سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، شاندێکی تەکنیکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەچێتە بەغداد بۆ رادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، سبەینێ یەکشەممە 25-05-2025 شاندەکە لیستی مووچە دەباتە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتڕاستکردنەوەی لیستەکە و دواتر شاندەکە لیستەکە دەباتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ وردبینی. دەشڵێت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بە زووترین کات وردبینی لە لیستی مووچە تەواو ببێت بۆ ئەوەی پێش جەژنی قوربان کە دەکەوێتە 06-06-2025 مووچەی مانگی پێنج دابەش بکەن. دوێنێش هەمان سەرچاوە وتى، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنیان پێدراوە رۆژی سێشەممە 27-05-2025 پارە بۆ مووجەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت. هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، لە بەغدا دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و تاوەکو رۆژی دووشەممەش بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە دەست بە وردبینی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێ و ئەگەر ھیچ بیانوویەکیان نەبێت، لە سێ بۆ چوار رۆژدا وردبینی تەواو دەبێت. بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، "بە ئەگەرێکی زۆر، پێش جەژن مووچە دابەش دەکرێت، ئەگەر بەغدا بیانوو نەهێنێتەوە". 2025-05-13، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان خرایە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ھەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە. لەلایەکى دیکەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیاند، ئەم مانگە داوا لە سەرجەم یەکە ژمێریاریەکان کراوە لە کاتی تۆمارکردنی ناوی مووچەخۆران ئاماژە بە ژمارەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست بدەن بۆ لێبڕینی لەسەدا یەک، لە مووچەی بنەڕەتی. ئەو دەڵێت، بۆ ئەم مانگە بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بە راسپاردەی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لێبڕینەکە دەکرێت. رۆژی 17-12-2024 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا کۆدی بایۆمەتری بکاتە ژمارەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەم کۆدە لە سیستمەکەدا تۆمار دەکرێت.
عیناد خالد ناسراو بە (حسحس) کەسایەتیی دیاری عێراقیی نێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک ئەمڕۆ لەلایەن هێزەئەمنیەکانەوە دەستگیرکراوە، بە تۆمەتى لایڤەکانی نەگونجاوەو بابەتى خراپ بڵاودەکاتەوەو لەگەڵ کۆمەڵگەدا ناگونجێت. سهرچاوهیهك لەوهزارهتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: دوای گرتنهبهری ڕێوشوێنی یاسایی لهلایهن وهزارهتی ناوخۆی عێراقەوە، فەرمانی دهستگیركردن بۆ (حسحس) دەرچووەو ئەمرۆ شەممە هێزێکی ئەمنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوە و بانگەشەکردنی ناوەڕۆکی ناشرین لە سۆشیال میدیا. سەرچاوەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو ئۆپەراسیۆنەکە بەگوێرەی ڕێکارە یاساییەکان ئەنجامدراوە و بەشێکە لە زنجیرەیەک ڕێکار کە وەزارەت دەیگرێتەبەر بەرامبەر ئەوانەی سەلمێنراون کە بەشدارن لە بڵاوکردنەوەی ماددە کە پێچەوانەی ئادابى گشتی و بەها کۆمەڵایەتییەکانن. چەند مانگێکە فەرمانی دەستگیرکردنی (حسحس) دەرچووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لیژنەیەکی تایبەتمەنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەچاودێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوکراوەی نەشیاو دەرحەق بەکۆمەڵگە دێت و ئەم تیکتۆکەرە دیارەی عێراقیش بووە نێچیری لیژنەکە، بڕیارەکە جێبەجێبکراو حسحس یش دەخرێتە کونجی زیندانەوە. لەسەرەتای ساڵی ڕابردووەوە، وەزارەتی ناوخۆو ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، هەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردن و لێپرسینەوە لەو کەسایەتییانەی سۆشیال میدیا دەستپێکردووە کە بڵاوکراوەکانیان دوورە لەداب و نەریتی کۆمەڵگە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى ئەلعەرەبیە، هاوسەری والى و سەرکردەی یەکەمى د.