هاوڵاتى دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، ساڵح موتڵەگ، جێگری حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لەگەڵ دوو بەرپرسی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەهۆی دۆسیەی حەواڵەکردنی 19 ملیار دیناری لیژنەکە؛ بانگهێشتی دادگا کران. ئەمڕۆ سێشه‌ممه 6ی ته‌مموزی 2021، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دادگای لێکۆڵینەوە لە کەرخ بەپێی ماددەی (331)ی یاسای سزاکان لە عێراق فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ سەرۆکی پێشووتری لیژنەی باڵای کۆمەککردن و نیشتەجێکردنی ئاوارەکان و دوو بەرپرسی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەرکرد؛ بە تۆمەتی حەواڵەکردنی 19 ملیار دیناری لیژنەکە لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتانەی کە پێیان دراون". هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وردەکاریی دۆسیەکە بریتییە لە رەزامەندی سەرۆکی پێشووتری لیژنەی باڵای کۆمەککردن و نیشتەجێکردنی ئاوارەکان؛ لەوکاتەی کە جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان لەسەر پێشنیازی بریکارێکی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ حەواڵەکردنی بڕی 19 ملیار دینار بۆ خێزانە ئاوارەکان لە رێگەی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت؛ بەبێ دەرچوونی بڕ‌یاری لیژنەی باڵای کۆمەککردن و نیشتەجێکردنی ئاوارەکان". فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی ئاماژە بەوەش دەکات: "پێشتر دەستەکەمان دەرچوونی بڕ‌یاری سزادانی چەند کەسێکی لە دۆسیەی کۆمەککردن و نیشتەجێکردنی ئاوارەکان راگەیاند لەوانە؛ دەرچوونی دوو بڕ‌یاری سزادانی پارێزگاری پێشووتری دیالە، لەگەڵ دوو فەرمانبەری دیوانی پارێزگای نەینەوا لە دۆسیەی واژۆکردنی چەند گرێبەستێک کە گەندەڵییان تێدا کراوە و تایبەت بوون بە کۆمەککردن و نیشتەجێکردنی ئاوارەکان، گوژمەی ئەو گرێبەستانەش گەیشتە 10 ملیار دینار، هەروەها دادگا پێشتر قایمقامی پێشووی سامەڕای بە 6 ساڵ زیندانیکردن سزادا، بەهۆی سەرپێچێکردن لە خەرجکردنی 24 ملیار دینار کە بۆ نەهێشتنی هەژاری و کۆمەککردنی ئاوارەکان تەرخانکرابوون". لە دەقی ماددەی 331ی یاسای سزاکان لە عێراق هاتووە: هەر فەرمانبەرێک یان راسپێردراوێک بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکێکی گشتیی بە مەبەستەوە سەرپێچی ئەرکەکانی پۆستەکەی بکات؛ یاخود ئەرکێکی پۆستەکەی بەجێنەگەیێنێت بەمەبەستی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی کەسێک یان بەمەبەستی سوودگەیاندن بە کەسێک لەسەر حیسابی کەسێکی دیکە یان دەوڵەت، ئەوا بە زیندانیکردن یان بە پێبژاردن؛ یاخود بە هەردووکیان پێکەوە سزادەدرێت. لە پۆلێنی رێکخراوی نێودەوڵەتی شەفافییەت لە ساڵی 2020 دا عێراق 21ـەم گەندەڵترین وڵات بوو لە ئاستی جیهان، رێکخراوەکە دەڵێ هۆکاری تەشەنەکردنی گەندەڵی لەو وڵاتە دەربازبوونی گەندەڵکارانە لە سزادان.
