هاوڵاتی بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغدا کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و جێگرەکانیان بەڕێوەبچێت. بەپێی زانیارییەکان بێت، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 11ی ئابی 2024، لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە و سەرۆک و جێگرەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار و جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن. هەر بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی یەکێتی، بابیلۆن، تورکمان و بەشێک لە عەرەبەکان دەبێت و پارتى و بەشێک لە پێکهاتەی عەرەب بەشداریی تێدا ناکەن، هەروەها ڕێبوار تەها لە یەکێتی، بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دیاری کراوە و محەمەد حافز لە پێکهاتەى عەرەبى، دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەکانیشیان لەلایەنەکانی دیکە دەبن. لە ڕۆژی 18ی کانونی یەکەمی 2023وە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی کەرکوکەوە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پارێزگار، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و دوو جێگرەکانیان دیاریبکرێت.
هاوڵاتی له ناوچهی ڕمێلان لە پارێزگای حهسهكه لە ڕۆژئاوای كوردستان، بهدرۆن هێرش كرایه سهر بنكهیهكی سهربازی ئەمریكا، میدیاكانی سوریاش پێشبینی دهكهن سهرچاوهی هێرشهكه عێراق بێت. بهگوێرهی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، درهنگانی شهوی ڕابردوو بهدرۆن هێرش كرایه سهر بنکەی سهربازی خەراب ئەلجیر، تایبهت به هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەی ڕمێلانی حەسەکە. بهپێی ڕوانگەی سووری، پاش هێرشهكه ئاگرێكی گهوره لهبنكهكه كهوتووەتەوە و تا بهرهبهیانی ئهمڕۆ بهردهوام بووە.
هاوڵاتی بەهۆی هێرشێكی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەك لە شاری غەززە، نزیكەی 100 فەلەستینی كوژران. ئاژانسی بەرگریی مەدەنیی غەززە ڕایگەیاند:"ئاماری مردن ئێستا لە نێوان 90 بۆ 100 كەسە و دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون، مووشەكەكانی ئیسرائیل ئەو قوتابخانەیەیان كردە ئامانج كە پەناگەی ئاوارە فەلەستینییەكان بووە". پێشتریش چەند جارێك ئیسرائیل شوێنی مانەوەی ئاوارە فەلەستینییەكانی بۆردومان كردووە.
هاوڵاتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هيچ جۆرە پێشێلكارى و بێڕێزييهك بهرامبهر به ههر بير و بڕوا و ئايينێك، قبووڵكراو نیيە و سەركۆنەی دەكەین. لە ڕایگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "ماوهى چهند ڕۆژى ڕابردوو كاردانهوهيهكى فراوان بهتايبهتى له تۆڕه کۆمهڵایهتییهکاندا بهرامبهر به لێدوانێکی نادروستی كهسايهتييهكى ئێزدى هاته ئاراوه. لێرهدا جهخت دهكهينهوه كه هيچ جۆرە پێشێلكارى و بێڕێزييهك بهرامبهر به ههر بير و بڕوا و ئايينێك، قبووڵكراو نیيە و سەركۆنەی دەكەین". ئاماژە بەوەشکراوە، "لە هەمانكاتدا ههڵهى كهسێك له ههر ئايينێك بێت، نابێ به ههڵهى ههموو پهيرهوانى ئايينهكه له قهڵهم بدرێت، بۆيه دهبێ هەموو لایەك پابەندی كولتووری یەكترقبووڵكردن و لێبوردەیی و پێكەوەژیان بن و ڕێگە لە دروستبوونی گوتاری ڕق و كینە و نكۆڵیكردن بگیرێت". لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووشە، "لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرپرسن لە بەدواداچوون و لێپرسینەوەی یاسایی، هەموو لایەكيش دڵنیا دەكەینهوه كە هەرێمی كوردستان بۆ هەمیشە وەك نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی دەمێنێتەوە، هیچ پاساوێك بۆ نانەوەی ئاڵۆزی و پشێوی و دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتیان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییيەكانی كوردستان قبووڵ ناكرێت". ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، لێدوانێكی قاسم شەشۆ فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال، لەبارەی پێغەمبەری ئیسلام ناڕەزایی لێكەوتەوە.
