بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یەکێک لە هۆتێلەکانی سەنتەری کایاک لە ناوچەیەکی گەشتیاریی یاری خلیسکێنەی سەر بەفری کارتاڵکەی شاری بۆڵوی تورکیا ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە تا ئێستا ٦٦ کەس گیانی لەدەستدا و ٥١ کەسی دیکەیش برینداربوون. ئاگرکەوتنەوەکە بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممەبووە، میوانەکان ناچار بوون لە نیوە شەودا لە پەنجەرەکانەوە باز بدەنە دەرەوە، هۆتێلەکە دەکەوێتە سەر لوتکەی زنجیرە چیای بۆڵۆ و نزیکەی 170 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای ئەنکەرەی پایتەختی وڵاتەکەوە دوورە. عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کەناڵی ئێکس نووسیوێتی "ئاگرەکە کاتژمێر 3:27 خولەکی بەیانی بە کاتی تورکیا لە هۆتێلی گراند کارتاڵی 12 نهۆمی کەوتووەتەوە." میدیا ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە لەکاتی ڕووداوەکەدا لانیکەم 230 کەس مێوانی هۆتێلە بوون کە لە کاتی پشووی دوو هەفتەی خوێندندا، خەڵک ڕوویان تێکردووە. پەخشی تایبەتی کەناڵی ئێن تی ڤی ئاشکرای کرد کە بەشێک لەوانەی گیانیانلەدەستداوە، بەهۆی ئەوەوە بووە کە لە پەنجەرەی هۆتێلەکەوە خۆیان هەڵداوە. شایەتحاڵێک بە میدیاکانی تورکیای ڕاگەیاندووە لە پەنجەرەی هۆتێلەکەوە خەڵکێکی بینیوە کە باز دەدەن. ئاماژەی بەوەشکردووە بەهۆی دوکەڵی زۆرەوە، دۆزینەوەی رێگاکانی فریاگوزاری لەکاتی هەڵهاتن ئەستەم بووە. بەپێی زانیارییەکانی، ڕووبەری هۆتێلەکە لە دار دروستکراوە، هەر بۆیە ئاگرەکە بە خێرایی گەشەی سەندووە. بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کردووە. یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاندووە شەش داواکاری گشتی ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە.
لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمارى عێراق، ڕایگەیاند، پێویستە سەرمایەدارانى کورد لەسەر ئاستى جیهان ڕۆڵ و دەنگیان هەبێت، هەوڵبدەن داهاتووى کوردستان ئابوریەکى بەهێزى هەبێت و واز لەو قۆناغە بهێنین کە هەر لەسەر مووچە بژین. لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆڕبەندی ئابووری جیهانی لەداڤۆس، لەماڵى کوردستان، .لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمارى عێراق، بەئامادەبوونى مەسرور بارزانى و ژمارەیەک لە سەرمایەداران وتەیەکى پێشکەشکرد. لەبەشێکى قسەکانیدا سەرۆک کۆمار ئەوەى خستەڕوو پێویستە سەرمایەدارانى کورد لەسەر ئاستى جیهان ڕۆڵ و دەنگیان هەبێت، کاربکەن بۆ ئەوەى کۆمپانیاو سەرمایەدارەکانى ئەوروپاش لەڕیگەى ئەوانەوە بێنە کوردستان. وتیشى: سەرمایەدارانى دەرەوە بەشداری پێبکەن لە دروستکردنى کارو کارخانە، بۆ ئەوەى داهاتووى کوردستان ئابوریەکى بەهێزى هەبێت و واز لەو قۆناغە بهێنین کە هەر لەسەر مووچە بژین. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، لەتیف ڕەشید وتى: حەزدەم پێتا بڵێم ئەمە تەنها لەکوردستان نیە کە گرنگى دەدرێت بەمووچە، بەڵکو لەعێراقیش وایلێهاتووە، وتیشى: لە ٨٠%ى بوودجە بۆ مووچە دەڕوات، رێژەى ئەم مووچەیەش ساڵ بەساڵیش زیاتر دەبێت. سەرۆک کۆمارى عێراق، ئەوەشى خستەڕوو ژمارەى دانیشتوانى عێراق ئێستا نزیکەى ٤٥ ملێۆن کەسە، لە ٥٦%ى دواى ٢٠٠٣ لەدایک بووە، ماناى ئەوەیە ئەو جیلە بەو قۆناغەدا نەڕۆشتوون کە خەباتى کوردى تێدابووە یان ئەو ناخۆشیانەى بەسەر کوردا هاتووە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتى: من هانى سەرمایەداران دەدەم تەنها لەکوردستان خەریک نەبن بەڵکو بچنە ناوچەکانى دیکەش ئێستا بارودۆخ ئارام و ئاسایشە ئەو بازاڕەى کراوەتەوە لەعێراق سەرمایەدرانى کوردیش سودى لێوەربگرن. سەرۆک کۆمار دەڵێت: ئێمە پێویستە هانى کەرتى تایبەتیش بدەین و پشتیوانیان بین، بۆ ئەوەى ئەو فشارەى لەهەرێم و عێراقیشە بۆ مووچە کەمى بکەینەوە، تاوەکوو ئەوە نەکەین ناتوانین بەرەوپێشچوونى گەوەرە لەبوارى ئابوریدا بکەین. هەروەها تیشکی خستەسەر گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا بەئامانجی پەرەپێدانی ئابووری نیشتمانی و پەسەندکردنی پلانی ستراتیژی جددی لەکەرتی وەبەرهێنان هاوکات ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کەلەم بوارەدا دراون.
ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ئامارو کاروچالاکی و ئۆپراسێۆنەکانى دژى رێکخراوى داعش، لەساڵى ٢٠٢٤دا بڵاوکردەوەو بەپێى ئامارەکە هەسەدە توانیویەتى ١٧ تیرۆریستى داعش بکوژێت و لەونایاندا ٦ سەکردەى ئەو ڕیکخراوە هەبووە، هاوکات ٩٨ ئۆپەراسیۆنیان لەدژى ئەندامانى ئەو گروپە ئەنجامداوە. ئەمرۆ سێ شەممە، ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات هەسەدە، لەڕاگەیەندراوێکیاندا، ئامارەکەى ساڵى رابردوویان خستوەتەڕوو. هەسەدە دەڵێت، هێزه کانمان، سه ڕکه وتوو بوون لەبەدەستهێنانى سەرکەووتنى زۆر لەماوەى ساڵى ٢٠٢٤دا، بەرانبەر شانەکانى داعش، توانیومانە هەڕەشەو مەترسى تیرۆریستی له ناوخۆو دەرەوە کەمبکەینەوە، دەیان کارى ئەمنی سەرکەوتوانە ئەنجامدراوە. ئەمانە پوختەی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییانەیە کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا لەلایەن دامەزراوە ئەمنییە سەربازییەکانمانەوە دژی بەکرێگیراوان و شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی "داعش" ئەنجامدراون: ژمارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن هێزەکانمانەوە ئەنجامدراوە (98) ئۆپەراسیۆن. ژمارەی ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستی کوژراو: (17) کەس، لەنێویاندا (6) سەرکردە. ژمارەی ئەو ئەندامە تیرۆریستانەی دەستگیرکراون: (278) کەس. کۆنترۆڵکردنی بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی، هەروەها ئەو مادانەی کە لە دروستکردنی تەقەمەنی و تەقەمەنیدا بەکاردەهێنرێن. ژمارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستیانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە ئەنجامدراون: 113 ئۆپەراسیۆن. ژمارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن هێزەکانمانەوە پووچەڵکراونەتەوە: (43). لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى هەسەدە دەڵێن هێزەکانمان بە دۆزینەوەی چەندین ئامێری تەقەمەنی و بێلایەنکردنیان و ڕێگریکردن لە بۆردومان و ئۆپەراسیۆنی تێکدەر، جگە لە ئەنجامدانی چەندین هەڵمەتی شانەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆشکەکانی داعش، بەتایبەتی لەسەر سنوورەکانی سوریا و عێراق، بیابان ناوچەکان و کەمپی ئەلهۆڵ و دەوروبەری. ئەوەش دەڵێن هێزەکانى هەسەدە توانیویانە زۆرێک لەو ژینگەیانە وشک بکەنەوە کە پاڵپشتی چالاکیی ئەندامە تیرۆریستەکانی داعشیان دەکرد و نەهێڵن بگەنە خەڵکی ناوچەکە و ڕەشبگیرییان لێبکەن ئەوان سەرکەوتوو بوون لە دڵنیاکردنەوەی دانیشتوانی ناوچە گەرمەکان، ئەمە جگە لە بەرزکردنەوەی ئاسایشی دەوروبەری زیندانەکان و ڕێگریکردن لە گەیشتن بە شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی بەوان.
وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەمەودوا فەرمانبەرانی سلێمانی دەتوانن لە رێگای پڕکردنەوەی فۆڕمێکی ئۆنڵاین خۆیان تۆماربکەن و ببنە خاوەنی هەژماری بانکی. بەپێى راگەیەندراوێکى هەژمارى من، بە مەبەستی تۆمارکردنی سەرتاسەری لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من، لەمەودوا فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی دەتوانن لەڕێگای پڕکردنەوەی فۆڕمێکی ئۆنڵاین خۆیان تۆماربکەن و ببنە خاوەنی هەژماری بانکی. ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو ئەم بژاردە نوێیە بەشێکە لە هەوڵەکانی هەژماری من بۆ ئاسانکاری لە تۆمارکردنی فەرمانبەران تاوەکو بتوانن بەشێوەیەکی ئاسان و بەبێ سەردانیکیردنی بنکەکانی تۆمار خۆیان تۆماربکەن. هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەتوانن سەردانی ئەم لینکە بکەن (https://enketo.moda.digital.gov.krd/x/9jPTAyDU).
