رۆژنامەی"ئیسرائیل هیۆم" لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاویكردووەتەوە، پێدەچێت دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا هەرەسبهێنێت، راشیگەیاندووە، واشنتۆن دەستبەرداری داواکارییە سەرەتاییەکانی نەبووەو، ئیدارەی ترەمپ پابەندە بە راگرتنی پێشخستنی موشەکی بالیستی ئێران و، راگرتنی چالاکی گروپە هاوپەیمانەكانی تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. رۆژنامە ئیسرائیلیەكە، لەزاری بەرپرسەكەی ئەمریكاوە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، ترەمپ بە شێوازی خۆی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەبات و دەزانێت چی دەکات، ئاگاداری ئەو هەڕەشە ترسناكەیە كە ئێران دروستیكردووە. هاوكات بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانیش، رایگەیاندووە، دانوستانەکانی ئەمریکاو ئێران هەرەسدەهێنن، کاتێک واشنتۆن داواکارییەکانی خۆی دەخاتەڕوو. رۆژی 19ـی نیسانی 2025، گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو. دوای کۆتاییهانتی گفتوگۆکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دانوستاندنەکانیان "لە کەشێکی بونیادنەردا" بەڕێوەچوون؛ ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی چوارشەممە شاندە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە عومان کۆدەبنەوە و دواتر شاندە دیپلۆماسییەکان رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەمان وڵات دانوستاندن دەکەن. گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.
دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین رایگەیاند، ئاگربەستی جەژنی هەستانەوەدا لە نیوەی شەودا کۆتایی دێت و ئاماژەی بەوەدا کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا فەرمانی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی دەرنەکردووە. كۆشكی كرملین ڕایگهیاند ڤلادیمێر پوتین سهرۆكی روسیا، بهبۆنهی جهژنی ههستانهوهوه له كاتژمێر شهشی ئێوارهی شهممهوه، ئاگربهستی لهگهڵ ئۆكراینا راگهیاند و شهڕ بۆ دوو رۆژ ڕادهگیرێت. پێسکۆڤ کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئاگربەستەکە لە نیوەی شەودا کۆتایی دێت یان دەتوانرێت درێژبکرێتەوە، بە ئاژانسى تاس-ی وتووە "هیچ فەرمانێکی دیکە نەدراوە". ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕووسیا بە شکاندنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ڕووسیا وا خۆی دەردەخات پابەندی ئاگربەستەکە بووە، بەڵام لە ڕاستیدا دوێنێ شەو سەدان هێڕشیان کردووتە سەر وڵاتەکەمان. سەرۆکی ئۆکرانیا روونیشی کردەوە، لە نیوەشەوەوە تاوەکوو کاتژمێر چواری بەرەبەیان، ڕووسیا بە چەکی قورسەوە 46 هێڕشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا. جهنگی نێوان روسیا و ئۆكراینا ماوهی سێ ساڵ و دوو مانگه بهردهوامه و ژمارهی كوژراو و بریندارانی ههردوو بهرهی جهنگهكه به سهدان ههزار كهس دهخهمڵێندرێت.
لە درێژەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى ئاسایشی رۆژاڤا توانیویانە لە کەمپی هۆل، چوار چەکداری داع.شیان دەستگیربکەن. ئاسایشی رۆژاڤا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بۆ رۆژی سێیەم بەردەوامن لە پشکنینی کەمپی هۆل و درەنگی شەوی رابردوو چوار چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە، لە شوێنی دەستگیرکردنەکەیاندا دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە. هاوکات جیهان حەنان لە ئیدارەی بەڕێوەبردنی کەمپی هۆل بە ئاژانسی هاوار نیوزی گوتووە، بەمدواییانە هەوڵی هەڵاتنی ئەندامانی خێزانەکانی داعش لە کەمپەکە زۆر زیادیان کردووە، بەتایبەت قاچاقچێتیی خێزانە عێراقییە داعشەکان زۆرتر بووە، بەڵام ئەوانەی هەوڵی هەڵاتنیان داوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کەمپەکەوە دەستگیر کراونەوە. دەشڵێت، پێشتر هەندێک خێزان توانیویانە هەڵبێن، لەنێویاندا منداڵانی تەمەن 16 ساڵی تێدا بووە و گەیشتوونەتە ناوچەکانی دیکەی سوریا. ئەو بەرپرسەی کەمپی هۆل ئاماژەی بەوەشداوە، لەلایەن خێزان و منداڵەکانی چەکدارانی داعشەوە هێرشدەکرێتە سەر کارمەندانی رێکخراوەکان و تیمەکانیان، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کەمپەکەیان لەئەستۆیە.
سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون نییە، ئامادەشین هاوکاریی تەندروستیی کەرکووک بکەین. د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێژەی مردنی تای خوێنبەربوون زۆرە لەنێوان سەدا 50 تا 60ـە، چونکە تووشبووەکە تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی دەبێتەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەستەمە. وتیشی: هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا چەند حاڵەتێکی هەبوو، توانیمان سەرکەوتووانە چارەیان بکەین، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی گومان لێکراویشمان نییە. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو لە دووساڵی ڕابردوودا بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپات لەسەر کۆمەڵێک ڕێکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەری کرایەوە، بەتایبەت ڕشاندن کە لە وەرزەی گەرما دەست پێ دەکات؛ واتە لە کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاردا ڕشاندن بۆ کێڵگەکانی ئاژەڵ دەکرێت. هەروەها سەربڕخانەکان کۆنترۆڵ دەکرێن. سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانمانن ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن، بەڵام ئەوەی لە عێراق هەیە ژمارەیەکی زۆر حاڵەتی گومان لێکراو هەیە، کە بەداخەوە گیانسپاردنیش هەبووە، بۆیە لێرەوە بە فەرمانگەی تەندروستی کەرکووکیش دەڵێین ئێمە ئامادەین هاوکارییان بکەین، چ بە پشکنین یان پێشوازیی لە نەخۆشەکان، یان چارەکردنیان.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ و دانوستاندنیان هەیە و"لە نێوان ئێمە و تورکیادا هەندێک هەنگاو هاوێژراوە بۆ چارەسەری کێشەکان". ئیلهام ئەحمەد، لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانبدا، باسی لە رێککەوتنی پەیەدە و ئەنەکەسە کرد و رایگەیاند، لەماوەیەکی نزیکدا رادەگەیێنرێت. هەروەها باسى لە رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق دەکات، بەتایبەتی دوایین رێککەوتنیان لەسەر بەنداوی تشرین. هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش دەکات و دەڵێت، "لە رێککەوتنی لایەنە کوردییەکاندا هەم رۆڵی هەرێم، هەم ئەو پشتگیرییەی کردی بە ئەرێنی و باش دەیبینین، جێگای سوپاسە". سەبارەت بەدەستورى کاتى سوریا، دەڵێت: دەبێت لە دەستووردا پەروەردە بە زمانی دایک بۆ هەموو نەتەوەکانی سووریا بنەمابێت. نابێت زمانێک بنەمابێت و ئەوی دیکە بنەما نەبێت. زمانێک فەرمی بێت و زمانێکی دیکە فەرمی نەبێت. هەروەها ئیلهام ئەحمەد ئەوەشى وت: ئەو زمانانەی لەناو سووریادا هەن، ئەو کولتوورانەی لە ناو سووریادا هەن هەموویان فەرمین. لەو شوێنەی کە لێین، لەو شوێنەی کە تێیدا دەژین فەرمین. دەبێت لە دەستووری سووریادا خاڵێکی وا هەبێت، کە کورد بتوانن بە زمانی خۆیان پەروەردە ببینن، بە زمانی خۆیان بژین. کولتووری خۆیان زیندوو بکەنەوە و بەهێز بکەن. پێویستە پشتگیری بکرێت. دەبێت دەستوور ئەم مافە بدات. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە لە دەرەوەش لە سیاسەتدا رۆڵ گێڕان، مافەکانی سیاسی، نەتەوەکانی سووریا هەموو بە ئازادی و سەربەستی بتوانن بەشداری سیاسەت بن و ئەم وڵاتە بەڕێوەببەن. نوێنەرەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی سووریادا هەبن. دەبێت کورد نوێنەرایەتی خۆی لە بەڕێوەبەرایەتیی سووریادا دیاری بکات. وتیشى: رێککەوتنەکە ئەوەیە کە ئەم بەنداوە لە شەڕ و ناکۆکییەکان دوور بخرێتەوە. لەبەرئەوەی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییە. خەڵک سوودی لێوەردەگرێت و ژیانیان باش دەکات. ئەوە لە شەڕ دوور بخرێتەوە و بپارێزرێت و ئاگربەست پێک بهێنرێت. لەسەر بەڕێوەبردنی گفتوگۆ دەکرێت. ئەم بەنداوە چۆن بەڕێوەدەبرێت؟ چۆن باشتر دەکەوێتە خزمەتەوە؟ لەسەر ئەمەش گفتوگۆ هەیە. ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بە گفتوگۆکان لە دیداری سلێمانیدا ڕایگەیاند، بە گرنگییەوە باس لە بارودۆخانە کراوە، کە ئێستا لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن. هەروەها جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوە، کە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی ٢٠١١ مومکین نیە، دەشڵێت، وتیشى: بەرهەم ساڵح بە فەرمی بانگهێشتی دیداری سلێمانی كردم. ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەشکرد، دامەزراندنی سیستەمی لامەرکەزی بووەتە پێویستییەک، کە ئەم سیستەمە دەرفەت بە خەڵکی ناوچەکە دەدات، کە خۆیان بەڕێوەببەن نۆیەمین دیداری سلێمانی لە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ـی نیسان لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە یەکیک بوو لە بەشداربووانی دیدارەکە
فەرمانگەى ژمێریارى لە وەزارەتى دارایی عێراق، ڕایدەگەیەێت دەستیانکردوە بە رێوشوێنەکانى تەمویلکردنى موچەى فەرمانبەران بۆ مانگى چوار. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە داوا لە فەرمانگە و وەزارەت و پارێزگار و دەستەکان کراوە کەنوێنەرەکانیان رەوانەى وەزارەت بکەن بۆ تەواوکردنى رێوشوێنەکانى پارەى تایبەت بە موچە، بەمەبەستى دابەشکردنى بەسەر فەرمانبەراندا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى دارایی کە دەست سبەى کەوتووە. لەلایەکى دیکەوە وەزارەتى دارایی هەرێم، لیستى موچەى مانگى چوارى ئامادەکردوەو ئێوارەى ئەمڕۆ یان سبەینێ لیستەکە رەوانەى بەغداد دەکرێت. بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگاداریش بڕیارە لەگەڵ ناردنى لیستى موچە شاندێکى تەکنیکى وەزارەتى داراییش رەوانەى بەغداد بکرێت، بۆ وەڵامدانەوەى تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی لەکاتى وردبینیکردنى لیستەکەدا تا پێش کۆتایی ئەم مانگە پارەى موچە رەوانە بکرێت و بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت.
