هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا، رێوشوێنەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئاشکرا کرد کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە ١٤ی ئایار بەڕێوە بچێت. بەگوێرەی رێوشوێنەکان، تاوەکو کاتژمێر ١٨:٠٠، نابێت هیچ میدیایەک باسی ئەنجامی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردنەکان بکات. میدیاکان دەتوانن لە کاتژمێر ٢١:٠٠ بەدواوە دەست بە ڕۆماڵ و هەڵسەنگاندن بکەن، بەڵام ئەگەر کۆمسیۆن بە پێویستی ببینێت، دەتوانرێت بەر لە کاتژمێر ٢١:٠٠ رۆماڵی کەناڵەکان دەست پێبکرێت. رۆژی دەنگدان، جگە لە ئەو هێزانەی کە ئەرکیان پێسپێردراوە، نابێت هیچ کەسێک چەک هەڵبگرێت. دوکان و مارکێتەکانی تایبەت بە ماددە کحوڵیەکان نابێت بکرێنەوە. لە باڕ و مەیخانەکاندا، فرۆشتنی ماددە کحوڵیەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەبێت. هەموو هۆڵێکی بۆنە، ئاهەنگ و کۆبوونەوەکان دادەخرێن. لە رێستۆرانتەکان، بە هەموو شێوەیەک ماددە کحوڵیەکان قەدەغە دەبێت. هاوکات قاوەخانە، چایخانە، ئینتەرنێت کافێ و ناوەندە هاوشێوەکان بە هەموو شێوەیەک پێویستە دابخرێن. هەموو جۆرە قەدەغەیەک کە بە فەرمی راگەیەندراوە، دوای کاتژمێر ١٨:٠٠ دەتوانرێت بکرێنەوە.

ئێران رایگەیاند ژمارەیەک کەسی دەستگیر کردوە کە هۆکاری سەرەکی بون بۆ ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار و لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکرابونی راستی روداوەکان بەردەوام دەبێت، هاوکات سوپای پاسدارانیش بەریتانیا تۆمەتبار دەکات. وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ تا ئێستا 100 کەس لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون کە دەستیان هەبوە لە روداوەکانی ژەهراویکردنی کچان لە خوێندگەکانی وڵاتەکەدا. لە بەیاننامەکەدا هاتوە: ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە بە بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی بۆندار و بە بێ مەترسیی ئامانجیان بوە خوێندگەکان داخرێت و پڕۆسەی خوێندن راگێرێت و ژمارەیەک لەو تۆمەتبارانەش لە ژێر کاریگەریی کەشی دەرونیی زاڵ بەسەر دۆخی ئێستای وڵاتەکە تەنها بە ئامانجی سەرکێشی ئەو کارانەیان کردوە. وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی دەستی گروپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی و گروپە تیرۆریستییەکان لەو روداوانە بەردەوام دەبێت. ئەو وەزارەتە رەتی کردوەتەوە لە روداوی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ ، غازی کیمیایی جەنگی و مەترسیداربەکارهێنرابێت. لە لایەکی دیکەوە پێگەی (مەشرق نیوز) کە نزیکە لە ناوەندی هەواڵگریی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ روداوەکانی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ دەستی باڵیۆزی بەریتانیا لە تارانی لە پشتە بە ئامانجی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکان لە وڵاتەکە.  

