سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند: رزگارکردنی ئەلیزابێس تسورکۆڤ هاوڵاتی روسی-ئیسرائیلی دوای پرۆسەیەكی ئاڵۆز بووە، کە لەلایەن دەزگا تایبەتمەندەكانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند لایەنێک ئەنجامدراوە. رۆژی سێشەممە، 9-9-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێكدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ گوتی: "خۆشحاڵم ئاماژە بەوە بکەم کە ئیلیزابێز تسووکۆڤ، قوتابی زانکۆی پرینستن، کە خۆشکەکەی هاووڵاتییەکی ئەمریکییە، کەمێک لەمەوبەر لە لایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە ئازادکرا". ترەمپ رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە ئێستا لە باڵیۆزخانەی ئەمریکایە لە عێراق، "دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەندین مانگ ئەشکەنجە درابوو". سەباح نوعمان، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەكردووە: لە مانگی ئازاری 2023 کۆمەڵێک كۆمەڵێكی لە یاسا دەرچوو هاوڵاتی روسی ئەلیزابێس تسورکۆڤیان رفاندووە، لە تاوانێکدا کە رەنگدانەوەی واقیعی دۆخی ئەمنی شارەکانی عێراق نییە. جەختیشیکردەوە: دەزگا ئەمنییەکان دوور لە چاوی میدیاکان کاریان کردووە بۆ پاراستنی نهێنی زانیارییەکان و زامنكردنی سەلامەتی رفێنراوەکە. وتەبێژەكەی سودانی ئاماژەی بەوەشکردووە: هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییە ناوازەكان بووە هۆی دۆزینەوەو ئاشكراكردنی شوێنی دەستبەسەرکردنی لە ٩ی ئەیلولدا، كە دواتر رادەستی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کراوەتەوە، گوازراوەتەوە بۆلای خوشکەکەی کە خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریکییە. راشیگەیاندووە: دەزگاکان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لەم تاوانە، تا رادەستی دادگا بكرێن.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئاسايش و سهقامگيريى ناوچهكه دهخاته مهترسييهوه". سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "به تهواوى پشتيوانى قهتهرين و داوا له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى دهكهين ههموو ههوڵێک بدات بۆ رێگرى لهو كارانه و گێڕانهوهى ئاشتى و ئارامى بۆ ناوچهكه". دەقى پەیامەکە.. سهركۆنهى هێرشى ئهمڕۆى ئيسرائيل بۆ سهر دهوحه دهكهين كه ئاسايش و سهقامگيريى ناوچهكه دهخاته مهترسييهوه. به تهواوى پشتيوانى قهتهرين و داوا له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى دهكهين ههموو ههوڵێك بدات بۆ ڕێگرى لهو كارانه و گێڕانهوهى ئاشتى و ئارامى بۆ ناوچهكه.
وتەبێژى کۆشکى سپى ڕایدەگەیەنێت، پنتاگۆن ئاگاداری کردینەوە کە ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر حەماس لە قەتەر، هاوکات جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە هۆشدارییەکەی ترەمپ بۆ حەماس هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکەی ئیسرائیلەوە نەبووە. هاوکات بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، ئەندامانی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکە نەکوژراون، بەڵام ئەوەش دەخاتەڕوو لە هێرشەکەدا چەند کەسێک کوژراون کە ئاشکرای نەکردووە کێن. ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەگوێرەی میدیاکان شاندی دانوستانکاری حەماس کراوەتە ئامانج. دوابەدواى هێرشەکە وتەبێژى کۆشکی سپی بەڕۆژنامەنوسانى وت: قەتەرمان دڵنیا کرد کە ڕووداوێکی لەو شێوەیە لەسەر خاکەکەی دووبارە نابێتەوە. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەمیری قەتەر و بنیامین ناتانیاهۆ قسەیکردوەو جەختی لە خواستی خۆی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە. بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، ئەندامانی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکە نەکوژراون. حەماس باس لەوە دەکات، لە هێرشەکەدا شەش کەس کوژراون. لەنێویاندا: جیهاد لەبەد، هومام خەلیل حەییە، عەبدوڵڵا عەبدولواحید، موئمین حەسون و ئەحمەد مەملووک. بزووتنەوە فەلەستینییەکە، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە بە "تاوان و پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناودەبات و دەشڵێت، دەرخەری ئەوەیە ئیسرائیل هیچ رێککەوتنێکی ناوێ. بەگوتەی حەماس، کۆبوونەوەی سەرکردەکانی لە دەوحە بۆ ئەوە بووە تاوتوێی دوایین پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکەن.