هاوڵاتى لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان گرژی دروستبوو 16 پەرلەمانتاری ئۆپۆزیسیۆن بەپێی ماددەی 57ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە کۆبوونەوەکە بێبەشکران. پاسەوانەکانى پەرلەمان دەرگاى هۆڵى پەرلەمانیان بە ڕووی ئەو پەرلەمانتارانەدا داخستووە کە رێگرییان کرد لە تەواوکردنى دانیشتنى پەرلەمان. 16 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانى ئۆپۆزسیۆن و سەربەخۆ و چەند پەرلەمانتارێکى یەکێتى و گۆڕان لەلایەن پاسەوانەکانى پەرلەمانەوە بە بڕیارى سەرۆکایەتى پەرلەمان رێگرییان لێ‌کرا بچنە ناو هۆڵى پەرلەمان بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکەدا،بە تۆمەتی ئەوەی کە دانیشتنی پەرلەمانیان تێکداوە، ئەوەش دوای ئەوە دووبارە دانیشتنی پەرلەمان بەهۆی دروستبوونی گرژییەکانەوە هەڵگیرا و دواتر دەستیپێکردەوە. لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بڕیار بوو دەنگدان لەسەر "بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لە سنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان کراوەتە سەر" بکرێت، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانتارێک گوتی، "18 کاژێر لەسەر لێبڕینی مووچە کۆبووینەتەوە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە بۆیە دەبێت ئەوە بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر بدرێت". دواتر بەشێک لە پەرلەمانتاران کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان کرد و وتیان چووینەتە بەردەم سەرۆکی پەرلەمان و نەمانهێشتووە کۆبوونەوەکە بەردەوام بێت، بۆیە سەرۆکایەتی پەرلەمان رێگری لەو پەرلەمانتارانە کردووە، بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمانیان "تێکداوە". عەبدولستار مەجید، پەرلەمانتارێکی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێمە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری ئۆپۆزیسیۆن و چەند پەرلەمانتارێکی بەشدار لە حکومەت کە 57 پەرلەمانتارین لە یاداشتێکدا داوای ئەوەمان کردووە کە دەنگدان لەسەر لێبڕینی مووچە بکرێت.. بەڵام بەداخەوە سەرۆکی پەرلەمان ئەو یاداشتانە پشتگوێدەخات، بۆیە پێم وایە کە ئەو پەرلەمانە بووەتە پاشکۆی حکومەت". بەیانی ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کۆبووەوە
هاوڵاتى وەزارەتی دارایی و ئابوری رایگەیاند سبەینێ چوارشەممە مووچه‌ی ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش دابه‌ش ده‌كرێت. ئەمڕۆ سێشه‌ممه 6ی ته‌مموزی 2021، وەزارەتی دارایی و ئابوری لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، له‌سه‌ر بڕ‌یاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به هه‌مان میكانیزمی مانگی پێشوو رۆژی چوارشەممه ڕێکەوتی مووچه‌ی ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش دابه‌ش ده‌كرێت. دابەشکردنی مووچە بە لێبڕینی لەسەدا 21 بۆ فەرمانبەران و لەسەدا 50 بۆ پلە تایبەتەکان دەبێت. ماوەی زیاتر لە 11 رۆژە دابەشکردنی مووچە دەستیپێکردووە تا ئێستا تەنها مووچەی پێنجوەزارەت دابەشکراوە، وەزارەتی دارایی و حکومەتیش هیچ روونکردنەوەیەکیان نەداوە.
هاوڵاتى ئاژانسی هەواڵی روسی رایگه‌یاند:" لە نیمچە دوورگەی کامچاتکا فڕۆکەیەك بە٢٢ گەشتیار و شەش تیمی فڕۆکەوانیەوە ون دەبێت. ئاژانسەکانی هەواڵ لە رووسیا بە پشت بەستن بە دەزگای راگەیاندنی ناوچەی وەزارەتی دۆخە لەناکاوەکانی رووسیا بڵاویانکردووەتەوە کە لە کاتی دیاریکراودا نەتوانراوە پەیوەندی لەگەڵ فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری جۆری AN-26 ببەستن کە لە نیمچە دوورگەی کامچاتکا لە شاری پێترۆپاڤلۆسک-کامچاتکیەوە بەرەو شاری پالانا گەشتی کردووە. لە هەواڵەکەدا ئاماژەبەوەشکراوە، لە فڕۆکەکەدا، ٢٢ گەشتیار و شەش تیمی فڕۆکەوانی هەن و بە هێلیکۆپتەر و فڕۆکە دەستکراوە بە کاری گەڕان و رزگارکردن.
هاوڵاتى پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پێشنیازەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2019 یاسای بە خاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لەسنوری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لە هەرێمی كوردستان. ڕێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان لە نوسراوێکدا رایگەیاندوە، "پشتبه‌ستن به‌حوكمی بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌مادده‌ی (18)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بكه‌ین بۆ دانیشتنی ژماره (17)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، له‌كاتژمێر (11)ی پێشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێشه‌ممه 6-7-2021". به‌رنامه‌ی كار به‌پێی حوكمی مادده‌ی (٥)و بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م و دووەم و سێیەم) له‌مادده‌ی (١٦)و بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌مادده‌ی (١٨)و بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌م) له‌مادده‌ی (٢٠)و مادده‌كانی (٤٧، ٤٨، ٥٢، ٥٤، ٥٥، ٥٦، ٥٧) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تيی په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره (١٧)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم لەخولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌كاتژمێر (١١)ی پێشنیوه‌ڕۆى ڕۆژی سێشەممە ڕێكه‌وتی ٢٠٢١/٧/٦ به‌مشێوه‌یه بێت: یەكەم: ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٩، یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لەسنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەهەرێمی كوردستان-عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (٩٠، ٩١، ٩٣، ٩٦، ٩٧) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان. دووەم: خستنەڕووی بیرۆكەی ئەم پەرلەمانتارانەی خوارەوە، بەپێی حوكمی خاڵی (٢)ی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (٤٩) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان: 1- بیرۆكەی پەرلەمانتار (عبدالستار مجید قادر) سەبارەت بە (دۆزینەوەی هەلی كار لەڕێگای بەگەڕخستنەوەی كارگەكان). 2- بیرۆكەی پەرلەمانتار ( عوسمان علی سمایل) سەبارەت بە (لەپێناو پاراستنی ژینگەی شار‌و شارۆچكەكانی كوردستان هەوڵێك بۆ ڕێسایكلینی خاشاك). 3- بیرۆكەی پەرلەمانتار (زێدان رەشید خان اودل) سەبارەت بە (پرسی خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی). 4- بیرۆكەی پەرلەمانتار (شایان كاكە صالح) سەبارەت بە (ڤایرۆسی نەخۆشی كۆڤیدـ ١٩). سێیەم : خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئەم پێشنیاز‌و پڕۆژەیاسایانەی خوارەوە به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (٨٧، ٨٨، ٨٩) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان. 1- پێشنیاز‌و پڕۆژەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستيی تایبەت ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠١١ لەهەرێمی كوردستان-عێراق). 2- پڕۆژەیاسای (بەركاركردنی یاسای ڕەسمی پولی عێراق ژمارە (٧١)ی ساڵی ٢٠١٢ لەهەرێمی كوردستان-عێراق). 3- پڕۆژەیاسای (بەركاركردن و هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو ژمارە (٢٠)ی ساڵی ١٩٩٨ی هەمواركراو).
