دوای 26 ساڵ زیندانیکردن یەکەم پەیامی ڤیدیۆیی عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکرایەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو پێداگرە لهسەر بانگهوازییه مێژووییهكهی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ بۆ (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی). هاوکات جەخت دەکاتەوە بڕوام به هێزی سیاسهت و ئاشتی كۆمهڵایهتی ههیه، نهك چهك. بانگهوازی له ئێوهش دهكهم ئهم پرهنسیپه. ڕێبەر ئاپۆ لە دوورگەی ئیمراڵییەوە پەیوەست بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پەیامێکی ڤیدۆیی بڵاوکردوە. پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە: هاوڕێیانی هێژا سهبارهت بهكێشه و ڕێگهچارهكانی دۆخی بهرجهستهی ئهم قۆناغهی تهڤگهڕی هاوڕێیهتی كۆمیناڵیمان پێی گهیشتووه به ئهركێكی ئهخلاقییانهم زانی كه به نامهیهكی بهرفراوانی دووبارهش بێت، وهڵامی ئاشكرا و خوڵقێنهرتان بدهمهوه. ١- پێداگرم لهسەر بانگهوازییه مێژووییهكهی ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ بۆ (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی). ٢- به كۆنگرهی ١٢ و ههڵوهشاندنهوهی (پەکەکە) وهڵامێكی تاكۆتا ڕاست و ئهرێنی و بهرفراوانی ئهمهتان دایهوه، ئهم ههڵوێستهتان به وهڵامێكی مێژووییانه لهقهڵهم دهدهم. ٣- دهبێت ئهم دۆخهی ئێستا كه وهكو ئهنجامێكی به بایهخ و مێژوویی پهسهند بكرێت. هاوكات ڕهنجی ئهو هاوڕێیانهی كه ڕۆڵی پرد دهگێڕن شایستهی ڕێز و گرنگی پێدانێكی هاوئاسته. ٤- له سهرهنجامی سهرجهم گۆڕانكارییهكاندا، مانیفێستۆیهكی كۆمهڵگهی دیموكراتیم ئامادهكرد كه دهبێت بهوهرچهرخانێكی مێژوویی بژمێردرێت. ئهم مانیفێستۆیه بە سەرکەوتوویی شوێنی مانیفێستۆی ٥٠ ساڵەی “ڕێگای شۆڕشی كوردستان” دەگرێتەوە. لهو بڕوایهدام كه نهك تهنیا بۆ كۆمهڵگهی مێژوویی كورد، بۆ كۆمهڵگهی ههرێمی و گهردوونیش ناوهڕۆكێكی كۆمهڵگهیی مێژوویی ههڵگرتووه، گومانم نییه كه ئهمه نموونهیهكی سهركهوتووی نهریتی مانیفێستۆی مێژووییه. ٥- دهبێت بهئاشكرا ئهوه بڵێم كه ههموو ئهو گۆڕانكارییانه سهرهنجامی ئهو دانیشتنانهن له ئیمراڵی ئهنجامم داون. به وریاییهكی بهرزهوه كار كراوه بۆ ئهوهی دانیشتنهكان لهسهر بنچینهی ئیرادهی ئازاد بن. ٦- ئهم قۆناغهی پێیگهیشتووین، ههنگاوی نوێ بۆ پراكتیزهكردن دهسهپێنێت. به بایهخهوه جهختكردنهوه، تێگهیشتن و پابهندبوون به بنەماکانی ئهم قۆناخه و ئهم ههنگاوه پێویستانهی گرنگییهكی مێژووییان ههیه، مهرجی درێژه پێدانن بهههنگاوهكان. لێرەدا كۆتایی بهتهڤگهڕی پەکەکە دەهێنین کە وەک کاردانەوەیەک له دژی نكۆڵیكردن له ههبوونی کورد دەرکەوت و بە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیا ستراتیژییەکەی شهڕی ڕزگاری نهتهوهیی بوو. ئێدی دان بە هەبوونی گەلی کورددا نراو و لەم سۆنگهیهوه ئامانجە سەرەکییەکە بەدی هاتووە. لەم واتایەدایە کە ماوەکەی بەسەر چووە. ئهوهی تر به دووبارهیهكی زۆر و چهقبهستن ههڵدهسهنگێندرێت. لهم سۆنگهیهشهوه درێژه به ڕهخنه و ڕهخنهدانی بهرفراوان دهدات. بهو پێیهی سیاسهت بۆشایی ههڵناگرێت، دهبێت ئهو بۆشاییه به بهرنامهی (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی)، بهستراتیژی (سیاسهتی دیموكراتی) و وهك تهكتیكی سهرهكیش بهحقوقی گشتگیرانه پڕ بكرێتهوه. ئامانجمان قۆناغێكی مێژوویی و چارهنووسسازه. له چوارچێوهی پرۆسهكهدا؛ ئارەزوومەندانە دانانی چهك و ههنگاوی دامهزراندنی كۆمسیۆنێكی بهرفراوان كه وا بیری لێدهكرێتهوه له پهرلهمانی توركیادا بهیاسایی بكرێت و دهستڕۆیشتوو بێت ههنگاوی گرنگن. مهرجه ههنگاوهكان به وریایی و ههستیارییهوه و دوور له لۆژیكی نهزۆك و ململانێی من و تۆیی، بنرێن. دهزانم كه ههنگاوهكانمان مایهپووچ نابن. ئهو ڕاشكاوییه دهبینم و متمانهم پێیهتی. هاوكات ههوڵی چوونه ناو ههنگاوی كرداریتر و كلیل