بڵاوبونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەرۆکی فەڕەنسا و خانمی یەکەمی وڵاتەکە، کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتوەتەوە و کۆشکی ئیلیزێ-ـش دەڵێت: ماکرۆن و هاوژینەکەی تەنها دەمەقاڵێیان بوە. دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی ئیمانیۆڵ ماکرۆن-ـی سەرۆکی فەڕەنسا بڵاوبوەوە کە لەناو فڕکەکەیدا لەلایەن هاوژینەکەیەوە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، هەرچەندە سەرەتا نوسینگەکەی ماکرۆن رەتیکردەوە ڤیدیۆکە راستەقینە بێت، بەڵام کۆشکی ئیلیزێ رونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆیە بڵاوکردەوە. ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی ئیلیزێ-ـی بڵاوکردوەتەوە،"سەرۆک ماکرۆن و هاوژینەکەی لەساتەدا هەوڵیانداوە بە گاڵتەکردن لەگەڵ یەکتری فشار لەسەر خۆیان کەمبکەنەوە". هەروەها، کەسێکی نزیک لە سەرۆککۆماری فەرەنسا وتویەتی: " ئەوەی رویداوە شتێکی ئەوتۆ نەبووە، بەڵکو "دەمەقاڵێ"یەکی بێ توندوتیژی بوە". هاوکات، بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی روسیای بەوە تۆمەتبار کردوە کە بابەتەکەیان گەورە کردوە. روداوەکە بەم شێوەیە بو: لە فڕۆکەخانەی هانۆی، دەرگای فڕۆکەکە کرایەوە و ماکرۆن لەبەر دەرگاکە وەستا و چاوەڕێی چوونەدەرەوەی کرد، بەڵام لەکاتەدا بریجیتی هاوژینی، پاڵێکی بە روخساری ماکرۆنەوە نا. ماکرۆن، سەیری کامێراکانی کرد و دەستی راستی بۆ سڵاوکردن بەرزکردەوە و رویکردەوە بریجیتی هاوسەری. لەکاتی هاتنەخوارەوەش لە قادرمەکانی فڕۆکەکە ماکرۆن هەوڵی دا دەستی هاوژینەکەی بگرێت، بەڵام بریجیت دەستی دور خستەوە.
سەنتەری میترۆ رێكارەكانی قەدەغەكردنی كاری راگەیاندن لە قەزای زاخۆ پێچەوانەی ئەو بڕگانەن كە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری وەك رێكارو مەرجی پێویست بۆ دەركردنی رۆژنامە دیاری كردووە كە "تۆماركردنە" نەك " مۆڵەتدان". بەرپرسی نووسینگەی زاخۆی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ رووداو دەڵێت "رێگە بە هیچ راگەیاندن و پەیجێك نادەن بێ هەبوونی مۆڵەت، كاری رۆژنامەنووسی بكات" . لە یاساكەدا خاوەن ئیمتیاز یان دامەزرێنەرەكەی راگەیاندنێك لە دوو رۆژنامەی رۆژانەی هەرێم بڵاوبكاتەوە، كە ناو و نازناو و رەگەزنامە و شوێنی نیشتەجێبوونی خاوەن ئیمتیاز یاخود، دامەزرێنەر و ناوی رۆژنامەكەو ئەو زمانەی كە پێی بڵاودەكرێتەوە، لەگەڵ ناوی سەرنووسەر و ماوەی دەرچوونی تێدا بنووسرێ. راگەیاندنەكەش بە بەیانی دەركردنی رۆژنامەكە دادەنرێ. ئەم رێكارەش بە بەیاننامەی دامەزراندن دادەنرێت لە سەندیكای رۆژنامەنووسان تۆماری دەكات، نەك بچێت "مۆڵەت" لە سەندیكا وەربگرێت. نووسینگەی زاخۆی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، مافی ئەوەی هەیە داوا بكات، ئەو پەیجانەی مۆركی كارەكانیان راگەیاندنە، واتە پەیامنێر و لۆگۆی تایبەت بە خۆیان هەیە، بچنە سەندیكا خۆیان تۆمار بكەن، نەك بڕیاری قەدەغەكردنیان دەربكەن، چونكە یاسا ئەو دەسەڵاتەی پێنەبەخشیوون. سەنتەری میترۆ رێكارەكانی قەدەغەكردنی كاری راگەیاندن لە قەزای زاخۆ پێچەوانەی ئەو بڕگانەن كە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری وەك رێكارو مەرجی پێویست بۆ دەركردنی رۆژنامە دیاری كردوە كە "تۆماركردنە" نەك " مۆڵەتدان". بە پێی بڕگەكانی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، "رۆژنامەگەری ئازادەو هیچ سانسۆرێكی لەسەرنییە و ئازادیی دەربڕین و بڵاوكردنەوە بۆ هەموو هاووڵاتیان دەستەبەرە، لە چوارچێوەی رێزگرتنی ماف و ئازادییە تایبەتیەكانی تاكەكان و تایبەتمەندیی ژیانیان".
