هاوڵاتى هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند:" رۆژی سێشەممە لە گوندێکی سنووری دێرەزوور، لە نزیک سنووری عێراق، مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا".  ​ئەمڕۆ چوار شەممە 8ی كانوونی یه‌كه‌می 2021،  هاوپەیمانی نێودەڵەتی دژی داعش لە تویتێکدا ڕایگەیاند:" پابەندین بە "لەنێوبردنی داعش". دەشڵێت:"هاوبەشییە بەردەوامییەکەی ئێمە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ ئەو هەوڵانە گرنگە." لە مانۆڕەکەدا چەندین چەکی قورس و سووک بەکارهێندران، لەوانەش زریپۆش، تۆپ و چەکی دژە تانک. رۆژی دووشەممەش ئەمریکا شەش زرێپۆشی جۆری (ئێم توو بڕادلی) ناردنە بنکەی سەربازیی رمێلان. 

هاوڵاتى مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ھەولێر پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەفدێكی سەربازی یاوەری کرد.  بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی وێڕای بەخێرهاتنی مستەفا کازمی ووەفدی یاوەری بۆ هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ کران. هەروەها جەخت لە گرنگی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و گەشەپێدانی بارودۆخی ئابووری و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا.  لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، گفتوگۆ لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی داعش و گرنگیی چڕکردنەوەی  هەوڵ و تواناکان و بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا لە پێناو کۆتاییهێنان بە هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش. هاوکات ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ کێوماڵکردنی چەکدارانی داعش دەستی پێکرد، ئۆپەراسیۆنەکە لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، هێزەکانی پێشمەرگە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لە میحوەری گەرمەسێرەوە هەریەک لە لیواکانی 3 و 5ی پیادە و لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە لیواکانی 9 و 17ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ چەند یەکەیەکی هێزەکانی70 بەشداریی تێدا دەکەن.

سەركۆ جەمال جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم دەڵێت: هاوپەیمانان دووربینی حەرارییان داوە بەپێشمەرگە، بەڵام بەكەڵك نایەت، داعش لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، چوار جار هێرشیكردووەتە سەر ناوچە كوردنشینەكان و پێشمەرگە لەكەركوك و چەند ناوچەیەكی دیكەو بەهۆیەوە 22 پێشمەرگەو چەند هاووڵاتییەك شەهیدبوون و چەندین پێشمەرگەو خەڵكی مەدەنی دیكەش برینداربوون، ئەوەش كاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە. رۆژی 2/11/2021، چەكدارانی داعش پەلاماری گوندی «خدرجیجە»یان دا كەدەكەوێتە بناری چیای قەرەچوغی سەر بەقەزای مەخمووری پارێزگای هەولێر، لەئەنجامدا 13 پێشمەرگە شەهیدبوون، كە سێ لەشەهیدەكان برا بوون. پێشتریش لەشەوی 27ی مانگی رابردوو، لەناحیەی كوڵەجۆی گەرمیان داعش هێرشیكردەسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لەكاتێكدا یارمەتی بۆ هێزەكان رۆشتبوو بۆمبێك بەئۆتۆمبێلێكی پێشمەرگەدا تەقییەوەو پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون. هەروەها لە 29ی مانگی رابردووشدا، لەسنووری كفری لەلایەن چەكدارانی داعش هێرشكرایە سەر هێزەكانی پێشمەرگە و لەئەنجامی هێرشەكەشدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون. لەماوەی دوو هەفتەدا داعش چوارجار هێرشی بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و ناوچە كوردییەكان لەسنووری ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامداوە، لەچوار هێرشەكەدا 22 پێشمەرگە شەهیدبوون و 15 پێشمەرگەش برینداربوون، جگە لەشەهید و برینداربوونی چەند هاووڵاتییەكی مەدەنی. لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هەندێك كەلوپەلی سەربازی پێویستە بۆ شەڕی دژی داعش كێشەی كەمیی ئەو كەلوپەلانە هەیە، بەڵام كەمیی چەك بوونی نییە، ئەوەی پەیوەستە بەوەزارەت لەئۆتۆمبێلی سەربازی و چەكدا كەموكورتیمان نییە». هەروەها وتیشی:» شەڕی ئێستا پێویستی بەهەندێك تەكنەلۆجیای سەربازی پێشكەوتوو هەیە، تەنها دووربینی حەراری نییە كە پێشمەرگە پێویستیەتی، ئەو چەك و پێداویستیانەش وەكو پێویست دەستناكەوێت، زۆر شتی دیكەش هەیە كە نییە، بەڵام لەبەر باری ئەمنیی ناكرێت بووترێت، بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش پێویستمان بەهەندێك تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو هەیە كەدەبێت حكومەتی هەرێم بێتە سەرخەت و دابینی