هاوڵاتی گۆڤاری 'Forbes' ـی نێودەوڵەتی فاروق مستەفا ڕەسوڵ وەکو یەکێك لە 100 کەسایەتی سەرکردەی بواری چاودێری تەندروستیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشاندەکات بۆ ساڵی 2023 سلێمانی، عێراق – بەڕێز فاروق مستەفا ڕەسول، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی شاری پزیشکیی فاروق لەلایەن گۆڤاری 'Forbes' ــەوە وەکو یەکێک لە 100 کەسایەتی سەرکردەی بواری چاودێری تەندروستیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبژێردرا بۆ ساڵی 2023. ئەم ڕێزلێنانە لەم ئاستە بەرزەدا تیشک دەخاتەسەر بەشداری و دەستکەوتە ناوازەکانی بەڕێز ڕەسوڵ کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنییان هەبووە لە پێشکەوتنی بواری تەندروستییدا لە ڕێی شاری پزیشکیی فاروق 'FMC'ـەوە. شاری پزیشکی فاروق نەخۆشخانەیەکە لە ئاستی نەخۆشخانە جیهانییەکاندایە و لەسەر ڕووبەری 70,000 مەتر چوارگۆشە بیناکراوە؛ 210 قەرەوێڵە و زیاتر لە 190 پزیشک لەخۆدەگرێت کە دابەشبوون بەسەر 37 بەش و 11 ژووری نەشتەرگەرییدا. لە کانونی یەکەمی 2022، نەخۆشخانەکە ڕێکەوتننامەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای ئەستەر 'DM' بۆ چاودێریی تەندروستیی لە دوبەی واژۆکرد بە مەبەستی بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستیی لە عێراق. وەکو بەشێک لەم ڕێکەوتننامەیە، پزیشکانی کۆمپانیای ئەستەر 'DM' هەڵدەستن بە سەردانکردنی شاری پزیشکیی فاروق بۆ پێشکەشکردنی ڕاویژ و خزمەتگوزاریی نەشتەرگەریی و خزمەتگوزاری تر. سەبارەت بەم ڕێزلێنانە، بەڕێز ڕەسوڵ وتی: "وەرگرتنی ئەم ڕێزلێنانە لەلایەن 'Forbes'ــەوە شەرەفێکی گەورەیە بۆ من، زۆر سوپاسی هاوەڵ و هاوبەشەکانم و کارمەندان دەکەم بۆ پشتگیریی و لەخۆبوردوویی بەردەوامیان لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکەمان". "ئەم دانپێدانانە هەر شایەتییەک نییە لەسەر کاری جددییمان، بەڵکو هانی زیاترمان دەدات تا بەردەوامبین لە باشترکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بە کوالیتییەکی بەرز بە نەخۆشەکانمان". شاری پزیشکی فاروق و گروپی کۆمپانیاکانی فاروق بۆ وەربەرهێنان پابەندن بە پشتگیریکردنی تازەگەریی، داهێنان و پەرەپێدان لە کەرتەکانی چاودێری تەندروستی و بزنسدا. دانپێدانانی 'Forbes' بە دەستکەوتەکانی بەڕێز ڕەسوڵدا شایەتییە لەسەر ئەو پێشکەوتنە پزیشکییە گەورەیەی لە شاری پزیشکیی فاروق 'FMC' بەدەستهاتووە. لەبارەی شاری پزیشكیی فاروقەوە شاری پزیشكیی فاروق كە دەكەوێتە سلێمانییەوە، بە نەخۆشخانەیەكی پێشەنگ لە عێراق دادەنرێت، خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستیی پلە یەك پێشكەشی نەخۆشەكان دەكات لە عێراق و ناوچەكەدا. لەسەر رووبەری 70,000 مەتر چوارگۆشە دروستكراوە، ئەوەش رووبەرێكی گەورەیە كە وادەكات نەخۆشخانەكە بتوانێت ژمارەیەكی زۆری نەخۆش لەخۆبگرێت و باشترین خزمەتگوزارییان بۆ فەراهەم بكات لە ژینگەیەكی گەشەكردوو و ئاسودەدا، بەجۆرێك سەلامەتی و ئاسودەیی نەخۆش لە پێشینەی كارەكانن. شاری پزیشكی فاروق بە یەكێك لە باشترین پێشكەشكارانی خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی دادەنرێت لە عێراقدا، كە خزمەتگوزاری پزیشكی پلە یەك پێشكەش دەكات لە ئاستی ستانداردە جیهانییەكان، نەخۆشخانەكە 210 قەرەوێڵە و زیاتر لە 190 پزیشكی بەتوانا و خاوەن بڕوانامەی بەرز و 120 ژووری تاكەكەسی بە كەلوپەلی تەواوەتییەوە لەخۆدەگرێت ئەمە لەپاڵ 21 هۆڵی پێشكەوتوو بە نوێترین دیزاین و تەكنەلۆژیای پزیشكیی و 11 ژووری نەشتەرگەریی پێشكەوتوو و ئامادەكراو بە نوێترین تەكنەلۆژیای پزیشكی لەگەڵ زیاتر لە 25 كلینیكی نەشتەرگەری دڵ و بۆری خوێن و نەشتەرگەری دەمار و ئێسك و بڕبڕەی پشت و سەنتەری تایبەتمەندی خزمەتگوزاری منداڵبوون و دایكایەتی و نەشتەرگەریی شێرپەنجە و كلینیكی نەشتەرگەریی مەمك و پسپۆڕییە پزیشكییە هەستیارەكانی تر. شاری پزیشکیی فاروق نەخۆشخانەیەکی پێشەنگە لە عێراق و دەکەوێتە شاری سلێمانییەوە، هەرێمی کوردستان کە خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی پلەیەک پێشکەش نەخۆشان دەکات لە عێراق و ناچەکەدا. گۆڤاری فۆربس گۆڤارێکی بازرگانی ئەمریکیە دوو هەفتە جارێک بڵاودەکرێتەوە بابەتەکانی تایبەتن بە هەواڵ و زانیاری لەسەر بابەتی دارایی، پیشەسازی، وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا،هەروەها ڕاپۆرت لەسەر بابەتە پەیوەندیدارەکانی وەک تەکنەلۆجیا و پەیوەندیی و زانست و یاسا بڵاودەکاتەوەو بارەگای سەرەکی لە نیویۆرکە.
