هاوڵاتی  باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەرێگەی ئاگادارینامەیەکی ئەلیکترۆنیه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ داوا لە هاووڵاتیانی کرد ئاگاداری خۆیان بن لە ئەگەری هێرشکردن و هەڕەشەکردن بۆ سەر ناوەندە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییەکان لە عێراق. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ئاگادارینامەیەکدا، داوا لە هاووڵاتیانی دەکات گەشت بۆ عێراق نەکەن. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لەنزیکەوە چاودێریی ئەو راپۆرتانە دەکەن کە باس لە هێرشکردنە سەر ئەو شوێنە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییانە دەکەن، کە پێیانوایە ئەمریکین. دەشڵێت، "باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا چاودێری ئەو راپۆرتانە دەکات کە باس لە ئەگەری هێرش و هەڕەشەکردن دەکەن بۆ سەر شوێنە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییەکان کە پێیانوایە ئەمریکی بن. لە درێژەی ئاگادارینامەکەی باڵیۆزخانەدا هاتووە، "دەبێت هاووڵاتییانی ئەمریکی ئاگاداری ئەم ئەگەرە بن و چاودێری میدیای نێوخۆ بکەن بۆ هەر پێشهاتێک و بە ئاگاوە مامەڵە بکەن لە نزیک ئەو شوێنانەی وا دەبینرێت کە ئەمریکی بن."

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەچوار مانگدا زیاتر لە سێ ترلیۆن و 225 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، كە زیاتر لە دوو تریلیۆن و 350 ملیار دیناری بۆ مووچە بووە. بەپێی راپۆرتی دارایی وەزارەتی دارایی عێراق، لە چوار مانگی ئەمساڵدا داهاتی گشتی عێراق زیاتر لە 42 ترلیۆن و 700 ملیار دینار بووە، خەرجییەكانیش زیاتر 37 ترلیۆن و 143 ملیار دینار بووە. هەروەها لەماوەی ئەو چوار مانگەدا 26 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و چاودێری كۆمەڵایەتی خەرجكراوە. بەپێی راپۆرتەكە، لەو چوار مانگەدا خەرجی هەرێمی كوردستان زیاتر لە سێ تریلیۆن و 225 ملیار دینار بووە كە زیاتر لە دوو تریلیۆن و 350 ملیار دیناری بۆ موچە بووە، ئەو بڕەی دیكەشی بۆ خەرجییەكانی دیكە بووە.

  هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە ، وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا راگەیەندراوێکى لەسەر کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە. لەراگەیەندراوەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکادا هاتووە، کراوە "لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى پێشنیازى راگرتنى شەڕ لە کەرتى غەززە کراوە". بەگوێرەى راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەدەکات "وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا جەختى لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە بزووتنەوەى حەماس بەبێ هیچ دواخستنێک رازى بێت بە راگرتنى شەڕ لە غەززە". کۆبوونەوەکە لە پەراوێزى کۆنفرانسی دابینکردنی هاوکاریی و وەڵامدانەوەی مرۆیی بۆ غەززە ئەنجامدرا، کە لە ئوردن بە ئامادەبوونی دەیان بەرپرسی باڵای وڵاتان لەنێویشیاندا سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت. شەوى رابردوو ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى پێشنیازەکەى ئەمریکاى لەبارەى ئاگربەستى غەززەوە پەسەند کرد. پێشنیازەکەى ئەمریکا داواى راگرتنى شەڕ لە کەرتى غەززە دەکات و نوێنەرى ئەمریکا لە ئەنجوومەنەکە رایگەیاند "ئەمڕۆ دەنگمان بۆ بەرژەوەندیى ئاشتییە". لەکۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتیدا 14 وڵات دەنگیان بە پێشنیازەکەى ئەمریکا بۆ ئاگربەستدا. پێشنیازی ئاگربەست لە 31ی ئایاردا لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە راگەیەندرابوو، پێشنیازەکە داوا لە ئیسرائیل و حەماس دەکات دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئاگربەست پەسەند بکەن

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، وتەبێژی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بەلەمێک کە زیاتر لە 200 کۆچبەری تێدابو لە کەناراوەکانی یەمەن ژێرئاو كه‌وت، 49 کەس گیانیان لەدەستدا و 140 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن. وتەبێژی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەشڵێت، روداوێکی دڵتەزێن لە کەناراوەکانی یەمەن رویدا، بەلەمێک کە 260 کۆچبەری هەڵگرتبو ژێرئاو كه‌وت، 39 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا، 150 كه‌س ونبون و 71 كه‌سیش ڕزگاركراون، کە ڕێکخراوەکە هاوکاری دەستبەجێ پێشکەش بە ڕزگاربوان دەکات بەڵام باس لە ڕەگەزنامەی ئەو کۆچبەرانە نەکراوە.   هەر دوا بدوای ئه‌و په‌یامه‌، ڕێکخراوی کۆچ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە ژمارەی کوژراوان گەیشتوەتە 49 کەس و 140 کەسیش بێسەروشوێنن.  

