هاوڵاتى جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند:" له‌ رابردووشدا په‌یوه‌ندیی باش و پته‌و له‌ نێوان په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریدا هه‌بووه ‌و خوازیارین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌ش، بۆ داهاتووشدا به‌رده‌وام بێت".  دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری لەگەڵ وەفدێكی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هێمن هەورامی ئاماژەی بەوە داوە، "له‌ رابردووشدا په‌یوه‌ندیی باش و پته‌و له‌ نێوان په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریدا هه‌بووه ‌و خوازیارین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌ش، بۆ داهاتووشدا به‌رده‌وام بێت." هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمان وتووشیەتی، "ژماره‌یه‌كی زۆر یاسا هه‌ن كه‌ پێویستیان به‌ پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌م كاره‌ش پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به ‌رێگه‌ی دادوه‌ران له‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و لیژنه‌ی پسپۆری په‌رله‌مان دیراسه‌ بكرێن و بڕیاری پێویستیان بۆ ده‌ربچێت". دادوەر عەبدولجەبار عەزیز رۆژی چوارشەممە 08-12-2021 لە بەردەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد و و دەستبەکاربوو، لە رێورەسمەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، نابێت دەسەڵاتی دادوەری لەژێر کاریگەریی سیاسی و حزبی بێت.  لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشدا سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری ئاماژەی بەوەداوە، "ده‌بێ هه‌ر هاوئاهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ تایبه‌ت دادوه‌ری و یاسادانان، له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی دادوه‌ری بێت و رێگه‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردان و پێشێلكردنی سه‌ربه‌خۆیی یه‌كتر بگیرێت". لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دادوەر عەبدولجەبار عەزیز ئاماژەی بەوە داوە، "په‌رله‌مان یاسا ده‌رده‌كات و له‌سه‌ر دادگاكانیش پێویسته‌ جێبه‌جێ بكرێن، به‌ڵام له‌ رووی پراكتیكی و جێبه‌جێ كردنی ئه‌و یاسایانه‌‌ له‌ دادگەكان، هه‌ندێ جار تووشی كێشه ‌و گرفت ده‌بن و بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ش پێویستی به‌ هاوئاهه‌نگی و هاوكاریی زیاتری نێوان هه‌ردوولا هه‌یه". هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، له‌ گفتوگۆیه‌كی كراوه‌دا، دادوه‌ران و په‌رله‌مانتاران باس و گفتوگۆیان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك پرس و بابه‌تی هاوبه‌شی نێوانیان كرد به‌ تایبه‌ت ژماره‌یه‌ك یاساكان كه‌ پێویستیان به‌ خوێندنه‌وه‌ی نوێ و پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌ردوولا پێداگیرییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ قۆناخی داهاتوو به‌ رێگه‌ی دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌ی زیاتر ئه‌و كێشه‌ و كه‌موكوڕییانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك یاساكان هه‌یه‌ چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

هاوڵاتى بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی لەکارەکەی گواسترایەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە هەولێر.  بەپێی نووسراوی ژمارە 25311ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە لە 13-12-2021 دەرچووە بڕیاردراوە بە گواستنەوەی عەمیدی هاتووچۆ فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بۆ سەر میلاکی بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان. هەر بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لیوا خۆشەویست جەمال ئەحمەد، کە بەڕێوەبەری سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش PJCCیە وەک بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بەوەکالەت لە شوێنی عەمید فەرەیدون عومەر دەستبەکاردەبێت.

