هاوڵاتی قائیمقامی هەولێر رایگەیاند، لەمیانی هەڵمەتەكانیاندا بۆ سەر یانە شەوانەكانی شارەكە تا ئێستا نزیكەی 200 كەس دەستگیركراون و 11 شوێنیش داخراون، دەشڵێت ئامانجیان داخستنی شوێنەكان نییە بەڵكو ڕێكخستنەوەیانە بەپێی ڕێنماییەكان. نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر بەدەنگی ئەمریكا راگەیاند: ئەوەی كە روویداوە هیچ پەیوەندیەكی بە كەرتی گەشتوگوزارەوە نییە، زۆر كەس وا لێكی دەداتەوە كە زیان بە گەشتوگوزار دەگەیەنێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەوە هەبێت زیان بە كەرتی گەشتوگوزار دەگات ئەمانە شوێنی ڕێگەپێدراو نەبوون و كاری نەشیاویان تێدا ئەنجامدراوە. وتیشی : ئەو شوێنانە سەرپێچی ڕێنماییەكانیان كردووە ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیە دێت كە لە پارێزگا دانراوە، ئێمە پێش سەری ساڵیش رامانگەیاند كەوا لیژنەیەكی تایبەت پێكهێنراوە بۆ رێكخستنەوەی ئەو شوێنانە نەوەك داخستنیان. قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو شوێنانە دەبێت رێكبخرێنەوە و بەپێی ئەو بڕیارانە كار بكەن كە لە پارێزگاوە دەرچووە لە رووی پابەندبوون بەكات هیچ شوێنێك لە جیهاندا نییە كە تاوەكو بەرەبەیان كراوە بێت، پێویستە لە ڕوی ئاسایشی و تەندروستیشەوە ئەو شوێنانە لە ژێر كۆنتڕۆڵدا بن و خەڵك بتوانێت ڕوی تێ بكات بۆیە ئەمە لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەی پارێزگا دێت كە مەبەست لێی رێكخستنەوەی ئەو شوێنانەیە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سبەینێ قۆناغی دووەمی بەفربارین دەستپێدەكات و سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە. فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: پێشتر پێشبینیمان كردبوو شەپۆلێكی بەفربارین بەدوو قۆناغ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە بۆ رۆژی چوارشەممە پێشبینی دەكرێت پلەكانی گەرما زیاتر دابەزن و لەگەڵ خۆشیدا نزمە پاڵەپەستۆیەك تێكەڵ دەبێت و دووبارە بارین دەستپێدەكاتەوە. وتیشی: بەهۆی ئەوەی پلەكانی گەرما زۆر نزمە پێشبینی دەكرێت بارینەكە زیاتر بەشێوەی بەفربارین بێت. بەڕێوەبەری كەشناسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو: لە نیوەڕۆی چوارشەممەوە بەفربارین لە سنووری پارێزگای دهۆك دەستپێدەكات، ئێوارەی هەمان رۆژیش لە هەولێر دەبارێت و سنووری ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای سلێمانی و زۆرینەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، ئەمە تاوەكو پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت. لە رۆژی یەكشەممەوە شەپۆلێكی بەفربارین هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، بە جۆرێك لە هەندێك شوێن زیاتر لە مەترێك بەفر باریوە.

هاوڵاتی سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند:"  جگە لە ڕاگرتنی دابەشکردنی موچە.. ھیچ حیکمەتێک لە پشوەکەی سلێمانی نیە! ". ئەمڕۆ دووشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2022، عەلی حەمەساڵح  سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند:" جگە لە ڕاگرتنی دابەشکردنی موچە.. ھیچ حیکمەتێک لە پشوەکەی سلێمانی نیە! تائێستا کەمتر لە ٤٠ ملیار دراوە بە موچە،تەنیا داھاتی کارەبا(٧٣ )ملیار باشماخ و پەروێزخان(٤٧)ملیار دینار؟ کوا؟".  

هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە دوا مۆڵەت بۆ وەرگرتنی ڤاكسین دادەنێت و رایدەگەیەنێت تا 20ی ئەم مانگە، هەر پێشمەرگەیەك ڤاكسینی وەرنەگرتبێت، رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و موچەكەی رادەگیرێت. وەزارەتی پێشمەرگە لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و یەكە سەربازییەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەكەین، لەزوترینكاتدا لە نزیكترین بنكەی تەندروستی ڤاكسین وەربگرن، دوا مۆڵەتیش بۆ وەرگرتنی ڤاكسین 20/1/2022 ەوە. وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستووەتەڕوو: لەو كاتە بەدواوە، هەركەسێك ڤاكسینی وەرنەگرتبێت، ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ دەكرێت و موچەكەی رادەگیرێت. یەگوێرەی دواین بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كە چواری ئەم مانگە دەریكردووە، بڕیاردراوە تا 2-1-2022 مۆڵەت بدرێتە فەرمانبەرانی حكومەت بەهەردوو راژەی شارستانی و سەربازیەوە تا ڤاكسین وەربگرن، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسای تەندروستی گشتی و بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

هاوڵاتی نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ پێشوازى له‌ هادى عامرى سه‌رۆکی هاوپەیمانیی ئه‌لفەتح كرد.  له‌ ديدارێكدا دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كان و كێشه‌ و گرفته‌كانى به‌ردەم پرۆسه‌ى سياسى و هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو و هه‌وڵ و گفتوگۆى هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌ركۆمار و پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراقيان تاوتوێ كرد. هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى پاراستنى پرۆسه‌ و سه‌قامگيريى سياسى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و گرفته‌كان به‌ گفتوگۆ كرده‌وه‌ و هيوايان خواست لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش لايه‌ن و پێكهاته‌ عێراقييه‌كان كۆبكاته‌وه‌. ئەمرۆ هادی عامری سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح گەیشتە  هەولێرو لەگەڵ سەرۆکى پارتى و بەرپرسانى دیکەى ئەو حزبە کۆبووەتەوە سەبارەت بە چەند پرسێکى تایبەت بە پێکهێنانى حکومەت

هاوڵاتی تاڵیبان بڕیاری داوە کچان بگەڕێنێتەوە بۆ خوێندنگاکانی وڵاتەکە، پاش ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە و پاش داگیرکاریی تالێبان، کچان دابڕان لە خوێندن.  ئاژانسی هەواڵیی ئەلجەزیرە لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، سەرکردەی دیاریی نێو تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید ڕایگەیاند، ناوەندە پەروەردەییەکانی ئەفغانستان هۆڵەکانی خوێندن بۆ کچان و ژنانی ئەفغانستان لە 21ی ئاداری ئەمساڵەوە دەکەنەوە.  هەرچەندە سوپای تاڵیبان بە فەرمیی کچان و ژنانی ئەفغانستانی ڕانەگرتبوو لە خوێندن؛ بەڵام گرووپە چەکدارەکانیان، خوێندنیان لە ژنان و کچانی زۆرینەی وڵاتەکە قەدەغە کردبوو.    زەبیحوڵا موجاهید ئەوەشی ڕاگەیاند، "لە هەندێ ناوچە بەهۆی بارودۆخی ئابووریی وڵاتەوە ناوەندەکانی خوێندن ڕاگیراون؛ پێویستە کاریان لەسەر بکەین و ئەوانیش بکەینەوە".

هاوڵاتی ئاژاسنی رۆیتەرز بڵاویکردەوە لە نزیک فرۆکەخانەی ئەبوزەبی سێ بارهەڵگر تەقینەوە و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و شەش کەسی تریش برینداربوون، بەرپرسانی ئیماراتیش تا ئێستا رایاننەگەیاندووە کە حوسییەکانی یەمەن هێرشەکەیان ئەنجام دابێت. پۆلیسی ئەبوزەبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریان خستووە پارچەی فڕۆکەیەکی بچوک لە شوێنی تەقینەوەکە دۆزراونەتەوە کە رەنگە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووبێت و تەقینەوە و ئاگرەکەی دروستکردووە"، باسی لەوەش کردووە کە "هیچ زیانێکی بەرچاو" لە ئەنجامی تەقینەوەکە نەبووە. لەلایەکی ترەوە، وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان ئەنجامداوە کە "چەقی ئیماراتیان" کردووەتە ئامانج و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا وردەکاری زیاتر بڵاو دەکەنەوە. ئەمە یەکەمجار نییە حوسییەکان فرۆکەخانەی ئەبوزەبی بە ئامانج دەگرن و پێشتریش لە ٢٠١٨ هێرشێکی هاوشێوەیان ئەنجامدا. حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتگیریان دەکات لەسالی ٢٠١٥ ەوە لە جەنگدان لەگەڵ هاوپەیمانی جەنگی یەمەن بە سەرکردایەتی سعودیە و لە هاوپەیمانییەتەییەکەدا ئیماراتیش بوونی هەیە.

هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرو دابەزینی پلەكانی گەرماوە بڕیاردراوە دوو رۆژ پشووی فەرمی بێت لەتەواوی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم. د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند: دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندی دارەكان بڕیاردراوە كە رۆژانی سێشەممەو چوارشەممەی ئەم هەفتەیە واتە رۆژانی 18و19 ئەم مانگە لەتەواوی فەرمانگەكانی سلێمانی بكرێتە پشووی فەرمی. وتیشی: ئەم بڕیارە ئەو فەرمانگانە ناگرێتەوە كە لە ئەركی خزمەتگوزاری و ئێشكگریدان. پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بڕیاریدا بۆماوەی حەوت رۆژ تاقیكردنەوەكان دوابخرێت و لەسەرەتای وەرزی دووەم ئەوتاقیكردنەوانەی ماون ئەنجام بدرێن. بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی هەرێم پێشبینی كردووە بەهۆی هاتنی شەپۆلی ساردو سەرمای سیبریا بۆناوچەكە پلەكانی گەرما لەسەرجەم ناوچەكان بۆ ژێر سفری سەدی دابەزن.

هاوڵاتی جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێم دەستكاری مووچە ناكات و لە چاكسازیەكانیشی بەردەوام دەبێت. جوتیار عادل لەمیانی بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی "كشتوكاڵ داهاتوومانە" لەهەولێر، ڕایگەیاند: "حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە چاكسازی و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات، ئامانجی ئەو كۆڕبەندەش، هاندانی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانە، لە ناوەوە و دەرەوە، تا داهاتی هەرێمی كوردستان هەمەجۆر بكەین و لە یەك سەرچاوەی داهاتەوە، بیكەنە چەندین سەرچاوەی داهات". وتەبێژی حكومەت وتیشی: "كۆڕبەندەكە ئامانجی ئەوەیە هاوسەنگ لە نێوان هەناردەكردن و هاوردەكردن رابگرێت، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان خاكێكی بەپیتی هەیە و دەتوانێت بەرهەمی زیاتر بنێرێتەوە دەرەوە". لەبارەی چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جوتیار عادل دەڵێت :" هەنگاوی باش نراوە و ئامانجیش لە چاكسازی بەدیهێنانی دادپەروەری و سەروەری یاسایە، بەڵام ئەمە كاتی دەوێت و لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین". وتەبێژی حكومەتی هەرێم روونیشیكردەوە، "لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری سندوقی خانەنشینی دراوە و جێبەجێ دەكرێت، لەگەڵ ئەوەش بڕیار دراوە چاكسازی لە مووچەی فەرمانبەران بكرێت، بەڵام لە مووچەكە نا، دەستكاری مووچە ناكەین، بەڵكو چاكسازی لەو فەرمانبەرانە دەكرێت، كە مووچە وەردەگرن و كار ناكەن، بندیوارن". سەبارەت بە 200 ملیارەكەی بەغدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد :"ئەو بڕە پارەیە پەسەند كراوە، بەڵام رێكارە تەكنیكییەكانی تەواو نەبووە، هیوادارین لە چەند رۆژی داهاتوو بەشێكی لە رێگەی لقی هەولێری بانكی ناوەندییەوە بگات".  

هاوڵاتی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی نەجەفی كردووە و لەگەڵ سەركردە شیعەكان كۆبووەتەوە. میدیای حەشدی شەعبی بڵاویكردەوە: ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە نەجەف لەگەڵ سەركردەكانی شیعە كۆبووەتەوە، دواتر سەردانی گۆڕی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی و چەند مەزارگەیەكی دیكەی ناو گۆڕستانی وادی سەلامی كردووە. وەك میدیاكان ئاماژەیان پێداوە، قائانی دوای سەردانی بۆ مەزارگەی ئیمام حوسێن لە كەربەلاوە بەرەو ئێران گەڕاوەتەوە.

