هاوڵاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سبەینێ کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەک دەدات. راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، سبەینێ سێشەممە 6ی ئابی 2024، ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە، بەپێی خشتەی کار بێت، لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساى تۆمارکردنى لەدایکبووان و مردووان، پێشنیازە یاساى هەموارى یەکەمى یاساى بنەماى هاوتاکردنى بڕوانامە و پلە زانستییە عەرەبی و بیانییەکان، پڕۆژەیاساى پەیوەندیکردنى عێراق بە رێککەوتنى نێودەوڵەتى بۆ زەیتوون و رۆنی زەیتوونى خواردن دەدرێت. وەک لە کارنامەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی پێدراوە، لە کۆبوونەوەی سبەینێ، خوێندنەوەى دووەم بۆ پێشنیازە یاساى سەندیکاى پڕۆگرامسازانى عێراقى دەکرێت.

هاوڵاتی شارەوانی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتیدەکاتەوە، بناری چیای گۆیژە بکرێتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون. لە ڕوونکردنەوەکەی شارەوانی سلێمانی هاتووە:"چەند ڕۆژێکە لەدوای سوتانی بەشێک لە شاخی گۆیژە، هەندێک پەیج و ڕاگەیاندنی نافەرمی باس لە ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون دەکەن لە سەر ئەو شاخە و دامێنی شاخەکە کە دارستانی فەرمیە و ساڵانە خزمەت دەکرێت". "لێرەوە ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین و "ڕایدەگەیەنین کە هیچ پلان و بڕیارێک لەئارادا نیە بۆ ئەنجامدانی (پڕۆژەی نیشتەجێبوون) لە شاخی گۆیژە"، ئەو دەنگۆیانەی کە باسی لێوە دەکرێت هیچ بنەمایەکی ڕاستی و دروستی نیە". شارەوانی سلێمانی وا دەڵێت.

هاوڵاتی وەزیری نەوتی عێراق، نهێنییەکانی پاش رێککەوتننامەی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌گه‌ڵ کۆمپانیای بریتش پترلیۆمی بەریتانی ئاشكرا كرد و لەمەودوا وەبەرهێنان لە غازی کەرکووک دەکەن. ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو عێراق ڕێککەوتننامەیەکی ستراتیژی له‌گه‌ڵ کۆمپانیای بریتش پترلیۆمی بەریتانی واژۆ کرد، ڕێکەوتنەکە بۆ نۆژەنکردنەوەی هەریەکه‌ لە کێڵگە نەوتییەکانی هاڤانا و جەمبوور و بای حەسەن و خەباز بوون لە کەرکووک. لەوبارەیەوە حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: دەمانەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک له‌ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ زیادبکەین بۆ به‌رزترین ئاست. وتیشی: به‌پێچه‌وانه‌ی گرێبه‌سته‌كانی پێشو كه‌ته‌نیا ئامانج لێیان زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بوو, له‌مه‌ودا له‌كه‌ركووك گرنگی به‌ وەبەرهێنانی غاز ده‌ده‌ین.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان چەند بەرپرسێکی گۆڕی، ئەمڕۆ لەمەراسییمێکدا بەڕێوەبەری گشتی نوێی گومرگ و جێگرەکەی لە وەزارەتی دارایی دەست بەکاربوون. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە بارەی ئاڵوگۆڕی چەند پۆستێکی باڵای وەزارەتەکەیان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندنداوەکادا هاتووە، ئەمڕۆ لەمەراسیمێکدا بەئامادەبونی فەیسەڵ عەلی و ڕێباز عەباس ڕاوێژکارانی وەزارەت و یاسین واحید بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی ئەنجامدرا. ئاماژە بەوەشکراوە، کەمال ڕەوف لە شوێنی ساماڵ عەبدول ڕەحمان وەک بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و جەوهەر مەحمود لەشوێنی عەبدول قادر عەبدوڵا وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەست بەکاربوون. لەمەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت هیوای سەرکەوتنیان بۆ بەڕێوەبەری گشتی نوێی گومرگ و جێگرەکەی خواست لە ئەرکە نوێیەکەیاندا و بەناوی وەزیری داراییەوە هەموو پشتیوانیەکیان بۆ سەرخستنی کارەکانیان دوپات کردەوە.

