فەرماندەیی یەرەکە سەبارەت بە هێرشەکەی ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٥ لە ناوچەی پێنجوێن ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە هێرشەکە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لە دژی هێزەکانیان ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا هەڤاڵێکمان بە ناوی سمکۆ کۆبانێ شەهید بووە. ڕاگەیەندراوەکەی فەرمانداری یەکینەکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) بەمشێوەیە: "وەک گەلەکەمان و رای گشتی دەزانێت، لە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٥ لە گوندی شیوەگوێزان لە ناوچەی پێنجوێن هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدرا. ئەم هێرشە هێزەکانی ئێمەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردە ئامانج. سەرەتادا لەسەر ڕووداوەکە لەلایەن ڕای گشتیەوە هەواڵی زۆر بڵاوبووەو و هەمووان بەشێوازی خۆیان باسی ڕووداوەکەیان کرد. ئێمە وەک یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدواداچوونمان بۆ ڕووداوەکە کرد و لە ئەنجامدا ئەو دۆخە سەرڕاست دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کە ئەم هێرشە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بۆ سەر هێزەکانمان ئەنجامدراوە. زۆرجار کاتێک دەوڵەتی ئێران دەکەوێتە بەربەستەوە، پەنا بۆ رێبازی هێرش دەبات. هێرشەکان بۆ سەر گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەمان کاتدا فشارەکان بۆ سەر ژنان و لە سێدارەدانی ڕۆژانەی گەلەکەمان پەیوەندییان بە بارودۆخی ئاڵۆزی ئەم سیستەمە بێچارەوە هەیە. ڕۆژی ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٥ کاتژمێر ٨:٤٥ خولەکی بەیانی لە ناوچەی پێنجوێن هێزەکانمان دەبنمە ئامانجی فڕۆکەی کامیکازی خۆکوژی سەر بە دەوڵەتی ئێران و لە ئەنجامدا یەکێک لە هەڤاڵانمان بە ناوی سمکۆ کۆبانێ ڕۆڵەی بە ئەمەگی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە تێکەڵ بە بەها وڵاتپارێزییەکانی ناوچەی هەورامان گەورە بووە و قەت لە ڕاستی خۆی دوور نەکەوتووتەوە و هەمیشە بوێرانە لە بەرامبەر ئەم ڕژێمە داگیرکەر و کۆنەپەرستە سەری دانەنواندووە، تا دوا دڵۆپی خوێنی بێ دوودڵی تێکۆشانی کرد و بۆ ژیانێکی ئازاد ٢٤ کاتژمێر کار دەکرد، بەم هێرشە ترسنۆکانەیە گەیشتە ئاستی شەهیدبوون. لە داهاتوویەکی نزیکدا ناسنامەی هەڤاڵمان بە ڕێگەی راگەیاندراوێکی بەرفراوان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە. دەوڵەتی  ئێران لە کاتی بێچارەییەی خۆیدا بەتایبەت دوای هێرشەکانی ئیسرائیل کە ١٢ ڕۆژ بەردەوام بوو، لەجێی ئەوەی زیاتر ڕێوشوێنی دیموکراسی بگرێتەبەر و زیاتر خۆی لەگەڵ خەڵکدا ئاوێتە بکات، هێرشەکان بۆ سەر خەڵک تا دێت زیاتر دەکات، ڕۆژانە بارودۆخی پێشبینینەکراو دەخاتە ئاراوە و بەر بە ڕێگەکانی چارەسەری دەگرێت، بەمەش قەیران و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات.  وەک هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر ئەو جۆرە هێرشانە بێ بەرگری نامێنینەوە و تا کۆتایی لە چوارچێوەی مافی ڕەوای خۆماندا بەرگری لە خۆمان دەکەین. بەهیچ جۆرێک هێرش ناکەینە سەر هیچ کەسێک بەڵام لەبەرامبەر هەر جۆرە هێرشێک لەسەر خەڵک و هێزەکانمان، بەردەوام خۆمان دەپارێزین و بێ دەنگ نابین.  لە کۆتاییدا وەکو یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەتا سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی هێژای هاوڕێمان و تەواوی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەون و جارێکی تر بەڵێنی تۆڵەکردنەوە بە گەلەکەمان دەدەین و خوێنی هاوڕێمان بەهیچ شێوەیەک بەفیڕۆ نادەین.  فەرماندەیی یەرەکە 

