هاوڵاتی ئەمڕۆ دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی وپارتی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن لەوانەش، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بە بەشێوازی سیستەمی چوار بازنەیی. یەکێتی وپارتی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی هەرێم لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیاندا ڕێککەوتن لەسەر چەند خاڵێک گرنگ کە سەرەکیترینیان ئەوەبوو تۆماری بایۆمەتری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێتە بنەما بە هەموو پێداویستییەکانییەوە، هەروەها بڕیاردرا کە داتاکانی وەزارەتی پلاندانان حکومەتی عێراق بەکارببرێت بۆ دیاریکردنی رێژەی کورسی پێکهاتەکان، هاوکات لەگەڵ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم. ئەمڕۆ شاندی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای ڕێکەوتنی نێوان هەردوولا لەسەر ئەو خاڵانەی کە گەیشتبوونە ڕێکەوتن لە میانی چەندین کۆبوونەوەیان لەماوەی ڕابردوودا، لە سلێمانی دوای سەردانیکردنی لایەنە سیاسیەکانی دیکە لە مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوە وتاوتوێی شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان کرد.
هاوڵاتی کاریگەری ڕێکەوتنی ئێران- سعودیەی عەرەبی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای نزیکەی هەشت ساڵ لە قوڵبوونەوەی ئاڵۆزیی وگرژیەکانی نێوان ئێران و سعودیە، هەردوولا دوێنێ لە پەکینی پایتەختی چین ڕێکەوتننامەیەکیان واژۆکرد لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان، ئەمەش کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ململانێکان وگۆڕینی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کەمبوونەوەی ململانێکان لە یەمەن: دوای ڕێکەوتنی هەریەک لە سعودیە و ئێران شارەزایانی سیاسی پێشبینی دەکەن ململانێکان لە یەمەن بەرەو کەمبوونەوە بچن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەردوو وڵات بە قووڵی تێوەگلاون لە شەڕی ناوخۆی چەند ساڵەی یەمەن، سعودیە لە ساڵی ٢٠١٥ هاتە ناو ململانێکانەوە و پشتگیری لە حکومەتی دەربەدەرکراوی وڵاتەکەی کرد، ئێرانیش پشتگیری لە یاخیبووانی حوسییەکانی کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت. بەرپابوونی ئاشتەوایی سیاسی لە لوبنان: کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕیاز و تاران دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی هەردووکیان کاربکەن بۆ ئاشتەوایی سیاسی لە لوبنان کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی بێ وێنە بووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئێران لە مێژبوو پشتگیری لە حزبوڵای میلیشیای شیعەی لوبنانی بەهێز کردووە ، لە کاتێکدا سعودیە پشتگیری لە سیاسەتمەدارانی سوننەی وڵاتەکەی دەکات و ئەمەش ئاڵۆزی وگرژیەکانی نێوانیان زیاترکردبوو وببووە هۆکارێکی ئاژاوەی گەورە لە وڵاتەکە. پەیوەندیەکانی ئیمارات- ئیسرائیل وئەگەری هێرشکردنە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕێکەوتنی نێوان سعودیە و ئێران پێشبینی دەکرێت ببێتە ئەوەی کە ئیماراتی عەرەبیش بیر لەوە بکاتەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران بەرەو پێش ببات، لەکاتێکدا کە لەماوەی رابردوودا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردبۆوە، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆکاری ئەوەی کە ئیسرائیل بەتەنها دژی گەیشتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە پلەی چەک لە ئێران بوەستێتەوە وپەیوەندیەکانی نێوان ئیسرائیل- ئیمارات بەرەو لاوازبوون و گرژی ببات. ئێران و دەرفەتێک بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا وڕۆژئاوا ڕێککەوتنی سعودیە و ئێران دەتوانێت ڕێگەی نوێ بۆ تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکان دابین بکات، کە لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ئێستاوە ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا قووڵتر کردووەتەوە و مۆسکۆی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری بۆمب لە شەڕی دژی ئۆکرانیا چەکدار کردووە. سعودیە و دەستکەوتەکانی لە فرۆشتنی نەوتی خاودا لەسەروبەندی ڕێوشوێنەکان دژی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەیەوێت دەیان ملیار دۆلار لە پرۆژەی گەورەدا خەرج بکات بۆ ئەوەی شانشینی سعودیە لە نەوتی خاودا پەرەبستێنیت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سەپێنراون بەسەر ئەو وڵاتەدا. سوریا ونزیکبوونەوەی بەشار ئەسەد لە سعودیە لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ١٣ ساڵەی سوریا، بەردەوام ئێران پشتگیری لە سیاسەتی ئەسەد کردووە، لەبەرامبەریشدا سعودیە پشتگیری لە گروپ وبزوتنەوەکانی دژ بە سیاسەتیی ئەسەد وحکومەتەکەی کردووە، بەڵام بەهۆی لێک نزیکبوونەوەی سعودیە وئێران دەشێت سیاسەت ودۆخی سوریا گۆڕانکاری بەسەردا دەبێت و ببێتە هۆکاری نزیکبونەوەی سعودیە لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا.