هاوڵاتی ئێران بەدوای تۆڵەكردنەوەیە لە كوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس لە تاران، بەڵام شێوازی تۆڵەكردنەوەكە مشتومڕی لەنێوان سیاسییەكان و سەربازییەكاندا دروستكردووە. بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی تێلیگرافی بەریتانی، پرسی تۆڵەسەندنەوە لە ناوخۆی ئێراندا مشتومڕی گەرمی لەسەرە، فەرماندە باڵاكانی سووپای پاسداران داوایان لە ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە ڕاستەوخۆی هێرش بكرێتە سەر تێلئەڤیڤ و سەرۆككۆماری ئێرانیش پێشنیار دەكات لە بری ئەوەی هێرش بكرێتە سەر ئیسرائیل هێرشبكرێتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل لە هەرێمی كوردستان و ئازەربایجان. جەنەڕاڵە باڵاكانی ناو سوپای پاسداران پێداگرن لەسەر هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تێلئەڤیڤ و شارەكانی دیكەی ئیسرائیل و سەرنجیان لەسەر بنكە سەربازییەكانە بۆ ئەوەی زیانی گیانی بەر هاووڵاتییان بەرنەكەوێت. یاریدەدەرانی سەرۆككۆمار بە ڕۆژنامەی تێلیگرافیان وتووە "سوپای پاسداران لە هەوڵی تۆڵەسەندنەوەیەكی شەڕانگێزانەترە لە ئیسرائیل، سەرۆككۆمار ترسی ئەوەی هەیە هەر هێرشێكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل لێكەوتەی جددی هەبێت". پزیشكیان لە كۆبوونەوە لەگەڵ خامەنییدا وتوویەتی:"بەڕاستی بەختەوەر بووین كە ئێران جاری ڕابردوو نەچووەتە شەڕێكی سەرتاسەری لەگەڵ ئیسرائیل و ڕەنگە ئەمجارەش نەچێتە شەڕێكی سەرتاسەرییەوە". یاریدەدەری دووەمی پیزیشكیان كە قسەی لەگەڵ ڕۆژنامەی تێلیگراف كردووە وتوویەتی: "گفتوگۆی درێژخایەن و چڕ هەبووە كە پزیشكیان هەوڵی داوە فەرماندەكانی سوپای پاسداران ڕازی بكات بۆ ئەوەی خۆیان لەو كارانە بەدوور بگرن كە دەكرێت لە ژێر كۆنتڕۆڵ دەربچن". بەڵام بەرپرسێكی ناو سوپای پاسداران بە ڕۆژنامەی تێلیگرافی وتووە:" فەرماندەكانی هێزی سەربازی نوخبە پێیان وایە پزیشكیان "تەنیا نیگەرانە لە هەڵوێستی خۆی، بەڵام كەم كەس لە سوپای پاسداران گوێی لێدەگرن".
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئاسایش لە ناوچەی قەرەداغی سنووری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ چەند چەکدارێک دوو کارمەندی ئاسایش کوژران. رەئوف شێخ کەمال، قایمقامی قەزای قەرەداغ بە هاوڵاتی راگەیاند، "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 9ی ئابی 2024، کاتژمێر 5:00 هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ چەند کەسێکی نەناسراو لە چیای قەرەداغ رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، گومان دەکرێت ئەو کەسانە بۆ دۆزینەوەی شوێنەوار چووبنە ناوچەکە، لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکە دوو کارمەندی ئاسایش گیانیان لەدەستدا". بەپێی وتەی قایمقامی قەزای قەرەداغ بێت تۆمەتبارەکان دوای ڕووداوەکە هەڵهاتوون و نازانرێت ژمارەیان چەند کەس بووە. دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند، "مەفرەزەیەکەی ئاسایشی قەرەداغ بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و چاودێریکردنی ناوچەیەکی شوێنەواری لە ئەرکدابوون، چەند کەسێکی چەکدار بەمەبەستی دەرهێنان و بردنی شوێنەواری (نەرامسین) لە ناوچە شوێنەوارییەکە بوون، ڕووبەڕووی مەفرەزەکەی ئاسایش بوونەتەوە و بووە هۆی شەهیدبوونی دوو کارمەندی ئاسایش". دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئێستادا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە".