ا.عش لە سوریا و عێراق، ئوم خەدیجە شیشانی، وردەکارییەکانی پەیوەست بوونی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، لەگەڵ چەندین نهێنی دیکەی ئاشکرا کرد. "من نەمدەزانی قورئان بخوێنمەوە". ئوم خەدیجە شیشانی، هاوسەری عەبدوڵڵا مەکی، والى داعش لە سوریا و عێراق، وردەکاری سەرسوڕهێنەر لەبارەی ئەو ساتەی پەیوەندی بە ڕێکخراوەکەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: هاوسەرەکەم هۆکارەکە بوو. ئەو دەڵێت "هاوسەرەکەم وردە وردە منی گۆڕی و هۆکاری پەیوەندیکردنم بە داعش بوو". ئاماژەی بەوەشکردووە، "من نەمدەزانی قورئان بخوێنمەوە، مامۆستایانی ڕووسیش لەناو ڕێکخراوەکەدا فێریان دەکردین". ئاماژەی بەوەشکردووە، سزا بەسەر ئەو کەسانەدا سەپێنراوە کە لە گروپەکە ئاینییەکە بەجێدەهێڵن. هەروەها دەڵێت "هاوسەرەکەم فێری کردم کە ئەوەی ڕێگەپێدراوە و ئەوەی قەدەغەیە لەناو ڕێکخراوەکەدا نەرم و نیانە". هەروەها ڕوونیشیکردەوە، "کاتێک بۆ یەکەمجار پەیوەندیم بەو ڕێکخراوە کرد، هیچ وانەیەکی ئایینی نەبوو، بەڵام دوای مردنی هاوسەرەکەم، گواسترامەوە بۆ میوانخانەیەکی مەنبەج، لەوێ دەستمان بە فێربوونی قورئان کرد، دوای ئەوە وانەی ئیمان و فیقهی وەک سزا بەسەرماندا سەپێندرا". ئاماژەی بەوەشکرد، کەتیبەی نوسەیبە بەپێی نیازی خۆیان ژنانیان دابەشکرد، زۆربەی ئەوانەی دەیانویست هێرشی خۆکوژی ئەنجام بدەن، ئەوروپی بوون، لەکاتێکدا ژنانی چیچانی و ڕوسی کەم بوون. لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "ساڵانێک وەک بێوەژنێک لە میوانخانەکاندا ژیام، تەنها وردەکارییەکانی دیلبوونم لە ژنانی سەردانیکەرەوە بیستووە، تا ساڵی ٢٠١٩ هیچ ئێزیدییەکم نەبینیوە". هاوسەری پارێزگاری داعش لە سوریا و عێراق گێڕانەوەی شایەتحاڵی چارەنووسی ئەو ژنە ئێزیدیانە و خەیاڵی خۆی وەک دیلێک لەناو داعشدا گێڕاوەتەوە. ئەویش وتی: ئەگەر من لە شوێنی ئەو بومایە، بەرگەی ئەوەم نەدەگرت. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، "گرتە ڤیدیۆییەکانم لەسەر دیلەکان بینیوە و خۆمم لە شوێنی ئەوان خەیاڵکردووە، هەستم کردووە ئەوەی بەسەریاندا هاتووە نامرۆڤانە بووە، ئەگەر لە شوێنی ئەوان بوومایە، بۆ یەک ساتیش بەرگەی ئەوەم نەدەگرت". ناوبراو ئەوەش ئاشکرا دەکات هەمیشە دوو پشتێنی تەقەمەنی لەبەردا بووە، چونکە چاوەڕوانی هێرشێکی سەربازیی ئەمریکای نزیک بووە بۆ سەر قەڵاکەی لە بیابانی ئەنبار. لە درێژەی قسەکانیدا وتی "لەکاتێکدا فڕۆکەیەکی ئەمریکی بەدوای ئۆتۆمبێلێکدا دەگەڕا کە ئەوانی هەڵگرتبوو، لەو ساتەدا داوای لێکردم پشتێنێکی تەقینەوە لەبەر بکەم. من ڕەتمکردەوە، بۆیە ناچاری کردم بۆ ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە نەگیرێم". ڕوونیشی کردەوە کە لە دوو هێرشی مووشەکی و زیاتر لە گەمارۆیەک لە بیابانی ئەنباری عێراق ڕزگاری بووە. سەبارەت بە مردنی هاوسەرەکەی، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر هات و دوای ڕۆژێک ئاگاداریان کردمەوە بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی ڕوون و بینینی تەرمەکەی هەبێت". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕۆژی شەممە پێیان وتم و وتیان ڕۆژی هەینی گیانی لەدەستداوە".