ناوەندێکی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات لە دوای ناڕەزایەتییەکانی مەرگی ژینا، لانیکەم 155 هاوڵاتیی کورد لە رۆژهەڵات و هەرێم و شارەکانی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کوژران. ناوەندنی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا ئاماری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بە قوربانییانی هێرشە موشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێم کردوە کە بە بیانوی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان کراوەتە سەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. لەو راپۆرتەدا هاتوە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە پارێزگای سنە 43 کەس و لە ورمێ 49 کەس و لە کرماشان 21 کەس لە ئیلام دوو کەس کە سەرجەمیان کورد بون لەو پارێزگایانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستی هێزە ئەمنییەکان کوژران. هاوکات لە شاری تاران هەشت کەس و لە پارێزگای ئەلبورز شەش کەس و پارێزگای قەزوێن یەک کەس و لە هەمەدان یەک کەس و لە پارێزگای مەرکەزی یەک کەس کوژراون کە سەرجەمیان کورد بون و دانیشتوی ئەو شارانەی ئێران بون. هەنگاو ئاشکرای کردوە کە 85%ی ئەو هاوڵاتییە کوردانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 7%یان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە و جگە لەوەش ژمارەیەک بە لێدانی داری پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان و غازی فرمێسکڕێژ و بە چەقۆ و بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس و یەکەی هێزە ئەمنییەکان لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون. ئاماژە بەوە کراوە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا نۆ هاوڵاتیی کورد دوای دەستگیرکردنیان لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان لە زیندان و ناوەندە هەواڵگریی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون. بە پێی راپۆرتی ئەو ناوەند لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سوپای پاسدارانی ئێران لانیکەم چوار جار بە چڕی موشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێم و ناوچە سنورییەکان کردوە و هاوکات بە درۆنی خۆکوژ پەلاماری ئەو بنکانەی داوە کە بەهۆیە 22 کەس کوژراون کە کەسێکیان خەڵکی شاری کۆیە بوە لە هەرێمی کوردستان. لە ناو کوژراوانی ئەو پارتانەی رۆژهەڵاتدا منداڵێکی یەک رۆژە و دوو ژن هەبون. هەر لەو راپۆرتەدا هاتوە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا زیاتر لە حەوت هەزار و 500 هاوڵاتیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکە دەستگیرکراون کە تا ئێستاش دەستگیرکردنەکان بەردەوامە و 111 کەسیان بە کۆ سزای 343 ساڵ و سێ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە و ژمارەیەکی بەرچاو لەو دەستگیرکراونە سەرەڕای زیندانیکردنیان سزای لێدان بە قامچیان بەسەردا سەپێنراوە.
