هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی ئابی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی سێ شەهیدی ڕاگەیاند، بەناوەکانی سەما، بەهرۆز و فرات. هەپەگە لە ڕاگەندراوەکەدا ئەوەی خستۆتەڕوو، لە نیسانی 2024، لە ئەنجامی هێرشی دوژمن لە خواکورک، هاوڕێیانمان سەما، بەهرۆز و فرات شەهیدبوون. دەشڵێت، ئەو هاورێیانەمان بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی گەلەکەمان بۆ هەموو جۆرە گیانبازییەک ئامادەبوون، بە تێکۆشانی داستانییان ئەوەیان دووپات کردەوە هەپەگە ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو هاوڕێیانە لەناو هەلومەرجی سەخت و دژواردا بە ئیرادەی ئاپۆییەوە لە دژی دوژمن دەوەستانەوە، بە بەرخۆدانیان نیشانیاندا کە جەنگاوەریی گیانبازیی ئاپۆیی تێکناچێت، لە چەندین ناوچەی جیاوازە درێژەیان بە تێکۆشاندا بوون بە جەنگاوەری نموونەیی. لە کۆتایی ڕاگەندراوەکەدا هەپەگە باسلەوەدەکات، بەڵێنی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە درێژە پێدەری هێڵی تێکۆشانی هاوڕێیانمان بین، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هێژای هاوڕێیانمان و تەواوی گەلی وڵاتپارێزی کوردستانمان دەکەین. هەپەگە ناسنامەی ئەو سێ شەهیدەی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو: ناسناو: باهۆز هەولێر ناو و پاشناو: فاواز ئۆسۆ شوێنی لەدایکبوون: کۆبانێ ناوی دایک و باوک: عەدولە-مەحموود کات و شوێنی شەهیدبوون: نیسانی 2024/خواکورک ناسناو: سەما جویا چەولیک ناو و پاشناو: زیلان ئازاک شوێنی لەدایکبوون: چەولیک ناوی دایک و باوک: گوڵتەن-یوکسەل کات و شوێنی شەهیدبوون: نیسانی 2024/خواکورک ناسناو: فرات هاروون ناو و پاشناو: حالەف کاراجان شوێنی لەدایکبوون: ڕحا ناوی دایک و باوک: سالیحا-محەمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: نیسانی 2024/خواکورک
هاوڵاتی دوو کۆمپانیای هێڵی فڕۆکەوانی نزیکەی هەفتەیەکە گەشتەکانیان لە شەوەوە خستووەتە ڕۆژ، ئەوەش بەهۆی مەترسی هێرشی ئێران. دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران، گریمانەی هێرشی مووشەکی ئێران بۆسەر ئیسرائیل زیادیکردووە، بەو هۆیەوە چەندین گەشتی ئاسمانی گرفتیان تێکەوتووە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، هەفتەیەکە هەریەکە لە هێڵی فڕۆکەوانی تورکیش ئێرلاین و قەتەری، گەشتەکانیان لە شەوەوە خستووەتە ڕۆژ، واتا ئەو کەسانەی کاتی گەشتەکانیان دەکەوێتە شەو دوادەخرێت بۆ هەمان کاتی ڕۆژی دواتر. بەپێی زانیاریییەكان هۆکاری دواخستنی گەشتەکانی هەردوو کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین و قەتەری لە شەوەوە بۆ ڕۆژ، بەهۆی مەترسییەکانی هێرشی مووشەکی ئێرانە بۆسەر ئیسرائیل.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، كۆمەڵێك ئاستەنگ ڕووبەڕووی یەكخستنی مووچەی 250 هەزار خانەنشینی هەرێمی كوردستان بووەتە بۆ هاوتاكردنی مووچەكانیان هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق. ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی ئابی 2024، موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بە ڕۆژنامەی (الصباح)ی ڕاگەیاند، مەرجی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی بۆ فەرمانبەرێك بەم شێوەیە، بەغدا مووچەی فەرمانبەرێک خەرج دەكات كە لەكاتی خزمەتدا پارەی خانەنشینی لێبڕدرابێت. موعین کازمی دەشڵێت، تائێستا نەگەیشتوینەتە ئەنجامێك لە دۆسیەكە، بۆ ئەوەی بە دەستەی خانەنیشنی نیشتمانی ڕابگەیەنین و پێویستە بڕی لێبیڕینەكان بدرێت بە دەستەكە، كە شایستەی خانەنشینان لەڕێی سندوقی خانەنشینیەوە دابین دەكات. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لێبڕینی خانەنشینی، لە مووچەی فەرمانبەر دەبڕدرێت و دەچێت بۆ دەستەی خانەنشینی، كە سندوقی خانەنشینان بەڕێوەی دەبات، بەڵام ئەمە لە هەرێمی كوردستان نیە ئەو جیاوازییەی ئێستا ڕێگەنادات شایستەكان یەكبخرێن و زامنی بەردەوامیدان بە شایسەی خانەنشینی هەرێم ناكات. موعین کازمی ئاماژەی بەوەشداوە، داواشکراوە چارەسەری دارایی بەردەوام بۆ زامنكردنی مافەكانی خانەنشینانی هەرێم بدۆزرێتەوە، بەبێ دروستكردنی بارگرانی دارایی و دیراسەكردنی ئەگەری وەرگرتن و ناردنی پارەی لێبڕینی خانەنیشین لە 250 هەزار خانەنیشینی كوردستان بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ وەك مەرجی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی، تا كۆتایی تەمەنی. لە کۆتایشدا موعین کازمی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ئەوە پێویستە بەوپێیەی وەزارەتی دارایی و دەستەی خانەنشینی پارەی خانەنشین خەرجناكەن، تەنها بۆ فەرمانبەرێك نەبێت كە پارەی خانەنشینی لە خزمەتی 20بۆ 30 ساڵ و بەرەو ژوور لێبڕاوە.
هاوڵاتی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی بووە كاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، دوای ئەوەی لیژنەی نیشتمانی پارتەکە ئەنجامی کۆتایی پرۆسەی دەنگدانی ئۆنلاینی بڵاوکردەوە. دوای کشانەوەی جۆ بایدن لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان، هاریس توانی دەنگی پێویستی نوێنەرانی دیموکراتەکان لە دەنگدانێکی ئەلکترۆنیدا بۆ كاندیدی بەدەست بێنێت. ڕۆژی 5-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت. ئەگەر هاریس بتوانێت هەڵبژاردنەکە لە ترەمپ بباتەوە، ئەوا دەبێتە یەکەم ژن کە بووبێتە سەرۆکی ئەمریکا.
هاوڵاتی لە ناوچەی سپاهانی ئەسفەهان لە ئێران ئەمشەو دەنگی سێ تەقینەوە بیسترا و بەرپرسان روونکردنەوە دەدەن لەبارەی ئەو تەقینەوانە. لە دوای بیستنی ئەو دەنگانە محەمەد ڕەزا جانساری، جێگری پارێزگاری ئەسفەهان بە میدیاکانی رایگەیاندووە، "هۆکاری تەقینەوەکان تەنیا راهێنان و تاقیکردنەوە بووە". ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، چاوەڕێ دەکرێت ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، لە بەرامبەر کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران. بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 31-07-2024 لە تارانی پایتەختی ئێران ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەنێو ژووری پشوودانی کرایە ئامانج.