بكات». جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە دەشڵێت:»چەندین جار داوای دووربینی حەراریمان كردووە، هەرچەندە پێشتر هاوپەیمانان بۆی هێناین بەڵام بێ كەڵكە، ناتوانی 10 مەتری پێ ببینی لەو ناوچانەی پێشمەرگەی تێدایە، پێویستە بینینەكەی كیلۆمەترێك كەمتر نەبێت». «دووربینی حەراری جۆری زۆرە، لەسەر چەك هەیە جێگیر هەیەو جوڵاویش هەیە، بەڵام ئایا ئێمە هەموویمان هەیە نەخێر نیمانە، جگە لەوەش هەندێك دووربینی حەراری لەتوانای حكومەتی هەرێمدا نییە، رەنگە نەهێڵن بگاتە دەست پێشمەرگەو لەڕووی ئەمنییەوە قەدەغەی لەسەرە»، لیوا قارەمان وای وت. لیوا قارەمان ئەوەشی خستەڕوو كەهاوپەیمانان هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر داعش رانەگرتووە، ئەو شەوەی لەكوڵەجۆ شەڕ روویدا هاوپەیمانان فڕۆكەیان هەستاندووە، هەركاتێك پێشمەرگە و سوپای عێراق داوا بكەن هاوپەیمانان فڕۆكە هەڵدەستێنن دژی داعش. پێشمەرگەیەك: چەكی قورسمان «بی كەی سی»یە رێكان تاریق، یەكێكە لەو پێشمەرگانەی لەسنووری ناوچەكانی شەڕ لەگەڵ داعش یەكەكەیان جێگیربووە، بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە داعش تاكتیكی شەڕی گۆڕیوە و شەڕی پارتیزانی دەكات، لەڕەبیەیەك دەدات و دەگەڕێتەوەو زیاتر لەنزیك پردێ و كفری و قەرەچوغ پەلامار دەدەن یا لەچەم و ژاژو قامیشەڵانەكاندا. ئەو پێشمەرگەیە باسی لەوەشكرد كە لەڕووی چەكەوە ئەو باشە نین، چەكی قورسیان پێ نییە، وتیشی:» رەبایەكانیشمان باش نییەو نزمە، چەندین جار داوای دابینكردنی پێداویستییەكانمان كردووە بەڵام بەدەممانەوە نەهاتوون، جگە لەوەی چەكی قورسمان (بی كەی سی)یە». هەروەها كۆسرەت مەدحەت، لەسنوری داقوق پێشمەرگەیە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو چەكانەی قورسن و بەكەڵك دێن لەلای هێزەكانی 70 و 80 ن كەهێزی تایبەتی یەكێتی و پارتین، تەنانەت هەموو ئۆتۆمبێلە چاكەكان كەزۆربەیان درعن لەلای ئەو هێزانەن، ئێمەش ئۆتۆمبێلەكانمان بەرگەی بۆمبێكی چێندراو ناگرێت و ژیانی خۆشمان دەكەوێتە مەترسییەوە». رۆژی دووشەممە، 6/12/2021 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی سەربازی كرد كەتیایدا جێگرانی سەرۆك، وەزیرانی پێشمەرگەو ناوخۆ، فەرماندەی یەكەكانی حەفتاو هەشتاو فەرماندە باڵاكانی پێشمەرگە و بەرپرسی میحوەرەكان بەدرێژایی بەرەكانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا، بەشداربوون. جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیە بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كەدۆخی سەربازی و بەرەكانی بەرگری هەڵسەنگێنران و تیایدا فەرماندەی میحوەرەكان پوختەیەكیان دەربارەی دوایین پێشهاتەكانی بەرەكان و پێداویستییەكانیان خستەڕوو، وەز‌یری پێشمەرگەش باسی لەپلان و وردەكاریی هەنگاوەكانی وەزارەت بۆ چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و پێداویستییە سەربازییەكان كردووە. جەبار یاوەر وتیشی: «وەك لەڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی پێكراوە نێچیرڤان بارزانی فەرمانیدا بەپەلە پێداویستییە خێراكان، بۆ داهاتووش پێداویستییەكانی دیكەی پێشمەرگە دابین بكرێن و فەرماندەو لایەنە پەیوەندارەكانی راسپارد بەخێرایی دۆخی بەرەكان و خاڵەكانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان رێكبخرێنەوە و كەموكوڕیی و كەلێنەكان پڕ بكرێنەوە». وەزیری پێشمەرگە داوایكردووە هاوكاریەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە فراوانتر بكرێت پێش كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ وەزیرو فەرماندەكانی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كۆلۆنێل دۆگڵاس بەرپرسی تیمی هاریكاری ئاسایشی ئەمریكا لەهەرێم كۆبووەوە، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، تاووتوێی دوایین پەلامارە تیرۆریستیەكانی داعشیان لەناوچە جیاجیاكان كردووە. لەبەرامبەر هەڕەشەكانی ئێستای داعش، وەزیری پێشمەرگە داوای كردووە قەبارەو جۆری هاوكارییەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە فراوانتر بكرێت. لەلایەن خۆشیەوە بەرپرسی تیمی ئۆفیسی هاریكاری ئاسایشی ئەمریكا لەهەرێم، پشتگیری و بەردەوامی هاوكارییەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتكردووەتەوە. رێكخراوی چەكداریی داعش لەساڵی 2014 توانیان دەست بەسەر رووبەرێكی فراوان لەخاكی سوریا و عێراقدا بگرن، دواتر بەهاوكاری ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەساڵی 2017 حكومەتی عێراق شكستپێهێنانی گروپەكەی لەخاكی عێراق راگەیاند، لەكۆتایی مانگی 3ی 2019ش دوایین پێگەی چەكدارانی داعش لەسوریاو بەدیاریكراوی لەناوچەی باغۆز لەلایەن شەڕڤانانی كوردو بەهاوكاری هاوپەیمانان كۆنترۆڵكرا.

هاوڵاتى سه‌رۆکی دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ئه‌وه‌ دووپات ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌سه‌ره‌تاى ساڵى نوێى 2022 ده‌رماڵه‌ بۆ خوێندکاران خه‌رج ده‌کرێت. حکومه‌تى هه‌رێم مانگانه‌ بڕى حه‌وت ملیار دینارى بۆ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ته‌رخان کردووه‌ که‌ بۆ پاڵپشتى داراییه‌و تێیدا ده‌رماڵه‌ بۆ خوێندکاران جێگیر کراوه‌.  دکتۆر توانا نه‌جه‌ف، سه‌رۆکی دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای حکومه‌تی هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ک خه‌رج بکرێت پێویسته‌ رێنمایى دارایى له‌ پشته‌وه‌ بێت، بۆ سه‌رجه‌م خه‌رجیه‌کان به‌ ده‌رماڵه‌شه‌وه‌، که‌واته‌ کۆتا رێنمایى دارایى که‌ تا ساڵى 2014 کارى پێکراوه‌ و وه‌ستێنراوه‌، هه‌ر ئه‌و رێنماییه‌ داراییه‌ هه‌یه‌". توانا نه‌جه‌ف، ئاشکراشى کرد:" که‌ له‌ ساڵى نوێى 2022 واتا له‌ 1ى 1ى ساڵى داهاتوو ئه‌م بریاره‌ کارى پێده‌کرێت".  

  هاوڵاتى فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پەیامێکی لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و گوندە کوردستانییەکان بڵاوکردەوە و  داوای "یەکێتی نەتەوەیی" کرد. مەزڵووم كۆبانێ‌، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ سێشەممە 07-12-2021 لە پێگەی خۆی لە تویتەر، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕیوە و نووسیویەتی: "ئێمە جەخت لە بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاوکاری ئەمنی و سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دەکەینەوە". فەرماندەی گشتیی هەسەدە یەکڕیزی نیشتیمانی بە "پێویستییەکی ستراتیژی"بۆ ئەم دۆخە ناوبردووە. لە ماوەی هەفتەیەکدا چەکدارانی داعش لە گەرمیان و مەخموور و پردێ پێنجار هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و گوندە کوردستانییەکان، بەو هۆیەوە 25 پێشمەرگە و هاونیشتمانی شەهیدبوون.

هاوڵاتى له‌ هێرشێكی ئاسمانی فڕۆكه‌كانی توركیا، ئۆتۆمبێلێكی سه‌ركرده‌یه‌كی یەپەشە له‌ ناوچه‌ی خانه‌سۆری سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سنونێ له‌ قه‌زای شنگال كرایه‌ ئامانج و گیان له‌ده‌ستدانی سه‌ركرده‌كه‌ی یەپەشەش راگه‌یه‌ندرا.  پێگه‌ی فه‌رمی دژەتیرۆری کوردستان، رایگەیاند:" کەمێک پێش ئێستا لە ئاکامی بۆردومانی فڕۆکەی جەنگی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە کۆمەڵگەی خانەسۆر لە شنگال، بەرپرسێکی سەربازیی یەپەشەی سەر پەکەکە بە ناوی (مەڕوان بەدەل حاجی) ناسراو بە (دژوار) گیانی له‌ ده‌ستدا.

