هاوڵاتی پەکەکە لەو کاتەوە خراوەتە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکا گەورەترین گورزەکانی لە رووی یاسایی و سیاسی و دارایی و  راگەیاندن و رێکخراوەییەوە لێدراوە. هەر ئەو لیستە وایکردووە نەک تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوایی، بەڵکو بەشێک لە هێزە کوردییەکانیش بە پاساوی تیرۆر دژایەتیی پەکەکە بکەن و هاوئاهەنگی لەگەڵ داگیرکەران بەتایبەتی تورکیادا بکەن. بەهۆی لیستی تیرۆرەوە ٧ کەناڵی ئاسمانیی نزیک لە پەکەکەو ژمارەیەک رۆژنامەو گۆڤار لە ئەوروپا داخراون. تەنانەت بەهۆی ئەو لیستەوە حەلیم دەنەری لایەنگری مەدەنیی پەکەکە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە تەقەی لێکراوەو کوژراوە. ژمارەیەکی زۆر لە ناوەند و رێکخراوەکانی پەکەکە، یان نزیک لە پەکەکە داخراون. لایەنگران و ئەندامانی پەکەکە بۆ خۆپاراستن لەداخستن و گرتن بە بەردەوامی کەناڵ و رێکخراوی نوێ دروستدەکەن و بەفۆرم و شێوەی تر درێژە بەکارەکانیان دەدەن.  تورکیا بە پاساوی تیرۆر هەموو ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوخۆی تورکیا، باکووری کوردستان،  رۆژئاواو باشووری کوردستان لەدژی پەکەکە ئەنجام دەدات. هەر بەو پاساوە بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان و بەشێک لە باشووری کوردستانی داگیرکردووە و دەیان بنکە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری لەو بەشانەی کوردستاندا دروستکردووە. تورکیا بەپاساوی تیرۆر ٧ حزبی کوردی لەباکوری کوردستان داخستووەو هاوسەرۆک شارەوانیەکان، پەرلەمانتاران و چالاکوانان زیندانی دەکات. رێکخراوە جۆراوجۆرەکان مەدەنییەکان، کەناڵەکان و رۆژنامەکانی کورد دادەخات. جگە لەوانە بەهۆی لیستی تیرۆرەوە پەکەکە دونیای دیجیتاڵ میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ قەدەغەیە و بەخێرایی پەیج و ئەکاونتەکانیان دادەخرێت. هەوڵێکی زۆر چڕ هەیە بۆ ئەوەی پەکەکە لە زمانی پەکەکەوە نەناسرێت، بەڵکو لەزمانی کەسانی تر، کە زۆربەیان نەیاری پەکەکەن، کار بۆ ناساندن و پێناسەو وێناکردنی پەکەکە دەکرێت، بەڵام لەو دونیا بەرفراوانەی دیجیتاڵ میدیادا رێگا نادرێت پەکەکە خۆی خۆی بناسێنێت. هەر ئەوەندەی سەکۆیەک و ئەژمارێک دەکەنەوە و ژمارەیەک کەسی لە دەور کۆدەبێتەوە بەخێرایی دادەخرێت، بەڵام ئەوانەی لە دژی پەکەکە بابەت دەنووسن، رێکخراوەکانیان، ئەژمارەکانیان و دونیای دیجیتاڵ میدیا بە روویاندا کراوەیە. ئەو لیستە بووەتە گەورەترین پاساو بۆ رێگریکردن لە کارەکانی پەکەکە لەزۆربەی هەرە زۆری وڵاتان بە تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام دیوی پشت ئەو لیستە چییەو چی دەگوزرێت. پەکەکە و دۆستەکانی چییان کردووە بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەو لیستانەدا. چیرۆکی لیستی تیرۆر بۆ پەکەکە یەکەم قەدەغەکاریی فەرمی لە دژی پەکەکە لەوڵاتانی رۆژئاوادا لەلایەن ئەڵمانیاوە پەیڕەو کرا. ئەڵمانیا لە ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە لەساڵی ١٩٩٣دا پەکەکەی خستە لیستی رێکخراوە قەدەغەکانەوە. ئەمریکاش لەساڵی ١٩٩٧ پەکەکەی خستە لیستی تیرۆرەوە. لە دوای هێرشکردنە سەر تاوەرەکانی نیویۆرک لە ١١ی سێپتەمەری ٢٠٠١دا لیستی نوێی تیرۆر لەلایەن ئەمریکاو ئەوروپاوە دروستکران. سەرەتا پەکەکە لە هیچ یەک لەو لیستانەدا نەبوو، بەڵام دواتر لەسەر گوشار و داوای تورکیا پەکەکە خرایە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکاوە. تورکیا بۆ دانانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر ٧٠ ئارگۆمێنتی پێشکەشی ناتۆو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵ بەشێکی زۆر لەو ئارگۆمێنتانەی تورکیا خودی تورکیاو ئەڵمانیا و بەشێک لەوڵاتان و کۆمپانیاکانیشی پێ سزادران. دۆسیەی دوسلدۆرف یەکێک لەو ئارگۆمێنتانە رووداوە ناوخۆییەکانی رێکخستنەکانی پەکەکە بوون لە دوسلدۆرف، کە بە کەیسی دوسلدۆرف دەناسرێن. لەو کەیسەدا ئەڵمانیا بڕیاری گرتنی بۆ دوران کاڵکان و عەبدوڵا ئۆجالان دەرکرد. دوران کاڵکان لەسەر ئەو بڕیارە لە ئەڵمانیان گیرا و بەهۆی ئەوەی ئۆجالان لە بوقاع بوو ئەڵمانیا نەیتوانی بیگرێت. کاڵکان ماوەی ٦ ساڵ لەئەڵمانیا زیندانیکرا. دوای ئەوەی نزیکەی ٢٠ ساڵ لەئازادکردنی کاڵکان و رەخسانی دۆخی ئەوەی، کە پەکەکە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، کاڵکان لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە دۆسیەکەی خۆی بردە دادگای مافی مرۆڤی ئەڵمانیاو لەسەر ئەو دۆسیە ئەڵمانیا مەحکوم کراو بەوەش هۆکارو پاساوەکانی بڕیارەکە بۆ دەستگیرکردنی ئۆجالان و کاڵکان بە عەمەلی پووچ بوونەوە. دۆسیەی پاڵمە دۆسیەکی تری گرنگ، کە پەکەکەی زۆر پێ تۆمەتبار دەکراو کرابووە یەکێک لە ئارگۆمێنتە گەورەو بەهێزەکان بۆ ئەوەی پەکەکەی پێ بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، تیرۆرکردنی ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی سوید بوو لە ساڵی ١٩٨٦ دا لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید. راگەیاندنەکانی تورکیاو ئەڵمانیا و سوید زۆر بەخێرایی بە چەندین هەواڵ و راپۆرت پەکەکەیان کردە بەرپرسیاری تیرۆرکردنی پاڵمە. لەسەر داوای پۆلیسی ئەمنیی سوید (ساپۆ) داوا لە پۆلیسی ئەڵمانیا کرا وێنەی ئەو کەسە بکێشنەوەو بڵاوی بکەنەوە کە پاڵمەی کوشتوە، ئەوانیش وێنەی کەسێکی قژ رەش و ئەسمەر، کە هاوشێوەی کەسێکی کورد بوو کێشا و وتیان، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان ئەوە بکوژەکەی پاڵمەیە و پەکەکەیە. لە سوید لێکۆڵینەوە لە زیاتر لە ٣٠٠ کورد کرا. تەنانەت ٧٠ کەسی کوردو رێکخراو و حزبی کورد لە سوید لەو کاتەدا پەکەکەیان ئیدانە کرد. لەو نێوەندەدا کەس گوێ لە راگەیاندراوەکەی پەکەکە نەگرت، کە رایگەیاندبوو، هیچ پەیوەندییان بە تیرۆری پاڵمەوە نییە. جگە لەوەش هاوسەرەکەی پاڵمە، کە کاتی تیرۆرەکە لەگەڵیدا بوو چەند جارێک وتبوی ئەوەی پاڵمەی کوشتوە، کەسێکە سەروچاوی لە ئەوروپی و ئەسکاندیناڤی دەچوو، بەڵام دەسەڵاتەکانی سوید، ئەڵمانیا و ناتۆ گوێیان لە قسانە نەگرت و هاوسەرەکەی پاڵمە لە دوای ئەو لێدوانانە بە تەواوی گۆشەگیری و بێدەنگیی هەڵبژارد، یان بێدەنگ کرا، بەڵام دوای ٣٤ ساڵ داواکاری گشتیی سوید رایگەیاند، بکوژی پاڵمە کەسێکە بە ناوی ستیگ ئێنگسترۆم-ەوە کوژراوە. بەوەش تۆمەتی تیرۆری پاڵمە بەسەر پەکەکەوە نەما، بەڵام ئەو چالاکوان و هاووڵاتییە کوردانەی لە سوید راستەوخۆ بوونەتە قوربانی و ساڵەهای ساڵە نەیانتوانی لەگەڕەکەکەی زیاتر بۆ هیچ شوێنێک بڕۆن لەگەڵ چالاکوان و پەکەکە داوا دەکەن، سوید داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات و پەکەکەش لەلیستی تیرۆر دەربهێنێت. دادگاکانی بەلجیکا لە دوای داخستنی کەناڵی ئەسمانیی رۆژ تیڤی لەسەر داوای تورکیا داوا لە بەلجیکا کرا ٧٠ کەسایەتی و چالاکوان بە تۆمەتی تیرۆرو ئەندامی پەکەکە دەستگیر بکات و رادەستی تورکیایان بکاتەوە، کە ناوەکانی رەمزی کارتاڵ و زوبەیر ئایدار لەو لیستەدا بوو. پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگایکردن دەستپێکرد، بەڵام ئەوەی روویدا پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی تورکیاو هاوپەیمانەکانی بوو. دادگای بەلجیکا راگەیاند، پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و ئەوەی روویداوە لە چوارچێوەی جەنگی ناوخۆ لە تورکیا روویداوە. ئەوە ململانێیەکی زۆری لێکەوتەوە، لە دادگای بەراییەوە تاوەکو دادگای ویلایەت لە ویلایەتەوە بۆ دادگای باڵا و لە ئەنجامدا دادگای دەستووری بە گشتی لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا هەموو دادگاکانی بەلجیکا رایانگەیاند، پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و داواکەی تورکیای بۆ دەستگیرکردن و رادەستکردنی ئەو کەسانە رەتکردەوە. دیوانی دادپەروەریی ئەوروپا و دادگای لوکسەمبۆرگ لەبەردەوامیی هەوڵەکانی پەکەکە بۆ دەرهێنانی ناوەکەی لەلیستی تیرۆردا، موردا قەرەیلان و دوران