هاوڵاتی بەهۆی ڕەخنەگرتن لە بەرپرسێكی سنوورەكە، دوو ڕۆژنامەنووس لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەسنووری سەیدسادق دەستگیركران. بەهۆی دامەزراندنی شەش كەس لە پڕۆسەیەكی "ناڕوون" چەند ڕۆژێكە هەڵمەتێك بۆ دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی شارەوانیی سەیدسادق لەلایەن ژمارەیەك چالاكوان و ڕۆژنامەنووسی سنوورەكە دەستیپێكردووە، هەڵمەتەكە بەرپرسانی یەكێتیشی گرتووەتەوە، بەو هۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس دەستگیر كراون و یەكێك لەوان دوو ڕۆژە لە زیندانە. بەپێی زانیارییەكان، هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی هەریەك لە ڕۆژنامەنووس مەحموود شێخ نووری و ئەبوبەكر حوسێنیان لە سنووری سەیدسادق دەستگیر كردووە، ئەبوبەكر حوسێن ئەمڕۆ دەستبەسەر كراوە و پاشان لە دادگە ئامادە بووە و ئازاد كراوە، بەڵام مەحموود شێخ نووری دوو ڕۆژە دەستگیركراوە و ئێستا لە زیندانە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دووبارە دەستگیرکردنەوەی (دکتۆر سوهەیب)ی ڕاگەیاند، ئەو کەسەی هەڕەشەی لە ئافرەتان دەکرد. لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، "تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دووبارە (دکتۆر سوهەیب)یان بە تۆمەتی فریودان و هەڕەشەکردن لە ئافرەتان و خراپ بەکارهێنانی هێڵەکانی پەیوەندی دەستگیر کردەوە". ئاماژە بەوەکراوە، "تۆمەتباری ناوبراو، کە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرابوو ،دواتر بە دەستەبەری (کەفالە) ئازاد کرابوو، دووبارە دەستی بە هەڕەشەکردن لە ئافرەتان کردبووەوە و هەروەها خۆی وەکو پزیشکی جوانکاریی ناساندبوو، کە لەو ڕێگایەوە ئافرەتانی هەڵدەخەڵەتاند و وێنە و ڤیدیۆی دەگرتن و هەڕەشەی لێ دەکردن، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، دووبارە لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرایەوە و ڕادەستی دادگا کرا".
هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی لە 10ەمین ساڵیادی تاوانی کۆمەڵکوژی دژی شەنگال و پێکهاتە عێراقییەکانی تر چەند بڕیارێکی تایبەتی بە خەڵکی شەنگال دەرکرد. ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی ئابی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق،لە میانەی بەشداریکردنی لە یادی 10ەمین ساڵیادی تاوانی كۆمەڵكوژی دژی ئێزیدییەکان و باقی پێكهاتەكانی دیكەدا و چەند برٍیارێكی دەركرد. محەمەد شیاع سودانی دەڵێت، لەشكركێشی بۆ سەر گوند و شارۆچكەكانی شنگال و گوندی كۆجۆ ئەو بۆ تێكدانی پێكەوەژیانی ئاشتیانە بوو، تیایدا خەڵكەكەی تووشی دڕندەییەكی بێ وێنە بوونەوە و بەهۆیەوە سەدان كەس كوژران و بریندار بوون. سەرۆک وەزیران ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو كۆمەڵكوژییەی لە دژی ئێزیدییەكان و پێكهاتەكانی دیكە لە سەر دەستی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ڕوویدا، وامان لێدەكات كە خوازیارى ڕاگرتنی شەڕ بین لە هەموو شوێنێكی دنیادا. سودانی وتیشی، سندووقی ئاوەدانكردنەوەی دەشتی شەنگال و نەینەوامان دامەزراندووە، پێشتریش بڕیارمان دەركرد بۆ درووستكردنی 14 هەزار و 500 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی شەنگال، دوێنێ ڕێنماییمان دەركرد بۆ ئەوەی خەڵكی شەنگال و دەشتی نەینەوا بتوانن قەرزی بانكی خانووبەرە و سندووقی نیشتەجێبوون و دەستپێشخەرییەكانی بانكی ناوەندی وەربگرن. سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد، بۆ كردنەوەی لقی زۆربەی دامەزراوە خزمەتگوزاری و دارایی و بانكییەكانی دەوڵەت لە شەنگال و پێدانی بڕوانامەی كار بە خەڵكی ناوچەكە ڕێنمایمان دەركردووە، هەروەها ڕێنمایمان بۆ دامەزراندنی زانكۆی شەنگال دەركرد، قەرەبووی ماڵە ڕووخاوەكانی ئاوارەكان و ناوچە زیانلێكەوتووەكانیش دەكرێتەوە.