دادگای فیدراڵیی عێراق لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ تاوتوێی دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەکات. بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکان، رۆژی شەشەی تەمموزی داهاتوو، دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵای هەریەک لە عومەر گوڵپی کاندیدی دەرچوو بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و سروە عەبدولواحید ئەندامی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەکات. هاوکات عومەر گوڵپی رایگەیاند، لە سکاڵاکەیدا کە لەسەر پەرلەمانی کوردستان تۆماریکردووە، داوایکردووە دادگا بڕیاربدات بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، راسپاردنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بەزووترین کات، وەرگرتنەوەی هەموو ئەو ئیمتیازە مادییانەی کە 97 پەرلەمانتار لە ماوەی رابردوودا وەریانگرتووە لەبەرئەوەی هیچ کارێکیان نەکردووە. عومەر گوڵپی پێیوایە ئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەجۆرێک دیزاینکران کە پەرلەمان نەوەک ناتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات و ببێتە چاودێر بەسەر حکومەتەوە، دوای زیاتر لە حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هێشتا توانای ئەوەی نییە کۆبوونەوەی یەکەمی ئاسایی خۆی بەڕێوەبەرێت و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت.
تولای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان 'دەم پارتی' لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و هەنگاوەکانی سەرخستنی پرۆسەکە دەڵێت: ئەرکی سەرەکی بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ئەستۆی پەرلەماندایە، بەڵام هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا داخوازیی لە پێشینە نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی سیستەمی دیموکراسییە. هاتیمئۆغولاری، بۆ میدیایەکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) قسەی کردووە و ڕایگەیاندووە، پرۆسەی ئاشتی لە تشرینی یەکەمی ساڵی پارەوە دەستی پێ کردووە، یەکێکە لە گرنگترین دەرفەتەکانی ئاشتی لە مێژووی 100 ساڵەی تورکیا، دەشڵێت: دەبێت هەوڵی جددی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە و دەرفەتە بدرێت. گوتیشی: کاتێک دەرفەتێکی وەها مێژوویی دێتە پێشەوە، ئەگەر کار و هەوڵی جددی نەکەین، ناتوانرێت ئاشتییەکی هەمیشەیی بهێنرێتە دی. هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش داوە، هەندێک هەنگاوی کۆنکرێتی هەن، پێویستە بنرێن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش بچێت، ئێمە لە هەموو دەرفەتێکدا جەخت لە هەنگاوەکان دەکەینەوە و درێغی ناکەین لە دووبارەکردنەوەیان تا بەدی دێن، لەوانە پێویستە هەموو زیندانییەکانی دۆسیەی کۆبانی، بە سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و ئەوانەی دیکەش ئازاد بکرێن. هەروەها ئاماژەی بە گۆڕانکاریی لە چەند یاسایەکدا کرد و گوتی: دەبێت گۆڕانێکی ڕیشەیی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بکرێت، چونکە مانەوەی یاساکە بەم شێوەیەی ئێستا دەبێتە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم دیموکراسیدا. تولای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) باسی لە ڕۆڵی ئاشتیی تورکیا لە ناوچەکە کردووە و دەڵێت: ئەو ڕۆڵەی ئێستای تورکیا لە ئاشتەوایی ناوچەکەدا دەیگێڕێت، بە دڵنیاییەوە گرنگە، بەڵام گرنگە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ گەلی کوردی دانیشتووی وڵاتەکە بنرێت و بەدی بهێنرێت، دواتر دەتوانرێت ئاشتییەکی هاوشێوە لە سووریا بکرێت.
ئێران رایگەیاند، داواکاریی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم خەیاڵیی و رەتکراوەیە، دەشڵێت: هیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی قۆناغی شەشەمی دانوستانەکان دیارینەکراوە. ئیسماعیل باغایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرچەشنە ئەگەرێکی هەڵپەساردنی یۆرانیۆم رەتکراوەیە بەمەبەستی گەیشتن بە رێکەوتن لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی. وتیشی: ئەو داواکارییەی واشنتۆن بۆ قەدەغەکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم خەیاڵییە و تاران بە "هێڵی سور"ـی دانوستانەکانی دەزانێت. راشیگەیاند، هێشتا هیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی قۆناغی شەشەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا دیارینەکراوە. سەرۆکی ئەمەریکا، رۆژی یەکشەممە وتی: پێشکەوتن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەبوە و دەکرێت لەماوەی یەک دوو رۆژی داهاتو رێکەوتنێک بکرێت. دەقى قسەکانى ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: لەگەڵ لایەنی عومانی لە راوێژداین. هەركاتێك ئەوان گەیشتنە ئەنجام؛ بەڕاوێژ لەگەڵ ئێمەو ئەمریكا وادەی دانوستان دیاری دەكرێت، بەڵام تائێستا هیچ شتێك دیاری نەكراوە، عومان وەكو ئاسانكارێك بۆچوونەكانی خۆی دەخاتەڕوو لەگەڵ هەردوولا هەماهەنگیی دەكات. پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم وەكو بەشێكی دانەبڕاو لە وزەی ئەتۆمیی ئاشتیانەو پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران دەبێت پارێزراو بێت. ئێمە بە هیچ جۆرێك رێگەی ئەوەمان پێنادرێت لەم بابەتەدا بچوكترین نەرمی نیشان بدەین. بەدڵنیایی پێشنیاری لایەنە جیاوازەكان لەنێویاندا عومان ئەم هێڵە سورەی ئێمە لەبەرچاودەگرن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و شاندێکی باڵاى ڕێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، دهربارهى چۆنیەتیی كاريگهريى گۆڕانى ئاووههوا و بهبيابانبوون و كهمئاوى و بهرهنگاربوونهوهى ئاڵنگارييهكانى بهردهم كشتوكاڵ و ئاو و خۆراك، بيروڕايان گۆڕييهوه. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى بهيانيى ئهمڕۆ دووشهممه 2025/5/26 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازيی لە شاندێکی باڵاى ڕێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO)، بە سەرۆکایەتیی شو دۆنيو، بەڕێوەبەری گشتیى ڕێكخراوهكه، كرد. له كۆبوونهوهكهدا هەریەکە لە بێگهرد تاڵهبانى، وهزيرى كشتوكاڵ و سهرچاوهكانى ئاو و سهيوان بارزانى، باڵيۆزى عێراق له ئيتاڵيا و باڵيۆزى عێراق له ڕێكخراوى FAO ئامادهى بوون. بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارەکانی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک و سەرچاوە ئاوییەکان لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستاندا تاوتوێ كرا، ههروهها دهربارهى چۆنیەتیی كاريگهريى گۆڕانى ئاووههوا و بهبيابانبوون و كهمئاوى و بهرهنگاربوونهوهى ئاڵنگارييهكانى بهردهم كشتوكاڵ و ئاو و خۆراك، بيروڕايان گۆڕييهوه. نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینی بۆ كار و بهرنامهكانى ڕێکخراوهكه لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕۆڵی لە جێبەجێکردنی پرۆژەكانى گەشەپێدان و بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراک، بهرز نرخاند، ههروهها ههموو پشتگيرييهكى لايهنه پهيوهنديدارهكانى ههرێمى كوردستانى بۆ كار و بهرنامهكانى FAO دووپات كردهوه. لای خۆیەوە، دۆنيو سوپاسی ڕێکخراوەکەی بۆ گرنگیدانی هەرێمى كوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ دەربڕی، هەروەها ئامادەیيی فاوی بۆ فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری و جێبەجێکردنی بەرنامە ستراتیژییەکان دووپات کردەوە کە خزمەت بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە هەرێمى كوردستان دەکات.
