هاوڵاتی سلێمانی، 13ی حوزەیرانی 2024: سەنتەری میترۆ ئیدانەی هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكات بەرامبەر پەیامنێری دەزگاكانی راگەیاندن و بەشداربووانی چالاكی تیمی (گۆیژە بپارێزە) كە پێچەوانەی یاساكانی رێكخستنی خۆپیشاندان و رۆژنامەگەرین. بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024 تیمی (گۆیژە بپارێزە) كە لە كۆمەڵێك چالاكوانی مەدەنی و رۆژنامەنوس پێكهاتوون، لە شاری سلێمانی چالاكییەكی جەماوەری هەمەڕەنگ و هونەری و مۆسیقی و ئەدەبی ئەنجامبدەن، بەمەبەستی وەستان بەرامبەر ئەو دەستدرێژییە ژینگەییانەی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە دەكرێتە سەر ژینگەی سروشتی شاخەكە. لەكاتی گەشتنی چالاكوانان بۆ بەردەم پرۆژەكە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگریان لێكرا ، توندوتیژی جەستەییان بەرامبەر كردن و دەستیان گرت بەسەر مۆبایلی هەندێك لە رۆژنامەنووس و چالاكوانەكان و وێنەكانیان سڕیوەتەوە. نەیانهێشت كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ( ئێن ئارتی، كەی ئێن ئێن، زووم، مایك)روماڵی چالاكییەكە بكەن. هێزە ئەمنییەكان بەوەشەوە نەوەستان، هێزێكیان چاودێری ئۆتۆمبێلی چالاكوانەكانی دەكرد تا گەیشتنە ناو پاركی ئازادی، كە بە گەیشتنی بەشداربووان و رێكخەرانی ئەو چالاكییە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیان رێكخست. لەم بارەیەوە بەهار عەبدولكەریم پەیامنێری كەی ئێن ئێن بە میترۆی راگەیاند هێزێكی ئەمنی زۆری دەمامكدار و چەك بەدەست تەنها بەس چاویان دیار بوو لەوێ بوون، رێگرییان كرد روماڵ بكەین ووتی "مایكو كەلوپەلی رۆزنامەوانییەكانیان لێسەندین و كردیانە سەیارەكانی خۆیانەوە" جەختیكردەوە " كۆدی مۆبایلەكانیان پێكردینەوە وێنە و ڤیدۆكانیان سڕیوەتەوە و هەڕەشەیان لێكردم هەر ڤیدیۆیەك بڵاوبكەیتەوە بانگت دەكەین بۆ ئاسایش" بە پێی شایەتحاڵەكان ئەو هێزە پەلاماری دووچالاكوانیان داوە، ئازاریان پێگەیشتووە و كەوتونەتە سەر زەوی، پاشان دەستیان بەسەر سەكۆی چالاكوانەكان گرتوەو كردویانەتە سەیارەی هێزە ئەمنیەكان و بردوویانە. وە دواتر دوای دوو کاتژمێر لە وەستانی رۆژنامەنووسان و چاوەڕێ كردنیان و بڵاوەپێكردنی چالاكوانان كەل و پەلەكانیان یاونەتەوە. سەنتەری میترۆ ئیدانەی هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكات بەرامبەر پەیامنێری دەزگاكانی راگەیاندن و بەشداربووانی چالاكی تیمی (گویژە بپارێزە) و دژ بە ئازادی خۆپیشانی ئاشتیانە و ئازادی كاری راگەیاندنكارانە. بە پێی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان ئەركی هێزی ئەمنی پاراستنی بەشداربووانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و گردبونەوەكانە نەك سەركوتكردنی. بە پێی یاسای رۆژنامەگەری، رۆژنامەنوس مافی روماڵكردنی چالاكی گشتی هەیە و نابێ رێگریان لێبكرێت.
