هاوڵاتی کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی شاری مەهاباد، بە ناوی عەلی ڕەسوڵی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ڕۆژی یەکشەممە 11ی ئابی 2024، عەلی ڕەسوڵی تەمەن 33 ساڵ و خەڵکی گوندی کووران سەر بە شاری مەهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سەر سنووری دوپلوورەی سەردەشت کوژرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە گەنجە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە لایەن هێزە چەکدارەکان تەقەی لێ کراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. عەلی ڕەسووڵی خێزاندار بووە و باوکی منداڵێکە، ئەو کۆڵبەرە گەنجەی خەڵکی شاری مەهاباد لەم دواییانەدا دانیشتووی شاری نەڵاسی سەر بە سەردەشت بووە.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد ئەمریکا بە دوژمنی خۆیان نازانن و ئەوەشیان پێ ڕاگەیاندوون ئەگەر بێت و لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لێیان نەدرێت لێیان نادەن.  بەهۆی پەرەسەندنی خێرای گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیش لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن بەردەوام هەڕەشە لە ئەمریکا دەکەن بەو پێیەی وەک پشتیوانی سەرەکی ئیسرائیل سەیری دەکەن. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی دیدارێکی تەلەڤزیۆنی ڕایگەیاند: لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، ئەوان دەڵێن ئەگەر گرووپە چەکدارەکان لێمان نەدەن لێیان نادەین. وا پێویست دەکات لەلایەن خۆمانەوە وا نەکەین عێراق بکەینە گۆڕەپانی شەڕ.  فوئاد حوسێن دەشڵێت: ئێمە وای نابینین کە ئەمریکا دوژمنی عێراق بێت، پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی هەیە، هاوکات پەیوەندییەکی مێژوویی و ستراتیژی و ڕێککەوتنیشمان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی هەیە.

هاوڵاتی محەممەد جەواد زەریف، جێگری پێشووی سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی پزیشکیان پۆستەکەی بۆ ڕاوێژکاری سەرۆککۆمار گۆرا، ئەمڕۆ دەست لە کارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند. جەواد زەریف دوای 11 ڕۆژ لە پۆستە نوێیەکەی دەستی لە کارکێشایەوە و داوای لێبووردنی لە گەلەکەی کرد بەوەی نەیتوانیوە خزمەت بکات. زەریف لە ئێکس نووسیویەتی: ئەمە یەکەم ئەزموون بوو و پڕ بوو لە کەم و کوڕی و من لە ئەنجامی کارەکەم ڕازی نیم، شەرمیشم هەیە کە نەمتوانی ڕای پسپۆڕی لیژنەکان و ئامادەبوونی ژنان و گەنجان و خزم و کەسوکار بە شێوەیەکی شایستە بەدەست بهێنم، وەک بەڵێنم دابوو. محەمەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروبارە ستراتیژییەکان نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە سەرۆک مەسعوود پێشەشکیان سەرۆککۆماری ئێران کردووە. پزیشکیان ڕۆژی 1ی ئاب محەممەد جەواد زەریفی وەک جێگری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری ستراتیژی دەستنیشان کرد و بەرپرسیارێتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی سەرۆکایەتیی پێسپارد.

هاوڵاتی بەوتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی، هێشتا وردبینی لیستی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو نەکراوە. مانگانە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا دەکات، بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەغدا پارەکە ڕەوانە بکات و کێشە بۆ مووچەخۆران دروست نەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە نەنێردراو هۆکارەکەش درەنگ ناردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانە. بەوتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ هاوڵاتی، هۆکارێکی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، درەنگ ناردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانە، هۆکارێکی دیکەش بەوتەی سەرچاوەکە "پێمان وتراوە قۆناغێکی تری وردبینی بۆ لیستی مووچە زیاد کراوە، پێشتر تەنیا دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی دەکرد، بەڵام ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجەش لە وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی دەکات". سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت " پەیوەندیم بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە کرد، بەڵام ئەوانیش نازانن کەی وردبینیەکە تەواو دەبێت".