هاوڵاتی بهرێوهبهرایهتی شههیدان و ئهنفالكراوانی ههولێر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاگادار دەکاتەوە سەردانیان بکەن. ئەمڕۆ هەینی 9ی ئابی 2024، بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەولێر ڕایگەیاند، "ئاگاداری بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سنووری هەولێر دەکەینەوە، ئەوانەی وارسی شەهیدن و بایۆمەتریان نەکردووە، یان کۆدی بایۆمەتریان نەهێناوە، پێویستە لە رۆژی یەکشەممە و رۆژانی دواتر سەردان بکەن". ئاماژە بەوەشکراوە، " پێویستە هەر وارسێک ناسنامەی شەهیدان و کارتی نیشتیمانی پێبێت". بەپێی ڕاگەیەندراوەکە بێت، ئەم پرۆسەیە بۆ ماوەی 60 رۆژ بەردەوام دەبێت، بە پێچەوانەوە ئەو وارسانەی بایۆمەتریان ئەنجام نەداوە موچەکانیان ڕادەگیرێت.
هاوڵاتی داوا لە ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس کراوە ڕۆژی پێنجشەممە 15ی ئابی 2024، لە دەوحە و قاهیرە وتووێژی بەپەلە دەست پێ بکەنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەموو ئەو بۆشاییانەی ماونەتەوە و بەبێ دواکەوتن دەست بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتن بکەن. ئەمڕۆ ههینی، 9ی ئابی 2024، نووسینگهی بنیامین ناتانیاهۆ، سهرۆكوهزیرانی ئیسرائیل ڕایگهیاند، دوای پێشنیازه سێقۆڵییهكهی نێوان جۆو بایدن، سهرۆكی ئهمهریكا، عهبدولفهتاح سیسی، سهرۆكی میسر و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال تەمیم سانی، میری قهتهر، ئیسرائیل ڕازی بووه شاندی دانوستانكاری خۆی له 15ی ئهم مانگه بنێرێته شوێنی دیاریكراو بۆ دانوستان لهگهڵ حهماس و تاوتوێكردنی ئاگربهست له غهززه. ئەمەش لە کاتێکدایە، شهوی پێنجشهممه، 8 ئابی 2024، ههر یهك له جۆو بایدن، سهرۆكی ئهمهریكا، عهبدولفهتاح سیسی، سهرۆكی میسر و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال تەمیم سانی، میری قهتهر بەیاننامەیەکی هاوبەشییان لەسەر ڕەوش و بارودۆخی غەززە و خانەوادەی بارمتەکان بڵاو کردەوە و داوایان كرد دەستبەجێ ئەو نەهامەتییانە ڕابگیرێن. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کاتی ئەوە هاتووە دەستبەجێ کۆتایی بە ئازاری درێژخایەنی خەڵکی کەرتی غەززە و بارمتەکان و خێزانەکانیان بهێنرێت، کاتی ئەوە هاتووە کە ئاگربەست بكرێت و بارمتە و دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێت. ئەوەشیان خستەڕوو، ئێمە هەر سێکمان و تیمەکانمان چەند مانگێکە هەوڵمان دا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی کە ئێسته لەسەر مێزە و تەنیا پێویستی بە تەواوکردنی وردەکارییەکانی جێبەجێکردنەکەیە. دەشڵێن، نابێت چیتر کات بەفیڕۆ بدرێت و نابێت هیچ لایەنێک بیانووی بۆ دواخستنی هەبێت، کاتی ئازادکردنی بارمتەکانە، کاتی دەستپێکردنی ئاگربەست و جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە هاتووە. ئەوەشخراوەتەڕوو، وەک ناوبژیوان، ئامادەین ئەگەر پێویست بکات پێشنیازی کۆتایی پێشکەش بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جێبەجێکردن بە شێوەیەک کە له ئاست چاوەڕوانی هەموو لایەنەکان بێت. باسلەوەشکراوە، داوامان لە هەردوولا کردووە لە ڕۆژی پێنجشەممە 15ی ئاب لە دەوحە و قاهیرە وتووێژی بەپەلە دەست پێ بکەنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەموو ئەو بۆشاییانەی ماونەتەوە و بەبێ دواکەوتن دەست بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بکەن. جێگەی ئاماژەیە، ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە ڕێک خراوە کە بایدن لە 31ی ئایاری 2024 پێشکەشی کرد و بە بڕیاری 2735 ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتگیریی کراوە.