لە دوو هێرشی ئیسرائیلدا بە لایەنی کەمەوە 50 کەس لە غەززە کوژران، کە یەکێکیان قوتابخانەیەک بووە کراوەتە ئامانج و ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ کرابوو، هێرشەکەی دیکەیان ماڵێکی لە جەبالیا کردووەتە ئامانج. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، گەورە تیرۆریست بە ئامانج گیراون. مەحمود بەسڵ گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، قوتابخانەی فەهمی جەرجاوی لە گەڕەکی دەرج کە سەدان ئاوارەی لەخۆی گرتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیراوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، تیمەکانیان بە لایەنی کەمەوە تەرمی 33 کەسیان گواستووەتەوە کە زۆرینەیان منداڵن، هەروەها نزیکەی 60 برینداریش هەن. هەروەها ئاژانسی هەواڵ و زانیاریی فەڵەستینی بڵاویکردەوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل ماڵی هاوڵاتییەکیان لە ناوچەی جەبالیا لە باکووری غەززە بە ئامانج گرتووە و لە ئەنجامدا بە لایەنی کەمەوە 19 کەس کوژراون. لای خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێرشی سەر قوتابخانەکە بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی بووە، کە لەناوەندێکی فەرماندەیی لە دەوروبەری بیناکە چالاکییان هەبووە. سەرباری زیادبوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام ئەو وڵاتە هێرشەکانی زیادکردووە و رۆژی یەکشەممەش لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی سوپای ئەو وڵاتەدا 22 کەس لە غەززە کوژران کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون. پاش دوو مانگ ئاگربەست، ئیسرائیل لە ناوەڕاستی ئازاری رابردووەوە هێرشەکانی دەستپێکردووەتەوە و لە 17ـی ئایارەوە هێرشەکانی چڕترکردووەتەوە و بەگوتەی خۆی دەیەوێت کۆتایی بە حەماس بهێنێت و بارمەتەکان ئازاد بکات و تەواوی غەززە کۆنتڕۆڵبکات. بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، نزیکەی 54 هەزار فەڵەستینی کوژراون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها زیاتر لە 12 هەزار کەسی دیکەی سڤیل برینداربوون. هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی تەلئەڤیڤ، لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماس لە 17ـی ئۆکتۆبەر بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، هەزار و 218 کەس کوژران کە زۆرینەیان سڤیل بوون.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەبارەی راگەیەندراوی دووەمی وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەغداد پاشگەزبووەتەوە لەوەی کوردستان تۆمەتباربکات بە دروستکردنی پەیوەندی تاکلایەنە لەگەڵ واشنتن. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی گرێبەستە نەوتییە ملیار دۆلارییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا نیگەرانی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە، بە هۆکاری ئەوەی گرێبەستەکان بەبێ ئاگاداری بەغداد کراون، هەرزوو لە راگەیەندراوێکی دیکەدا بە زمانێکی نەرمتر داوای پابەندبوونی دەستووری کرد لە چارەسەرکردنی دۆسیەیەکی وا گرنگ. شەرقلئەوسەت باسی لەوە کردووە، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتنەوە واژۆکردنی دوو گرێبەستی نەوت و غازی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی بە بەهای 110 ملیار دۆلار راگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رێککەوتنەکەی رەتکردەوە و بە نایاسایی لەقەڵەمیدا، بەڵام هەرزوو لە راگەیەندراوی دووەمدا بەغداد لە هەڵوێستی توندی خۆی پاشگەزبووەتەوە و بە زمانێکی نەرمتر تەنها داوای پابەندبوون بە دەستووری عێراقی کردووە. رۆژنامەکە دەشڵێت، ئەمە هەڵوێستێکی نامۆ و لاستیکییە، چونکە هێشتا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەردوولاوە نەتوانراوە یاسای نەوت و غاز پەسەندبکرێت. لەدوای رێککەوتنەکە ئەمریکا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و پشتگیری خۆی بۆ گرێبەستەکان دەربڕی و لە دانیشتنێکی کۆنگرێسیشدا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشداری بە عێراقدا بۆ بەهێزکردنی و باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن “دەبێت رێز لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق بگرێت.”