هاوڵاتی وەزاره تی پلاندانانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە لە پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان پرسیار دەربارەی نەتەوە یان مەزهەب بکرێت. دوای 27 ساڵ بڕیاروایه‌ ئەمساڵ لە 24-11-2024 سەرژمێری گشتی دانیشتووان لەعێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت و تاوەکو 15ـ 12ـ2024 بەردەوام بێت. عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند: سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون تەنها دانیشتووانی نێوخۆی عێراق بە عێراق و غەیرە عێراقی دەگرێتەوە و هیچ پرسیارێک لەبارەی نەتەوە یان مەزهەبی تێدا نییە، وەزارەتی پلاندانانیش هیچ داتایەکی لەبارەی هیچ کام لە پێکهاتەکان لەبەردەست دا نییە.

هاوڵاتی بڕیاره‌ چوارشەممەی داهاتوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، میوانداری تەیف سامی وەزیری دارایی بكات، هۆکارەکەش کەمیی پارەی نەختینەیە. لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە کەمی پارەی نەختینە و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان ده‌دات، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی زیاتری بەهای دینار به‌رامبه‌ر به‌ دۆلارێ ئەمریکی. لەوبارەیەوە ئیخلاس دلەیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ئێستا عێراق کێشەی پاره‌ی نەختینەیی هەیە، ئەمەش بانکی ناوەندیی ناچار کردووه‌ دراوی زیاتر چاپ بکات بەتایبەتی له‌ هه‌ردوو جۆری 50 و 25 هه‌زاری. دلەیمی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووە ئه‌م كێشه‌یه‌ کاریگەری لەسەر دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران نابێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ ده‌بێت . له‌لایەن خۆشیەوە، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند: بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە بازاڕدا, بانکی ناوەندیی عێراق یەدەگی دراوی پیویستی له‌به‌رده‌سته‌ . بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ په‌رله‌مانی عێراق بڕیاره‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو میوانداری تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بكات .  

هاوڵاتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی بڕگەی هەمواری یاسای باری کەسیی بۆ کارنامەی کۆبوونەوەکە زیاد کرا، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و دانیشتنەکە هەڵگیرا. نیوەڕۆی‌ ئەمڕۆ یەکشەممە 4-8-2024 کۆبوونەوەکەی‌ پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 172 ئەندام دەستی پێکردو کارنامەی دانیشتنەکەش چوار بڕگەی لە خۆ دەگرت، لە میانی دانیشتنەکە بڕگەی هەمواری یاسای باری کەسی زیاد کرا. لە دانیشتنی ڕۆژی 24-7-2024 به‌هۆی بوونی ناكۆكیی لەسەر هەمواری یاسایەکە، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می هەمواری یاسای باری کەسیی بۆ كاتێكی نادیار دواخست. بەپێی هەمواری یاساکە، لە کاتی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیریدا، پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو هاوسه‌ر ئه‌و مه‌زهه‌به‌ دیاریبکه‌ن "شیعە یان سوننە" بۆ ئەوەی لە ژیانی هاوسەرگیریاندا پشت بە یاساکانی ببەستن، لەکاتی ناکۆکیی نێوان ژن و پیاوێکی مەزهەب جیاوازدا، مەزهەبی پیاوەکە کاری پێدەکرێت. هەمواری یاسای باری کەسێتی لە نێو پێکهاتەکانی پەرلەمان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان مشتومڕی‌ دروستکردووە بەوپێیەی‌ لە ماددەی دووـی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، دادگای باری کەسێتی ئەو گرێبەستی هاوسەرگیریانە پەسەند دەکات کە لەنێوان تاکی موسڵمانی پێگەیشتوو "الافراد البالغون" ئەنجام دەدرێن لەسەر دەستی لایەنێکی دادوەریی یان ئاینی یان لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە.  

هاوڵاتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كوتلەی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پەرلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر دەكات. ڕۆژی یەكشەممە 4ی ئابی 2024 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كوتلەی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پارلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر كرد. بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، "لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها دۆخی كەركووك و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی پرسی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێی و هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك و دیاریكردنی پۆستە ئیدارییەكانی تری كەركووك ئاڵۆگۆڕ كرا". "لەو دیدارەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك و لە خزمەت پاراستنی سەقامگیری و ئەو شارە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و بوژانەوەی كەركووك بێت ئەویش لە چوارچێوەی تەوافق و كۆدەنگیی نیشتیمانی". بارەگای بارزانی وادەڵێت، کۆبوونەوەی بارزانی و بەشێک لە لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان لەکاتێکدایە، کەمتر لە هەفتەیەک مۆڵەت ماوە بۆ دیاریکردنی پارێزگار و پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگای کەرکووک، ئەگەرنا بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگار ڕادەسپێرێت.

هاوڵاتی فەرماندەیەکی حوسییەکان بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی کەتائیبی حیزبوڵا لە پارێزگای بابل کوژراوە. سێشەممەی رابردوو لە میانی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە جورفولسەخر، حوسێن عەبدوڵا مەستوور شبل فەرماندە لە حوسییەکانی یەمەن کوژراوە. سەرچاوەیەکی عێراقی ئاشکرای کردووە تەرمی ئەو فەرماندە حوسییە لە گۆڕستانێکی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا لە پارێزگای نەجەف بە خاک سپێردراوە. بەوتەی سەرچاوە عێراقییەکە، حوسێن عەبدوڵا مەستوور لە رێگەی دەروازە زەمینییەکان لە خاکی ئێرانەوە هاتووەتە عێراق، بەڵام پاسپۆرتی فەرمی نەبووە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی تەموزی 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی و قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی دەستی ڕژێمی پێشوو کۆبووەوە و لەئێستادا کۆبوونەوەکە بەردەوامی هەیە. کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستیپێکردووە و سووننەکان شەڕی تێپەراندنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی دەکەن، کە ئەو کەسانەی بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستیەکاندا گیراون ئازاد بکرێن". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە بەرامبەردا شیعەکانیش شەڕی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی دەکەن کە رێگە دەدات بە هاوسەرگیری  پێشوەخت و مەزهەب گەرایی تووندتر دەکاتەوە". وەک ئەو پەرلەمانتارە باسی لێوەدەکات لەم نێوەندەدا کورد تونها دەبێت تەماشاكەر بێت و سووننە و شیعەکان هەریەکە و لە بەرژەوەندیی خۆی کاردەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە، لە دانیشتنی ڕابردوودا زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان ڕەتیانکردەوە کە یاسای باری کەسێتی هەموار بکرێتەوە داوایانکرد پێشنیازەکە ڕەتبکرێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەمواری یاساکە بووەوە بە تەوەرێکی کۆبوونەوەکە.  

هاولاتی دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند جارێک ئاگر لە چیای گۆیژە کەوتەوە، ئەمڕۆ قایمقامی سلێمانی دەستگیردنی کەسێکی ڕاگەیاند بە تۆمەتی سووتاندنی چیاکە. ئەمڕۆ شەممە 4ی تەموزی 2024، ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندووە، "کەسێک بە تۆمەتی سووتاندنی چیای گۆیژە دەستگیرکراوە". تەنها لە ماوەی سێ ڕۆژدا پێنج جار ئاگر لە شاخی ئەزمەڕ و گۆیژە و دەوروبەری کەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 500 سەد دۆنم زەوی و هەزاران دار سووتاون.  