هاوڵاتی ئەو کەسەی لە رووداوی ئاگرەکەی دوێنێی گەڕەکی ئاشتی شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاورایگەیاند، "ئەو وەستایەی کە دوێنی لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە ناوی حەسەن فەرهادنیایە و تەمەنی 45 ساڵە، خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە". دوێنێ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، تەنکییەکی گاز لەسەربانی باڵەخانەیەکی گەڕەکی ئاشتی شاری سلێمانی تەقییەوە و بەهۆیەوە وەستایەک کە لەو شوێنەدا کاری دەکرد گیانی لەدەستدا
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد گفتوگۆکان لەسەر پرسی پارێزگای کەرکوک بەردەوامە و ئەندامێکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت، دوای جەژن یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام دەدرێت. رێبوار تەها، ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە هاوڵاتی راگەیاند، "گفتوگۆکان لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک بە سەرپەرشتیکردنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردەوامن". لەبارەی دانیشتنی یەکەم ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە ئاماژەی بەوەکرد، "بڕیارە لە دوای جەژن دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکرێت و ئەنجومەنەکە کارابکرێت و دواتر گفتوگۆی زیاتر بکرێت و بڕیار لەسەر پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک بدرێت". تا ئێستا سێ جار محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرکردەی لایەنە براوەکانی کەرکوک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆبووەتەوە لەسەر دیاریکردنی پۆستەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک گفتوگۆکراوە، بەڵام نەتوانراوە بگەنە رێککەوتن و سودانیش لە کۆتا کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان ماوەی دوو هەفتە مۆڵەتی داوە بە لایەنەکان بۆ رێککەوتن و دوای جەژنیش ئەو ماوەیە کۆتایی دێت. نزیکەی شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تێپەڕدەبێت، تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نەیتوانیوە یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام بدات و بڕیار لەسەر پۆستەکان بدات.
هاولاتی لە شەوی رابردووەوە ئاگر لە پاڵاوگەیەک لەسەر رێگەی هەولێر - گوێر کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر نەیانتوانییەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بێت، ئەو ئاگرەی شەوی رابردوو لە پاڵاوگەیەک لەسەر رێگەی هەولێر - گوێر کەوتووەتەوە تائێستاش بەردەوامە و نەتوانراوە کۆنترۆڵبکرێت بەهۆی فراوانی رووبەڕی ئاگرەکەوە. هەر بەپێی زانیارییەکان، لە رووداوەکەدا 10 کەس برینداربوون و زیانێکی زۆری مادیی هەبووە و جگە لە سووتانی پاڵاوگە و کۆگای سووتەمەنی، بووەتە هۆی سووتانی سێ ئۆتۆمبێلی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پێنج تانکەری سووتەمەنی. پاڵاوگەکە لەسەر رێگەی هەولێر - گوێرە و پاڵاوگەیەکی نایاساییە و پیشتر لەلایەن دادگاوە بڕیاری داخستنی دراوە، بەڵام ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە و پاڵاوگەکە بەردەوام بووە لە کارەکانی.
هاوڵاتی بانکی جیهانی، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە رۆژی چوارشەممە 12ی حوزەیران بڵاوی کردووەتەوە، پێش بینی ئەوەی کردووە گەشەی بەرهەمهێنانی خاوی نەتەوەیی (GNP)ئێران لە ساڵانی داهاتوودا کەمتر دەبێت. بەپێی ئەم راپۆرتە، گەشەی بەرهەمهێنانی خاوی نەتەوەیی ئێران لە شەش مانگی دووهەمی 2024 و شەش مانگی یەکەمی 2025 دائەبەزێت بۆ 3.2%. لە حاڵێکدا پێشتر وا بەراورد کرابوو کە ئاستی بەرهەمهێنای نەتەوەیی ئێران لە ساڵی رابردوودا نزیک لە %5 بووە. بانکی جیهانی هەروەها پێش بینی ئەوەی کردووە لە ساڵانی داهاتوودا ئابووری ئێران گەشەیەکی کەمتری ئەبێت و لە 6 مانگی دووهەمی 2025 و شەش مانگی یەکەمی 2026 ئاستی گەشەی ئابووری ئێران ئەگاتە 2.6 لەسەد و دواتر دادەبەزێت بۆ 2.4 لەسەد. ئابووری ئێران لە ساڵی 2018 ەوە دابەزینی گەشەی بەرهەمهێانی خاوی نەتەوەیی بە خۆیەوە دیوە. ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی زانیارییەکانی بانکی جیهانی ئابووری ئێران لە ساڵی 1982 بە بەرزترین ئاست واتە 23.2لە سەد گەیشت. دوای ئەوە جگە لە ساڵی 1990 هیچکات نەگەیشۆتە سەر 10 لە سەدەوە. بانکی جیهانی لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە ئەکات، دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی خاوی نەتەوەیی لە ئێران، کە پشت بەستووە بە هەناردەکردنی نەوت، دەبێت بە هۆی ئەوەی ئابووری ئێران زۆر زیاتر لە ئێستا تێک بشکێت. ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و لە ئێستادا لە چەند دەروازی سنوورییەوە بازرگانی بەردەوام هەیە لە نیوان ئێران و هەرێمی کوردستان و عێراق. خراپتربوونی باری ئابووری ئێران ، کاریگەری لە سەر بازاڕەکانی کوردستان و عێراق هەیە. گەمارۆ ئابوورییەکان، لە چەند ساڵی رابردوودا کاریگەری لەسەر ئابووری ئێران داناوە. لە ساڵی 2023 دا تمەن نزیک بە 50% بەهای خۆی لەدەستداوە. ئێران یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە غاز و کارەبای بەرهەمهێناوەو هەناردەی کردووە، بەڵام لە ئێستادا بۆ دابینکردنی بەشێک لە کارەبا و غاز، پشت بە وڵاتی تورکەمەنستان ئەبەستێت.
