نێچیرڤان بارزانى: پەیوەندییەکانى هەرێم و ئوردن مێژوویین و بەهاى هاوبەش کۆماندەکاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگهیاند:" لەكۆبونەوەكدا هەردوولامان هاوڕا بوون کە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و ئوردن مێژوویین و بەهاى هاوبەش کۆیاندەکاتەوە و دەرفەتى فراوانکردنى بوارەکانى پەیوەندى و هاریکاریى هاوبەشیان زیاترە کە سوودى بۆ هەرێمى کوردستان، عێراق و ئوردن دەبێت
ئەمڕۆ دووشهممه 25ی تشرینی یهكهمی 2021، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە فوئاد مەجالى، کۆنسوڵى گشتیى تازەى شانشینى ئوردنیى هاشمى لە هەرێمى کوردستان کرد.
بەپێی راگەیێنراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا "سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، وێڕای پیرۆزبایى دەستبەکاربوون و هیواى سەرکەوتن، پشتیوانى بۆ سەرکەوتنى کار و ئەرکەکانى دەربڕى، هەروەها سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیریى بەردەوامى خاوەنشکۆ شا عەبدوڵلاى دووەم شاى ئوردن لە کاتە سەختەکاندا، دووپات کردەوە."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەک لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، کۆنسوڵى گشتی ئوردن وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵى بە دەستبەکاربوونى، دووپاتىکردەوە کە "بە پەرۆشییەوە بۆ کارکردن لەگەڵ دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان دەڕوانێت."
هەردوولا هاوڕا بوون کە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و ئوردن مێژوویین و بەهاى هاوبەش کۆیاندەکاتەوە و دەرفەتى فراوانکردنى بوارەکانى پەیوەندى و هاریکاریى هاوبەشیان زیاترە کە سوودى بۆ هەرێمى کوردستان، عێراق و ئوردن دەبێت.
هەڵبژاردنەکانى عێراق هەوڵەکان بۆ دامەزراندنى حکومەتى داهاتووى فیدراڵ، پەتاى کۆڤید_19 و لێکەوتەکانى، پرۆسەى کوتان بە ڤاکسینى دژە پەتاکە، کار و چالاکیى رەوەندى ئوردنى لە هەرێمى کوردستان و پرسى سەقامگیرى لە ئوردن و عێراق و ناوچەکە بەگشتى چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.

