هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت ئەگەر دانوستانی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران شكست بهێنێت، بژاردەی دیكەیان دەبێت. ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رادیۆی ئێن پی ئاڕ رایگەیاند: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران گەیشتووەتە ئاستێك كە ئەستەمە بگەڕێتە دواوە و تاران بە پشتگوێخستنی بەندەكانی ناو رێككەوتننامەی ئەتۆمی، رۆژ بە رۆژ لە گەیشتن بە چەكی ئەتۆم نزیك دەبێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتیشی: كاراكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی باشترین كارە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمریكا و بۆ ئەو مەبەستەش تەنھا چەند ھەفتەیەكمان لەبەردەستدا ماوە. بلینكن دەشڵێت: ئەگەر دانوستانەكانی ڤییەننا شكست بھێنێت و نەتوانین لەگەڵ ئێران بگەین بە رێككەوتن، بژاردەی تر دەگرینەبەر.

هاوڵاتی دوو كۆچبەری كورد كە هاوسەری یەكتربوون و خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن، لەكاتی پەڕینەوە لەڕووبارێكی یۆنان خنكان. جەلیل رەوانگەردی تەمەن 34 ساڵان و سومەییە جامخانەی تەمەن 28 ساڵان كە هاوسەر بوون و خەڵكی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستانن. رۆژی پێنجشەممە لە رووباری سێرسی یۆنان خنكان. ئەو دوو كۆچبەرە و كەسێكی دیكە كە برای سومەییە بووە بە ناوی عەبدوڵڵا جامخانە و تەمەنی 15 ساڵ بووە، ویستوویانە بە پێ بەناو رووبارەكەدا بپەڕنەوە، بەڵام هەردوو هاوسەرەكە خنكاون و عەبدوڵڵا رزگاری بووە و لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە دەستبەسەر كراوە. ئەو دوو هاوسەرە ساڵی رابردوو مەریوانیان جێهێشتووە و بەم دواییانە لە توركیاوە بەرەو یۆنان رۆیشتوون.

سەركۆ جەمال لەچەند رۆژی رابردوودا لەچەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان هەڵمەتی لێكردنەوەی پێوەری ئاوی ماڵان دەستیپێكرد ئەوەشیان وەك كاردانەوەیەك پیشاندا كە پارەی ئاوی بەشێكی ماڵان زۆر هاتووەتەوە، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم دەڵێت:»هەركەس پێوەری ئاو لێبكاتەوە 80 هەزار دینار سزا دەدرێت». لە 8/1/2022 لەهەرێمی كوردستان كەمپینی لێكردنەوەی پێوەری ئاو راگەیەنراوە و كەمپینەكەش لە گەرمیانەوە دەستیپێكرد، بەپێی ئامارێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەكۆی 117 ملیار دینار خەرجی دابینكردنی بەستنی پێوەری ئاو، 42 ملیار دینار كۆكراوەتەوە، هەروەها 67%ی هاوبەشانی ئاو لەهەرێمی كوردستان پێوەریان بۆ نەبەستراوە. ئومێد عەلی، ئەندامی كەمپینی لێكردنەوەی پێوەری ئاو لەگەرمیان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لێكردنەوەی پێوەری ئاو بۆ ئەوەبوو كە دەنگی خۆم بگەیەنمە حكومەت، چونكە حكومەت بە نیازبوو خزمەتی هاووڵاتیان بكات، بەڵام ئەو كۆمپانیایەی پێوەرەكەی بەستووە خەڵكی رووتاندووەتەوە، چونكە خزمەتگوزارییەكەی وەك خۆی بەئێمە ناگات و كارەكە بووەتە بازرگانیكردن لەسەر هەژاران.»  ئەو هاووڵاتییە پێشیوابوو كە ماڵ هەیە پارەی زۆری خوێندووەتەوەو ماڵیش هەیە هیچی نەخوێندووەتەوە. هەرێم رەفعەت، پارێزەر لەهەولێر سكاڵای یاسایی لەداواكاری گشتی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركردووە، بەهاوڵاتی وت :»ئێمە داوایەكمان داوەتە داواكاری گشتی لەسەر داوای هاووڵاتیان، هەر پێوەرێكیش داخڵی سیستەم نەكرابێت مانگانە 80 هەزار دینار سزای دارایی دراوە، ئەمەش هەڵەی كۆمپانیایە كە خەڵكی ئاگادارنەكردووەتەوە، بە هیچ هاوبەشێكیش نەوتراوە كە دەبێت لە سیستەم داخڵی بكەی.» هاوكات، عەبدوڵای مەلا نوری، سەرۆكی حزبی كۆنگرەی ژینگەو دیموكراتی  وەك خۆی بەهاوڵاتی وت: كەمپینێكی دژ بەو پێوەرە نادادپەروەرە راگەیاندووە و خەڵكێكی زۆر پێشوازیان لێكردووە. هەروەها وتی:» پێوەری ئاو یەكێكە لەو دەمارو بزوێنەرە زیرەكانەی، كە بەشێوەیەكی نایاسایی و نادادپەروەرانە خراوەتە ناو ماڵەكانمانەوە، بە مەبەستی دزین و هەڵمژینی داهات و خوێن و عارەقەی هاووڵاتیان، لە پێناو زیاتر پارەداركردنی كۆمپانیاكانی سەرانی گەندەڵی ئەم وڵاتە، بۆیە بڕیارمدا بۆ لێكردنەوەی كەمپینێك رابگەیەنم». رۆژی 9/1/2022 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم رایگەیاند:» لێكردنەوەی پێوەری ئاو كارێكی دروست نیەو دوورە لەیاسا، چونكە ئاو سامانێكی نیشتیمانیەو بەكارهێنانی پێویستە بەپێی ستاندارد بێت. وەزیری شارەوانی راشیگەیاند:» هەر پێوەرێك لەئاستی سروشتی خۆی زیاتر بخوێنێتەوە ئەوا ئاستی 45 هەزار دیناری بۆ دانراوەو هاووڵاتیان لەو بڕە پارەیە زیاتر نادەن،  هەركەس و لایەن و دەزگایەكی میدیایی هاندەر بێت بۆ لێكردنەوەی پێوەری ئاو دەبێت سزا بدرێت». پەرلەمانتارێك كە پێشتریش لەسەر ئەو پرسە چەند جارێك قسەی كردووە، ئاشكرایدەكات «حكومەت ئەگەر فشار لەهاووڵاتیان نەكات بۆ بەستنی پێوەر بەكۆمپانیا دەدۆڕێت، بۆیە ئەو كارە دەكات». دابان محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « نە وەزیری شارەوانی و نە بەڕێوەبەرایەتی ئاوو نە هیچ كەسێك ناتوانێت یەك دینار سزای هاووڵاتیان بدات لەبەر لێكردنەوەی پێوەری ئاو، چونكە پێشتر هەوڵیانداو هێنایانە پەرلەمان تا لەماددەیەكدا جێی بكەینەوە، بەڵام نەبوو بەیاسا». هەروەها باسی لەوەشكرد  خەڵكێكی زۆر كێشەیان لەگەڵ پێوەرەكە هەیە ئەگەر وانەبێت لەپەرلەمان ئەو هەموو حزبەی تێدایە چۆن كۆدەنگی دروست دەبێت، وتیشی:»وەزارەتی شارەوانی تووشی ئابڕووچوونێكی گەورە بووە، چونكە پێوەرەكان هەڵە دەخوێنێتەوە لەكۆتا جاردا 45 هەزار پێوەری داناوە كەواتە پێوەری ئاو بۆچییە؟». وەك ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكرد تاساڵی 2018 دەبوایە 85%ی خەڵك پێوەری ببەستایە بەپێی گرێبەستی كۆمپانیاكان و وەزارەت، بەڵام تەنیا 65%ی بەستراوە، « وەزارەت هاتووە سزای خەڵك دەدات، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئەگەر پێوەرەكە نەبەسترێت دەدۆڕێن بەكۆمپانیا، بۆیە فشار لەخەڵك دەكەن كە پێوەر ببەسترێت». دابان محەمەد ئەوەشی ئاشكراكرد لەهەر پێوەرێكدا نزیكەی سێ هەزار دینار بۆ كۆمپانیایە لەسلێمانی و لەهەولێر زیاترە لە سێ هەزار، لە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین كۆمپانیایەكی دیكە و بەشێوەیەكی دیكەیە، واتە بەپێی شوێنەكان دەگۆڕێت»بەڕێوەبەرایەتی ئاو هەشت هەزار فەرمانبەری هەیە لەكاتێكدا كۆمپانیاكان بە 500 كارمەندەوە دەتوانن ئەو كارە بكەن، بەڵام بۆچی وەزارەتی شارەوانی ناتوانێت بیكات». ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو كە سێ چارەسەریان داوە بە وەزارەتی شارەوانی، یەك: ئەو سزایەی هەیە دەبێت لاببرێت، دوو: ئەو پارەیەی بەپێی پێوەر هاتووەتەوە زۆرەو دەبێت وەكو پێشووتر بۆی هەژمار بكرێت بەمەتر، سێ: ئەگەر بڕیارە پێوەر دابنرێت دەبێت پێوەری زیرەكی ئەلكترۆنی دابنرێت وەكو پێوەری كارەباش بێ بەرامبەر بۆ خەڵك دابین بكرێت. بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هەر كەسێك پێوەری ئاو لێبكاتەوە 80 هەزار دینار سزا دەدرێت. ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم، وتیشی:» تائێستا هیچ هاووڵاتیەك لەسەر نەبەستنی پێوەری ئاو سزا نەدراوە، پێشتریش وتوومانە هەر پێوەرێك كێشەی هەبێت دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئاو بكات بۆ ئەوەی كێشەكەی بۆ چارەسەر بكرێت». هەروەها وتیشی:»ئەو كەسانەی پێوەریان لێكردووەتەوە یاخود هەر نەیانبەستووە، لەڕێگەی كۆمپانیاكانەوە سزا دەدرێن بەبڕی 80 هەزار دینارو ئەو سزایەش هەر كۆمپانیاكان لێی بەرپرسن چونكە ئەوان پارەی ئاو كۆدەكەنەوە». لەبارەی چۆنیەتی سزاكەوە، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم ئەوەی روونكردەوە كە سزاكە كاتێك جێبەجێ دەكرێت كۆمپانیاكان سەردانی ماڵەكان دەكەن و دەبینن كە پێوەرەكە لێكراوەتەوە یاخود نەبەستراوە، ئەوكات بڕی 80 هەزار دینار وەك پارەی ئاو بۆ مانگێك وەردەگیرێت وەكو سزادان.

هاوڵاتی رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند:" ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەژێر فشاردا نەبووبێت، ئەوە دەبێتە یەکەمین جوڵەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان و دڵنیاییش دەدات کە لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەدا ئەو لایەنانە پەنا بۆ دروستکردنی گرژی نابەن، بۆیە داوا دەکات ئۆپۆزسیۆن نەبێتە بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیدا. موقتەدا سەدر لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر لەپەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەژێر فشاردا نەبووبێت بۆ راگرتنی کاری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەوە یەکەمین هەنگاوە بە ئاڕاستەی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان و دڵنیاییدانە بۆ دروستنەبوونی گرژی لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیدا. ئاماژەی بەوەشکردوە، چاوەڕوانییان لە ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە کاربکات لەپێناو بەرژەوندی گشتی، رەچاوکردنی  وادە دەستورییەکان، پیویستی گەل بۆ پەلەکردن لەپێکهێنانی حکومەت، چونکە بەرژەوەندی گەل لەسەروی بەرژەوەندی حزبی و مەزهەبییەوەیە. رێبەری رەوتی سەدر داواش دەکات لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن هاوکاربن لەپێناو رزگاکردنی عێراق لە "داگیرکاری، تیرۆر، گەندەڵی و شوێنکەوتەیی و پێویستە ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتیمانی بن". رۆژی پێنجشەممە، 13-01-2022 لەسەر سکاڵای پەرلەمانتار باسم خەشان و مەحموود داوود یاسین، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی کاتیی دەستەی هەڵبژێردراوی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دەرکرد.

هاوڵاتی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ راپۆرتێكی 752 لاپەڕەیی بڵاوكردووەتەوە، دەڵێت جێگەی نیگەرانییە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئازادی رادەربڕین خەڵك تۆمەتبار دەكەن. رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لەڕاپۆرتێكدا دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان و چەند كەیسێكی دیكە باس دەكات و ڕایگەیاند: بە درێژایی ساڵی 2021، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دوای چەندین كەیسی دادگاوە بوو لە دژی رۆژنامەنووسان بەهۆی نووسینەكانیانەوە، لە شوباتی 2021 دادگای تاوانی هەولێر سێ رۆژنامەنووس و دوو چالاكوانی بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادا لە رێكارێكدا كە گومانی جددی لەسەر پێشێلكردنی دادگاییەكی دادپەروەرانەی تێدابوو، هەروەها دەستێوەردانی سیاسی باڵا. راپۆرتەكە دەڵێت: دادگا سكاڵای ئەو تۆمەتبارانەی رەتكردووەتەوە كە وتویانە ئەشكەنجەدراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا كراوە، بەوەی كە بەڵگە لەبەردەستدا نییە، رۆژنامەنووسێكی دیكە لەسەر خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و ناوزڕاندن لە مانگی حوزەیران و ئەیلوول، سزای زیندانی یەك ساڵی بۆ دەرچوو، چوار چالاكوان و رۆژنامەنووسی دیكە لە 2020 دەستگیركران، لە هەشتی تشرینی دووەمی 2021 هەریەكەیان سزای زیندانیان لەنێوان ساڵیك بۆ دوو ساڵ بۆ دەرچوو. وەك رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ نوسیویەتی: كارگەر عەباس، بەندەوار ئەیوب سزای زیندانی ساڵێك و دوو مانگیان بۆ دەرچوو، شێروان تەها بە دوو ساڵ و سێ مانگ زیندانی سزادران، مەسعود عەلی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادرا. لە هاوینی 2020 ژمارەیەك مامۆستا و چالاكوان و رۆژنامەنووس لە دهۆك بە تۆمەتی جیاواز دەستگیركران، دۆسیەكەیان سەریكێشا تاوەكو لە 16ی شوباتی 2021 دادگای هەولێر، پێنج گیراوی پارێزگای دهۆكی بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایش بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا. لە 19ی شوباتی 2021 ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا رایگەیاند: داوا لە هەموو لایەك دەكەم رێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان كارەكانی بكات. دوای دروستبوونی كاردانەوەی بەرفراوان لەسەر ئاستی ناوخۆی و نێودەوڵەتی، لە 27ی حوزەیرانی 2021 دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاری كۆتایی لەبارەی حوكمدراوانی بادینان دەركرد و هەریەكەیان بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادران. رۆژێك دواتر و لە 28ی شوباتی 2021 دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان رێز لە سەربەخۆیی دادگەكانی هەرێمی كوردستان و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریش دەگرین، وەكو حكومەت ناتوانین دەستوەردان لە كاروباری دادگاكاندا بكەین. رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وتیشی: داوا لە لایەنی ناوخۆیی و دەرەكیش دەكەین رێز لە سەربەخۆیی دادگەكان و بڕیارەكانیان بگرن، چونكە دادگاكان لە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی دادوەرییش لە هەرێمی كوردستان میكانیزمێكی زۆر روونیان بۆ پێداچوونەوە و پەسەندكردنی بڕیارەكانیان هەیە. لە 8ی تشرینی دووەمی 2021 دادگاییكردنی حوكمدراوانی بادینان لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان رایگەیاند: دوو لە حوكمدراوەكان ئازادكران دوای ئەوەی هەریەك لە كارگەر عەباس و بەندەوار ئەیووب ساڵێك و دوو مانگ حوكمەكەیان لە زیندان تەواوكرد، دووانی دیكەش بە سێ ساڵ و شەش مانگ و دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیی كران. راپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ بۆ ساڵی 2022 پێكدێت لە 752 لاپەڕە، لەو راپۆرتەدا باس لە دۆخی مرۆیی نزیكەی 100 وڵات كراوە.