کەناڵى ١٢ى ئیسرائیل، لەزارى بەرپرسانى نووسینگەی سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆوە بڵاویکردەوە ناوبراو نەخۆشەو تووشی هەوکردنی ڕیخۆڵەبووە لەماڵەوە چارەسەر وەردەگرێت  سێ ڕۆژ پشووى پێدراوە. سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لەلایەن تیمێکى تاییەتەوە پشکنینی بۆ کراوەو دەرکەوتووە تووشی هەوکردنی ڕیخۆڵە بووە. بەپێى زانیاریەکان هەوکردنەکە بەهۆی خواردنی خۆراکی تێکچوو بووە و ئێستا باری تەندروستی باشە.  تا ئێستا ناتانیاهۆ یاریدەدەری کەسی بۆ دانەنراوە و نووسینگەکەش دەڵێت: لە ماڵەوە بەردەوامە لە کارکردن. ئەمڕۆ یەکشەممە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە شەوى ڕابردوودا هەستی بەوە کردوە تەندروستی تێکچووە بنیامین ناتانیاهۆ دەسبەجێ لەلایەن پڕۆفیسۆر ئالۆن هێرشکۆ، بەڕێوەبەری بەشی پزیشکی ناوخۆ پشکنینی بۆ کراوە. هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو "دوای پشکنینی زیاتر، ڕەوشی سەرۆک وەزیران بە باشی دیاریکراوە، لەئێستاشدا چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت بە شلەی ناو خوێنبەر دوای وشکبوونەوەی لەشى، بەگوێرەی ڕێنماییەکانی پزیشکەکانی، سەرۆکی حکومەت بۆ ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوو لە ماڵەوە پشوو دەدات و لەوێشەوە کاروباری دەوڵەت بەڕێوەدەبات". سەرۆکوەزیران مانگی ڕابردوو چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی شەڕى ئێران، تووشی نەخۆشییەک بوو و یەکێک لە ڕۆژەکانی دادگاییکردنی کورتکرایەوە . جگە لەوەش مانگی ڕابردوو لە ژێر ڕۆشنایی گەشتەکەی نەتانیاهۆ بۆ ئەمریکا پزیشکێکی پسپۆڕی دڵ یاوەری بووە لە هەموو گەشتەکانیدا بۆ ئەمریکا لە ئەیلوولی ٢٠٢٣ەوە. لەبەر ڕۆشنایی باری پزیشکی سەرۆک وەزیران، تەکنیکی ئامێری پەیسمەیکەریش لە دوو گەشتی دەرەوەی وڵات لەگەڵیدا بوو، هەروەها پزیشکێکی میزەڵدان یاوەری بوو لە یەکێک لە گەشتەکانی بۆ واشنتۆن، ئەمەش نزیکەی مانگێک دوای ئەوەی نەتانیاهۆ نەشتەرگەری پرۆستاتەکەی بۆ ئەنجامدرا. 

بەوتەى پەرلەمانتارێکى عێراق، وەزیرى دارایی عێراق جەختى لەسەر ئەوەکردەوە تا  داهاتی نانەوتیی و نەوت ڕادەست نەکرێت، دەستناکەن بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵ، ڕایگەیاند تەیف سامی رایگەیاند خۆشحاڵە بە رێككەوتنی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم، هەركاتێك بەپێی رێككەوتنەكە هەرێم نەوتی رادەستی (سۆمۆ) كردو داهاتی نانەوتیی بۆ مانگی پێنج رادەستكرد كە 120 ملیار دینارە، دەستدەكەن بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، وەزیری دارایی عێراق دووپاتی کردووەتەوە کە بەبێ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە پارەی مووچە نانێرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمرۆ یەکشەممە مەسرور بارزانى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بەغدا مەرجێکى دیکەی بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا زیادکردووە؛ دەڵێت، بەغدا پێیان وتووین، تاوەکو 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەست نەکەن، مووچە نانێرین. لە دوایین رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پرسی مووچە و نەوت کە 17ـی تەممووز لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسند کرا، بڕیارە مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکرێت و وەزارەتی دارایی فیدراڵیش دەست بە خەرجکردنی مووچە بکات. مەسرور بارزانی گوتی، "تێگەیشتنی ئێمە بۆ رادەستکردنی داهاتی نێوخۆ بەپێی دەستوورە کە دەڵێت، 50%ی داهاتی فیدراڵی رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کات لەوبارەوە پابەند بووە و ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە، جگە لەو کاتانەی کە بەغدا مووچەی نەناردووە یان بە کەمی ناردوویەتی، کە ئەو کات ئێمە ناچار بووین داهاتە ناوخۆییەکان بۆ کورتهێنانی مووچە بەکاربهێنین."

