هاوڵاتی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بڕیارە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر بکات. سەردانەکەی لامبێرت بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە تەنیا یەک مانگە وەکو وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەستبەکار بووە. لامبێرت سەر بە پارتی سۆشیال دیموکراتەکانە و پێشتریش لە کابینەکەی مێرکڵ چەند پۆستێکی دیکەی هەبووە، لە نێویاندا وەزیری کاروباری خێزان، کەسانی بەتەمەن و هەروەها ژنان و گەنجان. هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 09-01-2022 وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق کۆبووەوە. بەپێی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیی دووقۆڵیی هەردوو وڵات کراوە. لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا، ئەوە دووەمین سەردانی کریستین لامبرێتە بۆ دەرەوەی ئەڵمانیا، بەر لە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، سەردانی لیتوانیای کردووە و هێزەکانی وڵاتەکەی بەسەرکردووەتەوە. لە ساڵی 2014وە ئەڵمانیا رۆڵێکی سەرەکی لە شەڕی دژی داعشدا دەگێڕێت و هاوکاریی سەربازی پێشکێشی پێشمەرگە کردووە، هەروەها ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیشی لە هەرێمی کوردستان هەن. پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 29-10-2020 بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو کانوونی دووەمی 2022 دا، هەروەها ژمارەی سەربازەکانی لە 800 سەربازەوە بۆ 700 سەرباز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەمکردنەوە. کۆی ژمارەی ئەو سەرباز و راوێژکارە ئەڵمانییانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خەریکی راهێنانن دەگاتە 200 سەرباز و لەو ژمارەیە 150 کەسیان لە هەرێمی کوردستان جێگیربوون و لە راهێنانی پێشمەرگە بەردەوامن.
هاوڵاتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكردەوە و جگە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ جێگرەكانی چەندین كاندید دیاریكراون كە سیانیان كوردن. پێش دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم بڕیاریاندا كە محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كاندید بكەن، جگە لە سوننەكان نە كورد و نە شیعە بۆ هیچ پۆستێك ڕێك نەكەوتوون. لەبارەی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانەوە رەوتی سەدر بڕیاریداوە و حاكم زاملی سەركردە لە رەوتی سەدر كاندید بێت بۆ ئەو پۆستە، دەوڵەتی یاساش كاندیدێكی بۆ هەمان پۆست هەیە. لەبارەی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانەوە كە پشكی كوردە، هیچ رێككەوتنێك نەكراوە و چەند كاندیدێك بوونیان هەیە، پارتی شاخەوان عەبدوڵای وەك كاندیدی خۆی دەستنیشانكردووە و موسەنا ئەمینیش خۆی بۆ هەمان پۆست كاندیدكردووە و سروە عەبدولواحیدیش وەكو كاندیدی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵكدا خۆی كاندید دەكات. بەپێی چاوگێكی ئاگادار كورد و سوننە پشتگیری لەكاندیدكردنی محەممەد حەلبوسی دەكەن و چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتیوانی مەحمود مەشهەدانی دەكات. تا ئێستا رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك و محەمەد سەهیود سەركردە لە دەوڵەتی یاسا دەڵێت، چەند سیناریۆیەك لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتدا هەیە. سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا وتیشی، ئەگەر رەوتی سەدر وەكو گەورەترین فراكسیۆن دەستنیشان بكرێت دەستبەجێ سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی دەستنیشان بكرێت و پاش ئەوەش سەرۆك كۆمار دەستنیشان دەكرێت، لە حاڵەتی پێچەوانەدا دانیشتنەكە درێژ دەكرێتەوە. تا ئێستا بەهێزترین كاندیدی شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمییە، ئەگەر سەدرییەكان نەیانتوانی زۆرینەی پەرلەمانی دروستبكەن چوارچێوەی هەماهەنگی چەند كەسێكی دیكە بۆ پۆستەكە كاندید دەكات. سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆماریش پارتی كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی بە تەواوی رەتدەكاتەوە و لە ئێستادا ناوی عیماد ئەحمەد وەكو كاندیدی جێگرەوە دێت، لە حاڵەتی رێكنەكەوتنیشدا پارتی هۆشیار زێباری وەك كاندیدی حزبەكەی كاندید دەكات. هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی ٥٠+١ی پەرلەمانتارانە، دواتر دەبێت سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆك كۆمار كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپێردرێت، گەر لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لە ماوەی یاساییدا، رێككەوتن لەسەر سەرۆك كۆمار و سەرۆك حكومەت نەكرێت گرفتی یاسایی دروست دەبێت، ئەمەش یەكێكە لە هۆكارەكانی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان.
