تەلەڤیزیۆنێکی ئەمریکی لە رێگەی مانگی دەستکرد و چاوپێکەوتن لەگەڵ دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان، ژمارەیەک ناوەندی نهێنی ئەشکەنجەدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاشکرا دەکات. تەلەڤیزیۆنی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە ؛ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 40 ناوەندی لە ژێر زەوی بینای ژمارەیەک مزگەوت و شوێنی تایبەت حکومەت دروست کردوە کە زۆربەیان دەکەونە تاران-ی پایتەخت و شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان. سی ئێن ئێن بۆ ئاشکراکردنی ئەو ناوەندانە پشتی بەستوە بە وێنەکانی مانگی دەستکرد و وەرگرتنی زانیاریی لە ژمارەیەک دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە دوای ئازار و ئەشکەنجە ئازاد کراون. بە پێی زانیارییەکانی ئەو تەلەڤیزیۆنەی ئەمریکا، لە تاران هەشت ناوەندی نهێنیی ئەشکەنجەدان هەیە و شەش ناوەند و شوێنی نهینی دیکەش لە سنە دروست کراون و پێنج ناوەندی ئەشکەنجەش دەکەوێتە شاری زاهیدان. جگە لەو سێ شارە کە زیاترین شوێنی ئەشکەنجەدانیان تێدایە، لە شارەکانی کرماشان، سەقز ، شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کەرەج، تەبرێز، مەشهەد، ئامۆل ناوەندی نهێنیی تایبەت بە ئەشکەنجەدان هەیە. سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە کردوە؛ جگە لەو ناوەندە نهێنییانە بۆ ئەشکەنجەدان دەیان شوێنی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) وەک شوێنی ئەشکەنجەدان بەکار دەهێنرێن و بە بێ ئەوەی دامودەزگاکانی فەرمیی حکومەت وەک شوێنێکی فەرمیی ناوی بهێنن یان ئاگاداری بونی ئەو شوێن و ناوەندانە بن. ئاشکرا بوە مەهدی کەرەمی خەڵکی بیجار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و محەمەد حسێنی پێش ئەوەی لەسێدارە بدرێن لە ناوەندە نهێنی و نافەرمییانەدا ئەشکەنجەدراون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوەتەوە تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە هەشت کەس لە دەستگیرکراونی ناڕەزایەتییەکان بە ئەشکەنجەدان لە ناوەندە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی دەسەڵاتی ئێران گیانیان لەدەستداوە.
هەوڵەکانی ئێران لە بازاڕی دراوی وڵاتەکەی بۆ راگرتنی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن سەرکەوتو نابێت و میدیاکانی سەر بە حکومەت نرخی جیاواز لە دۆلار دەخەنەڕو. سەرەڕای دەستوەردانی راستەوخۆی بانکی ناوەندیی ئێران نرخی یەک دۆلار لەو وڵاتەکە لە نێوان 49 هەزار و 900 تمەن بۆ 50 هەزار و100 تمەنە و میدیاکانی سەر بە حکومەت لە وڵاتەکەش نرخی هەر دۆلارێک بە 41 هەزار تمەن بڵاو دەکەنەوە. دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند؛ هێرشی پێچەوانەی دژی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار دەست پێکردوە، ئەمڕۆ سێشەممە بە فەرمی ناوەندی ئاڵوگۆڕی زیڕ و دراو دەستی بەکارەکانی کرد و بڕیاربو هەموان پابەندی ئەو نرخانە بن کە ناوەندەکە بۆ درا و زێڕ لە ئێران دیاریی دەکات بەڵام دۆلار بە بێ گوێدانە ئەو ناوەندە بەهاکەی بە بەرزیی مایەوە. بانکی ناوەندیی ئێران هاوکات لەگەڵ یەکەم رۆژی کردنەوەی ناوەندەکە 200 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە بەڵام بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتە دابەزینی بەخۆیەوە نەبینی و ژمارەیەک لە پێگە ئابورییەکان بڵاویان کردەوە ئەو هەنگاوە تەنها کاریگەریی لەسەر نرخی دراو لە میدیاکانی حکومەتدا هەبوە. میدکانی سەر بە حکومەتی ئێران بڵاویان کردەوە بەهۆی هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی، بەهای هەر دۆلارێک لە 50 هەزار تمەنەوە بۆ 41 هەزار و 549 تمەن دابەزیوە.
فەرماندەیەکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند ئێران هێرشەکانی لە ناوچەکەدا زیاتر کردوە و بوەتە مایەی سەرنجی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە . چارلز کوپەر، فەرماندەی یەکەی پێنجەمی هێزە دەریاوانییەکانی ئەمریکا رۆژی سێشەممە لە وڵاتی ئیمارات رایگەیاند؛ لە دوو ساڵی رابردودا جموجۆڵ و هێرشەکانی ئێران لە کەنداو زیادی کردوە. کوپەر وتویەتی: ئێران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زۆربەی هێرشەکانی لە کەنداو ئەنجام داوە و ئەو هێرشانەشی زیانی گەورەی لێکەوتوەتەوە بۆیە جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بوەتە مایەی سەرنجی ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە. چارلز کوپەر کە ماوەی دوو ساڵە فەرماندەی یەکەی پێنجەمە و ئەرکیی سەرەکییان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە کەنداو رونی کردوەتەوە لەگەڵ دەستبەکاربونی ئەو هێرش و جموجۆڵەکانی ئێران لەو ناوچەیە بە بەردەوامیی زیادی کردوە و زیانی بە ژمارەیەک کشتی و چەند وڵاتی کەنداو بەهۆی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانەوە زیانیان پێگەیشتوە. ئەوە فەرماندەیە جەختی لەوە کردوەتەوە؛ لە ئێستادا ئەمریکا هەمو سەرنجێکی لەسەر توندوتۆڵکردنەوە هاوپەیمانیی وڵاتانی ناوچەکەیە دژی جموجۆڵەکانی ئێران. لە دوو ساڵی رابردودا ژمارەیەک کەشتیی بازرگانی و نەوتهەڵگر لە ئاوەکانی کەنداو کراونەتە ئامانج و زیانی گەورەیان پێگەیشتوە و ئەمریکا و ئیسرائیل هێزەکانی ئێرانیان تۆمەتبار کردوە بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.
هاوڵاتی زەکی دیشکایا سەرۆکی کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی سەمسور رایگەیاند، لە بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا کە وێرانەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا بەجێهێشت، ١١ رۆژنامەنووسی شارەکەیان گیانیان لەدەستداوە. زەکی دیشکایا کە ناوی هەموو رۆژنامەنووسانی بڵاوکردەوە وتی، " هەڤاڵانمان بە خاکپسارد، سەرەخۆشی لە خانەوادەکەیان دکەم. رۆژنامەنووسەکانی دیکەشمان، هەر یەکەو بەلایەکدا چووە." سەرۆکی کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی سەمسور بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ باسی ئەوەشی کرد، لە سەمسووری دەنگی میدیا کپ بووە، میدیای هەرێمی بێدەنگ بووە. ئەو هەڤاڵانەمان کە گیانیان لەدەستداوە هەریەکەیان یادەوەریەکی خۆشیان لەگەڵ ئێمەدا هەیە." پارێزگای سەمسور یەکێک بووە لەو پارێزگایانەی باکوری کوردستان کە بەوهۆی بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا، بە هەزاران هاوڵاتیی گیانیان لەدەستداوە. هەروەها تاوەکو ئێستا بە هەزاران پاشەلەرزەی دیکە لەو پارێزگایە روویانداوە. دانیشتووانی سەمسور کوردانی عەلەوین کە لە ئێستادا لەژێر چادرەکاندا دەژین و بەشێکیشیان بۆ شارەکانی دیکەی تورکیا کۆچیان کردووە.