بڕیارە سبەی چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆببێتەوە و سێ تەوەری گرنگ و پەیوەست بە ژیانی خەڵک تاوتوێ بکات. تەوەرەکان بریتین لە: یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە، پێشنیارێک سەبارەت بە قەرز و پێشینەکانی هاونیشتمانییان، هەروەها ڕێکخستنەوەی ڕێکار و ڕێنماییەکانی تایبەت بە باج. یەکێک لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتییە لە: تاوتوێ کردنی پێشنیاری یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە. وەزارەتی پێشمەرگە داوای کردووە کە یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی کوردستان بۆ خانەنشینکردنی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت، لە جیاتی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2010ی عێراق. ئەم یاسایەی هەرێمی کوردستان ماف و ئیمتیازاتی زیاتری بۆ پێشمەرگە تێدایە، لەوانە زیادکردنی مووچە، هەژمارکردنی ساڵانی خزمەت، و دانپێدانان بە بڕوانامەکان. بەپێى زانیارییەکان ڕەزامەندیی زارەکی لەسەر ئەم پێشنیازە دراوە و چاوەڕوان دەکرێت سبەی بە فەرمی بڕیاری لەبارەوە بدرێت. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پێشنیازێکی وەزارەتی دارایی سەبارەت بە قەرز و پێشینەکانی بانکە بازرگانییەکان. ئەم پێشینانە بریتین لە: قەرز و سولفەی هاوسەرگیری، خانووبەرە، کشتوکاڵ، بازرگانی و جۆرەکانی دیکە کە هاوڵاتیان لە بانکەکان وەریانگرتووە و تا ئێستا نەگەڕێندراونەتەوە بۆ حکومەت. بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ بکرێت لەسەر چۆنیەتی و ماوەی وەرگرتنەوەی ئەم قەرزانە. بەپێی زانیارییەکان، لە بەرژەوەندیی خەڵک ڕێژەیەک لێخۆشبوون بۆ ئەم قەرزانە دەکرێت. تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە ڕێکخستنەوەی ڕێکار و ڕێنماییەکانی باج، کە کاریگەری لەسەر کاسبکاران، پیشەوەران و کۆمپانیاکان دەبێت. حکومەتی عێراق داوای کردووە کە سیستمی باج لە هەرێمی کوردستان و ناوەند یەکبخرێت.
