هاوڵاتی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی هێزەئەمنییەکانەوە زانیاری نوێ دەخاتەڕوو. ئەمڕۆ شەممە 8ی حوزەیرانی 2024، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتووین کە ناوی هێزەئەمنییەکان بۆ مووچە رەوانەی بەغدا بکەین". ئاماژەی بەوەشکرد، " بەشێک لە مووچەی مانگی ئایار گەیشتووە و دڵنیاتان دەکەینەوە کە مووچەی هیچ کەسێک نافەوتێت و بەمزوانە لیستی مووچە بڵاودەکەینەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج دەکرێت".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ شەممە 8ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ساماڵ بۆ پەڵە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما یەک پلە بەرزتر دەبێتەوە لە تۆمارکراوەكانی دوێنێ". ئاماژە بەوەشکراوە، "سبەی یەکشەممە 9ی حوزەیرانی 2024، ئاسمان ساماڵ بۆ پەڵە هەوردەبێت لە ناوچە شاخاویەکانى باکوور و باکوورى رۆژهەڵات نیمچە هەور دەبێـت لەکەڵ ئەگەرى کەمێک بروشکە باران لە ناوچە سنووریەکانى باکوور و باکوورى رۆژهەڵاتى هەرێمی کوردستان، هەروەها خێراى با مامناوەند دەبێت (10 – 20) کیلۆمەتر لە کاتژمیرێکدا، هەندێکجار چالاک دەبێت بۆ سەروى 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە زۆربەى ناوچەکان چگە لە پارێزگای دهۆک و لەگەڵ خێرایی با ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆزێکى سوک هەیە". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی یەکشەممە: هەولێر : 43 سلێمانی : 40 دهۆک : 41 کەرکوک : 46 هەڵەبجە : 42 زاخۆ : 43 سۆران : 39 حاجی ئۆمەران : 29 گەرمیان : 47
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەكانی سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی تایبهتیان لە سنوری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دوبز لە سنووری پارێزگای کەرکوک ئەنجامدا. ئەمڕۆ شەممە 8ی حوزەیرانی 2024، غازی فهیسهڵ، فهرماندهی هێزی پێشمهرگه له سنوری قهزای مهخمور بە هاوڵاتی راگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەكانی سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی تایبهتیان لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان و لەناو هەڵەتەکانی قەرەبۆتک نزیک گوندی گراو بۆ گەڕان بەدوای پاشماوەکانی چهكدارانی داعش دەستپێکرد". ئاماژەی بەوەشکرد، "هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر داوای ئێمە بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنەیان کردووە و ئۆپەراسیۆنەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامی هەیە". ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لەبارەی هۆکاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەوە وتی، "لەم کاتەدا تیرۆریستانی داعش لە سنوورەکەدا بوونیان هەیە و کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکانیش بەردەوامە".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ زانایانی زانکۆی میشیگن لە ئەمریکا ژیریی دەستکرد بۆ وەرگێڕانی وەڕینی سەگ و تێگەیشتن لێی بەکاردەهێنن. دەڵێن ژیریی دەستکرد یارمەتیدەرێکی چاکە بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ ئاژەڵان. ئەو زانایانەی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەکەن دەڵێن، بەرەوپێشچوونێکی باشیان لە بە کۆدکردنی جموجووڵەکانی سەگ کردووە، واتە هەوڵدەدەن ئەو جموجووڵانە بۆ سەر زمانی کۆمپیوتەر وەربگێڕن، تاوەکو لە دواتردا ژیریی دەستکرد بتوانێت لێکدانەوەیان بۆ بکات. رادا مەهاڵچە، سەرۆکی تاقیگەی ژیریی دەستکردی زانکۆی میشیگن دەڵێت، "بەرەوپێشچوونەکانی ژیریی دەستکرد دەکرێت