بەپێى زانیارییەکان، ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕى بۆردوومانی هەریەکە لە گوندەکانى گوهەرزی و کانی بەلاڤێ و چیاى مەتینایان لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک کردووەو هێرشەکەش بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک بەردەوام بووە و بەهۆیەوە زیانێکى زۆر بەر ژینگەى ناوچەکە گەشتووە. بەپێى زانیارییەکان، هێرشەکەى دەوڵەتى تورکیا بۆسەر سنوورى ئەو گوندانەى سنوورى ئامێدى بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک بەردەوام بووە و بەهۆیەوە زیانێکى زۆر بە ژینگەى ناوچەکە گەیشتووە. لە ١٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤، دەوڵەتی تورکیا، بە نزیکەی هەزار سەرباز و ٣٠٠ تانک و زرێپۆشی سەربازییەوە لەشکرکێشییەکی نوێی بۆ سەر باشووری کوردستان دەستپێکرد و نۆ بارەگای نوێی کردەوە، بەوهۆیەشەوە ١٨٤ خێزانی ناچار بە جێهێشتنی زێدی خۆیان کردووە و بە بەردەوامیش بۆردوومانی سنووری پارێزگای دهۆک دەکات.
هاوڵاتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سبەینێ تیروپشکێکی تایبەت بۆ پێدانی ژمارە بە هاوپەیمانی و حیزب و کاندیده نوێیەکانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات. کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تائێستا زۆربهی ڕێکارهکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی تهواوكردووه، كهبریاره 20-10-2024 لهسهرجهم پاریزگاكانی ههرێمی كوردستان بهڕێوهبچێت. جومانه غهلای وتهبێژی كۆمیسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق ڕایگەیاند:ڕۆژی شەممە 10-8-2024 لە هەولێر، تیروپشکێکی تایبەت بۆ پێدانی ژمارە بەو هاوپەیمانی و حیزب و كاندیدانە دهکەین كه لە تیروپشکی پێشوودا ژمارەیان وەرنەگرتووە، " ئەم تیروپشکە تەواوکهری تیروپشكهكهی پێشووه و لهژماره 170 ـهوه دهستپێدهكات، ئهو کاندیدانەش دهگرێتهوه کە لهلیستی ههڵبژاردنی گشتیەوە گواسترانەوە بۆ پشکی كۆتای پێکهاتەکان و ژمارهی نوێیان پێدهدرێت. غەلای ئەوەشی وت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 9ی ئابی 2024، یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندی بۆ دانیشتووانی لوبنان دەرکرد و ڕایگەیاند، ئەگەر میلیشیاکانی حزبوڵا بەردەوام بن لە دەستدرێژییەکانیان، ئیسرائیل بە هەمو هێزی خۆیەوە شەڕ دەکات. ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەگەر حزبوڵا درێژە بە دەستدرێژیی خۆی بدات، ئیسرائیل بە هەموو هێزی خۆیەوە شەڕی لەگەڵ دەکات، دەشڵێت "ئەوانەی یاری بە ئاگر دەکەن، پێویستە چاوەڕوانی لەناوچوون بن". یۆواڤ گاڵانت، لە درێژەی قسەکانیدا وتی، ڕێگە نادەین میلیشیای حزبوڵای لوبنان سنورەکان و ناوچەکە تێکبدات.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 9ی ئابی 2024، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-قەسەدە، لە ڕاگەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تۆپبارانی چەکدارانی ‘دیفاع وەتەنی’ سەر بە حکومەتی شام لە دێرەزۆر 11 هاوڵاتیی مەدەنی شەهید و پێنجی دیکەش برینداربوون. دەشڵێت، کاتژمێر 2:30ی خولەکی درەنگانی شەوى ڕابردوو، چەکدارانی دیفاع وەتەنی سەر بە حکومەتی شام لە گوندی ئەلبولەیلەوە تۆپباران و موشەکبارانی گوندەکانی جەدیدە باغارا و دەحلەیان کردووە و کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە. قەسەدە ئاشکراشیکردوە، مووشەک و تۆپەکانی ئەو چەکدارانە ڕاستەوخۆ کەوتوونەتە سەر هاوڵاتییانی مەدەنیی و بە هۆیەوە 11 هاوڵاتیی مەدەنیی شەهید و پێنجی دیکەش برینداربوون.