مستەفا کازمی، ئاشکرای کرد کە بینیویەتی لە دوای لەسێدارەدانی تەرمی سەدام حسێن سەرۆکی پێشوتری عێراق، لەنێوان ماڵەکەی ئەو و ماڵی نوری مالکیدا فڕێدراوە و ڕاشیگەیاند بەهۆی گەندەڵی 600ملیاردۆلار بەفیڕۆدراوە. مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، گەندەڵی سەرجەم دامودەزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە و ئەوەش بووەتەهۆی بەهەدەردانی 600 ملیار دۆلار لە سامانی وڵات. ئەم وتانەی ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی “شەرقولئەوسەت” ڕاگەیاندوە و ئەمڕۆ لە هەژماری خۆی بڵاویکردۆتەوە، کازمی ئاماژەی بەوە داوه “کەسانێک هەن هەوڵی ناشیرینکردنم دەدەن و حکومەتەکەم بە بەرپرسیاری هەموو کەموکوڕییەکانی سیستمی سیاسی و حکومەتەکانی پێشوو لە بیست ساڵی ڕابردوودا دادەنێن”. کازمی باسی دۆسییەی گەندڵی کردوەو  وتوێتی، گەندەڵی زیاتر لە 600 ملیار دۆلاری لە سامانی عێراقی بەهەدەرداوە، کە بۆ بەرژەوەندیی تاکەکان و قەوارە حزبی و سەربازییەکان بەکارهێنراوە. سەرۆک وەزیرانی پێشوو دەڵێت، “بەداخەوە کەسانێک هەن دەیانەوێت مێژووی خراپی خۆیان لە حوکمڕانیدا پاک بکەنەوە، بۆ ئەمەش گەندەڵییەکانی چەندین ساڵی پێشوو دەخەنە ئەستۆی حکومەتی کازمی”. کازمی سەبارەت بە سەدام حوسێن، رایگەیاندووە، دوای لەسێدارەدانی هێنایان لەبەردەم ماڵەکەی من و ماڵی نوری مالکیدا فڕێدرا، بەڵام نوری مالکی بە پاسەوانەکانی راگەیاند کە رادەستی یەکێک لە شێخەکانی خێڵی ئەلنەدا “خێڵی سەدام حوسێن”ی بکەن، ئەوکاتە لە تکریت بەخاکسپێردرا. لەدرێژەی قسەکانی دەربارەی تەرمی سەرۆکی پێشتوری عێراق ڕایگەیاندوه، لەدوای ساڵی 2012 کاتێک داعش کۆنترۆڵی ناوچەکەی کرد، گۆڕەکە دەرهێنرا و تەرمەکە گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نهێنی کە تا ئێستا کەس نایزانێت و دەستکاری گۆڕی کوڕەکانیشی کراوە.

وەزیری دارایی عێراق، ئەمڕۆ، تەواوبوونی ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 و ناردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەری ڕاگەیاند.  تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی3ی2023 لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی (ئینا) بڵایکردەوە، ڕایگەیاند "ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 تەواو بووە و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەری"، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامادەکردنی پڕۆژەکە بەشێوەیەکی باش و ئابوریانە بووە ، کە بریتین لە مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەرییەکانی تەحەددیاتی ئابووری نێودەوڵەتی، ناوچەیی و ناوخۆیی.  ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕەشنووسی بودجەی داهاتوو لەسەر ئەولەویەتەکانی گەشەپێدان و پشتگیریکردن لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی.  جەختیشی لەوە کردەوە، "بەدرێژایی چەند مانگی ڕابردووی حکومەتی نوێ کاری کردووە بۆ ئامادەکردنی بودجەیەک کە وەڵامی پێداویستییەکانی ئابووری عێراق بداتەوە و لەگەڵ پلانەکانی حکومەت و ئەو پاکێجە چاکسازییە دارایی و ئابوورییەدا یەکبگرێتەوە کە وەزارەت کاری لەسەر دەکات". بۆ تەواوکردن."

هاوڵاتی بەرپرسانی سوپای بەریتانیا ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند، هێزەکانی ڕوسیا لەهەڵمەتەکەیاندا بۆ گرتنی شاری باخمووت لەڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا  پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام هێرشەکەیان قورس دەبێت بۆ بەردەوام بوون بەوپێیەی ژمارەیەکی زۆر سەرباز لەدەست دەدەن بۆ گرتنی ناوچەکە و زیانەکان زۆر زیاتر دەبن. وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە نوێترین هەڵسەنگاندنیدا بۆ ئەو شەڕەی لە ئۆکرانیا بەتایبەت ناوچەی باخموت بەردەوامە لە تویتەرڕایگەیاند، یەکەکانی گروپی واگنە کە لە ژێر کۆنترۆڵی کرێملیندایە، زۆربەی ڕۆژهەڵاتی بەخموتیان گرتووە، ئێستا ڕووبارێک کە بە ناوەندی شارەکەدا دەڕوات، هێڵی پێشەوەی بەخموتی دیاریکردووە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، "ئاڵانگارییەکی قورس " دەبێت بۆ هێزەکانی واگنەر بەرەوپێشبچن، چونکە ئۆکرانیا پردە سەرەکییەکانی بەسەر ڕووبارەکەدا لەناوبردووە. پارێزگای دۆنتسک، یەکێک لەو چوار هەرێمەی ئۆکرانیا کە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا ساڵی ڕابردوو بە نایاسایی بە بەشێک لە سوریای ڕاگەیاند و لە لە مانگی ئابدا سوپای ڕووسیا کەمپەینی کۆنترۆڵکردنەوەی باخمووتی دەستپێکردووە  و هەردوولاش تووشی زیانێکی گیانی زۆر بوون لە ململانێکانیاندا لەسەر ئەم ناوچەیە. هاوکات لە سەرانسەری ئۆکرانیا، ڕۆژی شەممە کارەکانی چاککردنەوە بەردەوام بوو، دوای هێرشێکی بەرفراوانی ڕووسیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو ڕۆژ پێشتر کە شەش کەسی کوشت و سەدان هەزار کەسیش بێ ئامێرەکانی گەرماکەرەوە و بێ کارەبا مانەوە.