هاوڵاتی بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی نووری مالیکی وەکو سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە مالیکی دەکات. لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بۆ نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "له‌م بۆنه‌يه‌دا دووباره‌ جه‌خت له‌ هاريكارى و تێگه‌يشتنى هاوبه‌شى نێوان هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كانى عێراق ده‌كه‌ينه‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كان و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان له‌پێناو ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ وڵات". دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ نووری مالیکی: به‌ڕێز نوورى ئه‌لمالكى ئه‌ميندارى گشتيى حزبى ده‌عوه‌ى ئيسلامى سڵاو و ڕێز.. به‌ گه‌رمى پيرۆزباييى سه‌ركه‌وتنى هه‌ژده‌هه‌مين كۆنگره‌ى حزبى ده‌عوه‌ى ئيسلامى له‌ به‌ڕێزتان و ته‌واوى سه‌ركردايه‌تى و ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌رى حزب ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وامتان بۆ ده‌خوازم. له‌م بۆنه‌يه‌دا دووباره‌ جه‌خت له‌ هاريكارى و تێگه‌يشتنى هاوبه‌شى نێوان هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كانى عێراق ده‌كه‌ينه‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كان و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان له‌پێناو ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ وڵات. هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن. نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

هاوڵاتی  لیژنەی فریاگوزاری سلێمانی بڕیاریدا بە داخستنی ڕێگای دەباشان لە پردی دەباشان بەرەو کوردسات و مەلا داودە وە تونێلی ئەزمەڕ بەهۆی بەفربارینێکی زۆر وە دروستبوونی ئاستەنگ لە جموجۆڵی ئوتومبیل لەو سنوورانە.  تیمەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی لە ئێستادا سەرقاڵی رزگارکردنی ئەو هاوڵاتییانەن کە لەو ناوچانە گیریان خواردووە، لە هەمان کاتدا تیمەکانی شارەوانی سلێمانی و ڕێگاوبان و هاتووچۆی سلێمانی بە هەماهەنگی سەرقاڵی کردنەوەی ڕێگاکان و ڕێکخستنی ڕەوشی هاتووچۆن. بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لەبەر دروست نەبوونی دۆخی ناهەموار و مەترسیدار لەو سنوورانە داوا لە شۆفێران دەکات ڕوو نەکەنە شوێنە ناوبراوەکان، وە لەکاتی پێویستدا دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ژمارە (١٠٠) سەنتەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکان JCC ، ١٨٨ کۆنترۆڵی هاتووچۆی سلێمانی، ١١٥ بەرگری شارستانی سلێمانی.

هاوڵاتی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا دەڵێت پێویستە كوردانی سوریا سود لەئەزموونی گفتوگۆی حكومەتی هەرێم و عێراق وەربگرن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی سوریا، بەڵام چەند میدیایەكی كوردی بەشێوەیەكی دیكە هەواڵەكەیان بڵاوكردەوە. دوێنێ چەند میدیایەكی كوردی هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە، كە وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندووە،دەبێت كوردانی سوریا سود لە ئەزموونی كوردەكانی عێراق وەربگرن، بەڵام ڕاستی وتەكانی سێرگی لاڤرۆڤ بەشێوەیەكی دیكەیە و وتوویەتی پێویستە چۆن كوردەكانی عێراق دانوستان لەگەڵ حكومەتی عێراق دەكەن كوردانی سوریاش گفتوگۆ لەگەڵ حكومەت بكەن. پێگەی ئاڕتی عەرەبی، كە كەناڵێكی فەرمی ڕوسیایە، دەقی قسەكانی سێرگی لاڤرۆڤی بڵاوكردووەتەوە و تەواو جیاوازە لەوەی میدیاكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارتی بڵاویانكردەوە، بەوەی گوایە