سەرۆک وهزیرانى عێراق، ڕێنمایی وەزارەتی دارایی کرد کە پێداویستیەکانی کۆمسیۆنى هەڵبژادن دابین بکات بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، وجەختیشی کردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی کارەکانی کۆمسیۆن. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئهنجوومهنی وەزیران سهرۆكایهتی کۆبوونەوەیەکی كرد کەتیایدا عومەر ئهحمهد محهمهد سەرۆکی دەستەی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی وئەندامانی دەستەی کارگێڕی و بهرپرسی نووسینگهی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وسەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاران و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئامادهبوون. سودانی لەکۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرد بۆ درێژکردنەوەی کارەکانی دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی بۆدا، ههروهها بهکورتهیهك سهبارهت به ئامادەکاری و ڕێکخستن و پێویستییەکانی کۆمسیۆن ئاگادارکرایەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی کە بڕیارە له کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت. لە بەشێکى دبکەى کۆبونەوەکە، باس لە ئەگەری پەسەندکردنی کارتی نیشتمانی وەک بەڵگەنامەیەک بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەوەی دەنگی خۆی بدات پێ بدات خرایهڕوو. سەرۆک وهزیران ڕێنمایی وەزارەتی دارایی کرد کە پێداویستیەکانی کۆمسیۆن دابین بکات لهدوای ئامادەکردنی بودجە بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، وجەختیشی کردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی کارەکانی کۆمسیۆن بە هەموو توانایەکی بەردەست بۆ گهرهنتیكردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی پاك وشەفاف.
ــ بەرگری شارستانی تەرمى زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لەژێر داروپەردوە ڕوخاوەکاندایە ــ 2842 کارمەندی بەرگری شارستانی لە شەڕی ئیسرائیلدا کوژراون ــ ئاوەدانکردنەوەى غەززە ٢١ ساڵ دەخایەنێت، ٢٠٠ ملیار دۆلارى پێویستە. ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە بۆ ڕۆژی دووەم بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا نیشانە تاڵەکانی گەڕانەوە لە نێو ئەو دانیشتووانەدا دەرکەوت کە کاتێک چونەوە سەر ماڵە وێرانەکانیان، بەڵام تەرمی نەناسراویان دەدۆزیەوە، ئەمەش ڕۆژێک دوای یەکەم ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان بزووتنەوەی فەلەستین و ئیسرائیل. لە کاتێکدا هێزەکانی پۆلیسی حەماس بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی بە تایبەتی لە باکوور جێگیر بوون، بەرگری شارستانی فەلەستین ڕایگەیاند کە هێزەکانیان دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای تەرمەکاندا لە ژێر داروپەردوودا و وتەبێژی ڕێکخراوەکە مەزەندەی کردووە کە ژمارەیان “زیاتر لە ١٠ هەزار کەسە”. ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای شەڕێکی 15 مانگە کە کەرتی غەززەی وێران کرد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگر تێبەردا. ئاوەدانکردنەوەی غەززە دوای شەڕ پێویستی بە ملیارەها دۆلار دەبێت. هەڵسەنگاندنێکی زیانەکان کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم مانگەدا بڵاویکردەوە، دەریخست کە پاککردنەوەی زیاتر لە ٥٠ ملیۆن تۆن داروپەردوو کە بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە بەجێماوە، ٢١ ساڵ دەخایەنێت و ٢٠٠ ملیار دۆلارى پێویستە. لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی دووشەممە، وتەبێژی بەرگری شارستانی لە غەززە، مەحمود بەسەل، ڕایگەیاند “زەرەرو زیانە مرۆییەکانی تیمەکانی بەرگری شارستانی لە نێوان کوژراو و بریندارو دەستگیرکراوەکان لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە ٤٨ لەسەد”، ئاماژەی بەوەشکرد 2842 کارمەندی بەرگری شارستانی لە شەڕی ئیسرائیلدا کوژراون. بەیانی ڕۆژی دووشەممە دانیشتووانى غەززە پەناگە و ئەو ماڵانەی کە تێیدا بوون بەجێانهێشت بۆ ئەوەی واقیعی نوێ لە ژێر ئاگربەستەکەدا ئەزموون بکەن، بەڵام تووشی شۆک بوون کاتێک بازاڕەکانیان لە باکووری ستریپ بەتاڵ بوون لە کاڵاکان. نایل عەواد، دانیشتووی گەڕەکی شێخ ڕەدوان لە باکوری شاری غەززە، یەکێک بوو لەو هەزاران هاوڵاتیەی کە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ کڕینی پێداویستیەکانیان بە نرخێکی کەم و کێبڕکێکار، لەگەڵ ئەوەشدا سەری سوڕما کاتێک گەیشتە بازاڕی گەڕەکەکە و بینی “بەتەواوی چۆڵ بووە و هیچی تێدا نەبوو جگە لە باینجان و بیبەری سەوز و هەندێک پاککەرەوە” بەپێی ئەوەی بە ئەشرق الوسەتی وتووە ئاماژەی بەوەشکرد: پێشبینیمان دەکرد دوای وەستانی شەڕ، دەستبەجێ کاڵا بچێتە بازاڕ، هەروەها بازاڕەکان پڕ بن لەو پێداویستیانەی کە هیوامان خواستبوو بچێتە ناوەوە دوای ئەو قۆناغە سەختەی تێیدا ژیاوین لە ناوچەکانی شاری غەززە و باکوور، بەڵام بازاڕەکان بۆ ڕۆژی دووەم چۆڵە جگە لە هەندێک پێداویستی کە پێشتر بەردەست بوون”. هێزە ئەمنییەکان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردابوو، بەپێچەوانەی ڕۆژی یەکەم کە بەشێکیان بە جلوبەرگی مەدەنی و دەمامکەوە دەرکەوتن و چەکەکانیان