هاوڵاتی سەرۆکی دەزگای کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد دەڵێت، گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023 و بوومەلەرزەکانی رۆژانی دواترەوە بۆ 47 هەزار و 975 کەس بەرزبووەوە. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەمڕۆ شەممە یونس سه‌زه‌ر سه‌رۆكی سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاوی توركیا (AFAD) ئاشكرایكرد، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كانی 6ـی شوباتی باكووری كوردستان و توركیا، كه‌ چه‌قه‌كه‌ی شاری مه‌ڕه‌ش بوو، 47 هه‌زار و 975 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. سه‌زه‌ر باسی له‌وه‌شكرد، كاره‌كانی چاككردن و باشكردن له‌ ناوچه‌ی بوومه‌له‌رزه‌كانی 6ی شوبات، به‌ چڕی به‌رده‌وامه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌ی داروپه‌ردووه‌كانیش درێژه‌ی هه‌یه‌.  ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئه‌نجامی بوومه‌له‌رزه‌كاندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، زیادیكردووه‌ و رایگه‌یاند، تا ئێستا 47 هه‌زار و 975 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، له‌وانه‌ شه‌ش هه‌زار و 278 یان سووری و خه‌ڵكی بیانین". سەرۆکی دەزگای ئافاد گوتیشی، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە زیان بە ماڵ و حاڵیان گەیشتووە و ئێستا لە خێوەت و میوانخانە و شوێنە کاتییەکانی دیکە دەمێننەوە نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار کەسە.  ئاماژەی بەوەشکرد، 935 هەزار و 722 کەس لە پارێزگا بوومەلەرزەلێدراوەکانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە گوێزراونەتەوە.  بەرەبەیانیی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. لەو کاتەوەش بە گوێرەی ئافاد. 14 هەزار و 144 پاشلەرزە روویانداوە کە 10 پاشلەرزەیان شەش پلە و 55یان پێنج پلە بوون،

هاوڵاتی بەگوێرەی دواییین راپرسی کە لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکان لە تورکیا ئەنجامدراوە، لە کاتێکدا کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا پارتی داد و گەشەپێدان ئاکەپە ٤٢.٦ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، بەڵام دەنگەکانی بۆ ٣١٪ دابەزیوە. کۆمپانیای لێکۆلینەوەی ئاکسسۆی لە ٢٦ پارێزگای تورکیا بە بەشداری هەزار و ٥٣٧ کەس راپرسیەکی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکانی تورکیا ئەنجامدا کە ئەمجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٣١٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ٢٨.٤٪ ئیی پارتی (پارتی باش) ١٢٪ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ١٠.٣٪ کۆمپانیای “پیار”ی تایبەت بە راپرسی و لێکۆڵینەوەکانیش بەیانی ئەمڕۆ، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەنجامدابوو، کە ئەمجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە بوو: پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 32.3٪ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) 30.8٪ پارتی دیموکراتی گەکان (هەدەپە) 11.6٪ ئیی پارتی (پارتی باش) 8.3٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) 7.1٪ پارتی ئاییندە 3.7٪ پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی (دەڤا) 2.1٪ پارتی گەورە تورکیا (بەتەپە) 1.8٪ ئەوانەی دیکە 2.3٪ هەروەها راپرسیەکەی کۆمپانیا پیار لەبارەی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار بەم شێوەیە بوو: کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەل 57.1٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەگەری زۆرە بە فەرمی ببێتە کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار 42.9٪