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەو لێدوانانەی دەدرێن سەبارەت بە نەبوونی پارەی کاش بۆ مووچەی مانگی تەمووز دوورن لە ڕاستییەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی ئابی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەو لێدوانانەی لەبارەی نەبوونی پارەی کاش بۆ مووچەی مانگی تەمووز بڵاوکراونەتەوە ڕاست نین. دەشڵێت، دابینکردنی پارەی مووچە لە پێشەنگی کارەکانی وەزارەتی داراییە و مانگانە بڕی 7.5 ترلیۆن دینار بۆ پارەی مووچە تەرخان دەکەن. لە ڕاگەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی مانگی تەمووزیان وەرنەگرتووە.

هاوڵاتی ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی، دەڵێت، بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی بڕیاری پارچە زەوی دەدرێت بە هاونیشتمانییانی ئێزدی و سوودمەنیش دەبن لە قەرزی خانووبەرە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی ئابی 2024، خەلەف شەنگالی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی ڕایگەیاند، لە نووسراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دا کە 5ی ئەم مانگە ئاراستەی وەزارەتەکانی پلاندانان، دارایی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بانکی ناوەندی و پارێزگای نەینەوای کردووە، داوا دەکات پارچە زەوی و قەرزی خانووبەرە بە فەرمانبەرانی کوردی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە بدرێت بەشێوەیەک کە نەبێتە هۆی گۆڕانی دیموگرافی.  دەشڵێت، نووسراوەکەمان بە دەست گەیشتووە و بڕیارەکە گرنگە، چونکە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا هیچ بڕیارێکی وا نەدراوە. خەلەف شەنگالی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی نووسراوەکە، کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، پەروەردە، تەندروستی، شارەوانی و وەزارەتەکانی دیکە، هەروەها کەسوکاری شەهید و رفێنراوان و نیڤشکان سوودمەند دەبن لە بڕیاری پێدانی پارچە زەوی و قەرزی خانووبەرە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە نووسراوەکەدا هاتووە، داوا لە فەرمانگەکانی تایبەت و پلاندانان کراوە کار بۆ نەخشەکێشانی ناوچەکان بکەن بەشێوەیەک کە نەبێتە هۆی تێکدانی دیموگرافی ناوچەکان و تایبەتمەندی ناوچەی پێکهاتەکان بپارێزن.  ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی، ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ دەکرێت و هاونیشتمانییانی ئێزدی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی پارچە زەوی و قەرزی خانووبەرە. وتیشی، ئەم بڕیارەش وەکو رێزلێنانێک بۆ 10 ساڵەی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دراوە. سەرچآوە، ڕوداو

هاوڵاتی سەرەڕای ئەوەی بەرەی تورکمانی دابەشكردنی پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بەشێکی تورکمانەکان بە نهێنی لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتوون و پۆستی جێگری پارێزگاری کەرکووک وەردەگرن.  تورکمانەکان لە کەرکووک لەلایە دەڵێن دژ بە دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکەن و سکاڵا تۆمار دەکەن، لەلایەکی دیکەش سەرقاڵی وەرگرتنی پۆستی جێگری پارێزگاری شارەکەن. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ئەحمەد ڕەزمی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەرەی تورکمانی لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووە پۆستی جێگری پارێزگار وەربگرێت، بەڵام بە فشاری تورکمانەکان بەشداری لە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی ئەنجوومەنەکەی لە بەغدا نەکردووە. هەر بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی کۆبوونەتەوە، بەڵام ئەحمەد ڕەمزی بەشداری نەکردووە و ئەمەش بەوە لێکدەدرێتەوە کە لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتنی ژێربەژێری کردووە.

هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە هۆکاری ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ چەندین چالاکییان ئەنجامدا و لە چالاکییەکانیاندا نۆ  سەربازی تورکیا کوژران و داگیرکەرێکیش بریندار بوو. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەى هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بەکار‌هێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی ئازادیی، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە: لە ١٣ چالاکی گەریلاکانى یەژاستار و هەپەگەدا لە ڕۆژانی ٧ تا ١٠ی ئاب لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گۆلکا لە هەرێمی مەتینا و لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی بەهار و لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی و گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، نۆ داگیرکەر سزادران، داگیرکەرێکیش بریندرابوو، گورز لە سێ حەفارە و میندۆزەرەوەیەک وەشێندرا. هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ١٠ی ئاب تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئێف ئێم سێ جار و گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومان کراون. ئەوەشی خستەڕوو، ٩ و ١٠ی ئاب لە هەرێمی خواکورک گۆڕەپانەکانی گردی شەهید هێمن، شەهید شەریف، بەربزن، سنین، لۆلان، لە هەرێمی گارە گۆڕەپانی دێرشێ، گردی زەنگل، گردی کون، زێڤکێ، شیێ، گرێ، دەریا هەرچێ، لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی بەهار و ساخی ئێف ئێم، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی بەرخودانی بێشیلی؛ بە گشتی ٢٥ جار ئەو شوێنانە بە فڕۆکەی شەڕ بۆردوومان کراون. هەروەها ٨، ١٠ و ١١ی ئاب هەرێمەکانی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ گۆڕەپانەکانی بەرخودانی شاخی جودی، شاخی بەهار و لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی بەرخودانی سەرێ مەتینا بە هێلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردوومان کراون.

هاوڵاتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکاتەوە. بڕیارە 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستە کۆمیسیۆن 40 هەزار کارمەند بەگرێبەست دادەمەزرێنێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی ئەلیکترۆنی هەڵبژێردراون و ئەوانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، ئێستا دەتوانن لەلیستی پەسەندکراوەکان بەدوای ناوەکانیاندا بگەڕێین.  ئەوانەی ناویان لە لیستی پەسەندکراوەکان دایە تەنها بۆ رۆژی هەڵبژاردن گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت، لە بەرامبەریشدا لەنێوان 150 بۆ 250 هەزار دینارییان وەک پاداشت پێدەدرێت. بۆ دۆزینەوەی ناوەکەت کلیک لەم بەستەرە بکە: 

هاوڵاتی/ بەریتانیا ئامادەکردنی/ كاوە ڕەش دادگای تاوانەكانی شاری  شەفێڵد لەبەریتانیا، گوێبیستی چیرۆكی ئەنجامدانی دەستدرێژیی و هێرشی زیندانی كراوێكی كورد بوو، بەناوی پێشەوا غەفور، بۆسەر كارمەندێكی ئافرەتی گرتوخانەكە، لەناو زینداندا. پێشەوا غەفور،  ئێستا بەتاوانی كوشتنی گەنجێكی تەمەن حەڤدەساڵ بەچەقۆ ، لەكاتی شەڕ و ئاژاوەیەکدا لەشاری شەفێڵد  بەناوی محەمەد ئیقبال، لەمایسی ٢٠٢٣دا، لەزینداندایە، لە گرتوخانەی شارۆچكەی دۆنكاستەر لە گێڕانەوەی چیرۆكەكەدا لەبەردەم دادوەر، كارمەندی لێكۆڵینەوە گوتی، تۆ لەناو زیندان زۆر توڕەبویت و هاوارت بەسەر كارمەندێكی گرتوخانەكەدا كردوە، لەبەرئەوەی تەلەفیزیۆنت نەبووە بۆ سەیركردن! كارمەندە ئافرەتەكەش چونكە بەباشی گوێی لێت نەبووەو  لێت تێنەگەیشتوە، هاتۆتە ژوورەوەو دەرگای لێكردویەتەوە، بەڵام تۆ بەتوندی پەلامارت داوەو شانت گرتووە، دواتر هاوارت بەسەرداكردووە كەپێت گوتووە ”تۆ بۆ حەز بەمن ناكەیت و تەلەفیزیۆنم بۆ دابین ناكەن” كارمەندە ئافرەتەكە ویستویەتی خۆی لێت ڕزگاربكات و لەڕێگای ڕادیۆی بێ تەلەكەیەوە، داوای هاوكاری لەكارمەندەكانی دیكە كردووە، بەڵام تۆ دیسانەوە پەلامارت داوەو گرتوتە. هەرلەدانیشتنی ئەو دادگایكردنەدا، کەلە ٨ی ئابی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، داداگا گوێبیستی ئەوە بوو کەچۆن دواتر ئەفسەرێكی دیكەی نێو زیندان هاتووە بۆ هاوکاریی کردنی هاوڕێكەی، تاهەوڵ بدەن پێشەوا غەفوری تەمەن ٣١ ساڵ، بخەنەوە ناو ژوورەكەیی و دەرگای لەسەر دابخەن، بەڵام جارێكی دیكەش بەهەڕەشەو توندو تیژی و هاواركردن ویستویەتی پەلاماری هەردووك كارمەندەكە بدات. پێشەوا غەفور، دانیشتوی  جادەی بیرکێندەیڵ، وۆکلی، بووە لەشاری شەفێڵدی بەریتانیا، ئەو بەتاوانی كوشتنی هەرزەكارێكی تەمەن ١٧ساڵ  بەچەقۆ لەكاتی پێك هەڵپژان لەیەكێك لەڕێستۆرانتەكانی شەفێڵد، سزای ٧ساڵ زیندانی بۆبڕاوەتەوە و ئێستا لەگرتوخانەی شارۆچكەی دۆنكاستەر، زیندانی كراوە. جگە لەو تاوانە، پێشەوا تاوانبارە بەگێچەڵ و دەستدرێژیکردنە سەر کارمەندانی  گرتوخانەو فریاگوزاری.  سەرباری سزای حەوت ساڵ زیندانی، كەبەتاوانی كوشتن و چەقۆكێشی بەسەریدا سەپاوە، دادوەر سزای چوار هەفتەی دیكەی بۆ زیادكردووە، بەهۆی مامەڵەی دەستدرێژیی و هێرشی توندوتیژی بۆسەر كارمەندانی گرتوخانەو فریاگوزاری.    

