لەماوەی هەفتەیەكدا سێ جار هەوڵی كوشتنی سەرۆكی ئۆكرانیا درا
.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەماوەی هەشت رۆژی ئۆپەراسیۆنی روسیا بۆ سەر خاكی ئۆكرانیاسێ جار هەوڵی كواتنی سەرۆكی ئۆكرانیا دراوە و رزگاری بووە.
ئەمڕۆ هەینی 4-3-2022، رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، گروپێکی ناڕازی دژ بە هێرشەکەی روسیا چونەتە ناو خاکی ئۆکرانیا و هەوڵیانداوە سێ بەرپرسی باڵای کیێڤ بکوژن، ئەوەش وەک جێبەجێبوونی خواستێکیان بووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەرێگەی کوشتنی سەرۆکی ئۆکرانیاوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو گروپە روسییە کاتێک چونەتە ناو خاکی ئۆکرانیا لە بنەڕەتدا ئامانجەکەیان ئەوە بووە کۆتایی بەجەنگ بهێنن لە روانگەی خۆیان کە شەڕێکی خوێناوییە لەنێوان روسیا و ئۆکرانیا، باوەڕیشیان وابووە جەنگ بە کوشتنی زيلينسكی کۆتایی دێت.
لەبارەی کارکردنی ئەو گروپەش رۆژنامەکە باسی لەوکەردوە، ئەو گروپە سەربازییە لەلایەن کرملینەوە پشتیوانی دەکرێن، بەڵام بەشێک نین لە سوپای فەرمی روسیا و هەر سێ هەوڵەکەیان بۆ کوشتنی سەرۆکی ئۆکرانیا شکستی هێناوە.
پەیوەست بەبەردەوامی هێرشی روسیاش بۆ سەر وڵاتەکەی ، ڤۆڵۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمڕۆ هەینی 4-3-2022، لە پەیامێکدا رایگەیاند، سوپای روسیا هێرشیکردووەتەسەر بنکەی ئەتۆمی "Zaporizhzhia" دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان و 40%ـی وزەی ئەتۆمی وڵاتەکەیان لەو بنکەدا بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها شەش ناوەندی گەورەی ئەتۆمی لەکۆی 15 ناوەندی ئۆکرانیا دەکەونە ئەو بنکەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە یەکەم جارە لە مێژووماندا. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەوڵەتی تیرۆریستی (ڕوسیا)، پەنای بۆ تیرۆریزمی ئەتۆمی هێناوە".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی روسیا بۆ سەر بنکەی Zaporizhzhia ئاگر کەوتوەتەوە و بەوهۆیەش ناوەندێکی بنکە ئەتۆمییەکە لەکار کەوتووە، بەڵام زیان بە بەشە سەرەکییەکانی بنکەکە نەگەیشتووە.