هاوڵاتی درەنگانی شەوی سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024 سوپای ئیسرائیل بە درۆن هێرشی کردە سەر گوندی جۆیا لە باشووری لوبنان و چوار فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا بەهۆی ئەم هێرشەوە کوژران. یەکێک لەو فەرماندە باڵایانە، " تالب سامی عەبدوڵڵا" بووە، لەم راپۆرتەدا باس لەوە دەکرێت تالب عەبدوڵڵا کێ بووەو چ دەور و نەخشێکی لەناو حزبوڵڵادا بووە. تالب سامی کێ بوو؟ تالب سامی عەبدوڵڵا، لە دایکبووی 1969، کە بە " ئەبووتالب" دەناسرا، یەکێک بوو لە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی حزبوڵڵای لوبنان. ماڵپەڕی "ارم نیوز"ی ئیماراتی دەربارەی ئەم فەرماندە باڵایەی حزبوڵڵا نووسیویەتی، ئەبووتالب، فەرماندەی " لیوای النصر" ی حزبوڵڵابووە، لیوایەک کە بەرپرسایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵڵای لە ناوچە سنوورییەکانی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل گرتۆتە ئەستۆ. ناوچەی کشت و کاڵی "شبعا" کە بە دەست ئیسرائیلەوەیە، ناوچەیەک بووە کە "لیوای النصر" چالاکی تێدا بووە. ئەبووتالب، دیارترین فەرماندەی سەربازی حزبوڵڵا بووە کە لە ماوەی هەشتی مانگی رابردوودا و دوای پەرسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل، لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە. کێشە و ناکۆکی و شەڕی ناوەناوەی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل وەک درێژکراوەی کەرتی غەزە دەبیندرێت. حزبوڵڵا ئەڵێت بۆ ئەوەی بتوانێت گوشارەکان لە سەر فەلەستینییەکان کەم بکاتەوە لە کەرتی غەزە، بە درۆن و مووشەک هێرش ئەکاتە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیلیش لە وەڵامدا، بنکە و شوێنەکانی حزبوڵڵا ئەکاتە ئامانج. بە هۆی وەڵامدانەوەو هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر بنکەکانی حزبوڵڵای لوبنان، تا ئێستا زیاتر لە 300 کەس لە هێزەکانی ئەم گرووپە میلیشیایە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن کوژراون. کۆبوونەوەیەکی گرینگ کراوەتە ئامانج ژمارەیەک لە میدیا عەرەبییەکان لەوانە "ارم نیوز" و "العربیە" باس لەوە ئەکەن ئیسرائیل لەم هێرشەدا بە درۆن کۆبوونەوەیەکی گرینگی فەرماندەکانی حزبوڵڵای کردۆتە ئامانج، کۆبوونەوەکە بە بەشداری " تالب سامی عەبدوڵڵا" و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی حزبوڵڵا بەڕێوەچووە کە لەو هێرشەدا لانیکەم 4 فەرماندەی حزبوڵڵا کوژراون. میدیاکانی لوبنان باس لەو ئەکەن، جگە لە "تالب سامی" 3 فەرماندەیتری حزبوڵڵا بەناوەکانی، عەلی سەفوان، محەممەد سەبرا، حسێن محەممەد حەمید لەو هێرشەدا کوژراون. ئەوانە ٣ فەرماندە بوون کە وێڕای تالب سامی عەبدوڵڵا لەم کۆبوونەوەدا بەشدار بوون. پەیوەندی لەگەڵ قاسم سلێمانی تالب سامی، یەکێک بوو لە فەرماندە سەربازییەکانی حزبوڵڵا کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشتری هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران بوو. لیوای "سیدالشهدا" یەکێک لە گرووپە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، بە بە دەرکردنی راگەیاندنێک، سەرەخۆشی کردووە بە بۆنەی کوشتنی "تالب سامی"ەوەو وەک یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی قاسم سلێمانی ناوی بردووە. بەپێی دوایین ئاماری دامەزراوەی لوبنانی " زانیاری نێونەتەوەیی" (International Information) لە 8 مانگی رابردوودا بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لانیکەم ٤٤٤ کەس لە لوبنان کوژراون. 334 کەسیان ئەندامی حزبوڵلا، 18 کەسیان سەر بە رێکخراوی تەندروستی ئیسلامی حزبوڵڵا، 18 کەسیان سەر بزووتنەوەی " امل" هاوپەیمانی حزبوڵڵا، 7 کەس لە بەشی فریاگوزاری خێرا، 3 هەواڵنێر، 1 کەس سەر بە سوپای لوبنان، یەکێک لە ئەندامانی حزبی سووری نەتەوەگەرانی کۆمەڵایەتی لەم هێرشانەدا کوژراون.