هاوڵاتی لەبەر ڕۆشنایی بڕیارێکى دادگاى فیدراڵى موچەى ئەم مانگەى ئەندامانى پەرلەمانى عێراق کەمکرایەوە و پەرلەمانتارانیش دژى بڕیارەکەن و پێیان وایە، نابێت پەرلەمانتار وەک پلە تایبەت مامەڵەى لەگەڵ بکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی ئابی 2024، كاروان یاروهیس ئهندامی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق لهفراكسیۆنی یهكێتی بە ماڵپەری فەرمی یەكێتی ڕایگەیاند پهرلهمانتارانی عێراق مووچهكانیان كهمكراوهتهوه، ئهوهش دوای ئهوه دێت كه داواكرابوو كه پله باڵاكان لهحكومهت مووچهكانیان كهمبكرێتهوه، لهبهرامبهریشدا بۆچوونێك ههیه كه پهرلهمانتار پله باڵا نییه تهنها بۆ چوار ساڵ لهو پلهیهدا دهمێنێتهوه، بۆیه پێویست ناكات ئهو بڕیاره پهرلهمانتاران بگرێتهوه. دەشڵێت، بهپێی بڕیارهكه ساڵی خزمهت و بڕوانامهو هاوسەرگیری و بوونی منداڵ كراوهته پێوهر بۆ مووچە و بهڵام له ڕابردوودا پهرلهمانتاران موچهیهكی جێگیریان ههبوو كه 8 ملیۆن و 200 ههزار دینار بووه، بهڵام بهپێی ئهم بڕیاره نوێیە بهشێكی زۆری پهرلهمانتاران موچهكانیان كهمی کردووە. کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەشداوە، لهگهڵ ئهوهی پێویستبوو كارو چالاكی و ههوڵی پهرلهمانتاران بكرێته پێوهر نهك بڕوانامه، بهڵام بهپێی ئهم بڕیاره ههموو پهرلهمانتارێك 4 ملیۆن دیناری جێگیری ههیهو پاشان دهرماڵهكانی دیكه وهردهگرێت، لهم چوارشێوهیهشدا مووچهی پهرلهمانتاران وهك یهك نابێت و تهنها ئهو كهسانهی بڕوانامهی دكتۆرایان ههیه مووچهكانیان زیادیكردوه. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بۆ مانگی حهوت پهرلهمانتارانی عێراق، بڕی 4 ملیۆن دیناری جێگیر و دهرماڵهكانی دیكهش بهپێی بڕوانامهو ساڵی خزمهت و ژن و منداڵ پێیان دراوه، بهڵام ئهو پهرلهمانتارانهی بڕوانامهی دكتۆرایان ههبووه دهرماڵهی 100% و ئهو پهرلهمانتارانهی بڕوانامهی ماستهریان ههبووه دهرماڵهی 75% و ئهو پهرلهمانتارانهی بڕوانامهی دبلۆمیان ههبووه دهرماڵهی 35% و ئهو پهرلهمانتارانهشی بڕوانامهی ئامادهییان ههبووه دهرماڵهی 25% یان پێدراوه.
هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر ئاگاداری دانیشتووانی شاری هەولێر دەکات، لە کاتژمێر 12ی ئەمڕۆ نیوەڕۆوە بۆ ماوەی 34 کاتژمێر هەموو ئەو گەڕەکانەی دەکەونە سەر پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ بێ ئاو دەبن. سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر لەڕێگەی بیر و سێ پڕۆژەی گەورەی ئیفرازەوە دابین دەکرێت. پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: ماوەیەکە بەهۆی شکانی بۆڕی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز 3 لە جۆری GRP پڕۆسەی گواستنەوەی ئاو بۆ هاونیشتمانیان %20ی کەمیکردبوو، بەڵام بە چاککردنەوەی لە ڕۆژێکدا (60 هەزار مەتر سێ جا ئاو) بۆ شاری هەولێر زیاد دەکات. لە پڕۆژەکەدا دەبوو پێنج پەمپی گواستنەوەی ئاو کار بکات، هەر پەمبێک دوو هەزار مەتر سێجا ئاو بگوازێتەوە، یەکێک لەو پەمپانە کاری نەدەکرد، لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر پڕۆژەى گۆڕینی هێڵى 1500ملم جۆری GRP بۆ جۆری کاربۆن ستیل لە هێڵی گوێزەرەوەی ئیفراز 3 بەکۆتایی هات و بەمە هەنگاوە دوو هەزار مەتر سێجا زیاد دەکات. پارێزگاری هەولێر وادەڵێت. پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3 ئاوی پاک بۆ 40%ی دانیشتووانی شارى هەولێر دابین دەکات، لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئاوی ئەو پڕۆژەیە دەوەستێت بەمەبەستی بەیەکەوە بەستنەوەی بۆرییەکان. ئەمەش بەوتەی پارێزگاری هەولێر
هاوڵاتی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق سکاڵایەکی ڕەتکردەوە، کە لەلایەن دوو پەرلەمانتار تۆمار کرابوو. ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی ئابی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای دوو پەرلەمانتار کۆبووەوە کە سكاڵاكەیان لەسەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و دکتۆر لەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆماری عێراق تۆماركردبوو. هەریەكە لە پەرلەمانتاران (باسم خەزعەل خەشان)و (مستەفا جەبار سەنەد)، سكاڵاكەیان لەسەر سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماری عێراق تۆماركردبوو، تێیدا داوایان لە دادگای باڵای فیدراڵی كردبوو بڕیار بدات بەوەی، ڕەزامەندی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار بۆ ڕێگەدان بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق نادروستە و بڕیارەكەیان هەڵوەشێنێتەوە. لە سکاڵاکەشدا هاتووە، لەمەش زیاتر سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار پابەند بكات دوای تەوابوونی ماوەی ڕێككەوتنەكە، ئەو ناوچەو دامەزراوانە بگەڕێننەوە كە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە بەكاردەهێنرێن. دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی ڕەتكردەوەو ڕایگەیاند، سكاڵاكە لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەكانیدا نییە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی لەچەند ماڵپەڕێکی عەرەبی وا بڵاوکراوەتەوە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کەسێک بەهۆی ڤایرۆسی ئایدز مردووە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی ڕەتیدەکاتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان لە هەرێمی کوردستان کەیسی نەخۆشی ئایدز هێشتا نەبووەتە مەترسی. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی وت، "مردنی کەسێک بەنەخۆشی ئایدز لەیەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر ڕەتدەکەینەوە، ئەوەی باسکراوە گوایە لە نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنە، ئەمە خۆی دەرخەری ناڕاستی بابەتەکەیە لەبەرئەوەی کەیسی ئایدز ناچێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن". سەرچاوەکە ڕەتیکردەوە بە فەرمی لێدوان بدات و وتیشی، "ڕوونکردنەوەمان دەبێت و بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو بابەتە دەکەین".