هاوڵاتی ئیلۆن ماسک ملیاردێری ئەمریکی رایگەیاند، "ئەگەر لەسەر بڕیاری داواکاری گشتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دەستگیربکرێت، ئەمە یارمەتی دەدات بۆ بەدەستهێنانی (سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە) لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی سەرۆکایەتی ئەمریکادا. ئیلۆن ماسک لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر نوسیویەتی، "ئەگەری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بەکەلەپچەوە ببینین و ئەگەر ئەمە ڕوبدات، ترەمپ بەدڵنیاییەوە هەڵدەبژێردرێتەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا". ئەمە لە کاتێکدایە ،ئەمڕۆ شەممە، ترەمپ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی، لە پۆستێکدا باسی لەوە کرد، چاوەڕێ دەکرێت دەستگیر بکرێت لە کاتێکدا کە داواکاری گشتیی ناوچەی مانهاتن چاوەی لەوەیە هەندێ تۆمەت بە فەرمی ئاراستەی ترەمپ بکا، ئەگەر ئەوە بکرێت، ترەمپ دەبێتە یەکەمین سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە فەرمی تۆمەتبارکرابێت. ترەمپ لە پۆستەکەدا نووسیویەتی: "زانیاریی نایاسایی دزەپێکراو" لە نووسینگەی ئەلڤن براگ، داواکاری گشتی پێشانیدەدات کە "بەربژێری هەرە لەپێشی کۆمارییەکان و سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە دەستگیردەکرێت." ئەگەر بڕیاری تۆمەتبارکردنی ترەمپ درا، ئەوا تەنیا لە ئەگەری خۆبەدەستەوەنەدان دەستگیر دەکرێت، بەڵام پارێزەرانی ترەمپ پێشتر گوتوویانە، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە گوێرەی رێوشوێنە ئاساییەکان هەنگاودەنێت، بە واتەی ئەوەی کە رازی دەبێت خۆی بەدەست بنکەی پۆلیسی نیویۆرک یانیش نووسینگەی داواکاری گشتیی مانهاتنەوە بدات. لەلایەکی دیکەشەوە، وتەبێژێک بەناوی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندوە، "تا ئێستا لە هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی لەلایەن داواکاری گشتی سەبارەت بە دەستگیرکردنی ترەمپ ئاگادار نەکراونەتەوە". هاوکات، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لەسەر سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، هیچ وادەیەکی دیاریکراو نییە بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی ترەمپ.
بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی ئاشکرای دەکات رەچاونەکردنی سەرپۆش لە وڵاتەکە زۆر زیادی کردوە و ژمارەیەک یەکەی گەشتیاریی داخراون و هۆشداریش دراوەتە ژمارەیەک ناوەندی گەشتیاریی. عەلی ئەسغەر شالبافیان، راوێژکاری وەزارەتی میراتی کەلتوری و گەشتیاریی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند؛ لە ماوەی رابردودا بەهۆی پابەندنەبونی کچان و ژنان بە سەرپۆشەوە، 17 یەکەی گەشتیاریی لە وڵاتەکە داخراون و هاوکات هەر بەهۆی رەچاونەکردنی سەرپۆشەوە 258 ناوەندی گەشتیاریی 41 جار ئاگادرکردنەوەیان بۆ کراوە. بە پێی لێدوانی شالبافیان ژمارەیەک هوتێل و خواردنگە و پارک و رستۆرانت لە چەند شار و ناوچەیەکی گەشتیاریی لە ئێران بەهۆی پابەندنەبون بە باڵاپۆشبون لە چوارچێوەی یاساکانی کۆماری ئیسلامی داخراون. لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت وەک رابردو ناوچە گەشتیارییەکان و شوێنە گشتییەکان کۆنتڕۆل بکات و بە ناچاریی ئەو شوێنانە بە بیانوی نەگونجاوبونی جلوبەرگی کچان و ژنان و پابەندنەبونیان بە سەرپۆشەوە دادەخات.
هاوڵاتی وتەبێژی فەرمی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، شاندێکی باڵا بەمەبەستی دانوستان لەسەر دۆسیەی بەردانەوەی پشکی ئاو بۆ عێراق دەچێتە تورکیا، هۆکاری کەمکردنەوەی پشکی ئاویش بۆ نەبونی یاسایەک یان ڕێکەوتنێک دەگەڕێتەوە کە گەرەنتی ڕێژەیەکی دیاریکراوی ئاو بۆ عێراق بکات. خالد شەماڵ وتەبێژی فەرمی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تورکیا کاریکرد بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی بەنداوەکانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێویستی عێراق بۆ ئاو، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوشدا شاندێکی باڵای عێراق بەرەو تورکیا بەڕێدەکەون بەمەبەستی دانوستان لەسەر پرسی بەردانەوەی ڕێژەی پێویستی ئاو بۆ عێراق. وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقی ڕایگەیاند لە ئێستادا 104 بەنداو لەسەر ڕوباری دیجلە و فورات دروستکراوە لە لایەن تورکیاوەو 20 بەنداوی دیکە لەسەر لقە ئاوییەکانی عێراق دروست دەکات هەربۆیە بەهۆی دروستکردنی ئەم بەنداوانەوە لە لایەن تورکیاوە لەسەر سەرچاوەی سەرەکی ئاوی عێراق دیجلەو فورات، بە شێوەیەکی گشتی سەرجەمی ناوچەکە دوچاری وشکەساڵی بۆتەوە. وتیشی، "هۆکاری کەمکردنەوەی پشکی عێراق لە ئاو، نەبونی یاسایەک یان ڕێککەوتنێکە کە گەرەنتی ڕێژەیەکی دیاریکراوی ئاو بۆ عێراق بکات، دۆسیەی دانوستانیش لەگەڵ تورکیا زۆر لایەنی دیکەی نێوان هەردو وڵات لەخۆدەگرێت". هاوکات پێشتریش وائیل عەبدوللەتیف ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبو، عێراق لەگەڵ تورکیا سیاسەتێکی هەڵە پەیڕەو دەکات و هەمو ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان ئەو دو لایەنەدا ئەنجام دراون، کاریان پێناکرێت، چارەسەرەکە لەوەدایە کە حکومەت کارتی ئابوری بەکاربێنێت بە داخستنی سنورەکانی لەگەڵ تورکیا.