هاوڵاتی لەسەر بەستنی پێوەری زیرەك و ئەو پارەیەی بۆ هاوڵاتیان دێتەوە پارێزەرێك لەداواكاری گشتی هەرێم سكاڵای تۆماركرد،وەزیری شارەوانی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت لێكردنەوەی پێوەری ئاو زیان بە سامانی گشتی ئاو دەگەیەنێت. دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا زۆری ئەو پارەیەی بۆ هاوڵاتیان دەهاتەوە لەلایەن ئەو كۆمپانیایەی پێوەرەكانی ئاوی بەستووە ناڕەزایی لێكەوتەوە، هەڵمەتەكە سۆشیال میدیای تەنیوە و پەیتا پەیتا هاوڵاتیان دیمەنی لێكردنەوەی پێوەرەكە بڵاودەكەنەوە، هەرئەوەش نا بەڵكو فێركاری لێكردنەوەی پێوەرەكەش دادەنێن، بەڵام وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم بە كارێكی نەشیاوی پێناسە دەكات. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لێكردنەوەی پێوەرەكانی ئاو كارێكی نیشتیمانی نییە و هەر كەس و ڕاگەیاندنێك هاندەر بێت بۆ ئەو كارە دەبێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بكرێت. پێشتر دابان محەمەد پەرلەمانتاری كوردستان ڕایگەیاندبوو:" ئەو پێوەرە نایاساییە و ئەو پارەیەی وەردەگیرێت سەرانەیە و لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت". لەلایەن خۆشیەوە پارێزەری خۆبەخش بەشدار حەسەن لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: كۆمپانیایەك تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی سزاداوە، ئێمەش بەپێویستمان زانی لەسەر ئەو پرسە سكاڵایەك لە داواكاری گشتی تۆمار بكەین. وتیشی: ناكرێت كۆمپانیایەك بە ئارەزووی خۆی سزای هاوڵاتیان بدات، ئەمە لە هیچ شوێنێكی دنیا نییە كۆمپانیایەكی كەسی ئەو كارانە بكات. وەك ئەو پارێزەرە دەڵێت داواكاری گشتی و پەرلەمان لەو پرسەدا هیچ ڕۆڵێكیان نەبوو، جگە لەوەش رێگری دەكرێت لەوەی ڕێكخراوەكان بەدواداچوون بكەن لەوبارەیەوە. دانانی پێوەری ئاو بۆ هاوڵاتیان لەكاتێكدایە بەشێكی زۆر لەهاوڵاتیانی كوردستان بەتایبەت لە وەرزەكانی هاوین و بەهاردا كێشەی كەمیی ئاویان هەیە و جگە لەوەش پێداویستیە سەرەتاییەكانی دیكەیان وەك كارەبا و سوتەمەنی وەك پێویست نییە و نرخیشیان لەسەر زیادكراوە، مووچەی فەرمانبەرانیش لەكاتی خۆیدا نادرێت و باجێكی زۆریش خراوەتە سەر هاوڵاتیان.