ئاژانسی هەواڵی دیفاع پرێسی ئێرانى لەسەر زارى عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێرانەوە ڕایگەیاند: ئێران شوێن و جۆرى ڕادارو بەرگری ئاسمانییەکانی گۆڕیوە، کە لە کاتی شەڕی ئیسرائیل زیانیان پێگەیشتووە لەمانگی ڕابردوودا. لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل زاڵ بوو بەسەر ئاسمانی ئێراندا و گورزێکی قورس و کوشندەى لە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێراندا،  لە کاتێکدا هێزە چەکدارەکانی ئێران هێرشی یەک لە دوای یەک بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر خاکی ئیسرائیل هەڵدا. موسەوی ئەوەشى وت: بەشێک لە بەرگرییە ئاسمانییەکانمان زیانیان بەرکەوتوە، ئەمە شتێک نییە کە بتوانین بیشارینەوە، بەڵام هاوکارەکانمان بە سوود وەرگرتن لە سەرچاوە ناوخۆییەکان و گۆڕینیان بە سیستەمی پێشوەختە ڕێکخراو کە لە شوێنی گونجاودا هەڵگیرابوون بە مەبەستی پاراستنی ئاسمانی وڵات. پێش جەنگ ئێران جگە لە سیستەمی S-300ی دروستکراوی ڕووسیا، سیستەمی بەرگری ئاسمانی دوور مەودای باڤار-373ی دروستکراوی ناوخۆیی خۆی هەبوو. لە ڕاپۆرتەکەی دیفاع پرێسدا ئاماژە بە هیچ هاوردەکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی دروستکراوی دەرەوە بۆ ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نەکراوە. دوابەدوای هێرشە سنووردارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کارگەکانی مووشەکی ئێران لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا، ئێران دواتر لە مانۆڕێکی سەربازیدا بەرگری ئاسمانی دروستکراوی ڕووسیای نمایشکرد بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە لە هێرشەکە چاک بووەتەوە. لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕێنمایی سوپای ئیسرائیلی کرد کە پلانی جێبەجێکردن لە دژی ئێران ئامادە بکەن، کە بریتییە لە پاراستنی باڵادەستی ئاسمانی، ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی مووشەک و ڕێگریکردن لە چالاکییە ناوچەییەکانی ئێران. بەپێی زانیارییەکانی کاتز، پلانەکە ئامانجی دڵنیابوونە لەوەی ئیسرائیل دەتوانێت بە شێوەیەکی جووڵەیی وەڵامی هەڕەشەکانی داهاتوو بداتەوە. سەرچاوەیەکی ئەمنی کە قسەی لەگەڵ N12 کرد، هەروەها وتی ئۆپراسیۆنەکانی مۆساد لە ناوخۆی ئێراندا ڕۆڵێکی ناوەندییان لە داڕشتنی ناوچەی شەڕ و جێگیرکردنی تەقەمەنی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و دامەزراندنی شوێنی هەڵدانی شاراوە لە دڵی ئێران بۆ سەرکوتکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکان گێڕاوە.

بەنوسراوێک و زۆرینەى دەنگ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەکارهێنانی مەرەکەبی بۆ ڕۆژی دەنگدان هەڵوەشاندەوە و دەڵێت بەکاریناهێنین و پێویست بەوە ناکات.   جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تەمموزی 2025 ڕاگەیاند، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دا بەکارهێنانی مەرەکەب لە رۆژی دەنگدان هەڵبوەشێنێتەوە".   ئەوە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا پێویست بوو دەنگدەر دوای دەنگدان پەنجەی بخاتە نێو مەرەکەبەوە.   گوتەبێژی کۆمسیۆن هۆکاری ئەو بڕیارەی روونکردەوە و گوتی، کارتی بایۆمەتری دەنگدان سێ پەنجەمۆری لەخۆگرتووە، کە بریتن لە پەنجەمۆری زیندووی خودی دەنگدەرەکە، لەگەڵ ئەو پەنجەمۆرەی لەنێو کارتی بایۆمەتری هەیە، هەروەها ئەو پەنجەمۆرەشی لە ئامێرەکەدا هەڵگیراون، ئەمە وێڕی دانانی کامێرا کە گرێدراوە لەگەڵ ئامێری دەنگدانەکە لە رۆژی دەنگداندا.    جومانە غەلای، گوتی: "بەم شێوەیە پێویست بە بەکارهێنانی مەرەکەب لە رۆژی دەنگداندا ناکات، چونکە ئامێری دەنگدان گەرەنتی مافی دەنگدەرانی دەستەبەرکردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا".     لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتر دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن، نزیکەی 8 ملیۆنی دیکە بەهۆی نەبوونی کارتی بایۆمەتری مافی دەنگدانیان نییە، چونکە مەرجی سەرەکی بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان بوونی کارتی بایۆمەترییە.    بڕیارەی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. 

