عەمار عەزیز نیسان ناوی كچێكی خاوەن پێداویستی تایبەتی ئاوارەی ئێزیدییە لەماوەی حەوت ساڵدا لەكەمپی كەبەرتووی سەر بەدهۆك دەژی 15 هەزار وێنەی ئاوارەیی ئەرشیف كردووەو دەڵێت:»دەمەوێت ئازاری ئێزییدیەكان پیشانی جیهان بدەم».  نیسان میرزا ، تەمەن 21 ساڵ ، خەڵكی قەزای شەنگالە، خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام هیچ رۆژێك بیری لەوە نەكردووە كە ئەو جیاوازە لەگەڵ خەڵكی تر، بەڵكو وەكو كەسێكی ئاسایی رەفتاری لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا كردووە، بەدوو شێوە خزمەت بەئاوارەكانی كەمپی كەبەرتوو دەكات. یەكەم هەزاران وێنەی خۆشی و ناخۆشی دانیشتووانی كەمپی كەبەرتوو لای خۆی پاراستووە، جگە لەمەش وێنەی هەزاران ئاوارەی ئێزیدی لای ئەوە هەر لەپیاوی بەتەمەن تا بچووكترین منداڵ، دووەم دوكانێكی تایبەتی كردووەتەوە بۆ وێنەگرتنی ئەو كچ و كوڕانەی دەچنە ناو ژیانی هاوسەرگیری لەكەمپی كەبەرتوو و هەموو ئاوارەكانی سنوری پارێزگای دهۆك، لە رێگای دوكانەكەی داهاتێك بۆ خۆی و خێزانەكەی دابین دەكات. نیسان میرزا لەلێدوانێكدا بە وت:»  لەئابی 2014 كە هاتینە كەمپ، ئەوساڵ خوێندنم فەوتا، ئەوەش بەهۆی ژیانی ئاوارەیی نەمتوانی بخوێنم ،بەڵام بۆ ساڵی دووەم  بڕیارمدا هەرچونێك بێت دەست بەخوێندن بكەم، چوومە خوێندنگا بەڵام بەهۆی كورتەباڵاییەوە رووبەڕووی توانجی زۆر بوومەوە، رۆژێك دوو نەمتوانی بەردەوامی بەخوێندنی خۆم بدەم، بۆیە وازم لێهێنا ، ساڵی یەكەم پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی بووم ، دوای دوو ساڵ جارێكی تر بڕیارمدا بچمەوە خوێندن  ئێستا پولی نۆیەمی بنەڕەتیم». «زۆر حەزم لە وێنەگرتنە، سەرەتا بە باوكم وت حەزدەكەم كامێرایەكم  بۆ بكڕی هەرچەند دۆخی ئێمە لەڕووی داراییەوە زۆر خراپ بوو، بەڵام دڵی منی نەشكاند، ئەو رۆژە لام خۆشترین و بەتامترین رۆژ بوو، چونكە خەونی من ئەوە بوو ببم بە خاوەن كامیرایەك ، هەر رۆژی دواتر لەبەیانیەوە تا ئێوارە دەستم بەوێنەگرتن كرد ،هەر شتێكی جوان و سەرنجڕاكێش بەچاوی كامێراكەم دەچركێنم، هەروەها ئازارو دۆخی ناخۆشی ژیانی ئاوارەیی لە رێگای كامێراكەم پێشانی هەموو جیهان دەدەم». لەبەرئەوەی نیسان خاوەن پێداویستی تایبەتە، زۆرجار تووشی بێزاركردن و قسەی ناشیاو دەبێتەوە، بەڵام ئەو قسانە نەبوونەتە رێگر لەبەردەم نیسان تا واز لەئیشەكەی بهێنێت، لەمبارەیەوە نیسان وتی: « بێگۆمان ئەو قسانە بۆ من زۆر ناخۆش بوون ، بەڵام بەهیوا بووم كە رۆژێك دێت خەڵك بەچاوێكی گەورەو پڕ لەخۆشەویستی سەیرم دەكەن، بۆیە بەردەوام بووم لەسەر پیشەكەی خۆم تا توانیم دوكانێكی تایبەت بە وێنەگرتن بۆ  بۆنەكان و بوك و زاوا بكەمەوە ، ئێستا خاوەن ستافێكی تایبەتم بەوێنەگرتن» .  لەماوەی حەوت ساڵی رابوردوو، نیسان لە رێگای كامێراكەی 15 هەزار وێنەی ژیانی ئاوارەیی بە كامێراكەی خۆی چركاندووە ، وتیشی: « هەموو وێنەكان لەلای خۆم پاراستووە، ئەمەش بۆ دیكیۆمێنتكردنی ژیانی ئاوارەیی ئێزیدییەكانی شەنگال لەسنوری پارێزگای دهۆك، تا هەموو خەڵك بزانیت لەماوەی حەوت ساڵی  رابوردوو ئاوارە ئێزیدییەكان چۆن ژیاون ، كێشەكانیان چی بوون، سەرەتا كۆمەڵێك كەس بەمنیان دەوت ئەم كارەی تۆ دەیكەی بۆچییە یان چ قازانجێكی هەیە، بەڵام ئێستا بۆ هەموو ئەو كەسانە روون و ئاشكرابووە كە ئەو ئیشەی من كردوومە خزمەتێكی گەورەیە بۆ ئاوارەكانی شەنگال«.

شاناز حەسەن فرۆشیارانی قەل و قاز لەبازاڕی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدەن  بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفرو سەرمایەی رووی لەسلێمانی كردووە قازو قەل لەبازاڕدا نەماوەو خواستێكی زۆری لەسەرە لەلایەن هاووڵاتیانەوە. رێباز، فرۆشیارێكە لەژێر پردەكەی سلێمانی كە لەباوكیەوە ئەم پیشەیەی بۆ ماوەتەوەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەگەڵ باوكم ماوەی زیاتر لەهەشت ساڵە ئەم كارە دەكەین، ساڵانە بێجگە لەو قازانەی خۆمان بەخێوی دەكەین، بەسەدان قازی دیكە دەكڕین و دەیفرۆشین، چونكە موشتەریەكی زۆرمان هەیە». ناوبراو باسی لەوەشكرد بەگشتی نرخی كیلۆیەك قاز لەبازاڕەكانی سلێمانیدا لەحەوت هەزارەوە بۆ نۆ هەزار دەفرۆشرێت، بەڵام بەهۆی ساردو سەرمای ئەم دوو رۆژەی رابردوو كیلۆیەك قازی كوردی گەیشتووەتە 12 هەزار دینار، واتە نرخی قازێك بەتێكرا لەنێوان 35 هەزار تا 55 هەزار دیناردا فرۆشراوە. هەروەها رێباز باسی لەوەشكرد قازی باش دەبێت چوار كیلۆ بێت و وتی:» ئەوە پێی دەوترێت قازی باش و بەتایبەت كە تامەكەی زۆر خۆشە، چونكە لەچوار كیلۆ زیاتر قەڵەو بێت چەوریەكی زۆر دەبێت». سەردار بەكر، هاووڵاتیەكەو ماوەی پێشوو چوار قازی كڕیوە و كەسە خۆشەویستەكانی پێ بانگهێشت كردووە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دوو رۆژە دەمەوێت قازی دیكە بكڕم بۆ دەعوەت، بەڵام دەستم ناكەوێت و فرۆشیارەكان لایان نەماوە». قاز و قەل یەكێكە لەو خواردنانەی لەهەرێمی كوردستان دەعوەتی پێدەكرێت و ناوبانگی هەیە و بەتایبەتی لەوەرزی زستاندا خەڵكی دەیكڕن و بۆ دۆست و ئازیزانیانی ئامادە دەكەن. حەنیفە ئەحمەد، خانمێكی بەتەمەنەو ئاماژە بەوە دەدات قازلێنان تایبەتەو هەموو كەس ناتوانێت ئامادەی بكات. ئەم خانمە باس لەوە دەكات لەكۆنەوە ئەو كلتورە لەناو كورددا هەر هەبووە لەبۆنەو میوانیە تایبەتەكاندا قازو قەل ئامادەكراوەو برنجی كوردی و رۆنی كوردی تێدا بەكارهاتووە. حەنیفە وتیشی:» قاز یەكێكە لەو خواردنانەی  بۆ دۆستە تایبەتەكان بەدار لێ دەنرا، چونكە گران بوو خەڵك كەمتر لەجۆرە گۆشتەكانی دیكە دەیتوانی بیكڕێت، بەڵام لەئێستادا  خەڵك بەگشتی وەزعی باشترەو زۆرتر دەكڕدرێت». خاوەن كێڵگەیەكی پەلەوەری قەل و قاز لە رانیە دەڵێت ساڵانەو بەتایبەت لەوەرزی زستاندا هەزار تا دوو هەزار قەل و قاز دەفرۆشێت. دانا محەمەد، خاوەنی پرۆژەی پەلەوەری رانیە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ساڵانە زیاتر لەهەزار بۆ دوو هەزار قەل و قاز لەم سێ مانگەی زستاندا دەفرۆشرێت، چونكە خەڵكەكە بەپێی ناوچەكانیان قەل یاخود قاز دەكڕن. هەروەها پێشیوابوو خەڵكی هەولێر زیاتر ئارەزووی خواردنی قەل دەكەن و خەڵكی سلێمانی و دەوروبەری زیاتر ئارەزووی خواردنی قاز دەكەن. خاوەنی كێڵگەی پەلەوەری رانیە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد موشتەریان هەیە لەموسڵ و پارێزگاكانی دیكەی هەرێم و لەسلێمانی و هەولێریش موشتەریەكی بەردەوامیان هەیە، وتیشی:»بەهۆی بارینی بەفرو سەرماوە چەند رۆژێكە خواستێكی یەكجار زۆر لەسەر كڕینی قەل و قاز هەیە