ئاساییانهی بهرجهسته لهئارادایه. ئهو تێزانهی من دامناون سهرهكیترینیان ئهمانهن؛ ١- هەموو لایەک ئهركهكانی سەر شانیان جێبەجێ بکەن، گهیشتن به ئامانجی (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی) به گهیشتن به ڕێنماییهكی ئینتهگراسیۆنیستی ئهرێنی بهدیدێت. له سهرهنجامی ههموو باسهكاندا دهردهكهوێت كە پەکەکە: دهستبهرداری ئامانجی دهوڵهتی نهتهوه بووه، لهگهڵ دهستبهردان لهو ئامانجه بنچینهییه دهستبهرداری ستراتیژییهتی بنچینهیی شهڕیش بووه، كۆتایی بهههبوونی خۆی هێناوه. چاوهڕێ دهكرێت ئهم قۆناغه مێژووییه بهرهو پێشتر ببردرێت. ٢- بهشێوهیهك كه ببێته مایهی واتادان به پهرلهمان و كۆمسیۆن و گومانهكانی ڕای گشتیی لاببات و ببێت بهوهڵامی پێویستییهكانی جێبهجێكردنی بهڵێنهكهمان، دهبێت ئهوه ئاساییانه لێكبدرێتهوه كه زهمینهسازكار بن بۆ ئهوهی چهكدانان بۆ لایهنی پهیوهندیدار و ڕای گشتی بهشێوهیهكی كراوه بكرێت. دروستكردنی میكانیزمی چهكدانان پرۆسهكه بهرهو پێشهوه دهبات. ئهوەی دەکرێت ههنگاوێكی دڵخوازانهیه له قۆناغی تێكۆشانی چهكدارییهوه بهرهو قۆناغی حقوقی و سیاسهتی دیموكراتیاینه. ئهمه نهك به شكست، بهڵكو دهبێت بهسهركهوتنێكی مێژوویی بزانرێت. وردهكاری چهكدانان دهستنیشان دهكرێن و به خێرایی پراكتیزه دهكرێن. ٣- دهم پارتی لهگهڵ پارتییهكانی تری ژێر چهتری پهرلهمان بۆ گهیاندنی ئهم پرۆسهیه بهسهركهوتن پێكهوه ئهركی سهرشانیان جێبهجێ دهكهن. ٤- لهم نێوهدا سهبارهت بهدۆخی ئازادبوونی من كه وهكو مهرجێكی سهرهكی له سهرجهم نوسراو و بڕیارهكاندا هاتووه: خۆشتان دهزانن كه ههرگیز ئازادی خۆمم به كێشهیهكی تاكهكهسی دانهناوه. له ڕووی فهلسهفیشهوه ئازادی تاك؛ دوور له كۆمهڵگه نابێت. تاچهند (تاك) ئازاد ببێت (كۆمهڵگه) و تاچهند (كۆمهڵگه) ئازاد ببێت (تاك)ـیش ئازاد دهبێت. مهرجه بهپێی ئهم مهیله مامهڵه بكرێت. باوەڕم به هێزی سیاسهت و ئاشتی كۆمهڵایهتی ههیه، نهك چهك. بانگهوازی له ئێوهش دهكهم ئهم پرهنسیپه پراكتیزه بكهن. پێشهاتهكانی ئهم ڕۆژانهی دوایی له ههرێمهكهدا، به ئاشكرا گرنگی و پێویستیی ئهم ههنگاوه مێژووییهمان دهسهلمێنێت. دهبێت ئهوهش بڵێم كه سهبارهت به پرۆسهكه پڕ بهدڵ چاوهڕێی ههموو جۆره ڕهخنه و پێشنیار و هاوكارییهكتانم. دهتوانم به حهز و جۆشهوه جهختی لهسهر بكهمهوه و خۆم به گەشبین و ئاماده دهزانم كه ئهم گفتوگۆیانه لەسەر ئاستی ناوچهكه و جیهانیشدا ئێمه و هێزهكانی مۆدێرنیتهی دیموكراتی به بهرنامهیهكی تیۆری و قۆناغێكی ستراتیژی و تهكتیكی دهگهیهنێت و له ئێستاوه لهناو ههوڵ و ئامادهكاری ئهمهدان. بانگهوازیم بۆ قۆناغی داهاتوومان؛ با لهسهر بنچینهی بڕیارهكانی كۆنگره و ئهو بۆچوون و پێشنیارانهی لهم نوسراوهدا باسم كردوون، قورسایی بخهینه سهر ههوڵهكانمان و پێشكهوتن و وهرچهرخانی سهركهوتووانه بهدی بهێنین. لهگهڵ سڵاو و خۆشهویستی هاوڕێیهتی ههمیشهییم ١٩ـی حوزهیرانی ٢٠٢٥ عەبدوڵا ئۆجالان
رەشنوسی حكومەتی عێراق، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و چارەسەركردنی پرسی داهات و مووچەی فەرمانبەران یەكەم رادەستكردنی نەوت أ-قۆناغی یەكەم: 1-رادەستكردنی نەوت: دەستبەجێ دەستكردن بە رادەستكردنی تەواوی ئەو بڕەی ئێستا بەرهەمدەهێنرێت لە هەرێم، لەگەڵ هەر زیادەیەك لە ئایندەدا، بە مەبەستی هەناردەكردن و رەوانەكردنی داهاتەكەی بۆ خەزێنەی فیدراڵی، جگە لەو بڕەی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیە. بەواتای رادەستكردنی دەستبەجێی (236) هەزار بەرمیلی رۆژانە، (رونكردنەوە بەرهەمی ئێستا 282 هەزار بەرمیلە، 46 هەزاری بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ لێدەردەكرێت). 