سێ بەرپرسی ئیدارەی ترەمپ بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکاو ڕاوێژکارە باڵاکانی بە هێمنی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمى داهاتودا گەشت بکەن بۆ کۆریای باشوور بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی بازرگانی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن. کۆبونەوەى لوتکە کە بڕیارە لە نێوان کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم تا سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر لە شاری گیۆنگجو بەڕێوە بچێت، وەک دەرفەتێکی سەرەکی سەیر دەکرێت بۆ ئەوەی ترەمپ لەگەڵ شی جینپینگ سەرۆکی چین کۆببێتەوە. ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، گفتوگۆی جددی لەبارەی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە پەراوێزی ئەو کۆبونەوەیەدا باسکراوە، بەڵام هیچ پلانێک لە شوێنی خۆیدا نییەو ئەگەریش هەیە ئەو کۆبونەوەیە ڕونەدات. پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا چەند جارێک ڕایگەیاندبوو، بەنیازی ئەوە نییە لەگەڵ شی جین پینگ هاوتا چینیەکەیدا کۆبونەوەی لوتکە ئەنجامبدات، بەڵام ئەگەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە پەکینەوە بۆ بێت ، ئەوا سەردانیکردنی چین ڕەتناکاتەوە. لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا مانگی ڕابردوو شی بانگهێشتی ترەمپ و هاوسەرەکەی کرد بۆ ئەوەی سەردانی چین بکەن، ئەمەش بانگهێشتنامەی سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەری کردەوە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە. هێشتا وردەکارییەکان یەکلایی دەکرێنەوە و ڕوون نییە کە ئایا سەرۆکى ئەمریکا ترەمپ ڕەنگە وێستگەی دیکە لە گەشتەکەدا زیاد بکات یان نا. بەرپرسان ووتیان ئیدارەی ئەمریکا وەک دەرفەتێک سەیری دەکات بۆ سەرۆک بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی ئابووری زیاتر لە ئەمریکادا بەدەستبهێنێت - شتێک کە بووەتە جێگەی سەرنجی سەرەکی گەشتەکانی ئەم دواییەی بۆ دەرەوەی وڵات، لەنێویاندا لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ سعودیە و قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی. بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە سی ئێن ئێن-ی وتووە: “سەردانێک بۆ کۆریای باشوور گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، کە تیشک دەخاتە سەر هاوکاری ئابووری”. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجەکانی دیکە بریتین لە گرنگیدان بە گفتوگۆکان لە دەوری بازرگانی، بەرگری و هاوکاری ئەتۆمی مەدەنی. سەرچاوە ئاگادارەکان لە دانوستانەکان دەڵێن، لی جای میونگ سەرۆکی کۆریای باشوور بانگهێشتی ترەمپی کردووە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ئاپێک لە کاتێکدا هەفتەی ڕابردوو لەگەڵیدا کۆبووەوە و پێشنیاری کردووە کە ئەو شوێنە دەتوانێت دەرفەتێک بۆ ترەمپ بۆ دیدار لەگەڵ کیم بڕەخسێنێت. ترامپ لەکاتی قسەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە سەرەتای ڕۆژەکەدا بە لیی ڕاگەیاند کە ئامادەیە لەگەڵ کیم کۆببێتەوە. ترەمپ سەبارەت بە سەرۆکی کۆریای باکوور ئیدیعای کرد: "من ئەوە دەکەم، گفتوگۆش دەکەین، ئەو حەز دەکات لەگەڵم کۆببێتەوە". "ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کۆبوونەوە لەگەڵیدا دەکەین، پەیوەندییەکانمان باشتر دەکەین."