هاوڵاتی بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی هەولێر، ژمارەیەک ڕێنمایی گرنگ بۆ کارپێکردنی مووەلیدەی گەڕەکەکان، ئۆتۆمبێل، وێستگە و پاڵاوتگە یاسایی و نایاساییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەرکران. ئەمڕۆ شەممە 4ی تەموزی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، "سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دادەخرێن، هەروەها ماوەی 10 ڕۆژ مۆڵەت دەدرێت بە پاڵاوگە یاساییەکان کەموکوڕی پارێزگاری لە ژینگە چارەسەر بکەن".' زیاتر لە 200 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر هەن تا ئێستا 26 یان داخراون. پارێزگاری هەولێر چەند ڕێنماییەکی بۆ پاراستنی ژینگە دەرکرد: 1. 138 پاڵاوگەی نایاسایی لەسنووری هەولێر دادەخرێن. 2. ماوەی 10 ڕۆژ بۆ پاڵاوگە یاساییەکان دادەنرێت تاوەکو سەرجەم مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن، هەر کەم و کوڕییەکی ژینگەیی هەبێت مەرجە چارەسەر بکرێت، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. 3. تەواوی کارگەکانی سنووری هەولێر، دەستبەجێ چارەسەری گرفتەکانی ژینگەپارێزی بکەن. 4. موەلیدەی گەڕەکەکان نابێت گازی خراپ بەکاربهێنن گازەکە سەرجەن گازەکەیان دەپشکێنرێت، نابێت دووکەڵ بکەن و یەک هەفتە لەبەردەمیانە موەلیدەکانیان بگۆڕن بۆ بێدەنگ. 5. هەر ئۆتۆمیلێک دووکەڵی پیس بڵاوبکاتەوە دەستیبەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکەی سزای دارایی دەدرێت. 6. داوا لە وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان دەکەین مەرجە ژینگەییەکان لە وێستگەی هەڵمی خەبات جێبەجێ بکرێن. 7. لیژنەیەکی باڵا بەسەرپەرشتی جێگری پارێزگار و ئەندامێتیی ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتیی و قایمقام پێکدێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، هەر بەرپرسێک لە کارەکەی کەمتەرخەمی بکات سزا دەدرێت  و هەر بەرپرسێک لە کارەکەی سەرکەوتوو بێت پاداشت دەکرێت.

هاوڵاتی لە ڕێگەی دوو بازگەوە ڕێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت. ئەمڕۆ شەممە 4ی ئابی 2024، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "حکومەتی عێراق دوو بازگەی داناوە و ڕێگری دەکات لە هەناردەکردنی بەرهەمی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق". وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەین، هەموو ئەو ڕێگایانە دەگرینەبەر بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئەم بارودۆخە". بە ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئەو کارگانە تووشی زیانی دارایی دەبن و دوورنییە بەشێکیشیان دابخرێن.  

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد لەلایەن ژمارەیەک ئەندامی شیعەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەوڵێک هەیە یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959ی عێراق بگۆڕن و پرۆژە یاسایەکیان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەشکردووە، ئەمەش ناڕەزایەتیی بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی لێکەوتووەتەوە و لەئێستادا پرۆژە یاساکە ڕاگیراوە، چونکە بەپێی وتەی یاساناسان بێت جێبەجێکردنی هەمواری ئەو یاساییە مەترسیدارە. دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، " لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە واژۆ کۆکرایەوە بۆ ئەوەی پرۆژە یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959 هەموار بکرێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی گفتوگۆکرا لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدار و بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە نزیکەی 120  واژۆ کۆکرایەوە و ئەو بڕگەیە لە خشتەی کاری دانیشتنی ڕۆژی 23ی تەموزی 2024ی ئەنجومەنی نوێنەران لابرا. ئێستا قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە  لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەماندا دووبارە ئەم بڕیارە بێتە پێشەوە و گفتوگۆی لەسەر بکرێت، دیارە ئەمەش یەکێکە لەو پرۆژە یاسایانەی کە بیروبۆچوونی جیاوازی لەسەرە، هەندێک کەس پێیان وایە کە ئەم یاسایە لەم قۆناغەدا پێویست ناکات هەموار بکرێتەوە، چونکە پێیان وایە ئەم پڕۆژە یاسایە گیانی مەزهەبی لە عێراقدا تۆخ دەکاتەوە و پێویستە هاوڵاتییان ئازادبن لەوەی کە بە چ شێوەیەک و چ مەزهەبێک پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن". بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە بێت، تا ئێستا نازانرێت کە ئایا ئەو پرۆژە یاسایە دەخرێتەوە ناو بەرنامەی دانیشتنی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانەوە یاخود نا، هەروەها نازانرێت کە پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت یان نا.  دارا سێکانیان جەختیشی لەوە کردەوە،  پێویستە بڕیارێک بدرێت کە هەماهەنگی دروست بکات لەنێوان بیروبۆچوونە جیاوازەکاندا، چونکە عێراق فرە پێکهاتە و فرە نەتەوەییە. پەیوەست بە هەمان پرسەوە؛ پارێزەر ئەشواق نەجیب، بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: "پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسێتی لە ئێستادا ڕاگیراوە، بەهۆی ئەوەی زۆرینەی لایەنەکان ڕازی نین، بەڵام ترسی ئەوە هەیە هەمواری ئەو یاسایە بە ڕای زۆرینە بڕوات". ئاماژەی بەوەشدا: "ئەم هەموارە زیاتر باسی ئەوە دەکات لەکاتی هاوسەرگیریدا هەردوولا سەرپشکن لەوەی کە ئەحکامی یاسایی یان ئەحکامی مەزهەبی پەیڕەو دەکەن، هەروەها ئەگەر ژن و پیاوەکە مەزهەبیان جیاوازبوو مەزهەبی پیاوەکە بەسەر ژنەکەدا دەسەپێندرێت". دواتر ناوبراو وتی "خاڵێکی دیکەی یاساکە ئەوەیە کە هەندێک مەزهەب پێیان وایە کچ لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە باڵغ دەبێت و دەتوانێت هاوسەرگیری بکات، ئەم خاڵانەی باسمانکرد هەمووی مەترسیدارن بۆسەر داهاتووی عێراق بە تایبەتی بۆ ژنان". ئەشواق نەجیب، لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە: "هەمواری ئەم یاساییە ترسی ئەوە دروستدەکات کە عێراق دەوڵەتێکی شێوە ئیسلامی وەربگرێت، چونکە حزبە ئیسلامییەکان دەیانەوێت بەرگ بۆ یاساکەدا بدوورن، هەروەها خاڵێکی دیکەش ئەوەیە لە دوای جیابوونەوەی هاوسەران منداڵ بدرێت بە باوک، ئەگەر پیاوێک مرد ژنەکەی هاوسەرگیری کردەوە ئەوا منداڵەکانی دەدرێتەوە بە ماڵی باوکی پیاوەکە". لای خۆشییەوە مافپەروەر سەرکار مەحمود، لەسەر ئەم بابەتە دوا و بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: " لەگەڵ کردنەوەی دەرگای پەرلەمان بۆ وەرزی دووەمی یاسادانانی ئەمساڵ، شیعەکان دوو پێشنیاری یاسایان کرد، دوو یاسا، کە کتومت هی شیعەکان خۆیان بوو، کە ئەوانیش