ئەرتان ساغباش، پزیشکی سڕی سوورەیا ئۆندەرسەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی ئۆندەر وتی: گەیشتنی بەم بارودۆخە موعجیزەیەکی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەی ئەگەری ڕزگاربوونی کەمە، بەڵام هیوامان هەیە. سڕی سوورەیا ئۆندەر، جێگریی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی سەرەکی شاندی ئیمرالی دەم پارتی، شەوی ١٥ـی نیسان لە ماڵەکەی خۆیدا تووشی جەڵدەی دڵ بوو و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتینگەیل لە ئەستەنبوڵ کرا، پاش نەشتەرگەرییەکی ١٢ کاتژمێری، ئێستا لە بەشی چاودێری چڕدا چارەسەریی بۆ ئۆندەر دەکرێت، بەڵام هێشتا بە ئاگا نەهاتووە و مەترسیی لەسەر ژیانی بەردەوامە. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەرتان ساغباش، پزیشکی سری سوورەیا ئۆندەر، سەبارەت بە باری تەندروستی ئۆندەر بۆ ئاژانسی هەواڵیی میزۆپۆتامیا قسەی کرد. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەرتان ساغباش وتی: ئێمە دەرمانی پشتیوانیکەری دڵ و نیتریک ئۆکسایدی دەدەینێ، ڕاستییەکەی ئەم دەرمانانە دەدەین بۆ کەمکردنەوەی پەستانی ڕێڕەوی دەماری سییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر دڵی، کۆرتیزۆن دەدرێت بۆ ئەوەی کێشەیەکی تر لە دەمارەکانیدا ڕوونەدات، هەروەها کۆرتیزۆن دەدەین بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی مێشک. ئەنتی بایۆتیک دەدەین بۆ ئەوەی هیچ جۆرە هەوکردنێک دروست نەبێت. یەکێک لەو شتانەی زۆر لێی دەترسین هەوکردنە. دەرمانی خوێن شلکەرەوە دەدەین بۆ ئەوەی سووڕی خوێن باش بێت. واتە ئەمە چارەسەرێکی فرە لایەن و فرە پێوەرە. زۆرێک لە هاوڕێیانمان بەشداری ئەم چارەسەرە دەکەن و بەرپرسیارێتی وەردەگرن. وەک کاری گرووپێک بەڕێوەی دەبەین. ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا هیچ دەرمانێکی خەوکەر وەرناگرێت. چەند ڕۆژە هیچ شتێکی خەوکەر وەرناگرێت بەڵام بە ئاگا نایەتەوە. هۆکاری ئەمە چییە؟ ئاوسان. بەهیواین ئاوسان بێت. لەوانەیە بێ ئۆکسجینیش مابێتەوە. ئێمە پێی دەڵێین مێشکی ئەنۆکسیک. ئەمەش لەوانەیە لەکاتی ڕیسوسیتاسیۆندا ڕووی دابێت. ئێستا ناتوانین ناوی لێبنێین. ناتوانین بڵێین ئەمە بەڕوونی ئەو شتەیە کە لە مێشکیدا ڕوودەدات. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتیشی: لە ڕاستیدا ئەو بەخت یاوەرە چونکە گەیشتنی بەم بارودۆخە موعجیزەیەکی گەورەیە. ئێمەش بەدوای موعجیزەیەکدا دەگەڕێین. هەوڵدەدەین ئەم موعجیزەیە بهێنینە دی. دەبێت زۆر هاوسەنگ بین. هیوامان بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەی ئەگەری ڕزگاربوونی کەمە، بەڵام هیوامان هەیە.

کەناڵى حەدەس رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەى باس لەوە دەکەن فەرەنسا هێزەکانى لە سوریا زیاد دەکات دوورە لە راستییەوە و فەرەنسا وەک ناوبژیوانێک لە سوریا دەمێنێتەوە و بە شێوازی دیکە پشتیگیر هەسەدە دەکات. کەناڵەکە لەبارەى دەنگۆى زیادکردنى هێزەکانى فەرەنسا لە سوریا دەڵێت، سەرەڕاى ئەوەى فەرەنسا هێزەکانى لە رۆژاڤاى کوردستان زیاد ناکات، بەڵام بیر لە رێگایەکى دیکە بۆ پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکاتەوە. دەشڵێت، ئەم هەنگاوەى فەرەنسا لە بەرامبەر هەنگاوەکەى ئەمریکایە کە بەنیازە ژمارەی سەربازانی لە رۆژاڤاى کوردستان کەمبکاتەوە. کەناڵەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، فەرەنسا لە هەنگاوى یەکەمدا هەوڵدەدات ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی داعش چڕتر بکاتەوە لە رۆژاڤاى کوردستان و لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە، هاوکات، لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانیشەوە پاڵپشتی هێزە کوردییەکان دەکات. هەروەها کەناڵى حەدەس دەشڵێ، فەرەنسا لە سوریا، وەک ناوبژیوانێک لە نێوان هێزەکانی سوریاى دیموکرات و دەسەڵاتدارانی سوریا و تورکیا مامەڵە دەکات.

