هاوڵاتی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی یاسایی لە دژی ناردنی 200 ملیار دینارەكەی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە رەتكردەوە. ئەمڕۆ دوو شەممە 18ی تەموزی 2022،  دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵایەك كۆبۆوە كە داوا كرابوو ناردنی 200 ملیارەكەی هەرێم رابگیرێت و چیتر نەنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام دادگا سكاڵاكەی رەتكردەوە. هەروەها دادگای فیدراڵی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان بە دەستوری وەسف كردووە. مانگی رابردوو سكاڵا لەسەر مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عیراق و عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق تۆمار كرابوو. بەپێی یاسای بودجەی 2021ی عێراق، حكومەتی فیدراڵیی عێراق پابەندە بە ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار وەكو بەشە بودجە بۆ هەرێمی كوردستان بەو شێوەیەی كە هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێم لەسەر رێككەوتبوون.  

هاوڵاتی  رێبەری رەوتی سەدر پەیامێكی توند بڵاودەكاتەوەو رایگەیاند:" دوای ئەو جۆرە بیركردنەوەیەی لە تۆمارە دەنگییەكان بڵاوكرایەوە بە هیچ جۆرێك ناكرێت مالیكی بگەڕێتەوە بۆ سەر دەسەڵات، داواش دەكات خۆی رادەستی یاسا بكات. ئەمڕۆ دووشەممە 18ی تەموزی 2022، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند:" مالیكی  هەڕەشەی لە من كردوەو جگە لەوەش هێزە عێراقییەكانی بە بێدەسەڵات و حەشدی شەعبی بە ترسنۆك ناوبردووە". هەروەها سەدر راشیگەیاند:" مالیكی دوای ئەو بیركردنەوە نەرێنیەی بە هیچ جۆرێك ناكرێت بگەڕێتەوە بۆ سەر دەسەڵات و سەركردایەتیی عێراق بكات و ئەوەندەی دیكەش وڵاتەكە وێران بكات و گەلەكەی لەناو ببات، داواش لە مالیكی دەكەم واز لە كاری سیاسی بهێنێت و خۆی رادەستی یاسا بكات". رێبەری رەوتی سەدر سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیوە و دەڵێت، "بەلامەوە زۆر سەیرە لە حیزبی دەعوەوە هەڕەشەم لێبكرێت كە ئەویش سەر بە ئالی سەدرە. لەچەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەك تۆماری دەنگی نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا بڵاوكرانەوە كە تیایدا هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز دەكات لەدژی ئەو كەس و لایەنانەی بیانەوێت پەلاماری خۆی بدەن. سەرەرای ئەوەی نوری مالیكی هەموو توانایەكی خۆی خستووەتە كار بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستبهێنێت، بەڵام خۆری بوون بەسەرۆك وەزیرانی ئاوا بووەو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان قاسم ئەعرەجی كاندید كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.  

هاوڵاتی رێكخراوی ئیتاڵاعاتی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرای دەكات كە" بازرگانێكی گەورەمان دەستگیركردووە تۆڕی ژنان و كچانی ئێرانی بۆ لەشفرۆشی بردووەتەوە هەرێمی كوردستان". ئەمڕۆ 18ی تەموزی 2022، ئاژانسی تەسنیمی فەرمی ئێران بڵاویكردووەتەوە، بازرگانەكە ژنێكە بەناوی "زەهرە مەنسوری هەمەدانی" كە ناوسراوە بە سارا. هەروەها ئیتاڵاعات لەبارەی دەستگیركردنەكەیەوە باسی لەوەشكردووە "كاریگەری هەبووە لەسەر بەرەوپێشبردنی هاوڕەگەزبازی و قومار و ساختەكاری و بەدكاری و پەیوەندی سێكسی نائاسایی و بڵاوكردنەوەی بابەتەكان لە پێگە كۆمەڵایەتییەكاندا." هاوكات ئەوەدووپاتكراوەتەوە كە لە رێگەی چاودێریكردنی ئەو ژنەوە هێزەكانی ئیتڵاعاتی وڵاتەكە بۆیان دەركەوتووە" گەورەترین باندی بازرگانییان بە ژنانن و كچانی ئێرانی ناردنیان بۆ هەولێر هەبووە".