هاوڵاتى لە چوارەمین دادگای سزاقورسەکانی کۆنیا یەکەمین دانیشتنی دادگا لە دۆسیەی کوشتنی حەوت ئەندامی خێزانە کوردەکەی پارێزگای کۆنیای تورکیا دەستپێدەکات. ئەمڕۆ سێشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2021 لە چوارەمین دادگای سزا قورسەکانی کۆنیا یەکەمین دانیشتنی دادگا لە دۆسیەی کوشتنی حەوت ئەندامی خێزانە کوردەکەی پارێزگای کۆنیای تورکیا دەستپێدەکات.  بەهۆی ئەو رووداوەوە بە بکوژەکەوە 13 کەس دەستگیرکران، دوای چەند هەفتەیەک دایک و باوک و هاوژینی بکوژەکە و دواتریش سەرجەم گومانلێکراوەکانی دیکە ئازاد کران.  ئێوارەی رۆژی 30ی تەممووزی 2021، ئەو حەوت ئەندامەی خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری لە شارۆچکەی مەرامی کۆنیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران. ژن و منداڵ لەنێو کوژراوەکاندا هەن. بکوژانی ئەم خێزانە کوردە، بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان، ئاگریان لەماڵی خێزانە کوردەکە بەردا، بەڵام بەئاگادارکردنەوەی دراوسێیەکان، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە دامڕکێندرا.  دوای رووداوەکە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی تووندی رووداوەکەیان کرد و داوای سزادانی بکوژانیان کرد. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیاش کاردانەوەی تووندیان هەبوو، ئاکپارتییان بە دروستکردنی پشێوی و سیاسەتی رق و کینە و دژایەتیکردنی کورد، تۆمەتبارکرد. دەسەڵاتیش دەڵێت، ئەم تاوانە هیچ پەیوەندییەکی بە کورد و تورکەوە نییە.  لە کۆنیا ژمارەیەکی زۆر کورد هەن. بەتایبەتی لە باکووری کۆنیادا چەند شارۆچکەیەک هەن کە هی کوردانن. هەروەها لە ناوەندی کۆنیاش کوردی زۆر هەن کە نزیکەی 600 هەزار کەس دەبن. سێیەکی دانیشتووانی کۆنیا کوردن. 

   هاوڵاتى وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت:" ئەگەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەو خێراییەی بەردەوامبێت، ئەوکات هیچ بژارەمان نییە ئەوە نەبێت رێکاری زیاتر بگرینەبەر بۆ ئەوەی ئەو سێکتەرانەی داهات بۆ ئێران کۆدەکەنەوە بەرتەسکتریان بکەینەوە". جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، "ئەگەر بەمزووانە رێگەی دیپلۆماسی لەسەر رێچکەی خۆی بەردەوام نەبێت، ئەگەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەو خێراییەی بەردەوامبێت، ئەوکات هیچ بژارەمان نییە ئەوە نەبێت رێکاری زیاتر بگرینەبەر بۆ ئەوەی ئەو سێکتەرانەی داهات بۆ ئێران کۆدەکەنەوە بەرتەسکتریان بکەینەوە." وەفدی دانوستاندنکاری ئێران لە ڤیەننا نایانەوێ هەروا بەئاسانی جارێکی دیکە قەدەری خۆیان بدەنە دەست رێککەوتنێکی ناجێگیر. عەلی باقری، سەرۆکی وەفدی دانوستاندنکاری ئێران لە ڤیەننا گلەیی زۆری هەیە، دەڵێت، هەندێ لایەنی بەشدار لە گفتوگۆکە داوای زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەکەن، لە دەرەوەش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو ئیسرائیلە بەهێزدەکەن کە دووژمنی سەرسەختی ئەوانە. سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ئێران لە ڤیەننا دەڵێت، "پێموایە ئەمە شتێکی ئاساییە کە دوولایەنەکە خاڵی دژ بە یەکیان هەیە و ئەو رێگەیەی لەسەری دەڕۆین هەندێجار هێواش دەبێتەوە و هەندێکجاریش خێرادەبێت. ئەمە شتێکی نامۆ نییە. بەڵام ئەوەی گرنگە نیازی لایەنەکانە تاوەکو لەسەر ئەم رێگەیە پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینن."