وەک شۆڕشێک بۆ تێگەیشتنمان لە ئاژەڵان بەکاربهێنرێت". ئاماژە بەوەشدەکات، لێکۆڵینەوەکەیان دەرگایەک بە رووی تێگەیشتن لە وەڕینی سەگ دەکاتەوە. دەشڵێت، ژیریی دەستکرد تاوەکو ئێستا سەرکەوتنێکی باشی بەدەست خستووە لە تێگەیشتنی بەشێک لە وەڕینی سەگ. دەڵێت، سیستمێکیان دروستکردووە کە بتوانێت لە رێگەی بەرز و نزمی و شێواز و خێرایی وەڕینەکەوە، لە هەست و خواستی سەگەکان لەو کاتەدا تێبگات و وەریبگێڕێت بۆ زمانێک کە بتوانین لێی تێبگەین. هەروەها دەشڵێت، لە پێشووتردا کە توانای تێگەیشتنی دەنگ و قسەکردنی مرۆڤ بۆ کۆمپیوتەر دانراوە، هەمان هەنگاوەکان گیراونەتە بەر و لەسەر دەنگ و شێوازی چەندین مرۆڤ سیستمەکە راهێنراوە. کاری تیمەکەی رادا تاوەکو ئێستا بەو جۆرەیە، وەڕین و جموجووڵ و دەنگی جۆراوجۆری 74 سەگیان تۆمارکردووە کە هەریەکیان تەمەن و جۆر و دەنگیان و شێوازی وەڕینیان جیاوازە. دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە هەنگاوەکانی لێکۆڵینەوەکەیان 70٪ بە راستی کراون. دەشڵێت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان بۆیان دەرکەوتووە، رێی تێدەچێت هاوشێوەی قسەکردنی مرۆڤ، بتوانرێت لە رێگەی کۆمپیوتەرەوە وەڕین و جمووجووڵی سەگیش لێکبدرێتەوە و تێگەیشتنمان بۆی هەبێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دەرگای خۆ تۆمارکردن بۆ هاوپەیمانیی و پارت و کاندیدانی سەربەخۆ و کاندیدانی پێکهاتەکان دەکرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ بەشداریی هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 8ی حوزەیرانی 2024، دەرگای خۆ تۆمارکردن بۆ هاوپەیمانیی و پارت و کاندیدانی سەربەخۆ و کاندیدانی پێکهاتەکان دەکاتەوە. بۆ ماوەی شەش رۆژ پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و لە ئەمڕۆوە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024 بەردەوام دەبێت، پێشتریش جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، "تۆمارکردنەکە بۆ هەموو ئەو لایەن و کەسانەیە کە خواستی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنی 2024ی پەرلەمانی کوردستاندا هەیە". کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 5ی ئەیلوولی 2024ی پێشنیازکردووە و بە نووسراوێکی فەرمیش پێشنیازەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئیسرائیل دەڵێت لە هێرشی سەر قوتابخانەکەی غەززەدا 17 چەکداری حەماسیان کوشتووە. ئەمە لەکاتێکدایە، قوتابخانەکە لەلایەن ئاژانسەکانی هاریکاریی مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەکاردەهێنرا. بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 6ی حوزەیرانی 2024، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی هێرشیان بۆ سەر قوتابخانەیەک کرد کە بە گوێرەی بەرپرسانی غەززە هاووڵاتی سڤیلی تێدا بووە و 37 کەس لە هێرشەکەدا کوژراون. ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، لەو هێرشەدا "17 تیرۆرستی حەماسیان کوشتووە"، کە قوتابخانەکەیان بۆ کارووباری خۆیان بەکارهێناوە. هەر دوای هێرشەکەش سوپای ئیسرائیل وای بڵاوکردەوە، "مۆڵگەیەکی تیرۆرستانی حەماسیان کردووەتە ئامانج". بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، 30 چەکداری بزوتنەوەی حەماس لە 3 ژووری قوتابخانەکەدا خۆیان حەشارداوە و کراونەتە ئامانج. فلیپ لازارینی، بەڕێوبەری ئاژانسی بەهاناوەچوون و کاری نەتەوەیەکگرتووەکان لە غەززە دەڵێت، ئیسرائیل هێرشەکەیان پێش ئاگاداری پێشوەختە کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان لە پێشووتردا تەواوی ئەو ناوچانەیان بۆ ئیسرایل دیاریکردووە کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. لازارینی