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە لە وردبینیکردن بۆ لیستی مووچەی مانگی پێنج و چاوەڕوانن ئەمڕۆ وردبینییەکە تەواو بکات. ئەو سەرچاوەیە وتى، لە پێشنیوەڕۆى دوێنێوە، وەزارەتى دارایی عێراق دەستیکردووە بە وردبینى بۆ لیستى مووچەى مانگى پێنجى هەرێمى کوردستان، ئەوانەى وردبینییەکە دەکەن دەیانەوێت ئەمڕۆ تەواوى بکەن و بیخەنە بەردەم تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بۆ ئەوەی ناردنی مووچە واژۆبکات، پێش ئەوەی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج بچێتە مەککە. دوێنێ وەزارەتی دارایی، لیستی مووچەی مانگی پێنجی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق کرد، پێشتریش سەرچاوەیەکی باڵا وتبووى، بەڵێنیان لە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق بەوەکالەت وەرگرتووە، 27ـی ئەم مانگە مووچەی مانگی پێنج خەرج بکەن. دواتریش دەستبەجێ لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و پێش جەژنی قوربان سەرجەم مووچەخۆران مووچەی مانگی پێنج وەردەگرن. 2025-05-13، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان خرایە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ھەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە. وتەی ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە، بەوتەی بەشێك لە میدیا عێراقیەكان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پێش جەژن مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش بكرێت، بە مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیشەوە. هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، لە بەغدا دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و تاوەکو رۆژی دووشەممەش بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە دەست بە وردبینی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێ و ئەگەر ھیچ بیانوویەکیان نەبێت، لە سێ بۆ چوار رۆژدا وردبینی تەواو دەبێت. بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، "بە ئەگەرێکی زۆر، پێش جەژن مووچە دابەش دەکرێت، ئەگەر بەغدا بیانوو نەهێنێتەوە".
لە مانگی داهاتودا سەرۆک کۆماری تورکیا گۆڕانکاری گەورە لە کابینەکەیدا ئەنجام دەدات ،بە جۆرێک کە هەشت وەزیر دەگۆڕدرێن و دو وەزارەتی نوێش دادەمەزرێت. میدیاکانی نزیک لە حکومەتی تورکیا بڵاویانکردوەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا، بڕیاریداوە لە مانگی داهاتو گۆڕانکاری لە ناو کابینەی حکومەتەکەی ئەنجام بدات. بە گوێرەی میدیاکان گۆڕانکارییەکانی کابینەکەی ئەردۆغان لە دوای 3ی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات، چونکە وەزیرەکان لەو کاتەوە مافی خانەنشین بونیان دەبێت. محەمەد عەلی کۆلات، لێکۆڵەری بیروڕای گشتی رایگەیاند، هەشت وەزیر دەگۆڕێن، بەڵام 10 وەزیر دادەمەزرێن، بەهۆی ئەوەی دوو وەزارەت جیادەکرێنەوە، ئەوانیش وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و دارستان، وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار دەبن. ئاشکراشیکردوە، موراد کوروم، وەزیری ژینگە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، جەودەت یڵماز، وەزیری داد دڵنیانییان هەیە لە مانەوەیان لە شوینەکەیاندا.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگهیاند، پیاوێک لە كرماشان بە بەكارهێنانی چەك هەوڵی كوشتنی هاوژینەكەی و دو ژنخوشكەكەی داوە و دواتر هەر بەو چەكە خۆی كوشتوە، هۆكاری كێشهكهش "خێزانی" بوە. ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردهوه، پیاوێكی تەمەن 29 ساڵ بە ناوی ئەشكان هیمەتی لە شەهرەكی كەراچیی كرماشان بە كەڵكوەرگرتن لە چەك، هاوژین و ژنخوشكەكەی بە ناوەكانی سەمیرا فەرهادی تەمەن 25 ساڵ و سومەیە فەرهادی كوشتوە. ئاماژهی بهوهشكردوه، هاوژینەكەی دهستبهجێ گیانی لە دەستداوە و دو ژنخوشكەكەی بە ناوەكانی سومەیە فەرهادی و زارا فەرهادی كە بە سهختی برینداربون بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتهوە، سومەیە فەرهادی تەمەن 17 ساڵ دو ڕۆژ دوای ڕودانی ڕوداوەكە گیانی لهدهستداوه. هەروەها خوشكی سێهەمی بنەماڵە بە ناوی زارا فەرهادی كە چاوی بە قوڵی بریندار ببو و زیانی بەركەوتوە، نەشتەرگەریی بۆ كراوە و چاویان دەر هێناوە، بارودۆخی جەستەیی ناوبراو دژوار ڕاگەیهندراوە و تا ئێستا لە ژێر چاوەدێری تایبەتی پزیشكی دایە. بەوتەی یەكێک لە نزیكانی ئەو بنەماڵەیە، "بكوژ دوای هاتنە ژورەوە بۆ ماڵی خەزوری سەرەتا تەقەی لە ژنخوشكەكەی، سومەیە فەرهادی، كردوە سومەیە بە ناوبراوی وتبو "لهبهر منداڵهكهت (سەمیرا) مەمكوژە"، بەڵام تەقەی لێكردوەو دواتر تەقەی لە ژنخوشكەكەی دیكەی كردوە". ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕونیكردهوه، "بكوژ كە خاوەن بڕوانامەی یاسا بوە، دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانه، بە تەقەكردن لە ژێر ملی خۆی هەوڵی خۆكوژی داوه و سەرەڕای ئەوەیكە بۆ نەخۆشخانە گواستراوهتهوه، گیانی لە دەستداوه". ئهوهشی خستوهتهڕو، "بكوژ و هاوژینەكەی دو منداڵی سێ و پێنج ساڵەیان هەبوە، ماوەی نۆ مانگ ناكۆكیان ههبوه و هەر بەو هۆیەوە هاوژینەكەی گەڕابوەوە ماڵی دایك و باوكی".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، ڤلادمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا بە شێت ناودەبات، هۆشداریشیدا لەوەی هەر هەوڵێک بدات بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئۆکرانیا، ئەوا دەبێتە هۆی روخانی روسیا. ترەمپ، لە پۆستێکیدا لە سەكۆی "تروس شۆشیال" رایگەیاندووە، هەمیشە پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا هەبووە، بەڵام تووشی شتێك بوو، هەر بە تەواوی شێت بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، هەمیشە وتوومە ئەو هەموو ئۆکرانیای دەوێت نەک تەنها بەشێکی، رەنگە ئەوە راست دەربچێت، بەڵام ئەگەر بیکات ئەوە دەبێتە هۆی روخانی روسیا. پێشتریش ترەمپ رەخنەی توندی لە هاوتا روسیەکەی گرت و ناڕەزایی خۆی دەربڕی، دوای هێرشێکی گەورەی روسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئۆکرانیا، کە بووە هۆی کوژرانی ١٣ کەس. لەگەڵ ئەوەی ترەمپ هەمیشە سەرسامی خۆی بە پوتین دەربڕیوە، بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوودا بێزاری خۆی دەربڕیوە لە هەڵوێستی مۆسکۆ، لە میانی دانوستانەکانی ئاگربەست لەگەڵ کیێڤ، كە گەیشتووەتە بنبەست. ئەوە لەكاتێكدایە، دوێنێ ترەمپ بەر لەوەی بچێتە ناو فرۆكەكەی، لە فڕۆکەخانەی مۆریستاون لە ویلایەتی نیوجرسی، بە رۆژنامەنوسانی وت: بێزارم لەوەی کە پوتین دەیکات، ئەو خەڵکێکی زۆر دەکوژێت، نازانم تووشی چی بووە. وتیشی: ماوەیەکی زۆرە دەیناسم، هەمیشە لەگەڵیدا رێککەوتوم، بەڵام موشەک ئاڕاستەی شارەکان دەکات و خەڵک دەکوژێت، منیش بەهیچ شێوەیەک ئەوەم پێخۆش نییە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا دەڵێت، گەڕی پێنجەمى دانوستانی ئەتۆمیی نێوان واشنتن و تاران زۆر باش بووە. ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە فڕۆکەخانەى مۆریس تاون لە ویلایەتى نیوجێرسی لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا ئەم قسەیەی درکاند. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ئاماژەی بەوەدا کە پێشکەوتن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی هەبووە، ئاماژەی بەوەشدا کە دەکرێت لە ماوەی "یەک دوو ڕۆژی داهاتوودا" ڕاگەیاندنێک بڵاوبکرێتەوە. ناوبراو بە شێوەیەکی بەرچاو گەشبینتر بوو لە ناوبژیوانی عومانی بۆ دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران، کە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە دوو وڵات لە خولی پێنجەمی دانوستانەکانی ڕۆمادا پێشکەوتنی "بەشەکی بەڵام بێ ئەنجام"یان بەدەستهێناوە. رۆژی هەینى لە رۆمای پایتەختى ئیتاڵیا و لەناو باڵیۆزخانەى عومان، گەڕی پێنجەمی دانوستانە ئەتۆمییەکەى نێوان واشنتن و تاران بەڕێوەچوو. پێشتر تارانیش رایگەیاندبوو، ئەوان دەستبەرداریی پیتاندنى یۆرانیۆم نابن، یەکێک لە مەرج و داواکارییەکانی ئەمریکاش، راگرتنى پیتاندنەکەى تارانە. ئیسماعیل بهقائی، گوتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئێران ڕایگهیاند، ئهو ههواڵانهی له بارهی واده و شوێنی بهڕێوهچوونی گهڕێكی دیكهی دانوستانهكان لهگهڵ ئهمهریكا بڵاو كراونهتهوه، تهنیا دهنگۆن و تاوهكوو ئێستا بڕیاری فهرمی لهم بارهوه نهدراوه. جهختیشی كردهوه، ئهو ههواڵهی دراوهته پاڵ وهزارهتی دهرهوهی عوممان بۆ واده و شوێنی بهڕێوهچوونی گهڕی شهشهمی دانوستانهكانی نێوان ئێران و ئهمهریكا، دووره له ڕاستی و ههڵبهستراوه. چهند پلاتفۆرمێك به زمانی فارسی بڵاویان كردووهتهوه، چوارشهممهی داهاتوو گهڕی شهشهمی دانوستانهكانی نێوان تاران و واشنتن بهڕێوه دهچێت.
ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی تەنیا دوو مانگدا زیاتر لە ٩٥٠ منداڵ لە کەرتی غەززە کوژراون. UNRWA لە پۆستێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، "منداڵانی غەززە بەرگەی ئازارێکی بێ خەیاڵ دەگرن"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "برسێتی و ئاوارەبوون و هێرشی بێ جیاوازییان لەسەرە". جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەمە بوەستێت و دەڵێت "دەبێت منداڵان بپارێزرێن". پێش ئەوەش ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو کە کەرتی غەززە ڕۆژانە پێویستی بە 500 بۆ 600 بارهەڵگری فریاگوزاری هەیە. ئەمڕۆ UNRWA لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، "لێشاوی ئامانجدار و بێ پچڕانی هاوکارییەکان بۆ غەززە تاکە ڕێگەیە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری کارەساتی ئێستا". ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەمترین پێویستی ڕۆژانە ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ بارهەڵگر دەبێت، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، لەنێویاندا UNRWA". ئاماژەی بەوەشکردووە، "خەڵکی غەززە ناتوانن زیاتر چاوەڕێ بکەن". میدیاکانی بزووتنەوەی حەماس بڵاویان کردەوە کە تەنیا 100 بارهەڵگری فریاگوزاری چوونەتە ناو غەززە، کە دەکاتە 1%ی پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتووانی غەززە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی بەدخۆراکی و کەمی خۆراک و دەرمانەوە زیاتر لە ٥٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە. لەلایەکى دیکەوە کەناڵی بی بی سی رایگەیاند، لە بۆردومانێکی سوپای ئیسرائیل لە خان یونسی غەزە نۆ منداڵی یەک خێزان کوژراون و تەنها باوک و منداڵێکیان رزگاری بووە. بەگوێرەی راپۆرتەکەی بی بی سی، بۆردومانەکە لە ماڵی دکتۆر حەمدی نەجار و عەلا نەجاری داوە کە هەردووکیان پزیشکن لە نەخۆشخانەی ناسر. بەگوتەی د.مونیر ئەلبروش، بەڕێوەبەری وەزارەتی تەندروستیی غەزە، خانووی خانەوادەی نەجاڕ دوای چەند خولەکێک لە گەڕانەوەی حەمدی نەجار بۆ ماڵەوە لێیدراوە دوای ئەوەی عەلا نەجاری خێزانی گەیاندووەتە سەر کار. لەدوای بۆردومانەکە تەنها حەمدی نەجار و منداڵێکیان بەناوی ئادەم کە تەنها 11 ساڵە رزگاریان بووە. گەورەترین منداڵی ئەو خێزانە 12 ساڵ بووە.
