عەمار عەزیز دوای روداوەكەی دوێنێ سنوری قەزای زاخۆ كە نزیكەی30كەس بوونە قوربانی، چەند گروپێكی گەشتیاری عێراق، گەشتەكانیان بۆ بادینان ڕادەگرن. محەمەد مستەفا، نوێنەری کۆمپانیای بورجی العەرەب گواستنەوەی گەشتیارەكانە لە بەغدابۆ هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا هاوڵاتی وت"بە دڵنیاییەوە روداوەكەی زاخۆ كاریگەری زۆر دەكاتە سەر كەرتی گەشتیاری بۆ هەرێمی كوردستان وبەتایبەت بۆ بادینان، ئێمە بڕیارمان داوە بە ڕاگرتنی گەشتەكان تا كاتێكی نادیار، بەپێی زانیاریەكانم چەند گرۆپێكی دیكەش هەمان شت گەشتەكانیان ڕاگرتووە" تا رۆژی روداوەكە محەمەد و هاورێكانی هەفتانە سەدان گەشتیاریان لە پارێزگایەكانی خوارووی عێراق دەگواستەوە بۆ هەرێمی كوردستان. "ڕاگرتنی گەشتەكان یان كەمبوونەوەی رێژەی گەشتیاران كاریگەری زۆر لەسەر خەڵكی كوردستان وبەتایبەت شوێنە گەشتیارەكان دەكات. نوێنەری كۆمپانیا گەشتیارییەكە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە" بەدڵنیایەوە بۆ ئێمەش ناخۆشە توشی زیانێكی گەورە دەبینەوە، بەڵام پاراستنی گیانی هاوڵاتیانمان سەرووی هەموو شتێكە". هاوكات داوای لە عیراق و حكومەتی هەرێم كرد فشاری زۆر لەسەر توركیا بكەن تا چیتر شوێنە گەشتیارەكان بۆردومان نەكرێت و خەڵكی گەشتیارو مەدەنی نەبێتە قوربانی.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رەتكردنەوەی بەرپرسیارێتیی لە كۆمەڵكوژیەكەی زاخۆ لەلایەن دەوڵەتی توركەوە بە خاڵێكی ڕەش دەزانێت و دەشڵێت:" بە توندترین زاراوە ئەو هێرشەمان شەرمەزار كرد،ئەمڕۆ یاداشتێكی ناڕەزایەتیمان دایە عەلی ڕەزا گونای، باڵیۆزی توركیا". ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند:" ئێستا وەزارەتەكەمان لە چوارچێوەی كاری دیپلۆماسیدا زۆرترین پەیڕەوی ڕێكارەكان دەگرێتەبەر، دوێنێش بەیاننامەیەكمان بڵاوكردەوە بە توندترین زاراوە ئەو هێرشەمان شەرمەزار كرد،ئەمڕۆ یاداشتێكی ناڕەزایەتیمان دایە عەلی ڕەزا گونای، باڵیۆزی توركیا. هەروەها ئاشكرای كرد ئەمڕۆ پەیوەندی بە نوێنەرایەتی هەمیشەیی عێراقەوە لە نیویۆرك كراوە بۆ ئەوەی داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش بكرێت دانیشتنێكی بەپەلە ئەنجامبدات بۆ تاوتوێكردنی دەستدرێژییەكانی توركیا و دەركردنی بڕیارنامەیەك كە گەرەنتی سەلامەتی و ئاسایشی عێراق بكات. ئەوەی توركیا دەیڵێت رێككەوتنێك هەیە رێگەی پێدەدات بچێتە ناو عێراقەوە نادروستە، بەو پێیەی تەنها تۆماری كۆبوونەوەیەك هەیە ئەنقەرە لەگەڵ رژێمی پێشوودا ئەنجامیداوە، ئەو تۆمارەش پابەندی دەكات بە داوای مۆڵەت لە حكومەتی عێراق لەشكركێسی بكات ئەویش نابێت لە ٥ كم زیاتر بێت. سەبارەت رەتكردنەوەی بەرپرسیارێتی لە هێرشەكەی دهۆك، وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق ڕایگەیاند:" دەوڵەتی عێراق پشتڕاستی دەكاتەوە ئەنقەرە لە پشت هێرشەكەوەیە، یەكەم هێرش نییە و زنجیرەیەك هێرشی بەردەوامە، نكۆڵیكردنی توركیا لە بونی بەرپرسیارێتی (گاڵتەیەكی ڕەشە) دیپلۆماسیەتی عێراق ئەمە قبوڵ ناكات". " عێراق چەندین بژاردەی هەیە بۆ گەرەنتیكردنی ئاسایش و سەروەری، ڕەنگە لەنێویاندا كاغەزی ئابووری هەبێت"، سەحاف وا دەڵێت.
هاوڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی توركیا بە سەرۆكایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، كۆبونەوەو بەهیچ شێوەیەك باسی بۆردومانەكەی زاخۆیان نەكردووەو جەختكراوەتەوە لەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان بەردەوام دەبێت. رۆژی پێنجشەممە 21ی تەممووزی 2022، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا لە ئەنقەرەی پایتەخت بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆبووەوە، سێ كاتژمێری خایاندووە. كۆبوونەوەكە بەئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆك كۆمار، وەزیرانی داد، ناوخۆ، بەرگری، دەرەوە، سەرۆكی میت، سوپاسالار، فەرماندەیی هێزەكانی ئاسمانی، دەریایی، وشكانی، سوپای یەك و دوو، هێزەكانی تایبەت و ئەندامانی دەستەی شورای سەربازیی، دوور لە چاوی كامێراكان ئەنجام دراوە. لە راگەیەندراوی كۆتایی ئەنجومەنەكەدا هاتووە "زانیاریی بە ئەنجوومەن درا لەبارەی كۆی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كە بەسەركەوتوویی لە ناوخۆ و دەرەوە ئەنجامدراون لە دژی پەكەكە / كەجەكە - پەیەدە/یەپەگە، فەتۆ و داعش كە هەڕەشە و مەترسین لە دژی ئاسایشی نیشتمانیمان، هەروەها پلان و رێوشوێنەكانی داهاتووش خراونەتە بەرباس و لێكۆڵینەوە". هەروەها ئەوە خراوەتەروو كە "هەڵسەنگاندن بۆ بابەتی لووتكەی سەركردەكانی ناتۆ لە مەدرید كراوە و بانگهێشتی هاوپەیمانەكانمان لە ناتۆ كراوە لە بەرەنگاربوونەوەی فەتۆ و پەكەكە / كەجەكه - پەیەدە/ یەپەگەدا لەپاڵ توركیادا بن".
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر بۆردومانەكەی دوێنێی سنوری زاخۆ، بانگهێشتی باڵیۆزی توركیای لە بەغدا كردو یاداشتێكی ناڕەزایەتی توند دەدات و داوایان كرد توركیا سەرجەم هێزەكانی لەنێو خاكی عێراق بكشێنێتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی تەموزی 2022، وەزارەتەكە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، لەسەر بۆردومانەكەی دوێنێی یەكێك لە هاوینەهەوارە گەشتیارییەكانی زاخۆ، باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بانگهێشتكراوە بۆ وەزارەتەكەیان و یاداشتێكی ناڕەزایەتی توندی دراوەتێ و تێیدا ئیدانەی ئەو تاوانەی هێزەكانی توركیا كراوە كە لوتكەی دەستدرێژییە بەردەوامەكانی توركیایە بۆ سەر سەروەری عێراق و خاكەكەی و ناكرێت بێدەنگی لێبكرێت. هەروەها راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دوپاتیكردۆتەوە كە بەغدا هەموو مافێكی خۆی بۆ گرتنەبەری رێكارەكان بەكاردەهێنێت بۆ پاراستنی سەروەری وڵات و سەلامەتی هاوڵاتیانی لەو دەستدرێژییانە"عێراق داوای كردوە سەرجەم هێزەكانی توركیا لەنێو خاكی عێراق بكشێنرێنەوەو كێشەكانی لەناوخۆی وڵاتەكەی چارەسەر بكات بەدور لە سنورەكانی عێراق و ئازار گەیاندن بە گەلی عێراق". هاوكات لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، داوا لە توركیا كراوە بەشێوەیەكی رەسمی داوای لێبوردن بكات سەبارەت بە تاوانەكەی دوێنێ و قەرەبوی خانەوادەی شەهیدەكان و بریندارانی هێرشەكەش بكاتەوە.
هاوڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق فەرماندە و سەركردە ئەمنیەكانی راسپارد، خۆیان ئامادە بكەن بۆ بەرگریكردن لە خاكی عێراق لەكاتی ئەنجامدانی هەر هێرشێك و ئەكێك كەپێیان دەسپێردرێت. مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی فەرماندە ئەمنیەكان و كادرە پێشكەوتوەكانی وەزارەتی بەرگری كرد و ستایشی سوپای عێراقی كرد، كە لە پێناو نیشتماندا قوربانیان داوە و رایگەیاند:"حكومەت لە سەرەتای پێكهێنانییەوە، كاریكردوە بۆ پشتیوانیكردن لە سوپای عێراق و بنیاتنانی دامەزراوەی سەربازی، ئەوەی زیاتریش سوپا شایستە دەكات كە ئەركەكانی خۆی لە پاراستنی سنورەكانی عێراق و ژیانی هاوڵاتیان جێبەجێبكات". هەروەها راشیگەیاند:"ئێمە یەكگرتوین و بڕیارە بەرگری لە وڵاتەكەمان بكەین، ئەركی سوپا ئەوەیە كە رێگر بێت لە هەر هەوڵێك بۆ سازشكردن لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق". فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان سەركردە ئەمنییەكانی ئاڕاستە كرد كە لەم قۆناغەدا سەرنج بخەنە سەر هەوڵی هەواڵگری و بەرزكردنەوەی ئاستی مەشق و راهێنانەكان و ئاگاداری و گرنگیدان، "بۆئەوەی یەكەكانی هێزە چەكدارەكان بتوانن ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە ئەنجامبدەن بەمەبەستی شكستپێهێنانی جموجۆڵی تیرۆرستان و بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك كە بكرێتە سەر سەر خاكی عێراق بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتیانمان".
هاوڵاتی سەرۆكایەتی پەرلەمانى عێراق رۆژى شەممەى داهاتوى دیاریکرد بۆ ئەنجامدانى دانیشتنی نائاسایی تایبەت بە تاوتوێکردنى بۆردومانەکەى تورکیا لەزاخۆ. بەپێی کارنامەى دانیشتنەكە كە لەلایەن فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانەوە بڵاوكراوەتەوە، رۆژی شەممە 23/7/2022 دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق بەڕێوەدەچێت. كۆبونەوەكە بە ئامادەبونى وەزیرانى بەرگرى و دەرەوە و سەرۆک ئەرکانى سوپای عێراق بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتی مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتی عێراق و وەزیری بەرگری لە فرۆكەخانەی بەغدا پێشوازیان لە تەرمی ئەو نۆ قوربانییە كرد كە بەهۆی تۆپبارانی توركیاوە لە سنوری زاخۆ گیانیان لەدەستدا. تەرمی ئەو نۆهاوڵاتییە بە ڕەچەڵك عەرەبەی كە لە هێرشە خوێناوییەكەی دوێنێی دەوڵەتی توركیادا گیانیان لەدەستدا گەیشتنە فڕۆكەخانەی بەغدا و لە مەراسیمێكدا لەلایەن بەرپرسانی باڵای حكومەتی عێراقەوە پێشوازییان لێكرا. لە فڕۆكەخانەی بەغدا، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و جومعە عیناد، وەزیری بەرگری عێراق و بەشێك لە بەرپرسانی حكومی و كەسوكاری قوربانییەكان پێشوازی لە تەرمی قوربانییانی هێرشە خوێناوییەكەی سوپای توركیا كرد. ئەو نۆ هاوڵاتییەی لە هێرشە خوێناوییەكەی دوێیی توركیادا لە سنوری زاخۆ گیانیان لەدەستدا، حەوتیان خەڵكی پارێزگای بەغدان و دوانیشیان خەڵكی پارێزگای كەربەلان. دوێنێ چوارشەممە سوپای توركیا تۆپبارانی گوندی پەرەخی لە سنووری زاخۆ كرد و بەهۆیەوە نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 23ی دیكەش بریندار بوون، كە سەرجەمیان لە نەتەوەی عەرەب بوون و خەڵكی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.
