هاوڵاتی لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووریدا 27 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستدا و 4 هەزار و 95 کەسیش بریندار لێکەوتوەتەوە و 162 کەسیش کەمئەندام بون. جەعفەر میعادفەر، سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی خێرای ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 15-03-2023 رایگەیاند، لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووریدا 27 کەس گیانیان لەدەستداوە و 4 هەزار و 95 کەسی دیکەش برینداربوون. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە لە ژمارەی بریندارەکان سێ هەزار و 453 کەسیان بە رەگەز پیاو بون و 915 کەسیشیان کچ و ژن بون. بە وتەی میعادفەر، 222 کەس لەوان ئەندامی لەشیان لەدەستداوە، 25 کەس لە بەشی چاودێریی چڕی پزیشکیدان، هەزار و 357 کەس زیان بەر چاویان کەوتووە و 867 کەسیش سووتاون. ئاماژەی بەوەش کردوە روداوەکانی چوارشەممە سوری لە 30 پارێزگا برینداری لێکەوتوەتەوە و تەنها لە پارێزگای کوهگیلویە و بۆیرئەحمەد بریندار تۆمار نەکراوە و زیاترین برینداریش لە پارێزگاکانی تاران و ورمێ بوە. بەپێی راپۆرتی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان لەو پارێزگایەدا 169 کەس بریندار بوون؛ فریاکەوتنی لوڕستان بریندار بوونی 77 کەس و زانکۆی زانستی پزیشکیی سنە برینداربوونی 118 کەسی راگەیاندووە. ساڵانە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سوری لە ئێران گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێدەکەوێتەوە، لەو رێوڕەسمەدا کە لە دوایین چوارشەممەی وەرزی زستاندا دەکرێت، لە شەقام و گۆڕەپانەکان و شوێنە بەرزەکان ئاگر دەکرێتەوە و خەڵک بە بازدان بەسەر ئاگردا ئاهەنگ دەگێڕن. بە پێی ئامارەکان رێژەی برینداربوون کەمئەندامبون لە روداواەکانی ئەمساڵی ئەو رێوڕەسمەدا بەراورد بە ساڵی رابردوو 22% زیادی کردووە و لانیکەم 162 کەس کەمئەندام بوون و بەهۆی برینداربونیان بە تەقەمەنییەکانەوە دەست یان قاچ یان چاوێکیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقی ڕایگەیاند لە ئێستادا 104 بەنداو لەسەر ڕوباری دیجلە و فورات دروستکراوە لە لایەن تورکیاوەو 20 بەنداوی دیکە لەسەر لقە ئاوییەکانی عێراق دروست دەکات. عەون زیاب عەبدوڵڵا وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،عێراق نەیتوانیوە قەبارەی ئەو کێشە ئاوەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنێت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەیەنێت، بۆیه داوای پشتیوانی دهكات. وتیشی، بههۆی گلدانهوهی ئاوهوه لهلایهن ئێران و توركیا، چیتر عێراق خاوهنی وڵاتی دوو رووبارە گەورەکەی دیجله و فورات نییە و رووبارەکانی بوونەتە کەناڵی ئاسایی. وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هۆشداری له دروستكردنی 20 بهنداوی دیكه لهلایهن توركیاوه لهسهر ئهو لقه ئاوییانه دهدات كه سهرچاوهی سهرهكی رووبارهكانن و رایدهگهیهنێت، 104 بهنداو لهسهر رووبارهكانی دیجله و فورات دروستكراون.
هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتـی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، لە دوای هێرشکردنە سەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا لە دەریای رەش لەلایەن فڕۆکەی جەنگیی رووسیاوە، باڵیۆزی رووسیا لە واشنتۆن بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە دەکات. نێد پرایز، گوتەبێژی وەزارەتـی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمەریکا بۆ گەیاندنی "ناڕەزایەتیی توند لە بەرامبەر ئەو رێگریکردنە نائەمنی و ناپیشەییە" راستوخۆ پەیوەندی بە بەرپرسە باڵاکانی رووسیاوە کردووە. پرایز گوتی: "باڵیۆزی رووسیا بانگهێشتی ئەو یەکەیەمان دەکەین کە ئەو پەیامەی پێدەگەێنین" و رایگەیاند پرۆسەی بانگهێشتکردنەکە بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت چاوپێکەوتنەکە ئەمڕۆ پاش نیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت. ئەم بانگێشتە دوای ئەوە دێت دوێنێ سێشەممە فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری (su-27) ی ڕووسیایی لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکایی جۆری (MQ-9 Reaper) لە ئاسمانی دەریای ڕەشدا بەریەک کەوتن. لەو بارەیەوە فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا ڕایگەیاند "ئەم ڕووداوە بەهۆی ئەو ڕفتارە مەترسیدارانەوە ڕویداوە کە لەلایەن فڕۆکەوانە ڕووسیەکانەوە ئەنجام دراوە لە نزیک فڕۆکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە بە سەر دەریای ڕەشەوە دەفڕن." دەریای ڕەش دەکەوێتە نێوان ئەوروپا و ئاسیا و هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکە ،هاوکات لەم بارەیەوە مۆسکۆ هیچ وڵامێکی نەبووە تا ئێستا.
کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا رایگەیاند، ئاوارەکانی سوریا دەگەڕێننەوە وڵاتەکانیان و رێگەش نادەن ئاوارەی ئێران و ئەفغانی سنورەکانی تورکیا تێپەڕێنن. کەمال کلچدارئۆغلۆ سەردانی گوندێکی پارێزگای هاتای سەر سنوری سوریا کرد و قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد. کلچدارئۆغلۆ ئاماژەی بەوەکرد کە پاراستنی سنورەکان، بۆ ئەوان وەک پاراستنی ناموسیانە و وتی، " ئێمە لە سەردەمی سەرۆککۆماریماندا بە پێچەوانەوە دەجووڵێینەوە و رێگە نادەین هەموو کەسێک بە دڵی خۆی لەدەروازە سنوریەکاندا هاتوچۆ بکات. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت." کلچدارئۆغلۆ ئەوەی خستەڕوو، " برا سوریەکانمان لە ماوەی دوو ساڵدا بۆ وڵاتەکەیان دەگەڕێنینەوە. ئەو ئەفغانیانەی کە دەوڵەتی ئێران رێگەیان بۆ دەکاتەوە و دێنە نێو خاکی تورکیا، دیپۆرت دەکرێنەوە. پێویستە، ئێران، سوریا و ئەفغانستان باش بزانن کە سیاسەتمان بەم شێوەیە دەبێت و ئەمە بە روون و ئاشکرا دەدڕکێنین و هیچ شتێک ناشارینەوە." دوای شەڕی ناوخۆی سوریا، نزیکەی شەش ملیۆن ئاوارەی سوریا روویان لە تورکیا کرد و بەشێکیان لە باکوری کوردستان و بەشێکیان لە شارە تورکیەکان جێگیر بوون. ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی سوریا خۆیان گەیاندە وڵاتانی ئەوروپا و نزیکەی سێ ملیۆن کەسیش لە کەمپەکاندا مانەوە و بەشێکیان گەڕانەوە. دوای بومەلەرزەکەی شەشی شوبات، بێهیوابوونێکی زۆر لەلای ئاوارە سوریەکان دروست بوو و رووبەرووی هێرش و مامەڵەی نەژادپەرستی بوونەوە و بۆیەش لەم ماوەیەک دواییدا، رۆژانە بە سەدان ئاوارەی سوریا دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازیی له محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكوهزیرانی عێراق و شاندێكی یاوهری كرد. له كۆبوونهوهیهكدا پهیوهندییهكانی ههولێر ـ بهغدا و دوایین پهرهسهندنهكانی گفتوگۆی نێوان ههردوولایان تاوتوێ كرد و لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق و ئاڵنگارییهكانی بهردهمی، بیروڕایان گۆڕییهوه. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە ڕایگەیاند ، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ سهرۆكوهزیرانی عێراق دهربڕی بۆ تهواوكردنی رێكارهكانی بهپارێزگاكردنی ههڵهبجه و پهسندكردنی پرۆژهیاسای بودجهی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو تاوەکو له ئهنجوومهنی نوێنهران دهنگی لهسهر بدرێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ههروهها ههموو هاوكاری و پشتگیرییهكی بۆ سهرۆكوهزیران و حكومهتی فیدراڵیی عێراق دووپات كردووەتەوە و "ئهو كارانهی تائێستا له کارنامهی حکومهت جێبهجێی كردوون، به ئهرێنی و مایهی ئومێد ناوزهد كرد." هاوکات، وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا خراوەتەڕوو، محەممەد شیاع سوودانی" ستایشی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی له كۆكردنهوهی لایهنهكان و پهیوهندییهكانی لهگهڵ هێز و لایهنه سیاسییهكان و پێكهاتهكانی عێراق و ههوڵ و ههنگاوهكانی بۆ تهبایی و لێکتێگەیشتن دهربڕی." سوودانی دووپاتی كردووەتەوە،" سهقامگیری و ئاسایش و پێشكهوتنی عێراق به ههرێمی كوردستانیشهوه، پێكهوه گرێدراوه، بهپارێزگاكردنی ههڵهبجهیشی به خزمهتێكی بچووك زانی بهرامبهر ئهو تاوانهی بهرامبهر ئهو شاره كراوه." هاوکات بە پێی ڕاگەیەندراوەکە ههردوولا لهسهر گرنگی و پێویستیی تهبایی و یهكڕیزیی نێوان هێز و پێكهاته عێراقییهكان بۆ پاراستنی سهقامگیریی سیاسیی وڵات و چارهسهركردنی كێشهكانی ههولێر ـ بهغدا لهسهر بنهمای دهستوور هاوڕا بوون، ههروهها جهختیان له گرنگیی كهرتی تایبهت و رۆڵی له پێشخستنی وڵات له ههموو بوارهكاندا كردهوه. دوای كۆبوونهوهكهش نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ محەممەد شیاع سوودانی بهشدارییان له كۆبوونهوهیهكی هاوبهشدا كرد لهگهڵ سهرۆكی هێز و لایهنه سیاسییهكان و نوێنهرانی پێكهاته ئایینی و نهتهوهییهكانی ههرێمی كوردستان، كه تێیدا بیروڕایان دهربارهی دۆخی ئێستای عێراق و ههرێمی كوردستان گۆڕییهوه.
هاوڵاتی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری (su-27) ی ڕووسیایی لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکایی جۆری (MQ-9 Reaper) لە ئاسمانی دەریای ڕەشدا بەریەک کەوتوون. ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەمەریکییە راشیگەیاند، درۆنە ئەمەریکییەکە لە جۆری (MQ9) بوو، لەسەر دەریای رەش پێکییانداداوە. روونیشیکردەوە، دوای ئەوەی دوو فڕۆکەی جەنگیی رووسیی بە شێوەیەکی نا پیشەیی چاودێری درۆنە ئەمەریکییەکە دەکەن، بە هۆیەوە ئەو رووداوە درووست دەبێت. ئەو گوتیشی ئەم ڕووداوە بەهۆی ئەو ڕفتارە مەترسیدارانەوە ڕویداوە کە لەلایەن فڕۆکەوانە ڕووسیەکانەوە ئەنجام دراوە لە نزیک فڕۆکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە بە سەر دەریای ڕەشەوە دەفڕن. دەریای ڕەش دەکەوێتە نێوان ئەوروپا و ئاسیا و هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکە ،هاوکات لەم بارەیەوە مۆسکۆ هیچ وڵامێکی نەبوو.