بریتیبوون لە پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسێتی  ساڵی ١٩٥٩، بەشێوەیەک کە ئەوەی پەیوەندیدارە بە شیعەوە لەو یاسایەدا جێبەجێکراوە، بۆ ئەمەش لەلایەن ١٠ پەرلەمانتاری پیاوی شیعەوە واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو پێشنیازە یاسایە بدەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هەروەها پێشنیازە یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی دەستەی حەشدی شەعبیش  کە لە ٢٤ی تەموزدا خوێندنەوەی بۆ کرا". وەک سەرکار مەحمود ڕوونیکردەوە، بەپێی ئەو پێشنیازەی کراوە بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی، گۆڕانکاری گەورە لە ئەحکامەکانی یاسای باری کەسێتیدا کراوە کە ئەوانیش بریتین لەوەی هەرکەسێک کە هاوسەرگیری دەکات سەرپشک بێت لەوەی کە لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعە بێت یان سوننە، تاوەکو سەرجەم حوکمەکانی ئەو مەزهەبە بیگرێتەوە کە کەسەکە دیاریکردووە، ئەوانەشی کە پێشتر هاوسەرگیریان کردووە دەتوانن گرێبەستەکە بگۆڕن لە سوننەوە بۆ شیعە و بە پێچەوانەشەوە. هەروەها ئەگەر هەردوو هاوسەرەکە هەریەکەیان سەربە مەزهەبێکی جیاواز بوون ئەوا مەزهەبی پیاوەکە یەکلاییکەرەوە دەبێت و قسەی ژنەکە ناخوات، هەروەها ئەوانیشی کە هاوسەرگیری دەکەن بەسە کە تەنها باڵغ بووبێتن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە یاسا تەمەنی ١٨ ساڵیی دیاریکردووە بۆ هاوسەرگیری و هەموارە نوێیەکە یاسای پشتگوێ خستووە، ئەگەر وەقفی شیعە یان سوننە ڕێگەپێدانی بدەنێ پێویستە دادگا ئەو هاوسەرگیرییە پەسەند بکات کە تەمەنیان هەرچەندێک بێت، ئەمەش بە ڕوونی پەراوێز خستنی ڕۆڵی دادگایە و گەڕانەوەیە بۆ حوکمی کۆنی مەزهەبە جیاوازەکان و ئاڵۆزی و ناکۆکی زۆری تێدایە، بۆیە ئەگەر ئەم هەموارە جێبەجێ بکرێ لەناو مەزهەبی شیعەدا کچان لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە دەتوانن شوو بکەن. ئەوەشی خستەڕوو: "کە ئەمە یەکەم هەوڵ و یەکەم جار نییە شیعەکان دەیانەوێت هەمواری یاسای باری کەسێتی باسبکەن بە جۆرێک کە سەرجەم مەرامەکانی خۆیانی تێدا جێگیر بکەن، پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن (حەسەن شەمری) وەزیری دادی ئەوکاتەوە، پڕۆژە پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسی جەعفەریی ئامادەکرد، کە ئەویش ڕووبەڕووی ناڕەزایی زۆر بووەوە لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بەوەی کە کچێکی تەمەن ٩ ساڵ بدرێت بە شوو، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧ جارێکیتر کۆمەڵێک پەرلەمانتاری شیعە پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسییان هێنایەوە ناو ناوان، ئەمیش بە هەمان دەردی ئەوەی پێشوو چوو، کە شیعەکان وایدەبینن ١٤٠٠ ساڵە ڕیشەکێشکردن لە دژی شیعە هەیە بۆیە بە مافی خۆیانی دەزانن بگەڕێنەوە بۆ فقهی (جەعفەری)". یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراو، زیاتر لە ١٥ جار هەموار کراوەتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، کە گۆرانکاریەکانیش بەجۆرێک بوون هەمیشە بەلەبەرچاو گرتنی پاراستنی خێزانی عێراقی بووە لەپێناو پەرتەوازە نەبوون و ئاسایشی باری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی عێراقی تێدا پارێزراو بێت. لە درێژەی قسەکانیدا سەرکار مەحمود وتی: "بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق ساڵی ٢٠٠٥ سێ لایەن بۆیان هەیە و دەتوانن پڕۆژە یاسا پێشکەش بە پەرلەمان بکەن یان داوای هەموارکردنەوەی بکەن؛ ئەوانیش  حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمار، یان١٠ پەرلەمانتار زیاتر واژۆ کۆبکەنەوە بۆ پڕۆژە یاسای نوێ یان هەموارکردنەوەی، پاشان دوو جۆر ڕێکاری (شکلی و موضوعی)هەیە، کە شکڵییەکان ئەوانەن، کە دەبێت بزانن ئاڕاستەی لایەنەکان و ڕێکارەکان دروستە بۆ پێشنیارەکەیان یان نا، پاشان لەڕووی ناوەڕۆکەوە دەبێت ڕەوانەی لایەن و لیژنەی تایبەتمەند بکرێن". بەپێی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراو لە مادەی یەکەم بڕگەی دوو، دەڵێت، "ئەگەر هاتوو دەقێکی یاسایی نەبوو تا جێبەجێ بکرێت ئەوا لەم حاڵەتەدا بەپێی ئەو بنەمایانەی شەریعەتی ئیسلامی حوکم دەکرێت کە زۆرترین و گونجاوێتیان هەیە لەگەڵ دەقەکانی ئەم یاسایەدا". لە بڕگەی سێیەمیشدا دەڵێت: "دادگاکان لە هەموو ئەمانەدا ئەو حوکمانە دەکەنە ڕێنمونیکاری خۆیان کە قازی و فیقهی ئیسلامی لە عێراق و وڵاتانی ئیسلامی دیکە بڕیاریان لێداوە یاساکانیان نزیکە لە یاساکانی عێراقەوە، کە ئەمە لە یاسای مەدەنی عێراقی ژمارە ٤٠ی ساڵی ١٩٥١ی هەموارکراویشدا بەهەمان شێوەیە، بەتایبەت کە لە مادەی ١ دا، بڕیاری لەسەر دراوە". ئەو مافپەروەرە ئاماژەی بەوەشکرد: "یەکێک لە لایەنە باشەکانی یاسای باری کەسێتی  ئەوەیە کە خۆی نەبەستووەتەوە بە هیچ مەزهەبێکەوە، بەڵکو لەگەڵ ئەوانەدایە کە زۆرترین گونجاوێتیان هەیە و ئەو ڕایەی باشتر و چاکتر و نزیکترە، دادگا کار بەوەیان دەکات، واتە بەهیچ جۆرێک خۆی نەبەستووەتەوە بە مەزهەبێکەوە و مەجالی دادوەری داوە کە (اجتهاد) بکات، کام ڕایە پەسەند بێت حوکم لەسەر ئەوە دەردەکات، بەڵام ئەم پڕۆژەی هەموارە بواری بۆ ئەوە نەهێشتووەتەوە و مەزهەبەکەی دیاریکردووە، بەپێی ئەم هەموارە نوێیە دەسەڵات دەدرێت بە دەرەوەی دادگا تا گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام بدات پاشان دادگا پەسەندی ئەو گرێبەستە دەکات کە ئەمەش تەنها ڕۆڵی شکلی دادگا دەمێنێتەوە". لە پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەکەدا هاتووە دەڵێت: "پێویستە دادگا پابەند بێت  بەو بڕیارانەوەی کە دەردەچێت لەلایەن دیوانی وەقفی شیعە و دیوانی وەقفی سونییەوە (تلتزم المحکمە المختصە بتطبیق الاحکام  مدونە الاحکام شرعیە ‌فی مسائل الاحوال الشخصیە) دەبێت دادگا کار بە بڕیارە نووسراوەکان بکات کە ئەمەش زۆر مەترسیدارە هیچ ڕۆڵێکی بۆ دادگا نەهێشتووەتەوە و شوێنی یاساکەی گرتووەتەوە و دەستی دادگای گرتووە و بەجۆرێک پابەندی دەکات بە بڕیارە نووسراوەکانەوە، کە لە لایەن دیوانی وەقفی شیعی و دیوانی وقفی سونییەوە دەرچوون، مەزهەبەکانی زەق کردووەتەوە کە ئەمیش مەترسی گەورەیە بۆ پێکەوە ژیانی ئایینی لە عێراق، کە زۆرجار زۆربەی شەڕ و ناکۆکییەکان شەڕی تائیفی و مەزهەبی بووە چجای ئەوەی کە بە یاسا بۆیان جیا بکرێتەوە و شەرعیەتی پێبدرێت". سەرکار مەحمود لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "عێراق  وڵاتێکی فرە نەتەوەو فرە مەزهەبە ئەم هەموارە عێراق بەرەو ئاڕاستەیەکی تائیفی دەبات، تەنانەت مەزهەبەکانی شیعەش لەناو خۆیاندا ڕای جیاجیایان زۆرە و زۆر کارئاسانی دەکەن و گۆڕانکاری لە ئەحکامەکاندا دەکەن، بۆیە ناکرێت کە ئەم نووسراوانە  جێی دادگا بگرنەوە و