هەڵگرتبوو و ئۆتۆمبێلە ئەمنییەکانی حەماسیش بینران کە بە شەقامەکاندا دەسوڕانەوە. بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، کۆبوونەوەکان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی بزووتنەوەی حەماسەوە دەستیپێکردووە، ئامانجیان ئەوەیە کە بە خێرایی ڕیزەکانیان ڕێکبخەنەوە و دەست بە جۆرە جیاوازەکانی ئەرکە ئەمنییەکانیان بکەن. پەیامنێری شەرق ئەلئەوسەت لە غەززە چاودێری ئەو عەرەبانە ئاژەڵە ڕاکێشراوانەی کرد کە خێزان و کەلوپەلەکانیان هەڵگرتبوو، گواستیانەوە بۆ ناوچەکانی باکووری کەرتی غەززە، بەتایبەتی لە بەیت لاحیە و بەشێک لە بەیت حەنون. ئەکرەم مەکاوی، دانیشتووی بەیت لاحیە، ڕایگەیاندووە، "لە یەکەم ڕۆژی ئاگربەستەکەدا، کاتێک ناوچەی نیشتەجێبوونی خۆی پشکنیوە، بینیویەتی خانووەکەی بەپێوە ماوەو کەمێک زیانی پێگەیشتووە"، ئەمەش هانیداوە بەزوویی کەلوپەلەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ خانووەکەى، ئەو ئێستا لە پەناگەیەکدى لە کەمپی ئەلشاتی دەژى. مەکاوی بۆ ئەشرق ئەلئەوسەت زیادیکرد کە لە سەختییەکانی دۆزینەوەی ژیانێک لە ماڵەکەیدا لە ژێر ڕۆشنایی کەمی ئاو تێدەگات، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد: یەکسەر دەستم کرد بە چاککردنی ئەوەی کە دەتوانرێت چاک بکرێت، دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەم بۆ ئەوەی بە ئارامی بخەوم، دەمەوێت ئازادی سادەی خۆم بۆ خاوەندارێتی خۆم و خێزانەکەم بەدەستبهێنمەوە. دەزگای فریاگوزاری نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت هەزاران خانووی گەڕۆک و دەیان هەزار خێمە چاوەڕێی هێنانە ژوورەوەن، کە ئەمەش پێویستی دانیشتوانەکە پڕدەکاتەوە.
وەزارەتى دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، کۆبونەوەکەیان لەگەڵ وەزارەتى دارایی عێراق، لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆیان لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردوە، هەردوولا هاوڕابوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا. ئەمڕۆ دووشەممە بە ئامادەبوونى فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی هاوبەشى لە نێوان شاندی هەرێم بەسەرۆکایەتی ئاوات شێج جەناب وەزیری دارایی، لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بەڕێوەچوو. لەڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتى دارایی هەرێم ناوەڕۆکى ئەو کۆبونەوەیەى خستوەتە ڕوو دەڵێت: کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کراو و هەردوولا هاوڕابوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا. هەروەها ئاماژە بەوەدەکات هاوکات داواکاریەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کەساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا. دەقی راگەیێندراوەکە: شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ جەخت لەچارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەکەنەوە. ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 20 کانوونی دووەمی ساڵی 2025، بەسەرپەرشتی بەڕێز دکتۆر فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز ئاوات شێج جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کراو و هەردوولا هاوڕابوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوکات داواکاریەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کەساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا . هەردوولا ڕێكکەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت کەتیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت. هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێکبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بن و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025. هاوکات هەر ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بەهاوبەشی داکۆکی لەماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق بکرێت. راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
محەمەد حەکیم، وتەبێژو ئەندامى مەکتەبى سیاسى کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، وەڵامى شاسوار عەبدولواحید دەداتەوەو دەڵێت فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن. لە پەیامێکى ڤیدیۆیدا، ئەمرۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، وتى: بۆ خەڵکی کوردستان شتێکی زۆر گرنگ، چوارشەمە کاک محەمەد سلێمانی دانیشتنی پەرلەمانی راگەیاندووە، ئەگەر یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو دەیانەوێت ئەوا دەتوانن بە 15 کورسییەکەی ئێمەوە (سەرۆکی پەرلەمان، جێگرەکەی و سکرتێری پەرلەمان) هەڵبژێرن. هەروەها وتیشى: ئێمە هیچ پۆستێکمان ناوێت هەر سێ پۆستەکە بۆ یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ؛ ئەگەر دەنگمان نەدانێ و هەڵمان نەبژاردن ئەوا دیارە ئەم قسانەی ئێمە ناراستە. لەوەڵامى ئەو قسانەدا، محەمەد حەکیم، وتەبێژى کۆمەڵى دادگەرى پەیامێکى کورتى بڵاوکردەوەو دەڵێت: کاک شاسوار دووەمجارە پێشنیارێک ئاڕاستەی یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، بێ خەبەر لەوەی کە کۆمەڵ نەک حکومەت بەڵکو پەڕلەمانی دیزاینکراویشی