هاوڵاتى ئەنجومەنی ئەوروپا بڕیاریدا بەرامبەر بەپێشێلکردنی پڕەنسیپەکانی لەلایەن تورکیاوە، سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت. ەمڕۆ شهممه 4ی كانوونی یهكهمی 2021، بەگوێرەی پێگەی ڕۆژنامەی "جمهورییەت"ی تورکی، لیژنەی وزاریی ئەنجومەنی ئەوروپا لەکۆبونەوەیەکی مانگی 10ی ڕابردوو، بڕیاریدابوو کە ئەگەربێتو تورکیا تاوەکو 2ی مانگی 12ی ئەمساڵ عوسمان کالاڤالا ئازادنەکات، ئەوە بەپێی مادەی 46 لەڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ (ECHR) سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت. هەربەپێی ڕۆژنامەکە، بەشێک لەو سزایانەی چاوەڕێدەکرێت ئەنجومەنی ئەوروپا بەسەر تورکیایدا بسەپێنێت بریتین لە: بێبەشکردنی تورکیا لەدەنگدان لەچەند دەزگایەکی ئەنجومەنەکەو کەمکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان لەگەڵ ئەنکەرە بۆ نزمترین ئاست. باس لەوەشکراوە، پێشبینیدەکرێت بڕیارەکە خاڵێکی وەرچەرخان بێت لەپەیوەندییەکانی تورکیاو یەکێتیی ئەوروپا، ئەگەربێتو ئەنکەرە هەر بەردەوامبێت لەجێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بەکاڤالا، بەشێوەیەک مەزەندە دەکرێت بگاتە ئاستی هەڵپەساردنی ئەندامێتیی تورکیا یان دەرکردنی لەئەنجومەنەکە. لەماوەی ڕابردودا، حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانی بڕیاری دەسەڵاتدارانی تورکیایان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی عوسمان کالاڤالا لەزیندان سەرکۆنەکردبوو، هەروەک هەڕەشەی ئەوەش لەتورکیا کرابوو کە ئەگەربێتو ئەگەر بەردەوامبێت لەدرێژەدان بەدەستبەسەرکردنی کاڤالا ئەوا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە سزای بەسەردا دەسەپێنرێت. حکومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاندبوو، بڕیارەکەی تورکیا دەرحەق بەکاڤالا هەر مەترسیی نییە لەسەر مافەکانی مرۆڤ لەتورکیا، بەڵکو مەترسییە لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەهەموو ئەوروپادا.
هاوڵاتى ماوەی کەمتر لەساڵێکە لیرەی تورکی بەشێوەیەکی خێرا روو لەدابەزین دەکات بەشێوەیەک لە مانگی دووی ئەمساڵدا یەک دۆلاری ئەمریکی تەنیا ٧ دۆلار بوو، بەڵام ئێستا هەر دۆلارێک بۆ نزیکەی ١٤ لیرە دابەزیوە. ئهمڕۆ شەممە 4ی كانوونی یهكهمی 2021، بەهای دراوی تورکی بەرامبەر دۆلارێک بۆ ئاستی 13 لیرە و 87 قوروش دابەزی هۆکاری ئەو دابەزینە بەرچاوەش بۆ بڵاوبوونەوەی داتاکانی رێژەی هەڵاوسانی وڵاتەکە دەگەڕێتەوە، کە رێژەی هەڵاوسان لە مانگی تشرینی دووەمدا لەسەر بنەمای ساڵانە بۆ 21.13% بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەرزترین ئاستییەتی لە سێ ساڵی رابردوویدا. هەروەها ئاژانسی فیتچ بۆ پلەبەندی ئابووری پێشبینییەکانی لەبارەی گەشەی ئابووری تورکیا لەمساڵدا لە 10.5% بۆ 9.2% دابەزاند، دیدگای داهاتووی ئابووری وڵاتەکەشی بۆ ئاستی نەرێنی دابەزاند. هەڵاوسان لە تورکیا کاریگەریی لەسەر هەموو خێزان و تاکێک جێهێشتووە هەر بۆیە سەندیکاکانی کرێکارانی رەنجدەرانی تورکیا داوا دەکات کەمترین مووچە لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا پێنج هەزار و 200 لیرە بێت. لەكاتێكدا حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو توركیا ئەردۆغان تۆمەتبار دەكەن بە دابەزینی زیاتری نرخی لیرە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، «هەروەک ئەوەی لە پێشوودا کردوویانە، یاری بەدراو، سوود و نرخەکان دەکەن کە ئێمە ئەم یارییانە دەبینین». هاوكات سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” کە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە بەندیخانەدایە داوا دەکات فشار دورستبکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەتورکیا، بەهۆی ئەوەی خەڵکی وڵاتەکە توانای بەرگەگرتنی زیاتری قەیرانە دارییەکانیان نییە.
هاوڵاتى پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆران لە پەرلەمانی كوردستان رایگهیاند:" هێنانی هەنار لە دەرەوە قەدەغەیە، بەڵام دەسەڵاتداران لە سوریا و میسڕەوە بە قاچاخ دەیهێنن". ئەمڕۆ شهممه 4ی كانوونی یهكهمی 2021، عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆران لە پەرلەمانی كوردستان، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی بڵاویكردۆتەوە و نوسیویەتی :"هێنانی هەنار لە دەرەوە قەدەغەیە، بەڵام دەسەڵاتداران لە سوریا و میسڕەوە بە قاچاخ دەیهێنن". لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا پەرلەمانتارەكەی گۆران نوسیویەتی:" بە داخەوە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلار بیت قاچاخی هەنار بكەیت بۆ دژایەتی جوتیارێك".
هاوڵاتى ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان رایگهیاند:" تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵگە خزمەت بە ئیسلام ناكات، هیچ ئازایەتیەكی تێدانیە بۆ رێكخراوێكی تیرۆریستی وەك داعش كە بووەتە داردەست و هۆكاری ئیهانە كردنی مسوڵمانان و هاوكاری دوژمنانی ئیسلام". ئەمڕۆ شهممه 4ی كانوونی یهكهمی 2021، عەلی قەرەداغی، له پهیامێكدا سەبارەت بەو هێرش و كردەوە تیرۆریستیانەی ئەم دواییەی داعش لەكوردستان ئەنجامیدا رایگەیاند: "ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستیەی داعش دەكەم كە لە كوردستان ئەنجامیدا، ئەو كردەوە قێزەونە بەهەموو پێوانەو بنەمایەكی ئاینی و نیشتیمانی و نەتەوەی و مرۆڤایەتی ئیدانە كراوە". هەروەها وتی" تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵگە خزمەت بە ئیسلام ناكات، خودای گەورە رەحم بەهاوڵاتیانی سڤیل و پێشمەرگەكانمان بكات". عەلی قەرەداغی رایگەیاند" ئێمە شانازی بەئیسلامەوە دەكەین، هیچ ئازایەتیەكی تێدانیە بۆ رێكخراوێكی تیرۆریستی وەك داعش كە بووەتە داردەست و هۆكاری ئیهانە كردنی مسوڵمانان و هاوكاری دوژمنانی ئیسلام".
هاوڵاتى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیهندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی داعش لە سنوری مەخموور بڵاوکردەوە و رایگهیاند، پابەندبوونی خۆیان بە پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عیراق، لەوانەش هێزەکانی پێشمەرگە دووپات دەکەنەوە. نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیهندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر نیگەرانە لە زیادبوونی هێرشەکانی داعش لە سەرانسەری عیراق، لەوانەش هێرشەکەی سنووری مەخموور کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 10 پێشمەرگە و سێ هاووڵاتیی سڤیل". شەوی پێنجشەممە چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی خدرجیجە لە سنووری قەرەچووخ و بەهۆیەوە 10 پێشمەرگە و سێ برای مهدهنی شەهیدبوون. شەوی هەینیش داعش لە راگەیهندراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیهندراوەکەیدا نووسیویەتی: "پابەندبوونی خۆمان بە پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عیراق، لەوانەش هێزەکانی پێشمەرگە دووپات دەکەینەوە، ئەوەش کاتێك لە شەڕی دژی داعش بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی یەکجارەکی رێکخراوەکە بەردەوامن". ئەمڕۆ شەممە لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عیراق لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی فراوان بەئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنی رێکدەخرێت، تەوەری کۆبوونەوەکە هۆکاری زیادبوونی هێرشەکانی داعش دەبێت لە ناوچە جێناكۆكهكان و ناوچەکانی دیکەی عیراق.
هاوڵاتى بهڕێوهبهری ئاسایشی كوڵهجۆ رایگهیاند:" لە گوندی کەشکەوڵی سەر بەناحیەی قەرەتەپە داعش کامێرای حەراری سوپای عێراقی تێکشکاندوە". بهرێوهبهری ئاسایشی كوڵهجۆ له ناحیهی قهرهتهپهی سهربە قەزای خانەقین رایگەیاند، هێرشەکەی داعش لەلایەن سوپای عێراقەوە وەڵامدراوەتەوە و "کامێرای حەراری" کراوەتە ئامانج. دەشڵێت، هێرشەکە بێ زیان بووە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لە سوپای عێراق نەکەوتووەتەوە و تێکشکێنراوە. شەوی رابردوو، داعش هێرشیکردە سەر گوندی خدرجیجەی سنوری قەرەچوغ و بەوتەی پارێزگاری هەولێر، 13 پێشمەرگە و هاوڵاتی شەهید بوون و برینداریش هەیە.