هاوڵاتی دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا، كارەكانی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەكی كاتیی هەڵپەسێردرێت، ئەویش بەهۆی بوونی سكاڵایەك لەسەر دانیشتنەكە. دادگای فیدڕاڵی عیراق لەڕاگەیەنراوێكدا، كە واژۆی هەر نۆ ئەندامی سەرەكیی دادگاكەی لەسەره ڕایگەیاند: دادگای فیدڕاڵیی بڕیاریداوە كاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە ڕۆژی یەكشەممە هەڵبژێردران هەڵپەسێردرێت، ئەویش لەسەر سكاڵایەكی هەردوو پەرلەمانتار مەحمود مەشهەدانی و باسم خەزعەل، كە لەسەر ڕوداوەكانی ناو كۆبوونەوەكە تۆماریان كردبوو. لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش نووسراوە، ئەو دوو پەرلەمانتارە سكاڵایان لەسەر محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی تۆماركردووە و پارێزەرەكانیان باس لەوە دەكەن لە كۆبوونەوەكەدا پێشێلكاریی یاسایی و دەستووریی ڕوویداوە. ڕۆژی نۆی ئەم مانگە، خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆكایەتیی مەحمود مەشهەدانی، بەتەمەنترین پەرلەمانتار دەستپێكرد، دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، سەرۆكی پەرلەمان بڕیاریدا كۆبونەوەكە بۆ ماوەیەك ڕابگیرێت، ئەوەش ناڕەزایی پەرلەمانتارانی لێكەوتەوە و دۆخی مەحمود مەشهەدانیش تێكچوو و گەیەندرایە نەخۆشخانە. دواتر بە سەرۆكایەتیی دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار كۆبوونەوە دەستیپێكردەوە، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە ڕێككەوتنێكی سەدرییەكان، پارتی و تەقەدوم و عەزم، هەڵبژێردران.

کاکەلاو عەبدوڵا دوای هەفتەیەک لە تووڕەیی خەڵک، خۆپیشاندانەکانی کازاخستان کۆتایی هات و سەربازانی روسیا نەیانهێشت دەسەڵاتی بنەماڵە بکەوێت کەماوەی ٣٠ ساڵە گەندەڵی و قۆرخکاری لەوڵاتەکەدا ئەنجامدەدەن. لەسەرەتای ئەم مانگەوە خەڵکی شاری ئەڵماتی، کە گەورەترین شاری کازاخستانە، رژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەتایبەتی غازی شل، کە بەشێکی زۆری خەڵک پشتی پێدەبەستن بۆ کارپێکردنی ئۆتومبیلەکانیان. هەرچەندە کازاخستان وڵاتێکی پر سامانی سروشتییە و نەوت و کانزای یۆرانیۆمی زۆرە و خاوەنی لەسەدا ٣٪ یەدەگی نەوتی جیهانە، بەڵام نرخی غاز لە ١١ سەنتەوە بەرزکرایەوە بۆ ٢٨ سەنت، ئەمەش خەڵکی تووڕە کردو خۆپیشاندانەکان فراوان بوو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی قۆرخکاری و گەندەڵی بنەماڵەکان کە ماوەی ٣٠ ساڵە لەدوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە کازاخستان بەڕێوە دەبەن. لەخۆپیشاندانەکاندا گرژی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا دروستبوو، چەندین باڵەخانە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێنرا. لەپێنجشەممەی رابردوودا، خۆپیشاندانەکان گەیشتنە ترۆپک و هێندەی نەمابوو دەسەڵاتی قاسم جۆمارت تۆکایڤ، سەرۆکی وڵاتەکە کۆتایی پێ بێت، بەڵام دوای هاتنە ناوەوەی سەربازانی روسیا کە خۆیان لەزیاتر لەدوو هەزار سەربازدا دەبینییەوە هاوکێشەکە پێچەوانە بووەوەو خۆپیشاندانەکان بەرەو دامرکانەوە رۆشتن. لەهەمان رۆژدا قاسم تۆکایڤ فەرمانی بەهێزە ئەمنییەکان کرد «بەبێ ئاگادارکردنەوە تەقە بکەن»، ئەمەش بووەهۆی بەرزبوونەوەی قوربانییەکان و بەپێی ئامارە فەرمییەکان ١٦٤ کەس گیانیان لەدەستدا. هاتنە ناوەوەی سەربازانی روسیا لە چوارچێوەی رێکخراوی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانان  بوو کە هاوپەیمانیەتییەکە روسیا لەگەڵ وڵاتانی ژێردەستەی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت دروستی کردووە و پێیوایە ئەو وڵاتانە هێشتا لەژێر هەژموونی خۆیدان و پشێوی لەو وڵاتانە پشێوییە لەنێو روسیادا. لەدووشەمەی رابردوودا ، ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، لە کۆنفرانسێکی ڤیدیۆیی رێکخراوەکەدا سەرکەوتنی لە کازاخستان راگەیاند و وتی کە سەرکەوتوون بەسەر دەستی دەرەکی و دەستدرێژی تیرۆریستان و پاڵپشتی خۆی بۆ هەموو وڵاتەکان دووپاتکردەوە لەحاڵەتی روودانی هەر رووداویكی لەو جۆرەی کازاخستان. لەهەمان کۆنفراسندا قاسم تۆکایڤ رایگەیاند «هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کودەتا لە کازاخستان شکستی هێناوە». بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆ لەئۆپەراسیۆنەکەدا نزیکەی نۆ هەزار و ٩٠٠ کەس دەستگیرکراون کە پشێویان ناوەتەوە لەخۆپیشاندانەکاندا. تۆکایڤ خۆپیشاندەرانی بە «گێرەشێوێن» و «تیرۆریست» ناوبرد و رایگەیاند هێرشیان کردووەتەسەر باڵەخانە حکومییەکان و چەکدارانی ئیسلامی لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفغانستان بەتایبەتی بەشدارییان لەهێرشەکاندا کردووە. دوای دامرکاندنەوەی توورەیی خەڵک، تۆکایڤ رایگەیاند لەماوەی دوو رۆژدا هێزەکانی روسیا کازاخستان بەجێدە‌هێڵن و پرۆسەکە ١٠ رۆژی پێدەچێت تا بەتەواوی لەوڵاتەکە نامێنن. رۆژی سێشەممە ، تۆکایڤ حکومەتێکی نوێی راگەیاند بە سەرکردایەتی عەلی خان سمایلۆڤ. لە دانیشتنێکی پەرلەماندا دەنگی زۆرینە درا بە عەلی خان سمایلۆڤ و وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکە دیاریکرا. سمایلۆڤی تەمەن ٤٩ ساڵ پێشتر لەساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠ وەزیری دارایی وڵاتەکە بووە و ساڵی ٢٠١٩ش بووە جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیرانی وڵات تا ئەوکاتەی کە لەهەفتەی رابردوودا بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە سەرۆکی وڵاتەکە کابینەکەی هەڵوەشاندەوە. لەوتارێکیدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی، تۆکایڤ هەوڵیدا خۆی بەدووربگرێت لە نورسوڵتان نازاربایڤ، سەرۆک پێشووی وڵاتەکەو رایگەیاند تووڕەیی خەڵک لەسەر نایەکسانی داهات جێی قبوڵە و داوای ئەوەی کرد نزیکەکانی نازاربایڤ سامانەکانیان بەش بکەن لەگەڵ خەڵکدا. زۆربەی شیکەرەوانی ئاسیای ناوەڕاست پێیانوایە ناکۆکی و شەڕی بنەماڵەیی لەنێو نوخبەی دەسەڵاتدا رۆڵێکی گەورەی گێڕابێت لەو پشێویەی دروست بوو کە لەماوەی ٣٠ ساڵی حوکمڕانیاندا رووداوێکی لەو جۆرە رووینەداوە. لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکان لە لوتکەدا بوون، تۆکایڤ رایگەیاند نازاربایڤ لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش نەماوە – نازاربایڤ هەر لەو پۆسەتەدا دەسەڵاتی خۆی بەردەوامی پێداو هەژموونی خۆی زیادکرد دوای ئەوەی لە ٢٠١٩دا دەستبەرداری پۆستی سەرۆکایەتی بوو بۆ تۆکایڤ. نازاربایڤی تەمەن ٨١ ساڵ، کە ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵ وڵاتەکەی بەڕێوەبردو تۆکایڤی وەک جێگرەوەی دەستنیشانکرد، لە کاتی خۆپیشاندانەکانەوە هیچ لێدوانێکی نەبووە، بەڵام نزیکەکانی رایانگەیاند خۆی وازی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش هێناوە.

عەمار عەزیز   قایمقامی شەنگال ئاماژە بەوە دەدات لەدوای رێككەوتنی بەغداو هەولێر گەڕانەوەی ئاوارەكان كەمیكردووەو ئەوەشی بە «موئامەرە» وەسف كرد بۆ سەر ئێزیدیەكان، بەڵام پارتی دەڵێت:» پارتی حەزدەكات ئاوارەكان بگەڕێنەوە شەنگال، بەڵام لەدوای ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكەو دەركردنی هێزە ناشەرعیەكان». لەتشرینی یەكەمی 2020 رێككەوتنێكی نوێ لەنێوان بەغدا و هەولێر واژۆكرا، بەپێی رێككەوتنەكە قایمقامێكی نوێ و ئیدارەیەكی تازە دابنرێت لەگەڵ دەركردنی هێزە ناشەرعیەکان، سەڕەرای ئەوەی بڕگەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراون، بەڵام كاریگەری زۆر كردووەتە سەر گەڕانەوەی ئاوارەكان . دەقو خەلەف، خەڵكی ناحیەی سنونە سەر بەقەزای شەنگال، زیاتر لەچوار ساڵە گەڕاوەتەوە زێدی خۆی، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « دوای داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە ئاوارەی شاری زاخۆ بووین، دوو ساڵ و نیو لەزاخۆ بووین، دوای ئەوە لە 2017 گەڕامەوە ناوەندی سنون». ناوبراو باسی لەوەشكرد، لەكاتی دروستكردنی مامەڵەكانیان بۆ گەڕانەوە هیچ كەسێك رێگریان لێنەكردووەو مامەڵەكانیشیان زوو تەواو بوون». هەروەها خدر  ئلیاس ، خەڵكی گوندی تل قەسەبە سەر بەشەنگال ، لە 2014 تائێستا لەكەمپی كەبەرتووی دهۆك دەژی، لەلێدوانێكدا بە  وت: « زیاتر لەحەوت ساڵە لەكەمپی كەبەرتوودا دەژیم، هەموو كەسێك حەزدەكات بگەڕێتەوە زێدی خۆی، بەڵام خانووەكانمان لەكاتی داعش وێران كراون، ئێمەش ناتوانین نۆژەنی بكەینەوە یان سەرلەنوێ خانوو دروست بكەین «. هاوكات، عەلی مچۆ ، خەڵكی كۆمەڵگەی سیبا شێخدرە، ماوەی حەوت ساڵە لەكەمپی شاریا دەژیت، بەهاوڵاتی  وت: «كاتێك ئاوارەی دهۆك بووین وتمان تەنها مانگێكەو دواتر دەگەڕێنەوە، بەڵام داخڵی ساڵی هەشتەم بووین نازانین چەندی دیكە دەمێنینەوە، هیچ كەسێك رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەكان ناكات، خۆمان نامانەوێت بگەڕێینەوە شەنگال»، حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەنجامدا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و پێكهێنانی ئیدارەیەكی نوێ، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەكراوە. فەهد حامد، قایمقامی قەزای شەنگال بەهاوڵاتی وت: « ئەو رێككەوتنەی كە لەمانگی تشرینی یەكەمی 2020 لەنێوان بەغداو هەولێر واژۆكرا جگە لەسەرئێشە و كێشە بۆ خەڵكی شەنگال هیچی  تر نەبووە». ناوبراو پێشیوابوو كە دەیان جار وتوویانە هەر رێككەوتنێك لەسەر شەنگال بكرێت ئەگەر بۆچوونی خەڵكی ناوچەكە وەرنەگیرێت جێبەجێ ناكرێت، وتیشی:» ئێمەش لەگەڵ دانانی ئیدارەیەكی نوێ و چارەسەركردنی كێشەكانی شەنگالین، بەڵام دوو لایەن رێككەوتن بكەن و خەڵكی ناوچەكە پشتگوێ بخەن قبوڵی ناكەین «. فەهد حامد ئەوەشی خستەڕوو كە پێش واژۆكردنی رێككەوتنەكە رۆژانە ئاوارەكان لەهەرێمی كوردستان دەگەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان تەنیا لە 2020 و پێش واژۆكردنی رێككەوتنەكە نزیكەی هەشت هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە، بەڵام دوای رێككەوتنەكە رێژەكە یەكجار كەمبووەتەوە، رۆژانە یەك خێزان یان هەر چەند رۆژێك خێزانێك دەگەڕێتەوەو ئەوەشی بە «موئامەرە» بۆ سەر شەنگال و خەڵكەكەی ناوبرد.  قایمقامی شەنگال داوا دەكات فشار لەسەر حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێت تا رێككەوتنێكی تر واژۆ بكەن بەمەرجێك خەڵكی شەنگال بەشداربن لەو رێككەوتنەدا تائاوارەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. فەهد حامد وتیشی: « من ناڵێم پارتی یان حكومەتی هەرێم رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەكان دەكەن، بەڵام لەكاتی گەڕانەوەی خێزانێك لە پارێزگای دهۆكەوە بۆ شنگال تووشی گیروگرفت دەبن و مامەڵەكانیان دوادەكەوێت، چونكە لەدوای رزگاركردنی شەنگال تائێستا 50 هەزار كەس گەڕاونەتەوە ناوەندی شنگال و دەوروبەری، ئەوەش رێژەیەكی زۆر كەمە». لەبەرانبەردا، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی لقی 17ی پارتی دەڵێت:»ئەوانەی ئێستا لەشەنگالن رێگرن لەگەڕانەوەی ئاوارەكان». ئدریس زوزانی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەلقی 17ی پارتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ئەو بەرپرسانەی ئێزیدی یان ئەو بەرپرسانەی ئێستا خۆیان سەپاندوە بەسەر شەنگال زۆرمان پێمان سەیرە دەڵێن پارتی رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات، بەپێچەوانەوە ئەوان رێگری سەرەكین لە نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی شەنگال».  هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «حزبەكەم (پارتی دیموكراتی كوردستان) حەز دەكات ئاوارەكان بگەڕێنەوە شەنگال، بەڵام لەدوای ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكەو دەركردنی هێزە ناشەرعیەكان».