جەمیل بایک و هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە و موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایانگەیاند، دیالۆگى عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا درێژەى هەیە و ئەوان بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ کردووە. ئەو وتانەى قەرەیلان و جەمیل بایک رۆژى شەممە لە پەیامێکى هاوبەشدا هات کە ئاڕاستەى کۆنگرەی نائاسایی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) یان کرد کە لەهۆڵەندا بەڕێوەدەچێت. لەبەشێکى پەیامەکەیاندا هاتووە: ڕۆژهەڵاتی ناوین پێی ناوەتە ناو سەردەمێکی نوێوە کە کوردستانیش دەگرێتەوە و پێشهاتی خێرا ڕوودەدەن. تابێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هاوسەنگی هێز و پەیوەندی نوێ دێنەئاراوە، گەلی کوردیش هەوڵدەدات وەک کارەکتەرێکی چالاک بەشداری ئەم پرۆسەیە بێت. دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە: "ئەندامان، دۆست و هەڤاڵانی هێژا؛ سەرەتا سڵاو لە دیوانی کۆنگرە، هەموو دۆست و هەڤاڵانی بەشداربوو دەکەین و بەو هیوایەیین کۆنگرەی گشتی کەنەکە بۆ وڵات و گەلەکەمان سودمەند بێت. دەمانویست ئێمەیش لە کۆنگرەی گشتیی کەنەکەدا ئامادەبین، بە ئەندامێتی ئەم دامەزراوە سەنگینە سەربڵندین. بەڵام لەبەر ئەوە هۆکارانەی کە ئێوەیش دەیزانن، نەمانتوانی لەگەڵتاندا بین و بەشداربین. دەومانەوێت باوەڕ بەوەبکەن کە هەرچەندە دووریشبین و نەتوانین لە کۆنگرەکەدا بەشداربین ئەوا ئەرکەکانمان بە گوێرەی ئامانجەکانی کەنەکە جێبەجێ دەکەین. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) کە ماوەی ٢٦ ساڵە بەبێ وەستان درێژە بە خەباتەکانی دەدات، لە دامەزراندنی خۆیەوە ئەم یەکێتییە نەتەوەییەیی کوردانی کردووەتە رۆژەڤی سەرەکی خۆی و لەپێناو ئەم ئامانجەشدا چەندین کۆنفرانس و کۆبوونەوەی ئەنجام داوە، کار و خەباتی بەڕێوەبردووە. بووە بە نوێنەری دیبلۆماسی گەلی کورد لە دەرەوەی وڵات. بە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان کوردان، پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان پارت، ڕێکخستن، دامەزراوە و دەزگا مەدەنییەکان و کەسایەتییە سیاسیەکانی کوردەوە؛ ئافراندنی ئایدیا و ستراتیژێکی هاوبەش بووە بە ئامانجی بنەڕەتی کەنەکە کە ئێمەیش ئەندامێکین تێیدا. گەر لەمڕۆدا لە پەیوەندییەکانی نێوان کورداندا دیالۆگ و یەکگرتنی هاوبەش لە ئارادایە، ئەوا کەنەکە بۆئەوە بووە بە بناغە و پلاتفۆڕمی سەرەکی. هەڤاڵانی هێژا؛ ڕۆژهەڵاتی ناوین پێی ناوەتە ناو سەردەمێکی نوێوە کە کوردستانیش دەگرێتەوە و پێشهاتی خێرا ڕوودەدەن. تابێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هاوسەنگی هێز و پەیوەندی نوێ دێنەئاراوە، گەلی کوردیش هەوڵدەدات وەک کارەکتەرێکی چالاک بەشداری ئەم پرۆسەیە بێت. بۆئەمەش بێگومان شتی گرنگ و بنەڕەتی ئەوەیە کورد پەرە بە ستراتیژی هاوبەش بدات. ستراتیژی هاوبەش ئەو پێویستییە دەسەپێنێت کە پارت، ڕێکخستن، دامەزراوە و کەسانی کورد لە هەرچوارپارچەی وڵات و لە دەرەوەی وڵاتیشدا گفتوگۆی هاوبەش بکەن. لەم قۆناغەدا کەنەکە کارێکی گرنگ بە بێ کەموکوڕی پێکدەهێنێت و گەیشتووە بەو ئاستەی بتوانێت باشترین تێکۆشان بکات. بە تەواوی لەوباوەڕەداین کۆنگرەیش بۆ ئەم ئامانجە بڕیاری بەهێز بدات و پلانڕێژی کردبێت. وەک ئاشکرایە، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی بەناوی تەڤگەرمانەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا لە دیالۆگدایە. ئەم پرۆسەیە هێشتا درێژەی هەیە. ئامانجی ئێمەیش لەم پرۆسەیەدا بۆ ئەوەیە لە ڕێگەی دیالۆگەوە بۆ پرسی کورد ڕێگەی چارەسەری بدۆزینەوە. وەک تەڤگەر لەوباوەڕەداین لەم قۆناغەدا لە هەموو شتێک زیاتر بەرپرسیارێتی خۆمان بەجێ گەیاندووە. ئێستا کاتی لایەنەکەی دیکەیە. بەو هیوایەین لایەنی بەرانبەریش ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بگەین بە دەرنجامێک. بانگەوازی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ و پێشکەوتنەکانی دواتر، ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستاندا کردووە و هەروەها بناغەی یەكێتی لە نێوان کورداندا بەهێز کرد. ئەم بانگەوازییە مێژوویە و سیاسەتەکان کە دواتر پەرەیان پێدرا، گونجاوترین زەمینەی بۆ کوردستان هێنایە ئاراوە تائەوەی لەسەر پلاتفۆڕمی هاوبەش لەسەر بنەمای بەرژوەندییە کورت، مامناوەند و درێژخایەنەکانی گەلەکەمان یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیک بونیاد بنێن. بەڕاستیش لەبەرئەوەی دەستکەوت و ناسنامەی گەلەکەمان وردە وردە لە دەرەوەی وڵاتەکەمان لە ژیر فشار و هەڕەشەدایە، تێکۆشان بۆ پاراستنیان و بەدەستخستنی مافە نەتەوەیی و دیموکراتیکییەکان هەمیشە بەردەوام بووە و بەردەوامیش دەبێت. هەروەها ئەم تێکۆشانە وابکات ڕێگە بەڕووی هەموو گەلانی دیکەدا بکاتەوە کە لە وڵاتەکەماندا پێکەوە دەژین تائەوەی بگەین مافەکانی خۆمان. هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە، بە تایبەتی ژن و گەنجان، دینمایکی سەرەکی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەن. بەشداری و پشتگریییان دۆزی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک بەهێز دەکات. ئەم بانگەوازییە هەروەها پەرەدان بە پەیوەندی نوێ لەگەڵ هێزە نێونەتەوەییەکان، هێزە هەرێمییەکان، گەلانی هەرێمەکە و کارەکتەری سیاسی دەسەپێنێت. کاتێک کوردان لەگەڵ هێزە نێونەتەوەییەکان و کارەکتەری هەرمێیدا پەرە بە پەیوەندی نوێ دەدەن، دەبێت لە ناخۆی خۆییدا پەیوەندی نزیکتربوونەوە بونیاد بنێن و یەکێتی بەرفراوان و بەهێز بئافرێنن. گەلەکەمان لە هەرچوار بەشی وڵاتەکەمان گەیشتووە بە ئاستێکی زۆر گرنگی ڕێکخستنبوون و هۆشمەندی ئازادی. ئیدی لە دۆخی بێ پێشەنگی، بێ ڕیکخستنی و بێ ئیرادەی سەدساڵی ڕابردوو خۆی ڕزگار کردووە. بەڵام گەر ئەم ماتەوز و ئاڤانتاژەی خۆی بە تێگەشتنێکی هاوبەش و ستراتیژی هاوبەشەو بکات ئەوا دەتوانێت مافەکانی خۆی و ستراتیژیی خۆی بە دەستبخات. کەنەکە یەکێکە لە گرنگترین لایەنەکانی ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییە. ڕۆڵ و ئەرک لە دامەزراندنی کەنەکەدا لەم پرۆسەیەدا زۆر زیاتر بووە. کوردان هێشتا بەتەواوەتی یەکێتی خۆیان بونیاد نەناوە. بابەتی یەکێتی نەتەوەیی ئەرکێکی گرنگی پێشمانە. ڕێبەر ئاپۆ لە کۆتا دیداری خۆییدا جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکات و داوا لە هەموو کەسێک دەکات ئەرکی خۆییان جێبەجێ بکەن. لە کۆنفرانسی لۆزاندا، بڕیار درا کۆنفرانسێکی نەتەوەیی ئەنجام بدرێت. پێویستە کەنەکە لەم ڕووەوە زۆرتر هەوڵبدات و لە چوارچێوەیەکی کاریگەردا بتوانێت کۆنفرانسێکی نەتەوەیی ڕێکبخات. لە ماوەکانی داهاتوودا، وەک ئەندامی تەڤگەر و هاوکات وەک ئەندامی کەنەکە درێژە بە خەباتەکانمان دەدەین بۆ یەکێتی نەتەوەیی کوردان و ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆمان جێبەجێی دەکەین. بەم باوەڕ و بڕیاردارییەوە سڵاو لە کۆنگرەی گشتی دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ ئیدارەی نوێی هەڵبژێردراو دەخوازین."
چوار گەنجی کورد لە بەریتانیا بەهۆی پاڵپشتی لە داعش و بڵاوکردنەوەی دیمەنی سەربڕین و توندوتیژی، سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنرا. سێ لەو کەسانە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ناوەکانی(تێ. میم ، را.سین ، عەین.ئەلف) لەگەڵ کەسێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی (میم.حا). ئەمانە بەهۆی پڕوپاگهنده بۆ داعش لە گرووپێکی واتسئەپ دەستگیرکران کە دیمەنی سووتاندنی خەلکی و سەربڕینیان بڵاوکردووە. بە گوێرەی راپۆرتی دادگا، دادوەری دۆسیەکە رەخنەی توندی لە یەکێک لەم تۆمەتبارانە گرتووە، لەبەرئەوەی ژیانێکی رۆژئاوایی ژیاوە، کەچی دژی بنەماکانی کۆمەڵگەی رۆژائاوایی جوڵاوەتەوە، بیری توندڕەوی هەڵگرتووە، کەچی سهردانی یانه شهوانهکانی کردووە و هاوڕێی هاوڕەگەزخواز و لەشفرۆشی هەبووە، لەگەڵئەوەشدا به نهێنی، ڤیدیۆی سهربڕین و سووتاندنی سهربازانی بڵاودهکردهوه و پهیامی پشتگیری لە داعشی بۆ ئهندامانی گرووپێک ناردووە. ئهم گرووپه ساڵی 2022 دامهزراوە و دوای ساڵێک گرووپهکه ئاشکرابووە کاتێک تۆمەتبار(عەین.