هاوڵاتى ئێران لەنێوان 190 وڵاتدا لە رووی یەكسانی ژن و پیاودا دەكەوێتە ریزبەندی 180یەمین وڵات، ئەوەش بەهۆی رەچاونەكردنی مافەكانی ژنان لە رووی سیاسی و ئابوری و كەلتوریی لەوڵاتەكەدا. لەئێران هیچ دادوەرێكی ژن كە بتوانێت بڕیاری شەرعی و یاسایی بدات نییەو كەمتر لەسەدا 5٪ ژن لە پرۆسەی سیاسەت و حوكمڕانیدا بەشدارن و كەمتر لە 12٪ی ژنان و كچانی خوێندەوارو خاوەن بڕوانامە دەتوانن لەبازاڕ و كەرتی ئەهلیدا كاربكەن. دوو ژن بە یەك شاهید لە دادگاكان ئەژمار دەكرێن و تەنانەت هیچ كچ و ژنێك بۆی نییە بچێتە یاریگاكان بۆ ئەوەی یاری تۆپی پێی پیاوان لەنزیكەوە ببینێت. لەلایەكی دیكەوە ژنانی كورد سەرەڕای ئەوەی هاوشانی ژنانی دیكەی ناوچەكانی ئێران لەمافەكانیان بێبەش بۆ دابینكردنی بژێویی خۆیان و خێزانەكانیان كۆڵبەریی دەكەن و لەئامارە نافەرمییەكانی ئێراندا نزیكەی 11 هەزار ژن و كچ كۆڵبەریی دەكەن و لەسەر سنورەكان بەشداریی گواستنەوەی كاڵاو شتومەك دەكەن. رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە رووی جوگرافیای سیاسی و حوكمڕانییەوە دەكەوێتە وڵاتی ئێرانەوە پشكی زۆری ئەو نایەكسانییەی نێوان ژن و پیاوی بەردەكەوێت ئەمە وای كردووە ژنانی رۆژهەڵات قوربانییەكی گەورەی نایەكسانییەكانی رەگەزی بن و ساڵانە سەدان ژن و كچ لەو بەشە لەكوردستان ببنە قوربانیی جیاوازییەكی نەخوازراوی رەگەزیی و جگە لەمەینەتییەكانی ژیانی ئێستای ئەو وڵاتە، باری قورسی نایەكسانیش بكەوێتە سەرشانیان. تەنها لەساڵی رابردودا 45 ژنی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەتۆمەتی چالاكی سیاسیی و مەدەنی و ئایینی لەئێران دەستگیركراون و نۆ كەسیشان لەلایەن دادگاكانی ئێرانەوە سەرجەم 25 ساڵ و دوو مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە. رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەكردوە كە دادگاكانی ئێران شەش ژنی كوردیان بەهۆی چالاكیی سیاسی و سێ ژنی دیكەیان لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەتۆمەتی چالاكیی مەدەنی بە 25 ساڵ زیندان سزا داوە. كوشتنی ژنان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ناوەندنی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەئاماری ساڵانەی خۆیدا لەسەر دۆخی كچان و ژنان لەو بەشە لەكوردستان بڵاوی كردووەتەوە لەساڵێكدا 44 ژن بە بیانوی جیاوازەوە كوژراون كە زۆربەیان لەلایەن كەسوكارە نزیكەكانی خۆیانەوە ئەو تاوانەیان بەرامبەر كراوە. هەنگاو ئاماژەی بەوە كردووە لەماوەی یەك ساڵی 2020 بۆ ساڵی 2021، زیاتر لە 14 ژن لەپارێزگای كرماشان و 13 ژن لەپارێزگای سنەو نۆ ژن لەپارێزگای ورمێ و هەشت ژن لەپارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون. لە راپۆرتەكەدا روونكراوەتەوە كە 11 ژن لەو قوربانییانە بە بیانوی شەرەفەوە لەلایەن كەسوكاریانەوە كوژراون و هەرەوەها 22 ژنیش بەهۆی ناكۆكیی خێزانییەوە كوژراون، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە 22 قوربانیی لەكۆی 44 ژنە كوژراوەكە بەچەكی جۆری كڵانشینكۆف و دەمانچە و تاپڕ كوژراو . خۆكوژیی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و جیهان ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهان (WHO) ئاشكرای دەكات كەساڵانە نزیكەی 703 هەزار كەس لەدانیشتوانی گۆی زەوی بەهۆكاری جیاواز خۆیان دەكوژن، بۆیە بەپێی ئامارەكانی تەندروستیی جیهانی لەهەر 100 هەزار كەسی رەگەزی نێرینە 12.6 كەس خۆیان دەكوژن و لەهەر 100 هەزار كەسی رەگەزی مێینەش 5.4% كەس خۆیان دەكوژن، بۆیە نێرینە دوو هێندەی مێینە خۆیان دەكوژن. بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران رایانگەیاندووە لەهەر 100 هەزار كەس لەوڵاتەكەدا تەنها 12 كەس هەوڵی خۆكوشتن دەدات كە شەش كەسیان رزگاریان دەبێت و شەش كەسیش گیانیان لەدەستدەدەن و ئامارەكانی خۆكوژیش لە رەگەزی مێینە لەهەر 100 هەزار كەس 3.6 كەسە كە بەراورد بەڕەگەزی نێرینە، ژنان كەمتر لەپیاوان هەوڵی خۆكوشتن دەدەن. لەئێران پیاوان دوو هێندەی ژنان هەوڵی خۆكوشتن دەدەن و لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەت بەپارێزگای ئیلام و پارێزگای كرماشان زیاترین ژمارەی خۆكوژیی تۆمار كراوە بەجۆرێك كە لەنێوان هەر 100 هەزار كەسی دانیشتوی ئیلام 26 كەس خۆیان كوشتوەو لەپارێزگای كرماشان لەهەر 100 هەزار كەس 23 كەس خۆیان كوشتوەو دوای ئەو دوو پارێزگایەش رێژەی خۆكوژیی لەپارێزگاكانی سنەو ورمێ و لوڕستان بەرز بووە بەجۆرێك خۆكوژیی لەپارێزگاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر زیاتر بووە لەتاران-ی پایتەختی ئێران كە بەتەنها ژمارەی دانیشتوانی پایتەخت نزیك دەبێتەوە لەهێندەی كۆی دانیشتوانی رۆژهەڵاتی كوردستان. ئەمساڵ لەماوەی هەشت بۆ نۆ مانگدا 107 حاڵەتی خۆكوشتنی ژن و كچ لە رۆژهەڵاتی كوردستان تۆمار كراوە 52 حاڵەتیان لەپارێزگای ورمێ بووە و 24 حاڵەتی دیكەیان لەپارێزگای سنە و 22 حاڵەتیان لەكرماشان و نۆ حاڵەت لەئیلام بووە و بەپێی راگەیەنراوی مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەو ئامارانە تەنها ئەو حاڵەتە خۆكوژیانەی ژنانە كە تۆمار كراوە، چونكە ژمارەی راستەقینەی خۆكوژیی ژنان زۆر زیاترەو هەندێكیشی بەهۆی شاردنەوەی دۆسیەكانیان لەلایەن حكومەت و كەسوكاری قوربانییانەوە ئاشكرا نابێت و تۆمار ناكرێت. لەو 107 ژن و كچەی كە لە رۆژهەڵاتی كوردستان خۆیان كوشتوە، 64 كەسیان بەخۆهەڵواسین كۆتاییان بەژیانیان هێناوەو 17 كەسی دیكەیان خۆیان سوتاندوە و 15 كەسیشیان حەب و دەرمانیان بەكارهێناوە بۆ خۆكوشتن و 6 كەسیشیان خۆیان لە پردو شوێنی بەرزەوە خستووەتە خوارەوە و 5 ژنیش بۆ خۆكوشتن چەكیان بەكارهێناوە و بە گوللـە كۆتاییان بەژیانیان هێناوە. ئامارەكانی جیهان و رۆژهەڵاتی كوردستان بەپێی ئامارە جیهانی و نێودەوڵەتییەكان لەهەر سێ ژن لەسەر گۆی زەوی یەك كەسیان رووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژیی جەستەیی دەبێتەوە و زۆرینەیان لەلایەن كەسە نزیكەكانیانەوە رووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژیی دەبنەوە. تەنها 52%ی ئەو ژنانەی هاوسەریان هەیە مافی بڕیاردانیان لەبەكارهێنانی دەرمان و چارەسەری پزیشكیی لە رێگرییكردن لە دووگیان بوون هەیە. لەئێستا زیاتر لە 750 ملیۆن ژن لەجیهان هەیە كە لەتەمەنی خواروی 18 ساڵەوە هاوسەرگیرییان كردووە و لەهەر دوو تاوانی كوشتنی ژناندا یەكێك لەتاوانەكە لەلایەن كەسە نزیك و هاوبەشەكانی ژیانیان بەرامبەر بەژنان دەكرێت لە كاتێكدا لەهەر 20 تاوانی كوشتن كە بەرامبەر بە رەگەزی نێرینە دەكرێت تەنها یەك تاوانیان لەلایەن كەسانی نزیك و هاوبەشەكانی ژیانیانەوە بەرامبەر ئەو رەگەزە دەكرێت. زیاتر لە 71%ی سەرجەم قوربانیانی قاچاخچێتی بەمرۆڤەوە بەرامبەر ژنان دەكرێت و سێ لەسەر چواری ئەو رێژەیەش رووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی و توندوتیژیی دەبنەوە. بەپێی ئامارێك كە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی زانكۆی ئێران (ئیسنا) بڵاوی كردوەتەوە تەنها لە سێ مانگی بەهاری ساڵی 2021 زیاتر لە نۆ هەزار و 753 حاڵەتی هاوسەرگریی كچانی خواروو تەمەنی 15 ساڵ لەئێران تۆمار كراوە كە بەراورد بەساڵی رابردوو 32% زیادی كردووەو هەر لەماوەی ئەو سێ مانگەی ئەمساڵدا زیاتر لە 45 هەزارو 522 حاڵەتی هاوسەرگریی كچانی تەمەن 15 بۆ 19 ساڵ لەو وڵاتە تۆمار كراوە. رۆژنامەی شەرق لەئێران كە رۆژنامەیەكی نیمچە سەربەخۆیە، بڵاویكردووەتەوە كە لە ماوەی 20 ساڵی رابردودا زیاتر لەهەزار و 200 ژن بەبیانوی شەرفەوە لە پارێزگاكانی سنە، ئیلام، ورمێ و تاران كوژراون كە زۆربەی تاوانەكانی كوشتنی ژنان بە بیانوی شەرەفەوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان رویداوە. بەپێی ئامارەكانی كار لەئێران تاساڵی 2019 نزیكەی چوار ملیۆن و 500 هەزار ژن و كچ كاریان كردووە، بەڵام ئەو ژمارەیە لەساڵی 2020 بۆ سێ ملیۆن و 600 هەزار ژن و كچ كەمی كردووە، واتە لەساڵێكدا نزیكەی یەك ملیۆن ژن و كچ كارەكانیان لەدەستداوە. ئێران وڵاتێك بەبێ دادوەری ژن لەئێراندا هیچ حاكم یان دادوەرێكی ژن كە بتوانێت لە رووی یاساییەوە بڕیاربدات بوونی نییە لەكاتێكدا بەژمارە زیاتر لەهەزارو 900 دادوەری ژن هەیە بەڵام تەنها دەتوانن راوێژ بەدادوەرە پیاوەكان بدەن بڕیاری لای دادوەری نێرینەیە. لە رووی حوكمڕانییەوە هیچ ژنێك لەئێران مافی بوون بەسەرۆك كۆماری نییە و رێگەپێدراو نییە خۆی بۆ ئەنجومەنی دەستەبژێری كۆماری ئیسلامی ئێران بپاڵێوێت و ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت لەكاتێكدا ئەو دوو دامەزراوەیە رۆڵی چارەنووسساز دەبینن لەبەڕێوەبردنی وڵاتەكەدا. هاوكات ژن مافی یەكسانی نییە لەشاهیدیداندا، چونكە دوو شاهیدی ژن بەهاوتای شاهیدیی پیاوێك ئەژمار دەكرێت و لەگەڵ ئەوەشدا مافی بوون بە دادوەری نییە لە رووی پیشەییەوە لەكاتێكدا پێش دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران و لەسەردەمی دەسەڵاتی پەهلەوی تاساڵی 1976 زیاتر لە 33 دادوەری ژن كە خاوەن بڕیاربوون لە دەزگای دادی ئێراندا بوونیان هەبووە. ئێران لە رووی بەشداریی ژنان لەبواری سیاسی و ئابوریدا لەنێوان 190 وڵاتدا دەكەوێتە ریزبەندنی 180یەمین وڵاتی جیهان و تەنانەت لەو سەردەمەدا كە زیاترین ژن لەپەرلەمانی ئێران بوونیان هەبووە رێژەیان تەنها 5%ی كۆی ئەندامانی پەرلەمان بووە. زیاتر لەنیوەی كۆمەڵگەی ئێران كە لەژنان پێكدێت و بەخوێندەوار ئەژمار دەكرێن 12%ی ئەو ژن و كچە خوێندەوارانە لەبازاڕەكانی كاردان و توانیویانە ببنە خاوەنی پیشەو كار لەبازاڕەكاندا. لەبواری وەرزشدا ئێران یەكێكە لەو دەگمەن وڵاتانەی كە رێگە بەهاندەرانی ژن نەدات بچنە یاریگاكان بۆ ئەوەی لە نزیكەوە و لەناو یاریگاكاندا بەشداربن، بۆیە زیاتر لە 42 ساڵە ژنانی ئێران نەیانتوانیوە یارییەكانی تۆپی پێ لەیاریگاكاندا ببین و بەناچاری لە رێگەی شاشەی تەلەفیزیۆنەوە ئەو مافە وەك بۆشاییەكی ژیانیان لەپێ بكەنەوە. ئاسۆی تاریكی ژنان پێشبینییەكانی تەندروستیی ئێران ئاماژەن كە دۆخی ژنان لە رۆژهەلات و ئێران ساڵانە بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت بەتایبەت كەحكومەت لەو وڵاتە ئامادە نییە بەبیانوی جێبەجێكردنی شەرع و یاسا لەسەر بنەمای ئایینی شیعە چاكسازیی لە رەچاوكردنی مافەكانیاندا بكات. لەلایەكی دیكەوە باشبوونی دۆخی هەر چین و توێژێك لە كۆمەڵگەدا گرێدراوی باری ئابورییە بەڵام لەو بوارەشدا ژنان بەراورد بەكۆی گشتی كۆمەڵگە دۆخێكی خراپیان هەیە بەتایبەت كە هەلی یەكسان بۆ ژن لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەئارادا نییەو وڵاتەكەش زیاتر لەشەش ساڵە دۆخی ئابوریی لەقەیرانی قوڵی ئابوریدایە.
هاوڵاتى لیرەی تورکی بەشیوەیەکی خێرا روو لەدابەزین دەکات و ئەوەش ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەی هێناوەتە سەر خەت، داوای زیادکردنی فشارەکان بۆسەر ئەردۆغان دەکەن، لەکاتێکدا شتومەک لەو وڵاتە بەرەو گرانبوون دەچێت بەجۆرێک مووچەی خانەنشینیک کە بە لیرە وەریدەگرێت دابەزیوە بۆ نزیکەی ١٠٠ دۆلار. ماوەی کەمتر لەساڵێکە لیرەی تورکی بەشێوەیەکی خێرا روو لەدابەزین دەکات بەشێوەیەک لە مانگی دووی ئەمساڵدا یەک دۆلاری ئەمریکی تەنیا ٧ دۆلار بوو، بەڵام ئێستا هەر دۆلارێک بۆ نزیکەی ١٤ لیرە دابەزیوە. ئەم دۆخە گوشارێکی گەورەی لەسەر خەڵک دروستکردووە. تابلۆی نرخەکان بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمە بە یاری و تەڵەی وڵاتانی رۆژئاوا ناودەبات بەڵام ئۆپۆزسیۆن دەیخاتە ئەستۆی ئەردۆغان. دەمیرتاش هۆشداری لەڕووخانی تورکیا دەدات سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” کە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە بەندیخانەدایە داوا دەکات فشار دورستبکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەتورکیا، بەهۆی ئەوەی خەڵکی وڵاتەکە توانای بەرگەگرتنی زیاتری قەیرانە دارییەکانیان نییە. سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە لەوتارێکدا کە بۆ میدیاکانی نووسیوە ئاماژە بەوەدەکات کە قەیرانە ئابورییە دروستکراوەکان لەسەر خەڵک کاریگەریی نەرێنی هەبووە، قەیرانەکان توانای هەناسەدانیان نەهێشتووەتەوە، ملیۆنان کەس لەتورکیا نازانن سبەینێ چیان بەسەردێت، تەنها ئامانجیانە لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی ئەمڕۆ رزگاریان ببێت. دەمیرتاش دەڵێت، «تەنها رێگا بۆ دەرچوون لەم قەیرانە هەڵبژاردنە، زۆرینەی خەڵکیش چاوەڕێی ئەوەن لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە توڕەییەکانیان بەتاڵبکەنەوە، لەگەڵ راکردنی زیاتری حکومەت لە هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان دەنگی زیاتر لەدەستدەدات (وەک ئاماژە بۆ پارتی دادو گەشەپێدان)». باسی لەوەشکردووە، کە کێشەی ئێستای تورکیا تەنها کێشەی پارتی دادو گەشەپێدان نییە بەڵکو کێشە راستەقینەکە ئەوەیە تورکیا بەرگەی ئەم قەیرانانە ناگرێت تاوەکو ساڵ و نیوێکی دیکە. دەمیرتاش لەزیندانەوە جەختیکردووەتەوە، “ئەگەر بەخێرایی هەڵبژاردن بەڕێوەنەچێت وێرانکارییەکی قورس روودەدات، بەم هۆیەوە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوەیە داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بەکەن”. سەڵاحەدین دەمیرتاش هۆشداری لە هەژاری، بێکاری دەدات کە تووشی خەڵکی وڵاتەکە دەبێت لەداهاتوودا. دەسەڵاتی تورکی لە 4ی تشرینی یەکەمی 2016 دەمیرتاش، فیگەن یۆکسەگداغ و 13 پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپەی دەستگیرکرد، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان. دەمیرتاش لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت «لەوانەیە ئاکەپە ساڵی 2023 رووبەڕووی کێشەی تێپەڕاندنی بەربەستی پەرلەمانی ببێت. بەڵام بابەتەکە ئەوە نییە ئاخۆ ئاکەپە چی بەسەردێت، چونکە ئەمە یەکلایی بووەتەوە. ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە، ئایا تورکیا ساڵ و نیوێکی دیکە بەرگەی ئەم قەیرانە دەگرێت؟». دەمیرتاش هۆشداری لە بەردەوامبوونی رەوشی ئێستای تورکیادا و وتی: «ئەوەی دەبینرێ پێماندەڵێت ئەگەر راستەوخۆ نەچینە هەڵبژاردنەوە، تورکیا رووخانێک دەڕووخێت، کە نۆژەنکردنەوەی زۆر سەخت دەبێت. هەربۆیە ئەرکی لەپێشینەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و کۆمەڵگەییە گۆڕەپان باس لەهەڵبژاردن بکات». دەمیرتاش هەروەها جەختیکردووەتەوە کەسانێک هەن نایانەوێت ئەم دۆخە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، بۆ نموونە ئەوانەی دەوروبەری سەرۆککۆمار کە خۆیان بەرژەوەندیی تایبەتیان لەم دۆخە هەیە. داودئۆغڵو: گەر ئەردۆغان بێدەنگ بێت کێشەی لیرە چارەسەر دەبێت ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە داوا لەسەرۆککۆماری تورکیا دەکات، چیدی لەبارەی دۆلارو ئابووری و سوودی بانکیی قسە نەکات و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی دارایی و ئابووریی نەکات. بەپێچەوانەوە دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت و لە ئەگەری بێدەنگبوونیشی، «کێشەی لیرە چارەسەر دەبێت». ئەحمەد داودئۆغڵو، بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندوە «ناکرێت سەرۆککۆمار لەهەر وتارێکدا باس لە سوودی بانکی و هاوسەنگییەکانی دۆخی دارایی و ئابووری بکات. ئەگەر ئەردۆغان بەردەوام قسە لەمبارەیەوە بکات، تاوەکو بنج و بناوان زیانمان پێدەگات و مایەپووچ دەبین. بەڵام ئەگەر بێدەنگ بێت و هەڵسەنگاندنی کەسیی خۆی بۆ دۆخەکە نەکات، کێشەی دابەزینی لیرە بەرامبەر دۆلار چارەسەر دەبێت». داودئۆغڵو راشیگەیاندوە بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵات، تورکیا رووبەڕووی قەیرانی سیاسی، ئابووری، دارایی و دامەزراوەکان بووەتەوە. دەسەڵات باکی بەهیچ شتێک نییە، تەنیا بیر لەوە دەکاتەوە چۆن کورسیی دەسەڵات رزگار بکات و دۆخەکە تێپەڕێنێت. لەبارەی هۆکاری سەردانیکردن و دیداری دووقۆڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا گوڵ سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند، ئەوان دوو دۆستی نزیکن و ناوبەناو سەردانی یەکدی دەکەن و هاوکات بەگشتیی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گشتیی و پێشهاتەکانی تورکیا دەکەن. لەوەڵامی پرسیاری ئەگەری دووبارە بەربژێربوونی عەبدوڵڵا گوڵ بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند، هەموو پارتێکی سیاسیی لەبەرەی ئۆپۆزیسیۆن کاردەکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، بەڵام هیچ باس و خواسێک لەبارەی بەربژێربوونی عەبدوڵڵا گوڵ بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا تاووتوێ نەکرا. ئابووریناسان و شارەزایانی بواری دارایی پێداگری لەوە دەکەن، کە یەکێک لە هۆکارەکانی ناسەقامگیری دۆخی لیرەی تورکی دەگەڕێتەوە بۆ لێدوانە ناشارەزاکانی کاربەدەستان لەتورکیا و داوایان لێدەکەن، خۆیان بەدووربگرن لەم جۆرە لێدوانانەو دەشڵێن، ئەم بابەتە گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدارو بازاڕەکان هەندێکجار بەهۆی لێدوانێکەوە سەراوژێر دەبن. لیرەو ئابووری تورکیا بەرەو تونیێلێکی تاریک لیرە بە رادیەک دابەزیوە هەر دۆلارێک زیاترە لە ١٣ لیرەو بەرەو ١٤ هەنگاو دەنێت، بەوەش تەنیا لەماوەی ١٠ مانگدا ٧ لیرە یەک دۆلاربوو، ئەوەش خێراترین و قورسترین داتەپینی لێرەیە کە تۆماری کردوە بەرامبەر بەدۆلار. سەمیح تومەن جێگری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندی کە ئەمسال لەلایەن ئەردۆغانەوە دەرکرا داوای گەڕانەوەی دەستبەجێی ئەو سیاسەتانەی کرد کە پارێزگاری لەبەهای لیرە دەکەن. قەیرانی دابەزینی لیرەی تورکی دوا بەدوای ئەوە هات کە پارتی دادو گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان پشتگیری لە راپرسییەکان و داواکاری ئۆپۆزسیۆن کرد بۆ ئەنجامدانی دەنگدانی پێشوەخت بەر لەوادەی خۆی کە وابڕیار بووە لەساڵی 2023 دا ئەنجامبدرێت، هاوکاتی نیگەرانییەکانی خەڵکی تورکیاش سەبارەت بە بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری بژێوی ژیان و گوزەران لەو وڵاتەدا. ئەم دۆخە گوشارێکی گەورەی لەسەر خەڵک دروستکردووە. تابلۆی نرخەکان بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمە بەیاری و تەڵەی وڵاتانی رۆژئاوا ناودەبات. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، «هەروەک ئەوەی لە پێشوودا کردوویانە، یاری بەدراو، سوود و نرخەکان دەکەن کە ئێمە ئەم یارییانە دەبینین». پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لەبارەی قسەکانی ئەردۆغان دەڵێت، «وەک هەمیشە، دووبارە ئەو ئابوورییەی مایەپووچی کردووە، بەستییەوە بەهێزە دەرەکییەکان. دۆلار دیسانەوە فڕی، خۆ ئەگەر قسە بکەیتەوە، بەرزتر دەبێتەوە، سەرۆککۆمارێک هەیە کە لەشوێنی خۆی ناوەستێت و هەموو رۆژێک قسەدەکات و دەبێتە هۆی فڕاندنی دۆلارو ناشتوانێ پێش لەمە بگرێت». کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا نامەی خانەنشینێکی تورکیای خوێندەوە کە دەڵێ، «مووچەکەم خەریکە دەبێتە 100 دۆلار و نازانم بەچی رابگەم!» کڵچدارئۆغڵو پەیامێکیشی ئاراستەی ئەو خانەنشینە کرد. کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەڵێت، «تەنیا دەمەوێ کەمێکی دیکە ئارام بگریت. کاتی چوونە سەر سندووقی دەنگدان دێت و لە رێگەی دیموکراسییەوە وانە بەو کەیف و سەفایەی کۆشک دەدەین و دەیاننێرینەوە». هەروەها مێراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتیش بەردەوام پێداگریی خۆی لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەخت دووپاتدەکاتەوە و رەخنەی تووند لەئەردۆغان دەگرێت. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە هاوپەیمانیی ئاکپارتییە، بە تووندی بەرپەرچی ئەو پێشنیازەی دایەوەو هەڵبژاردنی پێشوەختەی رەتکردەوە. باخچەلی دەشڵێت «هەڵبژاردنی پێشوەخت و شتی وەها نییە. هەڵبژاردن لەحوزەیرانی 2023 بەڕێوەدەچێت». هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، بەشێک لە کۆمپانیاکانی تورکیا بەهۆی ناجێگیریی بەهای لیرە، بڕیاری وەستاندنی فرۆشتنی بەرهەم و کاڵاکانی خۆیانیان داوە. پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام لە دیدارو کۆبوونەوەدان. کەمال کڵچدارئۆغڵو سەردانی پلان بۆ داڕێژراوی رۆژی چوارشەممەی بۆ باکووری کوردستان هەڵوەشاندەوەو بڕیارە پارتەکەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازبدات. دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و ناسەقامگیری دۆخی بازاڕە داراییەکان، زیانی زۆر بەئابووری ئەم وڵاتە دەگەیەنێت، بەتایبەتی لەبارەی پێدانی قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، کە سەرجەمیان بەدۆلار و یۆرۆن. ئەمە جگە لەهەڵاوسانی بەرزو خراپبوونی دۆخی هاووڵاتییان لەتورکیا و باکووری کوردستان و تێکچوونی هاوسەنگی بازاڕ. قەیرانی ئابووریی توركیا، رۆژ بەڕۆژ دژوارتر دەبێت، بۆیە چارەسەركردنی ئەستەمەو دوای ئاشکرای حكومەتیش ئەوەیە دەبێت دان بەخۆتاندا بگرن و پیلانێكە و دژی توركیا دانراوە، بەڵام قەیرانەكە بە جۆرێك گەورەیە، خەڵك بەئاشكرا داوای لادانی حكومەت دەكەن. ئۆپۆزسیۆنی توركیاش داوا دەكات بەپەلە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
هاوڵاتى مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگهیاند :" تەواوی بەڵگەکانمان سەلمێنەری پێشێلکاری بوون و ئەم دەستێوەردان و گۆڕانکاری و پێشێلکارییانە رەتدەکەینەوە و داکۆکی لە مافی بەربژێر و دەنگدەران دەکەین و بە پێویستیشی دەزانین مافی زەوتکراویان بۆ بگەڕێتەوە." دەقی راگەیێنراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی راگەیاندراوی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە رێکەوتی ١٠ـی ١٠ـی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، بە پاکی و دیموکراسییانە بەڕێوەچوو تا ئەو کاتەی بەبڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی دەستەی دادوەری ماوەی تانە لێدانەکان بە نایاسایی درێژکرایەوە، بەمەبەستی دەستکاری ئەنجامەکان لەبەرژەوەندی ھەندێک لایەنی دیاریکراو. دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی پارتیمان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و دەستەی دادوەری کۆبوونەوە، دەرکەوت تەواوی بەڵگەکانمان سەلمێنەری پێشێلکاری بوون، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم دەستێوەردان و گۆڕانکاری و پێشێلکارییانە رەتدەکەینەوە و داکۆکی لە مافی کاندید و دەنگدەران دەکەین و، بە پێویستیشی دەزانین مافی زەوتکراویان بۆ بگەڕێتەوە، لەو روانگەیەوە لەپێناو دادپەروەری و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەکان، بە ڕێکاری یاسایی بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکانمان لەپێناو دەستەبەرکردنی ئەو مافانە و لابردنی پێشێلکارییەکان و، ھەنگاوەکانی داھاتووشمان لە کاتی خۆی دا رادەگەیەنین. مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ٢ـی ١٢ـی ٢٠٢١
هاوڵاتى كۆرۆناى گۆڕاوى ئۆمیكرۆن گهیشته 24 وڵاتى جیهانو ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش پەیامێكى دڵنیایی بڵاودهكاتهوه، ڕاشیدهگهیهنێت، "زۆرینەی توشبونەکان بەشێوە گۆڕاوی ئۆمیکڕۆن سادەنو هیچ حاڵەتێکی مەترسیداریان تێدانییە". بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بەرپرسێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی وتویهتى، "هیچ بەڵگەیەک لەبەدەستدانییە بیسەلمێنێت کە ئەو ڤاکسینانەی ئێستا هەن کاراییەکەیان بەرامبەر بەشێوە گۆڕاوی ئۆمیکڕۆن پاشەکشەی کردبێت". ڕۆیتەرز لەزاری بەرپرسەکەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە گواستویەتییەوە کە وتویەتی:"هەندێک لەئاماژە سەرەتاییەکان ئەوەدەردەخەن کە زۆرینەی توشبونەکان بەشێوە گۆڕاوی ئۆمیکڕۆن سادەنو هیچ حاڵەتێکی مەترسیداریان تێدانییە". هەروەک باسی لەوەشکردوە، لەگەڵ پسپۆڕانیان سەرتاسەری جیهان کار لەسەرئەوە دەکەن کە کاریگەرییەکانی کۆڕۆنای ئۆمیکڕۆن لەسەر خێرایی گواستنەوەو توندی نەخۆشییەکە دیاریی بکەن". جەختیشیکردۆتەوە، زۆر گرنگە خەڵک گرنگیی بەدەمامک کردنو پابەندبون بەڕێساکانی دورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتییو پاکوخاوێنی کەسیی بدەن، تەنانەت لەدوای خۆکوتانیشیان. بەرپرسەکەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ئاماژەی بەوەکردوە، نەبونی یەکسانیی لەدابەشکردنی ڤاکسینەکانی دژی کۆڕۆنا یەکێکە لەهۆکارە سەرەکییەکانی نیگەرابون لەپرۆسەی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا. ئهوهشى وتوه، "لە10 وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست، ڕێژەی خۆکوتان دژ بەکۆڕۆنا تەنها گەیشتۆتە لە7%". سەبارەت بەو وڵاتانەشی کە ڤایرۆسی کۆڕۆنای ئۆمیکڕۆنیان تێدا تۆمارکراوە، بەرپرسەکەی تەندرووستیی جیهانیی وتویەتی:"ڕەنگە تائێستا ژمارەی ئەو وڵاتانە گەیشتبێتە 24 دەوڵەت". لەکۆتاییدا دڵنیاییداوە لەوەی لەئێستادا پێویست بەبەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی نوێ ناکات، بەڵکو کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی ڤاکسین، تەنیا ئەوەندەیان پێویستە کە گۆڕانکارییەکی زۆر بچوک بەسەر ڤاکسینەکان ئێستادا بهێنن.
سەركۆ جەمال كاندیدێكی سەربەخۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە نەیتوانی سەركەوتن بەدەستبهێنێت دەڵێت:»بەهۆی ساختەكاری حزبەكانەوە نەیتوانیوە دەربچێت»، ئەندامێكی پێشووی كۆمسیاری باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش ئاشكرایدەكات «بەهۆی حزبەكانەوە بەشێك لەكاندیدە سەربەخۆكان لەهەرێم دەرنەچوون». بەهۆی ناڕەزایی خەڵكی عێراق بەشێك لەكاندیدەكان بێ پاڵپشتی هیچ قەوارە و لایەنێك خۆیان هەڵبژارد، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو تەنها لەهەرێمی كوردستان هیچ كاندیدێكی سەربەخۆ سەركەوتنی بەدەستنەهێنا، بەڵام لەناوەڕاست و باشووری عێراق 35 كاندیدی سەربەخۆ سەركەوتنیان بەدەستهێناوە. دوێنێ سێشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2021 پاش 50 رۆژ لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق گۆڕانكاری لە پێنج كورسی ئەنجامدراو تێیدا یەكێتی نیشتمانی بووە خاوەنی 19 كورسی و دوو كورسی لەهەولێرو نەینەوا زیاد كرد، هەروەها پارتی ژمارەی كورسییەكانی لە 33 كورسییەوە بووەتە 31 كورسی. كاندیدێكی سەربەخۆ: بۆمان دەركەوت ساختەكاری زۆر كراوە غالب محەمەد، یەكێكە لەو كاندیدانەی كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10/10/2021 بەشێوەی سەربەخۆ بەشداریكرد، بەڵام نەیتوانی بگاتە پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: «ئەوەی كە بۆمان دەركەوتووە مەسەلە دەنگدان نەبووە، ئەمجارەیان بەڕاستی پەیوەندی بە ساختەكارییەوە هەبووە». ناوبراو پێشیوابوو كە ساختەكاری زۆر كراوە، نمونەی ئەوەی هێنایەوە كە یەكەمجار چوار هەزار و 500 دەنگی هێنا دواتر بووەتە پێنج هەزار دەنگ و وتوویانە دەرچووە. هەروەها باسی لەوەشكرد كە دواتر شەش هەزاریشی تێپەڕاند دیسان وتیان حەوت هەزار دەنگ كورسیەكی پەرلەمان دەبێت. غالب محەمەد، وتیشی: «خۆ ناكرێت ئاوا لەپڕ شتەكان بگۆڕێت یەك رۆژ خەڵك دەچێت بۆ دەنگدان، كە دەنگی منیش زیادیكرد دەبێت دەنگی كەسێكی دیكە كەم بكات، لەبەرئەوە 40 هەزار كەس چووە بۆ دەنگدان لەگەرمیان كە من دەنگەكانم پێنج هەزاری تێپەڕاند خۆ دەبێت دەنگی خەڵكی دیكە كەم بكات، لەبەرئەوە بۆمان دەركەوت ساختەكاری