هاوڵاتی سەرۆکی دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:" "لە ماوەى ساڵى رابردودا بەهۆی بایەخدانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بوارى ژینگە توانرا هەرێمى کوردستان بخرێتە سەر نەخشەى جیهانى گۆڕانکارى کەشوهەوا، لەلایەکى دیکەشەوە سەرۆکى حکومەت پەیڕەوى پاراستنى ژینگەیی و پاراستە سروشتییەکانى چالاککرد، کە ماوەیەک بو سڕکرابو". نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە زیانیان بەرکەوتووە. ئەمڕۆ، عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا و ئاماری ساڵی ڕابردووی تایبەت بە دەستەکەیانی خستەڕوو. عەبدولڕحمان سدیق، لە کۆنگرەکەدا تیشکی خستە سەر بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و وتی:”نابێت بەهۆی شەڕەکانەوە ژینگە بکرێتە ئامانج و تێکبدرێت، چونکە بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە یەک ملیۆن دۆنم زەوی خاکى کوردستان زیانیان پێگەشتووە.” لەبارەى چالاکییەکانى دەستەى ژینگەى کوردستان، کە لە ساڵى ڕابردوو ئەنجامدراوە، عەبدولڕەحمان سدیق ئاماژەى بەوەدا:”دوو هەزار و ٨٧٦ پرۆژەى جۆراوجۆر مۆڵەتیان پێدراوە و ٤٨ پرۆژەش داواکارییەکانیان ڕەتکراوەتەوە و پێنج هەزار و ٢٤٩ پرۆژەى دیکەش بەدواداچوون و پشکنینیان بۆ کراوە” . هەر بەپێی ئامارەکە، کۆی گشتى ئەو داهاتەى لە ساڵى ٢٠٢١دا لە تەواوى هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەکەوە کۆکراوەتەوە، بریتیبووە، لە ٣٣٢ ملیۆن و ٦٦٦ هەزار دینار. هەروەها، ڕاشیگەیاند:”لەئێستاشدا لە هەرێمی کوردستان ٢٢٠ رێکخراوى ژینگەیی هەن و بۆردێکیان هەیە، کە کاروبارەکانیان رایی دەکات”. جێگەى ئاماژەیە، دەوڵەتی داگیركەری تورك لە ٢٣ی نیسانى ساڵى ڕابردووەوە هێرشێكی نوێی داگیركاری بۆسەر باشوری كوردستان دەستپێكردووە، کە تیایدا چەکی کیمیاییش بەکاردێنێت.
هاوڵاتی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، زیندانێكی گەورە لەهەولێر بۆ سزادراوانی تیرۆر و ئەوانەی بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەردەچێت دروست دەكرێت. لەسەنتەری راهێنانی پیشەیی سلێمانی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:لەرێگەی هەشت سەنتەرەوە بەبەردەوامی خول بۆ گەنجان دەكەینەوە و فێری پیشەیان دەكەین. وتیشی: ساڵی داهاتووش وەزارەتی دارایی 100 ملیۆن دیناری بۆ ئەو مەبەستە بۆ تەرخان كردووین. سەبارەت بە خۆكوشتنی سزادراوێك لەچاكسازی گەورانی سلێمانی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەدا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەڵگە و تاوان لێكۆڵینەوە دەكرێت و وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتیش لیژنەیەك پێكهێندراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە و هەركات لێكۆڵینەوە تەواو بوو ئاشكرایدەكەین. لەسەنتەری راهێنانی پیشەیی سلێمانی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:لەرێگەی هەشت سەنتەرەوە بەبەردەوامی خول بۆ گەنجان دەكەینەوە و فێری پیشەیان دەكەین. وتیشی: ساڵی داهاتووش وەزارەتی دارایی 100 ملیۆن دیناری بۆ ئەو مەبەستە بۆ تەرخان كردووین. سەبارەت بە خۆكوشتنی سزادراوێك لەچاكسازی گەورانی سلێمانی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەدا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەڵگە و تاوان لێكۆڵینەوە دەكرێت و وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتیش لیژنەیەك پێكهێندراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە و هەركات لێكۆڵینەوە تەواو بوو ئاشكرایدەكەین.
هاوڵاتی پسپۆرێكی یاسایی و دەستوری عێراق رایگەیاند:" لە دانیشتنی ئەمڕۆدا موفاجەئە ڕوونادات و دواخستنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بە دەنگی زۆرینە دەبێت نەك بە بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان. تارق حەرب پسپۆڕی یاسایی دەستووری پێشبینی دەکات، یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بەبێ هیچ موفاجەئەیەكی دەستووریی تێپەڕێت. ئەو پسۆڕە یاساییە وتی: بەپێی دەستور لە یەكەم دانیشتندا سەرۆكی نوێی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێردرێن، بەڵام ڕەنگە ئەندامانی پەرلەمان بەدواخستنەوە قسەیەکی تریان هەبێت. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێویستی بەڕەزامەندیی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە و ناکرێت بەبڕیارێکی تاک لەلایەن سەرۆکی كاتییەوە جێبەجێبکرێت. لەسەر میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان حەرب ڕونیدەکاتەوە، کە کاندیدی براوە بۆ ئەو پۆستە پێویستی بەڕەزامەندی ١٦٥ جێگر هەیە، کە نیوە كۆی یەكی ئەندامانی پەرلەمانە. حەرب وتیشی: ئاساییە لەعێراقدا ڕێککەوتنی گشتگیر لەنێوان هێزە پەرلەمانییەکان لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکە هەبێت، بە واتایەکی تر ڕازیبوون بە تێپەڕاندنی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان مانای ئەوەیە، کە ڕێکەوتنێک لە نێوان هێزە دیاریکراوەکان بە زۆرینەی ئەو ناوانە کراوە کە بۆ ئەو پۆستەكان دەستنیشان کراون. ئەمڕۆ، خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدەدات، لەو دانیشتنەدا ئەندامانی ئەنجومەن سوێندی یاسایی دەخۆن، بەڵام ڕوون نییە تەواوی ڕێكارە دەستورییەكان جێبەجێ دەكرێت یان دانیشتنەكە بە كراوەیی دەمێنێتەوە.