هاوڵاتی چوارچێوەی شیعی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید دەكات.    ئەمڕۆ دووشەممە 18ی تەموزی 2022، سەرچاوەیەك بە رۆژنامەی "شەرق"ی سعودی وتووە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا كاندیدكردنی ئەعرەجی رادەگەیەنێت.   "كۆبوونەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان كە بریارە ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجامبدرێت، بەمەبەستی دیاریكردنی رۆژی چوارشەممەی داهاتووە بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدی حكوومەتی نوێ".   لەئێستادا دانوستانێكی چڕ لە نێوان لایەنەكانی هاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" بەڕێوەدەچێت بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، چوارچێوە هەروەها داوای لە پارتی و یەكێتی كردووە رێكبكەون لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ سەرۆكایەتی كۆمار بە زووترین كات.    یەكێتی دەیەوێت بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆككۆمار بمێنێتەوە، لەكاتێكدا پارتی رێبەر ئەحمەدی كاندید كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.  

هاوڵاتی پەرلەمانتارێكی سەر بەهاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نوری مالیكی ئاشكرایكرد:"حكومەتی داهاتووی عێراق حكومەتێكی بەهێز دەبێت‌و بەتەواوەتیی دەستبەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمدا دەگرێت". محەمەد شەمەری پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە میدیاكانی عێراقی ڕایگەیاند:"چوارچێوەی هەماهەنگیی دەیەوێت حكومەتێكی بەهێزو بەتوانا دروستبكات كە بتوانێت كۆنترۆڵی هەموو جومگەكانی دەوڵەت بكات". هەروەها راشیگەیاند:" حكومەتی داهاتوو بەتەواوەتیی كۆنترۆڵی نەوتی هەموو عێراق دەكات‌و ڕێگەنادات ئەو نەوتە لەدەرەوە بەنرخێكی هەرزان‌و بەسەرچاوەی نادیار بفرۆشرێت، بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانیشەوە". بەوتەی شەمەری، لاوازیی حكومەتی ئێستای بەغداو هەڵوێستە سیاسییەكانی هۆكاری بەردەوامی هەرێم بووە لەهەناردەكردنی نەوت بۆ دەرەوە. هاوكات ئەوەشی روونكردووەتەوە كە "حكومەتی هەرێم زۆرینەی كات وەك هەرێمێكی جوداخواز مامەڵە دەكات‌و پابەندی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی نابێت كە بڕیاری نادەستووریبوونی دۆسیەی نەوتی هەرێمیداوە".

هاوڵاتی ئەندامێكی دەستەی گشتی رەوتی حیكمە رایگەیاند:" چوارچێوەی هەماهەنگی میكانیزمی دەستنیشانكردنی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران داناوە و لە چەند كاتژمێری داهاتوودا ناوی كاندیدەكە ئاشكرا دەكەین". ئەمڕۆ یەكشەممە 17ی تەموزی 2022، رەحیم عەبودی ئەندامێكی دەستەی گشتی رەوتی حیكمە بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند كە هەریەك لە مستەفا كازمی و محەمەد شیاع سودانی و قاسم ئەعرەجی لە دیارترین كاندیدەكانی چوارچێوەی هەماهەنگین بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی داهاتوو. هەروەها  ئەوەشی روونكردەوە كە بەرنامەی كاری حكومەتی داهاتوو زۆر نزیكە لە داواكارییەكانی شەقام و كات بۆ جێبەجێكردنیی دیاری كراوە.  