هاوڵاتی بەرەی تورکمان ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی دوێنێ‌ روویدا دژی سازان و پێكەوە ژیانی پێكهاتەكانی كەركوك بوو، ئاماژە بەوەشدەکەن سکاڵا تۆماردەکەن. حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی لە کەرکوک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەوەی پێیوایە بە دابەشكردنی پۆستەكان كێشەكان چارەسەر دەكات لە خەیاڵدا دەژی، چونکە کێشەی کەرکوک بە دابەشکردنی پلە و پۆست چارەسەر نابێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی دوێنێ‌ روویدا دژی سازان و پێكەوە ژیانی پێكهاتەكانی كەركوك بوو، توركمان پێكهاتەیەكی سەرەكین لەم پارێزگایەو هیچ لایەنێك نانوانێت فەرامۆشبیكات". حەسەن توران وتی، "كۆبوونەوەكەی دوێنێ‌ پێشێلكردنی یاسایەو دەبێت سەرۆكی تەمەن سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار بكات، بەڵام بانگهێشتی كۆبوونەوەكە نەكراوە". وتیشی، "نەبوونی توركمان لە دانیشتنەكانی دوێنێ‌، پێشێلكاریەكی گەورەیە و دانیشتنەكە بەتاڵە و لە دەرەوەی یاسایە و ئەنجامەكانی رەتدەكەینەوەو سكاڵا تۆماردەكەین". دوێنێ شەممە 10ی ئابی 2024، لە هۆتێل ڕەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا ڕێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکوک و محەمەد حافیزیش وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەڵبژێردران.

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەوڵدایە بۆ گێڕانەوەی تەمەنی خانەنشینبوون بۆ یاسا کۆنەکەی عێراق کە تەمەنی 63 ساڵی بوو نەک 61 ساڵ. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی ڕایگەیاند، "گەڕاندنەوە بۆ یاسا کۆنەکە چەندین سوودی هەیە لەوانەش، دەبێتە هۆی دابینکردنی دوو ساڵی زیادە بۆ فەرمانبەرانی حکومەت بۆ ئەوەی بتوانرێت بەشێوەیەکی کاریگەر وەبەرهێنیان تێدابکرێت". ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموارکردنی پێشووی یاسای خانەنشینی کە تەمەنی بە 61 ساڵ دیاریکردبوو، ئامانج لێی رەخساندنی 300 هەزار هەلی کاری نوێ بوو، بەڵام لەگەڵ نەبوونی دامەزراندنی نوێ لە بودجەی ساڵانی ئێستا و داهاتوو، تەمەنی خانەنشینی دەمێنێتەوە رەنگە دۆخی ئێستا ببێتە هۆی کەمبوونەوەی فەرمانبەران". وتوشیەتی، " زۆرێک لەوانەی ئەگەری خانەنشینبوونیان دەبێت بەهۆی ئەم یاسایەوە، ئەزموونێکی زۆریان هەیە کە ناتوانرێت بە ئاسانی دروستبکرێنەوە، هەروەها مووچەی خانەنشینان لە بودجەدا هاتووە، هەربۆیە هێشتنەوەی فەرمانبەران لە شوێنی کار بۆ ماوەیەکی زیاتر هیچ بارگرانییەکی زیادە لەسەر بودجە دروستناکات".  