هاوڵاتی بەرپرسێک لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە هەواڵنێرییەکانی راگەیاندووە " رێککەوتننامەی هەمەلایەنەی هاوکاری نێوان ئێران و رووسیا" بە شێوەی کاتی راگیراوە، بەڵام باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە مۆسکۆ ئەم هەواڵە رەت ئەکاتەوە. ناوەندی هەواڵی "ڕیانووستی" هەواڵنێری فەرمی رووسیا رۆژی سێ شەممە 11ی حوزەیران لە زاری " زەمیر کابۆلۆڤ" بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، بڵاوی کردەوە، رێککەوتننامەی نوێی نێوان ئێران و رووسیا، دەربارەی هاوکاری هەمەلایەنەی نێوان دوو وڵات لەبەر ئەوەی هاوبەشە ئێرانییەکان کۆمەڵێک کێشەیان لەبەردەمە، بە شێوەی کاتی راگیردراوە. ئەم بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە هەواڵنێرییەکانی وتووە:" ئەمە بڕیارێکە لە لایەن رێبەرانی دوو وڵاتەوە دراوە... رەوتی هاوکاریکردنی نێوان دوو وڵات بە شێوەی کاتی راگیراوە لەبەر ئەوەی هاوبەشە ئێرانییەکان کۆمەڵێک کێشەیان لەبەردەمە". زەمیر کابۆلۆڤ، کە نوێنەری تایبەتی سەرۆککۆماری رووسیایە بۆ کار و باری ئەفغانستان و بەڕێوەبەری بەشی دووهەمی ئاسیایی وەزارەتی دەرەوەی رووسیایە، لە وتووێژێکیتر لەگەڵ ناوەندی هەواڵی رووسی "تاس" هەر لەم بارەوە وتوویەتی، لەبەر ئەوەی تاران هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لەبەردەمە، رێککەوتننامەی هاوکاری نێوان دوو وڵات هەڵپەسێردراوە. ئەم بەرپرسە باڵا رووسییە هەروەها وتوویەتی :" ئێمە بە لەبەرچاوگرتنی دوایین گۆڕانکارییەکانی رێککەوتننامەکە کە لە سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتە دەستمان، پێشنیارەکانی خۆمان خستە بەردەمیان و لە ئێستادا لەبەردەم لایەنی ئێرانیدایە. بەڵام لەو رووەوە کە رێبەری ئێران لە ئێستادا سەرقالی خۆ ئامادەکردنن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ، چاوەڕوانین ئەوان ئەم رەوتە کامڵ بکەن". دوا بە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ماڵپەڕی خوێندکارانی ئێران (ایسنا) نووسیویەتی، زەمیرکابۆلۆف رایگەیاندووە کە بەئەنجام گەیاندن و کامڵکردنی رێککەوتننامەیەکی هەمەلایەنەی هاوکاری نیوان ئێران و رووسیا، بە هۆی مەرگی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشتری ئێران، بە شێوەی کاتی راگیراوە.