وەزیری دەرەوەی روسیا ڕایگەیاندووە كە دەبێت كوردانی رۆژئاوای كوردستان سود لە ئەزموونی كوردانی هەرێمی كوردستان وەربگرن. سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا ڕایگەیاند: مۆسكۆ لەپەیوەندیدایە لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و بەرپرسانی كورد تا پێویستی گفتوگۆیان لەگەڵ حكومەتی سوریا بۆ ڕوونبكاتەوە سەبارەت بەو دۆخەی كوردەكان تێیدان لەناو دەوڵەتی سوریادا. وەزیری دەرەوەی ڕوسیا وتیشی: حكومەتی سوریا خۆی دەبوێرێت و پارێزكارە بەرامبەر كوردەكانی سوریا و نایەوێت ئەو ئۆپۆزسیۆن بوونەی لەڕابردوو هەیان بووە بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە ڕابردوو تێپەڕێنن و پەیوەندییەك لەگەڵ دیمەشق بۆ داهاتوو دروست بكەن، بۆ ئەوەش سود ببینن لە ئەزموونی عێراق. لەدرێژەی قسەكانیدا سێرگی لاڤرۆڤ وتویەتی: دووساڵ لەمەوبەر كاتێك سەردانی هەولێر و پاشان دیمەشقی كردووە، بۆچوونی ئەوەی لادروست بووە كە پێویستە كوردەكانی سوریا لەگەڵ كوردانی عێراق هەماهەنگی بكەن تا سود لەئەزمونی ئەوان وەربگرن كە چۆن پەیوەندیەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق بەرەوپێش بردووە. وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئەوەشی خستووەتەڕوو: دۆسیەی كورد لە سوریا ئێستا یەكێكە لە ئاستەنگەكانی گفتوگۆی گشتگیری سوریەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئەو وڵاتە، ئەو لیژنە دەستورییەش كە گفتوگۆكانی لەجنێفی سویسرا بەڕێوەدەبات چەند ئەندامێكی كوردی تێدایە بەڵام نوێنەرایەتی هەموو كوردەكانی سوریا ناكەن. سێرگی لاڤرۆڤ ئاشكرایكردووە: كوردەكانی سوریا كاتێك ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لەناكاو بڕیاری كشانەوەیدا لەسوریا بەخێرایی پەیوەندییان بە روسیاوە كردووە و داوایان كردووە هاوكارییان بكات لەوەی گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بكەن، بەڵام وەك وەزیری دەرەوەی روسیا دەڵێت كاتێك ئەمریكا لەبڕیارەكەی پاشگەزبووەتەوە كوردەكانیش بێدەنگییان كردووە لەوەی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی سوریا بكەن. لەكۆتایی كۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەدا سێرگی لاڤرۆڤ دەڵێت: پێویستە كوردانی سوریا دوو بڕوانن گومان لەوەدا نییە كە ئەمریكیەكان چارەنوسی سوریا دیاری ناكەن.

هاوڵاتی بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆر كاروبارەكانی دەڕوازەیەكی نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران پەكی دەكەوێت، ئەو دەروازەیەش داوا لەهاوڵاتیان دەكات سەردانی نەكەن. كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆر و سەختی رێگاكان و كەمبوونی ئاستی بینین و تێكردنی بەفرێكی زۆر بە با و كڕێوە و خراپی كەشوهەوا، داوا لە گەشتیاران و هاووڵاتیان دەكەین ئەگەر بۆ كارێكی زۆر پێویست نەبێت، جارێ سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران نەكەن. لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: سەرەڕای خاوێنكردنی شەقام و رێگە سەرەكییەكان و گۆرەپان بە بەردەوامی لەلایەن تیمەكانی بەفر رامالینی بەڕێوەبەرایەتی چاككردنی رێگاوبان و تیمەكانی بەشی خزمەتگوزاری دەروازەكەمان، پێویستە رەچاوی مەترسی كەشوهەوا بكرێت. هەر لەڕاگەیەندراوەكەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەراندا هاتووە: داوا دەكەین ئەگەر بۆ كارێكی زۆر پێویست نەبێت جارێ سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران نەكرێت، بە مەبەستی گەشتكردن بۆ وڵاتی ئێران، یان بە پێچەوانەوە، ئەوانەی لە ئێرانەوە دەیانەوێت سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، تاكو بارودۆخەكە بەباشی ئاسایی دەبێتەوە.