کاڵکان بە ناوی پەکەکەوە سکاڵایان لەدژی ئەو بڕیارە و ئەو لیستە تۆمار کردووە و لە رێگەی پارێزەرەکان و ناوەندە یاساییەکانەوە کار بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا دەکەن. یەکێک لەو ناوەندانە پارککەن ئۆلیڤێرای هۆڵەندییە و لە رێگەی ئەو رێکخراوەوە تانەیان لە لیستەکە داوە. لەسەر ئەو تانەیە و دوای ٤ ساڵ لە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە لە ساڵی ٢٠١٨دا دیوانی دادپەروەریی ئەوروپا دانیشتنی خۆی بەڕێوەبردو رایگەیاند، ئارگۆمێنتەکانی بەریتانیاو ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ داوای مانەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا لاوازن. هەروەها سکاڵایەکیان لەدادگای لۆکسەمبۆرگ لە دژی لیستی تیرۆرەکە تۆمار کردو لە ئەنجامدا دادگای لوکسەمبۆرگ لەساڵی ٢٠١٧دا رایگەیاند، مانەوەی ناوی پەکەکە لە لیستەکەدا ناهەقییە. مەحکومکردنی وڵاتان بۆ داخستنی کەناڵەکانی نزیک لەپەکەکە لە ئەوروپا جگە لەوانەش لە ئەوروپاو لەسەر داوای تورکیا و بەبڕیاری حکومەتە ئەوروپییەکان و بڕیاری کۆمپانیاکانی مانگی دەستکرد کەناڵەکانی مەد تیڤی، میدیا تیڤی، میدیا خەبر تیڤی، رۆژ تیڤی، میزۆپۆتامیا تیڤی، رۆژنامەی ئۆزگور پولوتیکا و نەورۆز تیڤی داخران، بەڵام لەدوای پرۆسەی بە دواداچوون و تۆمارکردنی سکاڵا داخستنی هەموو ئەو کەناڵانە بە نایاسایی وەسفکراوە و مافی پەخشیان بۆ گەڕاوەتەوە و تەنانەت کۆمپانیای مانگی دەستکردنی یوتێل سات لەسەر داخستنی نەورۆز تیڤی سزای دارایی درا. بەپێی بەڵگەکانی ویکیلیکسیش لە دۆسیەی داخستنی رۆژ تیڤیدا تورکیا بەڵێنی بەسەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی دانیمارک ئاندرێس فو راسموس دابوو،  ئەگەر راسموس کەناڵی رۆژ تیڤی دابخات، تورکیاش پشتیوانی لێدەکات بۆ ئەوەی ببێتە سکرتێری ناتۆو ئەویش لەبەرامبەر داخستنی کەناڵێکی کوردی، کە بەپارەی ئابونە و هاوکاریی کرێکارانی کورد بەڕێوەدەچوو، بووە سکرتێری ناتۆ. لەو دۆسیەیاندا چەندجارێک ئەڵمانیاو وڵاتانی تر مەحکوم کراون.  کەمپەینەکان و هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەلیستەکەدا پەکەکە جگە لەو هەوڵانە ژمارەیەک کەمپەین و هەوڵی رێکخراوەیی و مەدەنی و جەماوەریی لە ئاستی ئەوروپا جیهان خستووەتەگەڕ تاوەکو ناوخۆی لە لیستی تیرۆردا دەربهێنێت. تا ئیستا لە رێگەی پەرلەمانتارانی دۆستی کوردەوە لە پەرلەمانەکانی ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی لەوانە پەرلەمانی بەریتانیاو سوید داواکراوە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت. لەتازەترین هەوڵدا ١٠٠٣ (هەزار و سێ) کەسایەتی و فەیلەسوف و پەرلەمانتارو سیاسی رۆژی ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ دەستپێشخەرییەکیان بە ناوی «دەستپێشخەریی دادپەروەریی نێونەتەوەیی بۆ کورد» راگەیاند. ئامانجی دەستپێشخەرییەکە ئەوەیە ناوی پەکەکە لەلیستی تیرۆر دەربهێنرێت. بەشێک لەو کەسانەی بەشدارن لەو کەمپەینەدا بریتین لە، ئێلفریدە جێلینک براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات و خەڵکی نەمسا، فەیلەسووفی سلۆڤینی سلاڤۆی ژیژێک، سەرنوسەرو هونەرمەندی ئەمریکی جانێت بیهل، وتەبێژی پارتی پشتیوانی ئەفغانی سیلای غەفار، پەرلەمانتاری ئیسپانیی پەرلەمانی ئەوروپا میگل ئوربان کریسپۆ، فەیلەسووفی کرواتی سرێچکۆ هۆرڤات، بەڕێوەبەری گشتیی ئینتەرناسیۆنالیستی پێشکەوتووخواز دەیڤد ئاڕ کەی ئەدلەر، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی ئەوروپا و سیناتۆری ئیتالی رۆبێرتۆ رامپی، وەزیری پێشووی ئیتالیا پاولۆ فێرێرۆ، سیناتۆری باسک لە ئیسپانیا گۆرکا ئیلجاباریتا دیاز، پسپۆڕی مافە نێونەتەوەییەکان پرۆفیسۆر نۆرمان پائچ، سەرۆکی کۆمسیۆنی هاووڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا - تورکیا (EUTCC)/ نەرویج پرۆفیسۆر کریان وێستەرهایم، نووسەر و سەرنووسەری فەرەنسی نیلس ئەندەرسۆن، ئەندامی دەستەی هەماهەنگیی پشتیوانی لەکوردستان لە فەرەنسا / جۆل دوتۆ، ئەندامی دامەزرێنەری ڕێکخراوی دایکانی پلازا دی مایۆی ئەرجەنتینی نورا کۆرتیناس، چالاکوانی ناوداری ئاشتی هیندی پرۆفیسۆر ئاچین ڤانایک، سکرتێری گشتیی کۆمسیۆنی هاووڵاتییانی ئەوروپا – تورکیا (EUTCC) پرۆفیسۆر میخائیل م. گیونتەری ئەمریکی، مافناسی ئەڵمانی بیرتهۆڵدا فریسینۆس، پرۆفیسۆری بۆلیڤیایی رائول پرادا ئەلکۆرێزا، وەزیری پێشووی پلاندانانی ڤەنزوێلا رۆلاند دێنیس، سەرۆک شارەوانیی پێشووی کۆپنهاگن ڤیللۆ سیگوردسۆن، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی ئەوروپای  خەڵکی دانیمارک پێرنیل فراهم، داکۆکیکاری ناسراوی مافی مرۆڤ سویدی بێنی گوستاڤسۆن، ئێڕلینگ فۆلکڤۆرد پەرلەمانتاری پێشووی نەرویجی، پیا ماریا ڕۆڵ هونەرمەند و دەرهێنەری شانۆیی لە نەرویج، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سویدی هاکان سڤینلینگ، دامەزرێنەری لوتکەی جیهانی نوێ د.جۆناس ستاڵی هۆڵەندی، پارێزەرو مافناسی ئەڵمانیا دکتۆر ڕۆلف گۆسنەر، وتەبێژی جوڵانەوەی ئاشتیی بەلجیکی لودۆ دی برابەندەر. دەرهێنەری ناوداری سینەمایی کێن لۆچ، پرۆفیسۆری فیزیای ناوکیی پاکستانی و شیکاری پاراستنی سیاسیی پرۆفیسۆر پەرویز هودبهۆی، نووسەری ئەمریکی لوسینا کاتمان، شاعیر و نووسەری مەکسیکی جودیت هیلک، فەیلەسوفی هەنگاری جی. ئێم تاماس، ئەندامی دامەزرێنەری رێکخراوەکانی وەک (Me Ra25 ve DiEM 25) و پرۆفیسۆری ئابوری یانس ڤارۆفاکیس، نووسەرانی سکۆتلاندی جەیمس کێلمان و پاول لاڤێرتی، سیناتۆرە فەڕەنسییەکان پیەر لۆرانت و لۆرێنس کۆهن، لە دامەزرێنەرانی پارتی چەپی ئەڵمانی دکتۆرگریگۆر گیسی، کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٢ فیلیپ پوتو،  سەرۆکی چەپی ئەوروپا پرۆفیسۆر دکتۆر هاینز بیرباوم، کاریکاتوریست ئیتاڵی سفرکالیکر، کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا ژان-لوک مولنچۆن، ئەندامی بەرێوەبەرایەتیی کۆڕی کۆمەڵایەتیی جیهانی گوستاو ماسیا، سەرۆکی لیژنەی زمانی وەزارەتی پەروەردەی نیپال دکتۆر لاڤا دیۆ ئاواستهی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یونان سۆفیا ساکۆرافا، نووسەر و رۆژنامەنووسی پۆڵۆنی تۆماس کۆنیکز،  بەڕێوەبەری بزووتنەوەی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان (ماک / MAK) سورەیا سۆغ، یوف ئیلبیلاک، پەرلەمانتاری دانمارکی میشێل ڤانهورنی، ڕێکخەری کۆڕی ژینگەیی چەپی بەلجیکا، ریپۆرتەری تایبەتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و نووسەر پرۆفیسۆر ژان زیگلری سویسری، بەڕێوەبەری یەکێتی مامۆستایانی ئوسترالی جۆن گاوچی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ئەرمەنی لە فەرەنسا ئارا تۆرانیان، چالاکوانی ئاشتیی هیندی و بەڕێوەبەری بزووتنەوەی جیهانیی دژە ناوەکی پرۆفیسۆر ئاچین ڤانایک. پلانی کەمپەینی دەستپێشخەری دادپەروەریی نێونەتەوەیی بۆ کورد ئەو دەستپێخەرییە هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئامانجی کەمپەینەکە لە رۆژنامەکانی سەرتاسەری ئەوروپاو ئەمریکادا، دەیەوێت لەسەرتاسەری ئەوروپا، ئەمریکا، کەنەدا، ئەمریکای باشوورو ئوستورالیا بە دانانی چادرو سەکۆو ستاند لەسەر شەقامەکان ٤ ملیۆن ئیمزا بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە کۆبکەنەوە. بۆ ئەوەش داوای هاوکارییان لە کەسایەتییەکان و رێکخراوە جۆراوجۆرەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ کردووە، کە پشتیوانییان بکەن. لە دوای ئەوەی ئیمزاکان کۆکرانەوە، هەر پەرلەمانتارێکی بەشداربووی کەمپەینەکە ئیمزاکان دەباتە پەرلەمانی وڵاتەکەی و داوا دەکات ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەر بهێنرێت. هەروەها ئیمزاکان و داوای کەمپەینەکە بۆ هەموو ناوەندەکان، دامەزراوەکان، دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەمریکاو ناتۆو یەکێتیی ئەوروپاو حکومەتەکان دەنێرن و داوایان لێدەکەن ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا دەربهێنن.

