تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی: داوا دەكەین هەموو لایەك لەهەڵمەتی رزگاركردنی نەخۆشخانەی شار بەشدار بن

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەوەی ماوەیەكە بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەدەن لە كەمبونەوەی دەرمان لە ناوەندە تەندروستیەكانی سنورەكە، ئەمرۆ تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی بانگەوازێكی راگەیاند بۆ پشگیری لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی وەك یەكێ: لەنەخۆشخانە فریاكوزاریەكانی شارەكە.
ئەمڕۆ هەینی 4-3-2022، تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "بەرپرسە تەندروستیە گەندەڵەكان و شەریكەكانیان لە ناو كەرتی تایبەتی تەندروستی، نینوك و ددانەكانیان تیژكردوە و بە نیازن گورگ ئاسا پەلاماری نەخۆشخانەی شار بدەن".
ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئەو نەخۆشخانەیە بە نەشتەرگەرییەكی دوور و درێژی قەیسری لەدایكبوو، كورد و عەرەب و عەجەم و كۆریش تاوەكو لە دایكبوو پارەی لێخوارد، ئێستاش شەریكەكانی كۆمپانیا ساختەچیەكانی دەرمان چاویان پێیا هەڵنایەت و ئەیانەوێ بۆ گۆڵی دیكە لە خەڵك پاشقولێك لەم نەخۆشخانەیە و دەستە خوشكەكانی بدەن".
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی داوا لە پەڕلەمانتاران، چالاکوانانی كۆمەڵی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران دەكەن كە هاوكار بن لە هەڵمەتێك بۆ ڕزگاركردنی نەخۆشخانەی شار، بەجۆرێک لە بەم هاشتاگە بەشدار بن لە كەمپینی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بۆ ئەم مەبەستە (#شار_بۆ_فرۆشتن_نیە).
پێشتر ئومێد عەلی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار رایگەیاند، كێشەی زۆریان بۆ دروست بووە و فشاری زۆریان لەسەرە بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشكی، ئەگەر تاوەكو هەفتەیەكی دیكە دەرمان و پێداویستییەكانیان بۆ پڕنەكرێتەوە ناچارن نەخۆشخانەی شار دابخەن.
لە ماوەی رابردودا كۆمپانیاكانی دابین كردنی دەرمان لە سلێمانی بە هۆی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانیانەوە لە لایەن وەزارەتی دارایەوە مانیان گرت، لە ئێستادا وەك پێویست دەرمان و پێداویستییە پزیشكیەكان دابین ناكەن بۆ كەرتی تەندروستی لە شارەكە.