سبەی دووشەممە فەرمانبەرانی گرێبەست، ئەوانەی مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە سێ مووچە بەیەکەوە وەردەگرن، کە دووانیان هی ساڵی ڕابردووە، ئەمەش بەپێی ڕاگەیێنراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری کوردستان. لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووەوە ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان لەسەر داهاتی ناوخۆ ژمارەیەک فەرمانبەری بەشێوەی گرێبەست و ژمارەیەکیان بە شێوەی دامەزران لە حکومەت دامەزراون، مووچەی چەند مانگێکیان لە ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵ وەرنەگرتووە. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، سبەی دووشەممە مووچەی مانگەکانی 10 و 11ـی ساڵی ڕابردوو، مووچەی مانگی شەشی ئەمساڵی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای (01-07-2024) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون. فەرمانبەرانی گرێبەست کە ژمارەیان زیاتر لە سێ هەزار کەس دەبێت و لەسەر میلاکی وەزارەتەکانی شارەوانی، کاروباری کۆمەڵایەتی، ناوخۆ و چەند وەزارەتێکی دیکە گرێبەستیان بۆ کراوە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت: لێکتێگەیشتن هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش تورکیا رەزامەندی دەربڕیوە. عەلی نزار بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێم دەیەوێت هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە و تورکیاش بۆ ئەو مەبەستە رەزامەندی دەربڕیوە. وتیشی، لێکتێکگەیشتن هەیە لە نێوان وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عیراق و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هاوکات گفتوگۆکان کە لەماوەی رابردوودا ئەنجامدراوە ئەرێنی بوون. بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆمپانیانەی کە لەکێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کاردەکەن، داوای گەرەنتی و دڵنیایی دەکەن بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن کارەکانیان بکەن، هەروەها بەپێی یاسا ئەو کۆمپانیانە رێژەی چەند نەوت بۆ عیراق بنێرن بەپێی بەرهەمەکانیان داهاتیان پێدەدرێت، هاوکات دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پارەی ئەو کۆمپانیانە بدات. عەلی نزار ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی یاسای بودجە حکومەتی هەرێم دەبێت مانگانە 400 هەزار بەرمیل رادەست بکات، بەڵام لە ئێستادا بەرهەمی نەوتی هەرێم ناگاتە ئەو رێژەیە، بۆیە لە ئێستادا ئەنجومەنی وەزیران بەپێی رێژەی بەرهەمێنان 230 هەزار بەرمیل دیاریکراوە، بەڵام ئەگەر بەرهەمی نەوت لەو ژمارەیەش کەمتر بێت پێویستە مامەڵەی پێوەبکرێت و تا ئەو کاتەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزدەبێتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە لەبودجەدا دیاریکراوە. ئاشکراشیکرد، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە زیانی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمە.
ئەمڕۆ بەرپرسانی ئۆکرانیا رایانگەیاند: روسیا گەورەترین هێرشی ئاسمانی شەوانە كردووەتە سەر وڵاتەكەیان و بۆ یەكەمجار، بارەگای حکومەتی ئۆکرانیا لە کیێڤ كراوەتە ئامانج و ئاگر لە بارەگەكە كەوتووەتەوە، هاوكات لە هێرشەكەدا سێ کەس كوژراون، لە نێویاندا منداڵێکی ساوا هەبووە کە تەرمەکەی لەژێر داروپەردودا دەرهێنراوەتەوە. لاى خۆيەوە، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام ئاماژەی بەوەكردووە: سەوی رابردوو روسیا (٨٠٥) فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و(١٣) موشەکی ئاڕاستەی وڵاتەکەیان کردووە و بەرگری ئاسمانی (٧٥١) فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چوار مووشەکیان خستۆتە خوارەوە. ئەوەش بە زۆرترین ژمارەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە دادەنرێت کە روسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەکاری هێنابێت لە سەرەتای هێرشە سەربازیەكەیەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە، لە مانگی شوباتی (٢٠٢٢) وە دەسەڵاتی خۆجێی کیێڤ ڕایگەیاند، مووشەکێکی ڕووسیا بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی نۆ نهۆمی لە ناوچەی سویاتۆشینسکی لە کیێڤ کەوتووە و لە ئەنجامدا منداڵێکی ساوا و ئافرەتێکی گەنج کوژراون. ئیڤان فێدۆرۆڤ، سەرۆکی ئیدارەی زاپۆریژیا ڕایگەیاند "ڕووسیا بە مووشەک و درۆن، چەندان باڵەخانەی نیشتەجێبوون و باخچەیەکی ساوایانی لە شاری زاپۆریژیا پێکاوە و لەئەنجامدا 17 کەس بریندار بوونە." هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا هەروا ڕایگەیاند "هێرشەکەی ئەم بەیانییەی ڕووسیا، شارۆچکەی کریڤی ڕی، زێدی سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە ناوەڕاستی ئۆکرانیا، گرتووەتەوە." بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە ئایا هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێ کەوتووەتەوە یان نا.