هاوڵاتی لە ناوچەكانی زاپ، ئاڤاشین و خواكورك، 25 سەربازی دیكەی توركیا كوژراون و پێنج دیكەش برینداربوون و گورز لە شۆفڵێكی سوپاكەش دراوە. ئەمڕۆ 17ی تەموزی 2022، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) راگەیەنراوێكی لەبارەی چالاكی گەریلا و هێرشی سوپای داگیركەری تورك بڵاوكردەوە. دەقی راگەیەندراوی هەپەگە: گەریلاكانی ئازادی كوردستان، بە تاكتیكی سەردەمیانەی گەریلا لەدژی داگیركەران بە شێوەیەكی پسپۆڕانە شەڕ دەكەن، گورزی گەورە لە سوپای داگیركەری تورك دەدەن. لە ئەنجامی چالاكی گەریلاكانماندا بە تاكتیكی جیاواز ٢٥ داگیركەر سزادران، ٥ داگیركەر بریندار بوون و گورز لە شۆفڵێك وەشێنرا. سوپای داگیركەری تورك تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات، ١٣ جار چەكی كیمیایی و تەقەمەنی بەكارهێناوە. ٨ جار بە فڕۆكەی جەنگی و ١٩ جار بە هەلیكۆپتەری جەنگی هێرش كردووەتە سەر گۆڕەپانەكانی بەرخۆدانی گەریلاكانی ئازادی كوردستان.  

هاوڵاتی دوای ئەوەی چوار تۆماری دەنگی بڵاوكرایەوە كە دەوترێت دەنگی نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە و باس لەوە دەكات ئەو باوەڕی بە سوپا و پۆلیس نیە و چەندین گروپی چەكداری بۆ پاراستنی خۆی دروستكردوە، لەسەر ئەو تۆمارە ئەمڕۆ سكاڵا لەسەر مالیكی تۆماركرا. ئەمڕۆ یەكشەممە 17ی تەموزی 2022، زەینەب یاسین باقر، پارێزەرێكی عێراقییە و لە سكاڵانامەیەكدا كە ئاڕاستەی دادگا و داواكاری گشتی كردووە، ئەوەی خستۆتەروو كە لێدوانە دەنگییەكە كە بەناوی نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساوە بڵاوكراونەتەوە مەترسین لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی و دروستبونی شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتدا. هەروەها داوا دەكات داواكاری گشتی لێكۆڵینەوە لەو تۆمارە دەنگییە بكات و راستییەكان بۆ رایگشتی بخاتەروِو، "هەر لە ناو و ئامانجی ئەوانەی تۆمارەكەیان بڵاوكردوەتەوە، ئەگەریش تۆمارە دەنگییەكە ساختەیە ئەو لایەنە ئاشكرا بكرێت كە لەپشت بڵاوكردنەوەیەتی". رۆژی 13ی حوزەیرانی 2022 تۆمارێكی دەنگی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە كە گوایە دەنگی نوری مالیكیە و لە بەشێكیدا دەڵێت:"موقتەدا سەدر دەیەوێت حكومڕانی بكات، بەڵام ئەگەر حوكمڕانی بكات هیچ ناهێڵێت؟ باشە ئەو ئێستا دەسەڵاتدار نییە؟ ئەو وەزیرانەی بە گوێ پەلكێش نەكرد و هەڕەشەی لە وەزیری دارایی كرد؟ من شارەزای رەوتی سەدرم، من دژیان جەنگام لە بەسرە و كەربەلا و بەغدا، ئەوان هەر ئەوكاتیش ترسنۆك بوون."  