سێ کەس دیکە لە زیندانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دەدرێن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکەن لە 20 رۆژدا شەش کەس لەو زیندانە لەسێدارەدراون. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە بەربەیانی رۆژی سێشەممە سێ زیندانیی کورد لە زیندانی ورمێ لە سێدارە دراون و بەوەش تەنها لە 20 رۆژدا شەش کەس لەو زیندانە لەسێدارە دراون. رێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە کردوە کە زۆربەی ئەو کەسانەی لەسێدارەدراون تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانیان روبەڕو کراوەتەوە. بە پێی ئامارەکان لە 50 رۆژی سەرەتای ئەمساڵدا 24 زیندانیی کورد لە زیندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراوەن. تا ئێستا دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران محەمەد مەهدی کەرەمی، خەڵکی بیجار لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراوە و 18 کەسی دیکەش لە گەنجانی کورد بە تۆمەتی بەشداریی لەو ناڕەزایەتییانە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. لە ئامارەکانی ساڵی 2022 دەرکەوتو 52 کەسی کورد بە تۆمەتی سیاسی و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارەدراون.
هاوڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێک بۆ ئەو ئەو خوێندکاران دەردەکات کە لە وڵاتی تورکیا دەخوێنن و دەڵێت: ئەو خوێندکارانەی کە دەستیان بە خوێندن کردووە لە زانکۆکانى وڵاتى تورکیا ماوەى خوێندنیان بە ئۆنلاین لە نێوان 6-2-2023 تاوەکو 1-4-2023 بە ماوەى مانەوە بۆیان هەژمار دەکرێت. دەقی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا: وەزارەتى خوێندنى باڵا چەند بڕیارێک بۆ خوێندکارانى هەرێمى کوردستان لە وڵاتى تورکیا دەردەکات وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى تایبەت بە ڕەوشى خوێندن و ماوەى مانەوەى ئەو خوێندکار و قوتابیانەى هەرێمى کوردستان کە لە وڵاتى تورکیا دەخوێنن، وەزارەتى چەند بڕیارێکى گرنگى دەرکردوە. ئەمرۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2023/2/21) بە نوسراوى ژمارە (3423) کە بە ئیمزاى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوە، سەبارەت بە ڕودانى کارەساتى سروشتى (بومەلەرزە) لە وڵاتى تورکیا، لەبەر رۆشنایى بریارى ئەنجومەنى خوێندنى باڵاى ئەم وڵاتە کە بەشێک لە خوێندنى وەرزى بەهارەى بۆ ساڵى ئەکادیمى (2022-2023) کردوە بە ئۆنڵاین، وەزارەتى خوێندنى باڵا چەند بڕیارێکى دەرکرد: ١/ ئەو بەڕێزانەى کە دەستیان بە خوێندن کردوە لە زانکۆکانى وڵاتى تورکیا ماوەى خوێندنیان بە ئۆنڵاین لە نێوان ڕێکەوتى (2023/2/6) تاکو (2023/4/1) بە ماوەى مانەوە بۆیان هەژمار دەکرێت. ٢/ ئەو بەڕێزانەى کە دەستیان بە خوێندن نەکردوە، ئەگەر لە زانکۆکەیان خوێندن بوە بە ئۆنڵاین دەبێت خوێندنەکەیان دوا بخەن بۆ سیمستەرى داهاتوو. ٣/ هەر زانکۆیەک بەدەر لەو بڕیارەى ئەنجومەنى ناوبراو هەر سیستمێکى تر (دواخستن بۆ سیمستەرى داهاتو) پیادە بکات، بەپێى ناوەرۆکى بڕیارى زانکۆکان مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت. ٤/ بەڵام سەبارەت بە بەشە پزیشکییەکان ئەو بەشانەى کە لایەنى پراکتیکیان هەیە تاکو ئێستا ئەنجومەنى ناوبراو هیچ بڕیارێکى دەرنەکردوە، لەکاتى دەرکردنى هەر بڕیارێک وەزارەتەکەمان پەیوەست دەبێت بە لەبەر چاوگرتنى پاراستن و تەندروستى قوتابى و خوێندکارەکانى هەرێمى کوردستان لە وڵاتى تورکیا. ٥/ هەر بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنى خوێندنى باڵاى تورکیا (YOK) دەربچێت لە داهاتودا سەبارەت بەم بابەتە ئێمە مامەڵەى لەگەڵ دەکەین.