میدیاکانى تورکیا، بڵاویانکردەوە پێنج پەرلەمانتارى لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا پێکهێنراوە لەچەند ڕۆژى داهاتوو سەردانى ئیمرالى دەکەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆدەبنەوە. لەهەفتەى ڕابردوودا فەتی یەڵدز، جێگری سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) پێشنیازى ئەوەیکردبوو چەند ئەندامێکى لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا پێکهێنراوە بۆ پرۆسەی چارەسەری، عەبدوڵا ئۆجەلان ببینێت. یەڵدز باسی لەوەشكردبوو: دەستنیشانكردنی ٣-٤ ئەندامی کۆمیتەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی بە وردی لەلایەن نومان کورتولموش بۆ وەرگرتنی لێدوان لە عەبدوڵا ئۆجەلان، لەگەڵ رەچاوكردنی کات و شێوازەکەی بە وردی، هیچ لاوازییەكی تیادانییە. ئەمڕۆ یەکشەممە چەند میدیایەکى تورکیا ئەوەیان ئاشکراکردوە سەرۆکى پەرلەمان بەزارەکى بەو پێشنیارەڕازى بووەو بڕیارە لەچەند ڕۆژى داهاتوو پێنج کەس دیاریبکرێت و سەردانەکە بۆ لاى ئۆجەلان ئەنجامبدرێت. ئەو تەوەرانەى بڕیارە لەسەردانەکەى ئیمرالى گفتوگۆى لەبارەوەبکرێت هەنگاوەکانى پرۆسەی چارەسەری و پرۆسەی دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ئایندەی گروپەکەکانى نزیک لەپەکەکە لە سوریاو عێراق. کۆمسیۆنی ئاشتی لە 51 ئەندام پێکدێت، بڕیارەکانی کۆمسیۆنیش بە زۆرینەی سێ لەسەر پێنجی دەنگی ئەنجامەکانی دەردەکرێن و نابێت سەرۆکی کۆمسیۆنەکەش دەنگ لەسەر بڕیارەکان بدات.
ئەم ئێوارەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیاردەی مانگ گیران ڕوودەدات. ئەژی چەتۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی فەلەکناسی کوردستان ڕاگەیاند: لە کاتژمێر 6:28 خوولەکی ئەمڕۆ ئێوارە، دیاردەی مانگ گیران لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێدەکات و ماوەی کاتژمێرێک و 20 خوولەک بەردەوام دەبێت. سەرۆکی کۆمەڵەی فەلەکناسی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: کاتژمێر 9:11 خوولەکی شەو، لە هەرێمی کوردستان مانگ گیرانی تەواو ڕوودەدات، تاکوو نزیکەی کاتژمێر 12 شەو کە دیاردەکە بە تەواوی کۆتایی دێت. بەگوێرەی زانستی فەلەکناسی، دیاردەی مانگ گیران ئەوکاتە ڕوودەدات، کاتێک زەوی دەکەوێتە نێوان مانگ و خۆر. یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت: مانگگیران و خۆرگیران دیاردەیەکی گەردوونی و سروشتییە، زانست هۆکارەکانی دیاریکردوونەو، بەدرێژایی مێژوو ئەم دیارەدەیە روویداوەو تازە نییە، دەشڵێت: دیاردەی مانگگیران و خۆرگیران، دوو نیشانەی گەورەن لە نیشانەی دەستەڵاتی خودا. یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دیاردەی مانگگیرانی ئەمشەو بڵاوکردووەتە و تێیدا بە ئایەتێکی قورئانی پیۆر دەستی پێکردووە، کە تێیدا دەفەرمووێت: (وَٱلۡقَمَرَ قَدَّرۡنَٰهُ مَنَازِلَ حَتَّىٰ عَادَ كَٱلۡعُرۡجُونِ ٱلۡقَدِيمِ). ئاماژە بەوەش دەکات، مانگگیران و خۆرگیران دیاردەیەکی گەردوونی و سروشتییە، زانست هۆکارەکانی دیاریکردوونە، بەدرێژایی مێژوو ئەم دیارەدەیە ڕوویداوەو تازە نییە. دەڵێت: لە فەرهەنگی ئیسلامدا، مانگگیران وخۆرگیران دوو نیشانەی گەورەن لە نیشانەی دەستەڵاتی خودا، بۆیە لەم کاتەدا نوێژ و زیکر و پاڕانەوە و ئیستغفارکردن ،سوننەت و پێویستە. هەر لە بەیاننامەکەدا، یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: ئەم دیاردە فەلەکی و گەردوونییە، جێی ڕامان و قوڵبوونەوەیە لە گەورەیی دەسەڵاتی خوای گەورە، کە چۆن و بە چ میکانیزم و رێسایەکی فیزیکی و هەندەسەیەکی ورد و سەرسوڕهێنەر، ئەم گەردوونە بەڕێوە دەبات و کارلێک و تەواوکاریان لە نێوان هەیە.