هاوڵاتی جێگری سەرۆکی مالاوی و نۆ کەسی دیکە لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەدا گیانیانلەدەستدا. سەرۆکی مالاوی رایگەیاند، جێگرەکەی و نۆ کەسی دیکە، کە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024، لەمیانی گەشتێکدا فڕۆکەکەیان دیارنەمابوو، گیانیانلەدەستداوە. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، ئازارۆس چاکویرا، سەرۆکی مالاوی کە وڵاتیکی رۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقایە، بە فەرمی رایگەیاند، دوای نزیکەی 24 کاتژمێر لە ونبوونی فڕۆکەکەیان و تێکشکانی، جێگرەکەی و نۆ کەسی لەو گەشتەدا لەگەڵیدا بوون، فڕۆکەکەیان دۆزراوەتەوە و گیانیانلەدەستداوە. دەشڵێت، پاشماوەی ئەو فڕۆکە سەربازییەی ساولوس چیلیما، جێگری سەرۆکی مالاوی و هاوەڵەکانی، لە ناوچەیەکی شاخاوی لە باکووری وڵاتەکە لەپاش گەڕانێکی زۆر دۆزراوەتەوە بەڵام هیچ رزگاربوویەکی تێدا نەبووە. بەپێیی زانیاریەکان، فڕۆکەکەی چەند کەسێکی هەڵگرتووە، جێگری سەرۆکی مالاوی تەمەنی 51 ساڵ و خانمی یەکەمی پێشووی وڵات و هەشت کەسی دیکە بووە، بەرپرسان دەڵێن، گەشتەکە 45 خولەکی خایەندووە و بەرەو شارێکی دیکەی وڵاتەکە بەڕێکەوتووە و لەوکاتەدا کەوتووەتە خوارەوە. ئاماژە بەوەشکراوە، پێش رووداوەکە فڕۆکەکە ئاگادارکرابووەوە، کە بەهۆی خراپی کەشوهەواوە نەنیشێتەوە، بەڵکو بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکە خۆی، بەڵام دوای ئەوە پەیوەندیی لەگەڵیاندا پچڕاوە.

هاوڵاتی نوێنەرانی کەرکووک لە نووسراوێکی هاوبەشیاندا بۆ نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوایان کردووە ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە رابگیرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، بە گومانی بوونی گەندەڵی لە کارەکانی پارێزگاری بەوەکالەت، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتارانی کەرکووک داوای ڕاگرتنی دابەشکردنی زەوی دەکەن. نووسراوەکە، کە واژۆی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و حەوت پەرلەمانتاری دیکەی لەسەرە، هۆکاری داواکارییەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ بوونی گومانی گەندەڵی لە ڕێکارەکانی ئیدارەی کەرکووک لە دابەشکردنی زەوی و کارەکانی شارەوانی لە تاپۆکردنی زەوییەکاندا.  

هاوڵاتی مانگی رابردوو 64 زیندانیكراو لە ئێران لە سێدارەدراون 35 كەسیان تۆمەتباربوون بە دۆسێی ماددەی هۆشبەر و 26 كەسی دیكەشیان تۆمەتباربوون بە دۆسێی كوشتنی بە ئەنقەست. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، مانگی رابردوو لانیكەم 64 زیندانیكراو لە گرتوخانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەسێدارەدراون كە بەشێكیان كوردن. رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران لە راپۆرتەکەدا رایگەیاندووە، لەكۆی ئەو 64 كەسەی لە مانگی رابردوودا لەسێدارەدراون، 35 كەسیان تۆمەتباربوون بە دۆسێی ماددەی هۆشبەر و 26 كەسی دیكەشیان تۆمەتباربوون بە دۆسێی كوشتنی بە ئەنقەست. لەكۆی ژمارەی لە سێدارەدراوەكانیش دەڵێت، شەش كەسیان بەلوچین و چوار كەسی دیكەشیان كورد بوون و سێ كەسیش ئەفغانی بوون كە لەنێو لەسێدارەدراوەكانیشدا چوار ژن هەبوون. هەر بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 273 كەس لە ئێراندا لە سێدارەدراون.  