دەشڵێت، "هێرشکردنەسەر، بە ئامانجگرتن و بەکارهێنانی دامەزراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مەبەستی سەربازی لادانێکی زەقە لە یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دوای ئەوەی پێشنیازەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ئاگربەست رەتکرایەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەبەستی گفتووگۆ لەبارەی ئاگربەستەوە سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەنتۆنی بلینکن بۆ جاری هەشتەم لە دوای شەڕی ئیسرائیل و غەززەوە سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. لەم سەردانەیدا بلینکن دەچێتە میسر، قەتەر، ئیسرائیل و ئوردون و بڕیارە چاوی بە بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل و حەماس بکەوێت. سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدایە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی بۆ ئاگربەستێکی تاهەتایی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل پێشکێشکردووە. هاوکاتیشە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی رووبەڕووبوونەوەی نێوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل کە هەردوولا ئامادەیی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوە نیشانداوە. لە راگەیێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، بلینکن ئەوە بۆ هەردوولا رووندەکاتەوە ئاگربەست چەند سوود بە هەردوولا دەگەیێنێت و رێگە لە مردن لە غەززە دەگرێت. هەوڵی ئاگربەست بە نێوەندگیری میسر، قەتەر و ئەمریکا لە نێوان حەماس و ئیسرائیل، هەر لە مانگەکانی یەکەمی جەنگەکەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بەردەوام شکستی هێناوە. ئەوەش لەبەرئەوەی هەردوولا یەکدی بەوە تۆمەتبار دەکەن مەرجەکانیان جێگەی قبوڵکردن نەبێت. بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاگربەستەکە ئاگری نوێی کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنانیش کە لەم دواییانەدا خەریکە بڵێسە دەسێنێت، خامۆشدەکاتەوە.
هاوڵاتی پۆلیسی کەرکوک بڕیاریدا هاتووچۆ و تێپەربوونی هەموو جۆرە ماتۆڕسکیلێکی بێ تابلۆ لە بازگەکان هاتن و رۆیشتنە دەرەوە لە کەرکوك قەدەغە بکرێت. ئەمڕۆ هەینی 7ی ئایاری 2024، پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، "هاتووچۆ و تێپەربوونی هەموو جۆرە ماتۆرسکیلێکی بێ تابلۆ لەبازگەکان هاتن و رۆیشتنە دەرەوە لە کەرکوك قەدەغەکرا لە ئێستاوە هێزە ئەمنییەکان دەست بەسەر هەموو ماتۆڕسکیلێکی بێ تابلۆ و تۆمارنەکراودا دەگرن و رێوشوێنی توند لە دژی شۆفێرەکەی دەگیرێتەبەر". ئەم بڕیارەی پۆلیسی کەرکوک لەدوای رووداوەکەی بەیانی ئەمڕۆ بوو کە هێزێکى پۆلیسى فریاکەوتن لە کاتى گەڕان لە شەقامە گشتییەکان، تێبینیان کردووە سێ کەس خەریکى دزیکردنن لە دوکانێک، لەکاتى هەوڵدانى هێزەکە بۆ دەستگیرکردنیان دەستڕێژى گولـلەیان کردووە و کارمەندێکی پۆلیس کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
هاوڵاتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریاریداوە كە وەرزی قەدەغەی راوەماسی درێژ بكاتەوە. ئەمڕۆ هەینی 7ی حوزەیرانی 2024، پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەرین رایگەیاند، "بۆ پاراستنی سروشت و سود وەرگرتنی زیاتر لە گەرای ماسی، بەبڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەرزی قەدەغەكردنی راوی ماسی بۆ (2024/6/20) درێژ بكاتەوە". ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، "پێویستە تا ئەو بەروارە هاوڵاتیان خۆیان لە راوکردنی ماسی لە دەریاچەی دوکان، زێی بچوك و ئاوی چەم و روبارەکان بەدووربگرن".