پەرلەمانتار مستەفا جەبار سەند، دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی عێراق نوسراوێكی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كردووە، تیايدا پرسیاری ئەوەی كردووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری سوریا، داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە يان نا، ئەنجومەنی باڵای داوەری عێراق لەوەڵامدا وتویەتی، بەڵێ ناوبراو داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە. ئەو پەرلەمانتارە لە گرتەیەكی ڤیدیۆدا جەختیشكردووە، بەمزوانە ئەو نوسراوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بەشێوەیەكی فەرمی دەبینن. لەدوای دیدارەكەی محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە گەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری سوریا لەچەند رۆژی رابردوودا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەشێك لەلایەن شیعەكانی هاوپەیمانی ئێران، هەڵمەتێكى راگەیاندنی توندیان دژی سودانی دەستپێكردووەو، بە ئاشكرا دژی هاتنی سەرۆكی سوریان بۆ بەغداد بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی، كە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت. لە تازەترین كاردانەوەی هێزە سیاسیە شیعەكانی عێراقیشدا، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری میلیشیای عەسائیبی ئەهلی هەق، رایگەیاند، سەرۆكی سوریا داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە، بۆیە هاتنی بۆ بەغداد رەنگە لێكەوتەی خراپی هەبێت و لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیربكرێت.
سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل، بە توڕەییەوە دەرکەوتەوە و دەڵێت، نابێت ئێران دەستی بگات بە چەکی ئەتۆم، هاوکات ئاماژه بهوه دهكات، ههرگیز ملكهچی داواكاری و مهرجهكانی حهماس نابن بۆ ئاگربهست؛ دهشڵێت، ڕووخساری ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستیان گۆڕیوه. بنیامین ناتانیاهۆ، سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل ئێوارەی شەممە لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: پابهندن ڕێگریی له ئێران بكهن چهكی ئهتۆمی بهدهست بهێنێت. ناتانیاهۆ: وتیشى: بەهیچ جۆرێگە بەوەنادەین ئێران چەکى ئەتۆمى هەبێت، لەم بڕیارەشم بەهیچ شێوەیەک پەشیمان نابمەوە وازناهێنم هێمای بۆ ئهوهش كردووه، ئهگهر ئۆپهراسیۆنهكانی ئیسرائیل نهبووایه، ئێران ده ساڵ لهمهوبهر دهبووه خاوهنی چهكی ئهتۆمی، بنیامین ناتانیاهۆ ئاماژهی بهوهش كردووه، له حهوت بهرهوه له شهڕدان و ئهو شهڕه باجێكی زۆری دهوێت. سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل گوتووشیهتی، له بهرانبهر بزووتنهوهی حهماسی فهڵهستینیدا له قۆناغی یهكلاكهرهوهدان و به هیچ مهرجێكی ڕازی نابن و ملكهچی هیچ داواكارییهكی نابن بۆ ئاگربهست. دهشڵێت، بهبێ لهناوبردنی حهماس و ئازادكردنی بارمتهكان كۆتایی به شهڕ ناهێنن، بهتایبهت دوای ئهوهی حهماس پێشنیازیی ئاگربهستی ڕهت كردهوه. ناتانیاهۆ جهختیشی كردووهتهوه، به كوژرانی حهسهن نهسروڵڵا، ئهمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان و یهحیا سینوار، سهرۆكی بزووتنهوهی حهماس توانیان ڕووخساری ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بگۆڕن. سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل باسی لهوهش كردووه، لهو ماوهیهدا ناوچهی ئارامیان له سووریا و لوبنان دامهزراندووه.