شەوی ڕابردوو لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت، شەڕی عەشایەریی ڕوویدا و کاتێک هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەوان و چەکداری هۆزەکاندا دروستبوو، لە ئەنجامیشدا دوو چەکدار و دوو ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆی عێراق گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 10 کەسیش لە هەردوولا برینداربوون. بەرەبەیانی ئەمڕۆ، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: دوو ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی کوژراون و پێنج کارمەندی دیکەش برینداربوون، لەمیانی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ رێگەگرتن لە پێكدادانێكی چەکداری هۆزەكان لە بەغدای پایتەخت. وەزارەتی ناوخۆی، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەكردووە: هێزێکی ئەمنی روبەڕوی هێرشی چەکداری راستەوخۆ بووەتەوە، لەکاتی هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکی هۆزەكان کە لە ناوچەی "ئەلسەعادە" لە نزیک كارگەی غاز لە بەرەی رەسافە سەریهەڵداوە. راشیگەیاندووە: هێزەکە وەڵامی سەرچاوەکانی هێرشەكەی داوەتەوەو لە ئەنجامدا، دووان هێرشبەرەكانيش كوژراون و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون، جگە لە دەستگیرکردنی شەش کەسی بەشداربوو لە شەڕەكە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغداش ڕایگەیاند، هەر لایەنێک بیەوێت ئاشتی کۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە و ئاژاوەی عەشایەریی و شەڕی چەکداریی ساز بکات، بە توندی وەڵام دەدرێتەوە و لە ڕووبەڕووبوونەوەیان درێغی ناکەن، ئاشکراشی کرد کە شەوی ڕابردوو ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لەکاتی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە عەشایەرییەکە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون و ئەوان بەشێک نەبوون لە شەڕەکە.
سلێمانی، 7ی ئەیلولی 2025: سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت هێرشی چەكداران بۆ سەر نووسینگەی ڕێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان پێشێلكاری ڕوونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیە، مەترسی ئەوەشی هەیە هەرێمی كوردستان بكاتە شوێنێكی نائارام بۆ كاری رێكخراوی بیانی. ئۆفیسی پایا، دەكەوێتە گەرەكی سەرچناری شاری سلێمانی، نزیكە لە ماڵی سەرۆكی بەرەی گەل لاهور شێخ جەنگی و هۆتێل لالەزار، چەند رێكخراوێكی كەلتوری و ژینگەیی ورێكخراوێكی نێودەوڵەتی لەو تەلارە ئۆفیسییان هەیە، وەك رێكخراوی بەهرەدار بۆ پەرەپێدانی گەنجان، پایا ئەیجنسی، ئارت پلەس، پارێزەرانی ئاوی عێراق و كوردستان، ڕێكخراوی UPP. ڕێكخراوی UPP كە بە Un Ponte Per (پردێك بۆ) ناسراوە، ڕێكخراوێكی قازانج نەویستی سەربەخۆی ئیتاڵییە،كاردەكات بۆ دروستكردنی پردی ئاشتی و بەهێزكردنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچە جێناكۆكەكانی وەك عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، لە ڕێگەی پڕۆژەی گەشەپێدانی كۆمەڵگا، گەنجان، بەهێزكردنی ژنان، و پاڵپشتیكردنی پەنابەران. بە پێ چەند سەرچاوەیەك بۆ سەنتەری میترۆ كە نەیانوویست ناویان بڵاوبكرێتەوە، بەرەبەیانی هەینی 22ی ئابی 2025، لەكاتی شەڕە خوێناوییەكەی لالەزار لە گردی سەرچناری شاری سلێمانی، هێزی چەكدار هەڵیانكوتاوەتە سەر ئەو تەلارە كە ئۆفیسی ئەو رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانەی تێدایە. ئەمڕۆ زانیمان هێزەكە سەرجەم كەرەستەی ناو ئۆفیسی رێكخراوەكانی بردووە، لەوانەش: قاسەی پارە بەوەی لەناویدا بوە كە پارەی پرۆژەكان بووە، چوار پرینتەری رەنگاورەنگ و رەش و سپی، تەلەفونی سەتەلایتی سورەیا، چەند سێتیێكی كۆمپیوتەر، نۆ لاپتۆپی جۆراو جۆر، سێتی داتاشۆ، سێ سێتی كامێرای سۆنی و كانون، ئامێری