سەرچاوەیەکی باڵاى بزووتنەوەی حەماس بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، شاندی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییا لە هەوڵی تیرۆرکردنیان لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕزگاریان بوو کە ڕۆژی سێشەممە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر کرانە ئامانج. ئەمە لەکاتێکدایە ئێوارەى ئەمڕۆ سێ شەممە، هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل باڵەخانەیەکی لە دەوحەی قەتەر بۆردوومان کرد و باس لەوە دەکرێت کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەی حەماس کراونەتە ئامانج. میدیای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشەکەی سەر دەوحە، خەلیل حەیە، سەرکردەی دیاری حەماس کراوەتە ئامانج. ئەو سەرچاوەیەى حەماس لەبەشێکى لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵى جەزیرە ڕوونی کردەوە کاتى هێرشە ئاسمانیەکەى ئیسرائیل شاندی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە لەکۆبوونەوەدابوون و سەرقاڵى تاوتوێکردنى پێشنیاری ئاگربەستی دۆناڵد ترەمپ بوون بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست. لاى خۆشیهوه دوابەدواى ئەو هێرشەى ئیسرائیل وەزارەتی دەرەوەی قەتەر: ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەیەی ئیسرائیل دەکەین کە بارەگای نیشتەجێبوونی چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حەماسى لە دەوحە کردە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم "هێرشە تاوانکارییە پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی قەتەرییەکان و دانیشتووان"، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە دەوڵەتی قەتەر "بەرگەی ئەم ڕەفتارە بێباکانەی ئیسرائیل ناگرێت" یان "هەر کارێک کە ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەی بکاتە ئامانج". دوای هێرشە موشەکییەکی ئیسرائیل بۆ سەر چەند سەرکردەیەکی حەماس لەقەتەڕ، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەدۆحە ئاگادارییەکی بۆ هاوڵاتییە ئەمریکییەکانی نیشتەجێی قەتەڕ بڵاوکردەوە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قەتەڕ لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" بەوردی چاودێری دۆخەی قەتەڕ و هێرشەکانی سەر دۆحە دەکەین، ئامۆژگاری هاوڵاتییانی ئەمریکی دانیشتوی قەتەڕ دەکەین لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و چاودێری هەژماری فەرمی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دۆحە بکەن ". سوپاسی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت، "هێرشێکی وردیان ئەنجامدا سەرکردایەتیی باڵای رێکخراوی تیرۆریستیی حەماسی کردە ئامانج". دەشڵێت، بۆ چەندین ساڵ، ئەم ئەندامانەی سەرکردایەتیی حەماس سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکەیان کردووە، راستەوخۆ بەرپرسن لە کۆمەڵکوژییە دڕندانەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، هەروەها جەنگەکەیان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل رێکخستووە و بەڕێوەبردووە". باس لەوەش دەکات، "پێش هێرشەکە، رێوشوێنی پێویست گیرابوون بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بە هاووڵاتییانی سڤیل، لەوانەش بەکارهێنانی تەقەمەنی ورد و زانیاریی هەواڵگریی زیاتر".
تەلەفزیۆنى فەرمى سوریا، لەزارى سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ئەنەکەسە) بڵاویکردەوە، ئەنجومەنەکە بانگهێشتی فەرمی لە حکومەتی سوریاوە پێگەیشتوە بۆ ئەوەى دیدارێک لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا لە دیمەشقی پایتەخت ئەنجامبدەن. ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد یان ئەنەکەسە دامەزراوەیکی سیاسییە لەدوای ھاتنی بەھاری عەرەبی یان شەڕی ناوخۆیی سووریا دامەزراوە، ئەم دامەزراوە لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە. بەپێى ڕاپۆرتى تەلەفزیۆنى سوریا، ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ماف و داخوازییەکانی کورد و ئایندەی وڵاتەکەیە، بەبێ ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بەشداربن لەو کۆبوونەوەیەدا. ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە، بانگهێشتنامە فەرمییەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکى کاتى سوریاو کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریاى لەخۆ گرتووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەیوەندییەکانی نێوان ئەنجوومەنەکە و حکومەتی سووریا لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بووە. بەپێى وتەى ئەو سەرچاوەیە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ قبوڵکردنی بانگهێشتنامەکە و لیستی 15 کەسی لە سەرکردەکانی پێشکەش کردوە، کە بەرپرسانی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانی و لیژنەی دانوستانیشیان تێدابووە. ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا وادەی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە، بەڵام پێدەچێت لەم مانگەدا بەڕێوەبچێت. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم کۆبوونەوەیە ئاماژە بە دابەشبوون لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا ناکات، سەرەڕای ئەوەی بە جیا لە کۆبوونەوەکانی شاندی پارتی (هەسەدە) لەگەڵ حکومەتی سوریا بەڕێوەدەچێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئەنجومەنەکە پابەندە بە دیدگای سیاسی هاوبەشی کوردەوە، وە شاندی هاوبەشی کورد ئەو کەسەیە کە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە تاوتوێی چەسپاندنی دەستووری مافەکانی کورد لە سوریای نوێدا بکات".