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی دەڵێت، ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆی رۆژی شەممە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، "بەرەوپێشچوونی زۆر باش"یان بەدەستهێناوە. بەرپرسەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "ئەمڕۆ لە رۆما، لە ماوەی زیاتر لە چوار کاتژمێری گەڕی دووەمی گفتوگۆکانمان، بەرەوپێشچوونی زۆر باشمان لە دانوستاندنە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکاندا بەدەستهێنا." شاندی ئێرانی بە سەرکردایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە و شاندی ئەمریکی بە سەرکردایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە باڵیۆزخانەی عومان کۆبوونەوە. دوای کۆتاییهانتی گفتوگۆکە، عێراقچی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دانوستاندنەکانیان "لە کەشێکی بونیادنەردا" بەڕێوەچوون. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی چوارشەممە شاندە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە عومان کۆدەبنەوە و دواتر شاندە دیپلۆماسییەکان رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەمان وڵات دانوستاندن دەکەنەوە. عێراقچی گوتی: "لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکەی پێشوودا، ئەم جارەش کۆبوونەوەیەکی باش بوو و دەتوانم بڵێم کە دانوستاندنەکە بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت. ئەم جارە توانیمان بگەینە ئەنجامێکی باشتر لەبارەی هەندێک بنەما و ئامانج. دواجار بڕیاردرا کە دانوستاندنەکان بەردەوام بن و بچنە قۆناخی داهاتوو." دانوستاندنەکان لە کاتێکدان، هێشتا لەنێو ئیدارەی ترەمپ، هەروەها لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیلیش، مشتومڕ هەیە لەسەر ئەوەی ئایا دەبێت بە دیپلۆماسی یان هێرشی سەربازی رێگری لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە بکرێت؟. تاوەکو ئێستا، ترەمپ دژی بۆچوونی ئەوانە وەستاوەتەوە کە داوای جەنگ دەکەن، لەنێویاندا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵکو پێداگرە لەسەر ئەوەی بە رێککەوتن بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کۆتوبەند بکات. وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە؛ تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە. رۆژی هەینی، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دەمەوێت ئێران وڵاتێکی مەزن و خۆشگوزەران و ناوازە بێت، بەڵام نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەگەر چەکی ئەتۆمیشیان هەبێت، ئێوە هەمووتان زۆر خەمگین دەبن، چونکە ژیانتان لە مەترسیی گەورەدا دەبێت."
ئیسرائیلییەکان نیگەرانن و بەکەمتر لە لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران رازی نابن، هەروەها لە دیدگای ئیسرائیلەوە ئێستا باشترین کاتە بۆ لێدان لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەوەش لەگەڵ گەڕى دووەمى دانوستانەکانى تاران و واشنتن لەسەر بەرنامەى ئەتۆمى ئەو وڵاتە کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت. بەپێی هەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان، جیروسلام نیگەرانە لە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، ترسیان هەیە ئەمەریکا بە رێککەوتن رازی ببێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن ئەمەریکییەکان بە هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران رازی بکەن. پێگەی جیروسلام پۆستى ئیسرائیلى نوسیویەتی، ئیسرائیل هەرگیز دەستبەرداری بیرۆکەی هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران نەبووە، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە کە لەم قۆناغەدا ئەمەریکا پشتیوانی هەنگاوێکی هاوشێوە ناکات، ئەوەش بە وتەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی و دوو کەسی دیکەی ئاگادار لەو بابەتە. هەر لەسەر ئەو پرسە، نەتەنیاهۆ جەختی کردووەتەوە کە رێگری دەکەن لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی بۆ تاران، هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێداگیری دەکات لەوەی هەر دانوستانێک لەگەڵ تاران دەبێت ببێتە هۆی لەناوبردنی