هاوڵاتی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران رایگەیاند، قەبارەی ھەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ماوەی ١٠ مانگدا بەڕێژەی ٢٣٪ بەرزبووەتەوە. "رەزا فاتمی ئەمین" وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران رایگەیاند، قەبارەی ھەناردەی کاڵا و شمەکی وڵاتەکەی بۆ عێراق لە ماوەی دە مانگی رابردوودا بەپێی ساڵنامەی ئێرانی واتە لە ٢١ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٢ەوە، بەڕێژەی ٢٣٪ بەرزبووەتەوە. وتیشی، ھەناردەی ئێران ٥٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. ھاوکات ھەناردەی ئێران بۆ تورکیا بەڕێژەی ٤٦% و بۆ روسیا ٢٣% و بۆ وڵاتانی ئەفریقا بەڕێژەی زیاتر لە ٢٠% زیادیکردووە.
هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە بڕیارێکی کیرگیستان کرد کە تیایدا هەفتەی رابردوو 59 ژن و منداڵی کەسوکاری داعشی لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕاندەوە و داوای کرد سەرجەم وڵاتان هاوڵاتیانی خۆیان بەرنەوە کە لەو کەمپەدا ژیان بەسەر دەبەن . نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (دووشەممە، 20ـی شوباتی 2023) لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێمە سوپاسگوزارین بۆ کیرگیستان و هێزە هاوبەشەکانمان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ کارکردنیان لەگەڵماندا لەسەر ئاڵنگارییە مرۆیی و ئەمنییەکان، کە بەهۆی کامپەکانی هۆل و رۆژ دێنە پێشەوە". پرایس دەڵێت، ئەمریکا داوا لە حکومەتی هەموو وڵاتان دەکات هەمان هەنگاوی کیرگیستان بنێن و هاووڵاتییەکانیان لە کامپەکانی هۆل و رۆژ بگەڕێننەوە، "بەتایبەتیش ژن و منداڵان"،بەهۆی ئەوەی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش هێشتا تەواو نەبووەو بەردەوام لە شانە نوستووەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییەوە هێرش بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی سوریا و عێراق دەکرێت . گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، داعش هێشتا هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ سەر ناوچەکە. "هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو ئاوارانەی لە کامپەکاندا دەژین"، کە وەکو خۆی دەڵێت "زیاتر لە نیوەیان، تەمەنیان لەژێر 12 ساڵیدایە". بەگوێرەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، نزیکەی 42 هەزار کەسی بیانی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان دەمێننەوە. جگە لەوەش، سەروو 23 هەزار هاووڵاتیی سوورییان لەگەڵدایە. رێکخراوەکە دەشڵێت، نزیکەی 37 هەزار هاووڵاتیی بیانی لە کامپەکانی هۆل و رۆژ دەمێننەوە کە تایبەتن بە ژن و منداڵەکانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان. لەو ژمارەیەش، نزیکەی 27 هەزاریان هاووڵاتیی عێراقن و نزیکەی 10 هەزاری دیکەش هاووڵاتیی نزیکەی 60 وڵاتی دیکەن. ئەم هەنگاوەی کیرگیستان لە کاتێکدایە، لە مانگی ئاداری 2021ـشدا، 79 منداڵی کیرگیستانی لەگەڵ دایکەکانیان گەڕێندرانەوە وڵاتەکەیان.