هاوڵاتی سەنتەرێكی داكۆكیكردن لە رۆژنامەنوسان لە راپۆرتێكدا باسی ئەو پێشێلكاریانە دەكات كە لەماوەی ساڵی رابردوودا رووبەڕووی میدیاكاران بووەتەوەو گەیشتووەتە 353 پێشێلكاری، بەرپرسێكی سەنتەری میترۆ دەڵێت:» پێشێلكارییەكان لەسەدا هەشت كەمی كردووە». جیاواز لەو راپۆرتەی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان، كە رۆژی یەكشەممەی رابردوو 16/1/2022 بڵاویكردەوەو ئاماری پێشێلكاریەكانی خستەڕوو كە لەماوەی ساڵێكدا 353 پێشێلكاری بەرامبەر بە 260 رۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی تۆماركراوە، وردەكاری زیاتر لەخۆدەگرێت و دیوەكانی دیكەی پشت كاری رۆژنامەوانی لەهەرێم ئاشكرا دەكات. وەك لەسەرەتای راپۆرتەكەدا باسكراوە تەنیا هێزە ئەمنییەكان نین كە پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەكەن، بەڵكو هاووڵاتیانیش ئێستا لاسایی هێزە ئەمنییەكان دەكەنەوەو پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان دەكەن. لەڕاپۆرتەكەی سەنتەری میترۆ باس لەنموونەیەك كراوە، تیایدا هاتووە: شەوی 11ی تشرینی یەكەمی 2021 لەسەر شەقامی 60 مەتری هەولێر، لەكاتی رووماڵكردنی رووداوی ئاگركەوتنەوە لەدوكانێكی خواردەمەنی، چەند هاووڵاتییەك هێرشیان كردەسەر پەیامنێران و وێنەگرانی كەناڵەكانی راگەیاندن. وەك لەڕاپۆرتەكەدا ئاماژەی پێدراوە، پەلامارەكە بەشێوەی كۆمەڵ ئەنجامدراوەو چەند رۆژنامەنووس و كامێرامانێكیش بە شیش و ئاسن و كەرەستەی چێشتخانەكە لێیان دراوە، بەهۆیەوە تیمی دوو كەناڵ براون بۆ نەخۆشخانە، دواتریش رۆژنامەنووسەكان سكاڵایان تۆماركردووە و ئێستاش كەیسەكە لەدادگایە. دۆسیەیەكی دیكەی جیاواز لەڕأپۆرتی سەنتەری میترۆ، داخستنی كەناڵەكانی میدیایە لەهەرێمی كوردستان، یەكێك لەو رووداوانەش داخستنی میدیای «گاڤ نیوز»ە لەدهۆك كە رۆژی شەممە 13ی تشرینی دووەمی 2021 هێزێك چوونەتە سەر ئۆفیسی ئەو میدیایەو داوایان لێكردوون كلیلی ئۆفیسەكەیان رادەست بكەن و بچنەوە بۆ ماڵەوەو پێشیان وتوون كە نابێت لێدوان بۆ هیچ دەزگایەكی راگەیاندن بدەن. هەروەها ئاماژە بەوەكراوە كە ئەو هێزەی كە چوون بۆ داخستنی گاڤ نیوز چوار كەس بوون و خۆیان وەك ئاسایش ناساندووەو هیچ بڕیارێكی دادگایان پێنەبووە، جگە لەوەش بەڵێننامەیان بە رێكخەری دەزگاكە «فەهمی باڵایی» پڕكردووەتەوە كەهیچ ناوەڕۆكێكی میدیایی بەناوی گاڤ نیوز بڵاونەكەنەوە. یەكێكی دیكە لەڕووداوەكانی داخستنی میدیا لەهەرێمی كوردستان لەسلێمانی بووە، وەك لەڕاپۆرتەكەی سەنتەری میترۆ ئاماژەی پێكراوە لەهەشتی تەمموزی 2021 پرسی گەڕاندنەوەی هەندێك میدیای نزیك لە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ سەر مەكتەبی راگەیاندنی ئەو حزبە سەریهەڵدایەوە، دواتریش لە 14ی تەمموز هێزێكی ئەمنیی چوونە ناو بینای كەناڵی ئای پڵەس و كارمەندانی دەزگاكەیان لەسوچێكی بیناكە دەستبەسەركردووە، هەندێك كەلوپەلیان شكاندووەو هەندێك لەكارمەندەكانیشیان ئازارداوە، ئەو رێوشوێنە تۆڕی هەواڵی ژیانیشی گرتەوەو هێزێك دەستی بەسەرداگرت. دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری  سەنتەری میترۆ لەلێدوانێكدا بە وت: «بەداخەوە بەردەوام پێشێلكاریەكان ساڵانە دووبارە دەبنەوە لەهێرش و سوكایەتی و رێگری و پێشێلكاری و شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەنووسان و زەوتكردنی كەلوپەلەكانیان». هەروەها وتیشی: »ساڵانە هێرشكردنە سەر رۆژنامەنووسان و هەڕەشەلێكردن و داخستنی كەناڵە میدیاییەكان سەرەڕای ئەوەی فشار دروستدەكرێت هەر بەردەوامیی هەیە، بەڵام بەراورد بەساڵانی رابردوو 8٪ پێشێلكارییەكان كەمیان كردووە. هاوكات، كاروان ئەنوەر سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە وت:» دەبێت ژینگەیەك دروستبكەین بۆ كاری میدیایی كە لەدەسەڵاتی چوارەمەوە رۆژنامەنووس و كاری میدیایی بكەین بەدەسەڵاتی یەكەم، وەكو ئەوەی لەوڵاتە پێشكەوتووەكاندا هەیە». «ئێستا میدیا دەسەڵاتی یەكەمە لەوڵاتانی پێشكەوتوو، بەڵام لەلای ئێمە هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە»،  كاروان ئەنوەر وای وت. دیوێكی دیكەی راپۆرتەكەی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان باس لەهەراسانكردنی كچان و ژنانی رۆژنامەنوس دەكات، راپۆرتەكە دەرئەنجامی دوو راپرسی و چەند كەیسێكی تایبەت بەهەراسانكردنی رۆژنامەنووسانی ژنە لەهەرێمی كوردستان، ئامادەكاری راپۆرتەكە دەڵێت «كچان و ژنانی رۆژنامەنووس لەهەرێمی كوردستان ژینگەیەكی لەباریان نییە بۆ كاركردن، ئەوان رۆژانە لەلایەن هاوپیشە پیاوەكان، هاووڵاتیانی ئاسایی تا دەگاتە بەرپرسان و پارێزەرەكانی یاسا رووبەڕووی هەراسانكردن دەبنەوە». لەڕاپۆرتەكەدا راپرسییەك ئەنجامدراوە، كە 49 كچ و ژنی رۆژنامەنووس لەپێشكەشكارو پەیامنێرو ناونیشانی دیكە بەشدارییان كردووە، لەو ژمارەیە تەنیا یەك دانەیان وتوویەتی كە هەراسان نەكراوە لەكاتی كاركردن یاخود دوای كاركردن.  هەروەها لەڕاپۆرتەكەدا ئەوەش ئاشكراكراوە نیوەی ژنان و كچانی ناو دەزگاكانی راگەیاندن لەهەرێمی كوردستان لەناو خودی دەزگاكان هەراسان كراون، بەڵام كەمترین بەشداربوو وتوویەتی كە رۆژانە هەراسان دەكرێت. هەر بەپێی راپۆرتەكەی سەنتەری میترۆ، لە 60٪ی ژنان و كچانی رۆژنامەنووس لەناو دەزگاكانی راگەیاندن هەراسان كراون، لەكاتێكدا شوێنی كاری مەیدانی 19٪ بووە و 8٪یشیان لەلایەن هاوپیشەكانیان لەدەزگاكانی دیكە هەراسان كراون، بەڵام هیچ یەكێك لەو كەیسانە داوای یاساییان تۆمار نەكردووە و تەنیا دوو لەو كەسانە داوای هاوكارییان لە رێكخراوەكانی داكۆكیكار لەمافەكانی رۆژنامەنووس كردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە 27٪ی ئەو ژن و كچانەی رووبەڕووی هەراسان كردن بوونەتەوە لەدەزگاكانی راگەیاندن دواتر هەڕەشەیان لێكراوە. هەروەها زۆرینەی ژنان و كچانی بەشداربوو لە راپرسییەكە دەڵێن كەتووشی هەراسانكردنی ئەلكترۆنی بوون كەدەكاتە 81٪ی ئەو ژن و كچانەی لەدەزگاكانی راگەیاندن كاردەكەن و زۆربەشیان لەمیدیا بینراوەكاندا بوون، زۆرینەی ئەو ژن و كچانەش لەلایەن كەسانێكەوە هەراسان كراون كە لەدەرەوەی دەزگاكانیان بوون كە 79٪ دەكات. هەژان خالید، نووسەری راپۆرتی هەراسانكردنی ژنان لەدەزگاكانی راگەیاندن، لەلێدوانێكدا بۆ  ئەوەی خستەروو كە لەڕێگەی دوو راپرسییەوە گەیشتووین بەچەند دەرئەنجامێك كە   هەراسانكردنی ژنان و كچانی دەزگاكانی راگەیاندن بووە بەڕۆتین. هەژان خالید وتیشی:» بەداخەوە هاوپیشە پیاوەكان بەژنان دەڵێن لەبەرئەوەی جێندەرت ژنە كەمتری لەپیاو، تەنانەت كەیسمان هەیە رۆژانە رووبەڕووی هەراسان كردن بووەتەوە، ئاسانیش