هاوڵاتی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، پابەندین بە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە تێکشکاندن و سەرکوتکردنی چەکدارانی داعش. ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "دڵخۆشم بەگەیاندنی کاروانێکی دیکەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بە هێزەکانی پێشمەرگە، ئێمە پابەندین بە بەهێزترکردنی تواناکانی هێزەکانی عێراق، لە نێوانیان هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لە بەردەوامیی تێکشانی داعش لە عێراق". گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، کە چەندان جار لە دامەزراوە باڵاکان و باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا جەخت لە پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە کراوەتەوە.

هاوڵاتی مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام دەدەن دژی دامەزراندنی چەند دەرچوویەک بەشێوەیەکی تایبەت، هەروەها هۆشداری دەدەن بە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی ئابی 2024، کارۆخ عەبدوڵلا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ  بە هاوڵاتی ڕایگەیاند، "هەواڵمان پێگەیشتووە چەند دەرچوویەک لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی تایبەت دامەزراون، بۆیە بڕیارمانداوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجام بدەین". ئاماژەی بەوەشکرد، "هۆکاری دیکەی گردبوونەوەکەمان بەردەوامی دامەزراندنە لە کەرتی سەربازی و ڕاگرتنی دامەزراندنە لە کەرتی پەروەردە و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ ماوەی چەندین ساڵە". نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ وتیشی، "ئەگەر حکومەتی هەرێم پێش کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن وەڵامی داواکاریەکانمان نەداتەوە کە بریتیە لە گرێبەستکردنی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ، ئەوە بێگومان بۆ ساڵی خوێندنی 2024 – 2025 دووبارە دێینە سەرشەقام بۆ خۆپیشاندان و بایکۆتی پرۆسەی خوێندن دەکەین". لەئێستادا ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە 37 هەزار و حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە چاوەڕێی بەڵێنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بۆ دابینکردنی شایستەی پێویست بۆ بە گرێبەست کردنی وانەبێژانی هەرێم.  

هاوڵاتی لە ماوەی 24 کاتژمێردا ڕابردوودا، لە 15 ناوچەی جیهان بەرزترین پلەی گەرما تۆمار کرا و لەو 15 ناوچەیەش 10 ناوچەیان دەکەونە عێراقەوە. ئەمڕۆ شەممە، 10ی ئابی 2024، ماڵپەڕی بلاسەرڤیل لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا خشتەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، لە 15 ناوچەی جیهان بەرزترین پلەی گەرما تۆمار کراوە. دەشڵێت، لەو 15 ناوچەیەش 10 ناوچەیان دەکەونە عێراقەوە. ماڵپەڕەکە باسلەوەشدەکات، بەپێی خشتەکە شاری عەمارە لە عێراق بەرزترین پلەی گەرمای تێدا تۆمار کراوە کە 49.1 پلەی سەدی بووە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، دوای عەمارە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسڕە دێت بە 48.9 پلەی سەدی، هەروەها بەسڕە بە 48.8 پلەی سەدی ڕیزبەندی سێیەمی گرتووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوچەکانی دیکەی عێراق بریتین لە فاو 48.5 پلەی سەدی، عەلی غەربی 47.7 پلەی سەدی، بەدرە 47.7 پلەی سەدی لێ تۆمارکراوە. هەروەها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف ئەشرەف 47.6 پلەی سەدی و ناسریە 47.6 پلەی سەدی، کەربەلا 47.4 پلەی سەدی و تکریت 47.2 پلەی سەدی لێ تۆمارکراوە.