2-بەكارهێنانی ناوخۆی نەوت: بەكارهێنانی ناوخۆ لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی هەرێم دەبێت لەم قۆناغەدا ( ئیدارەو دابەشكردن و پێدانی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بە كۆمپانیاكان، لەبری گواستنەوەو بەرهەمهێنان). ب-قۆناغی دووەم (دەستبەجێ دەستپێدەكات هاوشانی قۆناغی یەكەم و بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت): حسابكردنی بڕی بەكارهێنانی پێویست بۆ ناوخۆ، كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە هەماهەنگی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، شیكاری بڕی پێویستی هاوڵاتیانی هەرێم دەكات لەبەرهەمە نەوتیەكان. دووەم: رادەستكردنی داهاتە نانەوتیەكان، كە لە بڕی (200) ملیار دیناری مانگانە كەمتر نەبێت (كە بەپێی تەرازوى پێداچونەوە داهاتە ناوتیەكان ساڵانە دەگاتە (4,7) ترلیۆن دینار). سێیەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی تەوتیكردنی مووچەی هەرێم بەگوێرەی بڕیاری دادگا فیدراڵی، كە وادەكەی (90) رۆژ تێپەڕنەكات، دوای كۆتایی هاتنی ئەو ماوەیەش تەنها مووچەی ئەوانە دەدرێت كە تەوتین كراون. چوارەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی یاسایی و هونەری هاوبەش لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەی زیادەڕۆیی پشكی هەرێم لەبودجە لەسەربنەمای خەرجی فیعلی، ئامادەكردنی دیراسیەكی یاسایی و پێشكەشەكردنی بە ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی دوو هەفتەدا. پێنجەم: وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەستدەكات بە ناردنی مووچەی هەرێم، دوای جێبەجێكردنی بڕگەكانی (یەكەم/قۆناغی یەكەم،دووەم سێیەم چوارەم) لەلایەن هەرێمەوە، دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی.
بەرپرسێکى باڵاى سەربازى بۆیەکەمجار ئاشکرایکردوە، لەکاتى هێرشەکانى ئێراندا، هەندێک شوێنی سەربازی ئیسرائیل کراونەتە ئامانج، بەڵام حکومەت ئەو زانیاریانەى شاردوەتەوە. ئاژانسى رۆیتەرز ئەمرۆ سێ شەممە لەڕاپۆرتێکدا ئەوەى خستوەتە ڕوو بەرپرسێکى باڵاى سەربازى بەهۆى هەستیارى پۆستەکەیەوە ناوى ئاشکرانەکراوە ڕایگەیاندووە هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران لە مانگی ڕابردوودا هەندێک شوێنی سەربازیی ئیسرائیلی گرتووەتەوە، ئەمەش یەکەمین دانپێدانانە کە ئەوەدەخەڕوو ئەو جۆرە شوێنانە هێرشیان کراوەتە سەر. ئەو بەرپرسە بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت بەپێی یاساکانی کۆڕبەندی سەربازی، ڕەتیکردوەتەوە وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، لەوانە دیاریکردنی ئەوەی کە کام شوێنی سەربازی کاریگەرییان لەسەر بووە یان زیانەکانی ژێرخانی سەربازی چەندە قورس بووە. ئێران مانگی ڕابردوو چەند جار هێرشی موشەکى بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە 13ی حوزەیران هێرشێکی لەناکاوی دەستپێکردو دامەزراوە ئەتۆمییەکان و جبەخانەی مووشەکیی ئێرانی کردە ئامانج. هێرشەکانی ئێران زۆرجار شارەکانی تەلئەبیب و حەیفا کە دانیشتووانی چڕیان تێدابووە، هەروەها باشووری وڵاتەکەی لە دەوروبەری بێرشێبا کردە ئامانج کە ژمارەیەک دامەزراوەی سەربازیی تێدایە. لە هێرشەکاندا چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون بەرکەوتوون، هەرچەندە سوپای ئیسرائیل دەڵێت زۆربەی ئەو مووشەک و فرۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لەلایەن ئێرانەوە هەڵدرابوون، لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا ڕێگرییان لێکرا. لە ئیسرائیل ٢٨ کەس کوژراون. دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا 935 کەس کوژراون و تارانی پایتەخت کەژمارەیەکى زۆر دانیشتووانی تێدایە کرابوویە ئامانج. فەرماندە سەربازییەکان و مەدەنییەکان لە ئێران کوژراون، لە ئیسرائیلیش لە نێو 28 کوژراوەکەدا، یەکێکیان سەربازێک بووە کە مۆڵەتی وەرگرتووە. ئیسرائیل و ئێران لە 24ی حوزەیران، دوای بۆردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست بە پاڵپشتی ئەمریکا .
لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەدرا بەڵكو لیژنەیەك پێكهێندرا بۆ پرسی نەوت و موچە. دواى نزیکەى سێ کاتژمێر کەمێک لەمەوبەر کۆبونەوە ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق کۆتاییهات و بڕیاری ناردنی مووچە نەدراوە. بەپێى زانیاریەکان لەکۆبوونەوەکەى ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردراوە لیژنەیەک لە پێنج وەزیر پێکبهێنێت بۆ چارەسەرکردنى پرسی نەوت و موچە لەنێوان حکومەتى هەرێم و بەغدا، ئەو لیژنەکەیە بۆ بڕیاری کۆتاییە لەبارەی نەوت و مووچەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوە ئەندامانى لیژنەکە پێکدێن لە وەزارەتی داد و پلاندانان، دارایی، تەندروستی و خوێندنی باڵاى حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەونە گفتوگۆ بۆ قسەکردن لەسەر ئەو رەشنووسەی ئامادە کراوە. ئەم لیژنەیە لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن و هەردوو رەشنووسە، کامەی رێککەوتنی لەسەر کرا، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی حکومەتی عێراق رێکدەخرێت بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکان بدرێت، عێراق ئامادە نییە قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت بداتەوە. پێش ئەم کۆبوونەوەیە ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەڕێی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقەوە نامەیەکی ئاڕاستەی سەرکردەکانی عێراق کردووە و هۆشداری پێدوان، ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن، لە پرۆسەى سیاسی دەکشێنەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، بارزانی لە نامەکەیدا هۆشداری داوەتە بەرپرسانی عێراق و گوتوویەتی، لە ئەگەری رێکنەکەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، لە پرۆسەى سیاسی دەکشێنەوە. دەشڵێت، هەرێمی کوردستان دەستکراوە دەبێت لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بۆ جیهان بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد.
یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئێران ڕایدەگەیەنێت لە چەند رۆژى رابردوودا پەیامێکى نوێى ئەمریکایان پێگەیشتوە، پەیامەکە تایبەت بوو بە دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکانى تایبەت بە پرسى ئەتۆمى. سەعید خەتیبزادە، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی لە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەیام لە ئەمریکییەکان گەیشتووە کە ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ سەر مێزی دانوستان هەیە، بێگومان هەمووان ئاگادارن کە مێزی دانوستان هەبووە و ئێمە لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندا بووین کاتێک هێرشیان کرد. ئەو بەرپرسە باڵایەى ئێران ئەوەشى خستەڕوو، پێویستە رێگە بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان خۆش بکرێت و متمانە دروست بکرێتەوە، لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندا بووین لەگەڵ ئەوروپییەکان کاتێک ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئەو مێزە بە هەمان شێوە بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. جەختیشیکردەوە بێگومان بەرپرسیارێتی ئەمریکا لە پێشێلکردنی سەروەریی نەتەوەیی ئێران، لێخۆشبوون نییە، بەڵام دیپلۆماسی هەمیشە بنەمای بنەڕەتی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە. وتیشى: یەکێک لە پێکهاتەکانی دیپلۆماسی دانوستانە و لە کاتی گونجاودا، ئەگەر پێویست بکات، ئامێری دیپلۆماسی و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ڕژێم بڕیاری خۆیان لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنن. لەلایەکى دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی سێشەممە، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: تاران داوای هیچ دیدارێکی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکای نەکردووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان. ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، "لە هەفتەی داهاتوو یان زیاتر" لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئێران کۆدەبێتەوە.