هاوڵاتی/ بەریتانیا کاوە ڕەش تادێت هێرش و ئاژاوەی گروپە ڕاستڕەوو توندڕەوەكانی بەریتانیا، تەشەنە دەستێنێت و لەم هەفتەیدا دەیان ئاژەوەو توندوتیژیان بەرامبەر خەڵكانی بێگانەو پەناخوازان، ئەنجام داوە. شڵەژانی شەقامەکانی بەریتانیا ، لەدوای هێرشی هەرزەكارێكی بەڕەگەز بێگانە هات، كەژمارەیەك منداڵی لەسەنتەرێكی سەماكردن، برینداركردو كوشت، هاوكاتیشە لەگەڵ دەستبەكاربونی سەرۆكوەزیرانی نوێی بەریتانیا و دەسەڵاتداریەتی پارتی كاری بەریتانیا. ئەمەش تاقیكردنەوەیەكی پڕ زەحمەتە بۆ سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، كەڕووبەڕووی دەبنەوە، لەکاتێکدا ئاژاوەگێڕەكان هەڕەشەی دەرچوون لەکۆنتڕۆڵ دەكەن، دەسەڵاتداران خۆپێشاندەران، بە ئاژاوەگێڕو، جەردەو چەقكێش ناو دەبەن. ئەم ئێوارەیە سەرۆك وەزیران، پەیامێكی توندی ئاڕاستەی ئاژاوەگێڕان كردو ڕایگەیاندوە، كەدەسەڵاتی تەواو دراوە بەهێزە ئەمنییەكان، بۆ دەستگیركردنی ئەوانەی كاری شەڕەنگێزی و پەلاماردەری ئەنجام دەدەن، تا ببرێنە بەردەم دادگا. هاوكات سەرۆك وەزیران وتی، ئەركی ئێمەیە كەسەلامەتی گیانی هەموو خەڵكی بەریتانیا بپارێزین، بێ جیاوازی ڕەگەزیی و ئاینی ونەتەوەی، ب تتایبەتیش ڕەوەندی موسڵمانەكان، كەئێستا ڕاستەوخۆ هێرشیان دەكرێتەسەر. هێرشی نەژاد پەرست وتوندڕەوەكان، تەشەنەی سەندوە بۆسەر مزگەوت و شوێنەئاینیەكانی بێگانەكان، لەنێویاندا هۆستێل و هۆتێل وشوێنی داڵدەدانی پەناخوازان. ڕۆژی یەكشەممە، هێرشەكان توندتربونەوەو سەدان ئاژەوەچی ویستویانە هێرش بكەنە سەر چەندین مزگەوت لەبەریتانیا، هەر لەو ڕۆژەشدا هێرشكراوەتە سەر هۆتێلێكی مانەوەی پەناخوازان لەشارۆچكەی ڕۆزەراهام و زیانی زۆر بەرهۆتێلەكە كەوتووە، بەڵام پۆلیس دەڵێ، جگە لەزامداربوونی چەند كاڕمەندێكیان هیچ كۆچبەرێك وستافی هۆتێلەكەزامدار نەبوون بەهۆی هێرشەكەوە. لەلایەكی دیكەوە، گروپی بچوك بچوكیش، هێرش دەكەنە سەر دووكانی بیگانەكان و وەك لەچەند گرتە ڤیدۆی نێو سۆشیال مێدیادا بڵاوبونەتەوە دەركەوێ، ژمارەیەك سەرتاشخانەی كوردەكان دەشكێندرێن و ئاگر دەخرێتە نێو دوكانەكانیان. لەچەند ناوچەیەكیش بەشێك لەبێگانەكان گردبوونەوە بۆ پاراستنی مزگەوت و دوكانەكانیان، تا هێرشی نەكرێتەسەر، بەڵام پۆلیس داوا دەكات، هەموولایەك خۆیان بەدوور بگرن لە ڕووبەڕووبونەوەو پێك هەڵپژان، لێگەڕێن پۆلیس ئەركەكانی خۆی ڕاپەڕێنێت ئەمڕۆ دووشەمە كابینەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، كۆبوونەوەی فریاگوزاری لەناكاو دەبەستێت، كەناسراوەبە (كۆبرا) بۆ خۆئامادەكردن و ڕووبەڕووبونەوەی ئەو شەڕوئاڵۆزی و پشێیویەی بەشێكی بەریتانیای گرتووەتەوە.