هاوڵاتى باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، هه‌مو رێوشوێنێكی گونجاو و پێویست ده‌گرینه‌به‌ر بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی كارمه‌ندان و كه‌لوپه‌ل و پێداویستیه‌كانمان". ئەمڕۆ سێشه‌ممه 6ی ته‌مموزی 2021، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له به‌غدا له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی 6ی ته‌مموز سیستمی به‌رگری له‌ناو باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌غدا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئاسمانی دورخسته‌وه. راشیگه‌یاند، "خۆمان له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه عێراقیه‌كانمان كار ده‌كه‌ین بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و روداوه، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ده‌بین له گرتنه‌به‌ری هه‌مو رێوشوێنێكی گونجاو و پێویست بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی كارمه‌ندان و كه‌لوپه‌ل و پێداویستیه‌كانمان". دره‌نگانی شه‌وی رابردو، هێزه‌كانی ئه‌مریكا فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانیان له ڕێگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له به‌غدا خستنه‌خواره‌وه، تا ئێستا حكومه‌تی عێراق هیچ رونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌وباره‌یه‌وه بڵاونه‌كردوه‌ته‌وه.
هاوڵاتى قائیمقامیه‌تی سلێمانی هۆشداری به كارگه‌كانی ئاو، كۆگاكان، ماركێت و دوكانداره‌كان ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، "هه‌ر شوێنێك خواردن و خواردنه‌وه له شوێنی پله‌ی گه‌رمی به‌رز و به‌رتیشكی خۆر دابنێت یاخود عه‌مباری بكات، داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌روی رێكاری یاسایی توند ده‌كاته‌وه". ئەمڕۆ سێشه‌ممه 6ی ته‌مموزی 2021،كه‌یوان خه‌لیل، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری له لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند، "له ماوه‌ی رابردودا لیژنه‌كان له‌ڕێگه‌ی سه‌ردانیان بۆ كارگه‌كانی ئاو، كۆگاكان، ماركێت و دوكانداره‌كان و هه‌روه‌ها له رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانیشه‌وه هه‌مو شوێنه‌كانیان ئاگادار كردوه‌ته‌وه كه عه‌مباركرد، دانان و گواستنه‌وه‌ی خواردن و خواردنه‌وه له‌شوێنی پله‌ی گه‌رمی به‌رز و به‌ر تیشكی خۆر قه‌ده‌غه‌یه و به‌پێچه‌وانه‌وه روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی توند ده‌كرێنه‌وه. وتیشی، "به‌پێی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی پێویسته خواردن و خواردنه‌وه دور له تیشكی خۆر بگوازرێته‌وه، وه‌هه‌روه‌ها شوێنی عه‌مباركردنه‌كه‌ی فێنك بێت و له (25) پله‌ی سه‌دی تێپه‌ڕنه‌كات". رونیكرده‌وه، "پله‌ی به‌رزی گه‌رما له‌گه‌ڵ تیشكی خۆر هۆكارن بۆ كارلێككردن له نێوان ده‌فره‌كه و ئه‌و خواردن و خواردنه‌وه‌ی له‌ناویدایه، ئه‌مه‌ش زیان به ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت و به‌كارهێنه‌ر توشی شێرپه‌نجه ده‌كات". نوێنه‌ره‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری سلێمانی، داوا له خاوه‌ن كارگه و كۆگا و ماركێت و دوكانه‌كان ده‌كات پابه‌ندبن به مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن تا ناچار به‌سزادانی هیچ شوێنێك نه‌بن و ده‌شڵێت، "له‌لایه‌ن ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانییه‌وه لیژنه‌كان راسپێردراون له‌كاتی هه‌بونی سه‌رپێچیدا، شوێنه‌كان دابخرێن و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی توند بكرێنه‌وه".
