی كوردستان و ئازادی بۆ حوكمدراوان و راگیراوان.

  ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا" بڵاویكلادەوە، ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی سەرجەم چالاکییەکانی ئەو حزب و گروپانەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن لەناو خاکی عێراق، بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە چوارچێوەی پابەندبونی بەغداد بە پتەوکردنی ئاسایشی سنورەکان و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ئێران.  بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە لەلایەن دیوانی سەرۆکایەتی حکومەت و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە عێراق بڵاوکراوەتەوە، فەرمان ئاڕاستەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و دەسەڵاتی دەروازە سنورییەکان و حکومەتی هەرێم کراوە، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، کە بریتییە لە: 1-داخستنی بارەگای ئەو گروپانە و رێگریكردن لە هەر چالاکیەکی سیاسی، میدیایی و سەربازییان. 2-رێگرتن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ دنەدان یان ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران. 3-توندکردنەوەی چاودێری لەناوچە سنورییە هاوبەشەکان، بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەکان، کە پێشتر لەلایەن هەندێک گروپەوە بەکاردەهێنران. 4-پتەوکردنی هەماهەنگی ئەمنی نێوان بەغداد و هەولێر بۆ دڵنیابون لە جێبەجێکردنی بڕیارەكە بە تەواوی. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ هەینی، هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی حزبە كوردییەكانی ئێرانیان ئاگاداركردووەتەوە لە ماوەی  (10) رۆژدا بارەگاکانیان چۆڵ بکەن. ئەمجەد حسێن پەناهی، سەرکردەى كۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە ماڵپەری "جبال"ی راگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە فەرمی ئاگاداریان کردونەتەوە لە پێویستی چۆڵکردنی بارەگاکانیان لە زڕگوێز لە ماوەی (10) رۆژدا. ئاماژەی بەوەشکردووە، رێنماییەکان بەوشێوەیەیە بچنە ناوچەی سورداش و لەوێ نیشتەجێبن، بەپێچەوانەوە بەهێز ناوچەكەیان پێ چۆڵدەكرێت. لای خۆیەوە، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، راگەیاند، ئەو رێکارانە بەشێکن لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لە نێوان بەغدادو تاران ئەنجامدراوە، بە ئامادەبونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و حزبی کۆمەڵە. رونیشیکردەوەتەوە، چەندین جار ماوەی  مانەوەی ئەو حزبانە درێژکراوەتەوە، دواجاریش تا (1)ی ئایار بووە. وتوشیەتی، زیاتر لە (98) خانوو بۆ حزبە کوردستانییەکانی ئێران لە ناحیەی سورداش سەر بە قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی دروستکراون، دەتوانن لەوێ‌ نیشتەجێ بن.

  بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ خزمەتگوزارییەکی دیکە پێشکەش بە زیارەتکاران دەکرێت ئەویش دابیکردنی سیم کارتی ئەنتەرنێت و پەیوەندی خۆراییە بۆ هەمو زیارەتکاران کە بۆ جێبەجێکردنی حەج رو لە سعودییە دەکەن. وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان، کاروان ستونی رایگەیاند، پیشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بەهۆی هەماهەنگی و پەیوەندی توندوتوڵی سەرۆکی شاندنی حاجیانی کوردستان "شێخ نیاز راغب نەقشبەندی"یەوەیە کە لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقدا هەیەتی. وتوشیەتی؛ بەردەوامن لە پەیوەندییەکانیان بۆ ئەوەى زۆرترین ئاسانکارى بۆ زیارەتکاران بکرێت، هەربۆیە خزمەتگوزارییەکانى ئەمساڵ جیاوازن لە ساڵانى رابردو و پێویست ناکات زیارەتکاران لەگەڵ گەیشتنیان بە سعودیە سیمکارت بکڕن و ئەو خزمەتگوزارییەیان بەبێ بەرامبەر بۆ دابینکراوە. ناوبراو ئەوەشی خستوتەرو؛ "بە پێی ئەو گرێبەستەی کە لەگەڵ کۆمپانیای کنان کە بریکاری سەرەکی کۆمپانیای ئیس تی سی سعودی