بۆ جێهێشتوون. وتەبێژەکەى کۆمەڵ دەڵێت: فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن، دڵنیابە بە بەشداری ئێوەش بە سەد پۆست نەک پەنجا؛ گۆرانکاری نابێت و دۆخەکە چاک نابێت، گەر خراپتر نەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، فهرمانگهی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند سبەینێ سێ شەممە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کۆدەبێتەوەو دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی یەکەم یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی دارایی (2023-2024-2025 لەناو کارنامەکەدایە. دوای دوو خوێندنەوەی جیاواز لەسەر هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمـی کوردستان، وابڕیار بوو دوینێ یەکشەمە دەنگ بە پرۆژە هەموارەکە بدرێت، بەڵام کێشەی تێکەوت و دەنگدان بە یاساکە دواخرا. پێشتر سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، ڕایگەیاندبوو: لە 17 ئەندامی لیژنەی پەرلەمانی 7 یان دژی بوون و نیسابیان تێکدا بۆ ئەوەی دەنگی پێنەدرێت، بە ئاشکرا وتیان ڕێگە نادەین و نابێت. هەروەها وتیشی،" ئەگەر ئەو هەموارە نەکرێت، هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر تەسلیم نەکردنی نەوت، لە کاتێکدا بە فرۆشتنی نەوت بەشدار دەبین لە زیاد کردنی داهاتی عێراق." هەموارکردنی یاسای بودجە تەنها بۆ ماددەى 12 بڕگەى (ج) ە کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە حکومەتى فیدڕاڵ رەزامەندی نیشاندا بۆ دیاریکردنی خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمە لەکاتێکدایە کە نرخی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک لە نەوت لە عێراق نزیکەی 6 دۆلارە. بەمەش بەشێکی زۆر لە فراکسیۆنە عێراقیەکان پێیان وایە 16 دۆلاری نەوتی هەرێم زۆرە و غەدرە لە حکومەتی ناوەندی. هەرچەندە لە مانگی 3ی ساڵی 2023ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، بەڵام بەرپرسانی باڵای عێراق ئاماژە بەوەدەکەن کە هەرێم، ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و بە ڕێگەی نایاسایی دەیفرۆشێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە نەداوە. هەندێک لە چاودێرانیش ئاماژە بەوە دەکەن پێدەچێت بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى پەرلەمان جگە لەو بڕگەیە، بڕیارە سبەینێ لە دانیشتنەکەدا دەنگدان لەسەر یاسای پێشنیارکراوی باری کەسی، هەروەها دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاسای گەڕاندنەوەی ئەو موڵکانە بۆ خاوەنەکانیان کە هەندێک بڕیاری ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشگێڕی هەڵوەشاوە دەیگرێتەوە بکرێت. هەروەها ئەوەش باسکراوە کە "ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر ڕەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی دووەم یاسای لێبوردنی گشتی دەدات، هەروەها دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی یەکەم یاسای هەموارکردنەوەی یاساکە لەسەر بنەمای هاوتابوونی بڕوانامە و بڕوانامەی ئەکادیمی عەرەبی و بیانی دهدات".
لیواکانی قسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، لەکاتى ئازادکردنی سێ ژنە ئیسرائیلیەکە، هەریەکەو (جانتایەک)یان بە دیاری پێشکەش بەو سێ بارمتەکرد کە دوینێ ئازادکران. کەناڵی 12 ئیسرائیل ڕایگەیاند، حەماس دوای ئازادکردنیان "دیاری" بەخشییە ئەو سێ ژنە ئیسرائیلیەى کە وەک بارمتە ئازادکراون لەلایەن حەماسەوە، بەپێى گرتە ڤیدیۆییەکان بارمتەکان بە زەردەخەنەوە بینراون کاتێک جانتایان هەڵگرتووە، ڕۆمی گۆنن دۆرۆن شتاینبراچەر و ئێمیلی دیماری بە جانتایەکەوە گەڕاونەتەوە ئیسرائیل کە حەماس پێی داون. کەناڵەکە ڕوونیکردەوە کە جانتاکە نەخشەی کەرتی غەززە و وێنەی دیلبوونیان و بڕوانامەیەکی تێدایە کە "بڕیاری ئازادکردن"ی تێدابووە. ئەو سێ ژنە یەکەم گروپن لەو بارمتانەى کە بڕیارە بەپێی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە ئازاد بکرێن، لە شەش هەفتەی داهاتوودا 33 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن لە بەرامبەر ئازادکردنی نزیکەی دوو هەزار بەندکراوی فەلەستینی. دوینێ یەکشەمە ئاگربەست چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، جەنگی غەززە دوای هێرشێکی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 07-10-2023 دەستیپێکرد. بەگوێرەی دوایین راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە؛ 46 هەزار و 600 کەس لە غەززە کوژران و 110 هەزار کەسیش برینداربوون. دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2025، دەستەی زیندانەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "90 زیندانی فەڵەستینی ئازاد کراون." ئیسرائیل لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیان، یەکەم کاروانی زیندانە فەڵەستینییەکان کە ئافرەت و منداڵن لە زیندانی عوفەری سەربازی ئازاد کرد. هەر هەفتەیەک 3 بارمتەی ئیسرائیلی بەرامبەر دەیان بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن، هێزەکانی ئیسرائیل لە هەندێک ناوچە دەکشێنەوە و لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر مەرجەکانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی دەکەن.