فریشتە ئەحمەد ‎جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژە بەوەدەدات كە لۆدێكی زۆریان لەسەرەو پێویستیان بە بینایەكی نوێ هەیە و دەشڵێت:»پێویستمان بەپزیشكی جێگرو كارمەند هەیە بۆ نەخۆشخانەكەمان». نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی تایبەت بەنەخۆشانی شێرپەنجە رۆژانە دەیان نەخۆش رووی تێدەكات. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بڕیاریدا مانگانە بڕی ملیارێك و 700 ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەكە تەرخان بكات تا پێداویستییەكانی دەرمان و ئامێری پزیشكی پێ دابین بكەن. ئامارەكانی تووشبوون بەشێرپەنجە ساڵانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەجۆرێك لەساڵی 2019 لەنەخۆشخانەی هیوا سێ هەزارو 118 نەخۆشی شێرپەنجە تۆماركراون كە لەسەدا 24% نەخۆشی پارێزگاكانی عێراق و هەولێرو دهۆك بوون.  هەروەها لەساڵی 2020دا، دوو هەزارو 561 نەخۆشی شێرپەنجە تۆماركراوەو لەسەدا 19.2% نەخۆشی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و هەولێرو دهۆك بووە. ‎هاوكات لەمساڵدا 2021، دوو هەزارو 820 نەخۆشی شێرپەنجە تۆمار كراوەو لەسەدا 16.6% نەخۆشی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و هەولێرو دهۆك بوون. ‎دەشتی لەتیف، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»سەرەڕای هەبوونی كەموكورتییەكان نەهێڵدراوە هیچ چارەخوازێك لە وەرگرتنی چارەسەرە پێویستەكان بێبەش بكرێن،  بەهەبوونی یارمەتی بەردەوامی خێرخوازان و سندوقی كۆمەكی شێرپەنجە». ‎ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد هەموو ئەو پێویستیانەی بەكاردەهێنرێت بۆ نەخۆش  بەباشترین كوالێتی جیهانین بەكارهێنانی هەمان ئامێر و پێداویستی پزیشكی كە لەدەرەوەی وڵات بەكاردەهێنرێت بۆ چارەسەرپێشكەش بە نەخۆشەكانیانی دەكەن. ‎جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وتیشی:» گەورەترین گرفتی نەخۆشخانەی هیوا نەبوونی بینای گونجاوو ستافی تەواوی كارمەندە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار داوامان بەرزكردۆتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان و لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ گەورەكردنی هیوا لەئایندەدا. ‎هاوكات ئەوەشی ئاشكراكرد كار بۆ ئەوە دەكەن بەتەواوەتی بەشی منداڵان لەنەخۆشخانەكە جیابكرێتەوەو نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەمناڵانی تووشبووی شێرپەنجە  دابنرێت. ‎جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی نەخۆشخانەی هیوا ئەوەشی دووپاتكردەوە كەدەستنیشانكردنی نەخۆشی  و ئاستی شێرپەنجە بەزوویی دەكرێت و نەخۆش لەكەمترین ماوەدا چارەسەری پێویست وەردەگرێت سەرەڕای ئەمە، پلان دانراوە بۆ كردنەوەی سەنتەری پێشوەختە دیاریكردنی شێرپەنجە لەم رێگایەوە، ئەو كەسانەی بۆماوەیی  یان گومانی  سەرهەڵدانی شێرپەنجەیان لەسەربێت بتوانن پشكنینی پێشوەخت بكەن بۆ ئەوەی بەزووترین كات كۆنترۆڵی نەخۆشیەكەی بكرێت لەئەگەری هەبوونیدا كە تائێستا ئەوەی لەهیوا چارە وەردەگرێت پاش تووشبوونی شێرپەنجەیە. بەئومێدی ئەوەی سنورێك بۆ زیاد بەرزبوونەوەی نەخۆشییە شێرپەنجەییەكان دابنرێت. ‎لەبارەی ئامارەكانی ئەمساڵ بەراورد بەساڵی رابردوو، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەوەی روونكردەوە كە هۆكاری كەمبوونەوەی چارەخوازەكانی دەرەوەی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەزۆربەی پارێزگاكان سەنتەری چارەسەركردنی شێرپەنجە كراونەتەوەو بەشێك لەنەخۆشەكانی دەرەوە كۆدی تایبەتی نەخۆشخانەی هیوایان بۆ ناكرێت، بەڵكو نەخۆش دەرمان و پڕۆتۆكۆڵی تایبەت بەجۆری نەخۆشییەكەی پێدەدرێت و لەشارەكەی خۆی بەپێی ئەو پڕۆتۆكۆڵە چارەسەر وەردەگرێت. « تۆمارەكانی تووشبوون بە  شێرپەنجەبە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوولە نەخۆشخانەی هیوا ڕووی لە زیادبوون كردووە، بەڵام هاوتا لەگەڵ زیادبوونی دانیشتوان نەگەیشتووەتە ڕێژەیەكی مەترسیدار و كۆنترۆڵ نەكراو، ئەم زیادبوونە پەیوەندی هەیە بە كۆمەڵێك هۆكاری بۆماوەیی و ژینگەیی، بێگومان  هۆكارە ژینگەییەكانی وەك پیسبوونی ئاو و هەوا وخۆراك و هەبوونی كارگەكان ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە زیادبوونی نەخۆشییە شێرپەنجەییەكان». د. دەشتی لەتیف وای وت.