  هاوڵاتی بە پێی کۆمەڵێک زانیاری کە تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشناڵ" رۆژی سێ شەممە 11ی حوزەیرانی 2024، بڵاوی کردۆتەوە، محەمەد ڕەزا نووری، ئەندامی هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران کە بە تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتییەکی ئەمریکی، لە عێراق زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە، پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی لە ئێران دەستگیرکرابوو. کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێونەتەوەیی وەزارەتی دادی ئێران، رۆژی دووشەممە 10ی حوزەیرانی 2024، لەگەڵ ئەوەی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە دراوەتە پاڵ محەمەد ڕەزا نووری وتوویەتی، ئەمریکا داوای کردووە ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران رادەستی ئەمریکییەکان بکرێت، بەڵام عێراق رازی نەبووە. هاوکات بە پێی هەندێک لە زانیارییەکان ماوەیەکی کەم لەوە پێش، عەلی باقری کەنی، سەرپەرەشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەردانی عێراقی کردووە بۆ گفتگووگۆ دەربارەی ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران. دۆسییەی محەمەد رەزا نووری لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە میدیاکانی ئێران هاتە بەرباس. حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی پێشتری ئێران کە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەر لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی گیانی لە دەستدا، رۆژی دووشەممە 13ی ئایار 2024، لە گەڵ بنەماڵەی نووری دیداری کرد و بە بنەماڵەکەی راگەیاند ماوەیەکە هەوڵی ئازادکردنی دەدات. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی محەممەدرەزا نووری وەک راوێژکاری میدیای ناو ئەبەن، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشنال" محەممەدڕەزا نووری لەم ساڵانەی دواییدا بە هاوکاری ئەندامێکی بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی نوجەبا، کەڵکی لە پەیوەندییەکانی وەرگرتووە بۆ ئەوەی خەریکی بازرگانی بێت بۆ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی لە عێراق و کۆمەڵێک گرێبەستی بازرگانی رێکخستووە.  رووداوی کوشتنی هاوڵاتییە ئەمریکییەکە ستیڤن ئێدوارد ،هاوڵاتیەکی ئەمریکی و مامۆستای قوتابخانە رۆژی 7ی تشرینی دووهەمی 2022 لە کەڕادە، ناوەندی بەغداد کوژرا. هەمانڕۆژ گرووپی "اصحاب الکهف" بەرپرسایەتی کوشتنەکەی گرتە ئەستۆ. "ئەنیستیتۆی لێکۆڵینەوەی واشنگتۆن" رایگەیاند گرووپی "اصحاب الکهف" سەر بە «عصائب اهل الحق»ە و پلاتفۆڕمەکانی "عصائب اهل حق" نزیکییەی زۆری لەگەڵ "اصحاب الکهف" هەیە و ئەم کردەوە تیرۆریستییەش لە ناوچەیەک بووە کە "عصائیب اهل حق" باڵادەستە لەو ناوچەیە. رۆژی 23ی ئازاری 2023،محەممەد رەزا نووری وێڕای چوار ئەندامی هێزە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق، بە تۆمەتی کوشتنی مامۆستایەکی ئەمریکی بە ناوی " ستیڤن ئێدوارد ترۆئێل" دەستگیرکران. ستیڤن ئێدوارد هاوڵاتییەکی 45 ساڵ تەمەنی ئەمریکی و خەڵکی ویلایەتی "تێنسی" لە باشووری ئەمریکا، لەگەڵ ژن و مناڵەکەی لە عێراق ئەژیا. ستیڤن ئێدوارد مامۆستای قوتابخانە بوو. گرووپی "اصحاب الکهف" رایگەیاند ئەم مامۆستا ئەمریکییەی لە تۆڵەی کوشتنی "قاسم سلێمانی" فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کوشتووە. رۆژی 23ی ئازار، محەممەد رەزا نووری و 4 هاوڵاتی عێراقی ئەندامی " عصائب الحق" لە نەجەف دەستگیرکران. رۆژی 31ی ئابی 2023، لە لایەن دادگای تاوانەکانی کەرخی عێراقەوە، محەممەد رەزا نووری و 4 هاوڵارییە عێراقییەکە سزای زیندانی هەتاهەتاییان بۆ بڕایەوە. تاوانبارەکان لە دادگا دانیان بە کشتنی " ستیڤن ئێدوارد"دا ناوەو باسیان لەوە کرد سەرەتا دەیانویست ئەم هاوڵاتییە ئەمریکییە بدزن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پرۆسەی دادگایی کردنی ئەم ٥ کەسەی بە عادڵانە ناوبرد و پێشوازی کرد لەو بڕیارەی دادگا.  سیخوڕ لە تاران، بکوژ لە عێراق محەممەد رەزا نووری بە پێی ئەوەی لە پاسپۆرتەکەیدا هاتووە، 25ی حوزەیرانی 1987ە لە تاران لە دایکبووە. بە پێی کۆمەڵێک زانیاری ، ئەم هاوڵاتییە ئێرانییە، هاوکاتی هاوڵاتی سووریا بووە و لە سووریا بە "ئەبوو عەباس" ناسراوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی ئێراندا هاتووە، لە شەڕی ناوخۆ لە سووریا بەشداری کردووەو کەسێک بووە نزیک لە قاسم سلێمانی. بە پێی کۆمەڵێک زانیاری کە ایران اینترنشناڵ بڵاوی کردۆتەوە، محەممەد رەزا نووری، چەند ساڵ لەوە پێش دوای ئەوەی لە سووریاوە گەڕاوەتە بۆ ئێران، بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکراوەو 9 مانگ لە زیندان بووەو لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوەو وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و رێکخراوی هەواڵگری سوپای پاسداران، هاوکات رایانگەیاند گومانیان هەیە لەم ئەندامەی سوپای قودس. دەوترێت ئەوەی کە سوپای پاسداران لە میدیاکانی خۆیدا ئامادە نەبووە ئاماژە بە ناو و تۆمەتی ئەم کەسە بکات و باس لەوە بکات لە تۆڵەی قاسم سولەیمانیدا ئەم هاوڵاتییە ئەمریکییەی کوشتووە، بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە سوپای پاسداران گومانی بووە لەوەی کە سیخوڕ بێت. بەڵام هەوڵی ئەمریکییەکان بۆ ئەوەی ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران، رادەستی ئەمریکییەکان بکرێت بووە بە هۆی ئەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدا بن ئازادی بکرێت. لەگەڵ دەستپێکی هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی، میدیاکانی ئێران دوای زیاتر لە 1 ساڵ ناویان محەممەد رەزا نووری بردووە وەک کەسێک کە 400 رۆژە لە زیندانە و باسیان لەوە کردووە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە. میدیاکانی ئێران لە لایەکەوە باسیان لەوە کردووە کە تۆمەتی کوشتن بێ بنەمایە و ئەو تۆمەتەیان رەت کردۆتەوە. لە لایەکیترەوە باسیان لەوە کردووە ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییەی کە کوژراوە، هاوڵاتییەکی ئاسایی نەبووە. هەرچەند کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی عێراق، پەیماننامەی رادەستکردنی سزادراوەکانیان واژۆ کردووە، بەڵام عێراق تا ئێستا رازی نەبووە نووری رادەستی ئێران بکات. تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشناڵ" باسی لەوە کردووە نووری یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی بەشی عەرەبی " صابرین نیوز" راگەیاندنی بەرگری ئیسلامی لە عێراق.