هاوڵاتی کۆمپانیای مێتا دەڵێت لە بەرنامەیدایە ئەپێکی هاوشێوەی تویتەر دابمەزرێنێت، ئەمەش لە هەوڵەکانیدا بۆ جێگرتنەوەی تویتەر کە بووەتە سەکۆی پەیامە گرنگەکانی جیهان. وتەبێژی کۆمپانیای مێتا لە بەیاننامەیەکدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئێمە پێمان وایە دەرفەتێک هەیە بۆ فەزای جیاواز کە دروستکەران و کەسایەتییە گشتیەکان بتوانن لە کاتی خۆیدا نوێکارییەکان سەبارەت بە بەرژەوەندییەکانیان بەیەکەوە باس بکەن. ئەو ئەپڵیکەیشنەی کە کۆمپانیای مێتا بەنیازە دروستی بکات ودایبمەزرینیت لە سەر بنەمای چوارچێوەیەکی هاوشێوەی " Mastodon" کە خزمەتگوزارییەک وئەپێکی هاوشێوەی تویتەرە کە وا لەساڵی ٢٠١٦ دروستکراوە، هاوکات تاوەکو ئێستا دیارنیە کە کەی بەردەست ئەبێت وڕادەگەێنرێت. ئەم بەرنامەیی کۆمپانیای مێتا لەکاتێکدایە کە کۆمپانیای تویتەر کە لە ئێستادا ئیلۆن مەسک خاوەندارێتی دەکات ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بۆتەوە وئەمەش وەک دەرفەتێکە کە کۆمپانیای مێتا وەک دەرفەتێک بەکاری دەهێنێت. تۆماس هایس، سەرۆک و ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گریت هیڵ کاپیتال کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، لەبارەی ئەپڵیکەیشنە نوێیەکەی کۆماپانیای مێتاوە وتی،" کۆماپانیای فەیسبوک میژووەکەی ئەوە نیشان دەدات کە زۆرباشن لەبەدەستهێنانی داهێنەردا یاخود گەشەپێدەردا، وتیشی ئەم هەنگاوە تەنها وەک هەنگاویکی بەرگریە"، ئەمەش لەکاتێکدایە کە فەیسبوک کێشە لەگەڵ کەمی بەشداربووی گەنجدا هەیە. هاوکات شرۆڤەکارانی بواری دیجیتاڵیش دەڵێن، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠ ٣٠دا گەشەی کۆمپانیای مێتا لە مێتاڤێرسدا زیاد بکات، هاوکات لە سەرەتای مامەڵەکانی ڕۆژی هەینیدا پشکەکانی مێتا بە ڕێژەیەکی کەم بەرزبوونەتەوە و گەیشتووەتە١٨١.٧ دۆلار، ئەمساڵ تا ئێستا نزیکەی لەسەدا ٥١ زیادیان کردووە.
پۆلیسى کەرکوک بازرگان، روشدى سەعیدی به تۆمهتی دروستكردنی چهكی بانكی بێ پاره دەستگیرکرد. عامر نورى، وتەبێژى پۆلیسى کەرکوک بە میدکانی راگەیاند، روشدى سەعیدی بازرگان کە بە دکتۆر روشدى ناسراوە، لەلایەن بنکەى پۆلیسى قۆریە بە ماددەى 459ى یاساى سزادانى عێراقى دەستگیر کراوە. باسی لەوە کرد کە تۆمەتى دەستگیرکردنى ئەو بازرگانە دروستکردنى چەکى بانکیی بێ پارە بوە. وتەبێژەکە، ئاماژەی بەوەکردوە ئێستادا روشدى سەعید لە گرتوخانەى گرتن و گواستنەوەى کەرکوکە و جگە لە تۆمەتەى لەسەرى دەستیگر کراوە چەندین سکاڵاى یاسایی دیکەیشى لەسەر تۆمار کراوە. د.روشدى سەعید سەرۆكی گروپی كۆمپانیاكانی عادل موتەحیدە بوو، دهستی به چهندین پرۆژهی وهبهرهێنان كرد لهوانه دهشتی بهههشت له ههولێر و له دهۆكیش پرۆژهی دهشتی سیتی ستاری ههبوو، بهڵام پرۆژهكانی تهواو نهكرد،ساڵی 2015 دادگای دهۆك سزای 180 ساڵ زیندانی بهشێوهی غیابی بهسهردا سهپاند.