هاوڵاتی وهزیری ئاوادانكردنهوه و نیشتهجێكردنی حكومهتی ههرێمی كوردستان لهمیانی بهڕێوهچوونی وۆركشۆپی "پاراستنی هەرێمی کوردستان لە بوومەلەرزە" ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند،ههرێمی كوردستان دهكهوێته زۆنی مامناوهندی بوومهلهرزه و ئهگهر بههێزی بوومهلهرزه بگاته 5 پلهی رێختهریش "زیانی گیانی و ماددی زۆری نابێت." بهڵام بوومهلهرزهكه ئهگهر بچێته پلهی شهشهم و بهسهرهوه "زیانهكانی دههێنده زۆرتر دهبن." دانا عهبدولكهریم، وهزیری ئاوادانكردنهوه و نیشتهجێكردنی حكومهتی ههرێمی كوردستان لهمیانی بهڕێوهچوونی وۆركشۆپی "پاراستنی هەرێمی کوردستان لە بوومەلەرزە"، به ئامادهبوونی مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان له ههولێرئهمڕۆ سێشهممه وتی، "حكومهتی ههرێمی كوردستان و وهزارهتی ئاوهدانكردنهوه به ئهركی خۆیان زانی پێداچوونهوهیهك به شێوازی دیزایینكردن و جێبهجێكردنی پڕۆژهكان له ههرێمی كوردستاندا بكات". ئەم وۆرکشۆپە دوای ڕوداوی بومەلەرزەکەی ٦ی ئەم مانگە کە تورکیا و سوریای کردەوەو تیایدا نزیکەی 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا ئەنجامدرا کە تیایدا ژمارەیەکی زۆری قوربانییەکانیش کەوتبونە ژێر داروبەردی باڵەخانە ڕوخاوەکان کە لە دوایدا ژمارەیەکی زۆری ئەو بەڵێندەرانەی باڵەخانەکانیان دروست کردبوو دەستگیرکران چونکە بە شێوەیەکی سەلامەت و بە ڕەچاوکردنی مەرجەکانی سەلامەتی لە کارەساتە سروشتییەکانی وەک بومەلەرزە دروست نەکرابوون. وهزیری ئاوهدانكردنهوه دهڵێت، به پێویستیان زانی وۆركشۆپهكه ئهنجامبدهن بۆ ئهوهی ههڵسهنگاندن بكرێت ئهو بینا و باڵهخانانهی له ههرێمی كوردستان بونیاتنراون و "ئهگهر كهموكورتییان تێدا بوو، دهستنیشان بكرێن و چارهسهری پێویستیان بۆ بدۆزرێتهوه و كۆد و ستاندهردێكی هاوبهش دیاریبكهین بۆ ئهوهی له داهاتوودا ئهندازیاران و دیزاینهرانی ههرێمی كوردستان لهسهر ئهو بنهمایانه باڵهخانهكان دروست بكهن" ئاماژهی بهوهشكرد، ههرێمی كوردستان دهكهوێته زۆنی مامناوهندی بوومهلهرزه، واتا ئهگهر بوومهلهرزهیهك بهگوڕی 5 پلهی رێختهریش رووبدات، "زیانی گیانی و ماددی زۆری نابێت" بهمهرجێك "بهپێی ئهو كۆد و رێنماییانهی كه پێشتر پهسهندكراون بۆ جێبهجێكردنی ئهو پڕۆژانه"، بهڵام بوومهلهرزهكه ئهگهر بچێته پلهی شهشهم و بهسهرهوه "زیانهكانی دههێنده زۆرتر دهبن."
هاوڵاتی دوای بومەلەرزەکەی دوێنێ شەوی پارێزگای هاتای کە بە گوڕی ٦.٤ بە پلەی رێختەر روویدا، ٧٣ پاشەلەرزەی دیکە لە روویانداوە. دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، دوای بومەلەرزەکەی دوێنێ شەو کە لە پارێزگای هاتای باکوری کوردستان کە بە گوڕی ٦.٤ بە پلەی رێختەر روویدا، ٧٣ پاشەلەرزەی دیکە لە روویانداوە. دەزگاکە باسی ئەوەی کرد کە لەو ٧٣ پاشەلەرزەیە، خەڵکی ناوچەکە هەستی بە ٤٥ پاشەلەرزە کردووە و ترسێکی زۆری لەنێو هاوڵاتیاندا دروست کردووە. کاتژمێر هەشت و چوار خولەکی شەوی رابردوو، بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی ٦.٤ بە پلەی رێختەر لە ناوچەی دەفنەی پارێزگای هاتای باکوری کوردستان روویدا. فەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند، لە بومەلەرزەکەی هاتایدا، شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٩٤ هاوڵاتی بریندار بوون. جگە لە چەندین شاری باکوری کوردستان و تورکیا، لە وڵاتانی سوریا، ئوردن، فەڵەستین، ئیسرائیل، میسر و لە هەرێمی کوردستانیش هەست بە بومەلەرزەکە کراوە. هەروەها لە هاتای، مێرسین و ئەنتاڵیا کە دەکەونە سەر دەریای ئیجە، ئاستی ئاوی دەریاکە بەرز بووەوە و کاربەدەستانی تورکیا، هاوڵاتیانیان لە روودانی تسونامی ئاگادار کردەوە. لە شەشی شوباتدا، سێ بومەلەرزەی بەهێز لە پارێزگاکانی مەرەش، سەمسور و دیلۆکی باکوری کوردستان روویاندا. تاوەکو تەنیا لە تورکیا تەرمی نزیکەی ٤٢ هەزار کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا دەرهێنراون و زیاتر لە ٨١ هەزار کەسیش بریندار بوون. بومەلەرزەکانی ئەم دواییە، کاریگەری لەسەر نزیکەی ١٥ ملیۆن کەس دروست کردووە و خەڵکێکی زۆر لە ئێستادا لەژێر چادر و لەنێو کۆنتەینەرەکاندا دەژین.