هاوڵاتی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم و عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی هێزەكانی دەوڵەت جەخت لە گرنگی بڕیاردان لەسەر سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەنەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، محەمەد حەلبوسی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند، لەگەڵ عەمار حەكیم كۆبوونەتەوە و باسیان لە لە پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناوچەكە كردووە. دەشڵێت، هەروەها هەردوولا كۆكبوون لەسەر ئەوەی كە پێویستە كار بۆ پاراستنی سەقامگیری بەدەستهێنراو بكرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولاش دووپاتیان كردووەتەوە كە گرنگە بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بدرێت بەو مەرجەی چەندین تایبەتمەندی وەك دەستپاكی و لێهاتوویی تێدا بێت و باوەڕی بە سستمی سیاسی هەبێت لە عێراقدا.  

هاوڵاتی لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك ، تۆمەتبارێك خۆی ڕادەستی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا كرد. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە لەلایەن كەسێكەوە تەقەی لێكراوەو بەفیشەك بریندار كراوە ، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردو بەڕێز دادوەر بڕیاریدا بە دەستگیركردنی تۆمەتبار. ئەوەشی خستۆتەڕوو، تۆمەتبار خۆی ڕادەستی هێزەكانی بنكەی پۆلسی سەرا كرد و دەستگیرا بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچە كە تۆمەتبار تەقەی پێكردبوو لەگەڵ ئۆتۆمبێلێك كە بە تۆمەتبار بووە . ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا تۆمەتبار ( ن ، ح ، ر لە دایكبووی 1996 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپیی ماددەی 405/31 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.

هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی ئوردن دەکات ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆکردن دەبێت لەبارەی کۆمەڵێک دۆسیەی ئەمنی و ئابووری و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن. ئەمڕۆ سیشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەفدێکی رەسمی سەردانی عەممانی پایتەخی ئوردن دەکات. میدیا عێراقییەکان رایانگەیاند، ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی وەفدێکی باڵای حکومی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەگاتە عەممانی پایتەختی ئوردن و چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامدەدات. دەشڵێن، ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەبارەی کۆمەڵێک دۆسیەی ئەمنی و ئابووری و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، یەکێکی دیکە لە بریندارەکانی شەڕەتەقەکەی دوێنێی هەولێر گیانیلەدەستدا و لە ئێستادا ژمارەی کوژراوانی شەڕەتەقەکە بوون بە چوار کەس و دوو کەسی دیکەش بریندارن. جێگای ئەماژەیە، ئێوارەی دوێنێ 10ی حوزەیرانی 2024، ، لەسەر کێشەى زەویوزار لە گەڕەکى هەولێرى نوێ لە هەولێر شەڕەتەقە لەنێوان چەند کەسێک روویدا و چوارکەس کوژراون و سیانى دیکەش برینداربوون. بەگوێرەی زانیارییەکان، کێشەکە لەسەر خاوەندارێتیی پارچە زەوییەک لە گەڕەکى هەولێرى نوێ لەنێوان ژمارەیەک هاوڵاتى دروستبووە و بەگوتەى شایەتحاڵەکان، لە رووداوەکەدا چەکى جۆراوجۆر بەکارهێنراوە. ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو زەوییەى کێشەى لەسەر دروستبووە، لە ناوچەیەکى بازرگانى هەولێردایە و کەسێک ویستوویەتى بیکات بە قوتابخانەى تایبەت، بەڵام ژمارەیەک هاوڵاتى دیکە خاوەندارێتییان بۆ خۆیان گەڕاندووەتەوە و رێگرییان کردووە و شەڕەتەقە دروستبووە.  

