هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێران دەبنە دووەم خراپترین هێڵەکانی جیهان لە روی کێشەی بڕان و سنوردارکردنەوە و وەزیرێکی وڵاتەکەش دەڵێت ژمارەی پێوانەییمان لە خێراییدا تۆمار کردوە. بە پێی زانیارییەکانی 300 پێگەی ئەلیکترۆنی بواری تەکنەلۆژیا لە 50 وڵاتی جیهان، ئێران دوای چین دووەم وڵاتە کە زیاترین فیلتەر و سنوردارکردن لە ‌هێڵەکانی ئینتەرنێت جێبەجێ دەکات و هاوکات زیاترین کێشەی بڕان و خاوەیی تۆمار کردوە. ئاماژە بەوە کراوە ئینتەرنێتی ئێران دوای وڵاتی میامنمار زیاترین کێشەی بڕین و خاویی تۆمار کردوە و بەوەش دووەمین وڵاتی جیهانە کە زیاترین کێشە لە هێڵەکانی ئینتەرنێتدا هەیە. لە کاردانەوەی ئەو هەواڵەدا عیسا زارعپور، وەزیری گواستنەوە و تەکنەلۆژیای زانیاریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەرلەمانی وڵاتەکە رایگەیاند؛ 600 پێگەی نەوەی پێنجەمی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە وڵاتەکەدا دامەزراوە و ئینتەرنێتی وڵاتەکەش خێرایی 6.5 تێرابایت لە چرکەیەدا تۆمار دەکات. وتەکانی وەزیرەکەی ئێران لە کاتێکدا لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران قەدەغە و فیلتەرکردنی سەرهێڵەکانی ئینتەرنێت لە لایەن دەسەڵاتەوە زیادی کردوە و ئەوەش خەڵکی ناچار کردوە دژە فیلتەر و ڤی پی ئێن بەکاربهێنن. مەهدی ساڵحی، پسپۆری ئینتەرنێت ئاشکرای کردوە لە ساڵی 2018 مانگانە بە بڕی 50 ملیارد تمەن ئەپلیکەیشنی (VPN) لە ئێران بە مەبەستی دەربازبون لە فیلتەر و قەدەغەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار هێنراوە بەڵام لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوەوە ئەو بڕە بۆ مانگانە 500 ملیارد تمەن بەرز بوەتەوە. ئێران بۆ چاودێریی و سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگری ژینا قەدەغە و فیلتەری خستوەتە سەر زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداربوانی ئەو تۆڕانە ناچارن دژە فیلتەر (antifilter) و تۆڕی تایبەتی گریمانەیی (VPN) بکڕن. بە پێی ئامارەکان بڕین و چاودێریی ئینتەرنێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی نۆ ملیارد دۆلار زیانی لێکەوتوتەوە. مەجید سەدری، سەرۆکی دەستەی ئابوریی بەشی داهێنان و گۆڕانکارییەکانی دیجیتاڵ لە ژوری بازرگانیی تاران، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبو؛ زیانی راستەوخۆی بڕین و دروستبونی کێشە لە هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێران لە یەک مانگدا 770 ملیۆن دۆلار بوە و زیانی ناڕاستەوخۆشی نزیکەی یەک ملیارد دۆلار بوە. بە وتەی سەدری: زیانە گشتییەکانی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە مانگێکدا یەک ملیارد و 760 ملیۆن دۆلار بوە و لە کاتێکدا بڕینی ئینتەرنێت لە دوای ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردوە لە رابردودا تەنها چاودێریی و سنورداکردنی لەسەر بوە. لە پێنج مانگی دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان کە دۆخی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاسایی نەبوە، لانیکەم هەشت ملیارد و 800 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوریی لێکەوتوەتەوە. پێشتر ناوەندی داتا و زانیاریی لە ئێران ئاشکرای کردبو زیانەکانی بڕینی ئینتەرنێت لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 25٪ی ئابوریی ئێرانی گرتوەتەوە و بە زیاتر لە دو ملیارد و 574 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. لە ئامارەکانی ئەو ناوەندەدا ئاماژە بەوە کراوە ساڵی 2022 لانیکەم یەک ملیۆن و 700 هەزار پیشە لە رێگەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەچو و سەرچاوەی داهات و بژێویی نۆ ملیۆن کەس لە ئێران بوە.  لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئەوەی هەواڵ و وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی خۆپیشاندان و دۆخی وڵاتەکە بڵاو نەکرێتەوە ، هێڵەکانی ئینتەرنێت روبەڕوی بڕان و سانسۆر کرایەوە و ئەوەش زیانی زۆری بە ئابوریی ئۆنلاین و فرۆشگا ئەلیکترۆنییەکان گەیاندوە.