هاوڵاتی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆسەر ژمارەیەک هاوڵاتی کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دومەڵان بون سنوری پارێزگای حەلەب، سێ هاوڵاتی کوژران و 25ی دیکەش رفێندران. روانگەی سوریا  بۆ مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،  لە ناوچەکانی خەناسری سنوری حەلەبی باشوری رۆژهەڵاتی سوریا، ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش هێرشیانکردوەتەسەر ژمارەیەک هاوڵاتی و سەرەڕای کوشتنی سێ کەس بەچەقۆ، 25 کەسی دیکەشیان رفاندوە کە سەرجەمیان کرێکار بون و لەنێویشیاندا ژن هەیە، تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە. هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر هاوڵاتییان لە چەند ناوچەیەکی سوریا بەرەو گەشەسەندن دەچێت و بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی سوریا، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە لە ئەنجامی هێرشە لەناکاوەکانی چەکدارانی داعش لەڕێگەی دەستڕێژی گوللـە و تەقینەوەوە، نزیکەی 139 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان هاوڵاتی مەدەنین.  هاوکات سەرەڕای مەترسییەکان، دانیشتوانی ئەو ناوچانەی هاوسنورن لەگەڵ بیابانی سوریا بەردەوامن لە کۆکردنەوەی دومەڵان کە وەرزەکەی تا مانگی (نیسان/4)ی ئەمساڵ دەخایەنێت و بە نرخێکی زۆر دەفرۆشرێت، نرخی هەر کیلۆیەک لە نێوان پێنج بۆ 25 دۆلاردایە، بەپێی کوالێتی و قەبارەی دومەڵانەکان.

هاوڵاتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکان ئەو تاودانەوەی بە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە سووریا بەدەستهاتوون پێویستە بواری سیاسییش بگرێتەوە و بەرەو ئاشتیی هەنگاو بنێت. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژی ١١ی ئاداری ٢٠٢٣دا، کە ١٢ ساڵ بەسەر جەنگی ناوخۆی سووریادا تێدەپەڕێت، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەیدا گوتێرێس باسی لەوە کرد خەڵکی سووریا لە شەشی شوباتدا بەهۆی بوومەلەرزەوە رووبەڕووی تراژیدیایەکی نوێ بوونەتەوە و ئەو هاوکارییە مرۆییانەی لە دەستپێکی جەنگەی ئەو ولاتەوە رەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لەوە کرد کە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوکاری مرۆیی بەبێ بەربەست گرنگی زۆری هەیە و، رایگەیاند: ''دوای بوومەلەرزەکان ئەو تاودانەوەی بە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە سووریا بەدەستهاتوون پێویستە بواری سیاسییش بگرێتەوە و بەرەو ئاشتیی هەنگاو بنێت." دەشڵێت، "پێم وایە دەبێت لایەنە سوورییەکان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکاندا بەیەکەوە بە پابەند بوون بە بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەنگاوی بەرجەستە بنێن و بۆ زەمینەسازی ئاشتییەکی بەردەوام''.