وەزارەتی هەواڵگریی ئێران لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی دەدات لە دۆخی وڵاتەکە و دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس ئاشکرا دەکات و لە رۆژهەڵات و شارەکانی دیکەش ئامادەکاریی دەکرێت بۆ بەڕێوچونی ناڕەزایەتیی بەرفراوان. وەزارەتی هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات) لە بەیاننامەیەکدا دەستگیرکردنی چەند تیمێکی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کردوە 21 کەس لەو دەستگیرکراوانە سەر بە رێکخراوی "موجاهیدینی خەلق" بون و هاوکات ژمارەیەک کەسیش بە تۆمەتی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون. لە بەیاننامەکەی ئەو وەزارەتەدا هاتوە "چەند تیمێکی نەیاری کۆماری ئیسلامی هەوڵی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستییان داوە بەڵام پیش جێبەجێکردنی هەوڵەکانیان دەستگیرکراون". ئیتلاعات لە رێگەی کورتەنامەوە هۆشداریی بە دانیشتوانی ئێران داوە کە ئەگەری کاری تێکدەرانە لە لایەن هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بەهێزە و لە کاتی گومانکردن لە هەرکەس و شتێک پەیوەندیی بە هێڵە گەرمەکانی ئەو وەزارەتەوە بکەن. لە شەوی رابردوەوە جوڵەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرەو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت سنە و مەهاباد و کرماشان زیادی کردوە و سەرەڕای ئەوانەش گەنجانی ئەو بەشە لە کوردستان بە ئاگرکردنەوە لە چەند شەقامێکی شارەکانیان ناڕەزایەتییان دربڕیو و داوای خۆپیشاندانی بەرفراوانیان کرد. پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکوانانی ئێران بە چەند بەیاننامەیەکدا داوایان لەخەڵک کردوە لە چوارچێوەی بەردەوامیی شۆڕشی ژینا بەشداریی فراوان لە رێوڕەسمی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی بکەن.
هاوڵاتی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە سووریا رۆژی دووشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند حکومەتی سووریا، وکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان خۆیشی، نەیانتوانیوە هاوکاریی خێرا بگەیێننە باکووری رۆژئاوای سووریا. پاولۆ پینهێرۆ، سەرۆکی لیژنەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی سووریا دەڵێت، "سووریا بووەتە چەقی پشتگوێخستن" و، باس لەوە دەکات "چەند لایەنێک بە ئەنقەست ئاستەنگیان بۆ هاوکارییە مرۆییەکان دروستکردووە". لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، ئەوان نەیانتوانیوە لێکەوتنەوەی قوربانییانی بوومەلەرزەکە رابگرن، یان وەکو خۆی دەڵێت "ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی لە رێگە بەردەستەکاندا بکەن، لەنێویدا گەیاندنی تیمەکانی رزگاکردن لە هەفتەی یەکەمی دوای بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات". هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنە لە حکومەتی سووریا دەگرێت و دەڵێت، "حکومەتی بەشار ئەسەد هەفتەیەکی ویست تاوەکو رەزامەندی لەسەر رێگەپێدانی گواستنەوەی هاوکاریی مرۆیی لەودیو سنوورەوە بدات". راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "سەروو 13 ملیۆن کەس ئاوارە یان پەنابەر بوون، لەکاتێکدا 90٪ـی هەموو خەڵکی سڤیلی سووریا لە هەژاریدا دەژین و 15.3 ملیۆن کەسیش پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە بۆ ئەوەی بژین. ئەوەش زۆرترین ژمارەی خەڵکە کە پێویستییان بە هاوکاری بێت لەو کاتەوەی شەڕی نێوخۆیی سووریا دەستیپێکردووە".