سەرۆکی ئەمریکا دۆخی نائاسایی وڵاتەکەی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە و رایگەیاند جموجۆڵەکانی سوپای پاسداران و چەکدارانی سەر بەو سوپایە مەترسی و هەڕەشەن بۆ ئاسایشی وڵاتەکە. رۆژی هەینی کۆشکی سپی ئەمریکا بڵاوی کردەوە؛ جۆ بایدن ، سەرۆکی وڵاتەکە لە نامەیەک بۆ ئەنجومەنی نوێنەران(کۆنگرێس) دۆخی نائاسایی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران درێژ کردوەتەوە و فەرمانەکە لە 15ی ئەم مانگەوە نوێ دەبێتەوە. بایدن رایگەیاندوە؛ جموجۆڵ و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەرەپێدان و بەرفراوانکردنی موشەک و چەکی نائاسایی، دروستکردنی تۆڕی چەکداریی تیرۆریستی و هەوڵە تێکدەرانەکانی سوپای پاسداران و هاوشێوە جێگرەوەکانی تا ئێستاش هەڕەشەی راستەقینەن بۆ ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوە و ئابوریی ویلایەتەیەکگرتوەکان بۆیە فەرمانی دۆخی نائاسایی دژی کۆماری ئیسلامی بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کراوەتەوە. فەرمانی دۆخی نائاسایی ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی بە ژمارە (12957) لە ساڵی 1995 راگەیەنراوە و لەو ساڵەوە بۆ ماوەی 28 ساڵە بە بەردەوامیی نوێ کراوەتەوە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1995 ئەو فەرمانە لە لایەن بیل کلیۆنتۆن، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرکرا و دوای شەش مانگ لە فەرمانەکە، واشنتۆن زنجیرەیەک سزای دژی دەسەڵاتی تاران سەپاند.
سەلاحەدین دەمیرتاش پشتگیری خۆی بۆ کەمپەینی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنەکان پیشاندا و وتی، " پشتێنی خۆتان ببەستن، بەرەو گۆڕانکاری دەچین." سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تویتێکدا پشتگیری خۆی بۆ کەمپەینی هەدەپە پیشاندا بە دروشمی "ئێمە ئامادەین" دەمیرتاش هاشتاکی "ئێمە ئامادەین"ی هەدەپەی بڵاوکردەوە و وتی، " ئەگەر هەموو لایەک ئامادە بن، دەکەوینە ڕێ. پشتێنتان ببەستن، بەرەو گۆڕانکاری دەچێن." پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، کەمپەینێکی بە ناوی "ئێمە ئامادەین" بڵاوکردەوە و لە راگەیەندراوێکدا هاتووە، " ئێمە بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار ئامادەین. ئەوانەی کە وڵاتتان وێران کرد و نادادپەروەریتان بڵاوکردەوە، ئێوەش بۆ دۆڕانیکی گەورە خۆتان ئامادە بکەن." دوێنێ، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بە فەرمی ١٤ی ئایاری وەک رۆژی هەڵبژاردن دیاری کرد. پارتە سیاسیەکانی تورکیاش ئامادەیی خۆیان بۆ هەڵبژاردن دەربڕی. تاوەکو ئێستا تەنیا هاوپەیمانی گەل کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دیاری کردووە کە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپەیە. هاوپەیمانی کۆماریش تاوەکو ئێستا بە فەرمی کاندیدەکەی دیاری نەکردووە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر کاندیدەکەیان ئەردۆغان دەبێت. هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و لایەنە چەپەکان) تاوەکو ئێستا کاندیدی دیاری نەکردووە و دانوستانێک لەنێوان ئەوان و جەهەپەدا هەیە کە دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ بدەن، بەڵام ئەو پرسە جارێ یەکلایی نەبووەتەوە.