  هەرچەندە لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ڕێککەوتوون لەسەر پەسەندکردنی یاسای ئێستای هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق،  هەڵەبجە بەهۆی گۆڕینی بۆ پارێزگا دۆخێکى هێناوەتە ناو هاوکێشە سیاسییەکانەوە، هەنگاوێک کە پێویستی بە کردنەوەی ناوەندێکى جیایە چاودێران بەدەروازەی هەموارکردنى یاساى هەڵبژاردنى دەزانن. رۆژى دووشەممە 14-04-2025  لەپەرلەمانی عێراق دەنگ بە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە درا و هەڵەبجە بووە 19ـەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان. ئومێد محەمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بە ئەلعالەم الجدید-ی ڕاگەیاند، "جێبەجێکردنی یاسای گۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگارییەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە بەهۆی بڵاونەکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراق". ئومێد محەممەد دەشڵێت، "خستنەڕووی شارەکە لە پلانی هەڵبژاردنەکاندا وەک پارێزگارییەکی سەربەخۆ پێویستی بە ڕێوشوێنی دیکەش هەیە، دیارترینیان دیاریکردنی ڕووبەری جوگرافی و ئیداری پارێزگاکە، کە ئەمەش بابەتێکە پەیوەستە بە دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە". دامەزراندنی هەڵەبجە وەک ناوەندێکى هەڵبژاردن پێویستی بەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان سنووری ئیداری خۆی دیاری بکات، پڕۆسەیەک کە هێشتا تەواو نەبووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە قسەکردن لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە پێشوەختەیە، بە گوتەی نوێنەران، کە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەو بابەتە بۆ خولی داهاتووی هەڵبژاردن دوابخرێت. ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەدەخاتەڕوو، یاساکە دەسەڵاتی دیاریکردنی سنووری جوگرافی و ئیداریی هەڵەبجەی وەک پارێزگابە کابینەی هەرێم بەخشیوە، ئەم کۆبوونەوەیە هێشتا نەکراوە، واتە تا ئێستا یاساکە بە کردەوە جێبەجێ نەکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانە بۆ دوای هەڵبژاردن دوادەخرێت، واتە دۆخی ئێستا لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە". لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا، نزیکەی ٧٦ هەزار دەنگدەر لە هەڵەبجە مافی دەنگدانیان هەبووە، کە ٤٨ هەزاریان لە ناوەندی قەزاکان و ٢٨ هەزاریان لە قەزاو ناحیەکانى  بیارە و خورمال و سیروان دابەشکراون، بەپێی ئامارە ناوخۆییەکان. ھەڵەبجە كە بە هەڵەبجەی شەهیدیش ناسراوە، ناوەندی پارێزگای ھەڵەبجەیە لە هەرێمی كوردستان، دەكەوێتە نێوان ھێڵی درێژی 46ی پلەی ڕۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانی 35–36 پلەی باكوور و 83 كیلۆمەتر باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانییەوە. ڕووبەرەكەی 1599 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە،  ئەو سەردەمەی كە لەسەر پارێزگای سلێمانی بوو %39٬9 ڕووبەری ھەموو ئەو پارێزگایەی پێكدەھێنا. هەرچەندە ئاماری نوێ لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئامارێكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە 115 هەزار كەسی تێپەڕاندووە.

  ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی نیسان، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی کۆبوونەوەکانی لە هەرێمی کوردستان، نووسیویەتی: هەمیشە فەرەنسا پشتیوانی لەکوردەکان دەکات و لە پاڵیان دەمێنێتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، پێکەوە لەگەڵ کوردەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوام دەبین. لە کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێم دۆخی سیاسیی سووریا گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەشداربوونی کوردان و پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات، گەیشتن بە سەقامگیری سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵات کرایەوە. شەوی ڕابردوو، هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(قەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری هەولێری باشووری کوردستان لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. بەپێی ئەوەی قەسەدە ڕوونی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان نوێل بارۆ، ستایشی ڕۆڵی قەسەدە لە تێکۆشان دژی تیرۆردا کرد و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو جۆرە پشتگیرییەکان بۆ ئەم هێزە دابین بکرێت تا شەڕی دژی چەتەکانی “داعش” بەردەوام بێت، سەقامگیری و ئەمنی سووریا بە گشتیی بەهێز بکرێت. وەزیری فەرەنسا جەختی لەسەر بەشداری کوردان و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵات کردەوە، کە سووریا بگەیەنێتە سەقامگیرییەکی سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی و دووبارە بونیادنانەوەی وڵات. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وتی: وڵاتەکەمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات 10 ساڵە شان بە شانی یەکدی لە ڕووبەڕوونەوەی داعش لە ناوچەکە بەردەوامن. ژان نوێل بارۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد لە حکوومەتی سووریا لەبەرچاو بگیرێت. دوێنێ پێنجشەممە 23ـی نیسانی 2025، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر، لەمیانی سەردانەکەدا گەڵ هەر یەکە لە بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.