  هاوڵاتی فەرماندەی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، لە شارۆچکەی ئایڤاجیکی سەربە پارێزگای چاناککا لە باکووری خۆرئاوای تورکیا، 43 کۆچبەری نایاسایی کە بزوێنەری بەلەمە پلاستیكییه‌كه‌یان تێکچووبوو، لەلایەن تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیاوە رزگارکران. تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان ئاماژەیان بەوەکرد، دوای ئەوەی داواکاری ھاوکارییان لە لایەن گروپێک کۆچبەری نایاسایی کە لە نزیک کەناراوەکانی ئایڤاجیک پێگەشتووە بەمەبەستی هاوکاری کردن پاش ئەوەی بزوێنەری بەلەمە پلاستیكییه‌كه‌یان تێکچووبوو رزگارکران. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانە 43 کەس بوون و لەناویشیاندا ژن و منداڵ بوونی هەبووە و هەوڵیانداوە بەشێوەی نایاسایی لە دەریاوە گەشت بکەن. باس لەوەشکراوە، کۆچبەرە نایاساییەکان بەڕەچەڵەک بیانی بوون، دوای ئەوەی رزگارکراون گه‌یه‌ندرانه‌ وشکایی له‌ شارۆچکەی کوچوککویو و دوای تەواوبوونی رێکارەکان رەوانەی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی بیانییەکانی ئایفاجیک کراونەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە شەوی 21ی ئەم مانگە، یەختێکی کۆچبەران بە 70 کۆچبەرەوە کە زۆرینەیان کوردن لە کەنارئاوەکانی یۆنان داوای فریاکەوتن و هاوکارییان کردووە و پەیوەندییەکانیان پچڕاوە. ‎رۆژی24ی مانگی رابردوو، بەلەمێکی کۆچبەران لە نێوان فەڕەنسا و بەرتانیا نوقوم بوو، بەهۆیەوە 27 کۆچبەر خنکان کە 16 کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و تا ئێستا تەرمەکانیان نەگەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و بڕیار وایە هەینی داهاتوو بگەڕێندرێنەوە و کەسێکیشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

سەركۆ جەمال راپۆرتی رێكخراوێكی مەدەنی لەسەر ئەدای ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان زانیاری سەرنجڕاكێشی تێدایە كە 22% ی ئەندامانی پەرلەمان پسپۆڕییان لەیاسادا هەیە، بەڵام یاساكانی كوالێتییان لاواز بووەو زۆرترینیان كەمترین قسەیان كردووەو دوو پەرلەمانتاریش بەهیچ شێوەیەك لەماوەی ساڵێكدا قسەیان نەكردووە. ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، راپۆرتێكی تایبەت بەهەڵسەنگاندنی ساڵێكی كارەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی نێوان یەكی ئازاری 2020 بۆ 28ی شوبانی 2021 بڵاوكردەوە. یەكەم راپۆرتی ئەو رێكخراوە لەسەرەتای ساڵی 2014 بڵاوبووەوە، لەسەر خولی چوارەمی پەرلەمان 13 راپۆرتی بڵاوكردووەتەوە، لەسەر خولی پێنجەمیش ئەمە حەوتەم راپۆرتە واتە كۆی گشتی 20 راپۆرتی لەبارەی پەرلەمان بڵاوكردووەتەوە. راپۆرتەكە لەلایەن هەریەك لەسەروەر عەبدولڕەحمان وەك سەرپەرشتیارو حەوت كەسی دیكە لە ئینیستیتوتی پەی ئامادەكراوە. ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لەتشرینی دووەمی 2013 لەفەرمانگەی رێكخراوە ناحكومیەكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە. پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان لەخولی چواری پەرلەمانەوە دەستیپێكردووە، ئەویش بەهاوكاری سندووقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (نید) ی ئەمریكی. لە راپۆرتی ئەمجارەی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لەسەر پوختەی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان هاتووە:» لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمان تەنیا  61 كاتژمێر كۆبووەتەوەو تەنها چوار پرۆژە یاساشی پەسەندكردووە، لەو ماوەیەدا، ژمارەی دانیشتنەكانی پەرلەمان نۆ دانیشتن بووەو ژمارەی كۆبوونەوەی دواخراو چوار دانیشتن بووەو لەو 19 كۆبوونەوەیەش ژمارەی بڕگەكانی كار 45 برگە بووەو ژمارەی بڕگەی كارجێبەجێكراو 39و ژمارەی بڕگەی كارو جێبەجێنەكراو هەشت بووە. هەروەها راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەماوەی یەك ساڵدا پەرلەمان داوای لە 14 ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران كردووە لەهۆڵی پەرلەمان ئامادەبن، كە بریتی بوون لەسەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیری دارایی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، كاروكاروباری كۆمەڵایەتی،  تەندروستی، بەڵام پێنج وەزیری دیكە ئامادەنەبوون. لەبارەی ژمارەی كۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمان، بەپێی راپۆرتەكە لیژنەكان 204 كۆبوونەوەیان كردووەو ژمارەی راپۆرتی لیژنەكان لەسەر پرۆژە یاسا نووسراو چوار راپۆرت بووەو ژمارەی راپۆرتی لیژنەكانیش لەسەر پرۆژە یاساكان، كە پێویست بوو بنوسرێت و نەنووسراوە 15 بووە. بەپێی راپۆرتەكە، ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بەراورد بەهەموو خولەكانی دیكەی پەرلەمان خراپترین خول بووە، خول لەدوای خول پەرلەمان لاوازتربووە بەوەی لایەنە سیاسییەكان كەمترین كەسانی بڕیار بەدەست دەنێرن بۆ پەرلەمان. لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە یاساكانی پەرلەمان جێبەجێ ناكرێن و گوێ بەبڕیارەكانی نادرێت، لەپرسە نیشتیمانی و چارەنووسسازەكاندا كەمترین جێدەستی دیارە، هیچ كات لایەنە سیاسییەكان بۆ پرس و را بۆ لای پەرلەمان نەگەڕاونەتەوە. لەكاتێكدا پەرلەمانی كوردستان بەپێی راپۆرتەكە كوالێتی ئەو یاسایانەی دەریكردوون لاوازە، بەڵام 22%ی ئەندامانی پەرلەمان پسپۆڕییان لەیاسادا هەیە، دوای ئەو پسپۆڕییەش راگەیاندن دێت دواتر پسپۆڕیەكانی دیكە. هەر بەپێی راپۆرتەكە 92 ئەندامی پەرلەمان لەم خولەدا ئیمەیلیان نییە كە رێژەكەی دەگاتە 84% لەبەرامبەردا 17 ئەندام ئیمەیلیان لەسەر ماڵپەڕی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە كە ئەویش 15%ی ئەندامانی پەرلەمان دەكات، 76 پەرلەمانتاریش تۆڕی كۆمەڵایەتییان لەسەر ماڵپەڕی پەرلەمان تۆمارنەكراوە. عەلی حەمەساڵح بەپێی راپۆرتەكە زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە كە 91 هەزارو 934 دەنگە، هیمداد سەباح بیلالیش لەنەتەوەی توركمان كەمترین دەنگی هێناوە كە 138 دەنگە، بەهۆی ئەوەش كە حزبەكان كەسێكیان كاندید كردووە بۆ دەنگ كۆكردنەوەو پاشان نەچووەتە پەرلەمان ژمارەی دەنگی قەوارە سەركەوتووەكانی پەرلەمان لەم خولەدا ملیۆنێك و 557 هەزار و 453 دەنگە بەڵام ژمارەی دەنگی ئەوانەی لەپەرلەمانن 738 هەزار و 721 دەنگەو جیاوازیەكە 818 هەزارو 732 دەنگە. لەكۆی 19 كۆبوونەوەی پەرلەمان لەماوەی ئەو ساڵەدا چوار پەرلەمانتار زۆرترین جار ئامادەنەبوونیان لەدانیشتنەكانی پەرلەمان تۆماركراوە كە شەش جار بووە، بەشێوەیەك 33%ی ئەندامانی پەرلەمان لەو ماوەیەدا ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمان نەبوونە، تەنها 28% ئامادەی سەرجەم كۆبوونەوەكان بوون، هەردوو پەرلەمانتار بەختیار شوكری سلێمان لەفراكسیۆنی پارتی و هەژان حەسەن لەفراكسیۆنی یەكێتی لەهیچ دانیشتنێكی ئەو ساڵەدا قسەیان نەكردووە. هاوڵاتی چەندین جار پەیوەندی بەهەریەك لەو دوو پەرلەمانتارەوە كرد بۆ ئەوەی لەسەر راپۆرتەكە قسە بكەن، بەڵام ئامادەنەبوون لەسەر راپۆرتەكەش قسە بكەن. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرپەرشتیاری ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی  وت :»ئامانجی ئێمە وەكو رێكخراوێكی مەدەنی دروستكردنی فشارە بۆ سەر پەرلەمان كە دامەزراوەیەكی گرنگە تا بەئەركەكانی خۆی هەڵبستێت، بەپێی یاسا ئەو دامەزراوەیە دەبێت رێزی لێبنرێت نەوەك بێبایەخ بكرێت». هەروەها پێشیوابوو كە پەرلەمان تاكە دەزگایە هەموو خەڵكی كوردستان كۆبكاتەوە، «دەمانەوێت لەسەر ئەدای ئەندام پەرلەمانەكان یەكەم راپۆرتە بڵاوببێتەوە، مەبەستمان ئەوەیە بە دەنگدەری كوردستان بڵێین ئەو پەرلەمانتارەی هەڵتان بژاردووە تاچەند لەئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بووە، چونكە بەپێی پەیڕەو پەرلەمانتار ژمارەیەك ئەركی لەسەرە، مانای نییە پەرلەمانتار قسە نەكات، بەڵام مەرجیش نییە هەر پەرلەمانتارێك قسە نەكات ئەدای باش نەبێت، بەڵام ناكرێت قسەش نەكات و لەلیژنەكان ئامادە نەبێت». راپۆرتەكەی ئینستیتیوتی پەی بەكوردی و ئینگلیزی و عەرەبی بڵاودەكرێتەوە بۆ سەرجەم پەرلەمانتاران و حزبەكان و كونسوڵخانەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی دەنێرن بۆ دروستكردنی فشاری مەدەنی. هاوكات، سەروەر عەبدولڕەحمان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «ژمارەیەك پەرلەمانتار تەلەفۆنیان بۆ كردووم و گلەییان كردووە لەوەی زیاتر قسەیان كردووە، بەڵام ئێمە لەداتاكانی خۆمان دڵنیاین». لەبەرامبەر ئەو راپۆرتەدا، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: «رێكخراوێك كە من نامەوێت ناوی بهێنم ئەمە چەندەمین راپۆرتیەتی، ئێمە زۆر گوێمان پێنەدەدا، ئێستا تێگەیشتن لەو راپۆرتەدا ئینساف بوونی نییە». وتیشی: «پەرلەمانتار هەیە لەیەك پرۆژە یاسا 22 جار قسەی كردووە، بەڵام بەپێی راپۆرتەكە زۆر كەمتر لەوە قسەی كردووە، پێوانەكردنی پەرلەمانتار لەسەر بنەمای قسە نابێت، هەریەك لەلیژنەكانی پەرلەمان دەیان كاتژمێر قسەیان كردووە، هەر لەبەرئەوەی كامێرای لێ نەبووە هەڵنەسەنگێندراوە، بۆیە داواتان لێدەكەم لەكارەكانی خۆتان بەردەوام بن بێ ئەوەی گوێ بدەن بەو راپۆرتە».