بەرپرسێکی گومرگی ئێران رایگەیاند؛ هاوردەکردنی کاڵا لە مەرزی کێلێ بە یاسایی دەکرێت و مۆڵەت دەدرێت بەو کەسانەی کە دەیانەوێت کاڵا لە هەرێمەوە هاوردەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکەن. مەجید غوڵام نەژاد، بەڕێوبەری گومرگی سەردەشت بە میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاندوە؛ بە شێویەکی فەرمی لە چوارچێوەی مۆڵەتی (پیلەوەری) بۆ دانیشتوانی سەر سنور هەر کەسێک دەتوانبێت بە بڕی 13 هەزار دۆلار کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی سنوری کێلێ هاوردەی ئێران بکات. بە وتەی غوڵام نەژاد: هاوردەی کاڵاکان سنوردارە و رێگە بە هاوردەی ئەو کاڵایانە دەدرێت کە هاوشێوەی لە ئێران بەرهم نەهێنرێت و هاوکات لە چوارچێوەی یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا بێت. ئاماژەی بەوە کردوە تا ئێستا باجی پیلەوەری بۆ 980 کەسی دانیشتوی سنوری سەردەشت و مەرزێ کێلێ دەرکراوە و ئەو کەسانە دەتوانن کاڵا لە سنورەکەوە هاوردە بکەن. مەرزی کێلێ کە دەکەوێتە دوریی 18 کیلۆمەتر لە شاری سەردەشت و 17 کیلۆمەتر لە دوریی قەڵادزێ، پێشتر بەشێوەیەکی فەرمی تەنها بۆ هەناردەکردنی کاڵای ئێران بۆ هەرێمی کوردستان سودی لێوەرگیراوە و لە ساڵی رابردودا 453 هەزار تۆن کاڵای ئێران بە بەهای 107 ملیۆن دۆلار لەو سنورەوە هەناردەی هەرێم کراوە. غوڵام نەژاد رونی کردوەتەوە کە لە ئێستادا رۆژانە زیاتر لە 180 بارهەڵگر کە زۆربەیان کاشی و کەرەستەی بیناسازییان پێیە لە سنوری کێلێیوە دەچنە هەرێمی کوردستان. جگە لە کاشی و شیشی ئاسن بەربومی کشتوکاڵیی ئێرانیش هەر لەو سنورەوە هەناردەی هەرێم دەکرێت.