  وەزیری دادی تورکیا ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکە هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاند، گرنگترین بابەتی کۆبوونەوەکە باشترکردنی هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالانە و پێویستە لەم بارەیەوە بەبێ هیچ بیانوویەک هەنگاو بنرێت. ئەمڕۆ، لە وەزارەتی دەوڵەتی تورکیا، کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی یەکسانیی و دیموکراستیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ یەڵماز تونچ، وەزیری داد بەڕێوەچوو و ماوەی دوو کاتژمێری خایاند، دوای کۆبوونەوەکە گوڵستان کلچ کۆچیگیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا. گوڵستان کلچ کۆچیگیت لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کۆبوونەوەکە لەسەر ئەو بابەتانەبووە کە وەزارەت دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆ پرۆسەکە و ڕایگەیاند، پێم خۆشە ڕایبگەیەنم کە سەرەتاییترین بابەتی گفتوگۆکانمان دۆخی کارکردن و تەندروستی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بوو، کە لە ئیمرالی دایە و بە بانگەوازی ٢٧ـی شووبات قۆناغێکی نوێی لە تورکیا کردەوە، دەرگای چارەسەرکردنی دیموکراسییانەی کێشەی کورد کردەوە، ئێمە بە بەڕێز وەزیرمان ڕاگەیاند کە لە ژێر دۆخی گۆشەگیریدا، بەڕێز ئۆجالان ناتوانێت بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکات و دۆخی بەڕێز ئۆجالان گرنگترین بابەتە بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە و ئەم دۆخە دەبێت بەبێ هیچ بیانوویەک هەنگاوی بۆ بنرێت. لەم بارەیەوە، لە داهاتوودا دەتوانین هەندێک پێشکەوتن ببینین. گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتیشی: کێشەی زۆر جددی لە سیستەمی دادپەروەری تورکیادا هەیە و ئێمە دەرفەتی ئەوەمان هەبوو کە بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی بکەین، یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان بەندکراوە نەخۆشەکانە، دەزانین کە ئەمە نە مرۆییە و نە یاساییە، بیروڕای خۆمان دەربڕی دەربارەی پێویستی ئەنجامدانی ڕێکخستنێکی خێرا بۆ بەندکراوە نەخۆشەکان، بەخێرایی ئازاد بکرێن، ئێمە داواکارییەکانمان بۆ ئەم بابەتە پێشکەش کرد. هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا گوڵستان کلچ کۆچیگیت دەستنیشانی کرد، کە ئەوان ڕێکخستنی یاسایی لە کاتی پەتای کۆرۆنادا بۆ مەرجەکانی ئازادکردنی مەرجدار کە دەرکرابوو بەڵام “تاوانە ڕێکخستنییەکان” لەوە بەدەربوو، ئێمە لەوێ وتمان کە پێویستە ئەو بابەتەی تاوانە ڕێکخستنییەکان لە دەرەوەی یاسا دەهێڵێتەوە چارەسەر بکرێت و یاسایەکی یەکسان بێت، وەک ئێوەش دەزانن دادگای دەستووری تاوانی ‘هەرچەندە ئەندامی ڕێكخستن نەبێت بەڵام بە ناوی ڕێکخستنەکە تاوانی کردووە’ـی گەڕاندبووەوە، بەڵام سەرەڕای بڕیاری دادگای دەستووری، بەداخەوە پەرلەمان بە هەمان شێوە ئامادەی کرد و پەسەندی کرد، هەندێک زانیاری گەیشتە دەستمان کە دیسان دەیخەنە پاکێجی نوێوە، پێویستە ئەم بابەتە بەبێ بیانوو هەڵبگیرێت، داوامان لێکرد کە ڕێکخستنێک بەپێی بڕیاری دادگای دەستووری ئامادە بکرێت. گوڵستان کلچ کۆچیگیت ڕاشیگەیاند، یەکێک لە بابەتەکانی تری کۆبوونەوەکە لیژنەکانی بەڕێوەبردن و چاودێری بوون کە ڕێگر دەبن لە ئازادکردنی بەندکراوان، داوامان کرد ئەم لیژنانە سەرلەنوێ هەڵبسەنگێندرێن و دیموکراتیزە بکرێن، لەگەڵ ئەمەشدا؛ وتمان کە پێویستە ئەم لیژنانە بڕیارەکانیان بەپێی پێوەری بابەتی بدەن، ئەم میکانیزمە، وەکو میکانیزمی سزادانی دووەم بەکاردەهێنرێن و داوامان کرد دیموکراتیزە بکرێن و بەم شێوەیە لە پاکێجەکەدا جێگیر بکرێن. گوڵستان کلچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوە کرد، باس لە سزا دیسپلینەکان دژی بەندکراوان کران و وتی: ئەم سزا دیسپلینانە دەبێت بەڕاستی سەرلەنوێ ڕێک بخرێنەوە و ئەو چالاکییانەی بەندکراوان کە بۆ باشترکردنی دۆخی بەندیخانە ئەنجامیان دەدەن، وەک تاوانی دیسپلین هەژمار دەکرێن نابێت قبوڵ بکرێت. گوڵستان کلچ کۆچیگیت پاشان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە، لە وەڵامی پرسیاری “وەڵامی وەزیر چی بوو دەربارەی گۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان و ئەو دەستکارییانەی داوا دەکەن لە یاسای لێبوردن؟”، گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتی: دەرفەتمان هەبوو کە هەموو ئەمانە بە دووقۆڵی باس بکەین، بەڕێز وەزیر بە وردی تێبینی هەموو ئەمانەی کرد، بەڕاستی هەندێک بابەتی دەستکاری یاسایی هەیە کە لەلایەن هەموومانەوە هاوبەشن، هەموو کەسێک دەزانێت کە چەندین دەستکاری یاسایی نادادپەروەرانە، ناهەق و دژی یەکسانی هەن، بۆ نموونە، کاتێک یاساکە دەرچوو، پەتای کۆرۆنا تەنها بەندکراوانی مەدەنی دەگرتەوە، مەترسی بۆ هەمووان هەبوو بەڵام تاوانی ڕێکخستن لەدەرەوەی ئەمە جێهێڵدرا، ئێمە ڕامانگەیاند کە ئەمە نادادپەروەرانەیە و قبوڵ ناکرێت، ئەوانیش ڕایانگەیاند کە لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن. ئەوان بە وردی تێبینی هەر بابەتێک دەکەن کە ئێمە باسمان کرد و پشتڕاستیان کردەوە کە لەسەر ئەم بابەتانە کار دەکەن و لە داهاتوودا بە دووقۆڵی بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەین. هەڵسەنگاندنمان دەرباری دۆسییەی کۆبانێ و چەند بابەتێکی دیکەش کرد.