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری پەیوەست بە پرۆسەکە گوتی:"لە هەفتەیەکی یەکلای کەرەوەداین، پێویستە پێش داخستنی پەرلەمان بە خێرای کۆمیسیۆن درووست بکرێت." هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغوللاری لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی دەم پارتییدا قسەی کرد. تولای حاتەم ئۆغوللاری جەختی لەوەکردەوە پێش ئەوەی پەرلەمان دابخرێت دەبێت "کۆمیسیۆنی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" دەستبەجێ درووست بکرێت و گوتی: "دەبێت ئەم کۆمیسیۆنە لە تەواوی وەرزی هاویندا بە شەو و ڕۆژ کار بکات." تولای حاتەم ئۆغوللاری هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە شاندی ئیمراڵی لە دیدارەکەی پێرێیاندا لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی بابەتی 'چەک لەناوبردنی گەریلا' لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ قسەیان کردووە. تولای لە بەردەوامییدا گوتی: "لێرەوە سڵاوەکەی بەڕێز ئۆجالانتان پێدەگەیەنم کە لە ڕێگەی شاندەکەوە بۆ ژنان و گەنجانی ناردووە. وێڕای هەنگاونانی پێویست بۆ دیموکراتیزەبوونی تورکیا و ئاشتی، بەرپرسیارێتییەکی مەزن دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان.. بەڕێز ئۆجالان لەم دیدارەدا بە تایبەتی لەسەر ئەم پرسە ڕاوەستەی کرد. هەروەها ئێمەش دەلێین بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەبێت بە هەموو شێوەیەک دەرگای گۆڕانکاری دیموکراتیک، یاسایی و ئازادی بکرێتەوە." لە بەردەوامی قسەکانییدا تولای حاتەم ئۆغوللاری باسی لە کۆبوونەوەکەی شاندەکە لەگەڵ ئەردۆگان کرد و گوتی: "لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا لە هەفتەیەکی مێژووییداین. شاندەکەمان لەسەر پێویستییەکانی پرۆسەکە لەگەڵ سەرۆککۆمار قسەیان کرد. بۆ ئەوەی ئەم هەفتەیە بە سەرکەوتن تێپەڕێت، دەبێت ڕێگرییە سیاسیی و یاساییەکان لاببرێن و دەرگاکانی دیموکراتیزەبوون و ئاشتی بکرێنەوە. هەروەها هیوای گەلانی تورکیا لە هەمووکات زیاتر بووە. ئەم ساتە دەبێتە مەراسیمی ئاشتی کە هەموومان بە حەسرەتەوە لەگەڵییدا دەژین. ئەم ساتە مسۆگەرکردنی ئاشتی تورکیایە. ئێمە لە قۆناغی ئاشتیداین. دەبێت ئاشتی لەسەر زەمینەیەکی دیمورکراتیک بونیات بنرێت و هەمیشەیی بکرێت. لەم بابەتەدا پێویستە هەموو کەسێک بە ئەرکی خۆی هەستێت. بە تێکۆشانمان ڕێگەی ئاشتی و دیموکراتیک دەکەینەوە. قۆناغەکە پێویستی بە هەنگاونانی ڕوون و کاریگەرە. ئەم هەنگاوە لە لایەکەوە پێیەکی پرۆسەی کۆمەڵایەتییە و پێیەکەی دیکەی بڕیارەکانی پەرلەمانە. بڕیارەکان بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیایە.
وەک هەنگاوێک لە ئەگەری کوژرانی گەورە فەرماندە سەربازییەکانی لەلایەن ئێرانەوە، ئیسرائیل دەستەیەکی سێبەری سوپا دروست دەکات. ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، سوپا دەستەیەکی سەربازیی سێبەری دروست کردووە وەک پێشگرییەک لە کوژرانی فەرماندە سەربازییەکانیان لە جەنگی لەگەڵ ئێراندا کە 13ـی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لەنێوان هەردوولادا دروست بوو. ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوت وردەکاری پلانەکەی بڵاوکردەوە کە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکاندایە بۆ ڕووبوڕووبوونەوەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر فەرماندەکانیان، چونکە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی شێری ڕابوو کە بە چەند هێرشێک بۆ سەر سووپای پاسدارانی ئێران و وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە دەستی پێکرد، تێیدا چەند فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران و زانایانی ئەتۆمیی کوژران. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ترسی دووبارە بوونەوەی سیناریۆیەکی لەم شێوەیە کە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی بە ئامانج بگیرێن، ئیسرائیل پێشگریی کردووە بە دروستکردنی جێگرەوەیەکی ئەو فەرماندانەی ئەگەری هەیە بکوژرێن، ڕۆژنامەکە دەشڵێت: یەکەم جارە ئیسرائیل کارێکی لەو شێوەیە بکات.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەڕێی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقەوە نامەیەکی ئاڕاستەی سەرکردەکانی عێراق کردووە و هۆشداری پێدوان، ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن، لە پرۆسەى سیاسی دەکشێنەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، بارزانی لە نامەکەیدا هۆشداری داوەتە بەرپرسانی عێراق و گوتوویەتی، لە ئەگەری رێکنەکەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، لە پرۆسەى سیاسی دەکشێنەوە. دەشڵێت، هەرێمی کوردستان دەستکراوە دەبێت لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بۆ جیهان بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد. بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەولێر و بەغداد رێکنەکەون هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق پەکدەخەن و بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا ناکەن.
كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی دەستیپێكرد. لەبەرنامەی كاری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا كە (41) بڕگە لەخۆ دەگرێت، باسی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادی تێدا نیە، تا شەوی رابردوو هەولێر و بەغداد لەسەر پرسی نەوت نەگەیشتبوونە رێككەوتن. ئەمڕۆش لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی نێوان وەفدی هەرێم و بەغداد بەردەوامی هەبوو، بەڵام تا ئێستا هەردوولا لەسەر پرسی نەوت و موچەی هەرێم نەگەیشتوونەتە رێككەوتن. پێش كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هەریەکە لە لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبوونەوە. نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکە باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و پێویستی پاراستنی ئەو رێگایە کرا کە حکومەت بۆ پاراستنی عێراق لە مەترسییەکان و پاراستنی ئاسایشی وڵات داناوە, بەپێى ڕاگەیەندراوى نووسینگەکەى سودانى، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا و جەخت لە پاڵپشتى بۆ کۆمسیۆن کرایەوە بۆ ئەوەى کارەکانى بۆ هەڵبژاردن وەک خۆى جێبەجێبکات. هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو سەرۆکایەتی کۆمار و نووسینگەی سەرۆکوەزیران رێککەوتن سکاڵاکانى خۆیان لە دادگای فیدراڵی بکشێننەوە
بڕیاربوو پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵی و وەزیری دادی تورکیا لەبارەی ژمارەیەک داواکاریی شاندەکە کۆببنەوە، بەڵام پارتی دەم رایگەیاند، کۆبوونەوەکە دواخراوە. پاش ئەوەی شەشی ئەم مانگە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە و دوێنێ بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە، بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی تەمموز، شاندی ئیمراڵی لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادى ئەو وڵاتە کۆببنەوە. لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (پارتی دەم) دەڵێت، کۆبوونەوەکە بەهۆی چڕیی کاروبارەکانەوە هەڵوەشێنراوەتەوە و دواخراوە، بەڵام ئاماژەی بە وادەی نوێی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە نەکردووە. لە کۆبوونەوەی بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەم لەگەڵ تونچ کە لە 24ـی نیساندا بەڕێوەچوو، شاندی پارتەکە ژمارەیەک داواکاریی ئاڕاستەی وەزیری دادی تورکیا کردبوو، لەنێویاندا باشکردنی دۆخی کاری ئۆجەلان، هەموارکردنەوەی یاسای جێبەجێکردنی سزادان لە بەرژەوەندیی بەندکراوە سیاسی و نەخۆشەکان و هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان و رێگەدان بە رۆژنامەوانان و ئەکادیمیستان، تاوەکو بتوانن سەردانی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، ئاماژەی بە پلانی ئاوارەبوونی دانیشتوانی غەززە بۆ وڵاتانی دراوسێ کرد. ناتانیاهۆ وتی: پێموایە لە دۆزینەوەی چەند وڵاتێک نزیک دەبینەوە، ئاماژەی بە وڵاتانێک کرد کە فەلەستینیەکان قبوڵ دەکەن. ئێوارەی دووشەممە بەکاتى ئەمریکا نەتانیاهۆ لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕەتکردنەوەی خۆی لە دامەزراندنی هەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکان دەربڕی و ڕایگەیاند کە "دەبێتە سەکۆیەک بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل". ئەو هێرشەی حەماس لە کەرتی غەززەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بە "بەڵگەیەک بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان ئەگەر دەوڵەتیان هەبێت چی دەکەن" وەسف کرد. کاتێک پەیامنێران پرسیاریان لە ترەمپ کرد کە ئایا چارەسەری دوو دەوڵەتی مومکینە، وتی: نازانم، پرسیارەکەی ئاراستەی نەتانیاهۆ کرد و وەڵامی دایەوە، "پێموایە فەلەستینییەکان پێویستە هەموو دەسەڵاتەکانی خۆیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی خۆیان، بەڵام هیچ دەسەڵاتێک نەبێت کە هەڕەشەمان لێبکات. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەسەڵاتی سەروەری وەک ئاسایشی گشتی هەمیشە لە دەستی ئێمەدا دەمێنێتەوە". ناوبراو زیادی کرد: ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکا کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی وڵاتان کە بەدوای ئەو شتەدا بگەڕێن کە هەمیشە دەیڵێت، ئەویش ئەوەیە کە دەیانەوێت داهاتوویەکی باشتر بە فەلەستینییەکان بدەن، من باوەڕم وایە نزیک بووینەتەوە لە دۆزینەوەی چەند وڵاتێک. هاوکات کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا سەبارەت بە ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان، وتی کە وڵاتانی دەوروبەری ئیسرائیل هاوکاری پێشکەش دەکەن. ئاماژەی بەوەشکردووە، "هاوکارییەکی گەورەمان لەلایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە هەیە بۆیە شتێکی باش ڕوودەدات".