مای فای ئاسیا سیل و فاست لینك و ئای كیو، ئامێری ژماردنی پارە، چەند شاشەیەكی تیڤی، پاسۆرتی كارمەند، چەند هیدفۆنێك، سپیكەر، مۆبایل، و چەندین یوپی ئێس، تا دەگاتە كەرەستەی زۆر زۆر سادەییش وەك: فلچەی ددان شتن و ئامێری ریشتاشیینی كارمەندان. لە رێكخراوی تر مەكینەی خەیاتی، مەكینەی ئۆڤەرو نەخش و ئوتوو درێل و گسكی كارەباو و جزدان بە پارەوە و جانتاشیان بردوون. سەنتەری میترۆ، لەگەڵ بیستنی هەواڵەكە دەستی بە پەیوەندییەكانی كرد، لەگەڵ ئەوەی زانیارییەكان پشتڕاستدەكرێنەوە، بەڵام توشی سەرسوڕمان بوو لەوەی كەس ئامادە نییە بەناوی خۆی و رێكخراوەكەی لێدوان بدات، نزیكەی دوو هەفتەیە بێدەنگن. هێرش بۆ سەر ئەو باڵەخانەیەی كە ئۆفیسی چەند رێكخراوێكی ناوخۆی و بیانی لەخۆ دەگرێت، زەوتكردنی كەرەستەكانی و بردنی بۆ شوێنی نادیار، هیچ بنەمای یاسایی نییەو پێشێلكاری ڕوونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیە و ڕێگری لە كاری ئەو ڕێكخراوانە دەكات بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان، مەترسی ئەوەشی هەیە هەرێمی كوردستان بخاتە زۆنی سور بۆ كاری رێكخراوی بیانی. میترۆ ئاگادارە لەوەی ئەو رێكخراوانە هیچ پەیوەندییەكیان بە ململانێی سیاسی و چەكداریی ئەم دواییە نییە، تا تا بكرێتە پاساو بەو شێوەیە دەستبگرن بەسەر كەلوپەلی ئەو رێكخراوانە، داوا دەكات داوای لێبوردنیان لێبكرێت و قەرەبووی زیانەكانیان بكرێتەوە. پێویستە هەموو لایەنەكان ئۆفیسی ڕێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان بپارێزن داوا لە دامەزراوە میدیا سەربەخۆكان دەكەین پەردە لەسەر ئەم پێشێلكاریانە هەڵماڵن بە زانیاری زیاتر رای گشتی لێ ئاگاداربكەنەوە. لەبارەی سەنتەری میترۆوە: سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنووسانی جەنگ و ئاشتی IWPR ی ئەمریكی دامەزاروە، لەو كاتەوە 14 راپۆرتی ساڵانەی دەربارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاوكردۆتەوە، لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، Gulf Center for Human Rights، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، Intenews، رێكخراوی IRI ، لە رێگەی پرۆژەوە پاڵپشتییان كردووە.
ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتی سوپای ئێران، دەڵێت: پێویستە لەوپەڕی ئامادەباشیدابین بۆ جەنگ، هۆشداریشدا لە سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی جەنگ لەنێوان تاران و ئیسرائیل و واشنتۆن. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" حاتەمی، سەبارەت بە شەڕی (١٢) رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، رایگەیاندووە: تەواوی ئێران لە هێزی زەمینی و بەرگری و ئاسمانی سوپاوە، تا سوپای پاسداران و خەڵک بە گشتی، لە کاتی شەڕی سەپێنراوی ئەم دواییەدا لە دڵی شەڕەکەدا بوون، بە هەموو هێزی خۆیانەوە شەڕیان کرد، بۆ ئەوەی ئێرانی ئیسلامی بۆ هەمیشە بە سەربەرزی لە مێژوودا بمێنێتەوە. ئاماژەی بەوەشداوە: پرسی ئەتۆمی بیانوی سەرەکی دوژمن بوو، بەڵام ئەوەی کردیان و دەیانویست بیکەن، تەواو جیاواز بوو لە بانگەشەكانیان، نیشانی دا کە دوژمن پلانێکی وردی هەبوو لە دژی گەلی ئازیزو نیشتمان و سیستەمی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لە گۆڕەپانەکە بە شانازی و شەرەفەوە دەرچووین. ئەمەش لەکاتێکدایە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هیچ هاوکارییەکی نوێ سەبارەت بەدامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی نابێت، تا ئەو کاتەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نەگەنە ئەنجام. وتیشی، ئەو ئێستا رودەدات لە چوارچێوەی میکانیزمی سزاکانی سناپباک، زیادەڕەوییە و هیچ بنەمایەکی راستەقینەی نییە. عراقچی ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی لە دانوستان و شەڕ ناترسێت.