بەپێى ڕاپۆرتێکى ئاژانسى رۆیتەرز، دراوە دیجیتاڵیەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بەهاکەی لە ماوەیەکی کەمدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئەمرۆ قەبارەى بازرگانى کردن پێوەى گەیشتوەتە نزیکەی 11 ملیار دۆلار، بەهاکەی نزیکەی 750% بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینی. رۆژى شەممەى ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی the truth social دراوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە بە ناوی ترەمپ خۆیەتی و دروشمی سەر دراوەکەشی جەختکردنەوەیە لە شەڕ و نووسیوتی "شەڕ، شەڕ، شەڕ". بەهای دراوەکە لە کاتی راگەیاندنیدا لە رۆژی شەممە (18-1-2025) تەنیا 18 سەنت بوو، بەڵام بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای کۆینمارکێت کاپ کە بەدواداچوون بۆ دراوەکە دەکات قەبارەی مامەڵەی دراوەکە ئێستا هەر کۆینێکى گەیشتووەتە 58.5 دۆلار. دراوەکەی ترەمپ جۆری "میم کۆین"ـە؛ واتە دراوێک کە لەسەر بنەمای ناوی کەسێک دامەزراوە، یان هەرشتێک ناودەنرێت و دروستدەکرێت. دراوێک کە هیچ پڕۆژە و ئامانجێکی ئەوتۆ لە دروستکردنیدا نییە، بەڵکو تەنیا لەسەر ناوی کەسایەتییەکی بەناوبانگ دروست دەکرێت. ماڵپەڕی فەرمی پڕۆژەکە ڕوونی کردەوە کە ئەم دراوە "ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ سەرکردەیەک کە هەرگیز پاشەکشە ناکات، گرنگ نییە بارودۆخەکە چۆن بێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا کە بووە هۆی هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا. ماڵپەڕەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ٢٠٠ ملیۆن کۆین (یەکە)ی ئەم دراوە لە بازاڕدا خراوەتە بازاڕەوە، بڕیاریشە تاوەکوو سێ ساڵی داهاتوو ژمارەکە بۆ یەک ملیار کۆین بەرز بکاتەوە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ئاکامى شەڕو پێکدادانەکانی سنوری بەنداوی تشرین، 29 چەکدارى سەر بەتورکیا کوژراون و 15 چەکداری دیکەشیان برینداربوون هاوکات 8 تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕیشیان تێکشکێنراون. بەپێى ئامارەکەى هەسەدە تەنها بەماوەى (24) کاتژمێری شەڕ لە باشور و رۆژهەڵاتی مەنبج و بەنداوى تشرین، شەڕڤانان توانیویانە 29 چەکدار کوژراون، 15 چەکداری دیکە برینداربوون، 8 تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ و ئۆتۆمبێلی سەربازیی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا تێکبشکێنن. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، بەرەبەیانی دوێنێ داگیرکەری تورکیا دەستیکردوە بە بۆردومانی چڕی دەوروبەری بەنداوی تیشرین و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پاشان، بەکرێگیراوان بە زرێپۆشەوە، لە دوو میحوەرەوە، هێرشیان کردوەتە سەر گوندی "خربەت ئەلزەمالە"، شەڕڤانانان بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە. لەو شەڕو پێکدادانانە ئەوە پشتڕاستکرایەوە ٨ بەکرێگیراو کوژران، ژمارەیەکیش بریندار بوون، دوو ئۆتۆمبێلی بەکرێگیراوانیان بە تەواوی تێکشکاندوە. هەسەدە ئەوەش دەخاتەڕوو بەکرێگیراوەکان هێرشێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا، بە ژمارەیەکی زۆر، لەسەر لای ڕاست و چەپی گردی "سریاتێل"، هەروەها ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەورە بونەوە لەلایەن شەڕڤانانی ئێمەوە، لەوێش پێکدادانی توندوتیژ سەریهەڵدا و لە ئەنجامدا ٢١ بەکرێگیراو کوژراون ١٥ کەسی دیکەشیان برینداربووە. هەسەدە ئاشکرای کردووە؛ لەبەرەی بەرزاییەکانی سیریتل هێرشی بەرفراوان کراوەتە سەر سەنگەرەکانی شەڕڤانان و پێکدادانی قورس رویداوە و بەهۆیەوە 21 چەکدار کوژراون و 15 چەکداریش برینداربوون. لەماوەی 24 سەعاتی رابردوودا یەکەی شەهید هارون کە تیمی راهێنراوی درۆنن 25 خاڵی ئەو گروپانەیان کردوەتە ئامانج و توانیویانە 3 تانک، 3 ئۆتۆمبێلی سەربازی، 4 خاڵی گروپەکان، 4 کۆگای چەک و تەقەمەنی و 2 ئۆتۆمبێلی سەربازی هەڵگری دۆشکایان کردووەتە ئامانج.