هاوڵاتی دوو ئۆتۆمبێلی لاهوور شێخ جەنگی لە سلێمانی دەستیان بەسەردا دەگیرێت. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا کەس سکاڵای تۆمارنەکردووە. تۆڕی میدیای ڕوداو بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ دەستبەسەر دوو ئۆتۆمبێلی لاهوری شێخ جەنگیدا گیراوەو پاساوی ئەو کارەی یەکێتی ئەوە بووە کە ئۆتۆمبێلەکان خاوەندارێتییان بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگەڕێتەوە. سەرچاوەیەکیش لە ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوتووە، پێشتر چەند جارێک لاهوور شێخ جەنگییان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلانە خاوەندارێتییان بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتی دەگەڕێتەوە، بەڵام نەگەڕێندراونەتەوە و هەربۆیە ئەمڕۆ دەستیان بەسەردا گرتوون. وتوشێتی، ئەو دوو کەسە هاتووچۆیان بە منداڵەکانی لاهوور شێخ جەنگی کردووە و منداڵەکانیان گەیاندووەتە قوتابخانە و دواتر لە بەنزینخانەیەک لایانداوە و لەوێ هێزەکە قۆڵبەستی کردوون. هاوکات سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیی ڕایگەیاندووە "ئاگاداری رووداوی لەو جۆرە نین و تائێستاش هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە".
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی 15ی ئەم مانگە دوو هێلیکۆپتەر لە نزیک گوندی بێرکیان لە سنووری ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک کەوتنەخوارەوەو بەهۆیەوە 9 شەڕڤانی ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستدا، هەریەکە لەموراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکەو بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیامیان بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) ئەو 9 شەڕڤانە کە شەهیدبوون بریتی بوون لە هەریەکە لە شەڕڤان کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆری ڕۆژئاوای کوردستان و هۆگر دێریک، کۆچەر دێریک، خەبات دربێسیێ، فاراشین باران، رۆژەنگ رەفات، دیدار دێریک، دۆغان عەفری و هاروون رۆژاڤا بەرەو سلێمانی چوون، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدەش رایگەیاند، ئەو شەڕڤانانەی لەكاتی كەوتنە خوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی دهۆك گیانیان لەدەستدا لە رێگەدابوون بۆ هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری كردن لە بەرنامەیەكی هاوبەشی دژی داعش. هاوکات داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە هاوكاربن لە گەڕاندنەوەی تەرمەكانیان بۆ باكور و رۆژهەڵاتی كوردستان. لەپەیامێکدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەبارەت بەشەهیدبوونی ئەو 9 شەڕڤانە ڕایگەیاند"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شانازی بەو مێژووە درەوشاوەیەوە دەكات كە هێزەكانی دژەتیرۆر (CTG) هاوشانی یەكینەكانی دژەتیرۆری رۆژئاوا لەپێناو پاراستنی خاكی كوردستان و خەڵكە تێكۆشەرەكەیدا خەباتیان كردووە و داستانی قارەمانانەیان تۆماركردووە". موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکەش ڕایدەگەیەنێت: "لەم دواییەدا هاوسەرۆکی کەنەکە بەڕێز ئەحمەد کاراموس سەردانی باشووری کوردستانی کرد و هەندێک چاوپێکەوتنی ئەنجامدا، ئێمە ئەم کارە زۆر بە مانادار دەزانین، بێگومان لەم کاتەدا شتێکی زۆر بەنرخ و پێویستە، هەروەها بەڕێز بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەوازی بۆ یەکێتیی نەتەوەیی کرد، ئێمە ئەم بانگەوازەش بە واتا دەزانین و بەڕاستیش لەم کاتەدا گرنگترین پێویستی یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کوردستانە." قەرەیلان دەشڵێت: ئێمە وەک بزووتنەوە، لەلای خۆمانەوە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین، لەسەر ئەم بنەمایە داوا دەکەم نەورۆزی ٢٠٢٣ بکەنە سەرەتای یەکێتیی نەتەوەیی، پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی پێکبهێنن، ئەگەر هەندێک ناتوانن شان بدەنە بەر ئەوە با شانی نەدەنە بەر، نابێت ئێمە بەهۆی هیچ کەسێکەوە خۆمان سنوردار بکەین، نابێت بڵێین: "‘ئەگەر فڵان کەس نەیەت کارەکە نابێت’ نەخێر ئێمە وەک هێز و کەسانی کوردستانی لەسەر هێڵ و بنەمای نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی لە بەرامبەر جینۆساید و داگیرکاری و پاکتاوکاریدا دەوەستینەوە، بە دڵنیاییەوە پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی پێکبهێنین."
کۆشکی سپی رایگەیاند کە رووسیا تاوانی جەنگی لە ئۆکراینا ئەنجامداوە و پێویستە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن. گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، ئادرین واتسۆن دەربارەی بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، رایگەیاندووه: "هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە رووسیا ستەم و تاوانی جەنگی لە ئۆکراینا ئەنجامداوە. ئێمەش سوورین لەسەر ئەوەی کە پێویستە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن باجی ئەم کارانەیان بدەن. داواکاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان کەسێکی سەربەخۆیە و بەگوێرەی بەڵگەکان بڕیار دەدات. دەمانەوێت ئەوانەی تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە باجی کارەکانیان بدەن". دوێنێ هەینی، دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان رایگەیاندبوو لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیدا سەبارەت بەو تاوانانەی کە لە ئۆکراینا ئەنجامدراون، بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکراینا، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و کۆمیسیاری رووسیا بۆ مافەکانی منداڵان، ماریا ئەلێکسیڤنا لڤۆڤا-بێلۆڤا، دەرکردووە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوانی ئیرادەی حكوومەتی دووپات كردەوە بۆ ئاوە دانكردنەوەی عێراق لەچوارچێوەی نەخشەِێگەیەكی كێشراودا و لەسەربنەمای چەند قۆناغێك. سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارێكدا كە لە ڕۆژنامەی (شەرق ئەلئەوسەت) بڵاویكردووەتەوە رايگەیاندووە : ئەم ڕۆژانە بیستەمین ساڵڕۆژی ڕووخانی رژێمی دیكتاتۆری تێدەپەڕێت و كە دەرئەنجامی دەیان ساڵ ستەم و ستەمكاری و خراپ بەڕێوەبردن و هەوڵدان بۆ سەرپێچی و هێرشكردنە سەر ناوخۆ و دەرەوە. ئاماژەی بەوەشكرد : كاتی ساڕێژكردنی برینەكان و هەنگاونان بەرەو ئایندەیەكی خۆشگوزەران بۆ گەلێك كە شایەنی هەموو چاكەیەك بێت هاتووە و ئاماژەی بەوەشكرد :گەلەكەمان سەبر و خۆڕاگر بووە، قوربانی داوە، شەهیدی پێشكەش كردووە بەمەبەستی ڕزگاركردنی خەڵك و خاك لە دەستی قێزەونی تیرۆر و ستەمكاری و توانیان دەستوورێك دابڕێژن كە گەلی عێراق (ژن و پیاو) بكاتە ناوەندی خۆی و ڕێگە خۆش دەكات بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و گەرەنتی سەروەری و سەربەخۆیی و یەكگرتوویی وڵات دەكات. بەردەوام بوو و گوتیشی: گەلەكەمان چاوەڕێی هەستانەوەیەك دەكات كە هەلومەرجەكانی لە وڵاتەكەیدا بەردەستە و ئێمە توانای مرۆیی و لێهاتوویی زانستیمان كەمی نییە، نە سەرچاوەی سروشتی و ناسروشتی و هەڵكەوتەی جوگرافیمان كەمی نییە. ئەوەی كەممان هەیە، گەشەسەندنی زانستییە و پلان و بەرنامە پراكتیكییەكان و جێبەجێكردنی پتەویان لە هەموو بوارەكاندا. ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وتی: ئێمە بەرنامەیەكی یەكگرتوومان داڕشت بۆ چارەسەركردنی بەپەلەترین كێشەكان و لە یەكەم ساتەوە جوڵەمان كرد بۆ لابردنی ئاستەنگەكان، هەروەها گەندەڵی دارایی و ئیداری یەكێك بوو لەوانە، هەر بۆیەش لە یەكەم ڕۆژەوە دەستپێشخەریمان كرد بۆ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێن و ناوەند و ئامرازەكانی لە هەر شوێنێك بن بكەنە ئامانج. سودانی ئاواتەخوازی خۆی دەربڕی بۆ یارمەتیدانی هەموو خێرخواز و بەئەمەك لە وەزارەتەكانی دەوڵەت و دەرەوەی ئەوان، بۆ ئەوەی لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا لە پاڵ دەوڵەت و دامەزراوەكانیدا بوەستن كە لە تیرۆر كەمتر مەترسیدار نییە. ناوبراو جەختی لە ئیرادە بۆ بنیاتنانەوەی عێراق لە چوارچێوەی دیدگایەكی ڕوون و نەخشەڕێگای كێشراو لەسەر بنەمای چەند قۆناخێك كردەوە و دەشڵێت: قۆناغی یەكەممان بە كۆكردنەوەی وزەكانی دەوڵەت بەرەو بنیاتنان و چاكسازی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری دەستپێكرد، وەك ئەوەی ڕوونمان كردەوە لە بەرنامەی گشتگیری حكومەتماندا كە تێیدا ئەولەویەتەكان دادەنێین.سەبارەت بە قۆناغەكە دووەمیان گەشەپێدانی ئابووری، مرۆیی، سەربازی و ئەمنییە. ئاماژەی بەوەشكرد : ئەو تاقیكردنەوە و ئەو بەڵایەی كە گەلی عێراق ڕووبەڕووی بووەوە، بە هەموو پێكهاتە بەخشندەكانییەوە، ئیمان و وورەیان بەهێزتركرد، هەروەها ناسنامەی عێراقییان ئەو پەیوەندییە تۆكمەیە كە دەبێت پابەندبن پێیەوە. شوناسە لاوەكییەكان ناتوانن جێگرەوەی نەتەوەیی و ناسنامە بن لەژێر یەك رەشماڵی یەكگرتووی عێراق. ئاماژەی بەوەشكرد : عێراق ئەمڕۆ عێراقێكە لەگەڵ خۆی ئاشتبووەتەوە و لەگەڵ ئەوانی تردا ئاشتییە، كە نایەوێت زیان بە كەس بگەیەنێت و نە ڕێگە بە هیچ كەسێك نادات سەرپێچی بكات بەرامبەری، ئاواتی خۆی بۆ كاركردن و هاوكاری جددی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دۆست دەربڕی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگە هاوبەشانەی كە هەسارەكە ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ژینگە، كەشوهەوا، بیابانبوون، زیادبوونی زریانی خۆڵ و تۆز، كەمیی ئاو، بەرزی پلەی گەرمی، زیادبوونی پیسبوون و نەخۆشی، زیادبوونی هەژاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان. ئاماژەی بەوەشكرد : ئێمە ئاگاداری جددیەتی ئەم تەحەددایانەین و هەوڵدەدەین هاوبەشی و هاودەنگی لەنێوان وڵاتاندا دروستبكەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان و عێراق دەست پێدەكات بۆ هەموو پەیوەندییەكی باش و هاوبەشییەكی باش لە بواری ئاسایش، ئابووری، یان ژینگەدا، ڕوونیدەكاتەوە : پێویستە بەپەلە سەرچاوەكانی داهات هەمەچەشن بكەین و پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین وەك سەرچاوەیەك و نزیكە بە تەنیا بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی بودجە و پێویستە كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و بازرگانی و ئەوانی دیكە چالاك بكرێت. لە درێژەدا وتی: پلانمان داڕشتووە بۆ هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەكی و دەرگاكانمان بەڕووی وەبەرهێنەران و خاوەن پڕۆژەكاندا كردۆتەوە لە چوارچێوەی پلانێكی باش بیركراوە و هاندانی دەرفەتەكان، جەختیشی لەوە كردەوە كە بزووتنەوەی بیناسازی و وەبەرهێنان پێویستی پێی دەبێت و زیاتر هێزی مرۆیی ڕاهێنراو و بنیاتنانی توانای زیاتر و ئێمە بەرنامەیەكی پێشكەوتوومان لەم بوارەدا دەستپێكرد بە ناوی بەرنامەی سەركردایەتی بۆ یارمەتیدانی گەنجان بۆ بەدەستهێنانی شارەزایی و لێهاتوویی پێویست، بەبێ ئەوەی لەبیربكەین توانای سەربازی و ئەمنی بنیات بنێن. جەختیشی لەوە كردەوە : كە گەشەپێدان تەنها بە سەقامگیری ناوخۆیی و دەرەكی بەدەست دێت. سەقامگیری ناوخۆیی بە واتای سەروەری یاسا و سنوورداركردنی چەك بۆ دەوڵەتە و ئێمە قبوڵ ناكەین چەك لە دەرەوەی دامەزراوەی ئەمنی و سەربازیی دەوڵەت هەبێت و ئاماژەی بەوەشكرد : سەبارەت بە سەقامگیری دەرەكی، واتە بنیاتنانی هاوبەشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەو پێیەی پێگەی ستراتیژی عێراق قورسایی ناوچەیی زۆری سەرچاوە و كاریگەری لە ئابووریی جیهاندا توانای ئەوەی پێدەبەخشێت كە ڕۆڵێكی سەرەكی بگێڕێت هاوتا لەگەڵ قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیدا. جەختیشی لەوە كردەوە كە "پەیوەندییە باشەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست ڕێگەی بۆ بنیاتنانی هاوبەشی دوولایەنە و فرەلایەنە لەگەڵ زۆرێك لە وڵاتانی جیهان خۆشكرد و هێشتا زۆرێك لەو پەیوەندیانەمان لە پێشە". لە كۆتاییدا وتی : ئەمڕۆ دەرفەتێكی لەبار دەدۆزمەوە بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتێكی نیشتمانی گشتگیر بۆ بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكان لە سەرتاسەری وڵاتدا بە هاوكاری خەڵك و هاوبەشەكان و دۆستان، ئێمە عێراقێكی بەهێز و بەتوانا بنیات دەنێین بۆ دەیان ساڵی داهاتوو، ئێمەش لە پلانەكانی داهاتووماندا كە پێی دەڵێین عێراق 2050 ئەمە بەدەست دەهێنین.
هاتوچۆی ئێران ئاشکرای دەکات بەهۆی زۆربونی گەشتەکانی تایبەت بە ساڵی نوێ رێژەی روداوەکانی هاتوچۆ زیادی کردوە و ژمارەی کوژراوانیش بەرز بوەتەوە. ئەحمەد شیرانی، سەرۆکی ناوەندی زانیاریی و کۆنتڕۆڵی هاتوچۆ لە ئێران ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند؛ لە سێ رۆژی رابردودا بەهۆی 111 روداوی هاتوچۆ، 125 کەس گیانیان لەدەستداوە. شیرانی ئاماژەی بەوە کردوە لەو سێ رۆژەدا و لە ژمارەیەک روداوی هاتوچۆی دیکەدا نزیکەی دوو هەزار و 895 کەس برینداربون. بە وتەی شیرانی ئامارەکانی روداوی هاتوچۆ لە ئێران زۆر مەترسیدارن و ئەمساڵ رێژەی گەشتەکانی تایبەت بە نەورۆز 12% بەراورد بە ساڵی رابردو زیادی کردوە کە پێدەچێت ئەوەش هۆکارێک بێت بۆ بەرزبونەوەی ژمارەی قوربانییانی روداوەکانی هاتوچۆ. پێشتر کەمال هادیانفەڕ، بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاندوە؛ ژمارەی کوژراوانی روداوەکانی هاوتوچۆ لە ئەمساڵدا زیادی کردوە و لە حەوت مانگدا 11 هەزار و 734 کەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە. ساڵانە بەهۆی پشوەکانی نەورۆز لە ئێران گەشت بۆ شارەکانی باکور و باکوری رۆژئاوای وڵاتە و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و خراپیی رێگەوبانەکان و نەبونی ستانداردە جیهانییەکان لە ئۆتۆمبێلەکان بە هۆکاری بەرزبونەوەی ژمارەی قوربانییانی روداوەکانی هاتوچۆ لەقەڵەم دەدرێت.
بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە 197 ترلیۆن و 828 ملیار دینارە ، پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکەدا 24 ترلیۆن و 926 ملیار دینار و 328 ملیۆن دینارە، فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێن، دەنگی پێدەدەن. فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، هۆکارێکی سەرەکی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەو جۆرەی کە هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا حیزبەکەیان بووە. فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت، ئەوان پشتیوانی پڕۆژەیاساکە دەکەن. پەرلەمانتارێکی یەکگرتووش باس لەوە دەکات کە پشتیوانی دەرچوونی پڕۆژەیاساکە دەکەن و کۆمەڵی دادگەرییش پێیوایە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیاندا دەبێت. بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە18ی3 به تۆڕی میدیایی رووداوی وتوە: "لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە کە رێککەوتنی لەسەرکراوە و نێردراوە بۆ پەسندکردن، لە پەرلەمانی عێراقدا دەستکاری رێژەی بودجەی هەرێمی کوردستان ناکرێت و وەکو ئەوەی دیاریکراوە پەسند دەکرێت". لە بودجەی تەرخانکراوی عێراقدا بەهای بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت زیاترە لە 70 دۆلار. ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "لەو پارەیەی لە نرخی خەمڵێندراوی نەوت دەمێنێتەوە بۆ هیچ خەرج ناکرێت، بەڵکو دەخرێتە سەر داهاتی یەدەگی عێراق، کە بە پارە و زێڕەوە گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار". "هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەم بارەیەوە وتی"بۆ تەرخانکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، پێشوەختە رێککەوتنی سیاسی کراوە. لە بەرامبەر پێدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، دەبێت هەرێمی کوردستانیش بۆ دەربازبوون لە رێکارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بەپێچەوانە، هیچ بڕە بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نانێردرێت". سەبارەت بە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان، هەرێم کەمال ئاغا دەڵێت، دەبێت داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی حکومەتی عێراق و دیوانی چاودێریی دارایی عێراقدا بێت؛ وتیشی: "بە گوێرەی دەستوور، داهاتی خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان داهاتی فیدراڵین و دەگەڕێنەوە گەنجینەی گشتی عێراق". داهاتی نەوتیی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکدا دەبێت لەژێر چاودێریی حکومەتی عێراقدا. بە وتەی هەرێم کەمال ئاغا، بە گوێرەی رێكکەوتنەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە پێکهێنەرانی حکومەتی عێراقن بە بەشداری پارتی و یەکێتیش، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە راوێژ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەتوانێت سوود لەو پارەیە وەربگرێت کە لە هەژمارە بانکییەکەدا دەبێت. هەروەها شوان محەممەد، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان وتوێتی ، "داهاتی نەوتی لەو هەژمارە بانکییەدا بە راوێژی هەردوو حکومەت مامەڵەی پێوەدەکرێت". لەبارەی داهاتی خاڵە سنووری و فڕۆکەخانەکانیش پەرلەمانتارەکەی پارتی وتی: "بە چاودێریی چاودێریی دارایی عێراق 50%ـی داهاتەکان بۆ گەنجینەی عێراق و 50%ـەکەی دیکەشی بۆ گەنجینەی هەرێمی کورستان دەبێت". جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، باس لە گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ و سبەی یەکشەممەدا نەکراوە. لەبارەی بۆچونی فراکسیۆنەکان لەبارەی پڕۆژەیاساکە، شوان محەممەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "ئێمە لە پەرلەماندا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە دەدەین و پشتیوانی دەکەین. پارتی کارەکتەری