حا) له فڕۆکهخانه دهستگیرکراوە. ئامەن کاتێک ڤیدیۆی سوتانیان بۆ یەکتری ناردووە، لەگەڵێدا نووسیویانە “برژاندنی تیایە، بەتامە.” تۆمەتبارە رۆژهەڵاتییەکە لەبەردەم دادوەر گوتویەتی، ساڵی 2015 هاتوومەتە بەریتانیا بەهۆی ئەوەی مەلا شوان چەکداری ناسراوی داعش، قورئانی فێرکردووم و ناتوانم بگەڕێمەوە کوردستان و ژیانم لە مەترسیدایە. دادوەرەکە پێی دەڵێت: تۆ کەسێکی دووڕووی بەهۆی ئەوەی بە کلتوری رۆژئاوایی دەژیت بەڵام دەتەوێت ئەو کەلتوورە لەناو ببەیت. ئێستا ههر چوار گەنجە کوردەکە لە نێوان چوار بۆ 12 ساڵ سزای زیندانیان بهسهردا سهپێنراوە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریا، لەسەردانێکی لەناکاودا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆککۆمار لە ئیستەنبوڵ کۆبوویەوە. لە کۆبوونەوەکە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن بەرپرسی هەواڵگریی تورکیا (میت) ئامادەبوون، هەروەها ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و بەشێک لە بەرپرسانی دیکەش بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد. ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد کە تورکیە ڕۆڵی هەبووە لە ڕێکخستنی کۆبوونەوەکانی نێوان نوێنەرانی ئیدارەی نوێی سوریا و لایەنی ئیسرائیلی. هەروەها ڕوونیکردەوە کە ئەم کۆبوونەوانە "ئەرێنی" بوون، ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی سوریا ئاماژەی نیازپاکی پێشکەشکردووە کە دواتر بەرامبەریان دەبێتەوە. مانگی ڕابردوو تورکیا و ئیسرائیل گفتوگۆیان ئەنجامدا بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لە سووریا ڕوونەدات، بەتایبەتی لەکاتی پەرەسەندنی ڕۆڵی تورکیا لەو وڵاتە، کە تەلئەبیب نیگەرانی خۆی لەو وڵاتە دەربڕی. ئەنقەرە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبووە لە پشتیوانیکردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە دژی ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەد. ڕۆڵەکەی زیاتر گەشەی کرد لە دوای ڕووخان و هەڵاتنی ئەسەد بۆ ڕووسیا، چونکە لە ڕووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە چالاکی کرد لە پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێ.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: لە سبەینێوە پڕۆسەی وەرگرتنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردن دەست پێدەکات، دەشڵێت: پڕۆسەکە ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردوەتەوە: لە سبەینێ 25ـی ئایارەوە، پڕۆسەی وەرگرتنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات. ئاماژەی بەوەشکردوە: وەرگرتنی لیستی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردن، بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت و لە 24ـی حوزەیران کۆتایی پێدێت. تاوەکو ئەمڕۆ لە 66 هاوپەیمانێتى پێشوو، 25 یان ویستیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن پێشانداوە و پێنج هاوپەیمانێتى نوێ پەسند کراون. 11 هاوپەیمانێتى نوێى دیکە لە چاوەڕوانى پەسندکردندان. جومانە غەلاى دەڵێت: "ئەو 11 هاوپەیمانێتییە مامەڵەکانیان پێشکێشکردووە و تەنیا پەسندکردنیان ماوە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە." هاوکات 16 لیستى سەربەخۆ ویستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پێشانداوە کە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ دەکرێت. لە 25ـى ئادارى 2025، کۆمیسیۆن دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کردەوە و دواى جارێک درێژکردنەوە، تۆماری نوێکردنەوە تاوەکو 23ى ئایار بەردەوام دەبێت کە هەزار و 79 ناوەند بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراون. بڕیارە 11ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.