هاوڵاتی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ بەربەستێك لەبەردەم ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان نەماوە و دوای جەژن مووچەیەكی دیكەی هێزە ئەمنییەكان خەرجدەكرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "داواكارییەكانی بەغداد بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان جێبەجێكراون و رێككەوتن كراوە و هیچ بەربەستێك لەبەردەم ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان نەماوە". ئاماژەی بەوەشکرد، “چاوەڕواندەكرێت دوای جەژن مووچەیەكی دیكەی هێزە ئەمنییەكان خەرجبكرێت”.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، جومانه غلای وتهبێژی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق رایگەیاند، سبهینێ دهرگای خۆتۆماركردن دادهخرێت، پارتی ئارهزووی نیشانداوه بهشداری بكات. دەشڵێت، پارتی دیموكراتی كوردستان له فهرمانگهی كاروباری حزب و رێكخراوه سیاسییهكان، ئارهزووی خۆی بۆ بهشداریكردن له ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان نیشانداوه. ئەوەشی خستۆتەڕوو، سبهینێ لهگهڵ كۆتایی دهوامی فهرمیدا دهرگای تۆماركردنی ناوی هاوپهیمانێتیی و حزب و كاندیده تاكه كهسییهكان بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان دادهخرێت. ئاماژەی بەوەشدەکات، کە ههموو لایهنه یاسایی و كارگێڕیی و دارایی و هونهرییهكان بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان ئامادهكراون و كۆمسیۆن به تهنیا لایهنی هونهرییهو پهیوهندی به لایهنی سیاسیی نییه، ئهوهی لهڕووی یاساو پابهندیی و بڕیارهكانی دهستهی دادوهریی ههڵبژاردنهكانهوه لهسهریهتی، جێبهجێیان دهكات.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاند، ئیسرائیل هێرشێکی کردووەتە سەر گوندی جۆیا چوار کەس کوژراون کە یەکێکیان فەرماندەیەکی باڵای مەیدانی حزبوڵڵای لوبنانی بووە. سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوەدەکەن، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیلی بۆ سەر گوندی جۆیا لە باشووری لوبنان، لانیکەم چوار کەس کوژراوە کە یەکێکیان فەرماندەیەکی باڵای گرووپی حزبوڵڵای لوبنانی بووە. دەشڵێن، ئەو فەرماندەیان وەک سەرۆکی گرووپەکە ناساندووە، لە ناوەڕاستی ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان، کە بەشێک لەو شارۆچکانە دەگرێتەوە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا. لە لایەکی دیکەشەوە، حزبوڵڵای لوبنانی کوژرانی تاڵیب سامی عەبدوڵڵای سەرکردە کە نازناوی "ئەبو تاڵیب"ـی پێدراوە، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا سەلماند. جێگای ئاماژەیە، لە مانگی ئۆکتۆبەری 2023، دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 300 چەکداری حزبوڵڵا کوژراون، کە فەرماندە و ئەندامانی بەرپرسیاری سەرەکی تێدا بووە.