هاوڵاتى . دهۆك دوای شەش مانگ مانەوەی لەزینداندا رۆژنامەنووس قارەمان شوكری بۆ ماوەی حەوت ساڵ حوكم دەدرێت، مامی دەڵێت:» دەزگا ئەمنییەكان مۆبایل و ئایپاتی هەموو خوشك و براكانی قارەمانیان بردووەو تائێستاش لای ئەوانە، تووشی شۆكێكی گەورە بوون كە وتیان حەوت ساڵ حكوم دراوە». هێشتا زامی سزادانی پێنج رۆژنامەنووسەكەی بادینان ساڕ‌ێژ نەبووەو بەرپرسان بەردەوامن لەسزادان و حوكمدانی رۆژنامەنووسانی بادینان، رۆژی 21ی حوزەیرانی مانگی رابردوو حوكمدانی حەوت ساڵ دەدەن بەتەنگەی قارەمان شوكری رۆژنامەنووسدا. قارەمان شوكری لە (27)ی مانگی یەكی ئەمساڵ لەلایەن هێزێكی ئەمنی پارێزگای دهۆك دەستگیردەكرێت لەنێو ماڵەكەی خۆی لەكۆمەڵگای سیریێ سەر بەناحیەی شێلادزێ. قارەمان شوكری، تەمەن (26) ساڵ ماوەیەك وێنەگر بووە لەتەلەفزیونی كەی ئێن ئێن، بەڵام پێش دەستگیركردنی هیچ كارێكی راگەیاندنی نەدەكرد تەنها ئیشی وێنەگری دەكرد بۆ ئاهەنگی بووك و زاوا، لەژیانی خۆیدا سێ جار دەستگیركراوە، جارێك مانگێك، جارێكی تر (97) رۆژ، ئەمجارەش ئەوە زیاتر لەشەش مانگە دەستگیركراوەو حوكمی حەوت ساڵی بەسەردا سەپێندراوەو خاوەنی پێنج براو سێ خوشكی دیكەیە. باوكی قارەمان، شوكری رۆژنامەوان بوو لە 31/12/ 2016 لەڕووداوێكی تەمومژاویدا گیانی لەدەستدا، تەرمی شوكری لەشوێنێكی قەدەغەكراو دۆزرایەوە لەناوچەی نێروەو رێكان. نیعەمەت زەینەدین، مامی قارەمان شوكری لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژە بەوە دەدات كە دوای چوار مانگ لەدەستگیركردنی، رۆژێك كەسێك تەلەفون بۆ دایكی دەكات دەڵێت لەفڵان رۆژ دەتوانن خۆت و خوشكێكی قارەمان بچنە چاكسازی دهۆك و بیبینن و دوای ئەوە دوو جاری تر بانگ‌كراون بۆ بینینی قارەمان. نیعمەت زەینەدین ئەوەشی خستەڕوو كە سەرەتا دەزگا ئەمنییەكان پێیان راگەیاندوون كە قارەمان بەهۆكارێكی سیاسی دەستگیرنەكراوە بەمزووانە ئازاددەكرێت، بەڵام ماوەیەكی زۆر چاوەڕێ بووین و قارەمان ئازاد نەكرا، «بەڕاستی تووشی شوكێكی گەورە بووین كە وتیان حەوت ساڵ حوكم دراوە». نیعمەت زینەدین وتیشی: « دەزگا ئەمنییەكان مۆبایلی و ئایپاتی هەموو خوشك و براكانی قارەمان-یان لێ وەرگرتووەو تائێستاش لای ئەوانە، پێش دوو رۆژ دایكی قسە لەگەڵ قارەمان دەكات، پرسیاری دۆخەكەی دەكات لەوەڵامدا قارەمان دەڵێت دۆخی من زۆر خراپە، دایكیشی پێی دەڵێت بۆچی كوڕەكەم دۆخەكەت خراپە، قارەمانیش پێی دەڵێت بڕیار دەرچووە حەوت ساڵ زیندان دەكرێم ، ئیتر نازانین ئەم بڕیارە لەچ شوێنێك دەرچووە . هاوكات مامی قارەمان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە بەمەبەستی بەدواداچوون لەسەر كەیسەكەی قارەمان پارێزەریان بۆ گرتووە كەبزانن بەچ هۆكارێك حەوت ساڵ حوكم دراوە، وتیشی:»21ی حوزەیران رۆژی دادگایی كردنی قارەمان بوو، لەدوای دەرچوونی بڕ‌یارەكە، قارەمان دووجار تەلەفونی كردووە، تەنها ئەوەی بەئێمە وتووە:» من تازە رویشتم تا حەوت ساڵی زینداكردن قورسە ئازاد بكرێم و رزگارببم». مامی قارەمان بۆ هاوڵاتى ئەوەشی دووپاتكردەوە كەپارێزەرێكیان گرتووە لەم روژانە بەدواوە دەست بەكارەكانی خۆی دەكات، وتیشی: »حەزمان دەكرد دوای بڕ‌یارەكە قارەمان ببینین، بەڵام بەرپرسانی دهۆك وتیان تامانگێكی تر ناتوانن قارەمان ببینن». پەیامنێری هاوڵاتى پەیوەندی بەپارێزەری قارەمان كرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك بدات بەپاساوی ئەوەی تازە دۆسیەكەیانی وەرگرتووە
هاوڵاتى بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا. بەپێی ڤیدیۆکانیش، سیستمی بەرگریی مووشەکیی باڵیۆزخانەکە کەوتووەتەکار. ئەمەش یەکەمجارە بەمشێوەیە هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانەکە و یەکەمجاریشە سیستمەکە بەوشێوەیە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بەرپەرچی هێرشەکە بداتەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی گرووپە شیعییەکانی نزیک لە ئێران بڵاویانکردووەتەوە، بە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر باڵیۆزخانەکە، بەڵام هێشتا حکومەت پشتڕاستی