نییە بنەبڕكردنی، چونكە ئەوانەی كچان و ژنان هەراسان دەكەن لەڕووی ئاستی خوێندنیشەوە پلەیەكی باڵایان هەیە». چیرۆكی یەكێك لەو ژنە رۆژنامەنووسانە بەمشێوەیە لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە:» حاڵی حازر شەنگی 24 ساڵ (ناوی خوازراو) كە پەیامنێری ماڵپەڕێكی هەواڵییەو دوو ساڵە رووماڵی رووداوەكان دەكات و بەرنامەی تایبەتی خۆی هەیە، لەگەڵ هاوسەرەكەی لەكێشەدایە بەهۆی ئەو هەراسانكردنانەی كە لەلایەن پیاوانی هاوپیشەی و كەسانی دیكەوە دەكرێنە سەری». شەنگ دەڵێت گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە هەرچەندە پیشەكەی خۆشدەوێت و زۆریش سەركەوتووە، بەڵام بەدووری نازانێت دەستبەرداری ببێت، وتیشی:» هاوسەرەكەم ئاگاداری هەراسانكردنەكانە كە لەڕێگەی نامەو قسەی راستەوخۆوە بەرامبەرم دەكرێن، ئەوەش وایكردووە تووشی شەڕو ناكۆكی ببم لەگەڵیدا». ئەو باس لەجۆرەكانی هەراسانكردنەكانی سەری دەكات و دەڵێت لەڕێگەی نامەی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، رووبەڕوو، بەناوی هاوڕێیەتی و هاوكارییەوە، پیاوان هاوكاری دەكەن. « زۆرجار رووبەڕوو بەقسە هەراسان دەكرێم تەنانەت هەراسانكردنەكان دەگەنە هەراسانكردنی سێكسیش»، ئەو كچە رۆژنامەنووسە وای بۆ سەنتەری میترۆ باس كردووە. بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا كۆتایی مانگی ئابی 2021 ژمارەی كەناڵە ئاسمانییەكان لەهەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 31 كەناڵ كە 17 یان لەهەولێر و 10 كەناڵیان لەسلێمانی و چوار كەناڵیش لەدهۆكن. هەر بەپێی ئاماری فەرمی حكومەتی هەرێم 126 كەناڵی ناوخۆیی لەهەرێم مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە كە 83یان لەهەولێرە و 34یان لەسلێمانییە و نۆیان لەدهۆكن، جگە لەوەی 162 رادیۆ لەهەرێمی كوردستان هەن كە 87یان لەهەولێرو 55یان لەسلێمانی و 20یان لەدهۆكن. لەسەرەتای ساڵی 2021 وەزارەتی رۆشنبیری بڕیاری داوە مۆڵەتی پەخشی كەناڵەكانی راگەیاندن و كۆمپانیاكانی پەخش رابگرێت، بەوتەی خۆیان پێداچوونەوە بەسیستمی پەخش و ئەو فریكوێنسیانەی كە لەئاسمانی هەرێمی كوردستان هەیە دەكەن و جارێكی دیكە بەشێوازێكی دیكە دابەشیان دەكەنەوە. هەر بەپێی ئەو راپۆرتە لە 2021دا دووجار وەزارەتی رۆشنبیری رایگەیاندووە كە چەند كەناڵێكی ناوخۆیی داخستووە ئەوانیش كەناڵەكانی (داهێن، سروشت، تەسەوف، كۆمەڵ، ئاسمان و U2 )ن، كە بۆ ماوەی یەك هەفتە بەهۆی پابەندنەبوون بەڕێنماییەكان داخران، جگە لەڕاگرتنی چەند بەرنامەیەك لەكەناڵەكانی نێت تیڤی و كۆڕەك و كوردماكس، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ دابونەریتی كۆمەڵایەتی نەگونجاون

هاوڵاتی باڵیۆزی پاکستان لە عێراق لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایدەگەیێنێت، بەنیازن کۆنسوڵخانە لە هەولێر بکەنەوە و گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆیشیان بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت. پاشنيوه‌ڕۆى رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 20-01-2022 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازیى له‌ ئه‌حمه‌د ئه‌مجه‌د عه‌لى، باڵيۆزى پاكستان له‌ عێراق كرد. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ ديدارێكدا خواستى هاوبه‌ش بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پاكستان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى بازرگانى، په‌روه‌رده‌يى و زانكۆييدا، ده‌رفه‌تى كار و سه‌رمايه‌گوزارى بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانى پاكستانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ره‌وه‌ند و ده‌ستى كارى پاكستانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ زۆر بوارى جيادا كار ده‌كه‌ن، تاوتوێ كران. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، باڵيۆزى پاكستان دووپاتى كرده‌وه‌، وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و بوارێكى باشى هاوكارى و چالاكيى بازرگانیى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌يه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نيازى وڵاته‌كه‌یى به‌ كردنه‌وه‌ى كۆنسوڵخانه‌يه‌ك له‌ هه‌ولێر نيشاندا و باسى له‌ ده‌رفه‌تى هه‌بوونى گه‌شتي راسته‌وخۆى ئاسمانى له‌نێوان پاكستان و هه‌رێمى كوردستاندا كرد. لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌يى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان دووپاتكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌ ده‌رفه‌تى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێناني پاكستانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

هاوڵاتی سەرۆکى حکومەتی ھەرێمی کوردستان، فەرمانی دامەزراندنی بەشێوەى هەمیشەیی بۆ سێ یەکەمەکانى ساڵى خوێندنى (2016 ـ 2017) لەسەر ئاستی کۆلێژ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرکرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەپێى بڕیارى ژمارە 123ى ئەنجوومەنى وەزیران کە لە رێککەوتى 1ی کانوونی یەکەمى 2021 دەرچووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی ھەرێمی کوردستان، فەرمانی دامەزراندنی بەشێوەى هەمیشەیی بۆ سێ یەکەمەکانى ساڵى خوێندنى (2016 ـ 2017) لەسەر ئاستی کۆلێژ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرکرد. دەرچووەکان ژمارەیان 1685 کەسە، لەسەر میلاکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتەکانى دیکە دادەمەزرێندرێن.

هاوڵاتی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی نوێی بەفر و سەرما كارەبای كارگەكانیان بڕیوە و بڕی ئەمپێری كارەبای ماڵانیش كەمكراوەتەوە. وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە: كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەت بۆ ھەڵسەنگاندنی دۆخی كارەبا لەم وەرزە سەرمایەدا كرد، كە بەھۆی شەپۆلی نوێی سەرما و سۆلەوە، خواست لەسەر كارەبا بۆ حەوت هەزار مێگاوات بەرز بووەتەوە و توانای بەرھەمھێنانیش سێ هەزار و 500 مێگاواتە. وەزارەتی كارەبا ئەوەشی خستووەتەڕوو: لە پێناو زیادكردنی ماوەكانی پێدانی كارەبا و كەمكردنەوەی پچڕانی كارەبا ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران. یەكەم- ڕاگرتن و كەمكردنەوەی كارەبای كارگە گەورەكانی كوردستان و پێدانی بە ھاووڵاتییان. دووەم- سنوورداركردنی پێوەری زیرەكی سنگل فەیز بۆ 30 ئەمپێر و سرێ فەیز بۆ 60 ئەمپێر تا كۆتایی مانگی شوبات.

هاوڵاتی  سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ لوكاس گاسه‌ر باڵيۆزى سويسرا بۆ عيراق و ئوردن و وه‌فدێکى ياوه‌رى كرد كه‌ له‌ عه‌ممانه‌وه‌ كاره‌كانى به‌ڕێوه‌ ده‌بات. به‌يانيى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2022/1/20  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌  لوكاس گاسه‌ر باڵيۆزى سويسرا بۆ عيراق و ئوردن و شاندێكى ياوه‌رى كرد كه‌ له‌ عه‌ممانه‌وه‌ كاره‌كانى به‌ڕێوه‌ ده‌بات. له‌ كۆبوونه‌يه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سويسرا تاوتوێ كرا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش جه‌خت له‌ گرنگي كردنه‌وه‌ و ده‌ستبه‌كاربوونه‌وه‌ى باڵيۆزخانه‌ له‌ به‌غدا كرايه‌وه‌، هه‌روه‌ها باسيان له‌ پرۆسه‌ى سياسى و دۆخى عيراق به‌گشتى كرد. هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ فره‌ييى نه‌ته‌وه‌يى و ئايينى له‌ عيراق ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌ و گرنگه‌ عيراقييه‌كان بۆ پرۆسه‌ى سياسيى وڵات بگه‌نه‌ لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش و حكوومه‌تى داهاتوو و پرۆسه‌ى سياسى به‌گشتى كۆكه‌ره‌وه‌ و له‌ خزمه‌تى سه‌قامگيريى سياسى و به‌رژه‌وه‌نديى عيراق و هه‌موو پێكهاته‌كانى و له‌ ئاستى‌ ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌ميدا بێت.  نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ گرنگه‌ له‌ عيراق سه‌قامگيريى سياسى هه‌بێت و ڕێگه‌يه‌ك بۆ پێكه‌وه‌كاركردن و هاوبه‌شى بدۆزرێته‌وه‌ و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌تايبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كه‌ ئيراده‌ و بڕيارى سياسى پێويسته‌، هه‌روه‌ها پابه‌ندى به‌ ده‌ستووره‌وه‌ بكرێت و فيدرالى بچه‌سپێت، كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيش له‌ پشتيوانيكردنى عيراق به‌رده‌وام بێت. دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و په‌يوه‌ندييه‌كانى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زۆرترین بەفر لە سنووری كێلێ و كەمترینیش لە قەزای بەردەڕەش باریوە. بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: وەك ئەوەی كە پێشبینییان بۆ كردبوو بەفر لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان باریوە، زۆرترین رێژەی بەفر بارین لە سنووری كێلێ بووە كە 90 سانتیمەتر بووە و كەمترینیش لە بەردەڕەش بووە كە تەنیا یەك سانتیمەتر بووە. بەوتەی كەشناسی زۆرترین بەفر كە لە 24 كاتژمێری رابردوودا لەناو سەنتەری شارەكان باری بێت، لە شاری سلێمانی بووە كە 13 سانتیمەتر بووە، دوای ئەوە دهۆك بە حەوت سانتیمەتر و هەولێر بە چوار سانتیمەتر دێن. وەك كەشناسی هەرێم بڵاویكردووەتەوە بەفر بارینی 24 كاتژمێری رابردوو تاوەكو كاتژمێر نۆی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەناوچە جیاوازەكان بەم شێوەیە بووە: سنووری كێڵێ 90 سانتیمەتر هەڵشۆ 60 سانتیمەتر سیدەكان 50 سانتیمەتر ناحیەی هێرۆ 45 سانتیمەتر پیرمام 42 سانتیمەتر حاجی ئۆمەران 40 سانتیمەتر یاخسەمەر 40 سانتیمەتر دینارتە 40 سانتیمەتر ئامێدی 39 سانتیمەتر سەرسەنگ 38 سانتیمەتر كانی ماسی 38 سانتیمەتر شەقلاوە 32 سانتیمەتر ئاكرێ 27 سانتیمەتر تەوێڵە 26 سانتیمەتر رواندز 22 سانتیمەتر هیران 22 سانتیمەتر چوارتا 20 سانتیمەتر قەڵادزە 20 سانتیمەتر قەرەداع 17 سانتیمەتر بیارە 15 سانتیمەتر بەرزنجە 15 سانتیمەتر سلێمانی 13 سانتیمەتر سەركەپكان 11 سانتیمەتر ئاغجەلەر 9 سانتیمەتر چەمچەماڵ 9 سانتیمەتر دهۆك 7 سانتیمەتر گردەسێن 7 سانتیمەتر سەنگاو 5.5 سانتیمەتر شوان 5 سانتیمەتر زاخۆ 4 سانتیمەتر هەولێر 4 سانتیمەتر كۆیە 4 سانتیمەتر دارەشەكران 3 سانتیمەتر چوارقوڕنە 3 سانتیمەتر ڕانیە 2 سانتیمەتر بەردەڕەش 1 سانتیمەتر.

سازدانی: لەیال ئەحمەد ئەندامێكی لیژنەی فەتوا لەهەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات بڵاوكردنەوەی وتاری مامۆستایانی ئاینی لایەنی باش و خراپی هەیەو دەشڵێت:» بانگەشەكردن بۆ هەر دین و ئایدیایەك بەتایبەت ئەم دینە تازەیە (زەردەشتی) شتێكی نوێ نییە، ئەمانە بەشێكی كاری سیاسی و دەستێكی سیاسی لەپشتی ئەم جۆرە كارانەوە هەیە بۆ پارچە پارچەكردنی كۆمەڵگە». محەمەد عەبدوڵا پێنجوێنی، ئەندامی لیژنەی فەتوا سەر بەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» بڵاوكردنەوەی وتارەكانی هەینی لەشۆسیال میدیا بەشێوەیەكی رەها باش نییەو پێویستە وەزارەتی ئەوقاف لەفلتەریان بدات ئەوكات بڵاوبكرێتەوە». هاوڵاتی : بۆچوونت چییە لەسەر وتاری مامۆستایانی ئاینی ئەوەی لەسۆشیاڵ میدیا بڵاودەكرێتەوە، چونكە وەك خۆت دەزانی  ژمارەیەكی زۆر لەخەڵكی گوێی لێدەگرن ؟ محمەد پێنجوێنی: بڵاوكردنەوەی وتاری مامۆستایان لەسۆشیاڵ میدیاكان لایەنی باش و خراپی هەیە، باشییەكەی ئەوەیە ئەو بابەتانەی كە لەمینبەر باسدەكرێت رەنگە هەزار بۆ دوو هەزار كەس گوێبیستی بێت، بەڵام لەسۆشیال میدیاوە رێژەكە دەگاتە دە هەزاركەس واتە دەنگەكە زیاتر دەڕوات و خەڵكێكی زیاتر گوێی لێدەبێت.  لایەنە خراپیەكەشی ئەوەیە كە ئەو بابەتانەی باس دەكرێن رەنگە كێشەی گەڕەكێك یا ناوچەیەك بێت، كێشەی ناوچەیەكی تر نەبێت، بۆیە گواستنەوەی بابەتێكی وەها رەنگە كاریگەری خراپی هەبێت، بۆیە بڵاوكردنەوەی وتارەكانی هەینی بەشێوەیەكی رەها كەئێستا هەیە باش نییە، بەڵام ئەگەر دەزگایەك لەوەزارەتی ئەوقاف هەبێت بەوتارەكاندا بچێتەوە بەدەستی وتاربێژان پۆلێن و مونتاجی بكەن بۆ ئەوەی بزانرێت گونجاوە بۆ بڵاوكردنەوە، دەتوانرێت وتارەكان سوودی هەبێت و خزمەتیش بكات. بەم شێوەیەی ئێستا هەركەس لای خۆیەوە هەرچییەكی پێ باشبێت بڵاوی بكاتەوە خراپە، چونكە رەنگە وتارەكە هێرشی تیابێت یا بابەتێكی تیابێ گونجاو نەبێ، یان وتارەكە زۆر زانستی نەبێت، یا ئاستی زانستی ئەو مامۆستایە زۆر بەرز نەبێت و وەك پێویست باش باسی بابەتەكە ناكات. هەندێك جار لەوانەیە تەوجیهێكی جۆرێك لەتێگەیشتنی ئاینی لەتێزێكی ئاینی تایبەت باس دەكرێت خراپە، چونكە ئەو تێزە تایبەتە تەنها خۆی بەلاوە پەسەندەو كەسی دیكەی بەلاوە پەسەند نییە، ئەمەش وادەكات دژایەتی لەنێوان خەڵك دروستدەكات و ناشكرێت بڵێین هەرنابێ بڵاوبكرێتەوە، بۆیە پیویستە لەوەزارەتی ئەوقاف خۆی كۆنتڕۆڵی بكات و وتارەكان رێكبخات، بۆ ئەوەی بڵاوكردنەوەی وتارەكان بەشێوەی ریزبەندی و بەرنامە بۆداڕێژراو بڵاوبكرێتەوە. هاوڵاتی: بەشێك لەمامۆستایانی ئاینی زۆر بەتووندی قسە لەسەر هەندێك بابەتی ئاینی دەكەن و وتارەكان بەجۆرێكن كەزیاتر ترس پشانی خەڵك دەدەن و زیاتر باسی جەهەنم و سزای خوا دەكەن لەوەی باسی بەهەشت و لێبوردەیی بكەن ؟ محەمەد پێنجوێنی: لەئاینی پیرۆزی ئیسلامدا شتێك هەیە پێی دەڵێن هاوسەنگی، چونكە كاتێك لەقورئانی پیرۆز باسی سزایەك دەكرێت بەدوایدا باسی پاداشت و رەحمەت و میهرەبانی و بەزەیی خوای گەورەش دەكرێت، چونكە كاتێك خوای گەورە سزای كەسێك دەدات لەسۆنگەی میهرەبانی خۆیەتی. سزای خوای گەورە بۆ عەبدەكەی وەك سزای دایك وایە بۆ كۆرپەلەكەی كەچەندی خۆشدەوێت سزای منداڵەكەشی دەدات، كەئەمەش لەسۆنگەی رقبوونەوە نییە بەرامبەر منداڵەكەی، بەڵكو لەبەر دڵسۆزییەتی. بۆیە ئەو سزایانەشی كەخوای گەورە دایناوە بۆ قیامەت هەر ئەبێت بەم شیوەیە نمایشبكرێت، بۆیە خوای گەورە نایەوێ عەبدەكانی بكەونە هەڵەوە، بەڵام كە كەوتیشە ناو هەڵەوە بەسزا دەیگێڕێتەوە بۆ ئەوەی نەبێتە شایستەی سزای هەتا هەتایی، بۆیە ئەگەر سزا نەبوایە قەدری پاداشتمان نەدەزانی، بۆیە دەبێت مامۆستایانی ئاینی لەباسكردنی بابەتی پاداشت و سزا هاوسەنگی رابگرن. هاوڵاتی: سەید ئەحمەد بەرزنجی، لەوتاربێژی دوورخرایەوەو باسی لەوەكرد ئەگەر 30 مامۆستای ئاینی لەسەری هەڵبدایە دووریان نەدەخستەوە،  ئایا مامۆستایانی ئاینیش وەك هەر چینێكی تر ناكۆكی و دووبەرەكییان تێدایە؟ محەمەد پێنجوێنی: لەناو هەر چینێكی كۆمەڵگە نەخۆشی حەسادەت و پێكەوە نەگونجان هەیە، بەتایبەت بەهۆی ئەم حزبایەتییە كە لەوڵاتی ئێمە رەنگێكی زۆر ناشرینی دروستكردووەو برایەتی و تەبایی لەكۆمەڵگەدا نەهێشتووە و دابشكراوین بەسەر رەنگ و فكری جیاواز، بەڵام سەبارەت بەكۆدەنگی زانایان ٪80 بەرەو ژوورە لەسەر هەر بابەتێك تەنها چینیكی كەم لەزانایان ماوەتەوە، خۆیان لەولائەكرن یا هەندێكیان توندڕەوییان ماوە بەشە زۆرەكەی پێكەوە تەبان. سەبارەت بەلابردنی سەید ئەحمەد، ئەوە ئیشی حكومەت بوو، بۆیە ئەگەر 30 مامۆستاش بچوایە لەكەڵ وەزیری ئەوقاف قسەی بكردایە رەنگە وەزیری ئەوقاف هەڵوێستێكی تری هەبوایە لەكاتێكدا رەنگە 50 مامۆستاش بچوایەو لەسەری هەڵبدایە هەر بڕیارەكە جێبەجێ بكرایە، چونكە لەم وڵاتە ئەوەندەی میزاجی سیاسی زاڵە بەسەر  ئیدارەیا ئەوەندە یاسا زاڵ نییە بەسەر كاروباریی ئیداری، بۆیە بەدیاریكراوی نازانم هۆكاری لابردنی ئەو مامۆستا ئاینییە چییەو زۆر ئاگاداری ئەو دۆخە سیاسییەی هەولێر نیم. هاوڵاتی: نوێنەری زەردەشتییەکان لەوەزارەتی ئەوقاف بۆ  دەڵێت؛ 15 هەزار کەس لەماوەی 7 ساڵدا لەهەرێم بوونەتە زەردەشتی، تا چەند ئەمە رێگەی پێدەدرێت لەئاینی ئیسلامدا ؟ محەمەد پێنجوێنی: بانگەشەكردن بۆ هەر دین و ئایدیایەك بەتایبەت ئەم دینە تازەیە شتێكی نوێ نییە، زۆر كۆنەو مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە لەكۆمڵگەدا كە ناوبەناو بەشێك تێك هەڵچۆتەوەو نیشتۆتەوە، كەئەمانە بەشێكی كاری سیاسی و دەستێكی سیاسی لەپشتی ئەم جۆرە كارانەوە هەیە بۆ پارچە پارچەكردنی كۆمەڵگە. لەبەرئەوەی كوردستان لەڕووی سیاسییەوە وێرانكراوە، دەیانەوێ لەووە ئاینیەكەش پارچە پارچە بكرێت، بۆیە حزب پشتگیری هەر ئایدیایەك دەكات كاتێك سەرهەڵدەدات، هەندێك برادەری مەسیحی هەیە كە زیاتر لەدووسەد ساڵە لەم دەڤەرە دەژین و هیچ كەسێك قسەیەكی پێ نەوتوون، بەڵام دەڵێن بەهۆی ئەم كارانەوە رەنگە ئێمەش بكەوینە بەرچاوو  ژیانیان بكەوێتە مەترسییەوە بەهۆی رق لێبوونەوە. ئاینی ئیسلام تەحەدای هەموو ئاینێك دەكات و دەڵێت ئەگەر باوەڕتان بەخودا هەیە هەر ئەو خودایەش دەفەرموێت ئیسلام ئاینی منە، چونكە ئیسلام باوەڕی تەواوی بەهەموو ئاینێك و پێغەمبەرێك هەیە، كەچی ئەوان دێن بانگەشە بۆ شتێك دەكەن كە لەئیسلامدا كۆكراوەتەوە ئایا لەمە جوانتر هەیە.  هاوڵاتی: لەهەرێمی كوردستان چەندین دیسكۆ بوونی هەیەو بەئاشكرا چەندین شوێن وەك شوێنی لەشفرۆشی باسدەكرێت، قسەتان چییە لەو بارەیەوە؟ محەمەد پێنجوێنی: میللەتی كوردی مسوڵمان رازی نابێ بەوەی لەوڵاتدا ئافرەتی لەشفرۆش و داوێن پیسی تیابێ،  ئەوە ئیشی حكومەتە، بۆیە دەبێت بەپیاوو ژن و بەكوڕو كچ بڵێین نا بۆ بازرگانی كردن بەجەستەی ئافرەت، چونكە ئەوە ئیهانەیەكی گەورەیە بەژنان دەكرێت، ئەی كوا رێكخراوەكانی ژنان و ئەوانەی چەندین ساڵە هاوار بۆ یەكسانی ژن و پیاو دەكەن و خۆیان بەفێمێنیزم دەزانن،  هەر دەم دەكەنەوە دەڵێن ئێمە پارێزگاری لەژنان دەكەین و ئازادی ژنانمان دەوێت، ئایا ئەمە یەكسانییە، یان لەبەر حەزی كەسانی چاوچنۆك ئافرەت دەكەن بەكاڵاو دەیدەن بەپارە. هاوڵاتی: بۆچوونتان چییە لەسەر عەلمانییەت بەگشتی؟  محەمەد پێنجوێنی: ئێمە لەشەرقا هەموو شتەكانمان شێواندووە، چونكە حكومەتەكەمان نە علمانی تەواوە نە دیموكراسی تەواوە ، خۆزگە حكومەتێك بوایە بەو علمانییەی كە لەئەوروپا هەیە بەشێوازێكی زانستیانە لەسەر كەیسەكان قسەی بكردایەو عەدالەتی كۆمەڵایەتی دابین بكردایەو رەوشتی بپارێزایەو كاری بۆ ئازادی تاكەكان بكردایەو داهاتی هەموان بۆ هەموان بوایە، ئەوكات جێی خۆیەتی بڵێین حكومەتێكی عەلمانیمان هەیە. ئەم حكومەتە بەفكرو ئایدۆلۆژیا دەڵێن عەلمانی، بەڵام بەكردار دابڕاون لێی و چوونەتە قیمەی ماددەگەرایی، ئەسڵەن نە دین نە ئایدۆلۆژیای لەپشتەوە نییە، نازانم ئەم حكومەتە ناوبنێم چی؟،  تەنها ماددەو پارەیە، چونكە حزب لەم هەرێمە مومارەسە دەكات و پارەی پێ پەیدا دەكات بەهەر شێوەیەك بێت، یەكێك لەو شێوانە ئەوەیە كە ئافرەت دەكەن بەكاڵاو پارەی پێ پەیدا دەكەن و دەیفرۆشن، ئەی كێیە ئەو دیسكۆو شوێنی خراپەكارییانە دروستدەكات و دەعمی مادییان دەكات، ئەو ئەفرەتانە كێن و لەكوێوە دێن و كێ دەیانهێنێت؟، بۆیە مامۆستایانی ئاینی نایانەوێت ببنە كاراكتەرێكی ناتەندروست لەكۆمەڵگەو هانی خەڵك بدەن دژی ئەم كارانە، ئەوكاتە دەبنە كۆمەڵگەیەكی یەكتركوژ،  خۆمان هەزار دەردمان هەیەو دەمانەوێت شتەكان بەئاشتییانە چارەسەر بكرێت.

هاوڵاتی میدیای نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە،تەڤگەری شۆڕشگێڕی یەکگرتووی گەلان، بەرپرسیارێتیی تەقاندنەوەی بۆرییە نەوتەکەی مەڕەشی لەئەستۆ گرتووە و ڕایگەیاندوووە "بە تەکنیکیکی تایبەت تەقێندراوەتەوە." وەک میدیای پەکەکەئاشکرایکردووە، تەڤگەری شۆڕشگێڕی یەکگرتووی گەلان-هەبەدەهە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، “ڕۆژی ١٨ی کانوونی دووەم، هێزەکانی ئێمە بۆری نەوتی مەڕەش/پازارجخ-یان، بە تەکنیکێکی تایبەت تەقاندەوە و دواتر هێزەکانمان بە سەلامەتیی گەڕانەوە بۆ بارەگاکانیان”. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ”ئەو چالاکییە بۆ تۆڵەکردنەوەی گەلە بندەستەکەمان، توێژی کرێکار، بەرخۆدێرانی زیندان، شەهیدکردنی دەیان شۆڕشگێڕ لەلایەن فاشیستەکانەوە، بووە”. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیشکراوەتەوە، "لەبەرامبەر تەواوی ئەو کۆمەڵکوژییانەی، ئاکەپە/مەهەپە بەسەر گەلی کورددا هێناویانە، لێپرسینەوە دەکەن و تۆڵەیان لێدەکەنەوە".