هاوڵاتی پلاتفۆڕمی ئین سلێمانی ئاهەنگ و بۆنەکانی نەورۆزی ئەمساڵی ئاشکراکرد کە چوار رۆژ دەخایەنێت و بە درێژایی شەوانی نەورۆز لە چەند شوێنێکی جیاواز ئەنجامدەدرێن، دوا رۆژیش کە 20ی (ئازار/3) دەکات، " بە بەشداری 300 کوڕ و کچ ئاگرکردنەوە لەسەر شاخی گۆیژە ئەنجامدەدرێت" چالاکییەکان بەم شێوەیە دەبن : یەکەم: رۆژی 17ی (ئازار/3) لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادی بە درێژایی شەوانی فێستیڤاڵ نمایشی فیلم ئەنجامدەدرێت، کە لە کاتژمێر 6:30 تا 11:00ی شەو درێژەیان دەبێت و تیایدا سێ فیلمی درێژ نمایش دەکرێن. دوەم: نزیک لە سەکۆی ئازادی مارکێتی ئین سلێمانی دەبێت کە زیاتر لە 150 کوخ ئامادەکراوە بۆ گەنجان و جوتیاران بەمەبەستی خستنەڕوی بەرهەمە خۆماڵییەکان، خواردن و کارە بازرگانییە بچوکەکان. سێیەم: لە پارکی ئازادی، یارییە کوردەوارییەکانی وەک، مزراحێن، کڵاوێن و ماروپەیژە دەبن، کە خێزانەکان دەتوانن بەبێ بەرامبەر لە کاتژمێر 2:00 بۆ 10:00ی شەو سەردانی بکەن و کاتەکانی لێبەسەرببەن. چوارەم: لە دەرەوەی پارکی ئازادی، رازاندنەوە بۆ شەقامی سالم دەکرێت، جگە لە چالاکیی میوزیکی سەرشەقام. پێنجەم: لە رۆژی 18ی (ئازار/3)ەوە کۆنسێرتێک لە سەرچنار ئەنجامدەدرێت و چەند پرۆگرامێکیش تایبەت بە منداڵان سازدەکرێت. شەشەم: رۆژی 19ی (ئازار/3) لە هەواری شار کۆنسێرتێکی گەورە ئەنجامدەدرێت، لە شانۆی رۆمانی کە لە کاتژمێر 5:00ی بۆ 8:00ی شەو دەبێت بە بەشداری هونەرمەندان، هانی، سەنا بەرزنجی و هەژار زەهاوی. حەوتەم: رۆژی 20ی (ئازار/3)، لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی لە بەردەم شاری گۆیژەوە ماراسۆنێکی نێودەوڵەتی رێکخراوە بە بەشداری وەرزشەوانی دێرین و میوانانی بیانی کە پێنج کیلۆمەتری و 21 کیلۆمەتری دەبێت و هاوڵاتییان دەتوانن بەشداری تیادابکەن. هەشتەم: هەمان رۆژ لە شەقامی سالم نزیک سیتی ستار کەرنەڤاڵی نەورۆز ئەنجامدەدرێت، کە بە بەشداری ژمارەیەک لە کوڕان و کچانی گەنج بە میوزیک و گۆرانی و هەڵکردنی مەشخەڵەوە چەند چالاکییەک ئەنجامدەدەن. نۆیەم: ئێوارەی هەمان رۆژ بە بەشداری 300 کوڕ و کچ ئاگرکردنەوە لەسەر شاخی گۆیژە ئەنجامدەدرێت. دەیەم: شەوەکەی لە شەقامی سالم ئاهەنگی نەورۆز ئەنجامدەدرێت بە بەشداریی هونەرمەندان ماجد، حەمید عوسمان و یادگار خالیدی کە گۆرانی و میوزیکی شاد و هەڵپەرکێ پێشکەش دەکرێت.