لە پەرەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک، ئهدههم بارزانی، پەیامێکى بڵاوکردەوەو ڕایدەگەیەنێت ههوڵمدا بگهڕێمهوه بۆ بارزان بهمهبهستی بهشداریكردن له ناشتن و بهشداریكردن له پرسهی دایكمدا، بهڵام مەسعود بارزانی، سهرۆكی پارتی بەمەرجی ئەوەى هیچ پاسەوانێکم لەگەڵدا نەبێت، ڕازی بوه لەگەڵ تەرمی دایکم بگەڕێمەوە بارزان، بهڵام من ڕازی نەبوم. خەیریە عبدلرزاق، خێزانی شەهید شێخ عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی و دایکی شەهیدان عیماد و ئهدههم بارزانی درهنگانی شهوی ڕابردو كۆچی دواییكرد. لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا، کە لهبارهی كۆچی دوایی داییكیهوه بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت "مهسعود بارزانی، سهرۆكی پارتی منی ئاواره و دهربهدهركرد، پێمنهكرا لهو ماوهیهدا دایكی ئازیزم بۆ یهكجاریش بێت ببینم و چهند ڕۆژێك پێش ئێستا كه قسهم لهگهڵدا كرد، وتی دڵنیام جارێكی دیكه ناتبینمهوه". ئەدهەم بارزانى ئەوەش دەخاتە ڕوو لەڕێگەى بافڵ جەلال تاڵەبانیەوە پەیوەندی کراوە بە ھۆشیار زێباری خاڵی مەسعود بارزانی و سیدادی برای کە رێگه بدەن بگەڕێینەوە بارزان، ئێمە ئەم شەو تەرتیبات دەکەین ئەدھەم بارزانی بێتە ماڵی خۆی لە مەسیفی و بۆ دوایینجار لە ناو کفندا رۆمەتی دایکی ببینێت، ھەر بەیانی یان پاش یەک رۆژ پرسە دەگەڕێتەوە ئێرە، دایکێک کە ھاوسەر و دو لە کوڕەکانی بە دەستی بەعسییەکان شەھید بون، کە ئەمڕۆ ئەوان لە پایتەختی کۆردستان بە ئازادی دەگەڕێن. ئاماژهی بهوهشكردوه، "لە وهڵامی دەستپێشخەریەکەی بافڵ تاڵهبانیدا دەڵێن مانع نیە بێت، بەڵام نابێت پاسەوانەکانی کە کاک بافڵ بۆ منی داناون لە گەلیدا بن، بە ھەڕەشەکانی سەرۆکی پارتی تەواوی پاسەوانەکانی پێش ئێستای من دەرکران و لەگەڵ ئەوەشدا نابێت کەس لە گەلی بێت و پێویستە بە تەنیا بێت، لە حاڵەتێکدا کە ھیچ باوەڕییەک نەماوە و حوکمی گرتنی منیان دەرکردوە بە مادەی 21ی یاسای تێکدانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان". لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەو دەڵێت ئەو کوردستانەی کە بەشێکی زۆری ئێستا بە ھاوکاری ئەوان لە پارێزگای دھۆک و ھەولێر لە دەستی داگیرکراندایە، ئایە بەم شێوەیە وهڵامی ھەمو چاکەکان و رزگارکردنیان لە شکستی سەدا سەد ئەگەر بە ھانیان نە چوبام دەدەنەوە. ئهدههم بارزانی ئەوەش دەخاە ڕوو بە بیری سەرۆکی پارتی دههێنمهوه کە چیمکرد بۆ دایکی ئەو، دەستیان داوەته تەلەفۆنکردن بۆ خەڵک، کوڕەکانیشم کە ئێمە وتمان مانع نیە بگەڕێتەوە بەم مەرجە کە بە تەنها بێت ئایە خۆتان ئەمەرجەتان قەبول دەکرد؟.
کەناڵی ئێن بی سی ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لە یەکەم ڕۆژی کارکردنیدا لە کۆشکی سپی، "ژمارەیەکی پێوانەیی" فەرمانی جێبەجێکردن واژۆ دەکات. بى بى سى ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو فەرمانە جێبەجێکردنانەی کە ترەمپ دەستبەجێ دوای دەستبەکاربوونی واژۆی لەسەر دەکات، لەسەر "تاوان، سنوور و کۆچبەری" دەبێت. ئەمڕۆ دووشەممە، 20-01-2025، کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ بە کاتی واشنتن (کاتژمێر 08:00ـی ئێوارە بە کاتی کوردستان) لە ڕێوڕەسمێکی گەورەو تایبەتدا، دۆناڵد ترەمپ، وەکوو 47ـەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە واشنتنی پایتەخت سوێندی یاسایی دەخوات و دەستبەکاردەبێت. لە یەکەم ڕۆژی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ ژمارەیەکی پێوانەیی لە فەرمانە جێبەجێکردنەکان واژۆ دەکات. لە دیارترین ئەو فایلانەی کە ترەمپ بەڵێنیدا بڕیاری یەکلاکەرەوەیان لەسەر بدات، لەگەڵ دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا: -داخستنی سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک -گەورەترین بەرنامەی دیپۆرتکردنەوە لە مێژووی ئەمریکادا دەست پێدەکات - هاندانی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی سروشتی و خێراکردنی مۆڵەتی کونکردن و شکاندنی هایدرۆلیکی. -پاشەکشەکردن لە ڕێساکانی ژینگە، برەودان