لە ٢٣هەمین کۆنگرەی نائاسایی کەنەکە دەربارەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد، ستراتیژی دیپلۆماسی و یەکێتی نەتەوەیی، گفتوگۆی بەرفراوان کرا. کۆنگرەكە بە هەڵبژاردنی هاوسەرۆک و ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆتایی هات. لە دانیشتنی دوەم ڕۆژی جڤاتی گشتی ٢٣هەمینی کەنەکە، کۆنسەی بەڕێوەبەری هەڵبژاردنی ئەنجامدا. بە گفتوگۆ و کۆی دەنگی نوێنەران، ١٩ ئەندانی کۆنسەی بەڕێوەبەری كران بە ٢٣ ئەندام. پاشان هەڵبژاردن کرا. کۆنگرەکە بە خۆناساندنی ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەری و پێشنیارەکان بەردەوام بو. هاوسەرۆکانی کەنەکە زەینەب موراد و ئەحمەد کاراموس کە دوبارە وەک هاوسەرۆک هەڵبژێرانەوەو پاشان قسەیان كرد. زەینەب موراد ڕایگەیاند لەم قۆناغەدا بەرپرسیارێتیی مەزنیان لەسەر شانە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد، وتی: "دەبێت خەباتی نەتەوەیی بەدیسپلینتر بکرێت و زەمینەی دیپلۆماتیک پتەوتر بکرێت". ئەحمەد کاراموس ڕایگەیاند قۆناغەکە هەستیارەو وتیشی"لە دو ساڵی بەردەمماندا بۆ پتەوکردنی خەباتی یەکێتیی نەتەوەیی و پەیوەندیی دیپلۆماسی و نێونەتەوەیی وەک یەک دەنگ کاردەکەین بۆ نوێنەرایەتی گەلی کورد". ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە زوبەیر ئایدار ڕایگەیاند، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، دەبێت تورکیا دەست هەڵبگرێت لە نکۆڵیکردن لە گەلی کورد. ئایدار بانگەوازیکرد بۆ بەشداربون لەو کۆنفرانسەی لەلایەن کەنەکەوە ڕێکدەخرێت بۆ یادی ١٠٠ ساڵەی لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی و بۆ ئەو گردبونەوەیەی کە لە ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێت. کۆنگرەکە بە گفتوگۆ و پێشنیاری بەشداربوانی چوار پارچە و نوێنەری پارتە سیاسییەکان و کەسانی بەشداربو، وە باسکردن لەسەر پاراستنی دەسکەوتەکانی کوردستان، کۆتایی هات. ئەم کەسانە بۆ کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە هەڵبژێردران: ١- شێخ شەماڵ ٢_ ڕەفیق غەفور ٣_ ئەکرەم حوسۆ ٤_ ئیبراهیم عەلیپور ٥_ بەهزاد پیرموسا ٦_ شێرکۆ محەمەد ئەمین ٧_ فاروق جەمیل ٨_ میران ساڵەح ٩_ شوکروڵا محەمەد ئەمین ١٠_ عوسمان ئەرگین ١١_ سەعید سەنەندەجی ١٢_ یەعقوب میرزا ١٣_ زوبەیر ئایدار ١٤_ نەیلوفەر کۆچ ١٥_ ڕۆژین موکریان