تەواوەتی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران. لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیسرائیلدا، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل گەیشتوونەتە فەڕەنسا بەمەبەستی کاریگەریی دروستکردن لەسەر بڕیارەکانی ئەمەریکا پێش دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکان کە بڕیارە سبەینێ ئەنجامبدرێت، ئەوەش بەپێی هەواڵێکی پێگەی ئەکسیۆس. ئەکسیۆس نوسیویەتی، " بەمەبەستی دروستکردنی لۆبی و رازیکردنی ئەمەریکا، هەر یەکە لە رۆن دێرمە، وەزیری کاروباری ستراتیژی و دەیڤد بارنیا بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی مۆساد-یش گەیشتوونەتە پاریس بۆ ئەوەی کاریگەرییان هەبێت لەسەر هەڵوێستی ئەمەریکا پێش گەڕی دووەمی دانوستانەکان". ئەمڕۆ نوێنەرانى ئەمەریکا و ئێران لە رۆماى پایتەختى ئیتاڵیا رووبەڕوو کۆدەبنەوە، لەخولى دووەمى دانوستانەکانى نێوانیاندا لەسەر بەرنامەى ئەتۆمى ئەو وڵاتە. ستیڤ ویتکۆف نێردەى ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سەرۆکایەتى شاندى ئەمەریکا دەکات و وەفدى ئێرانیش لەلایەن عەباس عەراقچی وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتەوە سەرۆکایەتى دەکرێت. بەدر بوسەعیدى وەزیرى دەرەوەى عەممانیش وەک نێوەندگیر بەشدارى لە دانوستانەکاندا دەکات، لەگەڵ ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم. لەخولى دووەمى دانوستانەکاندا، هەردوو وڵات تاوتوێى دانانى خشتەیەکى کاتى دەکەن بۆ ماوەى دانوستانەکان و گەیشتن بە ئامانج، لەگەڵ تاوتوێکردنى چوارچێوەى گشتى رێککەوتنى نوێ، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمەریکى.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گەنجینەی سلێمانی ڕاگەیاند، رۆژی سێشەمە لیژنەی تەکنیکی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی چوار رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات. ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، کارەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار ٩٥%ـی تەواو بووە و سبەینێ گەنجینەکان کۆتایی بە کارەکانی ئامادەکردنی لیستەکە دەهێنن و رەوانەی وەزارەتی دارایی دەکەن. سەرچاوەکە دەشڵێت، رۆژی دووشەمە وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ یەکخستنی لیستەکە پێداچوونەوەی پێدادەکات و رۆژی سێشەمە لیژنەی تەکنیکی وەزارەتی دارایی لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ بەغدا و رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکەن.
ماجد بن محەمەد ئەنساریی راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكانی قەتەر "قنا": خاوەن شكۆ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر (خوابیپارێزێ)، لە دەوحە سەرپەرەشتی دیداری نێوان فەخامەتی سەرۆك (ئەحمەد شەرع)ی سەرۆك كۆماری عەرەبی سوریاو دەوڵەتمەدار (محەمەد شیاع سودانی) سەرۆك وەزیرانی عێراقی كرد. ئەمە لەڕوانگەی پەرۆشتی دەوڵەتی قەتەرە بۆ چەسپانی برایەتی و بەهێزكردنی كاری هاوبەشی عەرەبی، بەوپێیەی كۆڵەكەیەكی سەرەكیی ئاسایش و سەقامگیریی و رابون و بەدیهێنانی خواستی گەلانی ناوچەیە. دیدارەكەی ئەحمەد شەرع و محەمەد شیاع سودانی لە كەشوهەوایەكی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو؛ كە رەنگدانەوەی لێكتێگەیشتن و لێكنزیكبوونەوەی هەردوولا و؛ خواستی راستگۆیانە بوو بۆ پێشخستنی هاوكاریی عەرەبی بەو چەشنەی خزمەت بە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەكە بكات. دەوڵەتی قەتەر سوپاس و پێزانینی هەیە بۆ كۆماری عەرەبی سوریاو كۆماری عێراق، بۆ وەڵامدانەوەی بنیادنەرانەیان بۆ ئەم دەستپێشخەرییەو كاردانەوەی ئەرێنییان كە بووە هۆی بەستنی ئەم دیدارە برایانە. دەوڵەتی قەتەر هیوادارە ئەم كۆبوونەوەیە ببێتە هۆی كاراكردنی هاوكاری هاوبەش و راوێژی بنیادنەرانە لەنێوان هەردوو دەوڵەتی برا، بەوجۆرەی بە سود بۆ هەردوو گەل و ناوچەكە بەگشتیی بگەڕێتەوە.