بە سووتەمەنییە بەبەردبووەکانی وەک نەوت و گاز و خەڵووز. -لێبوردن بۆ ئەو کەسانەی کە بە تاوانی پەیوەست بە ڕووداوەکانی ٦ی ژانویەی ٢٠٢١ لە بینای کاپیتوڵ سزا دراون -فەرمانی جێبەجێکردن و بڕینى بودجەی فیدراڵی بۆ هەر قوتابخانەیەک کە "تیۆری ڕەگەز، ترانسفۆبیا و ناوەڕۆکی نەشیاوی تری ڕەگەزپەرستی، سێکسیستی، یان پاڵنەری سیاسی بخەنە ناو ژیانی منداڵەکان. - پێچەوانەکردنەوەی سیاسەتەکانی جۆ بایدن سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی -سەپاندنی باجی گومرگی لەسەر ئەو کاڵایانە کە لە مەکسیک و کەنەدا و چینەوە دێن - رێگریکردن لە وەبەرهێنانی چینی لە ئەمریکا - بەهێزکردنی هاوپەیمانیی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل - کەمکردنەوەی رۆڵی ئەمریکا لە ململانێکانی جیهان - وەستاندنی جەنگەکانی غەززە و ئۆکراینا هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، هەموو ئەو فەرمانە جێبەجێکردنانەی کە لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی پێش خۆیەوە دەرچووە، هەڵدەوەشێنێتەوە، هەرکاتێک دەستبەکار دەبێت و دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی. ترەمپ بەڵێنی داوە لە ڕێگەی فەرمانی جێبەجێکردنەوە سیاسەتی ئەمریکا دابڕێژێتەوە. فەرمانی جێبەجێکردن بریتییە لە فەرمانێک کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن سەرۆکەوە دەرچووە و هێزی یاسایی هەیە. لە دیارترین فەرمانە جێبەجێکارییەکانی ترەمپ لە خولی یەکەمیدا قەدەغەکردنی گەشتەکانی هەندێک وڵاتی زۆرینە موسڵمان و فەرمانی فراوانکردنی بەکرێدانی دەریایی بۆ گەڕان بەدوای نەوتدا بوو. ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا ٢٢٠ فەرمانی جێبەجێکردنی دەرکرد، ئەمەش زیاترە لە هەر سەرۆکێکی یەک خول لە دوای جیمی کارتەرەوە. لە کاتێکدا بایدن ١٥٥ فەرمانی جێبەجێکردنی دەرکردووە تا دەستبەکاربوونی جێنشینی کۆمارییەکانی، ئەمڕۆ تا ئەمڕۆ دووشەممە.
بڕیارە ئەمرۆ دووشەممە، کارو چالاکیەکانى 55ـەمین کۆڕبەند ئابووریی جیهان لە داڤۆس دەستپێبکات، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بەشدارى دەکات. کۆڕبەند ئابووریی جیهان، ئەم ساڵ لە ژێر دروشمی هەماهەنگی لە سەردەمی ژیریدا بەڕێوەدەچێت و بڕیارە لە کاتژمێر 6:30 خولەک بە کاتی داڤۆس، واتە کاتژمێر 8:30 بە کاتی هەولێر ڕێوڕەسمی کردنەوەی لوتکەکە دەست پێ بکات، بە گوێرەی کارنامەی بڵاوکراوەی کۆڕبەندەکە، لە ڕۆژی یەکەمدا سێ چالاکوانی بواری کولتوور و مافەکانی مرۆڤ خەڵات دەکرێن. لەکۆڕبەندەکەدا ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی وڵاتان و دوو هەزار و 500 کەسایەتیی لە بەرپرسان و شاندی وڵاتان، 55ـەمین کۆڕبەند ئابووریی جیهان لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا دەکەن. ئەمە چوارەم ساڵی لەسەر یەکە، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بەشداری کۆڕبەندی داڤۆس دەکات. د.لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆماری عیراقی ئەمرۆ بەڕێدەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس. کۆڕبەندی داڤۆس لە ساڵی 1971 لەلایەن ئابووریناسێکی ئەڵمانی کلاوس شوابەوە دامەزراوە، وەک کۆڕبەندی بازرگانی ئەوروپی دەستیپێکرد، کە سەکۆیەک بوو بۆ گفتوگۆ لەنێوان سەرکردە سیاسی و بازرگانی و ئەکادیمییەکان. کارەکانى کۆڕبەندەکە ماوەى پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە ئەمڕۆ دووشەممەوە تا هەینی 20-24ی کانوونی دووەمی 2025، دەخایەنێت، زیاتر لە 200 مێدیا و کەناڵی جیهانی ڕووماڵی کۆڕ و پانێڵەکانی 55ـەمین کۆڕبەند داڤۆس دەکەن. ساڵی ڕابردوو لە 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، بۆ یەکەمینجار هاوشانی وڵاتانی دیکەی بەشدار لە کۆڕبەندەکە ماڵی کوردی کرایەوە. ماڵی کوردی لە داڤۆس لە پاڵ هەریەکە لە ماڵی وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات، یۆنان، بەلجیکا، هیندستان، ئۆکرانیا، پۆڵەندا و وڵاتانی دیکە کرایەوە و لە ماوەی هەفتەی کۆڕبەندەکەدا پێشوازی لە میوانان و بەشداربووانی کۆڕبەندەکە کرد.