شارەزایەکی بواری ژینگە لە ئێران هۆشدارایی دەدات کە بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکە مەترسیی رۆچونی لەسەرە و کاریگەریی لەسەر ژیانی نیوەی ژمارەی دانیشتوانی جوگرافیای ئەو وڵاتە دەبێت. عەلی بەیتوڵڵاهی، ئەندامی دەستەی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران، رایگەیاند؛ لە دوایین توێژینەوە و خەمڵاندنەکاندا دەرکەوتوە بەهۆی وشکەساكی و بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەویی ئێران روبەری زیاتر لە 46 ملیۆن دۆنم لە خاک کە دەکاتە 11%ی روبەری وڵاتەکە روبەڕوی رۆچون بوەتەوە. بە وتەی ئەو رۆچونی ئەو روبەرە کاریگەریی لەسەر ژیانی 39 ملیۆن کەس دەبێت کە دەکاتە 49%ی کۆی دانیشتوانی ئێران. بەیتوڵڵاهی رونی کردوەتەوە لە روبەری خاکی 380 شار و شارۆچکە و نۆ هەزار و 200 گوند رۆچونی زەویی بە رێژەی جیاواز رویداوە. لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتوە؛ زیاترین مەترسیی رۆچون لەسەر روبەری پارێزگاکانی تاران، ئەسفەهان و خوراسان هەیە و تەنها لە ناوچە دەشتاییەکانی مەشهەد سەر بە پارێزگای خوراسان لە هەندێک شوێن سێ سانتیم بۆ 17 سانتیم رۆچونی زەویی رویداوە. ئەو ئەندامی دەستەی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە کە رۆچونی زەوی کاریگەریی قوڵی لەسەر ژینگە و تەنانەت بوارەکانی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دەبێت و دۆخی ئێستای رۆچونی ئەو 11% لە خاکەی وڵاتەکە گەیشتوەتە لوتکەی قۆناغی قەیران. بە وتەی بەرپرسانی ئێران وڵاتەکە نزیکەی 30 ساڵە گیرۆدەی وشکەساڵیی بوە و پێشبینیی کراوە تا 10 ساڵی داهاتو قەیرانی کەمئاوایی و وشکەساڵیی لە وڵاتەکە بەردەوام بێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی وپارتی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن لەوانەش، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بە  بەشێوازی سیستەمی چوار بازنەیی. یەکێتی وپارتی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی هەرێم لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیاندا ڕێککەوتن لەسەر چەند خاڵێک گرنگ کە سەرەکیترینیان ئەوەبوو تۆماری بایۆمەتری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێتە بنەما بە هەموو پێداویستییەکانییەوە، هەروەها بڕیاردرا کە  داتاکانی وەزارەتی پلاندانان حکومەتی عێراق بەکارببرێت  بۆ دیاریکردنی رێژەی کورسی پێکهاتەکان، هاوکات لەگەڵ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم. ئەمڕۆ شاندی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای ڕێکەوتنی نێوان هەردوولا لەسەر ئەو خاڵانەی کە گەیشتبوونە ڕێکەوتن لە میانی چەندین کۆبوونەوەیان لەماوەی ڕابردوودا، لە سلێمانی دوای سەردانیکردنی لایەنە سیاسیەکانی دیکە لە مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوە وتاوتوێی شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان کرد.

هاوڵاتی کاریگەری ڕێکەوتنی ئێران- سعودیەی عەرەبی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای نزیکەی هەشت ساڵ لە قوڵبوونەوەی ئاڵۆزیی وگرژیەکانی نێوان ئێران و سعودیە، هەردوولا دوێنێ لە پەکینی پایتەختی چین ڕێکەوتننامەیەکیان واژۆکرد لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان، ئەمەش کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ململانێکان  وگۆڕینی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کەمبوونەوەی ململانێکان لە یەمەن: دوای ڕێکەوتنی هەریەک لە سعودیە و ئێران شارەزایانی سیاسی پێشبینی دەکەن ململانێکان لە یەمەن بەرەو کەمبوونەوە بچن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەردوو وڵات بە قووڵی تێوەگلاون لە شەڕی ناوخۆی چەند ساڵەی یەمەن،  سعودیە لە ساڵی ٢٠١٥ هاتە ناو ململانێکانەوە و پشتگیری لە حکومەتی دەربەدەرکراوی وڵاتەکەی کرد، ئێرانیش پشتگیری لە یاخیبووانی حوسییەکانی کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت. بەرپابوونی ئاشتەوایی سیاسی  لە لوبنان: کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕیاز و تاران دەکرێت  ببێتە هۆی ئەوەی هەردووکیان کاربکەن بۆ ئاشتەوایی سیاسی لە لوبنان کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی  دارایی بێ وێنە بووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئێران لە مێژبوو پشتگیری لە حزبوڵای میلیشیای شیعەی لوبنانی بەهێز کردووە ، لە کاتێکدا سعودیە پشتگیری لە سیاسەتمەدارانی سوننەی وڵاتەکەی دەکات و ئەمەش ئاڵۆزی وگرژیەکانی نێوانیان زیاترکردبوو وببووە هۆکارێکی ئاژاوەی گەورە لە وڵاتەکە. پەیوەندیەکانی ئیمارات- ئیسرائیل وئەگەری هێرشکردنە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕێکەوتنی نێوان سعودیە و ئێران پێشبینی دەکرێت ببێتە ئەوەی کە ئیماراتی عەرەبیش بیر لەوە بکاتەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران بەرەو پێش ببات، لەکاتێکدا کە لەماوەی رابردوودا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردبۆوە، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆکاری ئەوەی کە ئیسرائیل بەتەنها دژی گەیشتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە پلەی چەک لە ئێران بوەستێتەوە وپەیوەندیەکانی نێوان ئیسرائیل- ئیمارات بەرەو لاوازبوون و گرژی ببات. ئێران و دەرفەتێک بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا وڕۆژئاوا ڕێککەوتنی سعودیە و ئێران دەتوانێت  ڕێگەی نوێ بۆ تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکان دابین بکات،  کە لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ئێستاوە ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا قووڵتر کردووەتەوە و مۆسکۆی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری بۆمب لە شەڕی دژی ئۆکرانیا چەکدار کردووە. سعودیە و دەستکەوتەکانی لە فرۆشتنی نەوتی خاودا لەسەروبەندی ڕێوشوێنەکان دژی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەیەوێت دەیان ملیار دۆلار لە پرۆژەی گەورەدا خەرج بکات بۆ ئەوەی شانشینی سعودیە لە نەوتی خاودا پەرەبستێنیت،  ئەمەش لەکاتێکدایە کە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سەپێنراون بەسەر ئەو وڵاتەدا. سوریا ونزیکبوونەوەی بەشار ئەسەد لە سعودیە لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ١٣ ساڵەی سوریا، بەردەوام ئێران پشتگیری لە سیاسەتی ئەسەد کردووە، لەبەرامبەریشدا سعودیە پشتگیری لە گروپ وبزوتنەوەکانی دژ بە سیاسەتیی ئەسەد وحکومەتەکەی کردووە، بەڵام بەهۆی لێک نزیکبوونەوەی سعودیە وئێران دەشێت سیاسەت ودۆخی سوریا گۆڕانکاری بەسەردا دەبێت و ببێتە هۆکاری نزیکبونەوەی سعودیە لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا.  