هاوڵاتی وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند:" بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەولێر و بەغدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنەکان لەسەر پرسی ئەنجامدانی ھەڵسوکەوتی قبووڵکراو لەو شوێنە بەردەوامە. ھەربۆیە لە رووی ئاسایش و داھاتووی برایانمان لە کەرکووک، ھەموو ھەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ھیچ کارێکی نەرێنی لە رووی ئەمنییەوە روونەدات". خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیاکانی وڵاتەکەی لەسەر کۆمەڵێک پرس، لەوانەش کەرکووک، کازاخستان، ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، نزیکبوونەوەی میسر و سعودیە لە یۆنان و کڕینی سیستمی s-400 کرد. خولوسی ئاکار لەبارەی دواپێشھاتەکانی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند: "پرسی کەرکووک بۆ ئێمە زۆر گرنگە. لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین. بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەولێر و بەغدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنەکان لەسەر پرسی ئەنجامدانی ھەڵسوکەوتی قبووڵکراو لەو شوێنە بەردەوامە. ھەربۆیە لە رووی ئاسایش و داھاتووی برایانمان لە کەرکووک، ھەموو ھەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ھیچ کارێکی نەرێنی لە رووی ئەمنییەوە روونەدات". وەزیری بەرگریی تورکیا، سەبارەت بە کازاخستانیش وتی: "لەگەڵ کازاخستان پەیوەندی ئەرێنی مێژوویی، رۆشنبیری، سەربازیی پەروەردەییمان ھەیە، کارەکانمان بەردەوامە. لە نزیکەوە چاودێری دواپێشھاتەکان دەکەین". ئاکار، 'کازاخستان'ی بە "ھاوپەیمانێکی گرنگ"ی تورکیا ناوبرد و گوتی: "زۆر گرنگە بە زووترین کات ئاسوودەیی لە کازاخستان دەستەبەر بکرێت. پێمانوایە برایانمان لە کازاخستان بەپێی توانای خۆیان گشت ئاڵنگەرییەکان لەو شوێنەدا تێدەپەڕێنن. وەک ھەمیشە، ئەمڕۆش ھەر پاڵپشتی کازاخستان دەبین". خولوسی ئاکار باسی لەوەشکرد بەمدواییانەدا میسر و سعودیە لە یۆنان نزیکبوونەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "پێویستە بە بێلایەنانە، ورد و ھەستیارەوە چاودێریی پێشھاتەکان بکەین. پێویستە رووداوەکان لە نێو سنووری خۆیان بھێڵینەوە. لێرەدا پێویست بەھیچ نیگەرانییەک ناکات. لە قۆناخی داھاتوودا لەسەر پرسی سعودیە و میسر چ پێشھاتێک سەرھەڵدەدات، پێکەوە دەیبینین". وەزیری بەرگریی تورکیا وتی: "لە عێراق و لە سووریاش، ئێمە یەک دید و ئەرکمان ھەیە ئەویش چییە؟ ئاسایشی سنوورەکانمان و ھاووڵاتییانمان. بۆیە تاوەکو ئەمڕۆ ھەرچی پێویست بێت لەمبارەیەوە کراوە. لەمەودواش لەسەر ھەمان بنەما و لە چوارچێوەی مافە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبین. ئەمانە کات و شوێنی خۆیان ھەیە، دۆخ و مەرجی خۆی ھەیە. ئەگەر کاتی بێت ئەوەی پێویست بێت دەکرێت". خولوسی ئاکار لەبارەی پرسیارێکی پەیوەندیدار بە سیستەمی S-400 وتی: "ئێمە دەڵێین، تاوتوێی بکەین و چارەسەریی بکەین. ئێمە بۆچی S-400 مان کڕی، وەرن بۆ ئێوە روونی بکەینەوە. S-400 چەکی ھێرشکردن نییە. ئەگەر لەکاتی بەکارھێنانی لەگەڵ F-35 چەند کێشەیەک دروست ببێت، وەرن با تاوتوێی بکەین. رێگری لەمە بکەین. ئەگەر پێویست بێ ناتۆش بانگھێشت بکەن. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە. لێرەدا رەواین. ئێمە ناچارین 84 ملیۆن کەس و 780 ھەزار کیلۆمەتری نیشتمان لە ھێرشی ئاسمانی و مووشەکی بپارێزین. وەرن با تاوتوێی بکەین و ئەم پرسە درێژ نەکەینەوە، کێشەی سەرەکی پەکەکە/یەپەگەیە".