هاوڵاتی مه‌لا به‌ختیار، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى یه‌کێتى رایگه‌یاند:"  لەحوكمڕانی كوردستاندا كەوتوینەتە بەردەم ناڕەزایەتییەكی زۆری خەڵك، بەڵگەشم دوا ئەنجامی هەڵبژاردنە، كە هەرسێ‌ حزبی ناو دەسەڵات (پارتی، یەكێتی، گۆڕان)، (700) هەزار دەنگ دابەزیون! واتە (700) هەزار هاووڵاتی ئامادەنەبوون دەنگمان بدەنێ‌". مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى یه‌کێتى له‌ ئه‌کاونتى تایبه‌تى خۆى له‌ فه‌یسبوک پۆستێکى کردووه‌ و رایگه‌یاند،:" لەحوكمڕانی كوردستاندا كەوتوینەتە بەردەم ناڕەزایەتییەكی زۆری خەڵك، بەڵگەشم دوا ئەنجامی هەڵبژاردنە، كە هەرسێ‌ حزبی ناو دەسەڵات (پارتی، یەكێتی، گۆڕان)، (700) هەزار دەنگ دابەزیون! واتە (700) هەزار هاووڵاتی ئامادەنەبوون دەنگمان بدەنێ‌، ئەمەش بڕیاری میللەتە بەرامبەر بەدەسەڵات، نەك تەنها حزب، كە ئەم رێژە زۆرەی لەمتمانە لێوەرگیراوەتەوە!  (10-15) ساڵ تێكۆشانی پێویستە ئەو رێژەی دەنگ‌و متمانەیە بگێڕیتەوە شوێنی خۆی! ئەوەیشی رویداوە، كارەساتێكی جەماوەرییە! ئەگەر ئەخلاقی سیاسی و ویژدانی سیاسیمان هەبێ‌ و باوەڕمانوابێ‌ میللەت سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەكانە، دەبێ‌ دابەزینی (700) هەزار دەنگ، بەكارەساتێكی جەماوەری بزانین، ئەگەرنا باوەڕیمان هەروابێ‌ دەنگ بهێنین یان نەیهێنین".       ده‌قى نوسینه‌که‌ى مه‌لا به‌ختیار:... پۆستێك ئەوە ناهێنێت، پارتی و یەكێتی (10) دە ساڵی تر لەگەڵ یەكتر بیكێڵن! مەلا بەختیار: (700) هەزار هاووڵاتی، متمانەیان لە پارتی، یەكێتی و گۆڕان وەرگرتۆتەوە! ژمارەیەك لەكەسایەتی و پیاوماقوڵانی عەشرەتی نورەدین لەدەڤەری قەڵادزێ‌‌و پشدەر، سەردانی مەلا بەختیار، سیاسەتمەدارو رۆشنگەر دەكەن‌و لەدیدارێكدا، كە ئەمڕۆ (16/1/2022) بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەو گیانبەخشین و بەدبەختییانە كرد، كە بەدرێژایی تەمەنی خۆی، بەسەر شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا هاتووە، كە زۆرتر لەهەموو شۆڕشەكانی تر، كارەسات، راگوێزرانی گوندو دێهاتەكان، ئەنفال و كیمیاباران‌و بەو شێوەیەش كوردستان لەشۆڕشی نوێ‌ و یەكێتی كرایە دۆزەخ! لەگەڵ ئەوەشدا یەكێتی، بەرابەرایەتی جەنابی مام جەلال، خۆی گرت‌و ئاڵای سپی هەڵنەكرد، بەڵكو لەناو هاوكێشەكاندا مایەو خۆیشی سەلماند. مەلا بەختیار، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، دەڤەرەكەی ئێوە، زۆرتر لەدەڤەرەكانی تر شاهێدی مێژووی یەكێتی و سەركردەكانین، بۆیە یەكێتی، قوربانیدان، سیاسەت و خەباتەكەشی باش باش دەناسن. بۆ شۆڕش، هیچ كەموكوڕییەكمان لەخەبات‌و مقاوەمەت نییە، راستە هەڵەمان لەسیاسەتدا هەبووە، بەڵام ئەوەی لەسیاسەتدا مەحەكە، ئەنجامە! ئەنجامی خەبات و سیاسەتەكەیە. ئەو ئەنجامەشی هەیە، دەیسەلمێنێ‌ سەركەوتووبوین، كە هەڵنەهاتین، چونكە هەڵهاتن