لە وەڵامی بۆردومانەکەی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە کە "هێرشە بەرفراوانەکەی ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستیکی بۆ سەر پایتەخت لە شەوێکدا بەڵگەی زیاترە بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕێککەوتنی ئاگربەست دروست دەکات". ڕۆژی شەممە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام نووسیویەتی، شەوێکی سەخت بوو بۆ هەموو ئۆکرانیا. ناوبراو زیادی کرد: لەگەڵ هەر هێرشێکی لەو جۆرە، جیهان باوەڕ بەوەدەهێنن کە مۆسکۆ هۆکاری درێژکردنەوەی شەڕەکەیە. هەروەها داوای سەپاندنی سزای نێودەوڵەتی زیاتری بەسەر ڕووسیادا کرد و وتی، "تەنیا مۆسکۆ ناچار دەبێت بە ئاگربەست ڕازی بێت ئەگەر سزای زیاتر بەسەر کەرتە سەرەکییەکانی ئابووری ڕووسیادا بسەپێندرێت". ئەمەش دوای ئەوە هات کە هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا پێشتر ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە لە ماوەی شەوێکدا شەش مووشەک و ٢٤٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ڕووسیایان خستۆتە خوارەوە و بە تایبەتی کیێڤی پایتەختیان کردۆتە ئامانج. رۆژی هەینی 23-05-2025 وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە: "270 سەربازی رووسی و 120 هاووڵاتی سڤیل کە خەڵکی هەرێمی کورسک بوون و لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە دەستبەسەرکرابوون، گەڕێندرانەوە. لە بەرامبەردا 270 زیندانیی جەنگیی ئۆکراینی و 120 سڤیل رادەستی ئۆکرانیا کرانەوە." ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "قۆناخی یەکەمی ئاڵوگۆڕی (1000 بە 1000) بەڕێوەچوو. ئەمڕۆ 390 کەس بوون؛ پێشبینی دەکەین رۆژانی شەممە و یەکشەممە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەردەوام بێت." ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ رایگەیاند: "ئاڵوگۆڕێکی گەورەی دیل هەر ئێستا تەواو بوو." ترەمپ بێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی ئاڵوگۆڕەکە ئاشکرا بکات، گوتی: "پیرۆزبایی لە هەردوولا دەکەم لەسەر ئەم دانوستاندنە. ئایا ئەمە دەبێتە هۆی شتێکی گەورەتر؟" راگەیێندراوەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات، مۆسکۆ و کیێڤ لە گفتوگۆکانی ئیستەنبووڵ لە سەرەتای ئەم مانگە رێککەوتن لەسەر ئەوەی هەریەکەیان هەزار دیلی یەکدی ئازاد بکەن. هەردوولا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە چەندین جار دیلیان ئاڵوگۆڕ کردووە و تەنیا لەم مانگەدا هەریەکەیان 205 دیلی یەکدیان ئازاد کردووە. ئەم هەفتەیەش کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ باسیان لە گۆڕینەوەی دیلەکان کردووە. شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا هەینیی رابردوو بۆ یەکەمجار لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵدا دانوستاندنی راستەوخۆیان لە ئیستەنبووڵ کرد، بەڵام گفتوگۆکان بەبێ هیچ پابەندبوونێک بە ئاگربەست کۆتاییان هات.
لە دوای ڕەخنە توندەکانی لە بەڕێوەبردنی شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل لە سێشەممەی ڕابردوودا، گرژییەکی زۆر لە نێوان یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و یائیر گۆلان سەرۆکی چەپ و جێگری پێشووی سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل سەریهەڵداوە. کاتز دووپاتیکردەوە، بەنیازە ڕێگری بکات لە خزمەتکردنی گۆلان لە سوپای یەدەگدا. هەر بۆیە شەوی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا گوتی: هەڵسوکەوتی گۆلان ناوبانگی سەربازانی ئیسرائیلی لەکەدار کردووە بە دانانی تۆمەتی نابەرپرسانە و درۆ بەرامبەریان. هەروەها ڕوونیشیکردەوە، گۆلان بڕیاریداوە فەرمان بە سوپا دەربکات کە بانگی نەکات بۆ خزمەتی یەدەگ، لەگەڵ ئەوەش دا ڕێگری لە پۆشینی جلوبەرگی سوپا و چوونە ناو بنکە سەربازییەکانیش بکرێت. گۆلان لە وەڵامدا دەڵێت: دوایین جار کە جلوبەرگی سوپام لەبەر کرد لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بوو، کاتێک بەرەو باشوور ڕۆیشتم بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی دوای شکستە ترسناکەکەی ئەمنیی حکوومەتەکەت. ڕاشیگەیاند "بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی هەموو کارێک کە لە توانایدا بێت بۆ ئیسرائیل و ئاسایشەکەی". لەلایەکى دیکەوە رۆژنامەى يوديعۆت ئەحرۆنۆت لە سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە گرژى لە نێوان پەرلەمانتار عميت هلێڤى و یسرائیل كاتس وەزیرى بەرگریی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەى کنێست دروست بووە. رۆژنامەکە دەڵێت هلێڤى بە وەزیرى بەرگریی ئیسرائیلى گوتووە؛ هیچ پلانێکت بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتى حەماس لە غەزە نییە. ئێمە 20 مانگە بە پلانێکى شکستخواردووەوە شەڕ دەکەین، بۆیە ناتوانین کۆتایی بە حەماس بهێنین هلێڤی وتوشیەتى لە هەموو شەڕەکانى پێشتر دەمانتوانى چۆن دوژمن لەناوبەرین، بەڵام ئێستا ناتوانین حەماس لەناوبەرین، دەمانتوانى لەماوەى دوو مانگدا حەماس لەناوبەرین، بەڵام نەمانکرد، ئەوەش بەهۆى بێ پلانییەوە بووە.