هاوڵاتی زمانی كوردی لەعێراق فەرمییە، لەتوركیا تائێستا قەدەغەیەو لەئێرانیش فەرامۆشكراوە، تەنیا لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 1991 بەدواوە  لەناوەندەكانی خوێندن بەزمانی كوردی دەخوێنرێت. نەتەوەیەكگرتووەكان رۆژی 21ی شوباتی هەموو ساڵێكی بۆ رۆژی زمانی دایك تەرخان كردووە، لەجیهاندا زیاتر لە 10 هەزار زمانی جۆراوجۆر هەیە، كۆمەڵێك لەو زمانانە بەزمانی سەرەكی دادەنرێت، هەندێكیشیان بەرەو لەناوچوون دەچن. زمانی كوردی یەكێكە لە زمانە زیندووەكانی جیهان و بەسەر سێ شێوە زاری كرمانجی ژووروو، كرمانجی ناوەڕاست و كرمانجی خواروو دابەش بووە. لەئێران هەرچەندە زمانی كوردی قەدەغە نییە، بەڵام لەناوەندەكانی خوێندن ناخوێنرێت و فەرامۆش كراوە، بەمدواییە چالاكوانی كورد زارا محەمەدی مامۆستای زمانی كوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی نۆژین سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.  رۆژی 8/1/2022  بۆ بەسەربردنی سزاكەی چووە بەردەم دادگای سنە، ژمارەیەكی زۆر لەهاوڕێیانی زاراو چالاكوانانی شارەكەش، لەبەردەم دادگا گردبوونەوە بۆ ماڵئاواییكردن لە زارا. زارا لەبەردەم زیندانی سنە رایگەیاند: «بەقەد هەموو ئەو چركانەی لەبەندیخانە دەبم قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە». هەروەها زارا، بە تۆمەتی ئەندامیەتی لەحزبە كوردییەكاندا پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام پارێزەری زارا محەمەدی دەڵێت:» زارا تەنها لەبەر چالاكی مەدەنی و فێركردنی زمانی كوردی ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنراوە و پەیوەندی بەحزبە كوردییەكانەوە نییە». رێكخراوەكانی پەروەردەو زمان، كۆمەڵگەی مەدەنی و حزبە كوردییەكانی باكوری كوردستانیش، هەڵمەتی پاڵپشتیكردنیان بۆ خوێندن بەزمانی كوردی دەستپێكردووە.  وەزارەتی پەروەردەی توركیا وادەیەكی بۆ وانەی بژاردە دەستنیشان كردووەو 21ی ئەم مانگە كۆتایی پێدێت، نزیكەی دوو هەزار دەرچووی كۆلێژەكانی بەشی زمان و ئەدەبیاتی كوردی هەیە، بەڵام بەهۆی كەمی خوێندكاری خوێندنی زمانی كوردی، تەنیا 79 مامۆستای زمانی كوردی دامەزراون. ئەگەرچی 10 ساڵە رۆژئاڤای كوردستان بەدەست جەنگی ناوخۆیی سوریاو پەلامارەكانی توركیاوە گیرۆدە بووە، بەڵام لەگەڵ راگەیاندنی كانتۆنەكان، زمانی كوردی گەڕایەوە ناو مامەڵەی رۆژانەو بووە زمانی فەرمی دامودەزگاكانی رۆژئاڤاو لەزانكۆی كۆبانێ وەك وانەو پرۆگرام چووە سیستەمی خوێندنەوە. زمان هۆیەكە بۆ ئاخاوتن و مامەڵەكردن لەنێوان دانیشتوانی وڵاتێك یاخود ناوچەیەكی دیاریكراو، هۆیەكیشە بۆ پەیوەندی و پێكەوە گرێدانی دانیشتوانی دەوڵەتەكە لەناوخۆیاندا، كلیلێكە بەهۆیەوە دەتوانرێت كەلتوری ئەو نەتەوەیە بناسرێت. زمانی سۆمەریەكان كۆنترین زمانە لەدەشتی لیتەییداو بگرە لەتەواوی جیهاندا كەبەخەتی مێخی (بزماری)  نووسراوە، وتەی بیرمەندێكی ئینگلیزی هەیە دەڵێت: «نەتەوەیەك ئەگەر ژێردەستەش بێت، توانیبێتی زمانەكەی خۆی بپارێزێت، وەكو زیندانیەك وایە كە كلیلی زیندانەكەی بەخۆی بێت. زمانی كوردی زمانێكی سەربەخۆو تەواوە لەڕووی وشەو زاراوەو داڕشتن زۆر جیاوازە لەزمانی فارسی، راستە ئەم دوو زمانانە نزیكن لە یەكتریەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە هەردوو زمانەكە هاوڕەگەزن و لەخێزانی زمانە هیندۆ ئەوروپییەكانن، واتە سەر بەڕەگەزی ئاریین.

  هاوڵاتی لەتیف رەشید، وەزیری پێشووی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید کرد. ئەمرۆ پێنجشەممە، 13ی کانوونی دووەمی 2022، دکتۆر لەتیف ڕەشید، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی پێشووتری عێراق  خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کاندید کردووە. هاوكات دکتۆر لەتیف ڕەشید، هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە. ئەوە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو میدیاکانی پارتی خۆکاندیدکردنی هۆشیار زێباری-یان وەک کاندیدی پارتی ڕاگەیاند و یەکێتیش تائێستا جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاکە کاندیدی ئەوان بەرهەم ساڵحە. 

هاوڵاتی گۆڤاری فۆربسی فەرەنسی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ عامر سوناع بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاسیاسێڵدا ئەنجامداوە، لەبەر ئەوەی کەمێك پێش ئێستا خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لە کیشوەری ئاسیادا بەدەستهێنا. هەروەها لە چاوپێکەوتنەکەدا باس لە کێشە و بەربەستەکانی کەرتی پەیوەندیەکان لە عێراق کراوە، و باسیش لە هەوڵ و کارکردنی ئاسیاسێڵ کراوە لە  چۆنێتی سەرکەوتن بەسەر کێشەکانی کەرتی پەیوەندیەکان لە عێراقدا. 