  پێچەوانەی ئەو لێدوانانەی باس لەکشانەوە دەکەن، ئەمریکا لەم مانگه‌دا (نیسان) ڕەوانەکردنی هاوکاریی سەربازیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان زیادکردوە. سەرەڕای زیادبونی لێدوانەکان سەبارەت بەنیازی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئامادەیی سەربازیی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)، پێشهاتەکانی سەر زەوی ئاماژەی بەپێچەوانەوە دەدەن، بەوپێیەی گەیاندنی هاوکاریی سەربازیی‌و لۆجستی بۆ بنکەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەتی لەپارێزگاکانی حەسەکەو حەلەب لەم مانگه‌دا زیادیانکردوە، ئەوەش بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ. ڕوانگەكه‌ لەڕاپۆرتێکدا پوختەی جوڵە سەربازیی‌و گەیاندنی هاوکارییە سەربازیی‌و لۆجیستییەکانی ئەمریکای بۆ بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لەمانگی نیساندا بڵاوکردوه‌تەوە کە به‌گوێره‌ى ئەوە، ئەمریکا بەپێچەوانەی ئەوەی لەمیدیاکاندا باسی لێوەدەکرێت، بونی سەربازیی خۆی لەڕۆژئاوای کوردستان بەهێزترکردوە، بەمشێوەیە: 1ـ بەهێزکردنی بونی سەربازیی: لەم مانگەدا هاتنی 7 فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی‌و 279 بارهەڵگری پڕ چەک‌و هاوکاریی لۆجیستیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەخۆوە بینیوە، کە سیستەمی ڕادارو ئامێری سەربازیی پێشکەوتوو و زرێپۆش‌و مۆلیدەی کارەبایی‌و تانکەری سوتەمەنییان گەیاندوە. 2ـ بەهێزکردنی ئەو بنکانەی پێشتر بەئامانج گیراون: بەهێزکردنەکان زیاتر فۆکەسی لەسەر بنکەکانی خەراب جیر، قەسرەک، شەدادی، غوەیران بوە، جگە لەبنکەکانی ڕەققەو کۆبانێ. 3ـ ئاسایشی ئاسمانیی‌و چاودێریی: هێلیکۆپتەرو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەیاوەری زۆرێک لەکاروانەکان بون، لەگەڵ فڕینی چڕی فڕۆکە جەنگییەکان لەکاتی پڕۆسەکانی دابەزاندنی هاوکارییەکان. 4ـ سیستەمی ڕادارو چاودێریی: هەندێک بنکەکان بەئامێری چاودێریی‌و موشەکیی دژە فڕۆکەو کامێرای گەرمیی خوێنەوە تەیارکراون، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئامادەییە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر هەڕەشەیەکی گریمانکراو. 5ـ لێدوانی دژبەیەک: سەرەڕای بەردەوامی بەهێزکردنەکان، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەنیازی ئەمریکیەکان دەکەن بۆ کەمکردنەوەی بونی سەربازییان لەڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات هێشتنەوەی چەند بنکەیەکی سنوردار لەشەدادی‌و قەسرەک‌و ناوچەکانی باکوری حەلەب‌و ڕەققە. لێدوانەکان سەبارەت بەکەمکردنەوەی بونی سەربازیی لەگەڵ چالاکییە ڕاستەقینەکانی سەر زەویدا ناگونجێت، ئەمەش پرسیار لەسەر ستراتیژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لەسوریا لەماوەی داهاتودا دروستدەکات، چ لەڕوی جێگیرکردن‌و چ لەڕوی ئامانجە سەربازیی‌و سیاسییەکانەوە.