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی جۆبادین دەداتەوەو رایگەیاند:"تەواوی جیهان باش دەزانن ئەمریكا تەنها كاری كاولكاری و وێرانكارییە ... ئەمریكا دەیەوێت بە پشتبەستن بە سیاسەتێكی كۆن و شكستخواردو تاران بترسێنێت". ئەمڕۆ یەكشەممە 17ی تەموزی 2022ن ناسڕ كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند:"ئەو لێدوان و تۆمەتانەی جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمریكا كە بۆ تاران هەڵبەستوە لە میانەی سەردانەكەی بۆ بەشێك لە وڵاتانی كەندا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دورن لە راستییە و هیچ بنەمایەكیان نییە". هەروەها راشیگەیاند:" ئامانجی لێدوانەكانی بایدن تەنها نانەوەی پشێوی و دروستكردنی دڵڕاوكێیە بۆ وڵاتانی ناوچەكەیە، ئەمریكا وەك یەكەمین وڵات لە بەكارهێنانی چەكی ناوەكی و فرۆشتنی چەك و دەستتێوەردان لە كاروباری وڵاتانی دیكەی پێناسی خۆی ئاشكرا بە وڵاتانی جیهان داوە و باشیش دەزانن كە ئەمریكا تەنها كاری كاولكاری و وێرانكارییە". هاوكات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەشكردوە، "ئەمریكا دەیەوێت بە پشتبەستن بە سیاسەتێكی كۆن و شكستخواردو تاران بترسێنێت و ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە تێكبدات، پشتگیریكردنیشی لە كیانی یەهودی ناڕەوا و نایاساییە، چونكە خۆی لە خۆیدا ئەو كیانە بونێكی نایاسایی هەیە لە ناوچەكەدا". "بەرهەمهێنان و سود وەرگرتن لە وزەی ناوەكی لەلایەن وڵاتەكەمانوە بە تواوەتی رەهایە و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و هیچ پێشێلكارییەكی تێدا بەدی ناكرێت، چاوەڕوانیش دەكرێت بەشیچوەیەكی گشتگیر وڵاتانی ناوچەكە بەدەم داواكانی وڵاتەكەمان بۆ گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕاكان بەرەو پێشچون بەخۆیانەوە ببین و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیش بەرەو پێش ببرێن"، ناسر كەنعانی وای وت.  

هاوڵاتی لەبەغدادەوە فشارەكان لەسەر هەردوو حزبی دەسەڵاتدار(پارتی، یەكێتی) زیاتر دەبێت و داوایان لێ دەكرێت پێش دانیشتنی پەرلەمانی عێراق رێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بكەن. عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە داوایەك لە یەكێتی و پارتی دەكات لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەوت پێش دانیشتنی پەرلەمان. عەممار حەكیم رایگەیاند:" داوا لە لایەنە كوردییەكان دەكەین پێش ئەوەی دانیشتنی پەرلەمانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەنجام بدرێت، لەسەر كاندیدێكی هاوبەش رێكبكەون". هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی بابەتی سەرۆك كۆمار لەو دانیشتنەدا یەكلایی بكرێتەوە و سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت. سەرۆكی رەوتی حیكمە كە بەشێكن لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە چوارچێوەكە جدین لەسەر ئەوەی كە بە خێرایی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووش دیاری بكرێت و هەڵبژێردرێت. وتەكانی سەرۆكی رەوتی حیكمە لەكاتێكدایە كە سبەینێ پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆبونەوە ئەنجام دەدات تا لەم هەفتەیەدا كاندیدی سەرۆك كۆمار هەڵببژێردرێت. تا ئێستا پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار سوورن و یەكێتی بە ئیستحقاقی خۆی دادەنێت.  

هاوڵاتی یاریزانێكی كوردی باكووری كوردستان بە ناوی ئەمرە دەمر، بە بڕی دوو ملیۆن یۆرۆ و بۆ ماوەی پێنج ساڵ چووە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، " دەمەوێت لەگەڵ یانەكە چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنم"، ئەمرە دەمر وا دەڵێت. ئەمرە دەمر، لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندێكی نزیك شاری ئێلح-ن لە باكووری كوردستان و پێشتر خانەوادەكەی بەهۆی فشارەكانی توركیا كۆچیانكردووە، بۆ شاری مێرسین و لەوێ نیشتەجێوون. ئەمرە تەمەنی 18 ساڵە و بە گرێبەستێكی دوو ملیۆن یۆرۆ و بۆ ماوەی پێنج ساڵ چووە ڕیزەكانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی. هەروەها ئەو یاریزانە بە مەبەستی پشكنینە پزیشكییەكان گەشتە بارەگای یانە ئیسپانییەكە و بڕیارە لە تیپی دووەمی یانەكە یاری بكات. لە لێدوانێكیشدا لە بارەی چوونی بۆ یانەی بارسێلۆنا ئەمرە دەمر ئاماژەی بەوە كردووە، "خەونی منداڵیم بوو درێسی ئەو یانەیە بپۆشم و دەمەوێت لەگەڵیان چامپیۆنزلیگ بە دەستبهێنم".