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆتایهات، بەهۆی ناكۆكی لەبارەی داهاتە نانەوتییەكان، جارێكی تر یەكلاكردنەوەی چارەنوسی موچەی هەرێم دواكەوت. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، پرسی داهاتی ناوخۆ رەوانەی ئەنجوومەنی دەوڵەت بکرێت بۆ بڕیاردان. هەروەها لەبارەی رادەستکردنی نەوت بڕیاردرا ئەو نەوتەی کۆمپانیاکانی ناوخۆ بەرهەمی دەهێنن، رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێت. بڕیارەکە وایە، بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ گلدەدرێتەوە، باقییەکەی رادەست دەکرێت. بەپێی زانیارییە بەراییەكان، لەبارەی پرسی نەوت و داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاریداوە: ناكۆكییەكان لەبارەی داهاتی نانەوتیی (داهاتە فیدراڵییەكان) رەوانەی بەردەم (ئەنجومەنی دەوڵەت) بكرێت بۆ یەكلاییكردنەوەی، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم چاوی لەوە بوو پرسەكە لە دادگای فیدراڵی یەكلابكرێتەوە. لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە حكومەتی هەرێم دەستبكات بە رادەستكردنی نەوتی بەردەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكرێت (پاش لێدەركردنی بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم).
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکانی کوردستان پڕۆپۆزەڵێکمان داوەتە حکومەتی عێراق و چاوەڕوانی وەڵامین. د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، سێ کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی و کۆمپانیاکان کراوە. هەموو ئەو بابەتانەی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی داواکرابوون ئێمە جێبەجێمان کردوون. دواین شت لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان پڕۆپۆزەڵێکمان ئامادەکرد و داومانەتە حکومەتی عێراق و چاوەڕێین بەخێرایی وەڵاممان بدەنەوە. بەوتەی د.ئومێد سەباح، لە پڕۆپۆزەڵەکە کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان داوای گرەنتیان کردووە، ئێستا لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی دیراسە دەکرێن، بەو ئومێدەین بە زووترین کات وەڵاممان بدەنەوە بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە. د.ئومێد سەباح، لەسەر داهاتی نانەوتی دەڵێت: بیروبۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان پێ گەیاندوون و بۆ ئەوەش چاوەڕێیی وەڵامین و ئێمە پشت بەستووین بە ماددە دەستوورییەکان بە تایبەت بە یاسا بەرکارەکانی وەک یاسای کارگێڕی دارایی، یاسای بودجە. بۆ ئەمەشیان چاوەڕوانی وەڵامین. ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە و چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوەیە بڕیار لەسەر ئەو پڕۆپۆزەڵە بدرێت.
ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێکى گەورەى ئیمرالی دەچێتە سەردانى عەبدوڵا ئۆجەلان. وتەبێژی دەم پارتی، وتیشى: لە هەفتەی داهاتوودا، شاندێکی بەرفراوانی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی دەکات، کە هاوسەرۆکانی گشتی پارتەکەشمانی تێدادەبێت. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد لە پلانسازییداین بۆ ڕێکخستنی سەردانییەکە، بەڵام ڕۆژی سەردانەکەی دیاری نەکرد. وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشەگۆڵ دۆغان، دەربارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێیی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دەم پارتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا. ئایشەگوڵ دۆغان لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەدا دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکەیاندا کۆتا گۆڕانکارییەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیمورکاتیکیان هەڵسەنگاندووە، هەروەها تیشکخراوەتەسەر پێویستیییە هەنووکەیەکانی پرۆسەکە. شاندەکەی دەم پارتی نزیکەی مانگێک دوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر لە ٢٨ی ئاب گەشتیان کرد بۆ ئیمرالی. بڕیارە ئەمجارەیان تولای هاتیمۆغولاری و تونسێر باکرهان هاوسەرۆکانی پارتی دیموکرات و هەروەها ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندیش لەم سەردانەدا ئامادە دەبن. ئەم سەردانە لەکاتێکدایە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر میدیاکانى تورکیا، بڵاویانکردەوە پێنج پەرلەمانتارى لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا پێکهێنراوە لەچەند ڕۆژى داهاتوو سەردانى ئیمرالى دەکەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆدەبنەوە. لەهەفتەى ڕابردوودا فەتی یەڵدز، جێگری سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) پێشنیازى ئەوەیکردبوو چەند ئەندامێکى لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا پێکهێنراوە بۆ پرۆسەی چارەسەری، عەبدوڵا ئۆجەلان ببینێت. یەڵدز باسی لەوەشكردبوو: دەستنیشانكردنی ٣-٤ ئەندامی کۆمیتەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی بە وردی لەلایەن نومان کورتولموش بۆ وەرگرتنی لێدوان لە عەبدوڵا ئۆجەلان، لەگەڵ رەچاوكردنی کات و شێوازەکەی بە وردی، هیچ لاوازییەكی تیادانییە.
عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەوەى خستەڕوو ئەگەر لەم 15 رۆژەدا رێككەوتن لەگەڵ بەغداد نەكرێت، موچەی شەش مانگی موچەخۆرانی هەرێم دەفەوتێت. ناوبراو لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا جەختى لەسەر ئەوەکردەوە سەردەمى کات کوشتن نەماوەو دەبێت هەنگاوى جدى بنرێت، وتیشى: نەوتی لە موڵكی خەڵكی كوردستان دەرچووەو كۆمەڵێك كۆمپانیای بیانی خاوەنداری دەكەن. بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست باسى لەوەکرد عێراق لەمەودوا هیچ بڕەپاریەک بۆ هەرێم نانێرێت، ئەگەر داهاتى ناوخۆو نەوتى ڕادەسنەکرێت، گرفتەکانیش گەورەن. عەلى حەمەساڵح وتیشى: هەندێك لە كۆمپانیاكان دەڵێن، لەسەدا (40 بۆ45) نەوتەكە هی خۆمانەو بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی هەمانە، بە ویستی خۆمان دەیفرۆشین.، كۆمپانیا نەوتیەكان داوا لە عێراق دەكەن ئەگەر هەر كێشەیەك سەریهەڵدا دادگای نێودەوڵەتی یەكلایی بكاتەوە، بەغداد بەمە رازينیە. هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیدا ناوبراو ئەوەشى وت لەوەتەی نەوت راگیراوە (262) ملیۆن نەوت لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم فرۆشراوەو داهاتەكانی نادیارە، كۆمپانیا نەوتیەكان بە ملیۆنەها دۆلار داهاتیان هەبووە، بەڵام خەڵكی كوردستان یەك دۆلاری بۆ نەگەڕاتەوە.
میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردەوە بەپێى وتەى چەند سەرچاوەیەک دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی میتەوە لە سووریا بناغەی پلانێکی هێرش دادەنێت بۆ سەر ناوچەکانى هەسەدە، بەبیانووى ئەوەى گوایە هەسەدە لەسەر سنوورەکانیان چەکی قورسی داناوە، دەیانەوێت فشارەکان زیاتر بکەن و ڕای گشتی ئامادەکەن بۆی. بەپێى ئەو ڕاپۆرتانەى میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردوەتەوە، ئاشکرابووە کە دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی میتەوە لە سووریا بناغەی پلانێکی گڵاو دادەنێتن چەند هەنگاوێکیشى بۆ ئەومەبەستەناوە. سەرچاوەکان ئەوە دەخەنەڕوو لە هەموو ڕوویەکەوە خۆیان بۆ بناغەی شەڕێکی نوێ ئامادە دەکەن، بە پڕوپاگەندەی ناڕاستی وەک گوایە قەسەدە لەسەر سنوورەکانیان چەکی قورسی داناوە، دەیانەوێت فشارەکان زیاتر بکەن و ڕای گشتی بۆ هێرشەکان ئامادە بکەن. لە لایەکی دیکەوە بە هەماهەنگیی میت هەوڵ دەدەن بە ناوی عەشیرەتە عەرەبەکانەوە چەتەکان و گرووپی دیکە ڕێکخستن بکەن و بەشداری هێرشەکان بکەن. میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە دەوڵەتی تورک لە سووریا هێزێکی داگیرکەرە و هیچ ڕەوایەتییەکی نییە. ئەم قۆناغە بۆ سووریا گەورەترین مەترسی دەوڵەتی تورکە. بە هەموو ڕێ و ڕێبازەکانی دەستوەردان لە کێشەکانی سووریا دەکات. نەک بۆ چارەسەری بەڵکو بۆ قووڵکردنەوەی ئاڵۆزی و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ هەمووشتێک دەکات. بۆ ئەوەی گەلانی کورد و عەرەب لە بەرانبەر یەک بوەستنەوە هەموو فێڵ و تەڵەکەیەک ئەنجام دەدات. سەرەڕای ئەم کارە گڵاو و قێزەونانە، لە قسەکانی هاوپەیمانی کورد-تورک-عەرەب پاشەکشە ناکەن. لە لایەکی دیکەوە هەتەشە-جۆلانی کە سەرخۆشی دەسەڵاتبووە، بووەتە بوکەڵەیەکی دەوڵەتی تورک و بە پێی فەرمانی ئەوان مامەڵە دەکات. هەربۆیە نە چارەسەری، نە ئازادی و نە دیموکراسی تێناگەن. تورکیاش پشتگیری هەتەشە دەکات، ڕێگری لە دیموکراتیزەبوونی سووریا و هەموو ڕێگەکانی چارەسەری دەگرێت. لایەنیکەم ڕژێمی بەعس لە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک وەستا و لەگەڵیان کۆبوونەوەی ئەنجام نەدا، بەڵام دەسەڵاتی جۆلانی ناتوانێت ئەم ئیرادەیە نیشان بدات و لەبەردەم داگیرکاری ئەوان لە سەر سووریا بوەستێتەوە. ڕێکەوتنی ١٠ی ئادار لە نێوان قەسەدە و دەسەڵاتی جۆلانی واژۆکرا، وەک بنێشت لە دەمی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک دایە. هەمووجارێک قەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە جێبەجێنەکردنی ئەم ڕێکەوتنە تاوانبار دەکەن و ئەمەش وەک هۆکاری هێرشەکانیان دەبینن، بەڵام هەمووکەسێک دەزانێت دەوڵەتی تورک لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە ئاستەنگییە و ڕێگە نادات جێبەجێ بکرێت. هەرچەندە کۆبوونەوە لە نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دەسەڵاتی دیمەشقدا بەردەوام بێت، ئاشکرایە هیچ ئەنجامێکی نابێت. تاوەکو دیمەشق بە ئەقڵی تورکیا مامەڵە بکات، دیموکراتیزەبوون بە دی نایەت. ڕاستییەک هەیە و هەمووکەسێک دەڵێت، "سووریا ناگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠١١." چونکە هەلومەرجەکان گۆڕاون، سووریا گۆڕاوە و هەرێمەکەش گۆڕاوە. دەبێت دەوڵەتی تورک و دیمەشقیش ئەم ڕاستییە بزانن و سیاسەتێکی واقیعی و عەقڵانی بە پێی ئە ڕاستییە پەیڕەو بکەن. لەم ساتەوە هێرش لە دژی کورد نە بۆ تورکیا و نە بۆ دیمەشق هیچ سوودێکی نابێت. بە پێچەوانەوە زیان لە هەردوو وڵاتەکە و هەرێمەکە دەدات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: خۆشحاڵین کە وەبەرهێنەری وڵاتانی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ وەبەرهێنان ئەمەش دەرخەری سەقامگیری ئاسایشی کوردستانە. هەر بۆیە سوپاسی ماندووبوونی پێشمەرگەی کوردستان دەکەم. ئەمڕۆ سێ شەممە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی خانووبەرە و وەبەرهێنان لە شاری هەولێر کرایەوە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا باسى لەسەر چەند پرسێکى جیاوازکرد. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: بانگهێشتنامەمان ناردووە تاوەکو کۆمپانیاکانی ئەمریکا بێنە کوردستان، دوای پێشانگاکە کۆبوونەوەم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەیە. مەسرور بارزانی گوتیشی "هەر وەکوو پێشتریش لە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم هەبووە، بۆ فرەچەشنکردن و فراوانکردنی کەرتی بازرگانی و ئابووری لە هەرێم لە هەموو ڕوویکەوە. بۆیە من خۆشحاڵم کە ئێستا وڵاتانی تر ڕوو لە هەرێم دەکەن، ئەمەش بێگومان زۆربەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەقامگیرییەی کە لە هەرێم هەیە. سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین، سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان دەکەین. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو هەوڵمانداوە سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ چارەسەر بکەین و ئێستا شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدان، نزیکین لە چارەسەری تەواوی کێشەکان. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتیشى: گرفت نەماوە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، تەنها ئەوەیە کۆمپانیاکانی بواری نەوت داوای دەستبەرکردنی گرێنتی لە حکومەتی عێراق دەکەن.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایدەگەیەنن کە ئەمریکا ڤیزەی چوونە ژوورەوەی بە ئەحمەد شەراع، سەرۆک کۆماری سوریا داوە تا لە ٢١ تا ٢٥ی ئەیلول سەردانی نیویۆرک بکات بۆ بەشداریکردن لە ٨٠ەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، شەرع لە ٢٤ی ئەیلولدا وتارێکی فەرمی پێشکەش دەکات، بە یاوەری ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و ئیبراهیم ئۆلەبی، نوێنەری سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەپێی ماڵپەڕی ئیندیپێندنت عەرەبی. هاوکات ئامادەکارى دەکرێت بۆ دیدارێکی نێوان شەرع و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جگە لە سەردانێکی پێشبینیکراو بۆ "ماڵی تورکیا" بە یاوەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمەش لە کاتێکدایە هەوڵەکانی سعودیە و تورکیا بۆ پاڵپشتیکردنی سوریا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە و فشارخستنە سەری بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل. ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەرا بە نیازە لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتارێک پێشکەش بکات، کە "یەکەم وتاری سەرۆکێکی سوریا دەبێت بۆ ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لە دوای ٦٠ ساڵ". دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 14ی ئایار لە ڕیاز وتووێژی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئەنجامدا، ئەمەش یەکەم دیداری نێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵات بوو لە ماوەی 25 ساڵدا. سەرۆکی ئەمریکا لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی دەست دەکات بە هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە بۆ دەیان ساڵە لە سەردەمی حافز ئەسەد و کوڕەکەی بەشار ئەسەد بەسەر دیمەشقدا سەپێندرابوون. دواتر گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتی دەرکرد و بە فەرمی مۆڵەتی بەو مامەڵەیانەی پێشتر قەدەغەکرابوون کە پەیوەندییان بە سوریاوە هەبوو.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ براوەتە چاکسازی گەورانی سلێمانی و ئەمڕۆ دوو پەرلەمانتاری حیزبەکەی سەردانی دەکەن. ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە وتى: شاسوار عەبدولواحید لە چاکسازی گەورانی سلێمانی حوکمەکەی بەسەر دەبات، دۆخی باشە و وەکو سەرۆکی حیزبێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت نەوەکو حوکمدراوێکی ئاسایی". شاسوار عەبدولواحید، 12-08-2025 کاژێر 10ـی شەو لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، رۆژی 02ـی ئەم مانگە بە پێنج مانگ بەندکردن سزادرا. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی: "بەرپرسانی چاکسازیی گەورانم راسپاردووە رێزی تایبەت لە سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بگرن و ژووری تایبەتی پێبدەن و تێکەڵی حوکمدراوانی دیکە نەکرێت، ئەوەش کراوە و ئێستا لە ژوورێکی تایبەتدایە". پێش حوکمدان، هەر کەسێک دەستگیر دەکرێت لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گرتن و گواستنەوە رادەگیرێت، کە حوکمدرا رەوانەی یەکێک لە شەش چاکسازییەکەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ تەواوکردنی حوکمەکەی. ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، بەگوێرەی رێکارەکان سەردانی خەڵک و کەسوکارەکەی بۆ لای سەرۆکی جووڵانەوەی نوێ ئاسایی دەبێت. گوتیشی: "ئەمڕۆ دوو کەس لە حیزبەکەی کە بریتین لە سیپان ئامێدی و کاوە عەبدولقادر سەردانی شاسوار عەبدولواحید دەکەن و بۆ سەردانەکە رەزامەندیمان داوە". حیزبەکەی شاسوار عەبدولواحید کە خۆی سەرۆک و دامەزرێنەریەتی، 15 کورسیی لە پەرلەمانی کوردستان و 9 کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە. بەرپرسێکی نەوەی نوێ رۆژی دووشەممە وتى: دەستەیەک پێکهێندراوە بۆ بەڕێوەبردنی جووڵانەوەکە تاوەکو ئازادکردنی کاک شاسوار، دەستەکەش پێکهاتووە لە سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆن لە پەرلەمانی عێراق؛ کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان و هەریەکە لە رێبوار ئەوڕەحمان، کاوە عەبدولقادر، سیپان ئامێدی، ئومێد محەممەد و فارووق غەفوور". بڕیارە 11ـی مانگی 11ـی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و نەوەی نوێ یەکێکە لە لیستە بەشدارەکان و سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنەکە.
بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی هەشت دەگاتە دەست بەشی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لیستی مووچەی مانگی هەشت ڕەوانەی بەشی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی دەکرێت و لەوێ دەست بە وردبینی دەکرێت، بەگوێرەی زانیاریەکان، کار بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 9 دەستیپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی دوو هەفتەدا ئەویش ئامادە بێت و بنێردرێت. بەهۆی ئەوەی مانگانە حکومەتی عێراق لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، بۆیە ناردنی لیستی مووچەش دوادەکەوێت. لە ڕۆژی 3ـی ئابەوە لیستی مووچەی مانگی حەوت نێردراوە بۆ بەغدا و هێشتا چارەنووسی ناردنی مووچەی مانگی حەوت دیار نییە. ناوی ژمارەیەکی دیکەی خانەنشین بۆ لیستی مووچەی مانگی هەشت زیاد دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی کە دۆسییەکانیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینییەوە تەواوکراوە و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کراوە. لەلایەکى دیکەوە ئەمڕۆ سێ شەممە کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە کۆبونەوەکەدا سودانی رەشنوسی نێوان شاندی هەرێم و لیژنە داراییەکەی بەغدا دەباتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەنگدان لەسەری. لە ئەگەری رەزەمەندیدان لەسەر ئەو رەشنوسە گرفتی داهاتی نانەوتی لە نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەبێت و تەنها هەناردەکردنەوەی نەوت دەمێنێت وەک گرفت لە نێوان هەرێم و بەغدا.