كۆشكی سپی رایگەیاند دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران ئەرێنیی بووە و ترەمپ پێی وایە ئەو دانوستانانە لەسەر رێڕەوی خۆی و هەنگاوی باشیان بڕیوە.. كارۆلین لێڤێت، وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكان گەشبینە بەو دانوستانانە و پێی وایە پێنج خولی دانوستان لەگەڵ ئێران هەنگاوی باشی بڕیوە و رێككەوتن لەگەڵ تاران دەتوانێت ئەنجامی باشی لێبكەوێتەوە. لێدوانی وتەبێژی كۆشكی سپی لە كاتێكدا دانوستانەكانی خولی پێنجەمی نێوان ئەمریكا و ئێران رۆژی رابردوو لە رۆما بە نێوەندگیریی وەزیری دەرەوەی عوممان زیاتر لە سێ سەعاتی خایاند و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی رایگەیاند، پیشەییترین قۆناغی دانوستانەكان بوەە و داواكاری وبنەماكانی ئێرانیان بەڕوونی خستووەتەروو. عراقچی وتیشی بەهۆی دەستپێشخەرییەكانی عوممانەوە پێدەچێت دانوستانەكان بەرەوپێشچوونی باش بەخۆیانەوە ببینن، بەڵام كێشە و گرفتەكان لەوە ئاڵۆزترن بە چەند كۆبوونەوەیەك بگەنە ئەنجام.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی پەیامێکیان ئاڕاستەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد و دەڵێن، مەچنە ژێرباری سەپاندنی زۆرەملێی پرۆژەکانی هەژماری من و ڕووناکی و ڕەتیبکەنەوە. ئەنجومەنەکە لە راگەیەندراوێکدا کە شەوى ڕابردوو بڵاویانکردەوە، ئەم رۆچوونەی دەسەڵات لەناو پێشێلکاری و نادادپەروەریی و قۆرخکارییدا ئاکامی باشی نابێت بۆیان دواجار سەریان لە هەمبانەی چارەنووسی دیکتاتۆرەکانی مێژووەوە دەردەچێت. باسی لەوەشکردووە، یەقینی تەواویان هەیە، پارتی لە ستەم و بێمۆراڵیبوونی حوکمڕانیدا، لووتکەی هەڕەمەکەی بۆ خۆی پاوانکردووە، بەڵام لە دووڕووییدا ناگاتەوە بە یەکێتیدا. ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە راگەیەندراوەیەکدا، دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و گوتوویەتی یان ئەوەتا خۆتان رێکبخەنەوە، بە ئیرادەیان بۆ دەسەڵاتی بسەلمێنن، بڕینی قووت، بڕینی دەستی بەدوادادێت، یاخود بە بێدەنگیی و بەدەمەوەنەهاتنی ناڕەزایەتییەکان، دیسان بە دەسەڵات بڵێ، ئەوەی تائێستا کردووتە، کەمە و ستەم و چەوساندنەوە زیاتر و زۆرتر بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ بەهێزی و خۆڕاگری هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە و، بە پایەی سەرەکی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق ناوی بردوە. رۆژی هەینی، 23ـی ئایار مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن دی سی پێشوازیی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 24ـی ئایاری 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی: "وەزیر روبیۆ و سەرۆکوەزیران بارزانی گفتوگۆیان لەبارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی زیاتری بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستانی عێراق کرد. هەروەها دەشڵێت وەزیر [روبیۆ] ستایشی سەرۆکوەزیرانی کرد بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە یارمەتیی عێراق دەدات بەرەو سەربەخۆیی وزە هەنگاو بنێت." تامی برووس دەشڵێت، مارکۆ روبیۆ و مەسرور بارزانی "باسیان لە خواستی هاوبەشیان کرد سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراق و سووریا. وەزیر [روبیۆ] پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی دووپات کردەوە بۆ هەرێمی کوردستانێکی عێراقی بەهێز و خۆڕاگر وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی ئەو پەیوەندییەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ عێراق هەیەتی." وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، مارکۆ روبیۆ ستایشی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکان و پاڵپشتی خۆیشی بۆ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز دووپات کردووەتەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی مارکۆ ڕوبیۆ ئەمریکا کۆبوویەوە، مەسرور بارزانى دەڵێت کۆبونەوەیەکى زۆرباش بەسود بوو. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، دڵخۆشین کە ئەمریکا پشتیوانییەکی زۆرمان دەکات و داوام لە مارکۆ ڕۆبیۆ کردووە سەردانی کوردستان بکات. مەسرور بارزانی راگەیاند: "کردنەوەی کۆنسووڵخانەی نوێی ئەمریکا و هاتنی زیاتری بەرپرسانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەیەکی ئەرێنی دەبێ." هاوکات وتیشی: "ئومێدەوارم لێدوانی بەرپرسانی عێراق لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق بیری لێ بکرێتەوە." هەینی 23ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە باڵەخانەی وەزارەتەکە (هاری ئێس تروومان) لە واشنتن کۆبوووە. مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمیی لە ئەمەریکایە، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە هەبووە، هەروەها لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشی لەگەڵ ڕوبیۆ، چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ کرن.