  شەوی رابردوو لە هەولێر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوە و لە دیدارەکەیان جەختیان لە "پێويستيى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێو هێز و لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى سووريا دا" کردەوە.     دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:   شه‌وى ڕابردوو 2025/4/23 لە هەولێر، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له‌ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ مه‌زلووم عه‌بدى، فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كرد.   له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سووريا و په‌يوه‌ندييه‌كانى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات و لايه‌نه‌ سياسييه‌ كوردييه‌كان‌ له‌ سووريا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى سووريا تاوتوێ كران و ده‌رباره‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.   هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاوبه‌شى و به‌شداريى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كانى سووريا له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاته‌كه‌دا و مسۆگه‌ركردنى مافه‌كانى هه‌مووان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌يى له‌نێو پێكهاته‌كانى سووريادا بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسى و ئاڵنگارييه‌كان.   پێويستيى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێو هێز و لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى سووريادا وه‌ك گارانتييه‌ك بۆ به‌ديهێنانى داوا و مافه‌ ڕه‌واكانى كورد له‌و وڵاته‌، دۆخى كامپى هۆڵ و ڕۆڵى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ سووريا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

  شەپۆلێکی خۆڵبارین شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە، کەشناسیی عێراق پێشبینیدەکات، سێ رۆژ بەردەوامبێت، دواتر باران ببارێت و پلەکانی گەرما دابەزێت. دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات، ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی رووی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کردووە، دوو بۆ سێ رۆژ بخایەنێت، هەروەها خۆڵبارینەکە بەو رادەیە چڕ نابێت مەترسی دروستبکات، بەڵام گرنگە هاووڵاتیان دەمامک بەکاربهێنن. عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، کەشوهەوای گشتیی وڵات جۆرێک لە ناسەقامگیری بەخۆیەوەدەبینێت و ئەم حاڵەتە لەم مانگەدا باوە. جابری دەڵێت، شەپۆلی خۆڵبارینەکە لە سعودیەوە بەرەو باشوور و رۆژئاوای عێراق هاتووە، ئاستەکەی هێشتا نەگەیشتووە بەوەی هۆشداری لەسەر بدرێت و هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان دروستناکات، بەڵام گەر دۆخەکە خراپتر بوو داوا لە دامەزراوەکان و هاووڵاتیان دەکرێت رێوشوێنی پێویستیی خۆپارێزی بگرنەبەر.

  لیژنەی ئامادەکاری بۆ "کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی کورد لە سوریا"، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشكرایكرد، سەرجەم رێوشوێنەكانی  تەواوکردووە، لە ئەمڕۆوە بانگهێشتنامەی بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا دەنێردرێت. عەبدولوەهاب خەلیل، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری كۆنفرانس، بە ئاژانسی "نۆرس پرێس" وتووە، دوێنێ چوارشەممە لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە کۆبووەتەوەو بڕیاریداوە بانگهێشتنامە ئاڕاستەی ئەو ئەندامانە بكات کە لەلایەن لیژنەی ئامادەکارییەوە دەستنیشانکراون، لەگەڵ  لایەنە کوردستانییەکانی بەشداربوی کۆنفرانسەکە. رونیشیکردەوە، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ناوی ئەو ئەندامانەی ناردووە کە هەڵیبژاردووە بۆ لیژنەی ئامادەکاری، ئێمەش لای خۆمانەوە بانگهێشتیان دەکەین. ئاماژەی بەوەشداوە، نوێنەری لایەنە کوردییەکان بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن.  پێشتریش، سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا راگەیاند، زیاتر لە (300)کەس بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن، ئامادەبون سنوردار دەبێت بۆ ئەوانەی ئێستا لە (رۆژئاوا) باکوری سوریا نیشتەجێن. لە کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی کورد لە سوریادا، بڕیار دەدرێت بە پێکهێنانی وەفدێكی هاوبەش بۆ پێشکەشکردنی دیدگای سیاسی كورد بە ئیدارەی دیمەشق، هەر لە كۆنفرانسەكەدا  ناوی وەفدەكەو ژمارەی ئەندامەكانی دیاری دەكرێن. جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رۆژی سێ شەممەی رابردوو  رایگەیاند، کۆنفرانسی یەك هەڵوێستی کورد لە سوریا لە (٢٦)ی نیسان بەڕێوەدەچێت.

  مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدەو ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤا، لە هەولێر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كۆبونەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد لەوانە؛ سەقامگیریی رۆژاڤای كوردستان، پتەوكردنی گفتوگۆ و دیالۆگ. ئاژانسەکانى هەواڵى ڕؤژئاوا بڵاویانکردەوە، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جان نویل بارۆت لە هەولێر کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ڕێگاکانی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە، بەرزکردنەوەی دیالۆگ لە نێوان لایەنە سوریاییەکان و ڕۆڵی فەرەنسا لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی چارەسەری سیاسی. ئەم دیدارە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامانەیە کە لە لایەن ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە ئەنجام دراوە، بە ئامانجی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراسی و بەرزکردنەوەی بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی سوریادا. فەرەنسا پێشتر پاڵپشتی خۆی بۆ ڕێککەوتنی سیاسی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەربڕیبوو، بە هەنگاوێکی ئەرێنی زانیبوو بەرەو چارەسەری ئاشتیانە کە گەرەنتی یەکڕیزی سوریا و مافی هەموو پێکهاتەکانی بکات بە کوردیشەوە.

  کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە سەرکەوتنێکی گەورەوە کۆتاییهاتنی نوێکردنەوەی گشتگیر و پێشکەوتووی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS) رادەگەیەنێت، وەک بەشێک لە پلانی ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و بەرزکردنەوەی ئامادەیی تەکنیکی بۆ خزمەتکردنی ملیۆنەها بەشداربوو بە بەرزترین و فراوانترین ئاستی دیجیتاڵی بێ کەموکوڕی.  گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS) پاش نوێکردنەوەکە، بریتییە: •    پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو و پۆلێنی جیاواز: سیستەمەکە ڕووماڵی گشتگیر بۆ سەرجەم بەشداربووان لە تاکەکان و هەروەها کۆمپانیاکان دابین دەکات و خزمەتی بەشداربووانی هێڵەکانی پریپەید و پۆستپەید دەکات لە رێگای رووکارێکی کارپێکردنی یەکگرتووەوە کە دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و بەرزکردنەوەی کارامەیی. ●    خێرایی خستنەبەردەستی تازەترین ئۆفەرەکان (Time To Market): ئاسیاسێڵ، لەمەودوا دەتوانێت خزمەتگوزاری بازرگانی لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا بخاتەبەردەست، ئەمەش دەبێتە هۆی پتەوکردنی تواناکانی بۆ داهێنان و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ داواکاری و پێداویستییەکانی بازاڕ. دەقى ڕاگەیەندراوەکە ئاسیاسێڵ بە سەرکەوتوویی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS)ی نوێکردەوە وپابەندییەکانی بە پێشخستنی تۆڕەکەی و باشترکردنی ئەزموونی بەکارهێنەران دووپاتدەکاتەوە. سلێمانی، عێراق 22ی نیسانی 2025 کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە سەرکەوتنێکی گەورەوە کۆتاییهاتنی نوێکردنەوەی گشتگیر و پێشکەوتووی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS) رادەگەنێت، وەک بەشێک لە پلانی ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و بەرزکردنەوەی ئامادەیی تەکنیکی بۆ خزمەتکردنی ملیۆنەها بەشداربوو بە بەرزترین و فراوانترین ئاستی دیجیتاڵی بێ کەموکوڕی.  رۆژی هەینی بەرواری 11ـی نیسان، لە پێناو گەرەنتیکردنی بەردەوامبوونی خزمەتگوزاری و کاریگەری نەخستنەسەر بەشداربووان، ئاسیاسێڵ دەرفەتی بەخشییە سەرجەم بەشداربووانی کە دەستیان بە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و پەیوەندی بێبەرامبەر و بێ کۆنترۆڵ بگات. ئاسیاسێڵ ئەمەی لە ئەنجامی راستەوخۆی پلانێکی تەکنیکی تۆکمەوە جێبەجێکرد بۆ کۆتایهێنان بە کاری نوێکردنەوەکە بێ گیروگرفت و گەرەنتیکردنی لە کارداهێشتنەوەی خزمەتگوزاریەکان و نەپچراندنی پەیوەندی. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پشتگیریکردنی کارەکان (BSS) پاش نوێکردنەوەکە، بریتییە: •    پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو و پۆلێنی جیاواز: سیستەمەکە ڕووماڵی گشتگیر بۆ سەرجەم بەشداربووان لە تاکەکان و هەروەها کۆمپانیاکان دابین دەکات و خزمەتی بەشداربووانی هێڵەکانی پریپەید و پۆستپەید دەکات لە رێگای رووکارێکی کارپێکردنی یەکگرتووەوە کە دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و بەرزکردنەوەی کارامەیی. ●    خێرایی خستنەبەردەستی تازەترین ئۆفەرەکان (Time To Market): ئاسیاسێڵ، لەمەودوا دەتوانێت خزمەتگوزاری بازرگانی لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا بخاتەبەردەست، ئەمەش دەبێتە هۆی پتەوکردنی تواناکانی بۆ داهێنان و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ داواکاری و پێداویستییەکانی بازاڕ. ●    ژێرخانێکی گونجاو و پاڵپشتیکراو بە ژیری دەستکرد: سیستەمە نوێیەکە پشت بە ژێرخانی Cloud-native دەبەستێت کە بە یەکەی زیرەک بۆ پرۆسێسکردن و شیکردنەوەی داتا، کە یارمەتیدەرە بۆ فراوانبوونی توانا تەکنیکییەکان بە سانایی و پارێزگاریکردن لە بەرزترین ئاستی کارایی. ●    دیدگای بێ کەموکوڕی بۆ بەرێوەبردنی خزمەتگوزاری بەشداربوو (360 پلە): سیستەمەکە ئەزموونی بێخەوشی بەکارهێنان لە رێگای کۆکردنەوەی زانیارییەکانی پسوڵە، گواستنەوە، بەرێوەبردنی پەیوەندی بەشداربووان (CRM) و بەرێوەبردنی ڤاوچەرەکان و بەشەکانی تر لە یەک سیستەمدا کە رێگا خۆشدەکات بۆ پشتگیریکردنی وەڵامدانەوە بەشێوازێکی خێراتر و وردتر. ●    کارامەیی بەرزتری کارپێکردن: سیستەمە نوێیەکە کارامەیی ئاسیاسێڵ بەرزتر دەکاتەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری متمانەپێکراوتر، ئەم هەنگاوە بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدانی کارە ناوخۆییەکان و باشترکردنی بەرێوەبردنی دیجیتاڵی بۆ کۆمپانیا ئەژماردەکرێت.  