شاناز حەسەن قەیرانی غازی ماڵان لەسلێمانی سەریهەڵداوەو ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامەو لەبازاڕی رەشدا نرخەكەی گەیشتووەتە 20 هەزار دینار بۆ هەر بوتڵێك كە نرخی جێگری خۆی تەنها هەشت هەزارو 500 دینار بووە. لەسلێمانی چەندین كارگەی غاز بوونیان هەیەو رۆژانە لەڕێگەی بریكارەكانەوە غاز بەگەڕەكەكاندا دەسوڕێتەوەو نرخەكەی تەنها هەشت هەزارو 500 دینارە، بەڵام ماوەی دوو هەفتەیە ئەوە نەماوەو دەبێت لەسێ شوێنی سلێمانی نۆرە بگریت تا بتڵێك غاز پڕبكەیتەوە. قایمقامیەتی سلێمانی لەسێ شوێنی سلێمانی بەچاودێری هێزە ئەمنییەكان غاز دابەش دەكات كە هاووڵاتیان لەشەشی بەیانی نۆرە دەگرن بۆ پڕكردنەوەی تەنها یەك بتڵ، بەڵام لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفونی و لەبازاڕی رەشدا بە بیست هەزار دینار دەفرۆشرێت. ئامانج خدر، بەهاوڵاتی وت:» ئەمە دووەم جارمە دێمە نۆرەی غازەوە، هەر جارەی بەچەند كاتژمێرێك لەنۆرەكەدا وەستاوم بەم وەرزی ساردو سەرمایە، بۆیە ئەمە هیچ مەعقول نیە، بمانەوێت بەپارەی خۆمان غاز بكڕین دەستمان نەكەوێت». ئەم پیاوە چوار منداڵی هەیەو كاری شۆفێری پاسە، وتی:» لەوەتەی وەرزی زستان هاتووە، لەبێ نەوتیدا غاز بەكاردەهێنین بۆ گەرمكردنەوە، بۆیە تائێستا چوار بتڵم بە 18هەزار دینار كڕیوە». خاوەنی كارگەیەكی غاز لەسلێمانی كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، ئاماژە بەوە دەدات زۆربەی بەشە غازی هەرێم بەرەو ئێران دەبرێت و دەڵێت:» حكومەت خۆی رێگەی پێدەدات». خاوەنی ئەم كارگەی غازە، وتیشی:» سلێمانی 250 تۆن غازی بەردەكەوێت، 300 تۆنی دیكەیان داوەتێ بۆ بازرگانەكان، بەڵام، ئەو 300 تۆنە بەرەو ئێران و چەند ناوچەیەكی دیكە دەڕوات و حكومەت رێگری لێناكات». خاوەنی ئەم كارگەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە یارمەتیان بدرێت غاز بەهەمان نرخی پێشوو دەفرۆشن. بریكارێکی غازێك لەبەرئەوەی كارەكەی لەدەستنەدا نەیتوانی ناوی خۆی ئاشكرابكات، بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە:» لەئێستادا لە دەرەوەی شارەوە بەقاچاخ غازمان بۆ دەهێنن تا دەگاتە دەستی من 14 هەزار دەكەوێت، بۆیە من بە 18 تا 20 هەزار دەیفرۆشمەوە». هەروەها باسی لەوەشكرد ساڵانی رابردوو رۆژانە 100 بۆ 150 بتڵ غازی فرۆشتووە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی نەبوونی بتڵی غازەوە رۆژانە 50 بۆ 70 بتڵی دەستدەكەوێت و وتیشی:» ئەوانەش تەنیا دەیگەیەنمە موشتەریەكانم بۆ ئەوەی لەدەستم نەچن». ئاریان هیوا یەكێكە لەبریكارانی غاز فرۆشتن دەچێتە ناو كۆڵانەكانی سلێمانی، هێمای بۆ ئەوەكرد كەڕۆژانە تەنیا دەتوانێت 100 بتڵ غازی بەربكەوێت لەكارگەكان و وتی:» ئەو بڕە لەچاو ساڵاندا زۆر كەمترە، چونكە ساڵانی پێشوو رۆژانە 200 بتڵم وەردەگرت و دەمفرۆشت». ئەم غاز فرۆشە باسی لەوەشكرد لەدەرەوەی شارەوە غازی بەدەست دەگات بەنرخێكی زیاترو وتی:» بۆ ئەوەی موشتەریەكانم لەدەست نەدەم بەهەمان نرخ دەیفرۆشمەوە كە زەرەرێكی زۆری بۆ خۆم تێدایە». هەموو بریكاری غازەكان لەكارگەكانی فرۆشتنی غازەوە رێژەیەكی بۆ دیاریكراوە كە رۆژانە غازی لێ وەردەگرێت بەحەوت هەزار و 500 دینارو لەبازاڕەكاندا بەهەزار دینار زیادە دەیفرۆشنەوە. نرخی سووتەمەنی لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەتایبەتیش غازی ماڵان جێگیر نییە، بەشێوەیەك نرخی بوتڵێك غاز دوو هێندە زیاد بووە، هاووڵاتیانیش داوا لەحكومەت دەكەن چاودێری بازاڕ بكات و نرخەكەی جێگیر بكات. حەسەن یاسین، هاووڵاتیەكی ناو شاری سلێمانیە، ئاماژە بەوە دەدات، هەفتەیەكە غازفرۆشەكەی مەعمیلیان وەعدی پێداوە بتڵێكی بۆ پڕبكاتەوە بەڵام تائێستا دەستیان نەكەوتووە. حەسەن یاسین وتیشی:» پێشتر لەبازاڕی سەرچنار بە نرخێكی زیادە بتڵم كڕیوە، رۆژ تا ئێوارە كرێكاری دەكەم بە 30 هەزار، كێ پێی رەوایە 20 هەزار بدەم بە بتڵێك غاز». خاوەنی كارگەیەكی دیكەی غاز لەبەر لەدەستدانی كارەكەی ناوی لای هاوڵاتی پارێزراوە، ئەوەی ئاشكراكرد كێشەی سەرەكی كەمی غاز حكومەتی هەرێمە، چونكە بڕی ئەو باجەی لەبری وەرگرتنی غاز لەكەركوك وەریدەگرێت نایداتە بەغدا، بۆیە بەغداش غازی كەركوكی لەهەرێم بڕیوەو ئێستا تەنیا لەكۆرمۆرەوە غازیان پێدەگات بۆیە رێژەكەی كەمە. ئەم خاوەن كارگەیە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد ماوەی زیاتر لەهەشت ساڵە ئەمە كاریەتی و وتی:» تائێستا هیچ كێشەیەكمان نەبووە، بەڵام ئەمە تەنیا باجنەدانی حكومەت دروستی كردووە». ئەوەشی روونكردەوە، ساڵان رۆژانە 10 بۆ 12 تەنكەر غازی هەبووە، بەڵام ئێستا كەمبووەتەوە بۆ هەشت تەنكەر. هاوكات ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند:"لەسلێمانی کێشەی کەمی ‌غاز بونی نیە چونکە پشکی پارێزگاکە بەراورد بە چەند مانگی رابردو لە 13 بەشەوە بۆ 15 بەش زیادکراوە، بەڵام هۆکاری کێشەی غاز پەیوەندی هەیە بە زۆری خواست لەسەر بەکارهێنانی غاز لەهەردو مانگی 1 و 2ی هەمو ساڵێکدا کە هاوکاتە لەگەڵ وەرزی زستان". ئەوەشی خستەڕو، "کێشەکە پەیوەندی بە بەرپرسیاریەتی هاوبەشی هاوڵاتیان و حکومەتیشەوە هەیە، چونکە ناکرێت هاوڵاتی سێ بتڵی پڕ لە غازی هەبێت و هەوڵبدات بتڵی چوارەمیش پڕبکات و قەرەباڵغی دروست بکەن".    

شاناز حەسەن بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم دەڵێت:» بەهۆی ساردو سەرماوە خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا زۆر زیادیكردووە و تەنها دەتوانین رۆژانە 10 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بدەینە هاووڵاتیان». ئومێد ئەحمەد، وتەبێژو بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئێستا بەتێكڕا  دەتوانین 10 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بدەینە هاووڵاتیان». بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم، وتیشی:» خواستنی كارەبا بەهۆی سەرماوە زیاتر لە شەش هەزار و 500 بۆ حەوت هەزار زیادیكردووە، بەڵام لەئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا دوو هەزارو 600 بۆ 700 مێگاواتە». هاوكات لەبارەی پێوەری زیرەك كە بۆ زیاتر لە نیوەی هاوبەشانی كارەبا دانراوە، ئەوەی روونكردەوە كە پێوەری زیرەك 40 ئەمپێرەو كارەبایەكی كەم نیە، وتیشی:»خەڵك بەوە راهاتووە، نەك 40 ئەمپێر بەڵكو 100 ئەمپێریشیان بۆ دابنرێت بەكاریدەهێنن و بەشیان ناكات».

