هاوڵاتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن بەیاننامەیەکیان لەبارەی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی خوێندەوە و تیادا ئاماژە بەوەکرا، کە سزاکە سیاسییە. ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن بەیاننامەیەکی خوێندەوە کە تیادا هاتبوو، "رۆژی 2ی تەموز، لیژنەی گواستنەوەو گەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی سەردانی مەیدانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد, ئامانج لەسەردانەکە لەنزیکەوە ئاگاداربوون بوو لەو سزایانەی ساڵ و نێوێکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای دراوسێیەوە بەسەریدا سەپێنراوە، جگە لەراگرتنی گەشتەکان لەتورکیاوە بۆ سلێمانی بەڵکو هەموو ئەو گەشتانەی بەسەر ئاسمانی تورکیا تێئەپەرن بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی راگیراون، بەمەش زۆربەی گەشت و جوڵەکانی فرۆکەخانەکە وەستاون و زیانێکی گەورەی لە فروکەخانەکە داوەو بارگرانی زۆریشی بۆ هاوڵاتیان و ئابووری سلێمانی دروستکردووە". ئاماژە بەوەکرا، "لیژنەکەمان لەو سەردانە مەیدانیەو ئەو بەدواداچوونانەی لەسەرەتای کێشەکەوە کردوویەتی، بۆی دەرکەوتوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کە خاوەنی موڵەتی ژمارە دووە لە دەستەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی دوای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا هیچ کێشەیەکی ئیداری و هونەری و ئەمنی و خزمەتگوزاری نیە و بەمانجگرتنی فرۆکەخانەکە سزای سیاسییە".  لیژنەکە لە بەیاننامەکەدا داوایکرد، ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەکەیان و لیژنە پەیوەندارەکانی تری وەک ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەنگاوی جددی کردەیی بنێن و حکومەتیش لەرێگەی دیپلۆماتیەوە هەوڵی جددی بدات بۆ کۆتایی هێنان بەسزاکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وەک یەکێک لە فرۆکەخانە مەدەنیەکانی عێراق. بڕیار وابوو 22.12.2023 قەدەغەی ئاسمانی سلێمانی بۆ گەشتی فرۆکەی هێڵی ئاسمانی و ئەو فڕۆکانەی ئاسمانی تورکیا بۆ سلێمانی بەکاردەهێنن هەڵبگیرێت، بەڵام پێچەوانەکەی روویدا و تا 22.6.2024 قەدەغەکە لەلایەن تورکیاوە درێژکرایەوە بۆ جاری دووەم تا 7.12.2024 قەدەغە درێژکرایەوە. 

هاوڵاتی بۆ جاری دووەم کۆریای باشوور ئاشکرایکرد، کۆریای باکوور باڵۆنی دیکەی پڕ لە زبڵ و خاشاک رەوانەی وڵاتەکەی دەکات و هۆشداریش دەدات بە هاوڵاتییان. ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور رایگەیاند، "پێدەچێت باڵۆنەکان لەنزیک باکووری سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوورەوە هەڵدرابن و داواش لە هاوڵاتییان دەکەن دەستکاری زبڵ و خاشاکەکە نەکەن و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە". سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، “کردەوەکانی سوپای کۆریای باکوور بۆ زیادکردنی گرژی دەتوانێت ببێتە هۆی لێکەوتەی گرنگ بۆی و بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە بە تەواوی لە ئەستۆی حکومەتی کۆریای باکووردایە". هەروەها سەرۆک ئەرکانی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوەداوە، "سوپای کۆریای باشوور وەڵامی کۆریای باکوور دەداتەوە بە فراوانکردنی پەخشی بڵندگۆ لە هەموو بەشە سەرەکییەکانی سنووری کۆریای باکوور کە درێژییەکەی 247 کیلۆمەترە". ئەم شەڕەی کۆریای باشوور و کۆریای باکوور ئەنجامی دەدەن شەڕێکی دەروونییە هەردوولا هەڕەشەی هەنگاوی بەهێزتر دەکەن.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە کە مەفرەزەكانی بنكه‌ی پۆلیسی عه‌ربه‌ت تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كه‌ ته‌قه‌ی له‌ هاوڵاتییه‌ك كردبوو. ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە ته‌قه‌ی لێكراوه‌، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكه‌ی پۆلیسی عه‌ربه‌تەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت‌". ئەوەشخراوەتەڕوو، "له‌كاتی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباردا ده‌ستگیرا به‌سه‌ر ئه‌و چه‌كه‌دا كه‌ تۆمه‌تبار ته‌قه‌ی پێكردبوو، لەئێستادا تۆمەتبار (هـ، م، أ) لەدایكبووی 1989 بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405/31 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌".