هاوڵاتی پارتی شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان كاندید دەکات. لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڕیارە دەنگ لەسەر دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بدرێت، تاوەکو ئێستا محەممەد حەلبوسی وەکو بەربژێری سوننەکان بۆ سەرۆکی پەرلەمان دیاریکراوە، پارتیش شاخەوان عەبدوڵڵای بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان دیاریکردووە. شاخەوان عەبدوڵڵا لە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق ئەندامی پەرلەمان بووە، لە دوایین هەڵبژاردنیش لە 10-10-2021 توانیی زیاتر لە بازنەی یەکی کەرکووک دەنگی یەکەم بێت و 31 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت. دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە خولی نوێی پەرلەمان کرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 9.1.2022 کۆببێتەوە، بڕیارە خولی نوێی پەرلەمان لەو وادە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا نە کورد و نە شیعە و نە سوننە بە ئاشکرا بەربژێرانی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکردووە.
هاوڵاتی حکومەتی ئێران رایگەیاند:" ئەگەر داوایان لێبکرێت، تاران ئامادەیە بۆ لێک نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان و کۆدەنگی نیشتیمانی لەسەر پێکهێنانی حکومەت هاوکاری لایەنەکانی عێراق بکات". جەختیش دەکاتەوە ئێران بەیەک ئاست لەهەموو لایەن و پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی عێراق دەوەستێت. تۆڕی راگەیاندنی عێراق لەزاری سەرچاوەیەکی بەرپرس ئێران لەکێشەکانی ناوخۆی عێراق کەتایبەتن بە پێکهێنانی حکومەت بەیەک ئاست لەهەموو لایەن و پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی عێراق دەوەستێت، بەڵام "ئەگەر داوامان لێبکرێت ئامادەین هاوکاری لایەنەکان بین بۆ دروستکردنی کۆدەنگی نیشتیمانی لەسەر پێکهێنانی حکومەت". ئاماژەی بەوەشکردوە، "تاران بەگرنگی دەزانێت لایەنەکانی عێراق بەبێ دەستوەردانی هەرێمی بگەنە رێککەوتن، بەڵام ئەگەر راوێژ و پرس و ڕا بە ئێمە بکرێت، ئامادەی هاوکاری دەبین، داواش لەهەمو لایەنەکان دەکەین رێز لە دەستور و بنەماکانی دۆخی سیاسی بگرن و پارێزگاری لە سەروەری عێراق و یەکێتی ریزەکانیان بکەن". سەرچاوەکەی ئێران باسی لەوەشکردوە، "ئەو حکومەتەی بەرێککەوتنی لایەنەکان لەعێراق دروستدەکرێت، ئێمە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین بەبێ ئەوەی سەیری پێکهاتە، رەنگ و شێوەکەی بکەین، هەروەها بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاری دوو لایەنە کە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دۆست دەپارێزێت". چرکەکانی کۆتایی بۆ وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، گفتوگۆی ناوخۆیی و دوو قۆڵی و سێ قۆڵی کورد، سوننە و شیعە زیاتر و چڕتر کردووەتەوە. هەرچەند هاوکێشە سیاسییەکان بە چرکە دەگۆڕدرێن و ئەوەش وایکردووە تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ ناوێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار و حکومەت نەخرێتەڕو.