سەركۆ جەمال كێشەی نەمان و كەمبوونەوەی دەرمان لەنەخۆشخانە گشتییەكانی سلێمانی بەردەوامیی هەیە، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت: «تاسەری مانگ چارەسەرنەكرێت كارەسات روودەدات». بەپێی بەدواداچوونەكانی  كە لەوەزارەتی تەندروستی دەستی كەوتووە، لە 18 ملیار دیناری بودجەی كڕینی دەرمان بۆ سلێمانی لەساڵی 2021 زیاتر لە 12 ملیاری لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە خەرج نەكراوەو ئەوەش وای لەكۆمپانیاكان كردووە دەرمانی دیكە نەدەنە نەخۆشخانەكان. حكومەتی عێراق 30٪ی دەرمانی هەرێمی كوردستان دابین دەكات، ئەوی دیكە حكومەتی هەرێم لەڕێگەی تەندەرەوە داویەتی بەچەند كۆمپانیایەك و ئەوان بۆ وەزارەتی تەندروستی دابینی دەكەن. تەندەرەكە ساڵانەیە، ئەو دەرمانانەی كە بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەكانن لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەر شارێك 30٪ دابین دەكرێت، بۆ نموونە دەرمانی نەخۆشییەكانی شەكرەو فشاری خوێن، بەڵام دەرمانی شێرپەنجە سندوقێكی خێرخوازی بۆ دابینكراوە و لەسەر بودجەی گشتی نییە. لەسلێمانی 37 كۆمپانیای دەرمان، بۆ سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین دەرمان دەهێنن و لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە گرێبەستیان لەگەڵدا كراوە. جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت:» كێشەی كەمی دەرمان پەیوەندی بەوەزارەتی داراییەوە هەیە». هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت : «كێشەكە لەوەزارەتی داراییەو بەڕێوەبەرێكی گشتی لەوێ كێشەكەی دروستكردووە كە پارەی كۆمپانیاكانی دەرمان دوادەكەوێت، بۆ چارەسەری كێشەكەش تاڕێنماییەكەی وەزارەتی دارایی نەگۆڕێت كە چەندین جار بەڵێندراوە، ئەم كێشانە بەردەوام دەبێت». هێرش سەید سەلیم، وتیشی: «بۆ ئایندە كێشەی گەورە دروستدەبێت، پێشتر لەهەفتەیەكدا حكومەت 20٪ی پارەی كۆمپانیاكانی دەرمانی دەدا، بەڵام ئێستا كردوویەتی بەمانگی جارێك و لەگەڵ دابەشكردنی مووچەدایە». هەروەها جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی پێیوابوو كە تائێستا تەنیا تەندروستی سلێمانی دەنگی دێت و كێشەی هەیە، وتیشی:»دڵنیام تەندروستی هەولێرو دهۆكیش ئەو كێشەیەیان هەیە، بەڵام دیارە جیاوازی لەتەندەردا هەیەو خەڵكی دیكە بەهانایانەوە چووە». «كۆمپانیاكانی سلێمانی كە دەرمان دەهێنن كۆمپانیای گەورە نین، كۆمپانیاكانی هەولێر گەورەن، ئەوانیش كێشەی پارەیان نییە، گرنگ ئەوەیە دەرمانەكە ساغ بكەنەوە»، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وای وت. هاوكات، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوەشی ئاشكراكرد كە هەتا 1/2/2022 كێشەكە چارەسەر نەكرێت كۆگاكانیش دەرمانی تێدا نامێنێت و دەرمانەكانیش دەرمانی رۆژانەن و كارەسات دروستدەكەن». سەرچاوەیەك لەنەخۆشخانەی شار لەسلێمانی كە پێی باش نەبوو ناوی بهێندرێت لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ساڵێك دەبێت كێشەی كەمی دەرمانمان هەیەو ناچارین بەنەخۆش بڵێین لەدەرەوە دەرمان بكڕێت، چونكە زۆرێك لەدەرمانەكان نەماون و لەنەخۆشخانەكانی دیكەش بەهەمان شێوەیە». لەلایەكی دیكەوە، هەمزە رەزیكی وتەبێژی تەندروستی دهۆك ئەوەی خستەڕوو تائێستا هیچ كێشەیەكیان لەنەبوونی دەرمان نییە و پێشتریش ئەو كێشەیە دروست نەبووە. هاوكات بژار موسا، وتەبێژی تەندروستی هەولێر، رەتیكردەوە وەكو تەندروستی هەولێر تائێستا كێشەی نەمان و كەمی دەرمانیان هەبێت. لەدوایین لێدوانیدا، د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی ساڵی نوێ گرێبەستی نوێ لەگەڵ كۆمپانیاكان ئەنجامدەدەن حكومەتی هەرێم  وەك بەڵێنیان پێداون بابەتی نەختینەی دەرمان لەبەرچاوبگرن تاكۆمپانیاكان بتوانن دەرمانیان بۆ دابین بكەن.

مەزهەر كەریم كەسوكاری ئازادكراوانی خۆپیشاندانەكەی پیرەمەگرون ئەوە ئاشكرادەكەن كەدۆخی كوڕەكانیان نائارامەو دەترسن، بەڵام ئاسایشی سلێمانی سوورە لەسەر ئەوەی كە ئەوانە»تێكدەربوون». لەمانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردوو گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی لەناحیەی پیرەمەگرون بەڕێوەچوو، دواتر چوونە سەر فەرمانگەكان و لەئەنجامدا كتێبخانەی پیرەمەگرون سوتێندرا. رۆژی چواری ئەم مانگە هێزەكانی ئاسایش چەند كەسێكی دەستگیر كردو پاش لێكۆڵینەوە جلوبەرگی پرتەقاڵییان لەبەركردن كە لەناو گیراوەكاندا مێردمنداڵ هەبوون، ئەمەش نیگەرانی كەسوكارو رای گشتی لێكەوتەوە لەسەر ئەو جۆرە لەماڵەكردن لەگەڵیاندا. دایكی یەكێك لەدەستگیركراوانی گردبوونەوەكەی  پیرەمەگرون  بەناوی ئایشە محەمەد لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « رۆژی چوارشەممەی رابردوو بەیانی زوو بوو كوڕە چواردە ساڵانەكەم خۆی گۆڕی‌و  لەماڵ چووە دەرەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام هەر لەگەڵ گەشتبووە ناو ژووری خوێندنگە لەلایەن  هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركراو رەوانەی بنكەی ئاسایشی پیرەمەگرون كرابوو».   