کەمێک لەمەوبەر لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی عومان، کۆتایی هات سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران. بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان دەڵێت: "کۆبوونەوەکە هەندێک پێشکەوتنی تێدابوو، بەڵام یەکلاییکەرەوە نەبوو. ئەو پرسانەی ماون لە رۆژانی داهاتوودا روون دەبنەوە." دەشڵێت، "هەندێک پێشکەوتن هەبوو." وەزیری دەرەوەی عومان ئەوەشى خستەڕوو هیوادارین چەند رۆژی داهاتوو گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوام بن، لەم گەڕەى دانوستانی ئەمریکا و ئێران هەندێک پێشکەوتن هەیە. عەباس عێراقچى، وەزیری دەرەوەی ئێران لەدواى کۆبوونەوەکەیان وتى: ئێستا تێگەیشتنی باشتر هەیە لەنێوان ئێمە و ئەمریکا، هەردوولا رێککەوتین دانوستانەکان بەردەوام بن. هاوکات ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند پیێش تەواوبوونى دانوستانەکان سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئەمریکی، ستیڤ ویتکۆف، بەهۆی خشتەی گەشتەکانەوە دانوستانەکانی بەجێهێشت، و وەزیرى دەرەوەى ئێران دواى کۆبونەوەکە سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ هاوتا عومانییەکەی لەسەر چەند پرسێک. ئەم دانوستانەی ئەمڕۆ کە پاشنیوەڕۆ بەڕێوچوو لەسەر بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکەیە لە ساڵی 2015ـەوە کە تێیدا رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران واژۆکرا و دواتر لە ساڵی 2018 ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لێی کشایەوە. لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لەو رێککەوتنە بەردەوام ترەمپ هەوڵی سەپاندنی سزا بەسەر ئێران دەدات و ئێستاش هەوڵ بۆ دانوستان لەسەر رێککەوتنی نوێ لەگەڵ تاران دەدات هەتا بتوانێت سزاکانی لەسەر لابەرێت. عێراقچی پێش ئەوەی بەڕێبکەوێت بۆ رۆما لە پۆستێکدا لە ئێکس جەختی لەسەر دژایەتی تاران بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم کردەوە و گوتی، ئەمڕۆ بەشداریکردن لە پێنجەمین گەڕی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە رۆما دەبێت و دۆزینەوەی رێگەی گەیشتنیش بە رێککەوتن کارێکی ئاڵۆز نییە، بەڵام لەبارەی پیتاندن یۆرانیۆم لە ئاستی سفردا، رێککەوتنیان نییە و کاتی بڕیاردان گەیشتووە.
سوپای ئیسرائیل بەنیازە لە ماوەی نزیکەی سێ مانگدا دەست بەسەر لە نێوان 70% بۆ 75%ی کەرتی گەمارۆدراوی غەززەدا بگرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتە سەربازییە فراوانەکەیدا. ڕاپۆرتێکی نوێی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، سوپا پلانێکی نوێی هەیە بۆ دابەشکردنی کەرتی غەززە و دەستبەسەرداگرتنی خاکی غەززە و دواتر دەست بە قۆناغێک دەکات کە ناوی دەنێت "پاککردنەوە" کە بۆ چەند مانگێک بەردەوام دەبێت، بەپێی ڕۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم. هەروەها بەپێى پلانەکە کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچەی کەرتی غەززە لە ماوەی ٣ مانگدا لەخۆدەگرێت. پێنج تیم بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکەن: چوار تیمی هێرشبەری و یەک تیمی بەرگری. لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونی کردووەتەوە کە سوپا کار بۆ جێبەجێکردنی مۆدێلی ڕەفعەت دەکات لە هەموو ناوچەیەک کە هێزەکانی ئیسرائیل پێی دەگەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لەژێر فشاری ئەمریکا و چەقبەستوویی دانوستانەکاندا ڕێگە بە یارمەتییە مرۆییەکان دەدات بۆ ناو کەرتی غەززە. لەلایەکى دیکەوە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئیسرائیل لە جەنگێکی سەختدا لە حەوت بەرە تێوەگلاوە و ئەم جەنگە لەلایەن ئێران و هێزە نزیکەکانییەوە دەستیپێکراوە. نەتانیاهۆ هۆشدارییدا کە بەریتانیا، کەنەدا و فەرەنسا هیوا بە حەماس دەدەن کە دەوڵەتێکی فەڵەستینی دروستبکات و دووبارە هەوڵبداتەوە بۆ لەناوبردنی جووەکان. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییدا کە کاتێک دەوڵەتێکی فەڵەستینی دروستدەبێت، ئێران توندڕەوەکان دەنێرێت و ئەوان دەسەڵات دەگرنەدەست، بۆیە ئەمە ئاشتییانە نابێت. گوتیشی، ئێستا رەنگە ئەم سەرکردانە پێیانوابێت کە ئاشتی بەرەوپێش دەبەن، بەڵام ئەوان حەماس بوێر دەکەن کە جەنگ بۆ هەتاهەتایە بەردەوامبێت.