هاوڵاتی روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی کارەباوە پرۆژەی پێوەری زیرەكی کارەبا یەكێ لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتووەكانی کەرتی کارەبای هەرێمە و رۆڵێکی گرنگی بۆ چارەسەركردنی گرفتی كارەبا هەیە. تا ئێستا لە79% ی پڕۆژەکە تەواو بووە و تەواوی تایبەتمەندییەکانیشی بەگەڕ نەخراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە رێژەیەكی بەرچاو سەرپێچی لەسەر تۆرەکانی كارەبا و زیانگەیاندن بە ئامێرەکانی کارەبا لەوانە سوتانی گۆڕەری گەڕەکەکان و ئۆڤەرلۆد بوونی فیدەرەکان کەم بکاتەوە و دادپەروەری لە دابەشکردنی كارەبا بەدی بێنێت. پێوەری زیرەک بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی، نارازی بوونی ئەو کەسانەی لێ کەوتووەتەوە، کە ساڵانێکە لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی، بە سەرپێچی یاسایی، کارەبا دەدزن و پارەی کرێی کارەبا نادەن و مافی خەڵکی دیکەیان پێشێل دەکرد. کەمی ماوەکانی پێدانی کارەبا هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و دواتر بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا و بەرزبوونەوەی ژمارەی هاوبەشانی کارەباوە هەیە. بەلارێدا بردنی ڕای گشتی بە ئەنقەست بێت، یان لە نەزانینەوە بێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پاڵنەرانی ئەم بابەتە، هێشتا لە کار و ئەرکی پڕۆژەی پێوەری زیرەک تێنەگەیشتوون و نازانن ئەرکی ئەم پێوەرە لە کەرتی کارەبادا لەپاڵ بەشەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن چییە. پێوەری زیرەک لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، کە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا نیوەی خواست لەسەر کارەبا پڕ دەکاتەوە، رۆڵێکی گرنگی لە نەهێشتنی بە فیڕۆدانی کارەبا و پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە لە تێکچوون و سوتان و سەرپیچی گێڕاوە. تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی 2018 زیاتر لە 50 فیدەر ئۆڤەرلۆد بووە، 100 سەرەمحاویلە لەسەر بووە. لەساڵی 2021 بەهۆی بوونی پێوەری زیرەکەوە، بۆ 10 سەرەمحاویلە و 10 فیدەری ئۆڤەرلۆد و سوتانی تەنیا محاویلەیەک کەم بووەتەوە. پێوەری زیرەک ئاستی بەکارهێنانی کارەبای کۆنترۆڵ کردووە، بۆ ئەوەی کە هەر هاوبەشێکی کارەبا بە پێی مافی خۆی کارەبا وەربگرێت و هیچ هاوبەشێکی کارەبا بەهۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر، مافی گشتی و دراوسێکانی پێشێل نەکات. بە نەبوونی پێوەری زیرەک، دۆخی کارەبا بەهۆی لە ئاستی پێویستدا نەبوونی ئاستی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی خواست و ژمارەی هاوبەشانی کارەبا و زۆربوونی سەرپێچی، زۆر خراپ دەبوو. تەواوی تایبەتمەندییەکانی پێوەری زیرەک بۆ رێکخستن و کۆنترۆڵی کارەبا، ئەو کاتە سوودەکانی بەدەر دەکەوێت کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئاستی پێویستدا بێت. وەزارەتی کارەبا لەگەڵ ئەوەی کە تەواوی هەوڵی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەدات، لە هەوڵی بەرزکردنەوە ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان دایە بۆ چۆنییەتی بەکارهێنانی کارەبا و ناساندنیان بە بەشە جیاوازەکانی کارەبا و ئەرکەکانی هەر یەک لەم بەشانە. لە ئەگەری هەر جۆرە زیان گەیاندنێکیش بە تۆڕ و ئامێرەکانی کارەبا، سەرەتا زیان بە کارەبای ماڵەکەی خۆی دەگەیەنێت و رێکاری یاساییش بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