خۆیان گرێبەست بۆ هاوسەران بکەن و بینێرن بۆ دادگا و لە دەرەوەی دادگا هەموو بڕیاڕێک درابێت، چونکە بەپێی یاسای باری کەسێتی ئێستا ئەگەر گرێبەستی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا بکرێت هەر دەبێت لە چوارچێوەی یاسای باری کەسێتیدا بێت و حوکمەکانی جێگیرە، لەگەڵ ئەوەشدا سزا و ‌‌غەرامەشی بۆ گرێبەستەکانی دەرەوەی دادگا داناوە کە زۆرجار لەبەر پاراستنی تێکنەچوونی خێزان ‌غەرامە دەکرێن، لە ئێستاوە ئەم پڕۆژە پێشنیازە ڕاگیراوە کە  دەیانەوێت وەکو مەسەلەیەکی تائیفی شیعەکان جێی ڕا فقهیەکانی خۆیان بکەنەوە لەناو یاساکەدا، لە داهاتووشدا لە حاڵەتی تێپەڕبوونی هەموارەکە و پەسەندکردنیدا ئەوا تەنها ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق دەگرێتەوە". لەبارەی ئەوەی ئەو یاسایە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یاخود نا سەرکار مەحمود ڕوونیکردەوە، "ئەو هەموارە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە لە دوای ساڵی ١٩٩١ەوە هەرێمی کورستان خاوەن پەرلەمانی خۆیەتی و دەسەڵاتی یاسادانانی خۆی هەیە، هەر یاسایەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت بۆ کارپێکردنی لە هەرێمی کوردستان دەبێت پەرلەمانی کوردستان (انفاذ)ی بکات، پاشان کاری پێدەکرێت، بۆیە ئەم پڕۆژە هەموارە لە حاڵەتی تێپەراندنیشیدا هەرێم ناگرێتەوە، بەڵام کێشە و گرفت دروست دەکات لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدڕاڵیدا کە یەک هەرێمی هەیە، دوو یاسای جیاواز هەبێت، چونکە لێکەوتەی نەرێنی دەبێت و کاتێک هاوڵاتییەکی هەرێم بچێت لە بەغدا یاخود شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق گرێبەستی هاوسەرگیری بکات ئەوا یاسای باری کەسێتی کارپێکراوی ئەوێی بەسەردا جێبەجێدەکرێت، ئەوکات ئەحکامەکان جیاواز دەبن و کێشە و گرفت دروستدەکات، بە پێچەوانەشەوە کاتێک هاوڵاتییەکی شارەکانی خوارووی عێراق بێتە هەرێم جیاوازی یاساکان و ئەحکامەکانی گرفت و کێشە دروستدەکات". لە ئێستادا لەسەر داوای زۆریینەی پەرلەمانتاران، خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ڕاگیراوە، بەڵام هیچ دڵنیاییەک نییە بۆ ئەوەی کە ئەم پرۆژە یاسایە دووبارە نەخرێتەوە ناو بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە و گفتوگۆی لەسەر نەکرێتەوە.  

هاوڵاتی شەوی ڕابردوو هێزێکی هاوپەیمانی پڕچەککراو لە سەربازگەی "کەی وەن"ی شاری کەرکوک جێگیرکران. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بێت، درەنگانی شەوی ڕابردوو، هێزێکی هاوپەیمانی کە پێکهاتووە لە 60 سەرباز و پلەداری سوپای ئەمەریکا گەیشتوونەتە شاری کەرکوک و لە سەربازگەی "کەی وەن" جێگیرکراون. هەر بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بێت، ئەو هێزە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش هاتوونەتە کەرکوک و لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ‌سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی، حەویجە و ناوچەکانی وادی شای و زغیتۆن و چەمی ڕۆخانە بەشداری دەکەن. سەربازگەی کەی وەن دەکەوێتە دووری 16 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری کەرکوک، ئەمە بۆ جاری یەکەمە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 هێزێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی لێ جێگیردەکرێت.