هەروەها وتیشی:»وەك كوڕەكەم بۆی باس كردووم لەدوای دەستگیركردنی لەئۆتۆمبیلی تایبەت بەگیراوان رەوانەی ئاسایشی سلێمانی كراوەو لەپاش دوو رۆژ لەدەستگیركردنی وتەی لێوەرگیراوە تا جارێكی دیكە بەشداری خۆپیشاندان نەكات و پێیان وتووە ئەگەر ئەمجارە بەشداری خۆپیشاندان بكەیت شەش مانگ حوكمت دەدەین». دایکی ئەو كوڕە 14 ساڵە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەئێستادا لەماڵەوەیە زۆر بەكەمی قسە دەكات، وتیشی:» ناوێرێت لەماڵ بچێتە دەرەوە كاتێك، دەچێتە تەوالێت دەرگای تەوالێتەكە داناخات دەڵێت (ئاگاتان لەمن بێت)، زۆر دەترسێت». ئایشە لەبارەی ترس‌و دڵەڕاوكێی كوڕەكەیەوە باسی لەوە كردو وتی:» هەفتە پێش دەستگیر كردنی شەوانە بەترسەوە دەخەوت كاتێك پێكەوە قسەمان دەكرد دەیوت ئەگەر دەستگیركراوەكان ناوی هەر كەسێك بڵێن ئاسایش دەستگیریان دەكات، منیش بەشداری خۆپشاندانەكانم كردووەو دەگیرێم». هەروەها پورە خەجێ‌  یەكێكی دیكەیە لەو ژنانەی پیرەمەگرون كوڕێكی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراوە، لەلێدوانێكدا بە وت:» ئاسایش منداڵ‌و پیرو بەتەمەن نازانێت هەرچی بەردەست بكەوێت دەستگیری دەكات، شەشی بەیانی بوو هەڵیانكوتایە سەرمان، كوڕەكەمیان دەستگیركرد لەناو جێگەی نووستن نەیانهێشت خۆی بگۆڕێت تراكسودێك‌و فانیلەیەكی عەلاگەی لەبەردابوو، هەر ئەوها بردیان‌و رۆیشتن». شارەزایەكی یاسایی دەڵێت:» پڕكردنەوەی بەڵێننامە شتێكی یاساییی نییە». پشتیوان حەمە رەزا، پارێزەر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەپێی یاسا خۆپیشاندان مافی هەموو کەسێكەو رێگەی پێدراوە، پڕكردنەوەی هەر بەڵێننامەیەك یاخود شتێكی لەو شێوەیە بۆ بەشداری نەكردن لە خۆپیشاندان پوچەڵە». هەروەها وتیشی:»پڕكردنەوەی بەڵێننامە شتێكی یاسایی نییەو لەیاسادا شتی لەو شێوەیە بوونی نییە». بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی كردن لەمافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە دانپێدانان‌و بڵاوكردنەوەی وێنەی گیراوانی پیرەمەگرون بە جلوبەرگی تایبەتیەوە دوورە لەسڕی لێكۆڵینەوەو دژی بنەماكانی مافی مرۆڤە. بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی كردن لەمافی مرۆڤ  لەفراكسیۆنی كۆمەڵ لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە دەستگیركردنی گیراوانی پیرەمەگرون بەپێی یاسایی ئسوڵی محاكماتی جەزائی ساڵی  1971 بەو شێوەیە دژی رێكارە دادییەكانە، بەپێی یاسا هەتا تاوان نەسەلمێنرێت بەتاوان هەژمار ناكرێت و بەبەریئی لەقەڵەم دەدرێت، ئەمەش چوارچێوەیەكی یاساییە. هەروەها وتیشی:» لەبارەی لەبەركردنی جلی پەرتەقاڵی بۆ تاوانباری مەترسیدارە نەك كۆمەڵێك گەنج كە دیار نیە كارەكەیان كردووە یان نا، ئێمەش لەگەڵ تێكدان‌و سووتاندنی شوێنی گشتی نین و لەگەڵ ئەو جۆرە لەماڵەی هێزە ئەمنیەكانیش نین». دوای سوتاندنی كتێبخانەی پیرەمەگرون لەلایەن چەند چالاكوانێكەوە هەڵمەتێك بۆ كۆكردنەوەی كتێب بۆ كتێبخانەكە ئەنجامدراوەو هەزاران كتێب كۆكرایەوەو برایەوە بۆ پیرمەگروون. ئاسایشی سلێمانی جەخت لەوە دەكاتەوە كەئەوان هەستاون بەكاری یاسایی خۆیان‌و ئەو كەسانەی دەستگیركراون «كاری تێكدەرانەیان ئەنجامداوەو دامودەزگای دەوڵەتیان سووتاندووە». موقەدەم یاسین سەمیع، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو كەسانەی لەپیرەمەگرون دەستگیركراون كۆمەڵێك خەڵكی تێكدەربوون، ژمارەیان بەدیاریكراوی ناڵێین چەند كەس بوون، چونكە رەنگە پاشانیش دادوەر داوایان بكات». ناوبراو وتیشی:» ئەو كەسانە فەرمانگە خزمەتگوزاریەكانی ئەو سنورەیان سوتاندوە‌و بەفەرمانی دادوەر دەستگیركراون پاشان بەبارمتە ئازاد كراون، ئەم كارەش ئەوە نیە كەسێك یان دوو كەس كردبێتی، بەبەرنامە كراوە‌و حاڵەتێكی تێكدانە، دوورو نزیك پەیوەندی بەكەیسی خۆپیشاندانەوە نیە». « ئەم بابەتە مافی گشتییە‌و داواكاری گشتی لەسەری هاتووەتە سەرخەت ، خەڵك لەپیرەمەگرون داواكاری هەیە داوای خزمەتگوزاری دەكات، بەهەموو ناحیەی پیرەمەگرون چەند فەرمانگەیەكی خزمەتگوزاری تێدایە، خەڵێك دێت بەبەرنامە دەیسوتێنێت، بەبەرنامە ئەوەشیان لێدەستێنێتەوە، جا كەسوكاری گیراوەكان هەرچی دەڵێن ئەوە بابەتێكی دیكەیە»، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی وادەڵێت. لەبارەی ئەوەی گیراون جلوبەرگی پرتەقاڵیان لەبەركراوە، وتەبێژەكەی ئاسایش پێیوابوو كە ئەو جلوبەرگە پرتەقاڵیانە جلوبەرگی ستانداردی هەموو زیندانیەكانن، هەموو بەندینخانەیەك پێویستە جلوبەرگی تایبەتی هەبێت و بەندكراوەكان جلوبەرگی تایبەتیان لەبەردا بێت، ئەوانەی بەند دەكرێن دەبێت یەكپۆش بن، كەس لەگەڵ كەسی دیكە جیاوازی نەبێت لەناو زینداندا بەتایبەت بۆ پاكوتەمییزی ناو زیندان، كەبەپێی رێكخراوی نێودەوڵەتی ‌و ئەو رێكخراوانەی بەردەوام سەردانی زیندانیانی ئاسایش دەكەن، ئەو جۆرە لەجلوبەرگ رێگەپێدراوە ئاساییە.