ناوەندێکی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات لە دوای ناڕەزایەتییەکانی مەرگی ژینا، لانیکەم 155 هاوڵاتیی کورد لە رۆژهەڵات و هەرێم و شارەکانی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کوژران. ناوەندنی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا ئاماری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بە قوربانییانی هێرشە موشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێم کردوە کە بە بیانوی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان کراوەتە سەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. لەو راپۆرتەدا هاتوە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە پارێزگای سنە 43 کەس و لە ورمێ 49 کەس و لە کرماشان 21 کەس لە ئیلام دوو کەس کە سەرجەمیان کورد بون لەو پارێزگایانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستی هێزە ئەمنییەکان کوژران.  هاوکات لە شاری تاران  هەشت کەس و لە پارێزگای ئەلبورز شەش کەس و پارێزگای قەزوێن یەک کەس و لە هەمەدان یەک کەس و لە پارێزگای مەرکەزی یەک کەس کوژراون کە سەرجەمیان کورد بون و دانیشتوی ئەو شارانەی ئێران بون. هەنگاو ئاشکرای کردوە کە 85%ی ئەو هاوڵاتییە کوردانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 7%یان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە و جگە لەوەش ژمارەیەک بە لێدانی داری پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان و غازی فرمێسکڕێژ و بە چەقۆ و بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس و یەکەی هێزە ئەمنییەکان لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون. ئاماژە بەوە کراوە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا نۆ هاوڵاتیی کورد دوای دەستگیرکردنیان لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان لە زیندان و ناوەندە هەواڵگریی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون. بە پێی راپۆرتی ئەو ناوەند لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سوپای پاسدارانی ئێران لانیکەم چوار جار بە چڕی موشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێم و ناوچە سنورییەکان کردوە و هاوکات بە درۆنی خۆکوژ پەلاماری ئەو بنکانەی داوە کە بەهۆیە 22 کەس کوژراون کە کەسێکیان خەڵکی شاری کۆیە بوە لە هەرێمی کوردستان. لە ناو کوژراوانی ئەو پارتانەی رۆژهەڵاتدا منداڵێکی یەک رۆژە و دوو ژن هەبون. هەر لەو راپۆرتەدا هاتوە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا زیاتر لە حەوت هەزار و 500 هاوڵاتیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکە دەستگیرکراون کە تا ئێستاش دەستگیرکردنەکان بەردەوامە و 111 کەسیان بە کۆ سزای 343 ساڵ و سێ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە و ژمارەیەکی بەرچاو لەو دەستگیرکراونە سەرەڕای زیندانیکردنیان سزای لێدان بە قامچیان بەسەردا سەپێنراوە.  