زانایانی ناسا چاودێری ئەستێرەیەکی تازە دۆزراوەوە دەکەن کە ڕەنگە لە ساڵی ٢٠٤٦ کاریگەری لەسەر زەوی هەبێت. نووسینگەکە ئاماژەی کردووە، سەرەڕای ئەگەری کەم، شرۆڤەکارانی دەزگای بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری ئەو ئەستێرە بچووکە دەکەن کە قەبارەکەی مەلەوانگەیەکی ئۆڵۆمپییە. وە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا ئەستێرەی 2023 DWی دانا کە بۆ یەکەمجار لە 28ی شوباتدا بینرا، لە پێشەنگی "لیستی مەترسییەکان". بەگوێرەی ئاژانسی ئەورووپا، ئەم ئەستێرە بچووکە توانای ئەوەی هەیە لە 14ی شوباتی 2046، یان لە ساڵانی دواتردا تا ساڵی 2051 بەر زەوی بکەوێت. وە فەلەکناس پیێرۆ سیکۆلی، ڕێکخەری ڕوانگەی فەلەکی ئیتاڵی سورمانۆ، لە حیساب تایبەتی خۆی، لەبارەی ڕێڕەوی ئەستێرە بچووکەکەدا، ئاماژەی بەوە کردووە ، ئەگەری بەریەککەوتنی ئەستێرەیەکی بچووک لەگەڵ زەویدا هەیە. ئەگەر ئەوە ڕووبدات، حیساباتەکانی سیکۆلی ئاماژە بەوە دەکەن ،ئەگەری هەیە ئەو ئەستێرە بچووکە لە نێوان زەریای هیندی و کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکادا بەریەک بکەوێت. شایانی باسە کە ناسا کار لەسەر ئامێری NEO Surveyor دەکات بۆ ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٨دا بیخاتە بازاڕەوە، کە دەبێتە یەکەم تەلەسکۆپی بۆشایی ئاسمان کە بە تایبەتی بۆ ڕاوکردنی ئەستێرە بچووکەکان و دوورەپەرێزەکان دیزاین کراوە کە ڕەنگە ئاماژە بە مەترسییەکی ئەگەری بۆ سەر زەوی بکەن. سەرچاوە: سکای نیوز
پارێزگای بەسرە میوانداری کۆنفرانسی کەشوهەوای عێراق دەکات بە چاوێری و سەرپەرشتی محمد سودانی و بە بەشداری نێودەوڵەتی ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق، بڵایکردەوە پارێزگاری بەسرە ، سبەی ڕۆژی یەکشەممە12ی3 و ڕۆژی دوای دووشەممە 13ی3 میوانداری کۆنفرانسی کەشوهەوای عێراق دەکات، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق محمد شیاع سودانی، بە بەشداری بەرفراوانی نێودەوڵەتی و حکومی و سەندیکاکان، بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق. کۆنفرانسی (کەشوهەوای عێراق) باس لە هۆکار و کاریگەری و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات لەسەر عێراق، هەروەها باس لە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئەو دیاردانەی لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییەدا دێتە ئاراوە، لە پێش هەموویان فراوانبوونی بیابانبوون و کەمی ئاو و زیانەکانی ژینگەیە. سازکردنی کۆنفرانسەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەولەویەتەکانی بەرنامەی حکومەت و هەوڵەکانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ سنووردارکردن و کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمەش وایکردووە عێراق زۆرترین زیانلێکەوتوو بێت.