لە توێژینەوەیەکدا ئاشکرا بوە کە ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران بەراورد بە 15 ساڵی رابردو زۆر زیادی کردوە و لە هەر 14 کاتژمێرێکدا کەسێک لەو وڵاتە لەسێدارە دەدرێت. ناوەندنی زانیارییە کراوەکانی ئێران (iranopendata.org) لە نوێترین توێژینەوەیدا بڵاوی کردوەتەوە؛ لە زستانی ئەمساڵەوە رێژەی لەسێدارەدان بەراورد بە 15 ساڵی رابردوی کۆماری ئیسلامی ئێران 24% زیادی کردوە و لە ساڵی 2023 لە هەر 14 کاتژمێرێکدا کەسێک لەسێدارە دەدرێت. ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵی 2008 تا 2022 لە هەر 17 کاتژمێرێکدا کەسێک لەسێدارە دراوە. زانیاریی و ئامارەکانی ئەو ناوەندە دەریخستوە لە 65 رۆژی سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 113 کەس لەسێدارە دارون کە ئەوەش زیاترین ژمارەی لەسێدارەدانی ئەو ماوەیە لە هەشت ساڵی رابردودا. زیاترین سزای سێدارە لە پارێزگاکانی تاران ، ئەلبورز، ورمێ، خوراسان، سیستان و بەلوچستان جێبەجێ کراوە. لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندوە چین بە لەسێدارەدانی نزیکەی هەزار کەس لە سالێکدا یەکەم وڵاتی جیهانە کە زیاترین سزای سێدارەی تێدا جێبەجێ دەکرێت و دوای ئەویش کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دووەم وڵاتی جیهان دێت کە زیاترین سزی سێدارەی تێدا جێبەجێ دەکرێت. بە پێی ئامارەکان لە ماوەی دوو مانگی ئەمساڵدا لانیکەم 33 کورد لە رۆژهەڵات و لە شارەکانی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە کە تۆمەتی پێنج کەسیان سیاسیی بوە و 28 کەسی دیکەشیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون کە زۆربەیان زیاتر لە چەند ساڵێک لە زیندانەکاندا بەند کرابون. لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 110 کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا و چوار کەسیان لەسێدارەدران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتوەکانیش هۆشدارییان داوە کە سزای سێدارە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە پێش ئەوەی یاسا بێت، وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی نەیارانی دەسەڵات و ناڕەزایەتییەکان بەکار دەهێنرێت.
بەرپرسێکی ئێران ئاشکرای دەکات وڵاتەکە بەرهەمهێنان و فرۆشی چەکی زیاد کردوە و نزیکەی 60 جۆرە چەک و تەقەمەنیی نوێی دروست کردوە. مەهدی فەرەحی، جێگری وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند؛ ناوەندی پیشەسازیی و بەرگریی وڵاتەکە بەراورد بە ساڵی رابردو گەشەی 200%ی بەخۆیەوە بینوە و فرۆشتنی و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی ئەو ناوەندەش بۆ دوو هێندە و نیو زیادی کردوە. بە وتەی فەرەحی ناوەندی پیشەسازیی بەرگریی ئێران 57 جۆری نوێی چەکی دروست کردوە کە ژمارەیەکیان رادەستی هێزە سەربازییەکانی ناوخۆی وڵاتەکە دەکرێن و ژمارەیەکیشیان هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کراون. ئاماژەی بەوەش کردوە ئەو چەکانەی دروستکرداون لە جۆری پێشکەوتو و سەردەمییانەن و سود لە پسپۆڕ و شارەزای بەتوانا وەرگیراوە. ناوەندی پیشەسازیی و بەرگریی ئێران موشەک، درۆن،هێلیکۆپتەر، بەلەمی جەنگی، زرێپۆش و چەند جۆرێک لە چەکی دیکە دروست دەکات. بە پێی زانیارییەکانی ئیسرائیل تا ئێستا ئێران لانیکەم هەزار و 700 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رادەستی روسیا کراون کە زۆربەیان لە جۆری (خۆکوژن) و توانای تەقینەوە و وێرانکاریی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە زۆر زیاد کراوە بە ئامانجی زیانی گەورە لە دژی ئۆکرانیا. پێشتر یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسی ئاسایشیی میونخ لە ئەڵمانیا رایگەیاند؛ ئێران سەرقاڵی دانوستانە بۆ فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بۆ زیاتر لە 50 وڵاتی جیهان.
هاوڵاتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بەوەکرد، رژێمی سوریا رێگری لە هاوکاری خەڵکی سلێمانی دەکات کە بگاتە دەستی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات. خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ماڵپەری خۆیدا راگەیەندراوێکی لەبارەی هاوکاری خەڵکی سلێمانی هەرێمی کوردستان بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزە بڵاوکردەوە و باسی ئەوەی کرد کە شەش رۆژە رژێمی سوریا لە دەروازەی تاییهە دەستی بەسەر ئەو هاوکاریەکدا گرتووە کە خەڵکی سلێمانی بۆ زیانلێکەوتووانی شەهبا، شێخمەقسوود و ئەشرەفیە ناردووە. خۆبەڕێوەبەری دەڵێت، بەر لە شەش رۆژ، ئەوان ٢٥ بارهەڵگری مرۆییان وەرگرت کە لەلایەن خەڵکی سلێمانیەوە بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە رەوانەکرابوو و وتی، " هاوکار بووە کە هاوکاریەکە بگاتە دەروازەی تاییهە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی دیمەشق رێگەی نەداوە هاوکاریەکان بگاتە دەستی خەڵکی ناوچەکە." خۆبەڕێوەبەری ئەوەشی راگەیاند کە زۆر جار داوای کردووە کە بابەتی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووەکان بە سیاسی نەکرێت، بەڵام لایەنەکان ئەو یەکە رەت دەکەنەوە و لایەنەکان هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووەکان پشتگوێ دەخەن.
هاوڵاتی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی رەشنووسی پێداچوونە بە مووچەی فەرمانبەران، بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایەش کەمترین مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران ٤٢٥ هەزار دینار دەبێت. عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی هەموارکردنەوەی پێوەرەکانی مووچەی فەرمانبەران ڕایگەیاند، "هەنگاو دەنێین بۆ هەموارکردنەوەی پێوەرەکانی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری". ئەوەشی رونکردەوە، بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە کەمترین مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەرانی ئاسایی (فەرمانبەری پلە ١٠) ٤٢٥ هەزار دینار دەبێت، جیا لە دەرماڵە و شایستەکانی دیکە، واتە مووچەکانیان بە رێژەی ١٥٠٪ زیاد دەکرێت ". ئەمەشلەکاتێکدایە، ئهمڕۆ دووشهممه ، نووسینگهی راگهیاندنی سهرۆكوهزیرانی عێراق بڵاویكردەوە ، سهرۆكوهزیرانی عێراق رهشنووسی پڕۆژهیاسای بودجهی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 پهسهند كرد و رهوانهی پهرلهمانی عێراقی كرد. هاوکات محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای پەسندکرنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد و لەبارەی قەبارەی بودجەی 2023 گوتی، 197 ترلیۆن و 828 ملیار دینارە.
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، "شەڕی داگیرکاریەکانی روسیا بۆ ئۆکرانیا و هەروەها هەڕەشەکانی چین لەسەر تایوان، جیهانی خستۆتەبەردەم مەترسیەکی گەورەوە، بۆیە هۆشداریدەدەین لەوەی دەیەیەکی پڕمەترسی چاوەڕوانی جیهان دەکات". بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز، ریشی سوناک سەرۆک وەزیران رایگەیاندوە، "جەنگی روسیا دژ بە ئۆکرانیا و هەروەها هەڕەشەکانی چین بۆسەر تایوان بون بەهەڕەشەی جیهانی و لەئێستادا مەترسی راستەقینەن لەسەر ئاسایشی جیهان، سەرەڕای