هاوڵاتی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رۆژی دووشەممە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرجەم سەرۆكی فراكسیۆنەكان بەڕێوەدەچێت. ئەمڕۆ شەممە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا داوا لە سەرۆكی سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دەكات رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە رێكەوتی 18ی تەموزی 2022 كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان بەڕێوەدەچێت. دوێنێ نوسینگەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە:"لەگەڵ كۆتاییهاتنی پشوویی وەرزی یەكەمی پەرلەمان و جەژنی قوربان و دەستپێكی نوێی وەرزی یاسادانان داوا دەكات دۆسییەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار یەكلایی بكرێتەوە". لەبەشێكی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، داوا لەسەرۆكی هێزە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان دەكات بەرپرسیارێتی هەڵگرن و گفتوگۆكانیان یەكلایی بكەنەوە و هەنگاو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بنێن. بە دەست لەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدر، كە خاوەنی 73 كورسی پەرلەمانی بوو، دەرگا لەبەردەم "چوارچێوەی هەماهەنگی" واڵابوو بۆ دەستپێكردنی جموجوڵە سیاسییەكانی و گفتوگۆكانی بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی بنكە فراوان و لەماوەی رابردوودا چەندین سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیان راگریاندبوو كە دوای كۆتاییهاتنی پشووەكانی جەژنی قوربان پێكهێنانی حكومەتی نوێ نزیك دەبێتەوە و رایدەگەیەنن.  

هاوڵاتی كۆمپانیایەك بواری یاسای نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەدات ئەو كۆمپانیایانەی لە بواری نەوتی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، ئەگەر بەغدا پێداگربێت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێوان كۆمپانیاكان و حكومەتی هەرێم، دەتوانن لە دادگای نێودەوڵەتی سكاڵا تۆمار بكەن.  ئەمرۆ 16ی تەمموزی 2022و كۆمپانیای گیبسۆن دان لە راگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردووە، بە لەبەرچاوگرتنی دەستووری عێراق و یاسای نەوت و غازی هەرێم، دۆسیەی كاركردنی كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان پشت ئەستوورە بە بنەمای یاسایی، بۆیە ئەو كۆمپانیایانە دەتوانن سكاڵا لەسەر حكومەتی عێراق تۆمار بكەن، بەڵام ئەگەر كۆمپانیاكانیش سكاڵا تۆمار بكەن بەغدا رووبەڕووی كێشەی یاسایی گەورە دەبێتەوە و دەبێت ملیاران دۆلار قەرەبوو بداتەوە بە كۆمپانیاكان". " هەرێمی كوردستان لە هەموو دۆخێكدا بەشێكە لە عێراق، لەسەر عێراقیش پێویستە پابەندبێت بە یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە، لەئێستاشدا وەزارەتی نەوتی عێراق بوەتە مایەی هەڕەشە بۆ ژینگەی كاركردنی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان". ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، دوێنێ هەینی 15 ی تەمموزی 2022  ڕایگەیاند: "عێراق نزیكبووەتەوە لەوەی مافە مێژووییە یاساییەكانی خۆی بەدەستبهێنێت بۆ بەڕێوەبردنی تەواوی چالاكییەكانی نەوت. دواجار دانیشتنی دوایی دەستەی دادوەریی سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە كێشەی نێوان عێراق و توركیا بەڕێوەچوو، تایبەت بە رێككەوتنی بۆری نێوان هەردوولا. دەستەكە خستنەڕووی سكاڵاكەی لە لایەن لایەنەكانەوە داخست، دوای ئەوەی گوێی لە گوتە و بەرگرییان گرت، بۆیە چیدیكە هیچ ئەگەرێك نەماوە بۆ درێژكردنەوە یان دواخستن".   هاوكات، وەزیری نەوتی عێراق وتیشی:"پێشبینی دەكەم دەستەی دادوەری سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە ماوەی چەند مانگێكی كەمی داهاتوودا بڕیاری دوایی و یەكلاكەرەوەی خۆی بدات. ستایشی هەوڵە ناوازەكانی نووسینگەی نێودەوڵەتی راوێژكاریی یاسایی و لیژنەی یاسایی وەزارەت دەكەم بۆ بەرگریكردنیان لە مافەكانی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی سامانی نەوتی خۆی، لەگەڵ بەرگریكردنیان بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوت دەسەڵاتە دەستوورییەكانی بەدەستبهێنێتەوە. عێراق سوورە لەسەر بەدەستهێنانەوەی مافە رەواكانی لە سامانی نیشتمانییدا، بەپێی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان".     