بەپێى سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بەشێکى زۆرى دۆسیەى خانەنشینانى نوێى شارستانى تەواو بووە و لەگەڵ دابەشکردنى مووچەى مانگى ئایار، پێنج مووچە پێکەوە وەردەگرن. ئەو سەرچاوەیە ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، دۆسیەى خانەنشینانى نوێى سەربازی بەهەمان میکانیزم مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت ئەوانەى دۆسیەکانیان تەواو بووە و پێشتر هیچ مووچەیەکى خانەنشینیان وەرنەگرتووە، ئەوانیش پێنج مووچە پێکەوە وەردەگرن. لەبارەى ئەو مینحە 100 هەزارییەى کە لە عێراق بە خانەنشینان دەدرێت و لە هەرێمى کوردستان راگیراوە، سەرچاوەکە گوتى "وەزارەتى دارایى پێشتر نووسراو ئاڕاستەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق کردبوو بۆ ئەوەى بڕە پارەکە خەرجبکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامى نووسراوەکە نەدراوەتەوە". 100  هەزار دینارى مینحەى باشترکردنى بژێوى، ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە کە مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە. بەگوێرەى دوایین لێکتێگەیشتن، هەولێر مانگانە 120 ملیار دینار داهاتى نانەوتی و رۆژانەش 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى سۆمۆ دەکات و لەبەرامبەردا بەغداد تەمویلى مووچەى مووچەخۆران دەکات، بڕیارە لەم هەفتەیەدا مووچەى مانگى ئایار خەرجبکرێت.

سودانی و بەرهەم ساڵح کۆبونەوەو باسیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کاتی خۆیدا و فەراهەمکردنی کەشوهەوای پێویست بۆ سەرکەوتنەکانیان دووپاتکردەوە. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق کردوە. ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی گشتی وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا، هەروەها گرنگی یەکخستنی هەڵوێست و گوتاری نیشتمانی بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە سەرتاسەری وڵات، و بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە بۆ خزمەتکردنی هەموو عێراقییەکان. ئاماژه ی به وه شکرد، "هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پلانە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئابوری و گەشەپێدان و خزمەتگوزاری کرا، هەروەها جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەکاتی خۆیدا کرایەوە. هەروەها گرنگی دابینکردنی کەشوهەوای پێویست بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنیان و بەدیهێنانی بەشدارییەکی بەرفراوان تیایدا، هەروەها ئەنجامەکانیان گوزارشتێکی ڕاستەقینەی خواست و داواکارییەکانی گەلی عێراقە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت بەغدا مەرجێکى دیکەی بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا زیادکردووە؛ دەڵێت، بەغدا پێیان وتووین، تاوەکو 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەست نەکەن، مووچە نانێرین. ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،  قۆناخی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر؛ کردەوەو وتارێکى پێشکەشکرد. ناوبراو لەوتارەکەیدا وتى: ئەم جۆرە پرۆژانە وەڵامی ئێمەن بۆ ئەوانەی دەڵێن داهاتی ناوخۆ چی لێدێت، چاوەڕوانی ئەوە بووین دەستخۆشی لەكارەكانمان بكرێت بەڵام قەیران لە دوای قەیران بۆمان دروستكراوە.  مەسرور بارزانى ئەوەشى وت: ئێستا بەغدا خاڵێکی دیکەی زیادکردووە، دەڵێن تاوەکو ئەو بڕە نەوتە ڕادەست نەکرێت مووچە نانێردرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێرشە تیرۆریستییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو کاریگەری هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.  ئاماژەى بۆ ئەوەکرد هەرلایەنی ناوخۆیی لێرە داوایان دەكرد بەغداد راستەوخۆ دەستبخاتە ناو بودجەو مووچەی هەرێمی كوردستان. کە لەچەندین بۆنە باسیان لە وەكردووە ئەگەر مووچە بگەڕێتەوە بۆ بەغداد بەردەوام لەكاتی خۆیدا دەدرێت، بەڵام نازانین ئێستا ئەو دەنگانە لە كوێن. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا مەسرور بارزانى وتى: لەپێناو مووچەی خەڵک سازشی زۆرمان کردووە، رازی بووین بەوەی 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بکرێت، رازی بووین بەوەی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغداد بکەین، مەسرور هیوادارم بەغداد بیانووی دیکە نەدۆزێتەوە بۆ نەناردنی مووچە. وتیشى: ئامادەین ئەزموونی خۆمان بخەینە خزمەتی هەموو عێراق، سەرکەوتنی ئێمە بۆ خۆڕاگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسى لەوەکرد کە بەغداد جیاكاری دەكات لەگەڵ خەڵكی كوردستان، لەم ساڵانەی دوایدا زیاتر لە سێ‌ ملیۆن و نیو كەس دامەزراون، یەك كەس بۆ هەرێم دانەمەزراندووە. وتیشى: حەوت ملیۆن كەس لە عێراق لە چاودێری كۆمەڵایەتی پارە وەردەگرن، تەنیا (72) هەزاریان لە كوردستانە، كە دەكاتە یەك لەسەد، كە دەبوو (14%)ی بۆ هەرێمی كوردستان بێت. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتى: بڕی (50) ملیار دۆلار قەرزی نێودەوڵەتی لە عێراق وەرگیراوە، بە حساب بۆ پرۆژەكان، هیچی هەرێم لێی سومەند نییە، بەڵام لە دانەوەی قەرزەكاندا لە پارەی هەرێم دەبڕدرێت. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد هەرجارەو بە بیانویەك رێگری لە بەربومی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ رەوانەكردنى  شارەكانی تری عێراق، بڕیاری دروستكردنی دوو هەزار قوتابخانە و (150) نەخۆشخانە لە عێراق دراوە، یەك دانەیان بۆ هەرێمی كوردستان تەرخاننەكراوە. وتى: رێگەش نادەن هیچ داهاتێكمان هەبێت، ئەوانیش هیچمان بۆ نەكەن و خۆشمان هیچ نەكەین.

ئەمڕۆ شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، بە یاوەری نوێنەری كۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی (سۆمۆ)، سەردانێکی فەرمی بۆ هەولێر ئەنجام دەدات، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە. كەناڵی "العهد" لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە: شاندەکە زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێم ئەنجام دەدەن، بۆ دڵنیابون لە بڕی ڕاستەقینەی نەوتی بەرهەم هێنراو و، پێداچونەوە بەو داهاتانەی لێیەوە بەدەستدێت، وێڕای هەڵسەنگاندن بۆ ئامادەیی ژێرخانی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەوە. سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە: ئەنجامی سەردانەکە بەشێوەی راپۆرتێکی ورد پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار کۆتایی سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگەکانی حوزەیران و تەمموز دەدرێت. رونیشیکردووەتەوە: ئەم سەردانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی ئەم دواییەی نێوان بەغداد و هەولێر دێت، کە تیایدا مەرجی رادەستکردنی نزیکەی (230) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە رادەستی بەغداد دەكرێت، جگە لە داهاتی دارایی مانگانەى  (120) ملیار دینار، لە بەرامبەر پابەندبونی حکومەتی فیدراڵی بە دەستەبەرکردنی مووچە و تەرخانکردنی دارایی بۆ هەرێم لە چوارچێوەی یاسای بودجە.

حکومەتی سووریا ئەمڕۆ یەکشەممە، جەختیکردەوە شەڕ لە شاری سوەیدا راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی گرووپە دروزەکان کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەیان راگەیاند و هێزەکانی حکومەتی سووریاش دووبارە جێگیرکرانەوە. نورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە تێلیگرامەوە رایگەیاند، "سەرجەم چەکدارانی هۆزەکان لە شاری سوەیدا چوونەتە دەرەوە و پێکدادانى ناو گەڕەکەکان راگیراوە". گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، دووپاتی کردەوە، "دەوڵەت بە هەموو دامودەزگا سیاسی و ئەمنییەکانییەوە، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە سوەیدا، هێزە ئەمنییەکانیش هەموو تواناى خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە هێرش و شەڕ و گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ پارێزگاکە دەخەنەگەڕ". توندوتیژییەکانی نێوان دروز و بەدەوییە سوننەکان لە 13ـی تەمموزدا لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا سەریهەڵدا، بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەهۆیەوە 940 کەس کوژراون. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەرى سووریا دوێنێ شەممە، ئاگربەستی راگەیاند و پابەندبوونى بە "پاراستنی کەمینەکان" و لێپرسینەوە لە "پێشێلکاران" لە هەر لایەنێکبن دووپاتکردەوە. ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک هات کە واشنتن رایگەیاند، سووریا و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون. شەرع، رۆژی سێشەممەى رابردوو هێزەکانی خۆی لە سوەیدا بڵاوەپێکرد، بەڵام پاش بۆردوومانی چەند ئامانجێکی حکومەت لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە، هێزەکانی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا لە سوەیدا کشانەوە.

نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە کۆبوونەوە و باسیان لە هەنگاوی دەستبەجێ بۆ گەڕاندنەوەی  بۆ سەقامگیری ناوچەکە کردەوە.    باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا دەڵێت، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندی گشتیی هەسەدە باسیان لە هەنگاوی کرداری بۆ "سووریایەکی یەکگرتوو، ئاشتی، سەرکەوتن و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ هەموو سووریاییەکان" کرد.   باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا دەشڵێت، هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "کاتی یەکگرتووی ئێستایە."   بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تۆم باراک "سوپاس"ی مەزڵووم عەبدی کردووە بۆ سەرکردایەتی ئەو و هاوئاهەنگی هەسەدە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ئەمڕۆ تۆماس جەی باراک، باڵیۆزی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا لەگەڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای سوریا و پێویستی هەنگاوی بەپەلە بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری. هه ڕوه ها هه نگاوی کرده یی به ڕه و یه کگرتن له سوریا یه کگرتوو بۆ ئاینده یه کی ئارام و خۆشگوزه ڕان و گشتگیر و سه قامگیر بۆ هه موو سوورییه کان تاووتوێ کرا. هاوڕابوون کاتی یەکگرتوویی ئێستایە. باڵیۆزەکە هەروەها سوپاسی ژەنەڕاڵ مەزلومی کرد بۆ سەرکردایەتییەکەی و هاوبەشی بەردەوامی هێزەکانی SDF لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا.

  لەسەر هۆکارى بەشداری نەکردنى لە کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی، سۆران عومەر ڕایدەگەیەنێت بابەتی پەیوەست بە سیاسەت و ئیدارەدانی کۆمەڵەوە هەبووە لەسەر ئۆپۆزسیۆنبوون، کێشەی من کەسی نیە. پەرلەمانتارەکەى کۆمەڵ ئەوەش دەخاتەڕوو بەداخەوە ئاستی جەماوەریی کۆمەڵ پاشەکشەی کردووە،، رەخنەو نیگەرانیەکانیشم بەخودی مامۆستا عەلی باپیرو ئەنجومەنی باڵا وتووە، دڵنیابن هیچ کات ئامادە نیم باسی کێشە ناوخۆییەکانمان لە ڕاگەیاندن بکەم. هەروەها سۆران عومەر باس لەوەدەکات، سەرۆکی کۆمەڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا باش دەزانن لەڕووی مادیەوە چەند ئیغراو ئیمتیازی مادیم لەژێرپێ ناوە، ماوەی ١٢ ساڵیشە بەبێ دابڕان نیوەی موچەکەم داوەتەوە بەکۆمەڵ (جگە لەوەی ٥ مانگ موچەو موڵک و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەم دەستی بەسەردا گیراوە) تەنانەت ئەو شوقەی کە لە بەغدا تێیدا ئەژیم هی کۆمەڵەو مانگی ٣ ملیۆن دینار کرێی شوقەکەیان پێدەدەم. دەقى ڕونکردنەوەکەى.. نەمدەویست ئەمەش بڵێم؛  بەشداری نەکردنم لە کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی هۆکاری بابەتی پەیوەست بە سیاسەت و ئیدارەدانی کۆمەڵەوە هەبووە لەسەر ئۆپۆزسیۆنبوون، کێشەی من کەسی نیە، بەڵکو کێشەم ئەوەیە کەم لایەن هێندەی کۆمەڵ خەڵکی خاوەن باوەڕو بۆ خواسوڵحاو و گیان لەسەر دەستی هەیە بەبێ بەرامبەر ئامادەی گیان بەخشینن بەڵام بەداخەوە ئاستی جەماوەریی کۆمەڵ پاشەکشەی کردووە، رەخنەو نیگەرانیەکانیشم بەخودی مامۆستا عەلی باپیرو ئەنجومەنی باڵا وتووە، دڵنیابن هیچ کات ئامادە نیم باسی کێشە ناوخۆییەکانمان لە ڕاگەیاندن بکەم. لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی کۆمەڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا باش دەزانن لەڕووی مادیەوە چەند ئیغراو ئیمتیازی مادیم لەژێرپێ ناوە، ماوەی ١٢ ساڵیشە بەبێ دابڕان نیوەی موچەکەم داوەتەوە بەکۆمەڵ (جگە لەوەی ٥ مانگ موچەو موڵک و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەم دەستی بەسەردا گیراوە) تەنانەت ئەو شوقەی کە لە بەغدا تێیدا ئەژیم هی کۆمەڵەو مانگی ٣ ملیۆن دینار کرێی شوقەکەیان پێدەدەم. بەتەحەداوە ئەیڵێم هەمیشە من پارەم داوە بە کۆمەڵ بەپارەی پاداشتی کۆتایی خزمەتی خانەنشینیشەوە.  