سەرەکی پەسەندکردنی بودجە بووە و لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش بە دەنگ و پشتیوانی پارتی پڕۆژەیاسای بودجە پەسند کراوە". هەروەها هەرێم کەمال ئاغا وتی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەموو پشتیوانییەکی پڕۆژەیاساکە دەکات لەپێناو بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بۆ گەیشتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان". سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، ئامانجی ئەوان زامنکردنی مووچەی هاونیشتمانیانە؛ وتیشی: "نامانەوێت چی دیکە مووچە و قووتی خەڵک ببێتە قوربانیی رکابەری و ناکۆکیی سیاسیی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان". دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەم بارەوە ڕایگەیاند، خەڵکێکی زۆری عەرەبی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە هەرێمی کوردستاندا دەژین؛ خزمەتگوزارییان دەوێت و دەبوو رەچاوی ئەوەش بکرایە لە دیاریکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستاندا. ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت ئەوانیش پشتیوانی دەکەن و پێیانوایە لەبەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندایە"
سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، ئەردۆغان مافی ئەوەی نییە، جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید بکاتەوە و وتی، "ئەردۆغان تۆ بەرپرسیاری مردنی هەزاران کەسی، شەرم ناکەیتەوە؟ سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە شەش ساڵە لە زینداندایە، تویتێکی بڵاوکردەوە و لە تویتەکەیدا رەخنەی توندی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) گرت کە دەیەوێت جارێکی دیکە و بۆ سێیەم جار، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید بکاتەوە. دەمیرتاش لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، " ئەردۆغان هێشتا زووە، دەست لە سیاسەت هەڵبگرە ، با وڵات هەناسەیەک بدات. بەڵام ئەگەر هەر دەڵێی کە مافی خۆتە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەی، کێشە نییە، ئێمە مافەکەت پێدەدەین!. دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت، " ئەردۆغان مافی ئەوەت نییە خۆت کاندید بکەیت، تو بەرپرسیاری کوشتنی هەزاران کەسی، هیچ جێگەیەک لێرە نەماوە. بەم هەموو رەتکردنەوانەت، ناتوانیت جارێکی دیکە ببیتە کاندید." سەلاحەدین دەمیرتاش، بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتری سەرۆکایەتیدا، بە ئەردۆغانی وتبوو، 'رێگە نادەین ببیتە سەرۆککۆمار'. رووبەرووی هێرشی توندی ئەردۆغان ببووە و بەگوێرەی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، یەکێک لە هۆکارەکانی دەستگیرکردنیشتی ئەو رستەیە بووە کە لەدژی ئەردۆغان بەکاری هێنابوو.
کەشناسی، ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، سبەی ئاسمان هەوری مامناوەند دەبێت لەگەڵ بارانی مامناوەند بەشی پێشبینی له بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ، پێشبینی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی ڕاگەیاند. کەشناسی، ئهمڕۆ ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت ، لە کاتەکانی شەودا ئەگەری بارینی نمەباران هەیە بە تایبەتی لە ناوچەکانی باکوری رۆژئاوای هەرێم. دەربارەی پلەی گەرما کەشناسی دەڵێت، پلەکانی گەرما بەرزدەبێتهوه. دەربارەی کەشی سبەی یەکشەممە کەشناسی ئاماژەی بەوەکردوه، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بارانی مام ناوەند لە دوایینیوەڕۆ لە هەندێ ناوچەدا باران بە لێزمە دەبێت و هەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت. کەشناسی دەربارەی پلەی گەرمایی، سبهینێ پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە.
کلچدارئۆغلۆ لۆگۆی جەهەپەی پیشکەش بە کوڕ و هاوسەری تاهیر ئەلچی کرد و رۆژنامەنووسێکیش رایدەگەیەنێت، جەهەپە دەیەوێت هاوسەری تاهیر ئەلچی بکاتە پەرلەمانتار. کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل چاوپێکەوتنی لەگەڵ تورکان ئەلچی سەرۆکی کۆمەڵەی تاهیر ئەلچی بۆ مافەکانی مرۆڤ و هاوسەری تاهیر ئەلچی و ئارین ئەلچی کوڕی تاهیر ئەلچی ئەنجامدا و لۆگۆی جەهەپەی پیشکەش بە کوڕ و هاوسەری تاهیر ئەلچی کرد. لەلایەی دیکەوە، رۆژنامەنووس ئیسماعیل سایماز لە تویتێکدا رایگەیاند، جەهەپە داوای لە تورکان ئەلچی هاوسەری تاهیر ئەلچی کردووە کە ببێتە کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە بڕیارە ١٤ی ئایار بەڕێوە بچێت و وتی، " لە ئێستا جەهەپە چاوەڕێی وڵامی تورکیا ئەلچی دەکات." تاهیر ئەلچی سەرۆکی پێشووی ژووری پارێزەرانی ئامەد، رۆژى 28ی تشرینی دووەمی 2015، لەکاتێکدا کە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسى لەبارەی شەڕی ناوخۆی باکوری کوردستان رێکخستبوو، شەڕ لەنێوان پۆلیس و گەنجانی لایەنگری پەکەکە روویدا، لەو شەڕەدا تاهیر ئەلچى لەبەردەم منارەی “چوارلنگ” لە ناوچەی سوری ئامەد تیرۆرکرا. چەند رۆژێک بەرلە تیرۆرکردنی، تاهیر ئەلچى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵ٤4ی بەریتانی رایگەیاندبوو، ھەڕەشەی کوشتنی لێکراوە. ٧ ساڵ بەسەر کوشتنی تاهیر ئەلچیدا تێپەڕیوە بەڵام تاوەکو ئێستا دۆسیەکەی لە دادگا یەکلایی نەکراوەتەوە و پارێزەرانی دەڵێن، دادگا هەوڵی پەردەپۆشکردنی راستیەکان دەکات.