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات". ئاماژە بەوەکراوە، تونراوە بڕی (685،974.940) هەزار تۆن وەربگیرێت بەم شێوەیە: - بڕی (277,495.420) هەزار تۆن سلێمانی و هەڵەبجە. - بڕی (222,159.760) هەزار تۆن هەولێر. - بڕی (186,355.760) هەزار تۆن دهۆک. بەپێی ئەو رێژەیە بێت کە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە لە سلێمانی و هەڵەبجە زۆرترین رێژەی گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە.

هاوڵاتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان بێت، پلەی گەرما زیاتر بەرزدەبێتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ". ئاماژە بەوەشکراوە، "سبەینێ دووشەممە 22ی تەموزی 2024، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما ەرز دەبێتەوە بە ( 2-3) پلەى سیلیزى بەراوورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 42   سلێمانی : 41  دهۆک : 42   کەرکوک : 46 هەڵەبجە : 43  زاخۆ : 42   سۆران : 41 حاجی ئۆمەران : 03 گەرمیان : 46  

هاوڵاتی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و بەربژێری فەرمیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دوای رووداوی تەقەکردنەکە ئاماژە بەوەدەکات، لەبەر دیموکراسی گوللـەی بەرکەوتووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و بەربژێری فەرمیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دوای هەفتەیەک لە تەقەکردن لێ و بریندارکردنی لە شاری گراند راپیدز لە ویلایەتی میشیگن لەگەڵ لایەنگرانی دەرکەوت و رایگەیاند، "من، مەترسی نیم بۆ سەر دیموکراسی، لەبەر دیموکراسی گوللـەم بەرکەوت". ئاماژەی بەوەشکرد، "من، خەریک بووم بە دەست ئاماژەم بۆ نیشانەیەکی سەر شەقامی تایبەت بە سنوور و کۆچبەران دەکرد، لەوکاتەدا سەرم بۆ نیشانەکە سووڕاند و تەقەم لێکرا؛ بۆیە گوللـەکە لەبری ئەوەی بە سەرم بکەوێت، گوێچکەمی پێکا، بۆیە من، بە ژیانی خۆم قەرزاری کۆچکردن و کۆچبەرانم". وتیشی، "راپرسییەک دەکەین و دەپرسین بەربژێری دڵخوازت کێیە؟ پێت خۆشە کێ بێت؟ دەتەوێت بەربژێرەکەت لە دژی کێ بێت؟ ئێمە لە کامالا هاریسەوە دەستپێدەکەین و بەردەوام دەبین. دواتر باسی جۆ بایدنی لەڕ و لار دەکەین". رۆژی شەممەی رابردوو 13-07-2024، دۆناڵد ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی پێنسلڤانیا تەقەی لێکرا و گوێی بریندار بوو. جگە لە خۆی، دوو کەس بریندار بوون و کەسێکی دیکەش کوژرا. دواتریش تەقەکەرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا.    