شاناز حەسەن  سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەرنامەی بنکەی یاسادانانی ھەرێمی کوردستان راگەیاند پەرلەمانتارێك دەڵێت:" بە ئەلیكترۆنیكردنی یاساكان رێكارێكی ئیدارییە و بكرێت باشترە". ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەمەراسیمێكدا كردنەوەی بنكەی یاسادانانی ھەرێمی کوردستانی راگەیاند و وتی:" "بنکەکە داتابەیسێکی پێشکەوتوی ئەلیکترۆنییە بە ئامانجی کۆکردنەوە و ھەڵگرتن و خستنەڕوی سەرجەم یاساکانی پەرلەمانی کوردستان دانراوە، تیایدا سەرجەم یاساکانی کوردستان لە ساڵی 1992ەوە تا ئێستا بەردەستە بۆ پەرلەمانتاران، یاساناسان ، رۆژنامەنوسان و تەواوی ھاوڵاتیان". لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتیشی:" ئەم بنکەیە دەبێت بە سیمایەکی شارستانی بۆ هەرێمی کوردستان لەدەرەوە و رۆشنبیرییەکی یاساییش لەکۆمەڵگەدا بڵاودەکاتەوە، بۆ ئەنجام گەیشتنی ئەو پڕۆژەیەش سوپاسی سەرجەم راوێژکار و کارمەندانی دیوانی پەرلەمان دەکەن". جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"لەهەموو سەردەم و كاتێكدا بە ئەلیكترۆنیكردنی داتا و زانیاریەكان بۆ كۆكردنەوە و زوو دەستخستنی یاساكان گرنگە". زیاتر رونیكردەوە و وتی:" لە پێشتردا كاتێك كەسێك دەگەرا بەدوای یاساكاندا دەستكەوتنی گران بوو، بەڵام بە كردنەوەی ئەم  بنكەیەكە هەموو كەسە یاساییەكان و ئەوانەی دەیانەوێت دەستیان بە یاساكان بگاـ ئاسانترە".

 هاوڵاتى ئەرشەد ساڵحی سەرکردەی بەرەی تورکمانی رایگەیاند:" توانیومانە لەکۆی گشتی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق پاش دروستکردنی هاوپەیمانێتی، وەک تورکمانەکان حەوت کورسی بەدەستبهێنین، بۆیە بەمافی خۆمانی دەزانین دوو پۆستی باڵا وەربگرین". ئەمڕۆ دووشەممە 13ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ئەرشەد ساڵحی لەمیانی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "توانیومانە لەکۆی گشتی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق پاش دروستکردنی هاوپەیمانێتی، وەک تورکمانەکان حەوت کورسی بەدەستبهێنین، بۆیە بەمافی خۆمانی دەزانین دوو پۆستی باڵا وەربگرین". لەبارەی پۆستەکانەوە ئەرشەد ساڵحی وتی:"جێگرێکی سەرۆک کۆماری عێراق‌و وەزارەتێک لەحکومەتی داهاتوو بەمافی خۆمان دەزانین". سەبارەت بەپێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق ساڵحی ڕەتیکردەوە ئەوان وەک تورکمانەکان لەگەڵ حکومەتی تەوافوقی بن، جه‌ختیكرده‌وه‌، "حکومەت دەبێت یان سەدرییەکان پێکیبهێنن، یان ئەوان گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکەن".

  هاوڵاتى هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند:"هێزەکانی ئاسایشی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا و سەرکردەیەکی داعشیان لە نزیک هەڵەبجە دەستگیرکرد". ئەمڕۆ دووشەممە 13ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شه‌ڕی دژی داعش له‌ تویتێكدا له‌ پێگه‌ی فه‌رمی خۆی بڵاویكرده‌وه‌: "لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکان لە نزیک پارێزگای هەڵەبجە سەرکردەیەکی داعش دەستگیرکراوە". پێشتریش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا ئاشكرایكردبوو، "گروپێكی 25 كەسی سەر بەچەكدارانی داعشی لەهەڵەبجەو دەروبەری ده‌ستگیركراون‌و ئەو گروپەش لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە بەمەبەستی كەمكردنەوەی توانای داعش دەستگیركراون".  