لەجوامێری یەكێتی ناوەشێتەوە! هەربۆیە یەكێتی مایەوە، شۆڕشگێڕێتی و خەباتی سیاسی مایەوە، تا گەیشتە راپەڕین. لەبەشێكی تری ئەو دیدارە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە راپەڕین وێستگەیەكی ترە لەمێژووی یەكێتی، كە بەوهەموو قوربانی و بەدبەختییە، شاخ رزگاری نەكردین، بەڵام راپەڕین رزگاری كردین و سەركەوتین. چونكە ئەگەر داگیركردنی كوەیت نەبوایە راپەڕین نەدەبوو، راپەڕینیش نەبوایە، بەو پارتیزانانەی لەشاخ مابونەوە، نەماندەتوانی صەدام بڕوخێنین! ئەگەرچی صەدام لەكوەیت بەتەواوی تێكشكێنراو و دەرپەڕێندرا، كەچی بەو تێكشكاویی‌و سەرشۆڕییە لەكوەیت گەڕابۆوە، لەدوای راپەڕین هاتەوە كوردستان‌و كۆڕەوە گەورەكەی توش كردین. رونیشیكردەوە: ئەمە دوو هۆكاری هەیە، یەكەم: دڕندەیی حكومەتی بەعس بوو، كە خەڵك لەڕووی دەروونییەوە، باوەڕی وابوو ئەمجارەش كیمیایی بەكاردەهێنێت، بۆیە هانای بۆ سنورەكان برد. هۆكاری دووەهەمیش: بەرەی كوردستانی، خوێندنەوەیەكی هەمەلایەنەی نەبوو بۆ دۆخی دوای راپەڕین، بەرنامەیەكی عەسكەری رێكوپێكی نەبوو بۆ مقاوەمەت، سەنگەری بەندی باش نەكرا لەكەركوك و ناوچە جیاوازەكان‌و بەرگرییەكی لاوازمان كرد، بۆیە حكومەتی ئەوكاتی عیراقیش، بەو لاوازییەوە توانی بمانشكێنێ‌! بەداخیشەوە هەندێ‌ رەفتاری ناشرین و فڕكان فڕكانی دزیش كرا، كە خەڵك و پێشمەرگەی بێتاقەت كرد. بەڵام كۆڕەوەكە سەرەنجام رای گشتی دونیای هەژاندو ئەو شكانە بەخێرشكایەوە‌و ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری (688) و پاراستنی ناوچەی ئازاد بۆ كوردستان دابین دەكرێت. مەلا بەختیار، لەدرێژەی دیدارەكەدا، سەرنج‌و رەخنەكانی لەسەر بەرەی كوردستانیش خستەڕوو: كە بەداخەوە بەرەی كوردستانی نەیتوانی حوكمێكی باش بكات، هەتا گەیشتینە هەڵبژاردن و پەرلەمان‌و حكومەتی كوردستان هەڵبژێردرا، سەرەڕای كێشمەكێشەكانی هەر لەوكاتەوە دروستبوون‌و وتیشی: لەساڵی (1992)ەوە هەتا، كە هەشت كابینەی حكومەت گۆڕدراوە، بێ‌ ویژدانییەكی گەورەیە بڵێین هیچ نەكراوە، لەكاتێكدا كوردستان لەهەموو بارێكەوە گەشەی كردووەو جیاوازییەكە زۆر زۆرە، بەڵام پرسیارە گەورەكە ئەوەیە، ئایا لەمەی ئێستا باشتر دەكرا، یاننا؟ بێگومان دەكرا زۆر لەوەی ئێستا باشتر و زۆرتر پێشبخرایە، سەنگافورەش باشترین نمونەیە كە بە(30) ساڵ توانی لەوڵاتێكی دواكەوتووەوە، ببێتە یەكێك لەباشترین و خۆشگوزەرانترین وڵاتەكانی دونیا، بانكی سەنگافورە، زیاتر لە(800) ملیار دۆلاری تێدایەو بانكی كوردستانیش لەدوای (30) ساڵ (23 بۆ 24) ملیار دۆلار قەرزارە! سەنگافورە قەترەیەك نەوتی نییەو ئێمەش نەوت دەفرۆشین، سەنگافورە غازی نییە‌و ئێمە غازیشمان هەیە، تەنها یەكخەسڵەتی لەكوردستان باشترە، كە دەریای هەیەو كوردستان دەریای نییە! ئەگەرنا هەموو هۆكارەكانی پێشكەوتن بۆ كوردستان، زۆر لەسەنگافورە باشترە. بەداخەوە سەرەڕای دەستكەوتەكان كە كەمنین، بەڵام لەحوكمڕانی كوردستاندا كەوتوینەتە بەردەم ناڕەزایەتییەكی زۆری خەڵك، بەڵگەشم دوا ئەنجامی هەڵبژاردنە، كە هەرسێ‌ حزبی ناو دەسەڵات (پارتی، یەكێتی، گۆڕان)، (700) هەزار دەنگ دابەزیون! واتە (700) هەزار هاووڵاتی ئامادەنەبوون دەنگمان بدەنێ‌، ئەمەش بڕیاری میللەتە بەرامبەر بەدەسەڵات، نەك تەنها حزب، كە ئەم رێژە زۆرەی لەمتمانە لێوەرگیراوەتەوە!  (10-15) ساڵ تێكۆشانی پێویستە ئەو رێژەی دەنگ‌و متمانەیە بگێڕیتەوە شوێنی خۆی! ئەوەیشی رویداوە، كارەساتێكی جەماوەرییە! ئەگەر ئەخلاقی سیاسی و ویژدانی سیاسیمان هەبێ‌ و باوەڕمانوابێ‌ میللەت سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەكانە، دەبێ‌ دابەزینی (700) هەزار دەنگ، بەكارەساتێكی جەماوەری بزانین، ئەگەرنا باوەڕیمان هەروابێ‌ دەنگ بهێنین یان نەیهێنین، هەر یەكەو گوێی نەدەینێ‌، ئەمە بابەتێكی ترەو ئەقڵییەتی دەسەڵاتێكە كە نایەوێ‌، بیر لەدیموكراسی بكاتەوە. مەلا بەختیار، لەدرێژەی دیدارەكەیدا، هاوكات لەگەڵ ئەوەی سەرنج‌و تێبینییەكانی لەسەر كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی یەكێتی و پارتی لەبەغداد خستەڕوو، كە باشبوو وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی پێكەوەچوونە بەغداد، خۆزگە هەموو حزبەكانی تریشی لەوەفدەكەدا بونایە، بەڵام دوای دوو رۆژ، دیسانەوە لێك دەترازێین! بەداخەوە بۆ هەناسەیان درێژ ناكەن یەكێتی و پارتی و ئەم پەلەپەلەیان لەچییە؟! ئاخر دوو رۆژ چییە بۆ مێژوو، بۆ چارەنوسی میللەتێك، بۆ دان بەخۆدا ناگرن تا لێكنەترازێن!   رونیشیكردەوە: دەبوایە یەكێتی پێشتر بیزانیایە پارتی لەگەڵ صەدرو سونەكان رێككەوتووە‌و چەندینجار وەفدی صەدرو سوننەكان هاتونەتە هەولێرو وەفدی پارتیش چۆتە بەغداد، ئەمەش مانای ئەوەیە پارتی لەگەڵ صەدرو سوننەكان زۆر چۆتە پێشەوە، بۆیە كاتێك وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی پێكهێنرا، دەبوایە یەكێتی بیوتایە، ئایە پارتی ئێوە لەگەڵ صەدرو سوننەكان رێككەوتوون یاننا؟! ئەگەر رێككەوتوونتان كۆتایی پێهێناوە، ئەوا ئێمە وەكو وەفدی هاوبەش نایەن بۆ بەغداد، ئەگەر رێكیش نەكەوتوون فەرموو با بەرنامەی هاوبەش دابنێین بۆ رێككەوتن لەگەڵا صەدرو سوننەكان‌و لایەنەكانی تریشدا. هەربۆیە دوای دووسەعات وەفدە هاوبەشەكە تێكدرا‌و ئەمەش مایەی داخە چارەنوسی گەلێك و مییللەتێك بەدوو سەعات تێكبچێت!  راشیگەیاند:  لەدوای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان، دەرفەتێک كەوتۆتە دەست یەكێتی‌و پارتی‌و تروسكاییەكی چارەسەر دەبیندرێ‌، تكا دەكەین لەمەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەم دوولایەنە، كە تكایە ئەو تروسكاییە مەكوژێننەوەو زیاتری بكەن نەك كەمتر. زووتر بكەونە گفتوگۆ و خاڵە هاوبەشەكان بەسەر خاڵە ناكۆكەكاندا زاڵ بكەن و پۆستێك ئەوە ناهێنێت، پارتی و یەكێتی ساڵەهای تر لەگەڵ یەكتر بیكێڵن!