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی یەکێک لە مەترسیدارترین سەرکردەکانی داعش رادەستی عێراق کرا و کە پارەی چەندین کردەی تیرۆریستیی رێکخراوەکەی لە عێراق و سووریا دابین کردووە. ئەمڕۆ شەممە، 20ی تەمووزی 2024، دەزگای ئاسایشی لوبنان رایگەیاند، یەکێک لە مەترسیدارترین سەرکردەکانی داعشی رادەستی حکومەتی عێراق کرد. دەشڵێت، بەرپرسی کاروباری دارایی داعشی لە سوریا و عێراق بە ناوی (ع. ع. دلێمی) تەمەن 50 ساڵ، رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی  حکومەتی فیدراڵی کرد. هاوکات، ئەمین ناسر، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراق لە بەیروت، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەوەی خستەڕوو، ئەو بەرپرسەی داعش، لە ساڵانی رابردوودا، پارەی چەندین کردەی تیرۆریستیی رێکخراوەکەی لە عێراق و سووریا دابین کردووە.   ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تیرۆریستە یەکێک بووە لە مەترسیدارترین بەرپرسانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و بەرپرس بووە لە ئامادەکردنی خۆکوژەکانی رێکخراوەکە.

هاوڵاتی جومانە غەلای، دوو ھاوپەیمانی و 13 حزب بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. ئەمڕۆ شەممە، 20ی تەمووزی 2024، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 124 کاندید بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. دەشڵێت: 19 کاندیدی پێکھاتەکانی کریستیان، 20 کاندیدی پێکھاتەی تورکمانیش تۆمارکراون. ئاماژەی بەوەشکرد، تا ناوەڕاستی مانگی داھاتوو تیروپشک بۆ ژمارەی لیست و کاندیدەکان دەکرێت. وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ناوی لیست و هاوپه‌یمانێتی و كاندیده‌كانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان به‌مجۆره‌ ئاشكرا كردوه‌:  ژمارەی هاوپەیمانێتی: 2 ژمارەی حزبەكان: 13 ژمارە لیستەكان: 139 كاندیدی سەربەخۆ: 124 كاندیدی پێكهاتەكان مەسیحی: 19 هەولێر: 7 سلێمانی: 4 دهۆك: 8 كاندیدی توركمان: 20 هەولێر : 14 سلێمانی: 6

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دامەزراوەیەکى گەورەى نەوتیىان لە یەمەن بۆردوومانکرد. ئەمڕۆ شەممە، 20ی تەمووزی 2024، دامەزراوەیەکى گەورەى نەوتیى لە یەمەن بۆردوومانکرا، لەم بارەوەیەوە ماڵپەڕى ئێکسیۆس ئاشکرایکرد، هێرشەکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە. میدیاى حوسییەکان رایانگەیاند، لە پارێزگاى حودەیدە لە یەمەن دامەزراوەیەکى گەورەى نەوتی بۆردوومانکراون. ماڵپەڕى ئێکسیۆس لە زارى بەرپرسێکى ئەمریکییەوە ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو دامەزراوە نەوتییە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج. لەم بارەیەوە ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئەوەی ئاشکرا کردووە، فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل دامەزراوەیەکى پاڵاوتنى نەوتیان بۆردوومانکردووە، ئەوەش لە تۆڵەى هێرشى درۆنیى حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل. جێگەی ئەماژەیە، رۆژى هەینى، دەستەى پەخشى ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەهۆى کەوتنەخوارەوەى درۆنەوە لە ناوەڕاستى تەلئەڤیڤ و چەند سەند مەترێک دوور لە باڵیۆزخانەى ئەمریکا، هاوڵاتییەکى ئیسرائیلى گیانیلەدەستداوە و 10 کەسى دیکە برینداربوون.  