هاوڵاتی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 7ی حوزەیرانی 2024، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەمپی "البریج" و سەرۆکی شارەوانی ناوچەی "نەسیرات" بە هۆی هێرشی تۆپخانەکانی ئیسرائیلەوە کوژرا. بەپێی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەکی فەلەستینی، ئیسرائیل هێرشە زەمینییەکانی لە ناوچەی "البریج" لە رۆژهەڵاتی ئەم کەمپە تۆخ کردووەتەوە. سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024 رایگەیاند، "گەڕەێکی نوێی هێرشەکانی خۆی بۆ ناوچەی "البریج" و "دیرالبلح" تۆخ کردۆتەوە، ئامانج لەم هێرشانە لەناوبردنی ئەندامانی چەکداری حەماس ناوبردووە". نووسینگەی میدیایی حەماس رایگەیاند ، "بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بینایەکی سەر بە شارەوانی "نەسیرات" لە ئێوارەی پێنج شەممەدا، ئەیاد ئەلمغاری، سەرۆکی شارەوانی نەسیرات و کوڕەکەی کوژراون". بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی فەلەستینەوە لە نەسیرات لە بەرەبەیانی پێنجشەممەدا، لانیکەم 37 کەس لە قوتابخانەیەک کوژران، کە لە لایەن ئاژانسی یارمەتی گەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خەڵکی فەلەستینەوە بەڕێوە ئەبرا. وتەبێژی نەخۆشخانەی "شەهیدانی الاقصی" لە "دیرالبلح" رایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێردا 141 تەرم و 380 بریندار لە "نەسیرات" و "دیرالبلح" گەیەندراوەتە ئەم نەخۆشخانەیە، دەوترێت ئەم نەخۆشخانەیە بە تەواوەتی لە رووخاندایە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو بەشە لە قوتابخانەکە کە کراوە بە ئامانج، شوێنی چالاکای هێزەکانی "حەماس، جەهادی ئیسلامی فەلەستین و داعش" بووە. بە پێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، یەکەی ژمارەیەک لە ئەندامانی تایبەتی حەماس کە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، لەم قوتابخانەیە خۆیان شاردبووەوە.
هاوڵاتی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هۆشداری دەدەن و دەڵێن "بێدەنگ نابین و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین". ئەمڕۆ هەینی 7ی حوزەیرانی 2024، دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، "ئەم کابینەیە تەنیا خەریکی بەرپاکردنی جەنگی دەرونیبوون لەگەڵ فەرمانبەراندا و نایەوێت بڕیارەکان دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات و کات بەفیڕۆدەدات". ئاماژەیان بەوەشکرد، "دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە و دەیان هەزار ناو و کۆدی وەهمی خزاندووەتە ناو لیستەکانیان و ئاماد نییە لیستەکانیان بە پوخستی رەوانەی بەغدا بکات". دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هۆشدارییان دا و رایانگەیاند، "بێدەنگ نابین و کاردانەوەی توندمان دەبێت و بەم زووانە خۆپیشاندان ساز دەکەین لە دژی دواخستنی ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا، هەژماری ئەوان و دواخستنی تەوتین و رازی نەبوونیان بە هەندێک بانکی گوماناوی و جەختکردنەوە لە سەر تەوتین لە رێگەی بانکەکانی رەشید و رافیدەین".
هاوڵاتی نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکان رایگەیاند، رۆژی 17ی ئەم مانگە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە، بەوەش پێچەوانەی جەژنی رەمەزان، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی شیعە و سوننە لە عێراق جیاوازە و لە یەک رۆژدا نابێت. ئەمڕۆ هەینی 7ی حوزەیرانی 2024، نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق رایگەیاند، "رۆژی شەممە یەکەم رۆژی مانگی زیلحیجەی ساڵی 1445ی کۆچییە، بەو پێیەش رۆژی دووشەممە، 17ی حوزەیران، دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان". رۆژی پێنجشەممە، 6ی حوزەیرانی 2024 سعودیە رایگەیاند، "رۆژی یەکشەممە، 16ی حوزەیران یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە، هاوکات دیوانی وەقفی سوننەش بەدوایدا ئەو رۆژەی بە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاریکرد". رۆژی 10ـی نیسانی ئەمساڵ دوای چەند ساڵێک سوننە و شیعەکانی عێراق جارێکی دیکە پێکەوە جەژنیان کرد، دوای ئەوەی هەردوولا یەک رۆژیان وەکو یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکرد.