هاوڵاتی لە ناوچەی وەرخەلێ سوپای توركیای داگیركەر ئامادەكاری دەكات بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیایی، كە سەربازانی ئەردۆغان چەكەكەكانیان لەنزیك خاڵی تونێلەكانی جەنگ جێگیریدەكەن بە ئامانجی بڵاوكردنەوەی گازی كیمیایی. میدیای ئاژانسی فورات نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)، گرتە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە كە"جارێكی دیكە هێزەكانی گەریلا بەڵگەی ئەوەیان تۆماركردووە كە سوپای تورك یاسا نێودەوڵەتییەكانی جەنگ پشتگوێ دەخات و پەنادەبات بۆ ئەو ڕێگایانەی مرۆڤایەتی قەدەغەی كردوون، لەو دیمەنە نوێیەدا، كە لە بارودۆخێكی سەختدا تۆماركراون دەردەكەوێت سەربازانی سوپای داگیركەر ئامادەكاری دەكەن بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە تونێلەكانی شەڕی وەرخەلێ. بە وتەی گەریلاكان، جگە لە گازی بیبەر، گازی كیمیایی دیكەی ڕەنگی زەردیش بەكارهاتووە". هەروەها ئاماژە بەوەكراوە كە"لەو هێرشە داگیركارییەی سوپای تورك لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە بۆ سەر ناوچەكانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین دەستیپێكردووە، هەموو جۆرە چەكێكی كیمیایی بەكارهێناوە، لەكاتێكدا بەهۆی بەرخۆدانی بێوێنەی گەریلاكانی ئازادیی كوردستانەوە داگیركەران ناتوانن بچنە ناو تونێلەكان، بۆیە سوپای تورك پەنادەبات بۆ بەكارهێنانی گازی كیمیایی". بە پێی ئەو دیمەنە و زانیارییەكان سوپای داگیركەر چەكێكی تری كیمیایی بەكاردەهێنێت، كە دوای تەقینەوە لە تونێلەكاندا دەمێنێتەوە و كاتێك جووڵە لەو جێگایەدا بكرێت دووبارە چالاك دەبێتەوە. "ئەو گازانەی كە ئەم چەكە كیمیاییە دەردەچێت، بۆنێكی قورس لەسەر هەموو كەرەستەكانی ئەو جێگەیە بەجێدەهێڵێت و مەترسیی لەسەر هەناسە و تەواوی جەستە درووستدەكات". دوێنێ هەینی 15ی تەموزی 2022،  ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل( هەپەگە)، ئاماری شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەكانی سێ مانگی ڕابردووی دژی سوپای تورك لە ناوچەكانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا بڵاوكردەوە، كە لە 14ی نیسان تا 14ی تەمموز تۆماركراون، لە ئامارەكەدا هاتووە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا سوپای داگیركەری تورك هەزار و 198 جار تونێل و ناوچەكانی شەڕ بە چەكی كیمیایی و بۆمب بۆردوومان كراون.  