هاوڵاتی   بەرپرسێکی باڵای پەروەردەی ئێران رایگەیاند لە ساڵی داهاتووی خوێندنەوە، قوتابیانی ئێرانی ئیتر ناچار نین زمانی ئینگلیزی فێر بن، بەڵام پێویستە لە سەریان زمانی عەرەبی بخوێنن و فێر بن. رۆژی یەکشەممە ١٥ی حەوت ، فاتمە رەمەزانی دەبیری کۆمیسیۆنی بەرنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەی ئێران بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاند:" لەمە بەدواوە قوتابییەکان ناچار نین زمانی ئینگلیزی لە خوێندنگەدا بخوێنن و ئەوان ئەتوانن جگە لە زمانی ئینگلیزی یەکێک لە زمانەکانی فەرەنسی، ئەڵمانی، رووسی، چینی و ئیسپانی  هەڵبژێرن، بەڵام خوێندنی زمانی عەرەبی کە زمانی قورعانە لە قوتابخانەکاندا ناچارییە." لە خوێندنگەکانی ئێران، لە قۆناغی ناوەندییەوە زمانی ئینگلیزی وەک یەکێک لە وانەکان دەوترێتەوەو قوتابی ناچارە بیخوێنێت. بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام باس لەوە کراوە پێویستە زمانێکیتری بیانی جێگەی زمانی ئینگلیزی بگرێتەوە. لابردنی خوێندنی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەکان نیگەرانی ژمارەیەک لە شارەزایانی بواری پەروەردەی لێکەوتۆتەوەو ئەوان لایان وایە لابردنی زمانی ئینگلیزی، سەرەنجامی خراپی لە سەر کۆی سیستەمی پەروەردەی ئێران ئەبێت. عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران، زۆرجار لە وتاردانەکانی خۆیدا دژی وتنەوەی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەکان وتاری داوە. هەفتەی رابردوو،ئاژانسەکانی هەواڵ باسیان لەوە کرد لەمەو بەدوا زمانی چینی دەبێت بە یەکێک لەو زمانانەی کە لە قوتابخانەکاندا دەوترێنەوە. بە پێی پەسەندکراوی نوێی شۆرای باڵای پەروەردە و بارهێنان کە لە لایەن ئیبراهیم رەئیسییەوە واژۆ کراوە، لەمەو بەدوا زمانەکانی "چینی" و "عەرەبی" لەو زمانانە ئەبن کە دەکرێت لە قوتابخانەکاندا بوترێنەوە لەگەڵ زمانەکانیتر. عەلیرەزا دێهقانی، شارەزا لە بواری پەروەردە و بارهێنان، ئەم هەنگاوەی پەروەردەی ئێران بە پێچەوانەی سیستەمی پەروەردەیی ئەمڕۆیی دەزانێ و دەڵێت:" هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی زمانی چینی یان رووسی بکەن بە جێگرەوەی زمانی ئینگلیزی لە سیستەمی پەروەردە، بەڵام ئەمە زیاتر لەوەی بە پێی لێکدانەوەی پەروەردەیی بێت بە هۆی بڕیاری سیاسییەوەیە. زمانی ئینگلیزی ئەمڕۆ زمانی یەکەمە لە هەموو دونیا و بێبەریکردنی قوتابییەکان لەو زمانە پێچەوانەی لێکدانەوە پەروەردەییەکانە."

هاوڵاتی لە ئاژانسەکانی هەواڵ زانیاری لەسەر کچێکی پانزە ساڵ بڵاوکرایەوە بە ناوی ڕاحلە کە لە گوندێکی نزیک خووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆی کوشتووە، بەڵام پاش چەند رۆژ دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ئەم کچە لە لایەن دایک و باوکییەوەو کوژراوەو خۆی نەکوشتووە. بە پێی هەواڵێک کە رۆژنامەی "اعتماد" بڵاوی کردۆتەوە ڕاحلە کچی دووهەمی ئەو خێزانەیەو، لە تەمەنی١٢ ساڵیدا بە زۆر بە شوو دراوە بە پیاوێکی ٢٧ ساڵ . بە پێی زانیارییەکان ئەم کچە لە دۆخی ژیانی خۆی ناڕازی بووەو ویستوویەتی لە مێردەکەی جیا بێتەوەو بچێت بۆ لای خوشکەکەی لە تاران. هەربۆیەکە دایک و باوکی ئاگاداری ئەوە دەبن، کچەکایان بانگێشت دەکەنە ماڵەوەو ئەیکوژن. بە پێی زانیارییەکان ، باوکی ئەم کچە، کچەکەی بە بەرچاوی دایکیەوە خنکاندووە. هاوکات بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی "رادیۆ زەمانە" بڵاوی کردۆتەوە، هەموو مانگێک لە خووی ٣بۆ ٤ کچ و ژن لە لایەن پیاوانی خێزانەکەی خۆیانەوە دەکوژرێن.

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەرمیان رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی  ئاسایش و گرووپێک دروست دەبێت کە  بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ئاسایش ناویان لەخۆیان نابوو"( فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان )."،بەهۆی ڕوبەڕوبونەوەکە  ئەندامێکی گرووپەکە گیان لەدەستدەدات؛ دوو ئەندامی گرووپەکە و ئاسایشێکیش بریندار دەبن.  هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەندامانی گروپێکی چەکداری نایاسایی دەستگیرکرد کە ناویان لەخۆیان نابوو"( فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان )." دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە پێناو زیاتر چەسپاندنی یاسا و ڕێگریکردن لە هەمو کارێکی نایاسایی و تێکدەرانە و دابینیکردنی ئاسایش و ئارامی، هێزەکانی دەزگای ئاسایش، ئەمڕۆ بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، توانیان دوای ڕوبەڕوبونەوە ئەندامانی گروپە چەکدارە نایاساییەکە دەستگیربکەن". ئەوەشی رونکردەوە، "لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، چەکدارەکان ڕوبەڕوی هێزەکانی ئاسایش بونەوە، لە ئەنجامدا دو کارمەندی ئاسایش برینداربون، هەروەها لە کاتی ڕوبەڕوبونەوەکەدا دو لە چەکدارەکان برینداربون و یەک چەکدار گیانی لەدەستدا". دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاشکراشیکردوە، "لەئێستادا بە فەرمانی دادوەر بە ماددەی 156 لەیاسای سزادانی عێراقی ئەندامانی گروپە چەکدارەکە دەستگیرکراون و ڕوبەڕوی یاسا کرانەوە".

هاوڵاتی ئەمه‌ریکا داوا لە رووسیا دەکات، بەشداری لە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە بکات و رووسیاش رەتیدەکاتەوە. نێردەی رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، چیتر گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لە دەریای ڕەش ناکەن، ئەمەش دوا بڕیاری رووسیایە. هەروەها کۆشکی سپی داوا لە رووسیا دەکات، لە بڕیارەکەی بۆ هەڵپەساردنی بەشداریکردنی لە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵەی پاشگەز ببێتەوە. ئاماژەی بەوەشدا، هەڵپەساردنی بەشداری کردنی رووسیا لە رێککەوتنەکە، قەیرانی ئاسایشی خۆراک زیاتر دەکات و زیان بە ملیۆنان کەس دەگەینێت. وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئەمڕۆ دوشەممە ڕایگەیاند، ڕوسیا گەرەنتی ئەمنیی خۆی بۆ باركردنی دانەوێڵە دەكشێنێتەوە و ڕێڕەوی مرۆیی لە دەریای ڕەش دادەخات بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەكە، لەلایەن ئەو باندانەی كە لەلایەن كیێڤەوە سەرپەرشتیدەكرێن، ڕێڕەوی سەلامەتی ڕوسیا بۆ هەناردەكردنی دانەوێڵەی ئۆكرانیا كراوەتە ئامانج، كەمتر لە 3%ی خۆراك بۆ وڵاتانی هەژار لە مامەڵەی دانەوێڵەدا رۆیشتوە، هەروەها زیاتر لە 70%ی بۆ وڵاتانی داهات بەرز بوە. وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئەوەشی ئاشكراكردوە، گرێبەستی دانەوێڵە بایەخی مرۆیی خۆی نەبوە و هیچ پاساوێكیش بۆئەو مەبەستە نیە، بەردەوامبونی لە بارودۆخی پەككەوتنی ڕاستەوخۆدا مانای خۆی لەدەستداوە و هەر لەبەر ئەم هۆكارەش ڕوسیا گەرەنتییە ئەمنییەكان لە ڕێڕەوی دەریای ڕەش دەكشێنێتەوە، لە دەریای ڕەشیش دەستپێشخەری دانەوێڵە لە 18ی تەمموزدا كارەكانی ڕادەگرێت. هەروەها ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بێ بەشداریکردنی رووسیا، لە هەناردەی دانەوێڵە بەردەوام بێت. پێشتریش راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمه‌ریکا، باسی له‌وه‌كردبوو، ماوه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی هه‌نارده‌ی دانه‌وێڵه‌ كۆتایی دێت و رایگه‌یاند: "ناتوانم پێشبینی بكه‌م (سه‌رۆكی رووسیا) ڤلادیمیر پوتن چی ده‌كات. له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا ئاماژه‌ی جۆراوجۆری دا، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ رووسیا له‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ بكشێته‌وه‌ یان درێژه‌ی پێبدات". نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر روسیا و ئۆكرانیا له‌ ئیسانبوڵ به‌ چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنیان واژۆكرد، كه‌ ئامانج لێی ئاسانكردنی گه‌یشتنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیایه‌ بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، به‌بێ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی خۆراك بكات.

هاوڵاتی دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، پێنج ملیۆن دۆلار و دوو ئۆتۆمبێلیان لە بەرپرسێک وەرگرتووەتەوە کە بەشێوەیەکى نایاسایی دەستی کەوتووە. حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دەستەکە توانیویەتی بڕە پارەیەکی زۆر لە بەڕێوەبەری پێشوی خانەنشینی ئەنبار وەربگرێتەوە کە پێنج ملیۆن دۆلار و دوو ئۆتۆمبێلە وەرگرێتەوە. وتیشی "یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانى لە جۆرى مارسیدز - جى کڵاس بووە، نرخەکەى 250 هەزار دۆلار بووە."  لە درێژەی قسەکانیدا، حەیدەر حەنون دەڵێت: تواندراوە حیجز بخرێتە سەر ماڵ و موڵکی یاریدەدەری هونەری پارێزگاری ئێستای بەغداد بەهۆی ئەوەی زۆربونی سامانەکەیەوە و دەستەی دەسپاکی بەردەوام دەبێت لە نەهێشتنی گەندەڵی لەڕێگەی ''ئەوەت لە کوێ بوو؟''.  

هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی -سلێمانی ئامارى شەش مانگى بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان، لە سنورى سلێمانى و هەڵەبجە و کۆیە و ئیدارەکانى گەرمیان و راپەڕینى بڵاوکردەوە. بەپێى ئامارەکەى ئاسایش، لەماوەى شەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا لە سنورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان و راپەڕین و شارۆچکەى کۆیە 478 کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و بازرگانى بە ماددەى هۆشبەرەوە دەستگیر کراون و لەو ژمارەیەش 93 کەسیان بازرگانى ماددەى هۆشبەرن و 385 کەسیان بەکارهێنەر. سەبارەت بەو ماددانەی دەستیشیان بەسەردا گیراوە ئاسایش دەڵێت،  لە جۆرى کۆکاین و تلیاک و شیشە و هێرۆیین و ماریوانا و کتامین حەبى جۆراوجۆرى بێهۆشکەر بون. هەروەها ئەو کەسانە، بەپێى ماددەکانى  26 و 30 لە یاساى بەرەنگاربونەوەى ماددەى هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون.

لە رۆژێکدا زیاتر لە پێنج کەس لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دەدرێن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان ئاشکرای دەکەن سێ کەسیان کورد بون. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە تەنها لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممەدا سێ بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە دراون و تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان خراوەتە پاڵیان. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ هاوڵاتییەکی شاری سەردەشت بە ناوی سەنگەر خزری کە دوو ساڵ بوە بە تۆمەتی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان زیندانیی کراوە، ئەمڕۆ لە زیندانی شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێ لەسێدارە دراوە. هاوکات دوو گەنجی خەڵکی کەنگاور لە پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی موحسین یاقوتی و حەمزە فەرۆخی لە زیندانی شاری هەمەدان لەسێدارە دراون کە تۆمەتی ئەو دوو کەسەش بازرگانی بوە بە ماددە هۆشبەرەکان و دوو ساڵ بوە لە زیندان بون. لە لایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردوەتەوە تەنها ئەمڕۆ دووشەممە زیاتر لە پێنج کەس لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە لەسێدارە دراو ن و بەوەش لە شەش مانگ و 17 رۆژی ئەمساڵدا 395 کەس لەسێدارە دراون.

ئامارەکانی شەش ساڵی رابردوی کۆڵبەرانی کورد لە سنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە و ئاشکرا بوە ژمارەیەکی زۆری کۆڵبەران بە دەستڕێژی گوللـەی پاساوانانی سنوری ئێران گیانیان لەدەستداوە. پێگەی هەواڵی (کۆڵبەرنیوز) بە بۆنەی حەوتەمین ساڵی دەستبەکاربونی پێگەکەیان ئاماری تایبەت بە کۆڵبەرانی بڵاو کردوەتەوە و بە پێی ئامارەکانیش لە ماوەی شەش ساڵی رابردودا تا ئەمڕۆ دوشەممە هەزار و 344 کۆڵبەر لە سەر سنورەکان بونەتە قوربانیی. لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا 341 کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و هەزار و سێ کۆڵبەریش برینداربون کە (74%) کوژران و برینداربونی ئەو کۆڵبەرانە بەهۆی دەستڕێژی گوللـەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران بوە. کۆڵبەرنیوز ئاماژەی بەوە کردوە زۆربەی ئەو کۆڵبەرانەی گیانیان لەدەستداوە لە لایەن پاسەوانانی سنوری ئێران بە شێوەیەکی راستەخۆی تەقەیان لێکراوە و کوژراون. بە پێی ئەو ئامارانەی ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویان کردوەتەوە لە سێ پارێزگای کوردستان(سنە) و ورمێ و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 50 هەزار کۆڵبەر هەیە بەڵام سەرچاوەکانی دیکە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە بونی 70 هەزار کۆڵبەر دەکەن. بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەی (هاوڵاتی) هەر کۆڵبەرێک بە پێی قەبارە و جۆری ئەو کاڵایەی دەیگوازێتەوە داهاتەکەی دەگاتە نزیکەی 500 هەزار بۆ 800 هەزارتمەنی ئیرانی لە رۆژێکدا کە دەکاتەوە 11 دۆلار بۆ 17 دۆلار لە کاتێکدا هیچ کۆڵبەرێک ناتوانێت 30 رۆژەکەی مانگێک کۆڵبەریی بکات.    

ئاوی دەریاچەی ورمێ بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکات و بەرپرسێکیش دەڵێت ئەگەری بون بە زۆنگاوی ئەو دەریاچەیە و وشکبونی هەیە. بە پێی وێنەکانی مانگی دەستکرد لە دەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەرکەوتوە ئاستی ئاوی ئەو دەریاچەیە بۆ کەمترین ئاستی 60 ساڵی رابردو کەمی کردوە. لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتوە ئەمساڵ کەمترین بڕی ئاو لە ساڵی 1964 تا ئێستا رژاوەتە دەریاچەکەوە و سەرەڕای ئەوەی حکومەت بانگەشەی ئەوەی کردوە بە چەند پڕۆژەیەک ئاوی لە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ ئەو دەریاچەیە گواستوەتەوە. عیسی کەلانتەری، بەرپرسی پێشوی پارێزگاری لە ژینگەی ئێران و بەڕێوبەری جێبەجێکاری بوژاندەوەی دەریاچەی ورمێ بە رۆژنامەی (ئیعتیماد)ی وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ بە ئەگەری زۆر تا کۆتایی وەرزی هاوینی ئەمساڵ دەریاچەکە بە تەواویی وشک دەبێت. بە وتەی کەلانتەری لە ئەگەری وشکبونی دەریاچەکە زیاترین مەترسیی روبەڕوی دانیشتوانی پارێزگای ورمێ و تەبرێز دەبێتەوە چونکە خوێی ئەو دەریاچەیە لە شێوەی خۆڵبارین بڵاو دەبێتەوە و ئەوەش مەترسیدارە. بڵاوبونەوەی ئەو توێژینەوەیە لە کاتێکدایە پێشتری محەمەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئەندامی ئێستای دەستەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاندبو پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی کانی سێو بە بودجەی (150) ملیارد تمەن لە رابردودا کە دەکاتە نزیکەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لە ماوەی حەوت مانگدا لە لایەن ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ی سەر بە سوپای پاسداران جێبەجێکراوە لە کاتێکدا ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە (18) مانگ کات هەبوە بۆ تەواوبونی. ئێران گواستنەوەی ئاوی لە بەنداوی کانی سێو لە سەردەشت بۆ دەریاچەی ورمێ بە گەورەترین پڕۆژەی ژینگەپارێزیی رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا ناوبردوە لە کاتێکدا ئەو پڕۆژەیە بە هۆکارێک بۆ وشکبونی سەرچاوەکانی ئاوی سەردەشت و پیرانشار لەقەڵەم دەرێت کە هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

هاوڵاتی نوێنەری پەیەدە لەهەرێمی کوردستان بۆ هاوڵاتی ئەوە ئاشکرادەکات، ئەو مەرجانەی لەلایەن ڕژێمی سوریاوە بەسەر نەتەوەیەکگرتوەکاندا سەپێندراوە هیچ لە شێوازی گەیشتنی هاوکاریەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ناگۆڕێت، چونکە هیچ ڕێکخراوێکی جیهانی بەڕەسمی مامەڵە لەگەڵ رۆژئاوا ناکات، دەشڵێت مامەڵەکان لەڕێگەی ڕژێمی سوریایە و ئەویش زۆرجار هاوکارییەکان وەک کارتی فشار لەدژی ڕۆژئاوا بەکاردەهێنێت. جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە لەبارەی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەهاوڵاتی وت: زۆرترین هاوکاریەکان کە پێماندەگەن دەرمانن و ئەوانەش دەرمانی سەرەکیین وەک “ڤاکسین” کە” ناچارن” بەزوویی و بەمەرجی کەمتر پێمانی بدەن، ئەگینا زۆربەی پێداویستیەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەکڕدرێت و دابین دەکرێت”. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو هاوکاریانەی لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوون دەرمانن و زۆربەیان لە سنوری پارێزگای سلێمانییەوە هاتوون. لە بەڵگەنامەیەکدا کە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش نێردراوە، نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژە بەوە دەکات کە بەسام سەباغ، باڵیۆزی سوریا باسی لەوەکردووە کە حکومەتی سوریا ڕێگە بەدرێژکردنەوەی گەیشتنی هاوکاریە مرۆییەکان دەدات بۆ قوربانی و زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکە لە سوریا لەڕێگەی دەروازەی باب-ئەلهەوا، ئەویش بە دوو مەرج، بەڵام ئەو مەرجانە بوونەتە هۆی نیگەرانی نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکە. وەک لە بەڵگەنامەکەی “OCHA “هاتووە: حکومەتی سوریا بەمەرجێک ڕێگە بە درێژکردنەوەی هاوکاریەکان دەدات کە لەژێر چاودێری و بەهاوکاری لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور و مانگی سوری عەرەبی لەناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا دابەش بکرێت، هەروەها جەختی لەوەش کردۆتەوە کە نەتەوەیەکگرتوەکان نابێت پەیوەندی لەگەڵ ئەو لایانەندا هەبێت کە بە “تیرۆریست”دەستنیشان کراون. لەگەڵ ئەوەشدا لەبارەی ئەو ناوچانەی کەزۆرترین هاوکاریان پێویستە دکتۆر جاویدان کەمال وتی: ناوچەی شێخ مەقسود کەسەر بەپارێزگای حەلەبە و لەژێر دەسەڵاتی خۆسەرە،لەگەڵ شەهبا کەزۆربەی ئاوارەکانی عەفرینیشی تێدایە” زۆترین هاوکاریان پێویستە؛ بەڵام ئەوانە لەلایەن ڕژێمەوە جیاکراونەتەوە و دەوریان گیراوە، ڕێگری دەکرێت لەگەیشتنی هاوکاریەکان بۆیان لەلایەن ڕێکخراوەکان و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە ڕۆژی سێشەممە ڕوسیا، کە هاوپەیمانێکی سەرەکی سوریایە ڤیتۆی خۆی بەکارهێنا لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ڕێگریکردن لە درێژکردنەوەی ماوەی نۆ مانگ کە بەنێوەندگیری نەتەوەیەکگرتوەکان ڕێگە بە گەیاندن و بەردەوامکردنی هاوکارییەکان بدات لە دەروازەی باب-ئەلهەوا، بەڵام نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنیت و هەر بەوهۆیەوە حکومەتی سوریا بۆ بەردەوامی هاوکاریەکان ئەو مەرجانەی دانا بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکە.

هاوڵاتی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان 83%ی داهاتەكەی بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە لەدەستداوە و تەنها بە داهاتی ناوخۆش ناتوانێت موچە دابەشبكات،وتیشی، شاندێكی هەرێمیش بۆ بۆ شایستەداراییەكان سەردانی بەغدادی كردوە و لە چەند رۆژی داهاتودا هەواڵی خۆش دەبیستن. پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھۆکاری دواکەوتنی مووچە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، حکومەتی ھەرێم پشتی بە ٨٣٪ داھاتی نەوت دەبەست بۆ دابەشکردنی مووچە و لە ئێستا ئەو رێژەیە لە داھاتی نەوت نەماوە و حکومەت ناتوانێت بە داھاتی ناوخۆ مووچە دابەشبکات. ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ وەفدێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادی کردووە، کە تەنھا بۆ مووچە نییە، بەڵکو بۆ شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانە و مافی ھەرێمە  مانگانە حکومەتی عێراق مووچە و شایستە داراییەکانی لەکاتی خۆیدا بۆ بنێرێت و لە چەند رۆژی داھاتوودا ھەواڵی خۆش دەبیستن. هاوکات هەر ئەمڕۆ، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ تیمێكی باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات، بەمەبەستی گفتوگۆ و جێبەجێكردنی بڕگەكانی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەبودجەی فیدڕاڵی.

هاوڵاتی بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆ کردن له‌باره‌ی بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سەردانی بەغدا بکات و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش دەڵێت لەگەڵ نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی کۆدەبنەوە و لەمەودوا داوای موچە ناکەن بەڵکو داوای شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کاری لە پێشێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان موچەیە." وتیشی، هۆکاری نەناردنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەکنیکییە.  باسی لەوەشکرد، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش تیمێكی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان دروستكرد، سبه‌ی هه‌ردوو تیم له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ به‌غدا كۆبوونه‌وه‌یان ده‌بێت و له‌وانه‌یه‌ به‌شێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كان بهێنینه‌ هه‌رێمی كوردستانیش. سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاشیگەیاند: دوای سەردانەکە بەرچاو ڕونیمان دەبێت لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی بەغداد و گەشبینم پشکی هەرێم لە بودجە مانگانە بنێردرێت.    

هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی کوردپا بڵاوی کردۆتەوە، سورەیا قەیتەران، ژنێکی پیرانشاری، خەڵکی گوندەی "کانی مەلا" پاش ٢٠ رۆژ لە دەستبەسەر بوونی چارەنووسی نادیارە. بە پێی زانیارییەکانی ئەم ماڵپەڕە، سورەیا قەیتەران رۆژی ٢٦ی حەوت( ٥ی پووشپەڕ) لە ماڵی باوکی   دەستگیرکراوەو گوێزراوەتەوە بۆ ورمێ و دوای لێپرسینەوە ، نێردراوەتە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ و تا ئێستە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری نەبووە و بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان دەربارەی نییە. جێی ئاماژەیە رۆژی ١١ی جوون (٢١ جۆزەردان) دوو برای ئەم خانمە بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان قەیتەران و سەدرەدین قەیتەران لە ماڵی خۆیان بە بێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیر کران. بە پێی زانیارییەکانی کوردپا تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی سورەیا قەیتەران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی نەزانراوە.