ئەسڵەن من کێشەی ئەوەم هەبووە کە نابێ بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵ پارە لەهیچ لایەک وەربگرن تاکو ئۆپۆزسیۆنێکی دەنگ دلێربن. بەشوێن پلەو پۆستەوە نەبووم بۆیە هیچ کۆنگرەیەکی کۆمەڵ خۆم کاندید نەکردووە، لەم کۆنگرەش مامۆستا عەلی باپیر داوایکرد بەشداری بکەم و خۆم کاندید بکەم بۆ سەرکردایەتی ڕەدم کردەوە، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵ داوایکرد بۆ ئەنجومەنی نوێنەران خۆم کاندید بکەمەوە ئەویشم ڕەدکردەوە. شانازیش دەکەم کە ١٢ ساڵە بۆ سێ خول دەچێت پەرلەمانتاربووم و نوێنەرایەتی دەنگدەرانم و کۆمەڵم کردووە بەبێ سڵەمینەوە لە فەرمانی گرتن و هەڵگرتنی پارێزبەندی و قەدەغەی سەفەر.  خوا پشتیوان بێت لەئێستەو ئایندە هیچ کات پێچەوانەی ڕابردوی خۆم ناکەم و دین و کەرامەتی خۆم نادەم بە سەروەتی هەموو دونیا، هەمیشە لەگەڵ ستەملێکراوم ئەگەر ستەمکار باوکیشم بێت. هیوادارم کۆمەڵ بگەیەننەوە ئاستی ئەو هیوایەی خەڵکی کۆمەڵ و دەنگدەرەکانی بەو حزبەی هەیە.

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە پشتڕاستی کردەوە کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ٩٨ فەلەستینی بە هۆی هێرش و تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون و ٥١١ کەسی دیکەش بریندار بوون. بەمەش ژمارەی کوژراوانی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە گەیشتە 58 هەزار و 765 شەهید و 140 هەزار و 485 بریندار. ئەمڕۆ ٦٥٢ ڕۆژە شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بەردەوامەو قەیرانی برسێتی لە غەززە توندتر بوو، لە کاتێکدا سوپا بەردەوامە  لە کۆمەڵکوژی دژی برسی و ئاوارە. سەرچاوەکان لە نەخۆشخانەکانى غه ززه ڕایانگەیاندووه تەنها لە بەرەبانى ئەمڕۆوه 70 فەلەستینی بەهۆی تەقەکانی سوپای ئیسرائیلەوە گیانیان له ده ستداوه ، له نێویاندا 36 کەسیان لەڕیزدا وەستابوون بۆ داوای هاوکارى. لە ڕووی سیاسییەوە، یەدیوت ئەهرۆنۆت لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل بیر لە ناردنی شاندێکی باڵا بۆ دەوحە دەکاتەوە بۆ خێراترکردنی دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس سەبارەت بەو ڕێککەوتنە، ئەگەر بزووتنەوەکە ڕازی بێت لەسەر تاوتوێکردنی "کلیلەکانی" گۆڕینەوەی زیندانییە فەلەستینییەکان بۆ دەستگیرکراوەکانی ئیسرائیل. نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە غەززە دەژین، کە لە بارودۆخێکی مرۆیی سەختدان، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی هێزەکانی ئیسرائیل لەکاتی دەستپێکردنی شەڕەکەوە خستوویەتییە سەریان بەتایبەت لەرووی کەمیی خۆراکەوە. ڕۆژی سێشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە ٨٧٥ حاڵەتی مردنی لەنێو کرێکارانی فریاگوزاریدا تۆمارکردووە، کە ٦٧٤ حاڵەتیان "نزیک ناوەندەکانی دامەزراوە مرۆییەکانی غەززە" بووە.

ڕۆژى دووشەممەى داهاتوو، پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە هێرشە درۆنییەکانى سەر هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکات، هاوکات بەدواداچوون بۆ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەى کوت دەکات. لەبەیاننامەیەکدا، ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو دانیشتنێکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کوت ئەنجام دەدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تەقینەوە بۆ سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت. لە ئێوارەی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە هێرشکراوەتە سەر 5 کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستان: خورمەڵە، تاوکێ، سەرسنگ، باعەدرێ و پیشابوور.    بەهۆی هێرشەکانەوە بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان راگیراوە. بەگوێرەی بەدواداچوونێک، لەم مانگەدا 18 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان، لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون.   هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیلی نەوتی لە دەستداوە.  کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رۆژی چوارشەممە لە رایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە، زۆربەی ئەندامانیان ناچار بوون بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رابگرن.

هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەڵێت، دەبێت لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان بە یاسا پێکبهێندرێت، "ئەگەر بە یاسا پێکنەهێندرێت، هەر کاتێک بیانەوێت هەڵیدەوەشێننەوە."  ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو حکومەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی نەنێت، گرووپێکی دیکەی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ چەکدانان راناسپێرن.   جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە لە هەڤپەیڤینێکدا بە میدیای نزیک لە پارتەکەی ڕاگەیاند، ئەگەر حکومەتی تورکیا دەیەوێت پرۆسەی چارەسەری سەربگرێت، دەبێت گۆڕانکاری لە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکرێت و زەوینەی ئازادیی کارکردنی بۆ دابینبکرێت.   رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، گرووپێکی 30 گەریلایی لە رێوڕەسمێکى سمبولیکیدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی وەک "نیازپاکییەک" چەکەکانیان لەناوبرد و سووتاند.   هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە دەڵێت، ئەگەر گەریلاکانی پەکەکە لەو قۆناخەی ئێستا و بەبێ هیچ گەرەنتییەکی یاسایی بگەڕێنەوە تورکیا، ئەو کاتە "دەچنە زیندان و دادگەیی دەکرێن، تەنانەت رەنگە سزای قورسیش بدرێن، چونکە بەپێی یاساکانی ئەوان، ئەوانەی چەکیان هەڵگرتووە دووژمنن. سزای ئەمەش زۆر قورسە."   جەمیل بایک ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو حکومەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی نەنێت، "گرووپێکی دیکەی گەریلا بۆ چەکدانان راناسپێرین."   بڕیارە لە داهاتوودا لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت. جگە لە ئاکپارتی و مەهەپە، دەم پارتی و لایەنەکانی دیکە داوا دەکەن لیژنەکە بە یاسا پێکبهێنرێت.   هاوسەرۆکی کەجەکە لەبارەی ئەو لیژنەیەوە رایگەیاند، "ئێمەش چەند جارێک ئاماژەمان بەوە کردووە کە پێویستە لیژنەکە بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی پێکبهێندرێ. ئەگەر بەشێوەیەکی یاسایی پێکنەهێندرێ، هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن ئەو لیژنەیە هەڵبوەشێننەوە."   بایک هەر لەمبارەیەوە گوتی، "وەکو ئەوەی ئێمە تێگەیشتووین، ئەو لیژنەیەی دەیانەوێت دایبمەزرێنن، تەنها بۆ چەکدانانی پەکەکەیە؛ ئەوانەی ساڵانێک لە شاخ بوون چییان کردووە، سزایان چی دەبێت؟ دەیانەوێت ئەمانە دیاری بکەن و بەپێی ئەوە هەندێک هەنگاو بنێن. ئامانجی ئەم لیژنەیە تەنیا چەکدانانە."   هاوسەرۆکی کەجەکە جەختی لەوە کردەوە، پرۆسەی چارەسەری تەنیا چەکدانان نییە و چەکدانان بەشێکە لە پرۆسەکە، "بەڵام دەوڵەتی تورکیا دەیەوێ تەنیا لەسەر بنەمای چەکدانان پرۆسەکە بەڕێوەببات. ئەوان پێیان وایە بەم شێوەیە هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن. بەڵام وا نییە."   جەمیل بایک ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری دامەزراندنی پەکەکە و چەکهەڵگرتنی ئەو پارتە دژی حکومەتی تورکیا "نکۆڵیکردن و قبووڵنەکردنی کورد و ناسنامەی کورد بووە."   هاوسەرۆکی کەجەکە گوتی، بۆیە پێویستە پرسی کورد چارەسەر بکرێت و "بۆ ئەمەش، پێویستە دەوڵەتی تورکیا گۆڕانکاری لە یاسا، سیاسەت و هزریدا بکات. تەنیا بە پرسی چەک کێشەکە چارەسەر نابێت."   جەمیل بایک رایگەیاند، پێویستە حکومەتی تورکیا هەنگاوی جیدی لەبارەی پرۆسەکەوە بنێت؛ گوتیشی، "ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بیەوێت فریومان بدات، بێچەکمان بکات، لاوازمان بکات و ئامانجەکانی خۆی بەرامبەر کورد بەدی بهێنێت، ئەوە روونادات. پێویستە هەموو کەس لەمە تێبگات."   کەجەکە، باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە.   پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.