هاوڵاتی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی عێراق كۆبوییەوەو جۆبایدن رایگەیاند:" واشنتن پابەندە بە پشتیوانیكردن لە عێراقێكی ئارام، یەكگرتو، گەشەسەندو و خاوەن سەروەری، هەمان پابەندیش بۆ هەرێمی كوردستان". لە پەراوێز كۆنگرەی جەددە كە ئەمڕۆ لە سعودیە بەبەشداری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و سەركردەكانی وڵاتانی كەنداو، میسر، ئوردن و عێراق بەڕێوەدەچێت، جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكی حكومەتی عێراق كۆبوەوە، لە راگەیەنراوی كۆبونەوەكەدا هاتووە، هەردولا جەختیان لە پابەندبونی خۆیان بە هاوبەشی بەهێزی دولایەنە لەنێوان واشنتن و بەغدا كردەوە بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی، هەروەها دوپاتیانكردەوە كە پابەندن بە هەماهەنگی هاوبەش لەبواری ئەمنییدا بەجۆرێك گەرەنتی سەرهەڵنەدانەوەی رێكخراوی داعش بكرێت. هەروەها سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆك حكومەتی عێراق جەختیان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كردوەتەوە بەجۆرێك رەنگدانەوەی خواستی گەل بێت، رێز لە دیموكراسی و سەربەخۆیی عێراق بگیرێت، لەم بارەیەوە جۆ بایدن رایگەیاند:" واشنتن جەخت لەسەر گرنگی ئەو رۆڵە دەكاتەوە كە ئەمریكا لەئەستۆی گرتوە بۆ بەدیهێنانی عێراقێكی ئارام، یەكگرتو، گەشەسەند و خاوەن سەروەری، بە هەرێمی كوردستانیشەوە". هاوكات لەبارەی برەودان بە سیستمی دیموكراسی لە راگەیەنراوی كۆبونەوەكەدا هاتوە، هەردو سەرۆك جەختیان لە گرنگی برەودان بە سیستمی دیموكراسی لە عێراق و بەهێزكردنی توانای سەربازی هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردەوە، جۆ بایدن پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ هەوڵەكانی عێراق لەبوارەكانی گەڕانەوەی ئاوارەكان، دادگاییكردنی چەكدارانی داعش و ئامادەییشی نیشاندا بۆ هاوكاری زیاتر لەم دۆسییەدا. " بایدن پێزانینی بۆ هەوڵە دیپۆماسییەكانی مستەفا كازمی دەربری بۆ هەوڵەكانی لە زیادكردنی ئارامی و باشتركردنی پەیوەندی نێوان وڵاتانی ناوچەكە، هەروەها باوەڕیانوایە رێككەوتنی بەستنەوەی كارەبای عێراق بە وڵاتانی كەنداو هاوكاری بەغدا دەبێت بۆ ئەوەی كارەبا بە نرخێكی كەمتر بۆ هاوڵاتیانی دابین بكات"، لەراگەیەندراوەكەدا وا هاتووە. جۆ بایدن جەختی لە پابەندی رۆڵی وڵاتەكەی كردوەتەوە بۆ بونیادنانی ئابوری عێراق و فرەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهاتی، بەجۆرێك ئابوری عێراق بە سیستمی ئابوری جیهان ببەسترێتەوە و بتوانێت پێداویستییەكانی هاوڵاتیانی دابین بكات، هەروەها هەردو سەرۆك جەختیان لە گرنگی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و دوبارە بونیادنانەوەی متمانە لەناو دەزگاكانی عێراق كردەوە، لەگەڵ پشتیوانی لە گەشەسەندنی ئابوری، چارەسەری كێشەی گۆڕانی كەشوهەوا، ئاسایشی ئاو و هاوكاری دولایەنە لەبواری چاكسازی ئابوری. سەرۆكی ئەمریكا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی كازمی كردوە بۆ نزیكردنەوەی ئێران و سعودیە لەیەكتری و ئەنجامدانی گفتوگۆی وەفدی هەردوو وڵات لە بەغدا.