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکی میت جەختیکردووەتەوە لە بەهێزکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغدادو دۆسیەی ئاسایشی هاوبەشیان تاوتوێ کردوە. ئەمڕۆ سێشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق، پێشوازی کردوە لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا ئیبراهیم گولەن و شاندەکەی یاوەری. شاندی تورکیا سڵاوی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی گەیاندوە بە سودانى، هەروەها جەخت کردنەوە لەسەر خواستی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو هاوکاری و پێشکەوتنی زیاتر، لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتی دۆستدا. لە دیدارەکەدا تاوتوێی پرسە ئەمنییە هاوبەشەکان و هەماهەنگی زانیاری هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرا، بەشێوەیەک ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەقامگیری لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان و ناوچەکە بە گشتی.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکارییەکانی هێرشەکانی سەر ئێرانی ئاشکرا کرد، کە ناوی "ساڵی کلاڤی"ی لێنراوە و لە 12ـی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە، ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هێرشە دەرئەنجامی ئامادەکارییە ستراتیجییە درێژخایەنەکان بووە. کاتز وردەکارییەکانی بۆ ڕۆژنامەی ئیسرائیلی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت خستەڕوو و گوتی: ڕەوتی ئامادەکارییەکان بۆ هێرشەکەی سەر ئێران، هەموو شتێک لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی لە تشرینی دووەمی 2023 دەستیپێکرد، بڕیارێکی سەرەتایی درا بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی سنووردار دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی فۆردۆ، کە ناوی کۆدی 'ئۆپەراسیۆنی شین و سپی'ـی لێنراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، لەو قۆناغەدا ئیسرائیل هێشتا ئەو توانایە تەواوەی نەبووە کە بتوانێت بچێتە قووڵایی ناو جەرگی ئێران و چەندان جار لێی بدات، کاتز ئەمەی بە ڕۆڵی ئەڵتەرناتیڤ وەسف کردووە، ئەوەش بەهۆی توانای مووشەکەکانی ئەمەریکا. باسی لەوەش کرد، هەواڵگری سەربازی بە بە هاوبەشی پلانی یارمەتیدەر دادەڕێژێت. یەکەمیان ئۆپەراسیۆنی 'نارنیا' بوو کە زانایانی بەشدار لە پرۆژەی ئەتۆمی ئێران کردە ئامانج. دووەمیان پلانێک بوو بۆ پەکخستنی سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن بۆ ئەوەی ئێران لە توانای هەماهەنگی و وەڵامدانەوەی دەستبەجێ پەکبخات. سێهەمیشیان هێرشی سەرەتا بوو لەدژی دیارترین سەرکردە ئەمنییەکانی ئێران. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بیرۆکەی بە ئامانجکردنی سەرکردایەتی بۆ تێکدانی مۆڕاڵ و تواناکانی سەرکردایەتی لە کۆبوونەوەیەکدا وروژێندرا، ئەوەش لە مانگی کانوونی دووەمدا بەڕێوە چوو. ئەمەش لە ئۆپەراسیۆنی 'زەماوەندی سووردا' بەرجەستە بوو کە چەندان فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانیان کوشت، لەوانە فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەمیر عەلی حاجی زادە. کاتز گوتیشی: "لە مانگی کانوونی دووەم، لە میانی کۆبوونەوەیەکی رۆتین بە ناوی 'هێلا'، ئامانجی سیاسی ئۆپراسیۆنەکە داڕێژرا: بۆپەکخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی و خۆپاراستن تاکوو سەقامگیریی لە ناوچەکە درێژ بکاتەوە. لەم خاڵەدا ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی فراوانتر و بوێرانەتر، ناوی لێنرا 'پلانی ئەلتورنادۆ'، ئامانج لێی دروستکردنی کاریگەرییەکی لەناکاو و توند لە قووڵایی تاران دەستیپێکرد.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ئاگادارکردەوە کە کاندید کراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی. لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ترەمپ لە کۆشکی سپی، نەتانیاهۆ وتی، "پێم خۆشە ئەو نامەیەتان پێ بگەیەنم کە بۆ لیژنەی نۆبڵم ناردووە، کاندیدتان کردووە بۆ خەڵاتی ئاشتی، بەڕاستی ئێوە شایەنی ئەوەن، و پێویستە وەریبگرن". رۆژی دووشەممە بە کاتی واشنتن، ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە نەتەنیاهوو کرد. هەردوو سەرکردەکە هێرشە هاوبەشەکانی ئەم دواییەیان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە "سەرکەوتوو" ناوبردن. ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانی ترەمپ بەرز دەنرخێنێت "بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش لە جیهاندا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". لای خۆیەوە ترەمپ، کە نامەکەی پێگەیشتووە، دەڵێت: "من لەو بارەیەوە نەمدەزانی... بۆ من مانای زۆری هەیە کە شتێکی لەم شێوەیە لە ئێوەوە بێت". ترەمپ و نەتەنیاهوو لەگەڵ گەورە راوێژکارانیان لە کۆشکی سپی بۆ خوانێکی ئێوارە کۆبوونەوە، بۆ قسەکردن لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە و گفتوگۆکردن لەبارەی هەوڵەکان بۆ برەودان بە پێشنیازی ئاگربەستێکی 60 رۆژە بۆ راگرتنی جەنگی غەززە. نەتەنیاهوو لە کاتی پێشکێشکردنی نامەی بەربژێرکردنەکە بە ترەمپ، کە گوتی دەینێرێت بۆ لیژنەی دادوەرانی خەڵاتی نۆبڵ، رایگەیاند: "ئەو هەر ئێستا کە قسە دەکەین ئاشتی دەچەسپێنێت، وڵات لەدوای وڵات و ناوچە لەدوای ناوچە." ترەمپ بە روونی رایگەیاندووە کە دوای شەڕی 12 رۆژەی مانگی رابردووی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دەیەوێت ململانێی غەززە بەزوویی کۆتایی بێت. کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهوو رەنگە گوشاری زیاتر بخاتە سەر پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا، کە لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام روون نییە کە ئایا دەبێتە هۆی رێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت یان نا. پێش ئەوەی رۆژی یەکشەممە بەرەو واشنتن بەڕێبکەوێت، نەتەنیاهوو ستایشی هاوکارییەکانی ئەمریکای کرد کە "سەرکەوتنێکی گەورەیان بەسەر دووژمنی هاوبەشماندا" بەدەستهێناوە. هەروەها ئاماژەیەکی ئەرێنیی لەبارەی ئاگربەستی غەززەوە دا و گوتی، کاردەکات "بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنەی کە گفتوگۆی لەسەرە، بەو مەرجانەی لەسەری رێککەوتووین."
رۆژنامەى سەباح بڵاویکردەوە، لە گفتوگۆکانى نێوان هەولێر و بەغداد پێشکەوتن بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەیە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ئەو پرسە بخرێتە بەرنامەی کارى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران، کە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامبدرێت. رۆژنامەکە لە ژمارەى ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، لە (48) کاتژمێری رابردوودا، چەند کۆبوونەوەیەک و گفتوگۆ ئەنجامدراوە، بۆ گەیشتن بە چارەسەرى کێشەکان، ئەوەش بە گوێرەى دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان. رۆژنامەکە بڵاویشیکردەوە، لەو چوارچێوەیە، رۆژى دووشەممە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولـلەتیف رەشید کۆبوونەوە، کە گفتوگۆکانیان لە کۆبوونەوەکە بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە بووە. نووسینگەی سودانی لەبارەى کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە، تاوتوێی دۆسیەی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە و سەرۆککۆماریش باسى لە دۆزینەوەی رێگەچارەی دەستووریی بۆ کێشەکان کردووە. بەگوێرەى رۆژنامەکە، سەردانى رۆژى یەکشەممەى رابردووى مەحمود مەشهەدانى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بۆ هەولێر و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى پارتیی دیموکراتى کوردستان و حکومەتى هەرێمى کوردستان، پەیوەندى بە گفتوگۆکانى تایبەت بە چارەسەرى کێشەى مووچەوە بووە. هاوکات سەباح سوبجى پەرلەمانتارى عێراق لە پشکى پارتی قسەى بۆ رۆژنامەى سەباح کردووە و دەڵێت، لەو رەشنووسەى ئامادەکراوە بۆ ئەوەى هەولێر و بەغداد لەسەرى رێکبکەون، حکومەتی هەرێم رۆژانە (300) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات لە ڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ). ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، لە بەرامبەردا هەرێم رۆژانە (46) هەزار بەرمیل وەردەگرێت بۆ بەکارهێنان و پاڵاوتنی ناوخۆیی و پڕکردنەوەى پێداویستییەکان. سوبحی ئاماژەی بەوەشکرد، هیوایەک هەیە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رێککەوتنەکە رابگەیەندرێت، بۆ ئەوەی بە فەرمی واژۆبکرێت و لە کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق پەسەندبکرێت.