مەزهەر كەریم وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن خێراتر لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەبێتەوە، بەڵام تا ئێستا مەترسییەكانی لەبارەی گیانلەدەستدان لەژێر لێكۆڵینەوەدایە. وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم شەشی ئەم مانگە پێنج حاڵەتی توشبوون بەڤایرۆسی ئۆمیكۆنی لەشاری دهۆك رایگەیاند كە سەرجەمیان ئەندامی یەك خێزانن بوون. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی تەندروستی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتیوت:» ئۆمیكرۆن وەك دەلتا نیە جیاوازە دوو شت بۆ ئێمە گرنگە یەكیان ڤاكسین لەسەر هەموو جۆرە گۆڕاوەكان كاریگەری هەیە دووەم خێرایی كاریگەریەكەیەتی، هێشتا لەهەرێم ئەوە ئاشكرا نەبووە ئاخۆ ئۆمیكرۆن كوشندەترە یان ڤایرۆسەكانی پێش خۆی لەهەوڵی تووێژینەوە‌و چاودێری وردداین». وتیشی:»هیچ شتێكی تەئكیدو ئاشكرا نیە لەسەر جیاوازی ئۆمیكرۆن‌و دەلتا، ئەوەی كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە ئەو كەسانەی تووشی ئۆمیكرۆن دەبن ختورەیان زیاترە‌و خێراتر بڵاودەبێتەوە». بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی خۆراك لەوەزارەتی تەندروستی دەڵێت:» ئەو كەسانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون پاش شەش مانگ بەرگری لەشیان نامێنێت تووشی ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن دەبن». ئاسۆ زەنگەنە بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی‌و سەلامەتی خۆراك لەوەزارەتی تەندروستی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دوو توویژینەوەی جیهانی باس لەوە دەكات ڤایرۆسی گۆڕاوی (ئۆمیكرۆن) لەبەشەكانی سەرەوەی سییەكان دەدات، بەڵام هەتا ئێستا رێكخراوی تەندروستی جیهانی‌و سەنتەری نەخۆشیە گوازراوەكان لەئەمریكا لەو تووێژینەوەدان تا ئێستا هیچیان لەو بارەیەوە بڵاونەكردووەتەوە ئاخۆ ئۆمیكرۆن خەتەرترە یان ڤایرۆسەكانی پێش خۆی». سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە لەپەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكات وەك لیژنەكەیان هاوكاری وەزارەتی تەندروستیان كردووە تا جۆرە جیاوازەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دیاری بكرێت ڤاكسینی پێویستیان بۆ حاڵەتەكانی تووشبون دەستەبەر كردووە. سەباح محمود، سەرۆكی لیژنەی كاروباری تەندروستی‌و ژینگە‌ لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» بەردەوام چاودێری گۆڕاوەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنمان كردووە هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەبووە، بەڵام تائێستا كارمان لەسەر قورسی‌و سوكی جۆرە گۆڕاوەكانی كۆرۆنا نەكردووە بەتایبەت ئۆمیكرۆن».  وتیشی:» بەپێی زانیاریەكانمان ئۆمیكرۆن لەبەشی سەرەوەی هەناسەدان دەدات هێندەی ڤایرۆسەكانی پێش خۆی كوشندە نیە، تەنیا بۆ ئەو كەسانە مەترسیدارە كە نەخۆشی زەخت‌و شەكرەو دڵیان هەیە یان كۆئەندامی هەناسەدانیان نەخۆشە، پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە بكەن».  

شاناز حەسەن حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات و یەكێك لەتەوەرەكان پرسی دابەشكردنی مووچە دەبێت. سەرچاوەیەكی ئاگادار و بەشدار لەكۆبوونەوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان نیازی ئەوەی نییە لەساڵی 2022 لێبڕینی مووچە دەستپێبكاتەوە و پێشتریش ئەوەی راگەیاندووە». هەروەها وتیشی:»ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران بڕیارە لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەران و چەند پرسێكی دیكە كۆببێتەوە و دواتر ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا دەكرێت». لەگەڵ ئەوەی نیوەی مانگی یەكی ساڵی نوێی 2022 تێپەڕیوەو چەند وەزارەتێك موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوویان وەرگرتووە، هێشتا چەند وەزارەت و دەستەیەك مووچەیان وەرنەگرتووە.  پەرلەمانتارێك لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» هیچ گرەنتیەك نیە بۆ دابەشكردنی موچە بەبێ لێبڕین». شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بە لەلێدوانێكدا هاوڵاتی وت:» هیچ گرەنتیەك بۆ دابەشكردنی موچە بەبێ لێبڕین نیە». ناوبراو وتیشی:» كەس ناوێرێت لەبری حكومەت ئەو قسەیە بكات كە بەردەوام دەبێت بەبێ لێبڕین یان نا،  بەڵام ئەوە بەڵگەنەویستە پێویستە موچە وەك خۆی و بێ لێبڕین و بەسی رۆژ جارێك دابەش بكرێت». سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم كە نەیویست ناوی بهێندرێت ئەوەی ئاشكرا كرد  كە» تائێستا هیچ بڕیارێك نەهاتۆتە وەزارەت بۆ دەستكاریكردنی مووچە، ئەوەندەی بزانین مووچە وەك خۆی دابەش دەكرێت». ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی دوپاتكردەوە:» كە 200 ملیارەكەی بەغدا بەردەوام بێت و نەبڕدرێت مووچە وەك خۆی بەبێ لێبڕین بەردەوام دەبێت». سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغدا دڵنیایی دەداتە خەڵكی هەرێمی كوردستان لەبارەی بەردەوامی ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم. فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغدا، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» تائێستا هیچ بڕیارێك بۆ وەستانی 200 ملیارەكە نیە». ناوبراو وتیشی:» تا میزانیەی ساڵی تازە پەسەند دەكرێت شێوازێك دەدۆزرێتەوە بەو شێوەیەی خەڵكی هەرێمی كوردستان زەرەرمەند نەبێت». محەمەد سەعدالدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە و لەبەرنامەیدایە ساڵی 2022 موچە بەبێ لێبڕین دابەش بكات، بەڵام هۆكاری دواكەوتنەكە دەگەڕێتەوە بۆ 200 ملیارەكەی حكومەتی بەغدا». هەروەها باسی لەوەشكرد كە حكومەتی هەرێم لەهەوڵی ئەوەدایە لە بودجەی 2022دا پشكی هەرێم دیاری بكات تا مووچەو شایستە داراییەكانی موچەخۆران و فەرمانبەران مسۆگەر ببێت. بڕیاردەری لیژنەی دارایی  پەرلەمان وتیشی:» حكومەت بەدڵنیایەوە موچە لەمساڵدا بەتەواوی دابەشدەكات  چونكە هەم داهاتی ناوخۆ زیادیكردووە و هەم نرخی نەوتیش بەرزبۆتەوە». لەگەڵ ئەوەی هێشتا پرۆژە بودجەی 2022ی عێراق نەچووە بۆ پەرلەمانی عێراق بەهۆی پێكنەهێنانی حكومەتی نوێ، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت ئەم حكومەتەی ئێستا بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی رەشنووسی پرۆژەكە رەوانەی پەرلەمان بكات. هاوكات، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق رایگەیاند، بەغدا رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022ی ئامادەكردووە، پشكی هەرێمی كوردستانیش وەكو ساڵی رابردووە، بەڵام بودجەكە زۆرەو لیژنەیەك بۆ كەمكردنەوەی دروستكراوە. فازڵ نەبی، بەماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندووە، حكومەتی عیراق رەشنووسی بودجەی ئەمساڵ 2022ی ئامادە كردووە كە بڕەكەی نزیكەی 130 تریلۆن دینارەو ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئەوەی رێژەكە كەمبكاتەوە

سەركۆ جەمال مانۆری سیاسی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتی و یەكێتیدا دەستپێدەكات تا بەڕێككەوتن كاندیدی كورد بۆ ئەو پۆستە یەكلابكرێتەوە. پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بووەتە خاڵی ناكۆك لەنێوان یەكێتی و پارتی، بەرپرسێكی ئەو حزبە دەڵێت یەكێتی دوو بژاردەی لەبەردەمدایە یان رێككەوتن لەگەڵ پارتی  یاخود ئەگەر وەكو 2018 بەرهەم ساڵح كاندید بكاتەوە دەبێت تەحەمولی ئەنجامەكەی بكات. رۆژی 9ی كانونی دووەمی 2022 كۆبوونەوەی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراو تێیدا سەرۆك و جێگری یەكەم و دووەم هەڵبژێردرێت ئەوەش پاش رێككەوتنی هەریەك لە موقتەدا سەدر لەشیعەكان و مەسعود بارزانی وەك لایەنی كوردی  و محەمەد حەلبوسی وەك سوننەكان. رۆژی 9ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، ماوەی مانگێك دیاری كراوە بۆ پێشكەشكردنی كاندیدانی سەرۆك كۆمار تائێستاش چەندین كەس خۆیان پاڵاوتووەو تەسلیمی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقیان كردووە.  هاوژین عومەر، راوێژكاری، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی  وت :»ئەوەی كە هەیە تائێستا بەرهەم ساڵح پاڵێوراوێكی بەهێزی یەكێتییە بەپێی لێدوانەكانی خۆیان، ئەویش كەسایەتییەكی قبوڵكراوەو جگە لەپارتی هیچ لایەنێك ڤیتۆی لەسەر نییە، جا شەقام بێت یاخود لایەنە سەربەخۆكان، ئەوەی پارتیش زیاتر شتێكی شەخسییە». هەروەها پێشیوابوو لەچوار ساڵی رابردوودا بەرهەم ساڵح یاریزانێكی باش بووە بۆیە لایەنە نێودەوڵەتیەكانیش لێی رازین، وتیشی:»پرۆسەی سیاسی عێراق جوڵەی زۆری تێدایە چاومان لەسەر ئەوەیە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەی ماوە رێككەوتنەكان بەكوێ دەگەن، بەڵام ئەوەی كە هەیە دانانی ڤیتۆ لەسەر بەرهەم ساڵح سیاسەتێكی عەقڵانی نییە و زیاتر رقێكی كەسییە». راوێژكارەكەی بەرهەم ساڵح ئەوەشی دووپاتكردەوە كە تائێستاش بەرهەم ساڵح، پشتیوانییەكی باشی هەیە لەناو پەرلەمانتاران و ئازادییەكی زۆریش هەیە لەناو پەرلەمانتاران زۆربەی زۆریان لەپرسە گرنگەكان پەیوەست نین بە كوتلەكانیان. وەك ئەو راوێژكارەی سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێت :»لەبەرئەوەی مافی كوردە ئەگەر رێكەوتن نەكرێت ئەو كاندیدانەی هەن دەچنە پرۆسەكەوە، دەبێت دوو لەسەر سێی ئەندامان نەك ئامادەبوان لەسەر كاندیدێك رازی بن كە ئەوەش نزیكەی 220 ئەندام دەكات، بۆیە پێموایە لەخولی یەكەمی دەنگداندا یەكلایی ناكرێتەوە، بەڵام دڵنیام بەرهەم ساڵح كاندیدێكی بەهێز دەبێت و ئەگەری بەهێزیش هەیە لەگەڕی دووەمیشدا بیباتەوە». «واقیعی عێراق كراوەیە لەسەر هەموو سیناریۆكان و زۆرجار كێشەكان لەخولەكی كۆتاییدا یەكلایی دەكرێنەوە، ئەو ماوەیەی كە ماوە باشە بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ رێككەوتن، ئەگەر نەشكرا ئەوە كاندیدەكان دەچنە كێبڕكێوە»، راوێژكارەكەی بەرهەم ساڵح وا دەڵێت. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی ، بەر لە چەند رۆژێك بەرهەم ساڵح پەیامێكی ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە و داوای لێكردوون وەك كاندیدی فەرمی یەكێتی بیناسێنن، بەڵام لەم هەفتەیەدا یەكێتی كۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات، سەرەڕای ئەوەی چەند جارێك بافڵ تاڵەبانی وەكو كەسی یەكەمی یەكێتی ئەوەی راگەیاندووە بەرهەم ساڵح كاندیدی سەرۆك كۆمار دەبێت. رێزان شێخ دلێر، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەلێدوانێكدا ئەوەی بۆ  دووپاتكردەوە كە بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی یەكێتییە، وتیشی:» ئەم پرسە یەكلاكراوەتەوە». تا ئێستا بەفەرمی لەناو یەكێتی هەریەك لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق و لەتیف رەشید وەزیری پێشتری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق خۆیان كاندید كردووە. پێشتر لەتیف رەشید لەلێدوانێكدا  ئەوەی راگەیاندبوو : «بەرنامەی ئامادەكردووە و زۆربەی لایەنەكان پێیان باشە و جۆرێك لەهاوڕایی هەیە تا بكرێت بەسەرۆك كۆمار و پارتیش رازییە». بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی ، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بافڵ تاڵەبانی راگەیاندووە كە پشتیوانی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكات بەو مەرجەی بەرهەم ساڵح نەبێت. هەرچەندە لەتیف رەشید خۆی وەك كاندیدی یەكێتی ناناسێنێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكان یەكێتی دەیەوێت تا خولەكەكانی كۆتایی پێداگری لەسەر مانەوەی بەرهەم ساڵح بكات و بڕوا بە پارتیش بهێنێت. سەرچاوەیەك لە سەركردایەتی یەكێتی كە نەیویست ناوی بهێندرێت ئەوەی بۆ هاوڵاتی  ئاشكرا كرد تا ئێستا یەكێتی سوورە لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو هەریەك لەئەمریكاو ئێرانیش پشتیوانیان كردووە، بەڵام پێویستی بە لێكتێگەشتن هەیە لەگەڵ پارتی تا یەكڕیزی كورد لەبەغدا درزی تێنەكەوێت. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە یەكێتی هێشتا دڵنیا نییە كاندیدكردنی هۆشیار زێباری لەلایەن پارتیەوە بۆ پۆستەكە بابەتێكی جددیە یان وەك كارتی فشار بەكاردەهێنرێت، بۆیە دەیەوێت تا دوا خولەكەكان پێداگری لەسەر مانەوەی بەرهەم ساڵح بكات لە ئەگەری رازینەبوونی پارتیش ئەوا لەتیف رەشید وەك كاندیدی یەكێتی خۆی دەناسێنێت. ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوەشی ئاشكرا كرد كە  «نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی دەستپێشخەرییەكی بۆ هەردوولا خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بكرێت و رێككەوتن بكرێت لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار و هاوكات بانگهێشتی حزبەكانی دیكەش بكرێت». ساڵی 2018 یەكێتی بەرهەم ساڵحی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو لەبەرانبەردا پارتی فوئاد حوسێنی كاندید كرد، لەگەڕی یەكەمدا بەرهەم ساڵح نەیتوانی ببێتە سەرۆك كۆمارو لەگەڕی دووەمدا توانی متمانەی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ئەوەش نیگەرانی پارتی لێكەوتەوە. هەروەها لەدەستدانی دوو كورسی پارتی پەرلەمانی عێراق لەهەولێرو نەینەوا لەهەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 چوونی ئەو دوو كورسیە بۆ یەكێتی، نیگەرانی پارتی لێكەوتەوەو پێیانوایە بەرهەم ساڵح رۆڵی هەبووە بۆیە بەهەر نرخێك بێت نایانەوێت جارێكی دیكە بەرهەم ساڵح بچێتە كۆشكی سەلام لەبەغداد. بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغداد بۆ هاوڵاتی  دەڵێت:» بەرهەم ساڵح كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت یەكێتی تەحەمولی ئەنجامەكەشی بكات». شوان محەممەد، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لەبەغداد لەلێدوانێكدا بە وت: « وەكو پارتی دوو بژاردەمان خستووەتە بەردەم یەكێتی نیشتمانی كوردستان، یان دەبێت رێككەوتن هەبێت، یان هەر كەسێك بۆخۆی بچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن، بەپێی ئەو رێككەوتنانەی هەیەو بەپێی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی دەرئەنجامەكە دیارە». هەروەها شوان محەمەد وتیشی: »ئەگەر كاندیدی ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن لەناو پەرلەمان، دەرچوونی مسۆگەرە». سەبارەت بەبوونی ڤیتۆ لەسەر دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن پارتییەوە، شوان محەمەد وتی»هەر لەسەرەتاوە كۆدەنگی كورد دكتۆر بەرهەم شكاندی، ئەمە رەنگە لەسەر كەسایەتی ئەو بەڕێزە نەبێت، بەڵام دەرچوون لە كۆدەنگی كوردی زەرەری لەماڵی كورد دا». شوان محەمەد وتیشی :»یەكێتی ئەگەر بەتاك لایەنە وەكو 2018 بچێتە ناو هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمارو كاندیدەكەی بەرهەم ساڵح بێت ئەوە دەبێت ئەنجامەكەشی تەحەمول بكات، ناكرێت خەڵكێكی دیكە بەبێ رەزامەندی پارتی و لایەنەكانی دیكە خۆی بەخاوەنی پۆستێك بزانێت». پێشتریش ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بەمیدیای حزبەكەی وتبوو:» لەبارەی كاندید كردنی بەرهەم ساڵح، لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار هەڵوێستی پارتی بۆ خەڵك و یەكێتییش روونە». ئەندامەكەی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەوە كردەوە، «ناكرێت یەكێتی كە دەنگی یەكەمی كوردی نییە باسی ئەوە بكات كە دەبێت پۆستی سەرۆككۆمار بۆ ئەوان بێت و لەناو خۆشیاندا هەر كاندیدێك دیاری بكەن كە بیانەوێت، بۆچوونی ئەو حزبە وەرنەگیردرێت كە دەنگی یەكەمی هەیە». تائێستا لەسەر ئاستی عێراق زیاتر لە 20 كاندید هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەناو كوردیشدا جگە لە بەرهەم ساڵح و د.لەتیف رەشید، پارتی هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی كاندید كردووە بێجگە لەچەند كاندیدێكی سەربەخۆو حزبی كە داواكاری خۆیان پێشكەش بەسەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كردووە.