پەکخستن، جیهانیان بۆ چەند بەرەیەک دابەشکردوە". لەبەڵگەنامەیەکی 63 پەڕەییدا، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئاشکرایکردوە، "جیهان لەبەردەم گەورەترین دەیەی مەترسیداردایە لەسەر ئاستی سەلامەتی و هەڕەشەکان، جیهان بەرەو ئاقارێک هەنگاو دەنێت کە گرفتەکانی کۆنتڕۆڵ نەکراو بن، لەهەموشیان مەترسیدارتر جەنگی ئەتۆمیە". لەبەڵگەنامەکەدا سەرۆک وەزیرانی بریتانیا رونیکردۆتەوە کە چۆن ژینگەی ئەمنی و ئاسایش گۆڕانکاریان بەسەرداهاتوە لەماوەی دو ساڵی رابردودا، هەروەها ئەو هەڕەشە و ئاڵنگاریانەی هاتونەتەبەردەم رۆژئاوا و جیهان و ئۆکرانیا رونکردۆتەوە. هەر لەو بەڵگەنامەیەدا ریشی سوناک دەڵێت، "شەڕی روسیا، داگیرکاری نایاساییە بۆسەر ئۆکرانیا و جۆرێکە لەشەڕی چەکسازی و بۆتە هۆکاری ئەوەی قەیرانی خواردن و وزە لەسەر ئاستی بریتانیا و ئەوروپا و جیهان دروستببێت و ببنە کێشەی جیهانی، بەهەمانشێوە هەڕەشەکانی چین بۆسەر تایوان ئەم قەیرانانە زیاتر قوڵدەکەنەوە، لەم پێناوەدا بودجەیەکی سێ ملیار پاوەندی بۆ گەشەپێدانی سەربازی و چەکدارکردنی وڵاتەکەی پێشنیازکردوە". ئەم بەڵگەنامەیە لەچوارچێوەی بودجەی حکومەتدایە کە سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئاڕاستەی کابینەکەی کردوە کە پێشنیازیکردوە، بودجەی بەرگری 2.5% زیادبکرێت، بەڵام بڕی زیادکردنە و ماوەکەی دیارینەکردوە.
هاوڵاتی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا کە ئۆلاف شۆلز سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا لەو پارتەیە، پشتگیری خۆی بۆ هەدەپە دەربڕێ و رایگەیاند، کۆتایی بە سکاڵا سیاسیەکەی دژی هەدەپە بهێنن. پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (ئێس پی دی) کە هاوبەشی سەرەکی دەسەڵاتە لەو وڵاتە و ئولاف شۆلز سەرۆکوەزیران لەو پارتەیە تویتێکی بۆ پشتگیریکردن لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بڵاوکردەوە. لە تویتەکەی (ئێس پی دی)دا هاتووە، " داوا دەکەین کۆتایی بە سکاڵا سیاسیەکەی دژی پارتە براکەمان هەدەپە بهێندرێت. بەهۆی رابردووی خۆمانەوە دەزانین کە دەتوانن دامەزراوەکانمان دابخەن، بەڵام ناتوانن داواکاری یەکسانی، دادپەروەری و ئازادی بێدەنگ بکەن." لە تویتەکەی پارتە ئەڵمانیەکەدا هاتووە، لارس کلینگبیل سەرۆکی پارتەکە و سەرپیل میدیاتلی یاریدەدەری سەرۆکی پارتە، حەفتەی ئاییندە سەردانی تورکیا دەکەن و لە سەردانەکەیاندا چاویان بە میدحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە دەکەوێت. داواکاری گشتی تورکیا بەکر شاهین لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١دا لەدژی بە ئامانجی داخستنی هەدەپە، سکاڵای لەدژی ئەو پارتە تۆمار کرد. لە داواکاریەکەدا کە ٨٤٣ لاپەڕە بوو، داوا لە دادگای دەستووری تورکیا کرا کە هەدەپە دابخرێت و قەدەغەی سیاسی لەسەر ٤٥١ ئەندامی پارتەکە دابنرێت. تاوەکو ئێستا دۆسیەی داخستنی هەدەپە یەکلایی نەبووەتەوە. لە ٥ی کانونی دووەمی ئەمساڵدا، دادگای دەستووری تورکیا، بودجەی گشتی پارتەکەی لە گەنجینەی دەوڵەت بڕی، بەڵام حەفتەی رابردوو ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە، هەمان رۆژ دادگای دەستووری، دانیشتنی دادگایی داخستنی هەدەپە کە بڕیاری ١٤ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، بۆ ١١ی نیسانی ئەمساڵ دواخست.