هاوڵاتی ئێران لە هەڕەشەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بەردەوامە، لە نوێترین پەیامیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند وەڵامدانەوەی ئێران لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەبێت. ئێران، ئیسرائیل بە کوشتنی هەنییە تۆمەتبار دەکات و پێی وایە ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە و پێشێلی یاسای نێودەوڵەتییە. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئێران بۆ سزادانی ئیسرائیل چاوەڕێی هیچ کەس و لایەنێک ناکات و خۆی بەرگریی لە خۆی دەکات. وتیشی: ئێمە ناتوانین دەستەوەستان بین و بەرگری لە ئاسایشی خۆمان و ئاسایشی دۆستان و ناوچەکەمان دەکەین. پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش بە ئەرکی خۆی هەستێت کە دابینکردنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە. نابێت کەس گومان لە مافی ئێران لە سزادانی ئیسرائیل بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکات. لەلایەکی دیکەوە، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ڕایگەیاند وەڵامی ئێران بۆ ئیسرائیل لە تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە هێندە تووند دەبێت کە ئیسرائیل تێبگات لە چ هەڵەیەکی کردووە. ڕۆژی 31-7-2024 ئیسماعیل هەنییە، لە تاران، کوژرا. لەو کاتەوە جیهان چاوەڕێی تۆڵەسەندنەوەی ئێرانە و ئێران هێشتا کاردانەوەی ڕاستەوخۆی نەبووە.
هاوڵاتی سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕایدەگەیەنێت، ئەو پرسیارانەی ڕۆژانە ئاڕاستەیان دەکرێن، بۆچی ڕۆژانە ڕێژەی شێرپەنجە ڕوولەهەڵکشانە، بۆچی ژینگە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پیس دەبێت، بۆچی هەوای شارەکان پیسن، بۆچی هەمیشە تەمێکی ڕەش شارەکانی داگیرکردووە، بۆچی بۆنێکی ناخۆش پایتەخت و شارەکانی تری تەنیوە، و چەندان پرسیاری تر. لە وەڵامدا مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕایگەیاند، "بەپێی ئاماری ساڵی 2018 بێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 41 پاڵاوگە هەن، هەموویان بە ئەمبارەكانیشیانەوە نایاسایین، هەروەها نزیكەی 100 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن، كە بەسەر نزیكەی 40 پارچە زەویدا دابەشبوونە، ئەو پاڵاوگانە بەناوی كارگە مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام دواتر كراون بە پاڵاوگەی نایاسایی، هەموو پاڵاوگەكان نایاسایین". ئاماژە بەوەشدەدات، "پارێزگای هەولێر زۆرترین پاڵاوگەی نایاسایی لێن، كێشەكە تەنیا لە سنووری ناوەندی هەولێر نییە، بەڵكو لە سنووری قەزای مەخموور و خەبات و كۆیەش هەیە و پاڵاوگەی نایاسایی زۆری تێدان كە زیاتر لە 300 پاڵاوگەی نایاسایی دەبێت". سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە وتی، "دوای زیاد لە شەش ساڵ لەو بەروارە دوێنێ هەواڵی داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر بڵاوبووەوە کە بەپێی زانیارییەکان ئەو بڕیارە لە 8/2/2021 دراوە واتە سێ ساڵ و شەش مانگ لەمەوپێش هۆکاری جێبەجێنەکردنی لە ڕۆژی دەرچونییەوە چیە، کێ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، ئاخۆ ئەو پاڵاوگانەی تر داخراون یاخود ماون دابخرێن، ئاخۆ پاڵاوگەکانی تری سلێمانی و دهۆک داخراون یا ئەوانیش ماون". وتیشی، "، ئەم پاڵاوگانە هی کەسانی دەستڕۆیشتووی ئەم هەرێمەن، ئەگەرنا ئەگەر ڕاست دەکەن فەرموو بیانهێننە سەر شاشەی تیڤییەکان با خەڵکی بزانن ئەمانە هۆکاری شێواندنی ژینگەی ئەم وڵاتە بوونە و بە پارەیەکی باش سزایان بدەن"،