کراوە، هەر زیارەتکارێک سیمکارتێکی ئەنتەرنێت کە 5 گیگا بایت ئەنتەرنێت و 120 خولەک پەیوەندی لەخۆدەگرێت بە خورایی لە دەروازەی عەرعەر بە زیارەتکارانی گەشتی وشکانی و لە شاری مەککەی پیرۆزیش بۆ زیارەتکارانی گەشتی ئاسمانی پێشکەش دەکرێت". ئەویشی خستەوەڕو، جگە لە دابینکردنی سیم کارتی ئەنتەرنێت و پەیوەندی بۆ زیارەت کاران، بۆ هەر پاسێک کە زیارەتکاران دەگوازێتەوە بە رێگای وشکانی راوتەرێکی ئەنتەرنێت دابین دەکرێت کە 30 کەس دەتوانن سود لە ئەنتەرنێتەکەی وەربگرن ئەمە لە کاتیكدایە بڕیار وایە رۆژی 16ی ئەم مانگە یەکەم وەجبەی زیارەتکارانی حەج، لە هەرێمی کوردستانەوە بەرە وڵاتی سعودییە بەرێ بکەون، و بە گویڕەی زانیارییەکانی حەج و عەمرەی هەرێمیش ئەمساڵ پێنج هەزار و 136 زیارەتکار، بەمەبەستی بەجێهێننای فەریزەی حەج ڕو لە سعودییە دەکەن.

  هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایدەگەیەنێت سوپای تورکی داگیرکەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای سێ جار بە چەکی قەدەغەکراو، پێنج جار بە فرۆکەی جەنگی و ١٠٧٦ جار بە چەکی قورس، تۆپ و موشەکهاوێژ بۆردوومان کردوە. هەروەها دەشڵێت: بە درۆنی بۆمب هەڵگر هێرشی تونێلەکانی بەرخۆدانمانی لە گۆڕەپانی سنینی دەکرد و لە ئەنجامدا درۆنە بۆمب هەڵگرەکە لە ناوبرا. ڕاگەیاندراوەکەی ناوەندنی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە بەمجۆرەیە: "هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە چەکی قەدەغەکراو؛ ٢٩ی نیسان و ١ی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای ئامێدی سێ جار بە چەکی قەدەغەکراو بۆردوومان کراوە. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە فرۆکەی جەنگی؛ ٢٨،٢٩ و ٣٠ نیسان لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهار پێنج جار بە فرۆکەی جەنگی بۆردوومانکراوە. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە چەکی قورس، تۆپ و موشەکهاوێژ؛ ٢٩، ٣٠ و ١ی ئایار لە هەرێمی خواکوڕکی گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەری زینێ، لۆلان و سنینی ٤٢ جار، لە هەرێمی چیای گۆڕەپانی چیای زەنگل، چیای ڕەشیت، زێڤکی، گرگاشی، سپینداری، میژی، دێرەشی ٩٠ جار، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شێلازی، بێشیلی، سەرێ مەتینا ٤١٧ جار، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی چیای ئامێدی، چیای بەهار ٥٢٧ جار؛ بە گشتیی ١٠٧٦ جار بە چەکی قورس، تۆپ و موشەکهاوێژ بۆردوومانکراوە. ٢٩، ٣٠ و ١ی ئایار سوپای تورکی داگیرکەر لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی چیای بەهار و چیای ئامیدی بە شۆفڵ هێرشی کردە سەر تونێل و سەنگەرەکانمان. دەستوەردانی هێزەکانمان لە بەرانبەر هێرشەکان؛ ٢٩ی نیسان لە کاتژمێر ١٥:٣٠ لە هەرێمی خواکوڕک وەڵامی داگیرکەران درایەوە کە بە درۆنی بۆمب هەڵگر هێرشی تونێلەکانی بەرخۆدانمانی لە گۆڕەپانی سنینی دەکرد و لە ئەنجامدا درۆنە بۆمب هەڵگرەکە لە ناوبرا. ٢٩ی نیسان لە کاتژمێر ١٣:٣٠ و ١٣:٤٥دا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی بازی هەرێمی مەتینا لە دژی ئامانجەکان لە ئامادەکاری هێرشدا هێزەکانمان یەژا ستار بە چەکی نیو ئۆتۆماتیک و قەناس دەستوەردانیان کرد. لە ئەنجامی ئەم دەستوەردانەدا گورزی لە موڵگەیەک درا و سیستەمێکی کامێرای چاودێری لە ناوبرا. ٢٩ی نیسان لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە بەرانبەر داگیرکەران کە بە شۆفڵ هێرشی سەنگەر و تونێلەکانمانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهار دەکرد، بە چەکی نیو ئۆتۆماتیک دەستوەردان کرا و گورز لە شوفڵەکە درا. ٣٠ی نیسان لە کاتژمێر ١٥:٠٥دا لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای ئامێدی لە بەرانبەر داگیرکەران کە بانگەوازی خۆڕادەستکردنی دەکرد و هێرشی سەنگەر و تونێلەکانمانیان دەکرد، بە شێوازێکی تایبەت دەستوەردان کرا و گورز لە مۆڵگەیەک درا."

  کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات خۆڵبارین چەند ناوچەیەکى عێراق بگرێتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش باران ببارێت، هۆشداریش دەداتە هاووڵاتیان ئەگەر زۆر پێویست نەبێت گەشت نەکەن.   ئەمڕۆ هەینى 2ى ئایارى 2025، عامر جابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند: ئەمڕۆ خۆڵبارین لە چەند ناوچەیەکى رۆژئاوا و باکوورى رۆژئاواى عێراق روودەدات، خێرایی با دەگاتە 45 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.    لە پێنجشەممەوە شەپۆلێکى خۆڵبارین و رەشەبا و بارانبارین عێراقى گرتووەتەوە، شەوى رابردوو بە هۆیەوە بۆ ماوەى کاژێرێک گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا راگیران.    عامر جابری پێشبینی دەکات ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان بارانى پچڕ پچڕ ببارێت.   بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینی، دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لە هۆشدارییەکدا داواى لە هاووڵاتیان کرد ئەگەر پێویست نەبێت بە رێگەى وشکانی و ئاوى گەشت نەکەن، ئەو کەسانەشى نەخۆشیى هەناسەتووندییان هەیە، خۆیان بپارێزن.

  سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایدەگەیەنێت: ئەوەی ئیسرائیل لە سوریا دەیکات گێچەڵکارییە و قبووڵی ناکەین، ئیسرائیل دەیەوێت ئاگری شەڕی غەززە و لوبنان بۆ سووریا بگوازێتەوە. ئێوارەى ڕۆژى چوارشەممە، 30ـی نیسان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ڕێگە بە هیچ دەستپێشخەرییەک نادەین کە هەڕەشە لە سەقامگیریی سووریا بکات. ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئەو کەشوهەوای ئەرێنییەی کە ئیدارەی نوێ لە دیمەشق دامەزراندووە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئیسرائیل دەیکات وروژاندنێکی قبوڵنەکراوە، ئێمەش بە شێوازی جۆراوجۆر وەڵامی هەر هەوڵێک دەدەینەوە بۆ ڕاکێشانی دراوسێمان، سوریا، بۆ ناو گرژى و ئاڵۆزیی و ناسەقامگیری نوێ. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان زیادیکرد: ئەو شەپۆلە توندوتیژی و دەستدرێژییەی کە لەشارەکانی فەلەستین بە تایبەتی لە کەرتی غەززە دەستی پێکرد، وردە وردە بەرەو لوبنان و سوریا تەشەنە دەکات. ناوبراو وتیشى: تورکیا خزمەت بە ئاشتی لە ناوچەکە دەکات و رێگە نادات بە سەپاندنی هیچ پەیكەرێك لە دیوەکەی تری سنورەکان، جگە لە سوریای یەکگرتوو، یەکپارچەیی خاکی سوریا بۆ ئێمە پرسێكە دەستبەرداری نابین و دەزانین حکومەتی سوریاش لەسەر هەمان بنەما کاردەکات. ئەردۆغان جەختى کردەوە کە باشترین بژاردە ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان کار بۆ سوریایەکی یەکگرتوو بکەن و وزە و هێزەکانیان بۆ ئەو مەبەستە کۆبکەنەوە، توركیا ئەولەویەت دەدات بە نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا و گفتوگۆكردن لەگەڵیان. وتى: زۆر گرنگە گروپە چەکدارەکان لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگری سوریا یەکبگرن و بەشداری لە یەکڕیزی و یەکپارچەیی وڵاتدا بکەن. لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندائەوەشى وت: ئەنكەرە رێگە نادات بە سەپاندنی دیفاكتۆ لە ناوچەکەو هیچ هەوڵێک بۆ هەڕەشەکردن لە سەقامگیری سوریا قبوڵ ناکات، پرسی سیستمی فیدراڵی لە خەونێکی دوور زیاتر هیچی تر نییە و لە واقیعی سوریادا هیچ جێگایەکی نییە. دەشڵێت: رێنوێنیان دەكەم بڕیارێک بگرنەبەر خزمەت بە سەقامگیری ناوچەکە بکات، نەک بڕیارێك لەسەر بنەمای خەونەکانی حکومەتی فیدراڵی لە سوریا.