كاوە ڕەش بەپێی ڕاگەیاندنی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا، پێنج ئەندامی تۆڕێكی تاوانکاری ڕێکخراو كەپێك هاتوون لەچوار كوردو كەسێكی دیكەی ڕۆمانی، لەدادگا تاونباركراون بەهێنانی کۆچبەری نایاسایی بەپشتی بارهەڵگری ساردکەرەوە لەڕێگای بەندەری شاری (پۆرتسمۆس)وە بۆ وڵاتی بەریتانیا بەقاچاخ. چالاکییەکانی ئەو باندە لەژێر لێکۆڵینەوەو چاودێری كردنی نهێنی بەردەوام دابووە، كەچوار ساڵە دەزگای تاوانی نیشتیمانی ئەنجامی داوەو دواجار بەئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش دەستگیر دەكرێن و ئاشکرا دەبن. لەکاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی سەرەتای 11ی ئازاری 2019، ئەفسەرانی دەزگای تاوانی نیشتیمانی چاودێری چالاكیەكانی ئەندامانی ئەو گروپەیان كردووە، دوای بەدواداچوون دەركەوتوە كەلەڕێگای لۆریەكی ساردكەرەوە دوای ئەوەی بەکەشتی گەیشتۆتە بەریتانیاو شوفێرێكی ڕۆمانی بەناوی مارینێل دانوت تەمەن 31 ساڵ، لێی خوڕیوە، لەباكوری فەڕەنساوە، لانی كەم سێ كۆچبەری نایاسایی تێدا بووە. پاش یەكتر بینیان لەگەڵ ئەندامانی دیكەی گروپەكە لەجادەی A27 لەو شوێنەی كۆچبەرەكان دەخەنە ناو دوو ئۆتۆمبیلی دیكەی جیاوازەوە. دوای چاودێری كردنی ئەفسەرانی ئاژانسی بەرنگاربونەوەی تاوانی نیشتیمانی، ئۆتۆمیلی یەكەم كەجۆری ڤۆكسۆڵ ئاسترا بووە و شوفێرەكەی بەناوی (م٫ م)، تەمەن ٣٣ ساڵ ڕادەگیرێت، پاش پشكنین دەركەوتووە دوو كۆچبەری عێڕاقیی كە خوشك و برایەكی تەمەن ١٨ساڵ و ١٣ساڵ بوون لەناویدا دەستبەسەر دەكرێن. ئۆتۆمبێلی دووەمیش، كەجۆری ئاودیۆی A3بووە، پاش ڕاگرتنی ئەویش ئافرەتێكی تەمەن ٣٠ساڵی عێڕاقیی تێدا دەدۆزرێتەوە. هەرلەهەمانكاتدا كەئەفسەرانی NCA ویستوانە لۆریەكە دەست بەسەر بكەن، بەڵام هەوڵی هەڵهاتنی داوە بۆیە پاش دەستگیردنی و پشكنینی ٣٥هەزارو پێنج سەد پاوەندی كاش، لەناو زەرفێكی پلاستیكدا دەدۆزرێتەوە لەگەڵ بڕی ٧هەزار یۆرۆی دیكە، كەلەناو لۆریەكە حەشار دراوە. بەرەبەیانی دواتریش، لەناوچەی فریاگوزاری و وەستانی ئۆتۆمبێل سەیارەیەكی جۆری ڤی دبلیو تۆران، لەخزمەتگوزارییەکانی لیفۆک له ڕێگا ڕادەگیرێت، كەشوفێرەكەی كوردێكی دیكەیە دەبێت، بەناوی( گ٫ ج)، تەمەن ٣٧ساڵ، دانیشتوی شاری برادفۆرد ، بەووتەی ئەفسەرانی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی (گ) سەرکردەی تۆڕەکەیە و پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی دیكەی گروپوكەی هەبووە، بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە ، ئەو ئێستا لەلایەن پۆلیسەوە داواكراوە، چونكە پاش دەستگیردنی بەكەفالەت تاكاتی دادگایی كردنی ئازاد كراوە، بەڵام ئێستا هەڵهاتووەو شوێنی نادیارە. هەرلەناو ئۆتۆمبیلەكەدا، ئەندامێكی دیكەی باندە قاچاغچیەكە بەناوی (ك٫ خ) تەمەن ٤٤ساڵ دەستگیركراوە. لێکۆڵەرانی ئاژانسەكە پلانەكانی دیكەی گروپەكەی ئاشكراكردوە دوای دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکان، و پشكنینی پەیوەندیەكان ناسنامەی ئەندامانی دیکەی گروپەکەیان و لانیکەم دوو کەسی دیکەی گومانلێکراویان دۆزیوەتەوە، کەلەمانگەکانی یەک و ئازاری ٢٠١٩دا،كاری قاچاغچێتیان كردوە، لەهێنانی كۆچبەری نایاسایی لەباكوری فەڕەنساوە بۆ بەندەرەكانی شارۆچكەی پۆرتسمۆس لەبەریتانیا. بەپێی داتاو بەڵگەی تۆماری ناو تەلەفۆنەكانیان، دوو ئەندامی دیكەشیان بەناوی (پ٫ غ )تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی میدلزبرۆیە، لەگەڵ (ج، ق)لەهەمان ئەو شەوانەی كە لۆریە بارهەڵگرەکە، بەکەشتییەک لەفەرەنساوە گەیشتۆتە شارۆچكەی پۆرتسمۆس و كۆچبەری تێدا بووە، ئەوانیش لەوێ ئامادە بوون. پاش پشكنی تاقیگەیی، دەركەوتووە كەئەو پارە نەختینەیەی کەلە بارهەڵگرەکەدا دەستی بەسەردا گیراوە، پەنجەمۆری هەریەكە لە(پ٫ غ) و (ج٫ ق) بەسەرەوە بووە. هاوكات دوو ئەندامی دیکەی گروپەکە لەڕێگەی بەڵگەی تەلەفۆنییەوە ئاشكرا بوون، كەدانیشتوی شاری مانچستەرن ئەوانیش هەریەكە لە (ج٫ س)، تەمەن ٣٨ ساڵ و (هـ، س) تەمەن ٣٧ ساڵ. دوای چوار هەفتە لەدادگایكردنیان لەدادگای باڵای بۆرنمۆس، ڕۆژی ١٤ی ئاداری ٢٠٢٣ ، دادگا هەریەكە لەشوفێرە ڕۆمانیەكەو (پ٫ غ) و (ك٫ ق) تاوانباركرد، بەئاسانكاریی و قاچاغچیەتی كردن بەكۆچبەری نایاساییەوە. وە بڕیاڕە ڕۆژی ١٣ی مانگی داهاتوو دادگا سزاكەیان بۆ دیاری بكات، وە هەریەكە، لە(م٫ م و ج٫ س)، وەك تاوانبار ناسێندران بەئەنجامدانی هەمان تاوان ، وە ئەوانیش ڕۆژی ٢٠ی مانگی داهاتوو، دادگا سزاكەیان بۆ دیاری دەكات. بەهۆی ئامادە نەبوونی بەشێكیان لەڕۆژی دادگایی كردن فەرمانی دەستگیرکردنی هەریەكە لە (س٫ ج) و (ه٫ س) دەرچووە. یەكێك لەبەرپرسانی ئاژانسەكە بەناوی ڕیچارد هاریسۆن دەڵێ; ئەم گروپە بە قاچاخچێتی كردن بەخەڵکەوە، دەیانەوێ ڕەوشی شڵەژاو و لاوازی کۆچبەران بقۆزنەوە لەكاتێكدا لەنێو كۆچبەرەكاندا كەسانی لاوازو منداڵان هەن، ئەوان لەپشتی بارهەڵگرە ساردکەرەوەکان بۆ چەند کاتژمێرێک دەیانهێڵنەوە، بەبێ وەستان لەکاتی پەڕینەوە پڕ مەترسیدارەکانی کەناڵەکاندا". ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەو بەڵگانەدا ڕوونە، کەبۆمان دەرکەوتووە کەتاکە هۆکاری ئەو بازرگانانە تەنها ئامانجی تیدا بۆ قازانج و دەستكەت و داهاتە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕەچاوی سەلامەتی کۆچبەران بکرێت. بەرپرسەكە دەڵێ ، ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی كۆچی نایاسایی و ڕێکخراو و باندەكانی بازرگانی كردن بەكۆچبەرانەوە، ئەركی لەپێشینەی کارەکانی NCA، و بەکارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان بڕیارمانداوە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ تێک شكاندن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەكانی تاوانکاریی بەمرۆڤەوە.