هاوڵاتی کۆمپانیای مێتا دەڵێت  لە بەرنامەیدایە ئەپێکی هاوشێوەی تویتەر دابمەزرێنێت، ئەمەش لە هەوڵەکانیدا بۆ جێگرتنەوەی تویتەر کە بووەتە سەکۆی پەیامە گرنگەکانی جیهان. وتەبێژی کۆمپانیای مێتا لە بەیاننامەیەکدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئێمە پێمان وایە دەرفەتێک هەیە بۆ فەزای جیاواز کە دروستکەران و کەسایەتییە گشتیەکان بتوانن لە کاتی خۆیدا نوێکارییەکان سەبارەت بە بەرژەوەندییەکانیان بەیەکەوە باس بکەن. ئەو ئەپڵیکەیشنەی کە کۆمپانیای مێتا بەنیازە دروستی بکات ودایبمەزرینیت لە سەر بنەمای چوارچێوەیەکی هاوشێوەی " Mastodon" کە خزمەتگوزارییەک وئەپێکی هاوشێوەی تویتەرە کە وا لەساڵی ٢٠١٦ دروستکراوە، هاوکات تاوەکو ئێستا دیارنیە کە کەی بەردەست ئەبێت وڕادەگەێنرێت. ئەم بەرنامەیی کۆمپانیای مێتا لەکاتێکدایە کە کۆمپانیای تویتەر کە لە ئێستادا ئیلۆن مەسک خاوەندارێتی دەکات ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بۆتەوە وئەمەش وەک دەرفەتێکە کە کۆمپانیای مێتا وەک دەرفەتێک بەکاری دەهێنێت. تۆماس هایس، سەرۆک و ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گریت هیڵ کاپیتال کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، لەبارەی ئەپڵیکەیشنە نوێیەکەی کۆماپانیای مێتاوە وتی،" کۆماپانیای فەیسبوک میژووەکەی ئەوە نیشان دەدات کە زۆرباشن لەبەدەستهێنانی داهێنەردا یاخود گەشەپێدەردا، وتیشی ئەم هەنگاوە تەنها وەک هەنگاویکی بەرگریە"، ئەمەش لەکاتێکدایە کە فەیسبوک کێشە لەگەڵ کەمی بەشداربووی گەنجدا هەیە. هاوکات شرۆڤەکارانی بواری دیجیتاڵیش دەڵێن، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی  ٢٠ ٣٠دا گەشەی کۆمپانیای مێتا لە مێتاڤێرسدا زیاد بکات، هاوکات لە سەرەتای مامەڵەکانی ڕۆژی هەینیدا پشکەکانی مێتا بە ڕێژەیەکی کەم بەرزبوونەتەوە و گەیشتووەتە١٨١.٧ دۆلار،  ئەمساڵ تا ئێستا نزیکەی لەسەدا ٥١ زیادیان کردووە.  

پۆلیسى کەرکوک بازرگان، روشدى سەعیدی به‌ تۆمه‌تی دروستكردنی چه‌كی بانكی بێ پاره‌ دەستگیرکرد. عامر نورى، وتەبێژى پۆلیسى کەرکوک بە میدکانی راگەیاند، روشدى سەعیدی بازرگان کە بە دکتۆر روشدى ناسراوە، لەلایەن بنکەى پۆلیسى قۆریە بە ماددەى 459ى یاساى سزادانى عێراقى دەستگیر کراوە. باسی لەوە کرد کە تۆمەتى دەستگیرکردنى ئەو بازرگانە دروستکردنى چەکى بانکیی بێ پارە بوە. وتەبێژەکە، ئاماژەی بەوەکردوە ئێستادا روشدى سەعید لە گرتوخانەى گرتن و گواستنەوەى کەرکوکە و جگە لە تۆمەتەى لەسەرى دەستیگر کراوە چەندین سکاڵاى یاسایی دیکەیشى لەسەر تۆمار کراوە.   د.روشدى سەعید سەرۆكی گروپی كۆمپانیاكانی عادل موتەحیدە بوو، ده‌ستی به‌ چه‌ندین پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان كرد له‌وانه‌ ده‌شتی به‌هه‌شت له‌ هه‌ولێر و له‌ دهۆكیش پرۆژه‌ی ده‌شتی سیتی ستاری هه‌بوو، به‌ڵام پرۆژه‌كانی ته‌واو نه‌كرد،ساڵی 2015 دادگای دهۆك سزای 180 ساڵ زیندانی به‌شێوه‌ی غیابی به‌سه‌ردا سه‌پاند.