زۆر كراوە». «دژی دەسەڵات بووم بەتایبەتی پارتی، ئەوانەی دژی دەسەڵات بوون زۆربەیان دەنگیان كەمیكرد، ئەمە بنەڕەتی بابەتەكەیە، لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە بووین نەیانهێشت دەربچین، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی ساختەیان دەرچواند، چونكە لە رۆژەكانی دیكەدا بۆ دەنگدان بەسەرۆك كۆمارو رۆژەكانی دیكە گرنگە بۆیان و ئاشكرا دەبێت وایە یاخود نا»، غالب محەمەد وای وت. وەك ئەو كاندیدە دەرنەچووەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت « هەر لەسەرەتاوە ئەم هەڵبژاردنە شكستخواردوو بوو و لەوەی 2018 باشتر نەبووە، بەڵام بۆیە خۆمان هەڵبژارد تا بەرەكە چۆڵ نەكەین ئەشمزانی ساختەكاریم بەرامبەر دەكرێت، چونكە پێشتر بڵاودەبووەوە لەكەناڵەكان كە بەرپرسەكان دەیانوت نابێت غالب دەربچێت». لێپرسراوی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت:» كەموكورتی لەیاسای هەڵبژاردندا هەبووە نەك كاری كۆمسیۆن». ئامانج عەزیز، لێپرسراوی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»: كاندیدە دەرچووە سەربەخۆكان لەعێراق نزیكەی 40 كاندید بوون، ئەم هەڵبژاردنە زۆر جیاواز بوو لەوەی ساڵی 2018 و ساڵانی رابردووتریش كە عێراق كراوە بە 83 بازنە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت كە ببێتەهۆی دەرنەچوونی سەربەخۆكان». ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، كاندیدە سەربەخۆكان بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون بووە، لەسلێمانی ئاسایی بووە كەسێك لەناوچەكەی خۆی كاندید نەكات و لەبازنەیەكی دیكەی هەمان پارێزگا خۆی كاندید بكات، بەڵام ئەمە بۆ كاندیدە كۆتاكان جیاوازبوو لەهەموو عێراق یەك بازنەیی بووە، وتیشی:»وەكو كۆمسیۆن ئێمە بەپێی یاساكەی پەرلەمان رێوشوێنمان گرتووەتەبەر، دەتوانین بڵێین كەموكورتی لەیاساكەدا هەبووە نەك كاری كۆمسیۆن هەموو سیستەمێكیش سلبیات و ئیجابیاتی خۆی هەیە». ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق هێما بۆ ئەوە دەكات كە لەسیستەمی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا رێگری كرا لەبەشێك لەكاندیدەكان تا نەگەنە پەرلەمانی عێراق. سەعید كاكەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق و شارەزای بواری هەڵبژاردن، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «لەسیستەمی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا رێگری كرا لەبەشێك لەكاندیدەكان، بەڵام لەدەرەوەی سنووری دەسەڵاتی كۆمسیۆندا، كە حزب خەڵك هانبدات دەنگ بە كاندیدێكی دیاریكراو بدەن لەبازنەیەك یاخود دەنگ بە كاندیدێكی دیكە نەدەن، بەڵام هەر كاندیدێك بەڵگەو شایەتی هەبوایە دەیتوانی سكاڵا بكات لەسەر حزبێك كە رێگری لێكردووە». «یەكەمجارە ئەو ژمارە كاندیدە سەربەخۆیە بەشداری هەڵبژاردن بكەن، هەر ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق سەربەخۆ بێت یان نا قورسایی خۆی هەیە و دەنگی خەڵكی بەدەستهێناوە، بۆیە 40 ئەندامی سەربەخۆ ئەگەر بێتو هاوپەیمانییەك دروست بكەن قورساییان لەسەر پەرلەمان و لایەنە سیاسیەكانیش دەبێت»، سەعید كاكەیی وای وت. هاوكات، سەعید كاكەیی پێشیوابوو كە ئەم سیستەمەی هەڵبژاردن بووە مایەی دەرچوونی ژمارەیەكی زۆر لەكاندیدانی سەربەخۆ، ئەگەر ئەم سیستەمە نەبوایە ئەو ژمارە كاندیدە نەیاندەتوانی دەربچن» لەساڵی 2014 حاڵەتی لەوشێوەیە روویدا كە كاندید هەبووە دەنگی پێویستی هێناوەو رێگری لەوە كراوە بەبەرنامە كە بچێتە پەرلەمانی عێراق، یاسای هەڵبژاردنی ئەمجارە لەبەرژەوەندی حزبەكاندا نەبوو، بەڵكو لەبەرژەوەندی خەڵكدا بوو». كورد بەگشتی كورسییەكانی لە 58 كورسییەوە بۆ 64 كرسی زیاد كردووە كە بەم شێوەیەیە، پارتی 31 كورسی، یەكێتی 19، نەوەی نوێ 9، یەكگرتوو 4، كۆمەڵی دادگەری یەك كورسی. ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجومەنی كۆمسیاران پێشبینی ئەوەی كرد كە دەستوری عێراق بگۆڕێت و یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بكرێتەوە، وتیشی:»بڕیارە سەرژمێری بكرێت و دەستوری عێراق بگۆڕێت و یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بكرێتەوە، ژمارەی پێویستی دەنگ بۆ دەرچوونی كاندید زیاتر دەكات و بازنەكانیش دەبنە 201 یەك بازنە، ئەوكاتیش قورسایی پەرلەمانتار زیاتر دەبێت و خەڵكیش سودی زیاتر لەهەڵبژاردن دەبینێت». زیاتر لە سێ هەزارو 200 كاندید پێشبڕكێییان بۆ 329 كورسی پەرلەمانی عێراق دەكرد لە10 ی ئۆكتۆبەری 2021 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زیاترلە سێ هەزارو 200 كاندید پێشبڕكێیان بۆ 329 كورسی پەرلەمانی عێراق دەكرد، لەوانەش 789 كاندیدیان سەربەخۆ بوون، لە 83 بازنەی هەڵبژاردندا زیاتر لە 22 ملیۆن كەس مافی بەشداریكردنیان هەبوو لەكۆی 24 ملیۆن و 29 هەزارو 927 هاووڵاتی عێراقی، بەڵام 9 ملیۆن و نیو دەنگدەر بەشدارییان كرد، كە دەكاتە 43٪ ی دەنگدەران. رێژەی بەشداری لەهەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراق كەمترین بەشداریكردنی هاووڵاتیانی عێراقی بوو لەدوای رووخانی رژێمەكەی سەدام حسێن لەساڵی 2003 دا. بەپێی ئامارە فەرمیەكان 24٪ی كاندیدانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق سەربەخۆبوون، كاندیدەكانیش بەسەر 21 هاوپەیمانیدا دابەش بوون كە لە 58 حزب پێكهاتبوون، لەكاتێكدا 160 حزب بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان كردبوو. لەكۆی 789 كاندیدی سەربەخۆ لەپەرلەمانی عێراق، زیاتر لە 40 كاندیدیان سەركەوتن بۆ پەرلەمان و یەكێكیشیان كوژرا، 10 پەرلەمانتاریشیان هاوپەیمانێتییان لەگەڵ چەند لیستێكی بچووك پێكهێنا، ئێستا ئەوەی ماوەتەوە 30 كاندیدی سەربەخۆیە كە هیچ كاندیدێكی كوردی تێدا نییە بەدەر لەو كاندیدە كوردەی لەكەركوك سەرەتا خۆی وەك سەربەخۆ ناساندو پاشان چووە پاڵ لیستی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان. ئەو هاوپەیمانی و حزبانەی زۆرترین سودیان لەكاندیدە سەربەخۆكان بینی، حزبە شیعەكان بوون، ئەوانیش هەریەك لە رێكخراوی بەدر كە لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەك بوون لەگەڵ هادی عامری و عەسائیبی ئەهلی حەق كە قەیس خەزعەلی سەركردایەتی دەكات، دوای ئەوانیش حزبە سونییەكان و حزبە كوردییەكان بوون كە كەمترین سودیان لەكاندیدانی سەربەخۆ بینی چونكە زۆربەی كاندیدەكانیان دەرنەچوون. لەخولی یەكەمی پەرلەمانی عێراق لەساڵی 2005 ژمارەی كورسیەكان (275) كورسی بووە، لەخولی دووەم لەساڵی 2010 ئەنجامدرا، ژمارەی كورسیەكان (325) كورسی بوو، لەخولی سێهەمیش لەساڵی 2014 ئەنجامدرا، ژمارەی كورسیەكان بووە (328) كورسی، لەخولی چوارەمیشدا لەساڵی 2018 ئەنجام درا، ژمارەی كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران (329) كورسی بوو، لەخولی پێنجەمیش ژمارەی كورسیەكان وەك خۆیان مانەوە.