هاوڵاتی دوای ئەوەی دوێنێ بوومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕى 7.1 پلەی ڕێختەر كەناراوەكانی باشووری ژاپۆنی هەژاند و بەهۆیەوە 8 كەس بریندار بوون، شارەزایانی ژاپۆنی هۆشدارییان دا لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەكی دیكەی بەهێز. ئەمڕۆ هەینی، 9ی ئابی 2024، فومیو كیشیدا سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن دوای هۆشداریدان لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەكی دیکەى بەهێز، گەشتێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوی بۆ ئاسیای ناوەڕاست هەڵوەشاندەوە. جێگەی ئاماژەیە، دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانكەرەی كە لە ساڵی 2011 ڕوویدا، ئەمە یەكەمجارە هۆشدارییەكی توندى هاوشێوە دەدرێت.
هاوڵاتی ماڵپەڕی شەفافییەت بڵاوی کردەوە و دەڵێت، داهاتی ئەم هەفتەی نانەوتی سنووری پارێزگای سلێمانی، 12 ملیار و 658 ملیۆن و 376 هەزار و 672 دیناربووە. ئەمڕۆ هەینی، 9ی ئابی 2024، ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و ڕێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان، ڕایگەیاند لە 3ی ئاب تاوەکو 9ی ئاب، داهاتی نانەوتی سلێمانی 12 ملیار و 658 ملیۆن و 376 هەزار و 672 دیناربووە. ماڵپەڕی شەفافییەت، ئەوەشی خستۆتەڕوو، داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی، بڕی 10 ملیار و 744 ملیۆن و 819 هەزار و 90 دیناری بەشێوەی نەختینە بووە کە دەکاتە 85٪. دەشڵێت، ملیارێک و 520 ملیۆن و 917 هەزار و 200 دینار بەشێوەی چەک بووە. هەر بەپێی داتاکانی ماڵپەڕەکە، 392 ملیۆن و 639 هەزار و 570 دیناریش بەشێوەی مەقاسە بووە. جێگەی ئاماژەیە بە گوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو 13 ملیار و پێنج ملیۆن و 507 هەزار و 619 دینار کەمیکردوە، بەجۆرێک لە 27ی تەمووز تاوەکو 2ی ئاب داهاتی سلێمانی 25 ملیار و 663 ملیۆن و 884 هەزار و 291 دیناربووە.
هاوڵاتی بەهۆی زیاتر بوونی حاڵەتەكانی ئاوڵەی مەیموون لە جیهاندا، تەندروستی جیهانی ئامادەكاری دەكات بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی. لە كۆماری كۆنگۆی دیموكرات ڕێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ئاوڵەی مەیموون زیادی كردووە، ئەمەش مەترسی گەورەی لەسەر تەندروستی جیهان دروستكردووە و پزیشكان هۆشداری دەدەن لە تەشەنەسەندنی. لە كۆماری كۆنگۆی دیموكرات تا ئێستا 511 كەس بە ئاوڵەی مەیموون مردون و زیاتر لە 14 هەزار حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون. لەوبارەیەوە، تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندرستی جیهانی ڕایگەیاند: ئاوڵەی مەیموون مەترسی لەسەر ملیۆنان كەس لە جیهاندا هەیە و ئامادەكاری دەكەین بۆ ڕاگەیاندنی ڕووداوەكە وەك مەترسییەكی گەورە و حاڵەتی فریاگوزاری نێودەوڵەتی. ئاوڵەی مەیمون نەخۆشییەكی دەگمەنی ڤایرۆسیی گواستراوەیە و لەئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و هەروەها لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.