بەهای تمەن بەهۆی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە مانگانی رابردوودا. پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی دراوی تاران گەیشتە نزیکەی 11 ملیۆن تمەن، بەڵام بە دەستپێکردنی دانوستانەکان نرخی دۆلار رووی لە دابەزین کرد و ئێستا 100 دۆلاری ئەمریکا بە نزیکەی 8 ملیۆن تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت. لەدوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، تمەنی ئێرانی نزیکەی لەسەدا 35ـی بەهاکەى بەرامبەر بە دۆلار لەدەستدابوو، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا دۆخی بازاڕەکانی تا رادەیەک جێگیرکردووە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) پشتڕاستی کردەوە کە نزیکەی هەزار سەربازیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکشێننەوە و کەمتر لە هەزار سەرباز دەهێڵنەوە. شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەمڕۆ وەزیری بەرگری فەرمانی کرد کە هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێ شوێنی دیاریکراو چڕبکرێنەوە." دەشڵێت: "ئەم پڕۆسەیە کە بە مەبەست و لەسەر بنەمای هەلومەرجەکە دەکرێت، لە چەند مانگی داهاتوودا ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ خوار هەزار سەرباز لە سووریا کەم دەکاتەوە." چپێش ئەوە، گوتەبێژێکی پێنتاگۆن راگەیاند: "ئەمریکا لە دوو بۆ سێ مانگی دیکەدا ژمارەی هێزەکانی لە سووریا بۆ کەمتر لە هەزار سەرباز کەم دەکاتەوە." سەرچاوەیەکی دیکەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانیان دەستیانکردووە بە بارکردنی کەلوپەلەکانیان لە هەردوو بنکەی کۆنیکۆ و گرین ڤڵیج لە دێرەزوور و بڕیارە ئەو کەلوپەلانە بگوازرێنەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. لە راگەیێندراوەکەی پێنتاگۆندا هاتووە، وێڕای کەمکردنەوەی هێزەکانیان، "فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا وەک پێشتر ئامادە دەبێت بۆ هێرشکردنە سەر پاشماوەکانی داعش لە سووریا؛هەروەها لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشانی خاوەن توانا و ئارەزوومەندی ئێمە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاردەکەین بۆ ئەوەی گوشار لەسەر داعش بهێڵینەوە و وەڵامی هەر هەڕەشەیەکی دیکەی تیرۆریستیش بدەینەوە ئەگەر سەرهەڵبدات." هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە یارمەتی ئەو هێزە زۆرینە کوردییە دەدەن لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، هەروەها بوونەتە هێزێکی دابڕێنەر بۆ کەمکردنەوەی ململانێ لەنێوان هەسەدە و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان. سوپای ئەمریکا لە ناوچەی تەنەفی سووریاش هەیە. دۆناڵد ترەمپ لە یەکەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیدا هەوڵی دا هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن بەرهەڵستی بڕیارەکەیان کرد، چونکە پێیان وابوو ئەوە "ناپاکیکردنە" لە هاوپەیمانە کوردەکانیان. لەسەر ئەوە و چەند نیگەرانییەکی دیکە، جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەوکات، دەستی لە کارەکەی کشاندەوە.
زووتنەوەى ئیسلامیى کوردستان و یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان لەگەڵ نوح یەڵماز، جێگرى وەزیرى دەرەروەى تورکیا کۆبوونەوە و رایانگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا جدییە و هەنگاوی باشی بڕیوە. ئەمڕۆ، نوح یەڵماز جێگرى وەزیرى دەرەوەى تورکیا، بە جیا لەگەڵ یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان و بزووتنەوەى ئیسلامیى کوردستانى لە شارى هەولێر کۆبووەوە. لەبارەى کۆبوونەوەکەوە، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەژمارى فەرمیی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتى، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەگەڵ جێگرى وەزیرى دەرەوەى تورکیا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لە بارەی گۆڕانكارییە خێراكان و بارودۆخى ناوچەکەوە کرد. هاوکات، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانی کرد و گوتەبێژی بزووتنەوەش رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا جدییە و هەنگاوی باشی بڕیوە و گەشبینن بەوەی پرۆسەی ئەمجارەی ئاشتی جدییە و هەنگاوی باشی بڕیوە.