هاوڵاتى وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:" پێشبینی دەکەم نرخی نەوتی خاو بۆ سەرووی 75 دۆلار بەرزببێتەوە".  ئه‌مڕۆ سێشەممە 7ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمی عێراق رایگەیاند: " پێشبینی دەکەم نرخی نەوتی خاو بۆ سەرووی 75 دۆلار بەرزببێتەوە، چونکە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی خاو-ئۆپێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بازاڕی وزە دەدات بەشێوەیەکی ئەرێنی". ئیحسان عەبدولجەبار لەبارەی گرێبەستەکەی کۆمپانیای تۆتاڵ وتی: "هیچ گوشارێکی سیاسی لە پشتی واژووکردنی گرێبەستی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی نییە، گرێبەستەکەش گازی عێراقی بە بارمتە نەداوەتە تۆتال". وەزیری نەوتی عێراق پێیوایە پرۆژەکەی تۆتال هەموو کێشەکانی پیشەسازیی نەوت لە عێراق چارەسەر دەکات، بەڕادەیەک تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 سووتاندنی گازی هاوەڵ لە کێڵگەکانی باشووری عێراق بە رێژەی 90٪ کەمدەبێتەوە. سەبارەت بە کشانەوەی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل لە کێڵگەکانی باشووری عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار وتی: "کشانەوەی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی لە عێراق بڕیارێکی ستراتیژی بوو، لەگەڵ ئەوەش ئێستا بەسرە رۆژانە 3 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت". ئیحسان عەبدولجەبار ئاماژەی بە بەرهەمهێنانی کارەبا دا و وتی: "پلانمان هەیە لە قۆناخی یەکەمدا 7.5 گێگاوات کارەبا لە وزەی پاک بەرهەمبهێنین، چونکە تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی پاک هێندەی سێیەکی تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە سووتەمەنییەکان، لە کاتێکدا عێراق ساڵانە پێویستی بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبایە بە بڕی 1500 مێگاوات بۆ دابینکردنی کارەبای پێویست". ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا، رەزامەندی دا بۆ واژووکردنی گرێبەست لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی بۆ جێبەجێکردنی چوار پرۆژەی گەورە؛ کە بریتین لە کۆکردنەوە و پاڵاوتنی 600 مەترسێجا گاز، پێشخستنی کێڵگەی ئەرتاوی لە باشووری عێراق، جێبەجێکردنی پرۆژەی گەورەی ئاو و دروستکردنی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر بە توانای بەرهەمهێنانی 1000 مێگاوات. بەڵام واژۆکردنی گرێبەستەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە.

هاوڵاتى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بڕی حه‌وت ملیار دیناری بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی به‌شه‌ناوخۆییه‌كانی خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكان له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان كرد. به‌پێی نووسراوێك كه‌ واژووی د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ره‌ تیایدا هاتووه‌: ئاماژه‌ به‌ نووسراوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، سكرتاریه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ژماره‌ 15262 له‌ 7ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌ 70ی ئه‌نجوه‌مه‌نی وه‌زیران به‌ ژماره‌ 121، له‌ 24ی تشرینی دووه‌می 2021، بڕیاردرا به‌: 1_ راسپاردنی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم به‌ خه‌رجكردن و پاڵپشتیه‌كی دارایی بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی وەک پێشینەی مانگانە به‌ بڕی حه‌وت ملیار و 250 ملیۆن دینار بۆ پاڵپشتی قوتابیان و خوێندكاران و چاره‌سه‌ركردنی به‌شه‌ناوخۆییه‌كان و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان 2_ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ئه‌م بڕیاره‌ له‌ 1-1-2022 جێبه‌جێ ده‌كات، بۆ ساڵی خوێندنی 2021_ 2022. ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌یه‌ خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێم خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و داوای دابینكردنی ده‌رماڵه‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی به‌شه‌ناوخۆییه‌كانیان ده‌كه‌ن.

  هاوڵاتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و جەخت لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی دەکەنه‌وه‌.  ئه‌مڕۆ سێشەممە 7ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا. بەپێی راگەیێنراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا وتوێژیان لەبارەی "هەڕەشە ئەمنی و دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کرد کە بنکەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاووڵاتییانیان کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگە و هاووڵاتى." لە راگەیێنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هاتووە "کازمی جەختی لەسەر پشتیوانیکردنی تەواوی هەوڵەکانی پێشمەرگە کرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، لەگەڵ هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هێزە چەکدارەکانی عیراقدا به‌ پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکه‌وه‌، بەتایبەتيش لە ناوچەکانی بۆشایيی ئەمنیی نێوان هەردوولادا." هەروەها مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیشی لەسەر پێویستیی کارکردن بۆ چالاککردنی لیژنە هاوبەشەکانی هەماهەنگی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا کرده‌وه‌ بۆ بەرپەرچدانەوە و دەرکردنی پاشماوەکانی داعش و بنەبڕکردنیان کە لەسەر عیراق و کۆی ناوچەکە بوونه‌ته‌ مه‌ترسى. وەک لە راگەیێنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد، تەواوی ئاماده‌يى هەرێمی کوردستانيشى بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقیەکاندا دووپاتكرده‌وه‌ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە."    