 هاوڵاتى وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو دەستەواژەیەی لە کتێبی کوردیی پۆلی 10ـی ئامادەیی بووەتە جێگەی رەخنە دەڵێت، بەڵێ ئەوەی رەخنەی لێگیراوە لادەبرێت "بەڵام من ئەو هەڵەیەم نەکردووە و لەسەر ئەوە داوای لێبووردن لە حزبی سیاسیی ناکەم." ​ئەمڕۆ دووشەممە 13ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ئالان حەمەسەعەید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و لەبارەی چەند بابەتێکی پەیوەست بە خوێندن و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن لە قوتابخانەکان روونکردنەوەی دا. وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو دەستەواژەیەی کە بووەتە جێگەی رەخنە لە دەروێشی عەڤدی کە داستانێکی کوردییە و لە رێگەی گۆرانییەوە تاوەکو ئێستا پارێزراوە دەڵێت، "حاشا دکەم ل دینێ (موحەمەدی) ساف ئەز (ئێزدی) مە." وتی " هەڵەیەک وەک وەزیری پەروەردە من نەمکردووە، ئەگەر بابەتەکە ئاییندارییە و پەبەندبوونە بە دین من لە هەموو کەس زیاتر خۆم بە خزمەتکاری دین دەزانم." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا "من داوای لێبووردن لەکێ بکەم کە نە من وەک وەزیری پەروەردە بە سیفەتی وەزیر کردوومە نە وەک خۆیشم ئەم هەڵەیەم نەکردووە، بۆیە شتێک کراوە هەڵەبووە، گوناح بووە و خراپ بووە، من داوای لێبووردن لە کێ بکەم؟ بۆیە کارێک کە من بڕیارم لەسەر نەداوە بەڕاستی داوای لێبووردن لە حیزبی سیاسیی ناکەم." پێشتر وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند کە ئەو دەستەواژەیەی لە کتێبی کوردیی پۆلی 10ـی ئامادەیی بووەتە جێگەی رەخنە بۆ ئەمساڵی خوێندن لادەبرێت، هاوکات پێداچوونەوە بە کتێبەکەدا دەکەن و بۆ ساڵی نوێی خوێندن، کتێبێکی دیکە دەخوێندرێت.  رۆژی 11-12-2021 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بابەتە کۆنە و ماوەی 14 ساڵە لەو کتێبەدا هەیە. وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت، ئەوان سەرقاڵی پێداچوونەوەن بە هەموو پرۆگرامەکانی خوێندن کە "بەشێوەیەکی زانستی و پلەبەندی دەکرێت، وەزارەتی زیاتر لە 1300 ناونیشانی کتێبی خوێندنی هەیە کە کاتی پێویستە بۆ پێداچوونەوە بە هەموو بابەتەکان."

هاوڵاتى دابەشکردنی‌ بەنزینە 690 دینارییەکە دەستی‌ پێکردەوە و ئەمڕۆ لەچەند بەنزینخانەیەکی‌ ناوە و دەرەوەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ دابەشدەکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە 13ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردووه‌: "ئه‌مڕۆ دووشەممە بەنزینی نۆرماڵی عیراقی بەنرخی 690 دینار لە هەریەکە لە بەنزینخاکانی بەکرەجۆ، تاسڵوجە، دۆڵەڕوت، ئازادی، هەڵەبجە، تانجەرۆ و هەڵەبجە گروپ لەناو شاری سلێمانی دابەش دەکرێت". هەروەها لە دەرەوی شاریش لە وێستگەكانی‌ برایان، خانزادی میر، دوکان، دۆستان، پشدەر، بەنزینی نۆرماڵی عیراقی دابەش دەکرێت. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ دابه‌شكردنی به‌نزینه‌ عیراقییه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان راگیراوه‌.

  هاوڵاتى وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:" دیالۆگ له‌گەڵ سعودیە و وڵاتانی كه‌نداو له چوارچێوەی ئاسایش و جێگیرکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا تا ئێستا به‌رده‌وامه‌". ​ئەمڕۆ دووشەممە 13ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، یحسان ئیسماعیل، وەزیری نەوتی عێراق بە میدیاكانی عێراقی راگەیاندووە:" دیالۆگ له‌گەڵ سعودیە و وڵاتانی كه‌نداو له چوارچێوەی ئاسایش و جێگیرکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا تا ئێستا به‌رده‌وامه‌، وەڵامێکی ئه‌رێنی و هاوئاهەنگی هەیە لەلایەن برایانی كه‌نداو بەتایبەتی سعودیە و خواستێک هەیە بۆ یارمەتیدانی عێراق".  وەزیری نەوتی عێراق باسی له‌وه‌شكرد، "لە ئێستادا 15 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنین و لە خوار 30 هەزار مێگاواتەوە پێویستمانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هەمو ساڵێک پێداویستیە بەرزەکانی هاوینی دابین بکه‌ین". وەزیری نەوتی عێراق وتیشی، "بەنیازە چەندین گرێبەست واژۆ بکات، کە رێگەی پێدەدات تا ساڵی 2023 حه‌وت هه‌زار و 500 مێگاوات و  لە قۆناغی داهاتوشدا 12 هەزار و 500 میگاوات بەرهەم بهێنێت، کە دەکاتە زیاتر لە 25%ی پێویستیەکانی کارەبای وڵات". عێراق گەورەترین یەدەگی نەوت و گازی هەیە و دوەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەرە لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت.ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ وڵاته‌كه‌ چوار ملیار دۆلار پاره‌ی كڕینی كاره‌بای ئێران قه‌رزاره‌      