نەکردووەتەوە. هاوكات وەزارەتی بەرگریی عیراق رایگەیاند، ئەو سەكۆیەیان دۆزیوەتەوە كە سێ مووشەكی لەسەرەوە ئاراستەی بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد كراوە، كە هێزەكانی ئەمریكا تیایدا جێگیركراوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق بڵاویكردەوە، هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوەكانیان لەبارەی كەوتنەخوارەوەی سێ مووشەك لە بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار دەستپێكرد. لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، هێزە ئەمنییەكان ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری جۆری كیا-یان دۆزیوەتەوە كە لە قەزای هیت بەجێهێڵدراوە. ئەوەش روونكراوەتەوە كە دەركەوتووە ئۆتۆمبێلەكە سەكۆی ئەو مووشەكانەی تیادابووە كە مووشەكەكان لەسەرییەوە ئاراستەكراون. بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەكەوێتە رۆژئاوای شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق و یەكێكە لەو بنكانەی كە ژمارەیەك لە سەربازانی ئەمریكا تیایدا جێگیركراون. پێشتر ئەمریکا هۆشداری دابووە گرووپە شیعییەکان لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا، پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد، هۆشدارییەکەی ئەمریکا گەیێندراوەتە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیشە، بەڵام گرووپە شیعییەکان دووپاتیانکردووەتەوە کە لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
هاوڵاتى ئەمڕۆ سێشه‌ممه 6ی ته‌مموزی 2021، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 77 دۆلار و 50 سەنتە. هاوکات لە بۆرسەی بازارە جیهانییەکان، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 76 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. دوێنێش دوای ئەوەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانەکانیان "ئۆپێک پڵەس" کۆبوونەوە و لەبارەی درێژکردنەوەی رێککەوتنی نەوت و نەگەیشتنە هیچ لێکتێگەیشتنێک، بەهای نەوت بەڕێژەی 1% بەرزبووەوە و گەیشتە 76.95 دۆلار. هاوپەیمانی ئۆپێک پلەس، کە سعودیە و رووسیا سەرکردایەتی دەکەن لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە چوارچێوەی چەندین رێککەوتندا بوونەتە هۆکار بۆ رێگریکردن لە داڕمانی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
هاوڵاتى دادوه‌ر فه‌رمانى ڕاگرتنى بۆ حه‌وت که‌س له‌وانه‌ى کۆمێنتیان له‌باره‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستیى ده‌ربه‌ندیخان نوسى بوو ده‌رکردو ئێستا له پۆلیسى ده‌ربه‌ندیخان ده‌ستبه‌سه‌ركراون. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه پێنجى ته‌موزى 2021 له ده‌ربه‌ندیخان، ژماره‌یه‌ک له‌و خه‌ڵک و چالاکوانانه‌ى له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رێتى ته‌ندروستیى ده‌ربه‌ندیخانه‌وه سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمار کرابوو چونه به‌رده‌م دادوه‌ر. ئه‌حمه‌د نوری، چالاکوانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى که خۆى له دادگا بوه، به ڕۆژنیوزى راگه‌یاندووه که ئه‌وانه‌ى سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمارکراوه، ژماره‌یان 24 که‌سه‌و ده‌بێت هه‌ر جاره‌و هه‌شت که‌سیان بڕۆنه به‌رده‌م دادوه‌ر بۆ لێکوڵینه‌وه، "بێگومان ئه‌م 24 که‌سه به‌پێى ماده‌ى 2ى تایبه‌ت به‌خراپ به‌کارهێنانى ئامێره‌کانى په‌یوه‌ندى سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمارکراوه". هه‌روه‌ها وتیشی:" ئه‌مڕۆ هه‌شت که‌س چونه به‌رده‌م دادوه‌ر، یه‌کێکیان ژن بو، ئازاد کراو، حه‌وت که‌سه‌که‌ى دیکه، پیاون و دادوه‌ر بۆ ماوه‌ى 24 سه‌عات بڕیارى ڕاگرتنى بۆ ده‌رکردون و له ئێستادا له پۆلیسى ده‌ربه‌ندیخان، ده‌ستبه‌سه‌رن". له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ته‌ندروستیى ده‌ربه‌ندیخان، له‌سه‌ر نوسینى کۆمێنت و پۆست له فه‌یسبوک، سکاڵاى له‌سه‌ر 24 که‌س تۆمارکرد به پاساوى ئه‌وه‌ى "سوکایه‌تی"یان پێکردوه.