  هاوڵاتى   به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی هاوڵاتیان‌و شۆفێران ئاگادارده‌كاته‌وه‌ بەهۆی خۆپیشاندانی خوێندكارانەوە ژمارەیەك شەقام داخران و داوایان لێدەكات بە كارینەهێنن. ئاگادارییه‌ك له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی هاوڵاتیان‌و شۆفێران ئاگادارده‌كاته‌وه‌، له‌ئێستادا ئه‌م شه‌قامانه‌ به‌ڕووی هاتوچۆی شۆفێراندا داخراوه‌: - شه‌قامی سلێمانی – ڕاپه‌ڕین به‌رده‌م كه‌مپی نوێی زانكۆی سلێمانی هه‌ردوو سایدی هاتن‌و ڕۆشتن. - شه‌قامی به‌رده‌م په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی سلێمانی له‌به‌ختیاری. - شه‌قامی كاوه‌‌و مه‌جید به‌گ بۆ كه‌مپی كۆنی زانكۆی سلێمانی. - شه‌قامی قوله‌ڕه‌یسی گرفتی هه‌یه‌‌و لۆدێكی زۆری تێدایه‌. داوا له‌شۆفێران ده‌كه‌ین ئاراسته‌كانیان بگۆڕن‌و به‌و ڕێگایانه‌دا هاتوچۆ نه‌كه‌ن، تاوه‌كو نه‌كه‌ونه‌ لۆد‌و قه‌ره‌باڵغییه‌وه‌‌و هه‌روه‌ها ئه‌و شۆفێرانه‌ی كه‌ له‌تاسڵوجه‌‌و ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت بێنه‌ ناو سه‌نته‌ری شار، ده‌توانن ڕێگه‌ی گه‌ڕه‌كی زانكۆ – به‌كره‌جۆ به‌كاربهێنن. به‌هیوای سه‌لامه‌تی بۆ هه‌مووان..

  هاوڵاتى وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند:" بە مەبەستی دوو کۆبوونەوەی جیای سەربازی و هەواڵگری، وەفدێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، بە سەرۆکایەتی  جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەت، بەرەو بەغدا بەرێکەوت. بەپێی راگەیێندراوەکە، بڕیارە دوو کۆبوونەوەی جیا لە نێوان هەواڵگریی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە و هەواڵگریی بەرگریی عێراق لە  فەرماندەیی ئۆپەراسێۆنە هاوبەشەکان بەڕێوەبچێت. هەر بەپێی راگەیێندراوەکە  بڕیارە لە نێو باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەمینداری گشتیی وەزارەت و ئەمینداریێتی گشتی بەرگریی بەغدا بکرێت، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و مەترسییەکانی داعش، هەنگاوەکان لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، بۆ بەیەکەوە رۆڵ بینین لە راوەدوونان و تێکشکاندنی داعشدا دەکرێت. وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکانی نێوان پێشمەرگە و بەرگریی بەردەوامە و هەردوولا بە ئامانجی بنبڕکردنی تیرۆریستان و پڕکردنەوەی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی هەیە، لەگفتوگۆدان. هاوکات تاوتوێکردن و بەکردەیی کردنی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە سوپا لەئەولەویەتی گفتوگۆکاندایە. لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەوە دووەمجارە وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکات. رۆژی شەممە 4-12-2021  فەرماندەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە.

هاوڵاتى شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند: "ئاسایشمان بۆ گوندی لهێبان لە باکووری پارێزگای کەرکووک دابینکرد و هیچ ماڵێکی ئەو گوندە لەلایەن تیرۆریستانەوە نەسووتێندراوە". ئەمرۆ دووشەممە 6ی کانووەنی یەکەمی 2021، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە دۆخی گوندی لهێبان لە باکووری پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، "هێزە ئەمنییە هاوبەشەکان کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتووانی گوندی لهێبانی سەرە بە شارۆچکەی سەرگەڕان لە باکووری پارێزگای کەرکووک بۆ گوندەکەیان، چونکە ئەو گوندە دووچاری هەڕەشەی چەتەکانی داعشی تیرۆریست ببووەوە، بەڵام هێزەکانی فیرقەی 14ی سوپای عێراق و هێزێکی میحوەری 5ی پێشمەرگە ئاسایشیان بۆ ناوچەکە دابینکرد". وەک لە راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقدا هاتووە، "ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بەوەی گوایە چەند ماڵێکی هاووڵاتییان لە گوندی لهێبان لەلایەن چەکدارانی تیرۆریستەوە سووتێندراون". شەوی رابردوو 05-12-2021 گوندی لهێبان لە سنوری سەرگەڕانی کەرکووک، بەهۆی هەڕەشەی داعشەوە بە تەواوی چۆڵکرا. 65 خێزان لە گوندی لهێبان نیشتەجێ بوون کە هەموویان بەهۆی هێرشی داعش گوندەکەیان چۆڵکرد و زۆربەیان چوون بەرەو شاری هەولێر و دیبەگە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێکی زۆری ئەو خێزانانە گەڕانەوە گوندەکە. لهێبان لە بۆشایی ئەمنی نێوان سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدایە لە دامێنی زنجیرە چیای قەرەچووخ بە ئاراستەی سەرگەڕان. لە 27ی مانگی 11ی رابردووەوە، چەکدارانی داعش لە سنوورەکانی کەرکووک، گەرمیان و مەخموور پێنج هێرشیان ئەنجامداوە، بەهۆیانەوە 22 پێشمەرگە و سێ هاونیشتمانی شەهیدبوون.