  هاوڵاتى گروپی ئەسحابول کەهف، هەڕەشەی کردنە ئامانجی هێزەکانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت:" لە کاتی گونجاودا یەکەی هەواڵگریی بەرگریی ئیسلامی لە رێگەی یەکەی راگەیاندنی جەنگی، چاودێری و بەدواداچوونی کردووە بۆ ئۆتۆمبێلەکانی داگیرکاری ئەمریکی و سەر بە ئەمریکییەکان لە بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم تاوەکو دەگاتە دەروازەی جریشانی نایاسایی". گروپی ئەسحابول کەهف، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، "لە کاتی گونجاودا یەکەی هەواڵگریی بەرگریی ئیسلامی لە رێگەی یەکەی راگەیاندنی جەنگی، چاودێری و بەدواداچوونی کردووە بۆ ئۆتۆمبێلەکانی داگیرکاری ئەمریکی و سەر بە ئەمریکییەکان لە بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم تاوەکو دەگاتە دەروازەی جریشانی نایاسایی". گروپی ئەسحابول کەهف ئاماژە بەوە دەکات، "لە کاتی پێویست، ئەگەر سەرکردەیەکی خۆشەویست بڕیاربدات، بۆمب دەتەقێننەوە لە پێش دەروازەی جریشان و دوای بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم، کە هێزەکانی سوپای ئەمریکای تێدایە". گووپەکە گروپێکی چەکداریی شیعە مەزهەبە، پێشتر بەرپرسیارێتیی خۆی لە چەندین هێرش و پەلامار راگەیاندبوو کە کراونەتە سەر ئەمریکییەکان لە عێراق، لەوانەش کردنە ئامانجی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

هاوڵاتى نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند:"سبەینێ‌ دووشەممە لە بنكەی شەش لە ناو شاری سلێمانی دابەشدەكرێت". ئه‌مڕۆ یەکشەممە 12ی كانوونی یه‌كه‌می 2021،  بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بڵاویكردەوە، سبەینێ دووشەممە نەوت لە بنكەی شەش لە ناوشاری سلێمانی دابەش دەكرێت و رۆژی سێشەممە لە قەڵادزێ نەوت دابەشدەكرێت. ئەوە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، پێش هاتنی وەرزی سەرما و بارانبارین نەوت بەسەر سەرجەم هاووڵاتییاندا دابەشدەکرێت، بەڵام تا ئێستا نەوت لە چەند شوێنێکی کەم دابەشکراوە.