عەمار عەزیز بەپێی وتەی نوێنەری زەردەشتیەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم ساڵانە زیاتر لەدوو هەزار موسوڵمان هەرێم دەبنە زەردەشتی و واز لەئاینی ئیسلام دەهێنن، پەیڕەوانی ئایینی زەردەشتی لەسنوری پارێزگای دهۆك دەڵێن:»هەندێك كەس لەناو كۆمەڵگا قسەی ناخۆش و بێڕێزی لەبەرامبەر ئێمە دەكەن». ئارام مەهدی ، یەكێك لە پەیڕەوانی زەردەشتییە لەپارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی  وت: « پەیڕەوانی زەردەشتی لەسنوری پارێزگای دهۆك ناتوانین بەئاشكرا زەردەشتی بوونی خۆمان رابگەینن، لەترسی كۆمەڵگەو دراوسێی و كەسە نزیكەكان، هەندێك كەس لەناو كۆمەڵگە قسەی ناخۆش و جنێوو بێڕێزی لەبەرامبەر ئێمە دەكەن». ناوبراو پێشیوابوو كە حكومەت و ئیدارەی پارێزگای دهۆك لەگەڵیان هاوكارن، بەڵام كێشەیان لەگەڵ بەشێك لەخەڵك هەیە بەتایبەتی كەسانی «توندڕەو». ئارام مەهدی وتیشی: «مرۆڤ ئازادە هەر ئاینێك بۆ خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە ناتوانین سوود لەو ئازادییە وەربگرین، ئێمە دژی هیچ كەس و لایەنێك نین تەنیا دەمانەوێت وەكو ئایینەكانی تر بین «. لەبارەی تۆماركردنی سكاڵا لەدژی ئەو كەسانەی هەڕەشەیان لێكردووە ، ئارام وتی: « سكاڵام لەدژی هیچ كەسێك تۆمار نەكردووە، ئەوەش لەبەرئەوەی ئەگەر سكاڵا تۆماربكەم دەبێت شەوو رۆژ  لەدادگا بم، چونكە یەك و دوو نیە، دۆخەكەش ناگونجێت سكاڵا تۆمار بكەم«. لەئایینی زەردەشتیدا، هەر زەردەشتییەك دەتوانێت راستەوخۆ  پەیوەندی بەخودای دانا و بوون بەخش بكات، بێ ئەوەی لەشوێنی تایبەت بێت وەك ئاتەگشا یان هەر شوێنێكی تر بێت، چونكە بەپێی ئاینەكەیان مرۆڤ پێویستی بەنێوەندگیری نیە كاتێك بیەوێت پەیوەندی بەخوداوە بكات. نوێنەری زەردەشتییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم ئەوە ئاشكرادەكات لەماوەی حەوت ساڵدا واتا لەساڵی 2015 تائێستا 15 هەزار موسوڵمان وازیان لەئاینی ئیسلام هێناوەو بوونەتە زەردەشتی.  ئاوات حوسامەدین، نوێنەری زەردشتییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لەلێدوانێكدا بۆ  هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لەشاری دهۆك لە 2ی تەمموزی 2020 لقی رێكخراوی یەسنا-مان كردووەتەوە بۆ گەشەی فەلسەفەی زەردەشتی لەكوردستان ، واتە رێكخراوێكی رۆشنبیری زەردەشتییە بۆ بڵاوكردنەوەی هزری پێكەوەژیان  و یەكتر قبوڵكردن لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی كوردستان. هەروەها وتیشی:»لەبەر هۆی ئەمنی نازانین ژمارەی زەردەشتیانی دهۆك چەندە، لەبەرئەوەی گیروگرفتی كۆمەڵایەتی و خێزانی دروستدەكات، هەر لەبەرئەمە خەڵك ئامادەنیە بەئاشكرا زەردەشتییەتی خۆی رابگەیەنێت، جگە لەوەش لەبەرئەوەی ئایینی زەردەشتی ئاینێكی تەبشیری نیەو بنەماكانی لەسەر ئاشتی و خۆشەویشتی و یەكتر قبوڵكردن و لێبوردەییە». ئاوات حوسامەدین ئەوەشی ئاشكرا كرد كە» بەفۆرم لەساڵی 2015وە تائێستا 15 هەزار كەسی موسوڵمان وازیان لەئاینی ئیسلام هێناوەو بوونەتە زەردەشتی و سەردان دەكەن و بەشدارن لەچالاكییە ئاینییەكاندا». هاوكات باسی لەوەشكرد كە لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كار بۆ مافی پێكهاتەكانی ئایینی و نەتەوەییەكان دەكەن لەكوردستاندا، وتیشی:»رێكخراوی یەسنا لەدهۆك رێكخراوێكی رۆشنبیری زەردەشتی مەدەنیە، واتە رێكخراوێكی ئایینی نیە، جگە لەوەش ئەوەی كە زەردەشتی بیت دەتوانیت رێوڕەسمی ئایینی خۆی بكات و پێویستی بە ئاتاشگا نیە، چونكە زۆر ئاساییە كە 5 جار لە رۆژێكدا دەتوانێت روو لە رۆژ یان هەر رووناكیەك بكات كە سۆمبل و رەمزی هێمای پیرۆزی ئاهورا مازدا (خودا) یە». «لەسنوری پارێزگای دهۆك هەموو بێڕێزییەك بەرامبەر زەردەشتییەكان كراوە، هەروەها هێرشی توند لەسوشیاڵ میدیا بەزەردەشتییەكان كراوە، بەڵام ئێمە هیچ سكاڵایەكمان تۆمارنەكردووە تا دۆخی  ناوچەی بادینان تێكنەچێت»، نوێنەری زەردەشتییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم وای وت. وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك دەڵێت كە ئاگادار نییە زەردەشتییەكان سكاڵایان تۆمار كردبێت لەسەرئەوەی هەڕەشەیان لەسەر بێت. هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « هەموو پێكهاتەكانی ئایینی مافی ئەوەیان هەیە سكاڵا لەدژی ئەو كەسانە تۆماربكەن كە سوكایەتییان پێدەكرێت یان هەڕەشەیان لێدەكرێت». ناوبراو ئەوەشی روونكردەوە كە نازانێت زەردەشتییەكانی دهۆك تائێستا سكاڵایان تۆماركردووە یان نا. سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی دەڵێت:» ئێمە حەزناكەین هیچ كەسێك بێرێزی بەرامبەر زەردەشتییەكانی دهۆك بكات یان هێرش بكاتە سەر ئەمە دژی پێكەوە ژیانی ئایینی یە لە هەرێمی كوردستان». جیهاد دۆسكی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی لە دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت « ئایینی ئیسلام خودی پێغەمبەرمان موحەمەد سڵاوی خوای لەسەر بێت رێزی لە هەموو ئایینەكان گرتووە بۆیە پێویستە ئێمەش رێزیان لێ بگرین « سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی لە دهۆك پێشیوابوو كە پەیوەندی باشیان لەگەڵ زەردەشتییەكانی دهۆك هەیەو تا ئێستا هیچ كێشەیەك لەنێوانیاندا روونەداوە. شارەزایەكی یاسایی لەبارەی گۆڕینی ئاین لەهەرێمی كوردستان روونكردەوە دەدات و دەڵێت:» ئەو كەسانەی ئاینی خۆیان دەگۆڕن دەتوانن ناسنامەكانیشیان بگۆڕن». عەبدولمەجید ئەحمەد، پارێزەر لە پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت»هیچ دەقێكی یاسایی نیە كە ئەگەر كەسێك ئایینی خۆی بگۆرێت و دواتر سزا بدرێت، بە نموونە لە ئایینی ئیسلامەوە بگۆرێت بۆ زەردەشتی، ئەمە شتێكی شەخسیە». هەروەها وتیشی:» ئەوكەسەی ئایینەكەی خۆی دەگۆرێت مافی ئەوەی هەیە رەگەزنامەی خۆشی بگۆرێت، (الدیانە مسلم، بگورێت بۆ زەردەشتی، یان هەر ئاینێكی دیكە)، بۆ ئەوەش پێشتر داوایەك پێشكەش بە دادگا دەكات دوای ئەوە دادوەر بڕیار دەدات و لەفەرمانگەی رەگەزنامە مامەڵەكانی تەواو دەكرێن».

هاوڵاتی حکومه‌تى ئه‌ڵمانیا ئه‌رکى هێزه‌کانى عێراق ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ و بۆ ماوه‌ى نۆ مانگى دیکه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، سه‌رۆکى هه‌رێمیش پێشوازى له‌ بِیاره‌که‌یان ده‌کات و له‌ تویتێکدا رایگه‌یاند:" هیوا ده‌خوازم  پەرلەمانی ئەو وڵاتەش بڕیارەکەی حکومەت قبووڵ بکات". ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2022، حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند:  بڕیاری داوە ئەرکی هێزەکانی لە عێراق بۆ ماوەی نۆ مانگی دیکە درێژبکاتەوە و لە سووریاش کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانی دەهێنێت؛ بڕیارە تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق بمێننەوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا پێشوازیی لە بڕیارەکەی حکومەتی ئەڵمانیا کردووە و هیوای خواستووە پەرلەمانی ئەو وڵاتەش بڕیارەکەی حکومەت قبووڵ بکات. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەوڵی پێکەوەیی پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوە و ریشەکێشکردنی هەڕەشەی تیرۆر".