لەسەر مووچە و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە لە بەغدا کۆبوونەوەیەک بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارێک لەسەر لابردنی بەربەستەکانی بەردەم مووچە بدات. هەوڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن، لە ئێستادا دوو پرسی سەرەکی ماون کە پێویستیان بە ڕێککەوتن هەیە بۆ ناردنی مووچە، یەکەم؛ هەناردەکردنەوەی نەوت، دووەم؛ داهاتی ناوخۆ. شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو کۆنووسێکیان لەبارەی داهاتی ناوخۆ ئامادەکردووە. سبەی یەکشەممە، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە بەغدا ئەنجام دەدرێت. شاندی دانوستانکاری حکومەتی عێراق کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ لەگەڵ سوودانی کۆدەبنەوە و کۆنووسەکە و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ شاندی کوردستان بە وردی دەخەنەڕوو. بەپێی سەرچاوەکەی ئاڤا، شاندەکەی عێراق تێگەیشتنی باشیان سەبارەت بە بۆچوونەکانی شاندی هەرێمی کوردستان هەیە لەبارەی داهاتی نانەوتی. سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە وتى: بۆچوونی شاندەکەی عێراق لەبارەی ڕاپۆرتەکەی حکومەتی کوردستان ئەرێنی بووە و پشتڕاستیان کردووەتەوە کە کوردستان لەسەر حەقە بەپێی دەستوور و یاسای بودجە. هەرچەندە ناکۆکی و بۆچوونی جیاواز هەبووە، بەڵام هەردوو ڕاپۆرتەکە یەکیان گرتووە و کۆنووسێکی هاوبەشیان نووسیوە، کە بڕیارە بدرێتە محەممەد شیاع سوودانی بۆ یەکلاییکردنەوە. شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێکی گشتگیریان لەبارەی سەرجەم داهاتەکانی ناوخۆ، لە گومرگ و دەروازە سنوورییەکانەوە هەتا پارەی ئاو و کارەبا، ئامادەکردووە، کە تێیدا ڕوونکراوەتەوە چەند داهات بۆ حکومەتی هەرێمە و ئامادەن چەند بدەنە بەغدا. ئەوان پشتیان بە بەڵگەنامەی یاسایی، وەک بڕگە و ماددەکانی دەستوور، یاسای بودجە، و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ـی ساڵی 2019 بەستووە. بۆ نموونە، بەپێی بڕگەی دووی ماددەی 51ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، داهاتی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان بە ڕێژەی 50% بۆ هەولێر و 50% بۆ حکومەتی عێراق دەبێت، و هەمان شێوە بۆ سەرجەم داهاتەکانی تر. ئەگەر سوودانی سبەی بە ڕاپۆرتە هاوبەشەکە ڕازی بێت، ئەوا کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەر دەبێت و ڕاپۆرتەکە دەباتە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی، بەڵام ئەگەر سوودانی تێبینی لەسەر خاڵێک یان دوو خاڵ هەبوو، ئەوا داوا لە شاندی دانوستانکاری هەردوولا دەکرێت دووبارە کۆببنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: وڵاتەکەی نە لەشەڕ دەترسێت نە لە دانوستان. عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هیچ هاوکارییەکی نوێ سەبارەت بەدامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی نابێت، تا ئەو کاتەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نەگەنە ئەنجام. وتیشی، ئەو ئێستا رودەدات لە چوارچێوەی میکانیزمی سزاکانی سناپباک، زیادەڕەوییە و هیچ بنەمایەکی راستەقینەی نییە. عراقچی ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی لە دانوستان و شەڕ ناترسێت. هاوکات فەرماندەیەکی سوپای پاسداران رایگەیاندووە، پێویستە هەمیشە ئامادەبن بۆ شەڕ.
فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، لیکتێگەیشتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی فیدراڵی بەرەوپێشچوونی باشی بە خۆیەوە دیووە و نزیکن لە رێککەوتن. وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە داهاتە نا نەوتییەکان لەم ڕۆژانەدا دەگەنە لێتێگەتیشتنی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا. لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا بۆ رۆژنامەوانیان فوئاد حسین جەختیکردەوە، کێشەکە بە تەنها پەیوەندیی نەبوو بە نێوانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، یان بە تەنها حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت، بەڵکو کێشە سێقۆڵی بوو، بۆیە چاوەڕواندەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگەنە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنە سێقۆڵی بکرێت لە نێوان هەریەکە لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت. سەبارەت بە مووچەش، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هیوادارن لەم دوو رۆژانە کاری لیژنەکان یەکلایی ببێتەوە و رۆژی سێشەممە راپۆرتەکانیان کە پێشکەشی دەکەن بە ئەنجومەنی وەزیران، راپۆرتە ئەرێنی بێت، چونکە لەبەر رۆشنایی ئەو راپۆرتانە بڕیار لە بابەتەکە دەدرێت.