دەربارەی ئەم سەرکەوتنە، بەرێز عامر سونناع، بەرێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ دووپاتیکردەوە کە نوێکردنەوەی سیستەمی پشتگیری کارەکان بەشێکە لە پابەندبوونە بەردەوامییەکانی بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی دیجیتاڵی بێ کەموکوڕی لە عێراق و  پتەوکردنی ئەو ژێرخانەی کە خزمەتی نزیکەی 20 ملیۆن بەشداربوو دەکات، هەروەها وا لە سێکتەرە ئابوورییە جیاوازەکان دەکات بگەنە چارەسەری تەکنیکی متمانەپێکراو و پێشکەوتوو. بەرێز عامر سونناع – بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاسیاسێڵ- زیاتر لەم بارەیەوە دوا و رایگەیاند: "ئەمرۆ ئاهەنگ دەگێرین بە بۆنەی سەرکەوتنێکی ستراتیژییەوە کە شوێنی ئاسیاسێڵ پتەوتر دەکات لە پێشەنگی وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا. نوێکردنەوەی سیستەمی پشتگیری کارەکان (BSS)، پابەندییەکانمان دەچەسپێنێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێشکەوتوو و ئامادەیی تەواومان دەسەلەمێنیت بۆ خستنەبەردەستی نەوەی پێنجەم (5G) کە ئەزمونێکی خێراتر و زیرەکتر دەخاتە بەردەستی بەشداربووانمان." ئاسیاسێڵ پابەندی خۆی بۆ پێشەنگایەتی بواری پەیوەندییەکان و وەرچەرخانی دیجیتاڵی دووپاتدەکاتەوە لە عێراق. ئەوەش لە رێگای وەربەهێنان لە نوێترین تەکنۆلۆجیاکان و پێشکەشکردنی تاقیکردنەوەی داهێنەرانە کە داواکارییەکانی بازار پڕبکاتەوە و بەشداری لە بەرەوپێشبردنی رەورەوەی ئابووی دیجیتاڵیدا بکات.________________________________________ دەربارەی ئاسیاسێڵ: "ئاسیاسێڵ، کۆماندەکاتەوە" دابینکاری سەرەکییە لە خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل و  دیجیتاڵی لە عێراقدا. کە خزمەتی نزیکەی 20 مليۆن بەشداربوو دەکات. تۆرە نیشتیمانییەکەی زیاتر لە %99.06 ی دانیشتووان دەگرێتەوە و ئاستبەرزترین خزمەتگوزاری 4G لە سەرجەم پارێزگاکاندا پێشکەش دەکات. ئاسیاسێڵ، شانازی بە رۆلی پێشەنگەکەیەوە دەکات لە چەسپاندنی وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا لە رێگای وەبەرهێنانە بەردەوامەکانی لە ژێرخان و تەکنۆلۆجیا پێشکەتووەکان. بۆ زانیاری زیاتر:  www.asiacell.com بەشی پەیوەندییە گشتییەکان – ئاسیاسێڵ:  [email protected] 

  كەسێكی دیكە لە شاری كەركوك بەهۆی تای خوێنبەربونەوە گیانی لەدەستدا و تەندروستی كەركوكیش ئاشكرای دەكات حاڵەتێكی دیكەیان تۆماركردوە، ئەمەش سێیەمین حاڵەتی گیان لەدەستدانە بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، لە ماوەی کەمتر لە 10 ڕۆژدا تۆمارکراوە. سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕایگەیاند، ئەو کەسەى گیانى لەدەستداوە، ناوى (ز، ق) تەمەن (52) ساڵ دانیشتوی گەڕەكی روناكی لەشاری كەركوك و پیشەی گۆشتفرۆش بوە، یەكێك بووە لە توشبوانی تای خوێن بەربون، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە گیانی لەدەستدا. ئەو هاووڵاتیەی گیانی سپاردووە، ماوەیەکی زۆر لەژێر چاودێریی پزیشکدا بوو، چەند نەخۆشیەکی درێژخایەنی هەبوو، لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک گیانی سپاردوە. بەوتەى سەرچاوەکە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كەركوك حاڵەتێكی دیكەی توشبون بەتای خوێن بەربون كە كارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەكەیانە، تۆمار كردووە. تای خوێنبەربون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە. فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، لە شەوی چوارشەممە 16ی نیسانەوە هەڵمەتێكی بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربون لەڕێی پەیجی تایبەتی فەرمانگەكەوە  لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك راگەیاندووە، ئەوەش لەڕێی گرافیك و وێنە و زانیاریی كە تیایدا چۆنیەتی خۆپاراستن و زانیارییەكانی تر لەوانە نیشانەكانی پەتاكە بۆ خوێنەر روندەكاتەوە. لە ئایاری 2022ش حاڵەتێكی مردن بە هەمان پەتا لە كەركوك تۆماركرا، ئەوكات حكومەت هەندێك رێكاریی بۆ گۆشتفرۆش و سەربڕەكان دەركرد و هەڵمەتێكی فراوانی بۆ قەدەغەكردن و سزادانی گۆشتفرۆشە گەڕۆكەكان راگەیاند.