ئاسمان ساماڵ و نیمچه ههور دهبێت و پلهكانی گهرماش بهرز دهبن، بهپێی پێشبینیهكان بێت كهشوههوا بۆ سهیران و چوونهته دهرهوه لهباره. بەشی پێشبینییەکان لە بەڕێوەبەریەتی گشتی کەشناسی وبومەرزەزانی هەرێمی کوردستان ، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوه. ئەمڕۆ شەممە 11ی 3 کەش، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروسبونی هەندێ پەڵە هەور. پلەکانی گەرما ،نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو. خێراى با ، 5 بۆ 15 کم/س. ئاراستەی با ، باشورى خۆرئاوا مەوداى بینین ، 8 بۆ10 کم کەشناسی ، سەبارەت بەکەشواهەوای سبەی یەک شەممە 12ی 3 ئاماژەی داوە، کەش، ئاسمان ساماڵ دەبێت لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور. پلەکانی گەرما ، بەرز دەبێتەوە بە 1 تا 2 پلەی سیلیزی لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو. خێراى با 5 ، 15 کم/س. ئاراستەی با ، باشورى خۆرئاوا مەوداى بینین /،8 بۆ10 کم لە کۆتایدا کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوە ڕاگەیاند : هەولێر : 23 سلێمانی : 21 دهۆک : 23 کەرکوک : 25 هەڵەبجە : 23 زاخۆ : 23 سۆران : 21 گەرمیان : 26
لەدژی ئەو هێرشانەی کە لە بەرامبەر یانەی ئامەد لە باکوری کوردستان دەکرێت، ٣٣ رێکخراوی مرۆیی و مەدەنی پشتگیری خۆیان بۆ یانەکە پیشاندا. ٣٣ رێکخراوەکە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، رەفتارەکانی یانەی بورسا بە هیچ شێوەیەک ناچێتە چوارچێوەی کاری هەوادار و لایەنگری لە یاری تۆپی پێدا. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " بەرزکردنەوەی وێنەی ئۆتۆمبێڵی تۆرۆسی سپی و سەرۆکی پێشووی ژیتەم کە بەرپرسیاری کوشتنی هەزاران کەسە، چالاکیەکی وەرزشی نییە. ئەوە پلانە و پیشووتر ئامادەکاری بۆکراوە." هەروەها رێکخراوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، لە کاتێکدا کە کارەساتێکی گەورەی بومەلەرزە روویداوە و لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەوە هەیە کە پێکەوە برینەکان ساڕێژ بکرێنەوە، دەسەڵات پشتگیری لە هەوڵە تێدەرەکان دەکات. لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ٣٣ رێکخراوەکە دەڵێن، " ئەوان پشتگیری لە یانەی ئامەد دەکەن و بە شێوەیەکی ئاشتی و برایەتی لە دەوری یانەکە کۆدبنەوە و پێویستە ئەو کەسانەی زەمینەی هێرشەکەیان رێکخستووە، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت." چەند رۆژ لەمەوبەر لە چوارچێوەی خولی پلە دووەکانی تۆپی پێی تورکیادا، یانەی ئامەد و یانەی بورسا لە گۆڕەپانی بورسا یاریان کرد. بەر لە دەستپێکردنی یاریەکە، گروپێک لە نەژادپەرستە تورکەکان دەوری ئەو هۆتێلەیاندا کە یاریزانانی یانەی ئامەد تێیدا بوون. دواتر لە گۆڕەپانەکەدا هێرش کرایە سەر یاریزانانی یانەی ئامەد و زیاتر لە پێنج یاریزان و چەندین لایەنگری یانەکە بریندارکران. لایەنگرانی یانەی بورسا، وێنەی ئۆتۆمبێڵی تۆرۆسی سپی و سەرۆکی پێشووتری ژیتەم "یەشیل" یان بەرز کردەوە کە سەرۆکی ژیتەم بە سەرۆکایەتی گروپێک لە ساڵەکانی نەوەتەکاندا، بە ئۆتۆمبێڵی تۆرۆرسی سپی بە هەزاران هاوڵاتی کوردیان رفاند و تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە. لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا لە سەردەمی دەسەڵاتی تانسو چیللەردا کە سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، فشارێکی زۆر لەسەر کوردانی باکوری کوردستان بەڕێوە دەچوو. ، زیاتر لە پێنج هەزار گوند لە باکوری کوردستان سووتێنران. زیاتر لە ١٧ هەزار هاوڵاتی کوردیش دەستگیر و بێسەروشوێنکران.