هاوڵاتی فەرماندەی  گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە رایگەیاند، پشتیوانی له‌هەر هه‌وڵێك دەکەین بۆ گفتوگۆیەک کە دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕو گەیشتن بەچارەسەرێکی سیاسی بۆ قه‌یرانی‌ سوریا. ئەمڕۆ شەممە، 20ی تەمووزی 2024، مه‌زڵوم عه‌بدی‌، فەرماندەی  گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات -هەسەدە- بەبۆنەی 12 ساڵەی “شۆڕشی 19ی تەمموز”، ئەو رۆژەی هێزەکانی حکومەتی‌ سوریا لەشاره‌كانی کۆبانێی‌‌و جه‌زیرەو عەفرین له‌ رۆژئاوای‌ كوردستان دورخرانەوە و دواتر ئیدارەی خۆسەر دامه‌زرێنرا، مەزڵوم عەبدی وتارێکی ڤیدیۆیی لەماڵپەڕی هێزەکانی سوریای دیموکرات -هەسەدە- بڵاوكرده‌وه‌ و رایگەیاند، هێزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌ و پێکهاتەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بنه‌مای‌ كاركردنی‌ تایبه‌تیان هه‌یه‌و به‌یه‌ك چاو سه‌یری‌ هه‌موو لایه‌ن‌ و پێكهاته‌كان ده‌كات. مەزڵوم عەبدی دەڵێت، قەیرانی سوریا بەتوندوتیژی‌و شەڕ چارەسەر ناکرێت، "ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان‌ و هەموو هێزەکان بەتورکیاشەوە، پشتیوانی له‌هەر هه‌وڵێك دەکەین بۆ گفتوگۆیەک کە دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕو گەیشتن بەچارەسەرێکی سیاسی بۆ قه‌یرانی‌ سوریا.  ئەوەشی خستۆتەڕوو، هێزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌ و پێکهاتەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بنه‌مای‌ كاركردنی‌ تایبه‌تیان هه‌یه‌ و به‌یه‌ك چاو سه‌یری‌ هه‌موو لایه‌ن ‌و پێكهاته‌كان ده‌كات، لەسەر ئەو بنه‌مایه‌ش، "پێویستە بەرەو دیالۆگ بڕۆین بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ قه‌یرانی‌ سوریا". ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەوەی هەمووان هەست بەئاسودەیی‌و دڵنیایی بکەن، "هێزەکانمان له‌ئامادەیی ته‌واودان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی‌ هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر ناوچەکانمان". سه‌باره‌ت به‌و جوڵه‌و هه‌نگاوانه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رێمیی‌و ناوچه‌كه‌ ده‌درێت بۆ نزیكبونه‌وه‌ له‌به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی‌ سوریا، عه‌بدی‌ ده‌ڵێت، نابێت له‌سه‌ر حیسابی گەل بێت. فەرماندەی  گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ هه‌سه‌ده‌ خاوه‌نی‌ 100 هه‌زار شه‌ڕكه‌رن‌و نوێترین جۆرەکانی تەکنەلۆجیای سەربازیی له‌به‌رده‌ستیاندایه‌.

هاوڵاتی لە ناحیەی دینارتە ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و بەھۆیەوە ژنێکی تەمەن 45 ساڵ گیانیلەدەستدا. ئەمڕۆ شەممە، 20ی تەمووزی 2024، عەقید ئیبراھیم فەریق، بەڕێوبەریی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادارکرانەوە لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێک لە سەنتەری ناحیەی دینارتە، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانیان کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن. دەشڵێت، بەھۆی رووداوەکەوە ژنێکی تەمەن 45 ساڵ گیانیلەدەستدا. ئەوەشی خستۆتەڕوو، تائێستا ھۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە نازانرێت و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە. 

هاوڵاتی سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق رایدەگەیەنێت، لێکۆڵێنەوە لە دۆسیەی مووچەی شەهیدان دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 27 هەزار و 770 مووچەی شەهیدان راگیراون. ئەمڕۆ شەممە 20ی تەموزی 2024، عەبدولئیلاهـ نائیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاندووە، "بە بڕیاری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەک پکهێندراوە لێکۆڵێنەوە لە دۆسیەی مووچەی شەهیدان دەکەن، دوای ئەوەی زانیارییان "بەدەستگەیشت کەسانی تیرۆریست مووچەی شەهیدانەیان هەیە، هەروەها هەندێک لە مامەڵەکان ساختەن و بە بەرتیل رایی کراون". ئەوەشی وتەوە، "لە ئەنجامی ئەو کارەدا نزیکەی 27 هەزار و 770 مووچەی شەهیدان راگیراون؛ دۆسیەکانیان وردبینی تێدا دەکرێ کە زۆرترینیان لە پارێزگای ئەنبارن". عەبدولئیلاهـ نائیلی دەڵێت، "هیچ کەسێک مافی نافەوتێ، هەر کاتێک لیژنەکە وردبینی تەواوکرد و دەرکەوت مامەڵەکان دروست و بێ کێشەن، مووچە راگیراوەکانیان پێکەوە بۆ خەرج دەکرێت"، ئەوەشی وت "تەنیا لە ئەنبار هەزار و 15 ناوی وەهمی و ساختە ئاشکرا کراون". مووچە راگیراوەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەم جۆرەیە: ئەنبار 26 هەزار و 790، بەسرە 18، دیوانیە 236، سەماوە 6، نەجەف 3، بابل 73، بەغدا 247، دیالە 158، زیقار 3، سەلاحەدین 83، کەربەلا 7، کەرکوک 38، نیسان 9، نەینەوا 82 و واست 17.