هاوڵاتی ڕۆژنامەیەکی سعودی بڵاویکردەوە دوێنێ دووشەممە هاوڵاتییەک لە له یهكێك له هۆتێلهكانی مەککە بە چەقۆ دوو هاوسەفەری خۆی کوشتووە. رۆژنامهی عوكازی سعوودی بڵاوی كردهوه، دهسهڵاتدارانی سعوودیه كهسێكی جهزائیریان دهستگیر كردووه، كه دوو کەسی خەڵکی وڵاتهكهی خۆی كوشتووه، ئهوه لهكاتێكدایه كه ئهو سێ هاوڕێیه بۆ ئهنجامدانی عهمره چوونهته مهككهی پیرۆز. هاوکات رۆژنامهی ئهلنههاری جهزائیری ئاماژهی بهوهكردووه، تۆمهتبار و قوربانیهكان بۆ ئەنجامدانی سوونهتی عهمره چوونەتە مەککە، لهوێ ناكۆكی لهنێوانیان دروستبووە، لە ئەنجامدا یەکێکیان دوو هاوڕێیەکەی دیکەی کوشتووە، دوای رووداوەکەش پۆلیس سعوودیە تۆمهتبارهكهی دهستگیركردووە. بهگوێرهی بهیاننامهیهكی میرنیشینی مهككه، تۆمهتبارهكهیان دهستگیر كردووه، رهوانهی لای داواكاری گشتی كراوه بۆ لێكۆڵینهوه لهگهڵیدا.
هاوڵاتی وهزیری ناوخۆی توركیا رایدەگەیەنێت، بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو سێ کەس گیانیان لهدهستداوه و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون. دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی دووشەممە زنجیرەیەک بوومەلەرزە لە پارێزگای هاتای و چەند پارێزگایەکی دیکە روویاندا، کە دووانیان 6.4 و 5.8 پلە بوون، سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند: "لە بوومەلەرزەکانی هاتای سێ کەس لە شارۆچکەکانی ئەنتاکیا، دەفنە و سامانداخ گیانیان لەدەستدا. هەروەها 213 کەسیش بریندارن و گەیێنراونەتە نەخۆشخانە." سولەیمان سۆیڵو هەروەها ئاماژەی بەوەدا 42 جار پەیوەندی بە فریاکەوتنی تیمەکانیان کراوە کە لە 39 شوێنیاندا رووداوێکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبووە. بەڵام لە هەریەک لە سێ شوێنەکەی دیکەدا گیان لەدەستدان هەبووە. هاوکات بوومەلەرزەکە لە چەند ناوچەیەکی سووریا زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە، بەگوێرەی ئاماری بەرگری شارستانی حکومەتی سووریا، بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو 130 کەس برینداربوونە. ئەم بوومەلەرزە لە کاتێکدا هێشتا گەڕان و رزگارکردن بەردەوامە بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی پێشتر کە لە رۆژی (6ـی شوبات/فێبرایهری 2023) بە گوڕی 7.4 به پلەی رێختەر چهند ناوچهیهكی توركیا و سووریای هەژاند. بوومهلهرزهكه لە باشووری کوردستان و وڵاتانی سووریا، میسر، یونان، ئێران و چهند وڵاتی دیكهی ناوچهكه ههستی پێكرا. بە گوێرەی ئاماری دەزگای كارهسات و دۆخه لهناكاوهكان له توركیا (ئافاد) زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە اگەیندراویکدا ڕوونکردنەوەی دا لەبارەی کێشەکانی ناوخۆیی یەکێتی پەیوەست بە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانیەوە و دەڵێت، سەرجەم ڕێکارەکانی یەکێتی لەبارەی پەیڕەو، و پرسی سەرۆکایەتی و ئەو سکاڵا و تانەی لە دژی بڕیارەکانی یەکێتی لە دادگا تۆمار کرابوون، لە بەرژەوەندی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی یەکلاکراونەتەوە و تەواوی بڕیارەکانیش کە دراون ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکلای کردوونەتەوە و دەستبربردن بۆ کاروباری ناوخۆی یەکێتیش " هێڵی سورە" ڕوونکردنەوەکە لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیەوە ئاڕاستەی سەرجەم ئۆرگانەکانی کراوە، تییدا هاتووە ، "دوای ئاماژەدان بە رێکارە یاساییەکان و دەرچوونی بڕیارەکان لە دادگای بەرایی لێکۆڵینەوە، فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان و ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، ئەم پرسە روونکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، تەنیا ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لایەنی پەیوەندیدارە لە بڕیاردان بۆ کاروباری ناوخۆیی و هیچ لایەنێکی تر بۆی نییە دەستوەردان لەم بابەتانەدا بکات و ئەگەر هەوڵێکی لەوجۆرەش هەبێت، ئەوا هەنگاوی سیاسی و یاساییمان دەبێت، چونکە هەموو دەستتێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی یەکێتی هێڵی سوورە". ڕوونکردنەوەکەدا لە چوار خاڵ پێکهاتووە و بە واۆژی فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە ٧ی شووباتی ٢٠٢٣ ئاراستەی ئۆرگانەکانی ئەو حیزبە کراوە. وێنەی ڕوونکردنەوەکە
هاوڵاتی بەپێی ڕاپۆرتێک کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە ، هەرێم ویلایەتەکانی چین و ئەمریکا لە پلەکانی یەکەمدان لەناو ئەو ناوچانەی کە مەترسی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە. بەپێی ڕاپۆرتێک کە ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن پسپۆڕانی کەشوهەوای " ئێکس دی ئای" بڵاوکراوەتەوە ، پارێزگاکانی چین لە پلەی یەکەمی ئەو ناوچانەن کە مەترسی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، لەوانەش جیانگسو، شاندۆنگ و هێبی لە ڕیزبەندی ئەو ناوچانەدان کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و کەشوهەوای توند. لە راپۆرتەکەی " ئێکس دی ئای" دا هاتووە، چین لە ٢٠ ناوچەی مەترسیداری جیهانیدا کە زۆرترین کاریگەریەکانی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانیان لەسەر دەرئەکەوێت ، ١٦ ناوچەی بەردەکەوێت، دوای چین، ئەمریکا شوێنی زۆرترین ناوچە مەترسیدارە لە جیهاندا و لە ناویاندا ویلایەتی کالیفۆرنیا کە دەیەم ناوچەی مەترسیدارە و بەدوای ئەویشدا تەکساس. هەروەها سەبارەت بەناوچەکانی دیکەی جیهان نۆ ناوچەی هیندستان بوونەتە ٥٠ ناوچەی سەرەکی مەترسیدار و ناوەندە ئابوورییە سەرەکییەکانی دیکەی ناو ١٠٠ شوێنی دیکە کە لەبەردەم هەڕەشەی گۆڕانی کەشوهەوادان بریتین لە بوینس ئایرێسی ئەرجەنتین، شاری هۆشی مینی ڤێتنام و جاکارتای ئەندەنوسیا. هاوکات لەبارەی وڵاتانی ئەوروپاوە، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئەوروپا ناوچەی ساکسۆنی خوارووی ئەڵمانیا زۆرترین زیانی بەردەکەوێت بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها ناوچەی ڤێنێتۆی ئیتاڵیا کە شاری ڤێنیز لەخۆدەگرێت، لە پلەی چوارەمی ئەو ناوچەیەدایە کە زۆرترین مەترسی لەسەرە لە ئەوروپا. شیکاریەکانی ڕاپۆرتەکەی پسپۆڕانی کەشوهەوای " ئێکس دی ئای" هەڵسەنگاندنی بۆ ٢٦٠٠ ناوچەی جیهان کردووە بە تۆمارکردنی داتا و زانیاری و درووستکردنی مۆدێلی زیانەکانی ئەو ناوچانە لە ساڵی ١٩٩٠ تاوەکوو ٢٠٥٠، ئەوەش بە پشت بەستن بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە خراپترین سیناریۆدا بۆ ٣ پلەی سەدی کە لە لایەن پانێڵی حکومەتەکانی نێوان نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەواوە دانراوە.