هاوڵاتی لە سبەینێوە ڕێگەی مەرزی کێلێ بە ڕووی هاتووچۆی شۆفێران دادەخرێت، هاوکات ڕێگەی جێگرەوە بۆ بارهەڵگران دیاری کراوە. ئەمڕۆ هەینی 7ی حوزەیرانی 2024، مەرزی نێودەوڵەتی کێلێ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیاندا ئاماژە بەوەکراوە، سبەینێ شەممە 8ی حوزەیرانی 2024 رێگەی هاتووچۆی نێوان (گردەسپیان -دارەشمانە )دادەخرێت بەهۆی دەست بەکاربوونی کۆمپانیا بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکە. ئاماژە بەوەشکراوە، شۆفیێران دەتوانن رێگەی (دێگە - دارەشمانە) بەکاربهێنن تاوەکو تەواوبوونی پڕۆژەکە. مەرزی کێلی دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی قەزای پشدەرەوە لە ئیدارەی راپەڕین و سنووری شاری سەردەشت لە رۆژئاوای ئێران.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بڕیارە هەفتەی داهاتوو سێ کەشتیی جەنگی و ژێردەریاییەکی رووسیا بگەنە کەناراوەکانی کوبای دراوسێی ئەمریکا. وەزارەتی دەرەوەی کووبا دڵنیایی دەدات کە هەنگاوەکە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە خۆی ناگرێت. ئەمڕۆ هەینی 7ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی کووبا لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە نێوان 12 بۆ 17ی ئەم مانگە سێ کەشتی جەنگی و ژێردەریاییەکی رووسیا دەگەنە کەناراوەکانی هاڤانای پایتەختی ئەو وڵاتە کە تەنیا 145 کیلۆمەتر لە ئەمریکاوە دوورە. هاوکات دڵنیایی دەدات، هیچ مەترسییەک بۆ سەر ناوچەکە دروست ناکات. لە راگەیێنراوەکەدا باس لەوەشکراوە، "ئەم سەردانە رەنگدانەوەی پەیوەندیی دۆستانەی مێژوویی کوبا و رووسیایە و بە رژدی پەیڕەوی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات". جووڵەی کەشتییەکانی رووسیا بۆ نزیک ئەمریکا لەکاتێکدایە، ئەمریکا رێگەی بە ئۆکراینا داوە بە چەکەکانی هێرش بۆ ناو خاکی رووسیا بکرێت. هاوکاتیشە لەگەڵ هەڕەشەکانی ڤلادمیر پووتین لە دابینکردنی مووشەکی دوورهاوێژ بۆ نەیارەکانی ئەمریکا. هەفتەی رابردوو، پووتین هۆشداری ئەوەی دا، رووسیا هەنگاوی "بێ وێنە" دەگرێتە بەر ئەگەر وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا بەردەوامبن لە پێدانی چەک بە ئۆکراینا ودواتریش لەسەر خاکی رووسیا بەکاربێت. ئەمریکا لەبارەی ناردنی کەشتییەکانی رووسیاوە رایگەیاندووە، ئەوان هەنگاوەکە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان لێکنادەنەوە و هێزی سەربازیی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری کەشتییەکان دەکات. ناردنی کەشتییەکان بۆ دریای کاریبی بۆ ئەنجامدانی راهێنانێکی دەریاییە لە نێوان کووبا و رووسیا. پەیوەندیی دۆستانەی رووسیا و کووبا دەگەڕێتەوە بۆ کاتی جەنگی ساردی رووسیا و ئەمریکا کە کووبا کڕیارێکی سەرەکیی مووشەک و چەکی رووسیا بوو. پەیوەندییەکانیشیان دووبارە لە دوای دیاداری میگێل دیاز، سەرۆکی کووبا و ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە 2022دا نوێبوونەوەی بە خۆیەوە بینی.
هاوڵاتی سبەی شەممە 8ی حوزەیارانی 2024، شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنیەکان و خەرجی و داهاتی سێ مانگی دێنە هەولێر. ئەمڕۆ هەینی 7ی حوزەیرانی 2024، میدیای پارتی بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەی شەممە شاندێکی دیوانی چاودێری داریی عێراق سەردانی هەولێر بکەن و لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی "چوار و پێنجی" هێزە ئەمنیەکان و خەرجی و داهاتی "سێ" مانگی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەوەشیان خستۆیەڕوو، دوای تەواوبوونی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری ناوەکان بە کۆد بنێردرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی مووچەی "دوو" مانگی هێزە ئەمنیەکان بنێردرێت، لەگەڵ وردبینی لە داهات و خەرجیەکانیش تەواو کرا، ڕاپۆرتەکە دەدرێتە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.