هاوڵاتی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگهیاند:" کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بریاری دا بە دروست کردنی لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەت بۆ دەرخستنی راستی و دروستی ئەو روداوە.'' دوای ئەوەی دوێنێ شەو زیندانیەک لە گرتوخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی گیانی لەدەستدا ئەمڕۆ وەزیری کاروکاروباری کۆمەلایەتی حکومەتی هەرێم بریاری دا لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەت پێک بھێنێت بۆ دەرخستنی راستیەکان. ئەمڕۆ شەممە 8ی کانوونی دووەمی 2022، وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەووە، ''ئەمرۆ کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی سەردانی چاکسازی گەورانی سلێمانی کرد، ئامانج لەو سەردانە بۆ لەنزیکەوە ئاگادار بوون لەوکەیسەو چۆنێتی روداوەکە، دواتر بریاری دا بە دروست کردنی لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەت بۆ دەرخستنی راستی و دروستی ئەو روداوە.'' ئەوەش خراوەتەڕوو، ''لە سەردانەکەی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی ھۆڵەکانی سزادراوەکانی بەسەر کردەوە لە کێشەو گرفتەکانیانی کۆلیەوەو گوێ بیستی داواکاریەکانیان بووە.'' لەلایەکی دیکەوە لیژنەیەکی سێ کەسی لە پەرلەمان بۆ لێکۆلینەوە لە ھۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو زیندانییە سەردانی چاکسازی گەورانی سلێمانیان کرد کەپێک ھاتبوون لە گولستان سەعید ، بەدریە ئەسماعیل ، شادیە نەوزاد.''
هاوڵاتی موسەننا ئەمین رایگەیاند: "ئەمڕۆ دەمانەوێت پێشنیازێک بۆ فراکسیۆنە سیاسییەکان، بە تایبەتیش بۆ پێکهاتە کوردستانییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق رابگەیێنین، کە دەمانەوێت خۆمان کاندید بکەین". لەبارەی پشتگیریکردنی بۆ بوونە جێگری سەرۆکی پەرلەمان موسەننا ئەمین رایگەیاند، ئەگەر لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدان رۆڵ بە هەموو هێزە سیاسییەکان بدرێت بۆ خزمەتی نەتەوەکەیان و کوردایەتی، نیشتمانپەروەری، دڵسۆزی و لێهاتن لە پێشینەیە. "پشتبەستوو بەمانە بەناوی یەکگرتووی ئیسلامی و فراکسیۆنەکەمان رایدەگەیێنم کە خۆم کاندید دەکەم بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق". کاندیدە کەی یەکگرتوو دەشڵێت: "لەبەر ئەوەی کە هەمیشە ئەم سەرکردە سیاسییانەی کە ئەو شایەتیە حەقەیان بۆ ئێمە داوە لە شوێنی گشتی و تایبەتیشدا، هەر ئەم سەرکردە سیاسییانەش و ئەو حیزبانەشن کە هەمیشە باس لەوە دەکەن کە یەکڕیزی بۆ گەلی کوردستان پارێزراوبێت و رۆڵ بدرێت بە هەموو هێزە سیاسییەکانی کورد لە بەغدا بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین ئەرکەکانمان جێبەجێ بکەین". دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە خولی نوێی پەرلەمان کرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 9.1.2022 کۆببێتەوە، بڕیارە خولی نوێی پەرلەمان لەو وادە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا نە کورد و نە شیعە و نە سوننە بە ئاشکرا بەربژێرانی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکردووە.