هاوڵاتى وتەبێژی ڕاگەیاندنی هەپەگە ڕایگەیاند:" ئامادەین پارێزگاریی لە گەلی خۆمان بكەین، ئەگەر پێویست بێت و ڕێگەمان پێبدرێ". ئەمرۆ دووشەممە 6ی کانووەنی یەکەمی 2021،سەردار یەكتاش، وتەبێژی ڕاگەیاندنی هەپەگە سەبارەت بە هێرشەكانی داعش بۆسەر باشووری كوردستان وەڵامی پرسیاری ئاژانسی فورات نیوزی دایەوە و ئامادەیی هەپەگەی بۆ شەڕی داعش لە باشووری كوردستان دووپاتكردەوە. لەسەرەتای قسەكانیدا، سەردار یەكتاش، وتەبێژی ڕاگەیاندنی هەپەگە وتی: لە دەروروبەری كەركوك جموجوڵی داعش هەیە و گۆڕدراوە بۆ هێرشكردن، خەڵكی مەدەنیی و پێشمەرگە شەهید دەبێت، بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان و گەلی باشوور دەكەین. دەشڵێت: داعش كە لەلایەن شەڕڤانانی ئازادیی كوردەوە تێكشكێنراوە، ئێستا دووبارە هێرشەكانیان بۆسەر گەلەکەمان زیاتر نیگەرانمان دەكات. لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش لە كەركوك، وتی: ئەو جموجوڵ و سەرهەڵدانەوەیە ئەنجامی پیلانێكە و توركیا لەو پلانەدا بەدەر نییە، بەتایبەت لێدوانەكانی ئەو گروپانەی توركیا دروستی كردوون لە ناوچەكەدا ئەو هێرشانەی داعش هەیە، باشتر لە پیلانەكە تێدەگەین. وتەبێژی ڕاگەیاندنی هەپەگە ئامادەی گەریلاكانی كوردستانی دەربڕی بۆ پاراستنی خاكی كوردستان لە دەستی داعش و وتی: پاراستنی گەلەکەمان بە ئەركی خۆمان دەزانین و ئەگەر پێویست بە ئێمە بكات و ڕێگەمان بدرێت، ئێمە وەك هەپەگە ئامادەین گەلەکەمان لەو ناوچانە بپارێزین. ئاشكراشی كرد، ئەو هاوكارییانەی بۆ پێشمەرگە نێردراون لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە بەرامبەر گەریلادا لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیادا جێگیركراون، لەكاتێكدا پێویستە ئەو هێزانە لەجیاتی ئەوەی لە دژی گەریلا بوەستێنرێنەوە لە دژی دووژمنانی گەلی كورد جێگیركرابانایە و جێگیركردنی هێز لەبەرامبەر گەریلادا، خزمەت بە دۆزی كورد ناكات. ئەوەشی خستەڕوو، تێكشكاندن و ڕووبەڕووبونەوەی داعش بە هێزی زۆر و پییشاندانی لە ڕاگەیاندنەوە نابێت، پێویستە بە یەكەی بچوك بچوك هێرش بكرێتە سەریان، هەپەكە لەو بوارەدا بە ئەزمونە و بە ئەنجام گەیشتووە.