هاوڵاتی 56 ئەندام له‌ 10 فراكسیۆنی په‌رله‌مانی داوا دەکەن بەزوترین کات لیژنەی پەرلەمانی بۆ دروستکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی لە هەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت.    

شاناز حەسەن بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان رایگەیاند ئاوی بەنداوەكە زیاتر لەحەوت سانتیمەتر بەرز بووەتەوەو لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی لەبەنداوی دوكان دەڵێت:» ئاستی ئاوەكە 18 سانتیمەتر زیاتر زیادی كردووە». لەماوەی سێ مانگی پایزدا كە پێویستە لەسەدا 15 رێژەی باران بارینی ساڵ ببارێت، بەنداوی دەربەنیخان حەوت سانتیمەترو بەنداویش دوكانیش 18 سانتیمەتر ئاوی گلداوەتەوە، واتە بەكۆی گشتی نیوە كەمتری ئاوی پایزی گلداوەتەوە. پسپۆران بەپێی وەرزەكان رێژەی بارانبارینیان دیاریكرودووە، بەو پێیە لەسەدا 15 باران بارین بۆ وەرزی پایز دانراوەو لەسەدا 35ی بۆ وەرزی بەهارو لەسەدا 50ی بۆ وەرزی زستانە. رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»ئاستی ئاوی دەربەندیخان لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا حەوت سانتیمەتر بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا لە ماوەكانی رابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوەكە لەنزمبوونەوەدا بووە». بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بەراورد بەساڵی رابردوو ئێستا ئاوی بەنداوەكە حەوت مەترو نیو ئاستی ئاوەكە نزمترەو لەئێستادا بەنداوی دەربەندیخان 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، كە تەنیا 500 ملیۆن مەتری بۆ خواردنەوە دەشێت. رەحمان خانی  پێشبینی ئەوە دەكات هاوشێوەی ساڵی رابردوو وشكەساڵی بێت وەك خۆی دەڵێت خراپتر دەبێت و وتیشی:»ئەمساڵ كە وشكەساڵی بێت بەسەر ساڵێكی وشكدا دێت، بەڵام ئەوەی پێشبینی دەكرا دەوترا ساڵێكی وشك دەبێت لەهەمانكاتدا گۆڕانكاری كەشوهەوا وایكردووە پێشبینیەكان زۆر ناسروشتی روودەدەن لەدەرەوەی پێشبینیەكان رووەدەن وەك لافاوەكانی ئەم ماوەیە». هاوكات، سەلام  نەجم، لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی لەبەنداوی دوكان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» لەئێستادا ئاوی بەنداوەكە 18 سانتیمەتر بەرزبۆتەوە، واتە زیاتر لە دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە». هەروەها، وتیشی:» بەراورد بەساڵی رابردوو شەش مەتر ئاستی ئاوەكە كەمترەو لەئێستا یەك ملیار مەتر سێجا ئاوی لەساڵی رابردوو كەمترە». رێژەی بارانبارین لەدوكان لەئەمساڵدا 114 ملم بووە، لەكاتێكدا لەدەربەنیخان 2.6 ملم باران باریوە. بەگشتی لەسنوری پارێزگای سلێمانی 30ملم باران باریوە كە زۆربەی رێژەی لەگوندی یاخسەمەر بووە 142.8ملم بووە.

عەمار عەزیز گیراوانی بادینان لەدوای ئازادبوونیشیان سزادران، مامۆستا بەدەل بەرواری لەگەڵ دوو مامۆستای ترو ئەندازیارێك، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك نووسراوێكیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە ئایا دەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان یان فەسڵ دەكرێن. بەدەل بەرواری، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «ئەمە ئیجرائاتی یاسایی هەموو وەزارەتێكە، ئەگەر فەرمانبەرێك دەستگیركرا و حوكمدرا دوای ئەوە ( سحب الید )بۆی دەكرێت،  ئێمە چوار كەسین ئەندازیارێك لەگەڵ سێ‌ مامۆستا لەسەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك، دوای دەرچوونی حوكمی ئێمە كە حوكمدراین بۆماوەی یەك ساڵ ، بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك بەئێمەیان وت ئەگەر بگەڕێنەوە دەبێت ( سحب الید ) بكەن، ناچاربووین (سحب الید) مان كرد ، دوای  ئەوە نووسراوەكەی ئێمە رەوانەی بەشی یاسایی لەوەزارەتی پەروەردە كردووە «. «لەسەر دۆسیەكەی هەرسێ مامۆستاکە وەزارەتی پەروەردە نووسراوێكیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، هێشتا ئێمە فەسڵ نەكراوین چاوەڕێ‌ی بڕیاری كۆتایی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین كە ئایا دەگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان یان بەیەكجاری لادەدرێن، بەپێی یاساش نابێت ئێمە فەسڵ بكرێین، هەر كاتی دەستگیركردنمان تائێستا تەنیا مووچەی بنەڕەتیمان وەرگرتووە» بەدەل بەرواری وا دەڵێت. بەرواری ئەوەشی خستەڕوو كە ماوەی 28 ساڵە خزمەتی مامۆستایی كردووەو وتیشی:» بەپێی زانیاریەكانم لەكۆتایی ئەم هەفتەیە چارەنووسی ئێمە دیار دەبێت، بەڵام دۆسیەكەی ئێمە سیاسییە و نابێت بەیەكجاری فەسڵ بكرێین، ئەگەر ئێمە فەسڵ بكرێین ئەوا بێدەنگ نابین و هەڵوێستمان دەبێت و كۆمەڵگای دەرەوە ئاگاداردەكەینەوە». عەبدولستار مەجید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلیژنەی پەروەردە لەلێدوانێكدا  بەهاوڵاتی وت: « ئێمە وەكو فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری هەر لەسەرەتاوە دەستگیركردن و زیندانكردنیان بەستەم دادەنێین و هیچ تاوان و تۆمەتێكیان لەسەر نەبووە ، لەهەمانكاتدا دوای ئازادبوونیشیان لەپیشەكانیان كە مامۆستا بوون دوورخراونەتەوە، هەرئەوەش نا، بەڵكو پێنج ساڵیش خراونەتە ژێر چاودێری وردی دەزگا ئەمنیەكانی دەسەڵات لەو سنورە، بەتایبەت لەهەریەكە لەمامۆستا بەدەل و مامۆستا جەمال». لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی پارێزگای دهۆك دەڵێت ئەوان تەنها رێكارە یاسایی و كارگێڕییەكانیان ئەنجامداوە. عومەر عەلی، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هەر فەرمانبەرێك دەوام نەكات ئێمە رێكاری یاسایی لە دژی ئەو كەسە دەگرینە بەر، ئەوەی مامۆستا بەدەل عەبدولباقی بەرواری هەمان شتە، زیاتر لەساڵێك دەوامی نەكردو خۆ ناكرێت هیچ رێكارێكی یاسایی لە دژی ئەو نەگرینە بەر». هەروەها ئەوەشی روونكردەوە كە نووسراوێكیان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كردووە چاوەڕێ‌ی ئەوان دەكەن كە ئایا ئەوانەی دەوامیان نەكردووە جارێكی تر دەگەڕێنەوە سەر دەوامی خۆیان یان بەیەكجاری فەسڵ دەكرێن.

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند:" سوپای تورکیا لە دەوروبەری تل تەمر هێرشی زەمینی دەستپێکردووە و شەڕ و پێکدادان هەیە". ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بڵاویکردەوە "هێزەکانمان رووبەڕووی هێرشێکی زەمینیی سوپای تورکیا دەبنەوە لە گوندی ئوم کێف". هەسەدە دەڵێت:" سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پشتگیرییان دەکات "ئێستا هێرشێکی زەمینیی دەکەن بۆسەر گوندی ئوم کێف لە دەوروبەری تل تەمر و هێزەکانمان رووبەڕووی دەبنەوە". ئاماژە بەوەش دەکات کە :"شەڕ و پێکدانانی تووند" لە چەند میحوەرێکی دەوروبەری گوندەکە بەردەوامە".

  هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم روونكردنەوە لەبارەی گشتاندنێك دەدات كە سەبارەت بەوەرگرتنی ڤاكسین بڵاویانكردووەتەوە، دەشڵێت:» رێوشوێنێكی نەرمەو ناگاتە ئەوەی هیچ فەرمانبەرێك لەكارەكەی دووربخرێتەوە». لەڕۆژی 15-12-2021 گشتاندنێك لەلایەن وەزارەتی دادی هەرێم بەواژۆی فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێم دەرچوو، بەپێی گشتاندنەكە، هەر فەرمانبەرێك لەهەر پلەو پۆستێك بێت ئەگەر تا 1/1/2022،  ڤاكسینی  وەرنەگرتبێت، ناتوانێت پابەندبێت بەدەوامی  فەرمی، هەروەها لەدوای 1/1/2022 ەوە  هیچ هاووڵاتییەك ناتوانێت سەردانی فەرمانگەكان بكات بەمەبەستی راییكردنی مامەڵەكانیان بەبێ وەرگرتنی ڤاكسین. نەریمان تاڵیب، وتەبێژی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «ئەو رێنماییە كارگێڕییە بە پشتبەستنە بە بەیانێكی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، لیژنەكەش پشتی بەستووە بە یاسای پاراستنی تەندروستی گشتی، بەپێی ئەو دوو یاسایەش ئەگەر یەكێك لەكاتی باری نائاساییدا، یاخود هەر پەتایەك كە بكوژە، رێنماییە تەندروستییەكان نەگرێتەبەر ئەو كەسە سزا دەدرێت». هەروەها وتیشی:» سزاكە بەپێی یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەتە، سزاكەش ئەوەیە كە ئاگادار دەكرێتەوە یاخود سەرنجی رادەكێشرێت یاخود غیابدانیەتی، ناگاتە هەڵوەشاندنەوەی راژەی فەرمانبەرەكەو پەیوەندی بە بەڕێوەبەری فەرمانگەكەوە هەیە». وتەبێژی وەزارەتی داد ئەوەشی دووپاتكردەوە كە» لەهەموو حاڵەتێكدا رێنماییەكی نەرمەو تەنیا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە، نەرمیش دەنوێنرێت كە هاووڵاتیەك بۆی نەكراوە ڤاكسین وەربگرێت، مانای وانییە لەفەرمانگەكە كاری بۆ ناكرێت، بەڵام هاندەدرێت ڤاكسین وەربگرێت». هاوكات، ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بۆ ئەو رێنماییەی وەزارەتی داد، وەزارەتی تەندروستی ئەركی ئەوە دەبێت ڤاكسین بۆ هەر فەرمانگەیەك دابین بكات و هاوكاریان بێت لەوەی هەموو فەرمانبەران ڤاكسین وەربگرن».  

سەركۆ جەمال حكومەتی هەرێم بەپاساوی نەگەڕانەوەی داهات دوو مانگە دابەشكردنی مووچەی سست كردووە، دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 ی 2021 یشی خستە مانگی یەكی 2022 و پەرلەمانتارانیش دەڵێن:» حكومەت و پەرلەمان، جیاوازییەكەیان 170 ملیار دیناری مانگانەیە». رۆژی سێشەممە 21/12/2021 لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر داهاتی ناوخۆ دانیشتنێك بەڕێوەچوو، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە دانیشتنەكە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «خزمەتگوزاری سزاكانی شارەوانیەكان دراوە بە كەرتی تایبەت، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتریش چەندین سزا كە دەبێت حكومەت ئەنجامی بدات دراوە بەكەرتی تایبەت». هەروەها لەبارەی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی ئەمساڵەوە، عەلی حەمەساڵح وتی:» حكومەت بەهاتنی 200 ملیارەكەی بەغدا لە25ی ئەم مانگەوە دەتوانێت دەست بەدابەشكردنی مووچە بكاتەوە». هاوكات، كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد تەنها داهاتی كارەبا بۆ یەك مانگ 100 ملیار دینار بووە، وتیشی:» فرۆشتنی نەوت لەشەش مانگی یەكەمی 2021 زیاتر لەچوار ملیار دینار بووە، لەشەش مانگی دووەمیشدا بەپێی راپۆرتەكانی خۆیان مانگانە داهاتی نەوت و ناوخۆ 700 ملیۆن دۆلار بووە». «بەبێ پارەكەی بەغدا حكومەتی هەرێم دەتوانێت مووچە بدات و لێشی دەمێنێتەوە»، كاروان گەزنەیی وای وت. هاوكات، زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «بەپێی راپۆرتی دارایی كە بەشێكی زانیاریەكان حكومەتی هەرێم پێی داوین مانگ لەدوای مانگ هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە كەمبووەتەوە كۆتاجار 434 هەزار بەرمیل بووە، جگە لەوەش رۆژانە 22 هەزار بەرمیل بۆ پڕكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی تەرخان كراوە». «حكومەتی هەرێم لەفرۆشتنی نەوتدا هەندێك پێداچوونەوەی كردووە، نزیكەی دوو دۆلار لەهەر بەرمیلێك بۆ فرۆشتنەكەی زیادبووە، واتە جیاوازی فرۆشتنی نەوت كەم بووەتەوە لەگەڵ نەوتی برێنت، پێشتر لەگەڵ برێنت 11 دۆلارو 40 سەنت جیاوازی هەبووە، ئێستا نزیكەی 9 دۆلار جیاوازی هەیە»، زیاد جەبار وا دەڵێت. سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دووپاتكردەوە، كۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم لەمانگی 10ی ئەمساڵ 507 ملیار دینار بووەو بەداهاتی ناوخۆو پارەكەی بەغدا كە دووسەد ملیار دینارە، ترلیۆنێك دینار داهاتی حكومەت بووە. هەر سەبارەت بەو پرسە عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لەفراكسیۆنی كۆمەڵ بەهاوڵاتی وت: «حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگرە لەوەی چاودێری چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت بكرێت و لەكۆی ترلیۆنێك و 215 ملیار، مانگانە تەنیا 512 ملیار دینار داهات دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی حكومەت». هەروەها پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ جەختلەوە دەكاتەوە كە داهاتی باجی ناوخۆ لەساڵی 2019 دا مانگانە 51 ملیار دینار بووە، بەڵام لەساڵی 2021 بووە بە 40 ملیار دینار، لەكاتێكدا بەرپرسانی حكومەت دەڵێن باجیان رێكخستووەتەوە بەڵام باج كەمیكردووە، لەكاتێكدا خۆیان دەڵێن زیادیكردووە، هەموو مانگێك لەمانگی پێنجی ئەمساڵەوە زیاتر لە 113 ملیار دینار لەحكومەت زیادبووە، بەڵام نادیارە، وتیشی:»جیاوازی نێوان ئێمەو زانیاریەكانی حكومەت 170 ملیار دیناری مانگانەیە». پێشتر بەفەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەروە دەكات كە لەمانگێكدا 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەكات، ئێستا كە نرخی نەوت 72 دۆلارە ئەگەر هەر بەرمیلێك نەوت 9 دۆلار كەمتریش بفرۆشن ئەوا لەمانگێكدا دەكاتە سەروو 850 ملیۆن دۆلار، ئەگەر ئەو 434 هەزار بەرمیلەش هەژمار بكرێت كەسەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان باسی دەكات، مانگانە داهاتی نەوت سەروو 800 ملیۆن دۆلار دەكات. لەهەرێمی كوردستاندا یەك ملیۆن و 251 هەزارو 451 مووچەخۆر هەن، كە 751 هەزارو 805 كەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین، 242 هەزار و 269 كەسیان خانەنشینن، حكومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، كە ساڵانە 10 ترلیۆن و 740 ملیار دینار دەكات. راوێژكارێك لەئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم كە نەیویست ناوی بهێنرێت بەهاوڵاتی وت:»داهاتی پێویست لەبەردەستدایە و ئامادەكارییە سەرەتاییەكان بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 12 كراوە». ئەوەشی روونكردەوە كە بەهۆی راگەیاندنی پشووەوە دابەشكردنی موچە دەكەوێتە رۆژی 2ی كانوونی دووەمی 2022.

هاوڵاتی بانكی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند:" بڕی كۆتایی و پاشماوەی قەرەبووكردنەوەكانی دەوڵەتی كوێت كە 44 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بوو كۆتایی هات، بەمشێوەیە عیراق تەواوی ئەو قەرەبووكردنەوەیەی تەواوكرد كە لەلایەن لیژنەی نەتەوەیەكگرتووەكانی سەر ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی بڕیاری 678ی ساڵی 1991 دیاریی كرابوو كە كۆی گشتی (52.4) ملیار دۆلاری ئەمریكایی بوو بۆ دەوڵەتی كوێت. لە ڕاگەیاندراوێکدا بانكی ناوەندی عێراق بڵاویکردەووە:" عیراق تەواوی ئەو قەرەبووكردنەوەیەی تەواوكرد كە لەلایەن لیژنەی نەتەوە یەكگرتووەكانی سەر ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی بڕیاری 678ی ساڵی 1991 دیاریی كرابوو كە كۆی گشتی (52.4) ملیار دۆلاری ئەمریكایی بوو بۆ دەوڵەتی كوێت و بڕی كۆتایی و پاشماوەی قەرەبووكردنەوەكانی دەوڵەتی كوێت كە 44 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بوو كۆتایی هات. ئەوەشخراوەتەڕوو، ''واچاوەڕوان دەكرێت تەوابوونی قەرەبووكردنەوەكان ببێتە مایەی دەرچوونی عیراق لەژێر بەندی حەوتەم، وێڕای كاریگەریی لەسەر سەرلەنوێ‌ گەڕانەوەی یەكخستنی بانكی عیراقی لەگەڵ سیستمی بانكی جیهانی و سودوەرگرتن لەو زیادە داراییانەی لەو ڕێگەیەوە فەراهەم دەبن.'' لیژنەیەكی نێونەتەوەیی لە ساڵی 1991 پێكهێنرا و بەغدا پابەندكرا بە دانەوەی 52.4 ملیار دۆلار، وەك قەرەبووی تاكەكان و كۆمپانیاكان و ڕێكخراوە حكومییەكان و ئەوانی تر، لە دوای داگیركردنی عیراق بۆ كوێت لە مانگی ئابی 1990.

هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند:" ئەو دوو ملیار دینارە رەتدەکەنەوە کە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە وەک هاوکاری لە بودجەی فریاگوزاری بۆ زیانێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر دەنێردرێت و وەریناگرن، چونکە لەئاست چاوەڕوانى ئەواندا نەبووە". ئەمشەو 21ی کانوونی یەکەمی 2021، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ''لافاوەکەی هەولێر سەرەڕاى زیانى گیانى قەبارەى زیانە مادیەکانیشى زۆر گەورە بوون ئەوە جگە لەزیانەکانى کەرتى گشتیى کە تەنها زیانى هاوڵاتییانى زەرەمەند بەبڕى (20) تاوەکو (21) ملیار دینار خەمڵێندراوە، بۆیە بۆ بەهاناوەچوونى زیانلێکەوتووان وەک مافێکى یاسایی خۆمان داواکاریمان پێشکەش بە حکومەتى عێراقی فیدراڵ کرد تاوەکو لەبودجەى فریاکەوتن کە مانگانە لە بودجەى دیاریکراوى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە.'' باسیلەوەشکردووە، ''پێویستە ئەو بەشەى کەمافى هەرێمى کوردستانە بۆمان بیگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ 2021.12.21 لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقی فیدرال بڕیاردراوە بڕى (2) ملیار دینار بۆ هەولێر بنێردرێت، کە ئەمەش بەهیچ شێوەیەک لە چاوەڕوانى ئێمەدا نەبوو لەبەرامبەر قەبارەى ئەو زیانە گەورەیەى بەهۆى کارەساتێکى سروشتییەوە بەسەر شارەکەماندا هاتووە.'' دەقی ڕاگەینراوێکى ناڕەزایی لە پارێزگارى هەولێرەوە دواى ئەوەى ئەو کارەساتەى لەڕۆژى هەینى 2021.12.17 بەهۆى لافاوەوە بەسەر شارەکەمانداهات، کە سەرەڕاى زیانى گیانى قەبارەى زیانە مادیەکانیشى زۆر گەورە بوون ئەوە جگە لەزیانەکانى کەرتى گشتیى کە تەنها زیانى هاوڵاتییانى زەرەمەند بەبڕى (20) تاوەکو (21) ملیار دینار خەمڵێندراوە، بۆیە بۆ بەهاناوەچوونى زیانلێکەوتووان وەک مافێکى یاسایی خۆمان داواکاریمان پێشکەش بە حکومەتى عێراقی فیدراڵ کرد تاوەکو لەبودجەى فریاکەوتن کە مانگانە لە بودجەى دیاریکراوى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت ئەو بەشەى کەمافى هەرێمى کوردستانە بۆمان بیگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ 2021.12.21 لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقی فیدرال بڕیاردراوە بڕى (2) ملیار دینار بۆ هەولێر بنێردرێت، کە ئەمەش بەهیچ شێوەیەک لە چاوەڕوانى ئێمەدا نەبوو لەبەرامبەر قەبارەى ئەو زیانە گەورەیەى بەهۆى کارەساتێکى سروشتییەوە بەسەر شارەکەمان داهاتووە. بۆیە وێڕاى ئەوەى ئەوپەڕى ناڕەزایەتی خۆمان بەرامبەر بەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقى فیدراڵ دەردەبڕین، پێمان وایە ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک لە ئاستى چاوەڕوانى و قەبارەى زیانەکان نییە، سەرەڕاى ڕەتکردنەوەى ئەو بڕەى بۆمان دیاریکراوە کە بەهیچ شێوەیەک وەریناگرین، بێ هیوابوونى خۆمان لەهاوکاریکردنى حکومەتى عێراقی فیدراڵ نیشان دەدەین و ئەو بڕە پارەیەش قەبوڵ ناکەین، دەخوازین ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقی فیدراڵ چاوو بە بڕیارەکەیان بخشێننەوە، چونکە ئەوەى داوامان کردووە مافێکى یاسایی ئێمەیە و بەخێر پێمان نادرێتن کە مانگانە بەناوى خەرجی سیادى لە بودجەى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت و ئێستاش لەو کاتەى کە پێویستمان پێیەتى دەبێت بۆمان بگەڕێننەوە. ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر

سازدانی: ئارا ئیبراهیم پۆڵا سیروان تاڵەبانی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژە بەوە دەدات سازش لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك ناكەن بۆ پارتی و دەشڵێت:» بڕیاری بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بەدوورخراوەكانی یەكێتی بڕیاری سەركردایەتیشە». پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی یەكێتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئەوەش دەخاتەڕوو كە سەركردایەتی كەم ناكرێتەوەو دەستكاریش ناكرێت چونكە ئەوە دەبێت لەكۆنگرەدا بڕیاری لەوشێوەیە بدرێت. هاوڵاتی: گۆڕانكارییەكانی یەكێتی لەسەر چی بنەمایەك كراون؟ پۆڵا سیروان تاڵەبانی: ئەو گۆڕانكاریانە كۆمەڵێك گۆڕانكارین كە بۆ باشتركردن و كاراكردنی ئۆرگانەكانن، لەداهاتووشدا لەهەر شوێنێكی دیكە پێویست بكات، گۆڕانكاری بكرێت دەكرێت و گۆڕانكاری ئاسایی حزبییە. هاوڵاتی: قسەیەك هەیە كە دەسەڵاتەكان دراون بە بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوەی گۆڕانكاری بكات، سەركردایەتی هیچ رایەكی هەبووە لەم مەسەلەیەدا یاخود بڕیارەكان تەنیا لای بافڵ تاڵەبانین؟ پۆڵا سیروان تاڵەبانی: بەڵێ سەركردایەتی رای هەبووە لەسەر گۆڕانكاری و رێكخستنەوەی ئۆرگانەكان، بۆ ئەو بابەتانە زۆرینەی سەركردایەتی دەسەڵاتی بڕیاردانی داوەتە كاك بافڵ وەكو هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەو دەسەڵاتانەی پێدراوە كە گۆڕانكاری و چاكسازی لەكوێ پێویستە لەناو ئۆرگانەكاندا ئەنجام بدات. هاوڵاتی: لەدوای ڕووداوەكانی هەشتی تەمموزەوە تائێستا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێـتی كۆنەبووەتەوە، ئایا دوای ئەم گۆڕانكاریانە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیش گۆڕانكاری تێدا دەكرێت؟ پۆڵا سیروان تاڵەبانی: سەركردایەتی كەم ناكرێتەوە و دەستكاریش ناكرێت چونكە ئەوە دەبێت لەكۆنگرەدا بڕیاری لەوشێوەیە بدرێت، ئەوەی دەكرێت رێكخستنەوەی ئۆرگانەكان و چاكسازییە، هەر هەنگاوێكی تر بێت لەچوارچێوەی كاری حزبی دەكرێت، بەڵام هەندێك گۆڕانكاری هەیە دەبێت لەكۆنگرە یاخود پلینیۆم بڕیاری لێبدرێت، وەكو كەمكردنەوە  هیچ بڕیارێكی لەوشێوەیە نییە. هاوڵاتی: ئایا پێش كۆنگرەی یەكێتی پلینیۆم ئەنجام دەدرێت؟ پۆڵا سیروان تاڵەبانی: هەر قسەیە جارێ. هاوڵاتی: سەركردایەتی یەكێتی لەئایندەیەكی نزیكدا كۆدەبێتەوە؟ پۆڵا سیروان تاڵەبانی: پێشتر سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەتەوە بەڵام رەنگە هەمووی پێكەوە كۆنەبووبێتەوە، كاك بافڵ لەماوەی رابردوودا لەگەڵ سەركردایەتی هەموو ناوچەكان كۆبووەتەوە، ئەویش بۆخۆی جۆرێكە لەكۆبوونەوە، ئەگەر كۆبوونەوەی دیكەش پێویست بكات دەكرێت. هاوڵاتی: لەسەر پۆستەكانی بەغدا یەكێـتی دەیەوێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت، بەڵام پارتی دەڵێت ئێمەش كاندیدمان هەیە باس لەوەش دەكرێت جگە لە دكتۆر بەرهەم، مەلا بەختیاریش خۆی كاندید دەكات، ئەم پرسە چۆن چارەسەر دەكرێت؟ پۆڵا سیروان تاڵەبانی: هەر پۆستێك كە یەكێتی بەئیستیحقاقی خۆی بزانێـت خۆی كاندیدی خۆی دیاریدەكات، پۆستی سەرۆك كۆماریش بەهەمانشێوە ئیستیحقاقی یەكێتییە، تەنها یەكێتی خۆی كاندیدی خۆی دیاری دەكات، كە گفتوگۆكان دەستپێدەكات بۆ دروستكردنی حكومەت و پڕكردنەوەی ئەو پۆستانە ئینجا رەنگە باس لەكەسێك بكرێت. هاوڵاتی: سەبارەت كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی باس لەوەدەكرێت لەسەر زۆر شت كۆكبوون، ئایا هیچ شتێكی كۆبوونەوەكەی بۆ ئێوە باس كردووە؟ پۆڵا سیروان تاڵەبانی: بێگومان كاك بافڵ هەموو هەوڵەكانی بۆ ئەوەبووە كە كۆدەنگییەك دروست بكات پێشتر لایەنی دیكەشی بینیوە لەو چوارچێوەیەدا بووە وەكو كورد دەبێت یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین، پێویستە ئەو بابەتانەی رەهەندی نیشتییمانیان هەیە كۆك بین لەسەری، پێویستە پرۆژەیەكی نیشتیمانیمان هەبێت و بیكەینە بنەڕەتێك بۆ گفتوگۆكانمان لەدانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق. هاوڵاتی: وەفدێكی پارتی سەردانی سلێمانی كرد، باس لەوەشدەكرێت رەنگە رێككەوتنی ستراتیژی تازە بكرێتەوە یاخود رێككەوتنێكی دیكە ئەنجام بدرێت، هیچ گفتوگۆیەك هەیە لەوبارەیەوە؟ پۆڵا سیروان تاڵەبانی: لەماوەی رابردوودا كۆمەڵێك كۆبوونەوە كراوەو هاتنی پارتیش بۆ دەباشان كۆبوونەوەیەكی باش كرا كە تێگەیشتنی باش هەبووە لەسەر زۆر بابەت، لەداهاتووشدا كۆبوونەوەی دیكە دەكرێت بۆ كۆمەڵێك بابەت و پرسی گرنگ لیژنەی هاوبەش دادەنرێت هەوڵەكانیش بۆ ئەوەیە كە كورد پێكەوە بچێتە بەغداو پرۆژەی هاوبەشی هەبێت. هاوڵاتی: باس لەوەدەكرێت كە پارتی بۆیە باسی پۆستی سەرۆك كۆمار دەكات تا پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت؟ پۆڵا سیروان تاڵەبانی: هەمیشە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بووە، لەبەرامبەردا رێككەوتنێك هەبووە كە پۆستی سەرۆكی هەرێم و چەند پۆستێكی دیكە بۆ پارتی بوون، جگە لە رێككەوتنی ستراتیژی چەندین رێككەوتنی دیكەمان لەگەڵ پارتی هەیە، هیچ رێككەوتنێكیش بە فەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە. لەمەسەلەی پارێزگاری كەركوكیشدا بەهەر پێوەرێك بیپێویت ئیستیحقاقی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، بەهیچ شێوەیەكیش گفتوگۆی لەسەر ناكرێت، بەتایبەت پارێزگاری كەركوك، چونكە بەدەنگیش زۆرترین دەنگی كەركوكمان هێناوە وەكو كورسیش زۆرترین كورسیمان هەیە لەواقیعی كەركوك و خەڵكەكەشی هەر ئەوە دەڵێ كە دەبێت پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ ئێمە بێـت. هاوڵاتی: ئەگەر بێتو پارتی سوربێت لەسەر ئەوەی كاندیدی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئێوە چی دەكەن؟ پۆڵا سیروان تاڵەبانی: ئێمە هیوادارین رێككەوتنی لەسەر بكرێت، وەكو هەموو پۆستەكانی دیكە كە پەیوەندی بەكوردەوە هەیە نەبێتە هۆی ئەوەی كێشەی لەسەر دروست ببێت، بۆئەوەی هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە یەكی بخەین تا بتوانین پێكەوە داكۆكی لەمافەكانی كورد بكەین، كاتیش ماوە بۆ گفتوگۆكردن بێ ئەوەی بگاتە ركابەری لەسەر پۆستەكە. هاوڵاتی: دەوترێت ئەگەر سەدریەكان بێنە سەر دەسەڵات و كازمی دووربخەنەوە مەترسی لەسەر كوردستان دروست ببێت چونكە سەدر پێشمەرگەی بەمیلیشیا ناوبردووە؟ ئایا پێویستە چی بكرێت؟ پۆڵا سیروان تاڵەبانی: مەسەلەی یەكدەنگی زۆر گرنگە، مەترسیەكان تەنها بابەتی عەرەبی شۆڤێنی نییە، رۆژانە هەرێمی كوردستان لەژێر چەندین مەترسیدایە، وەك چۆن لەچەند رۆژی رابردوودا داعش پەلاماریدا هەروەها مەسەلەی ناوچە جێناكۆكەكان، بۆیە پێویستە لایەنەكان یەكدەنگ بن، مەسەلەی سەدریش من پێم وایە ئەوەی كە باسی پێشمەرگەی كردووە زیاتر دەچێتە چوارچێوەی موزایەدەی سیاسی و راكێشانی سۆزی شەقام، ئەگەرنا پێشمەرگە بەشێكە لە سیستەمی بەرگری عێراق و بابەتێكە لەدەستووردا هاتووە، ئەگینا بەقسەی كەس پێشمەرگە نابێت بەمیلیشیا و هێزێكە رۆڵێكی سەرەكی هەیەو وڵاتان مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. هاوڵاتی: پرسی ئەو كەسانەی دوورخراونەتەوە لەیەكێتی كۆتایی هاتووە؟ یاخود ماوەتەوە بۆ دانوستان چونكە قسەی جیاواز لەسەر ئەو پرسە دەكرێت؟ پۆڵا سیروان تاڵەبانی: ئەو پرسە كاك بافڵ قسەی لەسەر كردووە، قسەی ئەویش قسەی هەموومانە، ئێمە هەموو بڕیارێكمان داوەتە دەستی كاك بافڵ كە ئەویش ئەو قسەیەی كردووە حەتمەن قسەی هەموو سەركردایەتییە. هاوڵاتی: باس لەوەدەكرێت ماوەیەكی دیكە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ببێتە سكرتێری گشتی، باس لەدانانی دوو جێگریش دەكرێت یەكێكیان هەولێری و یەكێكیان كەركوكی، ئەمە باس كراوە؟ پۆڵا سیروان تاڵەبانی: ئاگاداری هیچ بابەتێكی لەوشێوەیە نیم، بەڵام ئۆرگانە حزبیەكان رێكدەخەینەوە و قۆناغێكی تازە دەستپێدەكەین بۆ زیاتر رێكخستنەوە و كاراكردنەوەی ئۆرگانە حزبیەكان لەوچوارچێوەیەشدا چی پێویست و چی باش بێت ئەوە دەكرێت.

هاوڵاتی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران رایگەیاند:" هێندە کات بۆ ئێران نەماوە بێتەپێش و بە جیددی بەشداریی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤییەننا بکات". ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، رۆب مالی، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن-ی  رایگەیاندووە:" هێندە کات بۆ ئێران نەماوە بێتەپێش و بە جیددی بەشداریی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤییەننا بکات". رۆب مالی وتیشی:"لە داهاتوویەکی نەهێندە دوور ئێمە بە ناچاریی بەو ئەنجامە دەگەین کە چیدیکە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015مان نەماوە و ئەو کاتە ناچارین گفتوگۆ بۆ رێککەوتنێكی دیکەی تەواو نوێ بکەین". نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران هۆشداریی داو وتی: " گفتوگۆکردن لەبارەی رێککەوتنێكی نوێ بەواتای چوونەنێو قۆناغێكی تەواو نوێوە کە تێیدا قەیرانەکە قووڵتر دەبێت". مالی کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداریی لە هەر حەوت گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردووە دەڵێت" ئەگەر ئێرانییەکان بەردەوام بن لەسەر هەمان هەڵوێست، ئەوا ئێمە دەتوانین چەند هەفتەیەکی کەمی دیکە چاوەڕێ بین و دەگەینە قۆناخێك کە ئیدی شتێك بەناوی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 نەماوە". لە مانگی نیسان تاوەکو حوزەیرانی ساڵی 2021، لەسەردەمی حکومەتەکەی حەسەن روحانی، سەرۆکی پێشووی ئێران، شەش خوولی گفتوگۆی ئەتۆمی لەنێوان وڵاتانی چوار کۆ یەک ئەنجامدران، لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆکی ئێران تەنیا یەک گەڕی دانیشتن ئەنجامدراوە. لەکاتێکدا ئێران هەڵگرتنەوەی سەرجەم سزا ئابوورییەکانی سەر وڵات بە مەرجی گەڕانەوە و پابەندبوون بە رێککەوتنەکە داناوە، ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پابەندبوون بە رێککەوتنەکە وخستنەڕووی نیازپاکی، مەرجی پێشینەی هەڵگرتنەوەی سزاکانە.

  عەمار عەزیز جێگری پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند:" حکومەتی عێراق 28ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دابینکرد و ئەمرۆ یەکەم کۆبوونەوەمان لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی كرد كە بە چ شێوازێك بێت و چۆن بتوانین شنگال ی پێ ئاوەدان بكەینەوە". رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کارۆباری کارگێری بە هاوڵاتی وت"ئەمرۆ یەکەم کۆبوونەوەمان لسەر بڕە پارەیەی کە بەغدا بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دابین کرد لەدیوانی پارێزگای ئەنجامدرا، لەکۆبوونەوەکەدا باس لەوپرۆژانە کرا کە بەو بڕە پارەیە دروست دەکرێن، هەروەها لیژنەیەکی تایبەتیش بە سەرۆکایەتی پارێزگاری پێکهێنرا کە خۆی سەرپەرشتی کارەکە دەکات". رەفعەت سمۆ وتیشی"ئەم لیژنەیە پێش سەری ساڵ دەست بەکارەکانی خۆی دەکات وبەبێ دواکەوتن دەست بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگۆزاری لەبواری پەروەردە، تەندروستی، کارەبا ، ئاو لەگەڵ رێگا وبان". جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کارۆباری کارگێری ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "راستە ئەم بڕە پارەیە کەمە بەروارد بەو وێرانکارییەی داعش ئەنجامی داوە بەڵام سەرەتاییەکی باشە و دڵنیایین وەجبەیەکی تری پارە جگە لەم 28 ملیار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال خەرجدەکرێت".