هاوڵاتی به‌گوێره‌ی بۆرسه‌ی جیهانی وزه‌، نرخی نه‌وتی خاوی برێنت 28 سه‌نت كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی 0.3%ی نرخه‌كه‌ی به‌رزبوه‌وه‌ و گه‌یشته‌ 81.91 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، نرخی نه‌وت له‌ سه‌ره‌تای مامه‌ڵه‌كانی به‌رزبونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، نرخه‌كه‌ی به‌رزبوه‌وه‌ و گه‌یشته‌ 81.91 دۆلار بۆ هه‌ر به بەرمیلێک.‌ به‌گوێره‌ی بۆرسه‌ی جیهانی وزه‌، نرخی نه‌وتی خاوی برێنت 28 سه‌نت كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی 0.3%ی نرخه‌كه‌ی به‌رزبوه‌وه‌ و گه‌یشته‌ 81.91 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، هه‌روه‌ها نرخی نه‌وتی خاوی ڕۆژئاوای ته‌كساسی ئه‌مریكا 31 سه‌نت و به‌ڕێژه‌ی 0.4% به‌رزبوه‌وه‌ و گه‌یشته‌ 78.05 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك. نرخی نه‌وتی خاو نزیكه‌ی 3% به‌راورد به‌ هه‌فته‌ی رابردو به‌رزبونه‌وه‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، ئه‌مه‌ش پاڵپشتیی دروستده‌كات بۆ ئه‌و پێشبینیانه‌ی له‌ هاویندا خواست له‌سه‌ر سوته‌مه‌نی زیاتر ده‌كات، سه‌ره‌ڕای به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی دۆلار و پێشبینییه‌كان كه‌ یه‌ده‌گی فیدراڵی (بانكی ناوه‌ندی ئه‌مریكا) ڕێژه‌ی سود بۆ ماوه‌یه‌كی درێژتر بیهێڵێته‌وه‌.

هاوڵاتی به‌گوێره‌ی بۆرسه‌ی جیهانی وزه‌، نرخی نه‌وتی خاوی برێنت 28 سه‌نت كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی 0.3%ی نرخه‌كه‌ی به‌رزبوه‌وه‌ و گه‌یشته‌ 81.91 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، نرخی نه‌وت له‌ سه‌ره‌تای مامه‌ڵه‌كانی به‌رزبونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، نرخه‌كه‌ی به‌رزبوه‌وه‌ و گه‌یشته‌ 81.91 دۆلار بۆ هه‌ر به بەرمیلێک.‌ به‌گوێره‌ی بۆرسه‌ی جیهانی وزه‌، نرخی نه‌وتی خاوی برێنت 28 سه‌نت كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی 0.3%ی نرخه‌كه‌ی به‌رزبوه‌وه‌ و گه‌یشته‌ 81.91 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، هه‌روه‌ها نرخی نه‌وتی خاوی ڕۆژئاوای ته‌كساسی ئه‌مریكا 31 سه‌نت و به‌ڕێژه‌ی 0.4% به‌رزبوه‌وه‌ و گه‌یشته‌ 78.05 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك. نرخی نه‌وتی خاو نزیكه‌ی 3% به‌راورد به‌ هه‌فته‌ی رابردو به‌رزبونه‌وه‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، ئه‌مه‌ش پاڵپشتیی دروستده‌كات بۆ ئه‌و پێشبینیانه‌ی له‌ هاویندا خواست له‌سه‌ر سوته‌مه‌نی زیاتر ده‌كات، سه‌ره‌ڕای به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی دۆلار و پێشبینییه‌كان كه‌ یه‌ده‌گی فیدراڵی (بانكی ناوه‌ندی ئه‌مریكا) ڕێژه‌ی سود بۆ ماوه‌یه‌كی درێژتر بیهێڵێته‌وه‌.