هاوڵاتی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان واژۆی له‌سه‌ر فه‌رمانێك كردوه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دامه‌زراندنی زیاترله‌ 400 ده‌رچوی كۆلێژه‌ پزیشكییه‌كانی زانكۆ جیاجیاكانی هه‌رێم. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، له‌ نوسراوێكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ واژوی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی له‌سه‌ره‌، هاتوه‌: "له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و پێویستیی ده‌زگاكانی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ پسپۆڕی پزیشكی گشتی، به‌ فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 424 پزیشك دامه‌زرێن." به‌پێی نوسراوه‌كه‌ ئه‌و ده‌رچوانه‌ی دامه‌زراون بڕوانامه‌ی كۆلیژه‌كانی پزیشیكی گشتییان له‌ زانكۆكانی "هه‌ولێری پزیشكی و سلێمانی و دهۆك و كۆیه‌" بۆ ساڵی خوێندنی (2020-2021) هه‌یه‌ و پزیشكه‌كان له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ ناونیشانی پزیشكی نیشته‌جێی خولاو داده‌مه‌زرێن.

هاوڵاتی ئینستوتی پەی ڕاپۆرتێكی لەسەر كاری ساڵێكی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوەو بەپێی ڕاپۆرتەكە پەرلەمان لەماوەی ساڵێكدا 61 كاتژمێرو 20 خولەك بوەو كۆبوەتەوەو تەنها چوار پڕۆژەیاساشی پەسەندكردوە دەڵێت:" لە ساڵێكدا دوو پەرلەمانتار هیچ قسەیەكیان نەكردووە". ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ئینستوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ڕاپۆرتێكی لەسەر پوختەی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی یەك ساڵدا بۆ هەردوو خولی بەهارەو پاییزە لە(1ی ئازاری 2020 بۆ 28ی شوباتی 2021) بڵاوكردەوەو تێدا هاتوە، "لەو ماوەیەدا ژمارەی دانیشتنەكانی پەرلەمان 19 دانیشتن بوەو ژمارەی كۆبونەوەی دواخراو چوار دانیشتن بوەو لەو 19 كۆبونەوەیەش ژمارەی بڕگەكانی كار 45 برگە بوەو ژمارەی بڕگەی كار (جێبەجێكراو 39و ژمارەی بڕگەی كار)و (جێبەجێنەكراو هەشت بووە)". كاتی دانیشتنەكانی پەرلەمان لەماوەی ئەوساڵەدا 61 كاتژمێرو 20 خولەك بوەو ژمارەی پڕۆژەو پێشنیازە یاساو بڕیار كە خوێندنەوەی یەكەمی بۆكراوە لەو ماوەیەدا نۆ بوەو ژمارەی یاسای پەسەندكراویش چوار یاسا بووە. ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، لەماوەی یەكساڵدا پەرلەمان داوای 14 ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانی كردوە لەهۆڵی پەرلەمان ئامادەبن كە بریتیبون لەسەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیری دارایی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، دارایی، تەندروستی، بەڵام نۆ یان ئامادەنەبون كە بریتیبون لەوەزیرەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵاو وەزیری ناوخۆو وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی‌و دارایی‌و تەندروستی. لەبارەی ژمارەی كۆبونەوەی لیژنەكانی پەرلەمان، بەپێی ڕاپۆرتەكە لیژنەكان 204 كۆبوونەوەیان كردووەو ژمارەی راپۆرتی لیژنەكان لەسەر پڕۆژەیاسا نوسراو چوار ڕاپۆرت بوەو ژمارەی ڕاپۆرتی لیژنەكانیش لەسەر پڕۆژەیاساكان كە پێویستبوو بنوسرێت‌و نەنووسراوە 15 بووە.        

 شاناز حەسەن سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا رایگه‌یاند:" 200 ملیار دینارەکە خرایە هەژماری بانکیی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق". ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا بە هاوڵاتی وت:" 200 ملیار دینارەکە خرایە هەژماری بانکیی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق". رۆژی شەممە، وەزارەتی دارایی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگه‌یاند، تا ئێستا بەغدا 200 ملیارەکەی نەناردووە بۆیە بڕیاریاندا لە داهاتی مانگی 12، مووچه‌ی مانگی 11 خەرج بکرێت. لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، کە ھەموو 25ی مانگێک دەست دەکەن بە دابەشکردنی مووچە و لە ماوەی کەمتر لە ھەفتەیەکدا دابەشکردنەکە کۆتایی پێدێت، بەڵام لە ئێستادا دابەشکردنی مووچە زیاتر لە 20 رۆژە بەردەوامە و هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه‌. لە کۆتایی مانگی سێی 2021دا پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق پەسەندکرا، بەپێی یاساکە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتن لەبارەی ئەوەی هەرێمی کوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا بکات، عێراقیش لە بەرامبەردا مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام دواتر حکومەتی عێراق بڕیاریدا مانگانە تەنیا 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.      

هاوڵاتی بەهای لیرەی تورکی لە بازاڕەکانی دراودا دابەزینی گەورە تۆماردەکات به‌های 100 دۆلار به‌رامبه‌ره‌ به‌ 1730 لیره‌یه‌. ئەمڕۆ دووشەممە 20ی کانوونی یەکەمی 2021 لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لەتوركیا،  دۆلارێک بە زیاتر لە 17.50 لیرەی مامەڵەی پێوەكراوە. هاوكات بەهای یەك یۆرۆ بەرامبەرە بە 19.34 لیرەی توركی. بەهای دراوەکان بیانیەکان لەبازاڕدا:... 100 دۆلار به‌ 148 هه‌زار و 50 دیناره‌. 100 پاوه‌ن به‌ 194 هه‌زار و 750 دیناره‌. 100 یۆرۆ به‌ 166 هه‌زار و 500 دیناره‌. 100 لیره‌ی توركی به‌ نۆ هه‌زار دیناره‌. 100 هه‌زار تمه‌ن به‌ پێنج هه‌زار دیناره‌.

 هاوڵاتی ئەمڕۆ مووچەی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و خانەنشینی پێشمەرگە دابەش دەکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە 20ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، بەپێی خشتەی نوێی موچەی مانگی 11 هەر یەك لە سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و خانەنشینی پێشمەرگە موچە وەردەگرن. ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ نیوەی مانگی 12 تێدەپەرێت و تەنیا چەند وەزارەتێ: موچەی مانگی 11یان وەرگرتووە.

هاوڵاتی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگه‌یاند:" پێشتر توانیومە رێژەی هەڵئاوسانی ئابوری وڵاتەکەم بە رێژەی 4٪ كەمبكەمەوە و ئەم جارەش ئەو كارە ئەنجام ئەدەم". ​ئەمڕۆ دووشەممە 20ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەکردووە، پێشتر توانیویەتی رێژەی هەڵئاوسانی ئابووری وڵاتەکەی بە رێژەی 4٪ کەم بکاتەوە و ئەم کارەش ئەنجام دەداتەوە بەم نزیکانە، لە کاتێکدا دراوی وڵاتەکەی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەیکدا لەگەڵ گەنجانی ئەفریقا باسی لەوەکردووە، بەم نزیکانە هەڵئاوسانی ئابووری وڵاتەکەی کەم دەبێتەوە؛ وەک چۆن لە سەرەتای دەسەڵاتەکەیدا بەهای دراوی وڵاتەکەی بەهێزکردووەتەوە دووبارە هەمان کار ئەنجامدەداتەوە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیڕەوی یاسایەک دەکات کە پشت دەبەستێت بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە کاتی مامەڵەکردن بە دراوی وڵاتەکەیەوە و ئەمەش وەک جەنگی ئابووری سەربەخۆ باس دەکات، بەڵام شارەزایانی ئابووری پێیان وایە کاریگەری دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵئاوسان بۆ 30٪ لە ساڵی داهاتوودا. هاوکات، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، تۆمەتباردەکەن بەوەی هۆکاری سەرەکی هەڵئاوسانی ئابووری تورکیایە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کردووە، لە بەرامبەردا ئەردۆغان کە ماوەی 20 ساڵە لەدەسەڵاتدایە وتی کە هیچ جۆرە هەڵبژاردنێک ناکرێت تا ناوەڕاستی 2023؛ وەک ئەوەی دیاریکراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، لیره‌ی توركیش گه‌وره‌ترین دابه‌زینی له‌ مێژودا تۆماركرد و به‌های 100 دۆلار به‌رامبه‌ره‌ به‌ 1730 لیره‌یه‌ لە ماوەی ئەمساڵدا لیرەی تورکی 55٪ی بەهاکەی لە دەستدا و تەنها لە ماوەی مانگی رابردوودا 37٪ بەهاکەی لەدەستداوە.

  هاوڵاتی حکومەتی فەرەنسا بڕی 479 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو خەڵکە تەرخاندەکات کە لەم ماوەیەدا گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە شنگال و بەعاج. ​ئەمڕۆ دووشەممە 20ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی فەرەنسا بڕی 479 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو خەڵکە تەرخاندەکات کە لەم ماوەیەدا گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە شنگال و بەعاج "بۆئەوەی خانوو و ژیانیان بونیادبنێنەوە". نەتەوە یەکگرتووکان دەڵێت:" یارمەتییەکەی فەرەنسا لە کاتی خۆیدایە و بەکاردەهێندرێت بۆ باشکردنی دۆخی ژیانی نزیکەی 27 هەزار کەس، ئەوەش لە رێگەی پێشکێشکردنی یارمەتیی یاسایی بۆ 200 خێزان و نۆژەنکردنەوەی دوو قوتابخانە". نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو هەنگاوەی فەرەنسا دەبێتە یارمەتیدەرێک بۆئەوەی ئاوارەی زیاتر لە کامپەکان و شارەکانی دیکەوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەتایبەتی کاتێک بۆیان رووندەبێتەوە کە دەرفەتی خوێندن بۆ منداڵەکانیان رەخساوەتەوە. لە هەمان کاتدا، خێزانەکان دەزانن کە پاڵپشتیی یاساییان دەکرێت بۆئەوەی داوای قەرەبوو بکەن لە بەرامبەر ئەو زیانەی پێیان گەیشتووە و ئەو ماڵ و موڵکەی لەدەستیانداوە. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2016 وە دەستی بە هەنگاوەکانی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و لە ساڵی 2020ـەوە دەستی بە کارەکانی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی بەعاج کردووە؛ ئەو لایەنانەی تاوەکو ئێستا یارمەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان داوە بۆ سەرکەوتنی لەو کارەدا بریتین لە یەکێتیی ئەوروپا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژاپۆن. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە بە سوودوەرگرتن لە پاڵپشتیی ئەو وڵات و رێکخراوانە، هەوڵدەدات یارمەتیدەری ئاوارەکان بێت بۆ دروستکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی خانووەکانیان و رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجەکانیان.

عەمار عەزیز-دهۆک  ڤیدۆیەک لەتوڕە کۆمەڵاتیەکان بڵاوبووەتەوە، لە ڤیدیۆکە چەند کەسێک هەڵساون بە بڕینی دار، دوای بەدواداچوونی هاوڵاتی دەرکەوت ڤیدیۆکە لەلایەن توركیاوە تۆمار كراوە و بڵاوكراوەتەوە. ئەیادهروری، دانیشتووی گوندی هرورێ یە سەر بەناحیەی کانێ ماسێ بە هاوڵاتی وت"ئەو ڤیدیۆیە لەم مانگەدا تۆمارکراوە، دەتوانم بڵێم پێش چەند رۆژێکە ئەوکەسانەی داریان بڕیوە هەرخۆیان بڵاویانکردوە تا هەموو کەسێک ببنێت". ئەیاد وتیشی"ئەو ناوچەی داڕیان بڕیوە زۆزانەکانی گوندی هرورێ یە ،سەرووی 200داریان بڕیوە، هەندێک دار لەوناوچەیە دا هەن تەمەنیان نزیکەی 100ساڵە، ئەمەلەکاتێکدایە لە هاوینی ئەم ساڵیش تورکیا دارەکانی ناوچەکەمان بڕی ، لە هەمووشی ناخۆشتر هیچ کەسێک بەدواداچوونی بۆ ناکەت، سوپای تورکیاش بە ئارەزۆی خۆی هەر ناوچەیەک داگیر بکات دەست بەدار بڕین دەکات"

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند:" كه‌ له‌ قۆناغی دووه‌می ئه‌و شه‌پۆله‌ی روی له‌ ناوچه‌كه‌ كردوه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بەفربارین دەستپێبكات". ​ئەمڕۆ یه‌كشەممە 19ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، كه‌شناسیی هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "قۆناغی‌ دووەمی‌ کاریگەری‌ ئەو شەپۆڵەی‌ روی‌ لە ناوچەکەمان کردووە لە سبەی‌ دووشەممەوە چالاک دەبێتەوە، دوانیوەڕۆی سبه‌ینێ بارانبارین دەست پێ دەکاتەوەو لە کاتەکانی‌ شەودا رێژه‌كه‌ی زیاتر دەبێت بۆ بارانی‌ مامناوەندو هەندێك جاریش لێزمە باران ده‌بارێت." پێشبینیشی كردوه‌ كه‌ بەرەبەیانی‌ رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ ئاستی‌ بارانه‌كه‌ زیاتر ببێت لەگەڵ هاتنی‌ بارستە هەوایەکی‌ ساردیشدا، بەفریش دەبارێت، پاشان کاریگەریی‌ ئەم بارستە هەوا ساردە زیاددەکات  و ئاستی‌ بەفر بارین زیاتر دەبێت و زۆربەی‌ ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر ده‌یانگرێته‌وه‌. بۆ رۆژی چوارشه‌ممه‌ش كه‌شناسیی هه‌رێم پێشبینیی كردوه‌ كه‌ بەفر و باران رۆژی‌ بەردەوامیی‌ ببێت و هەندێك کات تەم دروست ببێت و مەودای‌ بینین کەمببێته‌وه‌، پێشبینش ده‌كت كه‌ کاریگەریی‌ ئەم شەپۆلە لە رۆژی‌ پێنجشەممه‌ کۆتای‌ پێ بێت . بۆ رۆژانی پێنجشه‌ممه‌ و هه‌ینیی داهاتوش، كه‌شناسی رایگه‌یاندوه‌ كه‌ نزمبونەوەی‌ پلەکانی‌ گەرما بەردەوامیی‌ دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ ژێر سفر نزم دەبێتەوە وە لە سەنتەری‌ پارێزگاکانیش لە پله‌ی سفر پلەی‌ نزیک دەبێتەوە

هاوڵاتی پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند:" بۆ رێزگرتن له‌ گیانی قوربانیان و زیانلێكه‌وتوانی لافاوه‌كه‌ و شه‌هیدانی چه‌ند رۆژی رابردووی هێرشه‌كانی داعش، وه‌ك پارێزگای هه‌ولێر هیچ بۆنه‌یه‌كی نابێت". دەشڵێت:" زیانه‌ی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر 20 بۆ 21 ملیار دینار ده‌بێت". ​ئەمڕۆ یه‌كشەممە 19ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر قه‌باره‌ی زیانه‌كانی لافاوه‌كه‌ی هه‌ینی رابردوی شاری هه‌ولێری راگه‌یاند و وتی بۆ رێزگرتن له‌ گیانی قوربانیان و زیانلێكه‌وتوانی لافاوه‌كه‌ و شه‌هیدانی چه‌ند رۆژی رابردووی هێرشه‌كانی داعش، وه‌ك پارێزگای هه‌ولێر هیچ بۆنه‌یه‌كی نابێت. ئومێد خۆشناو وتی  لافاوه‌كه‌ی هه‌ینیی رابردوو 15 گوند و ناحیەی گرتوەتەوە، 12 کەسیش گیانیان لەدەستداوەو تائێستا تەرمی دووانیان نەدۆزراونەتەوە، ئاشكراشیكرد به‌هۆی لافاوه‌كه‌وه‌ ئاو چوەتە 2509 ماڵ و زیانی بە کەلوپەلەکانیان گەیاندووە، 402 خانوو و867 ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە کە بەشێکیان حکومین، 153 دوکان و مارکێتیش زەرەرمەند بون. پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند كه‌ جگه‌ له‌ ژماره‌ 508ی بانكی مناره‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك، ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی حسابیش بۆ كۆمه‌كه‌كانی ره‌وه‌ندی كوردیش ده‌كه‌نه‌وه‌، داواشی له‌ حكومه‌تی عێراق كرد له‌ بودجه‌ی فریاكه‌وتن پشتیوانی له‌ هه‌ولێری پایته‌خت بكات، چونكه‌ زیانه‌كان زۆر زۆره‌. وتیشی كه‌ له‌ رێگای فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ نامه‌ی فه‌رمییان بۆ نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیش كردوه‌ كۆمه‌كی شاری هه‌ولێر بكه‌ن، ئاشكراشیكرد كه‌ ته‌نها ماوه‌ی 4 رۆژیان بۆ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان دیاریكردوه‌ كه‌ هۆكاره‌كان و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان دیاری بكه‌ن. بۆ لافاوه‌كه‌ی رابردووش، ئاشكرایكرد كه‌ خاوه‌نی پرۆژه‌ی شاری زێڕین تا رۆژی پێنچشه‌ممه‌ی رابردوودا ده‌ستگیركرابوو، به‌ڵێننامه‌ی پێ پڕكراوه‌ته‌وه‌ بۆ چاككردنی كه‌موكورتییه‌كان و پاشان ئازاد كراوه‌.

 هاوڵاتی فەرماندەی گشتی هەسەدە جارێكی دیكە ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی سوریا دەربڕی، ڕاشیگەیاند:" دۆخی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەراورد بە هەندێك ناوچەی دیكە زۆر باشترە". ​ئەمڕۆ یه‌كشەممە 19ی كانوونی یه‌كه‌می 2021 میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، مەزڵوم كۆبانێ‌، فەرماندەیی گشتیی هیزەكانی سوریای دیموكراتی ( هەسەدە)، لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی باڵای دیكە سەردانی ئەنجومەنی سەربازی دیرەزور و ئەنجومەنی مەدەنی ناوچەكەیان كرد. لەمیانی ئەو سەردانەدا مەزڵوم كۆبانێ‌، ڕایگەیاند:" ڕێككەوتنی نێودەوڵەتی هەیە بۆ بەزاندنی سنوری سوریا و هەسەدە بەشێكە لە ڕێككەوتنەكە و پابەندە بە زامنكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا. مەزڵوم عەبدی تیشكی خستە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەكانی دژی داعش و شانەنوستووەكانی، كە لە پێشینەی ستراتیژیی نوێدا بۆ ساڵی 2022 دانراوە، داواشیكرد هەر كات پێویست بكات ئۆپەراسیۆنەكانی دژە قاچاغیكردن لە كەنارەكانی فورات و هەموو سنورەكان چڕبكرێتەوەو داواشی لەهێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كرد بەشێوەیەكی كارا كاربكەن بۆ دەستەبەركردنی ئاسایش و ئارامی بۆ خەڵكی دیرەزور". فەرماندەی هەسەدە وتیشی:" هێشتا چەندین تەحەدا هەیە، داعش و هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا و جموجوڵەكانی ڕژێمی سوریا، كاردەكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو تەحەدایانەی كە ساڵی داهاتوودا ڕوبەڕومان دەبێتەوە". مەزڵوم كۆبانێ‌، ئەوەشی خستەڕوو:"لە كۆتایی ساڵی 2021دا هەڵمەتێكمان دەستپێكردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەناو دەستەی كارگێڕی و سەرجەمی دامودەزگاكانی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەم هەڵمەتە لە ساڵی نوێدا بەردەوام دەبێت". فەرماندەی هەسەدە باسی لەوەشكرد:" ئەوان گفتوگۆ لەسەر شارێك یان ناوچەیەك لەگەڵ حكومەتی سوریا ناكەن، بەڵكو هەر دانوستانیان لەسەر هەموو باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێت".  

  هاوڵاتی  خانه‌ی  راگه‌یاندنی ئه‌منیی عێراق رایگەیاند:" وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق، ته‌واوی كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی ناو بنكه‌ی (عه‌ین ئه‌سه‌د)ـیان راده‌ستی سوپای عێراقیان كرده‌وه‌". ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، خانه‌ی  راگه‌یاندنی ئه‌منیی عێراق بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ورده‌كاری رێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مریكا، لیژنه‌یه‌كی ئه‌منی سه‌ردانی بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌دیان له‌ پارێزگای ئه‌نبار كرد و لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ گۆڕینی ئه‌ركی سوپای ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ شه‌ڕكه‌ره‌وه‌ بۆ راوێژكاری سه‌ردانی بنكه‌ی (عه‌ین ئه‌سه‌د)ـیان له‌ ئه‌نبار كرد، كه‌ سوپای هاوپه‌یمانی دژ به‌ داعش وه‌ك بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ 2014ـه‌وه‌ به‌كاری ده‌هێنن. روونیشی كرده‌وه‌، وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق، ته‌واوی كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی ناو بنكه‌ی (عه‌ین ئه‌سه‌د)ـیان راده‌ستی سوپای عێراقیان كرده‌وه‌. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی خانه‌كه‌، له‌و سه‌ردانه‌دا جه‌ختكرایه‌وه‌  سه‌ر گۆڕینی ئه‌ركی شه‌ڕكردنی سوپای هاوپه‌یمانان بۆ راوێژ و مه‌شقپێكردنی سوپای عێراق و هاوكاری كردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان. ئەمەش لەكاتێكدایە، پێشتر جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند هێزە شەڕكەرەكانیان لە عێراق دەكێشنەوە. لەئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 100 ئەمریكی لە عێراقن لەژێر ناوی هاوپەیمانی دژی داعش بە هاوكاری هێزە ئەمنیە عێراقیەكان و هێزەكانی پێشمەرگە شەڕی دژی تیرۆرستان دەكەن  

  هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ناسنامەی چوار گەریلای شەهیدی ڕاگەیاند، کە یەکێکیان خەڵکی شارۆچکەی پێنجوێنە ساڵی ٢٠١٩ لە هێرشێکی ئاسمانیی سوپای تورکدا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوون. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ناسنامەی چوار شەهیدی ڕاگەیاند، کە ساڵی ٢٠١٩ لە هێرشێکی ئاسمانیی سوپای تورکدا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوون. ناسنامەی شەهیدەکان بەمشێوەیەیە؛ ناسناو: گیڤارا کوردان ناو و پاشناو: هاوبەش عومەر شوێنی لەدایکبوون: پێنجوێن ناوی دایک و باوک: عەزیمە عومەر و عومەر مەجید کات و شوێنی شەهیدبوون: ٩ی ٨ی ٢٠١٩ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ناسناو: ئاڤشین سەردەم ناو و پاشناو: ئامینە ئاکدۆغان شوێنی لەدایکبوون: شرناخ ناوی دایک و باوک: کامەر – خەلیل کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی ٨ی ٢٠١٩ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ناسناو: عەگید بۆتان ناو و پاشناو: عومەر کارانفیل شوێنی لەدایکبوون: سێرت ناوی دایک و باوک: سوبحیە – ئایدن کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی ٨ی ٢٠١٩ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ناسناو: ڕووبار ئەحمەد ناو و پاشناو: محەمەد جان تاڵای شوێنی لەدایکبوون: ئامەد ناوی دایک و باوک: ئنجی – مەحمود کات و شوێنی شەهیدبوون: ٩ی ٨ی ٢٠١٩ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هەپەگە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕایگەیاندووە: هاوڕێیانمان ئاڤشین، عەگید، ڕووبار و گیڤارا مانگی ٨ی ٢٠١٩ لە بۆردوومانێکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوون.

عەمار عەزیز  سەرۆکی دەستەی بنکەی لالش بڕیاریدا بڕی 10 ملیۆن دینار بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەكەی هەولێر تەرخان بكات. ئەمڕۆ شەممە 18ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، دلشاد سالح، بەرپرسی نۆسینگەی لالش له شاری دهۆک بە هاوڵاتی وت"لەکاتی کۆمەڵکۆژی و روداوی ئاگرکەوتنەوەی کەمپی شاریا، خەڵکی هەولێر و دەوروبەری هەمووجورە هاوکارییەکی گەیاندە خەڵکی ئێمە، چاکەی ئەوان لەبیرمان نەکردوە هەمیشە باسی دەکەین، هەربۆیە بە بڕیاری سەرۆکی دەستەی بنکەی لالش بەرێز شێخ شامۆ بڕیاریدا بە دابینکردنی بڕی 10 ملیۆن دینار بۆ زیانلێکەوتووانی برایەکانمان لە هەولێر". بەرەبەیانی رۆژی هەینی 17-12-2021 بەهۆی بارانی بەخوڕ لافاو لە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر دروستبوو، جگە لە زیانە گیانییەکان کە 12 کەس بوون، زیانێکی دارایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. ژمارەیەکی زۆر ماڵ لە گەڕەکەکانی دارەتوو و رۆشنبیری ئاویان تێچووە و سەتان ئۆتۆمبێلیش کەوتوونەتە ژێرلافاوەوە، یان لافاوەکە تێکی شکاندوون. بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان، لەهەر گەرێ: لەو گەڕەكانەی بەر لافاوەكەی دوێنی كەوتوون، زیاتر لە 200 ماڵ زەرەرە مەند بوون. دلشاد سالح وتیشی"حکومەتی هەرێم مانگانە نەسرییە دەداتە دەستەی بنکەی لالش ئەوەش بۆ چالاکیەکانمان و دابەشکردنی هاوکاری بەسەر خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، بۆ ئەم مانگە هەموو چاڵاکیەکان و هاوکارییەکانمان ڕاگرت، لەپارەی نەسرییە 10ملیون دابین دەکەین". دەستەی بنکەی لالش، کە بنکەیەکی رۆشەنبیری و کۆمەڵایەتی ، فرع، واتە تایە و بنکەکانی خۆی لەتەواوی سنوری پارێزگای دهۆک و شنگال هەن ، کە ئەویش پێکهاتووە لە8تایی سەرەکی لەگەڵ 27 بنکە،

هاوڵاتی به‌رپرسێكى باڵاى یه‌كێتى رایگەیاند:" وتیان ھەولێر دەکەنە دوبەی، بەس داخەکەم کردیانە دەریای ئیجە و وتمان سلێمانی ئەکەینە پایتەختی ڕۆشنبیریی، لەسایەی سەری کوڕی مەسئول‌ و ئەو ھەموو ھێزو میشیا ڕەنگاوڕەنگەوە کردومانەتە تەکساس". ​ئەمڕۆ شەممە 18ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە نوسینێكدا بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای كوردستان‌ و ساڵیادی نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی نوسیویه‌تى:" 17ی دیسەمبەر ئەو ڕۆژەی کە تارماییەکی ڕەش باڵی بەسەر کوردستان‌ و  عێراقدا کێشاو سەمامی ئەمانەکەی لەدەستداو چیتر خۆشبەختی بەخۆوە نەبینییەوە". ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ده‌شڵێت:" ئەو ڕۆژەی مام چیتر بەرگەی ماندوێتی‌ و سەختیەکانی خەباتی سیاسی‌ و کێشمە کێشەکانی نەگرت‌ و لێدانی دڵە گەورەکەی ئەو پێشمەرگە و کورد پەروەرو شۆڕشگێڕو ڕابەرو سیاسەتمەدارە ژیرو بلیمەتەی گەلەکەمان کەوتە دەست قەدەر". شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌به‌شێكى ترى وتاره‌كه‌یدا ئه‌وه‌شى وتوه‌: " مامە گیان لەماوەی ئەو نۆ ساڵەدا نەک ھەر بەرەو پێش نەڕۆیشتوین، بەڵکو پاشکەکشێشمان کردووە و تەنانەت بەو ھەموو موزایەدەو دروشمە بریقەدارو تەپڵ لێدان‌و ھاتوھاوارەشەوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش دابین نەکراون". باسى له‌وه‌شكردوه‌: " مامە، لەسایەی سەری کۆمەڵێک بازرگان‌و بەرژەوەندیخوازەوە نە بستێک زەوی ماوە، نە گۆیژە، گۆیژەیەو نە کەسیش ئەتوانێت پۆزێک لەجادەی پۆزەکە لێبدات..!! سەرچنار بوەتە مێژوو، عه‌ینکاوە بوه‌تە سەرگزشت، قەڵادزە ساڵی جارێک یادی ئەکەینەوە، ئەنفال‌و ھەڵەبجە ھەر بونەتە مەراسیمێکی یەک چرکە وەستان بۆ گیانیانی پاکیان، کۆیە ناوی نەماوە، گەرمیان مەگەر بەگۆرانی ناوی بێتە ناو ناوان". له‌باره‌ى هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ڵێت:" مامە گیان، وتیان ھەولێر دەکەنە دوبەی بەس داخەکەم کردیانە دەریای ئیجە، وا ھەموان سەرقاڵی دۆزینەوەی لاشەی (دانەر)ی تەمەن 10مانگانن کە لافاوەکەی ھەولێری بەدوبەی کراومان لەگەڵ خۆی بردی، نازانم ئێستا لافاوەکە گەیاندویەتیە پەنا کام تاشە بەردو لەکام دۆڵ‌و شیوو کەناری کام گوندو بناری کام کێوو چیا نیشتۆتەوە". باسى له‌سلێمانیش كردوه‌و جه‌ختیكردۆته‌وه‌: " وتمان سلێمانی ئەکەینە پایتەختی ڕۆشنبیریی، لەسایەی سەری کوڕی مەسئول‌و ئەو ھەموو ھێزو میشیا ڕەنگاوڕەنگەوە کردومانەتە تەکساس، وتمان کەرکوک ئەکه‌ینە شاری پێکەوەژیان، کردومانەتە شاری ڕق‌و کینەو سەد بەرەکی، وتمان سەری بادینان بەرزئەکەینەوە بەس ھەموو ئەو بادینانەی کە داوای مافی ڕەوای خۆیان‌و خەڵکیان کرد بەشەش ساڵ‌و 10 ساڵ سزادران‌و خرانە کونجی زیندانەوە، وتمان بەغدا ئەکه‌ینەوە بە(باغی داد)و بوه‌تە مەیدانی زۆرانبازیی‌و فڕکان فڕکانی وڵاتانی بێگانە و کوتلەو حزب‌ و لایەنە سیاسیەکان". له‌كۆتاییشدا ئه‌وه‌ى نوسیوه‌: " مامە گیان، سەردەم گۆڕاوە، کەس بەکەسەو نە ھەرێم ھەرێمەو نە عێراقیش عێراق.. گەورەم لەگەڵ ھەر ھەموو ئەوانەشدا پێویستە ڕاستیەکیت پێبڵێم کە ھێشتا تروسکاییەک ھەر ماوە".