نامۆ سه‌ربه‌ست كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان لەسەر حكومەتی هەرێم توندتر دەبێتەوە دوای پەسەندكردنی شەش ساڵ زیندانی بۆ رۆژنامەنوسانی بادینان و داوا دەكرێت پەلە بكرێت لەچاكسازیكردن لەسیستمی دادوەریدا. رۆژی 20ی حوزەیرانی 2021، دادگای پێداچوونەوە بڕیارەكەی دادگای پەسەند كرد تایبەت بەسزادراوانی بادینان، بۆ هەریەك لە (شێروان شێروانی، ئەیاد كەرەم، گوهدار محەمەد ئەمین، شڤان سەعید، هاریوان عیسا). بڕ‌یارەكە لەنووسراوەكەی دادگادا كە پێشتر یەكێك لەتۆمەتەكان سیخوڕیكردنی بۆ باڵیۆزخانەكانی ئەمریكاو ئەڵمانیای لەخۆ گرتبوو، لابرابوو تادووبارە حكومەتی هەرێم نەخاتەوە ژێر فشار‌و ناڕەزایی ئەو دوو وڵاتە. دەركردنی ئەو بڕیارە وێڕای ناڕەزایەتیی شەقام و رێكخراوە مەدەنییە ناوخۆییەكان، كاردانەوەی توندی دەرەكیشی بەدوای خۆیدا هێناو حكومەت و سیستمی دادوەریی هەرێمی كوردستانی رووبەڕووی رەخنەی توندی نێودەوڵەتی كردەوە بەجۆرێك نووسینگەی هەولێری نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكانی عێراق رایگەیاند كە» پێویستە ریفۆرمێكی بەپەلە لەسیستمی دادوەری و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا بكرێت». دوای دەركردنی بڕ‌یارەكە مارتن هوس، باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق، لەتویتێكدا نووسی:» ئازادی رادەربڕین و ئازادی میدیا لەگەڵ سیستمی دادوەریی سەربەخۆ، پێكهاتە سەرەكییەكانی دیموكراسین». دواتریش تویتێكی تری كرد‌و وتی:» تۆقیوین لەبڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر كە سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پێنج رۆژنامەنوس و چالاكواندا پەسەندكرد كە لەمانگی ئایاردا سەرەڕای كەموكورتیی رێوشوێنەكان و دەنگۆی خراپ مامەڵەكردن كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دیاریكرابوون، حكومدرابوون». هەر هەمان رۆژ نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق بەیاننامەكی دەركردو تیایدا ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە «لەدانیشتنەكاندا رێز لەبنەما ستاندەرەكانی دادگاییەكی دادپەروەرانە نەگیراوە، نیگەرانییەكان لەسەر دەنگۆی ئەشكەنجەدان و دەستڕانەگەیشتنی تیمی بەرگری بەدۆسیەكان و فشاری سیاسییە لەسەر كەیسەكە». هەروەها وتیشی:»یەكێتی ئەوروپاو نوێنەرایەتی وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق هانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەدەن كەپێشنیارەكانی راپۆرتە هاوبەشەكەی 12ی ئایاری یونامی و كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان جێبەجێبكەن، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیدارن بەگێچەڵپێكردن و ترساندن و تۆڵەلێكردنەوە دژی رۆژنامەنوسان و بەرگریكارانی مافی مرۆڤ و چالاكوانان تایاسای سزادان وەك كەرەستەیەك بەكارنەهێندرێت بۆ سنورداركردنی ئازادیی رادەربڕین». داوای چاكسازی بەپەلە لەسیستمی دادوەریدا دەكرێت بەهۆی پەسەندكردنی شەش ساڵ زیندانی بۆ رۆژنامەنوسانی بادینان هاوكات نوسیگەی هەولێری نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق (یونامی) و بەرپرسی نووسینگەی هەولێری باڵیۆزخانەی كەنەدا لەعێراق، نیگەرانی خۆیان لەبڕیارەكە دەربڕی. نووسینگەی یونامی لەهەولێر لەتویتێكدا داوای ریفۆرمی بەپەلەی كرد لەسیستمی دادوەریی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا‌و نووسیویەتی:»بەداخەوە بڕیارەكەی دوێنێی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە سیستمی دادوەری و دامەزراوەیی هەرێمی كوردستانی عێراق پێویستی بەڕیفۆرمی بەپەلە هەیە، تا لەداهاتوودا رێگە لە ئەم جۆرە لەبارچوونەی دادوەریی بگیرێت.» هەروەها ئاشلی دورێك بەرپرسی نووسینگەی هەولێری باڵیۆزخانەی كەنەدا نووسیویەتی:»نائومێدین بە بڕیارەكەی دوێنێی دادگای پێداچوونەوە بەپەسەندكردنی سزادانی شێروان شێروانی و شڤان سەعید و ئەیاز كەرەم و هاریوان عیسا‌و گوهدار زێباری». هاوكات جەختی لەوەش كردبووەوە» كاری رۆژنامەنوسانەی بێ بەربەست كلیلی