هاوڵاتى پەرلەمانتاری گۆڕان، لەنوسینێکدا ڕایگەیاند:" ھەموو ھەوڵێکمدا، بەڵام ئەم بارە لارە و نادادیە گەورە، ئەم ئابڵوقە دوو جەمسەرەی خراوەتە سەر سلێمانی ڕاستکردنەوەی جوھدی زۆری ھەموانی دەوێت حکومەتی ھەرێم ئێستا بە سیستمی تەواوی دوو ئیدارەیی مامەمەڵە لەگەڵ سلێمانیدا دەکات". ئه‌مڕۆ یەکشەممە 12ی كانوونی یه‌كه‌می 2021،  عەلی حمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان، لەنوسینێکدا ڕایگەیاند:" ھەموو ھەوڵێکمدا، بەڵام ئەم بارە لارە و نادادیە گەورە، ئەم ئابڵوقە دوو جەمسەرەی خراوەتە سەر سلێمانی ڕاستکردنەوەی جوھدی زۆری ھەموانی دەوێت حکومەتی ھەرێم ئێستا بە سیستمی تەواوی دوو ئیدارەیی مامەمەڵە لەگەڵ سلێمانیدا دەکات". عەلی حەمە ساڵ لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا نوسیویەتی:" ئێستا پرۆژەکان وەستاون و دەرمان نەماوە! دەڵێن: پارە نیە! وا بڕوات ئەم ئابڵوقە دوو جەمسەریە سلێمانی دەخنکێنێت". دەقی نوسینەكەی عەلی حمە ساڵح   بۆ خەڵکی پارێزگای سلێمانی ھەموو ھەوڵێکمدا، بەڵام ئەم بارە لارە و نادادیە گەورە، ئەم ئابڵوقە دوو جەمسەرەی خراوەتە سەر سلێمانی ڕاستکردنەوەی جوھدی زۆری ھەموانی دەوێت.. چی ڕوودەدات؟ ئابڵوقەی حکومەتی ھەرێم.. حکومەتی ھەرێم ئێستا بە سیستمی تەواوی دوو ئیدارەیی مامەمەڵە لەگەڵ سلێمانیدا دەکات.. گرنگ نیە لای حکومەت داھات چەندە؟ قاچاخی و گەندەڵی ھەیە یان نا.. جگە لە ٢٠٠ ملیاری بەغداو داھاتی نەوت(٣٥٠ ملیۆن دۆلار) دەبێت سلێمانی ٤٣٪‏ تەواوکاری موچە دابین بکات و ھەولێرو دھۆک ٥٧٪‏ دابین بکەن.. دەبێت ھەموو پرۆژەی خزمەتگوزاری و دەرمان و خواردنی نەخۆشخانەو زیندان و نەسریەی سەرجەم فەرمانگەکان کۆی ھێزە ئەمنی و سەربازی بە"حیزب" یەکان ھەر لەسەر داھاتی سلێمانی بێت! تەنانەت بەشێک لە خەرجی دامەرزاوە ھەرێمیەکانی وەک سەرۆکایەتی ھەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان لە داھاتی سلێمانیە! کە بانکی ناوەندی سلێمانیش دەڵێ داھات نیە، ئیدی پرۆژەکان دەوەستن، دەرمان نیە! لێرەدا خەڵکی سلێمانی دەپرسن، پەیوەندی ئێمە بە حکومەتی ھەرێم چیە! دوو: ئابڵوقەی حوکمڕانی سلێمانی حیزب و میدیاو کۆمپانیای سکویرتی و بردنی داھات و قاچاخی مەرز و زەویە باشەکان و نەسریەی ھێزە ئەمنی و سەربازیەکانیش کە لەژێر ھەژموونی "حیزبدان" لە گیرفانی خەڵکی ئەم پارێزگایەیە... لە پڕ و بەبێ ھۆ دەڵێن: داھات کەم بوو پارە بۆ پرۆژەو دەرمانیش نیە! کەس ناڵێت بۆ؟ . بۆنمونە: داھاتی سلێمانی بۆ تمویلی موچە لە مانگی ٢ی ئەم ساڵ(١٦١ ملیار) دینار بوە، لە مانگی ١١ی ئەم ساڵ بوە بە( ٧٠ ملیار) ! نزیکەی ٥٦٪‏ کەمی کردوە؟ کوا چی لێھات! بۆ؟ ئێستا پرۆژەکان وەستاون و دەرمان نەماوە! دەڵێن: پارە نیە! وا بڕوات ئەم ئابڵوقە دوو جەمسەریە سلێمانی دەخنکێنێت! گرفتەکە ئەمە پێتوابێت ڕەخنەگرتن لەم دۆخە بۆ سلێمانی خراپە! دەڵێ: باسی ھەولێریش بکە! ھەر چەندە ھیچ کەس ھێندەی من باسی ئیبراھیم خەلیل و فیشاخبورو زەوی ھەولێرو کۆمپانیاکانیانی نەکردوە، بەڵام قاچاخی و داگیکاری و گەندەڵی لە سلێمانی، کوشتنی سلێمانیە سەنتێک لە داھاتی حکومەتی پارتی کەم نابێت! خەدەمات و دەرمان و شەقامی سلێمانی دەبڕدڕێت..