ئێران رایگەیاند بانکی ناوەندیی هەوڵەکانی بۆ دابەزینی بەهای دۆلار دەست پێدەکات و وەک دراوی قاچاخ مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆلارانە دەکرێت کە بە نرخێکی بەرزتر لە بازاڕەکان مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئێران بۆ راگرتنی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار ناوەندێکی بە ناوی (ئاڵوگۆڕی زیڕ و دراو) راگەیاند و داوای لە کاسبکاران و بازرگانەکان کرد تەنها پشت بە نرخە دیارییکراوەکانی ئەو ناوەندە ببەسترێت بۆ بەهای دۆلار و دراوەکان لە وڵاتەکەدا. محەمەدڕەزا فەرزین, پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران لەگەڵ بەرزبونەوەی بەهای یەک دۆلار بۆ 50 هەزار و 200 تمەن رایگەیاند؛ بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی دەستەوەستان نابێت و لە سبەینێ سێشەممەوە بە چالاککردنی ناوەندی ئاڵوگۆڕی زیڕ و دراو هێرشی پێچەوانە دژی نرخی ناڕاستی دۆلار بەرامبەر تمەن دەست پێدەکات. بە وتەی فەرزین تەنها ئەو ناوەندە بەهای راستەقینەی دراوەکان و زێڕ لە ئێران دیاریی دەکات و بانکی ناوەندیی پابەند دەبێت بە دابینکردنی دۆلار بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانی وڵاتەکە. پارێزگاری بانکی ناوەندیی جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئەو بانکە بە بەهای 28 هەزار و 500 تمەن بۆ هەر دۆلارێک هاوکاریی کڕین و هاوردەکردنی 68 کاڵا و پێدوایستیی سەرەکیی وەک خزمەتگوزاریی تەندروستی و پزیشکی و دەرمان و خۆراک دەکات. فەرزین ئاشکرای کردوە نرخی زۆربەی ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی بە دۆلار لە دەرەوە بۆ ئێران هاوردە دەکرێت بەراورد بە ساڵی رابردو زیاتر لە 47% نرخەکانیان بەرز بوەتەوە لە کاتێکدا بە پێی ئەو نرخانەی حکومەت دیاریی کردوە ئەو کاڵایانە تەنها بە رێژەی 17% نرخەکانیان بەرزبونەتەوە و ئەوەش وا دەکات وردتر چاودێریی بازاڕەکانی وڵاتەکە بکرێت. ئاماژەی بەوە کردوە کە 600 نوسینگەی ئاڵوگۆڕ و 150 لقی بانکەکان بەرپرسیار دەبن لە دابینکردنی دراوی پێویست بۆ بازرگانەکان و خەڵکی وڵاتەکە و لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە بە فەرمی بەهای دراوەکان و نرخی زێر بۆ ئەو نوسینگە و بانکانە دیاریی دەکرێت. بڕیارە سبەینی کاژمێر 11:00 بە کاتی تاران (ناوەندی ئاڵوگۆڕی زیڕ و دراو) لە ئێران بەفەرمی دەست بەکارەکانی بکات و بانکی ناوەندیی وڵاتەکە نرخی دراوەکان و زێڕ بە فەرمی رابگەیەنێت.