  مەسەدە لەسەر ڕوداوەکانى سوریا هاتە دەنگ و ڕایدەگەیەنێت بە دوودڵییەوە لە هەڵکشانە سەربازییە مەترسیدارەکانی دەورەبەری دیمەشق دەڕوانین ، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات شەڕ بووەستێنن، بەرپرسیارێتیی تەواوی تێکچوونی دۆخەکەش دەخەنە ئەستۆی دیمەشق. ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لەڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت بە نیگەرانی و وریایی قووڵەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیدارە دەکات کە لە ناوچەکانی ئەشرەفییە سەحنایە و جەرەمانە لە لادێکانی دیمەشق ڕوودەدات، کە هەڕەشەی فراوانکردنی بازنەی توندوتیژی دەکاتە بۆ تەواوى سوریا. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا مەسەدە بە توندترین شێوە ئیدانەی کوشتن، تۆقاندن، قسەی ڕقاوی و هاندانی تائیفەگەری دەکات. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات شەڕو توندوتیژى ڕابگرن و ئارامبگرن، هەروەها دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە تەواوی بەرپرسیار دەکات لە خراپتربوونی دۆخەکە. ئەنجومەنەکە پێی وایە کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هێز سوریا بەرەو لێواری داڕمان دەڕوات، ئەو بۆشاییە فراوانتر دەکات کە ڕژێمی پێشوو لەناو گەلی سوریادا دروستی کردووە. مەسەدە دەشڵێت: دەرگا بەڕووی دەستێوەردانی دەرەکیدا دەکاتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەو لایەنانەی کە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە دەکەنە ئامانج و هەوڵی زاڵبوون بەسەر سوریادا دەدەن و یەکگرتوویی و سەروەری وڵاتەکەی لێ زەوت دەکەنەوە. بەم پێیە ئەنجومەن داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکات ئاسایش بپارێزن و چالاکیی و کردەوە دوژمنکارانەی بەردەوام ڕابگرن و سەرچاوەکانی هاندانی تائیفی و قسەی ڕق و کینە وشک بکەنەوە. ئەنجومەنەکە پێی وایە زۆر گرنگە کە بانگهێشتکردنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی گشتگیر بە بەشداریی ڕاستەقینە و کاریگەر لە سەرجەم پێکهاتەکان و توێژەکانی گەلی سوریا، بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوتی تەواوی پڕۆسەی ئینتقالی و داڕشتنی دەستوورێکی نیشتمانی مۆدێرن و دیموکراسی کە شایستەی ئەو قوربانییە گەورەیانەی گەلی سوریا بێت و خواستەکانیان دەرببڕێت و مافەکانیان بپارێزێت و دەوڵەتی هاوڵاتیبوون و دادپەروەری دابمەزرێنێت. بەردەوامیی ئەو گرژییانەی ئێستا لەو ناوچەیە هەیە، پاش ئەوەهات، رۆژی 29ـی نیسانی 2025، تۆمارێکی دەنگی بڵاوکرایەوە ودروزەکان بە سوکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام تۆمەتبارکران و بووەهۆى گرژی و رووبەڕووبونەوەی توند لەنێوان ئەندامانی ئاسایش و چەکدارانی دروزدا.

  ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بۆ تاوتوێکردنی دوو تەوەر کۆ بووەوە. چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە "لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە گفتوگۆ و دانوستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ و ئەنجامی کۆبوونەوەی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو." وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە ڕاپۆرتێکدا، ڕوونی کردەوە کە وەزارەتیان ئەوەندەی پەیوەندیی بە حکومەتی هەرێم هەبێت، پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دانانی داهاتەکەی لە گەنجینەی گشتيی فیدراڵ. لەم ڕووەوە هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم. دواتر هەریەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، وردەکاريی تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانيان لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیيەکان خستەڕوو و ئاماژە بەو بڕگانەی گفتوگۆکان درا، کە بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو تەوەرانەی ماون و پەیوەندیدارن بە کۆمپانیا نەوتییەکان. ئەنجومەنی وەزیران، هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانيی دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان دووپات دەکاتەوە بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. لەم پێناوەشدا، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی سامانەسروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتيیەکان و کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە هاوئاهەنگی و دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا، بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و بگەنە ڕێککەوتن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکەن بۆ ئەوەی چیتر زیانی دارایی بە گەنجینەی گشتیی نەگات کە دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینی گشتی لە هەرێمی کوردستان کرا لە بەر ڕۆشنایی یاسای خانەنشینی گشتیی یەکگرتووی ژمارە 9 ی ساڵی 2014 و بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەم بڕگەیەدا لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕاپۆرتێک خرایەڕوو. لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخدانی تایبەت بە خانەنشینان و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییان کە تەمەنی خۆیان لە خزمەتی گشتی بەسەربردووە و شایانی خزمەتکردنن، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری، كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ )ی ڕاسپارد ، بەزووترین کات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێک بهێنن بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمیی گونجاو بۆ ئاسانکاریی لە زوو بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە کەرتەکانی مەدەنی و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەجۆرێک کە ڕاییکردنی مامەڵەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی

ماوەى سێ رۆژە بەبەردەوامى، دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی پەیام دەداتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەوکەسانەى لەزڕگوێز ماوون تاوەکوو سبەینێ پێنج شەممە چۆڵی بکەن، حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش داواکارییەکە ڕەتدەکەنەوە.  سەرچاوەیەکی ئاگادار، تایبەت بەهاوڵاتى وت: سێ رۆژە چەند جارێک پەیام دەداتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا هاوڵاتیانەى لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی ماون بەزوویی چۆڵى بکەن.  سەرچاوەکە وتى: ئەوان داوایانکردوە بچینە سورداش، ئێمەش پێمان ڕاگەیاندوون لەم کاتەدا ناچینە ئەو شوێنەـ چونکە هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، وەک چادرو ئامێرى فێنککەرەوەو ثێداویستى ترى سەرەتایی ژیان، ناکرێت لەم کاتەدا بچین چونکە کۆتایی ساڵى خوێندنە ناتوانین خوێندکارەکانمان بگوازینەوە لەوشوێنەش وەزع خراپە تەنانەت بنکەیەکى تەندروستى تێدانیە. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بارەگای سەرەکیان لە زڕێگوزی سنوری پارێزگای سلێمانییە.  ناوەڕاستی ساڵی 2023، ئێران ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆکرد، کە ڕێكکەوتنەکە تایبەت بوو بە چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵەدا بەشێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێکرا. حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پابەندی خۆیان بە چۆڵکردنی سنورەکانەوە ڕاگەیاند بەڵام بۆ چۆڵکردنی تەواوی بارەگاکانیان ملیان نەدا. ئێران زیاتر لە جارێک نیگەرانی لەسەر چۆڵنەکردنی بارەگاکان نیشاداوە و ڕاگەیاندووە،" پێویستە حزبە دژبەرەکانی ئێران بۆ قوڵایی خاکی عێراق بگوازرێنەوە کە مەبەست لێی سنوری موسڵە". 

هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە)  ڕایدەگەیەنن لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە تاوەکو ئێستا هێرشەکانی سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هیچ کاتێک نەوەستاوە،  ئاماژە بەوەشدەدەن هێزەکانی سەر بە پارتىیش لە هەوڵەکانی گەمارۆ، ڕێگە داخستن و هەواڵگری بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک درێژەیی هەیە.  رۆژانى 28 و 29 ى نیسان، بەهۆى هێرشى درۆنى بۆ سەر  بنکەکانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای دهۆک پێنج پێشمەرگە برینداربوون، ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستانیش هێرشەکانى بە هەوڵێک بۆ تێکدانى پرۆسەی ئاشتی ناوبرد و هۆشدارییدایە ئەو گروپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج. هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەهۆى پەیامە ئەرێنییەکانى سەرکردەکانی پارتى بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی نوێ، چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە هەڵوێستێکی ئەرێنی لە پراکتیکدا نیشان بدەن، بەڵام هەڵوێستیان لەبڕینی ڕێگای نێوان زاپ و گارە و هەوڵدان بۆ داخستنی تەواوەتی و پشتیوانیکردن لە پیلانی قڕکردن، نیگەرانی جددی بەدوای خۆیدا هێنا. دەقى ڕاگەیەندراوەکە هێرشی کرێخۆرانی شەڕ بەردەوامە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگە بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "لە هێڵی جوودی-دەهلەشنۆی زاپ تا بگاتە گوندی بازیان لە ڕۆژئاوای مەتینا، لە نێوان هێزەکانی گەریلاماندا و هیزەکانی دەوڵەتی تورکدا لە چەندین خاڵدا ڕۆژانە شەڕ ڕوودەدات. لەوکاتانەشدا بەهۆی هێرشکانەوە چەندین هەڤاڵمان شەهید بوون. کۆتاجار لە ١١ی نیسانی ٢٠٢٥دا لە گردی جوودی لە زاپ بەهۆی هێرشی چەکی کیمیایی سوپای تورکەوە هەڤاڵانمان بەسێ تێکۆشین (زەهرا زەلال ئاراز) و میترا کاتۆ (سارا عەسکەری) شەهید بوون. ئاشکرایە لە ناو سوپا و دەوڵەتی تورکدا لایەنێکی کرێخۆری شەڕ بوونی هەیە کە نایەوێت پرسی کورد بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر ببێت، ویستی بەردەوامبوون شەڕە، بۆیە هێرشەکان بەردەوامی هەیە. لە ناو پەدەکەشەوە لایەنێک پشتگیری دەدات لەم پرۆسە گرنگ و مێژوویەدا کە لە لایەن ڕێبەر ئاپۆوە دەستپێکراوە، لەناو هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا پێگەیەکی پشتیوانی و ئەرێنی هاتەئاراوە، لەسەرووی هەمووییەوە سەرکردە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، وە چەندین کەسایەتی سیاسی پشتیوانی خۆیان دەبڕی. وێڕای ئەم ژینگە ئەرێنییەیش هێزەکانی سەر بە پەدەکە هیچکاتێک گەمارۆدان، بەربەست و بڕینی ڕێگە و پێدانی زانیاری هەواڵگری بۆ دەوڵەتی تورک کەم نەکردووەتەوە و درێژە بەو کارانەی