عەمار عەزیز كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات لەڕێگەی بیلاڕوسیا راگیراوە ئەوەش بەهۆی قەدەغەكردنی گەشت بۆ ئەو وڵاتەو تائێستا زیاتر لە دوو هەزار كۆچبەر گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان كە لەنێویاندا 300 كۆچبەری خەڵكی دهۆكی تێدایە. دوای گەیشتنی لێشاوی كۆچبەران بۆ وڵاتی بیلاڕوسیا، كێشە كەوتە نێوان پۆڵەنداو بیلاڕوسیاو یەكێتی ئەوروپاش داوای راگرتنی كۆچبەرانیان دەكردو بەو هۆیەوە هێزێكی زۆری پۆڵەندا لەسەر سنورەكان جێگیربوون و رێگەیان نەدا كۆچبەران لەبیلاڕوسیاوە بپەڕنەوە بۆ پۆڵەنداو لەوێوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا. حكومەتی عێراق بڕیاریدا چەند فرۆكەیەك بنێرێت بۆ بیلاڕوسیا بۆ گەڕانەوەی كۆچبەران و تائێستا زیاتر لەدوو هەزار كۆچبەری كورد گەڕاونەتەوە شارەكانی هەرێمی كوردستان. خێرو حەسەن كالو ، خەڵكی ناحیەی گرعوزێرە ، ماوەی حەوت ساڵە لەكەمپی كەبەرتووی سەر بەشاری دهۆك دەژی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « لە 20ی ئەیلولی ئەمساڵ لەگەڵ چوار خێزانی تری ئێزیدی لەدهۆكەوە بەڕێكەوتوون بۆ ئەستەمبۆڵ، دواتر بەفرۆكە گەیشتینە شاری مینسك پایتەختی بیلاڕوسیا، چەند رۆژێك لەئوتێلێكی ئەو شارە ماینەوە ئێنجا لەڕێگای تەكسی بەڕێكەوتین بۆ سەر سنوری پۆڵەندا». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد بەپیادە سێ شەوو رۆژ بەردەوام بەپیادە رویشتوون، بەڵام هەوڵیاندا سنوری تەلبەندكراوی بیلاڕوسیا ببڕن و لەلایەن پاسەوانانی پوڵەنداوە دەستگیركراون. خێزانەكەی خێرو لەگەڵ دەیان خێزانی تر دەكەونە سنوری نێوان بیلاڕوسیا و پۆلەندا لەوێ گیردەخۆن نە بیلاڕوسیا رێگەی گەڕانەوەیان پێدەدات بۆ مینسك نە پۆلەندا رێگەدەدات خاكی وڵاتەكەی بەرەو ئەڵمانیا بەكاربهێنن، وتیشی:»هەفتەیەك لەو شوێنەدابووین، دوای ئەوە بۆ هەر نەفەرێك 100دولارمان دەدا بەپۆلیس تا رێگەیاندا بگەڕێنەوە بیلاڕوسیا «. خێرو حەسەن، سێ منداڵی هەیە لەهەموویان گەورەتر نۆ ساڵە لەگەڵ هاوسەرەكەی و دایكی رویشتبوون بۆ بیلاڕوسیا لەنێوان مردن و ژیان ناچاربوون بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان. رێككەوتنی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ بیلاڕوسیا وای كرد كە فرۆكەی عێراقی بگاتە مینسكی پایتەختی بیلاڕوسیا بۆ گەڕانەوەی كۆچبەران. بەیار دۆسكی، بەرپرسی سەنتەری گەشەپێدانی دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « دوای ئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتن لەسەر گەڕانەوەی كۆچبەرانی بیلاڕوسیا نزیكەی 300 پارێزگای دهۆك لەبیلاڕوسیایەوە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، لەهەمانكاتدا كۆچكردنی گەنجان و خەڵكی دهۆك بەشێوەیەكی گشتی رانەوەستاوەو بەردەوامە، بەڵام بەهۆی قەدەغەكردنی گەشت بۆ بیلاڕوسیا و نەبوونی ڤیزە بۆ ئەو وڵاتە رێژەی كۆچكردن زۆر كەمبووتەوە». لەئێستادا لەفرۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیاو سوریا گەشتكردن بۆ بیلاڕوسیا قەدەغەكراوە. بەیار دۆسكی پێشیوابوو كە ئێستا هیچ كەسێك بە رێگای فرۆكە ناتوانێت بچێتە بیلاڕوسیا، بەڵام ئەمە چارەسەری كێشەكە ناكات، بەڵكو دابینكردنی هەلی كارو چارەسەركردنی كێشەكان وادەكات خەڵك چیتر بیر لەكۆچكردن نەكاتەوە، وتیشی:» تا ئەم كێشانە لەبنەڕەتەوە چارەسەر نەكرێن خەڵك هەر كۆچ دەكات ، بۆ بیلاڕوسیا قەدەغەكراوە بەڵام خەڵك كۆچ بۆ هەندێك وڵات و شوێنی تر دەكات «. هاووڵاتیەكی دهۆك پێش ئەوەی كۆچ بكات خاوەن فڕنێكی تایبەت بوو بە دروستكردنی سەمون، رۆژانە بەلایەنی كەمەوە 100 هەزار دیناری دەستدەكەوت، بەڵام بەوتەی خۆی نادادوەری كۆمەڵایەتی و كۆمەڵێك هۆكاری تر وایكردووە كۆچ بكات بۆ بیلاڕوسیاو هێشتا ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان. وەلید موحەمەد موسا ، خەڵكی شاری دهۆكە، تەمەن 48 ساڵ ، خاوەنی سێ منداڵە ، ساڵێك پێش ئێستا هەرێمی كوردستانی بەجێهێشتووە و نزیكەی مانگێكە گەیشتبووە بیلاڕوسیا، ئێستا لەگەڵ خێزانەكەی و منداڵەكانی لەئوتێلێكی شاری مینسكی سەر بەبیلاڕوسیا دەژین، رۆژانە تەنها بۆ مانەوەیان لەئوتێل 100 دولار دەدات جگە لەكڕینی خواردن و زۆر پێداویستی تر . وەلید موحەمەد موسا ناوەرۆكی چیرۆكی خۆی دەگێڕێتەوە و وتی: « من و خێزانەكەم لە 29ی ئەیلولی 2020 دهۆكمان بەجێهێشت، سەرەتا چووینە ئەستەمبۆڵ و دواتر بۆ وڵاتی یۆنان ، لەماوەی ساڵێكدا چوار جار لەلایەن بەرپرسانی یۆنان دەستگیركرام، بەڵام هەر كۆڵمان نەدا بڕیارمان دابوو بەهیچ شێوەیەك نەگەڕێینەوە كوردستان، دوای ساڵێك و لەمانگی تشرینی یەكەمی 2021 گەیشتینە بیلاڕوسیا». «لە رێگاداو تاگەیشتینە بیلاڕوسیا دیمەنی یەكجار ناخۆش و ئازارم بینیوە كە هیچ جارێك لەژیانمدا ئەو دیمەنانەم نەبینیبوو ، كاتێك بڕیارماندا هەرێمی كوردستان بەجێبهێلین وتمان هەرشتێك بەسەرماندا بێت ناگەڕێینەوە، بۆیە برسیەتی و ئازاری زۆرمان بینیوە، ئێستاش لەئوتێلێكی شاری مینسك دەژین كەتەنها یەك رۆژ بۆ من و هاوسەرم و منداڵەكانم 100 دولار دەدەین جگە لەخواردن و پێداویستی تری رۆژانە «. لەشاری دهۆك وەلید خاوەن فڕنێكی تایبەت بوو بەدروستكردنی سەموون و وەك خۆی دەڵێت رۆژانە نزیكەی 100 هەزار دیناری عێراقی دەستكەوتووە. «سەمونخانەكەم لەدهۆك بەناوبانگ بوو، رۆژانە نزیكەی 100 هەزار دینارم قازانج دەكرد، هەندێك رۆژ دەگەیشتە 200 هەزار دینار، لەشەڕی داعش رۆژانە بەئۆتۆمبێلی خۆم سەموونم دەبردە میحوەركانی پێشمەرگە، هەمووشی بەخۆبەخشی و یەك دینارم وەرنەدەگرت، كە شەڕ تەواو بوو تەنیا هەندێك سوپاسنامەم وەگرت ، بەڵام كۆمەڵێك كەس كە هیچیان نەكردبو تەنیا لەمیحوەرەكانی شەڕ وێنەو سێڵفییان دەگرت پارچەزەوی و دەیان ملیۆن دیناریان وەرگرت». یەكێك لەمنداڵەكانی وەلید تووشی نەخۆشی ئۆتێزم بووە بۆ چارەسەركردنی منداڵەكەی سەردانی دەیان بەرپرسی كردووە بەڵام هیچ كەسێك هاوكاری نەكردووە و تەنانەت ڤیزایەكیشیان بۆ نەكردووە ، وەلید وتی:»منداڵێكم نەخۆشی ئۆتێزمی هەیە، لەهەرێمی كوردستان بردوومەتە دەیان سەنتەر و شوێن، بەلڵام چارەسەر نەبووە، دواینجار پێویست بوو لەسەنتەرێكی دەرەوەی وڵات چارەسەر وەربگرێت، لەدڵی خۆمدا وتم دوای ئەوەندە ساڵە كە من خزمەتی پێشمەرگەم دەكرد سەردانی هەر شوێنێك بكەم هاوكاریم دەكەن بەڵام وا دەرنەچوو، هیچ كەسێك هاوكاری نەكردم ، بۆیە بڕیارماندا كوردستان بەجێبهێڵێن». وەلید ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هەموو كەسێك حەزدەكات لەوڵاتی خۆی بژی، بەڵام ژیان لەكوردستان نەماوە و چیتر ناتوانن لێی بژین، ئەو شوێنەی كە منی لێم نزیكەی 15 هەزار كۆچبەری عێراقی و هەرێمی كوردستانن، هەر یەكێكیان هەزاران دۆلاریان خەرج كردووە و پارەی خۆیان بردووە بۆ دەرەوەی وڵات لەپێناو ئەوەی دەست بەژیانێكی نوێ بكەنەوە ، هەرگیزو بەهیچ شێوەیەك ناگەڕێمەوە كوردستان «. وەلید قسەكانی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم لەسەر هۆكارەكانی رۆیشتنی گەنجان بۆ بیلاڕوسیا رەتدەكاتەوە و لەمبارەیەوە دەڵێت: « ئەو قسانەی بەرپرسانی هەرێم كردوویانە لەسەر هۆكارەكانی رۆیشتنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات راست نین، لەبەر پەكەكە یان فێڵ لەئێمە كرابێت ئەوە راست نیە، هیچ كەسێك فێڵی لەئێمە نەكردووە بەئارەزوی خۆمان روومان لەدەرەوە كردووە، ئەوانەی هاتوونەتە بیلاڕوسیا هەموویان لەپێناو خۆشكردنی ژیانی خۆیان و منداڵەكانیان هاتوون، هیچ ئایندەیەك لەهەرێمی كوردستان نییە».