هاوڵاتی تیمێکی هاوبەشی فەرەنسی و سوێدی پێکدەهێندرێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکەن کە داعش بەرامبەر کوردانی ئێزدی ئەنجامیداون. یۆرۆجەست لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئامانجی سەرەکیی ئەم تیمە بریتی دەبێت لە دۆزینەوەی ئەو تیرۆریستە شەڕکەرە بیانییانەی کە تاوانی نێودەوڵەتی سەرەکییان ئەنجامداوە، وەکو جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ کە لە ماوەی شەڕی چەکداری لە سووریا و عێراق دژی ئەندامانی کەمینەی ئێزدی ئەنجامیان داون." وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تیمەکە هەروەها "سەرنجی لەسەر دۆزینەوەی قوربانییان و شایەتحاڵەکانی ئەو تاوانانە دەبێت کە لە لایەن چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکانەوە لە عێراق و سووریا ئەنجامدراون." یۆرۆجەست هەروەها یارمەتیی عێراق و سووریا دەدات و راوێژیان پێدەدات بۆ ئەوەی پەیڕەوێکی دادوەرییان هەبێت تاوەکو هەنگاوە دادوەرییەکانیان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش یەکبخەن و رێکبخەن تاوەکو زۆر رێکاری یاسایی جیاجیا دژی هەمان تۆمەتبار لە بەرامبەر هەمان تۆمەت نەگرنەبەر. بەرپرسانی نوێی تیمە نوێیەکەی سوێد و فەرەنسا لەگەڵ "تیمی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەدان بە لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق (یونیتاد)" کاردەکەن. یۆرۆرجەست باس لەوە دەکات کە کاری تیمە فەرەنسی و سوێدیەکە "بایەخی دەبێت بۆ سیستەمی دادگەری لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا یان وڵاتانی سێیەم کە دەیانەوێت کۆتایی بە خۆدزینەوەی چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکان لە سزا بهێنن کە لە تاوانی نێودەوڵەتی وەکو کۆیلەکردن یان تووندوتیژیی سێکسی دژی خەڵکی ئێزدی تێوەگلاون." یۆرۆجەست هەروەها دەڵێت: "بەرەنگاربوونەوەی خۆدزینەوە لە سزای تاوانەکانی جەنگ، جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئامانجە هەرە سەرەکییەکەی تۆڕی جینۆسایدی سەر بە یۆرۆجەستە. تۆڕەکە بەشێوەیەکی چالاک پاڵپشتی لەو دامەزراوە دادگەریانە دەکات کە ژمارەیەک دۆسیەی کەڵەکەبوویان کردووەتەوە بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لە تیرۆر و تاوانی نێودەوڵەتی بکەن تاوەکو دادپەروەری بەدیبێت." ساڵی رابردوو، ئەڵمانیا وەکو یەکەمین وڵات، چەکدارێکی داعشی بە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید سزادا.
هاوڵاتی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدێكی هاوبەشی هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازییان لێکرا. وەفدە هاوبەشەکە دەچنە بارەگای بارزانی و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبنەوە؛ چاوەڕوان دەکرێت شاندەکە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کۆببنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە یەکلا نەبووەتەوە. سەردانەکە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 07-01-2022، وەفدێكی هاوبەشی پارتی و یەکێتیی لە بەغدا لەگەڵ دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر و هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر کە دوو گەورەترین هاوپەیمانیی سوننەن لە بەغدا کۆبوونەوە. دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە خولی نوێی پەرلەمان کرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 9.1.2022 کۆببێتەوە، بڕیارە خولی نوێی پەرلەمان لەو وادە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا نە کورد و نە شیعە و نە سوننە بە ئاشکرا بەربژێرانی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکردووە.
هاوڵاتی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، کارنامەی یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە 9ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت. لە کارنامەکەدا هاتووە: "یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان بە مارشی کۆماریی عێراق دەستپێدەکات، دواتر چەند ئایەتێکی قورئان دەخوێندرێتەوە، پاشان سوورەتی فاتیحە بۆ رووحی شەهیدانی عێراق دەخوێندرێتەوە، ئینجا ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق گوتارێک پێشکێش دەکات بۆ بەخێرهاتنی ئەندامانی پەرلەمان و خوێندنەوەی ناوی ئامادەبووان، دواتر بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات". بەپێی کارنامەکە، سەرۆکی بەتەمەن داوا لە ئەندامانی پەرلەمان دەکات سوێندی یاسایی بخۆن، ئینجا سەرۆکی بەتەمەن بەبۆنەی دەستپێکردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان گوتارێک پێشکێش دەکات، لە کۆتاییشدا سەرۆکی بەتەمەن دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرەکەی دەکاتەوە. دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق داوای لە خولی نوێی پەرلەمان کرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 09-01-2021 کۆببێتەوە، بڕیارە خولی نوێی پەرلەمان لەو وادەدا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا نە کورد و نە شیعە و نە سوننە بە ئاشکرا بەربژێرانی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکوەزیران دەستنیشاننەکردووە. بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021، رەوتی سەدر بە 73 کورسییەوە بووەتە هێزی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە 31 کورسییەوە هێزی یەکەمی هەرێمی کوردستانە. کوردستان بەگشتی لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمان، زیاتر لە 60 کورسیی هەیە.