وەزیری دەرەوەى فەرەنسا و مەسرور بارزانی کۆبوونەوەو پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنساى دووپات کردەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە کاتێکی نزیکدا. ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4/23 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کرد. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد و گوتی هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا . سەرۆکی حکومەت سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە کاتێکی نزیکدا. پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال و گرنگیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و ڕيزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و هەروەها دەستپێکردنەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .

ئاسایشی رۆژئاوا، کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنێکی شەش رۆژەی لە کامپلی هۆل راگەیاند، کە 20 ئەندامی داعش و چەندین چەک و کەرەستەی سەربازییان دەستبەسەردا گرتووە و شانەیەکی مەترسیداری داعشیان دەستگیرکردووە. ئەمرۆ چوارشەممە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و بە پاڵپشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆتایی هات، کە لە رۆژی 18ـی مانگەوە دەستی پێکردوە و بۆ ماوەی شەش رۆژ بەردەوام بوو. بەپێی راگەیەندراوی ئاسایش، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەی کامپی هۆل بۆ گرەنتی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و روبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەیە کە رێکخستنی داعش لەماوەی رابردوودا دروستیان کردووە، ئامانجێکی دیکە هەڵوەشاندنەوەی شانە نوستوەکانی داعشە لە ناوەوە و دەرەوەی کامپی هۆل، بۆ ئەوەش پرۆسەیەکی کیۆماڵی وورد و ئۆپەراسیۆنیان لە بەشە جیاوازەکانی ناو کامپی هۆل و ناوچەکانی دەوروبەری ئەنجامداوە. ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە - دەستگیرکردنی 20 ئەندامی داعش و هاوکارەکانیان. - دەستبەسەرداگرتنی چەکێکی جۆری کڵاشینکۆف و سێ دەمانچە و ژمارەیەکی زۆر گولـلە و کەرەستەی سەربازیی کە لەناو خێمەکاندا شاردرابونەوە. - شکستپێهێنانی هەوڵێکی هەڵاتنی بە کۆمەڵ، کە شانەکانی داعش لە ناوەوە و دەرەوەی کامپەکە پلانیان بۆ دانابوو، لەگەڵ دەستگیرکردنی سەرجەم ئەندامانی شانەکە. - هەڵوەشاندنەوەی شانەیەکی مەترسیداری داعش، کە بە هەماهەنگی شانەیەکی دیکە پلانیان بۆ کاری تێکدەرانە و تیرۆریستی داڕشتبوو. ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندووە؛ پرۆسەکە زۆر سەرکەوتوو بووە و گورزێکی کاریگەر بووە بۆ داعش، کە ویستوویەتی دۆخی مرۆیی ناو کامپەکە بقۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانی. هەروەک داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بەرپرسیارێتی یاسایی و مرۆیی هەڵگرێت بەرامبەر دۆسیەی کامپی هۆل و بە رژدی کاربکات بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانی لە کامپەکە و پاڵپشتی پێیوستی ئیدارەی خۆسەر بکات لەو دۆسیەیەدا.

  ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی هەولێر دەکات لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. بڕیارە کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبێت.   جان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێکرا، هاوکات دوای سەردانەکەی بۆ عێراق دێتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم کۆ دەبێتەوە. چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، دوای کۆبوونەوەکەیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا فەرەنسیەکەی لە بەغدا، ڕایگەیاند، ستایشی پەیوەندییە بەهێزەکەی نێوانمان دەکەین، هاوکات ستایشی ڕۆڵی فەرەنسای لە هاوپەیمانی دژی داعش کرد و جەختی لە پاڵپشتیکردنی بەردەوامی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر کردەوە. وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: بابەتەکانی پەیوەست بە هاوکاری بەرگریمان تاوتوێ کرد، وەکوو کڕینی چەک لە فەرەنسا. جان نۆوێل بارۆ،  وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا جەختی لە گرنگی دوورخستنەوەی عێراق لە ناکۆکیی ململانێی ناوچەیی کردەوە، هاوکات هەوڵەکانی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پاراستنی بێلایەنی وڵاتەکەی بەرز نرخاند. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕاشیگەیاند، فەرەنسا پشتگیری لە سەرەوەری عێراق دەکات. گوتیشی: بەهێزی عێراق دەبێتە هۆی بەهێزی ناوچەکە. جان نۆوێل بارۆ ئاماژەشی دا، گەنجانی عێراق گەورەترین سەرچاوەی سامانی وڵاتن. هاوکات دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دێتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم کۆ دەبێتەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دا باس لەوە کراوە، جان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای عێراق، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی نێودەڵەتی ناساندنی دوو وڵاتی ئیسرائیل و فەڵەستین کە لەمانگی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، بەیانی پێنجشەممە، سەردانی هەر یەک لە وڵاتەکانی سعوودییە، کوێت دەکات.