هاوڵاتى ئهنجومهنی دادوهری ههرێمی كوردستان فهرمانیدا به دامهزراندنی 47 دادوهری نوێ بۆ دادگاكانی ههرێمی كوردستان. لهو فهرمانهدا ئاماژه به بڕیاری ئهنجومهنی دادوهری ژماره (71 له 1ى 12ى 2021)و پشت بهفهرمانی ههرێمی ژماره (272)ی ساڵی 2021 و به پێی نوسراوی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان / دیوان ژماره (د-1099 له5ى 9ى 2021) و به دیكردنی گشت مهرجهكانی یاسایی، بڕیاردراوه به دامهزراندنی 47 دادوهر بۆ دادگاكانی تێههڵچونهوهی ههولێرو سلێمانی و دهۆك و كهركوك-گهرمیان". ئهوهش ڕونكراوهتهوه، دامهزراندنی ئهو دادوهرانه دوای تهواوكردنی خولی سێیهمی پهیمانگهی دادوهریه كه ژمارهیان (47)هو دوای ڕێوڕهسمی سوێندخواردنیان لهبهردهم سهرۆكی ئهنجومهنی دادوهری، لهو شوێنانهی كه بۆیان دهستنیشانكراوه دهستبهكاردهبن.
عەمار عەزیز دوو مانگێك پێش ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لیژنەیەكی تایبەتی لەبارەی بووتڵەكانی ئۆكسجین پێكهێنا، دوای كۆتایی هاتنی بەدواداچوونەکان، لیژنەكە ئاشكرایان كرد كە لەسەدا 80%ی بووتڵی ئۆكسجینی نەخۆشخانەكانی سنوری پارێزگاكە بەكەڵكی بەكارهێنان نایەت . عەبدولسەمەد تێلی عومەر، سەرۆكی ئەو لیژنەیە كە بەدواداچوونی بۆ بووتڵی ئۆكسجین كردووە لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى، ئاماژەی بەوەكرد كە دوو مانگ پێش ئێستا هەندێك لە هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكیان ئاگاداركردەوە لەسەر بابەتی خراپی و كۆنی بووتڵی ئۆكسجین، ئەویش لە رێگای چەند ڤیدیۆو زانیاری ورد ، دوای ئەوە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لیژنەیەكی سێ كەسییان پێكهێنا تا بەدواداچوون لەسەر بابەتەكە بكەن. عەبدولسەمەد تێلی عومەر وتیشی:» سەردانی چەند نەخۆشخانەیەكی وڵاتی توركیامان كرد تا بزانین ئەوان چ جۆرە بووتڵێك بەكاردەهێنن و چۆن ئەو بووتڵانە پڕدەكەن و بەراوردییەك لەگەڵ نەخۆشخانەكانی خۆمان بكەن، لەدەرئەنجامی راپۆرتەكە ئەوەمان بۆ ئاشكرا بوو كە 80%ی بووتڵی ئۆكسجینی نەخۆشخانەكانی سنوری پارێزگای دهۆك بەكەڵكی بەكارهێنان نایەت، ئەوەش لەبەر دوو هۆكار ، یەكەم ئەو بووتڵانە زۆر كۆنن كەزیاتر لە 15 ساڵە بەكاردەهێنرێن، دووەم لەهەندێك بووتڵدا نزیكەی یەك كیلۆی ژەنگی تێدابووە. سەرۆكی ئەو لیژنەیە پێشیوابوو كە هەر بووتڵێك بۆماوەیەكی دیاریكراو بەكاردەهێنرێت نابێت تا هەتا هەتایی هەر ئەو بووتڵانە بن ، لەوڵاتانی دەرەوە پێش ئەوەی بۆتڵێك پڕبكەن لە ئۆكسجین پشكنین بۆ بووتڵەكە دەكەن، بەداخەوە هەمان ئەو بووتڵەی بۆ ئۆكسجین بەكاردەهێنرێت بۆ شتی دیكەش بە نموونە كاری لەحیمچی كەئەوەش بەڕاستی كارەساتە. عەبدولسەمەد تێلی عومەر وتیشی: « خۆشبەختانە كێشەی كەمی ئۆكسجینمان نیە، بەڵام پێویستمان بەوە هەیە كە ئەو بووتڵانە بگۆڕدرێن ، بەپێی بەدواداچوونەكانمان بۆ گۆڕینی تەواوی بووتڵەكان پێویستە بڕی 15 دەفتەر دۆلار دابین بكرێت كە ئەمەش بڕە پارەیەكی زۆر كەمە لەبەرامبەر گیانی مرۆڤ، ناتوانم بڵێم بەهۆی ئەو بووتڵانە رێژەی مردن بەكۆرۆنا لە دهۆك زیاد بووە، بەڵام ئەو بووتڵانە كێشەی زۆری بۆ نەخۆش دروستكردووە، لەهەندێك بووتڵ ئۆكسجین وەكو پێویست بۆ نەخۆش نەچووە». سەرۆكی لیژنەكە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پێویستە ئەو بووتڵانە لەناو ببرێن و هەندێكی تر ئامادەبكرێن بۆ نەخۆش، وتیشی:» ئەگەر بەزووترین كات ئەم كارە نەكرێت ئەوا لەئاییندەدا كێشەیەكی زۆر بۆ نەخۆشخانەكان و نەخۆش دروستدەكات».
هاوڵاتى بهڕێوهبهرى تهندروستى سلێمانى رایگهیاند :"یاداشتێكمان بهوهزارهتو ئهنجومهنى وهزیرانیش داوهو مهترسیهكانى دۆخى تهندروستى سلێمانیمان پێڕاگهیاندون". دهشڵێت:"ئهو كۆمپانیایانهى دهرمانیان بۆ دههێناین ئێستا بۆمان ناهێنن، لهبهرئهوهى شایسته داراییهكانیان پێنادرێت". سهباح ههورامى بهڕێوهبهرى تهندروستى سلێمنى لهكۆنگرهیهكى ڕۆژنامهوانیدا رایگهیاند :"ئهو كێشهو گرفتانهش وایانكردوه، خزمهتگوزارى تهندروستى دابهزێت لهپارێزگاكهمانو نهتوانین وهك پێویست خزمهتى خهڵك بكهینو ئهوهش ڕاستهوخۆ كاریگهرى لهسهر ژیانو تهندروستى خهڵك دروستبوه، لهو ڕوهوه داوامان لهحكومهتى ههرێمى كوردستان كردوه بهزوترینكات ئهو كێشانهمان بۆ چارهسهربكات". مهترسیهكى لهسهر سلێمانیش ئاشكراكردو ڕایگهیاند، "ئهو كۆمپانیایانهى دهرمانیان بۆ دههێناین ئێستا بۆمان ناهێنن، لهبهرئهوهى شایسته داراییهكانیان پێنادرێت، بۆ نمونه ئێستا نهخۆشخانهى قهستهرهى سلێمانى پێویستى بهدهرمانو موادى پزیشكى ههیه، لهبهرئهوهى كۆمپانیاكه دوو ملیار دینارى لاى حكومهتهو وهرینهگرتوه، چیتر ئامادهنییه دهرمان بدات بهبهشى قهستهرهى سلێمانى". ئاشكراشیكرد، "ئهو نهخۆشخانهیهى حكومهتى ئهڵمانیا تێچوى دروستكردنهكهى گرته ئهستۆ، مانگى داهاتوو بهڕوى هاوڵاتیاندا لهسلێمانى دهكرێتهوه". ئاماژهى بهپرسى ستیكهرهكانى دهرمان كرد كه بڕیاردراوه بدرێت بهكۆمپانیاى كهرتى تایبهت، لهو ڕوهشهوه سهباح ههورامى ئاشكرایكرد، "بهڕێوهبهرایهتیهكى گشتى لهههولێر ههیه كه سهر بهوهزارهتى تهندروستیهو پێى دهوترێت كهم ئێم سى كه سهرپهرشتى مهلهفى دهرمان دهكات، بهڕاستى من ئاگام لێى نییه، ڕاسته بۆیان ناردومو بینیومه، بهڵام ئهوه دهبێت وهزارهتى تهندروستى وردبینى تێدابكات، لهگهڵ ئهوهش ئێمه بۆخۆمان تێبینیمان لهسهر ئهو دهزگایه ههیه". وتیشى:"تهمهننا دهكهین جهنابى وهزیرى تهندروستىو ئهنجومهنى وهزیران بهزوترینكات وردبینى لهكارهكانى ئهو دهزگایهدا بكهن بۆ ئهوهى كێشهى دهرمان كه تائێستا چارهسهرنهبوهو كێشهیهكى گرنگهو دهبوایه ئهم دهزگایه چارهسهرى بكردایه، بهزوترینكات حكومهتى ههرێم چارهسهرى بكات". چهند زانیاریهكى گرنگى ئاشكراكردو هۆشداریشیدا لهوهى، "دهرمانى تهزویر لهبازاڕدا بونى ههیه، دهرمانى قاچاخ لهبازاڕدا ههیه، ناجێگیریی لهنرخى دهرماندا ههیه، خهڵك پارهیهكى زۆر دهدات بهدهرمان، فهرقو جیاوازیهكى زۆر دهكرێت لهنێوان كۆمپانیاكان بۆ هاوردهكردنى دهرمان، واته ههندێكیان هاوكاریی دهكرێنو ههندێكیشیان ناكرێن".