هاوڵاتى  وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت:" لەم ڕۆژانەدا پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح، بابەتێکی ناڕاستی لەبارەی قۆرخکاری لە دۆسیەی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی بڵاوکردووەتەوە کە دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە" ئەمرۆ دووشەممە. 6ی کانووەنی یەکەمی 2021، لە ڕاگەیەندراوێکدا كەمال ئەتروشی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوەشدەخاتەڕوو، پاڵاوتگەی لاناز، پاڵاوتگەیەکی حکومی نییە و وەزارەتمان هیج بڕە نەوتێکی خاوی بۆ دابین ناکات و بەپیی ڕێنمایی (ژمارە 1 ی ساڵی 2020)ی وەزارەتمان، زۆر بە ڕوونی تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە وەزارەتمان پابەند نییە بەدابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوتگەکان، بۆیە خۆیان بەرپرس دەبن لە دابینکردنی نەوتەکە وەک هەموو پاڵاوتگە ڕێگە پێدراوەکانی تر. ئاماژە بەوەشدەکات، بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی دیلۆیت، وەزارەتمان ڕۆژانە کەمتر لە 25هەزار بەرمیل  دەپاڵێوێت بۆ پێویستی وێستگەکانی کارەبا، لەهەمان کاتدا بری 950هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنریت، لە هەمانکاتدا حکومەتی فیدرال، ڕۆژانە یەک ملیۆن لیتر بە نرخی 660 دینار دابین دەکات. ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە داخەوە لەم ڕۆژانەدا پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح، بابەتێکی ناڕاستی لەبارەی قۆرخکاری لە دۆسیەی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی بڵاوکردووەتەوە کە دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە . بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم ڕاستیيانە ڕوون بکەینەوە ١- بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی (دیلۆیت)، وەزارەتمان ڕۆژانە کەمتر لە (٢٥٠٠٠ بەرمیل ) دەپاڵێوێت بۆ پێویستی وێستگەکانی کارەبا، لەهەمان کاتدا بری ٩٥٠،٠٠٠ لتر بەنزین بەرهەم دەهینریت، لە هەمانکاتدا حکومەتی فیدرال، ڕۆژانە ١٠٠٠،٠٠٠ لبتر بە نرخی ٦٦٠ دینار دابین دەکات،شێوازی دابەشکردنی بە شیوەی (نۆرە- مناوەبەیە) بەسەر ئەو بەنزینخانانەوە کە لەڕێگەی لیژنەی تایبەت لەوەزارەتمان و بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاکان دابەش دەکرێت بەڕەچاوکردنی ناوجە هەژارنشینەکان،بەڵام لەبەر کەمی ڕێژەی بەنزین و زۆری بەنزینخانەکان توانای دابینکردن بو هەموو بەنزینخانەکان کەمە، ئەو کومبانیایانەی بە گواستنەوەو کڕینی بەنزینیش ڕاسپێردراون لەگەڵ ئەو بەنزینخانانەی دەیفرۆشن، پابەند کراون بە مەرج و ڕێنماییەکانی وەزارەت و نرخی فرۆشتن کە وەک هاوکاری بە ٦٩٠ دینار بۆ لیترێک دانراوە، ئەمەش چاودێری چڕ دەکرێت لە ڕێگەی لیژنەکان لە پارێزگاکان و پۆلیسی نەوت و گاز بە جۆرێک چەندین بەنزینخانە کە سەرپێچیان کردووە داخراون و سزای مادی دراون. سەبارەت بە فرۆشتنی بەنزین لە زۆر بەنزینخانە بە زیاتر لەو نرخە، ئەوە بەنزینی تیجاریەو نرخەکەی پابەندە بە نرخی برێنت کە نرخێکی جیهانییە،جیا لەوەی بازاڕی سووتەمەنی بازاڕێکی ئازادە. ٢-سەبارەت بە (نەوتی سپی) : سەرەرای بڕیاری (ژ.١١٩) ئەنجومەنی وەزیران،وەزارەتمان بە هیج شێوەیەک ڕێگری لە هاوردەکردنی سووتەمەنی نەکردووه و لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان، وەزارەتمان بەهیج شێوەیەک ئاسانکاری ناکات بۆ هێنانی هیج سووتەمەنیەک کە کوالیتیەکەی گونجاو نەبێت. ئەگەر ڕێگریش کرابێت ئەوە بە دلنیاییەوە تەنیا بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی وەزارەتمان بووە کە هەندی کەس بی بەربرسانە بەرامبەر تەندروستی هاووڵاتییان هەوڵیانداوە بەڕێگای نەگونجاو هاوردەی بکەن. ٣-سەبارەت بە (نرخی نەوتی سپی) : نرخی نەوتی سپی کە لە (پلات) بە نزیکەیی دەتوانین پشت بە بەرهەمی (جێت)، ببەستین لەماوە نزیکەی ٢٠ ڕۆژ پێش ئەمڕۆ، ئەگەر وا دابنێین ئەو ماوەیەی پێویست بووه تا بگاتە هەرێم، ئەوا بؤ هەر تەنێک لە ١٥/١١/٢٠٢١ (٧١٦) $ بوو، دوای هەموو تێچوویەکی تا دەگاتە هەرێم، نرخەکەی بۆ هەر بەمیلێک نزیکەی ١٤٠$ دەبێت . لەهەمانکاتدا دوو جۆر نەوتی سیی بەرهەمی ناوخۆی پاڵاوگەکانی