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەى هێرشەکانی تورکیا و بەکار‌هێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی ئازادیی، راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ شەممە 20ی تەموزی 2024، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە رایگەیاند، "لە پێنج چالاکیی گەریلاکانى یەژاستار و هەپەگەدا لە رۆژانی 17 تا 19ی تەمموز لە گۆڕەپانی گوندی جیان، شارگئلاتا و گوندی سێگوزا لە گەڤە، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی دەرگەلی لە هەرێمی مەتینا، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ، زاپ پێنج سەربازی سوپای تورکیا کوژران، دوو سەنگەر و کامێرایەکی چاودێری لەناوبراون". هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە 18ی تەموز تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکراوە". ئەوەشی خستەڕوو، "لە 18 و 19ی تەموز گۆڕەپانەکانی لۆلان، کۆلیت و شەهید شەریفی هەرێمی خواکوڕک، گۆڕەپانەکانی ئاڤتەهلی، دەشتی کافیا، سپیندار، کانی گوزێ، گرگاشێ و مژێی هەرێمی گارە، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی و شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ؛ بەگشتی 25 جار بە فرۆکەی جەنگی بۆردوومانکراون". هەروەها 20ی تەموز گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە هەلیکۆپتەری جەنگی بۆردوومانکراوە.

هاوڵاتی بڕیارە سبەینێ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە و مووچە سەردانی بەغدا بکات. ئەمڕۆ شەممە 20ی تەموزی 2024، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە میدیای یەکێتی راگەیاند، "سبەینێ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024 شاندێک بۆ پرسی مووچە و بودجە سەردانی بەغدا دەکات و لیستی مووچەی مانگی حەوت رادەستی بەغدا دەکات". ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکردووە، "وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان دەکرێت، ئەگەر تەواوبێت سبەی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدا دەکات لیستی مووچەی مانگی حەوت رادەستی چاودێریی دارایی عێراق دەکرێت".

هاوڵاتی قایمقامییەتى سلێمانى هۆشداری دەدات و دەڵێت "نابێت دووكان و ماركێته‌كان جگه‌ره‌ و جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌ منداڵی خوار 18 ساڵ بفرۆشن". ئەمڕۆ شەممە 20ی تەموزی 2024، قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، "نابێت دووكان و ماركێته‌كان جگه‌ره‌ و جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌ منداڵی خوار ١٨ ساڵ بفرۆشن، هەروەها گه‌یم سه‌نته‌ره‌كان (ئه‌و شوێنانه‌ی مۆڵه‌تیان بۆ سه‌رو 18 ساڵ وه‌رگرتوه‌)، هۆڵه‌كانی بلیارد، گازینۆ، كافتریا و شوێنی نێرگه‌له‌ كێشان، باڕ و دووكانه‌كانی فرۆشتنی خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان دەبێت رێگری لە منداڵی نەوجەوان بۆ شوێنەکانیان بكه‌ن، نێرگه‌له‌ و خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كانیان پێنه‌فرۆشن". بەپێی راگەیەندراوەکەی قایمقامییەتی سلێمانی بێت، بەپێچەوانەوە خاوەنى ئەو شوێنانە رووبەڕوی رێکارە یاساییەکان دەکرێنەوە.