هاوڵاتی لە كاردانەوەی بۆردومانەكەی سوپای توركدا لە زاخۆ، ژووری بازرگانی دیالە بڕیارێكی بەپەلەی سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ توركیا دەكرد و سەرجەم جوڵە بازرگانییەكانی لەگەڵیدا راگرت. موسا تەمیمی، ئەندامی ژووری بازرگانی دیالە بە سایتی مەعلومەی ڕایگەیاند:" ژووری بازرگانی دیالە بڕیارێكی بۆ هەموو بازرگانانی دەركردووە، بۆ ئەوەی كاڵای توركی هاوردەكردە نەكەن بە هەموو جۆرەكانییەوە، ئەمە جگە لەوەی داوا لە كۆمپانیا گەشتیارییەكان دەكات كە گەشت بۆ ئەنقەرە و شارەكانی توركیا ڕابگرن". هەروەها تەمیمی راشیگەیاند:" نیشتمان لە بەرژەوەندی بەنرخترە و بایكۆتكردنی كاڵاكانی توركیا زیانی قورسی لێ دەكەوێتەوە بۆ توركیا، كە ئەمەش وەڵامدانەوەی ئەو كۆمەڵكوژییانەیە توركیا لە هەرێمی كوردستانی عێراق ئەنجامیان دەدات و نوێترینیان هێرشەكەی دوێنێیە، كە نۆ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە".
هاوڵاتی سكرتێری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ئیدانەی بۆردومانی سوپای توركیا لە زاخۆ دەكات و پشگیریی عێراق دەكات لە ڕەتكردنەوە و ئیدانەكردنی دەستدرێژییەكانی ئەنقەرە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی تەموزی 2022، جەمال ڕەشید، وتەبێژی فەرمیی ئەحمەد ئەبو غەیس، سكرتێری گشتیی كۆمكاری عەرەبیی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند:" ئێمە بەهەموو شێوەیەك دەستدرێژیی توركیا بۆ سەر سەروەریی عێراق ڕەتدەكەینەوە، كە پێشێێلكارییەكی ڕوونە بۆ سەر یاسای نێودەوڵەتیی بنەماكانی دراوسێیەتیی باش". هەروەها راشیگەیاند:" كۆمكاریی عەرەبیی پشگیریی عێراق دەكات لە ڕەتكردنەوە و ئیدانەكردنی دەستدرێژییەكانی توركیا". هاوكات داوا لە توركیا دەكات دووبارە پەیوەندییەكانی ڕێكبخاتەوە لەگەڵ عێراق لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش بپارێزێت.
هاوڵاتی كۆماری میسر ئیدانەی بۆردومانەكەی توركیای لەزاخۆ كردو پاڵپشتی تەواوەتی وڵاتەكەیان بۆ سەروەریی خاكی عێراق دەردەبڕن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی تەموزی 2022، وەزارەتی دەرەوەی میسر لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، ئیدانەی هێرشەكەی رۆژی چوارشەممەی توركیا لە خاكی عێراق دەكەن. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی میسر پاڵپشتی تەواوەتی سەروەریی خاكی عێراق و ڕێككارەكانی حكومەتی عێراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەكەی دەكات. هاوكات داوایكردووە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەكان بگیرێت و خەڵكی مەدەنی نەكرێنە ئامانجی بۆردومانەكان. دوێنێ چوارشەممە 20ی تەموزی 2022، بەهۆی بۆردومانی سوپای توركیا لەگوندی پەرخەی سەر بە ئیداەرەی سەربەخۆی زاخۆ، نۆ گەشتیاری عەرەب بوونە قوربانی و 26 كەسی دیكە برینداربوون.