كۆمەڵگایەكی كراوەو زانیارە.» ماڵپەڕی عەرەب نیوز هەواڵی پەسەندكردنی سزای سەر رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینانی بڵاوكردەوەو لەكۆتایی هەواڵەكەدا نووسیویەتی:»كوردستانی عێراق خۆی وەك پەناگەیەك بۆ عێراقییە هەڵاتووەكان و وەبەرهێنە بیانییەكان دەناسێنێت، بەڵام بەردەوام رووبەڕووی رەخنەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەبێتەوە سەبارەت بەئازادی رادەربڕین». كاردانەوە ناوخۆییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆییش كاردانەوەكان بەردەوامن و بەدەر لەگردبوونەوەو خۆپیشاندانەكان، رێكخراوە مەدەنییەكان و چالاكوان و رۆژنامەنوسان و كەسایەتی و لایەنە سیاسییەكان سەركۆنەی بڕیارەكەیان كرد‌و بەنایاسایی و نادادپەروەرانەو دەستوەردانی حزبی و بەتایبەتیش خودی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیان ئەژماركرد. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەڕێگەی لێپرسراوی ناوەندی كاروباری یاسایی حزبەكەیەوە راستەوخۆ مەسرور بارزانی بەدەستتێوەردان لەبڕیارەكەی دادگا دەخاتەڕوو و دەڵێت:» پێشتر بڕ‌یارەكە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە درابوو». تەلار لەتیف، لێپرسراوی ناوەندی كاروباری یاسایی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەكۆنگریەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:»لەدۆسیەی دەستگیركراوانی بادیناندا پێشتر بڕ‌یارەكە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە درابوو، چۆن دەبێت سەرۆكی حكومەت بەشداری لەبڕ‌یاری دادگادا بكات یان بڕ‌یاری پێشوەختەی هەبێت لەسەر تاوانباركردنی كەسێك؟». راشیگەیاند:»بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت، لەقۆناغی تۆمەتباركردنیش چووبووە دەرەوە، چونكە ئەوانی تاوانباركرد، لەكاتێكدا ئەمە كاروباری دادگاكانەو ئەمەش دۆخی دادگا‌و دادوەری خستووەتە ژێر پرسیارەوە». ناوبراو راشیگەیاند كە دەسەڵاتی دادوەریی بەرەو ناهاوسەنگی دەڕوات و سەروەریی یاسا پێشێل دەكرێت و دەبێت دەسەڵاتی دادوەری تەواو سەربەخۆ بێت. تەلار بڕیارەكەی بەنایاسایی دانا‌و پێیوابوو كە هەر لەقۆناغی لێكۆڵێنەوەو دادگایی و بڕ‌یارو دواتریش بڕ‌یاری دادگای پێداچوونەوە سەرلەبەری نایاسایی بوون. لەلای خۆشیەوە چۆمان محەمەد، رێكخەری ژوری یاسایی و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەنووسینێكدا باسی لەوە كرد كەئیرادەیەكی سیاسی زاڵ هەبوو بۆ سزادانی ئەو چالاكوانانە و ئەوەش پەیامێكە بۆ تاك بەتاك و كەسە سیاسییەكان، چۆمان نووسیویەتی:»دەركەوت لەناوەڕۆكی بڕیارەكەوە هیچ گرنگییەك بەفشارو ناڕەزاییەكانی ناوخۆ نادەن، رای هاووڵاتیان و دامەزراوە فەرمییەكان قورساییان نیە، پەسەندكردنی ئەم بڕیارە پێشبینیكراو بوو، چونكە خواست و ئیرادەی سیاسی زاڵ هەبوو بۆ سزادانی ئەم چالاكوانانە، رای پێشوەختەی سەرۆكی حكومەت لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دیارترین بەڵگەیە». لەدوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە، چاوەكان و فشارە مەدەنییەكان لەسەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمن تابڕیاری لێبوردنی تایبەت بۆ ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانانە دەربكات، بەتایبەتی كە پێشتر لەچەندین دەزگای راگەیاندندا بڵاوكرایەوە كە سەرۆكی هەرێم نیگەرانیی لەسزادانی ئەو چالاكوانانە دەربڕیوە. لەوبارەیەوە عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان نامەیەكی ئاراستە كردووەو نووسیویەتی:» وەك شاهیدێك لەتەواوی دادگاییكردنەكە ئامادەبووم، گوێبیستی وردەكاریی تۆمەتەكان و وتەی تۆمەتبارو نوێنەری داواكاری گشتی و نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش و دادوەر بووم، بەدڵنیایی هیچ بەڵگەیەك نەبوو بیسەلمێنێت ئەمانە بەشێكن لەگروپێكی سیخوڕی یان گروپی چەكداریان هەبێت». لەدرێژەی نامەكەیدا عەلی حەمەساڵح دەڵێت:»بیستبووم لەچەندین كۆبوونەوە نیگەرانیت پیشاندابوو بەم حكومدانە، ئێستا كاتی بڕ‌یارو هەڵوێستی ئێوەیە، بەپێی یاسا دەركردنی لێبوردنی تایبەت لەدەسەڵاتی ئێوەیە. هەموو ئەو مەرجانەی دەبێ بۆ لێبوردنی تایبەت دەربكرێت لەم دۆسیەیەدا هەیە. پێشتر لێبوردنی تایبەت بۆ چەندین تاوانبار دەركراوە. ئەگەر ئەم دەسەڵاتە یاساییە بۆ راستكردنەوەی ئەم هەڵەیە بەكارنەیەت و ئەم زوڵمە لەسەر ئەم قوربانیانە لانەدات، ئیدی بۆچی باشە؟ چاوەڕێی بڕ‌یاری ئێوەین». لەچاوەڕوانیی سەرۆكی هەرێمدا كەسوكارو پارێزەرانی دۆسیەی رۆژنامەنوس و چالاكوانانی بادینان دوای بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە بەپەسەندكردنی شەش ساڵ زیندانیكردن، داوا لە نێچیرڤان بارزانی دەكەن كە لێبوردنیان بۆ دەربكات. روگەش جەباری، خێزانی شێروان شێروانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێمە تەواو شۆك بووین بە بڕیارەكەو تەنیا ماوە سەرۆكی هەرێم خۆی وەك مرۆڤێك و كوردێك مامەڵە لەگەڵ تاكەكانی كۆمەڵگەكەی بكات، كەكوردین دوور لەسیاسەت لێیان خۆش ببێت، ئێمە سوپاسی دەكەین». هاوكات ئەیهان سەعید، نوێنەری كەسوكاری زیندانیان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئێمە ئەم بڕیارەش رەتدەكەینەوە چونكە سومعەی هەرێم ناشرینتر دەكات، ئەمە تەحەداكردنی رای گشتی خەڵك و رای دەرەوەیە، بۆیە هەرێم بەگشتی باجەكەی دەدات». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە لەچاوەڕوانی بڕ‌یاری لێخۆشبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندان» تەنها نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەتوانێت كەدەنگی ناڕەزایی لەسەر ئەو پرسە نەهێڵێت».
هاوڵاتى ئه‌میندارى گشتى یه‌کگرتوى ئیسلامى کوردستان رایگه‌یاند:"ده‌سه‌ڵاتداران دوچارى گه‌نده‌ڵى بون و گه‌ل و میلله‌ت و نه‌وه‌کانى ئێستا‌و داهاتویان بیرچوه‌ته‌وه، به‌ڵام سته‌مکارى به‌رده‌وام نابێت ....ده‌بێت ئێمه به‌پلانى ورد ڕوبه‌ڕوى سته‌مکارى بوه‌ستینه‌وه". ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه پێنجى ته‌موزى 2021، له‌میانه‌ى مه‌ڕاسیمى کردنه‌وه‌ى لقى نوێى عه‌ربه‌تى یه‌کگرتوو، سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌میندارى گشتى یه‌کگرتو ڕایگه‌یاند:" له‌پاش 30 ساڵ حکومڕانی، مافه سه‌ره‌تاییه‌کانى ژیانى هاوڵاتیان که خۆى ده‌بینێته‌وه له دابینکردنى ئاو و کاره‌باو خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌تاییه‌کان دابیننه‌کراون، له‌گه‌ڵ به‌ڵێنى کابینه یه‌ک له دواى یه‌که‌کانى حکومه‌تیش قه‌یرانه‌کان بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:"یه‌کگرتو هێزێکى میللى خزمه‌تگوزار و ئاشتیخوازه، 28 ساڵه دروشمه بنه‌ڕه‌تیه‌کانى نه‌گۆڕیوه و کار بۆ پاراستنیان ده‌کات که‌خۆى له برایه‌تى و ئازادى و دادپه‌روه‌ریدا ده‌بینێته‌وه". هاوکات باسى له‌وه‌شکرد که هه‌روه‌ک پێویسته یه‌کگرتو هه‌وێنى ئاشتى و ڕاستکردنه‌وه‌ى چه‌وتییه‌کان بێت له‌سه‌رجه‌م سێکته‌ره جیاوازه‌کانى حوکمڕانى و سیاسى و ئابوری بێت. سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که "ده‌سه‌ڵاتداران دوچارى گه‌نده‌ڵى بون و گه‌ل و میلله‌ت و نه‌وه‌کانى ئێستا‌و داهاتویان بیرچوه‌ته‌وه، به‌ڵام سته‌مکارى به‌رده‌وام نابێت و ئه‌وانه‌ى خۆیان به‌سته‌مکارى زه‌مانه ده‌زانن ڕۆژێک له‌مێژودا هیچ ئاسه‌وارێکیان نامێنێت، میلله‌تى ئێمه شایسته‌ى ژیانێکى باشتره‌و گه‌نجه‌کان سته‌مى زۆریان لێده‌کرێت، به‌ڵام ده‌بێت ئێمه به‌پلانى ورد ڕوبه‌ڕوى سته‌مکارى بوه‌ستینه‌وه".
هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، رایگه‌یاند، ژماره‌ى توشبوانى نوێى کۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو هه‌ڵکشاوه‌و هه‌زارو 71 که‌س وه‌ک تووشبووى نوێى کۆرۆنا تۆمارکراون. به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌که له‌ماوه‌ى 24 سه‌عاتى رابردودا 10 هه‌زارو 475 پشکنینى نوێ ئه‌نجامدراون و هه‌زارو 71 توشبوى نوێى کۆرۆنا تۆمارکراون و 625 توشبوش چاکبونه‌ته‌وه و شه‌ش که‌سی دیکه گیانیان له‌ده‌ستداوه. ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم: