هاوڵاتی فەرەنسا دوو قاچاخچی كورد بە زیاتر لە دوو ساڵ زیندانی سزا دەدات بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا. ئه‌مڕۆ سێشەممە 28ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، میدیای بەریتانی ناوی قاچاخچییەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، محەممەد فاتیح تەمەنی 22 ساڵە و خەڵکی سووریایە؛ دوو قاچاخچییەکەی دیکە تەمەنیان 25 ساڵە و کوردن کە یەکێکیان ناوی شارام شۆڕش و ئەوی دیکەیان ناوی عەلی هەلدینە. ئەو سێ کەسە بە تاوانی بەقاچاخبردنی خەڵک لە رێگەی زیاتر لە 500 بەلەمەوە بە ماوەی جیاواز زیندانیکران.  میدیای بەریتانی وێنەی هەریەکە لە محەممەد فاتح و شارام شۆڕشی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، محەممەد فاتح وەکو تاوانباری سەرەکی، چوارساڵ زیندانی دەکرێت؛ داواکاری گشتی داوای 7 ساڵ زیندانیکردنی بۆ شارام شۆڕش دەکرد، بەڵام دوو ساڵ بەند دەکرێت. میدیای بەریتانی لە زاری پۆلیسی فەرەنساوە بڵاویکردەوە، ئەو کەسانە بۆ هەر کەسێک 2 هەزار بۆ 3 هەزار یۆرۆ کە دەکاتە 2 هەزار و 250 بۆ 3 هەزار و 400 دۆلاریان وەرگرتووە. بەمەش لەکۆی گەشتە بە قاچاخبراوەکانیاندا زیاتر لە 1 ملیۆن و 345 هەزار دۆلاریان دەستکەوتووە، بەڵام پارەکە بۆ شوێنی دیکە گوازراوەتەوە و پۆلیس دەستی بەسەردا نەگرتووە. پۆلیس لە ئۆتۆمبێلی قاچاخچییەکاندا دەستی بەسەر پەرتووکێکی ناودا گرت و تێیدا ناوی سەتان کۆچبەری تێدا بوو و تەنانەت هەندێکیان وەک منداڵ تۆمارکرابوون. بەڵگەنامەکانی دادگە پیشانیدەدەن کە پەڕاندنەوەی هەرە سەرکەوتووی کۆچبەران بەنێو نۆکەندی ئینگلیزدا لە 19ی مانگی تەممووزدا بووە لە لایەن ئەو سێ کەسەوە کاتێک لە یەک بەلەمدا 83 کۆچبەریان پەڕاندووەتەوە.  بەرپرسانی هێزی سنووریی بەریتانیا توانیویانە ناسنامەی 327 کەس بدۆزنەوە کە لە لیستی قاچاخچییەکاندابوون  توانیویانە بە سەرکەوتووی بگەنە بەریتانیا و ناسنامەی 200 کەسی دیکەشیان لایە، کە گوماندەکرێت پەڕیبنەوە.    

  هاوڵاتی ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند:" یەکێکی تر لە دیاردە قێزەونەکان و دیوێکی تری بێدەنگ کردن،بریتیە لە پاکانە کردن وپەشیمان کردنەوەی ناچاری بەو هاوڵاتیانەی کە ڕەخنە لەحکومەت دەگرن". ئه‌مڕۆ سێشەممە 28ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوسینێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاند:" یەکێکی تر لە دیاردە قێزەونەکان و دیوێکی تری بێدەنگ کردن،بریتیە لە پاکانە کردن وپەشیمان کردنەوەی ناچاری بەو هاوڵاتیانەی کە ڕەخنە لەحکومەت دەگرن، لەم میانەدا کەناڵە حزبیە دەستەمۆ ودابەستەکانی حزب ڕۆڵێکی پێسپێراوی یەکجار ناشیرین دەبینن،کە لەماوەی شەوو ڕۆژێکدا دوو دیوی هاوڵاتی بەشمەینەتی هەرێم نیشانی خەڵک دەن". دەقی راگەیاندراوەكەی ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی:... سیاسەتی پاکانە پێکردن وپەشیمان کردنەوەی بەزۆر !؟ یەکێکی تر لە دیاردە قێزەونەکان و دیوێکی تری بێدەنگ کردن،بریتیە لە پاکانە کردن وپەشیمان کردنەوەی ناچاری بەو هاوڵاتیانەی کە ڕەخنە لەحکومەت دەگرن، لەم میانەدا کەناڵە حزبیە دەستەمۆ ودابەستەکانی حزب ڕۆڵێکی پێسپێراوی یەکجار ناشیرین دەبینن،کە لەماوەی شەوو ڕۆژێکدا دوو دیوی هاوڵاتی بەشمەینەتی هەرێم نیشانی خەڵک دەەن. بەعس و سەدامیش لەجەنگی قادسیەی دۆڕاوو شەڕی داسەپاویان دژ بەخەڵکی کوردستان زوو زوو دەستیان بۆ ئەم چڵە پوشانە دەبرد تا لە زۆلکاوی ستەمکاریدا دەریان بێنێت بەڵام نەچەک وجبەخانەکەی ونەسوپا ملیۆنیەکەی و نەشایەری ڕاگەیاندنە چەواشەکاریەکەی نەک هەر فریای نەکەوت بەڵکو نغرۆی کرد وکردیە پەندی زەمانە. ئاخر دەسەڵاتێکی حزبی بەم هەموو وابەستەو دابەستەیە تێر نەخوات کەڕۆژانە خەریکی پیرۆزکردنی بتەکان و هەڵاکردنن لەمەیدانی کۆیلە فرۆشان و ترست لەهاواری هاوڵاتیەک بێت کەداعش جگەر گۆشەکەی لێکردو پڕۆژەی گەندەڵە تێر نەخۆرەکان بوە وەیشومەی ئەوەی بەکولەمەرگی پێکیەوە ناوە کەچی بەڕەخنەو هاوارێک قەڵس بیت وگورج مایک بەدەستەکانی حزب بەر بەیتە گیانی هاوڵاتی وناچار بە پەشیمان بوونەوەی بکەی ،ئەم ڕەفتارە ناشارستانیە ڕویەکی تری ئەو دەسەڵاتە شکستخواردوەیە کە بڕیاری داوە پەندو عیبرەت وەر نەگرێت و هەر ڕۆژەی بە دەردی سەریەک میلەتەکەی بفلیقێنێتەوە.

  هاوڵاتی هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند:" ئەمڕۆ تورکیا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە. هەمان ئەو پەیامە بە سەرۆکی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەگەیێنین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ کۆتایی هێنان بەو گوشارە داپڵۆسێنەرانەی لەلایەن ئاکپارتی و مەهەپەوە دەکرێتە سەر کۆمەڵگەی تورکیا". لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا. پەروین بوڵدان رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی پڕ بایەخمان کرد. جەختی لەوەشکردەوە، داواکاری هەدەپە بۆ  هەڵبژاردنی پێشوەختە بە سەرۆکی پارتی ئایندە راگەیێندراوە و بەرنامەی کاریان لەمبارەیەوە پێشکێش کردووە.  پەروین بوڵدان راشیگەیاند، تاوتوێی قوڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی ئابووری و چاوەڕوانییەکانی گەلیان کرد، هەروەها باسیان لە دەستپێشخەری و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک کردووە.  هاوکات بیروبۆچوون و بەرنامەی کاری هەدەپە پێشکێشی داودئۆغڵو کراوە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.  پەروین بوڵدان وتی: "ئەمڕۆ تورکیا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە. هەمان ئەو پەیامە بە سەرۆکی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەگەیێنین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ کۆتایی هێنان بەو گوشارە داپڵۆسێنەرانەی لەلایەن ئاکپارتی و مەهەپەوە دەکرێتە سەر کۆمەڵگەی تورکیا".  هاوسەرۆکی هەدەپە هێرشی کردە سەر ئاکپارتی و مەهەپە، رایگەیاند: "لە سایەی دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە، نادادپەروەری و نایەکسانی و ستەم هەموو سنوورەکانی بەزاندووە و بۆ کۆتاییهێنان بەم ستەمانە، خواستی گەل لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دایە". 

هاوڵاتی ژمارەیەک نوسەر و رۆشنبیر لە رۆژئاوای کوردستان کاتژمێر 7:00ی ئیوارەی ئەمرۆ کەمپینێک بۆ گرنگیدان و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی دەستپێدەکەن بۆ ئەمەش داوایان وایە بڵاوکردنەوەی گشت بڵاوکراوە و بڕیارەکانی ئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاوا بەزمانی کوردی بن.  ئەمڕۆ دووشەممە 27ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز، ڕێکخەرانی کەمپینەکە داواکارن لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێ زمانی کوردی لە هەموو شوێنێکی ڕۆژئاوا جێگیر ببێت و بەرەو پێشببردرێت، بۆ ئەمەش داوایان وایە بڵاوکردنەوەی گشت بڵاوکراوە و بڕیارەکانی ئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاوا بەزمانی کوردی بن. هاوکات ه ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان پاڵپشتی بۆ کەمپیەنکە دابینکردووە و کۆمەڵێک لە نووسەران و ڕۆشبیرانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیانکردووو بە ڕاگەیاندنی کەمپینەکەیان بەناوی "زمانی کوردیی"  ئەوەش بە ئامانجی جێگیربوون و بەرەوپێشبردنی زیاتری زمانی کوردی لە ناوچە کوردییەکانی سوریا. هەروەها، لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بەزمانی کوردی لەڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخەرانی کەمپینەکە داواکارن سەرجەم بڵاوکراوە و بڕیارەکانی ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوا بکرێن بە زمانی کوردی، بڕیاریشە کەمپینەکە بەفەرمی کاتژمێر 7:00ی ئێوارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕابگەیەندرێت.

هاوڵاتی نوێترین داھێنانەکانی ئاسیاسێڵ؛ “Yooz” لاوان دڵخۆش دەکات  لەلایەن سیمکارتێکی ئەلکترونییە بوار بۆ بەکارهێنەرانی دەڕەخسێنێت کۆنترۆڵی تەواوەتی ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن کە لە بەرامبەریدا پارە دەدەن. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، كۆمپانیای ئاسیاسێل کە پێشەنگی کۆمپانیاکانی پەیوەندییە لە عێراق لە نوێترین داهێنانیدا راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:" بۆ یەکەمجار و لەلایەن ئاسیاسێڵەوە، کە پێشەنگی کۆمپانیاکانی پەیوەندییە لە عێراق و گەورەترین پاڵپشتی گەنجانە، پەردە لەسەر پلاتفۆرمی YOOZ لادرا. ئەم داھێنانە بێوێنەیە بە تازەترین پلاتفۆرمی بێهاوتا ھەژماردەکرێت کە ئاسیاسێڵ پێشکەشی لاوانی دەکات کە بە تایبەتی بۆ گەنجانی عێراق دیزاینکراوە".  ئاسیاسێڵ لەلایەن سیمکارتێکی ئەلکترونییە بوار بۆ بەکارهێنەرانی دەڕەخسێنێت کۆنترۆڵی تەواوەتی ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن کە لە بەرامبەریدا پارە دەدەن، ئەمە بێجگە لە چەندین تایبەتمەندی کە بێشومار لە پێناو دابینکردنی پێویستییەکانی گەنجانی عێراق.  عامر سونناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکار کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایگەیاند:" زۆر خۆشحاڵین کە  لە ناوجەرگەی بەغدای پایتەختەوە خزمەتگوزاریی Yooz پێشکەش دەکەین. بە ڕادەی گرنگی بەغدای پایتەخت بۆ عێراق، پلاتفۆرمی Yooz نوێنەری ڕۆحی ئەو گەنجانەیە کە لە هەوڵدان بۆ شەفافیەت و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی. بەڕێوەبەری جێبەجێکار کۆمپانیای ئاسیاسێڵ وتیشی:" YOOZ بەڵێنی ئەوە دەدات کە پاڵپشتی هەمیشەیی لاوان دەبێت، ئەوان پاکێجگەلێكیان دەویست کە بە جۆرێك دزاینکرابێت لەگەڵ پێویستییەکانیاندا بگونجێت".  YOOZ سەرەتای سەردەمی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی داهێنەرانەیە بۆ گەنجان. لە ئاهەنگەکەدا 15000 میوان کۆدی QR یان سکان کرد کە لەسەر شاشەیەکی زەبەلاح دەرکەوتبوو ودەستبەجێ ئەپلیکەشنی YOOZ یان دابەزاند وئەم ئەزموونە تازەیان تاقیکردەوە. سیمکارتی YOOZ ئێستا بەردەستە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت دەستبکات بەم ئەزموونە دیجیتاڵیە پێشکەوتووە نایابە. دەقی راگەیاندراوەكەی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ:... "تۆ خاوەن بڕیاریت" - پەیامی “Yooz” بۆ لاوانی عێراق لە میانەی ئاھەنگی دەستپێکە سەرسوڕھێنەرەکەی     نوێترین داھێنانەکانی ئاسیاسێڵ؛ “Yooz” لاوان دڵخۆش دەکات لە میانەی ئاھەنگی دەستپێکە گەورەکەی وئاشکراکردنی تایبەتمەندییە بێشومارەکانی بەغدا، 22 کانونی یەکەم (دیسەمبەر) 2021 – شاری بەغدا شەوی رابردوو ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی YOOZ ی بەخۆیەوە بینی لە میانەی بۆنەیەکی زۆر گەورە ودڵخۆشکەردا کە بۆ ئەو مەبەستە سازکرابوو وبووە مایەی سەرسامبوونی گەنجانى عێراق.  بۆ یەکەمجار ولەلایەن ئاسیاسێڵەوە، کە پێشەنگی کۆمپانیاکانی پەیوەندییە لە عێراق وگەورەترین پاڵپشتی گەنجانە، پەردە لەسەر پلاتفۆرمی YOOZ لادرا. ئەم داھێنانە بێوێنەیە بە تازەترین پلاتفۆرمی بێهاوتا ھەژماردەکرێت کە ئاسیاسێڵ پێشکەشی لاوانی دەکات کە بە تایبەتی بۆ گەنجانی عێراق دیزاینکراوە. ئەوەی ئاهەنگەکەی ڕازاندبووەوە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر بوو لە لێپرسراوانی حکومی ودیبلۆماسی وکەسانی بەناوبانگ وخاوەن کاریگەریی، سەرەڕای ئامادەبوونی 15000 میوان کە بە خزمەتگوزاریی YOOZ ئاشناکران؛ کە ئەویش سیمکارتێکی ئەلکترونییە بوار بۆ بەکارهێنەرانی دەڕەخسێنێت کۆنترۆڵی تەواوەتی ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن کە لە بەرامبەریدا پارە دەدەن، ئەمە بێجگە لە چەندین تایبەتمەندی کە بێشومار لە پێناو دابینکردنی پێویستییەکانی گەنجانی عێراق. بەڕێز عامر سونناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکار کۆمپانیای ئاسیاسێڵ خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە دەسپێکی ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاریی YOOZ دەربڕی و لە وتەیەکیدا بەو بۆنەیەوە وتی: "زۆر خۆشحاڵین کە  لە ناوجەرگەی بەغدای پایتەختەوە خزمەتگوزاریی Yooz پێشکەش دەکەین. بە ڕادەی گرنگی بەغدای پایتەخت بۆ عێراق، پلاتفۆرمی Yooz نوێنەری ڕۆحی ئەو گەنجانەیە کە لە هەوڵدان بۆ شەفافیەت و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی. لاوان توێژێکی هەمەچەشنن لە ڕووی حەز وئاوات وپێویستییەکانیانەوە، ئێستا سەربەستی تەواویان هەیە بۆ هەڵبژاردنی پاکێجەکانی تایبەت بە خۆیان وسوود وەرگرتن لەو بژاردە وتایبەتمەندییە بێسنوورانەی ئەو پاکێجانە دەستەبەری دەکەن بەوپەڕی شەفافیەتەوە، وە بەباشی دەزانن هەر دینارێك کە خەرجی دەکەن بۆ کوێ دەچێت.  YOOZ بەڵێنی ئەوە دەدات کە پاڵپشتی هەمیشەیی لاوان دەبێت، ئەوان پاکێجگەلێكیان دەویست کە بە جۆرێك دزاینکرابێت لەگەڵ پێویستییەکانیاندا بگونجێت، ئێمەش گوێمان بۆ ڕاگرتن و ئەمڕۆ هەستاین بە پێشکەشکردنی. ئێستا گەنجان ئەتوانن کۆنتڕۆڵی خەرجکردنی ئەو پارەیە بکەن کە لە پاکێجەکاندا سەرفی دەکەن. لەم پلاتفۆڕمەدا گەنجان دەتوانن بە خواستی خۆیان پاکێجەکانیان بۆ پەیوەندی، ئینتەرنێت و کورتەنامە وهەروەها کارتی MOODی تایبەت بە خۆیان بەکاربهێنن وچێژ وەربگرن لە بەشداریکردنی بێبەرامبەر لە دڵخوازترین ئەپلیکەیشنەکانی فیلم و گۆرانی ویارییە تایبەتەکان لە فرۆشگەی Play Store، ئەمە بێجگە لە هەڵبژاردنی ژمارەی مۆبایلەکانیان! ئامانجمانە خزمەتی بەشداربووانمان بکەین لە ڕێی دابینکردنی پشتگیریی تەکنیکی وپڕۆژەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان کە دەتوانێت ڕەوشی کۆمەڵگە باشتربکات وشارەزایی ومەعریفەش زیاتر بکات. لە داهاتووشدا دەستپێشخەری زیاترمان دەبێت کە شوێنپێی دەستپێشخەرییەکانی ڕابردوومان هەڵدەگرن لە ڕووی جوانی و نایابی وگشتگیرییەوە." لەم ڕووداوە مەزنەدا، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ هەر تەنها تەکنەلۆجیای مۆدێرنی بواری پەیوەندییەکانی پێشکەش نەکرد، بەڵکو ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش وگرنگی خستەڕوو ئەویش ئەوە بوو کە ئاهەنگەکە بە دەسپێکێکی سەرنجڕاکێش وپڕجۆش وخرۆش دەستیپێکرد؛ بە دەرکەوتنی شەش دەفژەن لە هەوادا کە دەستپێکردنی بۆنەکەیان ڕاگەیاند وچەند نمایشێکی ڕووناکی ڕەنگاوڕەنی لێزەریی  لەخۆگرتبوو کە پێشتر لە وێنەی نەبووە. تایبەتمەندییە زۆرەکانی  YOOZ لە ڕێگەی نمایشێکی سەرسوڕهێنەرەوە لە پێشەکی بۆنەکەدا ڕوونکرانەوە کە لەسەر ستەیجی شانۆکە پێشکەشکرا بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای هۆڵۆگرام وسەماکارانی شاراوە کە بە تایبەتی هاتبوون بۆ پێشکەشکردنی نمایشەکان لەم بۆنە گرنگەدا وبە لۆگۆی YOOZ ـەوە. وە مەراسیمی ئاهەنگەکە بەردەوام بوو بە ئامادەبوونی هونەرمەندی عێراقی ستار سەعد کە بەدرێژای شەو جۆشوخرۆشی جەماوەری ئامادەی ئاهەنگەکەی زیاترکرد وجەوی ئاهەنگەکەی خۆشترکردبوو. مەراسیمی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمەکە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ وەکو کۆمپانیایەکی پێشەنگی تەکنەلۆجیا بەردەوامە لە بەخشین لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییەکانی گەنجانەوە وتوانیویەتی بەدجیتاڵکردن بهێنێتە ناو سەرجەم کایەکانی ژیانەوە.  YOOZ سەرەتای سەردەمی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی داهێنەرانەیە بۆ گەنجان. لە ئاهەنگەکەدا 15000 میوان کۆدی QR یان سکان کرد کە لەسەر شاشەیەکی زەبەلاح دەرکەوتبوو ودەستبەجێ ئەپلیکەشنی YOOZ یان دابەزاند وئەم ئەزموونە تازەیان تاقیکردەوە. سیمکارتی YOOZ ئێستا بەردەستە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت دەستبکات بەم ئەزموونە دیجیتاڵیە پێشکەوتووە نایابە. -کۆتایی- دەربارەی ئاسیاسێڵ ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکەری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق وله‌ 1ى كانونى دووەمی 2021 ــەوە ژماره‌ى به‌شدرابووی ڕەزامەندی14.7  مليۆنی تێپەڕاندووە. ئاسياسێڵ وەکو یەکەم کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق، وە یەکەم کۆمپانیاشە کە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت وخزمەتگوزاری 4G بە کوالیتی یەکی بەرز لە سەرتاسەری سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابینبکات.‌ تۆڕى ئاسياسێڵ زیاتر 99% ى دانيشتوانى عێراق ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ تۆڕه‌كه‌ى ببێته‌ فراوانترين تۆڕى مۆبايل له‌ بەرامبەر دوو كۆمپانيایەکەی تری مۆبايل له‌ عێراقدا. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە بە باشترین دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دادەنرێت کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کوالیتی لە عێراق دابیندەکات. لە ناوەڕاستی ساڵی 2021، ئاسیاسێڵ وەکو خێراترین خزمەتگوزاری 4G لە عێراق لەلایەن Speedchecker®  وگشتگیرترین ڕووماڵی تۆڕی ئینتەرنێت لە Ookla ® ـەوە دەستنیشانکرا. ئاسیاسێڵ بۆ پەیوەندییەکان "PJSC"، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان [email protected] بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکە: www.asiacell.com  

    هاوڵاتی هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت: "هەڵمەتی دەست بەسەراگرتنی ماتۆرسکیل بەردەوامە"، ئاماژە بەوەشدەکات، " ئەوانەی کاری دلیڤەری دەکەن دەبێت خاوەنی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕ سکیل بن". ئەمرۆ سێشەممە 27ی کانوونی یەکەمی 2021 لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە: "هەڵمەتی دەست بە سەراگرتنی ماتۆرسکیل بەردەوامە و ژمارەیەک ماتۆرسکیل دەستی بە سەردا گیراوە و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت". بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە: "هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێرانی ماتۆڕسکیل دەکات بەتایبەت  شۆفێری ئەو  ماتۆرسکیلانەی کاری دلیڤەری دەکەن پێویستە پابەندی سەلامەتی بن و هۆکارەکانی سەلامەتی لە دەست کێش و کڵاو و سەرئەژنۆ  بەکاربهێنن،  وە خۆیان دوور بگرن لە ڕۆیشتن بە پێچەوانەی شەقام و بێزارکردنی هاوڵاتیان و دەبێت خاوەنی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕ سکیل بن". ئەوەشی خستۆتەروو: "هەر شۆفێرێکی ماتۆرسکیل مۆڵەتی لێخورینی نیە بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بەشی مۆڵەت بکات بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسکیل بە پێچەوانەوە هەر شۆفێرێکی ماتۆڕسکیل پابەند نەبێت دەست بە سەر ماتۆرسکیلەکەیدا دەگیرێت". دەقی ئاگادارییەکە:... ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانییەوە بۆ شۆفێری ئەو ماتۆرسکیلانەی کاری دلیڤەری دەکەن هەڵمەتی دەست بە سەراگرتنی ماتۆرسکیل   بەردەوامە و ژمارەیەک ماتۆرسکیل دەستی بە سەردا گیراوە و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت  ‏‎هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێرانی ماتۆڕسکیل دەکات بەتایبەت  شۆفێری ئەو  ماتۆرسکیلانەی کاری دلیڤەری دەکەن پێویستە پابەندی سەلامەتی بن و هۆکارەکانی سەلامەتی لە دەست کێش و کڵاو و سەرئەژنۆ  بەکار بهێنن ،  وە خۆیان دور بگرن لە ڕۆیشتن بە پێچەوانەی شەقام و بێزارکردنی هاوڵاتیان و ە دەبێت خاوەنی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕ سکیل بن  یاخود هەر شۆفێرێکی ماتۆرسکیل مۆڵەتی لێخورینی نیە بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بەشی مۆڵەت بکات بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسکیل بە پێچەوانەوە هەر شۆفێرێکی ماتۆڕسکیل پابەند نەبێت دەست بە سەر ماتۆرسکیلەکەیدا دەگیرێت و رەوانەی گەراجی دەست بە سەراگرتن دەکرێت توندترین سزا دەدەرێت .  هەروەها داواکارین لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی شارەکەمان  لەئەگەری هەبوونی حاڵەتی لەو شێوەیە  پەیوەندی بکەن  بە  ژمارە (۱٠٠) سەنتەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکان (JCC) یان  پەیوەندی بە ژمارە (۱۸۸) ی کۆنترۆڵی هاتووچۆی  بکەن بەمەبەستی ناردنی مەفرەزە و لێپێچینەوە لە شۆفێرانی سەرپێچیکار.

هاوڵاتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ هیچ هێزێكی شه‌ڕكه‌ریان له‌ناو خاكی عێراقدا نه‌ماوه‌. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی كانوونی یه‌كه‌می 2021،هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌وه‌ی دوپاتكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ 9ی ئه‌م مانگه‌وه‌ هیچ هێزێكی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی له‌ عێراقدا نه‌ماوه‌ و له‌و كاته‌وه‌ ئه‌و هێزانه‌ خزمه‌تگوزاریی جه‌نگی پێشكه‌ش به‌ عێراق ناكه‌ن. "پێش واده‌ی دیاریكراو پابه‌ندبووین به‌ كشانه‌ویه‌ هێزه‌كان و ئه‌و به‌ڵێنه‌مان جێبه‌جێكرد كه‌ له‌ ناو گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان به‌غدا و واشنتن له‌ مانگی حوزه‌یرانی رابردوو باس كرابوون". هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ وا ده‌ڵێت. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌ كه‌ "به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی توانای هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌شه‌وه‌، پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان زووتر له‌ واده‌ی خۆی جێبه‌جێ كراوه‌. ده‌رباره‌ی مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ش كه‌ ئێستا له‌ عێراقن، هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت كه‌ ئه‌و هێزانه‌ راوێژكارین و هاوكاریی هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ شكستهێنان به‌ رێكخراوی داعش. له‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئه‌مریكا بڕیاربوو كۆتایی ئه‌مساڵ هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌، له‌ چه‌ند رۆژی رابردووشدا هێزه‌ شه‌ڕه‌كه‌ بیانییه‌كان بنكه‌ سه‌ربازییه‌ گه‌وره‌كانی عێراقیان چۆڵ كرد. گروپه‌ شیعه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقی نزیك له‌ ئێران دڵنیان نین له‌ كشانه‌وه‌كه‌ی ئه‌مریكا و هێزه‌ بیانییه‌كان، پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردبوو كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌كشێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌ست به‌ هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا و هێزه‌ بیانییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌.

  هاوڵاتی پۆلیسی فەرەنسا کەسێکی سوری  دەستبەسەر دەکات کە گومانی ئەوەیان لێکردووە کەرەستەی دروستکردنی چەکی کیمیایی لە رێگەی کۆمپانیایەکی گواستنەوەوە لە فەرەنساوە بردووەتە سوریا. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەیسەکە رایانگەیاند، ئەو کەسە رۆژی شەممە 25-12-2021 لە باشووری فەرەنسا دەستگیرکراوە و ئاماژەیان بەوەش کرد، ئەو کەسە لەدایکبووی ساڵی 1962ە و لە دەرەوەی فەرەنسا ژیاوە، "بەڵام بۆ پشووی سەری ساڵ لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاوەتەوە وڵات". دەستگیرکردنەکەشی بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە دادگای فەرەنسا، بەهۆی ئەوە بووە کە گومان دەکرێت "پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، هاوکاربوون تێیدا و هاوکاربوون بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ" ئەنجامدابێت. بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەو تاوانانەی ئەو کەسەی لەسەری دەستبەسەر کراوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئاداری ساڵی 2011 کە ئەو کات تازە جەنگی ناوخۆی سووریا دەستیپێکردبوو، تاوەکو لانیکەم مانگی کانوونی دووەمی 2018 لەسەر ئەو کارانە بەردەوام بووە کە پێی تۆمەتبار کراوە. ئەو سەرچاوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەو کەسە کۆمپانیای لە شوێنی جیاواز هەبووە و "بەشداریی لە دابینکردنی کەرەستەی جیاواز بۆ حکومەتی سووریا بۆ دروستکردنی چەکی نائاسایی کردووە"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەمە دەبێتە جاری یەکەم کەسێک بەهۆی گومانی پاڵپشتیکردنی حکومەتی سووریا دەخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی فەرمییەوە" لە فەرەنسا. جەنگی سووریا تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی نیو ملیۆن کەس، کە بە گەورەترین جەنگ لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دادەنرێت. حکومەتی سووریا رەتیدەکاتەوە چەکی کیمیایی بەکارهێنابێت و دەڵێت، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ساڵی 2013دا چەکە کیمیاییەکەی لەنێوبردووە.

هاوڵاتی فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات کاربکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا کە هاوڵاتیانی مەدەنی بەئامانج گرتوە ، هەروەها هێرشەکەی ئەنقەرە لێدانە لەهەوڵەکانی بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەو هێرشەی تورکیا کە لە یەکێک لە ماڵەکانی کۆبانیدا بارەگای رێکخراوێکی لاوانی کردە ئامانج، بەهۆیەوە پێنج کەس شەهیدبون و چوار کەسی دیکەش برینداربون، ئەو هێرشەش بەردەوامیی هەڵسوکەوتی داگیرکارییە و سەلماندنی چۆنیەتی مامەڵەی تورکیایە لەگەڵ پرسی کورد لەسوریا". شەوی 25ی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی تورکیا بارەگای رێکخراوی (لاوانی شۆڕشگێر)ى له‌ شاری كۆبانی رۆژئاڤای کوردستان بۆردومانکرد و هێرشەکەش شەهید و برینداری لێکەوتەوە. فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەردەوامی هێرشەکان لێدانە لەئاسایش و ئارامی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بۆیە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین". مەزڵوم کۆبانی، داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات کاربکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا کە هاوڵاتیانی مەدەنی بەئامانج گرتوە ، هەروەها هێرشەکەی ئەنقەرە لێدانە لەهەوڵەکانی بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا.  

هاوڵاتی هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان پەیامێکی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد رایگەیاند:" بەخۆیاندا بچنەوە، چونکە لەکۆتاییدا سەرکەوتن هەر بۆ هەدەپەیە و ستەمکارانیش چارەنووسیان لەناوچوونە"، دەشڵێت  ​هەدەپە بووەتە دەنگی ملیۆنان هاوڵاتی ئازادیخواز لەتورکیا". ئه‌مڕۆ یەکشەممە 26ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی (هەدەپە) لە گردبونەوەیەکدا لە شاری روهای باکوری کوردستان كه‌ به‌ دروشمی"ئێستا کات کاتی دادپەرورییە" پەیامێکی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد و وتی" دەسەڵاتدارانی ئێستا پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە و ئێمە دەبێت سەر بکەوین ستەمکارانیش چارەنووسیان لەناوچوونە". "پارتی دیموکراتی گەلان لەپێناو ئازادی و دادپەوەریدا خه‌بات ده‌كات، هەدەپە لەپێناو ئازادیدا هەیە، لەئێستادا دەنگی هه‌ده‌په‌ لە هەموو تورکیادا بڵاوبوەتەوە"، میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی (هەدەپە) واده‌ڵێت. هەدەپە کە لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئه‌نقه‌ره‌وه‌ هەوڵی داخستنی دەدرێت، سێیەمین گەورە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیاشە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، 11.7%ی دەنگەکانی بردەوە و لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان، 67 کورسی بەدەستهێنا.

  هاوڵاتی وەزیری کارەبای حکومەتى هەرێم رایگەیاند:" ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ساڵی 2022 بەرز دەبێتەوە". ئه‌مڕۆ یەکشەممە 26ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتى هەرێم رایگەیاند:" چه‌ند بڕیارێك دران له‌وانه‌ (وەزارەتی کارەبا پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەی بۆ ساڵی 2022 ئامادە کردووە و ژمارەیەک لەو پڕۆژانەی کە جێبەجێ کراون، لە ساڵی 2022 دا دەکرێنەوە)؟". ئاشکراشى کرد کە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ساڵی 2022 بەرز دەبێتەوە، بەتایبەتی پاش پلانی کۆمپانیای داناگاز بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی.  وەزیرى کارەبا وتیشى، وەزارەتی کارەبا، پاش هەوڵێکی زۆر توانی ڕەزامەندیی یەکێتی ئەورووپا بۆ بەگەڕخستنی  پڕۆژەی هێڵی 400 کەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرزی تورکیا- هەرێمی کوردستان - عێراق بەدەست بهێنێت. هه‌روه‌ها وەزیرى کارەبای هەرێم روونیکردەوە کە لە ساڵی 2022، دەیان پڕۆژەی کەرتی کارەبا تەواو دەکرێن، لەوانە: * پڕۆژەی هێڵی سۆران-شەقڵاوە. * پڕۆژەی هێڵی بازیان- راپەرین. * پڕۆژەی هێڵی تانجەڕۆ- سەید سادق. * وێستگەی هایدرۆپاوەری دێرەلۆک. * بەرهەمهێنانی 75 مێگاوات کارەبا بە وزەی خۆر. * تەواو کردنی وێستگەی شاوێس و چەندین وێستگەی مۆبایل. * تەواو بوونی پڕۆژەی پێوەری زیرەک.

  هاوڵاتی بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند:"هێزەکانیان یەکێک لە مەترسیدارترین میرە بەکرێگیراوەکانی داعشمان دەستگیرکردووە و دەڵێت: بەشداری لە چەندین هێرش کردووە بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەتایبەتیش کۆبانێ. ئەمڕۆ شەممە، 25 ی کانوونی یەکەمی 2021،  فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە تویتەری خۆی دەستگیركردنی ئەمیرێكی داعشی ڕاگەیاند، كە بەشداری هێرشەكانی سەر ڕۆژئاوا و كۆبانێ-ی كردووە. بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات نوسیویەتی: لەم ڕۆژە پیرۆزەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستگیرکردنی یەکێک لە مەترسیدارترین میرەکانی داعش ڕادەگەیەنێت، کە بەشداری چەندین هێرشی کردووە، لەوانە هێرشی سەر کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤دا و لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا چەندین کۆمەڵکوژی لە دژی گەلەکەمان ئەنجامداوە. سەبارەت بە خستەڕووی زانیاری زیاتر لەسەر ئەو ئەمیری داعش، شامی ئاماژەی بەوەكردووە، دواتر دانپێدانانەکانی بڵاودەكەنەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 98 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان هەناردە کردووە و داهاتی ئەو نەوتەش زیاتر لە 7.6 ملیار دۆلار بووە. ئەمڕۆ شەممە، 25 ی کانوونی یەکەمی 2021، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراوی مانگی رابردوو، رایگەیاند: "بەپێی ئامارە کۆتاییەکانی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق-سۆمۆ، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا گەیشتە 98 ملیۆن و 192 هەزار و 317 بەرمیل نەوت؛ داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە 7 ملیار و 610 ملیۆن و 850 هەزار دۆلار". وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند: "تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتە 95 ملیۆن و 860 هەزار و 149 بەرمیل؛ هاوکات هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان گەیشتە 2 ملیۆن و 32 هەزار و 685 بەرمیل". لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە: "هەر بەرمیلێکی نەوتی خاوی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا بە 77.510 دۆلار فرۆشراوە".

 شاناز حەسەن نوێنەری دەزگای لوتكە لە یۆنان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی رایگەیاند:"ئەو سێ یەختەی ئەم هەفتەیە لە دەریای ئجەدا نقوم بوون زۆرترینی سەرنشینەكانی كوردن و خەڵكی باشوری كوردستانن".  حسێن حەمە ساڵح، نوێنەری دەزگای لوتكە لە یۆنان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"ڕاستە ناسنامەی كۆچبەرە ونبوەكان تائێستا بە رونی دیارینەكراوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكان زۆربەی ئەو كەسانەی لەو سێ یەختەدا بوون كوردن". بەپێی ئامارێكی دەزگای لوتكە بە كۆی ئەو سێ یەختە زیاتر لە 230 كۆچبەریان هەڵگرتووە و  تائێستا 28 تەرم دۆزراوەتەوە و 167 كەسیش ڕزگاركراون و ئەوانەی دیكە بێسەرو شوێنن. لەم هەفتەیەدا سێ یەختی گواستنەوەی كۆچبەران لە سنورەكانەوە لەناو ئاوی دەریای ئیجەدا نقوم بوون.  یەكەم یەخت زیاتر لە 50 كەسی هەڵگرتووە و 14 كەسیان ڕزگار كراون، كە 7لە رزگاربووەكان عێراقین و یەك تەرمیش دۆزراوەتەوە. هەروەها نوێنەری دەزگای لوتكە لە یۆنان وتیشی:"لەناو ئەو حەوت كۆچبەرە عێراقیەدا ئافرەتێكی دووگیان هەبووە، دوای وەرگرتنی چارەسەر لە یەكێك لەنەخۆشخانەكانی یۆنان، ئازادكراوە و رێگەی پێدراوە بمێنێتەوە و ئەوانەی دیكە رادەستی پۆلیس كراون". دووەم یەخت كە دوێنی هەینی لە ئیجەدا نفوم بوو، زیاتر لە 100 كۆچبەری هەڵگرتبوو، 90 كۆچبەر رزگاركران و 11تەرم دۆزراوەتەوە. هاوكات حسێن حەمە ساڵح، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد 90 كۆچبەرە رزگاربووەكە 52 كەسیان پیاون و 11 ژن و 27 منداڵن. یەختی سێیەم ئەم بەیانییە، بە 80 كۆچبەرۆەوە نقووم بووە، بەپێی نوێترین زانیاری كەناڵە فەرمیەكانی توركیا وەك كەناڵی (ERT) لەو ژمارەیە 63 كەسیان رزگاركراون و 16 تەرم دۆزراوەتەوە. لەبارەی ئاسانكاری بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی كۆچبەرەكان نوێنەری دەزگای لوتكە لە یۆنان وتیشی:" گەراندنەوەی تەرمی كۆچبەرەكان لەكاتێكدا دەبێت كە بناسرێنەوە و لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هاوكاری ماددی بكرێن، ئەو كات ئێمە ریكارە یاساییەكان تەواو دەكەین و بالیۆزخانەی عێراقیش وەفاتنامەیان بۆ دەردەكات و دەیانگەرینینەوە بۆ عێراق و كوردستان". لەبارەی پەیوەنیدیان لەگەڵ وڵاتانی دیكە، حسێن حەمە ساڵح، جەختی لەوەشكردەوە:"پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەڵام  زانیاری كەسی ئاشكراناكرێت تا لیكۆلینەوەی خۆیان تەواو نەكەن". ئەمەش لەكاتێكدایە،  بەپێی زانیاریی میدیای بەریتانیا ئەمساڵ زیاتر لە هەزار بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیز دەستنیشانکراون و هەوڵی پەڕینەوەیان داوە بەرەو سنوورەکانی بەریتانیا.  هەر بەپێی ئەو زانیاریانە،  1030 بەلەمی بچووک لە نۆکەندەکە و لە سنوورە ئاوییەکانی شانشینەکە دەستیان بەسەرداگیراوە ، هاوکات لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا 200 کۆچبەر لە نێو نۆکەندی ئینگلیز رزگارکراون، لەیەک هەفتەی رابردووشدا 1500 کۆچبەر رزگارکراون". ناوی ئەو حەوت كۆچبەرەی بە عێراقی تۆماركراون و لە یەختەكەدا ڕزگاریان بووە:.  

هاوڵاتی ناوەندی کۆنترۆڵی کۆرۆنا لە ئێران دەڵێت:"تەنیا رێگە بەو کەسانە دەدەین هاتوچۆ بکەن کە مۆڵەتی نشینگەی ئێرانیان هەبێت، ڤیزای خوێندنیان هەبێت، بازرگانان، ئەوانەی ڤیزای کاریان هەیە، هاتووچۆ بە مەبەستی دەرمان، وەبەرهێنەرەکان و هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی کە سەردانی وڵاتانی دیکەیان کردووە". ئەم بڕیارە دوای تەشەنەسەندنی گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا بە ناوی ئۆمیکرۆن دراوە. گەشتکردنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە 8 وڵاتی باشووری ئەفریقیا و 4 وڵاتی ئەوروپا، بەریتانیا، فەرەنسا، نەرویج و دانیمارک، لە ئەمڕۆ شەممەوە رادەگیرێت. عەلی مستەفەوی، جێگری پارێزگاری ورمێ، پێشتر وتی: "هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانیش ئەگەر بیانەوێ بگەڕێنەوە، دەبێت پشکنینی PCRی نێگەتیڤیان هەبێت، دوو ژەم ڤاکسینیان وەرگرتبێت و لە دەروازە سنوورییەکانیش پشکنینی کۆرۆنا بکەن." بە وتەی مستەوفەوی، هەر کەس کە پشکنینەکەی پۆزەتیڤ بێت، لە دەروازەی سنووریی کەرەنتین دەکرێ تاوەکو ئەو کاتەی کە پشکنینەکە نێگەتیڤ دەبێت.