عیراق هەیە  و بەتیجاری لە بازاڕی بۆرسەی پارێزگاکان بەپێی کوالیتی بەم شێوەیەیە:  پارێزگای هەولێر:  سیلڤەر ٢٠٠- نرخ (١٥٥،٠٠٠ دینار برمیل) سیلڤەر ١٥٠٠ - نرخ (١٤٥،٠٠٠ دینار برمیل) نرخی تیجاری بەنزینخانە (١٧٠،٠٠٠ دینار) پارێزگای سلێمانی:  سیلڤەر ٢٠٠-نرخ(١٥٠،٠٠٠ دینار برمیل) سیلڤەر ١٥٠٠-نرخ(١٤٥،٠٠٠ دینار برمیل) نرخ تیجاری بەنزینخانە(١٦٥٠٠٠ دینار) پارێزگای دهۆک  سیلڤەر ٢٠٠-نرخ(١٦٠،٠٠٠ دینار برمیل) سیلڤەر ١٥٠٠-نرخ(١٥٥٠٠٠ دینار برمیل) تیجاری بەنزینخانە(١٧٦،٠٠٠ دینار برمیل) ٤-سەبارەت بە (پالاوتگەی لاناز): پاڵاوتگەی لاناز، پاڵاوتگەیەکی حکومی نییە و وەزارەتمان هیج بڕە نەوتێکی خاوی بۆ دابین ناکات و بەپیی ڕێنمایی (ژ. ١ ی سالی ٢٠٢٠)ی وەزارەتمان، کە لە ڕۆژنامەی (وقایع) دا بڵاوکراوەتەوە، زۆر بە ڕوونی تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە وەزارەتمان پابەند نییە بەدابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوتگەکان،بۆیە خۆیان بەرپرس دەبن لە دابینکردنی نەوتەکە وەک هەموو پاڵاوتگە ڕێگە پێدراوەکانی تر، بەهۆی بەرز بوونەوەی نرخی برێنت و کەمیوونەوەی هاوردەکردنی بەرهەمی بەنزین بەشێوەیەکی زۆر بەرجاو، وەزارەتمان هەموو هەوڵێکی خۆی خستە گەڕ بۆ دابینکردنی بەنزین بەنرخ و کوالیتیەکی گونجاو لە پێناو هاوکاریکردنی هاووڵاتییان. پالاوگەی ناوبراو وەک هاوکاری و پابەندبوون بە بڕیاری وەزارەتمان، بڕێکی بەنزینی بەشیێوەیەکی کاتی کە لەتوانای بوو، نرخی ٧٣٠ دینار دابینی کرد و بە پێی بڕیاری لیژنەی تایبەتی وەزارەتمان، بەسەر بەنزینخانەکان دابەش کرا. ٥- سەبارەت بە ناوی (نەبەز محمد) : لە هیج بازگەیەک، جگە لە مۆڵەتی وەزارەتمان کە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە کوالیتی سووتەمەنی ئەویش لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، هیچ جۆرە رێگرییەک ناکرێت و هیچ پارەیەکیش وەرناگیرێت و بە هیچ شێوەیەکیش ڕێگەی پێ نادرێت . هەر کەس و لایەنێکیش ئەو کارە بکات، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.  سەبارەت بە دەنگۆی هەبوونی ٢٠٠٠ ملیۆن لیتر گازیش لای کەسێک ، هەر بۆ زانیاری  ، دابینکردنی ئەو برە گازە ، ڕۆژانە پێویستی بە پاڵاوتنی زیاتر لە (٥٠،٠٠٠) بەرمیل نەوتی خاوە! واتە مانکانە زیاتر لە (١،٥٠٠،٠٠٠) بەرمیل کە ئەمەش لە خەیاڵ دەچێت و دوورە لە ڕاستییەوە.

هاوڵاتى وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ژووری ئۆپراسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وای سه‌ر به‌ سوپای عیراق، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ گوندی لهێبا جێگیر ده‌كرێن. له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 6ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، هێزێکی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیانی کورد گەیشتە گوندی لهێبان. ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: دوای گەیشتن و چوونە ناوەوەی پێشمەرگە بۆ گوندەکە کۆبونەوەیەک لە نێوان فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و فەرماندەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی نینوی ئەنجامدراو بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عیراقدا هەیە. دوو شەو بەرلەئێستا لە گوندی لهێبانی ناحیەی‌ سەرگەڕانی‌ پارێزگای‌ کەرکوک داعش هێرشیکرد و دانیشتوانی‌ ناوچەکەش رووبەڕوویان بوونەوە، دوێنێش، دانیشتوانەکەی گوندەکەیان جێهێشت و هۆکارەکەشیان بۆ هاوکارینەکردنیان لەلایەن سوپای عیراق و پێشـمەرگە گەڕاندووەتەوە. لە ئەمڕۆدا، دانیشوانی گوندەکە گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان و هێزێکی زۆری پێشمەرگە و سوپای عیراق گەیشتنە گوندی لهێبان. ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو، جارێکی دیکە چەکدارانی داعش لە گوندی قەرەسالم لە ناحیەی پردێی پارێزگای کەرکوک هێرشیانکردە سەر سەنگەرێکی هێزی پێشمەرگە، بەوهۆیەوە چوار پێشمەرگە شەهید بوون. ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە، چەکدارانی داعش هێرشەکانیان بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر کردووە و بەوهۆیەوە 22 پێشمەرگە و سێ هاوڵاتی شەهید بوون.