هاوڵاتی 99 ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە یاداشتێكدا داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن لەبارەی بۆردومانەكەی سوپای توركیا لە زاخۆ كازمی و وەزیری بەرگری بانگێشت بكرێن. هادی سەلامی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیستێک لەناوى پەرلەمانتارانى بڵاوکردەوە، کە واژۆى 99 پەرلەمانتارى لەسەرە و تێیدا داوایان لە محەمەد حەلبووسى، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردووە، دانیشتنێکى پەرلەمان لەبارەى کۆمەڵکوژییەکەی دوێنێى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک لە زاخۆ ئەنجام بدات. ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن: داوا دەکەین لە کۆبونەوەکەى پەرلەمانی عێراقدا مستەفا کازمى سەرۆکی حکومەتى عێراق و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و وەزیری بەرگریی بەشداربن. جێگەى ئاماژەیە، دوێنێ دەوڵەتى تورکيا تۆپبارانى گوندى پەرەخى لە سنوورى زاخۆ کرد و بەهۆیەوە نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 26ی دیکەش بریندار بوون، کە سەرجەمیان لە نەتەوەی عەرەب بوون و خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن. ناوى پەرلەمانتارانەش بەمشێوەیەیە:- هادی سەلامی محەممەد شياع سودانی ئيڤان فایەق جەبرۆ عەدنان جابری سۆران عومەر سەعيد باسم خەشان عەلی عەبدولستار مەشكور كازم فەياز مەديحە موسوی نيسان زائر كاروان عەلی ياروەيس حەيدەر سەلامی دورەيد جەميل بەيدء خضر سەلمان ئەسوان كلدانی فارووق حەنا عەتۆ ئيمان عەبدولڕەزاق محەممەد مستەفا خەليل كەرعاوی هەرێم کەمال ئاغا سۆزان مەنسور کەریم کەریم شکوور کوردە عومەر سەباح حەبيب غەريب ئەحمەد عەلی شداد فارس نەرمين مەعرووف غەفوور سروه عەبدولواحید رونزی زياد سيدۆ بەدريە حوسێن عەزيز موەفەق حوسێن قادر ئەمير كامیل مەعموری رێبوار ئەوڕەحمان وەستا ساڵح مستەفا سەنەد موحسین عەلی ئەكبەر عەتوان عەتوانی ئەحمەد جبووری موسەننا ئەمين سوهيلە سوڵتانی ڤيان عەبدولعزيز دارا سێكانيانی ياسين عامری عەلی موسەوی سەردی نايف محياوی باسم نغيمش غرێباوی جەمال كۆچەر غەريب ئەحمەد مستەفا حەيدر موتێری حوسێن سەعبری ياسر حوسێنی نیداء كرێتی حوسێن حەبيب محەممەد حەسەن رازی زەهرە بجاری خەليل غازی دۆسكی كاڤين سەعيد محەممەد ئەڤين سەليم نووری زۆزان عەلی ساڵح عومەر ساڵح عومەر سەگڤان يوسف بەشار سندی دیلان غەفوور ساڵح فیراس مەسلماوی ڤيان دەخيل سەعيد مونا محەممەد خەڵەف بوشرا قەيسی شێروان دووبەردانی نەهلە ئەفەندی ئومێد محەممەد ئەحمەد توعمە لهێبی خالید سەليم رێكانی ياسر هاشم حوسێنی محەممەد جاسم محەممەد عەلی خەفاجی زوهێر شەهيد عەبدوڵڵا حەسوون فەتلاوی مونتەها عەبدولوهاب فازڵ مەنال موسوی نفوز حوسێن موسەوی زياء هندی ئەحمەد جەواد مازی سائیب خەڵەف حجامی فاتن قەرەغولی ئەحمەد جەواد مازی كیفاح سودانی فاتیمە عيساوی ئەحمەد شەرمانی كامیل عەنيد موحسین شەعۆ هودا سامر نوور نافیع جلێحاوی عەلا روكابی فەلاح هیلالی حوسێن يەساری ئیبتیسام هیلالی شێخ سائیر جبووری محەممەد زيانی حوسێن نیعمه بەتات شوان محەممەد رۆستەم موەفەق شەهاب پاشا چرۆ حەمەشەريف عەبدوڵڵا ماجد شنگالی حەيدەر تاریق شەمخی
هاوڵاتی ژمارەیەك لەهاوڵاتیان لە بەغدای پایتەختی عێراق نزیك باڵوێزخانەی توركیا لەناوچەی وەزیرییە كۆبونەتەوەو دروشمی توند دژی ئەنقەرە دەڵێنەوە. خۆپێشاندان دژی تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆ دەستیپێكردووەو كە بەهۆیەوە نۆ كەس كوژران و زیاتر لە 20 كەسی دیكەش بریندار بوون. خۆپێشاندەران داوای دەركردنی باڵیۆزی توركیا لە بەغدا دەكەن، خۆپیشاندەرێك بە پێگەی بەغداد الیوم راگەیاندووە كە بەردەوام دەبن تا دەركردنی باڵوێزی توركیا لەبەغدا جێبەجێ دەكرێت. بەشێكی دیكە لە میدیاكانی عێراق ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە دوانیوەرۆی ئەمڕۆ تا شەو خۆپیشاندانی فراوان دژی سوپای توركیاو بوونی باڵوێزی توركیا لە بەغداد ئەنجام دەدرێت و لە تۆرەكانی كۆمەڵایەتی فەیسبوك هاشتاگ بڵاوكراوەتەوە بۆ دەركردنی توركیا لە عێراقدا.