هەپەگە-نەرەچە بە ڕێزدارییەوە یادی پێنج گەریلای کردەوە کە لە ساڵی ٢٠٢١دا شەهید بوون و دەڵێن: بۆ مانادارکردنی ژیانێک کە نوێنەرانی هێڵی تێکۆشەرانی ئاپۆیی هاوڕێیانی هێژامان دیجلە، دەنگتاڤ، دەوران، گوڵجان و وەڵات ڕادەستیان کردووین، دەبینە ڕێچکەگری شەهیدانمان. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە-نەڕەچە) پەیوەست بە گەریلا شەهیدبووەکان کە لە ساڵی ٢٠٢١دا لە مانگ و شوێنی جیاوازدا شەهید بوون ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە: "بە ڕێزداریی و پێزانینەوە یادی ڕۆڵە بوێرەکانی گەلی کوردستان و تێکۆشەرانی هێژای ئاپۆیی دیجلە، دەنگتاڤ، دەوران، گوڵجان و وەڵات دەکەینەوە کە لە مانگە جیاوازەکانی ساڵی ٢٠٢١دا شەهید بوون. هاوڕێیانی هیژامان فەلسەفەی ئاپۆیان کردە بنەمای چۆنییەتی ژیانکردنیان، بۆ ڕاگەیشتینان بە ئامانجەکانیان فیدایانە بەشداربوون. بەرەنگاری هەموو سەختییەکان بوونەوە و بوونە تێکۆشەرێکی نموونەیی. ئاگایان لە سیاسەتە قڕکاری و لەناوبردنەکانی دەوڵەتی تورک بوو کە خواستی سەرکووتکردنی کوردستان بوو، بەو پەڕیی بوێرییەوە لە دژی ئەو سیاسەتانە وەستانەوە و بوونە قەڵغانێک بۆ پاراستنی گەلەکەمان. بەو پەڕی دڵسۆزییەوە بۆ ڕێبەرێتی و شەهیدان بە مەزنترین ئیرادەوە خاوەندارییان لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان کرد. هاوڕێیانمان کە هیچ کاتێک سازشیان لە ژیانی ئاپۆیی نەکرد و بەرەنگار بوونەوە، لە هەر گۆڕەپانێک کە لێبووبێتن و هەموو خەباتی خۆیان بۆ ژیانکردنی فەلسەفەی ئاپۆیی تەرخان کرد. هاوڕێیانمان کە بە کەسێتی خاکی و شەڕڤانێتییانەوە هەموو ئەرکەکانی خۆیان بە هۆشمەندی شایستەبوون بە شەهیدان جێبەجێ کرد، ناوی خۆیان لە مێژووی تێکۆشانماندا نووسییەوە. بۆ مانادارکردنی ژیانێک کە نوێنەرانی هێڵی تێکۆشەرانی ئاپۆیی هاوڕێیانی هێژامان دیجلە، دەنگتاڤ، دەوران، گوڵجان و وەڵات ڕادەستیان کردووین، دەبینە ڕێچکەگری شەهیدانمان. لەسەر ئەم بنەمایە سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی هێژای هاوڕێیانی شەهید و گەلی کوردستانی وڵاتپارێزمان دەکەین و بەڵێن دەدەین یاد و یادەوەرییان لە کورستانی ئازاد و ڕێبەرێتی ئازاد دا زیندوو ڕاگرین. زانیارییەکان لەسەر ناسنامەی هاوڕێیانی شەهیدمان بەم شێوەیەیە: ناسناو: دیجلە ئاریا ناو و پاشناو: سەبریە دوومان شوێنی لە دایکبوون: جۆلەمێرگ ناوی دایک و باوک: سانیە - سدیق کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ / زاپ *** ناسناو: دەنگتاڤ ئامەد ناو و پاشناو: فەرهاد دەمیر شوێنی لە دایکبوون: مێردین ناوی دایک و باوک: گوڵخان - عومەر کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٧ـی ئابی ٢٠٢١ / گارە *** ناسناو: دەوران مزگین ناو و پاشناو: ئۆزگور سایاک شوێنی لە دایکبوون: چەولیک ناوی دایک و باوک: نەجلە - حەسەن کات و شوێنی شەهیدبوون: ٣١ـی ئاداری ٢٠٢١ / ئاڤاشین *** ناسناو: گوڵناز کاراتاش ناو و پاشناو: حەنیفە خەلیل شوێنی لە دایکبوون: عەفرین ناوی دایک و باوک: ئەمەل - موحەمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ / گارە *** ناسناو: وەڵات گەڤەر ناو و پاشناو: وەیسی بینیجی شوێنی لە دایکبوون: جۆلەمێرگ ناوی دایک و باوک: تۆروون - محمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ / خواکوڕک."
سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتڕاستیکردەوە کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دانوستانەکان بۆ کاراکردنەوەی بۆری هەناردەکردنی عێراق-سوریا ئەنجامدراون، هاوکات ئاماژەی بە کۆتایی هاتنی سووتاندنی غازی پەیوەندیدار و بەکارهێنانی تەواوی 1300 ملیۆن پێ سێجا ستانداردی کرد. ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارێكدا كۆڕبەندی نێودەوڵەتی بەغداد بۆ وزە ئەوەى خستەڕوو ئەوە لەبیرناكەین كە رێكخراوی (ئۆپیك) ساڵی 1960دا لە بەغداد دامەزراوەو عێراق ئەندامێكی سەرەكییە تێیدا، یەدەگی سەلمێندراوی نەوتی عێراق دەگاتە 150 ملیار بەرمیل. وتیشى: نەوتی عێراق لانی كەم بۆ ماوەی زیاتر لە 120 ساڵی تر بەردەوام دەبێت لە دابینكردن بۆ بازاڕە جیهانییەكان، ئەمە سەرباری ئەوەی پشكی هەناردەمان لەگەڵ قەبارەی یەدەگی نەوت و توانای وەبەرهێنان و ژمارەی دانیشتووانماندا نەگونجاوە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد ئامانجێكی ستراتیژیمان هەیە بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بگۆڕین بۆ بەرهەمە نەوتییە بەها بەرزەكان، بەرێژەیەك كە تاوەكو 2030 كەمتر نەبێت لە 40%ی تێكڕای بەرهەمهێنانمان، لەسەر ئەم بنەمایەش دەستمان بە پرۆژە نەوتییەكانمان كردووە. سودانى وتیشى: بەر لە چەند هەفتەیەك گفتوگۆمان كرد بۆ كاراكردنەوەی هێڵی هەناردەی عێراق- سوریا، بۆ ئەوەی ببێت بە بژاردەیەك لەنێو بژاردەكانی فرەچەشنكردنی دەروازەكانی هەناردەی نەوتی عێراق. بە كردەوە دەستمان بە راكێشانی بۆری (بەسرە- حەدیسە) كردووە بەدرێژایی (685 كیلۆمەتر). لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا سەرۆک وەزیرانى عێراق، وتى: رێژەی 70%ی پرۆسەی دووبارە بەكارهێنانەوەی غازمان تێپەڕاندووە، تا دەگات بە راگرتنی تەواوەتی سوتانی غاز لەماوەی دوو ساڵدا. ئەوەشى خستەڕوو كۆتایی بە سوتانی غازی هاوەڵ هێنراوەو بەتەواوەتی سود لە 1300 ملیۆن پێ سێجا غاز وەردەگیرێت. ئاماژەیە بۆ ئەوەی، "چەند هەفتەیەک لەمەوبەر گفتوگۆمان ئەنجامدا بۆ کاراکردنەوەی هێڵی هەناردەکردنی عێراق-سریا، بۆ ئەوەی ببێتە بژاردەیەک لەنێوانیاندا". بژاردەکانی هەمەچەشنکردنی شوێنەکانی هەناردەکردنی عێراق، لە هەمان کاتدا دابینکردنی نەرمی لە تواناکانی گواستنەوەی نەوتی خاو، و ئێمە لە ئێستاوە دەستمان کردووە بە درێژکردنەوەی بۆری (بەسرە-حەدیحە) بە درێژی (685) کیلۆمەتر، کە دەکەوێتە ئەم ئاراستەیە".
سوپای ئیسرائیل داوا لە دانیشتووانی شاری غەززە دەکات، بەر لە هێرشە فراوانەکەیان بۆ سەر شارەکە، بەپەلە ماڵەکانیان بۆ ئەو ناوچانەی بۆیان دیاریکردوون بەجێبهێڵن. ئەمڕۆ شەممە (6ی ئەیلولی 2025) ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانیان لە شاری غەززە فراوان دەکەن، تاوەکو بە تەواوەی بزووتنەوەی حەماس لەناوبەرن، هەر بۆیە ناوچەییەکی مرۆییان بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل دیاریکردووە. بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی بڵاوکراوەتەوە، ناوچەی مەواسی سەرجەم ژێرخانە مرۆییەکەی بۆ دابینکراوە، وەک نەخۆشخانە، تۆڕی ئاو، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و چادر و پێداویستییە تەندروستییەکانیش هەروەها بەگوێرەی میکانیزمەکانی حکومەت بۆ دانیشتووانی ناوچەکە سەرجەم ئەم پێداویستییانە دابین دەکرێت. ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل دڵنیایشیدا لەوەی سەرجەم هاریکارییەکان کە گونجاون بۆ ژێرخانی ناوچەکە بە هاریکاریی ئەمریکا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەگەیەنرێت بە دانیشتووانی کەرتی غەززە. نەتەوەیەکگرتووەکانیش پێشتر دانیشتووانی شاری غەززەی بە ملیۆنێک خەمڵاندبوو، راشیگەیاندبوو کە لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی فراوانی ئیسرائیل کارەسات لەو شارە روودەدات.