هاوڵاتی مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی تاسڵوجە ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکرد کە ئەمڕۆ بەچەقۆ باوکی خۆی کوشت. ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ، لە گەڕەکی کەنەکەوەی شاری سلێمانی تۆمەتبارێک بەچەقۆ باوکی خۆی کوشت، دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە لێکۆڵینەوەکان دەستپێکرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەرو لەماوەی کەمتر لەکاتژمێرێکدا توانرا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی تاسڵوجەوە دەستگیربکرێت. ئاماژەی بەوەشداوە، تۆمەتبار (ر، ع، ج) لەدایکبووی 2005 دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادان ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
هاوڵاتی ئاڤان جەزا هەفتەی رابردوو لە سلێمانی سووتا، ماوەی چەند رۆژێک لەژێر چاودێریی ورددابوو، بەشێکی زۆری جەستەی سووتابوو و ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ چواشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، ئەو ژنەی هەفتەی رابردوو لە سلێمانی سووتا، ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی کراوە. سامان شێخ لەتیف، دەڵێت ، ئەو ژنەی هەفتەی رابردوو لە سلێمانی سووتا، ئەمڕۆ بەهۆی زۆریی سووتاویەکەیەوە گیانیلەدەستداوە و تەرمەکەی رادەستی خێزانەکەی کراوەتەوە. هەفتەی رابردوو ڤیدیۆی ژنێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە گوایە "لەلایەن مێردەکەیەوە سووتێنراوە"، بەڵام خەزووری کچەکە لەلێدوانی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن رایگەیاند، کوڕەکەم بێبەرییە لەو رووداوە، ژنەکە خۆی پێشتر پێیگوتووم سیحری لێکراوە و ناشتوانم نوێژەکان بەباشی بکەم.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک دەکات، لەوانە پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و سەرژمێری. بەگوێرەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە بڕگەی یەکەمدا ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغداد و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەخرێتەڕوو. لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دانانی دوو گۆڕەپانی گومرگی لە پارێزگای دیالە و موسڵ دەکرێت. هەر بە گوێرەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە تەوەری سێیەمدا، بابەتی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو. جێگای ئاماژەیە، لە تەوەری چوارەمدا باسی ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەکرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، رۆژنامەی الصباح رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ هێزە سیسیەکان کۆدەبێتەوە. رۆژنامەی الصباح دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی, سەرۆكی هەرێمی كوردستان, لەم رۆژانەدا سەردانی سلێمانی دەكات, بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حزبەكان لەپێناو دیاریكردنی وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان, بەتایبەت دوای داواكەی كۆمیسیۆن بە دیاریكردنی وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن. لەم بارەیەوە، وەفا محەمەد كەریم, بەرپرس لە پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندایە, بەڵام دەیەوێت بە رێككەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان ئەو وادەیە دەستنیشان بكات, بۆ زامنكردنی بەشداری چالاكانەی هەمووان تیایدا. ئەوەشخراوەتەڕوو، لەسەردانەكەی سەرۆكی هەرێمدا, رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری دەكرێت, پارتی بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكات, بەتایبەت دوای جێبەجێكردنی هەندێك لە داواكاریەكانی, لەوانە, گێڕانەوەی كورسی كۆتاكان.
هاوڵاتی كێشەی مووچەی خانەنشینانی سەربازی هاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەردەبێت و دانوستانەكان بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچەی هێزە ئەمنییەكانیش بەردەوامە. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد رایگەیاند، كێشەی مووچەی خانەنشینانی سەربازی چارەسەدەبێت و دەشڵێت، " ئەو گرێبەستانەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان ئەنجامیداوە یاسایین و هیچ گرفتێكیان نییە". فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، كۆبوونەوەكانی وەفدی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەرێنی بووە و ئەو گرێبەستانەی پێشتر هەرێم لە بواری نەوتدا ئەنجامیداون یاسایین و گرفتیان نییە و بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە هەرێم و بەغداد زەرەرمەندبوون. سەبارەت بە پرسی مووچە، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد جەختیكردەوە و وتیشی، "كێشەی مووچەی خانەنشینانی سەربازی هاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەردەبێت و دانوستانەكان بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچەی هێزە ئەمنییەكانیش بەردەوامە".
هاوڵاتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەرێگەی ئاگادارینامەیەکی ئەلیکترۆنیهوه بڵاویكردهوه داوا لە هاووڵاتیانی کرد ئاگاداری خۆیان بن لە ئەگەری هێرشکردن و هەڕەشەکردن بۆ سەر ناوەندە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییەکان لە عێراق. ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ئاگادارینامەیەکدا، داوا لە هاووڵاتیانی دەکات گەشت بۆ عێراق نەکەن. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لەنزیکەوە چاودێریی ئەو راپۆرتانە دەکەن کە باس لە هێرشکردنە سەر ئەو شوێنە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییانە دەکەن، کە پێیانوایە ئەمریکین. دەشڵێت، "باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا چاودێری ئەو راپۆرتانە دەکات کە باس لە ئەگەری هێرش و هەڕەشەکردن دەکەن بۆ سەر شوێنە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییەکان کە پێیانوایە ئەمریکی بن. لە درێژەی ئاگادارینامەکەی باڵیۆزخانەدا هاتووە، "دەبێت هاووڵاتییانی ئەمریکی ئاگاداری ئەم ئەگەرە بن و چاودێری میدیای نێوخۆ بکەن بۆ هەر پێشهاتێک و بە ئاگاوە مامەڵە بکەن لە نزیک ئەو شوێنانەی وا دەبینرێت کە ئەمریکی بن."