هاوڵاتی دادگای دەستوریی توركیا بڕیارێكی گرنگی دەركردو هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەڵاحەدین دەمیرتاش كرابوون ڕەتكردەوە و ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە" دەسەڵاتی دادوەریی توركیا پێشێلی مافەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاشی كردووە لەسەر بنەمای نایاسایی". ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی تەموزی 2022ن دادگای دەستوریی توركیا دانی بەوەدانا، "دەسەڵاتی دادوەریی توركیا پێشێلی مافەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشوتری پارتی دیموكراتی گەلانی كردووەو لەسەر بنەمای نایاسایی تۆمەتی پشتیوانییكردنی تیرۆریان خستۆتە پاڵ، جگە لەوەی دادگا بڕیاری قەرەبووكردنەوەشی بۆ دەمیرتاش دەركردووە". دادگای دەستوریی توركیا لەبڕیارەكەیدا ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە بەرزكردنەوەی سكاڵا دژ بەسەڵاحەدین دەمیرتاش بەتۆمەتی بەشدارییكردن لەچالاكییەكی ساڵی 2011 كە بەشێك لەبەشداربووان دروشمیان بۆ پشتیوانییكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) وتۆتەوە، پێشێلكردنی مافەكانی ناوبراوە. " دەركەوتووە كە دەمیرتاش لەڕێكخەرانی چالاكییەكە نەبووە، هەروەك بەشداریكردنیشی بەتەنها مانای ئەوەنییە كە ناوبراو بەشدارە لەجوڵەی ئەوكەسانەی چالاكیی نایاساییان ڕێكخستووە"، دادگای دەستوری توركیا وا دەڵێن. لەبەشێكی تری بڕیارەكەی دادگای دەستووریی توركیادا هاتووە، "بەرزكردنەوەی ئاڵای ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانو دروشمەكانی پشتیوانیكردنیان لەلایەن بەشێك لەبەشداربووان لەكاتی بەشداریكردنی دەمیرتاش، پاساو نییە بۆئەوەی بڕیاری دواخستنی یەكلاییكردنەوەی داواكەی بدرێتو ماوەی سێ ساڵ لەژێر چاودێرییدا بهێڵرێتەوە". جگەلەوەی دادگا بڕیاریداوە دەبێت هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە بەبڕی 13 هەزارو 500 لیرە قەرەبوو بكرێتەوە. سەڵاحەدین دەمیرتاش لەنۆڤەمبەری لەساڵی 2016وە بەتۆمەتی پشتیوانیكردنی پەكەكە لەزیندانی ئەدرنەدایەو سەرەڕای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بێتاوانی ناوبراوی سەلماندووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا ئامادەنین ئازادی بكەن.
هاوڵاتی مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتی عێراق بڕیاریدا 21ی تەممووزی 2022 ماتەمینیی گشتی بێت لە عێراق بۆ ئەو نۆ كەسەی كە لە تۆپبارانەكەی سوپای توركیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گیانیان لەدەستداوە. ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێكدا ئەوەی خستۆتەروو كە مستەفا كازمی، سەرۆكی حكومەتی عێراق فەرمانی داوە بەوەی رۆژی پێنجشەممە 21ی تەممووزی 2022 ماتەمینیی گشتیی رابگەیێندرێت لە سەرانسەری عێراق بۆ كوژراوانی بۆردوومانەكەی سنووری زاخۆ. 20ی تەممووزی 2022 بەهۆی تۆپبارانی سوپاكەی ئەردۆغانەوە لە ناوچەیەكی گەشتیاریی گوندی پەرەخی سنووری زاخۆ نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و 26 كەسی دیكەش بریندار بوون. هاوكات وەزارەتی دەرەوەی عێراق دۆسیەی پرسە بۆ كوژراوانی تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆ دەكاتەوە لە باڵەخانەی ئەو وەزارەتە لە بەغدای پایتەختی عێراق و سەرجەم نێردە دیپلۆماسییەكانی لە دەرەوەی وڵات. دوێنێ چوارشەممە 20ی تەموز، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لیژنەیەكی بۆ بەدواداچون و لێكۆڵینەوە رەوانەی گوندی پەرخی سنوری ئیدارەی زاخۆ كردو تێیدا وەزیری دەرەوەی عێراق بە میدیاكانی راگەیاند كە تۆپبارانەكە لەلایەن سوپاى توركیاوە بووە. هەروەها راشیگەیاند:" سەرجەم رێكارە دیپلۆماسییەكان دەگرینەبەر بۆ وەستاندنی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەنێو خاكی عێراق".