داوە. بە تایبەت لە نێو دوومانگی ڕابردوودا لایەنێکی ناو پەدەکە پشتگیری داوەتە کرێخۆری شەڕ، کۆمەڵکووژ و دووژمنانی کورد کە خواستییان درێژکردنەوەی شەڕە. ئاشکرا بوو بە بەرفراوانییەوە ئەم هەوڵە لە ئاردایە. لەو گۆڕەپانەی کە مانگی شوبات بۆسە بۆ هاوڕێیانمان دانرا و تێیدا هاوڕێیانی فیداییمان خەبات، عەگید و گۆران شەهید بوون، لە نێوان گوندەکانی گوهەرزی و بەلاڤدا هێزەکانی پەدەکە لە ٢٨ی نیساندا دەستییان بە درووستکردنی بارەگایەکی نوێی سەربازی کردووە. لەبەر پەیامە بەهێزەکانی سەرکردەکانیان بۆ پشتیوانی پرۆسەی نوێ، لە چاوەڕوانی ئەوەدابووین لە پراکتییدا هەڵوێستی ئەرێنی نیشان بدەن، بەڵام بەو هەڵوێستەیان کە ڕێگەی نێوان زاپ و گارەی بڕی و هەوڵدەدەن بە تەواوەتی دایخەن و پشتگیری دەدەنە پلانی لەناوبردن، خستینییە نیگەرانییەکەی جددییەوە. داخستنی ئەو خاڵە ستراتیژییە بەشێکە لە پلانی لەناوبردن و گەمارۆدان کە لە دژی هێزەکانمان ئەنجام دەدرێت کە ماوەی چوارساڵە لە زاپ بە قارەمانێتییەوە لە بەرخۆداندان. فەرماندەییمان لەو گۆڕەپانەدا لە ٢٨ و ٢٩ی نیساندا، بە هەستیاریی ئەوەی زیانی لێ نەکەوێتەوە، لە ئاستێکی سوکدا بۆ هۆشیارکردنەوە دەستوەردانی کرد. بەهەمان شێوە لە گوندی بێشیلیی مەتینایش لە لایەن هێزەکانی سەر بە پەدەکەوە لە خاڵێکدا کە بۆ بەرخۆدانی هێزەکانمان خاڵێکی ستراتییژییە، لەو جێگەیە دەستییان بە درووستکردنی بنکە و قەرەقۆلی سەربازی کردووە. بە ڕوونی دەردەکەوێت لەوێ پەدەکە پێگەی ئاگربەستی گەریلانی قواستووەتەوە، هەوڵدەدەن هەنگاو بە هەنگاو گەمارۆ بدەن، لە چوارچێوەی پلانی فەرماندەیی گشتی تورکدایە بۆ لەنابردن دەجوڵێنەوە و دەیانەوێت گەریلا پەلکێشی ناو شەڕێکی بەرفراوان و وێرانەکەر بکەن. لەم قۆناغە مێژوویەدا کە بۆ گەل و تەڤگەرمان قوناغی بریاردانی ستراتیژییە، نامانەوێت لەگەڵ هیچ لایەنێکدا بکەوینە ناو ئاڵۆزی و شەڕەوە. بە پێچەوانەی ئەوەوە لە چوارچێوەی پرۆژەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆدا خواستمانە کێشەکەنمان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین. هێزەکانی پەدەکە کە هێزێکی کوردییە نابێت بەشداری پلانی نەخێر ببێت، کە هیچ خزمەتێک بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد ناکات و هەوڵدەدات جوڵە و پێگەی هێزەکانمان بگۆڕێ و لەناوی بەرێت. گەر ئەم کارە لە دەرەوەی ئاگاداری ئیدارەی پەدەکەوە ئەنجام دەدرێت، پێویستە ئیدارەی پەدەکە دەستوەردان بکات، کە لە سوودی هێڵی نەژادپەرستی و کۆمەڵکووژی دەوڵەتی تورکەدایە. گەر ئەم کارە بە ئاگاداری ئیدارەی باڵای پەدەکە ئەنجام دەدرێت، بانگەوازییان لێ دەکەین دەستبەرداری ئەم هەڵوێستە ببێت کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد ناکات و بانگەوازی لە هێزە کوردییە وڵاتپارێزەکان و گەلەکەمان دەکەین لەم بابەتەدا هۆشیاربن."