هاوڵاتی خاوەنی کۆمپانیاکانی سپەیس ئیکس و تویتەر، ئیلیۆن مەسک رایگەیاند پلانی هەیە شاری خۆی لە ناوچەیەکی نزیک ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا دابمەزرێنێت. بەپێی ئەو هەواڵەی کە لە رۆژنامەی (WSJ) Wall Street Journalوە بڵاوکراوەتەوە ئەو شارە لە باسترۆپ کاونتی نزیک شاری ئوستن-ی ویلایەتەکە دروست دەکرێت. شارەکە پلان وایە بناغەی لە نزیک ئەو شوێنە دابندرێت کە دروستکردنی دامەزراوەکانی بۆرینگ و سپەیس ئێکس تێیدا بەردەوامە، بانگەشەی ئەوەش کرا کە مەسک دەرفەتی بەکرێگرتنی خانووە نوێیەکان بە نرخی کەمتر لە بازاڕ پێشکەشی کارمەندانی کۆمپانیاکەی بکات. بەپێی یاساکانی تێکساس بۆ ئەوەی ناوچەیەک وەکو شار قبوڵ بکرێت ئەوە پێش ئەوەی داواکاری پێشکەش بکرێت پێویستە لانیکەم ٢٠١ کەس لە ناوچەکەدا بژین. دوای ئەو ماوەیە رەزامەندی لەلایەن دادوەری ناوچەکەوە وەردەگیردرێت. کاربەدەستێکی ناوچەی باسترۆپ کاونتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا هیچ داواکارییەکیان سەبارەت بەو بابەتە لەلایەن مەسک و هەر کۆمپانیایەک کە ئەو خاوەندارێتی دەکات، پێنەگەیشتووە.
هاوڵاتی لە ئەمریکا، هاووڵاتییەکی سعوودی بە ناوی غەسسان عەبدوڵڵا شەرەبی دوای ٢٠ ساڵ بەندکردنی بە گومانی پەیوەندیداربوون بە رووداوەکانی ١١ی ئەیلوولەوە، ئازاد کرا. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە راگەیەندراوێکدا، ئەوەی خستەڕوو کە لە شوباتی ٢٠٢٢دا بڕیاری ئەوە دراوە کە بەهۆی ئەوەی غەسسان عەبدوڵڵا شەرەبی مەترسییەکی گەورە نییە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، پێویست ناکات چیتر درێژ بە مانەوەی لە زیندان بدرێت. لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش وەبیرهێندراوەتەوە کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا پێشنیازی سنوورداشکردنەوەی غەسسان عەبدوڵڵا شەرەبی خستبووە بەردەم کۆنگرێس. غەسسان عەبدوڵڵا شەرەبی تەمەن ٤٨ ساڵ لە ئاداری ٢٠٠٢دا لە پاکستان دەستبەسەر کرا و گومان دەکرا کە مەشقی تایبەتی وەرگرتبێت بۆ دروستکردنی بۆمب بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە، بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکیشی ئاراستە بکرێت بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە زیندانی گوانتانامۆ بەند کرا. پێشتریش ئەمریکا لە ٢٥ی شوباتدا، دوو برای پاکستانیی بە ناوەکانی عەبدول و محەمەد رەببانی دوای ٢٠ ساڵ بەندکردن لە زیندانی گوانتانامۆ، ئازاد کرد. زیندانی گوانتانامۆ بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ناسراوە هاوکات گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی لە ١٢ی شوباتدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە پلانیان وایە تا کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی جۆ بایدن، زیندانی گوانتانامۆ دابخەن.
هاوڵاتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە زیادبوونی برسێتی لە قۆچی ئەفریقا دەدات و دەڵێت، نزیکەی 130 هەزار کەس لەو ناوچەیە مەترسی لەبرسا مردنیان لەسەرە. لیزبێت ئەلبرێخت، بەڕێوەبەری قەیرانە تەندروستییەکانی تەندروستیی جیهانی لە قۆچی ئەفریقا رۆژی هەینی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند نزیکەی 48 ملیۆن کەس لە قۆچی ئەفریقا، واتە لە جیبۆتی، ئەسیوپیا، کینیا، سۆماڵ، سوودانی باشوور، سوودان و ئۆگەندا، رووبەڕووی نەمانی ئاساییشی خۆراک بوونەتەوە. وتیشی ، لەو 130 هەزار کەسە 96 هەزاریان لە سۆماڵ و 33 هەزاریان لە سوودانی باشوورن . قۆچی ئەفریقا یەکێکە لەو ناوچانەی کە گەورەترین مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. ئەلبرێخت باسی لەوەشکرد ،"زۆربەی بەشەکانی ناوچەکە رووبەڕووی خراپترین وشکەساڵیی 40 ساڵی رابردوو بوونەتەوە، لە کاتێکدا بەشەکانی دیکە کەوتوونەتە بەر لافاو، ئەوەش بووەتە هۆی برسێتیی بەربڵاو." ئەوەشی ڕونکردەوە، "ژمارەی ئەو نەخۆشییانەی لە قۆچی ئەفریقا بڵاوبوونەتەوە گەییشتووەتە بەرزترین ئاستی ئەم سەدەیە، لە کاتێکدا سیستمە تەندروستییەکان لە زۆربەی حەوت وڵاتەکە لە ژێر گوشاردان." هەروەها باسی لەوە کرد، زیادبوونی ئەم نەخۆشییانە دەکرێت راستەوخۆ پەیوەندیی بە رووداوی گەورەی کەشوهەواوە هەبێت.
هاوڵاتی دادگەیەکی تێهەڵچوونەوەی ئەڵمانیا داوا دەکات سزای ژنە داعشێکی ئەڵمانی قورستر بکرێت کە بە تاوانی ئەندامبوونی لە داعش و رێگەدان بە گیانلەدەستدانی کچە کوردێکی ئێزدیی تەمەن پێنج ساڵان لە تینوێتی و لەبەر گەرما، سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە. دادگای دادوەری فیدراڵی داوای پێداچوونەوەی ئەو ژنەی تەمەن 31 ساڵەی ڕەتکردەوە، کە تەنها بە جێنیفر دەبلیو ناسێنراوە بەپێی یاساکانی پاراستنی نهێنی ئەڵمانیا، و دۆسیەکەی ناردەوە بۆ دادگای ویلایەتی میونشن بۆ بڕیارێکی نوێ. ئەو ژنە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 لە نێوان شتەکانی دیکەدا بە دوو تۆمەتی تاوانی دژە مرۆڤایەتی لە ڕێگەی کۆیلەکردنەوە سزا درا، لە یەک حاڵەتدا بووەتە هۆی مردن، هاوکاربوون لە هەوڵی کوشتن و ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە دەرەوەی وڵات. بەڵام دادگەی فیدراڵیی ئەڵمانیا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دادوەرانی دادگەی میونشن لە سزادانی ژنەکە هەڵەیان کردووە و هەستیاریی دۆسییەکەیان بە کەم وەرگرتووە، چونکە پێیوایە ئەوەی تاوانبارەکە کردوویەتی تاوانێکی گەورەتری دژی مرۆڤایەتییە و دادگەی میونشن لێکەوتە خراپەکانی نادیدەگرتووە. هاوکات یاسای ئەڵمانیا رێگە دەدات سزای بەندکردنی تاهەتایی بۆ تاوانبار دەربکرێت ئەگەر تاوانەکەی بووبێتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک. ە دادگاییکردنەکەی میونشن، داواکارانی گشتی ئەو ژنەیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە تەنیشتەوە وەستاوە لەکاتێکدا هاوسەرەکەی ئەوکات کچە منداڵە ئێزیدییە لە حەوشەیەکدا بە زنجیر بەستووە و بەجێی هێشتووە تا لەبەر خۆردا لە تینوێتیدا بمرێت. دادگا بۆی دەرکەوتووە کە ئەو ژنە هیچی نەکردووە بۆ یارمەتیدانی کچەکە هاوکات دایکی کچە کوردە ئێزدییەکە کە لە دەست داعش رزگاری بووە، لە دادگاییکردنی هەردوو تاوانبارەکەدا شاهێدی دا. ئەو ژنە لە ساڵی 2016 لە کاتی هەوڵدان بۆ نوێکردنەوەی ناسنامەکەی لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە ئەنقەرە دەستبەسەرکرا و دیپۆرتکرایەوە بۆ ئەڵمانیا.