  هاوڵاتى وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند:" دوای دابینكردنی کامێرای حه‌راری له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ‌بۆ سه‌رجه‌م میحوه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه و دابه‌شكرا به‌سه‌ر سه‌رجەم لیوا و یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان". ئه‌مڕۆ یەکشەممە 12ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند "دوای دابینكردنی کامێرای گەرمبین (حه‌راری) له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ‌بۆ سه‌رجه‌م میحوه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر سه‌رجەم لیوا و یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان، ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ به‌شداری نوێنه‌ری لیواكان به‌رێوه‌چوو". لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: "له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن راهێنه‌ری شاره‌زا چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی کامێرای حەراری به‌گوێره‌ی وەرزه‌كان و مه‌ودای ئاشكراكردنی كه‌سانی گومانلێكراو روونكرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها زانیاری پێویست له‌باره‌ی پێكهاته‌ی کامێراکە‌ و گواستنه‌وه‌ی زانیاری تۆماركراو خرایه‌ڕوو". هەر بەپێی راگەیێندراوەکە ئه‌فسه‌رانی به‌شداربوو و نوێنه‌ری لیواكان له‌ كۆبوونه‌وه‌كە، سه‌رجه‌م تێبینی و زانیارییه‌كانیان له‌باره‌ی کامێرای گەرمبین تۆماركرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی به‌كارهێنانیدا سوودی زیاتری لێوه‌ربگرن. کامێراو دوربینی حەراری  جۆرە کامێراو دوربینێکە کە  وێنەکان لەرێگەی تیشکی ژێر بنەوشەیی دەگوازێتەوە لەسەر شەپۆلی 450-750 نانۆ مەتری تیشکی بینراو و بە درێژی شەپۆلی  14000 نانۆمەتر تیشکی بنەوشەیی.

عەمار عەزیز ئەمڕۆ 12کانونی یەکەم ئەنجومەنی خۆسەری دیموکرات لەشنگال نۆسراوێکی فەرمی بۆ هەموو دام و دەزگایەکانی حکومی و رێکخراوەکان ناردووە وتێدا هاتووە لە ئەمڕۆ تا کاتێکی نادیار نابێت هیچ فەرمانگەیەک دەوام بکات. تەحسین موراد، لێپرسراوی گشتی هاتۆچوی شنگال سەر بە ئەنجومەنی خۆسەری دیموکرات به هاوڵاتی ی وت"ئەمڕۆ ئەنجومەنی خۆسەری دیموکرات نوسراوێکی فەرمی ئاراستەی هەموو دام و دەزگایەکانی حکومی و رێکخراوەکان کردوە ، لەنوسراوەکەدا داوایان لێ دەکات کە لە ئەمڕوە نابێت هیچ فەرمانەگەیەکی حکومی دەوام بکات جگە لە نەخۆشخانە و خوێندنگایەکان". لێپرسراوی گشتی هاتۆچوی شنگال سەر بە ئەنجومەنی خۆسەری دیموکرات وتیشی:" "بڕیارەکە لەبەر بێ هەڵویستی حکومەتی عێراق دەرکراوە کەبەداخەوە هیج هەڵوێستیان لسەر بوردوومانەکانی تورکیا یان نیە، رۆژانە تورکیا بە ئارەزوی خۆی ناوچەکانمان بۆردوومان دەکات، تا حکومەتی عیراق نەهێتە سەر خەت بڕیارەکەی ئەنجۆمەنی خۆسەر کاری پێ دەکرێت و بەردەوام دەبێت". قەزای شنگال سەر بە پارێزگای دهۆکە و کەوتووەتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە رووی ئیدارییەوە خراوەتە سەر پارێزگای نەینەوا.  سێشەممە 07-12-2021 لە کۆمەڵگەی خانەسۆر لە سنوری قەزای شنگال فڕۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێكی بەرپرسێکی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال بەناوی (مەروان بەدەل حاجی) کردە ئامانج و بەو هۆیەوە بەرپرسەکەی یەبەشە گیانی لەدەستدا. هەروەها رۆژی 11-12-2021 فڕۆکەکانی تورکیا بارەگای ئەنجوومەنی گەل لە کۆمەڵگەی خانەسووری سەر بە قەزای شنگال کردە ئامانج، لەبارەی زیانەكانەوە تائێستا هیچ لایەنێك بە ڕەسمی هیچ زانیاریەكی رانەگەیاندووە.