ئیدارەی پارێزگای دهۆك ماوەی دوو مانگی وەكو موڵەت دابوو بە 11 پاڵاوگە بۆ جێبەجێكردنی چەند رێنماییەك، وادەكە كۆتایی هات و مەرجەكانیشیان جێبەجێنەكردووەو بەردەوامن لەكاركردن، حكومەتیش مۆڵەتەكەیان بۆ كاتێكی نادیار درێژدەكاتەوەو ئەمەش هاووڵاتیانی سنورەكەی نیگەران كردووە، دەڵێن: بۆن و دوكەڵی پاڵاوگەكان ژیانی لێهەراسان كردووین. هەوار جانگیر، دانیشتووی قەزای سێمێل بەهاوڵاتی وت:»زیاتر لە 10ساڵە لایەنی پەیوەندیدار هەر دەڵێن چیتر رێگا بەپاڵاوگە نەیاساییەكان نادەین ئیش بكەن بەڵام بڕیارەكان بەتەواوی جێبەجێ ناكرێن، نەك هەر رۆژێك بەڵكو هەر خولەكێك ئەو پاڵاوگایانە ئیش بكەن بۆ ژینگەی قەزاكەو تەندروستی مروڤ خراپە، خەڵكی ناوچەكە بێزاربوون لەبەر بۆنی ناخۆش و دۆكەڵەكەیان، دەمانەوێت بەهەر شێوەیەك بێت بابەتی ئەم پاڵاوگایانە لەبنەڕەتەوە چارەسەربكرێت نەك هەر ماوە ماوە موڵەتیان بۆ درێژبكرێتەوە و بەردەوامبن لەئیشكردن». سەبارەت بەو پاڵاوگایانە، خەلیل مەحمود قایمقامی قەزای سێمێل بەهاوڵاتی رایگەیاند: «راستە لەكۆتایی ساڵی رابوردوو ئیدارەی پارێزگای دهۆك موڵەتی دوو مانگی دا بە 11 پاڵاوگەی كواشێ، كە لەو ماوەیە تەواوی مەرجەكانی حكومەت جێبەجێ بكەن، بەڵام ئیدارەی پارێزگای دهۆك منی ئاگاداركردوە كە موڵەتەكەیان درێژكراوەتەوەو كاتی موڵەتەكەش دیاری نەكراوە». خەلیل مەحمود وتیشی:»ئەو پاڵاوگایانە زیاتر لەدوو مانگە لەژێر تاقیكردنەوەدان، پێش تەواوبوونی موڵەتەكەیان لەگەڵ پارێزگاری دهۆك قسەمكرد بەمنی وت جارێ با ئیش بكەن تاكاتی كۆبوونەوە، پارێزگاری دهۆك جددییە لەچارەسەركردنی بابەتی پاڵاوگەكان، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی ئەو بەچەند پرۆژەو یادەكانی مانگی ئادار كەمێك دوادەكەوێت، خەڵكی قەزاكە دڵنیادەكەمەوە كە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە دەدرێت». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» ئەو پاڵاوگایانە كەئێستا ئیشدەكەن، بەشی زۆریان گازوایل بۆ موەلیدەكانی سنوری پارێزگای دهۆك دابین دەكەن». خەلیل مەحمود وتیشی: ئەو 11 پاڵاوگەیە چەند مەرجێكیان جێبەجێكردووە بەڵام هێشتا هەموو مەرجەكانیان جێبەجێ نەكردووە ، دەستەی ژینگەو هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان سوورن لەسەر ئەوەی كەدەبێت لەو ماوەیە هەموو مەرجەكان جێبەجێ بكەن بەپێچەوانەوە دادەخرێن». هاوكات دلۆڤان یەحیا، كەخەڵكی كۆمەڵگای مسریكە لەسنوری قەزای سێمێل بەهاوڵاتی وت:»بێهیوا بووین لەچارەسەركردنی بابەتی ئەم پاڵاوگایانە، ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێز هەبێت كەمتر لەكاتژمێرێك هەموویان دادەخرێن و رێگانادەن بەهیچ شێوەیەك ئیش بكەنەوە، شەوانە بۆن و دوكەڵەكەی ئەوەندە بڵاودەبێتەوە ناتوانم وەسفی بكەم، دەرگاو پەنجەرەو هەموو شتێك دادەخەین تاكەمێك ئیسراحەت بكەین هەر كەدەرگاو پەنجەرە بكەینەوە بۆنەكە دێت، بەتەواوی بێزاربووین نازانین چی بكەین». دلوڤان یەحیا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد:»حكومەت دەڵێت ئیشمان لەسەر پاڵاوگاكان كردووەو لە 45 پاڵاوگە كردوومانە بە11 پاڵاوگە، ئەوەی كەی چارەسەرە ئەگەر یەك پاڵاوگەش ئیش بكات زۆرە، دوو داواكاریمان هەیە یان بەتەواوی هەموویان دابخرێن یانیش تەواوی مەرج و رێنمایەكانی ژینگە و تەندروستی جێبەجێ بكەن بەتایبەت چارەسەری بۆن و دوكەڵەكەی تازیاتر خەڵك نەبێتە قوربانی». كۆی گشتی پاڵاوگە نەیاساییەكان 45 پاڵاوگە بوون 26یان داخران و 8 پاڵاوگەش خۆیان وازیانهێناو 11 پاڵاوگەش بەردەوامن لەكاركردن.
